هاوڵاتی سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستڕێژی گوللە لە ئەندامێکی کرێکارانی میزۆپۆتامیا کرا و بریندارکراوە، کە خەڵکی باکوری کوردستانە و لە ئێستادا گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری بۆ دەکرێت. بەگوێرەی زانیاریەکانی هاوڵاتی کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە دەستی کەوتوە، "دەوروبەری کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم بارەگای میزۆپۆتامیا تەقە لە ئەندامێکی رێکخراوەکە بەناوی (هەڤاڵ حوسێن ئاراسان) کراوە و بەهۆیەوە بەسەختی برینداربوە، دوای روداوەکەش هاوڕێکانی گەیاندویانەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی". ئەو ئەندامەی میزۆپۆتامیا کە تەقەی لێکراوە پەنابەری سیاسیی باکوری کوردستانەو ساڵانێکە لە شاری سلێمانی دەژی. ئەو هاوڵاتییە ناوی تەواوی حوسێن ئاراسانە و لە ساڵی ١٩٧٨ لە ئیزمیر لەدایکبووە و خەڵکی شاری ماردین بووە. هاوکات ساڵی رابردووش، زەکی چەلەبی، سەرۆکی رێکخراوەکە کە رێستۆرانتی هەبوو، لە شەقامی بەختیاریی سلێمانی تەقەی لێکرا و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەبارەی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، چەندین جار نیگەرانیی دەربڕدراوە و هۆشدارییش دراون بە تورکیا و بە ئێرانیش لەسەر ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. دوێنێ ئالینا رۆمانەوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەنوسان لە شاری سلێمانی کۆبوەوە. ئالینا رۆمانەوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەمیانی دیداری لەگەڵ رۆژنامەنوسان لەوەڵامی پرسیارێک، پەیوەست بە هێرشەکانی تورکیا و ئێران لەنێو خاکی هەرێم، رایگەیاند، نیگەرانییەکان لەسەر هێرشەکانی تورکیا هەر تەنها لەبەر ئەو هێرشانە نییە کە دەیانکاتە سەر هەرێمی کوردستان بەڵکو بەهۆی ئەو هێرشانەشەوەن کە دەکرێنە سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەڵێت، "ئێمە هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی دژە داعشمان هەیە و هێرشکردنە سەر هاوپەیمانەکانمان قەبوڵکراو نییە". وتیشی، چەندین جار نیگەرانیی دەربڕدراوە و هۆشدارییش دراون بە تورکیا و بە ئێرانیش لەسەر ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. ئالینا رۆمانەوسکی  لەبارەی  کێشەی دابەشکردن لە داهات و لە بودجە،  راگەیاند، "ئەو بابەتە پەیوەستە بە کەسانی سیاسی و پارتەکانیانەوە و پێویست دەکات گفتوگۆ و دایالۆگ هەبێت لەنێوانیاندا بۆ ئەوەی ئەم باس و خواسانە بکەن و ئێستا گفتوگۆ لەم روانگەیەوە هەیە لەسەر مەسەلەی بودجە". ئاماژەی بەوەشکرد، "هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی یاسای بودجە بگەنە رێککەوتن بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەسەر بودجە و پشکی هەمو بەشەکانی عێراق کە پێویستیان پێیەتی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانییەکان بۆ خەڵک". 

هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمشەویدا شەش ماددەی لە پڕۆژەیاسای بودجە پەسند کرد و دانیشتنەکەی بۆ نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی هەڵگرت. ئەکۆبونەوەکەی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەریەک لە ماددەکانی (یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت، هەشت) پەسەندکران، دەنگدان لەسەر ماددەی دو بۆ کاتێکی دیکە دواخرا، هەروەها ماددەی چوارەمیش لەناو پرۆژەیاساکە لابرا و سڕدرایەوە". ئەو ماددانەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کە پەسەند کران: ماددەى یەک: تایبەتە بە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار و دیاریکردنى نرخى نەوت بە 70 دۆلار و پێشبینى بڕى نەوتى هەناردەکراو.  ماددەى دوو: دواخرا کە تایبەت بوو بە خەرجییەکان  ماددەى سێ: تایبەتە بە پاڵپشیى دارایی کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى و دەسەڵاتى وەزیرى دارایی بۆ ئەو کارە و پەسند کرا. ماددەى چوار: لادرا کە تایبەتە بە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ گواستنەوە لە پارەى تەرخانکراو لە قەرزەکان و گۆڕینى ئەو لایەنەى کە سوودمەند دەبێت لە قەرزەکان. ماددەى پێنج: تایبەتە بە دەسەڵاتى راستەوخۆى خەرجکردنى و رێگرى لە تێپەڕاندنى بڕى تەرخانکراو و، پەسند کرا. ماددەى شەش: تایبەتە بە دەسەڵاتى گواستنەوەى بودجە و پەسند کرا. ماددەى حەوت: تایبەتە بە دەسەڵاتى بەکارهێنانى یەدەگى بارى لەناکاو و پەسند کرا. ماددەى هەشت: تایبەتە بە سنووردارکردنى داهات بۆ یەک ساڵ و تاوەکو کۆتایی 2023، پەسند کرا.  کۆبونەوەکە بۆ کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی هەڵگیراوە و بڕیارە بەردەوامی بەکۆبونەوەکە بدرێت بۆ پەسەندکردنی تەواوی بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاساکە.

هاوڵاتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆدەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق جارێکی دیکە دواخرا. محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق 24 کاتژمێر مۆڵەتی دایە کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق تا لەبارەی وردەکاریەکانی پڕۆژەیاسای بودجە ڕێکبکەون، هاوکات لیژنەی داراییشی ڕاسپاردووە لەو ماوەیەدا گۆڕانکاریەکانی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو بکەن. دواخستنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لەکاتێکدایە کورد لەناوخۆیدا لەسەر چەند ماددە و بڕگەیەکی بودجە ناکۆکن بەهەمانشێوە شیعەکانیش لەسەر بەشێک لەبڕگەومادەکانی پڕۆژەی بودجە ناکۆکن. بەم پێیە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان لە سەر پڕۆژە یاسای بودجە سبەینێش ئەنجام نادرێت و بە ئەگەری زۆر کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ رۆژی شەممە دوادەخرێت.

سازدانی: هاوڵاتی سیامەند عەلی بەرپرسی راگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی باس لەدۆخی رۆژئاڤای كوردستان و باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەكات، ئاماژە بەبەردەوامی هەڕەشەی داعش و توركیا بۆ سەر ئەو بەشەی كوردستان دەكات. هەروەها جەخت لەهاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی هەسەدە و یەپەگە دەكاتەوەو دەڵێت:» بەردەوامەو لەگەڵ دژەتیرۆری سلێمانی (یەكێتی)یش هەماهەنگی و كاری پێكەوەییان بەردەوامیی هەیە». هاوڵاتی: ئایا مەترسییەكانی داعش لەسەر رۆژئاڤای كوردستان ئێستا لەچی ئاستێكدایە؟ بەتایبەت كەزۆرێك لەوڵاتانی رۆژئاوا ئامادەنەبوون چەكدارانی داعش وەربگرنەوە، تائێستا چەند پاشماوەی داعش رادەستی وڵاتان و بەتایبەتیش عێراق كراوەتەوە؟ سیامەند عەلی: تێكۆشان و شەڕی ئێمە لەبەرامبەر چەكدارانی داعش و لایەنگرانیان چەندین ساڵ بەسەریدا تێپەڕیووە، بەتایبەتیش پاش شكستی ئەوان لەناوچەی باغۆز ئیتر رەوشی شەڕ چووە قۆناغێكی نوێوە. داعش ستراتیژیەتی خۆی گۆڕی بۆ شەڕی بچووك و زیاتر شێوازی تەقینەوەیان گرتەبەرو تائێستاش بەردەوامن و ئێمەش وەك هێزەكانی یەپەگە و هەسەدە و یەپەژە لەشەڕی داعش و هاوبیرەكانیان بەردەوامین و تائێستاش مەترسییەكی گەورەن لەسەر ناوچەكانمان. هاوڵاتی: چەكدارانی داعش لەچەند كەمپی رۆژئاوای كوردستان جێگیركراون؟ هاوكاری وڵاتان لەچی ئاستێكدایە بۆ پاراستنی ئاسایشی كەمپەكان؟ سیامەند عەلی: تائێستا زۆربەی دۆسیەكانی داعش چارەسەر نەكراوە، بەتایبەتیش پرسی زیندانیەكانی داعش و خێزانەكانیان كە لەكەمپەكاندان ئەمەش بووەتە هێزو مۆراڵ بۆ چەكدارانی داعش كە لەدەرەوەن و بەو هۆیەوە هێرشەكانیان بۆ سەر ئێمە چڕتركردووەتەوە. هەروەها دەستیان لەگەڵ توركیاو ژمارەیەك گروپی چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا تێكەڵ كردووە وەك سوپای نیشتیمانی سوریا، بەتایبەت لەناوچەكانی سەرێكانی و عەفرین و جەرابلوس و چەند ناوچەیەكی دیكە كە لەژێر دەسەڵاتیاندایەو بووەتە پەناگەیەك بۆ ئەو توندڕەوانە. ئەمانەش دەبنە مەترسییەكی گەورە كەداعش بەزیندوویی بمێنێتەوە، هێرشی توركیاش لەسەر ناوچەكە كاریگەری خراپ دەكاتەسەر شەڕی داعش، چونكە ئێمە لەسەر هێڵی تەماس سەرقاڵ دەكات و بەوهۆیەوە