ئەحمەد تورك، سیاسەتمەداری باكوری كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سەباح)ی توركی، كە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: نابێت پرۆسەی ئاشتی تەنها وەک رادەستبونی پەکەکە سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستە وەک پڕۆژەیەکی گەورە تەماشا بکرێت کە زەمینە بۆ دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش دەکات و برایەتی تورک-کورد تێدەپەڕێت. راشیدەگەیەنێت، تورکیایەک کە پرسی کورد چارەسەر بکات، بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە دامەزراندنی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە لەوێنە گەورەكەدا وا تەماشای پرۆسەی چارەسەری بكرێت، بۆچونەكانتان هەرچۆنێك بێت پێویستە بەشداری لە پرۆسەی چارەسەردا بكەن. ئاماژەی بەوەدا، توێژێکی نا سیاسیی لە تورکیادا هەن تا ئێستاش نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن، ئەوان تێناگەن چی روودەدات، پێویستە پرۆسەکە بۆ ئەم توێژە روونبکەینەوە، دەبێت باس لەوە بکرێت ئەم پرۆسەیە تەنها پەیوەندی بە کوردەوە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەحمەد تورک جەختیش دەكات، پرۆسەکە بەهۆی پاڵپشتیی سەرۆک کۆمارەوە بەرەوپێش دەچێت، حساباتەكانی بە وردی دەکات، تەنانەت رەخنەكانیش چاوەڕوانكراوەكانیش لەبەرچاو دەگرێت، لە سەرەتای پرۆسەکەدا بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم بابەتە لەگەڵ ڕای گشتی بەش نەكرد، بەڵام لەم دواییانەدا روونی کردەوە کە تا کۆتایی پشتگیریی دەکات. باس لەوەش دەكات، لەکاتێکدا پێشتر لەناو دەوڵەتدا گروپێک هەبوون کە تێڕوانینی زۆر جیاوازیان هەبووە، ئێستا مەیلێکی بەهێز لەناو دەوڵەتدا هەیە كە باوەڕی وایە چارەسەر پێویستە بە هۆی كارلێكە ناوخۆیی و دەرەکییەكان، کۆدەنگییەکی سیاسی بەهێز هەیەو بەڕێز ئەردۆغان وەک بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن رۆڵێکی گرنگی هەیە لەم ڕووەوە. ئەحمەد تورك لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێت: سەرۆک لەگەڵ شاندێکی (DEM) کۆبووەوە، دەمەوێت بە دیاریكراوی لەبارەی سوریا قسەی لەگەڵ بکەم، لە ناوچەکەدا پڕۆژەیەکی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەم پڕۆژەیەش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکات، لەبری ئەوەی وڵاتانی دیکە دەستوەردان بکەن، پێویستە تورک و کورد کۆببنەوە و بڕیاربدەن چی بکرێت، پێویستە تورکیا لەوێ لەگەڵ کوردەکان قسە بکات، با لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسە بکەین، بەڵام بە بۆچونی من، پێویستە لەگەڵ کوردەکانی ئەوێش قسە بکەین و گوێ لە بۆچونەکانیان بگرین. لەبارەی هەوڵەكانی پێشوی ئاشتیش لە توركیا دەڵێت: بزوتنەوەی گولەن رۆڵی هەبووە لە شکستی پڕۆسەی ئاشتی پێشودا، بزوتنەوەی گولەن لەو کاتەدا دزەی کردبووە ناو زۆرێک لە ئاستەکانی حکومەتەوە، ئەمەش بە ڕوونی لە دادگاییکردنی (کەجەکە)دا دەرکەوت. ئاشکرا بوو کە زۆربەی ئەو دادوەر و داواکاری گشتیانەی کە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا دەکرد، پەیوەندییان بە بزوتنەوەی گولەنەوە هەیە، هەروەها حکومەت لەو کاتەدا ئامادە نەبوو، ئێستا پرۆسەکە جیاوازە.
