حەیدەر مەلا، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەزم ئاشکرای دەكات: ئەنجومەنی نیشتمانی سوننەكان بە نیازە سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات، بۆ بڕیاردان لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان. حەیدەر مەلا، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی "ئەلجبال"ی راگەیاندووە: كۆبونەوەی سبەینێ‌ دوا هەوڵە بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسییەی سەرۆکی پەرلەمان و رێککەوتن لەسەر کاندید بۆ ئەو پۆستە، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، بە زیاتر لە کاندیدێک دەچینە دانیشتنەكەوە، پرسەكەش بۆ نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە کوردییەکان جێدەهێڵین. لەلایەکی دیکەوە، موهەنەد خەزرەجی، ئەندامی هاوپەیمانی سەروەری رایگەیاند: تا ئێستا کاندیدەکانی ئەنجومەنی سیاسی بۆ سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی و موسەننا سەمەڕائی_ن. وتیشی:کۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی سیاسی، هەوڵی کۆتایی دەبێت بۆ رێککەوتن لەسەر یەک کاندید، كە هەموو لایەك پشتیوانی بكەن، هەرچەندە قورسە ئەمە رووبدات، بەهۆی پێداگریی سەمەڕائی و حەلبوسی لەسەر کاندیدبونیان. ئاماژەی بەوەشکردووە: تا ئێستا هیچ ڤیتۆیەکی فەرمی لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە کاندیدکردنی كەسیایەتیەكی دیاریکراویان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پێنەگەیشتووە، ئەوەی لەبارەیەوە دەیبیستن لەڕێگەی میدیاكانەوە یان لە سەرچاوە نافەرمیەکانەوەیە. لەلایەکی دیکەوە، هەندێك سەرچاوەی تر باسیان لە ئەگەری ئەوە کردووە، هیبەت حەلبوسی، سەرکردە لە حزبی تەقەدوم، کاندیدبونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رابگەیەنێت، ئەوەش لە پێشهاتێكی نوێدا، كە ئاماژەیە بۆ لێكترازان لەناو حزبەکەدا. جەمال کەربولی، سەرۆکی حزبە حەل، لە سەكۆی "ئێكس" ئاماژەی بە ئەگەری کودەتاو دابەشبون لەناو حزبی تەقەدوم کردووەو رایگەیاندووە، ئەگەرى گۆڕانكاری ریشەی و ئاوەژووبونەوەی دۆخەكە هەیە.

كاردیناڵ (لویس روفائیل ساكۆ) سەرۆكی كڵێسای كلدانی لە عێراق و جیهان؛ لە نامەیەكدا بۆ (موقتەدا سەدر)ی رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە دەڵێت: دڵتەنگم بەوەی وتارەكەم لە شەوی یادی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح لە 24ی ئەم مانگە، لەچوارچێوەی راستەقینەی خۆی دەرهێنراوە. لویس ساکۆ داوا لە موقتەدا سەدریش دەکات روونکردنەوەیەک بڵاوبکاتەوە بۆ "هێورکردنەوەی دۆخەکە"، ئەمەش دوای ئەو مشتومڕەی لەبارەی دەستەواژەی "ئاساییکردنەوە" لە گوتارێکی ساکۆدا دروستبوو. رۆژی شەممە، 27-12-2025، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانەکان لە عێراق و جیهان لە نامەیەکدا کە ئاراستەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەی کردووە دەڵێت، "بە داخەوە ئاگاداری ئەو دەنگۆیانە بووم لەسەر گوتارەکەم لە شەوی لەدایکبوونی مەسیح دروستکراون، زۆر نیگەرانم کە قسەکانم لە چوارچێوە راستەقینەکەی خۆیان دەرهێنراون." ساکۆ لە نامەکەیدا بۆ سەدر جەختی کردووەتەوە، "دەمەوێت بۆ جەنابتان و تەواوی گەلی عێراق دووپاتی بکەمەوە کە من بە هیچ شێوەیەک ئاماژەم بە هیچ جۆرە ئاساییکردنەوەیەکی سیاسی لەگەڵ قەوارەی زایۆنی نەکردووە، چونکە بە تەواوی درک بە هەستیاری و لێکەوتەکانی ئەم بابەتە دەکەم." پاتریارکی کلدانەکان داوای لە موقتەدا سەدر کردووە، لەپێناو یەکڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، روونکردنەوەیەک بدات بۆ ئەوەی "دەرفەت بەو کەسانە نەدرێت کە دەیانەوێت یاری بە ئاسایشی عێراقەوە بکەن." لویس ساکۆ ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەنجوومەنی ئاسایش و پەرلەمانی ئەورووپا هەمیشە بەرگری لە عێراق کردووە و جەختی کردووەتەوە "داعش نوێنەرایەتیی ئیسلام ناکات." هەروەها گوتیشی، "کەنیسە چەندین جار ئاهەنگەکانی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە وەک رێزێک بۆ مانگی ڕەمزان و یادی عاشوورا." کێشەکە دوای گوتارەکەی ساکۆ لە قەداسی شەوی کریسمس لە کەنیسەی مار یوسف لە بەغدا دەستیپێکرد، کاتێک رووی دەمی کردە سوودانی و گوتی: "جەنابی سەرۆکوەزیران، قسە لەسەر ئاساییکردنەوە هەیە، من هیوادارم حکومەتی نوێ کار بکات بۆ ئەوەی ئاساییکردنەوە لەنێو عێراق و لەگەڵ عێراقدا بێت." دوای ئەو گوتارە، موقتەدا سەدر داوای لە لایەنە فەرمییەکان کرد "دەستبەجێ" ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و جەختی کردەوە کە ئاساییکردنەوە تاوانێکە و یاسای عێراقی سزای لەسەر داناوە. دواتر ساکۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "من داوای ئاساییکردنەوەی سیاسیم نەکردووە و هیچ رێککەوتنێکم لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ نەکردووە، بەڵکو داوای ئاساییکردنەوەم لەپێناو عێراقدا کردووە."

كارنامەی یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوكرایەوە، كە رۆژی دوو شەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەدەچێت. دوای سوێندخواردنی كاندیدە سەركەوتووەكان، بەگوێرەی بەرنامەی كار دەبێت سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵبژێردرێن.  لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ (سەرۆكی تەمەن)؛ فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق هۆشداریدا لەوەی بەگوێرەی دەستور نابێت دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان دوابخرێت یان درێژبكرێتەوەو دەبێت لەم دانیشتنەدا سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێن، بەم هەنگاوەش بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی خشتەی زەمەنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق دەستپێدەكات.

ململانێكانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل درێژبووەوە بۆ كیشوەری ئەفریقا، دوای ئەوەی ئیسرائیل بووە یەکەم وڵات کە دان بە كۆمارى سۆمالیلانددا بنێت، ئەوەش دوای چەند رۆژێك دێت لە لوتكەی سێ‌ قۆڵی نێوان ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس، كە وەك هەڕەشەیەكی راستەوخۆ دەبینرێت بۆ سەر توركیا لە دەریای ناوەڕاست. شەوی رابردوو، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، تیایدا ناتانیاهۆ قسەی لەگەڵ محەمەد عەبدوڵا، سەرۆک کۆماری سۆماڵیلەند كردو رێککەوتننامەی دانپێدانانی یەکتریان واژۆکرد. ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بە تایبەتی بۆ ئەنكەرە گرنگە بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی نزیک و تایبەتی نێوان تورکیا و سۆماڵ، بوونی تورکیا لە سۆماڵ تەنیا دیپلۆماسی و ئابوری نییە، بەڵکو سەربازیشە. پەیوەندییەکانی تورکیا و سۆماڵ، هاوپەیمانییەکی سەربازییە کە  لێكنزیكی دیپلۆماسی تێپەڕاندووەو پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە، توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی  لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا زۆرترین وەبەرهێنانی لە سۆماڵدا كردووەو خاوەنی گەورەترین بنكەی سەربازییە لەو وڵاتە، ئەوەش وایكردووە، ئەو جوڵە نوێیەی ئیسرائیل بەلای توركیاوە بایەخی تایبەتی هەبێت. •    توركیا گەورەترین بنكەی مەشقی سەربازی لە دەرەوەی وڵات لە مەقادیشۆی پایەتەخی سۆماڵ دامەزراندووە. •  رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە راهێنان و رێكسختنەوەی سوپای سۆماڵدا.  • هاوکاری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری لەگەڵ سۆماڵ بەهێزتر کردووە. بنکەی مەشقی سەربازی تورکسۆمى توركى لە ساڵی (2017) لەسەر داوای حکومەتی سۆماڵ کراتەوەو رۆڵێکی یەكلاكەرەوەی بینیوە لە پێکهێنانی بڕبڕەی پشتی هێزە چەکدارەکانی سۆماڵدا، سۆماڵ بە تاکە وڵاتی ئەفریقا دادەنرێت کە رێگەی بە بنکەیەکی سەربازیی بە تورکیا داوە، بۆیە ئەنكەرە داننان بە سۆمالیلاند تەنها وەک بابەتی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ نابینێت، بەڵکو وەک ئاڵنگارییەك  بۆ سەروەری هاوپەیمانێکی راستەوخۆی تەماشای دەكات. حکومەتی مەقادیشۆ سۆمالیلاند بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، سەرەڕای هەبوونی حکومەتێک کە پایتەختەكەی "هیرجیسا"یە و خاوەنی  پەرلەمان و هێزە ئەمنییە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن هیچ وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دان بە سۆماڵیلانددا نەنراوە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ. سۆمالیلاند زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسڵمانان، ئیسلام ئاینی فەرمییە لە دەستورەکەیدا، حکومەتی سۆماڵ جیابونەوەی بەتوندی رەتدەکاتەوە، ئەمەش هەڵوێستێکە کە زۆرێک لە وڵاتان هاوبەشن تیادا، بەتایبەت تورکیا. میدیاكانی توركیا دەڵێن: ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل قەیرانی نێوان ئەسیوپیاو سۆماڵيش دەهێنێتەوە پێشەوە، کە ساڵی رابردوو سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ئەسیوپیا رێککەوتنێکی لەگەڵ سۆمالیلاند واژۆ کرد، کە دانپێدانانی خاکەکەی لەخۆگرتبوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەریا، کە کاردانەوەی توندی لە مەقادیشۆی لێکەوتەوەو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، توانی کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت، كە لە ئەنجامی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە ئەنكەرە، پلانی ئەسیوپیا بۆ دانپێدانانی سۆمالیلاند هەڵپەسێردرا. سۆمالیلاند لە ساڵی 1991دا جیابوونەوەی لە سۆمال راگەیاند، لەگەڵ داڕمانی دەوڵەت، دوای روخانی رژێمی سۆماڵ بە سەرۆكایەتی سیاد بەری. لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، بزووتنەوەی نیشتمانی سۆماڵ لە باکور سەربەخۆیی سۆمالیلاندی رایگەیاندو هەرجیسا وەك پایتەختی وڵاتەكە دەستنیشانكرا.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" ڕایگەیاند، دەسەڵات بەگوێرەی پێویست لە پرۆسەکە نزیک نابێتەوە.  سیاسەتی تورکیا لەبارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاست نییە، چونکە لەلایەک داوای ئاشتی بۆ غەززە دەکات و لەلایەک هەڕەشەی دەستوەردان لە سووریا دەکات و شەڕی بۆ کورد دەوێت. هەڵسەنگاندنی قەرەسوو بەم شێوەیەیە: لە ٢٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس ڕوویدا، دەربارەی کۆمەڵکوژییەکە چی دەڵێن؟ پێش هەموو شتێک بە ڕێزدارییەوە یادی ئەڤین گۆیی، عەبدولڕەحمان کزل و میر پەروەر دەکەمەوە. کۆمەڵکوژییەکە جاری دووەمە لە پاریس ڕووبدات و بەم شێوەیە هاوڕێیانی ژن و وڵاتپارێزانی تێدا تیرۆر دەکرێت، بێگومان جێگەی ڕاوەستەکردنە لەسەری. ڕوودانی کۆمەڵکوژییەکە لە پاریس هەروا بەڕێککەوت نییە، بەڵام شتەکە ڕوونیشە. ئەو وڵاتەی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی وڵاتپارێزمانی لێیە ئەڵمانیایە، بەڵام کەچی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە لە پاریس ڕوویدا، ڕەنگە لە ئەڵمانیا پلانڕێژی بۆ کرابێت، بەڵام لە پاریس ئەنجام درا، مرۆڤ دەبێت بەم شێوەیە لێکیبداتەوە. ساڵانێک لەگەڵ ئەڤین گۆیی کارمان کرد، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریمان بوو، لە ڕۆژئاوا کاری دەکرد، هێرشەکە بە مەبەست ئەنجام درا و وەک ئەندامێکی بەرێوەبەریمان کرایە ئامانج. هەرخۆی پێشتریش بەرانبەر هەڤاڵانی ژنمان هێرش ئەنجام درابوو، هاوڕێیانمان سارا، ڕۆژبین و ڕۆناهی. بەڕاستی دەبێت بە سەرنجەوە ئەم بابەتە هەڵسێنگێندرێت. هێرشەکە بە گشتی بۆسەر تەڤگەری ئازادی کوردستان بوو، بەڵام ژنان کران بە ئامانج!، ئەمەش زیاتر ئەو نیگەرانییانە پشتڕاستەکاتەوە کە بکەری پشتەوەی هێرشەکان تورکیایە. هەرخۆی لە تیرۆرکردنی هاوڕێ سارا و هەڤاڵانییدا زۆر بە ئاشکرا پەیوەندی میت بە ڕووداوەکە دەرکەوت. لەبەرئەوەی ژنان پێشەنگی شۆڕش و تەڤگەرمانن بۆیە هەمیشە ئامانجی یەکەمی دەوڵەتی تورک و هەموو ئەو هێزانەن کە خواستیان قڕکردنی کوردانە، هەردوو کۆمەڵکوژییەکەی پاریس دەرخەری ئەم ڕاستییە تاڵەیە. بەڵام بەڕاستی هەڵوێستی فەرەنسا جێگەی قبوڵکردن نیە، لای خۆی دەوڵەتی یاسا و دیموکراسییە، بەڵام لە هەردوو کۆمەڵکوژییەکەدا هیچ هەنگاوێکی نەنا. خۆ کۆمەڵکوژی یەکەمیان بەڕۆژی ڕووناک لە لایەن میتەوە ئەنجام درا، بەڵام کەچی بەرانبەر دەوڵەتی تورک هیچ هەڵوێستێکی نیشان نەدا. خۆی کپ و کڕ کرد و نەیتوانی بە تورکیا بڵێت، 'تۆ بە چی مافێک لەسەر خاکی من کۆمەڵکوژییەکی ئاوا دەکەی؟'. خۆ ڕەنگە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە شتێکی گوتبێت، بەڵام ڕووداوێکی ئاوا شتێک نییە بە پەیوەندی دیپلۆماسی تێپەڕ بکرێت، لە ناوجەرگەی دەسەڵاتی دەوڵەتێکدا تیرۆکردنێکی ئاوا دەکرێت، دەرخەری ئەوەیە فەرەنسا لە ئاست ئەم شەڕە قێزەنەدا چاوی خۆی دادەخات و هەرچی یاسا و ڕێسای وڵاتەکەی هەیە پشتگوێ دەخات. بۆ دووەم کۆمەڵکوژی پاریش دەڵێت 'کەسێکی نەژادپەرست' کردوویەتی. دەی بۆچی ئەم کەسە کوردان دەکاتە ئامانج؟ پێشینە و ڕاستینەی کوردان شتێک نییە کۆمەڵگەی فەرەنسا نیگەران بکات. گەر هێرشەکە نەژادپەرستی بوایە ئەوا ئامانجەکە جیاواز دەبوو، ڕاستییەکە نازانین بەڵام بەم پێودانگەبێت دەبوایە لە بری کوردان ئامانجەکە شتێکی دیکە بوایە. نیشاندانی کۆمەڵکوژییەکە وەک 'هێرشی نەژادپەرستی' بەڕاستی سیاسەتی ونکردن و پەردەپۆشکردنی تاوانەکەیە. ئاشکرایە گەلێک هەیە، ڕێکخستنێکی ئەو گەلە هەیە و ڕۆڵەکانی ئەو گەلە هەیە و هێرشەکە لە دژی ئەوانە ئەنجام دراوە. کێ ئەمە دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت فەرەنسا بیداتەوە. بەڕاستی دۆخی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە یەک شتە. ڕەنگە بکوژی کۆمەڵکوژی دووەم بە پارە کرابێت و بە شێوەیەک کوردانی بۆ دەستنیشان کرابێت. نیشاندانی هێرشەکە وەک هێرشێکی نەژادپەرستی و دابڕاندنی لە دژایەتیکردنی کوردان و مەرامی سیاسی جێگەی قبوڵ کردن نییە. بۆیە گەلی کورد و ژنانی کوردیش ئەم کۆمەڵکوژییە پشتگوێ ناخات و بەدڵناییەوە تا ڕوونکردنەوەی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە تێکۆشان بەردەوام دەبێت. ئەمە زۆر گرنگە، گەر وانەبێت ئەوا ئەگەری کۆمەڵکوژییەکان هەمیشە زیندوو دەبێت، بۆیە ژنانی کورد و گەلی کورد تێکۆشانێکی ئاوا بەڕێوەدەبەن و سڵاو لە تێکۆشانیان دەکەین. چیتر گەلی کورد کۆمەڵکوژکردنی قبوڵ ناکات و دا کۆتایی بە دواداچوون بۆ کریاری کۆمەڵکوژییەکە و لێپرسینەوە لێیان دەکات و گەشبینین بەمە. لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی مەرەشداین کە بە سەختی لەسەر کوردانی عەلەوی لە ڕۆژئاوای فورات ئەنجام درا، ئامانجی کۆمەڵکوژییەکە چی بوو؟ بەڵی بێگومان ڕاستە کۆمەڵکوژییەکە لە مەرەش ئەنجام درا، بەڵام ئامانج کوردانی ڕۆژئاوای فورات بوو، کە خواستەکەش داماڵینی ناوچەکە بوو لە کوردان، کە لە پلانی ڕیفۆڕمی شەرقی [ئیسڵاح شەرقی] و دەستووری ١٩٢٤ی دەوڵەتدا پلانڕێژی داماڵین و قڕکردنی کوردان بوو لە ڕۆژئاوای فورات. بەڕاستی ئیسڵاح شەرقی بە تەواوەتی پلانڕێژی قڕکاری بوو، کە لەو سەردەمەدا دەوڵەت بە ئاشکرا پەیڕەوی دەکرد. دەوڵەتێکی هەڵگری پلانڕێژی لەم شێوەیە دەکرێت لە دادگای نێونەتەوەییدا بە دەوڵەتی قڕکەر دادگای بکرێت، چونکە زۆر بەڕوونی قڕکردنی چاند و ناسنامەی کوردان لە پلانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە و ڕوونە. بابەتەکە بابەتێکی ئاسایی نییە، لە ڕۆژئاوای فوارت دیلۆک، سەمسوور، مەرەش، مەلەتی و سێواسیش هەیە، لە گۆڕەپانێکی ئاوا بەرفراوان کورد کرا بە ئامانج، کە لە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانش بەرفراوانترە. ئەم گۆڕەپانە بە ئێستایشەوە لەژێر هێرشی قرکردندایە. خۆ قرکردن تەنها جەستەیی نییە، بەڵکو دەکرێت چاندیش بێت. یانی دەمەوێت بڵێم پێناسەی 'کۆمەڵکوژی' لە پێڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تەنها لە ناوبردنی جەستەیی نییە، بەڵکو هاوکات قرکردنی چاند، ناسنامە، زمان و گۆڕانی دیمۆگرافیش دەگرێتەوە. هەنگاو بە هەنگاو داماڵینی کورد بە هەموو شێوازەکانییەوە لە ڕۆژئاوای فورات پەیڕەو کرا و بە کۆمەڵکوژی مەرەش گەیشت بە لوتکە. چونکە بە کۆمەڵکوژی مەرەش و دواتر دیکتاتۆرییەتی کودەتای ١٢ـی ئەیلوول کوردان ناچار بە کۆچی زۆرە ملێی و گرتنەبەری هەندەران کران. شتەکە وای لێکەوتەوە لە گوندە ئاوەدانەکانی کوردستاندا تەنها چەند کوێرە ماڵێک بە چەند پیروپەککەوتەیەکەوە بمنێتەو. ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە ئابوورییەوە نییە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵکو ئەم خاکەیان بۆ کوردان گۆڕی بۆ دەڤەرێک کە نەتوانن تێیدا بژین. لەم دوایانەیشدا بە بومەلەرزەکەی ٦ـی شووبات، سیاسەتی 'تەنیاجێهێشتنی کوردان' لە ڕۆژئاوای فورات، کە درێژکراوەی ئیسڵاح شەرقی و کۆمەڵکوژی ١٩٧٨ـی مەرەشە گەیشت بە ئاستێکی باڵاتری مەترسیدار. بەڕاستی دۆخێکی ئازار بەخشە، بۆیە دەبێت کاتێک باس لە کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژئاوای فورات دەکرێت، دەبێت درک بە کۆدەکانی بکرێت و هەڵویستی توڕەی و ناڕەزایەتیمان بێت. توڕەی و ناڕەزایەتی چییە؟ بێگومان گەڕانەوەیە بۆ ئەم خاکە و سەرلەنوێ بکرێتەوە بە خاکی ئاوەدانی کوردان. بۆیە نابێت مرۆڤ کۆمەڵکوژییەکان قبوڵ بکات، وەک ئەوەی هەندێک بە تەواوەتی قبوڵیان کردووە. نابێت مرۆڤ ملکەچ بێت و بڵێت ئیدی ئەو دەڤەرە بۆ کورد بوونی نەماوە. باو و باپیرانمان لە مێژەوە لەوێ بوون. بەرپرسیارێتمانە خاوەنداری لەو خاکە بکەین. بۆیە کۆمەڵکوژی مەرەش برینێکی زیندووی بە ئازارە. پێویستە خەڵکانی نیشتەجێی ڕەسەنی ئەو دەڤەرە زۆر بە باشی بیری لێبکەنەوە و پێویستە بە گەڕانەوە و ئاوەدان کردنەوەی هەیە. گەر ئەمە بکرێت ئەوا هەڵوێستەیەکەی درووست لە بەرانبەر کۆمەڵکوژییەکە دەگیرێتەبەر، کە خاوەنداریکردن و گەڕانەوەیە بۆ ئەو خاکە. لە ئێستادا هەندێک گەڕانەوە هەیە و خانوو درووستەکرێت کە بەشێکی بۆ گەشت و ئەو بابەتانەیە، یانی بە گشتی هەندێک خاوەنداریکردن هەیە، بەڵام پێویست بە خاوەنداریکردنی بەهێز هەیە. لە کۆمەڵکوژییەکەدا نزیکەی ٢٠٠ کەس لە هەموو چین و توێژەکان کۆمەڵکوژ کران، ئازارێکی سەختە. بەڕێزدارییەوە یادیان دەکەینەوە و هەمیشە زیندوو دەبن لامان و لە کوردستانی ئازاد و تورکیایەکی دیموکراتیکدا یادیان دەکەینەوە. دەربارەی پرۆسەکە سەرەڕای ئەوەی ساڵێک بەسەر پرۆسەکەدا تێپەڕیوە و وەکو تەڤگەری ئازادی هەنگاوی زۆرتان نا، لە مژاری 'مافی هیوا'دا بۆ ڕێبەر ئاپۆ هیچ هەنگاوێک نەنراوە. هێشتا گۆشەگیری بەردەوامە. لە قۆناغێکی وا مێژووییدا گۆشەگیری چ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەکە دەبێت؟ پار مانگی تشرینی یەکەم دەوڵەت باخچەلی بانگەوازێکی کرد. گوتی، با بێت لە پەرلەمان قسە بکات، کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەکی ڕێکخستن بهێنێت و سوود لە مافی هیوا وەربگرێت. ئەم قسانە تۆمارکراوە. ڕێبەر ئاپۆش گوتی، من دەتوانم ئەم پرسە، پرسی کورد، پرسی شەڕی ٥٠ ساڵە ببەمە سەر زەمینەی یاسایی و سیاسی. ٢٧ـی شوباتیش بانگەوازێکی کرد. بانگەوازی ٢٧ـی شوبات لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە، دەوڵەت باخچەلی و زۆر لایەنەوە بەئەرێنی بینرا. بەڵام ئەم بانگەوازە ڕوحێکی هەیە. گرنگترین قسەی ئەم بانگەوازە ئەوەیە کە پارێزەری هێژای ئاشتی و ئازادی سری سورەییا ئۆندەر ئاماژەی پێکرد و گوتی، بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی ٢٧ـی شوبات، پێویستە زەمینەی یاسایی و سیاسی بڕەخسێنرێت. ئەم پرۆسەیە بەم شێوەیەیە. کارەکتەرەکەی ئەمەیە. ئەگەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە هەبێت و بەم پێیە مامەڵە بکرێت، پێویستە ئەمە بکرێت. بانگەوازی ٢٧ شوبات و قسەکانی سری سورەییا ئۆندەر، ئاکەپە، دەوڵەت باخچەلی و مەهەپەش بەئەرێنی بینیان. پارتەکانی تریش، چەند پارتێکی فاشیست نەبێت، هەمووان هەڵوێستیان ئەرێنی بوو. پێویستە بەردەنگی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ بکرێت؛ گۆشەگیری زیانگەیاندنە بە پرۆسەکە و مافی هیوا مەرجە ئەگەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە زۆر گرنگ بێت، تەمەنی کۆماری تورکیا ١٠٠ ساڵە، ئەگەر مەبەست ئەوە بێت پرسێکی پەیوەندیدار بە ٥٠ ساڵ، بە نیوەی تەمەنی تورکیاوە چارەسەر بکرێت و ئامانجیش لێی هێنانەدیی خوشک-برایەتیی کورد و تورک بێت، ئەوا پێویستە بەردەنگیی ڕێبەر ئاپۆ قبووڵ بکرێت. بۆئەوەی بتوانێت لەم پرۆسەیەدا بە ڕۆڵێکی کاریگەر هەڵستێت، پێویستە هەلومەرجەکانی ژیان و کارکردنی ئازادی بۆ ئامادە بکرێت. ئەوەی پێی دەگوترێت 'مافی هیوا'، پێویستە بخرێتە بەرنامەی کارەوە. هەرخۆی ئەم مژارە یاساییە. لەلایەن دەستووری بنەڕەتیی ئەوانەوە قبووڵکراوە. دەوڵەت باخچەلیش گوتی، جێبەجێ دەکرێت. سەرەڕای ئەوە ڕاگرتنی ڕێبەر ئاپۆ لەناو هەلومەرجی گۆشەگیریدا بەمانای مامەڵەیەکی کەموکورت دێت لەگەڵ پرۆسەکە. بە مانای مامەڵەیەکی هەڵە دێت لەگەڵ پرۆسەکە. بەڵێ، ڕێبەر ئاپۆ زۆر هەوڵدەدات، هەنگاوی گەورەی نا. مامەڵەیەکی نادروست لەگەڵ ڕێبەرێکی لەو شێوەیە، بە مانای مامەڵەیەکی نادروست لەگەڵ پرۆسەکە دێت. باسی پرۆسەکە دەکرێت. دەڵێن 'تورکیای بێ تیرۆر'، بێگومان ئێمە بەو شێوەیە قبووڵمان نییە. پرۆسەی خوشک-برایەتییە نەک 'تورکیایی بێ تیرۆر' ئێمە وەکو پرۆسەیەک دەیبینین کە تێیدا خوشک-برایەتیی کورد و تورک دێتەدی، کورد و دەوڵەتی تورک ڕێکدەکەون کە سەدساڵە شەڕی یەکتر دەکەن، ئەنتێگراسیۆنێکی دیموکراتیک، واتا مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەیەکی یاساییدا دێتەدی. هەربۆیە ئەم مامەڵەیە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ پێویستە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. پێویستە هەمووان هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن. دەوڵەت باخچەلی گوتی، ڕێبەری دامەزرێنەر. دەسەڵاتی ئاکەپەش و دەوڵەت باخچەلیش هەنگاوەکانی ڕێبەرێتی بەئەرێنی دەبینن. مادام وایە، ئایا مامەڵەیەکی لەم شێوەیە دەگونجێت؟ هەربۆیە بەردەوامیی گۆشەگیری، ڕاگرتنی بەردەنگێک کە پرسی ٥٠ ساڵە چارەسەردەکات لەناو ئەم دۆخەدا، نیشانەی مامەڵەیەکی نادروستە لەگەڵ پرۆسەکە. سەرەتا دەوڵەت باخچەلی بانگەوازی کرد، باسی مافی هیوای کرد. مادام وایە پێویستە پێویستییەکانی جێبەجێ بکرێن. گوتی، با بێت و کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەکانی ڕێکخستنەکەی بهێنێت، با بێت لە پەرلەمان قسە بکات. ڕێبەر ئاپۆ لە قسەکانی دەوڵەت باخچەلی زیاتر هەنگاوی نا، وایکرد هەنگاو بنرێت. باشە، مادام وایە بۆچی پێویستییەکانی جێبەجێ ناکرێن. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە ئاکەپە و مەهەپە، ئەوانەی کە بەردەنگی پرۆسەکەن، ئیرادەیەکی ڕوونیان نییە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە. نیشاندەری ئەوەیە کە دوودڵن. کوردان نیگەرانن لە نەڕەخساندنی مافی هیوا لە مژاری مافی هیوادا هیچ هەنگاوێک نەنرا، لە مژاری گۆشەگیریدا پێشکەوتنێک ڕووینەدا. بێگومان هەندێک دیدار دەکرێن، شاندەکان دەچن و دێن. بەڵام ئەمە بەس نییە. لەم مژارەدا بێگومان کۆمەڵگەی کورد نیگەرانە. کۆمەڵگەی کورد دەڵێت، ئەگەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە هەبێت، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ لەناو هەلومەرجی ئازاددا ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبەرێت. باسی مافی هیوا دەکات. هەربۆیە لە ٤ـی کانوونی دووەمدا گەلی کورد بە داخوازیی مافی هیوا و ڕەخساندنی هەلومەرجی ئازادی کارکردن و ژیان بۆ ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستێک، ئیرادەیەک نیشاندەدات. گردبوونەوەیەک ڕێکدەخات. ئەمەش گرنگە. لەبەرئەوە گرنگە؛ پێویستە ئیرادەی گەلی کوردیش لەبەرچاو بگیرێت. ئێمە باسی خوشک و برایەتیی کورد و تورک دەکەین، هەربۆیە گەلی کورد ئیرادەی هەیە. کێ نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی کورد دەکات؟ ئێمە لەو باوەڕەداین کە گردبوونەوەیەکی لەم شێوەیە ئیرادەی گەلی کورد نیشاندەدات. لەسەر ئەو بنەمایە باوەڕمان وایە کە بە گردبوونەوەیەکی بەهێز بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و جێبەجێکردنی مافی هیوا هەڵوێست، ئیرادە نیشاندەدات. دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان چووە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا دیداری کرد، پارتەکان ڕاپۆرتی خۆیان ئامادەکرد و پێشکەشی پەرلەمانیان کرد. ئێوە ڕاپۆرتی پارتەکانتان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە چۆن بینی؟ ئێمە بەفراوانی بە دواداچوونمان کرد. بەش بە بەش لە ڕاگەیاندن بڵاودەکرێنەوە. هی جەهەپە، هی ئاکەپە بڵاودەکرێتەوە. هی دەم پارتی کەمێک بە فراوانتر بڵاوکرایەوە. بێگومان دەم پارتی ڕاستییەکان دەخاتە بەر چاو. ڕاپۆرتی بنەڕەتی پێویستە ڕاپۆرتێکی لەم شێوەیە بێت. ئەو هەموو دیدارە کران، ئەو هەموو گفتوگۆیە کران، بۆچوونی سەرۆکانی پەرلەمان وەرگیرا. دوای وەرگرتنی ئەو هەموو بۆچوونانە، مژارەکە خۆی پرسی کوردە، هەمووان دەزانن، پرسی دیموکراسییە. هەرخۆی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و پشتیوانیی نەتەوەییە. مادام وایە پێویستە بە پێی ناوەکەی مامەڵە بکات. لە ئێستادا شتێکی وا بوونی نییە. بەتایبەتی گەلی کورد، هێزە دیموکراسییەکان ڕەخنەیان هەیە. ئەو هەموو دیدارەیان کرد، دیداریان لەگەڵ هەموو کەسێک کرد، بۆچوونیان وەرگرتن. سەرۆکانی پەرلەمانی ٥٠ ساڵی ڕابردوو هەموویان بۆچوونی ئەرێنییان دەربڕی. پەرلەمانی تورکیا چەندە نوێنەرایەتیی گەلی تورکیا دەکات یان ناکات، ئەوە مژارێکی جیاوازی گفتوگۆیە. بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە پەرلەمان نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات. سەرۆکانی پەرلەمانیش بە شێوەیەکی ئاشکرا گوتیان، ناوی پرسەکە، پرسی کوردە. هەربۆیە ڕاپۆرتەکان زۆر گشتگیرن. ئایا بەم شێوەیە دەبێت؟ کۆمیسیۆنێکی وەها، کۆمیسیۆنی هەموو پارتەکان بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پرسەکە دەکات؟ قورسایی خۆیان لەدەستدەدەن. ئەم مامەڵەیە، نەک تەنها لە مژاری پرسی کورد و دیموکراسیدا، نیشاندەری ئەوەیە کە لە مژاری جیاوازیشدا ناتوانن چارەسەر بۆ کێشەی خەڵک بدۆزنەوە. واتا نیگەرانییەکی وەها لای خەڵک دروستدەبێت. مامەڵەی جەهەپە بە ڕاستی زۆر دواکەوتووانەیە جەهەپە؛ خۆی نەچووە ئیمراڵی، باسی دیموکراسی دەکرد. مەگەر دیموکراسی بەبێ کورد دەبێت؟ باس لەوە دەکرێت کە دواتر لە ڕاپۆرتی جەهەپەدا مامەڵەیەکی لەو شێوەیە کراوە. لە لایەکی ترەوە، ئۆزگور ئۆزەل ئەو هەمووە دەیگوت پرسی کورد هەیە، لە کوردستان گەڕا. گوتی، ئەگەر کورد دەڵێت ئەم کێشەیە هەیە، ئەوا پێویستە چارەسەر بکرێت. زۆر شتی گوت. بۆچی ئەمانە نیشان نادرێن؟ ئەمە مامەڵەی پارتە سیاسییەکانە بە گوێرەی ڕووداوەکانی ڕۆژانە. یاخود بەرنامە، ڕێسانامەی پارتەکەی بە گوێرەی هەندێک پارتی تر ڕێکدەخات. پارتێک، تەڤگەرێک بێ ئەوەی چاو لە مامەڵەی پارتێکی تر بکات، پێویستە هەڵوێستی خۆی نیشان بدات. هەربۆیە مامەڵەی جەهەپە بە ڕاستی زۆر دواکەوتووانەیە. ڕەخنەی لە ئاکەپە و مەهەپە دەگرت، دەرکەوت ئەو ڕەخنانە هیچ مانایەکیان نییە. ئەو هەموو ڕەخنەیە بگریت، باسی دیموکراسی بکەیت، دواتریش لەسەر سەرەکیترین پرسی تورکیا ڕاپۆرتێک ئامادە بکرێت، باسی نەکەیت. ئەمە خەمساردییە. ڕاپۆرتێکی هاوبەش چۆن دەبێت، ئێمە نازانین. ئێمە لە ئێستاوە هیچ شتێکی نەرێنی ناڵێین، بەڵام ناتوانین بڵێین کە یەک بە یەکی ڕاپۆرتەکان ئەرێنین. ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەکە چووەتە قۆناغی دووەمەوە. لەم قۆناغەدا ئێوە چاوەڕێی چ ڕۆڵێکن لە پەرلەمان؟ کۆمیسیۆنی پەرلەمان گرنگە. کۆمیسیۆنی پەرلەمان دامەزرا، ئێمە بە گرنگمان بینی. مێژووی تورکیا بەم شێوەیەیە؛ بەڵێ، پەرلەمان هەیە بەڵام لە مێژووی تورکیادا پەرلەمان بە کێشە سەرەکییەکانەوە سەرقاڵ نەبووە. پارتەکانیش پێیەوە سەرقاڵ نەبوون. ئەگەر پەیوەندی بە ئابوورییەوە هەبووبێت، کەمێک پەیوەندی بە تەندروستییەوە، بە فڵان شتەوە هەبووبێت، پێوەی سەرقاڵ بووە. کاتێک باسەکە هاتووەتە سەر پرسە ستراتیژییەکان، پرسە سەرەکییەکانی تورکیا، پرسی کورد، پرسی عەلەوییەکان، پرسە سەرەکییەکانی تر، پەرلەمان خۆی بێدەنگ کردووە. مێژووی تورکیا نیشانیدا کە پەرلەمانی تورکیا لە پرسە سەرەکییەکاندا خاوەن ئیرادە نییە. لەبری ئەوە باسی دەوڵەتی قووڵ دەکرێت، باس لە دەوڵەتی دەرەوەی نۆرم دەکرێت؛ ئەم لایەنانە لەم مژارانەدا بوونە خاوەن قسە. هەرچەندە دەبووایە سیاسەت ببووایە بە خاوەن قسە. دەبووایە سیاسەت چارەسەری بۆ هەموو کێشەکانی تورکیا پەیدا بکردایە. تا ئێستا پەرلەمان ئەم مامەڵەیەی نیشان نەداوە. پەرلەمان تەنها وەکو ڕووکارێک مایەوە. سەرقاڵی ئەو مژارانە دەبێت کە بۆ ئەوانی تر سەرەکین، با بڵێین ئابووری، پەروەردە کە سنوورەکەشی دیارە. کۆمیسیۆن دامەزرا، گفتوگۆی فراوان دروستبوون، ئاخۆ پەرلەمان ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا دەستنیشان دەکات. سیاسەت ئەمە دەستنیشان دەکات؟ یاخود کێشە سەرەکییەکانی تورکیا جارێکی تر بۆ هێزەکانی دەرەوەی سیاسەت، بۆ دەوڵەتی دەرەوەی نۆرم، بۆ دەوڵەتی قووڵ جێدەهێڵدرێت؟ ئیرادەی ئەم لایەنانە جارێکی تر سەروەر دەبێت؟ تورکیا جارێکی تر بەم شێوەیە بەڕێوەدەبرێت؟ ژینگەیەک کە تێیدا پارتەکان بێکاریگەرن، بەم شێوەیە دەبێت؟ کاتێک سەرۆکوەزیر، سەرۆککۆمار دەچنە ناو پرسە سەرەکییەکانەوە، بۆ نموونە ئۆزالیان خستە چ حاڵێکەوە، یاخود ئەربەکان، ئەوانی تر. ڕێبەر ئاپۆ بە دیدگای قوڵی سۆسۆلۆژیی و  مێژوویی پرۆسەکەی دەستپێکردووە بۆیە کاتێک دێتە سەر پرسە سەرەکییەکانی تورکیا وەکو پرسی کورد، پرسی عەلەوییەکان سەرۆکوەزیر و سەرۆککۆماریش کاریگەرییان نییە. ناتوانن کاریگەرییەکی وا دروست بکەن. ئێستا ڕێبەرێتی گوتی قۆناغی دووەم. کۆمیسیۆن دیداری لەگەڵ کرد. ڕێبەر ئاپۆ پرسە سەرەکییەکانی تورکیای خستە ڕوو. ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە گەلی کورد و تورک ببنە خوشک-برا. ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا بە پشتبەستن بەم مێژووە دەتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت. هاوکات چاوەڕێی هەڵوێستی سیاسییەکانی کرد. تورکیا دیالەکتیکێکی هەیە، مێژووی تورکیاش دیالەکتیکێکە. سۆسیۆلۆژیایەکی مێژوویی هەیە. ڕاستییەکی دەوڵەتی تورک، ڕاستیی تورکیا هەیە کە لە مێژوو دانابڕێت. هەر لەبەر ئەوەیە کە ڕێبەرێتی بەردەوام پەیوەندییەکانی تورک و کورد دەخاتە ڕوو. ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی تورکیا، داهاتووەکەی تەنها بە خوشک-برایەتیی تورک و کورد دەبێت. وا باشە سیاسەتمەداران و پارتەکان خاوەندارێتی لەم ڕاستییە مێژووییە بکەن، یاخود نکۆڵیکردن لە کورد بەردەوام دەبێت؟ گوایە کورد هەیە، بەڵام لە یاسادا ڕەچاو ناکرێت. هەربۆیە سیاسەت، پارتەکانی تورکیا لە ئەزموونێکی مێژووییدان. ئایا دەڵێن، 'ئێمە پارتی سیاسین، ئێمە چارەسەر بۆ کێشەکانی تورکیا دەدۆزینەوە، چارەسەرییەک دەخوڵقێنین' یاخود وەکو سەدساڵی ڕابردوو لەم مژارانەدا بێئەوەی هیچ بڵێن، تەنها بە کێشە لاوەکییەکانی ترەوە سەرقاڵ دەبن و خۆیان وەکو سیاسەتمەدار و پارتی نیشاندەدەن. سیاسەتمەداری بەم شێوەیە نابێت. پارتبوونیش بەم شێوەیە نابێت. نەکەوتنەناو کێشە سەرەکییەکانی تورکیاوە، جگە لە چەواشەکردنی کۆمەڵگەی تورکیا لە ڕێی ئەم سیاسەتمەدار و پارتانەوە، هیچ مانایەکی تری نییە. ئێمە لە پرۆسەیەکداین کە کەوتووەتە دووەم ساڵییەوە. بە دەستپێشخەریی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان وەکو تەڤگەر ئێوە هەنگاوی مێژووییشتان نا. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە سەرەڕای هەنگاونەنان پەیوەست بە پرۆسەکەوە، سیاسەتەکانی خۆی لە زیندانەکانیش بە هەمان شێوە درێژەپێدەدات. نموونەی ئاشکراش ئەوانەن کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە زیندانن، ئازاد ناکرێن. پێویستە ئەو مامەڵەیەی زیندانەکان چۆن لێکبدرێتەوە؟ ڕێکارەکانی گەریلا لە پێناو بەرەوپێشچوونی پرۆسەکەدایە ئەو پرۆسەیە کە تێیدا باسی دیموکراسی، پشتیوانیی نەتەوەیی و خوشک و برایەتی دەکرێت، چۆن دەبێت؟ هەنگاو نران. چەکەکان سووتێنران، هێزەکانی ناو سنووری تورکیا کشانەوە، لەو شوێنانەی کە مەترسیی شەڕی لێیە، گەریلا کشاوەتەوە بۆئەوەی ڕێ لە شەڕ بگرن، بۆئەوەی پرۆسەکە بەڕێوەبچێت. هەندێک گۆڕەپانیان چۆڵکرد. لەناو تورکیاش لە ئاستێکی گرنگدا کشانەوە ڕوویدا. باشە وەڵامێکی چۆنی ئەمە دەدرێتەوە؟ دەڵێن 'بێچەکبوون'، 'کۆتاییهێنان بە تیرۆر'. دەبووایە سیاسەتی دیموکراتیک پەیڕەو بکرایە. محەممەد ئاگار خۆی گوتبووی، با لە دەشت سیاسەت بکەن. هێشتا لە تورکیا هەزاران زیندانی هەن. هێشتا یاسای تیرۆر هەیە. باسی کورد و کوردستان بکە، دەتخەنە زیندان. واتا دەرفەتی سیاسەتی دیموکراتیک بوونی نییە. باشە ئەوە چۆن دەبێت؟ دەڵێن با بێن. چۆن بێن؟ ئایا گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیک دەبێت؟ ئازادانە دەشێت سیاسەتی دیموکراتیک بکرێت؟ یاخود کاتێک کەسێک باسی کوردایەتی، دیموکراسی بکات و هەندێک ڕەخنە بگرێت، زیندانی دەکرێت؟ شتیوا دەبێت؟ ٣٠ ساڵە لە زیندانە، پەڕاوەکەی دەسووتێنن و ئازادی ناکەن. ٣٠ ساڵە لە زیندانە، هێشتا زیاتر لە زیندان دەهێڵدرێتەوە. هەندێک لە ناچاری ئازاد دەکرێن. بابەتی زیندانیانی سیاسیی مشتومڕ هەڵناگرێت؛ ئازادکردن هاندانی پرۆسەکەیە واتا ناچار دەبن ئازادی بکەن. سێ دەیە تێپەڕیوە. با بڵێین ساڵێک درێژدەکاتەوە، دوو ساڵ درێژدەکاتەوە، ئازادی دەکات. ماوەی ڕابردوو بەشێک لەو زیندانیانەی ٣٠ ساڵ بوو لە زیندان بوون، ئازادکران. هەندێک لە میدیاکان دەڵێن، 'چۆن ئازاد دەکرێن؟' ئەوەی ٣٠ ساڵ زیندانی بووە، ٣٠ ساڵ. پێشتر ١٠ ساڵ جارێک، ١٥ ساڵ جارێک لێخۆشبوون ڕادەگەیەندرا، زیندانییە سیاسییەکان ئازاددەکران. ئێستا هەندێک هەڵدەستن گوایە خۆیان وەکو لایەنگری دیموکراسی نیشاندەدەن، دێن دژایەتیی ئازادکردنی زیندانییەک دەکەن، کە ٣٠ ساڵە لە زیندانە. ئەوانە فاشیستی ڕەش و تاریکن. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بەشێکیانی ئازادکرد، بەڵام هێشتا زۆر زیندانیی ٣٠ ساڵە ئازاد ناکرێن. ئەمە هیچ شرۆڤەیەک هەڵناگرێت. بەم شێوەیە پرۆسەکە چۆن پێشدەکەوێت؟ بەڵێ، ڕێبەر ئاپۆش بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە هەوڵدەدات، ئێمەش هەوڵدەدەین. هیچ نەبێت ئێمە بەم شێوەیە مامەڵە دەکەین؛ ئەگەر نییەتێک هەبێت دەڵێین فەرموو، کاری ئەوان ئاسان دەکەین. بەڵام ئازادنەکردنی زیندانییانی ٣٠ ساڵە، بابەتێک نییە کە جێی مشتومڕ بێت و قسەی لەسەر بکرێت. هەم باسی پرۆسەیەکی لەم شێوەیە دەکرێت، هەم دەڵێن با چەکەکانیان دانێن و بێن؛ بەڵام ئەوانەی ٣٠ ساڵە لە زیندانن، ئازاد ناکرێن. وەکو ئەحمەد کایا دەیگوت، ئەمە چ ناکۆکییەکی گەورەیە. دەتوانم ئەمە بڵێم. دۆخی سیاسیی سووریا و دەستەوەردانی تورکیا بەشێک لە دەسەڵاتدارانی تورک هەڕەشەی توند لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن. هاکان فیدان، یاشار گولەر و ئیبراهیم کاڵن ڕۆشتنە سووریا. ئەو ڕۆژە هێرش کرایە سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب. زۆرێک لە بازنەکان هەوڵی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار دەدەن، بەڵام دەوڵەتی تورک پیداگری لە هەڕەشەکردن دەکات. ئەمە مانای چییە؟ ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێککەوتنێکە لە نێوان شەرع و مەزلووم عەبدی واژۆکرا. ئەوەندەی ئێمە بزانین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نێوەنگیرە، بەڵام لەم ڕێککەوتننامەی ١٠ـی ئادار شڕۆڤەی جیاواز هەیە. دیمەشق بەپێی خۆی شڕۆڤە دەکات. هەروەها دەوڵەتی تورک کاریگەری نەرێنی لەسەر شڕۆڤەی ڕێککەوتننامەی ١٠ـی ئادار هەیە. ئەو شڕۆڤانە بەربەستێکە لە بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار. بە واتایەکی تر ڕۆژئاوا، بەڕێوەبەرانی ئەوێش خاوەندارێتی لێ دەکەن، بەڵام دەڵێن، دەبێت کرۆک، ناوەڕۆکەکەی و پێداویستییەکانی جێبەجێ بکرێت. لە مامەڵەکانی ئەم دواییەی تورکیا تێناگەین. ئایا کورد بەشێک نییە لە تورکیا؟ ئایا زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی کورد لە تورکیا نییە؟ کەسوکاریان لە سووریان، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان. لە شوێنێکی تر کە باسەکە دەبێتە تورکمانەکان خاوەندارێتی لێ دەکەن، وەک بەشێک لە تورکیا دەبینرێن، ماف و یاساکانیان پارێزراون، کولتوور، زمان و ناسنامەیان دەپارێزرێن. بۆچی کاتێک باس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت، وەک ئەوە وایە کوردەکانی ئەوێ، خەڵکی ئەوێ، بێگانە بن بۆ تورکیا. ئەم جۆرە نزیکایەتییە بەڕاستی نابێت. دەبێت تورکیا خاوەندارێتی و داننان بە کورد بکات. ئەگەر کورد بڕیارە لەوێ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆی هەبێت، دەیانەوێت بە ناسنامە و کەلتووری خۆیان بژین، بۆچی تورکیا خاوەندارێتی لێ ناکات؟ ئایا کورد لە دوای تورک زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانی تورکیا پێک ناهێنێت؟ ئایا ئەوان بەشێک نین لە تورکیا؟ ئێستا کەسوکاری کورد لێرەن. ئایا بەم شێوەیە نزیکایەتی خۆیان نیشان دەدەن؟ ئایا دەوڵەتێک بەم شێوەیە لە کەسوکاری هاووڵاتیانی خۆی نزیک دەبێتەوە؟ هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەمە نییە. کەس وەڵامی ئەمە ناداتەوە. بۆچی ئەمە دەکەن؟ نەک هەر کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نەک هەر ئەو کوردانەی دەنگ بە دەم پارتی دەدەن، بەڵکوو ئەو کوردانەشی دەنگیان بە ئاکەپە داوە، لەمە تێناگەن، هەموو کورد لەم نزیکایەتییە تێناگەن. بۆچی تورکیا ئەم کارە دەکات؟ هەربۆیە ئەم نزیکایەتییەی دەوڵەتی تورک ڕاست نییە. دەبێت تورکیا کۆتایی بە مامەڵە ئاژاوەگێڕییەکانی لە سووریادا بهێنێت ئایا تورکیا ناڵێت بۆچی ئەم شەڕە لە غەززە ڕوودەدات؟ بۆچی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر لوبنان، بۆچی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر فڵانە ناوچە؟ لە بەرانبەر هێرش دەوەستێتەوە، دەڵێت با ئاشتی هەبێت، بەڵام ئێستا هەڵدەستێت و دەڵێت، ئەگەر بەم شێوەیە ببێت، دەستوەردان لەو شوێنە دەکەین. ئەمە چ ئەقڵێکە؟ ئایا تورکیا لە کۆتاییدا ئەو گۆڕەپانە دەکاتە ناوچەی جەنگ؟ ئاشتیانە بوو؟ لە غەززە ئاشتی دەوێت، لە لوبنان ئاشتی دەوێت، لە سووریا ئاشتی دەوێت، بەڵام لە بەرانبەر کورد شەڕی دەوێت. لەوێ کورد و حکومەتی دیمەشق دەتوانن پرسەکانیان چارەسەر بکەن. دەتوانن گفتوگۆی چارەسەری بکەن. پرسی ناوخۆیی سووریایە. کورد ناڵێت با دابەشی بکەین، سووریا دابەش بکەین. نزیکایەتییەکی وەها نییە. بێگومان زۆر هێز تێوەگلاون. بەڵێ هێزی جیاواز هەیە. تەنها تورکیا نییە، هێزە جیاوازەکانیش لە سووریا پشێویی درووست دەکەن. ڕاستترین شت بەدیهێنانی سەقامگیرییە بۆ سووریا. سەقامگیرییش بەم شێوەیە بەدی نایەت. چۆن دەتوانرێت ئاشتی بە شەڕکردن و وەستانەوە لە بەرانبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدی بهێنرێت؟ هەربۆیە دەبێت دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت. هەوڵ دەدات لە ڕێگەی فشار و هەڕەشەوە هەنگاو بنێت. ئەمە ڕێبازێکی درووست نییە. بەکارهێنانی ئەم ڕێبازە هەمووکات لە دژی کورد ڕاست نییە. بەتایبەت لە تورکیا ئێستا شەڕ نییە، پڕۆسەیەک هەیە. هێشتا ئەمە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بۆ کوێ دەڕوات. لە قۆناغێکی وادا دەبێت لە سووریا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش نزیکایەتییەکانی بگۆڕێت. تورکیا دەبێت ستراتیژیتر بیربکاتەوە. تورکیا بیری ستراتیژی ناکاتەوە. بەهۆی ئەم نیگەرانییانە ناتوانێت ستراتیژی بیر بکاتەوە. ئەم نزیکایەتییە کورتخایەنانە تا چەند سوودی بۆ تورکیا دەبێت، جێگەی گومانە. لە ئەستەنبوڵ کۆنفڕانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی نێونەتەوەیی بەڕێوەچوو. لەسەر ئەم کۆنفڕانسە چی دەڵێن؟ لە ئەستەنبوڵ کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفڕانسەمان بە گرنگ بینی. زۆرێک لە لایەنەکان بەشداربوون، لە نێویاندا هێزەکانی دیموکراسی تورکیاش بەشداربوون. بە واتایەکی تر هەوڵدرا پەیوەندییەک لە نێوان دیموکراسی و ئاشتیدا درووست بکرێت. بیرۆکەی ئەوەی کە پرسەکان بە دیموکراتیزەبوون چارەسەر دەکرێن، تا ڕادەیەکی بەرچاو لە تورکیادا ئامادەیە. ئەمڕۆ لە تورکیادا بەڕاستی خواست و پۆتانسێلی چارەسەرکردنی پرسەکان لەسەر بنەمای دیموکراسی هەیە، بەڵام سەرکوت دەکرێت، بێدەنگ دەکرێت. یان بە وشەی وەک "مانەوە"، "وڵات-میللەت-ساکاریا"... نیشان دەدرێت کە دیموکراتیزەبوون تورکیا دابەش دەکات. ترسەکانی وەک "ئەگەر تورکیا دیموکراتیزە ببێت، ئەگەر کورد بە مافەکانی خۆی بگات، تورکیا ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە" ڕێگە نادات ئەم ئەزموونە ئەرێنییەی تورکیا سەرهەڵبدات. ئەمە بەڕاستی هێزێکی تورکیایە، پەرەسەندنێکی ئەرێنییە. تورکیا هێزێکی وای هەیە، بەڵام ئەم هێزە بەکارناهێنێت. دەڵێن "هێزی نەرم" و هتد... لە ڕاستیدا زۆر شت هەیە سەبارەت بە تورکیا لەم لایەنەوە، بەڵام کاتێک ئەمە هەڵبژاردن نییە؛ کاتێک هەڵبژاردنەکە سەرکوتکردن و بێدەنگکردنە، بێگومان ئەم ئەزموونە دیموکراتیکە، ئەو ئارەزووەی کە لەو کۆنفڕانسەدا بینرا و پێشهاتی ئاشکرا، دەرفەتی ئەوە نابینێت کە کاریگەرییەکی گەورەی لە تورکیادا هەبێت، بەڵام زەمینەیەکی لەو شێوەیە لە تورکیادا هەیە. لە تورکیا تێکۆشانێک هەیە بۆ دیموکراسی کە لەسەر بنەمای دەیان ساڵ، تەنانەت سەدەیەک و ئەزموونێک هەیە کە خۆی درووستی کردووە. بە واتایەکی تر ئەم ئەزموونە بە دڵنیاییەوە ڕێگایەک بۆ خۆی لە تورکیادا دەدۆزێتەوە. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبای لەو کەسانە دەکەم کە ئەم کارەیان ئەنجامدا.

هەنگاوەکانیان سەرەتای ئامادەکاری جەنگێکی درێژخایەنە ئامادەکردنی هاوڵاتی تەنها لەم هەفتەیەدا ئیسرائیل و تورکیا جموجوڵی سەربازیی جیاوازیان دەستپێکردووە و خۆیان بۆ رووبەرووبونەوەی سەربازیی ئامادە دەکەن، تەنانەت وای لێهاتووە، هەردوولا یەکتری بە مەترسیدارترین هەڕەشە دەبینن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیان. لەم هەفتەیە چی روویدا؟ رۆژی دووشەممەی رابردوو ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس رێککەوتنێکی هەماهەنگی سەربازیی واژۆکرد بۆ راهێنانی یەکەی سەربازیی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و ئاڵۆگۆڕی زانیاریی لەسەر هەڕەشە نوێیەکان لە دەریای سپی ناوەڕاست، بەتایبەتی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی دۆرنی پێشکەوتوو. هەر لەکاتی ئەم رێککەوتنەدا نەتانیاهۆ پەیامێکی بۆ ئەردۆغان نارد و لەتەنیشت هەردوو بەرپرسی یەکەمی یۆنان و قوبرس گوتی: بۆ ئەوانەی خەون بە بنیادنانەوەی ئیمپراتۆرییەت دەبینن و بیانەوێت خواستەکانیان بەسەرماندا زاڵ بکەن، پێیان دەڵێم: ئەوە روونادات و هەر بیریشی لێمەکەنەوە. ئەم هەماهەنگییە سێ قۆڵییەی یۆنان و قوبرس و ئیسرائیل، لە تورکیا هەرای ناوەتەوە و رۆژنامەی یەنی شەفەق کە زمانحاڵی حکومەتی تورکیایە، دەڵێت، ئیتر دەبێت لەدوای ئەم هەماهەنگییە، تورکیا، ئیسرائیل بخاتە لیستی مەترسیدارترین وڵاتەوە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.  یەنی شەفەق دەڵێت، ئێستا سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەکانی تورکیا، ئیسرائیل وەک سەرەکیترین هەڕەشە پێناسە دەکەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵات، لەوانە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی کە بە میت ناسراوە. ئالۆن لایڵ، بەرپرسێکی پێشووی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسیرائیلی گوتووە، ئەنقەرە لەدوای رێککەوتنەکەی ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس کەوتووەتە حاڵەتێکی شڵەژانەوە و خۆی بۆ جەنگ دژی ئیسرائیل ئامادە دەکات، هەموو سیناریۆکانی رووبەڕووبوونەوەکەشی لەبەرچاوگرتووە و بەهەند وەریان دەگرێت.  لایڵ باسی لەوەشکرد، ئەنقەرە هێزی ئاسمانی بەهێز کردووە و پێگە بەرگرییەکانی تۆکمەتر کردووە، بودجەیەکی زەبەلاحیشی تەرخانکردووە بۆ بەرەوپێشبردنی سوپاکەی، ئەمە جگە لەوەی بەرەوپێشچوونی بەرچاوی لە بەرهەمهێنانی درۆنی پێشکەوتوو بەخۆیەوە بینیوە. رۆژی یەکشەممەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە ئاماژەیەکی ناراستەوخۆ پێش رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان گوتی: هیچ ململانێیەکمان لەگەڵ وڵاتان ناوێت، تەنها ئاشتیمان دەوێت، بەڵام دەستدرێژیش لە کەس قبوڵ ناکەین. تەنها رۆژێک دوای رێککەوتنەکەی ئیسرائیل، خێرا محەممەد عەلی حەداد، سوپاسالاری لیبیا گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبوویەوە. کۆبوونەوەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی هەردوو وڵات بوو، بەڵام حەداد نەگەڕایەوە بۆ لیبیا و لە ئەنقەرە فرۆکە تایبەتەکەی تێکشکا و لەگەڵ حەوت سەرنشینی دیکە گیانی لەدەستدا.  هەر لە هەمان رۆژی رێککەوتنەکەی ئیسرائیل، پەرلەمانی تورکیا ماوەی مانەوەی سەربازانی تورکیای لە لیبیا درێژکردەوە کە لە ساڵی 2019ـەوە لە وڵاتەکە جێگیرکراون. ئیسرائیلیش بەهەمان شێوە، تورکیا بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر وڵاتەکەی دەبینێت. لە نوێترین راپرسی پەیمانگەی سیاسەتی گشتی گەلی جوو، تورکیا هاتووەتە ریزبەندی دووەم لەو وڵاتانەی خەڵکی ئیسرائیل پێیانوایە گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتەکەیان.  رێکخەرانی راپرسییەکە دەڵێن، پۆلێن بەندییەکە لەسەر سێ ئاستە: بەرهەمهێنانی درۆن، سیستمی مووشەکی و توانای هێزی دەریایی کە تورکیا لەم سێ ئاستەدا پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و لە وڵاتێکی هەرێمییەوە گەیشتووەتە ئاستی "رکابەرێکی سەربازیی بەهێز"ـی ئیسرائیل. رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت دەڵێت، بە ئەگەری زۆرەوە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە سەرەتا لەسەر خاکی سوریا دەبێت، چونکە هەردوو وڵات لە سوریا ناکۆکییەکی گەورەیان هەیە.  میدیای تورکیاش لە خۆشکردنی ئاگرەکە سڵی نەکردووەتەوە و دەیەوێت هەسەدە پەلکیشی ململانێکە بکات، چونکە دەڵێن گرژییەکانی ئەم هەفتەیەی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب رێککەوت نەبووە، بەڵکو ئاماژەی نەتانیاهۆ بووە و ئیسرائیل دەستی هەبووە لە جوڵاندنی هێزەکانی هەسەدە بۆ شەڕ و ململانێ، لەکاتێکدا هەسەدە و چەند رێکخراوێکی سەربەخۆ ئاشکرایان کرد، گروپەکانی سەر بە دیمەشق دەستپێشخەری شەڕەکە بوون. تەنانەت قسەی میدیاکانی تورکیا لە گوتەکانی هاکان فیدان رەنگیدایەوە کاتێک رۆژی سێشەممەی رابردوو سەردانی دیمەشقی کرد و گوتی: هیچ پەرۆشییەک لە هەسەدەدا نابینین بۆ تێکەڵبوونی بە سوپای سوریا و کاری هاوبەشیان لەگەڵ ئیسرائیل بووەتە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەکەدا.

سەرۆكی بزووتنەوەی ئیرادە ئاشكرای كردووە، لە كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی خەریكی شێلم و نۆكاو خواردنین و هیچ گۆڕانكارییەك لە ئارادا نییە. حەنان فەتلاوی، سەرۆكی بزووتنەوەی ئیرادە لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی چوار رایگەیاند، "دانیشتووین لە كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نۆكاو و شێلم دەخۆین و كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوە دەكرێت و هیچ گۆڕانكارییەك نییە، لە كۆبوونەوەی داهاتوو چەوەندەر دێنین و لیمۆی پیاداد دەكەین مەگەر ئەمە گۆڕانكارییەكە بێت". وتیشی، "هیچ میكانزمێك نییە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لەبەر ئەوە كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوە راگەیندراو بڵاودەكرێتەوە و تەنها وشەیەك یان دوو وشە لە راگەیندراوەكە دەگۆڕن" بەوتەی حەنان فەتلاوی، "راگەیەندراوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەن كەسێكەوە بڵاودەكرێتەوە هەر ئاگای لە كۆبوونەوەكانیش نییە و ئامادەی نەبووە و پێدەچێت بە ژیری دەستكرد بڵاوبكرێتەوە چونكە تەنها وشەیەك یان دووانی گۆڕانكاری بەسەردا دێت".

بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئاشکرایدەکات پێش كۆتایی ئەمساڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی سەردانی دیمەشق دەكات، بە ئامادەبوونی ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیاو هەندێك وڵاتی عەرەبی.  فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە لێدوانیکیدا بۆ كەناڵی (العربیە) ئەوە دەخاتەڕوو، ئەگەر پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەبوایە توركیا جورئەتی ئەوەی نەدەكرد پەرلامارمان بدات. هەروەها وتیشى:  تۆمەتباركردنمان لەلایەن توركیاوە بەوەی پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، پاساوە بۆ دەستوەردان لە دۆسیەی سوریا. وتەبێژەکەى هەسەدە باس لەوەشدەکات کە لەبارەی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل لەناو خاكی سوریا، دەبێت ئەو پرسیارە دیمەشق وەڵامی بداتەوە، كە جۆلانی لە نەخشەی سوریادا سڕیوەتەوە، وتیشى:  لەناو هێزەكانی سوریای دیموكراتدا ئەندامی بیانی نییە. فەرهاد شامى دەڵێت: داواكاری ئێمە تەنها نا ناوەندی نییە بەڵكو شێوازی حوكمڕانی و بەشداری هەموو سورییەكانە لە ئیدارەدانی وڵاتەكەیان،   لەگەڵ دیمەشق باسی ناناوەندێتیمان كردووەو پێویستە هاوڵاتیانی سوریا ناوچەكانی خۆیان بەڕێوەببەن.

سەرۆکی بانکی ناوەندیی سووریا ئاشکرای کرد، لە دەسپێکی ساڵی نوێی 2026ـەوە، دراوی نوێی سووریا دەخرێتە بازاڕ، ڕاشیگەیاند، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراوی کۆن بە دراوێ نوێ لە سەرجەم بانکەکان دەستپێدەکات. پێنجشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەبدولقادر ئەلحەسریە سەرۆکی بانکی ناوەندیی سووریا، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەیدا، لە 1ی کانوونی دووەمی 2026، دراوی نوێی سووریا دەخرێتە بازاڕەوە و پرۆسەی گۆڕینی دراوی کۆنیش دەستپێدەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەکە بە ئاسانی و ڕێکخراو دەبێت، میکانیزمەکانیشی بە ڕوونی و شەفافانە ڕوون دەکرێنەوە. لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە "پێشوازی لە دەرکردنی فەرمانی ژمارە 293ـی ساڵی 2025 دەکەن، سەبارەت بە چاپکردنی دراوی نوێی سووریا کە ئەمە قۆناغێکی سەرەکی نیشتمانییە هەروەها ڕەنگدانەوەی دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ئابووری و دراوییە بۆ حکوومەت و گەلی سووریا". باسی لەوەشکردووە، بە فەرمانی حکوومەتی سووریا دەسەڵاتی پێویست دراوە بە بانکی ناوەندی بۆ دیاریکردنی وادە و شوێنەکانی ئاڵوگۆڕکردن، بۆیە بە بڕیارێکی بانکی ناوەندی پەیڕەوی جێبەجێکردن دەردەچێت، بە گرنگیدانێکی بەهێز بە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ئاسانکاریی ڕێکارەکان لە سەرجەم ناوچەکان. ئەلحەسریە ڕوونیشیکردەوە، دراوی نوێی سووریا هێمای سەروەری دارایی دوای ڕزگاری وڵاتەکەی لەسەر دەبێت، ئەمەش قۆناغێکی نوێیە کە لە ڕێگەی هاریکاریی بەکۆمەڵەوە بنیات نراوە و لەلایەن بانکی ناوەندی سووریاوە بەڕێوەدەبرێت. بانکی ناوەندی سووریا، پێشتر لە 18ی کانوونی دووەمدا ڕوونیکردبووەوە کە لە کاتی خۆیدا سەرجەم وردەکارییەکانی دراوی نوێ ڕادەگەیەنێت، کاتێک هەموو ئامادەکاری و ڕێکخستنی پێویست تەواو بوو. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم مامەڵەکانی بانکی وەکو پێشووتر بەردەوام دەبێت، بە بێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەک لە سەر ئەو خزمەتگوزارییانە دروست بکات کە پێشکەش بە هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران دەکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی توند ئاراستەی واشنتن دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تاران دەرگای دانوستانی دانەخستووە، بەڵام ئەوەی ئێستا ئەمریکییەکان داوای دەکەن ناوی دانوستان نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سەپاندنی هەژموون و زاڵبوون بەسەر ئیرادەی ئێراندا.  عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکای دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئێران ئامادەی "دانوستانێکی مانادار"ـە. عێراقچی ڕەخنەی لە عەقڵییەتی ئیدارەی ئەمریکا گرت و ڕایگەیاند کە پێویستە واشنتن لە بیرکردنەوەی خۆبەزلزانین دووربکەوێتەوە و خۆی لە سەرووی یاسا و مافە نێودەوڵەتییەکانەوە نەبینێت، چونکە ئەو شێوازەی ئەوان داوای دەکەن پرۆسەی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو تەنیا خۆسەپاندنە. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە مێژووی مامەڵەی نێوان هەردوو وڵات کرد و گوتی، هەموو جیهان شاهیدی ئەوەن کە چۆن ئێمە بە نیازپاکی دانوستانمان کرد، بەڵام ئەمریکا بڕیاری دا هێرش بکات و دیپلۆماسیەت لەناوببات. عێراقچی دووپاتی کردەوە کە وەڵامی ئێران بۆ ئەو هێرشانە هەمان سیاسەتی هەمیشەیی بووە کە بەرگریکردن و وەڵامدانەوەیە، دڵنیاییشی دا کە ئەمریکا لەو هەنگاوانەی دژی گەلی ئێران ناویەتی پەشیمان دەبێتەوە.  لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عێراقچی داوای لە ئەمریکا کرد واز لە فریودانی ڕای گشتیی جیهان بێنێت و ڕوو لە دیپلۆماسیی ڕاستەقینە بکات. بە گوتەی ناوبراو، درێژکردنی دەست بۆ ئاشتی و دیپلۆماسی بە مانای ناردنی بۆمب و مووشەک نایەت، بەڵکو دەبێت بە کردار نیازپاکی دەربخەن.   ئەم لێدوانانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەدی ناکرێت. ئەمریکا مەرجی "سفری یۆرانیۆمی پیتێنراو"ی داناوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، لە بەرامبەردا تاران ئەم مەرجە بە دەستوەردان لە سەروەریی وڵاتەکەی و "هێڵی سوور" وەسف دەکات و ڕەتیدەکاتەوە.

ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا نارد و گوتی: "ئیسلامی دیموکراتیک گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پەیمانی مەدینە کە پەیمانی پێکەوەژیانی باوەڕ و گەلان و کەلتوورە جیاوازەکانە ". فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا بە درووشمی "لە ئیسلامی دیموکراتیکەوە بەرەو ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی دەبەستێت. ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ کۆنگرەکە نارد و ڕایگەیاند کە جەوهەری ئیسلام، ئازادی و دادپەروەری و یەکسانییە. پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم جۆرەیە: "بۆ کۆنگرەی فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا ئیسلام لە جەوهەردا ئایینی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانییە. بەڵام ئیسلامی فەرمیی دەوڵەت یان بونیادە دەستە و فیرقەییەکان کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەک ئامرازی دەسەڵات و تاڵانکاریی بەکاریاندەهێنێت، ئەم جەوهەرەیان لەدەستداوە. ئیسلامی دیموکراتیک، گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پەیمانی مەدینە. ئەو پەیمانە، پەیمانی پێکەوەژیانی باوەڕ و گەلان و کەلتوورە جیاوازەکانە، بە ئیرادەی خۆیان و دوور لە زۆرەملێ. پێویستە بزانرێت، جیهادی ڕاستەقینە، تێکۆشان و خۆڕەخنەکردنی بەردەوامە دژی نەفس و ستەم. چەمکی شوورا لە ئیسلامدا هاومانایە لەگەڵ عەقڵی کۆڵەکتیڤ و بڕیاردانی دیموکراتیک. با ئیسلام بخەینە خزمەتی ژیانی ئازادی کۆمەڵگەیەکەوە کە لەژێرەوە ڕێکخراوە، لەبری ئەوەی بکرێت بە ئامرازی سیاسیی بە دەستی دەوڵەت و گرووپە جیاوازەکانەوە. ئیسلامی دیموکراتیک، شارستانییەتێکی ئەڵتەرناتیڤە کە ئازادیی ژن و هاوسەنگیی ئیکۆلۆژیی و خوشک-برایەتیی گەلان بەبنەما دەگرێت. تەنها ئەم شرۆڤە دیموکراتیکە دەرمانی برینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەهیوام گفتوگۆکانتان سوودی هەبێت بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ئێمە دەستمان پێ کردووە. لەگەڵ خۆشەویستی و سڵاوی بێ‌پایان... عەبدوڵا ئۆجالان ئیمراڵی".

