وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشداریی تووند لەبارەی "دەستدرێژی" بۆ سەر هێزەکانیان بە عێراق دەدات و بە هاوتا عێراقییەکەی ڕاگەیاندووە کە "ئەمە دوا ئاگادارکردنەوەیە لەم بارەیەوە." سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، وردەکاریی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان خۆی و وەزیری جەنگی ئەمریکا، پێت هێگسسی ئاشکرا کرد، کە تێیدا هێگسس بە ڕوونی هۆشداریی داوەتە عێراق سەبارەت بە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای عێراق. وەزیری بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، وەزیری جەنگی ئەمریکا پێی ووتوە "ئەمە دوا ئاگادارکردنەوەیە لەم بارەیەوە." چونکە هێزەکانی ئەمریکا بە ئازادی لە ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە و ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک "دەستدرێژی یان هێرش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە قبووڵ ناکات". عەباسی ئاماژەی بەوەکرد، "ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بە توندوتیژی و یەکلاییکەرەوە لە بڕیارەکانیدا ناسراوە". وەزیری بەرگریی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم "هۆشدارییە بە جددی وەربگیرێت".
لەیادی ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی كۆبانێدا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، جەخت لەوە دەکاتەوە کە قوربانیدانی شەڕڤانان و پشتیوانیی جیهانییان لەبیرناچێت کە بووە هۆی تێکشکاندنی داعش و بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر. فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ پەیامێکی لەگەڵ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. مەزلوم عەبدی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، گەل و شەڕڤانان بەرخۆدانێکی باوەڕپێنەکراویان بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ نیشان دان "لەم ڕۆژەدا ئەو هەوڵ و قوربانییانەی کە خەڵک و شەڕڤانان بۆ کۆبانێ و هەموو مرۆڤایەتی لە دژی چەتەکانی د.lعشیان داوە لە بیر دەکەینەوە" هاوکات پشتیوانی و پاڵپشتی جیهانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان لەبیرە. مەزلوم عەبدی: ١ی تشرینی دووەم هێمای یەکڕیزی مرۆڤایەتی بوو لە بەرامبەر تاریکیدا مەزلوم عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕۆژە ڕەمزی یەکڕیزی مرۆڤایەتییە لە بەرامبەر تاریکی و توندڕەوی. پشتیوانی جیهانی ڕێگەی بە گەل و هێزەکانمان دا کە ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە کە هەڕەشە بوو بۆ سەر هەموو جیهان، لە کۆبانێ تێکشکێنین. عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هاوپشتییە وایکرد بتوانن داعش لە کۆبانێ تێکبشکێنن و هەنگاو بنێن بەرەو کۆتاییهێنان بە "خەلافەتەکەیان". وتیشی، ئەم سەرکەوتنە ڕێگەی خۆشکرد بۆ "بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان."
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق "وەزیری دەرەوەی تورکیا سبەی یەکشەممە 2025-11-2، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغداد و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەدەچێت." ئەو سەردانەی فیدان لە کاتێکدایە، ڕۆژی 26-10-2025، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی دەستەی حەشدی شەعبی، لەمیانی دیدارەکەدا گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەسەر دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش کرایەوە. چاوەڕوان دەکرێت هەردوولا تاوتوێی گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانە بکەن کە لە ماوەی ڕابردوودا بەدیهاتوون لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا و ناوچەکە. پێش سەردانەکەی فەیاز بۆ ئەنقەرە، ڕۆژی 2025-10-10، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا. تێیدا پرسی ئاو و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولا تاوتوێ کرا.
