سوپای پاسدارانی ئێران وردەکاریی نوێی لەبارەی چۆنیەتیی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئاشکرا کرد و ڕەتیکردەوە ڕووداوەکە لە ئەنجامی بۆمبێکی پێشوەختە لە ژوورەکەیدا بووبێت. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەکێکەوە ئەنجامدراوە لە دوورییەکی دیاریکراوەوە ئاراستە کراوە. مووشەکەکە سەرەتا بە وردی بەر پەنجەرەی ژوورەکە کەوتووە و دواتر بەر جەستەی هەنییە کەوتووە. سوپای پاسداران ڕوونیشیکردەوە لە کاتی هێرشەکەدا، هەنییە بە تەلەفۆن قسەی کردووە و ڕووی لەو ئاراستەیە بووە کە مووشەکەکەی لێوە هاتووە، ئەمەش "نیشانەی ئەو وردبینییە بووە، ئۆپەراسیۆنەکەی پێ ئەنجامدراوە." سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشدا دوای ڕووداوەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبووەتەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاری تۆڵەسەندنەوەی داوە، بەڵام کات و شێوازی وەڵامدانەوەکەی بۆ هێزە چەکدارەکان جێهێشتووە. ئیسماعیل هەنییە لە کۆتایی مانگی تەممووزی ئەمساڵدا، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ تاران و دوای بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیدا تیرۆرکرا. پێشتر یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، دانی بەوەدا نابوو وڵاتەکەی لە پشت تیرۆرکردنی هەنییەوەیە. لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس ئەو بانگەشەی ئیسرائیلی ڕەتکردبووەوە کە گوایە هێرشەکە لە ڕێگەی بۆمبێکی پێشوەختە چێندراوەوە لە ژوورەکەیدا ئەنجامدراوە. بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی تەممووزی2024، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا. هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو.
دەوڵەت باخچەلی کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لەنێو تورکیا بە "هەنگاوێکی گرنگ" و دەڵێت، "دەبێت پەرلەمانتاران بچنە ئیمراڵی و گوێ لە ئۆجەلان بگرن." ئەمڕۆ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا-مەهەپە لە چوارچێوەی قسەکردنیدا لە کۆبوونەوەی ئاسایی پارتەکەیدا، دانی بەوەدا نا کە دۆخی ناوچەکە مەترسیدارە، وتیشی عەبدوڵڵا ئۆجالان تا ئێستا بەڵێنەکانی خۆی بردوەتە سەر، وتیشی دەبێت پەرلەمانتاران بچنە ئیمراڵی و گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجالان بگرن و بەقسەی بکەن. دەوڵەت باخچەلی دانینا بە هەبوونی هەڕەشە بۆسەر تورکیا و ئاماژەی بەوەدا ئۆجالان بەڵێنەکانی بردوەتە سەر و مەهەپەش ئامادەی چوونە ئیمراڵییە و دەبێت پەرلەمانتارانیش گوێی لێبگرن. ئاماژەی بوەشداوە، مەهەپەش ئامادەیە بچێتە ئیمراڵی و چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجالان بکەوێت. لەبارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشیشەوە وتی، ئازادکردنی دەمیرتاش دەبێتە مایەی خێر بۆ تورکیا. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە وتی ناوچەکە لەبەردەم هەڵوەشاندنەوە و گۆڕانکارییدایە و ئاماژەی بەوەدا ئێستا ناوچەکە لە چەند شەڕێکی گەورەدایە و نەخۆشییەکانی سیستم تا دێت زیاد دەکات. دەوڵەت باخچەلی وتیشی ئەوان وەک پارتی مەهەپە ڕۆڵیان هەبووە لە قۆناغی گرنگی ئێستای تورکیادا و پێشکەوتنی گرنگیش لە پرسی ئاشتیی و پاراستنی تورکیادا بەدیهاتوە.
شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەبارەی کۆتا دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە ڕێبەر ئاپۆ وتویەتی: “دەبێت دیاردەی کورد بە هەموو شێوەیەک لە یاساییبوونی کۆماردا جێگیر بکرێت بۆ ئەمەش دەبێت پرۆسەیەکی ڕاگوزەری بەهێز دابنرێت. ڕۆژی ڕابردوو، شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دوورگەی ئیمرالی دیدارێکی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دا، شاندەکە پێکهاتبوون لە (پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل). سەبارەت بە ناوەڕۆکی دیدارەکەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، شاندەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاکردەوە و دەقەکەی بەمشێوەیەیە: “لە ٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دیدارێکی زۆر ئەرێنیمان لەگەڵ بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالی ئەنجام دا و ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند. تەندرووستی و مۆڕاڵی زۆر باش بوو، لە دیدارەکەدا بە پوختی ئەم هەڵسەنگاندنانەی کرد: بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیەی کە هەیە بەرەوپێش بچێت، دەبێت جددیتر هەڵسەنگاندن لەسەر مێژوو و سۆسۆلۆژیا (کۆمەڵناسی) بکرێت. گرنگە دان بەوەدا بنرێت کە پەیوەندی تورک-کوردان وەک دوو پایەی دوو هەزار ساڵە گەیشتووەتە ئەم سەردەمە، پێویستە ئەم دوو پایەیە ببیندرێن، لێی تێبگەیەندرێن، ڕاستبکرێنەوە و بەم شێوەیە یەکێتی بەهێز بکرێت. بەشێوەی ستوونی نا، بەڵکو بە درووستکردنی ئاسۆیەک کە کێشەکانی ڕۆژانەشمان لەخۆ بگرێت، مامەڵە بکەین. ئێمە لە هەلومەرجێکی کورت و سنوورداردا بۆ بابەتێکی مێژوویی لەناو هەوڵێکی جددیداین. هەوڵ دەدەین ئاستێکی ئەرێنی درووست بکەین، نەک ئاستێکی نەرێنی و وێرانکەر. دیاردەی کورد دەبێت بە هەموو شێوەیەک لە یاساییبوونی کۆماردا جێگیر بکرێت و بۆ ئەمەش پرۆسەیەکی ڕاگوزەری بەهێز دابنرێت. گواستنەوە لەناو یاساییبووندا وەک دیاردەیەکی گشتگیر دەبێتە هۆی پتەوکردنی بناغە یاساییەکانی کۆماری دیموکرات. دەرفەتەکانی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک کە ئەمڕۆ لە ڕووی سەردەمەوە لەبەردەمماندایە، هەم هەرێمییە و هەم جیهانییە. بۆ ئەوەی بتوانین بەرەو ئاستێکی ئەرێنی هەنگاوبنێین، زۆر گرنگە هەمووان لەم پرۆسەیەدا بە هەستیاری و جددی و تێگەیشتنێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵە بکەن. لەگەڵ ڕێزدا.”
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە سووریاییەکانی وڵاتەکەی بگەڕێنەوە، چونکە شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکەیان نەماوە. دەشڵێت، ئەگەرنا بە زۆر دیپۆرتیان دەکەنەوە، هاوکات بانگهێشتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریای کرد بۆ سەردانی بەرلین بۆ تاوتوێکردنی پلانەکانی دیپۆرتکردنەوەکە. فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە سەردانێکیدا بۆ شارۆچکەی هوزوم لە باکووری وڵاتەکەی رایگەیاند، "هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی سووریاییەکان لێرە نەماوە. دەشڵێت، "ئەوانەی رەتیدەکەنەوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەدڵنیاییەوە دیپۆرتدەکرێنەوە". ئەو گوتانەی راوێژکاری ئەڵمانیا دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، یۆهان ڤادێپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی دیمەشقی کرد و رایگەیاند، گەڕانەوەی سووریاییەکان بۆ وڵاتەکەیان سنووردارە، چونکە زۆرینەی ژێرخانی سووریا خاپووربووە یان زیانی پێگەیشتووە. راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، بانگێشتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای بۆ وڵاتەکەی کردووە بۆ ئەوەی بەیەکەوە گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی پرسی سووریاییەکان لە ئەڵمانیا بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، سووریا پێویستی بە پاڵپشتی و هەموو سووریاییەکانە بۆ ئەوەی بنیات بندرێتەوە. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 2011ەوە 14 ملیۆن هاووڵاتیی سووریا ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە. لەو ژمارەیە 7.4 ملیۆنیان کۆچیان کردووە. هەروەها، 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی چوونەتە ئەورووپا، کە 800 هەزاریان لە ئەڵمانیان.
