وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، 19 هەزار هاووڵاتی عێراقی لە کەمپی هۆلی سووریاوە گەڕاندەوە. وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، ئەم گەڕاوانە لە ژن و منداڵ و گەنج و بەساڵاچوو پێکدێن، لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی چاکسازیی ورد دا بوون بۆ ئامادەکردنەوەیان بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە، و جەختیشی کردەوە توانیویانە ڕێگری لە دروستبوونی هەر گرژییەک لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکانیان بکەنەوە. عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتەکە، ڕایگەیاند لە ساڵی 2021وە و لەسەر بڕیاری حکوومەتی عێراق، پرۆسەی گواستنەوەی خێزانەکان لە 29 گەشتدا ئەنجامدراوە. گوتیشی: ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کراوە. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، پێشتر نزیکەی 31 هەزار و 500 هاووڵاتی عێراقی لەو کەمپەدا بوون. گوتەبێژەکە ڕوونیکردەوە گەڕاوەکان دوای پشکنینی ئەمنیی ورد، دەگوازرێنەوە بۆ "سەنتەری ئەمەل". لەو ناوەندەدا، بەپێی فۆرمێکی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی کە ئاستی کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی دیاری دەکات، دابەش دەکرێن. دواتر، بەرنامەی چاکسازیی تایبەت بۆ هەر گروپێکی تەمەنی جیاواز (منداڵان، گەنجان، ژنان) جێبەجێ دەکرێت. گوتەبێژەکە دووپاتیکردەوە، 78 بەرنامەی جۆراوجۆری چاکسازی جێبەجێ کراون. ئەم بەرنامانە لەلایەن دامەزراوە حکوومییەکان، زانکۆکانی عێراق (وەک بەغدا و نەینەوا)، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. تیمی پسپۆڕی دەروونی و ئەفسەرانی ئەمنیی ڕاهێنراو، سەرپەرشتی ئامادەکاریی فیکری و دەروونی گەڕاوەکان دەکەن. گوتیشی: یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، ڕێگریکردن بووە لە دروستبوونی هەر جۆرە پێکدادان و گرژییەک لەنێوان گەڕاوەکان و خەڵکی ناوچەکەدا، کە ئەمەش لە ڕێگەی بەرنامەکانی ئاشتەوایی نیشتمانییەوە مسۆگەر کراوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: ئیسرائیل دیدگای خۆی بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکان روون کردووەتەوە سەبارەت بە قبوڵنەكردنی ئەو وڵاتانەی هێزیان هەبێت لە كەرتی غەززە، ئەمریکاش لەمەدا هاوهەڵوێستمانە. ناتانیاهۆ، لە دەستپێكی کۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەتدا رایگەیاند: ئێمە ئاسایشی خۆمان کۆنتڕۆڵ دەکەین، بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکانیشمان رونكردووەتەوە، ئیسرائیل دیاری دەکات کە کام هێزانە قبوڵ ناکرێن ئامادەبونیان هەبێت لە غەززە، ئێمە بەم شێوەیە مامەڵە دەکەین و بەردەوامیش دەبین. وتیشی: بێگومان ئەمە لەلایەن ئەمریکاوە قبوڵکراوە، وەک ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردوودا نوێنەرە باڵاکانی ئاماژەیان پێكردووە. ناتانیاهۆ جەختی لەوەشکردەوە: سیاسەتی ئەمنی ئیسرائیل لە دەستی خۆیدایە، بەهێزی خۆی بەرگری لە خۆی دەکات و بەردەوام دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی چارەنوسی خۆی. پێشتر نوسینگەی ناتانیاهۆ هاتنە ناوەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو غەززە رەتکردەوە، لە چوارچێوەی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە. پلانەکەی ترەمپ بریتی بوو لە بەشداریکردنی تورکیا لە هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی وێرانکراوی غەززە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، جەختی لە گرنگی پابەندبوونی ئیسرائیل و حەماس بە ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی کردەوە. ترەمپ ڕایگەیاند "پێویستە حەماس بە زووترین کات تەرمی بارمتەکان، بەتایبەتی تەرمی دوو سەربازی ئەمەریکی کە لای حەماس ماوەتەوە، ڕادەست بکاتەوە." ناوبراو مۆڵەتی 48 کاتژمێری دایە حەماس و ڕوونیکردەوە، ئەگەر پابەند نەبن، ئەمەریکا و وڵاتانی نێوەندگیر لە پرۆسەی ئاشتی غەززە بژاردەی دیکەیان دەبێت. ئاماژەی بەوەش دا "هەرچەندە گەیشتن بە هەندێک لە تەرمەکان ئاسان نییە، بەڵام حەماس دەتوانێت ئەو تەرمانەی ئێستا لەژێر دەستیدایە بیانگەڕێنێتەوە، ئەگەر نا، ئەوا واتای ئەوەیە کە حەماس بابەتەکەی بە دانانی چەکەوە بەستووەتەوە." سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، پێشتر هەڵوێستی دادپەروەرانەی خۆیان لەسەر ئەم پرسە ڕاگەیاندووە و بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکات لە 48 کاتژمێری داهاتوودا. بەگوێرەی خاڵی چوارەمی پلانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ڕازیبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست، دەبێت حەماس لە ماوەی 72 کاتژمێردا هەموو بارمتەکان بگەڕێنێتەوە؛ بەڵام تا ئێستا حەماس تەرمی 16 بارمتەی کوژراو و 20 بارمتەی زیندووی ڕادەست کردووە، و تەرمی 13 بارمتەی دیکە ماوە. دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، لە ئاگربەستی غەززەدا 59 وڵات بەشدارن، کە پێشتر هەرگیز ڕووداوێکی لەو شێوەیە نەبووە. ئێستا هەموویان دەیانەوێت ببنە بەشێک لە ڕێککەوتنی ئەبراهام، لەنێویاندا ئێرانیش هەیە. حەماس ڕایگەیاندووە، پابەندن بە ئاگربەستی غەززە و هەموو بارمتە زیندووەکانیان ڕادەستی ئیسرائیل کردووە، هەروەها ژمارەیەک لە تەرمی بارمتەکانیشیان داوەتە دەستی ڕێکخراوی خاچی سوور. حەماس جەختی لەوەش کردووەتەوە، بەردەوامن لە دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکانی دیکە.
بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی دەڵێت: دهستمانكرد به ههنگاوی كشانهوهی ئهو هێزانهمان له توركیا كە لهبهردهم ئهگهری مهترسی پێكداداندان و زهمینه لهبارن بۆ ڕوودانی ئهگهری نهخوازراو، راشیدەگەیەنێت: كشانهوهكه له ناوچه سنورییهكانی توركیاوه بهرهو ههرێمهكانی پاراستنی مەدیا دهكرێت. بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنورسیدا لە بناری قەندیل، هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی لە چوارچێوەی بانگەوازی ٢٧ـی شووباتی عەبدوڵا ئۆجەلان و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکە راگەیاندو، بەیاننامەی هەنگاوە لەلایەن سەبری ئۆك ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە و هەروەها بێژین دەرسیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەرێمی یەژاستاری سەرحەد، دەڤرین پالو فەرماندەی فەرمانداری هەپەگە بە بەشداری ٢٥ گەریلا خوێندرایەوە. دەقی بەیاننامەکە بەمشێوەیەیە: بۆ ڕای گشتیی دوای گهیشتنی شهڕ و پێكدادانهكانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست به ئاستی مهترسی زۆر جدی لهسهر ئایندهی كورد و توركیا، ساڵی ڕابردوو لهسهر بانگهوازییهكانی سهرۆككۆماری توركیا و سهرۆكی گشتی مەهەپە دهوڵهت باخچهلی و پاشان ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان پرۆسهیهك دهستی پێكرد و ئهم پرۆسهیهش كه به بانگهوازی “ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک”ـی ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان له ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ـدا به ناسنامهی خۆی گهیشت، به قۆناخێكی تا دواڕاده گرنگ و ههستیاردا دهگوزهرێت. ئێمهی لایهنی كورد لهلایهن خۆمانهوه له ماوهی ههشت مانگی ڕابردوودا لهسهر بنچینهی بانگهوازی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک ههنگاوی گهورهی مێژووییمان نا. دوابهدوای بانگهوازییهكه و له ڕۆژی ١ـی ئاداردا به ئامانجی بهرقهراركردنی زهمینهیهكی ئارام و ئاسووده بۆ گفتوگۆكردن ئاگربهستمان ڕاگهیاند. ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان به ڕێبازی گونجاو ئاراستهی نیشاندا و لهسهر ئهو بنهمایهش پەکەکە له ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایاردا، ١٢ـیەمین كۆنگرهی خۆی سازدا و بڕیارماندا به كۆتاییهێنان به ههبوونی ڕێكخراوهیی پەکەکە و ستراتیژییهتی تێكۆشانی چهكداری و ئهو بڕیارهشمان لهسهر زیاد كرد كه تهنیا به سهرپهرشتی ڕاستهوخۆیانهی ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان دهتوانرێت پراكتیزه بكرێن. دوای دوو مانگ و له ١١ـی تهمووزدا، دوای بانگهوازی بهدیمهنی ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان گرووپی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک کە له ٣٠ كهس پێكهاتبوو و به پێشهنگایهتی هاوسهرۆكی كۆنسهی بهڕێوهبهری کەجەکە بهسێ هۆزات، له مهراسیمێكدا چهكهكانیان سووتاند و به ڕوونی و كرداریی ههڵوێست و به بڕیارداریمانەوە له كۆتاییهێنان به تێكۆشانی چهكداری سهلماند. ئهم ههنگاوه مێژووییانهی لایهنی كورد كه به پێشهنگایهتی ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان و پەکەکە ئهنجامی دان، كاریگهرییهكی قوڵی له كهشوههوای سیاسی و كۆمهڵایهتی توركیا كرد و گیان و ئیرادهیهكی نوێی له بواری ئاشتی و دیموكراتیزهبووندا خستهڕوو. ئهم ههڵوێسته بوێرانه و فیداكارانهیهی كورد كه ههمیشه لایهنگری ئاشتی و دیموكراسی و ئازادیی بووه، بهشێوهیهكی گشتی له ناوخۆ و دهرهوهی توركیاش پێشوازییهكی گهرمی لێكرا. سهرهڕای ههڵوێسته ناتهواوهكانی لایهنی بهرامبهر، ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان و بزووتنهوهی ئازادیخوازی كوردستان به ئامانجی وهلاوهنانی ههموو ئهو مهترسییه سهختانهی بهرۆكی كورد و توركیای گرتووه، بۆ ئهوهی بتوانرێت بناخهی ژیانی ئازادی، دیموكراتیک و برایهتی سهدهی داهاتوو دابنرێت و پرۆسهی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی به قۆناخی دووهم بگهیهندرێت، له ههوڵی ههنگاوی نوێی كردارییدایه. لهم چوارچێوهیهدا و لهسهر بنچینهی بهرنامه و بڕیارهكانی كۆنگرهی ١٢ و به دهستووری ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان دهستمانكرد به ههنگاوی كشانهوهی ئهو هێزانهمان له توركیا لهبهردهم ئهگهری مهترسی پێكداداندان و زهمینه لهبارن بۆ ڕوودانی ئهگهری نهخوازراو. كشانهوهكه له ناوچه سنوورییهكانی توركیاوه بهرهو ههرێمهكانی پاراستنی مەدیا دهكرێت و بهشێك لهو گرووپانهی گهیشتوون به ههرێمهكانی پاراستنی مەدیا ئێستاكه لێره ئامادهن و بهشدارن لهم کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا. هاوكات لهو سهنگهرانهی ناوچه سنوورییهكانیشدا كه ئهگهری پێكدانان و ههر ئهگهرێكی نهخوازراویان لهسهره، ڕێوشوێنی هاوشێوه و سازهندانه گیراونهتهبهر. بێگومان پراكتیك دهبێته نیشاندهری ئاستی كاریگهری ئهم ههنگاوانهمان. بهڵام ئهم ههنگاوه كردارییانهشمان جارێكی تر بهبڕیاربوون و ههڵوێستی ڕوونمان سهبارهت به جێبهجێكردنی بڕیارهكانی كۆنگرهی ١٢ دهسهلمێنێت. زۆر ڕوون و ئاشكرایه كه ئێمه پابهندین به بڕیارهكانی كۆنگرهی ١٢ـوە و بهبڕیاریشین له جێبهجێكردنی دا. بهڵام بۆ جێبهجێكردنییان پێویسته دهستبهجێ ئهو ههنگاوه یاسایی و سیاسییانهی پرۆسهكه بنرێن كه مهرجی بڕیارهكانی كۆنگرهی ١٢ـی پەکەکە بوون. بۆ ئهم مهبهسته پێویسته یاسای ڕاگوزەری تایبهت به پەکەکە به بنچینه وهربگیردرێت و بۆ بهشداریكردن له سیاسهتی دیموكراتییانهش دهستبهجێ یاساكانی پهیوهست به ئازادی پێویست و ئهنتیگراسیۆنی دیموكراتی دهربكرێن. بانگهوازییهكهمان بۆ تێكڕای گهلهكهمانه بهتایبهتیش ژنان و گهنجان. ڕۆژ؛ ڕۆژی چاوهڕوانیكردن نییه، ڕۆژی تێكۆشانی ڕێكخراوهییه بۆ بهدیهێنانی ژیانی ئازادی و دیموكراسی. ههر بۆیه ههر كهسێك خۆی لهم ژیانهدا دهبینێتهوه پێویسته له ئاستی ههڵمهتی سهرتاسهریدا بۆ سهركهوتنی “پرۆسهی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی” تێبكۆشێت. مانیفێستی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک مسۆگهر سهردهكهوێت.
ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت بەڕێوەبەر و مامۆستای قوتابخانەیەک لە شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گوتنەوەی سروودێک لە یادی هەڵەبجە لەلایەن قوتابییانی قوتابخانەکەوە، سزا دران. "زەیتوون کەهزادی"، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی فیردەوسی لە شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، بەهۆی خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی "ڕێی خەبات" لەلایەن گرووپێک لە کچە قوتابییەکانی ئەو قوتابخانەیە، لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگ کراوە و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. کچە قوتابییەکان ئەم سروودەیان لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە خوێندبوو. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، "زەیتوون کەهزادی"، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی فیردەوسی لە شاری جوانڕۆ، پاش چەندین جار بانگران و لێپرسینەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و مانگانە بڕێک لە مووچەکەی لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە کەم دەکرێتەوە. بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، "زەیتوون کەهزادی" لە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە دوورخراوەتەوە و ئێستا وەک مامۆستا لە هەمان قوتابخانەدا وانە دەڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی پەروەردە و فێرکردن هەموو مانگێک نزیکەی چوار ملیۆن تمەن لە مووچەکەی کەم دەکەنەوە. ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی، لە قۆناغەکانی یەکەمدا، بڕیاری دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دوورخستنەوەی تەواوی "زەیتوون کەهزادی" بوو لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، بەڵام پاش پێداچوونەوە، ئەم بڕیارە گۆڕانکاری بەسەردا هات و لە کۆتاییدا بوو بە دوورخستنەوەی لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە. شایانی باسە کە ژمارەیەک لە کچە قوتابییەکانی قوتابخانەی سەرەتایی فیردەوسی لە جوانڕۆ، زستانی ڕابردوو لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە و بە هاوکاری یەکێک لە مامۆستاکانیان بە ناوی "مێهری خوسرەوی زادە"، سروودی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازانەی "ڕێی خەباتمان"یان پێکەوە خوێند. سروودی "ڕێی خەبات" یەکێکە لە سروودە ئازادیخوازانەکانە کە پەیامێکی خۆڕاگری، یەکێتی و هیوای داهاتوویەکی دادپەروەرانە دەگەیەنێت و هەمیشە وەک هێمایەک بۆ بەرخۆدان و ناسنامەی فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردی ئەژمار دەکرێت. جێبەجێکردنی ئەم سروودە لەلایەن دەزگا حکوومییەکانی ئێرانەوە بە کاردانەوەی ئەمنی و گوشار خستنە سەر مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان لەقەڵەم دراوە.
کۆشکی سپی فشارێکی زۆر دەخاتە سەر کۆنگرێس بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی لەسەر سووریا ماوەتەوە، کە یاسای قەیسەر توندترین سزایە بەسەر سووریادا سەپێنراوە. پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، بەفەرمانێک زۆرینەی سزاکانی سەر سووریای هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام توندترین سزاکان کە سووریایان لە ئابووری جیهان دابڕاندووە، ئەو سزایانەن کە بە پێی یاسای قەیسەر دەرکراون و پێویستیان بە کۆنگرێس هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان. 'یاسای قەیسەر' یاسایەکی ئەمەریکایە کە سزای بەسەر حکوومەتی سووریا و بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری ڕژێمی پێشووی سووریادا سەپاندبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها ئامانجی یاساکە سزادانی هەر کەسێک و لایەنێکە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکات، سزاکەش زیاتر کەرتەکانی وزە و بیناسازی دەگرێتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2019 واژۆ کراوە و لە مانگی حوزەیرانی 2020 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەرپرسێکی باڵای کۆنگرێس بە ئەلمۆنیۆری گوت: بەرپرسانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بەتەواوی بۆ کۆنگرێس ڕوونکردووەتەوە، کە هەڵوێستی فەرمی ئیدارەکە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سزاکان و یاسای قەیسەرە. سەرچاوەیەکی دیکە لە کۆنگرێس ڕایگەیاند، تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا پەیوەندی بە یاسادانەرانی باڵای کۆمارییەکان کردووە و داوای لێکردوون پاڵپشتیی لە هەڵوەشاندنەوەی یاساکە بکەن. بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزاکان یاسادانەرانی هەردوو حزبی کۆماریی و دیموکراتەکانی یەکخستووە، کە سیناتۆر جین شاهین، لەبەری دیموکراتەکان و جۆ ویڵسنی کۆمارییەکان سەرکردایەتی هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر دەکەن. لە واشنتن هەندێک ڕێکخراوی لایەنگری ئیسرائیل هەن، داوای مانەوەی سزاکانی سەر سووریا دەکەن کە بە مەترسییەکی ئەگەری بۆ سەر ئیسرائیل و پێکهاتەکانی عەلەویی و دروزەکان دەزانن.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیار وایە سبەینێ گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بنێن. لەو بارەیەوە گەریلاکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکەنەوە. ڕۆژی ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، بەڕێز عەبدولا ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی بە ناونیشانی 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' کرد، پاشان لە چوارچێوەی ئەو بانگەوازییەدا، پەکەکە لە ٥ بۆ ٧ـی ئایار، کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجام دا و چەندین بڕیاری گرنگی بۆ ڕەخساندنی زەمینەی پرۆسەی ئاشتی پراکتیزە کرد. هەروەها لە ١١ـی تەممووز، گرووپێکی ٣٠ کەسی گەریلا بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات، وەک نیشاندانی نیازپاکییەک بۆ پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە مەراسێمێکی سیمبولیکدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند.