بەپێى ئامارێکى ڕێکخراوى هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لانی کەم ۸۰ حاڵەت واتا ۴۹.۵٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۱۶۱ بەندکراو جێبەجێ کرابوو. ئەو ئامارە زیاترین ئاماری لەسێدارەدان لە ماوەی یەک مانگ، لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران بووە. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۲۳۵ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ۶ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت. لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم ۸ بەندکراوی سیاسی بریتی لە ۶ بەندکراوی سیاسیی عەرەب بەناوەکانی عەلی موجەدەم، محەممەدڕەزا موقەدەم، موعین خەنفەری، حەبیب دەریس، عەدنان غەبیشاوی، سالم مووسەوی، سامان محەممەدی خیارە و جەواد نەعیمی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ۷ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۸ ژن لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان (۲ حاڵەت)، زەنجان، قوم، نەهاوەند، شیراز، مەشهەد و ڕەشت جێبەجێ کراوە. زەینەب خودابەندە خەڵکی ئیسفەهان، ناهید هێممەتی خەڵکی نەهاوەند و مەحبووبە جەلالی خەڵکی ڕوودسەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون. هەروەها پێنج بەندکراو بەناوەکانی رۆیا عەباسزادە خەڵکی زەنجان، کافیە قوبادزادە خەڵکی ئیسفەھان، سەعیدە خودادادی خەڵکی ئیسفەھان، نەرگس ئەحمەدی خەڵکی قوم و کەتایوون شەمسی خەڵکی مەشهەد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون. شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۲۴۱ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەر لەسێدارە دراون، تەنیا ۱۰ حاڵەت واتا ۴٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۱۳ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند، ژمارەیەک چەکدار بە چەکی ئاڕ پی جی هێرشێکی تیرۆریستی و ترسنۆکانەیان کردووەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانیان لە شارۆچکەی ئەبو حەمام لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، بەڵام شەڕڤانەکانی قەسەدە، هێرشەکانیان تێکشکاندووە. هەسەدە جەختی کردەوە کە چەکدارەکان بە ئاڕ پی جی هێرشیان کردووە بەڵام شەڕڤانەکانیان دەستبەجێ وەڵامی چەتەکانیان دایەوە و هێرشەکەیان تێکشکاند، هیچ شەڕڤانێکیان بریندار نەبووە. دەڵێت: "لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی بەهێزی شەڕڤانەکانمان، چەکدارەکان هەڵهاتوون، هێزەکانمان شوێنیان کەوتن و هەرێمەکەیان پاککردەوە، ئاسایش و ئارامییان بۆ هەرێمەکە گەڕاندەوە. هێزەکانمان دووپاتی دەکەنەوە، بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی هاووڵاتیان، بێ دوودڵی وەڵامی بەهێزیان دەبێت. بڵاوبوونەوە و ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانمان لە هەرێمەکە بەردەوام دەبێت، ئەمە ئەرکی ئێمەیە بۆ پاراستنی خەڵکی هەرێمەکە و ئەم جۆرە هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانە کاریگەرییان لەسەر هەوڵەکانمان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی ناوخۆیی و بەرەوپێشبردنی ئاسایشی هەرێمەکە نابێت".
