شەیبانی لە کاتی کۆبوونەوەکە چی گوتووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. لە دوای هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە شەشی ئەم مانگە، قسە و باسی زۆر کرا لە بارەی کۆبوونەوەکەی دوو رۆژ پێشتری هەسەدە و حکومەتی دیمەشق، بەڵام زانیارییەکان لەو بارەیەوە کەمبوون. پێگەی ئەلمۆنیتەر چەندین زانیاریی نێو کۆبوونەوەکەی بڵاویکردووەتەوە، کە لەلایەن هەسەدە و حکومەتی دیمەشقەوە پشتڕاشتکراوەتەوە. پێگەی ئەلمۆینتەر دەڵێت، سەرەتا گفتوگۆکان بە ئاسایی بەڕێوەچووە، وەزیری بەرگری سوریا، مورهەف ئەبوو قەسرە سەرۆکایەتی شاندەکەی کردووە. فەوزا یوسف، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە کۆبوونەوەکەدا بووە و دەڵێت: رەفتاری شاندی سوریا لە کۆبوونەوەکەدا نامۆ بوو کە تێیدا باسمان لە وردەکارییەکانی تێکەڵکردنی هەدەسە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سوریا دەکرد، دواتر رازی بوون کە سێ لیوا بۆ هێزەکانی هەسەد پێکبێت، کە بریتین لە لیواکانی ژنان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سنوور. فەوزا یوسف دەڵێت، لامان سەیر بوو چونکە نەرمییەکی زۆری تێدا نوێنرا بوو، لەبەرئەوەی پێشتر ئەحمەد شەرع داوای هەڵوەشاندەوەی بێ مەرجی هەسەدەی دەکرد. هەر بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، وەزیری بەرگریی سوریا داوای لە شاندی هەسەدە کردووە رێگەیان پێبدەن بێنە ناو سنوورەکانیان بۆ پشکین و بەدواداچوون بە بیانوی ئەو ناوچانە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریان، بەڵام شاندی هەسەدە بە توندی رەتیانکردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون، هەر کاتێک لە پێنج ئۆتۆمبێل زیاتر بوون پێویستە مۆڵەت لە ئێمە وەربگرن. کەشی کۆبوونەوەکە چۆن تێکچوو؟ لە کۆبوونەوەکەدا کێڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سوریا وەک نێوەندگیر و پشتیگریکاری رێککەوتنی 10ـی ئازار بەشداری کۆبوونەوەکە بووە، بەڵام لەناکاو ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا خۆی دەکات بە ژووردا و داوا لە لامبێرت دەکات چەند خولەکێک بەجێیان بهێڵێت. بە گوتەی ئەلمۆنیتەر، دوای هاتنەوە ژوورەوەی شەیبانی کەشی کۆبوونەوەکە تێکچووە، دوای چەند خولەکێک گوتوویەتی، کۆبوونەوەکەمان بۆ هەشتی ئەم مانگە دواخستووە. شاندی هەسەدە دەڵێت: ئێمە ویستوومانە راگەیەندراوێکی هاوبەشی هەردوولامان هەبێت بۆ خەڵک بۆ ئەوەی رێژەی بەرەپێشچوونەکان بزانرێت، بەڵام لایەنی سوریا رەتی کردووەتەوە. پێگەی مۆنیتەر دەڵێت: تێکدان یان راگرتنی ئەم رێککەوتنە پلانێکی پێشوەختەی تورکیا بووە، چونکە ماوەیەکە گروپەکانی سەر بەخۆی و هێزەکانی سەر بە دیمەشق لە نزیک حەلەب کۆدەکاتەوە و چاوەڕێی کاتێکی گونجاوی دەکرد. دوای ئەوەی ئیسرائیل و سوریا رێککەوتینێکان واژۆکرد، تورکیا دەرفەتەکەی بەدەستهێنا. ئیتر دوای ئەمە خۆتان دەزانن چی روویدا، گروپەکانی سەر بە دیمەشق هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و زیاتر لە 155 هەزار دانیشتووی هەردوو گەڕەکەکە ئاوارەبوون و 28 کەسیش شەهیدبوون. هەرچەندە ماوەی پێنج رۆژ شەڕڤانان بەرخۆدانێکی مەزنیان کرد، بەڵام مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە رایگەیاند، بۆ رێگری لە هێرشی زیاتر لەگەڵ نێوەندیگیرانی نێودەوڵەتی رێککەوتوون بگەن بە ئاگربەست تاوەکو شەڕڤانان و خەڵکی سڤیل بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگوازنەوە.
هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان ڕایانگەیاند، هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و تورکیا کرد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن. هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان سەبارەت بە هێرشەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا لە دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب لە ناوەندی خۆیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست. هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلیچگون ئوچار، کەسکین بایندەر، سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، سەزای تەمەلی، وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگول دۆغان و پەرلەمانتارانی دەم پارتی ئامادە بوون. 'تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارەکانیان لەسەر پێشهاتەکانی ئەم دواییە و هێرشەکان لەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب کۆبوونەوە و گوتی: "حکومەتی دیمەشق بە شێوەیەکی ئاشکرا، بەپێی ڕێککەوتن مامەڵە ناکات. بە ئاڵای داعشەوە هێرش دەکەنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان. ئەوانەی ئەم کارە دەکەن گرووپێک دڕندەن. لە هیچ باوەڕی و فکرێکدا قبوڵ ناکرێت". 'وتیشی: "بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و ئەم هێرشانە دەستبەجێ ڕابگرن. هێرشەکانی هەتەشە و چەتەکان لە دژی مرۆڤایەتیین. ئامانجیان بێکورد کردنی حەلەبە. وەک دەم پارتی بۆ سووریا سیستەمێکی یەکسان و ئازادەمان دەوێت کە مافەکانی کورد دەستەبەر بکات. ئەگەر کورد لە سووریا لە سەلامەتییدا نەبێت، ئەوا ئارامی بەدی نایەت. تا هەموو گەلان و باوەڕییەکان ئازاد نەبن، ئاشتی لە سووریا بەدی نایەت". 'تونجەر باقرخان سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست و گوتی: "بە ئامانجگرتنی منداڵان و ژنان بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. ڕژێم هەموو ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکات. لێرەدا دەڵێین دەست لە بێڕێزیکردن لە بەرانبەر ژنانی کورد هەڵبگرن. بانگەواز لەو کەسانە دەکەین کە شەڕ بە گوڕ دەکەن، ڕێگە بۆ دیالۆگ خۆش بکەن. قسەکانی هاکان فیدان شەڕ و قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە. دەپرسین؛ دیپلۆماسیت یان سەرباز؟ ئەم قسانە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکە هەیە". 'ە کۆتایی قسەکانییدا تونجەر باقرخان گوتی: "ئەگەر لە حەلەب شەڕ و قەیرانەکان قووڵببنەوە لێرەدا چارەسەریی بەدی نایەت. چونکە کودەتایە لەدژی پرۆسەکە. چارەسەرەکە ڕوونە. دەبێت قەسەدە و تورکیا لەسەر مێزێک دابنیشن و پرسەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن. کەس ناتوانێت کورد لە حەلەب کۆچبەر بکات. کورد سەد ساڵە لە حەلەبدایە و هەمیشە لە حەلەب دەبێت".
لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانە تووندەکانی نێوان هێزەکانی سووپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی خۆسەر لە هەردوو گەڕەکەی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودی حەلەب، لانیکەم ٣٠ سەربازی سوپا کوژران. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیجێکی فەیسبووک، بە ناوی (أبن ريف حلب الجنوبي) کە هەواڵ و چالاکی گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە حەلەب بڵاوەدەکاتەوە. لەو شەڕەدا ٣٠ سەربازی سوپا کوژراون. پەیجەکە ناو و وێنەی ئەو٣٠ چەکدارەی بڵاوکردووەتەوە، هەندێکیان سەر بەو چوار فیرقەیەن کە هێرشیان کردە سەر ئەو دوو گەڕەکە. لە نێو کوژراوەکاندا چیرۆکی جیاواز هەن؛ یەکێک لە چەکدارەکان بەناوی (محەممەد یاسر رەحال) یەکشەممەی رابردوو ئاهەنگی هاوسەرگیری گێڕاوە و زاوا بووە. هەروەها سەربازێکی دیکە بەناوی (بەکری ئەبو نەزار) تاکە کوڕی خێزانەکەی بووە. بەشێکی زۆری ئەو چەکدارانە خەڵکی گوندەکانی باشووری حەلەبن و لە ریزەکانی هێزە زرێپۆشەکان و یەکە جیاوازەکانی وەزارەتی بەرگری بوون. شەممە 10-01-2026 هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''لەلایەن چوار فیرقەی سوپای عەرەبیی سووریاوە بە تانک، تۆپخانە، چەکی قورس و راجیمە هێرش دەکرێتە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.'' بە گوتەی نوێنەری مەسەدە لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، 42 هەزار چەکدار بوو. هۆشەنگ دەروێش سەبارەت بەو گرووپە چەکدارانەی بەشداری هێرشەکەیان کردبوو گوتی، فیرقەکانی 60 و 80 کە تووندڕەوترین گرووپەکانی سەر بە دەستەی تەحریری شام بوون، هێرش دەکەن کە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی ''ئەبو قوتەیبە منبجی'' سەرپەرشتی دەکرێن. هەروەها فیرقەی 76 کە بە ''حەمزات'' دەناسرێت و لەلایەن سەیفەدین ئەبوبەکرەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لەگەڵ فیرقەی 72 بە سەرۆکایەتیی خەتاب ئەلبانی، لە هێرشەکاندا بەشدارن. ناوی بەشێک لەو چەکدارانەی سوپای عەرەبیی سووریا کە لە شەڕی حەلەب کوژراون: عەبدولمەلیک سولەیمان زەکی مەحموود حوسێن تەها ئەلحابوون محەممەد سائیر حەمۆ محەممەد یاسر رەحال ئیبراهیم عەمار محەممەد عەلی بەکری ئەبو نەزار عامر زەبەدییە یەحیا محەممەد عەلی یاسین محەممەد جەمال عەزووز محەممەد عەبدوڵڵا عومەر عەبدوڵڵا کوڕی حەمید حەمیدی محەممەد حاجی عەبدوڵڵا حەسەن پاشا ئیبراهیم سامر ئایە قوسەی ئەحمەد قادری (سەربازی هێزە زرێپۆشەکان) حەسەن محەممەد حوسێن عەبوود محەممەد خەڵەف عەلی رەیاش محەممەد رەحمۆ سەید ئەبو بەرائ حەمەوی (لە فیرقەی 60) محەممەد خەلیل دیاب بیلال مەحموود بیلال حوسێن ئیسماعیل ئیبراهیم مەحموود خالید ئیبراهیم نیعمە
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئەو کوشتوبڕ و کۆمەڵکوژییەی سوپای عەرەبیی سووریا لە هەردوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب بەرامبەر کورد کردوویەتی، زۆر لەوە زیاترن کە تا ئێستا بڵاو کراونەتەوە؛ بە جۆرێک هاوتای ئەو کۆمەڵکوژییانەش نییە کە لە ناوچەکانی دیکەی سووریادا کراون. ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئاڤای ڕاگەیاند: "سڵاو دەگەیەنم بە سوورەیا حوسێن و پێی دەڵێم خوا سەرکەوتووی بکات بەرامبەر ئەوەی ئەنجامی دا؛ بەڵام میوانەکەی موسا عومەر کەسێکی قین لە دڵە بەرامبەر کورد و کێشەکەی تەنیا پەیوەست نییە بە هەسەدەوە؛ قسەکانیشی ڕاست نین کە دەڵێت کوردم خۆش دەوێت و دەمەوێت لە قامیشلۆ چاوم پێیان بکەوێت." وتیشی: "ئەو تاوان و کوشتوبڕەی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەرامبەر کورد کراوە، تا ئێستا ئەوەی بینراوە لەچاو ئەوەی کراوە هیچ نییە؛ بەتایبەتی ئەوەی لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا کراوە، زۆر لەو کوشتوبڕە زیاترە کە لە ناوچەکانی دیکەدا کراوە.. موسا عومەر سەرڕمی هاندانە دژی کورد."
ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە رووداوەکانی گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی دەڵێت: گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب کەوتە بەر هێرشێکی سەربازی لە چوارچێوەی پلانێکی تورکیاو بە پاڵپشتی بێدەنگی زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان. جەختى کردەوە کە ئەم هێرشە ئەڵقەیەکی نوێيە لە زنجیرە کۆمەڵکوژییەكان كە دژی دانیشتوانی کەنارەکانی سوریاو خەڵکی پارێزگای سوەیدا ئەنجامدراون. ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا پێشى وایە ئەم هێرشە بۆ ماوەی شەش رۆژی لەسەریەک بەردەوام بوو، لە بنەڕەتدا هێرشێکی نێودەوڵەتی بوو بۆ سەر دوو گەڕەکی نیشتەجێبوون. وتیشى: هەزاران ئەندامی گروپە چەکدارەکان لەناویاندا ئەندامانی داعش بەشدارییان لە هێرشەکەدا کرد، لەبەرامبەر چەند سەد کارمەندێكی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ. ـ شەڕێکی نایەکسان بوو لە هەموو ڕوویەکەوە، دوور بوو لە بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان و یاسا دانپێدانراوەکانی جەنگ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. ـ هەڤاڵانمان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە بەرخۆدانێکی مێژوویی و قارەمانانە روبەڕوی ئەم دەستدرێژییە بوونەتەوە و بەرگرییان لە خەڵکی سڤیل و گەلەکەمان لە هەردوو گەڕەکەکەدا کرد. 🔹قارەمانەكانمان بەرزترین واتاكانی فیداكاری و قوربانیدانیان نەخشاند. 🔹فەرماندە زیاد و ئازاد دڕەندەترین هێرشەکانیان شکاندو بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە سەرکردایەتی بەرخۆدانیان کرد، تا دەگاتە هەڤاڵانمان هاوار، دلبیرین، ڤیان، فرشین، رۆژبین، و دەنیز، کە بە کردەوەی فیداکارییەکانیان بەرزترین پلەی پابەندبوونیان بە بەهاو دۆزی گەلەکەیان بەرجەستە دەکرد. 🔹قوربانیدانەکانیان بۆ هەمیشە لە ویژدان و هزری گەلەکەماندا بە نەمری بمێنێتەوە. 🔹دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوو گەڕەکە لەلایەن گروپە چەکدارەکان سەركەوتن نییە بەڵکو خیانەت و تاوانێکی گەورەیە لەلایەن دەسەڵاتێکەوە کە بانگەشەی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکات. 🔹ئەمە دەسەڵاتێکە بانگەشەی پابەندبوون بە ئیسلامەوە دەکات، لە هەمان کاتدا جەستەی مردوو دەشوێنێتو سو كایەتی بە پێكهاتەكانی کۆمەڵگا دەكات. 🔹هەر دەسەڵاتێک پشت بە دەوڵەتێکی تر ببەستێت بۆ چەوساندنەوەی گەلەکەی خۆی، شەرعیەتی خۆی لەدەست دەدات. 🔹ئەو کۆمەڵکوژی و پێشێلکاری و سوکایەتیانەی بەرامبەر گەلەکەمان و شەهیدەکانمان دەکرێت بێ سزا ناڕوات و برینەکانیان لە ویژدانماندا زیندوو دەمێننەوە تا لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان دەکرێت. 🔹داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و مرۆییەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و چاودێری بارودۆخی مرۆیی و ئەمنی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بکەن. 🔹داوای جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی لەو دوو گەڕەکە دەکەین بۆ ڕێگریکردن لە تاوانی زیاتر. 🔹بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی متمانە بە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت، کە لەلایەن کەسانی خاوەن ئایدۆلۆژیای توندڕەو و سەر بە داعشەوە سەرکردایەتی دەکرێن. 🔹بەو پێیەی ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشە کاریگەری گۆڕینی دیمۆگرافییە، ئێمە بانگەوازی خەڵکی خۆراگری خۆمان دەكەین لە دوو گەڕەکەکە کە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، داواش لەو کەسانە دەکەین کە ئاوارە بوون بگەڕێنەوە.
سلێمانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەپارێزێت ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەو بەرخۆدانە مەزنەی ئێستا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب دەکرێت بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ کار و چالاکی گەنجێکی سلێمانی کە چەندین ساڵ بەرخۆدانی کردووە و پێگەی گەڕەکەکانی پتەو کردووە بۆ بەرگریکردن لە هێرشی دوژمنان. ئەو گەنجە بروسک جەمال سابیرە کە بە فەرماندە باکوور جیلۆ ناسراوە و لەناو گەڕەکە کوردییەکان ناوێکی دیارە چونکە سێ ساڵ لەوێ فەرماندەی کەتیبەی ئەلئەکراد بووە و دژی گروپەکانی سەر بە تورکیا و داعش شەڕی کردووە. بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فورات نیوز، باکوور جیلۆ سەرەتا لە کۆبانێوە هاتووە بۆ گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب لەساڵی 2013 و دواتر لەوێ ماوەتەوە، هەرچەندە پێیان گوتووە بچێتەوە بۆ کۆبانێ، بەڵام ئەو گوتوویەتی: ئێرە پێویستى بە کارى زۆر هەیە، پێویستە رەنجێکى زۆر بۆ ئێرە بدرێت. هەڤاڵان لەوێن و دەتوانن کارەکانى منیش لەوێ ئەنجام بدەن. فەرماندە باکور جیلۆ شارەزایەکی زۆر وردی لە تاکتیکەکانی جەنگ هەبووە و دەوترێت: خەڵکی ئەو دوو ئەو دوو گەڕەکە لەسەر دەستی ئەو فێری خۆبەڕێوەبەرێتی و شەڕی تونێڵ و کۆڵان بە کۆڵان بوون، فێری بێواتاکردنی گەمارۆکان و تەکنەلۆژیای شەڕ بوون. مەزڵوم خەلیل کە یەکێک بووە لە شەڕڤانانەکانى بەرخۆدانى حەلەب ئا بەم جۆرە باسی سەرکردایەتی باکوور جیلۆ دەکات و دەڵێت: ئەو فێرى دەکردین، دەبێت چۆن شەڕ بکرێت و ورەى بە هەموو کەس دەبەخشی، دەیگوت، شێخ مەقسود ناموسمانە و نابێت لە دەستى بدەین، هەڤاڵ باکوور ورەى دەداینێ و دەیگوت، نابێت ورەتان بڕوخێت، ئەو شوێنانەى کە لە دەستمانداون دەبێت بە دەستیان بهێنینەوە، ئێمەش بە شەڕ گەڕاینەوە و ئەو کۆڵانانە و ئەو شوێنانەى لە دەستمان دابوون، کۆنترۆڵمان کردنەوە. تەنانەت باکور جیلۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکانی یەکخستبوو و لە ژێر فەرماندەیی ئەودا دژی گروپەکانی سەر بە تورکیا دەجەنگان و دانیشتوویەکی گەڕەکە کوردییەکان لەبارەی فەرماندە باکور جیلۆ دەڵێت: هێزی کەتیبەی ئەلئەکراد لە پێکهاتە جیاوازەکانی کورد، عەرەب و تورکمان پێکهاتبوو، هەموویان بە پێشەنگایەتی شەهید باکور دەجەنگان. پشگیرییەکی بەهێزی مادی و مەعنەوی پێدەدان و مۆراڵیان لێیەوە وەردەگرت. هەڤال باکور کەسێتیەکی دەگمەنی هەبوو، هەم پێشەنگی شەڕی دەکرد، هەمیش لەناو خەڵکدا بوو. بروسک جەمال سابیر لە ساڵی 1984 لە سلێمانی لەدایکبووە و لە ٤ی نیسانی ٢٠١٦دا لە ناو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەدا گروپەکانی سەر بە تورکیا هێرشیان دەستپێکرد، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا باکور جیلۆ لە ٧ی نیسانی هەمان ساڵ شەهیدبوو. رۆژنامەنووس زمناکۆ ئیسماعیل لەبارەی فەرماندە باکور جیلۆ بەسەرهاتێکی خۆی و گەنجێکی رۆژئاوا دەگێڕێتەوە و دەڵێت لە قەندیل چاوی بە گەنجێکی کوردی حەلەب کەوتووە و پێی گوتووە: کوردەکانی حەڵەب قەرزداری سلێمانین، چونکە فەرماندە باکور خەڵکی سلێمانییە، ئەو توانی گەڕەکە کوردییەکانی حەڵەب بپارێزێ و فەرمانداری کورد بکات لەوێ، ئەگەر ئەو نەبووایە، دەمێک بوو کورد لەو شارە و لەو دوو گەڕەکە ببوو بەژێر پێی عەرەب و تیرۆریستانی داعشەوە.
هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان کە تائێستاش بەرامبەر سوپای عەرەبی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی دیمەشق، لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بەرگری دەکەن، ڕایگەیاند، هەواڵی گواستنەوەی هێزەکانیان بە پاس بۆ ڕۆژهەڵاتی فوڕات "درۆ و چەواشەکارییە"، ئەوانەشی لە ڤیدیۆکان دەرکەوتوون خەڵکی مەدەنین کە بەزۆر کۆچیان پێکراوە. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب بڵاویکردەوە، میدیای حکومەتی دیمەشق و سوپای عەرەبی سووریا، وێنەی ژمارەیەک پاسی بڵاوکردووەتەوە کە خەڵکی ئاوارەکراوی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە ژێر تۆپباران و کردنە ئامانجی خۆیاندا دەگوازنەوە، بە "درۆ و چەواشەکارییش دەڵێن ئەوە گواستنەوە هێزەکانی ئاسایشن" بەرەو ڕۆژهەڵاتی فوڕات. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب دەشڵێت، ئەم هەواڵە سەرلەبەری "درۆ و ناڕاستە"، ئەوانەی لە ڤیدیۆکان دەرکەوتوون خەڵکی مەدەنین کە بە زۆر لە ناوچەکانیان ئاوارە کراون، بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بێ ماڵ و حاڵ بوون، جگە لەوەش ئەم گرووپانە دوو گەنجی مەدەنییان شوێن بزرکردووە و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا (بە نوێنەرایەتی دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ روبیۆ) لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆکی سوریا کۆبووەوە و وردەکاریی هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمەریکای ئاشکرا کرد: دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە سزاکانی سەر سوریا هەڵبگرێت بۆ ئەوەی "دەرفەتێک بدات" بە حکومەتە نوێیەکە بۆ بوژانەوە و سەقامگیری. تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت: ئەمڕۆ بەناوی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ وبیۆ وەزیری دەرەوە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریاو ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەو ئەندامانی تیمەکەیان لە دیمەشق کۆبوومەوە، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب هەنگاونان لە قۆناغی گواستنەوەی مێژوویی سوریا. باراك لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: سەرۆک ترەمپ پێی وایە ئەم ساتە نمایندەی دەرفەتێکی سەرەکی دەکات بۆ سوریایەکی نوێ، دەوڵەتێكی یەکگرتوو کە هەموو پێكهاتەكانی بە عەرەب، کورد، دروز، مەسیحی، عەلەوی، تورکمان، ئاشوری و ئەوانی دیکەشەوە، بە ڕێز و شكۆوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و بەشدارییەکی ماناداریان پێبدرێت لە دامەزراوەکانی حوکمڕانی و ئاسایشدا، بە داننان بەم دەرفەتە، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەڵگرتنی سزاکان بۆ ئەوەی "دەرفەتێک بدرێت بە سوریا" بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت. حکومەتی ئەمریکا پێشوازی لە گواستنەوەی مێژوویی سوریا دەکات و پشتگیری لە حکومەتی سوریا دەکات بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع ، ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی لە هەوڵەکانی شکستپێهێنانی داعش و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری لە سوریا کردووە، لەوانەش لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی پێداگری پۆڵاین و هاوبەشیمان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە قوربانیدانەکانیان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی هەمیشەیی لە دژی تیرۆر زۆر گرنگ بووە. لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتی سوریا پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنی یەکگرتن دووپاتکردەوە کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات واژۆکرابوو، کە چوارچێوەیەک بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لە دامەزراوە نیشتمانییەکاندا بە شێوەیەک دابین دەکات کە مافەکانی کورد بپارێزێت و یەکێتی و سەروەری سوریا بەهێز بکات. پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب کە پێدەچێت تەحەدای مەرجەکانی ئەم ڕێککەوتنە بکەن، بە قووڵی نیگەرانکەرن، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین ئەوپەڕی دان بەخۆگرتن پیادە بكەن و دەستبەجێ واز لە شەڕ و پێکدادانەکان بهێنن و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان بە پێی رێککەوتنەکانی ١٠ی ئازار و ١ی نیسانی ٢٠٢٥، لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات. توندوتیژی هەڕەشەی تێکدانی ئەو پێشکەوتنانە دەکات کە لە دوای رووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە بەدەست هاتووە و دەرگا بەڕووی دەستێوەردانی دەرەکیدا دەکاتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی کەس ناکات. تیمی روبیۆ لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئاسانکاری بۆ بەشداریکردنی بونیادنەر لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ پێشخستنی پرۆسەی یەکگرتنی هەمەلایەنە و بەرپرسیارانە- پرۆسەیەک کە ڕێز لە یەکێتی سوریا بگرێت، بنەمای یەک دەوڵەتی خاوەن سەروەری دووپات بکاتەوە و پشتگیری لە ئامانجی یەک سوپای نیشتمانی شەرعی بکات. ئامانجی کۆتایی سوریایەکی خاوەن سەروەری و یەکگرتووە لە ناوخۆدا و لەگەڵ دراوسێکانیدا بە ئاشتی بژی، کە یەکسانی و دادپەروەری و دەرفەت بۆ هەموو هاوڵاتیانی گەرەنتی بکرێت. داوا لە دراوسێکانی سوریاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین پشتگیری لەم دیدە بکەن و هاوکاری و پشتیوانی پێویست پێشکەش بکەن و یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی ببێتە واقیع.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بەرخودانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بە بەشداریی چەکدارانی داعش بەڕێوە دەچێت. هەینی، 9ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکات. هاوکات بەڕێوەبەرایەتییەکە، ستایشی ئەو بەرگرییەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەکات کە لە6ـی ئەم مانگەوە دەستی پێکردووە و بە "بەرخودانێکی قارەمانانە و بەرجەستەکاری باڵاترین ماناکانی بەرگری لە کەرامەت و بوون" پێناسەی کردووە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بە قەبارەی وێرانکارییەکان کردووە و ڕایگەیاندووە: "بە شێوەیەکی سیستماتیک مزگەوت، قوتابخانە و ماڵەکان کراونەتە ئامانج. نەخۆشخانەی گەڕەکە کوردییەکان بەهۆی بۆردومانەوە وێران بووە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا،بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە بە بەشداریی گرووپە توندڕەوەکان ئەنجام دەدرێن، کە بەڵگەکان و دروشمەکانیان ئاماژەن بۆ سەر بە داعش بوونیان. ئامانج لەمەش "زیندووکردنەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و گۆڕینی دیمۆگرافیی شاری حەلەبە". بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بڕیاری "ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە" دەربڕی، کە بڕیاری مانەوە و بەرگرییان داوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بڕیاری مانەوە و