بڕیارە مانگى ئازارى ساڵی داهاتوو، بۆ یەکەمجار لە مێژووی فەڕەنسادا، پرۆسەی دادگاییکردن پەیوەست بە دۆسیەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بەڕێوەبچێت. دادگاییکردنەکە لە دادگای تاوانەکانی پاریس لەنێوان 16 بۆ 20ی ئازاردا ئەنجام دەدرێت. تۆمەتباری سەرەکی لەم دۆسیەیەدا جیهادییەکی فەڕەنسییە بە ناوی (سەبری سەید)، کە لەدایکبووی ساڵی 1984ی شاری تولوزە. سەید بەبێ ئامادەبوونی خۆی دادگایی دەکرێت، چونکە پێدەچێت لە ساڵی 2018 لە سووریا کوژرابێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی فەرمی لەسەر مردنی، دادگا بڕیاری داوە پرۆسەکە بەردەوام بێت. تۆمەتەکان: کۆمەڵکوژی و تاوانی دژە مرۆڤایەتی بەپێی بڕیاری دادوەرانی لێکۆڵینەوە، سەبری سەید بەم تاوانانەی خوارەوە تۆمەتبار کراوە: تاوانی کۆمەڵکوژی و دژە مرۆڤایەتی: بە تایبەتی دژی چوار ژنی ئێزدی و حەوت منداڵەکەیان. کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ: لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ناوبراو ژمارەیەک ژن و منداڵی ئێزدیی کڕیوە بۆ ئەندامانی داعش بە مەبەستی بەکارهێنانیان بۆ کاری سێکسی. مامەڵەی نامرۆڤانە: ژنە قوربانییەکان شایەتییان داوە کە خۆیان و منداڵەکانیان لە نان و ئاو بێبەش کراون، بەردەوام ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە و وەک "کاڵای سێکسی" مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. کلیمانس بیکتارت، پارێزەری ژنە ئێزدییەکان، ڕایگەیاندووە کە بریکارەکانی (قوربانییەکان) بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەم دادگاییە دەکەن و هیواخوازن لە ڕێگەی دادگای فەڕەنساوە گوێیان لێبگیرێت و دادپەروەری بۆیان بەدیبێت. جگە لە دۆسیەی سەبری سەید، بڕیارە دوو کەسی دیکەش بە هەمان تۆمەت دادگایی بکرێن: (عەبدولناسر بن یوسف): بەرپرسێکی باڵای داعش بووە و ئەویش بە مردوو دادەنرێت. (سۆنیا مەجەری): هاوژینی پێشووی ناوبراوە و ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ فەڕەنسا. دادگاییکردنی سۆنیا مەجەری، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2027 بێت، دەبێتە یەکەم دادگایی کەسێکی فەڕەنسی کە خۆی ئامادەبێت و بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی ڕووبەڕووی سزای زیندانیی هەتاهەتایی ببێتەوە.
سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت؛ سوپای کۆماری ئیسلامی ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی زەمینی و ئاسمانی و ئاوی کە لە لایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە دژ بە سەروەری خاکی ئێران بکرێت. ئەمڕۆ هەیینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025، حەبیبوڵڵا سەیاری سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕایگەیاند، توانای سەربازیی ئێران لە ئاستێکی بەرزدایە، لە توانایدایە وەڵامی هەموو هێرشێکی سەربازی بداتەوە چ لە وشکانی، ئاسمانی یان سنوورە ئاوییەکانەوە بێت. هەروەها جەختیکردووەتەوە، سوپا گەرەنتی و بەهێزی مانەوەی داهاتووی ئێرانە. ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا بڵاویکردووەتەوە، هەر ئەمڕۆ هەیینی، عەزیز نەسیرزادە وەزیری بەرگریی ئێران لەگەڵ دیمیتری پانتۆس سەرۆکی لیژنەی هاوکاریی و تەکنەلۆژیای بیلاڕووس جەختیان لە بەردەوامی هاوکارییە دووقۆڵیەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە لە بواری بەرگری، تەکنیکی و پیشەسازیی سەربازی. بە گوێرەی ئیرنا، هەردوو لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان بە تایبەتی لە کەرتی وزە و پیشەسازی، هاوکات بە تێڕوانینی نوێوە لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان نەخشە ڕێگەی نوێ دابڕێژن بۆ برەودان بە هاوکارییەکانی نێوانیان لە بواری پیشەسازی سەربازی. لەلایەن خۆیەوە، دیمیتری پانتۆس سەرۆکی لیژنەی هاوکاریی و تەکنەلۆژیای بیلاڕووس، باسی لەوەکردوە، هاوبەشیان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت، چونکە ئەو وڵاتە لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و پێشەسازیدا بۆ ئەوان گرنگە و دەتوانن سوود لە ئەزموونی یەکتر ببینن بۆ زیاتر گەشەپێدان لە بوارەکانی تەکنیکی و بەرگریدا. لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، تاران هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی، بە تایبەت لە ڕووی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە هەوڵی بە دەستهێنانی چەک و سیستەمی پێشکەوتوو دەدات. بەرەبەیانی هەینی، 13ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، سوپای ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دەیان ناوچەی جیاجیای سەربازی و ئەمنی ئێران، لە نێویاندا کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیی و سەکۆی هەڵدانی مووچە و فڕۆکەخانەکانی بۆمباران کرد، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت. لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە، بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون. ڕاگەیاندنی ئاگربەست دوای 12 ڕۆژ لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمیركی بڵاویکردەوە، داعش لە ساڵی 2025دا هێرشەکانی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا چڕتر کردووەتەوە، بە سود وەرگرتن لە کەمبونەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکاو ئەو ئاژاوەیەی دوای گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە هاتە ئاراوە. بەپێی ئاماری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە رۆژنامەکە بینویەتی، تا کۆتایی مانگی ئابی رابردوو ئەو گروپە 117 هێرشی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا لە تەواوی ساڵی 2024 دا، تەنها 73 هێرشی ئەنجامداوە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ زیادبونی چالاکییە سەربازییەکانی. تەنها لە مانگی ئابدا، حەوت ئەندامی هێزەكانی سوریای دیموکرات کوژران، هەفتەی یەکەمی مانگی ئەیلول هەشت هێرشی نوێی بەخۆیەوە بینی، کە بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوەوە دوو سەرباز گیانیان لەدەستدا. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: زۆرێک لەو هێرشانە لە پارێزگای دەیرزور چڕبوونەتەوە کە زۆرینەی چەکدارانی داعشی تێدایە و بە نزیکەی سێ هەزار چەکداران مەزەندە دەکرێت. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری گۆران تەل تامر، فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە رایگەیاندووە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا گوڕی دایە داعش، رونیشیکردووەتەوە، ئەندامانی گروپەکە دەستیانکردووە بە هێرشی زیاتر. لە مانگی نیسانی رابردودا، ئەمریکا دەستیکرد بە کشانەوەی 500 سەرباز لە کۆی 2 هەزار سەربازەکەی لە سوریا کە زۆربەیان لە دەیرزوربوون، هاوکات ژمارەیەک لە بنکەکانی گواستووەتەوە بۆ ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات. سەرکردەکانی هەسەدە جەختیان كردووە، گروپەکە شێوازی شەڕی خۆی گۆڕیوە و ئێستا لە رێگەی شانە بچوکەکانەوە کاردەکات کە لە پێنج ئەندام زیاتر نییە، هەندێکجار لە یەک ناوچە کاردەکەن بەبێ ئەوەی هەر شانەیەک ئەوی دیکە بناسێت. سیامەند عەلی، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایگەیاندووە: ئەو گروپە بچوکانە بە كەرەستەی سنوردارو بە تێچوی کەم ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجام دەدەن، هەر ئەندامێک تفەنگێکی کڵاشینکۆف و بۆمبێكی چاندنی پێیە. ئاماژەی بەوەشکردووە، چەکدارانی ئەو گروپە چیتر وەک جاران جلوبەرگی سەربازی لەبەر ناکەن و ئاڵای رەش هەڵناگرن، بەڵکو بە ئاسانی لەنێو دانیشتوانی ناوچەکەدا تێکەڵ دەبن، چونکە زۆربەیان سوریین.
گەورە ڕاوێژکارێکی ئەردۆغان ڕەتیدەکاتەوە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، هیچ لێبوردنێکی گشتیی دەربکرێت و دەشڵێت، گۆڕانکاری لە هیچ ماددەیەکی دەستووری تورکیادا ناکرێت. محەممەد ئوچوم، گەورە ڕاوێژکاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ڕایگەیاند، دەکرێت یاسایەکی تایبەت بە پەکەکە دەربکرێت، کە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی خۆی هێناوە، نەک گۆڕانکاریی لە یاسا گشتییەکان. ئوچوم، کە هاوکات بریکاری سەرۆکی دامەزراوەی سیاسەتە یاساییەکانە لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەو یاسا تایبەتەی دەردەکرێت، کاتیی بێت و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێت، واتە کاتێک دیاریدەکرێت و ئەو کەسانەی چەکیان داناوە و لەو ماوەیەدا ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، لەو یاسایە سوودمەند دەبن، لەگەڵ تەواوبوونی ماوەکەشدا، کەسی دیکە ناتوانێت سوود لە یاساکە ببینێت. ئوچوم، لەبارەی ئەو زانیارییانەی باس لە لێبوردنی گشتیی دەکەن، جەختیلەوەکردەوە، لێبوردنی گشتی و گۆڕانکاری لە یاسای سزادانیشدا لە پرسی ڕۆژدا نییە، نە ئیرادەیەکی لەو جۆرە هەیە و نە ئامادەکارییەکی لەو جۆرەش لە ئارادایە. لەبارەى چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەکەکەش، ئوچوم گوتی، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کادر و ئەندامانەی پەکەکە کە هیچ "تاوانێک"یان نەکردووە، جیاواز دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە "تاوان"ـی جۆراوجۆریان کردووە. واتە لەو یاسا تایبەتەی کە دەکرێت لەبارەى پەکەکە دەربکرێت، بەگوێرەی پلەبەندیی مامەڵە دەکرێت. ڕاوێژکارەکەی ئەردۆغان دەرگای بەڕووی هەر گۆڕانکارییەک لەبارەى ئەو ماددانەی دەستوور داخست، کە کورد چاوی خستووەتە سەریان و گوتی، پێویستە هەر یاسایەک لە پەرلەمان دەردەکرێت، گونجاو بێت لەگەڵ دەستووردا، بۆیە ناکرێت هیچ گفتوگۆیەک لەبارەى گۆڕینی چوار ماددەی یەکەمی دەستوور، ماددەکانی 42 و 66 بکرێت. چوار ماددەی یەکەمی دەستووری تورکیا باس لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەت دەکات، لەوانەش؛ زمانی فەرمیی تورکیا تورکییە. لە ماددەی 42ـی دەستووردا ئاماژەی بەوەدەکات؛ نابێت لە دەرەوەی زمانی تورکی، هیچ زمانێکی دیکەی دایک لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بخوێندرێت. ماددەی 66ـی دەستووریش دەڵێت؛ هەر کەسێک بە ڕەگەزنامەکەیەوە بەسترابێتەوە بە دەوڵەتی تورک، تورکە، منداڵی دایک یان باوکێکی تورکیش، تورکە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات، پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بن کە لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەری سووریادا واژۆیان کردووە. ئەنقەرە ڕایگەیاندووە، بە وردی چاودێریی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە دەکات و هۆشداری دەدات لە هەر هەنگاوێک کە زیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا بگەیەنێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە: • تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای نوێی سووریاوە "گرنگییەکی زۆری هەیە". • وەزارەتی بەرگریی تورکیا "بە وردی و هەستیارییەوە" چاودێریی ئەو پرۆسەیە دەکات. • پێویستە هەسەدە پابەندی ڕێککەوتنە هەشت خاڵییەکەی 10ـی ئازار بێت، کە لەنێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سووریادا واژۆکرا. سەرچاوەکە جەختی لەوەشکردووەتەوە کە پێویستە هەسەدە لەو "ڕەفتار و هەڵوێستانە دووربکەوێتەوە کە زیان لە یەکپارچەیی خاک و یەکبوونی سیاسیی سووریا دەدات." هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە تورکیا لەسەر بنەمای "یەک دەوڵەت و یەک سوپا" بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی سووریا. هاوکات، زەکی ئاکتورک، ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان، بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لەسەر سنوورەکان.