چەكدارانی داعش سوودی لێدەبینن و خۆیان رێكدەخەنەوە. لەسەر زەوی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دوو كەمپی سەرەكی هەن كەپاشماوەی چەكدارانی داعشی تێدان ئەوانیش كەمپی رۆژو كەمپی هۆلن، بەتایبەت ئەو پاشماوانەی داعش كە لەشەڕی باغۆز خۆیان رادەستی شەڕڤانان كرد لەناویشیاندا هاووڵاتیانی نزیكەی 150 وڵاتی جیهانی تێدایە، بەتایبەتیش عێراق، تائێستا بەپێی رێكەوتنێكی هەسەدەو هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراق ژمارەیەكی زۆر عێراقی رادەستی عێراق كراونەتەوە، بەڵام رێكکەوتنەكە بەسستی جێبەجێ دەكرێت ئەو كەسانەی تائێستا رادەست كراونەتەوە كەمترە لەهەزار كەس، لەسەر ئاستی باكورو رۆژهەڵاتی سوریاش 27 زیندان چەكدارانی داعشی تێدایە. هاوڵاتی: بەدەرچوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سەرۆك كۆماری توركیا مەترسی هێرشی دیكە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان هەیە؟ سیامەند عەلی: دەوڵەتی داگیركەری توركیا لەماوەی چەندساڵی رابردوودا بەتایبەت لەكاتی داگیركردنی عەفرین و تائێستا لەڕێگەی بەرپرسان و سەرۆكی توركیاوە هەمووكات رێبازی هەڕەشە بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان بەكاردەهێنێت و دەیانەوێت داگیری بكەن. ئەوەش مەترسیەكی گەورە لەسەر هەبوونی گەلی كوردو پێكهاتەكانی دیكەش دروستكردووە بەعەرەب و ئەرمەن و كریستیانەكانەوە، جگە لەوەی وەك وتم هەڕەشەی گەورەشی لەسەر شەڕی ئێمە دژ بەداعش دروستكردووە. رۆژانە لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تۆپهاوێژو تانكەكان و چەكدارەكانی هاوپەیمانی لەسوریا هێرش دەكاتەسەر كۆبانی و قامیشلۆو دێرك و زەرگان و تەلتەمرو عەین عیساو هێڵی ئێم فۆڕ و تەنانەت بۆ یەك رۆژیش ئەو هێرشانە رانەوەستاون، سەرەڕای ئەوەی رێككەوتن هەیە لەنێوان روسیا و توركیا لەگەڵ ئەمریكاو هاوپەیمانان و هێزەكانی هەسەدە كەئەو شەڕە رابگیرێت. ڕۆژانە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپهاوێژ و تانکەکانی هاوپەیمانەکانی تورکیا هێرش دەکرێتە سەرمان و بۆ یەک ڕۆژیژ نەوەستاوە هاوڵاتی: ئەو هێزانەی دەوترێت روسیا لەچەند ناوچەیەكی سوریا كشاندویەتیەوە چی هێزێك چوونەتە جێگەیان؟ سیامەند عەلی: لەناوچەی شەهبا گەمارۆیەكی گەورە لەسەر گەلی ئێمە هەیە، چونكە بەشێكی زۆریان ئەو كەسانەن كە لەعەفرین ئاوارەی ئەو ناوچەیە بوون، لەوێ جگە لەهێزی سوریا، هێزی توركیا، هێزی روسیاو ئێرانیش هەیە، ئەمەش بووەتە زەحمەتییەكی زۆر بۆ ئەوان، لەو ناوچەیە زیاتر هێزی روسیا باڵادەستە بەپێی بەدواداچوونی ئێمە تائێستا هێزەكانی روسیا لەجێگەی خۆیانن. هاوڵاتی: تائێستا ئەمریكاو وڵاتانی هاوپەیمان پشتیوانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەپەگە دەكەن؟ سیامەند عەلی: وەكو یەكەم هێز لەبەرامبەر داعش بەرخۆدانمان دەستپێكرد لەناوەڕاستی رۆژهەڵات بەگشتی و لەڕۆژئاڤای كوردستان بەتایبەتیش كۆبانی، لەو رۆژەوەی شەڕی كۆبانی دروستبوو هاوپەیمانی ئێمە لەگەڵ ئەمریكاو هاوپەیمانان بەردەوامەو پێكەوە هەماهەنگیمان هەیە تا نەهێڵین داعش بەهێز ببێتەوە، بەڵام تائێستا فشاری ئابوری و سیاسی لەسەر رۆژئاڤای كوردستان بەردەوامە بەتایبەت فشاری گرتنی دەروازە سنوریەكان و رێگریكردن لەماددەی بنەڕەتی ژیان بۆ رۆژئاڤای كوردستان. هەروەها پێویستە چەندین دۆسیەی دادگایی چەكدارانی داعش یەكلایی بكرێنەوەو هاوپەیمانان تیایدا هاوكاری زیاترمان بكەن و هەنگاوی جددیتر بنێن ئەوەش وەك ئەركێك لەسەرشانی ئەوان دەبینین. هاوڵاتی: ئایا حكومەتی سوریا هەوڵیداوە هیچ ناوچەیەكی رۆژئاڤای كوردستان داگیربكات؟ یاخود هیچ گفتوگۆیەك لەسەر ئەو ناوچانە كراوە كە لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرێن؟ سیامەند عەلی: هەموان دەزانن بیركردنەوەی رژێمی سوریا دەیەوێت رەوشەكە بگەڕێتەوە بەر لە 2011، بەڵام گەلانی سوریا ئەوە قبوڵ ناكەن، چونكە داوای دیموكراسی دەكەین، پرۆژەی بەڕێوەبەری خۆسەر پرۆژەیەكە بۆ چارەسەری لەسوریا.  تائێستا رژێمی سوریا خۆی لەهەموو گفتوگۆیەك بەدوور دەگرێت و ئەو گفتوگۆیانەش كە بەڕێوەچوون لێی كشاوەتەوە، دەیەوێت بەفشارو شەڕو دان نەنان بەمافی كورد بگاتە چارەسەرو دەیەوێت مافێكی كەم بەگەلی كورد بدات، بەڵام بڕیاری ئێمە پاراستنی گەلەكەمان و مافەكانیەتی و تاڕژێمی سوریا لەو بیركردنەوەیە خۆی رزگار نەكات ئێمە بەهیچ شێوەیەك داواكاری ئەوان قبوڵ ناكەین. هاوڵاتی: لەبەرامبەر نزیكبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی و سوریا هاوكات نزیكبوونەوەی روسیاو توركیا لەگەڵ سوریا ئێوە راتان چییە؟ مەترسی دروست دەبێت؟ سیامەند عەلی: لەماوەی رابردوودا نزیكبوونەوەی وڵاتانی عەرەب و سوریا دروستبوو، هاوكات لەنێوان روسیاو توركیا لەگەڵ سوریا دروستبوو، بەڵام هیچ مانایەكیان نابێت ئەگەر بوونی ئێمە قبوڵ نەكات لەسەر ئاستی پراكتیكی جێناگرێت. هەر رێككەوتنێك ئێمە لەخۆنەگرێت و چارەسەری پێنەبێت ئەوا قبوڵی ناكەین و بەرگری لەخۆمان دەكەین، ئەگەر چارەسەریشی پێبێت بۆ كێشەكانی سوریا ئامادەین گفتوگۆ بكەین بەڵام هەندێك هێڵی سوری ئێمە هەیە كە لێی نایەینە خوارەوەو مافی گەلی كوردەو بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادەین وەك دەزانن ئەزموونی 12 ساڵ شەڕی قورسمان هەیە لەگەڵ چەكدارانی توندڕەوی داعش و توركیاو سوریا  كە ئەمەش وادەكات بەرامبەر هەموو هێرشێك ئامادەبین و خاوەن هێزی گەلی خۆمانین. هەر ڕێکەوتنێک مافی کوردی تێدا نەبێت قبوڵی ناکەین و هێزو ئەزمونی پێویستمان هەیە تا بەرگری لە مانەوەمان بکەین هاوڵاتی: ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتن یاخود یەپەگەن رووبەرەكەیان چەندە لەسەر ئاستی سوریا؟ سیامەند عەلی: پاش تێكۆشانی گەورە لەدژی داعش و هێزەكانی توركیاو نزیكەكانی بەشێكی زۆر لەخاكی سوریا لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدایە، بە رێژە دەگاتە نزیكەی 35%ی خاكی سوریا كەشوێنی ستراتیژی و گرنگن كەزۆرینەی پێكهاتەكانی گەلی سوریا تێیدا دەژین، لەبەر ئەوەش ئەو شوێنانە خاوەن كاریگەری و هێزی گەورەن. هاوڵاتی: هێزەكانی هەسەدەو یەپەگە چەكی پێویستیان لەبەردەستدایە بۆ بەرگریكردن لەناوچەكانیان؟ سیامەند عەلی: شەڕی ئێمە لەدژی داعش بەهاوكاری هاوپەیمانان و هێزی دژەتیرۆری یەكێتی هەماهەنگی بەردەواممان هەیەو بەیەك دەست شەڕی تیرۆر دەكەین، ئەوەش مایەی سەربڵندییە، بەنیازیشین هەماهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە كوردستانیەكان زیاتر بكەین، تاپشتیوانی باشتری رۆژئاڤای كوردستان بكەن و چیتر ئەو فشارانەی هەن نەمێنن وەك گرتنی دەروازەی سنوری.

