هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی لیژنەیەك پێكدەهێنێت كە خۆی سەرۆكایەتی دەكات لەبارەی هۆكاری كەمبوونی داهاتەكانی سلێمانی‌ و دواتر لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وردەكاری كێشەكە دەخرێتەڕوو. میدیای یەكێتی ئاشكرایكردووە، قوباد تاڵەبانی لیژنەیەك لەبارەی هۆكاری كەمبوونی داهاتەكانی سلێمانی پێكدەهێنێت، كە بەدواداچوون دەكات بۆ سەرجەم ئەو بەڕێوبەرایەتییانەی داهاتییان لەسنوری سلێمانیدا هەیە". هاوكات ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە "لێكۆڵینەوە لەداهاتەكانیان دەكرێت" و دواتر لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وردەكاری كێشەكە دەخرێتەڕوو. لەچەند رۆژی رابردوودا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند:" لەسەردەمی پەتای كۆرۆنا داهات لە سلێمانی زیاتر بووە بەراورد بە ئێستا"، ئەوەش لەلایەن یەكێتییەوە كاردانەوەی لێكەوتەوەو بە خشتەیەك ئەو پارەیەی بۆ سلێمانی دیاری كراوە و ئەوەی بۆ هەولێرو دهۆك دانراوە لە میدیاكانی یەكێتی بڵاوكرایەوە وەك وەڵامێك بۆ مەسرور بارزانی.  

هاوڵاتى  ‌هاوسه‌رۆکى پێشووى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ڕێگاى باشاک ده‌میرتاشى هاوسه‌رییه‌وه‌ په‌یامێکى کاریگه‌ر ئاڕاسته‌ى ڕۆشنبیرانى تورک ده‌کات که‌ هه‌ڵوێستێکى کاراو کاریگه‌ر بنوێنن. سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکى پێشووى (هه‌ده‌په‌) له‌په‌یامه‌که‌یدا ده‌ڵێت:"ده‌بێت گه‌لى تورکیا له‌پێناو دیموکراتییزه‌کردنى وڵات نه‌وه‌ک له‌پێناو پارته‌کان یان هاوپه‌یمانێتییه‌کى سیاسیى شانبه‌شانى یه‌کتر بوه‌ستنه‌وه‌". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:"هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ده‌رفه‌تێکى مێژووییه‌ بۆ کۆمارى تورکیا". هاوکات، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌وو که‌ زۆر گرنگه‌ له‌هه‌ر جێگایه‌ک بن ده‌نگتان به‌رزبکه‌نه‌وه‌و داوابکه‌ن هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌شداریى له‌پڕۆسه‌ى درووستکردنه‌وه‌ى کۆمارى تورکیا له‌سه‌ده‌ى دووه‌میدا بکه‌ن، "هه‌روه‌ک پێویستییه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تیى گه‌وره‌ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى ئێوه‌ به‌شداریى ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ بکه‌ن‌و ڕێگه‌ له‌و ڕێکاره‌ تێکده‌رانه‌یه‌ بگرن که‌ هۆکارى ئه‌و وێرانبوونه‌وه‌ى ئێستایه‌، جگه‌ له‌پێویستى به‌رده‌وامیتان له‌سه‌ر داواکارییه‌ دیموکراتییه‌کان". "له‌به‌رئه‌وه‌ پیشاندانى هه‌ڵوێستێکى کاراو کاریگه‌ر له‌مکاته‌دا که‌ هاوڵاتیان ئازار ده‌چێژن به‌رپرسیاڕێتییه‌کى مێژوویى ڕۆشنبیرانى وه‌ک ئێوه‌یه‌"، هاوسه‌رۆکى پێشووى هه‌ده‌په‌ وا ده‌ڵێت. ده‌میرتاش پێشنیارى کردووه‌ که‌ "ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کى دیموکراتی" دابڕێژرێت‌و سه‌رۆکى پارته‌ سیاسییو ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى واژۆى له‌سه‌ربکه‌ن‌و ده‌سته‌یه‌کى ڕۆشنبیران دروستبکرێت‌و دواتر کۆنگره‌یه‌ک له‌ژێر ناوى "خه‌ونێکمان هه‌یه‌" گرێبدرێت. سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆکى پێشووى پارتى دیموکراتى گه‌لان(هه‌ده‌په‌) زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ له‌لایه‌ن پارته‌که‌ى ئه‌ردۆغانه‌وه‌ زیندانى کراوه‌و سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى چه‌ند جارێک دادگاى باڵاى ئوروپا داواى ئازاد کردنى کردووه‌، به‌ڵام ئه‌ردۆغان و حکومه‌ته‌که‌ى ئاماده‌ نین جێبه‌جێى بکه‌ن.  

سازدانی: هاوڵاتى ئەندامی مەلەفی سیاسی دانوساندن لەسەر پرسی سەرۆك كۆمارو كادری پێشكەوتووی یەكێتی دەڵێت:» پارتی پەیوەندی لەگەڵ بەرهەم ساڵح باش نییە» و دەشڵێت:»سەرجەم لایەنەكانی عێراق رازین بەدانانەوەی بەرهەم ساڵح تەنها پارتی نەبێت». مەحمود خۆشناو، ئەندامی مەلەفی سیاسی دانوساندن لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى  ئەوەش دەخاتەڕوو كە «چاوەڕێین كاك مەسعود  لێی رادەبینین لەدەرەوەی ئەو موعادەلەیە بڕیارێكی جەریئانە بڕیارێك لەپێگەی سیاسی خۆی بوەشێتەوە و هاوسەنگی سیاسی بپارێزێت». هاوكات جەختلەوەشدەكاتەوە كە «ئەگەر پارتی كاندیدەكەی خۆی بكشێنێتەوە هەردوو لایان رازیدەبن بەدانانەوەی بەرهەم ساڵح، بەڵام ئەگەر یەكێتی كاندیدەكەی بكشێنێتەوە چوارچێوەی هەماهەنگی رازی نابن لەسەر كاندیدەكەی پارتی ئەوە جیاوازیەكەیە». هاوڵاتى : زانیاری نوێ چییە تایبەت بەدانوساندنی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستەكانی بەغدا بە تایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار؟ مەحموود خۆشناو: بەڕاستی ئێمە وەكو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و وەك خودی كاك بەرهەمیش پێمان وایە بنەماكانی سەقامگیری سیاسی چ لەهەرێمی كوردستان بێت، چ لەعێراق بێت بەرپرسیارێتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، بەرپرسیارتێی گۆڕان و پارتی و حزبەكانی دیكەیە بەكورتی و وێڕای ئەوەش كە بەرپرسیارێتی هاوڵاتى ان و ناوەندەكانی راگەیاندنیشە. بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار ئێمە ناڵێین عورفی سیاسی، بەڵام ئێمە رێككەوتنمان هەیە، رێككەوتن و لێكتێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبەكانی دیكە كە پێویستە ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان پاش رێككەوتنی واشنتۆن و ئیدارەدانی عێراق پاش 2003و دواجار راسپاردەكانی كۆنگرەی موعارەزە و دواجار دەستوری عێراق. هاوڵاتى : ئەم پۆستە بەرامبەرە بەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێم؟ مەحمود خۆشناو: رێك ئاوها بە رەقی نا، راست ئاوها بڵێین ئەوە دەڵێن شەڕە پۆستە، ئاوا بەرەقی ناڵێین ئێمە دەڵێین هاوسەنگی سیاسی لەو ناوچەیە. هاوسەنگی سیاسی لەعێراق لەسەر چەند بنەمایەكە، یەك پێكهاتەی كۆمەڵایەتی عێراق، دوو پێكهاتەی سیاسی عێراق، سێ لێكتێگەیشتن و رێككەوتنەكان هەر لە رێككەوتنی واشنتۆنەوە پێیدا وەرە تا دەگەیتە راسپاردەكانی كۆبوونەوەكانی موعارەزە، تا دەستور لەپاش دەستور ئێمە گەڕاینەوە رێككەوتنی ستراتیژی لەنێوانی یەكێتی و پارتی. ئەوانە هەموو بنەما بوون، لێكتێگەیشتنمان بۆ ئەو بابەتە ئەوەیە لەبەغدا رەنگدانەوەی نێگەتیڤی هەبێت لەسەر هاوسەنگی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، رێك رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر خودی هەرێمی كودستان و ئاشتی و كاری پێكەوەیی بۆیە لەو سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین،  ئێمە پێمانوایە پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی گرنگە هەم بۆ عێراق كە پێویستە سەرۆك كۆمارێكی هەبێت وێڕای مەرجە دەستوری و یاساییەكان هەندێ مەرجی نیشتیمانیشی هەبێت، واتە مەرجی دیكەشی هەبێت كە جیاوازبێت لە كاندیدەكانی دیكە. راستە دەستوورو یاسا دیاریكردووە ئەوە مەرجەكانی سەرۆك كۆمارە، بەڵام سەرۆك كۆماری عێراق بەحوكمی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و سیاسی عێراق و بارودۆخی ئێستا پێویستە سەرۆكێك بێت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان پەیوەندی باش بێت. بەرهەم ساڵح لەگەڵ هەر دوو لایەنی هاوكێشە سیاسیەكانی عێراق ئیتارو هاوپەیمانی تەیار كە رەوتی سەدرە پەیوەندی باشە لەگەڵ سەركردەكانی هاوپەیمانی و لەگەڵ قەیادەی سەدر، لەگەڵ عەزم و سیادە لەگەڵ هەردوو تەرەفە سونیەكە نێوانی باشە، لەگەڵ ئەو بزوتنەوانەی كە تازە هاتنە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە. هاوڵاتى : ئەی بەرهەم ساڵح پەیوەندی لەگەڵ پارتیدا چۆنە؟ مەحمود خۆشناو: لەكۆی پەرلەمانتارانی عێراق، لەكۆی كوتلە و لایەنە سیاسییەكانی عێراق تەنها لەگەڵ پارتی، ئەویش نەك ئەو پەیوەندی لەگەڵ پارتی باش نییە، پارتی پەیوەندی لەگەڵ بەرهەم ساڵح باش نییە. هاوڵاتى : بۆچی پارتی پەیوەندی باش نییە لەگەڵ بەرهەم ساڵح؟ مەحمود خۆشناو: پارتی دیموكراتی كوردستان بەفرسەتی دەزانێت هاوپەیمانیەك هەیە لەعێراق و لەپاڵ ئەوەدا دەیەوێت فشار بخاتە سەر یەكێتی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە و دەیەوێت ئەو پۆستە لەیەكێتی وەرگرێتەوە. هەروەها پارتی دەیەوێت ژن بەژن بە پۆستی سەرۆك كۆمار بكات لەگەڵ كێشەكانی دیكەی هەرێم، مەسەلەن لەهەرێمی كوردستان كێشەی پەرلەمانی كوردستان و یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن و پرسی نەوت و غاز و بودجە و نەهاتن بۆ پەرلەمان هەیە، واتە ئەو كێشانەی لەهەرێمی كوردستان هەیەو بە كۆی ئەو كێشانەی كەناكۆكن  لەگەڵ یەكێتی، پارتی دەیەوێت موقایەزەی پێبكات. هاوڵاتى : مەبەستتان ئەوەیە تەنازول بە یەكێتی بكات لەچەند پرسێكدا؟ مەحمود خۆشناو: بەڵێ دەیەوێت لەو كێشانەی كە هەیە تەنازول بە یەكێتی بكات،‌ لەهەمان كاتدا كێشەی پارێزگاری كەركووك هەیە ئەوە لەدیوی پارتی، لای ئێمە نا، بۆیە دەیەوێت زەخت لەیەكێتی بكات و ئەوەیە دەرفەتێكە دەیەوێت بیقۆزێتەوە هاوڵاتى : لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دەوترێت مەسعود بارزانی تەئكیدی لەوە كردۆتەوە كە بەرهەم ساڵح نابێت جارێكی دیكە ببێتەوە بەسەرۆك كۆمار؟ ئەگەر وابێت چۆن چارەسەر دەكرێت؟ مەحمود خۆشناو: ئێمە چاومان لەوەیە كاك مەسعود لەدەرەوەی ئەو موعەدەلەیە بیربكاتەوە نەك موعەدەلەی پارتی و دوو كورسی و دە كورسی و پەنجا كورسی، كاك مەسعود یەكێك لەو كەسانەیە كە لەجیلی یەكەمی كورد لەسەر ژیان ماون لەیەكێتی لە پارتی لەگۆڕان، لەپاش رەحمەتی مام جەلال كاك نەوشیروان و لەپاش نەخۆشكەوتنی كاك كۆسرەت، هیوادارین ئەو  قسەیە راست نەبێت، چاوەڕێین كاك مەسعود  لێی رادەبینین لەدەرەوەی ئەو موعادەلەیە بڕیارێكی جەریئانە بڕیارێك لە پێگەی سیاسی خۆی بوەشێتەوە  بدات، بە راستی هەموو ئەوانە وەدەرنێ و هاوسەنگی سیاسی بپارێزێت. هاوڵاتى : بەرهەم ساڵح رۆڵی هەبووە لە وەرگرتنەوەی دوو كورسی پەرلەمان لەپارتی بۆ یەكێتی؟   مەحمود خۆشناو: بەقورئان كاك بەرهەم سەرۆك كۆماری عێراق باوەڕناكەم تاقەتی ئەوەی هەبێت بچێت دوو كورسی وەربگرێتەوە، ئەوەی كورسیەكەی بۆ ئێمە هێنایەوە سكاڵاكان بوون و سكاڵاكانیش لەسەرۆكایەتی كۆمار نەكرابوون و لەدەستەی دادوەری كۆمسیۆن كران و هیچی یەكێتی و هیچی بەرهەم ساڵحی تێدانەبوون، شیعە و سوننە بوون كە ئەوانە عێراقین. هاوڵاتى : سیناریۆك هەبووە كە پارتی سەرۆك كۆمار وەربگرێت و پۆستەكانی دیكەی وەزارەتەكان هەمووی بۆ یەكێتی بێت بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن؟ مەحمود خۆشناو: ئەوە موبادەرەیەك بوو كە تەلەفونێكی سەید سەدر هات ئەو موبادەرەیەی كردووە، بەڵام یەكێتی ئەوە موهیم نیە پۆست چی وەردەگرێت چی وەرناگرێت، ئێمە مەبەستمان ئەوەیە هاوسەنگی سیاسی و سەقامگیری سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق بپارێزین. هاوڵاتى : پێتانوایە پۆستی سەرۆك كۆمار گرنگترە یان پۆستی وەزارەتێكی سیادی و دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی كوردستان؟ مەحمود خۆشناو: بۆ كورد، هەر پۆستێك لەعێراقدا بێت بۆ كورد گرنگە، لەبەر ئەوەی ئێستا قوڵایی ستراتیژی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە و كێشەكانمان لەگەڵ بەغدایە.  فەرموو دادگای ئیتیحادی لەسەر یاسای نەوت و گاز چ بڕیارێكیدا، پێمانوایە كێشەكانمان لە بەغدا چارەسەر دەبن، پۆستی سەرۆك كۆمار بۆیە گرنگە كە رێگر دەبێت بەرامبەر هەر نادەستووریەك لە عێراق، بەڵام ئەوەی كە هاوكاری سەرۆك كۆمار نەبووە كێشەكانی ناو ماڵی كوردە، ئەگەر بێت و ناوماڵی كورد یەكبخرێت و پاڵپشتی سەرۆك كۆماربكەن بەیەك تیم، دڵنیابە لەوەی سەرۆك كۆمار لێناگەڕێت هیچ خاڵێكی نادەستووری بكرێت. هاوڵاتى : قسەیەك هەیە دەوترێت ئەگەر پارتی رازیبێت بە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی كاندیدەكەی بگۆڕێت، پێتوایە یەكێتی قەناعەت بەوە دەكات؟ مەحمود خۆشناو: پێموایە ئەوە شەڕی ئیرادەیە، بۆ یەكێتی ئەمە شەڕی ئیرادەیە كاندیدەكەی بگۆڕێت. هاوڵاتى : مەبەستم ئەوەیە بەرهەم ساڵح ئامادەیە لەخۆی ببورێت لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی؟ مەحمود خۆشناو: خۆ دكتۆر بەرهەم نیە، ئەوە یەكێتی و ئەنجومەنی سەركردایەتییە بڕیاریداوە دكتۆر بەرهەم كاندید بێت، ئەوە عێراقیەكانن داوا دەكەن، ئەوە وڵاتانی نێودەوڵەتین داوا دەكەن بەرهەم ساڵح لەو شوێنە بمێنێتەوە، ئێمە لەئاستی بەرپرسیارێتییەوە دەڕوانینە پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەگەر نا دكتۆر بەرهەم ساڵح لەهەركوێ بێت دەتوانێت بەرهەم ساڵح بێت. هاوڵاتى : پێتانوایە كوتلەی سەدر و سوننەكان رازیبن بە دانانەوەی بەرهەم ساڵح، كە لەهاوپەیمانێتیدان لەگەڵ پارتی؟ مەحمود خۆشناو: ئەگەر پارتی كاندیدەكەی خۆی بكشێنێتەوە هەردوو لایان رازیدەبن بەدانانەوەی كاك بەرهەم، بەڵام ئەگەر یەكێتی كاندیدەكەی بكشێنێتەوە چوارچێوەی هەماهەنگی رازی نابن لەسەر كاندیدەكەی پارتی ئەوە جیاوازیەكەیە. واتە لایەنە ناكۆكەكانی عێراق لەسەر كاندیدەكەی پارتی رازی نابن، ئەوەیە كێشەكەیە. هاوڵاتى : ئەم وەزعە تاكەی بەردەوام دەبێت؟ پێتوایە دەبێت یەكێتی و پارتی خۆیان رێبكەون لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار؟ مەحمود خۆشناو: تا یەكێتی  پارتی رێكنەكەون و سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی رێكنەكەون ئەم بابەتە چارەسەر ناكرێت و ئەو بابەتانە هەردووكیان پەیوەندیان بەیەكەوە هەیە واتە هاوتەریبن، چونكە سەرۆك كۆمار كادری گەورەترین كوتلە رادەسپێرێت بۆ سەرۆكایەتی حكومەت.

