گەورە ڕاوێژکارێکی ئەردۆغان ڕەتیدەکاتەوە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، هیچ لێبوردنێکی گشتیی دەربکرێت و دەشڵێت، گۆڕانکاری لە هیچ ماددەیەکی دەستووری تورکیادا ناکرێت. محەممەد ئوچوم، گەورە ڕاوێژکاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ڕایگەیاند، دەکرێت یاسایەکی تایبەت بە پەکەکە دەربکرێت، کە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی خۆی هێناوە، نەک گۆڕانکاریی لە یاسا گشتییەکان. ئوچوم، کە هاوکات بریکاری سەرۆکی دامەزراوەی سیاسەتە یاساییەکانە لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەو یاسا تایبەتەی دەردەکرێت، کاتیی بێت و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێت، واتە کاتێک دیاریدەکرێت و ئەو کەسانەی چەکیان داناوە و لەو ماوەیەدا ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، لەو یاسایە سوودمەند دەبن، لەگەڵ تەواوبوونی ماوەکەشدا، کەسی دیکە ناتوانێت سوود لە یاساکە ببینێت. ئوچوم، لەبارەی ئەو زانیارییانەی باس لە لێبوردنی گشتیی دەکەن، جەختیلەوەکردەوە، لێبوردنی گشتی و گۆڕانکاری لە یاسای سزادانیشدا لە پرسی ڕۆژدا نییە، نە ئیرادەیەکی لەو جۆرە هەیە و نە ئامادەکارییەکی لەو جۆرەش لە ئارادایە. لەبارەى چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەکەکەش، ئوچوم گوتی، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کادر و ئەندامانەی پەکەکە کە هیچ "تاوانێک"یان نەکردووە، جیاواز دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە "تاوان"ـی جۆراوجۆریان کردووە. واتە لەو یاسا تایبەتەی کە دەکرێت لەبارەى پەکەکە دەربکرێت، بەگوێرەی پلەبەندیی مامەڵە دەکرێت. ڕاوێژکارەکەی ئەردۆغان دەرگای بەڕووی هەر گۆڕانکارییەک لەبارەى ئەو ماددانەی دەستوور داخست، کە کورد چاوی خستووەتە سەریان و گوتی، پێویستە هەر یاسایەک لە پەرلەمان دەردەکرێت، گونجاو بێت لەگەڵ دەستووردا، بۆیە ناکرێت هیچ گفتوگۆیەک لەبارەى گۆڕینی چوار ماددەی یەکەمی دەستوور، ماددەکانی 42 و 66 بکرێت. چوار ماددەی یەکەمی دەستووری تورکیا باس لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەت دەکات، لەوانەش؛ زمانی فەرمیی تورکیا تورکییە. لە ماددەی 42ـی دەستووردا ئاماژەی بەوەدەکات؛ نابێت لە دەرەوەی زمانی تورکی، هیچ زمانێکی دیکەی دایک لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بخوێندرێت. ماددەی 66ـی دەستووریش دەڵێت؛ هەر کەسێک بە ڕەگەزنامەکەیەوە بەسترابێتەوە بە دەوڵەتی تورک، تورکە، منداڵی دایک یان باوکێکی تورکیش، تورکە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات، پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بن کە لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەری سووریادا واژۆیان کردووە. ئەنقەرە ڕایگەیاندووە، بە وردی چاودێریی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە دەکات و هۆشداری دەدات لە هەر هەنگاوێک کە زیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا بگەیەنێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە: • تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای نوێی سووریاوە "گرنگییەکی زۆری هەیە". • وەزارەتی بەرگریی تورکیا "بە وردی و هەستیارییەوە" چاودێریی ئەو پرۆسەیە دەکات. • پێویستە هەسەدە پابەندی ڕێککەوتنە هەشت خاڵییەکەی 10ـی ئازار بێت، کە لەنێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سووریادا واژۆکرا. سەرچاوەکە جەختی لەوەشکردووەتەوە کە پێویستە هەسەدە لەو "ڕەفتار و هەڵوێستانە دووربکەوێتەوە کە زیان لە یەکپارچەیی خاک و یەکبوونی سیاسیی سووریا دەدات." هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە تورکیا لەسەر بنەمای "یەک دەوڵەت و یەک سوپا" بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی سووریا. هاوکات، زەکی ئاکتورک، ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان، بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لەسەر سنوورەکان.