دوای ئەوەی شەوی رابردوو خاچی سوری نێودەوڵەتی روفاتی سێ تەرمی لە حەماسەوە وەرگرت و ڕادەستی ئیسرائیلی کرد، پەیمانگای پزیشکی دادیی ئیسرائیل رایگەیاند کە پاش پشکنین دەرکەوتووە ئەو روفاتانە هی هیچ کام لە بارمتە کوژراوەکان نین. شەوی هەینی، خاچی سووری نێودەوڵەتی لەسەر داوا و بە رەزامەندیی هەردوو لایەن، روفاتی سێ تەرمی گواستەوە بۆ لای دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل. پاش گەیشتنیان، روفاتەکان بۆ پشکنین رەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادیی ئیسرائیل کران تا ناسنامەیان دیاری بکرێت. بەڵام، ئەنجامی پشکنینەکان دەریخست کە ئەو روفاتانە هی هیچ کام لەو 11 بارمتە کوژراوەی کە لە کەرتی غەززە دەستبەسەرن، نین. لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئیسرائیل رایانگەیاندووە کە پرۆسەی دیاریکردنی ناسنامەی تەرمەکان لەژێر بەرپرسیارێتی ئەواندایە و بەردەوام دەبن لە کارەکانیان. دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەکەی ئەم مانگە، گرووپەکە هەر 20 بارمتە زیندووەکەی ئازاد کرد و دەستی بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی 28 بارمتە کوژراوەکان کرد. ئیسرائیل حەماس بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکات، بەوەی بە خێرایی پێویست تەرمەکان ناگەڕێنێتەوە، بەڵام حەماس دەڵێت، پێویستیان بە کاتە بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکان لەژێر داروپەردووی غەززەدا. پێشتر کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس رایانگەیاند، نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە دوو تەرم دەگەڕێننەوە. بە هەژمارکردنی ئەم دوو تەرمە نوێیە، چەکدارەکان تاوەکو ئێستا پاشماوەی 17 لەو 28 بارمتە کوژراوەیان رادەستکردووەتەوە، کە حەماس بەپێی رێککەوتنە نێوەندگیرییەکەی ئەمریکا رازی ببوو بیانگەڕێنێتەوە.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە نەفەسێکی نەتەوەیی و تائیفی زبر قسە دەکات و دەڵێت: " تەنیا عەرەبی سوننە بڕیار دەدەن کام پۆست هەڵدەبژێرن، سەرۆک کۆمار یان سەرۆکی پەرلەمان ". حەلبووسی لە بەردەم کۆبوونەوە جەماوەرییەکەیدا ڕایگەیاند: عەرەبی سوننە دوای ئەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران دەدەنە عەرەبی شیعە مەزهەب، پۆستی سەرۆککۆمار یان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان یەکلادەکەنەوە، ئەمەش دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی کۆمەڵگەی سوننە نەک تەنیا لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسی سوننە. بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 11-11-2025 بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو هەلبژاردنەش 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە حەوت هەزار کاندیدیش کێبڕکێ لەسەر 329 کورسییەکەی پەرلەمان دەکەن. حەلبووسی ئاماژەی بەوەدا، خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار یان سەرۆکی پەرلەمان پێشکەش دەکات و دەبێتە سەرۆکی داهاتووی یەکێک لەم دوو پۆستە، هاوکات پەیامێکی ئاڕاستەی نەیارەکانی خۆی لە عەرەبی سوننە کرد و وتی: " ئەوان لە ڕیزی دواوەی ئەو شوێنە دەبن کە من سەرۆکایەتیی دەکەم، دەنگیان کەم دەبێتەوە و بەپێی قەبارەی خۆشیان ڕێگەیان پێدەدەم قسە بکەن.
تولای هاتیمئۆ غوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) جەختی لە گرنگی بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی کردەوە و ڕایگەیاند کە پڕۆسەکە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، "ئەو ناوەی ئێمە بۆ ئەم پرۆسەیەمان ناوە 'پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'. دەتوانین زۆر شت بخەینە ژێر ئەم ناونیشانە". لە شاری وان هاوسەرۆکی (دەم پارتی) قسەى بۆ ڕۆژنامەنوسانکرد، وتى: یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە بڕیاری پەکەکە بوو، بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی، دوابەدوای ئەوەش ڕێوڕەسمی ١١ی تەمووز بۆ سووتاندنی چەک بەڕێوەچوو کە یەکێکە لە خاڵە زامنییەکانی ئەم پرۆسەیە. تولای هاتیمئۆ غوڵڵاری، دەشڵێن: لە چاوی خەڵکی جیهاندا، بە سووتاندنی چەک، هەنگاوێک بۆ بنیاتنانی ئاشتی نرا کە جارێکی دیکە هەرگیز دووبارە نابێتەوە”. وتیشی: "بێ گومان دامەزراندنی کۆمسیۆن زۆر گرنگ و بەنرخە، کۆمسیۆن تا ئێستا چەندین دانیشتنی گرنگی ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا هەنگاوی کۆنکرێتیتر هەیە کە پێویستە بنرێت".