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، تانەکەی وەزارەتی دادی تورکیاى ڕەتکردەوە لە بەرامبەر پێشێلکردنی دووەمی دەستبەسەرکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و بڕیاری ئازادکردنیدا. دوابەدوای ئەو بڕیارە سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕایگەیاند، "بێ گومان بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا گرنگە و لە ڕووی یاساییەوە پابەندکەرە. بەڵام نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ ٨٦ ملیۆن هاوڵاتیمان، 'یاسای برایەتی' لە نێوانماندا لە هەموو شتێک بەنرخترە". دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، تانەیەکی تورکیای رەتکردەوە، کە داوای پێداچوونەوەی بە بڕیاری دادگەکە بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش کردبوو. پێشتر تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا، تانەی لە بڕیارێکی دادگە ئەورووپییەکە دابوو کە تایبەت بوو بە پێشێلکردنی مافەکانی و ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، بەڵام ئێستا دادگاکە بڕیاری کۆتایی دا و داواکارییەکەی تورکیای رەتکردەوە. دوای بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کرد. دەم پارتی رایگەیاند: "دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بڕیارەکەی 8ی تەممووزی 2025ـدا، سەبارەت بە دەستگیرکردنی نادادپەروەرانەی دەمیرتاش لە دۆسیەی کۆبانێ، بەڕوونی هەموو نادادپەروەرییەکانی لە پرۆسەی دادگاییکردندا خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، دەستگیرکردنی دەمیرتاش بە هۆکاری سیاسی بەردەوامە و دەبێت ئازاد بکرێت، بەڵام دەسەڵات لە 8ی تشرینی یەکەمدا تانەی لەم بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا گرتبوو". دەم پارتی لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، لە کۆبوونەوەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپادا تانەکەی دەسەڵات (حکومەتی تورکیا) رەتکرایەوە. بەمەش بڕیاری تایبەت بە دەمیرتاش یەکلایی بووەوە. دەم پارتی دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی چەندین بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە هەتا ئێستا لەبارەی هاوڕێیانمانەوە دراون، بەتایبەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی دوایین بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە رۆژی 8ی تەممووزی 2025 دەریکرد، دەبێت هاوڕێیانمان بەبێ دواکەوتن ئازاد بکرێن." دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاریدا تورکیا مادەی 5، بڕگەی 3ی رێککەوتنی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە. راشیگەیاند، ئەوە پەیوەندیی بە مافی دادگەییکردن لە ماوەیەکی گونجاو و دادگەییکردنی بێ دەستگیرکردنەوە هەیە. هەروەها رایگەیاند، تورکیا مادەی 18 و مادەی 3ی پرۆتۆکۆلی ژمارە 1ی رێککەوتنی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێلکردووە. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبوو. ئەو بڕیارە لەلایەن لیژنەیەکی دادوەری درا کە لە 17 دادوەر پێکهاتبوو. رایگەیێندرا کە دەمیرتاش لە 20ی ئەیلوولی 2019ـەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی خۆپێشاندانەکانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 دەستگیرکراوە. دادگەکە رایگەیاند، هێشتنەوەی دەمیرتاش پێشێلکردنی مافەکانییەتی. هەروەها پێشێلکردنی پابەندبوونی تورکیایە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دا، دەوڵەتی تورکیا دەبێت هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی دەستبەجێی دەمیرتاش. راشیگەیاند، حکومەتی تورکیا ناتوانێت بیسەلمێنێت دەمیرتاش تاوانی کردووە و زیندانیکردنەکەشی بە بێ بنەما ناوبرد.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت بەشدارینەكردن لە دەنگدان دەرگا بەڕووی گەندەڵکاراندا دەکاتەوە و سیستمی پشک پشكێنە بەهێزتر دەکات، هاوڵاتی خاوەنی بڕیاری هەڵبژاردنە. لە چاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوە دەخاتەڕوو کە هەڵبژاردنی داهاتوو یەكلاكەرەوە، نمایندەی خاڵی وەرچەرخان دەکات لە نێوان ئەو ناسەقامگیرییەی پێشتر بینیمان، لەگەڵ ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئێستا. