یاسر سلێمان، وتەبێژی شاندی دانوستانکاری ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق ئاشكرایدەكات: بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار دەستپێبکات، دەشڵێت: لایەنی ئەمریكی ئامادەیە سەرپەرشتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكات لەسەر داوای ئەحمەد شەرع. سلێمان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی سوریا راگەیاند: پابەندین بە سەروەری دەوڵەتی سوریاو چالاککردنی دامەزراوە سەروەرییەکان لە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. وتیشی: سوریا تەنیا بەرگەی یەک سوپایە دەگرێت كە پێکهاتەی هەمەچەشنی هەبێت، رەنگە ئەفسەری زۆر لە وەزارەتی بەرگری سوریا ببینین ئەوەش بەپێی ئەو لێكگەیشتنانەی پێی گەیشتووین. سەبارەت بە پرسی سامانە سروشتییەکانیش، لە باکوری رۆژهەڵاتی وڵات، وتى: بۆ هەموو سورییەكان بەردەست دەبێت لە ڕێگەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریاوە، بەشێک لە داهاتەكانیشی بۆ ئەو ناوچانە تەرخان دەکرێت کە لێی دەردەهێنرێت. هاوكات ئاماژەی بەوەشدا، ناکۆکی زۆر لەگەڵ تورکیا هەیە، جەختی لەسەر خواستی خۆیان كردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە لە رێگەی دام و دەزگاكانی دەوڵەتی سوریاوە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە پێنچ رۆژی خۆپیشاندانەکانی ئێران، شەش خۆپیشاندەر کوژران، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانس یمیهری ئێرانی، 12 ئەندامی بەسیج و سوپای پاسدارن بریندار بوون. بەڵام خۆپیشاندەران بە هەنگاویان راگەیاندووە، ژمارەی کوژرا و بریندار وز ۆر لە ژمارانە زیاترە. هەر ئەمرۆ لە بەخاكسپاردنی "ئەمیر حوسامی خودادیاری" ئەو گەنجەی لوڕستانی رۆژهەڵاتی كوردستان، کە بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا، هێرشکرایە سەر هێزە ئەمنییەكان. عەلی شەمخانی، راوێژکاری خامنەیی لە وەڵامی پەیامەکەی ترەمپ: خەڵکی ئێران لە قسەی تۆ تێدەگات، کە باسی رزگاری کردن دەکەیت، نمونەی عێراق و ئەفغانستان، غەزەمان بینیوە. وتیشى: هەر دەستوەردانێک لە ئاسایشی ئێران بکرێت، زۆر بە توندی وەڵام دەدەینەوە. پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران: ئەگەر ئێران خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی وڵاتەکەی بکوژێت، ئەمریکا ئامادەیە بۆ رزگارکردنیان. ئێمە خۆمان پڕچەک کردووە و ئامادەین. قەیرانی وزە، بێئاوی، مەترسی جەنگ و ئێستاش بێبەهابوونی تمەن؛ هەموو ئەمانە بەرۆکی خەڵکی ئێرانیان گرتووە و چیدیکە توانای بەرگەگرتنیان نییە، هەربۆیە چەند رۆژێکە هاتوونە سەر شەقامەکان و تووڕەی خۆیان دژی حکومەتی وڵاتەکە دەردەبڕن. خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئێران بۆ داواکردنی نانە، چونکە بەهای تمەن هێندە دابەزیوە کە تەنانەت بازرگانان و دوکاندارانیش زیانی گەورەیان کردووە. سەرەتا رۆژی یەکشەممە کاسبکاران و دوکاندارانی بازاڕی گەورەی تاران و زێرێنگەرانی ناوەندی بازاریی عەلادین دوکانیان نەکردەوە و هەموویان روویان لە گۆڕەپانەکانی ئیمام خومەینی و جمهوری و جەوادی کرد، دژی دابەزینی بەهای تمەن و بێبازاڕی. نرخی تمەن لە دوای سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا لە ساڵی 2018 دەستی بە دابەزینی گەورە کردووە، بەڵام ئەم دابەزینەی مانگی 12 داڕمانێکی مێژووی نرخی تمەن بوو، بە خۆرێک لە ساڵی 2018 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر یەک ملیۆن 500 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی 13 هێندەی ئەو کاتەیە و گەیشتووەتە نزیکەی 14 ملیۆن تمەن بەرامبەر 100 دۆلار.