هاوڵاتی چوارچێوەی ھەماھەنگی دووپاتیکردەوە، لایەنەکان سورن لەسەر ئەوەی لە دانیشتنی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدەن. مەھدی تەقی پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە لە دانیشتنی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەران بەردەوامە، سەرجەم لایەنەکانیش سورن لەسەر ئەوەی ئەمشەو دەنگی لەسەربدرێت و دوانەخرێت. وتیشی، کەشی گفتوگۆکان ئەرێنییە و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت. جەختیشیکردەوە، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان لایەنەکاندا ھەیە و کۆدەنگی و رێککەوتنی سیاسی لە ئارادایە بۆ تێپەڕاندنی بودجە بەزووترین کات. هاوکات، لە ئێستادا سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق (جگە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ) لە باڵەخانەی پەرلەمان لە کۆبوونەوەدان بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان لەبارەی رەشنووسی بودجەی عێراق و مادەکانی 13 و 14.  فراکسیۆنی نەوەی نوێش دەنگ بە رەشنووسەکە نادات ئەگەر گێڕانەوەی رێژەی 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی تێدا نەبێت. بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق؛ لەدواى دەنگدان بە پڕۆژەیاساى بودجە، ئاراستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەى بخرێتە دەنگدانەوە.  پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کە بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەى نزیکەى 199 تریلیۆن دینارە و زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.

رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات تەنها لە ماوەی پێنج رۆژدا ژمارەیەک ژن لەو وڵاتە و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون کە بە زۆر و لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیرییان کردوە. رۆژنامەی (ئیعتیماد) لە ژمارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا بڵاوی کردەوە؛ لە سەرەتای مانگی بەهاری ئەمساڵەوە تا ئێستا 10 ژن لە ئیران کوژراون و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش تەنها لە پێنج رۆژدا چوار ژن کورژراون کە لە تەمەنی کەمدا ناچار کراون بە هاوسەرگیریی. بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە زیاترین ژن کە لە تەمەنی کەمدا ناچار بە هاوسەرگیریی کراون لە پاڕێزگاکانی ورمێ و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ لە ماوەی پێنج رۆژی هەفتەی رابردو تا سێی ئەم مانگە چوار ژن لە گوندەکانی سنە و ورمێ لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەف لە لایەن ئەندامانی خێزانەکانیان وەک باوک و برا کوژراون.  ئیعتیماد رونی کردوەتەوە زۆربەی ئەو ژنانە لە تەمەنی کەمتر لە 15 ساڵ ناچار بە هاوسەرگیریی کراون و بونەتە قوربانیی هاوسەرگریی زۆرە ملێ لە تەمنی کەمدا. پێشتر ئەو رۆژنامەیە ئاشکرای کردبو کە لە ماەی نۆ مانگدا لانیکەم 27 هەزار و 448 کچ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسەرگیرییان کردوە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە.

هاوڵاتی وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی هەڵبژاردن سەردانی بەغدای کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت کۆمیسیۆن ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەموو هاوکارییەک. دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی سەردانەکەیان بۆ بەغدا باسی لەوە کرد، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سوور دەبێت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لە گفتوگۆ بەردەوام دەبێت لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەوەی رۆژێک بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەن. دڵشاد شەهاب دەڵێت: ئەگەر ئەنجامدانی رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق جێگیر بکرێت، ئەوە ئاسان نییە ئەو کۆمیسیۆنە بتوانێت هەردوو هەڵبژاردنە لە یەک کاتدا بەڕێوەببات، بۆیە پێدەچێت رۆژی دیکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان بکرێت، بەڵام داواشیان کردووە کە ئەگەر کۆمیسیۆنی عێراق بتوانێت، هەردوو هەڵبژاردنەکە بەیەکەوە بکات.

