سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) هێرشی تووند دەکاتە سەر جەهەپە و رایدەگەیێنێت، سەرکردایەتیی ئەو پارتە "ترسان بچنە ئیمراڵی و رایانکرد". باخچەلی دەشڵێت، ئامانجیان ئەوەیە لە ساڵی 2026ـەوە تووندوتیژی و چەک لە تورکیا کۆتایی پێبێت. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (تورکگون)ـی نزیک لە پارتەکەی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 بڵاوکراوەتەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سیاسیی تورکیا و کارەکانی "کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری" لە پەرلەمانی تورکیا کرد. باخچەلی بەتووندی رەخنەی لە هەڵوێستی جەهەپە گرت بەرامبەر بە سەردانی ئیمراڵی و پرۆسەی چارەسەری و گوتی: "کەی رێزیان لە گەل گرتووە، کە تەنیا هێزی کۆمارە؟ تەنانەت ترسان بچنە ئیمراڵیش، رایانکرد. بە وشەی ترسنۆکانە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە رێکارەکان دەربڕی نەک ناوەڕۆک. لە پرۆسەی چارەسەری و چارەسەرکردنی گرنگترین کێشەی تورکیادا خۆیان دزییەوە." سەبارەت بە ئاسۆی پرۆسەی چارەسەری، سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، کارەکانی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە قۆناخی کۆتاییدایە و راپۆرتی قۆناخی گواستنەوە ئامادە دەکرێت. باخچەلی گوتی: "ئیرادەی نیشتمانی راپەڕیوە. کات نەماوە و گەیشتووینەتە دوا قۆناخ. ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی 2026ـەوە بەدواوە تووندوتیژی و چەک بە تەواوی لە رۆژەڤی تورکیادا نەمێنێت." باخچەلی باسی لەوە کرد، جەهەپە لە "شوێنێکی هەڵەی مێژوودا وەستاوە" و لە سێگۆشەی "سۆغوتئۆزو، ساراچخانە و سلیڤری" (3 S) گیری خواردووە، هەروەها داوای کرد لێکۆڵینەوە لە گومانەکانی گەندەڵی لەنێو ئەو پارتە بکرێت.   زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە. رۆژی 21ـی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنی پەرلەمان بە دەنگدانی نهێنی بڕیاری دا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکات، بەڵام جەهەپە بەشداریی دەنگدانەکەی نەکرد و هیچ ئەندامێکی بۆ شاندەکە دیاری نەکرد. رۆژی دووشەممە 24-11-2025، شاندێکی سێ کەسی پێکهاتوو لە (حوسێن یایمان لە ئاکپارتی، فەتی یڵدز لە مەهەپە و گولستان کڵچ کۆچیغیت لە دەم پارتی) لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە. دوای دیدارەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، گفتوگۆی ورد کراوە سەبارەت بە "دانانی چەک، هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لە سووریا".

رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لە نوێترین ژمارەی خۆیدا، پۆلێنکردنی هەریەک لە گرووپی حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی لەنێو لیستی تیرۆردا بڵاوکردەوە. ژمارە 4848ی رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لەلایەن وەزارەتی دادی عێراق بڵاوکرایەوە، رێککەوتی 17ی تشرینی دووەمی 2025 لەسەرە، کە تێیدا پاڵپشت بە بڕیارەکانی لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان لە نووسینگەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەریەک لە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکان لە یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان، خراونەتە لیستی تیرۆرەوە. بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم نوێکردنەوەیە لە چوارچێوەی دیاریکردنی ئەو قەوارە و کەسانەدایە، کە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان دەیانگرێتەوە. لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، ناوی ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام، بۆ ئەحمەد حوسێن شەرع گۆڕدراوە. موڕاد ساعیدی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە لە وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی داد هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیارەکانەوە نییە، بەڵکو ئەو بڕیارانەی لەلایەنە فەرمییەکانی دەوڵەت دەردەچن لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێنەوە و دواتر دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.  ئەم گۆڕانکارییە لەسەر بنەمای بڕیاری لیژنەی سزاکانی سەر داعش و قاعیدە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە. ئەم هەنگاوەی بەغدا بە نوێترین رێکار دادەنرێت لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی لیستەکانی تیرۆر و جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە یەکەمین کاردانەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 مستەفا سەنەد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و بەربژێری سەرکەوتوو لە هەڵبژاردنی 2025ی پەرلەمانی عێراق کە نزیکە لە حەشدی شەعبی لە پۆستێکدا لە پەیجی فەیسبووکی خۆیدا رەخنەی تووندی لەو بڕیارە گرتووە و دەڵێت، "بەداخەوە عێراق حووسییەکان و حیزبوڵڵای وەک رێکخراوی تیرۆریستی پۆلێن دەکات، کەچی ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر دەکات. ئەمە شەرمەزارییە بۆ ئێوە و هەڵوێستێکی ئابڕووبەرانەیە کە زۆر لە وڵاتانی عەرەبیش کاری وایان نەکردووە. دەرکەوت وتارەکەی سوودانیش (محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق) پێش دوو ساڵ لە لووتکەی عەرەبی، هەمووی تەنیا قسەی رووت و بێ کردار بووە (وەک بڵقی سەر ئاو بوو)." دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوڕێیەتی و یەکێک بووە لەو کەسانەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بەربژێری کردووە. ترەمپ راشیگەیاند، سەری سوڕماوە لە بڕیارەکەی سوودانی و چاوەڕوانی ئەو جۆرە بڕیارەی لە عێراق نەکردووە، هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ سوودانی دەربڕی.