ئێران خۆی ئامادە دەکات و ئیسرائیلیش بەنیازی هێرشە ئامادەکردنی هاوڵاتی بەپێی راپۆرتی زۆربەی میدیا جیهانییەکان، ساڵی 2026 گەڕی دووەمی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستپێدەکاتەوە و دەڵێن، ئیسرائیل لە هێرشەکەی پێشوو رازی نییە و دەیەوێت ئەمجارە تووندتر لە ئێران بدات. چی دەگوزەرێت؟ لە چەند هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی ئیسرائیل دوودڵی و ترسی خۆیان بۆ ئیدارەی ترەمپ دەربڕیوە کە تاران خەریکی خۆ بنیادنانەوەیە لەرووی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و بنیادنانەوەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی. پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی دەڵێت، لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باسی هێرشکردنەوە بۆ سەر ئێران کراوە و لە کۆبوونەوەکەدا نەتانیاهۆ بابەتەکەی ورووژاندووە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی راگەیاندووە، بە ئەگەری زۆرەوە ترەمپ پشتگیری هێرشەکە دەکات ئەگەر یەکلابێتەوە ئێران هەنگاوی جیدی دەنێت بۆ بنیادنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. تەنانەت لە دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ بە ئاشکرا گوتی، بیستوومە ئێران خەریکی بنیادنانەوەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەتی و ئەگەر وابێت ئەوا دیسان دەبێت لێیان بدەین و خاپووری بکەین. بەڵام میدیای ئیسرائیل باسی شتێکی دیکە دەکات و دەڵێت، ترسی ئیسرائیل زیاتر لە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی ئێرانە نەوەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی. راپۆرتێکی رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل باس لەوە دەکات، ئێران خۆی ئامادەکردووەتەوە و بەشێوەیەکی فراوان مووشەکی بالیستیکی بەرهەمدەهێنێت. لە جەنگی 12 رۆژەی هەردوولادا، ئیسرائیل بەشێوەیەکی فراوان سەکۆ مووشەکییەکان و سیستمی بەرگری ئێرانی تێکشکاند. کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکیش لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە ئاشکرایکردووە، ئێران هەنگاو دەنێت بۆ بەرهەمهێنانی سێ هەزار مووشەکی بالیستیکی لە ساڵێکدا. بەگوێرەی راپۆرتێکی دیکەی ئەلمۆنیتەر، بەرپرسانی ئیسرائیل ئێستا پێیانوایە ئێران خاوەنی دوو هەزار مووشەکی بالیستیکییە، ئەمەش هەمان ژمارەیە کە پێش جەنگی 12 رۆژە هەیبوو. ئیسرائیل لە چی دەترسێت؟ لە جەنگی 12 رۆژە، ئێران زیاتر لە 500 مووشەک و هەزار درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەڵام سیستمی بەرگری وڵاتەکە و سیستمی بەرگری ئەریکا زۆربەی ئەوانەی خستەخوارەوە. شیکەرەوانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە تەنها 38 مووشەکی ئێرانلەو سیستمانە تێپەڕیووە و کارەساتێکی گەورەی دروستکردووە، چونکە 28 کەس کوژران، زیاتر لە دوو هەزار ماڵ و 240 باڵەخانەش وێران بوون، 13 هەزار ئیسرائیلیش ئاوارەبوون. تایمز ئۆف ئیسرائیل دەڵێت، لە گەڕی دووەمی جەنگدا دەبێت ئیسرائیل ئاگاداری سیستمی بەرگریی بێت چونکە ئەو مووشەکانەی ئەمریکا بەرهەمی دەهێنێت و بۆ بەرگری لە ئیسرائیل لە جەنگی پێشوودا بەکاریهێنا %25ـی رۆشتووە و تێچوویەکی زۆر گەورەشی هەیە کە 12 ملیۆن دۆلارە بۆ هەر مووشەکێک، ئەمە جگەلەوەی بەرهەمهێنانیشی خاوە بەرامبەر مووشەکەکانی ئێران کە بە ماوەیەکی زووتر دروست دەکرێن، ئەمەش ناهاوسنەگی دروست دەکات و رەنگە ئەمجارە ئێران زیانی زیاتر بدات. کەی جەنگەکە دەستپێدەکات؟ ئاکسیۆس دەڵێت، نەتانیاهۆ و ترەمپ باسی کاتی هێرشیان نەکردووە، بەڵام کەناڵی ئێن بی سی نیوز دەڵێت، لە هێرشی پێشوودا نەتانیاهۆ چوار بژاردەی خستووەتە بەردەم ترەمپ بۆ لێدان لە ئێران کە لەمانە پێکهاتبوون: هێرشی ئیسرائیل بە تەنیا، هێرشی ئیسرائیل و یارمەتییەکی کەمی ئەمریکا، هێرشی هاوبەش، یان هیرشێک بە سەرپەرشتی ئەمریکا. ئێن بی سی نیوز باس لەوە دەکات، رەنگە نەتانیاهۆ هەمان چوار بژاردەی خستبێتەوە بەردەم ترەمپ بۆ ئەوەی یەکێکیان هەڵبژێرێت. پێشتریش لەمۆنیتەر لە زاری دیپلۆماتکارانی ئەوروپییەوە ئاشکرایکرد، هێرشی ئیسرائیل لە 2026 ئەگەری زۆرەوە و لەماوەی ئەو ساڵەدا روودەدات. قسەی ئاشکرای ترەمپ و راپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان بەرپرسانی ئێرانی تووڕە کردووە، یەکێک لەوانە مەسعود پزشکیان، سەرۆکی ئێرانە کە رایگەیاند، هیچ دەستدرێژکارییەکی ستەمکارانە لە کەس قبوڵ ناکەین و ئەمجارە وەڵاممان سەخت و وێرانکەر دەبێت.
ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا لایەنەکان ڕێکنەکەوتوون لە سەر دیاریکردنی یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بۆیە هەفتەی داهاتوو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردن و دەستنیسانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو کۆدەبێتەوە. پێنجشەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2026، عودەی عەبدولهادی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕایگەیاند، هێزەکانی پێکهێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک، دیارترینیان گەیشتنە بە کۆدەنگی لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ژمارەی کاندیدەکان بۆ ئەم پۆستە کەمکردوەتەوە بۆ سێ کەس، ڕوونیشیکردەوە، بە هۆی هەبوونی بیروڕای جیاواز و داواکاریی لایەنەکانی نێو هاپەیمانێتییەکە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو یەکلایی بکرێتەوە. عودەی عەبدولهادی، گوتویەتی،"لە کۆبونەوەی داهاتوو ڕەنگە دیدگای لایەنەکان لێک نزیک بێت و کەسێک بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکرێت، بەڵام هەمیشە دەبێ ئەوەمان لە بیر بێت لەم جۆرە کۆبونەوانەدا ئەگەری ڕوودای پێشبینینەکراو و سەرسوڕهێنەر هەیە". دوای دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی عێراق، بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، گفتوگۆکان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا چڕتر دەبنەوە سەبارەت بە چۆنییەتی قۆناغی داهاتووی سیاسی عێراق، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پێداگری خۆی لەسەر کاندیدکردنی محەمەد شیاع ئەلسودانی بۆ خولی دووەم ڕاگەیاند، هاوکات ناوەکانی دیکەی ناو چوارچێوەکەش کێبڕکێ دەکەن بۆ ڕۆڵی سەرکردایەتی لە حکومەتی داهاتوودا. هەروەها پرسی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ دەرئەنجامەکانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە پاراستنی هاوسەنگی نێوان هێزە شیعە و سوننە و کوردییەکان، ئەمەش وایکردووە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوو لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا ببێتە خاڵێکی سەرەکی لە داڕشتنی تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراق.
ساڵح موسلیم، ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی (پەیەدە) دەڵێت لەبەر خراپی کەشوهەوا و چەند هۆکارێکی دیکە مەزڵوم عەبدی سەردانی دیمەشقی نەکرد، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەردانی دەکات. ساڵح موسلیم ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە لە لێدوانیدا لەبارەی هۆکاری دواخستنی سەردانی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە بۆ دیمەشق ڕایگەیاند: ڕەوشی کەشوهەوا و چەند هۆکارێکی دیکەی سادە لەپشت دواخستنی سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی بوون بۆ دیمەشق، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەچێت و ڕێککەوتن دەکرێت. ساڵح موسلیم وتیشی هەر ڕێککەوتنێک کە کورد و دیمەشق ئەنجامی دەدەن، بە چاودێریی ڕاستەوخۆی ئەمەریکایە و بە هیچ شێوەیەک تورکیا بەشێک نییە لە بابەتەکە هەربۆیە هەوڵی بەشەیاتنکردنی هەسەدە دەدات. ساڵح موسلیم لەبارەی تورکیاوە وتیشی: هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا نوێ نین و نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەوان لەسەرەتاوە نەیانویستوە سوریا سەقامگیربێت تەنها بەو شێوەیە نەبێت کە خواستی خۆیانە، توركەكان دژی ڕێككەوتنی (10)ی ئازارن لەبەرئەوەی ئەوان بەشدارنەبوون و بەشێک نەبوون لێی و بەسەرپەرشتی ئەمریكا كراوە، بۆیە لەسەرەتاوە لەگەڵى نەبوون و ئێستاش بە جۆرەها ڕێگە بەربەستی بۆ دروست دەكەن فشار دەخەنە سەر حکومەتی سوریا.