عەممار عەزیز توركیا بەردەوامە لەجێگیركردن و زیادكردنی بارەگای سەربازی لەخاكی هەرێمی كوردستانداو شیلادزێی كردووەتە سەربازگەو بەو هۆیەوە هەزاران خێزان ئاوارەی دهۆك بوون و دەیان گوندیش چۆڵكراون. سوپاكەی ئەردۆغان لەخاكی هەرێمی كوردستان سەدان گوندو ناوچەیان داگیركردووەو لەهەندێك شوێنی پارێزگای دهۆك و قەزاو ناحییەكان هاتوچۆكردن بۆ زۆر ناوچە قەدەغەكراوە لەلایەن توركیاوەو بەرپرسانی كارگێڕیش هۆشداری دەدەنە هاووڵاتیان كە نەچنە ئەو شوێنانە. ناحیەی شیلادزێ بەدووری 30 كیلومەتر دەكەوێتە ناوەندی قەزای ئامێدی سەر بەپارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان، بەهۆی شەڕی توركیا بەرامبەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) 60%ی خاكەكەی لەدەستداوە، لەكۆی 91 گوندی ناحیەكەش بەشی زۆر گوندەكانی چوڵكراون. سنوری ناحیەی شیلادزێ شوێنێكی زۆر فراوانە كەپێكهاتوون لەناوچەكانی دووسكی، ژووری، رێكان نێرەویی، بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێت هاووڵاتیانیان ئاگاداركردووەتەوە كەنابێت بچنەوە بۆ ئەو گوندانەی قەدەغەیە هاتوچۆكردن تێیدا. رزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « لەسنوری ناحیەی شیلادزێ نزیكەی 85 گوند چوڵكراون ئەوەش بەهۆی شەڕی بەردەوامی سوپای توركیاو پەكەكە». هەروەها وتیشی:» ئەو گوندانە ژیانی تیادا نەماوە بەتەواوی چوڵكراون، جگە لەوەی ئەو گوندانە چوڵكراون لەهەمانكاتیشدا شوێنی قەدەغەكراون هاووڵاتیانمان ئاگادار كردووەتەوە كە نابێت سەردانی ئەو شوێنانە بكەن چونكە مەترسی هەیە». دانیشتوانی گوندەكان دەڵێن ناوچەكەیان وەك كەمپی لێهاتووەو دەوروبەری هەمووی لەلایەن سوپای توركیاوە گیراوە. نایف سیتەیی، دانیشتووی كۆمەڵگای سیرێ سەر بەناحیەی شیلادزێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بەشی زۆری ئەو گوندانەی كەچوڵكراون بەهۆی شەڕی توركیاو پەكەكەیە، ناحیەی شیلادزێ وەكو كەمپێكی لێهاتووەو دەوروبەری هەمووی گیراوەو ناتوانین بەئارەزووی خۆمان بگەرێین». هەروەها ئاماژەی بەوەكرد لەكاتێكدا ئێستا كاتی دەیان بەرهەمی گژوگیای بەهارە بوونی هەیە، خەڵك ناتوانێت بچێتە شاخ و گردەكان بۆ هێنانەوەی ئەو بەرهەمانە، وتیشی:» ئەگەر پارەم هەبێت بەیانی ماڵی خۆم دەگوازمەوە بۆ ناوەندی دهۆك، ئەم شەڕە تەواو نابێت و بەردەوام لەناوچەكە بۆردومان هەیە، دەیان كەس لەخەڵكی ناوچەكە شەهیدو برینداربوونە». شەڕی تورکیا بەرامبەر پەکەکە بووەتە هۆی ئەوەی چوار هەزار خێزان شیلادزێیان جێهێشتووە سوپاكەی ئەردۆغان لەڕێگەی جێگیركردنی بارەگای سەربازی و ئۆپەراسیۆنەوە لەناحیەی شیلادزێ بڵاوبوونەتەوە. دڵشاد نەسروڵلا قەنجۆ، مامۆستای زانكۆو نیشتەجێی كۆمەڵگای سیرێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئێستا سوپای توركیا نزیكەی 10 خاڵی سەربازی لەسەر شاخ و گردەكان و دەوروبەری ناحیەی شیلادزێ جێگیركردووە، ئەوانیش مام رەشا، كریادێرێ، سەرێ دارێ، كەلها بێدە، جگە لەمەش توركیا هێزێكی زۆری لەناوچەكە بڵاوەپێكردووە و هیچ هێزێكی دیكەش لەناوچەكە نییە». هەروەها باسی لەوەشكرد ئەو گوندانەی كەچوڵكراون بەلایەنی كەمەوە ژمارەی خێزانەكان لەهەر گوندێك 50 بۆ 75 خێزان بووە، كەدانیشتووانی ئەو گوندانە كۆچیان كردووە بۆ سەنتەری ناحیەی شیلادزێ و دێرەلوك، سەرسنگ، قەدش، ئامێدی و دهۆك. دڵشاد نەسروڵلا وتیشی :» ئەو گوندانە بوونەتە ناوچەی قەدەغەكراو واتە هەر كەسێك بچێتە ئەو شوێنانە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی دەچێت، هەر كەسێك بچێت بەئەگەرێكی زۆر دەبێتە قوربانی بۆردومانی توركیا، چونكە بەردەوام ئەو ناوچانە بۆردومان دەكرێن». رەمەزان ئەحمەد، دانیشتووی گوندی هنێشە سەر بەناحیەی شیلادزێ، زیاتر لە 20 ساڵە كۆچیكردووەو ئێستا لەشاری دهۆك دەژی، بەهاوڵاتی وت: « ناوچەكەمان هەر لەسەردەمی رژێمی بەعسەوە تائێستا رووبەڕووی وێرانكردن و هێرشی داگیركەرانی توركیا بووەتەوە». وتیشی: «نزیكەی 100 خێزان لەگوندەكەمان دەژیان، ئێستا هەندێكیان چوونەتە ناوچەیەك بۆ سەردانیش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوند، چونكە ناوچەی قەدەغەكراون «.