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو متمانەمان بە هۆشیاری خەڵک هەيە لە هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی کە رێگای کردار و دەستکەوتیان گرتۆتەبەر، نەک ئەوانەی پاساو و دروشم و بەڵێنی ناڕاست پێشکەش دەکەن. هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، سودانى پێشى وایە، هەڵبژاردنەکان بەشدارییەكی فراوان بەخۆوە دەبینێت، بە تایبەتی لەلایەن گەنجانەوە کە 60%ی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن، چونکە كەسانێك دەبێت نوێنەرایەتیان بكات. وتیشى: کارمان کردووە بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتاییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان، بە پەرۆش بووین بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان لە کەرتە جیاوازەکاندا. سەبارەت بە پرۆژەکانیش سەرۆک وەزیرانى عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات دوو هەزار و 582 پڕۆژەی وەستاومان لە ساڵی 2007ەوە بە میرات بۆ مابوەوە کە بەهای 131 ترلیۆن دینار بووە، لە کاتێکدا بەڵێنەکانی حکومەتەکەمان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا تەنها 33 ترلیۆن دینار بووە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئەوەى باسکردوە کە پەیوەندییەکی هاوسەنگمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە کە لەسەر بنەمای بەدیهێنانی بەرژەوەندی هاوبەش بنیات نراوە، عێراقیش هاوبەشێکی سەربەخۆیە نەک گۆڕەپانی هەژموون. سودانى دەشڵێت: چاکسازییە ئابورییە گرنگەکانمان لە کەرتە جیاجیاکاندا تەواو کردووە بۆ ئەوەی کەشێکی گونجاو بۆ کەرتی تایبەت دروست بکەین. وتیشى: رێنمایی وەزارەتی نەوتمان کردووە گرێبەستی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رابگرێت، بەو پێیەی گەیشتوینەتە قۆناغی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ناوخۆ و ئامادەكاری بۆ هەناردەکردن.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند تاران تەنیا لە دەرفەتێکدا بیر لە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمەریکا دەکاتەوە کە سیاسەتی خۆی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت و واز لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بهێنێت. دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتی: ئەگەر ئەمەریکا بە تەواوی واز لە پشتیوانی ئیسرائیل بهێنێت و سەربازەکانی لەم ناوچەیە بکشێننەوە و دەست لە دەستتێوەردان لەم ناوچەیە هەڵبگرن، ئەو کاتە دەکرێت بیر دەستپێکردنی هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بکەنەوە. خامنەیی دەشڵێت: ئەمەریکا جگە لە ملکەچبوون لایەنی بەرانبەر هیچی قبووڵ نییە، ئەمەش پێشتر لە سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمەریکا هەست پێکراوە، بەڵام ئەم سەرۆکەیان بە ئاشکرا ئەوی پیشان داوە. ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر وڵات بەهێز بێت و دوژمنەکەی هەست بەوە باکات کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم وڵاتە بەهێزە سوودی نابێت بەڵکوو زیانی دەبێت، ئەمە وڵات بەهێزتر دەکات. دوێنێ یەکشەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاندبوو، تاران بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ واشنتن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی "ئامادەیە، بەڵام و هەر گفتوگۆیەک لەسەر تواناکانی مووشەکی ڕەت دەکەینەوە. هەروەها گوتی، گفتوگۆکان دەکرێت دەست پێ بکەنەوە "هەر کاتێک ئەمەریکییەکان ئامادەبن بۆ دانوستان لەسەر بنەمای یەکسان و بەرژەوەندی هاوبەش. دیارە ئەوان پەلەیان نییە. ئێمەش پەلەمان نییە. بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئاب پرۆسەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێران (سناپباک)یان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندیی ڕێککەوتنی 2015ـی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە. ڕۆژی 22ـی حوزەیران 2025، ئەمەریکا سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی بە ئامانج گرت کە بریتی بوون لە، وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز و ناوەندیی تەکنۆلۆژیای ئەسفەهان لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو".
ئەحمەد تورك، سیاسەتمەداری باكوری كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سەباح)ی توركی، كە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: نابێت پرۆسەی ئاشتی تەنها وەک رادەستبونی پەکەکە سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستە وەک پڕۆژەیەکی گەورە تەماشا بکرێت کە زەمینە بۆ دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش دەکات و برایەتی تورک-کورد تێدەپەڕێت. راشیدەگەیەنێت، تورکیایەک کە پرسی کورد چارەسەر بکات، بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە دامەزراندنی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە لەوێنە گەورەكەدا وا تەماشای پرۆسەی چارەسەری بكرێت، بۆچونەكانتان هەرچۆنێك بێت پێویستە بەشداری لە پرۆسەی چارەسەردا بكەن. ئاماژەی بەوەدا، توێژێکی نا سیاسیی لە تورکیادا هەن تا ئێستاش نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن، ئەوان تێناگەن چی روودەدات، پێویستە پرۆسەکە بۆ ئەم توێژە روونبکەینەوە، دەبێت باس لەوە بکرێت ئەم پرۆسەیە تەنها پەیوەندی بە کوردەوە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەحمەد تورک جەختیش دەكات، پرۆسەکە بەهۆی پاڵپشتیی سەرۆک کۆمارەوە بەرەوپێش دەچێت، حساباتەكانی بە وردی دەکات، تەنانەت رەخنەكانیش چاوەڕوانكراوەكانیش لەبەرچاو دەگرێت، لە سەرەتای پرۆسەکەدا بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم بابەتە لەگەڵ ڕای گشتی بەش نەكرد، بەڵام لەم دواییانەدا روونی کردەوە کە تا کۆتایی پشتگیریی دەکات. باس لەوەش دەكات، لەکاتێکدا پێشتر لەناو دەوڵەتدا گروپێک هەبوون کە تێڕوانینی زۆر جیاوازیان هەبووە، ئێستا مەیلێکی بەهێز لەناو دەوڵەتدا هەیە كە باوەڕی وایە چارەسەر پێویستە بە هۆی كارلێكە ناوخۆیی و دەرەکییەكان، کۆدەنگییەکی سیاسی بەهێز هەیەو بەڕێز ئەردۆغان وەک بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن رۆڵێکی گرنگی هەیە لەم ڕووەوە. ئەحمەد تورك لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێت: سەرۆک لەگەڵ شاندێکی (DEM) کۆبووەوە، دەمەوێت بە دیاریكراوی لەبارەی سوریا قسەی لەگەڵ بکەم، لە ناوچەکەدا پڕۆژەیەکی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەم پڕۆژەیەش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکات، لەبری ئەوەی وڵاتانی دیکە دەستوەردان بکەن، پێویستە تورک و کورد کۆببنەوە و بڕیاربدەن چی بکرێت، پێویستە تورکیا لەوێ لەگەڵ کوردەکان قسە بکات، با لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسە بکەین، بەڵام بە بۆچونی من، پێویستە لەگەڵ کوردەکانی ئەوێش قسە بکەین و گوێ لە بۆچونەکانیان بگرین. لەبارەی هەوڵەكانی پێشوی ئاشتیش لە توركیا دەڵێت: بزوتنەوەی گولەن رۆڵی هەبووە لە شکستی پڕۆسەی ئاشتی پێشودا، بزوتنەوەی گولەن لەو کاتەدا دزەی کردبووە ناو زۆرێک لە ئاستەکانی حکومەتەوە، ئەمەش بە ڕوونی لە دادگاییکردنی (کەجەکە)دا دەرکەوت. ئاشکرا بوو کە زۆربەی ئەو دادوەر و داواکاری گشتیانەی کە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا دەکرد، پەیوەندییان بە بزوتنەوەی گولەنەوە هەیە، هەروەها حکومەت لەو کاتەدا ئامادە نەبوو، ئێستا پرۆسەکە جیاوازە.
بەپێى ئامارێکى ڕێکخراوى هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لانی کەم ۸۰ حاڵەت واتا ۴۹.۵٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۱۶۱ بەندکراو جێبەجێ کرابوو. ئەو ئامارە زیاترین ئاماری لەسێدارەدان لە ماوەی یەک مانگ، لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران بووە. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۲۳۵ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ۶ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت. لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم ۸ بەندکراوی سیاسی بریتی لە ۶ بەندکراوی سیاسیی عەرەب بەناوەکانی عەلی موجەدەم، محەممەدڕەزا موقەدەم، موعین خەنفەری، حەبیب دەریس، عەدنان غەبیشاوی، سالم مووسەوی، سامان محەممەدی خیارە و جەواد نەعیمی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ۷ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۸ ژن لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان (۲ حاڵەت)، زەنجان، قوم، نەهاوەند، شیراز، مەشهەد و ڕەشت جێبەجێ کراوە. زەینەب خودابەندە خەڵکی ئیسفەهان، ناهید هێممەتی خەڵکی نەهاوەند و مەحبووبە جەلالی خەڵکی ڕوودسەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون. هەروەها پێنج بەندکراو بەناوەکانی رۆیا عەباسزادە خەڵکی زەنجان، کافیە قوبادزادە خەڵکی ئیسفەھان، سەعیدە خودادادی خەڵکی ئیسفەھان، نەرگس ئەحمەدی خەڵکی قوم و کەتایوون شەمسی خەڵکی مەشهەد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون. شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۲۴۱ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەر لەسێدارە دراون، تەنیا ۱۰ حاڵەت واتا ۴٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۱۳ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند، ژمارەیەک چەکدار بە چەکی ئاڕ پی جی هێرشێکی تیرۆریستی و ترسنۆکانەیان کردووەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانیان لە شارۆچکەی ئەبو حەمام لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، بەڵام شەڕڤانەکانی قەسەدە، هێرشەکانیان تێکشکاندووە. هەسەدە جەختی کردەوە کە چەکدارەکان بە ئاڕ پی جی هێرشیان کردووە بەڵام شەڕڤانەکانیان دەستبەجێ وەڵامی چەتەکانیان دایەوە و هێرشەکەیان تێکشکاند، هیچ شەڕڤانێکیان بریندار نەبووە. دەڵێت: "لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی بەهێزی شەڕڤانەکانمان، چەکدارەکان هەڵهاتوون، هێزەکانمان شوێنیان کەوتن و هەرێمەکەیان پاککردەوە، ئاسایش و ئارامییان بۆ هەرێمەکە گەڕاندەوە. هێزەکانمان دووپاتی دەکەنەوە، بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی هاووڵاتیان، بێ دوودڵی وەڵامی بەهێزیان دەبێت. بڵاوبوونەوە و ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانمان لە هەرێمەکە بەردەوام دەبێت، ئەمە ئەرکی ئێمەیە بۆ پاراستنی خەڵکی هەرێمەکە و ئەم جۆرە هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانە کاریگەرییان لەسەر هەوڵەکانمان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی ناوخۆیی و بەرەوپێشبردنی ئاسایشی هەرێمەکە نابێت".
