تەلەڤزیۆنی سوریا لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی ئەمدواییەی بەرپرسانی سوریاو ئیسرائیل لە پاریس: گفتوگۆی وەفدی وەزارەتی دەرەوەو دەزگای هەواڵگریی گشتی سوریا لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریكا؛ لەسەر پەرەسەندنە ئەمنییەكانی ئەمدواییەو هەوڵەكانی كۆنترۆڵكردنی ئاڵۆزییەكان بووە لە باشوری سوریا. لە دیدارەكەدا هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی نەكراوە، بەڵكو تەنیا راوێژی سەرەتایی بووە بە ئامانجی هێوركردنەوەی گرژییەكان و دووبارە كردنەوەی كەناڵی پەیوەندیی. لە دیدارەكە وەفدی سوریا جەختی لەسەر یەكێتیی و سەلامەتی و سەروەریی خاكی سوریا كردوەتەوە وەكو بنەمایەك كە قایبلی دانوستان نییە، سوەیداو خەڵكەكە بەشێكی رەسەنی دەوڵەتی سوریاو نابێت لەژێر هیچ بەهانەیەكدا دەست بۆ پێگەیان ببرێت یاخود دابرێندرێن. وەفدی سوریا جەختی لەوە كردوەتەوە كە گەل و دامەزراوەكانی سوریا هەوڵی جددی دەدەن بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ئەوەی جەنگ وێرانی كردووە، سورییەكان دواین چەندین ساڵ لە شەڕ چاویان لە ئاسایش و سەقامگیرییەو رەتیدەكەنەوە شوێن هیچ پرۆژەیەكی گوماناوی بكەون كە هەڕەشە لە یەكێتیی وڵاتەكەیان بكات. وەفدی سوریا هەرجۆرە بوونێكی نایاسایی بیانیی لەسەر خاكی وڵات و قۆستنەوەی توێژەكانی كۆمەڵگەی سوریا بۆ پرۆژەی دابەشكردن و دروستكردنی قەوارەی هاوتەریب رەتكردوەتەوە، كە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت و فیتنەی تائیفی. وەفدی سوریا بەرپرسیارێتیی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی (مەبەستی شەڕی دروزەكانە) خستوەتە ئەستۆی ئیسرائیل و رایگەیاندووە كە سوریا سیاسەتی سەپاندنی واقیعی نوێ لەسەر خاكەكەی قبوڵ ناكات. لە گفتوگۆكەدا باس دووبارە كاراكردنەوەی رێككەوتنی راگرتنی شەڕ كراوە بە گەرەنتی نێودەوڵەتییەوە، هاوكات داوا كراوە هێزەكانی ئیسرائیل بەشێوەیەكی خێرا لەو خاڵانە بكشێنەوە كە بەمدواییە پێشڕەوییان بۆ كردووە. لە كۆتایدا وەفدی سوریاو ئیسرائیل رێككەوتوون لەسەر ئەوەی لەئایندەدا دیداری تر بكەن بەمەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەكان بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی لە باشور (مەبەستی پارێزگای سوەیدا)یە. گفتوگۆكە راشكاو و بەرپرسانە بوو، لەچوارچێوەی هەوڵەكاندا بوو بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاڵۆزییەكان بەبێ ئەوەی هیچ سروشتێكی رێككەوتن لەخۆبگرێت. دەوڵەتی سوریا پابەندە بە بەرگریكردن لە یەكێتیی خاك و گەلەكەی، هەر پرۆژەیەك بۆ دابەشكردنی وڵات و راكێشانی بەرەو ململانێی ناوخۆیی رەتدەكاتەوە.
سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان و کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم ڕایدەگەیەنن هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێم. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى ئەمڕۆ شەممە 7/26، مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ستیڤ بیتنەر كونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی. سەرۆکی حکومەت سوپاسیی پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و بەتایبەتی سوپاسی کونسوڵی گشتیی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پەرەپێدان و پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا. کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەهێزبوونی پەیوەندیی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.