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هۆشداری دەداتە حەماس و دەڵێت؛ ئەگەر ڕەفتارتان باش نەکەن لەناوتان دەبەم. لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس" پەخشکرا، ترەمپ هۆشداریی دایە حەماس و گوتی: "ئەگەر حەماس ڕەفتاری باش نەکات دەتوانێت دەستبەجێ بیسڕێتەوە، ئەوانیش ئەمە دەزانن." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت زۆر بەخێرایی چەک بە حەماس داماڵێت." ترەمپ ستایشی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد و بە "پیاوێکی زۆر بەتوانا" ناوی برد، هاوکات بەڵێنی دا یارمەتی بدات بۆ دەربازبوون لە کێشە یاساییەکانی. سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "پێشتر کەس پشتگیریی نەکردووە، بەڵام من پشتگیریم لێکردووە." لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوونیکردەوە "هەندێک لە کردەوەکانی ناتانیاهۆم بەدڵ نەبووە" و ئاماژەی بە سەپاندنی ئاگربەستەکەی غەززە کرد. مانگی ڕابردوو، ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی بۆ چارەسەری کێشەی فەڵەستین خستەڕوو، چەکداماڵینی غەززە، گواستنەوەی ئیدارەی غەززە بۆ لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کاتی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا، ئاوەدانکردنەوە و کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئیسرائیلی لەخۆگرتبوو. ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە لە 10ـی تشرینی یەکەمەوە کاری پێدەکرێت، مەرجی ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوەکانی لەخۆگرتبوو، هەنگاوی یەکەمی جێبەجێ کراوە. تا ئێستا حەماس تەرمی 20 بارمتەی گەڕاندووەتەوە. هەروەها بڕیارە سوپای ئیسرائیل ناسنامەی ئەو سێ تەرمە ئاشکرا بکات کە ئێوارەی یەکشەممە ڕادەست کرانەوە، لە کاتێکدا هێشتا چارەنووسی هەشت بارمتەی دیکە نادیارە. سەرۆکی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە، ڕووفاتی عومەر نیوترا، هاووڵاتیی ئەمەریکی-ئیسرائیلی کە وەک فەرماندەی کەتیبەیەکی تانک لە سوپای ئیسرائیلدا خزمەتی کردووە، لەنێو گەڕێنراوەکاندایە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلیدا، ئیسرائیل ڕووفاتی 10 فەڵەستینی ڕادەست دەکاتەوە.
مەسرور بارزانی لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی لە شەقڵاوە گوتی: مێژووی پارتی دیارە، شاخی سەفین شاهێدی داستانەکانی پارتییە، کوردستانمان لە پشت بێت هەمیشە بەردەوام دەبین لە داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەمێنێت، ئەم شارە شاری پێکەوەژیانە، بیروباوەڕی ئایینی جیاوازی تێدایە، شانازی دەکەین کوردستان وڵاتی پێکەوەژیانە، ڕێزگرتن لە هەموو ئایین و نەتەوەکان جێی شانازییە، هەقە ئێوەش شانازی بەو ڕەوشتەی خۆتان بکەن. باسیشی لەوە کرد، زۆر گرنگە بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکەین، پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ ڕکابەرێکی نەماوە دەبێت ئەم جارە بچینە بەغدا ڕکابەری بکەین، لایەنە ناحەزەکان هەمیشە هەوڵی وەستاندنی پارتیان داوە، هەوڵی ئەوەیان داوە پارتی سەرکەوتوو نەبێت و بە ئامانجەکانی نەگات، لێرە هەرچی پێیان کرا کردیان، بەڵام نەیانتوانی بمانوەستێنن، ئینجا پەنایان بردە بەر بەغدا، پەنایان بردە بەر دروستکردنی هاوپەیمانێتی، کە بتوانن ئەو لایەنانەی کە بیرۆکەی شۆڤێنیەتیان لەسەردا ماوە، بۆ ئەوەی پارتی بشکێنن ئامادەبوون