هاوڵاتی ناوەندی لێکۆلینەوەی بواری کۆمەڵایەتی – سیاسی تورکیا باسی ئەوەی کرد کە توندوتیژی سەر ژنان زیادی کردووە و لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا 94 ژن کوژراون. ناوەندی لێکۆلینەوەی بواری کۆمەڵایەتی – سیاسی تورکیا ئاماری توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا لە تورکیا و باکوری کوردستان ئاشکرا کرد. راپۆرتەکە تایبەتە بە یەکێ ئازار تاوەکو 31 ی ئایاری ئەمساڵ و پشتی بە ئامارەکانی پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان رادەگرین، بیانێت، ژن نیوز، ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئانت سایاچ بەستووە. لە ئامارەکەدا هاتووە، بە گشتی لەو سێ مانگەدا 94 ژن کوژراون و 84 ژنیش بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە. 185 ژن رووبەرووی توندوتیژی بوونەتەوە، ٩ ژن بریندار بوون. هەڕەشە لە 34 ژن کراوە، 14 ژن رووبەرووی سوکایەتی و 7ژنیش رووبەرووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە.

هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە لە مانگی تەموزدا هەواڵی خۆش دەبیستن، ئەو دۆخانە بەشێوەیەک تێدەپەڕێین. د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی کۆڕبەندی ئابوری لە شاری سلێمانی رایگەیاند"فڕۆکەخانەی سلێمانی فڕۆکەخانەیەکی مەدەنییە و کە بەدڵنیاییەوە لەمانگی تەموزدا هەواڵی خۆش دەبیستن، ئەو دۆخانە بەشێوەیەک تێدەپەڕێین کە بچێتە ئاستێکی دیکە و ئەو تەحەدایەش کە لەسەرمان کرا بە سوپاسەوە بۆ هێڵی قەتەریە و هێڵەکانی دیکە توانیمان بیگۆڕین بۆ دەرفەت و لە گەشتێکی یەکجارە لە هەفتەیەکدا بۆ حەوت رۆژەی بگۆڕین". وتیشی،" "31%ی پیشەسازی هەمو عێراق، پشەسازیە قورسەکانی وەکو چیمەنتۆ، شیش، بلۆک و ئەلەمنیۆم و pvc و زۆر بواری دیکە لە سلێمانی دروستدەکرێت و 60%ی پیشەسازی هەمو هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانییە". د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشی، "سلێمانی شارێکی ئارامە، ئارامە بۆ ژیان و ئازادیەکان و ئازادی رادەربڕین و ئازادی گوزارشت لە خۆکردن و بۆ خۆپیشاندان و وەبەرهێنان و بوژاندنەوە".

هاوڵاتی بەهۆی ئەوەی سێ مانگ و هەشت  رۆژە کارمەندانی پاککەرەوە لەئاکرێ مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمرۆ پێنجشەممە دەستیان لە کارکردن هەڵگرت و بایکۆتیان ڕاگەیاند.  بڵند رەزا زۆبێر سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ بە هاوڵاتی ی وت" کۆمپانیای MRF کە تایبەتە بەکاری پاککەرەوەی شاری ئاکرێ ، شەش مانگە هیچ بڕە پارەیەکی له حکومەت وەرنەگرتووە بۆ پێدانی موچەی ئەو کارمەندانە". وتیشی، "ئەو کۆمپانیایە موچەی  مانگی 2،1،12 ی لەسەر گیرفانی خۆی بە کارمەندەکانی داوە، و کۆمپانیەکە دەڵێت چیتر ناتوانن پارە بە کارمەندەکان بدەن" بڵند رەزا زوبێر ئەوەشی ڕونکردەوە کە " پارە بۆ ئە کۆمپانیایە خەرجکراوە  لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەڵام هێشتا نوسراوەکە نەگەیشتووەتە خەزینەی ئاکرێ بۆیە تا ئێستا پارەیان وەرنەگرتووە". ڕاشیگەیاند، "نازانین کەی مووچەی ئەو کارمەندانە دەدرێت و پێدانی پەیوەندی بەو کاتەوەیە کە حکومەت پارە بۆ کۆمپانیای MRF دەبین دەکات "

هاوڵاتی هەپەگە ناسنامەی گەریلایەکی شەهید ئاشکرا کرد کە خەڵکی شاری سلێمانی هەرێمی کوردستانە و لە ٢٤ی ئایاردا شەهید بووە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە راگەیەندراوێکی ناسنامەی گەریلایەکی شەهیدی خەڵکی سلێمانی ئاشکرا کرد. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، گەریلایەکیان بە ناوی شڤان محەمەد بە بازناو ( زەردەشت باشوری) خەڵکی سلێمانی هەرێمی کوردستان لە بەرواری ٢٤ی ئایاری ئەمساڵ لە هەرێمی زاپ شەهید بووە کە ناوی باوکی محەمەد و ناوی دایکی نیسانە. لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هەپەگە دەڵێت، لە دوو رۆژی دواییدا هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی گەریلاکانیان ١١٠ جار بۆردومان و تۆپباران کراون.