پرۆفیسۆر پیتەر مەکلارین ڕایگەیاند، لەم سەردەمەدا داواکاریی ئاشتی سەرهەڵدانێکە و گوتی، "دەوڵەتی تورک بیرۆکەکانی ئۆجالانی دەوێت، بەڵام ئیرادەکەی نا، قسەکانی دەوێت، بەڵام بوونی نا. ئاشتییش لەگەڵ ئەودا زیندانی کراوە." پشتیوانی لە پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا بەردەوامە. یەکێک لە پشتیوانانی ئەم پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتی دەکات پەروەردەکار، نووسەر و ئەکادیمیسیەنی کەنەدی پ. پیتەر مەکلارێنە، کە یەکێکە لە تیۆریسیەنە ناسراوەکان لە بواری پێداگۆژیی ڕەخنەگرانەدا. پ. مەکلارین چەند ڕۆژێک لەمەوپێش پەیامێکی بۆ دەم پارتی نارد و پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەکە دەربڕی. پ. مەکلارین سەبارەت بە بابەتەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و لە دەستپێکی قسەکانیدا سەبارەت بە پرسیاری "لە پەیامەکەتاندا ئاماژەتان بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتتان، 'سڵاو لەو بوێرییە دەکەم کە قسەی لە شوێنی چەک هەڵبژاردووە'. بە بۆچوونی ئێوە لەم سەردەمەدا بەکارهێنانی زمانی ئاشتی زۆر زەحمەتە؟" وەڵامێکی لەم شێوەیەی دایەوە: "سەرەڕای هەموو شتێک لەم سەردەمەدا زمانی ئاشتی هەیە. وەکو ئۆجالان کردی. زمانی ئاشتی لە هەناسەی نێوان وشەکاندایە، لە هەناسەی بەر لە وەڵامدانەوەدایە، لە جێی ئامادەکارییە بۆ وەڵامدانەوە، لە جێی ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوە، لەناو بوێریی گوێگرتندایە. ئەو زمانی ئاشتییە لەو شوێنەی کە سۆز مردن ڕەتدەکاتەوە، گۆرانی دەڵێت. لە نامەیەکی سەدان وشەییدایە، لە ناڵەی دایکێکدایە، لە پەرجووی بچووک و لێخۆشبووندایە. لەم کاتەدا قسەکردن لەسەر ئاشتی ئارامبوونەوە نییە؛ سەرهەڵدانە، یاخود ڕاپەڕینێکە. لەناو ئەم گەنگەشەیەدا باوەڕبوون بە هیوای مرۆڤایەتی بە دەنگێکی باشترە. وەکو مۆمێک کە لەبەر با دەلەرزێت، بەڵام هێشتا ڕووناکییەکەی دەدرەوشێتەوە." 'کۆتایی نییە، بەڵکو دەستپێکێکی نوێیە' پ. مەکلارین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ وەکو شێوازێکی سیاسەتی زۆر شکۆمەندانە دەبینێت و بەم شێوەیە بەردەوام بوو، "عەبدوڵا ئۆجالان لە تەنیایی زیندانەوە پەیامێکی نارد کە لە چیا، دۆڵ، باخچەکانی هەنار و لوتکە سەرکەشەکانی چیاکانی کوردستان دەنگی دایەوە. بانگی هاوڕێیانی خۆی کرد کە چەک دابنێن و ئاگری بەرخۆدان بکەنە کڵپەی ژیان. من ئەمە زۆر ڕێزدار دەبینم. لەژێر ئەو ئاسمانەی ماوەیەکی زۆربوو دەنگی فڕۆکەکانی جەنگی لێ بەرزدەبوویەوە، هاوڕێکانی ئۆجالان چەکیان سووتاند. ئەم چالاکییە نە بچووکبوونەوە بوو، نە شکستهێنان، ڕێوڕەسمێکی سەرلەنوێ خاوەندارێتیکردن بوو. دەتوانم بڵێم کە ئەمە گەواهیدەریی بوو شکۆمەندیی ژیان. ئەو تفەنگانەی کە سەردەمانێک سیمبولی ڕاپەڕین بوون، بوونە یادگارییەک و ئەو دەنگانەی لەمێژبوو بیری یەکتریان کردبوو، دەستیان بە ئاخاوتن کرد. ئەمە جووڵەیەکی گێڕانەوەیە کە بە باری کەشتییە ناسکە گریمانەییەکان، دەتوانێت سەرلەنوێ بکەوێتە گەڕ. بێگومان ئەمە بە مانای گەرەنتی نایەت. 'ئاشتی گۆڕانی تێکۆشانە، نەک ملکەچی' لەسەر هەڵوێستی یەکگرتووی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و دایالۆگ پ. مەکلارین گوتی، "من کەسێکم لەنێوان دوو نەتەوەدام. هەم هاووڵاتییەکی کەنەدیم هەم هاووڵاتییەکی ئەمریکیم. لە ئێستادا لە دووەم سەردەمی دەسەڵاتداریی دۆناڵد ترەمپدا کە هەوڵدەدات دوایین پایە دیموکراتیکەکانی ئەمریکا پارچە پارچە بکات. هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ دەبینن، کە چۆن دەیەوێت هێرش بکاتە سەر کەنەدا، ئابوورییەکەی پەکبخات، بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بیکاتە ٥١ـەمین ویلایەت. لە وڵاتێک دەبمێنمەوە کە خەون بە شەڕەوە دەبینێت. لە وڵاتێک کە نەوت وەکو چارەنووس، نەتەوەکانی تریش وەکو نێچیرێک دەبینێت. لە وڵاتێک کە هەوڵدەدات لە ڤەنزوێلا لە ڕێی