هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی جووتیار محەمەد سەلیم بەربهاری لە گوندی بەربهار کرد لە پارێزگای دهۆک، کە یەکێکە لە جووتیارە نموونەییەکانی دەڤەرەکە . سەرۆکی حکومەت دوای ئەوەی لە نزیکەوە ڕەز وباخ و بەرهەمەکەی بەسەرکردەوە و گوێی لە سەرنج و تێبینی و پێشنیارەکانی ئەو جووتیارە نموونەیە گرت، دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیی و بایەخێکی زۆر، بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی دەدات و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی لە جووتیارانی کوردستان دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش، کاری بۆ دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان کردووە و هەنگاوی کردەییش لەم ڕووەوە نراون، کە ئێستا پەتاتە و چەند بەروبوومێکی دیکە دەنێردرێنە دەرەوە و بەم زووانەش، هەنار هەناردەی دەرەوە دەکرێت. هەروەها بڕیاڕیشە لە ساڵی داهاتووەوە، ژمارەیەکی دیکەی بەرووبوومی کوردستان بگەنە بازاڕەکانی دەرەوە. سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتی هەرێم، دەیەوێت بناخەیەکی پتەوی پیشەسازی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان بنیات بنێت، لە پێناو گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی بەرووبوومی ناوخۆیی و زیاتر ڕەخساندنی دەرفەتی کار.
هاوڵاتی بەرواری ٢٧/٩/٢٠٢٢ لیژنەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنوسان cpj بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە سەبارەت بەو ڕۆژنامە نوسانەی لە ماوەی چەند ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ئێران‌دا دەستگیرکراون و داوای ئازاد کردنیان دەکات. لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند،لە دەستپێکی ناڕەزایەتی دەربڕینی گشتی لە ئێران لە دوای گیان لەدەستدانی ژینا(مەهسا)ئەمینی لە کاتی دەسبەسەرکردنی لە لایەن گەشتی ئیرشادەوە، تا ئێستا لانیکەم ٢٠ ڕۆژنامە نووس دەستگیرکراون. لێژنەی داکۆکی کردن لە ڕۆژنامە نووسان(CPJ ) جەختی لەوەش کردەوە کە، دەسەڵات دارانی ئێران دەبێت بە بێ مەرج و لە زووترین کاتدا تەواوی ئەو ڕۆژنامە نووسانەی کەخۆپیشاندانەکانی ئێرانیان ڕوماڵکردووە ئازاد بکرێن و ئینتەرنێت بۆ خەڵکی دوبارە بەردەست بکرێتەوە. هەروەها ڕاشیگەیاند لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە کوردستان و ئێران ئەو ڕۆژنامە نووسانەی کە ویستوویانە خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایەتی ڕووماڵ بکەن لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون و هیچ زانیارییەک لەسەرچارەنووسی زۆربەیان لە بەر دەست دا نییە.
هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا هەپەگە ڕایگەیاند، لە چالاکییەکانی گەریلاکانی کوردستاندا لە ناوچەی زاپی باشووری کوردستان هەشت سەربازی سوپای تورکیا کوژراون. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، گەریلاکان لە ناوچەی زاپی باشووری کوردستان زنجیرەیەک چالاکییان لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی ئەیلول دژی سوپای تورکی داگیرکەر ئەنجامداوە. هەپەگە دەڵێت: لە چالاكییەكانی هێزەكانماندا هەشت داگیركەر سزادران و خێمەیەکی سەربازییش تێکشکێندراوە. لەبارەی هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورکیشەوە ڕایگەیاندووە، سوپای داگیركەری تورك ١٦ جار بە بۆمبی ئەتۆمی تاكتیكیی و چەكی كیمیایی، سێ جار بە فڕۆكەی جەنگیی، ٤٠ جار بە هێلیکۆپتەری هێرشبەر و دەیان جار بە هاوەن و چەكی قورس ناوچەكانی بەرخۆدانی بۆردوومان و تۆپباران كردووە. ئەمە لەکاتێکدایە شەوی پێشووتر سنوری چیای گارە وبەرەبەیانی ئەمڕۆش بەرزاییەکانی گوندی سگێرێ لە سنوری قەزای ئامێدی لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان کران.