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هۆشداری دەداتە حەماس و دەڵێت؛ ئەگەر ڕەفتارتان باش نەکەن لەناوتان دەبەم. لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس" پەخشکرا، ترەمپ هۆشداریی دایە حەماس و گوتی: "ئەگەر حەماس ڕەفتاری باش نەکات دەتوانێت دەستبەجێ بیسڕێتەوە، ئەوانیش ئەمە دەزانن." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت زۆر بەخێرایی چەک بە حەماس داماڵێت." ترەمپ ستایشی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد و بە "پیاوێکی زۆر بەتوانا" ناوی برد، هاوکات بەڵێنی دا یارمەتی بدات بۆ دەربازبوون لە کێشە یاساییەکانی. سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "پێشتر کەس پشتگیریی نەکردووە، بەڵام من پشتگیریم لێکردووە." لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوونیکردەوە "هەندێک لە کردەوەکانی ناتانیاهۆم بەدڵ نەبووە" و ئاماژەی بە سەپاندنی ئاگربەستەکەی غەززە کرد. مانگی ڕابردوو، ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی بۆ چارەسەری کێشەی فەڵەستین خستەڕوو، چەکداماڵینی غەززە، گواستنەوەی ئیدارەی غەززە بۆ لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کاتی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا، ئاوەدانکردنەوە و کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئیسرائیلی لەخۆگرتبوو. ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە لە 10ـی تشرینی یەکەمەوە کاری پێدەکرێت، مەرجی ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوەکانی لەخۆگرتبوو، هەنگاوی یەکەمی جێبەجێ کراوە. تا ئێستا حەماس تەرمی 20 بارمتەی گەڕاندووەتەوە. هەروەها بڕیارە سوپای ئیسرائیل ناسنامەی ئەو سێ تەرمە ئاشکرا بکات کە ئێوارەی یەکشەممە ڕادەست کرانەوە، لە کاتێکدا هێشتا چارەنووسی هەشت بارمتەی دیکە نادیارە. سەرۆکی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە، ڕووفاتی عومەر نیوترا، هاووڵاتیی ئەمەریکی-ئیسرائیلی کە وەک فەرماندەی کەتیبەیەکی تانک لە سوپای ئیسرائیلدا خزمەتی کردووە، لەنێو گەڕێنراوەکاندایە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلیدا، ئیسرائیل ڕووفاتی 10 فەڵەستینی ڕادەست دەکاتەوە.
