کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەڵێت: لیژنە تەکنیکییەکانیان لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وردبینیکردنی ناوی کاندیدەکان تەواو دەکەن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێكۆڵینەوەی ئەمنی و یاسایی، لە هەنگاوێكدا پێش پەسەندکردنی کۆتایی لیستی کاندیدەکان. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی رایگەیاند: ژمارەی کاندیدەکان (٧٩٠٠) کەسی تێپەڕاندووە، کە ٤٦ کەسیان بەهۆی تەواونەكردنی ئەو مەرجە یاساییانەی کە لە ڕێسای کاندیدکردن ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥دا هاتووە، بێبەشکراون، جگە لەوەش ١١ کاندید کە بڕوانامەی خوێندنی ئامادەییان هەبووە بە دەرچووانی زانکۆ گۆڕدراون، هەروەها سێ پیاو بە ژنان گۆڕدراون بۆ زامنكردنی بەدیهێنانی نوێنەرایەتیکردنی رێژەی ژنان کە 25%یە. ئاماژەی بەوەشکرد: كۆمسیۆن پەیوەندی بە وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵاوە دەکات بۆ دروستی بڕوانامەكان، هەروەها دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەری، کۆمیسیۆنی دەستپاکی و لێپرسینەوە و کۆمیسیۆنی لێپرسینەوەو دادپەروەری بۆ دڵنیابون لە تەواوکردنی رێکارەکانی وردبینی پێش پەسەندکردنی کۆتایی. لە بواری تەكنیكیشدا بڕیارە لە (٥)ی ئاب تیروپشکی ریزبەندی کاندیدەکان ئەنجام بدرێت، لە هەمان کاتدا کۆمیسیۆن بەردەوامە لە راهێنانی ستافەکەی لەسەر بەکارهێنانی ئامێری ژماردن و هەڵاوێردنی ئەلیکترۆنی و پشتڕاستکردنەوەی بایۆمەتری، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەیەکی میدیایی هاوبەش کە پێکهاتووە لە وەزارەتەکان و دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: لیژنە تازە پێکهێنراوەكەی پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کورد دوای چەکداماڵینی پەکەکە، لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەست بە کارەکانی دەکات.  کورتوڵموش، لەمیانی بەشداریكردنی لە بۆنەیەكدا رونیکردەوە: ئەم لیژنەیە لەماوەیەکی کەمدا پرسی دیموکراسی تورکیا تاوتوێ دەکەن و، بە پەرۆشەوە کارەکانی بەڕێوەدەبات و دەگاتە پوختەیەكی روون، بە پاڵپشتی گەل ئەم پڕۆسەیە لە ماوەیەکی کورتدا تەواو دەبێت. جەختی لەوە شکردەوە: ئەم پرۆسەیە پێویستی بە نزیكبونەوەی بونیادنەر هەیە نەک گفتوگۆی درێژخایەن، لیژنەكە زەمینەیەكی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ قوڵکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی لە تورکیاو، بڕیارەکان لە بەرژەوەندی دەوڵەت و گەل دەدرێن، لە ژینگەیەکدا کە گفتوگۆ لەبارەی بیرۆکە جیاوازەکان و ئاڵوگۆڕی دیدگاکان دەكرێت. وتیشی: تورکیا بە ئیرادەی سیاسی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیەوە، ئەم دەرفەتە مێژووییە دەقۆزێتەوە. سەرۆكی پەرلەمانی توركیا راشیگەیاند: لە ماوەی سەد ساڵی کۆماری توركیادا، نیوەی ئەو ماوەیەی لە شەڕدا بەسەر بردووە، ئەو دەیان ساڵە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان هەزاران کەس و زیانی ئابوریشی بە دوو ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت. لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە و لە 51 ئەندام پێکدێت، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) زۆرترین ئەندامی هەیە.    رۆژی هەینی، 25ـی تەممووز، ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بڵاوکرایەوە و بەمشێوازە دابەشبوون:    - ئاکپارتی: 21 ئەندام  - جەهەپە : 10 ئەندام - دەم پارتی:4 ئەندام - مەهەپە:  4 ئەندام - ئیی پارتی: 3 ئەندام - یەنی یۆڵ: سێ ئەندام - 6 ئەندامی دیکە لە دەرەوەی پەرلەمان دەبن هاوکات، ئیی پارتی و DP بە فەرمی رایانگەیاندووە نابنە بەشێک لە کۆمیسیۆنەکە. نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، نامەیەکى ئاراستەی گروپ و حزبە سیاسییەکان کردووە. داوایکردوە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ٣١ی تەمموز ناوى ئەندامانى خۆیان بۆ کۆمسیۆنەکە پێشکەش بکەن. بەپێى میدیاکانى تورکیا، تا جەهەپە بەشدارى کۆمسیۆنەکەدەکات یان نا، ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە مەرج و بێ مەرج ئەندامان نانێرن. وتیشی: لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو ئەمانە دەبینین. "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستۆتە ڕوو، و گوێبیستی ئەوە دەبین کە سەرۆک دوای کارەکەی چی ئەنجام دەدات، دواتر بڕیاری خۆمان دەدەین". دوابەدوای ئەو هەنگاوە پێشبینیکراوەی سەرۆکی پەرلەمان، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کام لایەن ناوی خۆیان پێشکەش دەکەن. بڕیارە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا لیژنەکە دامەزرێت و بە درێژایی مانگ کاربکات. دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە مەرجی سەرەكی (دەم پارتی)یە وەكو نوێنەری كورد لە توركیا؛ تایبەت بە چارەسەری دۆزی كوردو لابردنی بەربەستە یاساییەكان. 

هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، جەختى کردەوە چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، دۆخی سوریا دۆخێکە کۆمەڵکوژی روودەدات. لەدیدارێکى ڕۆژنامەوانیدا ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەڵێت: کاتێک گفتوگۆکان دەستیان پێکرد، لەسەر چ شێوازێک رێکدەکەوین، ئەوە بە بنەما دەگیرێت. هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن' یان 'ئەم شەڕڤانانەی لاتانن هەموویان بێنن تەسلیمیان بکەن و خواحافیز، تەواو بوو.' بابەتەکە ئاوا نییە." ئەو وتیشى: چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، بە هیچ شێوەیەک لە رۆژەڤ دا نییە. دۆخی سووریا دۆخێکە ئەوەندە دڕندایەتیی تێدا هەیە کە لەبەرچاوی هەمووان، لەبەرچاوی دنیادا، مرۆڤ دەکوژرێت، کۆمەڵکوژی روودەدات.  لەم دۆخەدا داواکردنی چەکدانان لە هێزی سووریای دیموکرات وەک ئەوەیە بەخۆت بڵێیت "بڕۆ بۆ مردن". ناوبراو باسى لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ئێمە بە هێزی هاوپەیمانان و هێزی سەرەکی و بنەڕەتیی خۆمان لێرە پارێزگارییمان لە خۆمان کردووە، بە پشتگیری و پاڵپشتیی هێزە کوردییەکان. بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، کۆمەڵگەکەمان هەیە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان هەن، پەیوەندییە کوردییەکانمان هەن.  سەبارەت بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند: "رۆڵی ئەو بەڕاستی جێگەی سوپاسە. رۆڵەکەی ئەرێنییە بەتایبەت بەو کێشانەی کە ئێستا رۆژئاوای کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت".   لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق، ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە کە ئامانجیان گەیشتنە بە "هاوبەشییەکی راستەقینە" نەک تەنها تەسلیمکردنی دامەزراوەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). ئەو گوتی: "بابەتەکە هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن'." روونیکردەوە کە دەبێت حکومەتی نوێی سووریا دان بە ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە و ئەو سیستمە ئیداری و ئەمنییەدا بنێت کە لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا دامەزراوە.   ئیلهام ئەحمەد دەشلێت "دانوستاندنێک هەیە لەگەڵ تورکیادا. لەم دانوستاندنەدا، ئێمە وایدەبینین کە شتێکی باشە، ئەرێنییە... دەمانەوێت بزانین چۆن ئەو بەربەستانەی کە هەن لایانبەرین." ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا، کە پێشتر گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینیبوو.

ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستی ئەمریکی ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو، لەکاتى جەنگى ١٢ رؤژەدا ئێران کارى لەسەر پەرەپێدانی موشەکێکى جۆرى کارۆموگناتیسی کردوە کە دەکرا لەکاتى هەڵدانیدا ژێرخانی کارەبایی ئیسرائیل بەتەواوەتى پەک بخات. دەیڤید ئیگناتیۆس شرۆڤەکار بە رۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ لە 13ی حوزەیراندا هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران پەسەند کرد، بەڵام بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا تەنها لە حاڵەتێکدا بەشداری هەڵمەتەکە دەکات کە هێرشەکە سەرکەوتوو بێت. بەرپرسانی ئیسرائیل کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، بانگەشەى ئەوەیانکردووە کە ئێران شانبەشانی پڕۆژەی بۆمبى ئەتۆمییەکەی، هەوڵی پەرەپێدانی بۆمبێکی پەستانی کارۆموگناتیسی (EMP)یش دەدات، کە لە بەرزایییەکی زۆر بەرزدا دەتەقێتەوە و شەپۆلى کارۆموگناتیسی بەهێز دروست دەکات کە توانای پەکخستنی ژێرخانی کارەبایی لە ئیسرائیل هەیە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەى واشنتۆن پۆست، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە هێرشەکەدا زیانی پێگەیشتووە تا ئەو ڕادەیەی کە لانیکەم ساڵێک پاشەکشەی کردووە، بەڵام چەند ساڵێک نەبووە وەک ئەوەی ئیسرائیل لە سەرەتادا بانگەشەی بۆ دەکرد. سەرەتای ئەم مانگە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە کە ئێران توانیویەتی لە کاتی ئۆپەراسیۆنی شێری هەڵساودا لاوازییەکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل دەستنیشان کردوەو ئەم بۆشاییانەى قۆستوەتەوە بۆ بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل و ببێتە هۆی قوربانی. شارەزایانی بەرگری مووشەکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا تاکتیکەکانی خۆی ڕێکخستووە و پرۆسەیەکی "تاقیکردنەوە و هەڵە"ی بەکارهێناوە بۆ باشترکردنی هەڵدانی مووشەکەکان. دۆزینەوەکانیان لەسەر بنەمای شیکاری پارچە مووشەکەکان و شوێنەکانی کاریگەری کۆکراونەتەوە کە لە زانیارییە بەردەستەکانی گشتی کۆکراونەتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ڕێبازە ڕێگەی بە ئێران داوە کە لاوازییەکانی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل دەستنیشان بکات. بە تێپەڕبوونی کات، ئێران مووشەکی پێشکەوتووتری بە مەودای زیاتر لە چەند شوێنێکەوە هەڵدا، ئەمەش کاریگەری سیستەمی بەرگری ئیسرائیلی لە ڕێگریکردن لە مووشەکەکاندا کەمکردەوە. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ململانێکان، شارەزایان تێبینیان کرد کە لەکاتێکدا کەمتر مووشەک هەڵدەدرێت، بەڵام ڕێژەیەکی زیاتریان بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانیان دەپێکێت. ئەوان دانیان بەوەدا نا کە لە کاتێکدا سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی جیهانە کە بە هاوکاری ئەمریکا پەرەی پێدراوە، بەڵام هیچ سیستەمێک توانای ئەوەی نییە پارێزگارییەکی تەواو پێشکەش بکات. سەرەڕای ئەوەش، لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە لە سەردەمی جەنگدا، ئێران کات و جۆراوجۆری هەڵدانی مووشەکی باشتر کردووە و لە هەمان کاتدا مەودای ئامانجەکانی فراوانتر کردووە، ئەمەش زیاتر تەحەدای تواناکانی بەرگری ئیسرائیلی کردووە. لە نیوەی یەکەمی شەڕەکەدا تەنها 8%ی مووشەکەکان بەرگریی ئیسرائیلیان تێپەڕاندوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە نیوەی دووەمدا بۆ 16% بەرزبووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە لە کاتی شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیلدا یەکێک لەو ئامانجانەبووەو هەوڵی ئەوەدراوە (تیرۆر)ى بکەن، بەڵام دووجار ڕزگاری بووەو هەوڵەکان شکستیان هێناوە. ٢٠ى حوزەیرانى ڕابردوو لەگەرمەى شەڕى ئیسرائیل ئێراندا، ڕاوێژکارێکى باڵاى وەزارەتى دەرەوەى ئێران باسى لەوەکرد کەلە کاتێکدا عەباس عێرقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەرقاڵى ئامادەکاری بوە بۆ ئەوەى بەرەو جنێڤ بەڕێبکەوێت، ئیسرائیل هەوڵیداوە بیکوژێت، بەڵام (پیلانەکە)  پووچەڵ کراوەتەوە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێران، عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى ئێران، ئەوەى خستەڕوو لەکاتى شەڕەکەدا ئیسرائیل لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو بینایەکى بۆردومانکردوە، عەباس وتى: ئەو خانووەی کە کراویە ئامانج بەرامبەر ماڵەکەم بوو، بەڵام خۆشبەختانە سەلامەت بووین. عێراقچی ئەوەشى زیاد کرد کە بەردەوام چاودێریکراوەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "لەکاتی ڕۆشتن و گەڕانەوەماندا چەندین جار بەسەر سەرماندا دەفڕی"، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیسرائیلەوە پێنەگەیشتووە هەڕەشەى لێبکات". وەزیرى دەرەوەى ئێران ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی شەڕی ناوێت بەڵکو ئامادەیە بۆی. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی CGTN ی چین لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ئاماژەی بەوەدا کە ئێران "هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە بەکارهێنانی مافی بەرگریکردن لە خۆی". ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە ئەم شەڕەمان نەدەویست، بەڵام ئامادەبووین بۆی، ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە بەردەوام بێت، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە: ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆی. جێگای سەرنجە کە لە ١٣ی حوزەیران ئیسرائیل هەڵمەتێکی بۆردومانی دژی ئێران دەستپێکرد و پێگە سەربازی و ئەتۆمیەکانی ئێرانی لێدا، هەروەها سەرکردە باڵا سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمی تیرۆر کرد. لەکاتێکدا ئێران وەڵامی دایەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. شەڕەکە بووە هۆی دەستوەردانی ئەمریکا لەو ململانێیەدا، لە کاتێکدا ئەمریکا لە ٢٢ی حوزەیران شوێنی ژێرزەمینیی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە فۆردۆ لە باشووری تاران و دوو دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئیسفەهان و ناتەنز (ناوەندی ئێران) بۆردومان کرد.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، پێویستە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری و ڕێگریکردن لەوانەی پەیوەندیان بە حزبی بەعسی عێراقەوە هەبووە جێبەجێ بکرێت. یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەمڕۆ دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدڕاڵی و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بۆ تانەدان لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی دادگای تانەدان لە بڕیارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەکە کۆبووەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کراوە." ئاماژە بەوەش کراوە، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنی یاساکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بۆ ئەوەی ڕێگری لە وانەی پەیوەندییان بە حزبی بەعسی پێشووەوە هەیە بکەن بچنە پەرلەمانی داهاتوو. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیش کراوەتەوە، دەبێت ڕێکارەکانی دەستەکە شەفاف بن و ڕێگری لە بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ ئەو مەبەستانەی کە لە یاساکەدا دیارینەکراون بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 12ـی کانوونی دووەمی 2008 یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری پەسەند کرد، وەک بەدیلێک بۆ یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس کە لە ساڵی 2003 دەرچووبوو.

دوای پێشبینییەکانی کەشناسی لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، سێ پارێزگای عێراق پشوویان راگەیاند و چەند پارێزگایەکی دیکە دەوامیان کەم کردەوە.   بەگوێرەى چەند راگەیەندراوێکى جیاوازى پارێزگاکانى بەسڕە و میسان و زیقار، لە باشوورى عێراق، بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرماوە، لە رۆژى یەکشەممە، 27ى تەمموزى 2025، دەوامى فەرمى لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکانى پارێزگاکانیان بۆ ماوەى یەک رۆژ راگرتووە. هەروەها هەریەک لە پارێزگاکانى بابل و سەلاحەدین و دیالەش، بەهەمان شێوە بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرماوە، بڕیاریانداوە، گۆڕانکارى لە کاتى دەوامى فەرمانبەران لەسەرجەم دامودەزگاکانى حکومەت بکەن، لەو چوارچێوەیەش، پارێزگاى بابل بڕیاریداوە، دەوامى فەرمى فەرمانگەکان لە کاتژمێر 7ى سەرلەبەیانى دەست پێبکات تاوەکو کاتژمێر یەکى پاشنیوەڕۆ. هەروەها ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو فەرمانبەرانەى کە لەدەرەوەى فەرمانگەکانیان کار دەکەن، کاتى دەوام کردنیان لە کاتژمێر شەشى سەرلەبەیانى دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 10ى پێشنیوەڕۆ دەبێت، هەروەها ئەوانەشى دەوامیان ئێوارانە، لە کاتژمێر 10ى شەو دەستپێدەکات بۆ کاتژمێر 2ى سەرلەبەیانى رۆژى دواتر. هاوکات، دیوانی پارێزگای دیالە رایگەیاندووە، "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەدرێژایی ئەم هەفتەیە، دەوامی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەبێت."   لەلایەکی دیکەوە، پارێزگای سەلاحەدین بۆ سبەی یەکشەممە، کاتژمێرێک کاتی دەوامی کەم کردەوە و پارێزگای بابلیش دەستکاری کاتی دەوامی کرد و لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانییەوە دەوامی فەرمانگەکان دەستپێدەکات.   عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق راگەیاند، "پێشبینی دەکرێت سبەی یەکشەممە لە بەشێکی پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاستدا پلەی گەرما بگاتە 52 پلە."   جابری گوتی، "لە رۆژی سێشەممەوە پلەی گەرما تاڕادەیەک دادەبەزێت."   بە گوێرەی ماڵپەڕی ئێلدۆرادۆی ئەمریکی، ئەمڕۆ بەسرە دووەم و کەرکووک دەیەم گەرمترین شوێنەکانی جیهان بوون.    ماڵپەڕەکە دەڵێت، ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە کە گەرماکەی 51.1 پلەی سیلیزی بووە، دووەم گەرمترین شوێنی سەر رووی زەوی بووە لە دوای شاری ئەهوازی پارێزگەی خوزستانی ئێران کە پلەکەی 51.2 بووە.

سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت بە شێوەیەکی کاتی هێرشەکان ڕادەگرن لەپێناو گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەزە، ڕاگرتنی هێرشەکان لە مەساوی و دێربەلەح و شاری غەزە دەبێ تا کاتێکی نادیار. وتەبێژى سوپای ئیسرائیل دەڵێت لەشەوى ڕابردووەوە دەستیان کردوە بەردانەوەی هاوكارییەكان مرۆییەكان بۆ غەززە، حەوت جۆر خواردنە لەوانە ئاردی و شەکر و خۆراکی قوتوویان تێدایە. سوپای ئیسرائیل ئەوەش دەخاتەڕوو رێڕەوی پارێزراو بۆ بە سەلامەتی تێپەڕبوونی کاروانی هاوکارییەکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە، هاوکات ئاگربەستەکە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە سوپاى ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنى تێیاندا نییە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختیکردەوە، شەوی رابردوو جارێکی دیکە بەردانەوەی هاوكارییە مرۆییەكان لە ئاسمانەوە بۆ غەززە دەستیپێکردەوە، هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: بڕیارە لە بەیانی ئەمڕۆوە "ئاگربەستی مرۆیی" لە چەند ناوچەیەكی کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت. سوپای ئیسرائیل لەبارەی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمڕۆ لە غەززە، رونیکردەوە: لە ناوچەكانی  دێر ئەلبەلەح و ئەلمەواسی دەبێت لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی تا 8:00ی ئێوارە، لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ لە دەرەوەی ناوچە مرۆییە دیاریکراوەکان. هاوكات سەرچاوە فەلەستینییەکان جەختیانكردەوە دابەزینی هاوکارییەکان لە باکوری کەرتی غەززە دەستیپێکردووە. لەلایەکى دیکەوە میدیاکانی میسر بڵاویانکردەوە کە بارهەڵگرەکانی یارمەتی مرۆیی لە میسرەوە بەرەو کەرتی غەززە دەستیان بە جووڵە کردووە. کەناڵی هەواڵی ئەلقاهیرە بڵاویکردەوە، بارهەڵگرەکانی هاوکاری کە بەرەو کەرتی غەززە دەڕۆن، پێداویستی خۆراک و کەرەستەی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانییان هەڵگرتووە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێم، داوادەکات دەستبەجێ بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردى هەڵبوەشێنێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کولتوور. وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق وانەگوتنەوە، دانان و وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە زمانی کوردی قەدەخە دەکات و هەڕەشەی لێپرسینەوەی یاسایی دەکات.  وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکات بۆ ڕێگرتن لە (خوێندن و دانانی پرسیار) بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی (موسڵ و کەرکوک و دیالە). ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی مادەی (4)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، لە هەمان کاتدا پێچەوانەی بەها و بنەماکانی پێکەوەژیانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ. بۆیە داواکارین لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەستبەجێ ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کولتوور و زمان و فەرهەنگى هەموو گەلانی عێراق بەبێ جیاوازى. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى عێراق لەسەر هێڵ دەبین بۆ چارەسەرکردنى ئەم پرسەو ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەى ئەم جۆرە هەڵوێستە دوژمنکارانە. لەلایەکى دیکەوە، ئەکادیمیای کوردیی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکە بە 'رەگەزپەرستانە' دەزانێت و دەڵێت، "بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ی تەممووزی 2025 دەرچووە و تێیدا زمانی کوردیی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا قەدەخە کردووە، ریسوا دەکەین و بە بڕیارێکی رەگەزپەرستانەی دەزانین، داواکارین هەرچی زووترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە هەڵبوەشێندرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات."