نزیکەى مانگێکە جەنگى ئیسرائیل و ئیران، وەستاوە، بەڵام دەزگاى مۆساد لەتۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێکس) بە زمانی فارسی بەردەوامە لە هاندانی هاوڵاتیان و جەماوەر ئێرانى دژی حکومەتەکەیان. دەزگاى مۆسادى ئیسرائیل تویتەکانى ئاڕاستەی هاوڵاتیانی دەکات بۆ ئەوەى خەبات و خۆپیشاندان بکەن دژى کەمیی کارەبا و ئاو. لە تویتێکدا هاتووە، مۆساد دەڵێت: سەرکردەیەک نیوەی ڕۆژ بخەوێت و نیوەکەی تریش بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بەسەر ببات، ناتوانێت سەرکردایەتی وڵاتەکەى بکات. هەروەها لە تویتێکی تریدا مۆساد ئاماژە بە ڕاپەڕینێکی مەدەنی دەکات بەهۆی کەمی ئاوى خواردنەوە لەو وڵاتە. هەرچەندە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆتایی هاتووە، بەڵام مۆساد بەردەوامە لە هاندانى گەلی ئێران دژی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران. لە پۆستێکی دیکەدا لەرۆژى چوارشەممەى ڕابردوو کردوبەتى دەڵێت: بەڕیز خامنەیی، ڕەنگە لەبیرت چووبێت کە ئێرانییەکی سەربەرز و توڕە و تینوو چییە. شەڕی ١٢ ڕۆژە بەلای تۆ وەک یارییەکی منداڵانە دەردەکەوێت، ئاوی پاک بدەن بە خەڵک.
دکتۆر نیک ماینارد پزیشکی نەشتەرگەری بەریتانی کە بەم دواییە لە غەززەوە گەڕاوەتەوە، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سکای نیوزی بوونی "بەدخۆراکی گەورە"ی لەنێو غەززەکاندا پشتڕاستکردەوە و ئاشکرایکرد کە سەربازانی ئیسرائیل لە خاڵە فریاگوزارییەکان تەقە لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن "وەک ئەوەی یاری تەقەکردن بکەن". بەپێی تۆڕەکە، ماینارد چوار هەفتەی لەناو نەخۆشخانەی ناسرى غەززە کاری کردووە، دەڵێت: "چەند پزیشکێکم ناسی کە سندوقی شیری منداڵانیان لە جانتاکانیاندا هەبوو، سەرجەمیان لەلایەن پاسەوانانی سنووری ئیسرائیلەوە دەستیان بەسەردا گیرا، هیچ شتێکی تر دەستی بەسەردا نەگیرا، جگە لە شیری منداڵان". ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەماوەی دوو هەفتەی یەکەمی نەخۆشخانەی ناسر چوار منداڵی پێشوەختە گیانیان لەدەستداوە و مردنی زۆرتریش دەبێت مەگەر ئیسرائیلییەکان ڕێگە بە خواردنی پێویست نەدەن بچێتە نەخۆشخانەکە". لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا دکتۆر ماینارد ئاماژەی بەوەشکردووە، سەربازانی ئیسرائیل لە خاڵە فریاگوزارییەکان تەقە لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن "وەک ئەوەی یاری تەقەکردن بکەن". دکتۆر ماینارد ئاماژەی بەوەشکردووە، نەشتەرگەری بۆ منداڵانی تەمەن ١١ ساڵ ئەنجامداوە کە "لە خاڵەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان تەقەیان لێکراوە" کە لەلایەن دامەزراوەی مرۆیی غەززەوە بەڕێوەدەبرێت. دەشڵێت "ئەوان چوون بۆ ئەوەی خواردن بۆ خێزانە برسیەکانیان وەربگرن، تەقەیان لێکرا". ئاماژەی بەوەشکردووە، نەشتەرگەری بۆ منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ کردووە کە "بەهۆی برینەکانی سەختەوە لەسەر مێزی نەشتەرگەری گیانی لەدەستداوە". دکتۆر ماینارد ماوەی ١٥ ساڵە سەردانی غەززە دەکات و ئەمە سێیەم سەردانیەتی بۆ کەرتی غەززە لە سەرەتای شەڕەوە. ئەو پزیشکە نەشتەرگەرییە بەریتانییە ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی هەموو منداڵانی یەکەی پزیشکی منداڵان لە نەخۆشخانەی ناسر ئاوی شەکریان پێدەدرێت. هۆشداریشیدا، "بڕێکی کەم شیری کۆرپەیان هەیە بۆ منداڵانی زۆر بچووک، بەڵام ئەمە بەس نییە". دکتۆر ماینارد ئاماژەی بەوەشکردووە، نەبوونی یارمەتییەکان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هاوکارەکانیش هەبووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەسانێکم بینی کە ساڵانێکە ناسیبووم، تەنانەت هەندێکیان تەنانەت هەرگیز نەمدەناسیەوە. دوو هاوکارم کێشیان ٢٠ و ٣٠ کیلۆگرامیان دابەزاندبوو. لەڕادەبەدەر برسی بوون. هەموو ڕۆژێک دەچوونە سەر