هاوڵاتی فڕۆكەی بیفڕۆكەوانی دەوڵەتی داگیركەری توركیا، بۆردوومانی ناوەندی ئەنجومەنی گەلی سنونێ-ی كرد و چەند كەسێك برینداربوون. كەمێك بەر لە ئێستا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەی دەوڵەتی داگیركەری توركیا، دوو جار بۆردوومانی ناوەندی ئەنجومەنی گەلی شارەدێی سنونێ-ی سەر بە شەنگالی كردووە. بۆردوومانەكە برینداری لێكەوتووەتەوە و زیانێكی زۆری مادییشی بە دووكاندارەكانی دەوروبەری بیناكە گەیاندووە. خەڵك و دانیشتوانی سنونێ بۆ  گەیەندنی بریندارەكان بە نەخۆشخانە، خۆیان گەیاندە شوێنی بۆردوومانەكەو هاوكاری ئەنجومەنی گەلی سنونێ دەكەن.  

هاوڵاتی دژی گرانبونی نرخی بەنزین و كەمی ئەو بەنزینخانانەی كە بەنزینە 690 دینارییەكەی عێراق دابەش دەكەن، ئەمڕۆ  شۆفێرانی تاكسی لە شاری هەولێر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و رێگەی كۆیە- هەولێریان داخست. شۆفێرانی تاكسی كە بەشداری خۆپیشاندانەكەیان كردوە باس لەوە دەكەن، شێوازی دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناریی حكومەتی عێراق هەڕەمەكی تێدایە و ژمارەی بەنزینخانەكانیش كەمە، بۆیە داوا دەكەن ژمارەی بەنزینخانەكان زیاتر بكرێت. هەروەها باس لەوەش دەكەن، داوا دەكەن نرخی بەنزین بەشێوەیەكی گشتی هەرزان بكرێت تا چیتر خەڵك شە و رۆژ لەبەردەم بەنزینخانەكان و لەسەرەی وەرگرتنی بەنزیندا رۆژ نەكاتەوە.

هاوڵاتی گرانبوونی نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان و راگرتنی بەنزینی 690 دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرین خەڵك و شۆفێرانی تورە كردووەو داوای كۆنترۆڵكردنی شەقامەكان و كوژاندنەوەی ئوتومبێلەكان دەكەن تا ئەوكاتەی حكومەت بە جدی وەڵامدەداتەوە. لەئێستادا بەنزینی 690 دیناری لە پارێزگای هەولێر هەیە، بەڵام بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەرین راگیراوەو وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی، كە لەم ژمارەیە لەلاپەرە سێ بڵاوكراوەتەوە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بەنزینی 690 دیناری راگیراوە و داوای چارەسەری بەپەلە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات. لەئێستادا یەك لیتر بەنزین لە جۆری نۆرماڵ بە هەزارو 200 دینارو موحەسەن هەزارو 325 دینارو سوپەر هەزارو 400 دینارە لە پارێزگاری سلێمانی و دەوروبەری. بەرزبونەوەی نرخی بەنزین، شۆفێرانی تاكسی و پاس «توڕەو نیگەرانن» دەكات و داوای كۆنترۆڵكردنی شەقامەكان و كوژاندنەوەی ئوتومبێلەكان دەكەن.   لە فەیسبوك بینیم بانگەشەی خۆپیشاندان دەكرێت هەمووی كۆمێنتی قەبە قەبە دەنوسێت، فەرموون با دوو رۆژ شەقامەكان دابخەین تا حكومەت چارەسەر دەكات، بەڵام نەك تەنها تەكسی و پاس، پێویستە سەیارەی تایبەتیش لەگەڵماندا بن   مەریوان قادر، تەمەن 29 ساڵ شۆفێری تاكسیە لە سلێمانی و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دوێنێ بایی 20 هەزار بەنزینم تێكردووە 16 لیتری نەكردووەو دیلكۆكەشی لێی دەدات تەنها 24 هەزار دینارم پێ پەیا كردووە تا شەو، ئەمە كەسابەتە لە رۆژێكدا چوار هەزار دینارم بۆ بمێنێتەوە». ناوبراو باسی لەوەشكرد، دامەزراندن نییەو ئیش نییە،»تەنها با رێگەمان بدەن كەسابەت بكەین، نرخی بەنزین هەرزان بكەن، بەو بەنزینە 690 دینارییەش