هاوڵاتى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، دانبه‌وه‌دا ده‌نێت که‌ ئه‌مریکا گوێ له‌ تورکیا ناگرێت له‌باره‌ى تۆمه‌تبارکردنى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(یه‌په‌گه‌)وه‌. ئه‌مڕۆ هه‌ینى، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆمارى تورکیا له‌باره‌ى لێخۆشبونى ئه‌مریکا له‌ سزاکانى سه‌ر سوریا رایگه‌یاند، ئه‌سته‌مه‌ ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ى ئه‌مریکا قبوڵ بکه‌ن، راشیگه‌یاند:" هه‌مو ئه‌و ئیدارانه‌ى که‌ له‌م چه‌ند قۆناغه‌ى دواییدا له‌ ئه‌مریکا هاتون، پشتیوانیى یه‌په‌گه‌ ده‌که‌ن، ئۆتۆمبێل و که‌ره‌سته‌ و ته‌قه‌مه‌نییان به‌ بارهه‌ڵگره‌وه‌ بۆ ناردوون". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند" هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌مان به‌ هه‌موو ئیداره‌کانى ئه‌مریکا وت(ئیداره‌ى تره‌مپ، ئیداره‌ى جۆیایدن)، به‌ڵام گوێییان نه‌گرت و ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌رده‌وام بووه‌". هاوکات باسى له‌ پڕۆسه‌ى ئه‌ندامبونى فینلاند و سوید له‌ ناتۆ کرد که‌ بۆچونێکى ئه‌رێنییان نییه‌، ئه‌ردۆغان وتیشى:"وڵاتانى سکاندیناڤیا، وه‌کو میوانخانه‌یه‌ک وان بۆ گروپه‌ چه‌کداره‌کانى په‌که‌که‌ و چه‌ند رێکخراوێکى دیکه‌ش له‌ سوید و هۆڵندا گیرساونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى وه‌کو په‌رله‌مانتار له‌ په‌رله‌مانه‌کانیاندا چالاکن، بۆیه‌ له‌م خاڵه‌دا ناکرێت روانگه‌یه‌کى ئه‌رێنیمان هه‌بێت".  

هاوڵاتى له‌به‌ریتانیا 16 سه‌ندیکا که‌ نوێنه‌رایه‌تى شه‌ش ملیۆن که‌س ده‌که‌ن داواکارى ئازادى عه‌بدوڵا ئۆجالان دووپاتده‌که‌نه‌وه‌. که‌مپینى ئازادى بۆ عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌ 16سه‌ندیکاى به‌ریتانیا ده‌ستیان پێکردبووه‌، سه‌ندیکاى یه‌کێتى کرێکارانى کۆمه‌ڵایه‌تى (ئێس ده‌بڵیو) که‌ له‌ که‌رتى خزمه‌تگوزارى کۆمه‌ڵایه‌تیدایه‌ و 15 هه‌زار ئه‌ندامى هه‌یه‌، بڕیاریانداوه‌ که‌ ئه‌وانیش به‌شدارى له‌ که‌مپینى ئازادى بۆ عه‌بدوڵا ئۆجالاندا بکه‌ن. مانگى رابردوو له‌ کۆنگره‌ى سه‌ندیکاکانى په‌روه‌رده‌ى نه‌ته‌وه‌ییدا که‌ 510 هه‌زار ئه‌ندامى هه‌یه‌ و 1700 نوێنه‌ر پۆسته‌رى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رێبه‌رى گه‌لى کورد به‌رزکردبوه‌وه‌ به‌دروشمى "ئازادى بۆ عه‌بدوڵا ئۆجالان". هه‌روه‌ها سه‌ندیکاى شۆفێرانى شه‌مه‌نده‌فه‌ر ئاسله‌ف هه‌فته‌ى داهاتوو کۆنفرانسى ساڵانه‌ى خۆى ده‌به‌ستێت. پێشبینى ده‌کرێت ئه‌و سه‌ندیکایه‌ش به‌ پۆسته‌ره‌کانى رێبه‌رى گه‌لى کورد عه‌بدوڵا ئۆجالانه‌وه‌ چالاکى یه‌کگرتنى ساز بکات. هاوکات له‌ کۆنگره‌ى ساڵانه‌ى سه‌ندیکاى جى ئێم بى که‌ 500 هه‌زار ئه‌ندامیان هه‌یه‌ پۆسته‌ره‌کانى ئۆجالان به‌رزبکرێنه‌وه‌ و داواکارى ئازادکردنه‌که‌ى دووباره‌ بکرێته‌وه‌. بریاره‌ له‌ 18ى حوزه‌یراندا به‌ پێشه‌نگایه‌تى کۆنگره‌ى سه‌ندیکاکان رێپێوانێکى گه‌وره‌ ساز بکرێت و 150 هه‌زار که‌س به‌شدارى تێدا بکه‌ن، که‌ هه‌زاران ئه‌ندامى سه‌ندیکاکان به‌ رێکخستنى ئه‌نجومه‌نى گه‌لى کورد به‌ تیشێرته‌کانى ئازادى بۆ عه‌بدوڵا ئۆجالان به‌شدارى بکه‌ن.  

هاوڵاتى ‌ رۆژنامه‌ى "سه‌باح"ى حکومى عێراقی، له‌نوێترین ڕاپۆرتى له‌باره‌ى پرسى غازى سروشتى هه‌رێم، ئاشکراى کردووه‌ "ئێران و روسیا هه‌رگیز ڕێگه‌ ناده‌ن غازى هه‌رێمى کوردستان بکرێته‌ جێگره‌وه‌ى غازى ئه‌وان". رۆژنامه‌ى سه‌باح، ده‌ڵێت، "به‌ریتانیا له‌پشت پڕۆژه‌ى فرۆشتنى غازى کوردستانه‌ بۆ لێدان له‌ ئابورى ڕوسیا". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌ که‌"پارتى دیموکراتى کوردستان فشاره‌کانى بۆسه‌ر یه‌کێتى نیشتیمانى چڕکردۆته‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدانى وه‌به‌رهێنان له‌ کێڵگه‌ غازییه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى زۆنى سه‌وز بکات، به‌ڵام یه‌کێتى داواى پارتى ره‌تکردۆته‌وه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌، ده‌بێ ڕێز له‌ بڕیاره‌کانى دادگاى فیدراڵى بگیرێت و هه‌نارده‌کردنى غازى ناوچه‌کانى ژێرده‌ستى له‌ڕێگاى به‌غداوه‌ بێت". هاوکات، رۆژنامه‌ فه‌رمیه‌که‌ى عێراق ئه‌وه‌شى ئاشکراکردووه‌، پڕۆژه‌یه‌ک هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى غازى هه‌رێمى کوردستان له‌ڕێگاى تورکیا یان ئوردنه‌وه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌وروپا بکرێت"به‌ریتانیا پاڵپشتتیه‌کى سه‌رسه‌ختى پڕۆژه‌یه‌که‌، ئامانجیشى به‌کارهێنانیه‌تى وه‌ک دژایه‌تییه‌ک به‌رانبه‌ر به‌ غازى روسیا".  