حکومەتی ئێران دەڵێت: بە نیازە ئاو لە وڵاتانی دراوسێی بكڕێت بەهۆی ئەو شەپۆلە وشکەساڵییەی كە بە شێوەیەكی بەربڵاو کاریگەری لەسەر وڵاتەكە دروستكردووە. عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند: هەر وڵاتێک ئامادەی فرۆشتنی ئاو بێت، ئێمە دەیکڕین. ئەوە لەكاتێكدایە، زۆربەی وڵاتانی دراوسێی ئێران بەدەست وشکەساڵی و کەم ئاوی دەناڵێنن، لەوانە عێراق، ئەفغانستان و ناوچە سنورییەکانی پاکستان، تەنها ئەرمینیا نەبێت لە باکورەوە یەدەگی ئاوی تاڕادەیەک زیاترە. ئێران یەکێکە لە وشکترین وڵاتەکانی جیهان و لەم چەند ساڵەی دواییدا رێژەی بارانبارین  بەشێوەیەكی بەرچاو کەمبووەتەوە، لەگەڵ زیادبونی وشکەساڵی و دیاردە توندەکانی دیکەی کەشوهەوا .

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەڵێت: هێرشەکە بە دوو درۆن کراوە، "یەکێکیان کێڵگەکەی پێکا و ئەوی دیکەیان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە، پاشماوەی هەردوو درۆنەکەش رەوانەی بەڵگەکانی تاوان کراون بەمەبەستی دەرهێنانی زانیارییەکانی نێو میمۆرییەکانیان." هەروەها دەڵێت، ئەو دوو درۆنەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، لە باشووری کێڵگەکەوە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو هەڵدراون. ئەمە یازدەیەمین هێرشە کە لە ناوچەی ئاماژەپێکراوەوە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە. لیژنەکە گەیشتووەتە ناوی ئەنجامدەرانی هێرشەکە کە لە چەند هێزێکی لە یاسادەرچوون، بەشێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.   دەقى ڕاگەیەندراو.. لەسەر بنەمای فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی،و لە پاش هێرشە ترسنۆکانەکەی سەر کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی لە 26ی تشرینی دووەمی 2025، ئەو لیژنەیەی لێکۆڵینەوە کە بۆ دیاریکردنی چۆنێتی ئەم هێرشە تیرۆریستییە پێکهێنرا، ڕۆژی هەینی 28ی تشرینی دووەمی 2025, بە سەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری ناوخۆ و ئەندامێتی بەڕێزان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بە پاڵپشتی لیژنەی تەکنیکی کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی و فەرماندەیی فڕۆکەوانی سوپا و بەڕێوەبەرایەتی تۆپخانە و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی و بەڕێوەبەرایەتی ئەندازیاری سەربازی و بەڕێوەبەرایەتی تەقەمەنی و بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان و بەڕێوبەرایەتی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. لیژنەەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز محەمەد شیاع سودانی ئەنجامەکانی خۆی خستەڕوو و بەرێزیان ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی پەسەند کرد کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە: یەکەم:- 1- هێرشە ترسنۆکانەکە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراوە و دانەیەکیان بەر کێڵگەکە کەوتووە، ئەوی دیکەش لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە و پاشماوەی هەردوو فڕۆکەکە لەلایەن بەڵگەی تاوانەوە کۆکرایەوە بۆ شیکردنەوەی ئامێری میمۆری. 2. ئەو دوو فڕۆکەیەی کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە لە دیوی باشووری کێڵگەکە بە تایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی قەزای دوز خورماتووەوە هەڵدراون. 