رازیبووین ئەوەش نەماوە، ناچارین شەقام بگرین و سەیارەكانمان بكوژێنینەوە». ئەو شۆفێری تاكسییە داوای لەسەرجەم شۆفێران كرد لە شەقامەكاندا ئوتومبێل بكوژێننەوە، وتیشی:» لە فەیسبوك بینیم بانگەشەی خۆپیشاندان دەكرێت هەمووی كۆمێنتی قەبە قەبە دەنوسێت، فەرموون با دوو رۆژ شەقامەكان دابخەین تا حكومەت چارەسەر دەكات، بەڵام نەك تەنها تەكسی و پاس، پێویستە سەیارەی تایبەتیش لەگەڵماندا بن». هەروەها حەسەن عەلی، تەمەن61 ساڵ شۆفێری تەكسی لە سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» وەڵاهی كوڕی خۆم نازانم هانا بۆ كێ ببەین، ئەوە حاڵ نییە ئێمەی تیان، ماڵ و مناڵ بەچی بژێنین، ئەوەی پەیام كردووە دەیدەمەوە بە بەنزین». حەسەن وتیشی:» خەڵك ئەم دۆخەی قبوڵ كردووە، بەنزین لترێكی ببێتە دوو هەزار دیناریش كەس قسە ناكات، خەتای خەڵكە لەمانەی قبوڵ دەكات، حكومەتداری چۆن ئاوا ئەبێت، ژێر حەرزەكە هەمووی نەوت بێت و بەبەرچاومانەوە بێت و بڕوات ئەوەش حاڵی بەنزین بێت، وڵات چۆن ئاوا دەبرێت بەرێوە». شۆفێرێكی دیكەی پاس دەڵێت، سەرەرای ئەوەی نرخی هاتوچۆی ناوشاریان لە 500 دینار بۆ 750 دینار بەرزكردووەتەوە، بەڵام بارگرانی كەوتۆتە سەر خەڵك. هێمن جەمال، تەمەن 27 ساڵ شۆفێری پاس لە سلێمانی لەلێوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەگەر هەفتەیەك یان دوو رۆژ بەڵام هەموو سەیارەیەك نەك تەنها پاس و تەكسی لە شەقامەكان سەیارەكانمان بكوژێنینەوە حكومەت جوابی دەبێ، بەڵام ئەگەر وەك ئێستا خەڵك هیچ جوڵەیەك نەكات هەروا بەردەوام دەبێ». ئەو شۆفێری پاسە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئامادەن شەقامەكان بگرن لەمڕۆوە بەمەرجێك بەشێوەی مەدەنی بێت و خۆپیشاندان بكرێت تا حكومەت جواب نەداتەوە كەس شەقامەكان چۆڵ نەكات. ئاكار یاسین شۆفێرێكی تەكسییە لەسلێمانی، ئەو بەهاوڵاتی وت»ئەگەر رۆژێك بایی 15 هەزار بەنزین تێبكەم و كاری پێبكەم ئەوا 17 هەزار پەیدا ناكەم، واتە هیچ پارەیەكم بۆ نامێنێتەوە و وامان لێهاتووە كارنەكەین و لەماڵەوە بین باشترە». هاووڵاتیانیش نیگەرانن لەبەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، ئارام خالید دەڵێت:» ئۆتۆمبێلم پێ نییە، بەڵام ئەگەر بمەوێت بچم بۆ سەر كارەكەم دەبێت دوو هێندەی جاران پارە بدەم بە تەكسی یاخود پاس، چونكە بەرزی نرخی بەنزین كاری كردووەتە سەر هەموو شتێك».   هۆكاری گرانی بەنزین ئەو یاریكردنەیە كە بە سوتەمەنییەوە دەكرێت و بەرهەمی خۆماڵی بەنرخی بەرهەمی هاوردە دەفرۆشرێت   پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پارێزگاكان لەسەر هۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزینیش كۆك نین لەنێوان ساڵی 2019 بۆ 2022 نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان سێ هێندە بەرزبووەتەوە، پەرلەمانتاران وبەرپرسانی حكومەتیش هۆكاری جیاواز باس دەكەن، بەڵام هێشتا بەنزین هەر بەرزە و خەڵك دادوبێدادیەتی لەدەست بەرزی نرخەكەی. شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»هۆكاری گرانی بەنزین ئەو یاریكردنەیە كە بە سوتەمەنییەوە دەكرێت و بەرهەمی خۆماڵی بەنرخی بەرهەمی هاوردە دەفرۆشرێت». هەروەها وتیشی:»رێگری دەكرێت لەهێنانی بەنزینی هەرزان و قۆرغكاری دەكرێت، كەمینەیەك نرخەكەی قۆرغ كردووە و حكومەتیش رێگرە لەوەی نەوتی خاو بدرێتە پاڵاوگەكان، چونكە حكومەت مانگانە 30 بۆ 40 ملیۆن دۆلار لەبەرزی نرخی بەنزین سودمەندە». ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان پێشیوابوو ئەوەی لەدەسەڵاتی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتیەكانی پەرلەمان بێت كردوویانە بە یاداشت و پرۆژە بۆ ئەوەی نرخەكە داببەزێت. «خەریكی راپۆرتێكین بەڵام جارێ ناتوانین ناوەڕۆكەكەی ئاشكرابكەین» پێشەوا هەورامی، ئەندامی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتیەكان بەهاوڵاتی وت:»ئێمە خەریكی راپۆرتێكین لەسەر هۆكاری گرانی نرخی بەنزین و سوتەمەنی لەهەرێمی كوردستان، بەڵام جارێ ناتوانین زانیاری ناو ڕاپۆرتەكە ئاشكرا بكەین». جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر حكومەتی عێراق تۆمەتبار دەكات بەبەرزبوونەوەی نرخی بەنزین عیماد رەفعەت، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەهاوڵاتی وت:»بەنزین بەگشتی لەجیهان گران بووە، حكومەتی عێراقیش ئێستا بەنزین نانێرێت، بڕواش ناكەم بەمزوانە نرخەكە داببەزێت». «بەغدا بەنزین وەكو كارتی فشار دژ بە هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنێت، جگە لەوەی ئەگەر بەنزین لەدەرەوەش بهێنرێت هەر گرانە و چارەسەری دۆخەكە ناكات»، عیماد رەفعەت وا دەڵێت. هاوكات، رزگار سدقی ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەدهۆك هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە نرخی بەنزین هەمان هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی هەیە، پشتیوانی حكومەتی نییە و لەجیهانیش گرانبووە، ئەو بەنزینەی بە 690 دینار دەدرێتە پارێزگاكان كەمە و بەش ناكات». سدقی وتیشی:» پێشتر حكومەت هاوكاری دەكرد بۆیە بەنزین هەرزان بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیران حكومەت پشتیوانی ناكات». سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت حكومەتی هەرێم بەنزین دەداتە عێراق بەڵام نایداتە سلێمانی كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەبەردەوامی ئەوەیە كە هێنانی بەنزین دراوەتە دەست بازرگانەكان و چاودێری ناكرێت، جگە لەوەی بڕێك لەو بەنزینەی دەبێت بدرێتە سلێمانی بە 690 دینار حكومەتی هەرێم دەیداتە هەولێر و دهۆك». «تەنها چارەسەر ئەوەیە نەوتی خاو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بدرێتە پاڵاوگەكان و ئەوان بەنزین بۆ بەنزینخانەكان دابین بكەن، وەك چۆن ئێستا حكومەتی هەرێم لەڕێگەی كۆمپانیای كار و قەیوان نەوت بۆ عێراق دەپاڵێوێت و بەنزینیان بۆ دەنێرێت».، كەریم عەلی وای وت. بەرێوەبەری بەرهەمە نەوتیەكانی سلێمانی ئەوە دەخاتەروو بەنزین ڕەوانەی موسڵ دەكرێت ئەویش یەكێكە لەهۆكارەكان محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتیەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە» ئەو بەنزینەی دەبێت بۆ سلێمانی بنێردرێت دەنێردرێت بۆ موسڵ و دەفرۆشرێت، بۆیە بەردەوام نرخی بەنزین بەرز دەبێتەوە، دیاریش نییە كەی بەنزینی 690 دیناری عێراقی دەست بەدابەشكردنی دەكرێتەوە»