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لە نوێترین فەتوادا، فرۆشتنی کارتی دەنگدان بە ناشەرعی ناو دەبات. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: فرۆشتنی کارتی دەنگدان و دەنگی دهنگدهران دهبێته هۆی تێكدانی پرۆسەی دەنگدان و بۆیه ئهنجوومهنی باڵای فەتوا به تێكڕای دهنگی ئهندامانییهوه، فرۆشتنی كارتی دهنگدان به حهرام دهزانێت و ئهو پارهیهش لهو ڕێگهیهوه بهدهست دێت حهرامه. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دهنگدان ئهمانهتە و له ئهستۆی هاووڵاتیاندایە و فرۆشتنی كارتی دهنگدان غهش و خیانهته له گهڵ و وڵات و سامانی گشتیی، خراپ بهكارهێنانی مافێكی شهرعی و یاساییه و هاوكاریكردنه بۆ تهزویركردن و گهیشتنی كهسانی ناشایسته و خراپ بۆ پهرلهمان و بهڕێوهبردنی وڵات. باسی لەوەش کرد، لە ڕووی یاساییەوە بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت، هەر لەم سۆنگەیەوە ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بە ناشەرعی زانیوە. دەقی فەتوای ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە: قال تعالى: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سورة النحل: 43) الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن والاه. وبعد: دوای ئهوهی ژمارهیهك له مامۆستایان و هاوڵاتیان پرسیاریان كرد سهبارهت به حوكمی فرۆشتنی كارتی دهنگدان له پرۆسهی ههڵبژاردنهكاندا له عیراق و كوردستان، ئهنجوومهن له دانیشتنی ئاسایی خۆیدا له ڕێككهوتی 21/10/2025 بهم شێوهیهی خوارهوه وهڵامی دانهوه: ئاشكرایه مهبهست له پرۆسهی ههڵبژاردن پێشخستنی وڵات و گۆڕانكاری و هێنانهدی دادپهروهی و نههێشتنی گهندهڵییه، بهڵام فرۆشتنی كارتی دهنگدان و دهنگی دهنگدهران دهبێته مایهی تێكدانی مهبهسته باڵاكانی ئهنجامدانی ئهم پرۆسهیه، بۆیه ئهنجوومهن به تێكڕای دهنگی ئهندامهكانی فرۆشتنی كارتی دهنگدان به حهرام دهزانێت و ئهو پارهیهش لهو ڕێگهیهوه بهدهست دێت حهرامه، بۆیه پێویسته به ههموو شێوهیهك موسڵمانان لێی دوور بكهونهوه لهبهر ئهم خاڵانهی خوارهوه: 1. دهنگدان ئهمانهتێكه له ئهستۆی هاووڵاتییان و بهزایهدانی ئهو ئهمانهته و فرۆشتنی كارتی دهنگدان غهش و خیانهته له گهل و وڵات و سامانی گشتی، خوای گهوره دهفهرموێت: (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تُؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَى أَهْلِهَا) (سورة النساء: 58) ، ههروهها دهفهرموێ : (إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْخَائِنِينَ) (سورة الأنفال : 58). 2. خراپ بهكارهێنانی مافێكی شهرعی و یاساییه و هاوكاریكردنه بۆ تهزویركردن و گهیشتنی كهسانی ناشایسته و خراپ بۆ پهرلهمان و بهڕێوهبردنی وڵات. 3. له ڕووی یاساییشهوه پێچهوانهی یاسای ههڵبژاردنه و، یاسا ئهو كارهی به تاوان ههژمار كردووه. والله تعالی أعلم وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه وسلم ئهنجوومهنی باڵای فهتوا له كوردستان 29/ربیع الثانی/1447هـ= 21/10/2025م= 29/ ڕهزبهر/ 2725ك
هێزەکانی سوریاى دیموکرات (هەسەدە) ناوی ۷٠ بەرپرسی باڵای سەربازی و تەواوی سێ فیرقەی سەربازی بۆ هەریەکە لە فیرقەی دێرەزور و فیرقەی حەسەکە و فیرقەی ڕەققە و هەر سێ لیوا تایبەتیەکەی هەسەدەش و هێزەکانی ناوخۆی ڕادەستی هێزەکانی ئەمەریکا کردوە بۆ ئەوەی تێکەڵی سوپای سووریا بکرێن. هێزەکانى ئەمریکاش ئەو ناوانەیان گەیاندیانە بەرپرسانی هەر دوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی دیمەشق، بەڕادەستکردنی ئەو ناوانە دیمەشق ناچار دەکرێ دان بەو هێزانەدا بنێ کە سەرجەمیان هەڵگری جنسیەی سورین. لە ئێستادا چاوەڕێ دەکرێ کە شەڕع ناچار بکرێ و دان بە بوونی ئەو هێزانە دابنێ و لە ڕیزی سوپا و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتەکەی جێیان بۆ بکاتەوە. ئەگەر ئەم هەنگاوە سەربگرێت، لێرە بەدواوە ناوی هەسەدە نامێنێ و هێزەکانیان لە پاڵ ئاڵا زەردەکە، ئاڵای دەوڵەتی سوریاش لە سەر سینگیان دەدەن.