کوردستان بشکێنن، ئەمجارەش دەبێت ئێمە بچین ڕێگرییان لێ بکەین و نەهێڵین هیچ هێزێک لە هیچ شوێنێکی ئەم وڵاتە بببێتە بەربەست و ڕێگر لە سەرکەوتنی پارتی. جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئاستی ناوخۆ زۆر لایەن ئیرەییان بە پارتی بردووە، زۆر هەوڵیان داوە چاو لە پارتی بکەن، بەڵام پێیان نەکراوە، ویستیان پارتی بشکێنن چونکە پێیان وا بووە سەرکەوتنی پارتی نەمانی ئەوانی تێدایە، پارتی قەت بۆ خۆی کاری نەکردووە ،پارتی ئامانج نەبووە، بەڵکوو ئامانج خەڵکی کوردستان و خاکی کوردستانە، پارتی هەمیشە ئامادە بووە خۆی لەپێناو سەرخستنی کوردستان بەخت بکات. هەروەها گوتیشی: پارتی بە کردەوە پیشانی خەڵکی کوردستانی داوە کە دەتوانێت چی بکات، بەڵام لایەنەکانی دیکە جگە لە قسە هیچ دەستکەوتێکیان بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە، ئەگەر جارێک شانازی بە دەستکەوتێک بکەن لە ژێر سێبەری ئاڵای پارتی بەشدار بوونە لەم دەستکەوتە. مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ناچارم هەندێک ڕوونکردنەوە بدەم، زۆر دژی ئێمە قسە دەکرێت و بوختانمان پێ دەکرێت، گوایە پارتی جیاوازی دەکات لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵام پارتی خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت بست بە بستی خاکی کوردستان خاکی پارتی، بۆیە پارتی خۆی بە بێگانە نازانێت، بۆیە با هیچ کەسێک وا بیر نەکاتەوە خاوەنی بەشێکی کوردستانە و پارتی بێگانەیە بەڵکوو پارتی خاوەنی هەموو کوردستانە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند، حکوومەت بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانیی پێشخستنی پیشەسازیی ئەتۆمی دەکات. یەکشەممە، 02 تشرینی دووەم، 2025، سەرۆک کۆماری ئێران، سەردانی پیشانگەی داهێنانەکانی زانایانی ئەتۆمیی لە ڕێکخراوی ئەتۆمیی ئێرانی کرد و جەختی لەوە کردەوە "ئێران ئەمڕۆ لە بواری پیشەسازیی ئەتۆمی، بە تایبەتی دەرمانسازیی ئەتۆمیی، پێگەیەکی جیهانیی پێشکەوتووی هەیە." پزیشکیان، گوتی: زلهێزانی دنیا هەوڵ دەدەن ڕێگە بە وڵاتانی سەربەخۆی وەکوو ئێران، نەدەن دەستیان بە پیشەسازیی دەرمانیی ئەتۆمی بگات، بۆ ئەوەی خۆیان ئەو بەرهەمانە بە نرخی گران بە نەتەوە ژێردەستە و هەژارەکان بفرۆشن. سەرۆک کۆماری ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: زۆر پێویستە ئێران پەرە بەم پیشەسازییە مۆدێرن و گرنگە بدات، بەڵام دەبێت بە کوالیتی و جۆرێکی باش و گونجاو دروست بکرێت. ئێستا زانایانی ئێمە لە پێناو خزمەتکردنی خەڵک و پێشخستنی باری گوزەرانیاندا، دەستکەوتی گەورە و گرنگیان بەدەست هێناوە. پزیشکیان، جەختی لەوە کردەوە "هەوڵەکانی ئێمە بۆ پێشخستنی پیشەسازیی ئەتۆمی تەنیا لە بواری دەرمانسازیی و ژینگە و کارەبا و خزمەتگوزارییە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکاندایە. هەمیشەش گوتوومانە ئێمە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادەین؛ بەڵام دوژمنان بە بانگەشەی ناڕاست دەیانەوێت ڕێگە لە پێشکەوتنی زانستیی ئێران بگرن." سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: حکوومەت بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانیی لە پێشخستن و گەشەپێدانی پیشەسازیی ئەتۆمیی دەکات. بە هەوڵ و تێکۆشانی زانایان و دارشتنی بەرنامەی ورد، دەتوانین ببینە هاوبەشێکی دیاری ئەم بازاڕە جیهانییە. چونکە داهاتووی وڵاتەکەمان پابەندی پێشکەوتنی زانستیی سەردەمە.