تەلەڤزیۆنی سوریا لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی ئەمدواییەی بەرپرسانی سوریاو ئیسرائیل لە پاریس: گفتوگۆی وەفدی وەزارەتی دەرەوەو دەزگای هەواڵگریی گشتی سوریا لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریكا؛ لەسەر پەرەسەندنە ئەمنییەكانی ئەمدواییەو هەوڵەكانی كۆنترۆڵكردنی ئاڵۆزییەكان بووە لە باشوری سوریا.  لە دیدارەكەدا هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی نەكراوە، بەڵكو تەنیا راوێژی سەرەتایی بووە بە ئامانجی هێوركردنەوەی گرژییەكان و دووبارە كردنەوەی كەناڵی پەیوەندیی.  لە دیدارەكە وەفدی سوریا جەختی لەسەر یەكێتیی و سەلامەتی و سەروەریی خاكی سوریا كردوەتەوە وەكو بنەمایەك كە قایبلی دانوستان نییە، سوەیداو خەڵكەكە بەشێكی رەسەنی دەوڵەتی سوریاو نابێت لەژێر هیچ بەهانەیەكدا دەست بۆ پێگەیان ببرێت یاخود دابرێندرێن.  وەفدی سوریا جەختی لەوە كردوەتەوە كە گەل و دامەزراوەكانی سوریا هەوڵی جددی دەدەن بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ئەوەی جەنگ وێرانی كردووە، سورییەكان دواین چەندین ساڵ لە شەڕ چاویان لە ئاسایش و سەقامگیرییەو رەتیدەكەنەوە شوێن هیچ پرۆژەیەكی گوماناوی بكەون كە هەڕەشە لە یەكێتیی وڵاتەكەیان بكات.  وەفدی سوریا هەرجۆرە بوونێكی نایاسایی بیانیی لەسەر خاكی وڵات و قۆستنەوەی توێژەكانی كۆمەڵگەی سوریا بۆ پرۆژەی دابەشكردن و دروستكردنی قەوارەی هاوتەریب رەتكردوەتەوە، كە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت و فیتنەی تائیفی.   وەفدی سوریا بەرپرسیارێتیی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی (مەبەستی شەڕی دروزەكانە) خستوەتە ئەستۆی ئیسرائیل و رایگەیاندووە كە سوریا سیاسەتی سەپاندنی واقیعی نوێ لەسەر خاكەكەی قبوڵ ناكات.  لە گفتوگۆكەدا باس دووبارە كاراكردنەوەی رێككەوتنی راگرتنی شەڕ كراوە بە گەرەنتی نێودەوڵەتییەوە، هاوكات داوا كراوە هێزەكانی ئیسرائیل بەشێوەیەكی خێرا لەو خاڵانە بكشێنەوە كە بەمدواییە پێشڕەوییان بۆ كردووە.  لە كۆتایدا وەفدی سوریاو ئیسرائیل رێككەوتوون لەسەر ئەوەی لەئایندەدا دیداری تر بكەن بەمەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەكان بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی لە باشور (مەبەستی پارێزگای سوەیدا)یە.  گفتوگۆكە راشكاو و بەرپرسانە بوو، لەچوارچێوەی هەوڵەكاندا بوو بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاڵۆزییەكان بەبێ ئەوەی هیچ سروشتێكی رێككەوتن لەخۆبگرێت.  دەوڵەتی سوریا پابەندە بە بەرگریكردن لە یەكێتیی خاك و گەلەكەی، هەر پرۆژەیەك بۆ دابەشكردنی وڵات و راكێشانی بەرەو ململانێی ناوخۆیی رەتدەكاتەوە.

سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان و کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم ڕایدەگەیەنن هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێم. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى ئەمڕۆ شەممە 7/26، مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ستیڤ بیتنەر كونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی. سەرۆکی حکومەت سوپاسیی پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و بەتایبەتی سوپاسی کونسوڵی گشتیی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پەرەپێدان و پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا.  کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، پێزانینی خۆی بۆ  پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەهێزبوونی پەیوەندیی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.

