لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە و لە 51 ئەندام پێکدێت، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) زۆرترین ئەندامی هەیە.    رۆژی هەینی، 25ـی تەممووز، ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بڵاوکرایەوە و بەمشێوازە دابەشبوون:    - ئاکپارتی: 21 ئەندام  - جەهەپە : 10 ئەندام - دەم پارتی:4 ئەندام - مەهەپە:  4 ئەندام - ئیی پارتی: 3 ئەندام - یەنی یۆڵ: سێ ئەندام - 6 ئەندامی دیکە لە دەرەوەی پەرلەمان دەبن هاوکات، ئیی پارتی و DP بە فەرمی رایانگەیاندووە نابنە بەشێک لە کۆمیسیۆنەکە.   نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، نامەیەکى ئاراستەی گروپ و حزبە سیاسییەکان کردووە. داوایکردوە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ٣١ی تەمموز ناوى ئەندامانى خۆیان بۆ کۆمسیۆنەکە پێشکەش بکەن. بەپێى میدیاکانى تورکیا، تا جەهەپە بەشدارى کۆمسیۆنەکەدەکات یان نا، ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە مەرج و بێ مەرج ئەندامان نانێرن. وتیشی: لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو ئەمانە دەبینین. "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستۆتە ڕوو، و گوێبیستی ئەوە دەبین کە سەرۆک دوای کارەکەی چی ئەنجام دەدات، دواتر بڕیاری خۆمان دەدەین". دوابەدوای ئەو هەنگاوە پێشبینیکراوەی سەرۆکی پەرلەمان، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کام لایەن ناوی خۆیان پێشکەش دەکەن. بڕیارە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا لیژنەکە دامەزرێت و بە درێژایی مانگ کاربکات. دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە مەرجی سەرەكی (دەم پارتی)یە وەكو نوێنەری كورد لە توركیا؛ تایبەت بە چارەسەری دۆزی كوردو لابردنی بەربەستە یاساییەكان.  لەگەڵ دەركەوتنی سەرەتاكانی پێكهێنانی كۆمسیۆنەكە، ئەمڕۆ بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، وەفدی (دەم پارتی) بەرەو دورگەی ئیمرالی بەرێكەوت.

بڕیارە بەمزوانە لە پاریس؛ گەڕی گفتوگۆ لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)و حكومەتی سوریا دەستپێدەكات بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتی رێككەوتنی 10ی ئازار (رێككەوتنی مەزڵەم عەبدی و ئەحمەد شەرع) وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، میوانداریی هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان.   وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەشڵێت، ئەمریکا، فەرەنسا و سووریا رێککەوتن لە زووترین کاتدا گەڕێکی دانوستاندن لە پاریس لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە بکرێت.   وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵی جیددی بدرێت بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی قۆناخی راگوزەری سووریا و پاراستنی یەکڕیزی، سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا. وەزارەتی دەرەوەی سوریاش لەبەیاننامەیەکیدا جەخت دەکاتەوە کە ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی خولێکی ڕاوێژ لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پاریس بە زووترین کات. لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دا، کۆبوونەوەکە بە "زۆر راشکاو و بەرهەمدار" وەسفکراوە و لە کاتێکی "هەستیار"دا بۆ سوریا ئەنجامدراوە.   لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەژێر رۆشنایی "گفتوگۆ و کەمکردنەوەی گرژییەکان"، فەرەنسا، ئەمریکا و سوریا لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی چەند خاڵێکی گرنگ رێککەوتوون، کە بریتین لە:     دەستپێکردنی هەوڵی خێرا و جددی بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و پاراستنی یەکێتی، سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا. بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش لە دژی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە و پتەوکردنی تواناکانی حکومەتی سوریا بۆ روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە رێگەی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە. پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بۆ گواستنەوەی سیاسی و گەیشتن بە ئاشتەوایی نیشتمانی، بەتایبەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و سوەیدا. میوانداریکردنی گەڕی داهاتووی راوێژکاری لە پاریس لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە نزیکترین کاتدا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنی 10ی ئازار. پشتگیریکردن لە هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان و پێشوازیکردن لە ئەنجامی راپۆرتە شەفافەکان، لەنێویاندا راپۆرتی ئەم دواییەی لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ناوچە کەنارییەکان. دڵنیابوونەوە لەوەی کە وڵاتانی دراوسێی سوریا هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ئەو وڵاتە دروست نەکەن و لە بەرامبەردا، دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی سوریا بەوەی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، لەپێناو سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە.

  وەزارەتی نەوتى حکومەتى عێراق، ئەمڕۆ هەینی، ئاماری کۆتایی هەناردەکردنی نەوت و داهاتی بەدەست هاتووى بۆ مانگی حوزەیرانی ڕابردوو ڕاگەیاند کە بڕەکەى زیاتر لە  زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە. وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کۆی گشتی هەناردەکردنی نەوت و داهاتی دەستکەوت بۆ مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، بەپێی ئاماری کۆتایی کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) دەرچووە بەمجۆرەیە. نەوتی خاو بڕی (98) ملیۆن و (882) هەزار و (613) بەرمیل بووە، لەگەڵ داهاتی زیاتر لە (6) ملیار و (698) ملیۆن و". (21) هەزار دۆلار. بەگوێرەی بەیاننامەکەى وەزارەتى نەوت، ئامارەکە ئەوەدەردەخات کە کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی حوزەیران لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی (97) ملیۆن و (718) هەزار و (994) بەرمیل بووە. هاوکات هەناردەکردنی کێڵگەی قەیارە (946) هەزار و (741) بەرمیل بووە، لەکاتێکدا بڕی هەناردەکراو بۆ ئوردن گەیشتووەتە (216) بەرمیل. هەزار و (878) بەرمیل.