3- ئەمە یازدەهەمین هێرشە ئەنجام بدرێت بۆ سەر ئەو کێڵگەیەی کە ئاماژەمان پێدا. 4- ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە دەستنیشانکراون، ئەوان کەسانی لە یاسا دەرچوون و هەندێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لە ئێستادا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.  5. دوای ناسینەوەی ناسنامەی تاوانباران، دەزگا ئەمنییەکان دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی بەڵگەی تەکنیکی بەمەبەستی ڕادەست کردنی تاوانباران بە دادگا. دووەم:- لیژنەکە چەند ڕێکارێکی بۆ پاراستنی کێڵگەکە پێشنیار کرد، بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی بکات، بەم شێوەیەی خوارەوە: 1- بڵاوکردنەوەی هێزی ئەمنی لە کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشایییەکی ئەمنی و پاراستنی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و یەکەکان و دەستەبەرکردنی فەرماندەیی یەکگرتوو. 2. ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و هێزەکانی حەشدی شەعبی، بۆ گۆڕینی فەرماندەکانی ئەو ناوچانە بە فەرماندی لێهاتوو. 3. پەرەپێدان و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی هەواڵگری لە نێوان دەزگا هەواڵگرییە فیدراڵیەکان و هاوتاکانیان لە هەرێم. 4- وەزارەتی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابین بکات و پاراستنی دەستەبەر بکات. 5. سەپاندنی ڕێکاری توند بۆ بەکارهێنان و گواستنەوەی هەموو جۆرە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و تەنها بە ڕەزامەندی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت.  6- ئاگەدارکردنەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوون بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە. کارەکانی ئەم لیژنەیە بەردەوامە تا دەستنیشان کردنی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لەم ڕووداوەدا هەبووە، کە سەروەری عێراق و سەرچاوە ئابوورییەکانی دەکاتە ئامانج، ئەمەش کردەوەیەکی تیرۆریستی ترسناکە و ئامانج لێی دروستکردنی بەربەست و دواخستنی هەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی و ئابوورییە و ئەم کردەوە تیرۆریستییە بێ سزادانی بکەرانی تێپەڕنابێت و ڕێوشوێنی یاسایی یەکلاکەرەوەی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. •••••••  سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان 3ی کانوونی یەکەمی 2025

هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە سنووری ئەنبار 18 کیلۆ مادەی هۆشبەریان گرت کە قاچاخچییەکان هەوڵیان دابوو بە باڵۆن بیپەڕێننەوە. هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە رۆژئاوای ئەنبار ئەمڕۆ رایانگەیاند، بە سەرکەوتوویی رێگرییان لە قاچاخکردنی 18 کیلۆ مادەی هۆشبەر کردووە کە قاچاخچیەکان لەناو باڵۆنێکی هیلیۆمدا کۆیانکردبووەوە و خۆیان ئامادەکردبوو لەودیوی سنوورەکەوە هەڵیانبگرن. بەپێی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لە رۆژئاوای ئەنبار، یەکە ئەمنییەکان دوای چاودێریکردنی جووڵە گوماناویەکان لە نزیک سنوور، ئۆپەراسیۆنەکەیان ئاشکرا کردووە. قاچاخچیەکان، بە مەبەستی ناردنی باڵۆنەکە بەسەر سنوورەوە بۆ قەزاکانی رۆژئاوای ناوچەکە، باڵۆنێکیان پڕکردبوو لە 98 پاکەتی جیاواز کە هەر پاکەتێک هەزار حەبی تێدابووە. هێزەکە رایگەیاندووە، دەست بەسەر سەرجەم کەل و پەل و مادە هۆشبەرەکاندا گیراوە و "رێکاری یاسایی پێویست" لە دژی تۆمەتباران گیراوەتەبەر.