ئەردۆغان، دیدارەکەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی بە بەرهەمدار، بونیاتنەر و پڕ هیوا ناوبرد و رایگەیاند، لەم چەند رۆژەدا بەرهەمەکەی دەبینن. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ شەممە 1-11-2025 لە کاتی کردنەوەی باخچەی گەل لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ، گوتارێکی پێشکێشکرد و پێداگریی نیشاندا لەوەی لە هەوڵی دروستکردنی زەمینەیەکی ئارامن لە وڵاتەکە و دەوروبەریشدا. لە گوتارێکیدا ئەردۆغان باسی لە گرنگیی باش بەرێوەبردنی پرۆسەی چارەسەری کرد و بەبیریهێنایەوە کە رۆژی پێنجشەممە 30-10-2025 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا زانیارییان پێشکێشی ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە کردووە. ئەردۆغان هەروەها لەبارەی کۆبوونەوەی خۆی و شاندی دەم پارتی گوتی: "لە کۆشک پێشوازیمان لە شاندی دەم پارتی کرد. دیدارێکی زۆر بونیاتنەر، بەرهەمدار و پڕ هیوا بۆ داهاتوومان لەگەڵدا سازکردن. پەنا بەخوا لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمی ئەو دیدارە دەبینین. ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور پێمانوایە لەو کارانەی خێریان بۆ وڵات و خەڵک تێدایە، دەبێت بە خێرایی هەنگاو بنرێت" رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار پێشوازی لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها کرد. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگییان هەبووە بۆ هاویشتنی ئەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی خێراتر و دروستتر بەڕێوەبچێت. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، "شاندەکەمان لە کۆبوونەوەکەدا، کە نزیکەی یەک کاژێری خایاند، بۆچوون و پێشنیازی خۆیانیان سەبارەت بە قۆناخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئەو هەنگاوانەی لەمەودوا دەبێت بنرێن، پێشکێشکرد." شاندەکەی دەم پارتی پێشتریش لە رۆژانی 10 ـی نیسان و 7 ـی تەممووزی ئەم ساڵ لەگەڵ ئەردۆغان کۆببوونەوە.
مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، لە تازەترین پۆستیدا لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: لە سایەی سەرکردایەتی ژیرانەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، عێراق ئێستا گەڕاوەتەوە، من لەسەر كارەكەم... با جارێکی تر عێراق مەزن بکەینەوە!. ساڤایا پێشتر لە یەكەم بەیاننامەی فەرمیدا رایگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە روونی رایگەیاندووە، هیچ شوێنێک بۆ ئەو گروپە چەکدارانە نییە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کار دەکەن، بەرژەوەندییەكانی عێراق و ناوچەکه به گشتی بە نده بەوەی عێراق خاوەن سەروەری تەواوی خۆی بێت، دوور لە دەستوەردانی دەرەكی خراپ، له نێویاندا، ئێران و بریکاره کانی. یەکشەممەى ڕابردوتر، ٢٠ى ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 'مارک ساڤایا'ـی وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دەستنیشانکرد، کە بازرگانێکی ویلایەتی میشیگنە و لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا سەرپەرشتیی تیمی بانگەشەی ترەمپی لەو ویلایەتە دەکرد. مارک ساڤایا، بازرگانێکی خەڵکی ویلایەتی میشیگنە و بە کارەکانی لە پیشەسازیی "کێنەبس"دا بەناوبانگە، کە جۆرە گیایەکە لە بواری پیشەسازیی دەرمانیشدا سوودی لێ دەبینرێت. مارک ساڤایا یەکێکە لەو کەسانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤدا هەبووە. ئەو بارمتەیەکی ئیسرائیلی بوو کە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک لە بارمتەبوونی لەلای گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئازاد کرا. دانانی مارک وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق، لە بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکادا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، ئەوەش بەهۆی ڕابردووی بازرگانیی پێشووی و نەبوونی ئەزموونی پێشووتری لە بواری دیپلۆماسیدا.