بەرگری، گوزارشتە لە ئیرادەیەکی جەماوەریی ئازاد، گەلەکەمان متمانە بە لایەنێک ناکات کە دەستی لە خوێنی مەدەنییەکاندا هەبێت". لەبارەی هەڵوێستی وڵاتان، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕەخنەی توندی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە گەرەنتییکارەکانی ڕێککەوتنەکانی پێشوو (10ـی ئادار و 1ـی نیسان) گرت و ئەو بێدەنگییەی بە "هاوبەشیکردنی ناڕاستەوخۆ لە تاوانەکان" ناو برد. لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە هەموو هێزە دیموکراتخوازەکان و ئازادیخوازانی جیهان کرد پشتیوانی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بکەن، جەختیشی کردەوە کە "سەرکەوتنی ئەم بەرخودانە، سەرکەوتنە بۆ کەرامەتی سووریا و مرۆڤایەتی بەگشتی". ماوەی چوار ڕۆژە سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمانی ئەحمەد شەرع، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە. سوپای عەرەبیی سووریا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە چەکی قورس و بە تانک، بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتیی کە دانیشتووی ئەو گەڕەکانە بوون، ئاوارە بوونە، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای شەرع، تا ئێستا زیاتر لە 23 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 100ـی دیکەش بریندار بوونە.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت لە سیاسەتی نوێماندا، کە بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران نەتانیاهۆ دارێژراوە، دەبێت سوپای ئیسرائیل وەک قەوارەیەکی پارێزەر خزمەت بکات لەنێوان هێزە جیهادییەکان و کۆمەڵگەی ئیسرائیلیدا. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت: ♦️ بۆیە سوپای ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی شاخی حەمرۆن (جەبەل شێخ) و زۆنی ئەمنی سوریای بەدەستەوەیە و لەوێوە پارێزگاری لە کۆمەڵگەکانی بەرزاییەکانی جۆلان دەکەین. ♦️ ئیسرائیل گەرەنتی پاراستن و سەلامەتی دروزەکان دەکات لە سوریا و ناهێڵێت زیانیان پێبگات، ئەمە هاوپەیمانیەتییەکی برایەتی راستەقینەیە لەگەڵ برا دروزەکانمان. ♦️ ئەم سیاسەتە لە بەرەی پێشەوەی هەموو سنوورەکان کاری پێدەکرێت و هەرواش دەمێنێتەوە.
ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەڵێت، جارێکی دیکە گروپەکانی سەر بە دیمەشق هەڵاتن و نەیانتوانی بێنە نێو گەڕەکی شێخ مەقسودەوە دوای ئەوەی دوو هێرشیان بە پشتیوانی چەکی قورس و تانک ئەنجامدا و سەرجەم هێرشەکانیانمان شکستپێهێنا. لە چوارەم ڕۆژی بەردەوامیی تۆپبارانەکاندا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب تێکشکاندنی دوو هێرشی قورسی سوپای عەرەبی سووریا و میلیشیاکانیان بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود ڕاگەیاند، کە بە پشتیوانیی تانک و چەکی قورس لە میحوەری وادی زەیتونەوە هەوڵی پێشڕەوییان دەدا. هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-حەلەب ڕایانگەیاند، لە نوێترین پێشهاتدا، سوپای عەرەبی سووریا، کە لە میلیشیاکانی عەمشات، هەمزات و نورەدین زەنکی پێکهاتبوون، دوو جار هەوڵی هەڵکوتانە سەر گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەبیان دا. دەشڵێت، هێرشەکان لە قۆڵی وادی زەیتونەوە دەستیان پێکردووە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە تانک و چەکی قورس پشتیوانی کراون. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانیویانە هەردوو هەوڵەکە پووچەڵ بکەنەوە و بەرپەرچی هێرشەکە بدەنەوە، بەمەش هێزەکان ناچار بە پاشەکشە کردووە. هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشانەدا، ماوەی چوار ڕۆژە لەسەریەک گەڕەکی شێخ مەقسوود لەلایەن سوپای عەرەبی سووریا ڕووبەڕووی تۆپبارانی بەردەوام دەبێتەوە.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری یەکەی توێژینەوەی وزە لە واشنتن، هەناردەی نەوتی عێراق لە ساڵی 2025ـدا، بەراورد بە پار، 2% کەمی کردووە، کە دەکاتە 61 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. یەکەی توێژینەوەی وزە رایگەیاندووە، تێکڕای هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی دەریاوە لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 3.336 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024ـدا 3.397 ملیۆن بەرمیل بووە. کەمبوونەوەکە، هاوکاتە لەگەڵ پابەندبوونی بەغدا بە کەمکردنەوەی ئارەزوومەندانەی ئاستی بەرهەمهێنان و رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی جیهان. مانگی شوبات، بەرزترین ئاستی هەناردەکردنی نەوتی لە ساڵی 2025ـدا تۆمارکردووە کانوونی دووەم: 3.299 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا شوبات: 3.485 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا ئادار: 3.280 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا نیسان: 3.319 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا ئادار: 3.207 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا حوزەیران: 3.331 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تەممووز: 3.385 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا ئاب: 3.34 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا ئەیلوول: 3.413 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تشرینی یەکەم: 3.435 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تشرینی دووەم: 3.282 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کانوونی یەکەم: 3.248 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا جگە لەو بڕە نەوتەی لەرێگەی دەریاوە هەناردە دەکرێت، مانگانە نزیکەی 400 بۆ 450 هەزار بەرمیل رادەستی ئوردن دەکرێت، کە بە تێکڕا رۆژانە 15 هەزار بەرمیل دەکات، ئەمەش بەپێی رێککەوتنێکی نێوانیان کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بەردەوام بوو. بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی یەکەی توێژینەوەی وزە، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ساڵی 2025ـدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و گەیشتووەتە 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بە بەراورد بە نزیکەی 4.17 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە ساڵی 2024. پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ساڵی 2026ـدا بەرزببێتەوە و تاوەکو کۆتایی چارەکی یەکەمی ساڵەکە بگاتە 4.273 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. رۆژی 30ی تشرینی دووەمی پار، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رێککەوت لەسەر هێشتنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەک خۆی تاوەکو ساڵی 2026 و بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی هاوپەیمانییەکە رۆژی 7ی حوزەیرانی 2026 بکرێت. لە ساڵی 2016 رێکخراوی ئۆپێک لەگەڵ 10 بەرهەمهێنەری دیکەی نەوت هاوئاهەنگییان لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ سەقامگیریی بازاڕ، هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی ئۆپێک پڵەس دروستکرد.