هاوڵاتی سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا، كە نوری مالكی سەركردایەتی دەكات دەڵێت" لەكۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و عەزم و یەكێتی نوری مالكی بە فەرمی نەبووەتە كاندید تەنها چەند ناوێك باسكراون". وائیل ركابی، سەركردە لە دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێكی تایبەتدا بەهاوڵاتی وت:" لەكۆبونەوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و عەزم و یەكێتی بریار نەدراوە نوری بكرێتە كاندیدی سەرۆك وەزیران، بەڵام لێرەو لەوێ باسكراوەو هیچ شتێكی فەرمی نییە". ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كە نوری مالكی مافی خۆیەتی وەك هەر سەركردەیەكی دیكە كاندید بێت، وتیشی:" چەند ناوێك باس كراون، بەڵام بڕیار لەسەر هیچ كاندیدێك نەدراوە و هێڵدراوەتەوە بۆ كۆبونەوەكانی دیكە و وەرگرتنی بۆچونی لایەنەكانی دیكە". رۆژی سێشەممە 14ی حوزەیران، لەنوسینگەی مالكی، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوپەیمانی عەزم و بابیلۆن كۆبونەوەو تێیدا باسیان لەوەكرد پەلە بكرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی تەوافوقی، لەپاش كۆبونەوەكە میدیا عێراقییەكان ئەوەیان خستەروو كە نوری مالكی بەهێزترین كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق. نوری مالكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسایە و خاوەنی 37 كورسی پەرلەمانەو لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكاندایە كە بەهەموویان خاوەنی 81 كورسی پەرلەمانن و بە نزیك لە كۆماری ئیسلامی ئێران هەژمار دەكرێن. دوای دەستلەكاركێشانەوەی هەموو پەرلەمانتارانی سەدر كە 73 كورسی هەبووە، دۆخێكی سیاسی نوێ هاتۆتە ئاراوەو چاوەروان دەكرێت لایەنەكانی دیكە حكومەت پێكبهێنن بەبەشداری سونەو كورد.

هاوڵاتی لە باكوور و باشووری كوردستان 18 سەربازی دیكەی سوپاكەی ئەردۆغان كوژران  سێ سەنگەریشیان بە تەواویی خاپووركران. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێكدا ئاماری چالاكیەكانی گەریلای لەو هەرێمانە بڵاوكردەوە كە شەڕیان تیادا ڕوودەدات و ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە" هێزەكانمان لە تونێلەكانی شەڕ خۆڕاگری دەكەن و تیمە گەڕۆكەكانمان بە شێوەیەكی هەماهەنگ بە چەكی قورس، نیشانشكێن و چوونەسەر چالاكی ئەنجام دەدەن". دەقی راگەیەندراوی هەپەگە:  لەو چالاكیانەدا كە بە شارەزایی گەورە ئەنجامدران و زیانی گیانیمان نەبوو، ١٨ داگیركەر سزادران، ٢ سیستمی رادار و ٣ سەنگەر بە تەواوەتی رووخێنران.  لە گۆڕەپانەكانی بەرخودانیش لەلایەن سوپای توركی داگیركەرەوە ١٥ جار بە هەلیكۆپتەر، ٢٤ جار بە فڕۆكەی شەڕ و ٣ جاریش بە تەقەمەنی تونێلەكانی شەڕی بۆردومان كردان. لە هەرێمی جودیی بۆتان، سوپای توركی داگیركەر لە ٢٧ی ئایار بە فڕۆكەی شەڕ ١١ جار هەرێمی جودیی  – بۆتانی بۆردومان كرد. دوای ئەو بۆردومانە داگیركەران دەستیان بە هێرشێك كرد و بە بێ ئەنجام كشانەوە. راگەیاندنی شەڕی تایبەتی تورك رایگەیاند، كە لەو هێرشەدا ٣ هاوڕێمان شەهیدبوون. بەڵام ئەو زانیاریانەی راست نین، لە چوارچێوەی ئەو هێرشەدا زیانی گیانیمان بەرنەكەوتووە. ئەنجامی چەند چالایەكی لە هەرێمی مەتیناش خستووەتە ڕوو كە لە ڕۆژی ١٣ی مانگدا لەلایەن گەریلاوە ئەنجام دراوە.  لەبارەی هەرێمی زاپ لە دوو چالایدا ٣ داگیركەر لەو ناوچەیە سزادراون،  لە هەرێمی خواكورك لە دوو چالاكیدا ٤ داگیركەر سزادراون.