کارەکانیان، دواتر دەگەڕانەوە بۆ چادرەکانیان کە خواردنیان نەبوو". دکتۆر ماینارد وتی: "لە هەمووی دڵتەنگکەر ئەو نەخشەی برینانە بوو کە بینیمان، لەگەڵ کۆبوونەوەی برینەکان لە هەندێک شوێنی جەستەدا لە ڕۆژانی دیاریکراودا"، ڕوونیکردەوە کە "زۆرجار ڕۆژێک دەهاتنە ژوورەوە بە برینێکی گولە لە سەر یان مل، ڕۆژێکی دیکە لە سنگ و ڕۆژێکی دیکە لە سکدا." ئاماژەی بەوەشکرد، دوانزە ڕۆژ لەمەوبەر چوار کوڕی هەرزەکار هاتنە ژوورەوە، هەموویان برینێکی گولەیان لە کۆئەندامی زاوزێیاندا هەبوو، ئەمەش بە ئەنقەست ئەنجامدرا، ئەمە بەڕێکەوت نییە، زۆر دیار بوو بۆ ئەوەی بەڕێکەوت بێت، و بۆ ئێمە لە یاری تەقەکردن دەچوو. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر بە چاوی خۆم نەمبینیبایە هەرگیز باوەڕم پێ نەدەکرد. دوور لە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، تەلئەبیب و واشنتۆن لە ٢٧ی ئایارەوە پلانێکیان جێبەجێ کردووە بۆ دابەشکردنی یارمەتییە سنووردارەکان لە ڕێگەی دامەزراوەی مرۆیی غەززەوە، سوپای ئیسرائیل بۆردومانی فەلەستینییەکانی دەکات کە ڕیزیان گرتووە بۆ وەرگرتنی یارمەتییەکان. دامەزراوەی مرۆیی غەززە کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت، چوار شوێنی دابەشکردنی هاوکارییەکانی هەیە، کە هەموویان لە ناوچە سەربازییەکانی ئیسرائیلدان و لە سنوورەکانی ڕۆژنامەنووسان دەردەچن. بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوەی ڕێکخراوەکە دەستبەکاربووە، تا ئێستا زیاتر لە هەزار کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکاری خۆراکی گیانیان لەدەستداوە.
عەلى ڕەزا دەلیرى، جێگری فەرماندەی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان، دەلێت ئەو کەسانەى هێرشەتیرۆریستیەکەى داداگاى زاهدانیان ئەنجامداوە سەربە ئیسرائیلین و سیانیان کوژراون و ئەوانى دیکەمان دەستگیرکردوە. میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە، هێرشێکی چەکداری کراوەتەسەر دادگای زاهیدان لە هەرێمی سیستان و بلوجستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. بەگوێرەى میدیای فەرمیی ئێران، هێرشەکە لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە بۆسەر باڵەخانەی دادگای زاهیدان ئەنجامدراوە. ئاماژە بەوەشکراوە، پاش رووداوەکە، هێزی ئەمنی و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ بەهاناوەهاتنی قوربانییەکان. هاوکات پێگەی میزان، کە تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکەوە هەشت هاوڵاتی کوژراون و 13 کەسی دیکەش برینداربوون، لەناو ئەوانەشدا منداڵ و ژن هەیە. باسلەوەدەکات، ئەو ئامارانە سەرەتایین و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامیی هەیە. میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، پێش هێرشەکە، دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە و دواتر دەستدڕێژی گولــلـە کراوە. هاوکات ئاژانسی میهر بڵاویکردووەتەوە، داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت هیچ کۆبوونەوەیەک لە دەوروبەری دادگای زاهیدان ئەنجامنەدەن. بەگوێرەى ئاژانسەکە، داواکراوە رێگاکانی چوون و رۆیشتن بە ئاڕاستەی دادگاکە بە کراوەیی بهێڵرێتەوە، لەپێناو ئاسانکاریی هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و فریاگوزارییەکان. میدیای ئێران ئاماژەیبەوەکردووە، سێ لە چەکدارە هێرشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. سوپای عەدل، کە گروپێکی بەرهەڵستکاری ئیسلامیی سوننەیە لە سیستان و بلۆجستان، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی سەر دادگای زاهیدان راگەیاندووە. شاری زاهیدان دەکەوێتە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و دانیشتووانەكەی سووننە نشینن، یەکێکە لەو شوێنانەی بەردەوام کێشەی ئەمنی هەیە، بەم هۆکارە بەردەوام شەڕ و گرژی و پێکدادانی تێیدا ڕوودەدات.