پرۆفیسۆر پیتەر مەکلارین ڕایگەیاند، لەم سەردەمەدا داواکاریی ئاشتی سەرهەڵدانێکە و گوتی، "دەوڵەتی تورک بیرۆکەکانی ئۆجالانی دەوێت، بەڵام ئیرادەکەی نا، قسەکانی دەوێت، بەڵام بوونی نا. ئاشتییش لەگەڵ ئەودا زیندانی کراوە." پشتیوانی لە پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا بەردەوامە. یەکێک لە پشتیوانانی ئەم پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتی دەکات پەروەردەکار، نووسەر و ئەکادیمیسیەنی کەنەدی پ. پیتەر مەکلارێنە، کە یەکێکە لە تیۆریسیەنە ناسراوەکان لە بواری پێداگۆژیی ڕەخنەگرانەدا. پ. مەکلارین چەند ڕۆژێک لەمەوپێش پەیامێکی بۆ دەم پارتی نارد و پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەکە دەربڕی. پ. مەکلارین سەبارەت بە بابەتەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و لە دەستپێکی قسەکانیدا سەبارەت بە پرسیاری "لە پەیامەکەتاندا ئاماژەتان بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتتان، 'سڵاو لەو بوێرییە دەکەم کە قسەی لە شوێنی چەک هەڵبژاردووە'. بە بۆچوونی ئێوە لەم سەردەمەدا بەکارهێنانی زمانی ئاشتی زۆر زەحمەتە؟" وەڵامێکی لەم شێوەیەی دایەوە: "سەرەڕای هەموو شتێک لەم سەردەمەدا زمانی ئاشتی هەیە. وەکو ئۆجالان کردی. زمانی ئاشتی لە هەناسەی نێوان وشەکاندایە، لە هەناسەی بەر لە وەڵامدانەوەدایە، لە جێی ئامادەکارییە بۆ وەڵامدانەوە، لە جێی ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوە، لەناو بوێریی گوێگرتندایە. ئەو زمانی ئاشتییە لەو شوێنەی کە سۆز مردن ڕەتدەکاتەوە، گۆرانی دەڵێت. لە نامەیەکی سەدان وشەییدایە، لە ناڵەی دایکێکدایە، لە پەرجووی بچووک و لێخۆشبووندایە. لەم کاتەدا قسەکردن لەسەر ئاشتی ئارامبوونەوە نییە؛ سەرهەڵدانە، یاخود ڕاپەڕینێکە. لەناو ئەم گەنگەشەیەدا باوەڕبوون بە هیوای مرۆڤایەتی بە دەنگێکی باشترە. وەکو مۆمێک کە لەبەر با دەلەرزێت، بەڵام هێشتا ڕووناکییەکەی دەدرەوشێتەوە." 'کۆتایی نییە، بەڵکو دەستپێکێکی نوێیە' پ. مەکلارین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ وەکو شێوازێکی سیاسەتی زۆر شکۆمەندانە دەبینێت و بەم شێوەیە بەردەوام بوو، "عەبدوڵا ئۆجالان لە تەنیایی زیندانەوە پەیامێکی نارد کە لە چیا، دۆڵ، باخچەکانی هەنار و لوتکە سەرکەشەکانی چیاکانی کوردستان دەنگی دایەوە. بانگی هاوڕێیانی خۆی کرد کە چەک دابنێن و ئاگری بەرخۆدان بکەنە کڵپەی ژیان. من ئەمە زۆر ڕێزدار دەبینم. لەژێر ئەو ئاسمانەی ماوەیەکی زۆربوو دەنگی فڕۆکەکانی جەنگی لێ بەرزدەبوویەوە، هاوڕێکانی ئۆجالان چەکیان سووتاند. ئەم چالاکییە نە بچووکبوونەوە بوو، نە شکستهێنان، ڕێوڕەسمێکی سەرلەنوێ خاوەندارێتیکردن بوو. دەتوانم بڵێم کە ئەمە گەواهیدەریی بوو شکۆمەندیی ژیان. ئەو تفەنگانەی کە سەردەمانێک سیمبولی ڕاپەڕین بوون، بوونە یادگارییەک و ئەو دەنگانەی لەمێژبوو بیری یەکتریان کردبوو، دەستیان بە ئاخاوتن کرد. ئەمە جووڵەیەکی گێڕانەوەیە کە بە باری کەشتییە ناسکە گریمانەییەکان، دەتوانێت سەرلەنوێ بکەوێتە گەڕ. بێگومان ئەمە بە مانای گەرەنتی نایەت. 'ئاشتی گۆڕانی تێکۆشانە، نەک ملکەچی' لەسەر هەڵوێستی یەکگرتووی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و دایالۆگ پ. مەکلارین گوتی، "من کەسێکم لەنێوان دوو نەتەوەدام. هەم هاووڵاتییەکی کەنەدیم هەم هاووڵاتییەکی ئەمریکیم. لە ئێستادا لە دووەم سەردەمی دەسەڵاتداریی دۆناڵد ترەمپدا کە هەوڵدەدات دوایین پایە دیموکراتیکەکانی ئەمریکا پارچە پارچە بکات. هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ دەبینن، کە چۆن دەیەوێت هێرش بکاتە سەر کەنەدا، ئابوورییەکەی پەکبخات، بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بیکاتە ٥١ـەمین ویلایەت. لە وڵاتێک دەبمێنمەوە کە خەون بە شەڕەوە دەبینێت. لە وڵاتێک کە نەوت وەکو چارەنووس، نەتەوەکانی تریش وەکو نێچیرێک دەبینێت. لە وڵاتێک کە هەوڵدەدات لە ڤەنزوێلا لە ڕێی شەڕەوە ڕژێم بگۆڕێت، پاڵپشتیی دارایی ڕووخانی غەززە دەکات، لەناوبردن بە 'خۆپاراستن' پێناسەدەکات، ئامێرەکانی مردن بە زمانی ئازادی پێناسەدەکات. شایەتحاڵبوونی پڕ ئێش و ئازارم فێریکردم کە پێویستە بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ جیۆپۆلیتیک بکەم. لەسەر ئەوە دامەزراوە کە چۆن هێز هەمیشە وەک پێوەرێک و شەڕیش وەک شکۆیەک دەفرۆشرێت. سەرەڕای ئەوەش لەناو ئەو قەرەباڵغیی فشار و سەروەرییەدا لە کونجی زیندانێک لە دوورگەی ئیمراڵی ناو دەریای مەرمەڕا دەنگێک بەرزبووەوە: دەنگی عەبدوڵا ئۆجالان. ئەو دەنگە لە ویژدانەوە