هاوڵاتی نوێنەری دەزگای لوتكە لە یۆنان ئاماژە بەوە دەدات پاش شەش مانگ لە خنكانیان، تەرمی سێ كوردی دیكە دۆزراونەتەوە بەناوەكانی( ئەمیرە عوسمان خدر، هەناسە هەژار محەمەد، رێژوار رێبوار عەبدوڵا). شەش مانگ لەمەوبەر بەلەمێكی كۆچبەران بە 70 كەسەوە لە دورگەی (سانتۆری) نقووم بوون، لە كۆی ئەو 70 كۆچبەرە تەنیا 13 كۆچبەریان بە خنكاوی تەرمەكانیان دۆزرایەوە كە حەوت كەسیان كورد بونن و گەرێندرانەوە هەرێمی كوردستان. حسێن حەمە ساڵح، نوێنەری دەزگای لوتكە لە یۆنان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"سێ تەرمی دیكە دۆزراوەتەوە كە هەر سێكیان لەو بەلەمەدا بوون و ماوەی شەش مانگە بێ سەرو شوێنن". ئەو سێ كۆچبەرە ئافرەتێك و دوو منداڵن بە ناوەكانی (ئەمیرە عوسمان خدر، هەناسە هەژار محەمەد، رێژوار رێبوار عەبدوڵا) نوێنەری دەزگای لوتكە ئەوەی روونكردەوە كە لەماوەیەكی كەمدا تەرمەكان دەگەرێندرێنەوە هەرێمی كوردستان و رادەستی كەسوكاریان دەكرێنەوە.

هاوڵاتی  سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا (مەهەپە) رایگەیاند:" نوێنەرانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) "سوكایەتی" بە دەوڵەت و هێزەكانی پۆلیس دەكەن، بۆیە داوا لە دادگای دەستوری وڵاتەكەی دەكات هەدەپە دابخات. ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، دەوڵەت باخچەلی كە حزبەكەی هاوپەیمانی حزبەكەی ئەردۆغانە، رایگەیاند:" لەكاتێكدا پەرلەمانتارانی هەدەپە موچە لە دەوڵەت وەردەگرن، لە هەمان كاتدا سوكایەتی بە دەوڵەتیش دەكەن و هێرشدەكەنەسەر كارمەندانی پۆلیس، بۆیە دەبێت رێكاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر و لە پەرلەمان دەربكرێن و هەدەپەش دابخرێت".  رۆژی 12ی ئەم مانگە بەشێك لەلایەنگران و پەرلەمانتارانی هەدەپە لە ئیستانبوڵ دژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی كورد خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، لەكاتی خۆپیشاندانەكەشدا شەڕە بۆكس لەنێوان پەرلەمانتارێكی هەدەپە و كارمەندێكی پۆلیس رویدا، ئەوەش لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی توركیادا كاردانەوەی لێكەوتەوە. پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)، یەكێكە لە پارتە بەهێزەككانی توركیاو  خاوەنی 59 پەرلەمانتارەو سێیەم پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا

هاوڵاتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق هەڵوێستی خۆی ئاشكرا دەكات و رایگەیاند:" ئەگەر بمانەوێت وڵاتێكی ئارام، ئاوەدان و پێشكەوتو بونیادبنێین، پێویستمان بەوەیە ھەمومان پێكەوە شان بدەینە بەر راپەڕاندنی ئەركە چارەنوسساز و نیشتمانییەكان".  ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، دوای تەواوبوونی كۆبونەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان و عەزم و بابیلیۆن، نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی بڵاویكردەوە كە بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە یەكخستنی ھەوڵەكان كردەوە بۆ پێكھێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی خزمەتگوزار"هەوڵبدرێت سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان بەشداربن لە حكومەتی نوێی عێراق و جیاوازییەكانمان بخەینە خزمەت ھێنانەدی ئامانجە باڵاكان، چونكە ئەگەر بمانەوێت وڵاتێكی ئارام، ئاوەدان و پێشكەوتو بونیادبنێین، پێویستمان بەوەیە ھەمومان پێكەوە شان بدەینە بەر راپەڕاندنی ئەركە چارەنوسساز و نیشتمانییەكان، ئەمەش ئەو سیاسەتە دروست و حەكیمانەیەیە كە یەكێتی كار بۆ بەدیهێنانی دەكات".  