شەوی ڕابردوو گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، شایەدی پەرەسەندنێکی مەترسیداری سەربازی و ئاڵۆزیی توند بوون. ئەگەرچی دۆخەکە هێور بووەتەوە، بەڵام ڕووداوەکە فشۆڵیی ئەو لێکتێگیشتن و پەیوەندییە دەردەخات کەلەنێوان هەسەدە و دیمەشقدا هەیە. پەرەسەندنی مەیدانی و زیانە گیانییەکان بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاڵۆزییەکانی حەلەب تا ئێستا بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ٢٥ کەس. لە نێو قوربانییەکاندا ژنێک لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ژنێکی دیکە و کوڕەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت گیانیان لەدەستداوە. هەروەها برینداربوونی ٢٣ کەسی دیکەی لە ناوچە جیاجیاکانی شارەکە تۆمار کردووە. گێڕانەوەی لایەنە ناکۆکەکان؛ کێ دەستپێشخەر بوو؟ ئاخین نوجان، بەرپرسی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، لایەنە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەوان بوونەتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕەکە لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی بازگەی "شیحان". نوجان جەختی کردەوە کە هێزەکانیان لە چوارچێوەی "مافی بەرگری ڕەوا"ـدا وەڵامیان داوەتەوە و ئەوان لایەنگری شەڕ نین، بەڵکو هەوڵی پاراستنی مەدەنییەکان دەدەن. لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگری سووریا لە ڕێگەی ئاژانسی "سانا"ـوە ڕایگەیاند: هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هێرشی کوتوپڕیان کردووەتە سەر خاڵەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ئەشرەفییە. لەلایەکی دیکەوە، ناوەندی ڕاگەیاندنی "هەسەدە" بە توندی ئەو ئیدیعایانەی حکومەتی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە گروپە نامەدەنی و سەرکێشەکان کە ماوەی چوار مانگە گەمارۆی گەڕەکەکانیان داوە، موشەک لە ڕۆژئاوا و باکووری حەلەبەوە ئاراستەی ناو شار دەکەن بۆ نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاسایش. ڕەهەندی سیاسی و پەیامی دەرەکی ئەم پەرەسەندنە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵە دیپلۆماسییەکان.  هەر دوێنێ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی هاوتای سووری کۆبووەوە. هەردوو لا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەیان بەوە کرد کە "هەسەدە ئیرادەی جددی نییە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار و تێکەڵبوونیان لەناو سوپای سووریادا." بەدوای ئەم لێدوانانەدا، ڕووداوەکەی حەلەب ڕوویدا، ئەمەش ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دۆخی حەلەب تەنها ململانێیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە هاوکێشە ئاڵۆزە هەرێمییەکان.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پرۆسەی چارەسەری بە مێژوویی ناودەبات و دەڵێ، هەرگیز پاشەکشە نابێتە جێی باس. میدیای تورکیا بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025 گوتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بڵاوکردەوە کە دوێنێ لە کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتیدا بە بەرپرسانی راگەیاندبوو. لە کۆبوونەوەکەدا ئەردۆغان پەیامی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری هەبوو کە خۆی بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات. سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا بە پێویستی زانی پرۆسەکە بە هەستیارییەوە بەڕێوەبچێت و گوتی: "بە زمانێکی گشتگیر کە 86 ملیۆن کەس لەخۆ بگرێ، پرۆسەکە روون دەکەینەوە. پێویستە زۆر ورد بین بۆ ئەوەی رێگە نەدەین هیچ درزێک لە دیوارەکانی پارت و دەسەڵاتەکەمان دروست بێت." هەڵوێست و بۆچوونی پارتەکان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری یەکێک لە مژارەکانی گوتاری ئەردۆغان بوو بۆ بەرپرسانی پارتەکەی. ئەردۆغان رەخنەی لەو پارتانەی ئۆپۆزیسیۆن گرت کە لە پرۆسەکەدا هاوڕا و هاوکار نین و گوتی: "بینیتان ئۆپۆزیسیۆن هیچ دیدگەیەکی بۆ خەمی خەڵک نییە. کارنامەی ئێمە گەورەکردنی تورکیایە، سەیری هەڵوێستەکانی ئۆپۆزیسیۆن ناکەین و تەنیا سەرنج دەخەینە سەر کارنامە و مژارە راستەقینەکانی وڵات." هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، دەمەقاڵێی نێوان مستەفا ڤارانک، پەرلەمانتاری ئاکپارتی و پەرلەمانتارانی جەهەپە لە کاتی پەسندکردنی بودجەی تورکیادا باس کرا. ئەردۆغان بە توانجەوە رایگەیاند، ڤارانک کەسێکی تووڕەیە و گوتی: "سبەی لە یاریی باسکەدا لە تیپی بەرامبەرمە و رکابەرمە، لەوێ لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەم." لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا زافەر سەراکایا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوە، راپۆرتێکی پێشکێشکرد. لە راپۆرتەکەدا هاتبوو کە ئەردۆغان لە ساڵی 2025دا 24 گەشتی دەرەوەی کردووە، پێشوازی لە 91 سەرکردە کردووە، 270 دیداری جۆراوجۆری هەبووە و 176 پەیوەندیی تەلەفۆنیشی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان هەبووە. کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیادا پێکهێنراوە و لە مانگی ئابدا دەستی بە کارەکانی کرد، لە 19 کۆبوونەوەدا گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان گرت.  دواتر قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهات و پرۆسەکە پێی نایە قۆناخێکی نوێ کە ئامادەکردنی راپۆرتە لەلایەن پارتەکانەوە. سەرجەم لایەنەکان راپۆرتیان پێشکێش کردووە و چاوەڕێ دەکرێ تیمێکی تایبەت راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکات و دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێ. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتیش رۆژی سێشەممە لەگەڵ پارتەکان، وەزیری داد و سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە. پەروین بوڵدان بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەو کۆبوونەوانە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبنەوە و دواتریش سەردانی ئیمراڵی دەکەن.

کێ دەستپێشخەری کرد و ئاگرەکەی خۆشکرد؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. شەوی رابردوو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب، کە سەر بە هەسەدەیە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بەحکومەتی سوریا، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کە دوو گەڕەکی زۆرینە کوردنشینن لە باکووری رۆژئاوای حەلەب رووبەڕووی یەکبوونەوە. سەردانی دوێنێی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ سوریا بووەتە جێی مشتومڕ و گومان دەکرێت ئاگری ئەو شەڕەی لەگەڵ خۆی هێنابێت، چونکە تەنها دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ دەستیپێکرد. هاکان فیدان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری حکومەتی سوریا کۆبوویەوە و دواتر لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و چەند جارێک باسی هەسەدەیان کرد. هاکان فیدان لەبارەی هەسەدە بە دەموچاوێکی تووڕەوە گوتی، هیچ پەرۆشییەکیان تێدا نابینین بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سوریا، چەند جارێکیش چالاکی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل ئەنجامداوە، کە ئەمەش بەربەست بۆ دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق دروستدەکات. قسەکانی ئەسعەد شەیبانیش لە قسەکانی فیدان توندتربوو، گوتی، لە داهاتوودا هێزەکانی سوریا دەچنە هەرێمی جەزیرە و جێگیر دەبن. تەنها دوای چەند کاتژمێرێک لەم قسانە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بە چەکی قورس و مامناوەند گەمارۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەیان داوە لە باکووری رۆژئاوای حەلەب و هێرشی چڕ دەکەن.  تەنها بەوەوە نەوەستان، بەڵکو لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵی حەدەس و جەزیرە تانک و زرێپۆشی سوپای سوریا لە گەڕەکە کوردنشینەکان دەبینران، ئەمەش راگەیاندراوەکەی هەسەدەی پشتراستکردەوە کە گوتبووی بە تانک و تۆپهاوێژ گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هێرش دەکەن. لە رووبەڕووبوونەوەکاندا سێ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 20 کەسی دیکەش برینداربوون کە سێ کەسیان سەر با ئاسایشی رۆژاڤان. کێ دەستپێشخەری شەڕەکە بوو؟ لە سەرەتای دروستبوونی شەڕەکەوە، هەسەدە و وەزارەتی ناوخۆی سوریا یەکتریان بە هەڵگیرسێنەری شەڕەکە تۆمەتبارکرد، بەڵام رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بێلایەنە و لە ساڵی 2016ـوە لە بەریتانیا دامەزراوە، قسەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سوریای رەتکردەوە و گوتی: هێرشەکە سەرەتا لەلایەن گروپێکی چەکداری سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی سوریاوە کراوەتە سەر خاڵێکی پشکنینی هاوبەشی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنی گشتی لە بازگەی شەیحان، بەڵام هێرشەکە بەتوندی وەڵام دراوەتەوە و شەڕەکە گۆڕاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەک کە تێیدا چەکی قورس بەکاردەهێنرێت. فەرماندەیەکی ژن ئاگری شەڕەکەی راگرت. دوای زیاتر لە شەش کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، ئاخین نوجان، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، ئەو ژنەی فەرماندەیی رووبەڕووبوونەوەکانی بەرامبەر گروپە چەکدارەکانی دیمەشق دەکرد ئاگری شەڕەکەی بە راگەیاندراوێک خامۆشکرد. ئاخین نوجان گوتی: توانای بەرگریکردنی تەواومان لە گەڕەکەکان هەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئاشتین، نامانەوێت خوێنی هاوڵاتی مەدەنی بڕێژرێت. دواتر فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئێمە تەقەکردمان راگرت وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی بۆ راگرتنی شەڕەکە هەیە، وەزارەتی ناوخۆی سوریاش کۆتای بە هێرشی گروپە چەکدارەکان هێنا.

وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی بارودۆخێکی لەناکاوەوە هاوردەکردنی غازی ئێرانی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەتەواوی وەستاوە.  ئەم بڕیارە بووەتە هۆی لەدەستدانی 4000 بۆ 4500 مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی وزە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان دروست کردووە. ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لایەنی ئێرانی لە ڕێگەی بروسکەیەکی فەرمییەوە وەزارەتەکەیانی ئاگادار کردووەتەوە کە، بەهۆی بارودۆخێکی کتوپڕەوە هەناردەکردنی غاز بەتەواوی ڕادەگرن.  ئەم دۆخە وای کردووە بەشێک لە یەکە بەرهەمهێنەرەکان لەکار بکەون و بەشێکی دیکەشیان توانای بەرهەمهێنانیان سنووردار بکرێت، کە دەرەنجامەکەی کەمبوونەوەی بڕی کارەبای بەردەستە لە تۆڕی نیشتمانیدا. وەزارەتی کارەبا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەنگژەیە و تا کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی غاز، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت دەستی کردووە بە بەکارهێنانی سووتەمەنی جێگرەوەی ناوخۆیی بۆ کارپێکردنی وێستگەکان.  ئەم هەنگاوە وەک ڕێکارێکی خێرا گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی وزە بەردەوام بێت و کاریگەرییەکان لەسەر هاووڵاتییان کەم بکرێنەوە. سەرەڕای ئەو کورتهێنانەی بەهۆی نەدانی غازەوە دروست بووە، وەزارەتی کارەبا جەخت دەکاتەوە کە دۆخی بەرهەمهێنان لەژێر کۆنترۆڵدایە و وێستگەکان بەردەوامن لە کارکردن،پێشتر وەزارەت لە ڕێگەی پلانی نۆژەنکردنەوە، چاکسازی و فراوانکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان، ئامادەکاری تەواوی بۆ وەرزی زستان و کاتی لوتکەی بەکارهێنان کردبوو، لە ئێستاشدا هەوڵەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوت چڕ کراونەتەوە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی پێویست و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی ڕاوەستانی غازی هاوردەکراوەوە دروست بووە.