بەرزبووەوە، نەک لە داگیرکاری؛ باسی ئاخاوتن دەکات، نەک مەرج. لە کاتێکدا جیهان دەست بۆ خەنجەر دەبات، ئەو باسی گفتوگۆ دەکات. ئەوانەی تر بانگەوازی شەڕ دەکەن، بەڵام ئەو بانگەوازی هۆشیاربوونەوە دەکات. لە کاتێکدا کە جیهان بە سەربازیبوون دەسووتێت، قسەکانی ئەو وەکو ئەوەی قسەی مرۆڤی ئەم جیهانە نەبن لە گوێکاندا دەنگدەدەنەوە. وەکو دەنگێک کە لە ئاستێکی ئەخلاقیی جیاوازەوە دێت، ئەوەی مرۆڤایەتی لەبیریکردووە، بەبیردەهێنیتەوە. ئاشتی کۆتاییهاتن نییە بە شەڕ؛ ئاشتی ڕەنجە بۆ ئافراندن. ئاشتی لەو شوێنەی کە مردنی لێ سەروەرە ئافراندنی ژیانە. ئاشتی لە شوێنی داگیرکاریی، ئەو دەستەیە کە سۆز هەڵدەبژێرێت؛ لەو شوێنەی کە هەڕەشە دەبینێت، ئەو چاوەیە کە شکۆ دەبینێت، ئەو دڵەیە کە باوەڕ بە ڕێکەوتن دەهێنێت. بە بۆچوونی من ڕوانینی ئۆجالان لە ڕووی جیهانییەوە پەیوەندی هەیە بە 'سەرکەوتن'ـەوە. ئەو باسی مێتامۆرفۆزان دەکات، واتا باسی گۆڕینی ڕوحی مرۆڤ دەکات. ئازادی ئازادی بەدەستهێنانی هێز نییە، هەڵستانە بە بەرپرسیارێتی: بەرپرسیارێتییە بەرامبەر مرۆڤەکانی تر، بەرامبەر ژیان و ئەو مردووانەی پێش بەربانگ فیداکارییان کردووە. ئاشتی کۆتاییهاتن نییە بە شەڕ؛ ئاشتی دۆخی ئافراندنی تێکۆشانە، بوێریی ئەوەیە کە ئاگر دەکاتە ڕووناکی، ڕقوکینە دەکاتە بەرپرسیارێتی، ئازار دەکاتە زانین. لە گوندەکان، شارەکان، ئەو دۆڵانەی کە بایان لێ دەدات تا دەگاتە چەم و ڕووبارەکان، چیتر هیوایەکی ناسک هاتووەتە بوون. هیوایەکە کە نیشاندەدات؛ ئەوانەی ماوەیەک دوژمنی یەک بوون، بێ ترس دەتوانن بەیەکەوە بە هەمان ڕێدا بڕۆن، ئەو خوێنەی کە ماوەیەک لەمەوبەر دەڕژا، لەجێی ئازار دەتوانێت خاوەندارێتی لە تێڕوانین بکات. با بە ئاشکرا قسەبکەین. ئاشتی دیارییەک نییە. ڕێکەوتنێکە. ڕەنجێکی پیرۆزە، ئاوازی ژیانێکە. هیوایەک هەیە کە لەژێر ڕۆشنایی ئەم پەیمانە ئاشتی دەتوانێت ببێتە ئەندازیاری ڕوحی و ئەخلاقیی ئەم خاکە. هیوایەکی بەهێز، کە ناهەژێت و هەتاهەتاییە. ئاشتی ملکەچبوون یاخود کۆتاییهێنان نییە بە تێکۆشان؛ گۆڕانە لەمەدا. ئەو بوێرییەیە کە دەبێتە ڕووناکی، فیداکاری دەکاتە شکۆ. ئازادیش ئاسۆیەکە کە هەمووان دەتوانن بەیەکەوە ڕێبکەن، نەک بە چەکەوە." 'بۆ هاتنەدیی ئاشتی، پێویستە دەوڵەتیش خۆی بێچەک بکات' پ. مەکلارین پەیوەست بە بەرپرسیارێتی و مامەڵەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ پرۆسەکە ڕایگەیاند: "لێرەدا دوو ئاستەنگیی جددی هەن. یەکەم وەکو بێدەنگی دەردەکەوێت. دەنگی ئۆجالان لە پشت دیوارێکی بێدەنگییەوە دەگاتە ئێمە، کە دەوڵەت دەیسەپێنێت. لە دوورگەی ئیمراڵی جیاکراوەتەوە. مافی سەردانکردنی نییە، مافی قسەکردنی نییە، هەروەها مافی هەناسەدانی نییە لە جیهانێکدا کە دەیەوێت بیگۆڕێت. ئەم بێدەنگییە بە ڕێکەوت نییە، ئەمە سیاسەتێکە. دەوڵەت فکری ئەوی دەوێت، بەڵام ئیرادەکەی ناوێت، قسەکانی دەوێت، بەڵام بوونی ناوێت. ئاشتییش لەگەڵیدا زیندانیکراوە. ئاستەنگیی دووەمیش ترسی دانپێدانانە. دەوڵەتی تورک سەد ساڵە پرسی کورد وەکو گەلێک نابینێت کە پێویستە لەئامێز بگیرێت، بەڵکو وەکو پرسێک دەبینێت، کە پێویستە بەڕێوەببرێت. ئەمڕۆش کاتێک پەکەکە بێچەکبوونی ڕاگەیاند، کاتێک ئۆجالان دەستی ئاشتی درێژکرد، حکومەت ئەمەی وەکو دەستپێکی ڕێکەوتن نا، بەڵکو وەکو 'سەرکەوتن دژی تیرۆریزم' پێناسەکرد. کاردانەوەکانی پێشوو هێشتا بەردەوامن: نکۆڵی بکە، کۆنترۆڵ بکە، سەرلەنوێ پێناسەبکە و سەرکوتبکە. بێگومان گۆڕەپانێکی سیاسی هەیە کە ئەمەی لێ نیشاندەدرێت. سەرۆککۆمار ئەردۆغان وەک چالاکییەکی گۆڕانکاریی ئەخلاقی نا، بەڵکو وەکو ئامڕازێکی مانەوە لەناو ژیانی سیاسیدا لە پرۆسەی ئاشتی دەڕوانێت. ئەرکەکەی، ئەرکی دەستووری بنەڕەتی لەگەڵ کۆتاییهاتندا ڕووبەڕوویە؛ دەزانێت کە بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی پشتگیریی کورد گرنگە. بەڵام بە هاوپەیمانبوونی لەگەڵ مەهەپەش خۆی بەستووەتەوە، کە نەتەوەپەرستی توندڕەوە و دەیەوێت کورد ڕەتبکاتەوە. هەربۆیە لەنێوان دوو بەرداشە: ڕۆیشتن بەرەو ئاشتی ئەو سەرکێشییەی هەیە کە لە بنەمای خۆی دووردەکەوێتەوە، دڵخۆشکردنی بنەماکەشی دەتوانێت ئاشتی پەکبخات. ئەگەر ئەو بە زمانی ئاشتییش قسەبکات، درۆنەکانی تورک لە باکووری سووریا بە زمانێکی تر قسەدەکەن. ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە لە دەرەوەی سنوور بەرامبەر گرووپە کوردییەکان دەیکەن. ئەمە شتێکی دوولایەنەیە: لە ناوخۆ دیپلۆماسییە، لە دەرەوە ڕووخان.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، "توانای زانستی ئەتۆمی ئێران لەناو نەچووە و دەشڵێت، تاران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە". ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە میدیاى سویسراى ڕاگەیاندووە، گەرچی زیانی زۆر بەر وێستگە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان کەوتووە، بەڵام توانای زانستی و تەکنیکی و پیشەسازیی ئەتۆمی ئێران لەناو نەچووە و دەکرێت سەنتەرفیوجەکان جارێکی دیکە کەڵکیان لێوەربگیرێتەوە و دروستبکرێنەوە. 23ـی حوزەیرانی 2025، لە یازدەیەمین ڕۆژی جەنگدا، ئیسرائیل شارەکانی تاران، کەرەج و قومی بۆردوومانکرد، دواتر هەریەکە لە وێستگە ئەتۆمییەکان و زانکۆى شەهید بەهەشتى و دەروازەکانى زیندانى ئێوین بە ئامانجگیران، دۆناڵد ترەمپیش ڕایگەیاند، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیان لەناوبردووە. سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەشڵێت، "تاران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە کە دەکاتە سەروو 60% و ئەگەر بەردەوامبێت لە پیتاندن، توانای دروستکردنی نزیکەی 10 بۆمبی ئەتۆمیی دەبێت". گرۆسی باسى لەوەشکردووە، "هیچ بەڵگەیەکیان نییە ئێران پلانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی هەبێت و دوای جەنگی 12 ڕۆژەش، تاران دەیتوانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بپچڕێنێت، بەڵام نەیکرد، گوتیشی، لە کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە لەگەڵ تاران بەردەوام دەبن. 23ـی ئەیلولی ئەمساڵ، زیاتر لە 70 پەرلەمانتاری ئێران داوایانکردووە وڵاتەکەیان چەکی ئەتۆمی دروستبکات و گۆڕانکاری لە فەتواکەی خامنەیدا بۆ حەرامکردنی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بکرێت کە لە ساڵی 2010 بە فەتوای عەلی خامنەیی، دروستکردن و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لەلایەن وڵاتەکەیەوە قەدەغەکراوە. دوێنێ چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمیش، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، داواکارییە زیادەڕۆکانی ئەمریکا دانوستانەکانی پەکخست. گوتیشی، "تاوەکو کۆتایی بەو داواکارییانەی ئەمریکا نەیات، تاران ناگەڕێتەوە بۆسەر مێزی دانوستانەکان". ئەمریکا و فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بڕیارنامەیەکیان دژی تاران ئاڕاستەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد، دواتر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بە نۆ دەنگی نەخێر و چوار دەنگی بەڵێ و دوو بێلایەن، بڕیاردرا سزاکانى سناپباک بگەڕێتەوە سەر تاران، 28ـی ئەیلولیش بە فەرمی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کە بە "سناپباک" ناسراوە گەڕایەوە سەر تاران.
چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی ئایندەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شاندێکی دەم پارتی کۆببنەوە، تێیدا باس لە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا بکرێت. گولستان کلیچ کۆچیغیت، جێگری سەرۆکی پارتەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانى تورکیا ڕایگەیاند، شاندی ئیمرالی بەم نزیکانە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکەپە کۆدەبێتەوە. ئەمە سێیەمین دیداری شاندی ئیمرالی دەبێت لەگەڵ سەرۆکی ئاکەپە و سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان. شاندەکە پێکهاتوون لە جێگری پارتی وان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، پەروین بوڵدان و جێگری شانلیورفا میتات سانجار. یەکەم دیدارى ئەردۆغان و دەم پارتى وەک یەکەم پەیوەندی لە ماوەی ١٣ ساڵدا ڕۆژی 10ی نیسان، بووە، کۆبوونەوەی دووەم لە ٧ی تەمموز بەڕێوەچوو، شاندەکە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان جێگری سەرۆکی پەرلەمان و میتات سانجار، جێگری شانلیورفای پارتەکەبووە، هەروەها ئەفکان عەلا جێگری سەرۆکی ئاکەپە و ئیبراهیم کاڵن بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانی (مێت) ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە نزیکەی یەک کاتژمێری خایاند. 1ی تشرینی یەکەمی پار، بە دەستپێشخەریی دەسەڵاتی تورکیا، دەست بە پرۆسەی چارەسەری کرا، پرۆسەکە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیای بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە، هەشت جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە. ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی مانگی ئایار، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