نزیکەى مانگێکە جەنگى ئیسرائیل و ئیران، وەستاوە، بەڵام دەزگاى مۆساد لەتۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێکس) بە زمانی فارسی بەردەوامە لە هاندانی هاوڵاتیان و جەماوەر ئێرانى دژی حکومەتەکەیان. دەزگاى مۆسادى ئیسرائیل تویتەکانى ئاڕاستەی هاوڵاتیانی دەکات بۆ ئەوەى خەبات و خۆپیشاندان بکەن دژى کەمیی کارەبا و ئاو. لە تویتێکدا هاتووە، مۆساد دەڵێت: سەرکردەیەک نیوەی ڕۆژ بخەوێت و نیوەکەی تریش بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بەسەر ببات، ناتوانێت سەرکردایەتی وڵاتەکەى بکات.  هەروەها لە تویتێکی تریدا مۆساد ئاماژە بە ڕاپەڕینێکی مەدەنی دەکات بەهۆی کەمی ئاوى خواردنەوە لەو وڵاتە. هەرچەندە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆتایی هاتووە، بەڵام مۆساد بەردەوامە لە هاندانى گەلی ئێران دژی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران. لە پۆستێکی دیکەدا لەرۆژى چوارشەممەى ڕابردوو کردوبەتى دەڵێت: بەڕیز خامنەیی، ڕەنگە لەبیرت چووبێت کە ئێرانییەکی سەربەرز و توڕە و تینوو چییە. شەڕی ١٢ ڕۆژە بەلای تۆ وەک یارییەکی منداڵانە دەردەکەوێت، ئاوی پاک بدەن بە خەڵک.

دکتۆر نیک ماینارد پزیشکی نەشتەرگەری بەریتانی کە بەم دواییە لە غەززەوە گەڕاوەتەوە، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سکای نیوزی بوونی "بەدخۆراکی گەورە"ی لەنێو غەززەکاندا پشتڕاستکردەوە و ئاشکرایکرد کە سەربازانی ئیسرائیل لە خاڵە فریاگوزارییەکان تەقە لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن "وەک ئەوەی یاری تەقەکردن بکەن". بەپێی تۆڕەکە، ماینارد چوار هەفتەی لەناو نەخۆشخانەی ناسرى غەززە کاری کردووە، دەڵێت: "چەند پزیشکێکم ناسی کە سندوقی شیری منداڵانیان لە جانتاکانیاندا هەبوو، سەرجەمیان لەلایەن پاسەوانانی سنووری ئیسرائیلەوە دەستیان بەسەردا گیرا، هیچ شتێکی تر دەستی بەسەردا نەگیرا، جگە لە شیری منداڵان". ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەماوەی دوو هەفتەی یەکەمی نەخۆشخانەی ناسر چوار منداڵی پێشوەختە گیانیان لەدەستداوە و مردنی زۆرتریش دەبێت مەگەر ئیسرائیلییەکان ڕێگە بە خواردنی پێویست نەدەن بچێتە نەخۆشخانەکە". لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا دکتۆر ماینارد ئاماژەی بەوەشکردووە، سەربازانی ئیسرائیل لە خاڵە فریاگوزارییەکان تەقە لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن "وەک ئەوەی یاری تەقەکردن بکەن". دکتۆر ماینارد ئاماژەی بەوەشکردووە، نەشتەرگەری بۆ منداڵانی تەمەن ١١ ساڵ ئەنجامداوە کە "لە خاڵەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان تەقەیان لێکراوە" کە لەلایەن دامەزراوەی مرۆیی غەززەوە بەڕێوەدەبرێت. دەشڵێت "ئەوان چوون بۆ ئەوەی خواردن بۆ خێزانە برسیەکانیان وەربگرن، تەقەیان لێکرا". ئاماژەی بەوەشکردووە، نەشتەرگەری بۆ منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ کردووە کە "بەهۆی برینەکانی سەختەوە لەسەر مێزی نەشتەرگەری گیانی لەدەستداوە". دکتۆر ماینارد ماوەی ١٥ ساڵە سەردانی غەززە دەکات و ئەمە سێیەم سەردانیەتی بۆ کەرتی غەززە لە سەرەتای شەڕەوە. ئەو پزیشکە نەشتەرگەرییە بەریتانییە ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی هەموو منداڵانی یەکەی پزیشکی منداڵان لە نەخۆشخانەی ناسر ئاوی شەکریان پێدەدرێت. هۆشداریشیدا، "بڕێکی کەم شیری کۆرپەیان هەیە بۆ منداڵانی زۆر بچووک، بەڵام ئەمە بەس نییە". دکتۆر ماینارد ئاماژەی بەوەشکردووە، نەبوونی یارمەتییەکان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هاوکارەکانیش هەبووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەسانێکم بینی کە ساڵانێکە ناسیبووم، تەنانەت هەندێکیان تەنانەت هەرگیز نەمدەناسیەوە. دوو هاوکارم کێشیان ٢٠ و ٣٠ کیلۆگرامیان دابەزاندبوو. لەڕادەبەدەر برسی بوون. هەموو ڕۆژێک دەچوونە سەر