شەڕەوە ڕژێم بگۆڕێت، پاڵپشتیی دارایی ڕووخانی غەززە دەکات، لەناوبردن بە 'خۆپاراستن' پێناسەدەکات، ئامێرەکانی مردن بە زمانی ئازادی پێناسەدەکات. شایەتحاڵبوونی پڕ ئێش و ئازارم فێریکردم کە پێویستە بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ جیۆپۆلیتیک بکەم. لەسەر ئەوە دامەزراوە کە چۆن هێز هەمیشە وەک پێوەرێک و شەڕیش وەک شکۆیەک دەفرۆشرێت. سەرەڕای ئەوەش لەناو ئەو قەرەباڵغیی فشار و سەروەرییەدا لە کونجی زیندانێک لە دوورگەی ئیمراڵی ناو دەریای مەرمەڕا دەنگێک بەرزبووەوە: دەنگی عەبدوڵا ئۆجالان. ئەو دەنگە لە ویژدانەوە بەرزبووەوە، نەک لە داگیرکاری؛ باسی ئاخاوتن دەکات، نەک مەرج. لە کاتێکدا جیهان دەست بۆ خەنجەر دەبات، ئەو باسی گفتوگۆ دەکات. ئەوانەی تر بانگەوازی شەڕ دەکەن، بەڵام ئەو بانگەوازی هۆشیاربوونەوە دەکات. لە کاتێکدا کە جیهان بە سەربازیبوون دەسووتێت، قسەکانی ئەو وەکو ئەوەی قسەی مرۆڤی ئەم جیهانە نەبن لە گوێکاندا دەنگدەدەنەوە. وەکو دەنگێک کە لە ئاستێکی ئەخلاقیی جیاوازەوە دێت، ئەوەی مرۆڤایەتی لەبیریکردووە، بەبیردەهێنیتەوە. ئاشتی کۆتاییهاتن نییە بە شەڕ؛ ئاشتی ڕەنجە بۆ ئافراندن. ئاشتی لەو شوێنەی کە مردنی لێ سەروەرە ئافراندنی ژیانە. ئاشتی لە شوێنی داگیرکاریی، ئەو دەستەیە کە سۆز هەڵدەبژێرێت؛ لەو شوێنەی کە هەڕەشە دەبینێت، ئەو چاوەیە کە شکۆ دەبینێت، ئەو دڵەیە کە باوەڕ بە ڕێکەوتن دەهێنێت. بە بۆچوونی من ڕوانینی ئۆجالان لە ڕووی جیهانییەوە پەیوەندی هەیە بە 'سەرکەوتن'ـەوە. ئەو باسی مێتامۆرفۆزان دەکات، واتا باسی گۆڕینی ڕوحی مرۆڤ دەکات. ئازادی ئازادی بەدەستهێنانی هێز نییە، هەڵستانە بە بەرپرسیارێتی: بەرپرسیارێتییە بەرامبەر مرۆڤەکانی تر، بەرامبەر ژیان و ئەو مردووانەی پێش بەربانگ فیداکارییان کردووە. ئاشتی کۆتاییهاتن نییە بە شەڕ؛ ئاشتی دۆخی ئافراندنی تێکۆشانە، بوێریی ئەوەیە کە ئاگر دەکاتە ڕووناکی، ڕق‌وکینە دەکاتە بەرپرسیارێتی، ئازار دەکاتە زانین. لە گوندەکان، شارەکان، ئەو دۆڵانەی کە بایان لێ دەدات تا دەگاتە چەم و ڕووبارەکان، چیتر هیوایەکی ناسک هاتووەتە بوون. هیوایەکە کە نیشاندەدات؛ ئەوانەی ماوەیەک دوژمنی یەک بوون، بێ ترس دەتوانن بەیەکەوە بە هەمان ڕێدا بڕۆن، ئەو خوێنەی کە ماوەیەک لەمەوبەر دەڕژا، لەجێی ئازار دەتوانێت خاوەندارێتی لە تێڕوانین بکات. با بە ئاشکرا قسەبکەین. ئاشتی دیارییەک نییە. ڕێکەوتنێکە. ڕەنجێکی پیرۆزە، ئاوازی ژیانێکە. هیوایەک هەیە کە لەژێر ڕۆشنایی ئەم پەیمانە ئاشتی دەتوانێت ببێتە ئەندازیاری ڕوحی و ئەخلاقیی ئەم خاکە. هیوایەکی بەهێز، کە ناهەژێت و هەتاهەتاییە. ئاشتی ملکەچبوون یاخود کۆتاییهێنان نییە بە تێکۆشان؛ گۆڕانە لەمەدا. ئەو بوێرییەیە کە دەبێتە ڕووناکی، فیداکاری دەکاتە شکۆ. ئازادیش ئاسۆیەکە کە هەمووان دەتوانن بەیەکەوە ڕێبکەن، نەک بە چەکەوە." 'بۆ هاتنەدیی ئاشتی، پێویستە دەوڵەتیش خۆی بێچەک بکات' پ. مەکلارین پەیوەست بە بەرپرسیارێتی و مامەڵەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ پرۆسەکە ڕایگەیاند: "لێرەدا دوو ئاستەنگیی جددی هەن. یەکەم وەکو بێدەنگی دەردەکەوێت. دەنگی ئۆجالان لە پشت دیوارێکی بێدەنگییەوە دەگاتە ئێمە، کە دەوڵەت دەیسەپێنێت. لە دوورگەی ئیمراڵی جیاکراوەتەوە. مافی سەردانکردنی نییە، مافی قسەکردنی نییە، هەروەها مافی هەناسەدانی نییە لە جیهانێکدا کە دەیەوێت بیگۆڕێت. ئەم بێدەنگییە بە ڕێکەوت نییە، ئەمە سیاسەتێکە. دەوڵەت فکری ئەوی دەوێت، بەڵام ئیرادەکەی ناوێت، قسەکانی دەوێت، بەڵام بوونی ناوێت. ئاشتییش لەگەڵیدا زیندانیکراوە. ئاستەنگیی دووەمیش ترسی دانپێدانانە. دەوڵەتی تورک سەد ساڵە پرسی کورد وەکو گەلێک نابینێت کە پێویستە لەئامێز بگیرێت، بەڵکو وەکو پرسێک دەبینێت، کە پێویستە بەڕێوەببرێت. ئەمڕۆش کاتێک پەکەکە بێچەکبوونی ڕاگەیاند، کاتێک ئۆجالان دەستی ئاشتی درێژکرد، حکومەت ئەمەی وەکو دەستپێکی ڕێکەوتن نا، بەڵکو وەکو 'سەرکەوتن دژی