سازدانی: ئارا ئیبراهیم رۆژنامەنووسێكی كورد لەوڵاتی سویسرا لەڕێگەی ئەكاونتی خۆیەوە ئەوەی بڵاوكردەوە كە ژمارەی كورد لەجیهاندا دەگاتە 70 ملیۆن كەس، محەمەد كاروانی بۆ هاوڵاتى  دەڵێت:» ژمارەی كورد 90 ملیۆن كەس دەبــێت لەجیهــانداو بێ دەوڵەتە. محەمەد كاروانی، رۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری ئەنستیوتی كوردی لەسویسرا لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى  هێما بۆ ئەوە دەكات كورد لەسەر ئاستی جیهان ژمارەیان 70 ملیۆن كەسی زیاتر تێپەڕاندووە كە هەموو ئەو دۆكیۆمێنت و بەڵگانەم دوای ماندووبونی 13 ساڵ لەڕێگەی یوئێنەوە دەستكەوتووە. هەروەها دەشڵێت:» نزیكەی چوار هەزار لاپەڕەم لەبەردەستدایەو بەڵام بۆم ساغنەبۆتەوە كە كورد لەچەند وڵاتی دیكە هەیە، بێجگە لەوەی كە باسمكردووە، چونكە كورد لەزۆر وڵاتی دیكەدا هەیەو پێویستی بە بەدواداچوونی دیكەیە». هاوڵاتى : ئەو بەدواداچوونەی ئێوە كردووتانە لەبارەی ژمارەی كوردەوە لەسەر ئاستی جیهان، چۆن بیرتان لەوە كردەوە ئاماری ژمارەی كورد وەربگرن؟ محەمەد كاروانی: فكرەكەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1997 ئەوكاتە بەجۆرێك چوومە بۆسنیاهێرزەگۆڤین و من چووم بۆ پایتەختەکەی ناوی سەرایڤۆو ئێستا وڵاتێكی سەربەخۆیە، لەوێ بەڕێكەوت كەسێكم ناسی و پاسپۆرتەكەم پێدا كە تەدقیقی دەكرد، وتم هیچ كێشەیەكی تێدایە، وتی نەخێرو پرساری ئەوەی كرد كەكوردیت، وتم بەڵێ كوردی عێراق، ئەویش وتی من كوردم و داوەتی كردم و چووینە ماڵی خۆیان و گوندەكانی خۆیان كە 27 گوند بوو هەموویان كورد بوون لەوێ بەدواداچوونێكم كرد كە ئەو كوردانە چۆن گەیشتوونەتە ئەوێ. بەوردی ناوبەناو هەندکێجار كاری رۆژنامەوانی دەكەم لەناو یوئێن مۆڵەتی تایبەتیم هەیەو رێگا پێدراوم زۆر كەسم دەبینی كە كورد بەو شێوەیە كورد دۆكیۆمێنتی هەیەو منیش حەزم كرد بەدواداچوونی بۆ بكەم، نزیكەی 13 ساڵی خایاند تا ئەو دۆكیۆمێنتانەم گەڵاڵە كردو بەشێكی لای خۆم هەیەو هەندێكی پارێزراوەو ناتوانم بڵاویان بكەمەوە، بەڵام وەعدیان پێداوم لەساڵی 2024 كە مۆڵەتم پێدەدەن بەفەرمی بڵاوببێتەوە. هاوڵاتى : چ كاتێك هەماهەنگیتان كرد لەگەڵ یوئێن بۆ وەرگرتنی ئەو دۆكیۆمێنتانە لەبارەی كوردەوە لەجیهاندا؟ محەمەد كاروانی: لەڕێگەی هەندێ كەسی تایبەتمەند كە دۆستی كوردن مۆڵەتم لەیوئێن وەرگرت، كە مامۆستای زانكۆن لەسویسراو جنێف، خۆشم بەحوكمی كارەكەم كە لەناو وەزارەتی پەنابەران كاردەكەم و دۆكیۆمێنتەكان دەتوانین سەیر بكەین، بەڵام هێڵی سوری لەسەرە مانای ئەوەیە كە بۆمان نییە بیبەینە دەرەوەو ئەو بەدواداچوونەم كردووە كە ژمارەی كورد دەگاتە زیاتر لە 70 ملیۆن كەس. هاوڵاتى : ئایا ئەو ئامارەی باستان كردووە كورد 70 ملیۆن زیاترن لەسەر ئاستی جیهان؟ پێتانوایە هێشتا هەندێ وڵات هەیە ئاماژەت پێنەكردووەو كوردیان تێدایە، مەلەفی ئەو ژمارەیەتان لەبەردەستدایە؟ محەمەد كاروانی: كورد لەسەر ئاستی جیهان ژمارەیان 70 ملیۆن كەسی زیاتر تێپەڕاندووە كە هەموو ئەو دۆكیۆمێنت و بەڵگانەم دوای ماندووبونی چەندساڵە لەڕێگەی یوئێنەوە دەستكەوتووە. نزیكەی چوار هەزار لاپەڕەم لەبەردەستدایەو بەڵام بۆم ساغنەبۆتەوە كە كورد لەچەند وڵاتی دیكە هەیە، بێجگە لەوەی كە باسمكردووە. كورد لەساڵی 1920كانەوە لەبەریتانیا ژیاوە، بەڵام هێشتا بۆم ساغنەبۆتەوە و ئاماژەم بەوە كردووە كە ئەوروپاو وڵاتانی دیكە ئەوەندە كوردیان تێدایە لەئەمریكاو دانیمارك و كەنەداو سویسراش ، ئەگەر شتێك لەسەدا سەد دڵنیانەبم ناتوانم بڵاویبكەمەوە، چونكە چەندین كەس تێزی دكتۆراكەیان لەسەر كوردەو لەبەندە زانیارییەكانیان وەرگرتووەو منیش ناتوانم زانیاری هەڵەیان پێبدەم. هاوڵاتى : پێشتر لە راگەیاندنی كوردی باس لەوە دەكرا كە موعەمەر قەزافی بە ئەسڵ كوردە زانیاریتان لەوبارەیەوە هەیە؟ محەمەد كاروانی: وەختی خۆی پەیوەندیم كرد بەسەفارەتی لیبیاوە داوام كرد كە چاوپێكەوتنێك بكەم لەگەڵ خوالێخۆشبوو موعەمەر قەزافی، بەڵام چوار جار داوام كردو رەتكرایەوە. بنەماڵەی موعەمەر قەزافی دایكی لەئەسڵدا عەرەب نییەو جولەكەیەو لەباوكەوە عەرەبەو عەرەبێكی بەدووە، لیبیا بەشێوەیەكی گشتی كوردی تێدایە كە وەختی خۆی بۆ مامۆستایی چوونەتە لیبیا بەتایبەت كورد چوونەتە جەزائیر كە مامۆستاكانی زمانی عەرەبی چوونەتە ئەوێ. هاوڵاتى : لەسەر ئاستی سیاسی كورد دەبێت چی بكات كە ژمارەكەی 70 ملیۆن دەبێت؟ محەمەد كاروانی: دەسەڵاتدارانی كورد دەبێت بەخۆیاندا بچنەوە، وڵاتێكی وەكو (لیرشت شتاین) كە ژمارەیان 34 هەزارو 946 كەسەو دەوڵەتێكی بچووكن، هەتا ناتوانن فرۆكەخانەیەكی تێدا دروست بكەن ئەوەندە بچووكە، دەوڵەتێكە باشترین دیموكراسی هەیەو پەرلەمان و حكومەت و ئاڵای تایبەت بەخۆیان هەیەو لەدوای سویسرا ئەوانن بۆ دیموكراسی، ئەی كورد چی كردووە؟ كە ژمارەی كورد لە 90 ملیۆن كەس كەمتر نییە بەكۆی گشتی لەسەر ئاستی جیهان‌و بێ دەوڵەتە. تەنانەت كوردمان هەیە لە هندستان و ئەفغانستان، وەختی خۆی نادر شای ئێران هەموو كوردەكانی برد بۆ ئەفغانستان بۆ شەڕ، هەتا ئەوانەی دژی سەركردەكانی ئەفغانستان بوون سەركردەكانیان هەموو كورد بوون چونكە شیعە بوون، لە ئەفغانستان ئێستاش كورد هەیە بەڵام بەداخەوە یەك پەرلەمانتاریشیان نییە. هاوڵاتى : تەنها چوار پارچەی كوردستان 50 بۆ 60 ملیۆن كورد دەبن، بەپێی بڕیاری سایكس بیكۆ دابەشكراو 2023 سەد ساڵ بەسەریدا تێپەڕ دەبێت، پێتانوایە دەبێت دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ سەركردە سیاسییەكانیان چی بكەن؟ محەمەد كاروانی: لەسویسرا زۆر لەسەركردە كوردو سەركردایەتییەكانیانم بینیوە بەشەخسی، لەبەرئەوەی سەرۆكی ئنیستیوتی كوردم و خۆشم داممەزراندووە و كاری رۆژنامەوانییەكەم زۆربەی سەركردەی حزبەكانم بینیوە، سەركردایەتی سیاسی كورد هیچ بەرنامەیەكی درێژخایەنیان نییە ئەوەی لێان تێگەیشتتوم. لەساڵی 2016 سەركردایەتییەكی یەكێك لەحزبەكانی پارتی و یەكێتیم بینی، پێموت چ بەرنامەیەكتان هەیە بۆ بۆ كورد، پێی وتم»بۆ كورد قورسایی ماوە تا بەرنامەی درێژخایەنی هەبێت»، میوان بوو لامان بۆیە باسی ناوەكەی ناكەم. وەك چۆن ئێستا روسیا دەیەوێت ئەو وڵاتانەی سەربەخۆن و پێشتر لەساڵی 1991 لە یەكێتی سۆڤییەت جیابوونەتەوە داگیریان بكاتەوە وەكو ئۆكرانیاو جۆرجیاو ئەرمینیا و وڵاتانی دیكە، توركیاش دەیەوێت پاش 2023 و دوای تەواوبوونی پەیماننامەی سایكس بیكۆ ئەو شوێنانەی بەدەستی عوسمانییەكانەوە بووە دیسان داگیریان بكاتەوە. ئەوەی تێبینی دەكەم توركیا بەرنامەی خۆی هەیەو نەشیشاردۆتەوەو باسی كردووە، گۆڤارێكی ئەڵمانی كەیەكێكە لەڕۆژنامە گرنگەكانی ئەڵمانیاو ئەوروپا زۆر بە راشكاوی باسی ئەوەی كردووە كە لەدوای تەواوبوونی پەیماننامەی سایكس بیكۆ توركیا دەیەوێت حدودەكان دابخات و بچێتەوە ئەو شوێنانەی كە لەكاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بەدەستییەوە بووە كە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو شوێنانە، بەتەمای كەنداوێكی دیكەیە كە دەستبگرێت بەسەر دەریاكانداو ئێستاش ئاگادارن ئەو كێشەیەی لەگەڵ یۆنانیش هەیە. هاوڵاتى : بۆ كورد بوونی 90 ملیۆن كەس وەك ژمارە چ گرنگییەكی هەیە؟ محەمەد كاروانی: گرنگی خۆی هەیە، لەئیسرائیل كوردێكی زۆری لێیە ئەم سیاسیانەی كورد پەیوەندیان لەگەڵدا ناكەن، بەمەرجێك كورد لەئیسرائیل خۆیان پاراستووەو میوزیك و كلتوری خۆیان پاراستووەو ئینستیوتیان هەیە، پێم باشە پەیوەندی لەگەڵیاندا هەبێت. برادەرێكم لەمیسر پەیوەندی پێوەكردم كە تەنها لە میسر چوار ملیۆن كورد بوونی هەیە، وتم چۆن دەتوانیت بۆم بسەلمێنیت؟ چونكە ئەو كوردانە زانی ئەو وڵاتەیان وەرگرتووەو نەسەبیان وەك كورد نەماوە. لەماوەی رابردوودا سەركردەیەكی حەماس كوژرا، یەكێكن لەخێزانە دیارەكانی كورد، بەڵام كوردی نازانن هەموویان تواونەتەوە لەڕووی كلتورو زمان و قەومییەتەوە یان لەبەر ئایین یان لەبەر پاسپۆرت. لەسوریا، زیاتر لە 500 هەزار كورد هەیە كەهەر هیچ پاسپۆرتێكیان نییەو لەوڵاتەكەی خۆیان كە سوریایە بەبیانی لەقەڵەمدراون، كورد هەیە هیچ پاسپۆرتێكی نییە. هاوڵاتى : ئێوە دەتوانن هاوكاری میللەتی كوردبن لەڕووی زانیاری بوونی كورد لەوڵاتانی جیهان؟ محەمەد كاروانی: چارەكە سەدەیەكە لەسویسرا دەژیم و سویسرا سەنگێكی قورسی هەیە لەئەوروپادا، بۆچی پەیوەندی بەو كوردانەوە ناكەن كە دەتوانین یارمەتی میللەتی خۆمان بدەین، ئێمە نە پارەمان دەوێت نە پاسەوان، تەنها دەمانەوێت یارمەتی و هاوكاری میللەتی خۆمان بدەین. هاوڵاتى : پێتانوایە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) رۆڵیان هەیە لەپاراستنی كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان بەگشتی؟ محەمەد كاروانی: لەساڵی 2003 بەرنامەیەكی دوورودرێژم بڵاوكرەوەو ئێستاش لام هەیە ئەوكاتەی كە سەرۆك ئاپۆ لەزیندان بوو لەئیتاڵیا هەموویم پاراستووە. ئەوكاتەی ئۆجەلان لە نەخۆشخانەیەكی سەربازیی رۆما بوو هەوڵماندا بیبینین، بەڵام نەتواندرا، هەر من نەبووم، شڤان پەروەرو چەند كەسێكی دیكە بووین كە رۆژنامەنووسی سویسریشمان لەگەڵدا بوو. من ئەندامێكی حزبێكی سۆشیال دیموكراتی سویسریم و هیچ كەسێك بۆی نییە لەدوو حزبدا بێت، بەڵام ئەوەی دەزانم كە پارتی كرێكارانی كوردستان حزبێكی گەورەیە و پێشبینی دەكەم كە دواڕۆژێكی پرشنگداری هەیە، بۆیە گەلەكۆمەكییەكە لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستانە نەك لەسەر لایەنەكانی دیكە. پارتی كرێكارانی كوردستان حزبێكی زۆر دەوڵەمەندن و حزبێكی دامەزراوەین، دەیان كەس هەیە لەسویسرا دایك و باوكیان سویسرین دەچنە قەندیل و زانكۆیان تەواو كردووە. پەكەكە لەئەوروپادا زۆر زۆرن و لەكاتژمێرێكدا سەدان كەس دەهێننە سەر شەقامەكان، بەڵام ئەوە بەلایەنەكانی دیكەی كورد ناكرێت.

هاوڵاتى له‌کۆنفرانسێکى نوێوده‌وڵه‌تى تایبه‌ت به‌ پرسى تیرۆر، نوێنه‌رى 90 وڵات دژى مه‌ولود چاوشئۆغلۆ ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و به‌رپرسێکى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق وه‌ڵامێکى توندى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا ده‌داته‌وه‌ له‌باره‌ى په‌که‌که‌و یه‌په‌ژه‌وه‌. رۆژى 11 و 12ى ئایارى 2022،  له‌ وڵاتى مه‌غریب کۆنفرانسێکى نوێوده‌وڵه‌تى تایبه‌ت به‌ پرسى تیرۆر به‌ ئاماده‌بوونى 90 وڵات  که‌ نوێنه‌رى عێراق وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق و فه‌ریق روکن عبدولکه‌ریم الشمرى و کونسلى عێراق له‌ مه‌غریب ئاماده‌بوون کاتێک مه‌ولود چاوشئۆغلۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا قسه‌ى کردوه‌ وتویه‌تى"په‌که‌که‌و یه‌په‌ژه‌ تیرۆریستن له‌گه‌ڵ داعش رێکه‌وتنى ستراتیجیان هه‌یه‌"، ئاماده‌بوانى کۆنفرانسه‌که‌ دژى وته‌کانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا هه‌ڵوێستیان پیشانداوه‌ وتویانه‌ "راست ناکه‌یت".  نوێنه‌رى یه‌کێک له‌ وڵاته‌ ئه‌فریقیه‌کان له‌وه‌ زیاتر ڕۆشتوه‌ و وتویه‌تى" ئێوه‌ خۆتان (تورکیا) په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ داعش هه‌یه‌".  وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا به‌ عێراقییه‌کانى وتوه‌ "ئه‌گه‌ر په‌په‌ژه‌ له‌ شه‌نگال ده‌رنه‌که‌ن،  تورکیا په‌لاماریان ده‌دات"، له‌وه‌ڵامدا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق وتویه‌تى "ئێمه‌ بۆ باسکردنى کاروبارى دبلۆماسى ئاماده‌ى ئه‌م کۆنگره‌یه‌ بووین بۆ بابه‌تى سیاسى نه‌هاتووین". هاوکات عه‌بدولکه‌ریم شه‌مه‌رى کونسلى عێراق له‌ مه‌غریب به‌ توندى روبه‌ڕووى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ وتویه‌تى" که‌س ناتوانێت په‌لامارى عێراق بدات"، دواى قسه‌کانى کونسوڵى عێراق له‌ مه‌غریب وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ تورکیا دانیشتنه‌که‌  به‌جێده‌هێڵێت و ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌". هاوکات له‌ کاتى پشوو و نانخواردندا نوێنه‌رانى وڵاته‌کان هه‌مویان ئه‌وه‌یان دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ "قسه‌کانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا ڕاست نین". ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ سوپاکه‌ى ئه‌ردۆغان له‌ 17ى مانگى رابردوو ئۆپه‌راسیۆنێکى دژ به‌ پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) ئه‌نجامداوه‌ له‌ناو خاکى هه‌رێمى کوردستان و تا ئێستا به‌رده‌وامن. هه‌روه‌ها هێزه‌کانى پاراستنى شه‌نگال (یه‌په‌ژه‌) خه‌ڵکى ئێزیدین و دانیشتووى شه‌نگالن و پارێزگارى له‌ ناوچه‌کانیان ده‌که‌ن شان به‌شانى هێزه‌ عێراقییه‌کانى دیکه‌.   