هاوڵاتی مالیكی بەهێزترین كاندیدە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، داوا لە بارزانی و حەلبوسی دەكرێت بچنە سەر مێزی گفتوگۆ. بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەسەردانێك گەیشتە شاری بەغداو ڕاستەوخۆ چووە ماڵی نوری مالیكی بۆ بەشداریكردن لەكۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان سەبارەت بەئاڵۆزیە سیاسییەكان بەتایبەت دوای كشانەوەی ڕەوتی سەدر لەپرۆسەی سیاسیی. بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیانكردەوە، قۆناغی داهاتوو گرنگەو پێویستی بەپەلەكردن لەدەستپێكردنی هەنگاوە كردەییەكانی تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكان‌و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی گونجاو هەیە كە توانای جێبەجێكردنی داواكاری عێراقییەكانی هەبێت‌و ژیانێكی شایستە دابینبكات‌و ئاسایش‌و سەقامگیریش بۆ هەمووان بپارێزێت. ئەوانەی بەشداربووی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ پشتیوانی تەواویان بۆ نوری مالكی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران پیشانداوەو بەڵێنیانداوە كار بۆ سەرخستنی بكەن. فازڵ مەواد ئەندامی دەوڵەتی یاسا بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند:" نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كاندیدی بەهێزی چوارچێوەكەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتووی عێراق". هەروەها راشیگەیاند:"وەك چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لەبارزانی‌و حەلبوسی دەكەین بچنەسەر مێزی گفتوگۆو كار بۆ پێكهێنانی حكومەت بكەن، خواستی زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیە نوری مالیكی ببێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو". هاوكات ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە ئەگەر سەدر سوربێت لەسەر بڕیارەكەی، ئەوا دەبێت شوێنی پەرلەمانتارەكانیان پڕبكرێتەوەو دواتر لەگەڵ كوردو سوننەكان‌و پێكهاتەكان حكومەت پێكبهێنرێت. هەریەك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی  كە خاوەنی 31 كورسییە لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، نوێنەری زۆرینەی سونەكان كە خاوەنی 37 كورسییە، لەگەڵ موقتەدا سەدر كە خاوەنی 73 كورسی پەرلەمانی عێراق بوو هاوپەیمانی(رزگاری نیشتمان"یان پێكهێنا، بەڵام دوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی سەدر، هاوپەیمانییەكە هەڵوەشاوەتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە بە نزیك ئێران هەژمار دەكرێن، كشانەوەی سەدر وەك سەركەوتن لە پرۆسەی سیاسی تۆمار دەكەن كە بە نزیك لە ئەمریكاو وڵاتانی كەنداو توركیا تۆمەتباریان دەكرد.  

هاوڵاتی هەریەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم و بزوتنەوەی بابل لەسەر ئاستی لوتكە كۆبونەوە و رایانگەیاند:" پێویستە هەنگاوەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت خێراتر بكرێن". ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی و و بزوتنەوەی بابل بە سەرۆكایەتی ڕەیان كلدانی كۆبونەوەیەكی ئەنجامدا. بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە باسیان لە پێشهاتەكانی بارودۆخی سیاسی ئێستا و ڕێگاكانی پەلەكردن لە تەواوكردنی شایستە دەستورییەكان بە بەشداری هەمو هێزە نیشتمانییەكان كردووە. هاوكات، ئامادەبوان جەختیانكردەوە قۆناغی داهاتوو گرنگە و داوای پەلەكردنی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەكان دەكەن، بۆ تەواوكردنی رێكارە دەستورییەكان بۆ"هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوو كە لە توانایدا بێت داواكاریەكانی هاوڵاتیانی عێراق بەدیبهێنێت و ژیانێكی شایستەیان بۆ مسۆگەر بكات لەگەڵ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەمووان". چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییە كاراكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كردووە، بەشداری بكەن لەدیالۆگ و دانوستانەكان، ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە بۆ نزیكبونەوە لە لایەنەكان كە "حكومەتی داهاتو دەبێت حكومەتێكی بەهێز و بەتوانا بێت كە خزمەتگوزاری پێشكەش بكات".  