دەسەڵاتدارانی خۆجێیی پارێزگای لوڕستانی ڕۆژئاوای ئێران دەڵێن: ناڕەزایەتیەکان لە سنوورى پارێزگاکەیان بۆ پێنجەمین ڕۆژى لەسەریەک بەردەوامە و بەهۆیەوە ئەندامێکى بەسیج کوژرا و ١٣ کارمەندێکی ئەمنی برینداربوون. سەعید پووراڵی، جێگری پارێزگاری لوڕستان سەبارەت بە ئاڵۆزى و خۆپیشاندانەکانى شارەکەیان و کوژراو برینداربوونى چەند کارمەندێکیان، بۆ میدیاکانى وڵاتەکەى دەدوێت. سەعید پووراڵی ڕایگەیاند، ناڕەزایەتییەکانى سنوورى پارێزگاکەیان بۆ پێنجەمین ڕۆژى لەسەریەک بەردەوامە، بەهۆیەوە ئەندامێکى بەسیج کوژرا و ١٣ کارمەندێکی ئەمنی برینداربوون. ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی بژێوی ژیان هێڵی سوورە بۆ حکومەت، بەرپرسانیش چەندین جار جەختیان لەسەر نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەم بابەتە کردووەتەوە، حکومەت دەنگی هاوڵاتیانی بیستووە و ڕێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە. باسی لەوەشکرد، بەشێک لە قەیرانی ئابووری ئێستا بۆ ئەو فشاری دوژمنان لە ڕێگەی سەپاندنی سزای ناڕەوا درووست بووە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، گرووپی ئەبو فەزڵ لە لوڕستان لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی کوژرانى ئەمیر حسام خودایاری فەرد ئەندامی بەسیجیان بڵاوکردەوە. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکان لە چەند شاری ئێران پەرەى سەندندووە و بە هۆی خراپی دۆخى ئابووری هاوڵاتیان و بەرزبوونەى بەهاى دۆلار و بێکارییەوە. جێگاى ئاماژەیە، هێزە ئەمنییەکانى ئێران بە گولە ڕووبەڕوى خۆپیشاندەران دەبنەوە و دەستگیریان دەکەن، لە بەشێکى ئەو شارانەى خۆپیشاندانى تێدایە، دووکان و بازاڕەکانیان پێ داخراوە و هێزە ئەمنییەکان هەرکەس لە دەرەوە ببینن دەستگیرى دەکەن.
رەزا پەهلەوی، کوری محەمممەد رەزاشای ئێران، داوا لە خۆپیشاندەرانی ئێران دەکات خۆپیشاندانەکانیان فراوان بکەن و دەڵێت: منیش یارمەتیدان دەدەم. قەیرانی وزە، بێئاوی، مەترسی جەنگ و ئێستاش بێبەهابوونی تمەن؛ هەموو ئەمانە بەرۆکی خەڵکی ئێرانیان گرتووە و چیدیکە توانای بەرگەگرتنیان نییە، هەربۆیە چەند رۆژێکە هاتوونە سەر شەقامەکان و تووڕەی خۆیان دژی حکومەتی وڵاتەکە دەردەبڕن. خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئێران بۆ داواکردنی نانە، چونکە بەهای تمەن هێندە دابەزیوە کە تەنانەت بازرگانان و دوکاندارانیش زیانی گەورەیان کردووە. سەرەتا رۆژی یەکشەممە کاسبکاران و دوکاندارانی بازاڕی گەورەی تاران و زێرێنگەرانی ناوەندی بازاریی عەلادین دوکانیان نەکردەوە و هەموویان روویان لە گۆڕەپانەکانی ئیمام خومەینی و جمهوری و جەوادی کرد، دژی دابەزینی بەهای تمەن و بێبازاڕی.
بەبۆنەی ساڵی نوێ وە مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی نوێدا کار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری، بەقاچاخبردن و تاڵانیی سامان، نایەکسانی، گەندەڵی، دڵەڕاوکێ ناوخۆیی و دەرەکییەکان و کۆتاییهێنان بە میلیشیا چەکدارەکان. لە پەیامەکەیدا، سەرەڕای پیرۆزبایی لە گەلی عێراق بەبۆنەی ساڵی نوێ وە، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، دەڵێت "ئەم گوتانەم ئاڕاستەی ئەو کەسانەیە کە لە خاکی عێراق گەندەڵی بڵاودەکەنەوە، پێیان دەڵێم: "سەردەمی ئێوە کۆتاییهات و ئێستا سەردەمی عێراق و عێراقییەکانە". مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە، عێراق و ئاڵاکەی بەرز دەبن و دەبنە سەرچاوەی شانازیی هەموو عێراقییەکان، دەشڵێت: "هێشتا لە سەرەتای رێگاکەداین". نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێ دا چەند خاڵێک دەخاتەڕوو و دەڵێت، کار لەسەر کۆتاییهێنانیان دەکەین، ئەوانیش زوڵم، نایەکسانی، هەژاری، نەزانی، بێکاری، لاوازیی خزمەتگوزاری، فێڵی یاسایی، پارە سپیکردنەوە، گرێبەستی وەهمی، قاچاخچێتی، گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات و چەندین خاڵی دیکەن. ساڤایا بە گەلی عێراق دەڵێت، هێز و خۆڕاگریی ئێوە، سەرچاوەیەکی هیوابەخشن بە جیهان، دووپاتیدەکاتەوە کە ساڵی نوێ هەلی باشتر و سەقامگیری و داهاتوویەکی گەشاوەتریان بۆ سەرجەم عێراقییەکان پێدەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات، لە ساڵی نوێدا لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەگوێرەی دەستوور و یاساکانی عێراق، داهاتوویەکی گەشاوە بۆ عێراق و عێراقییەکان دابیندەکەن.