دوابەدوای ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە بەرزاییەکانی چیای ئاویەر لە شاری سنە، کەسێک گیانى لەدەستداو لانیکەم شەش چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی سووتان و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە. هەروەها ژمارەیەک خۆبەخشی دیکەش بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵەوە برینداربوون و چارەسەر کران. بەپێى زانیاریەکانى رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ، ڕایدەگەیەنێت ئێوارەى ڕابردوو ئاگرێکی بەرفراوان لە کێوی ئاویەری شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە و بووە هۆی برینداربوونی شەش ژینگەدۆستی ئاگرکوژێنەوە. بەوتەى ئەو رێکخراوە بەهۆى سەختى برینى بریندارەکانەوە یەکێکیان بەناوى حەمید مورادی گیانی لەدەستدا و دۆخی تەندروستیی دوو برینداری دیکەش بە ناجێگیرى ماوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کاتی هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری ئەبیدەر، ٦ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی بە ناوەکانی موحسین حوسێنیپەناهی، حەمید مورادی، خەبات ئەمینی، چیاکۆ یوسفین نەژاد، ئاریاس سەلیمی، و سەید مستەفا هۆجباری، تووشی سوتان بوون. ڕەوشی جەستەیی دوو کەسیان بە ناوەکانی چیاکۆ یوسفین نەژاد و حەمید مورادی باس لەوە دەکرێت کە گوازراونەتەوە بۆ بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی کووسەر. ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە دەوروبەری کاتژمێر ١:٣٠ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٠٢٥، لە ناوچەکانی پشت پارکی منداڵانەوە دەستی پێکردووە و بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی زاگرۆس و حەسەن ئاباد بڵاوبووەتەوە. سەرەڕای بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگرەکە، ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنی بە تەواوی لەلایەن هێزە گشتییەکان و چالاکانی ژینگەپارێزییەوە ئەنجامدرا.

فۆتۆگرافەرێک لە غەززە چیرۆکی چۆنیەتی گرتنی زنجیرەیەک وێنەی دڵتەزێنی گرتووە، کە منداڵێکی لاوازی نیشان دەدات بەخێرایی لەناو ڕاگەیاندنەکان بڵاوبویەوە. ئەحمەد عەرینی فۆتۆگرافەر، لەبارەى ئەو وێنەیەوە دەڵێت: دەیەوێت "برسێتییەکی تەواو بە سەرانسەرى جیهان نیشان بدات" کە کۆرپە و منداڵان لە کەرتی غەززە تووشی دەبن. ئەو دەڵێت کاتێک وێنەى ئەو مناڵەم گرتوە کەناوى( محمد زاکیرە) لەگەڵ دایکیدا بوو ئەوان ئاوارە بوون لە ماڵەکەیان لە باکووری غەززە، لەگەڵ دایکیدا لە چادرێکدان کە بەتەواوی ڕەوشیان خراپە، بەڕاستی و ئەم وێنەیەم گرتووە لەبەر ئەوەیە کە ویستم برسێتییەکی زۆر پیشانی باقی جیهان بدەم کە کۆرپە و منداڵان بەدەستیەوە دەناڵێنن لە کەرتی غەززەدا. ئەحمەد عەرینی فۆتۆگرافەر ئەوەش باسدەکات ئەبێت جیهان بارودۆخى برسێتی کۆرپە و منداڵان گەرە بزانن چۆنە، ئەو مناڵەو دەیانى دیکە هیچ شیرێکی نیە بیخۆن، نەخواردن نە هیچ ڤیتامینێکیشی وەرنەگرتووە و ئەگەر لە نزیکەوە سەیری وێنەکە بکەیت بۆت دەردەکەوێت کەلەبرى جل و بەرگیش کیسەیەکی نایلۆنی لەبەردایە. وێنەگرەکە دەلێێت: ئێستا غەززە بەهۆی نەبوونی هیچ هاوکارییەکی مرۆیی و نەبوونی هیچ دەرمانێک نرخەکان زۆر بەرزبۆتەوە خەڵکیان توشى شۆک کردووە، کەس لە غەززە توانای ئەم نرخانەى من ماوەیەکى زۆرم پێچووە تا ئەو وێنانەبگرم، چونکە دەبێت دوای هەر هێرش و بۆردومان و تەقەیەک دەبێت ماوەیەک بوەستیت و هەناسەم هەڵبمژیت تا بتوانیت بەردەوام بیت. محەممەد ئەو منداڵەى لەوێنەکەدا دەرکەوتووە لەگەڵ دایکیدا، تەمەن ساڵ و نیوێکە،  بەدەست بەدخۆراکییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت کە زیانی بە مێشک و ماسولکەکانی گەیاندووە، دوای کوژرانی باوکی لە جەبەلیاوە ئاوارە بووە بۆ شاری غەززە لەگەڵ دایکیدا، جەستە ناسکەکەی چیرۆکی منداڵە برسیەکانی غەززە دەگێڕێتەوە. شارەزایانی جیهانی ئاسایشی خۆراک هێشتا دۆخی غەززەیان وەک برسێتی پۆلێن نەکردووە، بەڵام ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە لەوەی برسێتی دروستکراوی مرۆڤ و بەکۆمەڵ. ئەوان ئیسرائیلیان تۆمەتبار کردووە کە کۆنترۆڵی هەموو ئەو پێداویستیانە دەکات کە دەچنە ناو خاکی فەلەستین، بەڵام ئەو وڵاتە بەرپرسیارێتی خۆی ڕەتکردووەتەوە.ئیسرائیل بزووتنەوەی حەماس بە هۆکاری هەر حاڵەتێکی بەدخۆراکی دەزانێت.