کارەکانیان، دواتر دەگەڕانەوە بۆ چادرەکانیان کە خواردنیان نەبوو". دکتۆر ماینارد وتی: "لە هەمووی دڵتەنگکەر ئەو نەخشەی برینانە بوو کە بینیمان، لەگەڵ کۆبوونەوەی برینەکان لە هەندێک شوێنی جەستەدا لە ڕۆژانی دیاریکراودا"، ڕوونیکردەوە کە "زۆرجار ڕۆژێک دەهاتنە ژوورەوە بە برینێکی گولە لە سەر یان مل، ڕۆژێکی دیکە لە سنگ و ڕۆژێکی دیکە لە سکدا." ئاماژەی بەوەشکرد، دوانزە ڕۆژ لەمەوبەر چوار کوڕی هەرزەکار هاتنە ژوورەوە، هەموویان برینێکی گولەیان لە کۆئەندامی زاوزێیاندا هەبوو، ئەمەش بە ئەنقەست ئەنجامدرا، ئەمە بەڕێکەوت نییە، زۆر دیار بوو بۆ ئەوەی بەڕێکەوت بێت، و بۆ ئێمە لە یاری تەقەکردن دەچوو. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر بە چاوی خۆم نەمبینیبایە هەرگیز باوەڕم پێ نەدەکرد. دوور لە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، تەلئەبیب و واشنتۆن لە ٢٧ی ئایارەوە پلانێکیان جێبەجێ کردووە بۆ دابەشکردنی یارمەتییە سنووردارەکان لە ڕێگەی دامەزراوەی مرۆیی غەززەوە، سوپای ئیسرائیل بۆردومانی فەلەستینییەکانی دەکات کە ڕیزیان گرتووە بۆ وەرگرتنی یارمەتییەکان. دامەزراوەی مرۆیی غەززە کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت، چوار شوێنی دابەشکردنی هاوکارییەکانی هەیە، کە هەموویان لە ناوچە سەربازییەکانی ئیسرائیلدان و لە سنوورەکانی ڕۆژنامەنووسان دەردەچن. بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوەی ڕێکخراوەکە دەستبەکاربووە، تا ئێستا زیاتر لە هەزار کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکاری خۆراکی گیانیان لەدەستداوە.

عەلى ڕەزا دەلیرى، جێگری فەرماندەی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان، دەلێت ئەو کەسانەى هێرشەتیرۆریستیەکەى داداگاى زاهدانیان ئەنجامداوە سەربە ئیسرائیلین و سیانیان کوژراون و ئەوانى دیکەمان دەستگیرکردوە. میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە، هێرشێکی چەکداری کراوەتەسەر دادگای زاهیدان لە هەرێمی سیستان و بلوجستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. بەگوێرەى میدیای فەرمیی ئێران، هێرشەکە لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە بۆسەر باڵەخانەی دادگای زاهیدان ئەنجامدراوە. ئاماژە بەوەشکراوە، پاش رووداوەکە، هێزی ئەمنی و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ بەهاناوەهاتنی قوربانییەکان. هاوکات پێگەی میزان، کە تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکەوە هەشت هاوڵاتی کوژراون و 13 کەسی دیکەش برینداربوون، لەناو ئەوانەشدا منداڵ و ژن هەیە. باسلەوەدەکات، ئەو ئامارانە سەرەتایین و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامیی هەیە. میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، پێش هێرشەکە، دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە و دواتر دەستدڕێژی گولــلـە کراوە. هاوکات ئاژانسی میهر بڵاویکردووەتەوە، داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت هیچ کۆبوونەوەیەک لە دەوروبەری دادگای زاهیدان ئەنجامنەدەن. بەگوێرەى ئاژانسەکە، داواکراوە رێگاکانی چوون و رۆیشتن بە ئاڕاستەی دادگاکە بە کراوەیی بهێڵرێتەوە، لەپێناو ئاسانکاریی هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و فریاگوزارییەکان. میدیای ئێران ئاماژەیبەوەکردووە، سێ لە چەکدارە هێرشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. سوپای عەدل، کە گروپێکی بەرهەڵستکاری ئیسلامیی سوننەیە لە سیستان و بلۆجستان، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی سەر دادگای زاهیدان راگەیاندووە. شاری زاهیدان دەکەوێتە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و دانیشتووانەكەی سووننە نشینن، یەکێکە لەو شوێنانەی بەردەوام کێشەی ئەمنی هەیە، بەم هۆکارە بەردەوام شەڕ و گرژی و پێکدادانی تێیدا ڕوودەدات.