هاوڵاتی لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، هێزەکانیان لەم مانگەدا توانیویانە باندێکی 9 کەسی بەکارهێنان و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن، کە دانیشتووی گەرمیان بوون و بەشێکیان پێشینەی تاوانکارییان هەبووە. عوسمان عەبدولکەریم، وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "هێزەکانی ئاسایشی کەلار، لەم مانگەدا توانیویانە باندێکی نۆ کەسی دەستگیربکەن، کە لە قۆناغی یەکەمدا، پێنج کەسیان دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەکانماندا دوو کەسیان دانیان بەوەدا نا، کە بازرگانی بە ماددەکانەوە دەکەن، سیانەکەی دیکەشیان دانیان بەوەدا نا کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن". ئاماژەی بەوەشکرد "لە قۆناغی دووەمدا تونیمان چوار کەسی دیکە دەستگیربکەین، بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، سەرجەم تۆمەتبارەکان بەگوێرەی ماددەی 30 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت". عوسمان عەبدولکەریم باسی لەوەشکرد، کەسێکی دیکەشیان لەگەڵ ئەندامانی ئەو باندەدا دەستگیرکردووە، کە تۆمەتبارە بە داڵدەدانی یەکێک لە تۆمەتبارەکان و بەگوێرەی ماددەی 270 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەی ئاسایشی گەرمیاندا بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە، دەستگیراوە بەسەر 150 گرام، ماددەی هۆشبەردا لە جۆرەکانی (کریستاڵ و حەشیش)دا، وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان دەڵێت "سەرجەم تۆمەتبارەکان خەڵکی کەلار و دەوروبەرین و بەشێکیان پێشینەی تاوانکارییان هەبووە".
هاوڵاتی بەیانیی ئه‌مرۆ سێشەممە 27/9/2022 له ڕێوڕه‌سمێكدا كه له سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، به‌شێكى ديكهی پێداويستیيه‌كانی سەنگەری پێشمەرگە كە لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە دابینكراوە، ڕاده‌ستى نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه كرا. لە ڕێوڕەسمەكەدا هه‌ريه‌ك له ليوا ئه‌سكه‌نده‌ر حه‌جى ساڵح به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى كاروبارى سه‌ربازیی سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمی كوردستان و هه‌ردوو ليواى ڕوكن هۆشمه‌ند حه‌يده‌ر و نه‌جمه‌دين عومه‌ر نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تى پيشمه‌رگه به‌شداربوون. هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە ئه‌و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان و دابينكردنى پێداويستی و تۆكمه‌كردنى سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمەرگە كاريگه‌ريى به‌رچاوی له پاراستنى گيانى پێشمه‌رگه و تواناى به‌رگرييان، هه‌بووه. ئه‌م پرۆسه‌يه كۆتايىی ساڵی 2021 به فەرمان و پشتيوانيى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌کانی پێشمه‌رگه ده‌ستپێكرا،. پێداويستييهكان جگه له كه‌رسته‌ى به‌رگرى، پرۆسه‌ى سه‌نگه‌رسازى و بيناكردنى جێى حه‌وانه‌وه و خۆپارێزى ده‌گرێته‌وه كه بێ جياوازى و به پێى پێويست ده‌خرێنه خزمه‌ت سه‌رجه‌م ميحوه‌ر و سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌وه.
هاوڵاتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئێران بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان سنووری شارۆچکەی چۆمانی لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرد. لەوبارەیەوە ئاژانسی (ڕۆژنیوز) بلاويكردەوە کاتژمێر ٠٩:٥٥ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چیای پاش قەڵاتانی بۆردوومان کرد، کە کەمتر لە کیلۆمەترێک لە سەنتەری شارۆچکەی چۆمانەوە دوورە. بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە پوش و پاوانی ناوچەکە کەوتووەتەوە بەهۆی ترس لە دووبارەبوونەوەی بۆردوومانەکەش، تائێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە. جێگای ئاماژەیە ماوەی چوار ڕۆژە ئێران تۆپخانە و درۆن بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچەکانی برادۆست و باڵەکایەتیی لە پارێزگای هەولێر دەستپێکردووەتەوە. وێنەکان: ڕۆژنیوز
هاوڵاتی وەزیری نەوتى عێراق ئێحسان عەبدولجەبار رایگەیاند کە داوایان کردووە، ھەڵسەنگاندن بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ھەرێم داواکەی رەتکردووەتەوە. ئێسحان عەبدولجەبار کە لە ھەمان کاتدا وەزیری دارایی عێراقە بە وەکالەت لە ھەڤیەیڤێنێکدا لەگەڵ کەناڵی نیمچە فەرمیی عێراقییە ئاماژەی بەوەداوە کە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان، زۆر دادپەروەرانە بووە و گوتی: "داوامان کردووە، ھەڵسەنگاندن بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ھەرێم داواکەی رەتکردووەتەوە". گوتیشی: "جیاوازییەکی زۆر ھەیە لە نێوان گرێبەستەکان و بڕی دەرھێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان". ئێحسان عەبدولجەبار لەبارەی راسپاردنی بە وەزیری دارایی بە وەکالەت گوتی: "دوای دەستلەکار کێشانەوەی عەلی عەللاوی، بۆ بەڕێوبردنی وەزارەتی دارایی راسپێردرام و قبوڵم کرد، چونکە نەمتوانی رەتی بکەمەوە". وەزیری نەوتی عێراق ئاشکراشی کردووە، تا ئێستا ٣٨ سکاڵا لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسرەوە لەسەری تۆمار کراوە، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی ژمارەیەک کەس زیان بەر بەرژەوەندییەکانیان کەوتووە و گوتی: "سەرجەم سکاڵاکان کە لەدژم تۆمارکراون، لەلایەن دادگاوە یەکلایی کراونەتەوە و داخراون". ئێسحان عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەیشداوە کە بڕە پارەیەکی زۆر لە وەزارەتی دارایی دەستی بەسەردا گیراوە و گوتی: "لەئێستادا عێراق، ٢١٠ ملیۆن دۆلار بە (Shell Oil Company) قەرزدارە، جگە لەوەیش ئەو بانگەشانەی کە لەبارەی کۆمپانیاکەوە دەکرێن، ئامانج لێیان وەدەرنانی وەبەرھێنەرانە لە عێراق. ئێحسان عەبدولجەبار باسی لە بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی کرد و رایگەیاند کە بڕیارەکە، ژینگەی یاسایی پیشەسازیی نەوتی عێراقی ھەژاند. رۆژی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕگەکانی دوو و سێ لە بڕیارەکانی ژمارە ١٠٩ی ساڵی ٢٠٢٠ ژمارە ٢١١ی ساڵی ٢٠٢١ کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق و پێدانی پۆستی سەرۆکی کۆمپانیاکە بە وەزیری نەوت دەرکرابوو، ھەڵوەشاندەوە.