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی  ئێکس لەبارەی لێدوانەکەی سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت: پلانەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستینی رەتدەکەینەوە، چونکەبڕیارەکە تەنیا خزمەت بە بانگەشەکانی حەماس و رێگری لە ئاشتی دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بڕیارمدا کە فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت وەکو پابەندییەکی مێژووییمان بە ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا".    سەرۆکی فەرەنسا دەشڵێت، "مانگی ئەیلوول لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارەکە رادەگەیێنم".    لە کۆی 193 وڵات، 143 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. رۆژی 29ی ئایاری 2024، نەرویج، ئیسپانیا و ئێرلەندا وەکو دوایین وڵات دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نا.    سەرۆکی فەرەنسا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێویستە ئاگربەستی دەستبەجێ [لە غەززە] بکرێت، بارمتەکان ئازادبکرێن و هاوکاری مرۆییش بگەیێندرێتە غەززە. هەروەها، گرنگە کە دڵنیایی لە چەکداماڵینی حەماس، دابینکردنی ئاسایش و بنیاتنانەوەی غەززە بدرێت".    جەختی لەوەش کردەوە، گرنگە کە دەوڵەتی فەڵەستین بنیاتبنرێت، دڵنیایی لە سەرکەوتوویی بدرێت کە دەبێتە هۆی دابینکردنی ئاسایش بۆ هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "هیچ بژاردەیەکی جێگرەوەش بۆ ئەو رێگەیە نییە".    لە کۆتایی نووسینەکەیدا سەرۆکی فەرەنسا گوتوویەتی، "فەرەنسییەکان ئاشتییان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەوێت. ئەمەش کەوتووەتەوە سەر ئێمە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان، فەڵەستینییەکان و هاوبەشە ئەورووپی و نێودەوڵەتییەکانمان کە پیشانی بدەین دەکرێت بگەنە ئاشتی."    فەڵەستین لە دوو ناوچە پێکهاتووە، یەکێکیان کەرتی غەززە و ئەوەی دیکەش کەرتی رۆژئاوایە. کەرتی رۆژئاوا لە رووی ئیدارییەوە لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەوەی دیکەش پێش جەنگ لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرا. 

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق بکەن و تاوتوێی ئەو پرسە سیاسی و ئابوورییانە بکەن کە نیگەرانی هاوبەشی نێوان هەر سێ وڵاتەکەن. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، چەند پرسێک بەهەڵواسراوى لە نێوان بەغدا و دیمەشق ماوەتەوە. ئەمەش بەهۆی ئەو خۆڕاگرییەی لایەنە کاریگەرەکانی ناو هاوپەیمانی دەسەڵاتداری بەغدا کە چوارچێوەی هەماهەنگییە نیشانی دەدەن. جگە لەوەش حکومەت نیگەرانی هەیە لە سەرهەڵدانەوەی چالاکییەکانی داعش لە ناوچەکەدا، کە لە خاکی سوریاوە چالاکی دەکەن. ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە "هاکان فیدان وەزیری تورکیا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری سوریا بەم نزیکانە سەردانی بەغدا دەکەن بۆ تەواوکردنی گفتوگۆ سیاسی و تەکنیکیەکان کە لەنێوان شاندە پەیوەندیدارەکان لە سێ پایتەخت ئەنجامدراون". ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە بەغدا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، "چەند تەوەرێک تاوتوێ دەکرێت، لەوانە چۆنیەتی داڕشتنی سیاسەتی ئابووری و داڕشتنی لە شێوەی ڕێککەوتنی پرۆتۆکۆل، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئەمنی و سیاسییەکان، هەروەها هاوبەشیکردن لەسەر بنەمای بنەماکانی بەرژەوەندی هاوبەش، پاراستنی دراوسێیەتی، دەستەبەرکردنی سەقامگیری ئەمنی، و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ئەندام". بەپێی ئاژانسی هەواڵی یەنی شەفەق، شاندێکی عێراقی کە لە بەرپرسان و نوێنەرانی دامەزراوە داراییەکان پێکهاتبوون، بەشدارییان لە دانوستان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ و هەروەها لەگەڵ هاوتاکانیان لە تورکیا و سوریا کردووە، بۆ تاوتوێکردنی لابردنی سزاکانی پێشتر بەسەر سوریا و بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە. لە بەیاننامەیەکی گەنجینەی ئەمەریکادا هاتووە، واشنتۆن "ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنی ئیدارەی نوێی سوریا لە بەهێزکردنی تواناکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە عێراق و تورکیا". ڕۆژی 30ی حوزەیران دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی "مێژوویی" بۆ کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر سوریا دەرکرد، ئامانجی پاڵپشتیکردنی ڕێگای سەقامگیری و ئاشتی بوو.