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەبارەی دۆسیەی نەوت و گرێبەستی كۆمپانیاكانەوە وەڵامی هەرێمی كوردستان دادتەوەو رایگەیاند:" سیاسەتی پەرەپێدانی نەوت و غاز لە ئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵیە". لە وێب سایتی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراقدا، ئاماژە بەوە كراوە كە هەرێمەكان حكومەتی فیدڕاڵ مافی سەرپەرشیتیكردنی ئەو كێڵگانەی هەیە كە لەداهاتودا دەگوازرێنەوە. هاوكات ئەوەش خراوەتەروو كە بازرگانیكردن و هەناردەكردن و چالاكیە دەرەكییەكانی نەوت و غاز پسپۆڕی حكومەتی عێراقە" لەگرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتێكی زۆر بە كۆمپانیا بیانیەكان دراوە". وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە "هەرێمەكان مافی ئەوەیان نییە تاكلایەنە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان بكەن، كۆمپانیا بیانیەكان مافی فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهاتویان پێدراوە كە ئەمەش پێچەوانەی دەستورە". لەماوەی رابردوودا وەفدێكی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی خالید شوانی، چوونە بەغداد و لەگەڵ ئیحسان عەبدوجەبار، وەزیری نەوتی عێراق كۆبونەوەو داواكارییەكانی وەزارەتەكەی پێگەیاندن، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو. پێشتریش، وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی ئاشكرا كرد كە لەماوەی 75 رۆژدا، لەگەڵ حكومەتی هەرێم نەگەیشتونەتە ئەنجام و وتی:" بەرەو ئەوە دەڕۆین بریارەكەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكەین". دادگای فیدراڵی، بریاریداوە كە پرسی نەوت و غاز لەدەسەڵاتی حكومەتی عێراقدایە نەك هەرێمی كوردستان و داوای كردووە كە بەغدا هەنگاوی پێویست بنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی نەوتی هەرێم.

هاوڵاتی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی ئاشكرای كرد:" لێچون و بەنگخواردنەوەی غاز هۆكاری روداوی تەقینەوەكەی شەوی رابردوی كافتریای لیلی بووە لە سلێمانی كە لەو شوێنەدا خەڵوزی نێگەلەی تێدا گەشێندراوەتەوە". رێكان عەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"دوای 14 كاتژمێر كاركردنی بەردەوام كاركردنی تیمەكانی بەرگری شارستانی لە كافتریای لیلی كۆتایی هات، لە ئەنجامدا دەركەوت روداوەكە بەهۆی لێچونی غاز و كۆبونەوە و پەنگخواردنەوەی بووە لە بەشی دواوەی كافتریاكە كە هەر لەو شوێنەدا خەڵوزی نێرگەلەی تێدا گەشێندراوەتەوە". هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەوەی دەوترا بەهۆی تەقینی تانكی غازەوە بووە، دورە لە راستییەوە و سیستەمی غازەكەی وەك خۆی ماوەتەوە و زیانی بەرنەكەوتوە، كێشەكەی تەنها لێچونی غاز بووە. هاوكات ئەوەشی روونكردەوە جگە لە زیانە ماددیەكان كە دوو نهۆمی بیناكە روخاوە و زیان بە دوو بینای نزیك كافتریاكەش گەیشتووە، چواردە كەسیش برینداربون كە زۆرینەیان نەخۆشخانەیان بەجێهێشتوە. "لەئێستادا كەیسەكە لە بنكەی پۆلیسی رزگارییە و دواتر دادگا لایەنی كەمتەرخەمی روداوەكە یەكلایی دەكاتەوە"، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی وای وت. درەنگانی شەوی رابردوو لە كافتریای لیلی لەشەقامی سالم لە شاری سلێمانی تەقینەوەیەك لەناو كافتریایەكدا رویدا و بەهۆیەوە زەرەرو زیانێكی ماددی زۆر بەر شوێنەكە كەوت و ژمارەیەك كەس تێدا برینداربوون.  

هاوڵاتی میدیای یەكێتی ئاماژەی بڵاویكردەوە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتو تەواوی ئەو فەرمانگانە موچەكانیان وەربگرن و ئەمڕۆ پێنجشەمەش زۆرینەی ئیەوانە مووچەیان پێدراوە. میدیای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە سەرچاوەیەكی حكومەتی هەرێمەوە بڵاویكردەوە، "ئەمڕۆ موچەی زۆرینەی ئەو فەرمانگانە دراوە كە موچەی مانگی سێیان وەرنەگرتوە." هەروەها ئاماژەی بەوەشكردوە كە هەفتەی داهاتوو تەواوی ئەو فەرمانگانە مووچە وەردەگرن كە موچەی مانگی سێ یان وەرنەگرتووە. ماوەی چەندین مانگە دابەشكردنی موچە بەهۆی كێشەی كۆكردنەوەی داهات لە سنوری پارێزگای سلێمانی روبەڕوی گرفت دەبێتەوە، بەرپرسانی وەزارەتی داراییش باس لەوە دەكەن پێویستە بەشێكی "تەمویلی موچە لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی خەرج بكرێت و ئەو داهاتەش ناگەڕێتەوە بۆ بانكەكان."  