كەناڵی (12)ی ئیسرائیلی، لەزاری بەرپرسێکی باڵاو دوو سەرچاوەی ئەمریکی ئاگادار لە وردەکارییەکانی کۆبونەوەکەی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان، بڵاویكردووەتەوە: ناتانیاهۆ و ترەمپ باس لە ئەگەری دەستپێکردنی "گەڕی دووەم"ی هێرشە سەربازییەکانيان کردووە بۆ سەر ئێران لە ساڵی 2026 دا. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ناتانیاهۆ نیگەرانییەکانی ئیسرائیلی سەبارەت بە هەوڵەکانی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی رژێمی ئێران لە دوای شەڕی 12 ڕۆژەیی کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا سەریهەڵدا، خستووەتە بەردەم ترەمپ، ئەنجامدانی هێرشی زیاتری بە پێویست زانیوە بۆ رێگریکردن لە بونیادنانەوەی تواناکانی تاران، بەتایبەتی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی. لەگەڵ ئەوەی کۆشکی سپی رەتیکردەوە بە فەرمی هیچ لێدوانێک لەسەر ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بدات، بەرپرسێکی ئەمریکی دووپاتی کردووەتەوە، ئەگەری کردەوەی سەربازی دژ بە ئێران لە بەرنامەی کاردایەو ترەمپ پێی وایە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ زیندووکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بەرەوڕووی دەبێتەوە، لە هەمان کاتیشدا پێی باشترە لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی.
پەرلەمانى عێراق شەش مەرجى بۆ کاندیدى سەرۆک کۆمار دیاریکرد، ئەوەش دواى کردنەوەى دەرگاى خۆکاندیدکردن بۆ پۆستەکە کە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. بەپێی راگەیەنراوێکى پەرلەمان بە پشتبەستن بە ماددەکانى (2 و 3)، لە یاساى ژمارە هەشتى ساڵ 2012 تایبەت بە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار، دەرگاى خۆکاندیدکردن دەکرێتەوە بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار. ئاماژەى بەوەشکردووە، هەر کەسێک دەیەوێت داواکارى پێشکەش بکات، دەتوانێت لە رۆژانى چوارشەممە و یەکشەممە و دووشەممەى داهاتوو، داواکارى پێشکەش بکات، مەرجەکانیش بریتین لە: 1-لەدایکبووى عێراق بێت لەدایک و باوکێکى عێراقى 2-شایستەبێت و 40 ساڵى تەواوکردبێت 3-دەستپاک و دادپەروەر و دڵسۆز بێت بۆ نیشتیمان 4-لانى کەم خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆس بێت 5-بەتاوانى شەرەف سزا نەدرابێت 6-رێوشوێنەکانى لێپرسینەوە و دادوەرى نەیگرێتەوە هەیبەت حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رۆژى سێشەممە دواى هەڵبژاردنى جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، پێکهێنانى لیژنەیەکى بۆ وەرگرتنى داواکارى بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار راگەیاند. کردنەوەى دەرگا بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار لەکاتێکدایە، لە هەڵبژاردنى جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دابەشبوونى گەورە لەنێوان هێزە کوردییەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى دروستبوو، بەو هۆیەشەوە شاخەوان عەبدوڵا کاندیدى پارتى لەدوو خولى هەڵبژاردن شکستیهێنا بەرانبەر رێبوار کەریم کاندیدى رەوتى هەڵوێست، تا لە خولى سێیەمدا و دواى گۆڕینى شاخەوان عەبدوڵا بە فەرهاد ئەتروشى، پارتى پۆستەکەى بەدەستهێنایەوە. بەنگین رێکانى ئەندامى شاندى پارتى دواى هەڵبژاردنى جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمان بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، ئەو پڕۆسەیە کاریگەرى لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار دەبێت، "کاتێک جەوێکى ئیجابى دروستدەبێت لەنێوان لایەنەکان". بەوتەى رێکانى، بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى پێش بەڕێوەچوونى خولى سێیەمى دەنگدان پەرلەمانتارانى حیزبەکەى ئاڕاستەکردووە کە دەنگ بە کاندیدى پارتى بدەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەنگین رێکانى وتى پڕۆسەى یەکلاکردنەوەى کاندیدى سەرۆک کۆمار هێشتا ماوە و لەئاستى سەرکردایەتى پارتى باس دەکرێت.