سەرۆکى کاتى سوریا ڕایدەگەیەنێت، ئامادەم تا ئەو ماوەیەى ژیانم ماوە تەرخانى بکەم بۆ ئەوەى سوریا بەهێز بێت و من و هەموو ئەوانەی سوریایان خۆشەوێت بڕیارمانداوە ئاوەدانى بکەینەوە. لە کۆنفرانسی دەستپێشخەری وەبەرهێنانی داهاتوو لە ڕیازی پایتەختی سعودیە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا توانیویەتی 28 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت. شەرع جەختی لەوە کردەوە کە یاساکانی وەبەرهێنان لە سووریا هەموار کراونەتەوە بۆ ئەوەی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بڕەخسێنن. یەکێک لە گرنگترین هەموارەکان، پێدانی مافی گواستنەوەی پارەیە بە وەبەرهێنەران بۆ دەرەوەی وڵات. سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، "دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە سووریا زۆرن و لەلایەن ئابووریناسە پێشەنگەکانی جیهانەوە دانیپێدانراوە." ئاشکراشی کرد کە پڕۆژەی وەبەرهێنانی هاوبەشیان لەگەڵ بەحرەین و ئوردن هەیە، جگە لەو وەبەرهێنانانەی کە لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە ئەنجامدراون.
بڕیار وایە کاتژمێر ٠٥:٣٠ـی ئێوارەی سبەینێ، شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری دەوڵەتی تورک کۆببنەوە. دوای داخستنی لە ٢٨ـی ئەم مانگە، کاتی کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری دەوڵەتی تورک دیارییکرا. شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە بۆ کۆبوونەوەکەی سبەینێ ئامادە دەبن، پێکدێن لە پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار. شاندەکە سبەی کاتژمێر ٠٥:٣٠ـی ئێوارەی سبەینێ لە کۆشکی سەرۆککۆماریی (بەشتەپە) لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبنەوە. بڕیار وابوو، لە ٢٨ـی ئەم مانگە شاندەکە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوایەتەوە، بەڵام کاتەکەی دواخرا. ئەم کۆبوونەوەیە دوای هەنگاوە مێژووییەکەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی دێت کە بۆ قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک نایان، بەشێک لە هێزەکانیان لەو ناوچانەی کە مەترسی پێکدادانیان هەیە کشاندەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا
ماڵپەرى بەغدا ئەلیەومى عێراقى، ئەمڕۆ لەهەواڵێکدا بڵاویکردەوە، مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، دوو رۆژ لەمەوبەر بە نهێنی سەردانی بەغدادى کردوەو چاوی بە ژمارەیەکی بەرپرسی عێراقی کەوتوە. ئەم سەردانە نهێنیەشى دوای ئەوەیە 10 رۆژ لەمەوبەر وەک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە عێراق دیاریکراوە، بەپێى هەواڵى میدیا عێراقیەکە، لە میانەى کۆبونەوەکانیشیدا، بابەتى پرسی هەڵبژاردن و مانەوەی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و ستراتیژی واشنتن تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکانی بووە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، کە تائێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پشتڕاستینەکردووەتەوە، سەردانەکەی ساڤایا دوور لە چاوی کەناڵەکانی راگەیاندن ئەنجامدراوە، بە هۆی ئەوەی سەردانەکەی بۆ پرسی سیاسی هەستیار بووە و گفتوگۆ لەسەر ستراتیژی داهاتووی ئەمەریکا بۆ عێراق، مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، هەڵبژاردن و هاوپەیمانێتییەکانی دوای هەڵبژاردن کراوە. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرپرسانی عێراق، دوو رۆژ لەمەوبەر مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، بە نهێنی سەردانی بەغدادی کردووە و زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پارتە سیاسییەکان و بەرپرسانی عێراق ئەنجامداوە. یەکشەممەى ڕابردوتر، ٢٠ى ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 'مارک ساڤایا'ـی وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دەستنیشانکرد، کە بازرگانێکی ویلایەتی میشیگنە و لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا سەرپەرشتیی تیمی بانگەشەی ترەمپی لەو ویلایەتە دەکرد. مارک ساڤایا، بازرگانێکی خەڵکی ویلایەتی میشیگنە و بە کارەکانی لە پیشەسازیی "کێنەبس"دا بەناوبانگە، کە جۆرە گیایەکە لە بواری پیشەسازیی دەرمانیشدا سوودی لێ دەبینرێت. مارک ساڤایا یەکێکە لەو کەسانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤدا هەبووە. ئەو بارمتەیەکی ئیسرائیلی بوو کە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک لە بارمتەبوونی لەلای گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئازاد کرا. دانانی مارک وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق، لە بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکادا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، ئەوەش بەهۆی ڕابردووی بازرگانیی پێشووی و نەبوونی ئەزموونی پێشووتری لە بواری دیپلۆماسیدا.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى ناوەندى ڕاگەیاندنى هەسەدە، ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزور کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی ئەنجامدا و ڕێوشوێنی نوێی بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پەسەند کرد. ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی ئەنجامدا، بە بەشداری فەرماندەکانی لیوا و سەرکردەکانی ئەنجومەنی سەربازی و یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ئەو تەحەددایانەی بەردەم سەقامگیری لە دێرەزور کراوە. هەر بەپێى ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانیەکە ئامادەبووان هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی ئەمنی ئێستای ناوچەکە کرد و باسیان لە میکانیزمەکانی باشترکردنی ئامادەیی شەڕ کرد. هەروەها پلانی نوێیان داڕشت بۆ بەرزکردنەوەی هەماهەنگی نێوان ئەنجوومەنە سەربازییەکان و یەکە مەیدانییەکان بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی شانەکانی داعش و باشترکردنی ئەدای ئەمنی و سەربازی هێزەکانی ئەنجومەنەکە. کۆبوونەوەکە بە کۆمەڵێک بڕیاری کردەیی بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کارایی شەڕڤانان و سەرکردە سەربازییەکان کۆتایی هات. لەوانە دەستپێکردنی بەرنامەی ڕاهێنانی پێشکەوتوو و بڕوانامەدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شەڕ و تاکتیکی شەڕڤانان، دانانی میکانیزمی نوێ بۆ بەهێزکردنی کاری هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان لیواکان و ئەنجوومەنە سەربازییەکان و یەکینەکانی پاراستنی ژنان، پەرەپێدانی تواناکانی سەرکردایەتی و کارگێڕی لەناو ئەنجومەنە سەربازییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئامادەیی باڵاتر لە بەرامبەر ئاستەنگە ئەمنییەکان، هەروەها بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان سەربازییەکان ئەنجومەنەکان بۆ دەستەبەرکردنی هێڵەکانی دابینکردن، کارەکان و ژێرخانی. ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزۆر لە کۆتایی کۆبوونەوەکەیدا دووپاتی کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا وەک لە پێشینەی کارەکانی هێزەکانیان دەمێنێتەوە. جەختی لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان لیواکان و ئەنجوومەنە سەربازییەکان و یەکینەکانی پاراستنی ژنان تا نەهێشتنی تەواوەتی هەڕەشە ئەمنییەکان کردەوە.