سازدانی: هاوڵاتی چالاكوانی بواری ژنان  بابەتێك لەبارەی كوشتن بەناوی«شەرەفەوە» دەنووسێت و دەڵێت (خۆشم دەوێی پیاو)، بەڵام لەناوەرۆكدا رەخنە لەمینبەرە جیاوازەكانی كۆمەڵگا دەگرێت و ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە ئەم دوومینبەرە ئەقڵ پاسیڤ دەکەن و غەریزە ئاکتڤ هەریەکەیان بەجۆری خۆی. خەندان جەزا، چالاكوانی بواری ژنان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى  ئاماژەی بەوەكرد: «هەردوو مینبەری سەلەفیەت و مینبەری میدیایی بەناو ئازاد  دەبێت سانسۆریان لەسەر بێ کە بوونەتە بەرپرس لە ئاراستەکردن و پەروەردەی تاک . هاوڵاتى : بابەتێكت نوسیبوو زۆر جێگای سەرنجڕاكێشان بوو (خۆشم دەوێی پیاو)، بەڵام لە ناوەڕۆكدا كە دەیخوێنیتەوە باس لەژن كوشتن دەكات لەهەرێمی كوردستان بەناوی شەرەفەوە كە تا ئێستا بوونی هەیە؟ خەندان جەزا: راستە ئەمە گرفتێكە بووەتە شەڕێكی دەستەویەخەی خوێناوی لەنێوانی نێر و مێ لەكۆمەڵگای ئێمەدا، بەڵام ئەوەی بۆ من جێی داخە تەواوی فۆكسەكە لەسەر ئەوەیە كە خەتا تەنها بکەرە کە  بكوژ، ناشرین، قێزەون ، جەلاد، تاوانبار، پیاون نێرینەكانن لەكاتێكدا من  وای نابینم، چونكە ئەو پیاوانە لەواقعدا  خۆشحاڵ نین كەسێك بكوژن، كێ هەیە ئاراەزومەندانە و خۆشحاڵانە  كەسێك بکوژێ بەپلان ؟ ئەو جۆری سیستەم و یاساو رێساو عورف و پەروەردە و كۆمەڵگا و مینبەری ئازاد و مینبەری ئاینییەكان هەموو ئەمانە پاڵنەرن و دروستكەری ئەو هێزەن، ئەو هێزە ئەبەخشن بە نێرینەیەك و هانی دەدەن بۆ كوشتنی كەسێك. مێنەکان دەکەنە بوکەڵەیەکی زەعیفی بن دەستەو نێرینەکان رۆڵی قارەمان و پالەوان و شمشیر بەدەست و بریاردەر ٣٠ ساڵە لە بەرکەوتەو جۆری کارەکەم مامەڵە بووە لەگەڵ تاوانبارو تاوانلێکراو ، لە گرتووخانەكان ، شێڵتەرەكان،  نەخۆشخانەی ئێمێرجێنسی ،کوچەوکۆلانەکان و نیو خێزانە جەهەنەمییەکان . هیچ کات باوکێک برایەک هاوسەرێک خۆشەویستێکم نەدیووە کەبەکوشتنی کچەکەی خێزانەکەی دۆستەکەی خوشکەکەی خۆشحال بوبێ ! هەمیشە باسیان لەوەکردووە گەر نەم کوشتنا روم نەبوو لەناو خزمو برادەرانم سەر هەڵبرم دەیان گوت تۆ پیاونیت لە راستیدا ئەو پیاوانە بەدبەختن، هەلبژاردەی خۆیان نییە کە دەبێ  ببنە پاسەوانی شەرەف بۆیە ئەو ئەركەی دەدرێت بە نێرینەكانی ئەم كۆمەڵگا دواكەوتووانە ئەركی  پاراستن و پارێزگاریكردنە لەژنان.  هاوڵاتى : واتە پیاو وەك پاسەوانی شەرەف وایە؟ خەندان جەزا: بەڵێ ئەو ئەركەیان پێ ئەیەن، چۆن تۆ پاسەوانی  نیشتمانەکەت دەبی  پارێزگاری لەنەتەوەكەت، لەزمانەكەت، لەخاكەكەت دەكەیت، ئەمەیان تەواو وابەستەو یەكسان كردۆتەوە بە پاراستنی دامێنی ژنێكەوە كە ناوێكی زلی لێنراوە شەرەفە. تەنانەت دووبنەمالە ببێتەشەریان دەبێ ژنێک تێیدا ئەتکبکرێ پاشانیش هەر بەمێینەیەک سوڵح دەکرێ . شەرەف کراوەتە شوناسێک بۆ بنەمالە بەلام بەتەنها من دەبێ بیپارێزم و تەواوی نێرینەکان دەبنە چاودێر پاسەوان .هەرچییەك ئەكەم یان نایكەم من تەنها وەسیلەیەكم  بەكاردەهێنرێم بۆ ئامانجە گشتییەكەی باوان و ماڵە خەزوران لەسەر ئاستێكی گشتی. ئێمە دەبێ دابونەریتو عورف و یاسو رێسا و سیستەمی پەروەردەی و میدیاییمان لەرەگوریشەهەڵوەشینین و بە یاسای سەردەم و دیموکراسی دایرێژینەوە. ئێمە گرفت لە پەروەردەماندا هەیە کە پەروەردەیەکی بکوژو ببرە پەروەردەیەکە جەندەری نییە بەرابەری ناناسێ زیاتر کار لەسەر بەرابەری ئەرک دەکات تا ماف خێزان و دەوڵەت دوو بنکەی سەرەکین لەدروستکردنی کەسێتی تاکدا پاشانیش ئەرکی دامودەزگای ناحکومی و رێکخراوی مەدەنی و میدیا و مینبەر کاتێک دێێن باس لە کوشتن دەکەین خەتاکان دەکەینە ئەستۆی گەردیلە بچوکەکان و بیرمان دەجێ ئەو تۆفانە لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە ، فیمینیستە رادیكاڵەكان یان هەندێ چالاكوانی چ ژن بێت چ پیاو توند هێرش دەکەنەسەر خودی نێرینەکان وە وێنایەک دەخولقێنێ کەئێمە دژی پیاوین یان رقمان لەپیاوە  ! هاوڵاتى : پێتوایە ئەبێت بەهەستێكی مرۆڤایەتی مامەڵە لەگەڵ نێرینە و مێینەدا بكەین لەكۆمەڵگادا؟ خەندان جەزا: بەدڵنیاییەوە تۆ نابێت ئەم مامەڵە جیاوازە كە ژن بە زەعیفترین و لاوازترین و بەدبەختترین و داماوترین وێنا دەكەیت و پیاویش بە هەموو شتێكی بەهێزو پالەوان و لەدواجاریشا  ناشرین و بکوژ . هاوڵاتى : پێتوانییە چی رۆڵی هەیە كە ژن كوشتن بەردەوامە بەناوی شەرەفەوە؟ پێتانوایە رێكخراوەكانی ژنان خەتایان هەیە؟ خەندان جەزا: هەموو كەس و لایەن و دەسەڵات و سوچ و قوژبنێكی ئەو كۆمەڵگایە خەتای هەیەو پشكی بەردەكەوێت. یاساو دەسەڵاتی قەزائی و تەنفیزی كە بەر سیستەمی وڵاتەكە دەكەوێت پشكی شێر بەر ئەمانە دەكەوێت، نەك رێكخراوەكانی ژنان، تۆ ئەو پشكەی كە رێكخراوی ژنان زەق ئەكرێتەوە چی بەدەستە ئادەی پێمبڵێ بتوانێت كار لەیاسایەك بكات، رێکخراوەكانی ژنان نات لەنێو حیزبەکەی خۆیاندا رایان ببێ جا چ بگا بەدەوڵەت ! رێکخراوی ژنان لقێکی مێنەی پارتێکە وەک لاوان قوتابیان ئیدی چاوەروانێێەکی لەخۆڕایە پێت وابێ دەبێ ئەوان کارێکبکەن  . راستە رێكخراوەكانی ژنان گەندەڵن و پرسی ژنیان یان پرسی جەندەریان نەکردە کاری سەرەکیان ، بەڵام تاوانباری سەرەكی ئەگەر ئێمە وەكو پلەبەندی پیایدا سەربكەوین لەپلەی یەكەم و بە ئاستێكی زۆر فراوان و گەورە ئەو هێزەیە كە دەسەڵاتی هەیە. هاوڵاتى : چۆن چارەسەری ئەمە ئەكرێت؟ لەكۆتایی تێكستەكەدا بۆ پیاوان نووسیوتە «تۆم خۆشدەوێت بێ تۆ ناژیم وەرە با لەیەك بگەین»؟ خەندان جەزا: بەدڵنیاییەوە لەسەرەتاوە هەر بەوە دەستپێدەكەم ئێمە مریەمێكی ترمان بۆ دروستنابێـت بەبێ پیاو عیسای ببێت، شتی وا نییەو مەلێكیش بە باڵێك نافڕێـت، مرۆڤ كائینێكی كۆمەڵایەتییەو پێویستیان بەیەكە، پێویستم بە هاوڕەگەزە، پێویستم بەڕەگەزە جیاوازەكەیە بۆ زۆربوونی ژمارەی نەسل و تێركردنی غەریزەكانم و بۆ تەواوی پێكهاتەكانی ژیان و خۆشەویستی . من بەبێ ئەوناهاوسەنگم  ئەویش بەبێ من توانای فرینی  نییە، بۆیە ئەم شەڕە خوێناوییە لە رۆژێكدا دەبێت كۆتایی بێـت وشوناسی مرۆڤ بوون بکریتەوە بەبەلای هەردوکیان دەبێ گرفتە راستەقینەكە بناسن. هاوڵاتى : چارەسەر چییە، گۆڕینی پەروەردەی كۆمەڵگایە؟ خەندان جەزا: چارەسەر دەتوانیت لەچەند شتێكدا چڕی بكەیتەوە، بەڵام زۆر فاكتەری دیكەی لێئەبێتەوە.  