هاوڵاتی مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد دەڵێت، حكومه‌تی عێراق ده‌بێت بێته ده‌نگ دژی تۆپبارانی ئێران و بۆردوومانەكانی توركیا و نایشارێتەوە، كە توركیا و ئێران هەرچەندە ناكۆكبن، “بەڵام له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد ناكۆک نین، بزوتنه‌وه‌ی كورد به مه‌ترسیی ده‌زانن له‌سه‌ر خۆیان”. لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدرای دیاری كورد قسەی لەبارەی تۆپباران و بۆردوومانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران و تورکیا کرد لە ناوچەکانی شارباژێڕی سلێمانی، برادۆستی سەر بە هەولێر و ئامێدی و ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک و وتی:”ئێران مافی نییە تۆپبارانی هەرێم و حزبەكانی ڕۆژهەڵات بكات، بەڵام هه‌رێمی كوردستان بێده‌نگه و حكومه‌تی عێراقیش بێده‌نگه، چونكه ئه‌وه یه‌كێكه له كێشه‌كان حكومه‌تی عێراق ده‌بێت بێته ده‌نگ دژی تۆپبارانی ئێران و به‌فڕۆكه لێدان ئه‌وانه‌ی توركیا ده‌یكات ده‌بێت حكومه‌تی عێراق زیاتر ڕۆڵ ببینێت”. دەشڵێت “ئەوەتا ئێران تۆپباران ده‌كات، له‌وانه‌شه به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بۆردوومان بكات، جاری واش هه‌بووه مووشهكیانداوه له هه‌رێمی كوردستان له‌وانه‌یه هه‌مان شت دووباره بكه‌نه‌وه”. ئاشكرایكرد، توركیا و ئێران لە هێرشەكانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەماهەنگییان هەیە و وتی:”ئێران و تورکیا ئه‌گه‌ر هه‌ر ناكۆكییهكیشیان هه‌بێت، به‌ڵام له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد ناكۆک نین، چونکە هەردووکیان بزووتنه‌وه‌ی كورد به مه‌ترسیی ده‌زانن له‌سه‌ر خۆیان، چه‌ند ساڵێكه تورکیا به ئاشكرا باشووری كوردستان بۆردوومان ده‌كات، له هه‌مان كاتیش‌دا ئێرانیش خه‌ریكه ورده ورده هێرشەکانی دەستپێدەکاتەوە، پێده‌چێت له‌مه‌ودوا زیاتریشی بكات و له‌نێوان خۆشیاندا هاوكارییان هه‌یه”. لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئێران و بەدیهاتنی مافی كوردەوە لەو بەشەی كوردستان دەڵێت:”به‌گشتی كوردی ئێران دژی حكومه‌تی ئێرانن، حكومه‌تی ئێران هیچ كاتێک دان به مافه‌كانی كورد-دا نانێت، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌رشتێک كه ببێته هۆی لاوازكردنی ڕژێمی ئێران وه‌كو ئێستا كه ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه ده‌كرێت، بێگومان كوردی ئێرانیش به‌شدارده‌بن به‌تایبه‌تی ئه‌و خۆپیشاندانه له‌سه‌ر شه‌هید كردنی (مه‌هسا ئه‌مینی) یه، كه كورده، له‌به‌ر ئه‌وه كوردیش زیاتر ڕۆڵی هه‌یه له‌وه‌دا، له ئێستادا له هه‌موو ناوچه‌كانی ئێران‌دا ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه به‌رده‌وامن به شێوه‌یه‌كی زۆر فراوان بێگومان كوردیش به‌شێكه له‌وه”.
هاوڵاتی بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا، سوپای تورکیا لە ماوەی 9 مانگی ڕابردوودا 58 جار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان پەلاماری کوردەکانی سووریای داوە. ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا باس لە زیاتر بوونی هێرشی درۆنەکانی تورکیا دەکات بۆسەر کوردەکانی سوویا ئەوەش پاش بێ هیوا بوونی ئەو وڵاتە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینیی بەربڵاو. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم ڕێکخراوەیە تورکیا لە ماوەی 9 مانگی ڕابردوودا 58 جار بە درۆن هێرشی کردۆتە سەر ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا کە داویین هێرش پەلاماری هەماری چەک و تەقەمەنییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات بوو لە نزیکیی شاری کوردنشینی کۆبانی لە باکووری سووریا. هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە لە 9 مانگی ڕابردوودا بووتە هۆی کوژرانی 10 کەسی مەدەنی و 56 کەس لە هێزە کوردەکانی سووریا. 93 کەسیش بە سەختی بریندار بوون.