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێت، سێی ئەم مانگە یەکەم گەشتی ئاسمانیی هێڵی تورکش ئێرلاین دەگاتە پارێزگای سلێمانی و هەفتانە چوار رۆژ گەشتیان دەبێت. دوای نزیکەی دوو ساڵ، رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2025 و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە رەزامەندی و راسپاردەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا. دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەمڕؤ یەکشەممە یەکەم گەشتی ئاسمانی لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا دەستپێدەکاتەوە، دوای هەڵگرتنی قەدەخەکە، بڕیارە کاژێر 01:10ی بەرەبەیانی 3ی مانگ یەکەم گەشتی فڕۆکەی تورکیش ئێرلاین بگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی." بە گوتەی دانا محەممەد، هەفتانە چوار رۆژ گەشتەکان لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا بەپێی پلانی کۆمپانیای تورکش ئێرلاین بەڕێوەدەچن. پێشنیاز کرا بوو ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بگۆڕدرێت بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی"، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رەزامەندی داوە. لەبارەی رێکارەکانی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی، دانا محەممەد گوتی: "هەموو رێکارەکان لە عێراق تەواو بوون، بەڵام هەندێک رێکاری نێودەوڵەتی ماوە؛ دوای تەواوبوونی رێکارە نێودەوڵەتییەکان، لە رێوڕەسمێکدا ناوەکەی دەگۆڕدرێت." یەکەمجار تورکیا لە 3ی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، وەکو تورکیا ئاماژەی پێدەکرد. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی هەسەدە و دیمەشق بە باشی بەڕێوە دەچن؛ هاوکات جەختیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا ڕوو نادات، دەشڵێت: لوبنان دەوڵەتێکی شکستخواردووە شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا لە کۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە ڕایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا ڕێککەوتنی 10ـی ئاداریان لەنێواندا هەیە، گفتوگۆکانی نێوانیان بە باشی بەڕێوە دەچن و ئامانجیان ڕێککەوتنە. تۆم باراک، ئاماژەشی دا، لە 10 مانگی ڕابردوو سەرەڕای ئاڵنگارییەکان ئەحمەد شەرع،سەرۆکی سووریا کاری باشی کردووە، ئامانجی ئەمەریکاش ئەوەیە گەلی سووریا بە خۆشگوزەرانی لە وڵاتەکەیان بژین. تۆم باراک، کە باڵیۆزی ئەمەریکایە لە تورکیا لە کۆڕبەندەکەدا گوتی: ئاگربەستی غەززە بەبێ تورکیا ڕووی نەدەدا، چونکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حەماس یارمەتیدەر بوو بۆ فشارخستنە سەر ئەو بزووتنەوەیە بۆ ڕازیبوون، بە ئاگربەستەکە. دەشڵێت: ئیسرائیل لە ڕۆڵی تورکیا لە بەشداریکردن لە هێزی ئاشتیپارێز لە غەززە نیگەرانە، بەهۆی ئەو لێدوانە توندانەی لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا هەن. ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئەم لێکتێگەیشتنە بەردەوام بێت و تیمەکان لە غەززە پێشکەوتن بەدەستبهێنن، بەم زووانە ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەنێوان تورکیا و ئیسرائیلدا دەبێت، جەختیشی کردەوە، ئەو دوو وڵاتە بە هیچ شێوەیەک شەڕ لەگەڵ یەکتر ناکەن. هەروەها تۆم باراک لە پاڵ ئەرکەکانی دیکەی، وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ لوبنان کار دەکات و باسی لەوە کرد، لوبنان دەوڵەتێکی شکستخواردووە، بانکی ناوەندی نییە سیستەمی بانکی داڕماوە، کارەبا نییە، خەڵک پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان دەبەستن، خزمەتگوزاری ئاو و بواری پەروەردە بۆ باشترکردنی پێویستی بە کەرتی تایبەت هەیە. گوتیشی: دەوڵەت لە دەستی حزبوڵڵا دایە، بە شێوەیەک لە باشووری وڵات، ئاو و پەروەردە دابین دەکات؛ هاوکات حزبوڵڵا 40،000 سەربازییان هەیە، بەڵام سوپای لوبنان 60،000ـی هەیە، سەربازانی حزبوڵڵا مانگانە 2،200 دۆلار وەردەگرن، لە هەمانکاتدا سەربازانی سوپای لوبنان 275 دۆلار وەردەگرن. ئاماژەشی دا، حزبوڵڵا 15 بۆ 20 هەزار مووشەک و ڕۆکێتی هەیە؛ سەربازانی سوپای لوبنان و کڵاشینکۆفی (AK-47s) هەیە. تۆم باراک لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بڕیارە ئەحمەد شەرع، لەم مانگە بە مەبەستی بەشداریکردنی سووریا لە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش سەردانی واشنتن بکات.
وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشداریی تووند لەبارەی "دەستدرێژی" بۆ سەر هێزەکانیان بە عێراق دەدات و بە هاوتا عێراقییەکەی ڕاگەیاندووە کە "ئەمە دوا ئاگادارکردنەوەیە لەم بارەیەوە." سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، وردەکاریی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان خۆی و وەزیری جەنگی ئەمریکا، پێت هێگسسی ئاشکرا کرد، کە تێیدا هێگسس بە ڕوونی هۆشداریی داوەتە عێراق سەبارەت بە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای عێراق. وەزیری بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، وەزیری جەنگی ئەمریکا پێی ووتوە "ئەمە دوا ئاگادارکردنەوەیە لەم بارەیەوە." چونکە هێزەکانی ئەمریکا بە ئازادی لە ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە و ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک "دەستدرێژی یان هێرش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە قبووڵ ناکات". عەباسی ئاماژەی بەوەکرد، "ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بە توندوتیژی و یەکلاییکەرەوە لە بڕیارەکانیدا ناسراوە". وەزیری بەرگریی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم "هۆشدارییە بە جددی وەربگیرێت".
لەیادی ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی كۆبانێدا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، جەخت لەوە دەکاتەوە کە قوربانیدانی شەڕڤانان و پشتیوانیی جیهانییان لەبیرناچێت کە بووە هۆی تێکشکاندنی داعش و بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر. فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ پەیامێکی لەگەڵ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. مەزلوم عەبدی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، گەل و شەڕڤانان بەرخۆدانێکی باوەڕپێنەکراویان بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ نیشان دان "لەم ڕۆژەدا ئەو هەوڵ و قوربانییانەی کە خەڵک و شەڕڤانان بۆ کۆبانێ و هەموو مرۆڤایەتی لە دژی چەتەکانی د.lعشیان داوە لە بیر دەکەینەوە" هاوکات پشتیوانی و پاڵپشتی جیهانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان لەبیرە. مەزلوم عەبدی: ١ی تشرینی دووەم هێمای یەکڕیزی مرۆڤایەتی بوو لە بەرامبەر تاریکیدا مەزلوم عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕۆژە ڕەمزی یەکڕیزی مرۆڤایەتییە لە بەرامبەر تاریکی و توندڕەوی. پشتیوانی جیهانی ڕێگەی بە گەل و هێزەکانمان دا کە ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە کە هەڕەشە بوو بۆ سەر هەموو جیهان، لە کۆبانێ تێکشکێنین. عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هاوپشتییە وایکرد بتوانن داعش لە کۆبانێ تێکبشکێنن و هەنگاو بنێن بەرەو کۆتاییهێنان بە "خەلافەتەکەیان". وتیشی، ئەم سەرکەوتنە ڕێگەی خۆشکرد بۆ "بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان."
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق "وەزیری دەرەوەی تورکیا سبەی یەکشەممە 2025-11-2، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغداد و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەدەچێت." ئەو سەردانەی فیدان لە کاتێکدایە، ڕۆژی 26-10-2025، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی دەستەی حەشدی شەعبی، لەمیانی دیدارەکەدا گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەسەر دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش کرایەوە. چاوەڕوان دەکرێت هەردوولا تاوتوێی گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانە بکەن کە لە ماوەی ڕابردوودا بەدیهاتوون لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا و ناوچەکە. پێش سەردانەکەی فەیاز بۆ ئەنقەرە، ڕۆژی 2025-10-10، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا. تێیدا پرسی ئاو و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولا تاوتوێ کرا.