دوای ئەوەی وەزارتەی ناوخۆی سوریا داوای چۆڵکردنی گەرەکەکانی کرد، ئەنجومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە رایگەیاند، لە سێ رۆژی رابردودا، گەڕەکەکانیان روبەڕووی هێرشی چەکی قورس و بۆردوومانی بەهێز بووەتەوە، مزگەوت، قوتابخانە، نەخۆشخانە، ماڵی هاووڵاتییان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ کراونەتە ئامانج و رەتی دەکەینەوە گەڕەکەکانیان چۆڵ ناکەن. ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەو هێرشانە دژی ناوەرۆکی ناوەڕۆکی یەکی نیسانە و ئامانجیش لێیان ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییە دژ بە گەلەکەیان، کە بۆ سەدان ساڵە لەم گەڕەکانەدا نیشتەجێن و ئەمە دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی راگواستنی زۆرەملێیە، واتە هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شار و گەڕەکەکانیان. ئەوەشان خستوەتەڕوو، حکومەتی کاتی دیمەشق هێرشەکان بە ناوی "سوپای نوێی سووریا" ئەنجام دەدات، بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا و ئەو گروپانەی سەر بەو دەوڵەتەن. لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکدا هاتووە، ئەو بانگەوازەی، کە هێزەکانی حکومەتی کاتی دیمەشق ئاراستەی کردون، بانگەوازێکە بۆ خۆبەدەستەوەدان، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر مانەوە و بەرگریکردن. ئەنجومەنەکە دوپاتیکردوەتەوە، لە رەوشی ئێستادا، کۆمەڵکوژی دژ بە هاوڵاتییانی مەدەنی لەو ناوچانەدا ئەنجام دەدرێت و هێرش و مەترسیی کۆمەڵکوژی دژ بە هاووڵاتیانی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرافییە تا ئێستاش بەردەوامە، کە گروپەکان پێشڕەوییان تێدا کردووە و هەمان ئەو کردار و کۆمەڵکوژییانەی کە دژ بە عەلەوییەکان و دروزییەکان ئەنجام دران، ئێستا هەوڵ دەدرێت لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب جێبەجێ بکرێن. ئەنجومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، رەتیشیان کردوەتەوە گەرەکەکانیان بەجێبهێڵن، سەرەرای ئەوەی بەهۆی بۆردومانەکانەوە ژمارەیەکی زۆر قوربانی هەیە، کە منداڵ و ژنیان تێدایە، گەرچی رەوشی ئەو دوو گەڕەکە لە قەیرانێکی قوڵدایە دوپاتی دەکەنەوە وەک بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، فشاری سەپێندراو لەسەر گەلەکەیان و گەڕەکەکانیان قبوڵ ناکەن.
ئەو گروپانە کێن لەژیر ناوی حکومەتی سوریا شەڕ بۆ تورکیا دەکەن؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی ماوەی سێ رۆژە چوار گروپی سەر بە دیمەشق هێرشی ناڕەوایان بۆسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستپێکردووە، بەڵام لە راستیدا ئەمانە چەکداری بەکرێگیراوی تورکیان و لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریی سوریا چالاکی ئەنجامدەدەن. لەم راپۆرتەدا بەوردی باسیان دەکەین کە چۆن دامەزراون و پەیوەندییان بە تورکیاوە چییە. ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ناسنامەی ئەو چوار گروپەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هەریەک لە فیرقەی سوڵتان سولەیمان شا، فیرقەی سوڵتان موراد، فیرقەی حەمزە و بزووتنەوەی نورەدین زەنکی هێرشی سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئەنجام دەدەن. با لە فیرقەی سوڵتان مورادەوە دەستپێبکەین چونکە ئەمە گرنگترینیانیە. فیرقەی سوڵتان موراد لە ئازاری ساڵی 2013ـەوە دروستبووە و سەرکردەکەی فەهیم عیسایە کە یاریدەدەری وەزیری بەرگری سوریاشە بۆ کاروباری باکووری سوریا. ئەم گروپە لە پێکهاتەی تورکمان دروستبووە و تورکیا چەندین ساڵە هاوکاری دارایی و سەربازیی دەکات و تەنانەت راهێنانیشی پێدەکات. فەهیم عیسا چەند جار سەردانی تورکیای کردووە و لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەوە پێشوازی لێکراوە، لەوانە سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری پێشووی ناوخۆی تورکیا لە ساڵی 2021 و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە ساڵی 2023. گروپی دووەم فیرقەی سوڵتان سولەیمان شایە کە بە فیرقەی عەمشات ناسراوە و لەلایەن ئەبو عەمشەەوە سەرکردایەتی دەکرێت. ئەبو عەمشە، کە ناوی تەواوی محەمەد جاسمە لەساڵی 2018 هێزەکەی دامەزراند وهەر زوو خۆی خزاندە نێو سویا نیشتمانی سوریا کە ئەوکات سوپای ئۆپۆزسیۆنی سوریا بوو و تورکیا پشتگیری تەواوی دەکرد. کەناڵی بی بی سی عەرەبی دەڵێت، ناوی گروپەکە لە سولەیمان شا، باپیرە گەورەی عوسمانی یەکەمەوە، وەرگیراوە کە دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە، ناوەکەش گوزارشتە لە سیاسەتی پاوانخوازی ئێستای تورکیا. دامەزراوەی جەیمستاونی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا باس لە ئەبو عەمشە دەکات