هاوڵاتی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: یه‌كێتی و پارتی دژی یه‌ك نین و ته‌نها له‌بۆچوونه‌كانیاندا جیاوازیان هه‌یه. وتیشی: تائێستا نه‌مبیستووه یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار رێككه‌وتبن، به‌ڵام ئێمه‌و پارتی له‌په‌رله‌مانی عیراق و كوردستان و هه‌روه‌ها له‌جه‌نگی دژی داعش پێكه‌وه‌ین . ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: یه‌كێتی و پارتی له‌گه‌ڵ به‌شێك له لایه‌نه‌كانی عیراق له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ردنی داهاتووی عیراق رێكه‌وتوون، كه خۆی له ئه‌منیه‌ت و چارسه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێم و عێراق و به‌گشتی به‌ڕێوه‌بردنی داهاتووی حكومه‌ت رێككه‌وتوون. له‌باره‌ی ریفراندۆمیشه‌وه وتی: هه‌موومان پێكه‌وه بڕیاری ریفراندۆممان دا‌و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و مافه ده‌ستووریانه‌ی كه عێراق له‌هه‌رێمی زه‌وت كردبوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌نجامی ریفراندۆم له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێوه هاوبه‌ش بوو، كه دژ بوو.
هاوڵاتی قائیمقامی قه‌زای ماوت رایده‌گه‌یه‌نێت، چه‌ند شوێنێك كه ده‌كه‌ونه سه‌ر گوندی گه‌ڵاڵه بهچرِی له‌لایه‌ن فرِۆكهوه بۆردومان ده‌كرێن. كامه‌ران حه‌سه‌ن قائیمقامی قه‌زای ماوه‌ت بڵاویكردۆته‌وه، ئێستا سنوری گوندی گه‌ڵاڵه له ژێر بۆردومانێكی قورسدایه، له‌ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێكدا ئه‌م شوێنانه كه ده‌كه‌ونه سنوری گوندی گه‌ڵاڵه له‌لایه‌ن فرِۆكهی جه‌نگیه‌وه به قورسی بۆردومان كراون. كامه‌ران حه‌سه‌ن ئه‌و شوێنانه‌ی بڵاوكردۆته‌وه كه بۆدورمان ده‌كرێن و رایگه‌یاندوه، ئه‌و شوێنه‌ی كه به ترشه‌كه ناسراوه كه ده‌كه‌وێته 4 تا 5 كیلۆمه‌تر سنوری گوندی گه‌ڵاڵه‌وه دوجار بۆردمان كراوه، هه‌روه‌ها باسكی قه‌لێ ده‌كه‌وێته نێوان گه‌ڵاڵه‌و سه‌فره‌و نزیكه‌ی 2 كیلۆمه‌تر له گه‌ڵاڵه‌وه دووره، له‌گه‌ڵ دۆڵی كڵاوه كه ته‌نها 2 كیلۆمه‌تر له گه‌ڵاڵه‌وه دوره‌و دۆڵی كوێره كانیش بۆردومان كراون.
عه‌مار عه‌زیز رۆژی شه‌ممه به‌رواری 24 ئه‌یلولی 2022 له‌شاری هه‌ولێر به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و خاوه‌ن ماف له‌چین و توێژه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵی كوردستان گروپی گێڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وت و لێبرِینی مووچه‌یان پێكهێنا". له‌باره‌ی ئامانجی پێكهێنانی گروپه‌كه‌وه به‌ده‌ل به‌رواری چالاكوانی دیاری پارێزگای دهۆك به هاوڵاتی وت: "كاركردن بۆ گهرِانهوهی مووچه‌ی مووچه‌خۆران له‌چوارچێوه‌ی چالاكی مه‌ده‌نی و یاسایی، رێكخستنی توانایی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا و په‌یداكردنی پشتگیری ئه‌وانی تر بۆ گهرِانهوهی مافی ماف خوراوان، له رِێگای په‌یوه‌ندیكردن به دامه‌زراوه فه‌رمی و په‌یوه‌ندیداره‌كان له ئاستی هه‌رێمی كوردستان وعێراق". به‌ده‌ل به‌رواری وتیشی: "مووچه‌خۆرانی كه‌رتی گشتی ئاشكرایه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌مانگی ئه‌یلولی ساڵی 2015 به هۆكاری جیاواز هه‌مووی یان به‌شێك له‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی پاشه‌كه‌وت یان برِیوه، كه‌له ئێستادا پێشبینی ده‌كرێت نزیكه‌ی 15 ترلیۆن دیناری عێراقی بێت. به‌هۆی نارِوونی دیدگای لایه‌نه فه‌رمیه‌كان له‌ئاستی هه‌رێم و عێراق گروپی گێڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وت و لێبرِینی مووچه له ئاینده‌یه‌كی نزیك كۆمه‌ڵێك رێگاچاره پێشنیار ده‌كات و هه‌وڵی هه‌مه‌لایه‌ن ده‌دات بۆ جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌كانی گروپه‌كه.