  جەمیل بایك، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بە پێویستی دەزانێت هەلومەرجی ئازاد و کارکردن بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڕەخسێندرێت بۆ سەرخستنی پرۆسەى ئاشتى و دەڵێت: "وەک پەکەکە ئەو هەنگاوانەمان ناوە کە پێویست بووە، بۆیە داوا لە تورکیا ناکەین بڕیاری لێبوردنمان بۆ دەربکات، بەڵکوو داوای یاسای ئازاد و دیموکرات دەکەن بۆ هەموو گەلانی تورکیا". ڕۆژنامەی یەنی یەشام بەشی دووەمی ئەو چاوپێکەوتنەی بڵاو کردەوە کە لەگەڵ جەمیل بایك لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و پێکهێنانی لیژنە پەرلەمانییەکەی تورکیا لەگەڵیدا ئەنجامی دابوو. بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی جەمیل بایک لەم بەشەدا جەمیل بایک بە تایبەت سەرنجی خستەسەر ئەو تێگەیشتنەی کە دەوڵەت یان دەسەڵاتداری لەم پرۆسەیەدا دەیەوێت بیئافرێنێت و گوتی: "هەوڵدەدەن تێگەیشتنێکی لەو شێوە دابهێنن کە بێژن، 'لە دژی پەکەکە تێکۆشاین و لەناومان برد. ئیدی هیچ ڕێگەیەکی جیاواز لە پێش پەکەکەدا نەماوەتەوە، بۆیە ملکەچییان دەکەین.' پەکەکە تەڤگەرێکی شکستخواردوو نییە، بە پێچەوانەوە تەڤگەرێکی لەو شێوەیەیە کە گەیشتووەتە ئاستێکی نێونەتەوەیی. ڕێبەر ئاپۆ بووە بە هیوای ئەو هێزانەی لە جیهاندا لە دژی سەرمایەداری تێدەکۆشن. یانی لەمڕۆدا حەقیقەتێکی لەم شێوەیە هەیە، گرووپێکی بچووک ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستی نێونەتەوەیی. گۆڕاوە بۆ تەڤگەرێک کە لەمڕۆدا لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێونەتەوەییدا هاوسەنگییەکان دەگۆڕێت، هاوسەنگی درووستەکات. بەبێ ڕێبەر ئاپۆ، بێ تەڤگەری ئاپۆیی، بێ کوردان، بێ ژنانی کورد ئیدی سیاسەت ناتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت. ئەم ڕوون و ڕەوانە. بۆیە هەموو ئەو قسە و باسوخواسەی دەسەڵات و دەورووبەرەکەی خواستیانە بیئافرێنن، هیچ و بێ مانایە. جەمیل بایک لە درێژەدا باسی لەوەدەکات حکومەتی ئاکەپە هەوڵدەدات بڵێت 'پلانڕێژی ئەم پرۆسەیەم کرد، هەنگاوەکان بە گوێرەی پلانەکانم بەڕێوەدەچێت' ژینگەیەک بئافرێنێت و گوتی، "هەوڵدەدەن بێژن، 'گوایە ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە ئەو هەنگاوی لەو جۆرە دەنێت، کە ئێمە ناچاری ئەو هەنگاوانەیان دەکەین'. بەڵام پێویستە ڕای گشتی زۆر باش ئاگاداری ئەمەبێت. هەموو ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا نراون بە دەستپێشخەری کەسی ڕێبەر ئاپۆ هەڵگیراون. تەڤگەریشمان بۆئەوەی هەنگاو و خواستەکانی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکات، بووە پشتیوانی ڕێبەر ئاپۆ و دەستی بەهێز کرد. ئەوەی ئەنجام دراوە هەر ئەمەیە و هیچی دیکە. هەموو هەنگاوەکان یەکلایەنە گیراونەتەبەر. ئەو ژینگە و شێوە تێگەشەیشتنەی دەوڵەتی تورک خواستێتی بیئافرێنێت، دوورە لە ڕاستییەوە. ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرمان هانگاویان ناو و گەیشتە ئاستێک. ئەو هەنگاوە یەکلایانانەی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرمان ناوێتی هەر ئەمانە بوون. بەرپرسیارێتی خۆمان لە پێش گەلاندا جێبەجێ کرد. جگە لەمەش بۆئەوەی پرۆسەکە پێشکەوێت دەبێت دەوڵەتی تورک، حکومەت هەنگاو بنێت. تاوەکو ئێستا هەنگاوێکی نەناوە. بەشێوەیەک لە شێوەکان کەمێک گۆشەگیرییان سوک کردووەتەوە، هەر ئەوەندەیە. لەبەرئەوەی گۆشەگیری درێژەی هەیە، ئیدی هەنگاوی نوێی لەم شێوەیە ناتوانرێت بنرێت. بۆئەوەی هەنگاوی نوێ بنرێت، دەبێت هەلومەرجی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕن و کۆتای بە سیستەمی ئیمراڵی بهێندرێت." جەمیل بایک پەیوەست بەو باسوخواسانەی لە نێو کۆمەڵگەدا دەکرێت گوایە پارتەکانی دەم پارتی، جەهەپە و ئاکەپە لە ڕێککەوتندان؟ ئەمەی گوت: "ئەوەی شتەکان دیاری دەکات کوردە، ئەمە ڕوونە. بۆ دەسەڵات و بۆ ئۆپۆزسیۆنیش. بەڵام کورد لە پێگەیەکی ئەوتۆدا نییە هەندێک لایەن بکاتە دەسەڵات و هەندێکیش لە دەسەڵات بخات. ئامانجی کوردان دیموکراتیزەکردنی تورکیایە. پێکهێنانی یاسای ئازادییە. نووسینەوەی دەستورێکی دیموکراتیکیییە بە گوێرەی خواستەکەی. ئەو پێگەیەیی کورد هەیەتەی پێگەیەکی وایە. ناوی دەنێین 'ڕێگەی سێهەم'. نە دەکەوێتە خزمەتی دەسەڵات و نە دەکەوێتە خزمەتی ئۆپۆزسیۆنەوە. وەک تەڤگەر ئەمە خەمەکەمانە. هەرگیز هەڵگری ئەو تێگەیشتنە نین هەندێک بکەینە دەسەڵاتدار. تێکۆشانمان بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیایە. بۆئەوەش دەمانەوێت ئەمە بە هێزی خاوەن ئامانجی دیموکراسی پێکبهێنن. پێویستە بەم شێوەیە ئامانجەکەمان لێکبدرێتەوە. ئێمە لە بەرەیەکدا نین. ناجوڵێینەوە تا ئەوەی هەندێک لایەن بکەینە دەسەڵاتدار. ئەو شتەیی تێیداین چییە؟ بێگومان دیموکراتیکبوونی تورکیایە. پێویستە هەنگاوە پێویستەکانی ئەمە بنرێت. کام لایەن لەم ڕووەوە هەوڵبدات ئێمە لەگەڵ ئەودا دەبین و تێکۆشانمان بۆ ئەو ئامانجەیە. مەراسیمە مێژووییەکەی گەریلا جەمیل بایک باسی لەوەکرد پێویستە زۆر بە درووستی لێکدانەوە بۆ بکرێت و ئەم هەڵسەنگاندنەی بۆ مەراسیمی چەک سووتاندنی 'گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' کرد: "سەرنج بدەین جیهان بەرەو بەرتەسکبوونەوە و بچووکبنەوە دەچێت، ناتۆ بچووک دەبێتەوە. بەراورد بە پێشوو پێ بە پێ ڕێژەی چەک زیاد بووە. لە جیهانێکی لەم شێوەیەداین. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چەک قسەدەکات، بووە بە نموونەی گۆمی خوێن، گۆڕانکاری کاریگەر لە ئارادایە. لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا ئێمە چەکەکانمان سووتاند. بێگومان ئەمەش مانادارییەکی هەیە. بەم بۆنەیەوە ویستمان ئەم پەیامە بدەین؛ لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا کە جیهان بەرەو بچووکبوونەوە دەچێت، ناتۆ بەرەو بچووکبوونەوە دەچێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین شەڕ ڕوودەدات، ئێمە چەکەکانمان سووتاند. ئەمە چ مانایەک دەگەیەنێت؟ بەو مانایە دێت 'ئێمە دەمانەوێت جیهان لە چەک ڕزگار بکەین'. هەروەها پەیامێکی دیکەشی هەیە؛ ڕابردوو، نەرێت، چاندی کوردی هەیە. نەورۆز هەیە. ئاگر.. ئێمە ڕۆڵەی ئاگرین. بە سووتاندنی چەکەکان بەڕوون و ئاشکرایی نیشانماندا کە دەمانەوێت سەردەمێکی نوێ بێنینە ئاراوە. نیشانی هەمووانماندا کە جارێکی تر نامانەوێت چەک هەڵبگرین، نامانەوێت بەردەوامی بە تێکۆشانی چەکداریی بدەین. واتا کە چەکانمان سووتاند، لەبەرئەوە کردمان. هەڤاڵ بەسێ و ئەوان چیان وت؟ وتیان، 'ئێمە دەمانەوێت بچینە تورکیا، بەشداریی لە سیاسەتی دیموکراتیک بکەین. ئێمە دەمانەوێت لە سیاسەتی دیموکراتیکدا تێبکۆشین. دەمانەوێت ئەم شێوازە لە سیاسەت پەرە پێ بدەین. بەڵام لەبەرئەوەی هەلومەرجەکانی، زەمینەکەی بوونی نییە، جارێکی تر دەگەڕێینەوە ئەو جێیەی لێی هاتووین'. ئەمانەمان بە ڕوون و ئاشکرا وتووە. لەئێستادا ئەگەر ئەو هەڤاڵانەی کە چەکەکانیان سووتاند بگەڕێنەوە تورکیا، هەموویان دەخەنە زیندانەوە. پراکتیکی گرووپەکانی ئاشتیی پێشوومان لەبەرچاوە. چۆن بچن؟ بۆئەوەی بتوانن بچن پێویستە یاساکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. گۆڕانکاریی لە یاساکاندا نەکراوە. یاساکانی 'دژە تیرۆر' بەردەوامن. هێشتاش ژنێکی کورد لەبەرئەوەی لە ئیستەمبوڵ گوێی لە موزیکی کوردی گرتووە هێرشی دەکرێتە سەر. لەو هەلومەرجانەدا چۆن بچن؟ چیتر ناتوانن لەوێ بمێننەوە. ساڵانێک بە چەکەوە لە چیا مانەوە، تێکۆشان، ئەو کەسانە ئێستا چەکەکانی خۆیان دەسووتێنن. بە هەرحاڵ لە ناوەڕاستێکی لەو شێوەیەدا نامێنێتەوە. چی بکات؟ ئەگەر جارێکی تر بگەڕێتەوە ئەو شوێنەی لێی هاتووە، بێگومان پێویستی بە گەرەنتییە. لەبەرئەوەی بارودۆخێکی ئارام نییە. ئەگەر هاتبن لەبەرئەوە هاتوون. لەئێستادا ئەو هەڤاڵانە چەکەکانی خۆیان سووتاند و نایانەوێت جارێکی تر چەک هەڵبگرن. هەرخۆی ئێمەش وەکو تەڤگەر، بە ڕاستی نازانین ئەم هەڤاڵانە جارێکی تر چەک هەڵبگرنەوە. بێگومان ئەم هەڤاڵانە کێشەی ئەمنییان هەیە. ئێمە ئاساییشیان لە ئەستۆ دەگرین و پێکێ دەهێنین. ئەوان جارێکی تر چەک هەڵناگرن. چەکەکانیان سووتاند. ئیتر بێ چەکن. هەنگاوی پراکتیکیی ئەمەیان نا. وتیان، ئێمە چیتر چەک بەکارناهێنین. دەمانەوێت لە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیکدا کاربکەین. ئەگەر ئێوە زەمینەی یاسایی ئەمە بسازێنن، ئێمە چیتر نامانەوێت چەک بەکاربهێنین. لەبەرئەوە ئەو هەڤاڵانە ئێستا لەنێو ئێمەدا لە ئاسایشدان و بێ چەکن." جەمیل بایک لەو چوارچێوەیەدا جەختی لەوەکردەوە، ویستێتی یاساکان گۆڕانکارییان بەسەردابێت.