وەزارەتی بەرگری تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پاڵپشتیكردنی حکومەتی سوریا، ئەگەر بڕیار بدات رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ پاراستنی یەکێتی و یەکپارچه یی وڵاتەکەی. بەگوێرەی هەوالێكی ئاژانسی ئەنادۆڵی سەربە حكومەتی توركیا، دوای کۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی ئەمڕۆی زەكی ئاکتورک، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، سەرچاوەیەك لە وەزارەتەكە، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا راگەیاندووە: رێکخراوی "تیرۆریستی یەپەگە/پەکەکە" کە لەژێر ناوی "هەسەدە" لە سوریا چالاکی دەکات، بەردەوامە لە داوای لامەرکەزی و فیدراڵیزم و هیچ هەنگاوێک نانێت بەرەو یەکگرتن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی. وەک پێشتريش دووپاتیان کردۆتەوە، ئەم هەڵوێستەی هێزەکانی سوریای دیموکرات زیان بە یەکپارچەیی خاک و سەقامگیری سوریا دەگەیەنێت سەرچاوەكەی وەزارەتی بەرگری توركیا جەختیشی لەوە کردەوە: ئەنكەرە لەسەر بنەمای "یەک دەوڵەت، یەک سوپا" بەردەوامە لە هاوکارییە توندوڵەكانی لەگەڵ حکومەتی سوریاو لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی یەکگرتن دەکات.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی، بە پەیامێک سەری ساڵی نوێیان پیرۆز کرد و ڕایانگەیاند، با ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئاشتیی و دیموکراسی و یەکسانیی بۆ هەمووان، هیوامان گەورەیە و ئیرادەمان هەیە، ڕۆژانی خۆش نزیکن، ئێمە پێکەوە ئەو ڕۆژانە بوونیاد دەنێین. هەریەکە لە تولای حاتیمۆغولاری و تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی بە بۆنەی سەری ساڵی زایەنییەوە پەیامێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هیوای ئاشتی، خوشک و برایەتییان بۆ هەموو گەلان خواست. پەیامەکەی هاوسەرۆکانی دەم پارتی بۆ ساڵی نوێ بەم شێوەیەیە: “بە ئومێدێکی بەهێزەوە پێکەوە دەچینە ناو ساڵی نوێ، ئەو ساڵەی کە بەجێمان هێشت سەخت بوو؛ شەڕ و نادادپەروەرییەکانی ناوچەکەمان زۆر ماندووی کردین، بەڵام وانەکانیشی زۆر بوون: ئێمە هێزمان لە یەکتر وەرگرت، بەهای پێکەوەبوون و گرنگی باوەڕبوون بە ئاشتیمان جارێکی دیکە بینی، ئێستا سەیری پێشخۆمان دەکەین، ساڵێکی نوێ، سەرەتایەکی نوێ، دەمانەوێت هەم لە تورکیا و هەمیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمووان لە ئاشتی و ئاسایشدا بژین، ئەمە تەنها تەمەنێک نییە، لە هەمان کاتدا ئەمە بەڵێنی کارەکانی ئێمە و پێکهێنانییەتی. ئێمە پێمان وایە هیچ کێشەیەک نییە کە بە قسەکردن، گوێگرتن و لەیەکتێگەیشتن چارەسەری نەکەین، لە کێشەی کوردەوە تا کێشەکانی گۆڕەپانی ڕەنج، لە مافی ئازادیی ژنانەوە تا ئایندەی گەنجان، بۆ هەر کێشەیەک پێکەوە گەڕانە بەدوای چارسەردا، وەکو دەم پارتی بە هەموو هێزمانەوە کاردەکەین بۆ سیاسەت و چارەسەرێک، کە کەس لە دەرەوە نەهێڵێتەوە و هەموو کەسێک لە باوەش بگرێت، ئێمە هەمیشە لەلایەنی ڕەنجدەری، یەکسانی و دادپەروەریدا دەمێنینەوە، چونکە دەزانین ئاشتی ڕاستەقینە تەنها لە وڵاتێکدا بەدی دێت، کە هەمووان یەکسان و ئازاد بن. با ئەم ساڵە نوێیە ببێتە ساڵی ئاشتی و دیموکراسی و یەکسانیی بۆ هەمووان، هیوامان گەورەیە و ئیرادەمان هەیە، لە دڵ و گیانەوە پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە سەرجەم گەلانمان دەکەین، ڕۆژانی خۆش نزیکن، ئێمە پێکەوە ئەو ڕۆژانە بونیاد دەنێین.”