هاوڵاتی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند، له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا زیاتر له ٦٢٨ ملیۆن دۆلار قه‌رزی ساڵانی پێشووی كۆمپانیاكانی نه‌وتی داوه‌ته‌وه. به‌وپێیه‌ی له سێ مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا بڕی ٢٠٦،١٠٤،٦٢٦ هه‌زار دۆلار قه‌رزی داوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له سێ مانگی دووه‌می ئه‌مساڵدا بڕی ٤٢٢،٤٦٥،٥٧٦ هه‌زار دۆلار قه‌رزی داوه‌ته‌وه.
هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامارێکی نوێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات کە تیایدا "دانیشتووانی هەرێمی کوردستان %١٤ی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت" وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، بەپێی دوایین رووپێوی کە لەبەردەستیاندایە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ٥ملیۆن ٨٨٤ هەزار و ٢٣کەسە، کە ئەوەش رێژەی %١٤ی دانیشتووانی هەموو عێراق دەکات. بەپێی نووسراوەکە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی دهۆک یەک ملیۆن و ٤٣٢هەزار و ٣٢٦ کەسە و رێژەی %٣.٤ دانیشتووانی عێراقە. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی هەولێر، دوو ملیۆن و ٥٥ هەزار و ٤٤٨ کەسە کە دەکاتە %٤.٩ ژمارەی دانیشتووانی عێراق. ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سلێمانیش، دوو ملیۆن و ٣٩٦ هەزار و ٢٠٦ کەسە ئەمەش دەکاتە رێژەی %٥.٧ی دانیشتووانی هەموو عێراق. ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی خەملاندنی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٠ بە نزیکەی شەش ملیۆن ٢٠٠هەزار کەس خەملێندراوە، ئەمەش دەکاتە %١٥.٣ دانیشتووانی عێراق کە بە ٤٠ ملیۆن و٢٠٠ هەزار کەس خەملێندراوە.
هاوڵاتی لە شەقامی مەولەوی سلێمانی دزی لە دوکانێکی کڕین و فرۆشتنی مۆبایل کرا سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، كاتژمێر ٢ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە دزی لە دووكانێكی مۆبایل فرۆشی شەقامی مەولەوی كراوە، بەپێی قسەی دووکاندارەکە "60 مۆبایلی لێ دزراوە". گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەش كرد جگەلە پاسەوانی بازاڕەكە لەو شەقامەدا كامێرەی چاودێریش هەیە "بۆیە بەڵگەی پێویست لەبەردەستە بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەسانەی تاوانەكەیان كردووە." ئەو دووکانەی دزییەکەی لێکراوە، کڕین و فرۆشتنی مۆبایلی دەستی دوو دەکات، ئەو مۆبایلانەی لێی دزراون لە جۆرەکانی (ئایفۆن، سامسۆنگ گالاکسی، شاومی و ئۆپۆ) بوون و بەهاکەیان مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە 30 هەزار دۆلار. جێگەی باسە شەقامی مەولەوی، یەکێکە لە شەقامە سەرەکییەکانی سنتەری شاری سلێمانی و ژمارەیەکی زۆر (بازاڕ، قەیسەری، مۆڵ و دووکان)ی لەسەرە، بەشێك لە شەقامەکەش تایبەتە بە فرۆشتنی ئامێرەکانی مۆبایل و پێداویستییە ئەلیکترۆنییەکان.