ئاژانسى تەنسیمى ئیرانى بڵاویکردەوە، چەند چەکدارێک هێرشیان کردوەتە سەر دادگای زاهیدان لەناوچەى سیستان و بەلوجستان و چونەتە ناوبیناکەوە بەئامانجى کوشتنى دادوەرى ئەو دادگایە، بەڵام ڕێگریان لێکراوەو چەکدارەکانیش تەقەیان کردوە بەناو ئەو کەسانەدا کە لە دەوروبەری شوێنەکەدا ئامادەبوون. ڕاپۆرتەکان ئەو ئاماژە بەوە دەکەن تائێستا پێنج کەس کوژراون و ١٣ کەسى دیکەش برینداربوون، تائێستا نازانرێت ئەوانەى کوژراون هێرشبەرەکانن یان هاوڵاتى مەدەنىن، هەروەها لەم ڕووداوەدا بەشێک لە هاووڵاتیان و ماڵ و موڵک و ماڵی ئەوانیش زیانیان بەرکەوتووە. کەمێک لەمەوبەریش لەبەیاننامەیەکدا سوپای عادل بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند. ئەو ئامارانەی سەبارەت بە ژمارەی کوژراوان و بریندارانی ئەم هێرشە خراوەتەڕوو، سەرەتایین و هێشتا بەدواداچوون دەکرێت و هۆکارەکانى ئەم ڕووداوە بەردەوامە.
رۆژنامەی "الشرق" الاوسط" سەرچاوەیەکی کوردی کە بانگهێشتی کۆبونەوەکانی پاریس كرابوو لە نێوان حکومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەر، راگەیاندووە: هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە فەرمی سەرکردایەتی "هەسەدە"یان ئاگادارکردۆتەوە، کە وادەی كۆبونەوەكەی پاریس دواخراوە بۆ كاتێكی تر، ئەوەش لەسەر داوای حکومەتی سوریا بۆ دواخستنی، دوای ڕووداوە خوێناوییەکانی سوەیداو لاوازی ئەدای حکومەت و بێتوانایی لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و هەرەسهێنانی لە باشووری وڵات. ئەو سەرچاوەیە رونیشیکردووەتەوە: سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پەیامی دیمەشەقی بە ئیدارەی خۆسەر گەیاندووە، کۆبونەوەی پاریس کە بڕیاربوو رۆژی هەینی دەستپێبکات، بەپەلە بڕیاری لەسەر دراوە، دوای کۆبونەوەکانی رۆژی 19ی ئەم مانگە لە عەممانی پایتەختی ئوردن، کە نێردەی ئەمەریکا، تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و ئەسعەد شەیبانی، دەرەوەی سوریای کۆکردەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە: پێیان گەیاندین کە خێرایی دیاریکردنی وادەكەی لە بەرژەوەندی چارەسەرکردنی جیاوازییە هەڵپەسێردراوەکان و لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان نییە، بەتایبەتی کە هەنگاوی کردەیی پێشکەوتوو لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی (١٠ی ئازار)ی رابردوودا رادەگەیەنرێت. لای خۆیەوە، بەسام سەعید ئیسحاق، سەرۆکی نێردەی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە واشنتۆن، دیداری باراک و عەبدی لە عەممان بە راستکردنەوەی رەوتی دانوستانەکان وەسف کردووە، كە تیایدا رێککەوتون لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆكان و تاوتوێكردنی خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی. راشگەیاندووە، پاریس و واشنتۆن پابەندن بە بەردەوامیدان بە نێوەندگیری لەم گفتوگۆیەدا و پشتگیری لە سەرکەوتنی پرۆسەی دانوستانی ئاشتیانە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام. سەبارەت بە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساش لەبارەی بە بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسی سوریا، وتی: پاریس بەشداری کورد لە پرۆسەی سیاسیدا بە پرسێكی پێویست دەزانێت، بەشدارێکی کاریگەریشە لە دانوستانە بەردەوامەکاندا، لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکایش، وتویەتی: باڵیۆز باراک رایگەیاندووە، ئەمریکا پەلە ناکات لە کشانەوە لە سوریا، هەروەها بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە جەنگی دژ بە داعش، هاوکات پاڵپشتی لە تێکەڵبون دەکات لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەتی داهاتووی سوریادا، بە شێوەیەک شایستەی قوربانیدانەکانی بێت.