هاوپەیمانی "نەسر" بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق، دەڵێت: عەبادی رەتیکردۆتەوە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکات، ناوەکەی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێشنیازكراوە. ئاماژەی بەوەشدەكات: رەنگە کۆبونەوەی داهاتووی چوارچێوەکە یەکلاکەرەوە بێت لە دیاریکردنی ناسنامەی كانديدى سەرۆک وەزیرانی نوێ. سەلام زوبەیدی، وتەبێژی هاوپەیمانییەكە بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی راگەیاندووە: ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدان ناوی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراقیان خستووەتە لیستی کاندیدەکانی حکومەتی نوێ، سەرەڕای ئەوەی رەتیكردووەتەوە. وتوشەیەتی: عەبادی قبوڵ ناکات لە چوارچێوەیەکی كۆت و بەندكراودا كاربكات، بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو پێویستی بە لێكگەیشتنی زیاتر هەیەو، ئەگەر هەیە لە کۆبونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بڕیارە دووشەممە بەڕێوە بچێت، ناسنامەی سەرۆک وەزیرانی نوێ گەڵاڵە بكرێت.

گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سبەینێ پێنجشەممە، کۆتا وادەی مامەڵەی ئەو هاووڵاتییانەیە کە ناویان بۆ وەرزی حەجی 2026 گەڕاوەتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند: به‌ گوێرەی ئه‌و ماوه‌ی دانرابوو سبەی پێنجشه‌ممه‌ كۆتا رۆژی وه‌رگرتنی مامه‌ڵه‌ی حاجیان ده‌بێت و هه‌ر كه‌سێك دوا بكه‌وێت خۆی بەرپرسیار دەبێت. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە، ئاماژەی بەوە دا،  له‌ ڕێگه‌ی نووسینگه‌كانی حه‌ج و عومره‌ له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ كردووه‌ كه‌ ناویان بۆ حه‌جی 2026 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ تاوه‌كوو مامه‌ڵه‌كانیان ته‌واو بكه‌ن. هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد، بڕیار بوو‌‌ 27تشرینی دووەمی 2025، دوا واده‌ی وه‌رگرتنی مامه‌ڵه‌ی حاجیان بێت، به‌ڵام به‌ فه‌رمانی وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، وه‌كوو هاوكارییه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ناویان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ تاوه‌كوو سبەینێ پێنجشەممە واده‌كه‌ درێژ كرایه‌وه‌. دەشڵێت: ڕۆژانی شه‌ممه‌ كه‌ پشووی فه‌رمییه‌ و ڕۆژانی دیكه‌ش له‌ كاتژمێر 08:30 به‌یانییه‌وه‌ تاوه‌كوو كاتژمێر 04:00 ئێواره‌ كار ده‌كه‌ن به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان و ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌كانیان و به‌پێی ئه‌و واده‌ی له‌ سعوودیه‌ دانراوه‌ پێویسته‌ تاوه‌كوو ناوه‌ڕاستی مانگی یه‌كی ساڵی 2026 هه‌موو ڕێككاره‌كان بۆ پرۆسه‌ی حه‌ج ته‌واو بكرێن. ستوونی، جەخت لەوە دەکاتەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی کردووە بۆ هاووڵاتییان و دەیەوێت بە باشترین شێوە مامەڵەکانیان رایی بکرێت." ساڵی داهاتوو پێنج هەزار و 120 کەس سەردانی سعوودیە دەکەن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.

 