مەسرور بارزانی لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی لە شەقڵاوە گوتی: مێژووی پارتی دیارە، شاخی سەفین شاهێدی داستانەکانی پارتییە، کوردستانمان لە پشت بێت هەمیشە بەردەوام دەبین لە داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەمێنێت، ئەم شارە شاری پێکەوەژیانە، بیروباوەڕی ئایینی جیاوازی تێدایە، شانازی دەکەین کوردستان وڵاتی پێکەوەژیانە، ڕێزگرتن لە هەموو ئایین و نەتەوەکان جێی شانازییە، هەقە ئێوەش شانازی بەو ڕەوشتەی خۆتان بکەن. باسیشی لەوە کرد، زۆر گرنگە بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکەین، پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ ڕکابەرێکی نەماوە دەبێت ئەم جارە بچینە بەغدا ڕکابەری بکەین، لایەنە ناحەزەکان هەمیشە هەوڵی وەستاندنی پارتیان داوە، هەوڵی ئەوەیان داوە پارتی سەرکەوتوو نەبێت و بە ئامانجەکانی نەگات، لێرە هەرچی پێیان کرا کردیان، بەڵام نەیانتوانی بمانوەستێنن، ئینجا پەنایان بردە بەر بەغدا، پەنایان بردە بەر دروستکردنی هاوپەیمانێتی، کە بتوانن ئەو لایەنانەی کە بیرۆکەی شۆڤێنیەتیان لەسەردا ماوە، بۆ ئەوەی پارتی بشکێنن ئامادەبوون کوردستان بشکێنن، ئەمجارەش دەبێت ئێمە بچین ڕێگرییان لێ بکەین و نەهێڵین هیچ هێزێک لە هیچ شوێنێکی ئەم وڵاتە بببێتە بەربەست و ڕێگر لە سەرکەوتنی پارتی. جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئاستی ناوخۆ زۆر لایەن ئیرەییان بە پارتی بردووە، زۆر هەوڵیان داوە چاو لە پارتی بکەن، بەڵام پێیان نەکراوە، ویستیان پارتی بشکێنن چونکە پێیان وا بووە سەرکەوتنی پارتی نەمانی ئەوانی تێدایە، پارتی قەت بۆ خۆی کاری نەکردووە ،پارتی ئامانج نەبووە، بەڵکوو ئامانج خەڵکی کوردستان و خاکی کوردستانە، پارتی هەمیشە ئامادە بووە خۆی لەپێناو سەرخستنی کوردستان بەخت بکات. هەروەها گوتیشی: پارتی بە کردەوە پیشانی خەڵکی کوردستانی داوە کە دەتوانێت چی بکات، بەڵام لایەنەکانی دیکە جگە لە قسە هیچ دەستکەوتێکیان بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە، ئەگەر جارێک شانازی بە دەستکەوتێک بکەن لە ژێر سێبەری ئاڵای پارتی بەشدار بوونە لەم دەستکەوتە. مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ناچارم هەندێک ڕوونکردنەوە بدەم، زۆر دژی ئێمە قسە دەکرێت و بوختانمان پێ دەکرێت، گوایە پارتی جیاوازی دەکات لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵام پارتی خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت بست بە بستی خاکی کوردستان خاکی پارتی، بۆیە پارتی خۆی بە بێگانە نازانێت، بۆیە با هیچ کەسێک وا بیر نەکاتەوە خاوەنی بەشێکی کوردستانە و پارتی بێگانەیە بەڵکوو پارتی خاوەنی هەموو کوردستانە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند، حکوومەت بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانیی پێشخستنی پیشەسازیی ئەتۆمی دەکات. یەکشەممە، 02 تشرینی دووەم، 2025، سەرۆک کۆماری ئێران، سەردانی پیشانگەی داهێنانەکانی زانایانی ئەتۆمیی لە ڕێکخراوی ئەتۆمیی ئێرانی کرد و جەختی لەوە کردەوە "ئێران ئەمڕۆ لە بواری پیشەسازیی ئەتۆمی، بە تایبەتی دەرمانسازیی ئەتۆمیی، پێگەیەکی جیهانیی پێشکەوتووی هەیە." پزیشکیان، گوتی: زلهێزانی دنیا هەوڵ دەدەن ڕێگە بە وڵاتانی سەربەخۆی وەکوو ئێران، نەدەن دەستیان بە پیشەسازیی دەرمانیی ئەتۆمی بگات، بۆ ئەوەی خۆیان ئەو بەرهەمانە بە نرخی گران بە نەتەوە ژێردەستە و هەژارەکان بفرۆشن. سەرۆک کۆماری ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: زۆر پێویستە ئێران پەرە بەم پیشەسازییە مۆدێرن و گرنگە بدات، بەڵام دەبێت بە کوالیتی و جۆرێکی باش و گونجاو دروست بکرێت. ئێستا زانایانی ئێمە لە پێناو خزمەتکردنی خەڵک و پێشخستنی باری گوزەرانیاندا، دەستکەوتی گەورە و گرنگیان بەدەست هێناوە. پزیشکیان، جەختی لەوە کردەوە "هەوڵەکانی ئێمە بۆ پێشخستنی پیشەسازیی ئەتۆمی تەنیا لە بواری دەرمانسازیی و ژینگە و کارەبا و خزمەتگوزارییە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکاندایە. هەمیشەش گوتوومانە ئێمە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادەین؛ بەڵام دوژمنان بە بانگەشەی ناڕاست دەیانەوێت ڕێگە لە پێشکەوتنی زانستیی ئێران بگرن." سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: حکوومەت بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانیی لە پێشخستن و گەشەپێدانی پیشەسازیی ئەتۆمیی دەکات. بە هەوڵ و تێکۆشانی زانایان و دارشتنی بەرنامەی ورد، دەتوانین ببینە هاوبەشێکی دیاری ئەم بازاڕە جیهانییە. چونکە داهاتووی وڵاتەکەمان پابەندی پێشکەوتنی زانستیی سەردەمە.