ودەڵێت، هەر زوو وەک کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەرکەوت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی دەکرد. دامەزراوەکە باس لەوە دەکات، ئەبو عەمشە بووە سیمبولێکی ناسراوەی تورکیا و پاڵپشتیکارانی شوناسی سوننی لە سوریا. گروپی سێیەم فیرقەی حەمزەیە کە بە حەمزات ناسراوە و ئەمیش لە 2012 بۆ 2013 دامەزراوە. سەیفەدین بولاد کە بە سەیف ئەبوبەکر ناسراوە سەرکردایەتی ئەم گروپە دەکات و چەندین ساڵە هاوکاری لۆجیستی و دارایی لە ئەنقەرەوە پێدەگات. فیرقەکە بەشێک لە شارۆچکەکانی وەک ئەلباب، جەرابلوس و بەشێکی عەفرین بەڕێوە دەبات. هەریەک لە فیرقەی حەمزە و عەمشات پێشتر چەندین جار بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی رۆژاڤا کردووە. گروپی چوارەم بزووتنەوەی نورەدین زەنکییە، لە ساڵی 2014ـەوە دروستبووە و شێخ تەوفیق شەهابەدین سەرکردایەتی دەکات. ئەم فیرقەیە چەندین جار بەیعەتی خۆی بۆ گروپە جیاوازەکان گۆڕیوە و ساڵی 2017 چووە نێو دەستەی تەحریر شام، بەڵام زۆری پێنەچوو، لێی جیا بوویەوە و شەڕی دژی راگەیاند، تا لە ساڵی 2019 دەستەی تەحریر شام بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع بزووتنەوەی نورەدین زەنکی تێکشکاند، دواتر چوونە عەفرین و تێکەڵ بە سوپای نیشتمانی سوریا کران. ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەڵێت، هەموو ئەم گروپانە لە لسیتی سزا نێودەوڵەتییەکاندان بەهۆی تاوان و سەرپێچیکردنیان لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەشداریکردنیان لە چەندین کشتوبڕ و تاوانی گەورەی دیکەدا. گروپی حەمزە و عەمشات و سەرکردەکانیشیان لەساڵی 2023ـەوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان. چەندین پێشێلکاری ئەم دوو گروپە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمارکراوە، وەک بەئامانجگرتنی نەژادی، کوشتنی نارەوا و توندوتیژی سێکسی دژی کەمە نەتەوایەتییەکان، لەوانە عەلەوییەکان و کورد. هەروەها دەستیان هەیە لە کوشتوبڕی هەڕەمەکی، تاڵانی فراوان و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی خەڵک، بەتایبەتی لە عەفرین و مەنبەج. بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، هەمان ئەم گروپانە بەشداربوون لە کوشتاری عەلەوی و دروزەکان لە ساڵی رابردوو. دامەزراوەی جەیمستاون دەڵێت، ئەمەی دەگوزەرێت لە سوریا ئەوەمان پێدەڵێت کە میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق کار دەکەن چونکە هاوکاری لۆجیستی و داراییان لە ئەنقەرەوە پێدەگات و زیاتر دەبێت وەک موڵکێکی تورکی لێیان بڕوانرێت نەک هیزی سوپای سوریا. دامەزراوەکە دەشڵێت، رەنگ ەئەمە بەدەستی ئەنقەستیش بێت چونکە حکومەتی سوریا دەیەوێت وا بمێننەوە و کۆنترۆڵی تەواوەتییان نەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، ئەگەر ئەمەش راست بێت ئەوا ئەم گروپانە ئازاد دەبن لەوەی دژی هەر "دوژمنێکی" دیمەشق بوەستنەوە بەبێ ئەوەی حکومەتی سوریا لە تاوانەکانیاندا تێوەبگلێت، هەروەک ئەوەی ئیستا بەرامبەر کوردانی حەلەب دەیکەن.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشدارییەکی توند دەداتە حکومەتی دیمەشق و ڕایدەگەیەنێت: بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە جێگەی قەبوڵکردن نییە و دەبێتە هۆی تێکدانی هەموو دەرفەتەکانی لێکتێگەیشتن. مەزڵووم عەبدی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پەنابردن بۆ زمانی شەڕ و بەکارهێنانی تانک و تۆپهاوێژ بۆ سەپاندنی چارەسەری یەکلایەنە، دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت. ئەو جەختی کردەوە، بۆردومانکردنی هاووڵاتیانی بێبەرگری و هەوڵدان بۆ کۆچبەرکردنیان، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی ترسناک لە ناوچەکەدا. بە گوتەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەنجامدانی ئەم هێرشانە لە کاتێکدا کە پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوستان لە ئارادایە، نیشانەی بێباکی دیمەشقە بەرامبەر بە چارەسەری ئاشتییانە. لە ڕووی مێژوویی و سیاسییەوە، مەزڵووم عەبدی ئەم جووڵە سەربازییانەی حکوومەتی بەو تاوانانە چواند کە پێشتر لە کەناراوەکانی سووریا و ناوچەی سوەیدا ڕوویاندا و وەک تاوانی جەنگ پۆلێن کران. ئەو ڕایگەیاند: چەند ڕۆژێکە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدان بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و پاراستنی مەدەنییە گەمارۆدراوەکان لە مەترسیی کۆمەڵکوژی. لە پەیامەکەیدا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی ئەم پێکدادانانە کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە 8ی کانوونی دووەمی 2026دا ئاڵۆزییەکان لە حەلەب گەیشتوونەتە ئاستێکی بێوێنە.