وەیسی ئاکتاش، کە لە زیندانی ئیمراڵی بەندکرابوو، خەڵکی دیاربەکری باکووری کوردستانە، بەتۆمەتی دابەشکردنی خاکی تورکیا و ئەندامێتیی پەکەکە زیندانیی کرابوو. وەیسی ئاکتاش کە ماوەی ١٠ ساڵ لە زیندانی ئیمرالی بوو و ئازادکردنی بۆ ماوەی ساڵێک و سێ مانگ دواخرا، ئازاد کرا. وەیسی ئاکتاش کە لە زیندانی ئاسایشی باڵای جۆری ئێف ئیمرالی زیندانی کرابوو، دوای ٣١ ساڵ و سێ مانگ ئازاد کرا. ئاکتاش دوای ئەوەی ٣٠ ساڵ زیندانی تەواو کرد، لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤ بە شێوەیەکی یاسایی سزای ٣٠ ساڵەکەی تەواو کرد، بەڵام ئازادکردنی ئاکتاش بە بڕیاری دەستەی کارگێڕی و بەدواداچوون بۆ ماوەی ساڵێک دواخرا. دوای یەک ساڵ ئازادکردنی ئاکتاش بۆ سێ مانگی دیکە دواخرا. دوای دواخستنی ساڵێک و سێ مانگ، ئاکتاش لە ٢٥ی خاکەلێوە لە زیندانی ئیمرالی ئازاد کرا. وەیسی ئاکتاش لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ مەهمەت سایت یڵدرم، عومەر حەیری کۆنار، چەتین ئەرکەش و نەسروڵڵا کوران، بۆ ئەرکی سکرتاریەت لە کاتی بەناو "پرۆسەی چارەسەرکردن" لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ بۆ زیندانی ئیمرالی گوازرایەوە زیندانی کریکالێ ، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لەوێیە. ئازادکردنى ئەو زیندانە لەکاتێکدایە، دوێنێ رۆژی 25ـی تەممووزی 2025 شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، لە گرتووخانەی ئیمراڵی، دیدارێکی سێ کاژێر و نیویمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا. بیروبۆچوونمان لەبارەی ئەو دیدارانەوە ئاڵوگۆڕکرد کە لە رۆژانی رابردوودا وەک شاند لەگەڵ بەڕێزان سەرۆککۆمار، وەزیری داد و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان ئەنجامماندابوو.
دادگای تێکهەڵچونەوەى باڵاى فەرەنسا ڕۆژی هەینی بڕیاریدا کە ناتوانێت هۆکارێکى تایبەت نابینێت تا پارێزبەندی سەرۆکی دەوڵەتێک هەڵبگرێت و دەستگیرى بکات، بەم شێوەیە فەرمانی دەستگیرکردنی هەڵوەشاندەوە کە لەلایەن دادوەرەکانی لێکۆڵینەوە لە پاریس لە دژی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراوی سوریا دەرچووبوو، بە تۆمەتی ئەنجامدانى هێرشی کیمیایی لە ساڵی ٢٠١٣ لە کاتی شەڕی سوریادا کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس. بەڵام لە کۆتایی دانیشتنێکی گشتیدا کە بەشێوەیەکی بێوێنە بە شێوەی ئۆنلاین پەخشکرا، سەرۆکی باڵاترین دەزگای دادوەری فەرەنسا، کریستۆف سۆلارد، ڕایگەیاند، بەو پێیەی بەشار دوای لەکارخستنی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا سەرۆک کۆماری فەرەنسا نەماوە، "ڕەنگە فەرمانی دەستگیرکردنی نوێ لە دژی دەرچووبێت یان دەربچێت" لە حاڵەتەکانی تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بەو هۆیەشەوە لێکۆڵینەوەی دادوەری لەسەری ڕەنگە بەردەوام بوون. لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣، دادگاکانی فەرەنسا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ ئەسەد دەرکرد بە تۆمەتی هاوبەشی لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ، لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هێرشە کیمیاییانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ هێزەکانی سوریا لە سەردەمی دەسەڵاتەکەیدا. هێرشەکان لە ڕۆژانی ٤ و ٥ی ئابی ٢٠١٣ لەدەرعا و چەند شوێنێکى دیکە لە نزیک دیمەشق ڕوویانداوە و بەهۆیەوە ٤٥٠ کەس بریندار بوون. هێرشە هاوشێوەکان لە ٢١ی ئابدا ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشیان لە نزیک دیمەشقیان کردە ئامانج و بەپێی ئامارێکی واشنتۆن و چالاکوانانی ئەو کاتە زیاتر لە هەزار کەس کوژران. ئەسەد تۆمەتبارە بە هاوبەشی لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لەم دۆسیەیەدا، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی سوریا لەو کاتەدا ڕەتیکردەوە هیچ تێوەگلانێکیان لە هێرشە گازییەکاندا هەبێت و یاخیبووانی بە تاوانبار زانی. دەسەڵاتی دادوەری فەرەنسا بەپێی بنەمای "دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر" مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەکەدا کردووە، کە ڕێگە بە لێپێچینەوە لە تاوانە گەورەکان دەدات بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ ئەنجامدراون. دادوەرانی لێکۆڵینەوە لە یەکەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە دادگای دادی پاریس لە ساڵی 2021ەوە بەدواداچوون بۆ زنجیرە فەرماندەییەکان دەکەن کە بووەتە هۆی هێرشە کیمیاییەکان، لە ئەنجامدا چوار فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەشار ئەسەد و ماهری برای فەرماندەی فیرقەی 4 و یەکەیەکی نوخبەی سوپای سوریا و دوو ئەفسەر بە ناوەکانی غەسان عەباس و... بەسام ئەلحەسەن. دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن، دۆخی جیۆپۆلەتیکی گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، ئەسەد لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و بەرەو ڕووسیا هەڵهات. بڕیارەکەی دادگای ڕۆژی هەینی گورزێکە بۆ ئەو چالاکوانانەی کە هیوایان خواستبوو دادگا پارێزبەندی سەرۆکایەتی هەڵبوەشێنێتەوە، بڕیارێک کە دەتوانێت لێکەوتەی دوور مەودای هەبێت بۆ سەرکردەکانی دیکە کە تۆمەتبارن بە دڕندەیی، بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس.