لە یەکەم کۆنفرانسی کۆمۆنەکانی کانتۆنی جزیر کە لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی جزیری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوە دەچێت، دوای هەڵبژاردنی نوێنەرەکان، ڕۆانگەکانی ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە کۆمونەکان بە زمانی کوردی و عەرەبی خوێندرایەوە . لە کۆنفرانسەکەدا کە لە هۆڵی پارکی ئازادی قامیشلۆ بەڕێوەچوو ئاڵدار خەلیل هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بارودۆخی سیاسیی ناوچەکەی هەڵسەنگاند. ئاڵدار خەلیل بە ئاماژەدان بەوەی کە سیستەمی ئێستا دژی ژیانی ئاساییە، گوتی: " ئەگەر ئەم راستیانە نەبینین لە بارودۆخی ئێستا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تێناگەین. ١٠٠ ساڵ پێش نەخشەی ناوچەکەیان دیاری کرد. لە ئەنجامدا ناکۆکی و ململانێ کەوتە نێوان گەلان و تا ڕۆژی ئەمڕۆ ململانێەکان بەردەوامن، هەروەها ئەوان ململانێکانی غەززە و سووریا قوڵتر دەکەنەوە. ئێمەش لە نێوان ئەم ململانێانەدا شەڕ ئەزمون دەکەین، ئێمە ٥٠ ساڵە لە نێو شەڕداین. کاتێک جۆلانی لە دیمەشق دانرا گروپە چەتەکانیش هێرشیان کردە سەرئێمە چونکە وتیان ئێوەش وەک ئێمە دەبن. دواتر رێبەر ئاپۆ دەستێوەردانی کرد. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "من دەبینم بارودۆخی ناوچەکە بەرەو خراپتر دەڕوات" راگەیەندراوەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ وەستاندنی شەڕ لە بەنداوی تشرین کاریگەری لەسەر پلانە نێونەتەوەییەکانیش دانا. ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بە دۆخی تورکیا کرد و گوتی: "ئێستا دەیانەوێت دەستوەردان لە دۆخی تورکیا بکەن. ڕێبەر ئاپۆ هەموو ئەمانەی بەراوەرد کردووە. بۆ ئەوەش دەبێت دەستووری بنەڕەتی تورکیا بگۆڕدرێت، ئێمە بەساڵانە شەڕ دەکەین و هەبوونی خۆمان سەلماندووە. دەوڵەتی تورکیا ناچار بوو لە کۆتایید بڵێت کورد بوونی هەیە." ئاڵدار خەلیل جەختی لە هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری دێموکراتیک کردەوە و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ٢٠ساڵ لەمەوبەر هەوڵی بەدەستهێنانی چارەسەرەی دا. بەڵام لەو کاتەدا دەسەڵاتدارانی تورک ئەو تێگەیشتن و درکەیان نەبوو کە بتوانن لێی تێبگەن، ئێستا تێدەگەن ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت شەڕ و بارودۆخی تورکیا بگۆڕێت، گۆڕانکاریە بنەڕەتیەکان له تورکیا کاریگەری له سەر سووریاش دەکەن، ئێمە ئەمڕۆ له گەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆ دامەزراندنی سووریایەکی نوێ دانوستان دەکەین، بەڵام ئەوان دەستپێشخەری ناکەن خۆیان لە گۆشەیەکدا قەتیس کردووە، لەکاتێکدا ئێمە بە ساڵانە ئەو بەربەستانەمان شکاندووە. لەبەر ئەوە دەوڵەتی تورک بەشداری ناکەن. بەبێ بڕیاری تورکیا ناتوانن هیچ هەنگاوێک بنێن، بوێری ئەوەیان نییە کە هەڵوێست وەربگرن. لە ئێستادا پرسی گەڕانەوەی کۆچبەرانی عەفرین و سەرێکانی و گیرسپی لە رۆژەڤدایە بەڵام هەنگاو نانێن. هەروەها شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە له ژێر گەمارۆدایە، بۆیە هەموو کێشەکانی ئێرە پەیوەندییان بە دیموکراتیکبوونی تورکیاوە هەیە. یانێ هەموو ڕێگاکان دەچنەوە ئیمراڵی."
ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی و نێودەوڵەتی CSIS لە واشنتن، ژمارەیەک وێنەی نوێی مانگە دەستکردەکانی بڵاو کردووەتەوە کە دەریدەخەن ئێران بە شێوەیەکی فراوان، لە شاخێکی باشووری دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز، سەرقاڵی دروستکردنی تونێل و ژێرزەمینیە. دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەم 2025، ناوەندە ئەمەریکییەکە، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووتەوە و هاوپێچ ژمارەیەک وێنەی مانگە دەستکردەکانی لەگەڵدایە، کە نیشانی دەدەن ئێران، بەشێوەیەکی فراوان خەریکی دروستکردنی ژێرزمین و تونێلە لە شاخی "کولەنگ گاز"، لە باشووری دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز. بەمەش گومان لە خێرکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی لێ دەکرێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، وادیارە ئێران بە نیازە ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ شوێنێکی بەهێزتر و پارێزراوتر بگوێزێتەوە، کە بۆمبارانکردنی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە ئاسان نەبێت. ئەم هەنگاوەی ئێران لە کاتێکدایە لێکگەیشتنی نافەرمیی نێوان واشنتن و تاران دەربارەی سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت و هاوکات گرژییە هەرێمییەکان لە کەنداو و لوبنان و دەریای سوور زیادیان کردووە، ئەمانەش پرسی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێرانیان لە جاران ئاڵۆزتر کردووە. ئەم هەنگاوەی ئێران، بووتە جێگەی پرسیاری ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە نیاز و پلانە ئەتۆمییەکانی ئێران، پسپۆران، لایانوایە، دروستکردنی دامەزراوەیەکی گەورە لە قووڵایی ئەو شاخەدا، گوڕانێکە لە پلانی ئێران لە پرۆژە ئەتۆمییە چاودێری کراوەکەیدا بۆ پرۆژەیەکی پارێزراوی سەخت، کە وا دەکات ئێران بتوانێت چالاکیییە ئەتۆمییەکانی دوور لە چاوی چاودێران یان وێرانکردنی، گەشە پێ بدات.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی 20 فڕۆکەی جەنگیی یورۆفایتەر بە بەهای نزیکەی 11 ملیار دۆلارە ڕێککەوتوون. دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد. دوای کۆبوونەوەکە ستارمەر ڕایگەیاند: لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی یورۆفایتەر بە بەهای 10 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی 10 ساڵ واژۆ کردووە، دەشڵێت: ئەمە ڕێککەوتنێکی زۆر گرنگە، چونکە بۆ ماوەی ئەو هەموو ساڵە ئەو فڕۆکە جەنگیانە دروست دەکەین، بەمەش دەستی کار لە بەریتانیا زیاد دەکات. وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لەو بارەوە ئاماژەی داوە، ڕێککەوتنەکە لە 20 فڕۆکەی یورۆفایتەر پێکدێت، کە دەبێتە گەورەترین ڕێککەوتنی فڕۆکەی جەنگی، ڕاشیگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تواناکانی تورکیا و هێزی ناتۆ لە ناوچەکەدا پتەوتر دەکات. ئەردۆغان پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نوێی هاوکاریی بەرگری لەگەڵ بەریتانیا کرد و دوای واژۆکردنەکە گوتی: "ئێمە ئەم ڕێککەوتنە وەک هێمایەکی نوێی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان دوو هاوپەیمانە نزیکەکە دەبینین. ئاژانسی فرانس پرێسی لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، تورکیا دەیەوێت هێزی ئاسمانیی خۆی نوێ بکاتەوە و هەوڵی کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگیی ئەورووپا بە هاوبەشی لەلایەن بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیاوە دەدات. ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسێکی تورک ڕایگەیاندووە، بەریتانیا ئەمڕۆ ژمارەیەک فڕۆکە ڕادەستی تورکیا دەکات، بەبێ ئەوەی ژمارەکەیان ئاشکرا بکات و بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە فەرەنسییە پێ دەچێت دوو فڕۆکە بێت. واشنتن لە ساڵی 2019دا، بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ڕووسیی S-400، ئەنقەرەی لە پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35 دوور خستەوە. هەروەها چەند مانگێک لەمەوبەر سەرۆکی تورکیا سەردانی واشنتنی کرد و به مەبەستی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی F-35 لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک.