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی  لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی بابلیوون، هاوپەیمانی عەزم و بەشێك لە سەربەخۆكان لە نووسینگەی نووری مالیكی لە كۆبوونەوەدان بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق. نوری مالكی، سەرۆكی كوتلەی دەوڵەتی قانون سەرۆكایەتی كۆبونەوەكە دەكات و گفتوگۆ دەكەن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە پاش دەستلەكاركێشانەوەی 73 ئەندامەكەی كوتلەی موقتەدا سەدر. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە پێكهاتوون لە(نوری مالكی، هادی عامری، قەیز خەزعەلی، حەیدەر عەبادی، عەمار حەكیم) چەندین كەسایەتی دیكەی شیعەكان كە بە نزیك لە ئێران هەژمار دەكرێت.  

هاوڵاتی لە بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 123 دۆلاری تێپەراند و  بەراورد بە دوێنێ نرخەكەی نزیكەی دوو دۆلار بەرزبووەتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی حوزەیرانی 2022، یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازارەكاندا بە 123 دۆلارو 25 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت. هەروەها یەك بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریكا بە 121 دۆلارو 19 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت. لەماوەی رابردوودا نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە زیاتر لە 130 دۆلار و دواتر دابەزییەوە بەڵام جارێكی دیكە نرخی نەوتی خاو رووی لە بەزربونەوەیەو چاودێرانی بازاری نەوتی خاو ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە نرخی نەوتی خاو تا كۆتایی ئەمساڵ دەكاتە 135 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك ئەگەر شەڕی رووسیاو ئۆكرانیا بەردەوام بێت. خواست لەسەر نەوت زیادی كردووە بۆ 98 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا  ئەوەش رێكخراوی ئۆپێكی هاندا كە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخاتە بازارەكانەوە  

هاوڵاتی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی سەبارەت بە روداوەكەی ئەمڕۆی دادگا و هێرشكردنە سەر كەسوكاری تاریقی بەقاڵ رایگەیاند:" حاڵەتەكەی ئەمڕۆی ئەفسەرو پۆلیسەكان كاردانەوەی ئەو رەفتارانەی كەسوكاری تارقی بەقاڵ بووە". سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "جێگەی داخ و نیگەرانییە كە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو رویدا و گرتە ڤیدیۆیەكی كورت لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە كە چەندین تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاستی تێوەئاڵێنراوە، بۆیە بۆ هەمولایەكی روندەكەینەوە كە دۆسیەی كوشتنی تارقی بەقاڵ لە دادگا كۆتایی هاتوە و بكوژەكانی حوكمدراون بە لەسێدارەدان و سزاكەشیان لەلایەن دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان پەسەند كراوە". هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە"ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی دادگا پەیوەندی بە بكوژەكانەوە نەبوە، بەڵكو دادگایی كەسێك كراوە كە دوای دزینی ئۆتۆمبێلەكەی تاوانلێكراوی كڕیوەتەوە و بەتۆمەتی (حیازە اموال مسروقە) دادگایی دەكرێت و دادگاییش لەو دۆسیەیە بەردەوامە". ئەوەشیان دووپاتكردووەتەوە "كەسوكاری تاوانلێكراوی ناوبراو كە هەمیشە و لە هەمو دانیشتنێكی دادگادا پشێوییان ناوەتەوە و سوكایەتی و تەشهیر و بێڕێزی زۆریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و هەمولایەك كردووە بەو كەرەستانەش لەبەردەستیان بوە ئازاری پۆلیس و پاسەوان و تەنانەت پارێزەریشیان  داوەو حاڵەتەكەی ئەمڕۆ كاردانەوەی ئەو رووداوانەی پێشتر بووە". سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی باسی لەوەشكردوە، "سەبارەت بە دەستگیردنیان، لەسەر سكاڵای پۆلیسەكان و بەپێی مادەی (230)ی یاسای سزادان هەواڵەی دادگای لێكۆڵینەوە كراون و پاشان بە كەفالەت ئازاد كراون تا رۆژی دادگایی". سەبارەت بە لێدان لەكەسوكاری تاریقی بەقاڵ لەلایەن ژمارەیەك لە هێزە ئەمنیەكانەوە، سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ئاشكرایكردوە، "ئەو حاڵەتی لێدانە كە لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەركەوتوە رەفتارێكی كەسییە و ئەو كەسە خۆی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و سەرۆكایەتی دادگا پەسەندی ناكات بە نەخوازراوی دەزانێت و ئەو كەسەی ئازار دراوە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و دادگا ئیجرائاتی یاسایی پێویست دەگرێتەبەر".  