دوای ئەوەی شەوی رابردوو خاچی سوری نێودەوڵەتی روفاتی سێ تەرمی لە حەماسەوە وەرگرت و ڕادەستی ئیسرائیلی کرد، پەیمانگای پزیشکی دادیی ئیسرائیل رایگەیاند کە پاش پشکنین دەرکەوتووە ئەو روفاتانە هی هیچ کام لە بارمتە کوژراوەکان نین. شەوی هەینی، خاچی سووری نێودەوڵەتی لەسەر داوا و بە رەزامەندیی هەردوو لایەن، روفاتی سێ تەرمی گواستەوە بۆ لای دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل. پاش گەیشتنیان، روفاتەکان بۆ پشکنین رەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادیی ئیسرائیل کران تا ناسنامەیان دیاری بکرێت. بەڵام، ئەنجامی پشکنینەکان دەریخست کە ئەو روفاتانە هی هیچ کام لەو 11 بارمتە کوژراوەی کە لە کەرتی غەززە دەستبەسەرن، نین. لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئیسرائیل رایانگەیاندووە کە پرۆسەی دیاریکردنی ناسنامەی تەرمەکان لەژێر بەرپرسیارێتی ئەواندایە و بەردەوام دەبن لە کارەکانیان. دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەکەی ئەم مانگە، گرووپەکە هەر 20 بارمتە زیندووەکەی ئازاد کرد و دەستی بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی 28 بارمتە کوژراوەکان کرد. ئیسرائیل حەماس بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکات، بەوەی بە خێرایی پێویست تەرمەکان ناگەڕێنێتەوە، بەڵام حەماس دەڵێت، پێویستیان بە کاتە بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکان لەژێر داروپەردووی غەززەدا. پێشتر کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس رایانگەیاند، نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە دوو تەرم دەگەڕێننەوە. بە هەژمارکردنی ئەم دوو تەرمە نوێیە، چەکدارەکان تاوەکو ئێستا پاشماوەی 17 لەو 28 بارمتە کوژراوەیان رادەستکردووەتەوە، کە حەماس بەپێی رێککەوتنە نێوەندگیرییەکەی ئەمریکا رازی ببوو بیانگەڕێنێتەوە.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە نەفەسێکی نەتەوەیی و تائیفی زبر قسە دەکات و دەڵێت: " تەنیا عەرەبی سوننە بڕیار دەدەن کام پۆست هەڵدەبژێرن، سەرۆک کۆمار یان سەرۆکی پەرلەمان ". حەلبووسی لە بەردەم کۆبوونەوە جەماوەرییەکەیدا ڕایگەیاند: عەرەبی سوننە دوای ئەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران دەدەنە عەرەبی شیعە مەزهەب، پۆستی سەرۆککۆمار یان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان یەکلادەکەنەوە، ئەمەش دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی کۆمەڵگەی سوننە نەک تەنیا لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسی سوننە. بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 11-11-2025 بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو هەلبژاردنەش 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە حەوت هەزار کاندیدیش کێبڕکێ لەسەر 329 کورسییەکەی پەرلەمان دەکەن. حەلبووسی ئاماژەی بەوەدا، خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار یان سەرۆکی پەرلەمان پێشکەش دەکات و دەبێتە سەرۆکی داهاتووی یەکێک لەم دوو پۆستە، هاوکات پەیامێکی ئاڕاستەی نەیارەکانی خۆی لە عەرەبی سوننە کرد و وتی: " ئەوان لە ڕیزی دواوەی ئەو شوێنە دەبن کە من سەرۆکایەتیی دەکەم، دەنگیان کەم دەبێتەوە و بەپێی قەبارەی خۆشیان ڕێگەیان پێدەدەم قسە بکەن.