هەپەگە ڕایگەیاند، لە ١٣بۆ ٢٣ـی تەممووز سوپای داگیرکەری تورک هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوام بووە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە ئاماری هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، ١٣، ١٧، ١٩ و ٢١ـی تەممووز لە هەرێمی مەتینا، تونێلەکانمان لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بێشیلی و سەری مەتینا شەش جار بە درۆنی بۆمب هەڵگر بۆردوومان کراوە. هەروەها، ١٧، ١٨ و ٢١ـی تەممووز لە هەرێمی مەتینا، گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەرێ مەتینا ٣٦٢ جار بە چەکی قورس، تۆپ و مو٣شەک بۆمبباران کراوە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ١٣، ١٧ و ١٩ـی تەمووز لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوا زاپ، گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار ١١ جار بە چەکی قورس، تۆپ و مووشەک بۆمبباران کراوە. ئەوەشخراوەتەڕوو، ٢٠ـی تەممووز لە هەرێمی مەتینا، بە چەکی کەسی وەڵامی داگیرکەران درایەوە کە هەوڵیان دەدا بپەڕنەوە بۆ تونێلی شەهید خەمگین لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی دەرگەلێ. لەپاش دەستوەردانەکانی هێزەکانمان داگیرکەران ناچاربوون بکشێنەوە. هەپەگە دەشڵێت:لە نێوان ١٣-٢٣ـی تەممووزدا لەکاتە جیاوازەکانی ڕۆژدا بە درۆن، فرۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشەکەر، فرۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخووڕی لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، سیخوڕییان کرد و هێرشیان ئەنجام دا. هەروەها، لە نێوان ١٣-٢٣ـی تەممووزدا لە هەرێمەکانی زاپ، مەتینا و خواکوڕک بە ئامانجی داگیرکاری ڕێگە درووستکرا. هاوکات، لە نێوان ١٣-٢٣ـی تەمووزدا لە هەرێمەکانی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوا زاپ و مەتینا بانگەوازی خۆڕادەستکردن لە هێزەکانمان کرا. هەپەگە لەکۆتاییدا ڕایگەیاند، لە هەرێمی مەتینا بە تەکنیک وەڵامی هەوڵدانەکانی گەمارۆدان و هێرشی لەناوبردن لەسەر تونێلەکانمان درایەوە.

خالید فالح وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە ڕۆژی پێنجشەممە لە دیمەشق واژۆکردنی 47 ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی بە کۆی گشتی 24 ملیار ڕیال (نزیکەی 6.4 ملیار دۆلار) لە کەرتە جیاجیاکان لەگەڵ سوریا ڕاگەیاند، کە دوای چەندین ساڵ لە ململانێ هەوڵدەدات بۆ بوژانەوەی ئابووری. کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سوریا و سعودیە 2025 بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لە کۆشکی سەرۆکایەتی دەستیپێکرد. لە چالاکییەکەدا ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریا و خالید فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی سوریا و کۆمەڵێک بازرگان و وەبەرهێنەری هەردوو وڵات بەشدارییان کرد. لەم کۆڕبەندەدا زیاتر لە ١٥٠ وەبەرهێنەری سعودی بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمی شاندی سعودیە بۆ سوریا. ئەم سەردانە بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیران محەمەد بن سەلمان، پشتیوانی شانشینی یەکگرتوو بۆ ئاوەدانکردنەوە و هەوڵەکانی گەشەپێدانی ئابووری لە سوریا دووپاتدەکاتەوە و هاوبەشی ئابووریی بەردەوامی نێوان هەردوو وڵات بەهێز دەکات. خالد فالح بە سەرۆکایەتی شاندێکی زیاتر لە 150 نوێنەری کەرتی گشتی و تایبەت بە مەبەستی "تاوتوێکردنی هاوبەشی وەبەرهێنان" گەیشتە سوریا ، بەگوێرەی کەناڵی ئەخبارییە دەوڵەتی و وەزارەتی وەبەرهێنان. وەزیری سعودیە و شاندی یاوەری بەشدارییان لە " کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سوریا-سعودیە 2025 " لە دیمەشق کرد. خالید فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی تەداول لەگەڵ بۆرسەی دیمەشق، لێکۆڵینەوە لە لیستی هاوبەشی نێوان هەردوو بازاڕ دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە وەبەرهێنانەکانی کەرتی پەیوەندییەکانی سعودیە لە سوریا دەگاتە 4 ملیار ڕیال. هەروەها باسی لە ڕێککەوتنەکانی پەرەپێدانی خانووبەرە لە سوریا کرد کە بە بەهای ١١ ملیار ڕیاڵ. لە نێو ئەو ڕێککەوتنانەی کە وەزیری سعودیە ڕایانگەیاندووە، ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای "بەیت ئیبا" هەیە بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی گەورەی خانووبەرە لە شاری حومس. وەزارەتی وەبەرهێنانی سعودیە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە وەبەرهێنانەکان کەرتە گرنگ و ستراتیژییەکان دەگرێتەوە، لەوانە خانووبەرە ، ژێرخانی ئابووری ، پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری، گواستنەوە و لۆجستی، پیشەسازی ، گەشتیاری ، وزە ، بازرگانی و وەبەرهێنان، چاودێری تەندروستی، سەرچاوە مرۆییەکان، و خزمەتگوزارییە داراییەکان. بەرنامەی کۆڕبەندەکە کۆبوونەوەی دوولایەنەی بەرفراوان لە نێوان بازرگانانی سعودی و سوریا لەخۆدەگرێت، هەروەها وۆرک شۆپی تایبەتمەند بۆ گەڕان بەدوای ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوبەشییەکان لە کەرتە گرنگەکاندا. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە کۆڕبەندەکەدا شاهیدی واژۆکردنی دەیان ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆمپانیا و دامەزراوەکان لە هەردوولا بێت، کە بەهای کۆی گشتییان بە ملیاران دۆلار خەمڵێندرێت. ئەم هەنگاوە گوزارشتە لە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان سووریا و شانشینی سعودیە، کە ئاسۆی نوێ بۆ هاوکارییە ئابوورییە درێژخایەنەکان دەکاتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو گەلە برایە دەکات.