دۆناڵد ترەمپ حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەی کە نایەوێ لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستی غەززە رێکبکەوێت، هاوکات ڕاگەیاندراوەکەى ماکرۆن سەبارەت بە دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی وتى: بێ مانایە و قسەکانی هیچ قورسایییەکیان نییە. سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، پێی وایە کە حەماس "دەڕووخێت." قسەکانی ترەمپ رۆژێک دوای ئەوە دێن کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتی، ئیدارەی واشنتن بڕیاری داوە شاندەکەی لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە بکشێنێتەوە، دوای ئەوەی حەماس پێشنیازێکی خستەڕوو کە بە لایەوە پەسندکراو نەبوو. بەشێک لەوتەو پەیامەکانى ترەمپ.. حەماس بەڕاستی نایەوێت بگەنە ڕێککەوتن. پێم وایە حەماس گۆشەگیری دەکرێت. ئێمە لە دانوستانەکانی غەززە کشاینەوە و ئەمەش جێگەی داخە. حەماس هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە ئەنجامدانی هیچ گرێبەستێک و دەبێت لەناوببرێت. حەماس دەزانێت دوای گەڕانەوەی ئەو هەموو بارمتە چی ڕوودەدات، هەر بۆیەش نایەوێت بگەنە ڕێککەوتن. حەماس نایەوێت بگەنە ڕێککەوتن و پێموایە دەیەوێت بمرن و دەبێت شەڕ ڕووبدات و حەماسیش لەناوبچێت. ئێمە بەشداریمان کردووە لە ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بارمتەکان لە غەززە و پرۆسەی ئازادکردنی ئەو بارمتە ماونانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستیان بەسەردا گرتووە قورستر دەبێت. گەڕانەوەی ئەو بارمتە ماونانەی لە غەززە ئەستەمە، چونکە حەماس دەزانێت هیچ موزایەدەی نابێت. لەگەڵ نەتانیاهۆ قسەم کرد سەبارەت بە ناردنی هاوکاری بۆ غەززە، بەڵام ناچمە ناو وردەکارییەکان. بنەماڵەی زیندانییە ئیسرائیلییەکان داوایان لێکردم کە یارمەتیم بدەم بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکانیان، بە مردووەکانیشەوە، ئێمەش ئەوەمان کرد. ڕاگەیاندنی ماکرۆن سەبارەت بە دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی بێ مانایە و قسەکانی هیچ قورسایییەکیان نییە.
لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە و لە 51 ئەندام پێکدێت، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) زۆرترین ئەندامی هەیە. رۆژی هەینی، 25ـی تەممووز، ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بڵاوکرایەوە و بەمشێوازە دابەشبوون: - ئاکپارتی: 21 ئەندام - جەهەپە : 10 ئەندام - دەم پارتی:4 ئەندام - مەهەپە: 4 ئەندام - ئیی پارتی: 3 ئەندام - یەنی یۆڵ: سێ ئەندام - 6 ئەندامی دیکە لە دەرەوەی پەرلەمان دەبن هاوکات، ئیی پارتی و DP بە فەرمی رایانگەیاندووە نابنە بەشێک لە کۆمیسیۆنەکە. نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، نامەیەکى ئاراستەی گروپ و حزبە سیاسییەکان کردووە. داوایکردوە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ٣١ی تەمموز ناوى ئەندامانى خۆیان بۆ کۆمسیۆنەکە پێشکەش بکەن. بەپێى میدیاکانى تورکیا، تا جەهەپە بەشدارى کۆمسیۆنەکەدەکات یان نا، ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە مەرج و بێ مەرج ئەندامان نانێرن. وتیشی: لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو ئەمانە دەبینین. "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستۆتە ڕوو، و گوێبیستی ئەوە دەبین کە سەرۆک دوای کارەکەی چی ئەنجام دەدات، دواتر بڕیاری خۆمان دەدەین". دوابەدوای ئەو هەنگاوە پێشبینیکراوەی سەرۆکی پەرلەمان، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کام لایەن ناوی خۆیان پێشکەش دەکەن. بڕیارە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا لیژنەکە دامەزرێت و بە درێژایی مانگ کاربکات. دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە مەرجی سەرەكی (دەم پارتی)یە وەكو نوێنەری كورد لە توركیا؛ تایبەت بە چارەسەری دۆزی كوردو لابردنی بەربەستە یاساییەكان. لەگەڵ دەركەوتنی سەرەتاكانی پێكهێنانی كۆمسیۆنەكە، ئەمڕۆ بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، وەفدی (دەم پارتی) بەرەو دورگەی ئیمرالی بەرێكەوت.