تیرۆریزم' پێناسەکرد. کاردانەوەکانی پێشوو هێشتا بەردەوامن: نکۆڵی بکە، کۆنترۆڵ بکە، سەرلەنوێ پێناسەبکە و سەرکوتبکە. بێگومان گۆڕەپانێکی سیاسی هەیە کە ئەمەی لێ نیشاندەدرێت. سەرۆککۆمار ئەردۆغان وەک چالاکییەکی گۆڕانکاریی ئەخلاقی نا، بەڵکو وەکو ئامڕازێکی مانەوە لەناو ژیانی سیاسیدا لە پرۆسەی ئاشتی دەڕوانێت. ئەرکەکەی، ئەرکی دەستووری بنەڕەتی لەگەڵ کۆتاییهاتندا ڕووبەڕوویە؛ دەزانێت کە بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی پشتگیریی کورد گرنگە. بەڵام بە هاوپەیمانبوونی لەگەڵ مەهەپەش خۆی بەستووەتەوە، کە نەتەوەپەرستی توندڕەوە و دەیەوێت کورد ڕەتبکاتەوە. هەربۆیە لەنێوان دوو بەرداشە: ڕۆیشتن بەرەو ئاشتی ئەو سەرکێشییەی هەیە کە لە بنەمای خۆی دووردەکەوێتەوە، دڵخۆشکردنی بنەماکەشی دەتوانێت ئاشتی پەکبخات. ئەگەر ئەو بە زمانی ئاشتییش قسەبکات، درۆنەکانی تورک لە باکووری سووریا بە زمانێکی تر قسەدەکەن. ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە لە دەرەوەی سنوور بەرامبەر گرووپە کوردییەکان دەیکەن. ئەمە شتێکی دوولایەنەیە: لە ناوخۆ دیپلۆماسییە، لە دەرەوە ڕووخان.

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، "توانای زانستی ئەتۆمی ئێران لەناو نەچووە و دەشڵێت، تاران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە". ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە میدیاى سویسراى ڕاگەیاندووە، گەرچی زیانی زۆر بەر وێستگە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان کەوتووە، بەڵام توانای زانستی و تەکنیکی و پیشەسازیی ئەتۆمی ئێران لەناو نەچووە و دەکرێت سەنتەرفیوجەکان جارێکی دیکە کەڵکیان لێوەربگیرێتەوە و دروستبکرێنەوە. 23ـی حوزەیرانی 2025، لە یازدەیەمین ڕۆژی جەنگدا، ئیسرائیل شارەکانی تاران، کەرەج و قومی بۆردوومانکرد، دواتر هەریەکە لە وێستگە ئەتۆمییەکان و زانکۆى شەهید بەهەشتى و دەروازەکانى زیندانى ئێوین بە ئامانجگیران، دۆناڵد ترەمپیش ڕایگەیاند، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیان لەناوبردووە. سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەشڵێت، "تاران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە کە دەکاتە سەروو 60% و ئەگەر بەردەوامبێت لە پیتاندن، توانای دروستکردنی نزیکەی 10 بۆمبی ئەتۆمیی دەبێت". گرۆسی باسى لەوەشکردووە، "هیچ بەڵگەیەکیان نییە ئێران پلانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی هەبێت و دوای جەنگی 12 ڕۆژەش، تاران دەیتوانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بپچڕێنێت، بەڵام نەیکرد، گوتیشی، لە کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە لەگەڵ تاران بەردەوام دەبن. 23ـی ئەیلولی ئەمساڵ، زیاتر لە 70 پەرلەمانتاری ئێران داوایانکردووە وڵاتەکەیان چەکی ئەتۆمی دروستبکات و گۆڕانکاری لە فەتواکەی خامنەیدا بۆ حەرامکردنی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بکرێت کە لە ساڵی 2010 بە فەتوای عەلی خامنەیی، دروستکردن و بەکار‌هێنانی چەکی ئەتۆم لەلایەن وڵاتەکەیەوە قەدەغەکراوە. دوێنێ چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمیش، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، داواکارییە زیادەڕۆکانی ئەمریکا دانوستانەکانی پەکخست. گوتیشی، "تاوەکو کۆتایی بەو داواکارییانەی ئەمریکا نەیات، تاران ناگەڕێتەوە بۆسەر مێزی دانوستانەکان". ئەمریکا و فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بڕیارنامەیەکیان دژی تاران ئاڕاستەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد، دواتر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بە نۆ دەنگی نەخێر و چوار دەنگی بەڵێ و دوو بێلایەن، بڕیاردرا سزاکانى سناپباک بگەڕێتەوە سەر تاران، 28ـی ئەیلولیش بە فەرمی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کە بە "سناپباک" ناسراوە گەڕایەوە سەر تاران.

چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی ئایندەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شاندێکی دەم پارتی کۆببنەوە، تێیدا باس لە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا بکرێت. گولستان کلیچ کۆچیغیت، جێگری سەرۆکی پارتەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانى تورکیا ڕایگەیاند، شاندی ئیمرالی بەم نزیکانە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکەپە کۆدەبێتەوە. ئەمە سێیەمین دیداری شاندی ئیمرالی دەبێت لەگەڵ سەرۆکی ئاکەپە و سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان. شاندەکە پێکهاتوون لە جێگری پارتی وان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، پەروین بوڵدان و جێگری شانلیورفا میتات سانجار.  یەکەم دیدارى ئەردۆغان و دەم پارتى وەک یەکەم پەیوەندی لە ماوەی ١٣ ساڵدا  ڕۆژی 10ی نیسان، بووە، کۆبوونەوەی دووەم لە ٧ی تەمموز بەڕێوەچوو، شاندەکە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان جێگری سەرۆکی پەرلەمان و میتات سانجار، جێگری شانلیورفای پارتەکەبووە، هەروەها ئەفکان عەلا جێگری سەرۆکی ئاکەپە و ئیبراهیم کاڵن بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانی (مێت) ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە نزیکەی یەک کاتژمێری خایاند. 1ی تشرینی یەکەمی پار، بە دەستپێشخەریی دەسەڵاتی تورکیا، دەست بە پرۆسەی چارەسەری کرا، پرۆسەکە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیای بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە، هەشت جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە. ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی مانگی ئایار، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.

دوای زیاتر لە 15 ڕۆژ، دووبارە ئەو ڕێگایانە کرانەوە کە دەچنە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی کوردنشین لە پارێزگای حەلەب، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" داخرابوون. تەلەڤزیۆنی سووریا ئەمڕۆڕایگەیاند، ئەو ڕێگایانەی دەچنە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب دووبارە کراونەتەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەربەستەکانی دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکەیان لابردووە و ڕێگاکانیان بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەدا کردووەتەوە. لە 6ـی تشرینی یەکەمدا، پێکدادان لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی "هەسەدە" لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە سەریهەڵدا، کە تووندترین پێکدادان بوو لە دوای واژۆکردنی "ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری" ڕابردوو. تەلەڤزیۆنی سووریا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی سووریا و هێزەکانی "ئاسایش" خاڵێکی پشکنینی هاوبەشیان لە نێوان هەردوو ناوچەکەدا داناوە، ئاماژەی بەوەشدا کە دوای گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە، هاتووچۆ و جموجۆڵی هاتووچۆ ئەمڕۆ بە شێوەیەکی ئاسایی گەڕاوەتەوە. کردنەوەی ڕێگاکان، تەنیا ڕۆژێک دوای سەردانیکردنی شاندێکی سەرکردایەتی ئاسایشی ناوخۆ لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دێت، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو گەڕەکە بۆ تاوتوێکردنی تەواوکردنی ڕێککەوتنی نیسانی ڕابردوو.

رۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" ئاشكرایدەكات: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بوونی هێزەکانی تورکیا لە غەززە بە هێڵی سوور دەزانێت و دەیەوێت کۆمپانیا تورکییەکانیش لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دووربخاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ناتانیاهۆ بە هێنانی تورکیا و قەتەر بۆ ناو غەززە تۆمەتباركرد. رۆژنامە ئیسرائیلییەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمریکا هەوڵی رازیکردنی ئیسرائیل دەدات سەبارەت بە بەشداری تورکیا، جەی دی  ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە بە سەردانێك گەیشتووەتە ئیسرائیل، لە لێدوانێكدا بە یاوەری ناتانیاهۆ، ستایشی تورکیای کرد و وتی، ئێمە فشار لەسەر ئیسرائیلییەکان ناکەین سەبارەت بەوەی کام هێزی بیانی دەهێنرێتە ئێرە، بەڵام دەبینین تورکەکان تا ئێستا رۆڵێکی بنیاتنەریان لەم ڕووەوە بینیوە، ئێمە سوپاسگوزارین بۆ ئەوە. لای خۆیەوە، نیامین ناتانیاهۆ، ئاماژەی بەوەدا، دژایەتی هەر رۆڵێکی هێزەکانی تورکیا لە کەرتی غەززە دەکات لە چوارچێوەی ئەرکی چاودێریکردنی ئاگربەست. وتیشی: سیناریۆکانی رۆژی دواتری کۆتاییهێنانيان بە شەڕی غەززەیان تاوتوێ کردووە، لەنێویاندا ئەو لایەنانەی کە دەتوانن ئاسایش لەو ناوچەیە بچەسپێنن لەماوەی دوو ساڵدا. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بیرۆکەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە غەززە، ناتانیاهۆ وتی: بۆچونێکی رەهام لەسەر ئەوە هەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە تاران ناگەڕێتەوە دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن و ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی ئەمەریکا داواکاریی نادادپەروەرانەی هەبێت، لەگەڵ ئەمەریکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی دەستە بە گفتوگۆکان  ناکەن. ڕۆژی چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) لە زاری عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی داواکارییە زێدەڕۆیییەکانی ئەمەریکا، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو وڵاتە بە تەواوی ڕاوستاون و هیچ پێشڤەچوونیان بە خۆوە نەبینیوە. چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، عراقچی ڕایگەیاندبوو، لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیر پەیوەندییان لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، و دووپاتی کردەوە، ئێران هەمیشە پابەند بووە بە دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانە. هەروەها مانگی ڕابردوو سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، پێشتر چەندین پەیامێکیان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە گەیەنراوەتە واشنتن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام ئەمەریکییەکان وەڵامیان نەداوەتەوە. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، فاتیمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، باسی لەوە کردبوو، بەرپرسانی ئەمەریکی ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە نەبوون کە ئێران لە کاتی کۆڕبەندی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک پێشنیازیان کردبوو. ئەمەریکا، وڵاتانی ئەورووپا و ئیسرائیل، ئێران بە پێشێلکاری ڕێککەوتنی 2015 تۆمەتبار دەکەن، بەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، دەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات، لای خۆشیەوە ئێران ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە. تاران و واشنتن دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران دوای پێنج گەڕ دانوستانەکانیان ڕاگیراون و تاوەکوو ئێستا دەستیان پێ نە کردووەتەوە.

 ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەى ئیدارەى خۆسەر ڕایدەگەیەنێت لامەرکەزییەت پڕۆژەیەکی دابەشکردن نییە، وەک چۆن بەرەوپێش دەچێت، بەڵکو ئامرازێکە بۆ یەکخستنی پلەکان و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریا" ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی گردبوونەوەی ژنانی زێنۆبیا کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی ژنانی لە قەزای ڕەقە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێکخست، تیایدا  ئیلهام ئەحمەد وتارێکى پێشکەشکرد، لەبەشێکیدا ئەووەى خستەڕوو قۆناغی ئێستای مێژووی سوریا قۆناغێکی ڕەخنەگرانە، بەو پێیەی زۆر گرنگە مافەکانی سەرجەم گروپە نەتەوەیی و ئاینییەکان زامن بکرێت و ڕێگەچارەیەکی سیاسی دیموکراسی بدۆزرێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەزموونە جیهانییەکان لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی و کۆنفیدراڵی سەلماندوویانە کە لامەرکەزی ڕێگەی گەیشتن بە گەشەسەندنی ڕاستەقینە و سەقامگیری سیاسی و ئابوورییە.  ئیلهام ئەحمەد ڕوونی کردەوە کە ئەو دانوستانانەی لە دیمەشق لە نێوان نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە لایەک و حکومەتی ئینتقالی لە سوریا لە لایەکی ترەوە ئەنجام دەدرێن، لە کەشێکی ئەرێنیدا بەرەوپێش دەچێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لێی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە داهاتووی سوریا و دامەزراوە ئیداری و سەربازییەکانی، دڵنیابوون لە بەشداریکردنی ڕاستەقینە لەلایەن هەموو پێکهاتەکانەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەناو سوپای سووریادا هەنگاوی یەکەمە بەرەو دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتووە، کە هەموو سوورییەکان بێ جیاوازی بپارێزێت. هەروەها باسی لە کێشەی ئاوارە و پەنابەران کرد، کە پێویستە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە زامنی ئەمنی بێت بۆ پاراستنی ژیان و موڵک و ماڵیان و ئیدانەی داگیرکاریی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عەفرین، شەهبا، گرێ سپی و سەرێکانی و سیاسەتەکانی بە تورککردنی ئەو ناوچانەی کرد. لەکۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو، کە پێویستە لە داهاتووی سووریا مافی ژنان و هەموو نەتەوەکان پارێزراو بێت و وتی: “پێمان وایە ئاشتی و دادپەروەری ڕێگەی کۆتاییهێنانە بە ئازارەکانی سوورییەکان، بە تایبەتی ژنان، چونکە ئەوان زۆرترین قوربانی شەڕەکان بوون و سەرەڕای ئەوەش ژنان سوورن لەسەر درووستکردنی ئاشتی و داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو سووریا.”

هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگریی سووریا، ئۆپەراسیۆنێکی بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو خاکی سووریا ئەنجامدا  و چەند تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد. بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکان بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەشی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆماری عەرەبیی سووریا ئۆپەراسیۆنێکی چۆنایەتیان لەنێو خاکی سووریا ئەنجامداوە.   وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، یەکێک لە مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە چووەتە خاکی سووریا و لەڕێگەی هەماهەنگی هاوبەشی مەیدانی و هەواڵگرییەوە، توانی دەست بەسەر 320 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا بگرێت، ژمارەیەک تۆمەتباری داواکراوی نێودەوڵەتی دەستگیربکات کە بەشێکن لە تۆڕەکانی قاچاخچێتی سنووربەزێن. ئەوەی پێویستە بیزانیت؛ عێراق چەندین ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان واژۆ کردووە و جار جار ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ئەو ماددانە ئەنجام دەدەن، ماوەیەک لەمەوبەر "ئۆپەراسیۆنێکی چۆنایەتی سەرکەوتوو لەگەڵ دەوڵەتی کوێتی دۆست" ئەنجامدا، جگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دیکە لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی دراوسێ، وەک بەشێک لە هەماهەنگییە ئەمنی و هەواڵگرییە بەردەوامەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.

پەرلەمانی تورکیا پێشنیازی درێژکردنەوەی ئەرکی هێزە چەکدارەکانی تورکیای لە عێراق و سووریا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە پەسەند کرد. پەرلەمانی تورکیا لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی یاداشتێکی سەرۆکایەتی، پێشنیازی درێژکردنەوەی ئەرکی هێزە چەکدارەکانی تورکیای لە عێراق و سووریا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە پەسەند کرد، درێژکردنەوەەکەش لە 30ـی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات، تەنیا پارتی گەلی کۆماری و پارتی دیموکراتی گەلان دەنگیان بە پێشنیازەکە نەدا.  لە یاداشتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا واژۆی لەسەر کردبوو، ئاماژە بەوە کراوە "هەڕەشەی تیرۆریستی بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری تورکیا و نەبوونی سەقامگیری بەردەوام، مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات." هاوکات لە یاداشتەکەدا "پابەندبوونی تورکیا بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و یەکێتی نیشتمانی و سەقامگیریی عێراق" دووپاتکرایەوە. هەروەها لە یاداشتەکەدا هاتووە، "لەگەڵ خواست و پێداویستییەکانی ئیدارەی ئێستای سووریا و پێویستی پەرەپێدانی تواناکانی وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردنی هەوڵە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکان، جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە دژی هەموو مەترسی و هەڕەشە و کردەوەیەک کرایەوە کە دەتوانێت ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بخاتە مەترسییەوە، هاوکات جەخت لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هەوڵەکان کرایەوە بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیری لە سووریا." بەگوێرەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی نەهێشتنی هێرشە ئەگەرییەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانە لە عێراق و سووریایە بۆ سەر ئەو وڵاتە. تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی پەکەکە ماوەی چارەکە سەدەیەکە دەیان بنکەی سەربازی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق داناوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە' لە مانگی ئایاری 2025 هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام هێزەکانی تورکیا بەوە تۆمەتبار کران کە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی چەکدارانی پەکەکە لە سووریا و عێراق.

هاوكات له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ باره‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران به‌ سه‌ردانێكی ڕانه‌گه‌یه‌نراو شەوى ڕابردوو گه‌یشته‌ به‌غدا. سه‌رچاوه‌كان له‌ به‌غدا چوارشەممە، ٢٢ـی تشرینی یه‌كه‌می 2025،  بڵاویان كرده‌وه‌، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران به‌ سه‌ردانێكی ڕانه‌گه‌یه‌نراو گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غدا و بڕیار وایه‌ له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان كۆببێته‌وه‌. ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی سێشه‌ممه‌، تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی به‌وه‌ كرد، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو و ڕوبیۆ و سوودانی باسیان لە هەوڵەکانیان بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنی بازرگانیی نێوانیان کردووەتەوە. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە بۆنەی هەناردەکردنەوەی نەوت (نه‌وتی هەرێمی کوردستان)، لە بەندەری جەیهان پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، کە بەگوێرەی ڕاگەیەندراوکە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم سوود بە ئابووریی عێراق، تورکیا و ئەمەریکا دەگەیەنێت. لە ڕاگەیەندراوکەدا هاتبوو: "لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەدا، مارکۆ ڕوبیۆ جەختی لە گرنگیی دەستبەجێی چەککردنی ئەو گرووپە چەکدارانە کردەوە، کە بوونەتە هۆی لاوازکردنی سەروەریی عێراق، هەڕەشە بۆ سەر ژیان و بازرگانی ئەمەریکی و عێراقییەکان، تاڵانکردنی سەرچاوە داراییەکان. جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هه‌روه‌ها گوتبووی: وەزیری دەرەوە پابەندبوونی ئەمەریکای بۆ کارکردنی نزیک لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان وەک پاراستنی سەروەریی عێراق، پتەوکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان دووپات کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، مارکۆ روبیۆ بە تەلەفۆن لەگەڵ سوودانی قسەی کردووە و داوای لێکردووە پەلە بکرێت لە "چەکداماڵینی میلیشیاکان کە ئێران پشتیوانییان دەکات". بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆبیۆ هەروەها پیرۆزبایی هەناردەکردنەوەی نەوتی لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە لە سوودانی کردووە.    بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، روبیۆ و سوودانی تاوتوێی هەوڵەکانی تەواوکردنی گرێبەستە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقیان کردووە.   مارکۆ روبیۆ، پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا و رایگەیاندووە، "ئەم هەنگاوە سوودی بۆ عێراق، تورکیا و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەبێت".   لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ جەختی لە "پەلەکردن لە چەکداماڵینی ئەو میلیشیایانە کردەوە، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو گرووپانە "سەروەریی عێراق دەخەنە ژێر پرسیار، هەڕەشە لە ژیان و کاری ئەمریکی و عێراقییەکان دەکەن و سامانی عێراق بۆ ئێران بەفیڕۆ دەدەن."   وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، روبیۆ پابەندبوونی ئەمریکای بۆ کارکردنی لەنزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان دووپاتکردەوە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، لەوانە پاراستنی سەروەریی عێراق، بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەیی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان.

هەسەدە رایدەگەیەنێت، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزەکانیان سەرکردەیەکی مەترسیداری داعشیان لە شاری تەبقە دەستگیر کردوە، کە سەرپەرشتی وەرگرتن و گەیاندنی چەک و کەرەستەی سەربازی و دابەشکردنیان بوە بەسەر شانەکانی داعشدا. ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە تێیدا هاتووە؛  تیمە سەربازییەکانیان  بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ورد و تۆکمەی ئەمنییان لە شاری تەبقە ئەنجامداوە، بە مەبەستی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی مەترسیدار لە تیرۆرستانی داعش. ئاماژەی بەوەکردوە، ئۆپەراسیۆنەکە دوای چاودێریکردنی جموجۆڵ و چالاکییەکانی تیرۆرستەکە بووە، کە ناوی ئەحمەد عەبدولقادر ئەلموسایان و خەڵکی شاری تەبقەیە و هەڵیانکوتاوەتە سەر حەشارگەکەی و توانیویانە دەستگیری بکەن. هەسەدە دەشڵێت؛ تیرۆریستەکە سەرکردەیەکی مەترسیدار بووە و  سەرپەرشتی وەرگرتن و گەیاندنی چەک و کەرەستەی سەربازی و دابەشکردنی کردوە  بەسەر شانە تیرۆریستییەکاندا،  هەروەها کارێکی دیکەی چاودێریکردنی خاڵە سەربازییەکانی هێزەکانیان بووە. لەگەڵ دەستگیرکردنی تیرۆرستەکەدا، ئەوەشیانخستوەتەڕوو هێزەکانیان دەستیان بەسەر بڕێک چەک و نارنجۆکییشدا گرتووە و جەختیش دەکەنەوە بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان دژی پاشماوەکانی داعش و پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ تێکدانی ئاسایش و کردنە ئامانجی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکە.

هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە تەڕابلوس، ئەحمەد سەحاف، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، گیانلەدەستدانی کۆچبەرێکی عێراقی لە یەکێک لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە لیبیا ڕاگەیاند. سەحاف بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان لە دەزگای بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی لە دەوڵەتی لیبیا لە ڕۆژهەڵاتی پایتەختی تەڕابلوس، لە گیانلەدەستدانی کۆچبەرێکی عێراقی کورد بەناوی هۆگر ئاسۆ خدر، بەهۆی نۆرەی دڵەوە لەناو سەنتەری دەستبەسەرکردنەکەدا گیانی لەدەستداوە. سەحاف ئاماژەی بەوەدا، باڵیۆزخانەی عێراق لە تەڕابلوس لەم کاتە سەختەدا هاوخەمی قووڵی خۆی ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو دەکات و داوا لە تەواوی خێزانەکان دەکات کە ڕێگە بە منداڵەکانیان نەدەن ڕێگەی کۆچی نایاسایی بگرنەبەر، چونکە ئەوە دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی یاسایی و مەترسیی. سەحاف گوتیشی: باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە تەڕابلوس پێشتر ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی (41) کۆچبەری تەواو کردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو لیبیا، ئاماژەی بەوەدا: باڵیۆزخانەکە کاری بۆ دابینکردنی بلیتەکانی گەشت و گەڕاندنەوەی کۆچبەران بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بۆ عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. سەحاف ڕایگەیاند: باڵیۆزخانەی عێراق ژمارەی تەلەفۆنی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی خێزانی کۆچبەران بتوانن لە سەلامەتی کوڕەکانیان دڵنیا ببنەوە.