سەرۆک بارزانی لەگەڵ مایکل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە. بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025، لە هەولێر سەرۆک بارزانی لەگەڵ مایکل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە. لەدیدارەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد. بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە داوە، مایکل ڕیگەس سوپاسی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی کرد لەپێشخستنی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە. هەروەها باسی لە بەردەوامی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کرد لە هەموو بوارەکاندا و کردنەوەی باڵەخانەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد و ڕایگەیاند کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی ڕوونە ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر و ئارام و ئاوەداندایە، ڕاشیگەیاند ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە و ئەمریکاش پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات. بارەگای بارزانی ڕایگەیاندووە: هەر لەو دیدارەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆری کرد و داوای کرد کە ئەم کارە تێکدەرانە کۆتایی پێ بهێنرێن. هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی وەسفکرد لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت،لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆک بارزانی باسی لە مێژووی چەوساندنەوەی گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کرد و ڕایگەیاند ئەو دەرفەتەی کە لە ڕاپەڕین بۆ گەلی کوردستان دروستبوو و ئەو ڕۆڵەی ئەمەریکا و ئەنجوومەنی ئاسایش لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی کوردستان هەیانبوو، بوو بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سود لەم دەرفەتە وەربگرێت و پڕۆسەیەکی دیموکراسی بهێنێتە ئاراوە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە حکوومەت و پەرلەمان و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان بنیات بنێت. هەروەها سەرۆک بارزانی باسی لە ڕۆڵی گرنگی ئەمەریکا لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش کرد و باسی لەوەکرد کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم شەڕەدا شەهید و قوربانییەکی زۆری دا، بەڵام ئەگەر پشتیوانیی ئەمەریکا نەبا قوربانییەکان زیاتر دەبوون. هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی ئەمەریکا لە ناوچەکە دا و سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستانی ئاراستەی ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند گەلی کوردستان گەلێکی بە وەفایە بەرانبەر ئەو پشتیوانی و هاوکاریانەی ئەمەریکا بۆی هەبووە و پاڵپشتیی خۆی نیشاندا بۆ بەردەوامی و باشترکردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مایکڵ ڕیگەس، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر گوتی: زۆر سوپاس بۆ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی. مایکڵ ڕیگەس ڕایگەیاند: "ئەم کونسوڵخانە نوێیە زیاترە لە بینا و باڵەخانەیەک؛ ئەمە بەڵگەی ئەو بەها و پەیوەندییە بەهێزەیە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکادا هەیە." ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم باڵەخانەیە باشترین ئەندازەسازی و دیزاینی ئەمەریکی تێدا بەکارهاتووە و دەبێتە پلاتفۆرمێک بۆ فراوانکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان. لە بەشێکی گرنگی وتارەکەدا، بەرپرسی ئەمەریکا ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و وتی: "هەبوونی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و پێداگر، ستوونی سەرەکییە بۆ پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق." هەروەها ستایشی ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کرد وەک "هاوبەشێکی ئەمنی و دەنگێکی متمانەپێکراو" لە ناوچەکەدا. دەشڵێت: شانازی بە هاوبەشیی قووڵمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین. سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، ئەمەریکا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکان کرد و داوای لە هاوبەشە عێراقی و کوردستانییەکانی کرد پێکەوە کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لەو میلیشیا ئێرانییانەی کە لە ناو عێراقدان و ناوچەکە تێکدەدەن. ناوبراو ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کێڵگەی "کۆرمۆر"ی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە یاسا سەروەر بێت و ئەنجامدەرانی ئەو کارانە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە. لایەنێکی دیکەی وتارەکە تایبەت بوو بە بواری ئابووری؛ بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ئەمەریکا ئەولەویەتی داوەتە بازرگانی و کۆمپانیا ئەمریکییەکان هان دەدات لە هەرێمی کوردستان کار بکەن. هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا دەربڕی و بە هەنگاوێکی گرنگی وەسف کرد بۆ سەربەخۆیی وزە و بەرژەوەندی هەموو لایەک. لە کۆتاییدا، نوێنەری ئەمەریکا پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و سوریا، و ڕایگەیاند کە هیچ دۆستێکی بەهێزتر لە ئەمەریکا نییە بۆ پێکهاتەکان.