بڕیارە بەمزوانە لە پاریس؛ گەڕی گفتوگۆ لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)و حكومەتی سوریا دەستپێدەكات بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتی رێككەوتنی 10ی ئازار (رێككەوتنی مەزڵەم عەبدی و ئەحمەد شەرع) وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، میوانداریی هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەشڵێت، ئەمریکا، فەرەنسا و سووریا رێککەوتن لە زووترین کاتدا گەڕێکی دانوستاندن لە پاریس لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە بکرێت. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵی جیددی بدرێت بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی قۆناخی راگوزەری سووریا و پاراستنی یەکڕیزی، سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا. وەزارەتی دەرەوەی سوریاش لەبەیاننامەیەکیدا جەخت دەکاتەوە کە ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی خولێکی ڕاوێژ لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پاریس بە زووترین کات. لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دا، کۆبوونەوەکە بە "زۆر راشکاو و بەرهەمدار" وەسفکراوە و لە کاتێکی "هەستیار"دا بۆ سوریا ئەنجامدراوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەژێر رۆشنایی "گفتوگۆ و کەمکردنەوەی گرژییەکان"، فەرەنسا، ئەمریکا و سوریا لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی چەند خاڵێکی گرنگ رێککەوتوون، کە بریتین لە: دەستپێکردنی هەوڵی خێرا و جددی بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و پاراستنی یەکێتی، سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا. بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش لە دژی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە و پتەوکردنی تواناکانی حکومەتی سوریا بۆ روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە رێگەی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە. پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بۆ گواستنەوەی سیاسی و گەیشتن بە ئاشتەوایی نیشتمانی، بەتایبەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و سوەیدا. میوانداریکردنی گەڕی داهاتووی راوێژکاری لە پاریس لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە نزیکترین کاتدا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنی 10ی ئازار. پشتگیریکردن لە هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان و پێشوازیکردن لە ئەنجامی راپۆرتە شەفافەکان، لەنێویاندا راپۆرتی ئەم دواییەی لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ناوچە کەنارییەکان. دڵنیابوونەوە لەوەی کە وڵاتانی دراوسێی سوریا هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ئەو وڵاتە دروست نەکەن و لە بەرامبەردا، دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی سوریا بەوەی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، لەپێناو سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە.
وەزارەتی نەوتى حکومەتى عێراق، ئەمڕۆ هەینی، ئاماری کۆتایی هەناردەکردنی نەوت و داهاتی بەدەست هاتووى بۆ مانگی حوزەیرانی ڕابردوو ڕاگەیاند کە بڕەکەى زیاتر لە زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە. وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کۆی گشتی هەناردەکردنی نەوت و داهاتی دەستکەوت بۆ مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، بەپێی ئاماری کۆتایی کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) دەرچووە بەمجۆرەیە. نەوتی خاو بڕی (98) ملیۆن و (882) هەزار و (613) بەرمیل بووە، لەگەڵ داهاتی زیاتر لە (6) ملیار و (698) ملیۆن و". (21) هەزار دۆلار. بەگوێرەی بەیاننامەکەى وەزارەتى نەوت، ئامارەکە ئەوەدەردەخات کە کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی حوزەیران لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی (97) ملیۆن و (718) هەزار و (994) بەرمیل بووە. هاوکات هەناردەکردنی کێڵگەی قەیارە (946) هەزار و (741) بەرمیل بووە، لەکاتێکدا بڕی هەناردەکراو بۆ ئوردن گەیشتووەتە (216) بەرمیل. هەزار و (878) بەرمیل.