ئەردۆغان، دیدارەکەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی بە بەرهەمدار، بونیاتنەر و پڕ هیوا ناوبرد و رایگەیاند، لەم چەند رۆژەدا بەرهەمەکەی دەبینن. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ شەممە 1-11-2025 لە کاتی کردنەوەی باخچەی گەل لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ، گوتارێکی پێشکێشکرد و پێداگریی نیشاندا لەوەی لە هەوڵی دروستکردنی زەمینەیەکی ئارامن لە وڵاتەکە و دەوروبەریشدا. لە گوتارێکیدا ئەردۆغان باسی لە گرنگیی باش بەرێوەبردنی پرۆسەی چارەسەری کرد و بەبیریهێنایەوە کە رۆژی پێنجشەممە 30-10-2025 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا زانیارییان پێشکێشی ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە کردووە. ئەردۆغان هەروەها لەبارەی کۆبوونەوەی خۆی و شاندی دەم پارتی گوتی: "لە کۆشک پێشوازیمان لە شاندی دەم پارتی کرد. دیدارێکی زۆر بونیاتنەر، بەرهەمدار و پڕ هیوا بۆ داهاتوومان لەگەڵدا سازکردن. پەنا بەخوا لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمی ئەو دیدارە دەبینین. ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور پێمانوایە لەو کارانەی خێریان بۆ وڵات و خەڵک تێدایە، دەبێت بە خێرایی هەنگاو بنرێت" رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار پێشوازی لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها کرد. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگییان هەبووە بۆ هاویشتنی ئەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی خێراتر و دروستتر بەڕێوەبچێت. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، "شاندەکەمان لە کۆبوونەوەکەدا، کە نزیکەی یەک کاژێری خایاند، بۆچوون و پێشنیازی خۆیانیان سەبارەت بە قۆناخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئەو هەنگاوانەی لەمەودوا دەبێت بنرێن، پێشکێشکرد." شاندەکەی دەم پارتی پێشتریش لە رۆژانی 10 ـی نیسان و 7 ـی تەممووزی ئەم ساڵ لەگەڵ ئەردۆغان کۆببوونەوە.
مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، لە تازەترین پۆستیدا لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: لە سایەی سەرکردایەتی ژیرانەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، عێراق ئێستا گەڕاوەتەوە، من لەسەر كارەكەم... با جارێکی تر عێراق مەزن بکەینەوە!. ساڤایا پێشتر لە یەكەم بەیاننامەی فەرمیدا رایگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە روونی رایگەیاندووە، هیچ شوێنێک بۆ ئەو گروپە چەکدارانە نییە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کار دەکەن، بەرژەوەندییەكانی عێراق و ناوچەکه به گشتی بە نده بەوەی عێراق خاوەن سەروەری تەواوی خۆی بێت، دوور لە دەستوەردانی دەرەكی خراپ، له نێویاندا، ئێران و بریکاره کانی. یەکشەممەى ڕابردوتر، ٢٠ى ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 'مارک ساڤایا'ـی وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دەستنیشانکرد، کە بازرگانێکی ویلایەتی میشیگنە و لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا سەرپەرشتیی تیمی بانگەشەی ترەمپی لەو ویلایەتە دەکرد. مارک ساڤایا، بازرگانێکی خەڵکی ویلایەتی میشیگنە و بە کارەکانی لە پیشەسازیی "کێنەبس"دا بەناوبانگە، کە جۆرە گیایەکە لە بواری پیشەسازیی دەرمانیشدا سوودی لێ دەبینرێت. مارک ساڤایا یەکێکە لەو کەسانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤدا هەبووە. ئەو بارمتەیەکی ئیسرائیلی بوو کە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک لە بارمتەبوونی لەلای گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئازاد کرا. دانانی مارک وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق، لە بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکادا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، ئەوەش بەهۆی ڕابردووی بازرگانیی پێشووی و نەبوونی ئەزموونی پێشووتری لە بواری دیپلۆماسیدا.