لەکاتێدا پلەکانی گەرما لە دەیان پارێزگاى شارى سەرانسەری تورکیا لەسەرو ٤٠ پلەی سەدیەوەیە، لە پێنج شار هێشتا ئاگر بەردەوامەو دارستانەکان دەسووتێت، تائیستاش ١٠ کارمەندی ئاگرکوژێنەوەی دارستانەکان لە ئەسکیشەهیر کە پێنج کرێکاری دارستان و پێنج خۆبەخش بوون گیانیان لەدەستداوە. ئاگرکوژێنەوەی دارستانەکان لە ساکاریا، قەرەبوک، ئەسکیشەهیر و بیلەچیک سەرقاڵى کوژانەوەى ئاگرن و  بەردەوامن ئەمڕۆ جارێکى دیکە لە مانیسا ئاگرکەوتەوەتەوە. ئیبراهیم یوماکلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستان لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند، ٢٤ کەس کە لە نێویاندا ١٩ کرێکاری دارستان و پێنج خۆبەخش بوون، سەرقاڵى کوژاندنەوەى ئاگری دارستانەکان بوونلە سێیتگازی سەر بە ئەسکیشەهیر، لە ناوەڕاستی ئاگرەکەدا کاتێک با ئاراستەی ئاگرەکەى گۆڕیوە گیریان خواردوەو سوتاوون. وەزیری کشتوکاڵ و دارستان ئەوەشى خستوەتەڕوو تا ئەمڕۆ نۆ ئاگری گەورە لە تورکیە ڕوویانداوەو بە هەموو هێز و سەرچاوەکانیانەوە سەرقاڵى کوژانەوەن، لەناو گەرمای نائاسایی و بای گۆڕاودا، بەرەنگاری ئاگرەکە دەبنەوە لەزەوى و ئاسمانەوە. ناوبراو دەشڵێت: پلەکانی گەرما زۆر بەرز و بای بەرز و کەمی شێ وایکردووە کە ئەمە چیتر ئاگرێکی سادەی دارستانەکان نەبێت. بەپێى هەواڵى میدیاکانى تورکیا، یەکێک لەوانەى گیانى لەدەستداوە ئەفسەرەو ناوی تۆلونای کۆجامان، هەفتەیەک پێشتر لە لە ١٤ی تەمموزدا هاوسەرگیری کردووە تازە دەستی بە کارەکانی کردبوو. جگە لەگیان لەدەستدانى ئەو دە کەسە، کەمال مەمیشئۆغڵو وەزیری تەندروستی تورکیا ڕایدەگەیەنێت لە ئێستادا حەوت بریندارى دیکە لە نەخۆشخانەکانمان چارەسەر وەردەگرن. شەش لە بریندارەکانمان باری تەندروستی باشن، یەکێکیان لە چاودێری چڕدا چاودێری وردی دەکرێت.

  نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لە وەڵامدانەوەی حەماس دەکات بۆ پێشنیازی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز. بزووتنەوەی حەماس سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، وەڵامی خۆی بۆ پێشنیاری ئیسرائیل بۆ ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لە کەرتی غەززە پێشکەشی ناوبژیوانان کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوولا لە قەتەر بەڕێوەدەچێت. بزووتنەوەکە لە بەیاننامەیەکدا لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا ڕایگەیاندووە، “حەماس تازە وەڵامی خۆی و وەڵامی گروپەکانى تر فەلەستینیی بۆ پێشنیاری ئاگربەست پێشکەشی برایانی نێوەندگیری کردووە”. دوو سەرچاوەی فەلەستینی ئاگادار لە دانوستانەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە کە حەماس وەڵامی خۆی بۆ پێشنیاری ئاگربەست پێشکەش بە ناوبژیوانان کردووە، لەوانە هەموارکردنەکان کە گەرەنتی ئاگربەستی هەمیشەیی لەگەڵ ئیسرائیل لەخۆدەگرێت. یەکێک لەو سەرچاوانە وتی: حەماس و گروپە شەڕکەرەکان ئەمڕۆ وەڵامی خۆیان بۆ ئەو پێشنیازە پێشکەشی ناوبژیوانان کردوە، لەوانەش هەموارکردنەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی. لەلایەکى دیکەوە، تیدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، غەززە تووشی برسێتی بەکۆمەڵی دروستکراوی مرۆڤ دەبێت کە بەهۆی گەمارۆدانی یارمەتییەکان بۆ ناو ناوچەی فەلەستین دروست بووە. ئەو وتانەى ئەو بەرپرسە دواى ئەوەدێت زیاتر لە 100 دەزگای فریاگوزاری کە هۆشدارییان دا لە برسێتی لە غەززە لەکاتێکدا تۆنێک خۆراک و ئاوی پاک و پێداویستی پزیشکی تەنها لە دەرەوەی خاکەکە بەبێ دەست لێدان ماوە. تێدرۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی مەجازیدا کە لە جنێڤەوە ڕاستەوخۆ پەخشکرابوو، وتی: نازانم جگە لە برسێتی بەکۆمەڵ ناوی چی لێدەنێیت، و ئەوە مرۆڤ دروستی کردووە و ئەوەش زۆر ڕوونە. "ئەمەش بەهۆی (ئەو) گەمارۆیەوەیە."

فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت: رادەستکردنی چەک هێڵی سورەو سازش لەسەر پرنسیپەكانمان ناکەین.  جەختیشی کردەوە: هەسەدە وەک لایەنێكی هاوتا دانوستان لەگەڵ دیمەشق دەکات، نەک وەک لایەنێکی ملکەچ و بچوكتر، حکومەتی سوریاش هیچ ئیرادەیەکی نییە بۆ چارەسەرکردن. شامی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەشوەدا: تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، داوای لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە، هاوکاری بکەن لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوەیدا.  ئاشکراشیکرد، ئۆپراسیۆنەکانی دژ به داعش له باکوری رۆژهەڵاتی سوریا پەرەی پێدەدرێت و رەنگە بە هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هەسەدە بگرێتەوە. لەچەند ڕۆژى ڕابردوشدا ئەبجەر داود وتەبێژى هەسەدە بە میدیا کوردییەکانی ڕاگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە بەردەوامەکانی سووریا و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و هەڕەشەکانی داعش، مەحاڵە هێزەکانمان چەکەکانیان ڕادەست بکەن". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "هەسەدە دەتوانێ لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دەستورییەوە پەیوەندی بە سوپای سوریاوە بکات کە دان بە تایبەتمەندی پێکهاتەی کوردیدا بنێت". داود لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەسەدە لەگەڵ شەڕدا نییە، بەڵکو لە هەر شوێنێک ئامادە بێت بەرگری لە گەلەکەی دەکات". لەلایەکى دیکەوە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لەم مانگەدا ڕایگەیاند، واشنتۆن داواکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ خۆبەڕێوەبەری ڕەتدەکاتەوە و پشتیوانی لە سوریایەکی یەکگرتوو دەکات کە یەک سوپا و یەک دەوڵەت و یەک گەل بێت. دوای پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی گشتی و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا، لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی سویدا، هێزەکانی پاراستنی گەل، زیاتر لە یەکە سەربازییەکانی خۆیان بۆ ناوچەی بەرکەوتن لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی لادێکانی پارێزگای حەلەب و لادێکانی باکور و ڕۆژئاوای پارێزگای دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.  لە 10ی ئازارى ئەمساڵدا ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چەکدارە کوردەکان دەخرێنە ناو هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ڕاگوزەرەوە.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی قەسەدە، گه‌یشته‌ پاریس و وابڕیارە هه‌ینی به‌نێوه‌ندگیری ئه‌مریكا و فەڕه‌نسا و بەریتانیا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا كۆببێته‌وه‌، پاشانیش ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فەڕه‌نسا به ‌فه‌رمی له‌ كۆشكی ئه‌لیزێ پێشوازی لێ ده‌كات. ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی قەسەدە، به ‌سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ پاریسی پایته‌ختی فڕه‌نسا، بڕیاره‌ ڕۆژی هه‌ینی ٢٥ـی ته‌مووز به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی فەڕه‌نسا، ئه‌مریكا و بەریتانیا له‌گه‌ڵ ئه‌سعه‌د شه‌یبانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا كۆببێته‌وه‌. وابڕیارە له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پڕۆسه‌ی چارسه‌ری و گفتوگۆكان له‌ سووریا ده‌كه‌ن، كه‌ به‌مدواییانه‌ كۆبوونه‌وه‌كان هه‌ڵگیران و گه‌یشتنه‌ بنبه‌ست. ‌هەروەها وابڕیارە جگه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌، ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فەڕه‌نسا له‌ كۆشكی ئه‌لیزێ به‌فه‌رمی پێشوازی له‌ مه‌زڵوم عه‌بدی ده‌كات و پێكه‌وه‌ هه‌ردوولا كۆده‌بنه‌وه‌.

وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی ئەو گەمارۆ دڕندانە بەردەوامەی هێزەکانى ئیسرائیل دەکەن لە دژی هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە. باسم عەوادی، وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق، لەڕاگەیەندراوێکدا دەشڵێت: وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکان لە ئێستادا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدان. وتیشى: حکومەتی عێراق داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسێتی لە دژی خەڵکی غەززە دەکات، و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان فشار بخەنە سەر سیاسەتمەدارانی قەوارەی زایۆنی. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. حکوومەتی عێراق سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی ئەو گەمارۆ دڕندانە بەردەوامەی هێزە داگیرکەرەکان لە دژی هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە دووپات دەکاتەوە، کە بەشێکە لە سیاسەتێکی سیستماتیک و نامرۆڤانەی برسیکردنی گەلی فەڵەستینی زیان لێ کەوتوو. دیمەنەکانی منداڵانی برسی کە لە ڕیزدا وەستاون بۆ بەدەستهێنانی خۆراک، و وێنەی پاڵ بەیەکەوە نانی ژنان و پیاوان لەبەردەم بارهەڵگرە کەمەکانی یارمەتیدان، کە بوونەتە تەڵەی مردن و هێزە داگیرکەرەکان بەکاریدەهێنن، گوزارشت لە پراکتیزە نا ئەخلاقییە قێزەونەکان دەکەن، کە داوای دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ لابردنى گەمارۆ و گەیاندنی پێداویستییە فریاگوزارییەکان بۆ زیان لێکەوتوان. وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکان لە ئێستادا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدان لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و بەردەوامیدان بە ئاشتی و بەرگریکردن لە ماف و شکۆی مرۆڤ، بۆیە حکومەتی عێراق داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسێتی لە دژی خەڵکی غەززە دەکات، و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان فشار بخەنە سەر سیاسەتمەدارانی قەوارەی زایۆنی بۆ ئەوەی بەپەلە ڕێگە بە گەیاندنی کەرەستەی فریاگوزاری بۆ خەڵکی غەززە بدەن. باسم عەوادی وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق 23ی تەمموزی 2025