سەرۆکی پارتێکی رەگەزپەرست بە شەرمەزاری بۆ تورکیا وەسفی دەکات بارەگای بارزانی وەڵامێکی تووندی دایەوە و ئەنقەرەش راستەوخۆ هاتە سەر خەت ئامادەکردنی هاوڵاتی دوو رۆژە هەرایەکی گەورە لەنێو تورکیا دروستبووە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی کە ئاڵای کوردستان بەسەر قۆڵیانەوەیە. ئەم ڤیدیۆیانە سیاسەتمەداران و بەرپرسانی تورکیای هەراسان کردووە. با پێتان بڵێم چۆن ئەمە روویدا و کاردانەوەکان چین؟ هەر لەدوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ شرناخ لە 29ـی مانگی رابردوو بۆ بەشداریکردن لە چوارەمین سیمپۆزیەمی مەلای جزیری لە زانکۆی شارەکە، کۆمەڵە ڤیدیۆیەکی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی بڵاوبووەیەوە، کە چەکیان پێیە و ئاڵای کوردستان بەسەر قۆڵیانەوەیەوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوخۆی تورکیا ڤیدیۆکان تەقینەوە و رای گشتی تووڕە بوون. یەکەم سیاسەتمەدار قسەی لەسەر کرد دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بوو. باخچەلی هەمان ئەو کەسەیە بە دەستپێشخەری پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ناوبانگی دەرکردووە.  باخچەلی لەسەر ڤیدیۆکان گوتی، شەرمەزارییە بۆ تورکیا رێگەیدا پاسەوانەکانی بارزانی بە چەکەوە هاتوچۆ بکەن. بارەگای بارزانی زوو وەڵامی باخچەلی دایەوە و رایگەیاند، کارەکە پرۆتۆکۆلی بووە و پێشتر لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا رێککەوتووین، کارێکی ئاساییە و پێشتریش کاتێک بەرپرسە باڵاکانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە یەکە سەربازییە تایبەتییەکانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە.  ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیای هێنایە سەر خەت، بەشی کۆتایی راگەیاندراوەکەی بارەگای بارزانی بوو کە دەڵێت: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی بانگەشەی ئەوە دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی خودا باخچەلی هیدایەت داوە و وازی لە  شۆڤێنییەت هێناوە، بەڵام دیارە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە لە پێستی مەڕدا. لەسەر ئەمە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی بەپەلەی دەرکرد و گوتی: بەیاننامەکەی بارەگای بارزانی لەرووی ناوەڕۆک و بەکارهێنانی زمانەوە جێی قبوڵ نییە، تۆمەتی بێ بنەمای تیدایە و بێریزی کراوە، داوامان لە سەرکردایەتی پارتی کردووە روونکردنەوە بدات. تەنانەت عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) قسەی کرد و گوتی: بارەگای بارزانی سووکایەتی بە باخچەلی کردووە و باخچەلی هەڵسەنگاندنی نەرێنی بۆ کەسایەتی بەرێز بارزانی نەكردووە. هەرچەندە بە راستەوخۆ سیاسەتمەداران و بەرپرسانی تورکیا قسەیان لەسەر ئاڵای کوردستان نەکردووە، بەڵام ژووری بازرگانی جزیرە لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان لەبارەی کاردانەوەکانی بەرپرسانی تورکیا دەڵێت: ئامانجی راستەقینەی کاردانەوەکان ئاڵای هەرێمی کوردستانە. ئەگەر پاسەوانەكانی بارزانی ئاڵای هەرێمی کوردستانیان لەسەر شان نەبوایە، کەس ناڕەزایی نەدەبوو. تەنانەت ئەگەر پاسەوانەکانی بارزانی مووشەکیشیان لەسەر شان بووایە کەس هیچی نەدەوت و نارەزایەتییان دەرنەدەبڕی.

 

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیێنێت، ئامادەن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر "بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە." لەبارەی هێرشی هەفتەی پێشووی سەر کۆرمۆریش رایگەیاند، "دەبێت کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێندرێت."  بەپێی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و کۆبوونەوە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و "چەند پرسێکی گرنگی جێی بایەخی هەردوولا" کرا. لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و قوباد تاڵەبانی لەوبارەیەوە گوتوویەتی، "ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە، کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات." سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، وەکو لە راگەیێندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دا هاتووە، "هەردوولا هاوڕابوون ئەم هێرشە تیرۆریستییە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستانە و دەبێت کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێندرێت." جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتووشیەتی، "بەردەوامی و چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان، سەلمێنەری ئەوەیە کە پێویستە ئاستی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بەردەوام و زیاتر بێت."