یەكێك لەكارە هەرە گەورەكان ئەوەیە كە لە پەروەردەوە دەستپێبكرێت، پەروەردە بەشێوە گشتییەكەی كە ئەڵێم پەروەردە ئەو شەش ساڵەی سەرەتات لەنێو خێزانێکی بچوکدایت   دوایی كە ئەچیتە قوتابخانە و پاشآنیش لەنێوخێزانێکی گەورەتری بەناو کۆمەلگا ئەم سێ پەروەردەیە ئەبێت بەرەیەكی یەكگرتوو پێكبهێنن كە جەندەری بێت كە هاوتەریب بێت، ئێمە لە رووی تیۆرو دروشمەوە زۆرترین بەندو یاسای دیموکراسی و مافی مرۆڤمان  لەبەرە وەک توتی دەیلێینەوە بەراورد بەكۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو. تۆ لەكۆمەڵگایەكی پێشكەوتوووەک  سوید، نەرویج،  بەریتانیا فرەنسا  تۆ تاكێك نابینیت گەنجێك 20 ساڵە، 25 ساڵە بە روبعێكی تاكێكی كورد قسەو ووشەبەندی و زەخیرەی كەلیماتی پێبێتو شرۆڤەی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتیت بۆبکات  باسی نیچەو فرۆیدت وکانتت بۆ بكات. لەگەڵ هەر تاكێكی كورددا قسەئەكەیت وەكو بەندبێژی لێهاتووە ئەوەندە باسی فەیلەسوفەکانت  بۆ ئەكات، بەڵام لە كرداردا كاری پێناكات، كار بەوە ئەكات کەدووینبەرە ئازادەکە چی دەلێن و چێ نمایش دەکەن بەبالی راست و چەپییەوە دەبێت دەسەڵاتی قەزائی تەنفیزی لە بەرتیل و رەشوەو خێڵ و خێڵەكی و سوڵحی عەشایەریو دالدەدانی بکوژو تاوانکاران بێتە دەرەوەو ببێتە دەسەڵاتێكی بەهێز.  زۆر گرنگە تەواوی ئەو بنكە سوڵحە عەشایەریانە دابخرێت. سەنتەرێكی توندوتیژیت هەیە ژنێك كەموشكیلەی هەیە رووی تێناكات، من شەش هەزار كیلۆمەتر لەكوردستان دوورم بەمن ئەڵێ فریام كەوە بۆ كوێت بێنم دادە گیان؟ بتنێرمە كوێ؟. هاوڵاتى : پێتانوایە هەردوو مینبەرەكە بەكەڵك نایەن بۆ ئەم كۆمەڵگایە؟ دەبێت مینبەرێكی نوێمان هەبێت؟  خەندان جەزا: بەدڵنیاییەوە ئەو دوو مینبەرە هەردووكی ئەبێت بێدەنگ بكرێت، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە 30 بۆ 40 ساڵ بگەڕێینە دواوە مینبەرە ئاینییەكە سەیربكەین، دەبینین لەخوتبەی جومعە باسی ئاشتەوایی ئەكرد، باسی خێر و خێراتی ئەكرد، باسی تەبایی ئەكرد، زیاتر خوتبەكانیان خوتبەی ئیسلاحی بوو، نە باسی كوشتنە نە باسی دەستبڕینەو نە سەربڕینە، نە بێحورمەتییە بەژن نەحۆری نە سیغەو موتعە. ژنان سالانی حەفتاکان مینی جۆبیان لەبەردەکرد کەچی کەس تەحەروشی پێنەدەکردن ! ژن و پیاودەچونە سینەما رەش بەلەک شەوئاهاەنگ کەسیش بە مولحیدناونەدەبرا هاوڵاتى : چ قسەیەكت هەیە بۆ رەگەزی نێر؟ بۆ پیاوان؟ خەندان جەزا: بەبڕوای من رەگەزی نێر دەبێت زۆر ژیرتر بێت لەوەی كە  بكەوێتە ئەو یاریەی كە تەنها پارێزگاری لەخۆی بكات، چونكە كە تۆ ئەبینیت كاتێك ژنێك ئەكوژرێت،  شتێك ئەقەومێت،  فیمینیستە رادیكاڵەكان هێرشێكی توند دەكەنە سەر پیاوان  تۆ لێرەشدا نابینیت پیاوەكان ژیرانە بێنە قسە، بەڵكو هەریەك لەئاستی خۆی بەرگری لەخۆی ئەكات، دەڵێن من بۆ ژنەكەم مێردێکی عەیارە بیستوچوارم بۆخوشکەکەم سەردائەنەوێنم  ئەم كێشە و گرفتە کێشەی هەموانە ، باشە من چوارجار قسەم پێنەوتراوەو ریگەم لێنەگیراوە مانای وایە نابێ بەکێشەی خۆمی بزانم ؟ دەبێ تەواوی کۆمەلگا بەسەرجەم چین وتوێژەکانییەوە بەخەموکێشەی خۆی بزانێ   دیسان دەلێم خۆشم دەوی پیاو ئەم گەردونە بە من وتۆوە جوانە

هاوڵاتی گەریلاكانی ئازادیی هێلیكۆپتەرێكی سوپای داگیركەری توركیان لە ناوچەی زاپ-ی بادینان، خستە خوارەوە. بەپێی ئازانسی فورات، كاتژمێر 1:30 خولەكی شەوی ڕابردوو، گەریلاكانی ئازادیی كوردستان لە گۆڕەپانی شەهید شاهین لە ناوچەی زاپی بادینان، هێلیكۆپتەرێكی سوپای داگیركەری توركیان كردە ئامانج، لەكاتێكدا كە دەیویست سەرباز لە ناوچەكە دابگرێت. هەروەها ئەوەش روونكراوەتەوە كە هێلیكۆپتەرەكە لە گۆڕەپانی كونیشكای ناوچەی زاپ كەوتووەتە خوارەوە.  

هاوڵاتى ‌به‌رپرسێکى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا رایگه‌یاند، ئه‌و سزایانه‌ى حکومه‌تى وڵاته‌که‌یان دژى حکومه‌تى سوریا ده‌ریکردون، سزاکه‌ وه‌به‌رهێنان و کارکردنى ئه‌و کۆمپانیانه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى خۆسه‌رى باکور و رۆژهه‌ڵاتى سوریا ناگرێته‌وه‌. ڤیکتۆریا نولاند، یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا به‌شدارى کۆبونه‌وه‌ى وزارى وڵاتانى ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعشى کرد که‌ له‌ مه‌غریب که‌ دوێنێ چوارشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چو و باسى له‌وه‌کرد، واشنتن بڕیاریداوه‌ مۆڵه‌ت بدات به‌سه‌رجه‌م ئه‌و کۆمپانیا بیانیانه‌ى که‌ ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى خۆسه‌رى باکور و رۆژهه‌ڵاتى سوریا کاربکه‌ن، به‌جۆرێک له‌ سزاکانى ئه‌مریکا ئازاد ده‌کرێن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى خستۆته‌روو که‌ ئه‌مریکا له‌چه‌ند رۆژى داهاتوودا بڕیاره‌که‌ بڵاوده‌کاته‌وه‌ و ئامانجى بڕیاره‌که‌ش گه‌شه‌پێدانى که‌رتى ئابورى ئه‌و ناوچانه‌یه‌ که‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى ڕژێمى سوریادا نین و پێشتر به‌هۆى شه‌ڕى داعش روبه‌ڕوى زیان بونه‌ته‌وه‌. هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) به‌ سه‌ره‌کیترین هاوپه‌یمانى سه‌ربازى ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له‌ سوریا داده‌نرێن.  

هاوڵاتى وته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌باره‌ى کشانه‌وه‌ له‌حکومه‌تى هه‌رێم هاته‌ده‌نگ‌و ده‌ڵێت:" نه‌کشاوینه‌ته‌وه‌ له‌ حکومه‌تى هه‌رێم". ‎دلێر عه‌بدولخاق، وته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى گۆران له‌ڕاگه‌یه‌نراوێکدا ده‌ڵێت: "جارجار، پرسى کشانه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌حکومه‌تى ھه‌رێم‌و حکومه‌تى خۆجێى ده‌بێته‌ بابه‌تى میدیایی". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "له‌ڕێگه‌ى ئه‌م ڕونکردنه‌وه‌یه‌ بڵاویده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ بڕیارێکى له‌وشێویه‌ نه‌دراوه‌و هه‌رکاتێک بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بڕیارى کشانه‌وه‌ى له‌حکومه‌تى هه‌رێم، یاخود حکومه‌تى خۆجێى دا؛ ئه‌وا به‌فه‌رمى ڕایده‌گه‌یه‌نێت‌و تیمى حکومه‌تى لێ ئاگادارده‌کاته‌وه‌".