شەنای فاتیح ساڵانە پاش ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی وەزارەتی پەروەردە سەرجەم، وەڵامی پرسیارەكان بڵاودەكاتەوە، بەوتەی تووێژەرێكی دەروونیی خوێندكار هەبووە باری دەروونی خراپ بووەو پێویستی بەچارەسەری پزیشكی و دەروونی هەبووە. تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی خوێندكاران گرنگییەكی تایبەتی هەیەو تاڕادەیەك بەقۆناغێكی چارەنووسساز دادەنرێت، خوێندكار لەم قۆناغەی ژیانیدا دڵەڕاوكێیەكی زۆری لەسەر دەبێت و بەوتەی تووێژەرێكی دەروونی، خوێندكار هەبووە باری دەروونی خراپ بووەو پێویستی بەچارەسەری پزیشكی و دەروونی هەبووە. بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ لەهەرێمی كوردستاندا ١١٧ هەزارو ٣٦٤ خوێندكاری قۆناغی ئامادەیی و پیشەیی بەشداری ئەزموونەكانی پۆلی ١٢ دەكەن. نەهرۆ حسێن تەمەن ١٨ساڵ خوێندكارێكی پۆلی ١٢ی زانستییەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «تاقیكردنەوەم هەبووە پاش سەیركردنی وەڵامەكان باش نەبووم بەوهۆیەوە بۆ كۆششی وانەی داهاتوو ساردبوومەتەوە». یادگار ئیسماعیل تووێژەری دەروونی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بڵاوكردنەوەی وەڵامی پرسیارەكان دەكرێت لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەبێت، بەڵام زۆرجار كەخوێندكار دەبینێت وەڵامەكانی هەڵەن و پێنج نمرە یان 10 نمرەی لەدەستدەدات دوودڵی لا دروست دەبێت و حەزی كۆششی لانامێنێت و فشاری دەروونی لەسەر زیاد دەبێت». «ئەگەر بێت و دوودڵیەكان زیادبوون و زیاتر لەدوو هەفتەی خایاند، خەوو خۆراكی خوێندكار تێكچوو  ئەوا بەنەخۆشی هەژماردەكرێت و پێویستە چارەسەر وەربگرێت»، یادگار ئیسماعیل وای وت. شارەزایەكی پەروەردەیی پێیوابوو بڵاوكردنەوەی وەڵامی پرسیارەكان رێكارێكی نەرێنی نییە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە. بەڕێز عەباس، شارەزای بواری پەروەردەیی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بڵاوكردنەوەی وەڵامی پرسیارەكان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە هیچ لایەنێكی سلبی نییە، چونكە پاش تەواوبوونی تاقیكردنەوەكان خوێندكار خۆی بەدوای وەڵامەكاندا دەچێت، بەوهۆیەوە كاتێكی زۆری پێدەچێت، بۆیە باشترە وەزارەت خۆی وەڵامەكان بڵاوبكاتەوە». وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەخوێندكاران لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا تووشی دڵەڕاوكێ دەبن و پەیوەندی بەبڵاوكردنەوەی وەڵامی تاقیكردنەوەكانەوە نییە. سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەشێوەیەكی گشتی خوێندكارانی پۆلی 12 لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا تووشی دڵەڕاوكێ دەبن یان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وەڵام بڵاودەكرێتەوە،  بۆ ئەوەی كۆتایی بەو حاڵەتە بهێندرێت وەزارەت وەڵامە دروستەكە بڵاودەكاتەوە».

ئاگرێکی فراوان ناوچە گەشتیارییەکانی نێوان پاوە و جوانڕۆ دەگرێتەوە و بەرپرسێکی ژینگەش رایدەگەیەنێت ئاگرەکە دوای 24 کاتژمێر کۆنتڕۆڵ کراوە و زیانی زۆر بە ناوچەکە گەیشتوە. ئەحەد جەلیلیان بەڕێوەبەری گشتی ژینگەی پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ بەهۆی ئاگرەوە زیاتر لە 60 دۆنم لە دارستان و پوش و پاوانی ناوچەی (بۆزین و مەرەخێڵ) کە ناوچەیەکی پارێزراوی گەشتییارییە سوتاوە. ئاماژەی بەوە کردوە ئاگری ئەو ناوچەیە دوای 24 کاتژمێر بە هەوڵی دانیشتوانی ناوچەکە و چالاکوانان و دەزگا پەیوەندیدارەکان کۆنتڕۆڵ کراوە و تا ئێستا زیانەکان بە تەواویی رون نەبوەتەوە. ناوچەی بۆزین و مەرەخێڵ دەکەوێتە نێوان پاوە و جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان کە 92 هەزار دۆنم دارستانی درەختی بەڕو لە خۆی دەگرێت و ژینگەیەکی سەرەکی ئاژەڵ و گیاندراە دەگمەنەکانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ساڵی 1999 راوکردن لەو ناوچەیە قەدەغە کراوە.