دوابەدوای ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە بەرزاییەکانی چیای ئاویەر لە شاری سنە، کەسێک گیانى لەدەستداو لانیکەم شەش چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی سووتان و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە. هەروەها ژمارەیەک خۆبەخشی دیکەش بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵەوە برینداربوون و چارەسەر کران. بەپێى زانیاریەکانى رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ، ڕایدەگەیەنێت ئێوارەى ڕابردوو ئاگرێکی بەرفراوان لە کێوی ئاویەری شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە و بووە هۆی برینداربوونی شەش ژینگەدۆستی ئاگرکوژێنەوە. بەوتەى ئەو رێکخراوە بەهۆى سەختى برینى بریندارەکانەوە یەکێکیان بەناوى حەمید مورادی گیانی لەدەستدا و دۆخی تەندروستیی دوو برینداری دیکەش بە ناجێگیرى ماوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کاتی هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری ئەبیدەر، ٦ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی بە ناوەکانی موحسین حوسێنیپەناهی، حەمید مورادی، خەبات ئەمینی، چیاکۆ یوسفین نەژاد، ئاریاس سەلیمی، و سەید مستەفا هۆجباری، تووشی سوتان بوون. ڕەوشی جەستەیی دوو کەسیان بە ناوەکانی چیاکۆ یوسفین نەژاد و حەمید مورادی باس لەوە دەکرێت کە گوازراونەتەوە بۆ بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی کووسەر. ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە دەوروبەری کاتژمێر ١:٣٠ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٠٢٥، لە ناوچەکانی پشت پارکی منداڵانەوە دەستی پێکردووە و بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی زاگرۆس و حەسەن ئاباد بڵاوبووەتەوە. سەرەڕای بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگرەکە، ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنی بە تەواوی لەلایەن هێزە گشتییەکان و چالاکانی ژینگەپارێزییەوە ئەنجامدرا.
فۆتۆگرافەرێک لە غەززە چیرۆکی چۆنیەتی گرتنی زنجیرەیەک وێنەی دڵتەزێنی گرتووە، کە منداڵێکی لاوازی نیشان دەدات بەخێرایی لەناو ڕاگەیاندنەکان بڵاوبویەوە. ئەحمەد عەرینی فۆتۆگرافەر، لەبارەى ئەو وێنەیەوە دەڵێت: دەیەوێت "برسێتییەکی تەواو بە سەرانسەرى جیهان نیشان بدات" کە کۆرپە و منداڵان لە کەرتی غەززە تووشی دەبن. ئەو دەڵێت کاتێک وێنەى ئەو مناڵەم گرتوە کەناوى( محمد زاکیرە) لەگەڵ دایکیدا بوو ئەوان ئاوارە بوون لە ماڵەکەیان لە باکووری غەززە، لەگەڵ دایکیدا لە چادرێکدان کە بەتەواوی ڕەوشیان خراپە، بەڕاستی و ئەم وێنەیەم گرتووە لەبەر ئەوەیە کە ویستم برسێتییەکی زۆر پیشانی باقی جیهان بدەم کە کۆرپە و منداڵان بەدەستیەوە دەناڵێنن لە کەرتی غەززەدا. ئەحمەد عەرینی فۆتۆگرافەر ئەوەش باسدەکات ئەبێت جیهان بارودۆخى برسێتی کۆرپە و منداڵان گەرە بزانن چۆنە، ئەو مناڵەو دەیانى دیکە هیچ شیرێکی نیە بیخۆن، نەخواردن نە هیچ ڤیتامینێکیشی وەرنەگرتووە و ئەگەر لە نزیکەوە سەیری وێنەکە بکەیت بۆت دەردەکەوێت کەلەبرى جل و بەرگیش کیسەیەکی نایلۆنی لەبەردایە. وێنەگرەکە دەلێێت: ئێستا غەززە بەهۆی نەبوونی هیچ هاوکارییەکی مرۆیی و نەبوونی هیچ دەرمانێک نرخەکان زۆر بەرزبۆتەوە خەڵکیان توشى شۆک کردووە، کەس لە غەززە توانای ئەم نرخانەى من ماوەیەکى زۆرم پێچووە تا ئەو وێنانەبگرم، چونکە دەبێت دوای هەر هێرش و بۆردومان و تەقەیەک دەبێت ماوەیەک بوەستیت و هەناسەم هەڵبمژیت تا بتوانیت بەردەوام بیت. محەممەد ئەو منداڵەى لەوێنەکەدا دەرکەوتووە لەگەڵ دایکیدا، تەمەن ساڵ و نیوێکە، بەدەست بەدخۆراکییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت کە زیانی بە مێشک و ماسولکەکانی گەیاندووە، دوای کوژرانی باوکی لە جەبەلیاوە ئاوارە بووە بۆ شاری غەززە لەگەڵ دایکیدا، جەستە ناسکەکەی چیرۆکی منداڵە برسیەکانی غەززە دەگێڕێتەوە. شارەزایانی جیهانی ئاسایشی خۆراک هێشتا دۆخی غەززەیان وەک برسێتی پۆلێن نەکردووە، بەڵام ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە لەوەی برسێتی دروستکراوی مرۆڤ و بەکۆمەڵ. ئەوان ئیسرائیلیان تۆمەتبار کردووە کە کۆنترۆڵی هەموو ئەو پێداویستیانە دەکات کە دەچنە ناو خاکی فەلەستین، بەڵام ئەو وڵاتە بەرپرسیارێتی خۆی ڕەتکردووەتەوە.ئیسرائیل بزووتنەوەی حەماس بە هۆکاری هەر حاڵەتێکی بەدخۆراکی دەزانێت.