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە بە نزیك لە ئێران دادەنرێن دەڵێن:" رێز دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكانی سەدر لە پەرلەمان دەگرین و كاردەكەین بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی". دوای ئەوەی فراكسیۆنی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای رەوتی سەدر دەستیان لەكاركێشایەوە، ئێوارەی ئەمرۆ چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاند "رێز لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدر دەگرین، و كار دەكەن بۆ تەواوكردنی بنەما دەستوورییەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی نوێ". هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەی خستۆتەروو كە لەگەڵ هەموو لایەنەكان كار دەكەن بۆ بەشدارییەكی فراوان لەپێناو بەدیهێنانی هیواكانی گەلی عێراق بۆ ئاسایش و ئارامی. بریارە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆكانیان دەست پێبكەن و بریارە بەم زوانە هادی عامری، بە نوێنەرایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ پارتی و یەكێتی كۆبونەوە ئەنجام بدات. كشانەوەی سەدر لە پەرلەمانی كوردستان بە سەركەوتنی ئێران لە ناوەندە سیاسییی و میدیاییەكانی عێراق وەسف دەكرێت كە چوار چێوەی هەماهەنگی شیعەكان ئامادە نەبوون سەدر حكومەت پێكبهێنێت بەبێ لایەنەكانی نێو هەماهەنگی شیعەكان كە پێكهاتوون لە(مالكی، هادی عامری، خەزعەلی، عەبادی، عەمار حەكیم) چەندین كەسایەتی دیكەی شیعەكان.  

هاوڵاتی میدیای یەكێتی بڵاویكردەوە كە سەرپرشتیاری مەڵبەندی یەكێتی لەسلێمانی خانەوادەی تارقی بەقاڵ بەسەردەكاتەوەو ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە" لە دوای ئاگاداركردنەوەم و بینینی تۆماری ڤیدیۆیی رووداوەكە زۆر نیگەران بووم، ئەو جۆرە مامەڵەكردنە هەرگیز مایەی قبوڵ كردن نییە". ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی حوزەیرانی 2022، شاناز ئیبراهیم ئەحمەدن سەرپرشتیاری مەڵبەندی 1ی یەكێتی، لەشاری سلێمانی سەردانی دایك و خوشك و خانەوادەی تاریقی بەقاڵی كرد و نیگەرانی خۆی لە مامەڵەی نەشیاوی چەند كارمەندێكی ھێزەكانی پۆلیس بەرامبەر خانەوادەكەیان دەربڕی. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند:" لە دوای ئاگاداركردنەوەم و بینینی تۆماری ڤیدیۆیی رووداوەكە زۆر نیگەران بووم، زۆر بەداخەوەم، ئەو جۆرە مامەڵەكردنە هەرگیز مایەی قبوڵ كردن نییە". هەروەها دوای پرسینەوە لەشێوازی بەڕێوەچوونی رێكارە یاساییەكانی تایبەت بە كەیسی "تاریقی بەقاڵ" شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڕیاریدا كە پارێزەرێكیان بۆ دابین بكات و پێشی ڕاگەیاندن كە" پشتیوانتان دەبم و وەك یەكێتیش پارێزەری مافەكانتان دەبین و بۆ  كارئاسانی و باشتر راییكردنی كاروبار و مامەڵەیاساییەكانیش، پارێزەرێك بۆ كەیسەكە دابین دەكەم بۆ داكۆكیكردن لەمافەكانتا". نیوەرۆی ئەمڕۆ دوای دادگایكردنی تاوانبارێكی كەیسی كوشتنی (تارقی بەقاڵ) كەسوكاری تارقی بەقاڵ لەناو دادگای سلێمانی لە لایەن ئەفسەرو چەند پۆلیسێكەوە دراونەتە بەر شەق و تۆمارە ڤیدیۆییەكەش لەناو تۆری كۆمەڵایەتی بڵاوبووەیەوەو ئەوەش كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند:" كە ئەو ئەفسەرو پۆلیسانە دەستگیر كراون و بەتوندی سزا دەدرێن"، داواشی لە كەسوكاری تارقی بەقاڵ كرد خۆشیان سكاڵا لەسەر ئەو ئەفسەرو پۆلیسانە تۆمار بكەن.