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق رێکناکەون. گوتەبێژی هاوپەیمانییەکەی عەبادی دەڵێ، نووری مالیکی سازش بۆ محەممەد شیاع سوودانی ناکات و سوودانیش بە رێگەچارەی دیکە رازی نییە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی کانوونی یەکەمی 2025، بەها ئەعرەجی، بەربژێری سەرکەوتوو لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو بەربژێری سەرەکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران هەن، کە محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکیین. بەها ئەعرەجی گوتی: "سوودانی و مالیکی خاوەنی گەورەترین هێزی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگین، بۆیە گونجاو نییە کە هیچکام لەو دووانە نەبنە بەربژێر و کەسێکی دیکە دیاری بکرێ." لەبارەی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران، ئەعرەجی گوتی: "دیاریکردنی بەربژێر لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەبێت، ئینجا بە سازان و رێککەوتن بێت یان دەنگدان." بەها ئەعرەجی گوتی: "ئێستا چاوەڕێی برا کوردەکانمانین بۆئەوەی پرسی سەرۆککۆمار یەکلایی بکەنەوە، بۆئەوەی ئێمەش دوای ئەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر سەرۆکوەزیران بدەین." هاوکات عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی گوت: "دیاریکردنی سەرۆکوەزیران لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رێککەوتن و سازان دەبێت، نەوەک دەنگدان." فەتلاویش زانیارییەکەی بەها ئەعرەجی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "دیارترین دوو بەربژێر بەڕێز نووری مالیکی و بەرێز سوودانیین. ئەوان چانسی زیاتریان هەیە بۆ بوونە سەرۆکوەزیران." سەلام زوبێدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات بە رووداوی راگەیاند، حەیدەر عەبادیش بەربژێرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. زوبێدی گوتی: "مالیکی و سوودانی خۆیان لەلایەن حیزبەکانیانەوە بەربژێر کراون بۆ ئەو پۆستە، بەڵام بەڕێز عەبادی وەک رێگەچارەی ناوەند لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پێشنیاز کراوە." وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر گوتی: "نە مالیکی ئامادەیە سازش بکات و رازی بێت کە سوودانی ببێتە سەرۆکوەزیران، نە سوودانیش بەو رێگەچارە ناوەندییە رازییە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشنیازی کردووە، بۆیە ئەگەر هاوکێشەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت، رەنگە جگە لەوان کەسێکی دیکە هەڵبژێردرێ کە بەهێزترینیان حەمید شەترییە." حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراقە. دوێنێ سێشەممە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ماوەی سێ رۆژ دەرگەی خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردەوە و بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە 15 رۆژدا پەرلەمان سەرۆککۆمار هەڵبژێرێ، دوای ئەوەش سەرۆککۆمار فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ رادەسپێرێت.
لویس ساکۆ لەبارەی ئەو هەڵمەتەی ماوەی هەفەتەیەکە لە عێراق لەدژی دەستیپێکردووە لەسەر گوتنی وشی [ئاساییکردنەوە] کە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لێکدراوەتەوە، دەڵێت: دەستەواژەی ئاساییکردنەوەم بەكارنەهێنا لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو قسەکانی منیان لە چوارچێوەی خۆیان دەرهێنا و بەشێوەیەکی جیاواز لێکدانەوەیان بۆ كرد، دەشڵێت: رووبەڕووی هەڕەشە بوومەتەوە و دووچاری سەرئێشەیان كردم بەهۆی شێواندنی لێدوانەكەم لەبارەی ئاساییکردنەوە. بەشێکى دیکە لە قسەکانى.. ـلە دوای قەیرانەکەوە دەسەڵاتدارانی حکومەت پەیوەندییان پێوە نەکردوم و مەرجەعیەتیش بێدەنگی هەڵبژارد، ئەمە ئازاربەخش بوو، سەرەڕای هەڵوێستەکانم، لەنێویاندا هێنانی پاپا بۆ عێراق. ـ ژمارەی ئەو مەسیحیانەی عێراقیان بەجێهێشتووە دەگاتە یەک ملیۆن مەسیحی، 1500 مەسیحیش كوژراون و هەزار و 200 موڵکیشیان لە بەغداد دەستی بەسەردا گیراوە. ـ تەنها لە بەغداد 750 هەزار مەسیحی کلدانیمان هەبوو، پێش ساڵی 2003 ملیۆنێک و 500 هەزار مەسیحی لە عێراق بوون، ئەمڕۆش کەمتر لە 500 هەزار مەسیحی هەیە. ـ ئاڵوگۆڕی پیرۆزبایی لە نێوان ئایینەکاندا بە مانای گۆڕینی ئایینی کەسێکی دیکە نییە و قەدەغەکردنی پیرۆزبایی لە مەسیحییەکان هەڵگری رق و کینەیە. 