هاوڵاتی تۆڕی زاگرۆسانە هەڵمەتێکی چاندنی بەڕووی راگەیاند و داوا لە هاووڵاتییان دەکات رۆژی هەینی بەشداربن.  تۆڕەکە بانگەوازێکی کردووە بە دروشمی "هەرەوەزی چاندنی زاگرۆسانە، ژیانەوەی سروشتی نیشتمانە" و دەڵێت، لە ساڵی حەوتەمی زاگرۆسانە یەکەم چالاکی زاگرۆسانەی باشووری کوردستان 2025 لە قۆپییەکان قەرەداخ بەڕێوەدەبات و هەموو کەس دەتوانێت بەشداربێت.  بەگوێرەی بانگەوازەکە، تۆڕەکە هەڵدەسێت بەڕێکخستن و بەڕێوەبردنى هەرەوەزیانەى زاگرۆسانە و دابینکردنى: (بەڕوو، ئامێرى هەڵکەندن، تورەکە، و پێداویستى دیکەى هەڵمەتەکە).  ئەمەش تەواوی زانیارییەکانە بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتەکە: •  لەڕۆژى هەینى2025/12/5   •  کات و شوێنى کۆبوونەوەى بەشداربووانى سلێمانى - پارکى ئازادى – دەرگاى سەرەکى بەرامبەر عەقارى. •  کاتژمێر7:30 ى سەرلە بەیانى کۆدەبینەوە. لە کاتژمێر 8:00 بەڕێدەکەوین. •  هاتووچۆ بەپاس دەبێت - کرێى هاتووچۆ (5,000) دینارە. پێداویستییەکانى بەشداربوو: •  جل و بەرگ و پێڵاوى وەرزشى + بارانگیر(مەتەرى) + کۆڵەپشت + ژەمە خواردنى سوک و ئاوى پێویست، جل و بەرگى زیادە. تکایە دووربن لە بەکارهێنانى کەرەستەى پلاستیکى.  تێبینى:  •  لەڕێگا ناوەستین، پێویستە بەشداربووان نانى بەیانییان خواردبێت و کۆى پێداویستییەکانیان پێ بێت.  •  ناونوسین تا ڕۆژى پێنج شەمەـ کاتژمێر 12:00ى نیوەڕۆ دەبێت.  •  تکایە ئەگەر دڵنیانیت لە بەشداربوونت ئەوا ناو مەنوسە. چونکە بەپێى ژمارەى بەشداربووان پاس دەبین دەکەین. •  داغڵى گروپى وەتس ئەپى هەڵمەتى زاگرۆسانە ببن. بۆ ناونوسین و زانیارى زیاتر پەیوەندى بکەن بەوەتس ئەپى: 07862948179 گروپى بەشداربووانى زاگرۆسانەى باشور2025 https://chat.whatsapp.com/HUzkoRBKqDgGdlVAGs7CYf تۆڕى زاگرۆسانە – باشورى کوردستان

شاندی ئیمراڵی وردەکاریی دیدارە چوار کاتژمێرییەکەی دوێنێیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەکە پێویستی بە "یاسای ڕاگوزەری ئاشتیی سەدە" هەیە. شاندی ئیمراڵی لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرای کرد، دوێنێ بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر سەردانی لیژنە پەرلەمانییەکە کراوە و جەخت کراوەتەوە کە ئەو سەردانە "کاریگەریی ئەرێنی" هەبووە لەسەر ڕەوتی پڕۆسەکە. لە بەشێکی دیدارەکەدا ئۆجەلان باسی لەو لێدوان و کردارانە کردووە کە دژی پڕۆسەی ئاشتین و ڕایگەیاندووە: "لە هەموو پڕۆسەکاندا کاری تێکدەرانە دووبارە دەبنەوە و ئەمانە هاوشێوەی کودەتان." شاندەکە دەڵێت، ئۆجەلان کارە تێکدەرانەکانی پڕۆسەکانی ڕابردووی وەبیر هێناوەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت ڕێگە بە دووبارەبوونەوەیان بدرێت. ئۆجەلان نەخشەڕێگای بۆ قۆناغی ئێستا خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە: پێویستمان بە ئاشتییەکە کە پشت بە بنەمای گشتگیر ببەستێت. توندوتیژیی سیاسی و ڕێکاری دەرەوەی دیموکراسی دەبێت لە ڕۆژەڤی تورکیا بچنە دەرەوە. دەتوانین بەم هەنگاوە بڵێین "یاسای ڕاگوزەری ئاشتیی سەدە". بۆ ئەم مەبەستەش، ڕاگەیێنراوەکەی 27ی شوبات ڕێگەنیشاندەرە. ئۆجەلان پەیامی داوە کە ئەم پڕۆسەیە بریتییە لە "بەشداریکردنی کورد لەڕێگەی یاساییەوە لەناو کۆماری تورکیا" کە پشت بە فراوانترین پێکەوەیی کۆمەڵایەتی دەبەستێت و خواستی پێکەوەژیان نیشان دەدات. دوای داواکارییەکەی دەوڵەت باخچەلی لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، شاندی ئیمراڵی پێکهێنرا و بەمشێوەیە سەردانەکان دەستیان پێکرد: 28ی کانوونی یەکەمی 2024: یەکەمین دیدار لەلایەن سڕی سوورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان ئەنجامدرا (دوای 13 ساڵ دابڕان). بەردەوامی: بەگشتی مانگی جارێک سەردانەکان دەکرێن و پێش ئەم دیدارە، دوایین سەردان لە ٣ی تشرینی یەکەمدا بوو.