🔹دەیانەوێت کەنیسەکە بێدەنگ بکەن دوای ئەوەی دەنگی ئایەتوڵا سیستانیان بێدەنگ کرد. 🔹دەستەواژەی ئاساییکردنەوەم بەكارنەهێنا لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا. 🔹قسەکانی منیان لە چوارچێوەی سروشتی خۆیان دەرهێناو بە شێوەیەکی جیاواز لێکدانەوەیان بۆ كرد. 🔹تەنها بیرۆکەیەکم خستەڕوو، بەڵام لایەنێک بیرۆکەكەمى شێواند. 🔹یاوەری پاپا فرانسیس بووم بۆ ئوردن بەڵام ڕەتمکردەوە لەگەڵیدا بچم بۆ ئیسرائیل. 🔹 ئاساییکردنەوە بەرپرسیارێتی ئێمە نییە، حکومەت بڕیاردەدات چی لە بەرژەوەندیدایە. 🔹روبەڕوی هەڕەشە بوومەتەوەو دووچاری سەرئێشەیان كردم بەهۆی شێواندنی لێدوانەكەم لەبارەی ئاساییکردنەوە. 🔹من نوێنەرایەتی یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن کاسۆلیک دەکەم لە سەرانسەری جیهاندا و تەنیا نیم. 🔹عێراق مەسیحی بووە، باوباپیرانم لە کوفە بە خاک سپێردراون. 🔹نەجەف و کەربەلا گرنگترین شوێنە پیرۆزەکانی شیعەن، بەڵام هیچ گرنگییەکیان پێنادرێت، تەنها لە زیارەت كردندا كورتكراوەتەوە. 🔹موقتەدا سەدر، وەڵامی نامەكەی دامەوە، ئەو لە کۆی هەزار و 250 موڵکی مەسیحی كە دەستی بەسەردا گیراوە، 100 موڵکی گەڕاندووەتەوە. 🔹مەسیحییەکان بە هاوبەش نازانن بەڵکو بە تابوری پێنجەمی دەزانن، هەرچەندە ئێمە خەڵکی ئەم وڵاتەین. 🔹مەسیحییەکان وا هەست دەکەن عێراق وڵاتی دزراوی خۆیانە. 🔹پەرلەمانتارانی كۆتای مەسیحی بە رەوشت و رەفتاریان ئاینەكەیان شێواندووە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماری رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ داعش لەساڵی 2025 راگەیاند و دەڵێت: 163 ئۆپەراسیۆن و 32 پێکدادانی راستەوخۆمان لەگەڵ گرووپەکە هەبووە کە تێیدا سێ سەرکردە و 13 چەکداریان کوژراون. ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماری روبەڕوبونەوەكانی دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعشی لە ساڵی (2025) دا بڵاوكردەوەو تیادا ئاماژە بەوەدەكات: لە ماوەی ئەو ساڵەدا هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەردەوام بوون لە ئۆپەراسیۆنە سیستماتیکیەکانیان دژی شانەکانی داعش، لە چوارچێوەیەکی بەرگری و ئەمنیدا بە ئامانجی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گروپەکە و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، سەرەڕای ئەو هێرشانەی دیکە کە ناوچەکە روبەڕوی بووەوە لە لایەنە جیاوازەکانەوە. یەکەم: ئاماری ژمارەیی •کۆی گشتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکان کە لەلایەن هێزەکانمانەوە ئەنجامدراون: ١٦٣ ئۆپەراسیۆن •ئۆپەراسیۆنی كێوماڵكردنی گەورە: 3 ئۆپەراسیۆن •هەڵکوتانە سەر حەشارگەکانی داعش و گەڕان بەدوای حەشارگەکانی داعش: ١٢٨ •پێکدادانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەندامانی داعش: ٣٢ •ژمارەی ئەو داعشانەی دەستگیرکراون: ١٤٠ کەس •ژمارەی کوژراونی داعش: 13 کەس 3 سەرکردەیان تێدا بووە •هەڵوەشانەوەی بۆمبی چێندراو: 79 •هێرشەکانی داعش: 220 دووەم: دابەشبوونی جوگرافیای نزیکەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش: • ناوچە گوندنشینەکان: 70% • شار و شارۆچکەکان: 20% • رێگا گرنگەکان: 10% سێیەم: سروشتی هەڕەشەکانی داعش لە ماوەی ئەو ساڵەدا: • پشت بەستن بە خانە بچووک و نوستووەکان • بەکارهێنانی بۆمبی چێنراو و بۆسەی سنوردار • هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی خزمەتگوزاری • چالاکیی پڕوپاگەندە و هاندان لە ڕێگەی دەزگاکانی راگەیاندنی جێگرەوە چوارەم: ئەنجامە سەرەکییەکان: • کەمکردنەوەی تواناکانی ئۆپەراسیۆنی رێکخراوی تیرۆریستی • هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی پشتگیری لۆجستی و هاوکارەکانی • رێگریکردن لە جێبەجێکردنی دەیان هێرش کە ڕێکخراوەکە پلانی دانابوو خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج • بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا
