بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە ڕەحیم ڕەشید (مستەر کورد) بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد. لەدیدارەکەدا باس لە ڕۆڵ و پێگەی ڕەوەندی کوردستانی و پێویستی تێکۆشانی نەتەوەیی لە دیاسپۆرا کرا، سەرۆك بارزانی ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی بە گرنگ وەسفکرد لەپێناو پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و پشتیوانی و پاڵپشتی خۆشی بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی ڕەوەندی کوردستانی نیشاندا، و ئاماژەی بەوەدا، ئەمە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە بۆ هەموو کوردستانیان. هەر لەو دیدارەدا بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی تیشکی خستە سەر ئەو کار و چاڵاکیانەی کە لەئاستی نێودەوڵەتیدا لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان ئەنجامیانداوە.
ئاسیاسێڵ سیستەمی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتای کۆمپانیای Enea جێگیر دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئەزموونی بەشداربووان و باشترکردنی ئاستی کارایی تۆڕەکەی دەوحە، قەتەر، 26ـی تشرینی دووەمی 2025 سیستەمی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتای کۆمپانیای Enea، ئاستی خێرایی پەیوەندی بەرز دەکاتەوە و ئەزموونی بەشداربووان زیاد دەکات لە ڕێی بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیاوە بۆ ناردنی ناوەڕۆکی ڤیدیۆ بە شێوەیەکی کاراتر، لە هەمانکاتدا شیکاریی ڕاستەوخۆ بە مەبەستی یارمەتیدانی شێوازی پلاندانان بۆ توانای تۆڕ و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان دابین دەکات کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگ لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان لە عێراق، بە سەرکەوتوویی سیستەمی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتای کۆمپانیای Eneaـی جێگیر کرد، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی کواڵێتیی ئەزموونی بەشداربووان (QoE) و باشترکردنی ئەدای ناوەڕۆکی ڤیدیۆیی. لەگەڵ گەشەسەندنی خێرای گواستنەوەی داتای ئامێری پەیوەندییەکان، ئاسیاسێڵ، کۆمپانیای Eneaـی هەڵبژارد بۆ ئەوەی کاراییەکی بەرز پێشکەش بە بەشداربووانی بکات و لە هەمانکاتیشدا توانایی پێشکەوتوو لە پۆلێنکردنی گواستنەوەی داتا و زیادکردنی خێراییدا دابین بکات، ئەمەش وا لە ئاسیاسێڵ دەدات کە گواستنەوەی ناوەڕۆکی ڤیدیۆیی زیاتر بە شێوەیەکی کاراتر بخاتە بەردەست بەشداربووانی. حەسەن الشامی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تەکنەلۆژیی ئاسیاسێڵ ڕایگەیاند: "ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتاکانی تۆڕی کۆمپانیای Enea، بە ڕەگەزێکی سەرەکیی دادەنرێن لە بەرەوپێشبردنی ئاستی دەستڕاگەیشتن بە داتاکان بە شێوەیەکی خێرا و متمانەپێکراو. ئەم کارامەییە بێ هاوتایە لە بوارەکەدا توانایەکی زیاترمان پێدەبەخشێت بۆ پێشکەشکردنی کۆمەڵێک پلانی داتایی داهێنەرانە بە بەشداربووانمان لە تاکە کەس و کۆمپانیاکان، لە هەمانکاتیشدا بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتا ڤیدیۆییەکان بە شێوەیەکی زیرەکانە بۆ باشترکردنی ئەزموونی بەشداربووان." ئۆسڤاڵدۆ ئالداو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تەکنەلۆژیی کۆمپانیای Enea ڕایگەیاند: "بنچینەی چارەسەرەکانی کۆمپانیای Enea سەرنج دەخاتە سەر سێ بنەمای سەرەکی: ئاسایش و بەرەوپێشبردن و بەدەستهێنانی داهات. لە ڕێگای سیستەمی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتای کۆمپانیای Eneaـەوە، ئاسیاسێڵ دەتوانێت ئەزموونێکی دیجیتاڵی ئاست بەرز پێشکەش بە بەشداربووانی بکات و لە هەمانکاتیشدا دڵنیایی دەدات لە دابینکردنی خێرایی زیاتر و ئاسانکردنی شێوازی ناردنی ڤیدیۆ بە بەرزترین کواڵێتی." ئەم سیستەمە ئامرازی بەهێزی بەدواداچوون و شیکاری پەیوەست بە گواستنەوەی داتاکان بۆ ئاسیاسێڵ دابین دەکات، ئەمەش وادەکات کە بتوانێت پلان بۆ توانای تۆڕەکە دابڕێژێت و پاڵپشتی لە گەشەی گواستنەوەی داتاکان لە داهاتوودا بکات. بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن: https://www.enea.com/solutions/traffic-management/ (کۆتایی) دەربارەی Enea: Enea کۆمپانیایەکی جیهانیی تایبەتمەندە لە بواری سۆفتوێری پەیوەندییە پێشکەوتووەکان و ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا. دیدگای کۆمپانیاکە لە بوونی پەیوەندییەکی سەلامەتتر و کاراترەوە لە سەرانسەری جیهاندا سەرچاوە دەگرێت. لە ڕێگای سەرنج خستنە سەر داهێنان و ئاسایشی، چارەسەرەکانی کۆمپانیاکە بۆ پێکەوە بەستنەوەی پەیوەندییەکان و لە هەمانکاتیشدا بەرەوپێشبردنیان و پاراستنیان لەنێوان تاکەکان و کۆمپانیاکان و ئامێری پەیوەندییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەردەستن. کۆمپانیای Enea خزمەتی زیاتر لە 170 دابینکاری خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهاندا دەکات و ڕۆژانە زیاتر لە 3 ملیار کەس پشت بە تەکنەلۆژیاکانی دەبەستن. بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویدە و لە بۆرسەی ناسداکی ستۆکهۆڵمدا ڕیزبەندی کراوە. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن:enea.com پەیوەندی– Enea کلێر مێرفی: [email protected] دەربارەی ئاسیاسێڵ: ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکاری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق و ژمارهى بهشدرابووانی نزیکەی 20 مليۆنە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەمین کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق و یەکەمین کۆمپانیاشە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت. ئاسیاسێڵ خزمەتگوزارییەکانی +4G بە کواڵیتییەکی بەرز لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابیندەکات و تۆڕەکەشى زیاتر 06.99٪ ـى دانيشتوانى عێراق دهگرێتهوه، ئهمهش وا دهكات كه تۆڕهكهى ببێته بەربڵاوترین تۆڕى مۆبايل بە فراوانترین ڕووماڵەوە لە نێو کۆمپانیاکانی تری پەیوەندی لە عێراق. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە باشترین دابینکاری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کواڵیتی لە عێراق دابیندەکات. پەیوەندییەکانی ئاسیاسێڵ، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان: [email protected] بۆ زانیای زیاتر: www.asiacell.com
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، تەواكردنی سەرجەم رێكارەكانی پەیوەست بە تانەكانی سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، دەشڵێت سەرجەمیان نێردراون بۆ دەستەی دادوەری و پاشانیش دەنێردرێت بۆ دادگای فیدراڵی بەمەبەستی پەسەند كردنیان. رۆژی دووشەممە، 1-12-2025عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: ناردنی تەواوی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ دادگای فیدراڵی بۆ پەسەندكردنی، دوای ئەوە دەبێت كە دەستەی دادوەری پێداچوونەوە بە تەواوی تانەكاندا دەكات". وتیشی:كۆمسیۆن تەواوی تانەكانی تەواو كردووە و پێشنیازەكانی خۆی لەبارەیانەوە پێشكەش كردووە، ئێستا كارەكە لای دەستەی دادوەرییە. بەوتەی ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن "دەستەی دادوەری پابەند دەبێت بە ماوەی یاسایی كە 10رۆژە، دوای وەرگرتنی كۆتا تانە لە كۆمسیۆن و تەواوكردنی رێكارەكانی تایبەت بەو تانەیە". "دەستەی دادوەری بەردەوامە لە ئەنجامدانی كارەكانی، كۆمەڵێك لەو تانانەی گەیشتوونەتە كۆمسیۆن و پێشنیازەكانی ئەنجومەنی كۆمسیارانیش سەبارەت بە رەتكردنەوەیان پەسەند كراون". عیماد جەمیل وای وت. رۆژی 30-11-2025 ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، یەكلاكردنەوەی 428 تانەی لە كۆی 853 تانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان راگەیاند. پێنج شەممەی رابردوو كۆمسیۆن دوایین قۆناغی تانەكانی رەوانەی دەستەی دادوەری كرد بۆ بڕیاردان لەسەریان. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە (17ـی تشرینی دووەمی 2025) ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، كە رۆژی سێشەممە (11ـی تشرینی دووەمی 2025) بەرێوەچوو. كۆمسیۆن دواتر سێ رۆژ دەرفەتیدا بە قەوارە و كاندید و لایەنەكان بۆ پێشكەشكردنی تانەكانیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. بەپێی رێكارەكان، كۆمسیۆن دوای وەرگرتنیان راسپاردەی هونەری و یاسایی لەبارەی تانەكانەوە بۆ دەستەی دادوەری بەرزدەكاتەوە بەمەبەستی سەیركردنیان. دواتر دەستەی دادوەری كۆمسیۆن لە ئەنجامی تانەكان یەكلایی دەكاتەوە، پاشان ناوی كاندیدە دەرچووەكان رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكرێن بۆ پەسەندكردنیان.
عەبدولڕەحیم سەماوی، سەرۆکی سەنتەری "تەمل" بۆ توێژینەوە ئاشکرای دەکات، چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریا دیموكرات و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر سەردانی تورکیا بکەن، سەردانەکە کۆبونەوەیەك لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەخۆدەگرێت، کە تەواوکەری رێککەوتنی مانگی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع و بڕگەکانی دەبێت. عەبدولڕەحیم سەماوی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "وڵات تیڤی" رایگەیاند: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی تەمموزی رابردودا رایگەیاند، رێککەوتنێکی هەمەلایەنە لە نێوان کورد و عەرەب و تورکدا دەکرێت و مافی ئەو گەلانە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە گشتی پەسەند دەكرێت و دانیان پێدا بنرێت. سەماوی ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو رێککەوتنەی لەنێوان ئۆجەلان و حکومەتی تورکیا کراوە لەم راگەیاندنەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەنكەرە هەنگاوی ئەرێنی ناوە، لەوانە گۆڕینی گوتاری سیاسی بەرامبەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان. باسی لەوەشكرد: ئامادەکارییەکان لە تورکیا بەردەوامن بۆ ئەوەی بەم نزیکانە یاسایەکی نوێ دەربکەن، زامنی ئازادکردنی ئۆجەلان بكات لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیکردنی حکومەتی تورکیا، جگە لە گەڕانەوەی گەریلاكانی پەکەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و چارەسەركردنی بارودۆخیان. جەختیشكرد: یاسا نوێیەکان مافە کولتوری و نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە تورکیا دەستەبەر دەکات، گرتنەبەری ئەو هەنگاوە بنەڕەتی و مێژووییانەش پێویستی بە کات و دان بەخۆگرتن هەیە، حکومەتی تورکیا بە خێرایی هەنگاو دەنێت بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی.
سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەکان دەڵێن: لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت کە ئەرکی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەیان پێسپێردراوە تێوەگلاون لە بۆردومانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەوەی کێ لەپشت هێرشەکەوە بووە، تەنها گەیشتووەتە ئەوەی بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەكە ئەنجامدراوە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کە قسەیان بۆ رۆژنامەی (العربی الجدید) كردووەو داوایان كردووە ناویان نەهێنرێت، رایانگەیاندووە: راپۆرتی کۆتایی لیژنەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رادەستی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بکرێت، بۆ بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەو ئەو رێوشوێنانەی دواتر دەگیرێنەبەر. سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، لیژنەكە زانیاری ئەوەشی دەستكەوتووە، هێرشەكە لە دووزخورماتوو لەسەر سنوری هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراوە، کە چەند گروپێكی چەکدار تیایدا چالاکن، بەڵام تیمە تەکنیکیەکان نەیانتوانیوە رێڕەوی هەڵدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان یان لایەنی بەرپرسیار لە هەڵدانی دیاری بکەن. لای خۆیەوە یاسر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق راگەیاندووە: حكومەت پێداگرە لەسەر ئەوەی بە زووترین کات راستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات، رەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامە بەراییەکان سەبارەت بە سروشتی هێرشەکە رابگەیەندرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە: دیاركردنی ئەو لایەنەی ئەو كارەی كردووە لەم کاتەدا کارێکی قورسە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.
دوای ماوەیەک لە وەستانی دانوستانەکان، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و پرسی پێکهێنانی حکومەت و یەکڕیزی لە بەغداد تاوتوێ دەکەن. بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری و ئەندامێتیی پشتیوان سادق و عەلی حسێن، دەچنە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و لەلایەن شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی پێشوازییان لێ دەکرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 ، شاندی پارتی "دەستپێشخەرییەکیان" بۆ یەکێتی پێیە بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ماوەیەکە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان پرۆسەکە ڕاگیراوە. تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی سەردانەکە، گفتوگۆکردنە لەسەر دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش و کۆدەنگی لەنێوان لایەنەکان بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق. پارتی دەیەوێت لایەنە کوردییەکان بە یەک دەنگ بچنە بەغداد. ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە شاندی پارتی سەردانی یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەرییان کرد بۆ هەمان مەبەست. جێی وەبیرهێنانەوەیە دواین کۆبوونەوەی باڵای هەردوو حیزب لە 30-09-2025 لەنێوان مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پیرمام بەڕێوەچوو.
لە دوای سەردانەکەی بۆ باکووری کوردستان دەنگۆی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و رێبەر ئۆجەلان لە میدیاکاندا بڵاوبوویەوە. کۆبوونەوە روویداوە؟ بەگوێرەی زانیاری و گەڕانەکانی هاوڵاتی، هیچ کام لە میدیاکانی پارتی دیموکراتی کورستان و پارتی کرێکارانی کوردستان هەواڵیان لەبارەی کۆبوونەوە یان دیداری سەرۆک بارزانی و رێبەر ئۆجەلان بڵاونەکردووەتەوە. بەشێک لە دەنگۆکان، تائێستا بەردەوامن، بەڵام، هیچ راگەیەنەدراوێکی فەرمی نییە لەوبارەیەوە. دوێنی سەرۆک بارزانی، سەردانی باکووری کوردستانی کرد و بەشداریی کرد لە سیمپۆزسمی مەلای جزیری لە شرناخ و دواتر گۆڕی هەریەک لە [ شەڕەفەدین ئەڵچی، مەم و زین، بەسەرکردەوە.
یاریدەدەری وەزیری تەندروستی ئێران دوای بڵاوبوونەوەی تۆمەتی داواکاری بەرتیل دەستی لەکارکێشاوە رادیۆی نێودەڵەتی فەرەنسا/فارسی ئەمڕۆ، دەستلەکارکێشانەوەی جەلیل حوسێنیانی راگەیاند. ناوبراو دوای بڵاوبوونەوەی نامەیەک لەلایەن دایکی نەخۆشێکەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە کە تێیدا نووسیبووی: جەلیل حوسەینی، بۆ نەشتەرگەری کوڕەکەم، داوای پێنج لیرەی زێڕی لێکردووم. دوابەدوای دەستلەکارکێشانەوەی جەلیل حوسێنی، یاریدەدەری وەزیری تەندروستی، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، محەمەد ڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران، فەرمانێکی دەرکردووە و عەلی جەعفەریان، راوێژکاری باڵا و جێگری ئەو وەزارەتەی وەک یاریدەدەری وەزیری تەندرووستی بە وەکالەت دیاری کردووە. ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو بووەوە کە فەرهاد تیمورزادە، بەڕێوەبەری چاپی "تیمورزادە" و گۆڤاری "تەبیب"، وێنەیەکی دەستنووسی دایکێکی لە ئینستاگرامی خۆی بڵاوکردەوە و نووسیبووی: کاتێک بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی منداڵەکەی بۆ دیتنی جەلیل حوسێنی، یاریدەری وەزیری تەندروستی لە شاری تاران رۆیشتووە، داوای پێنج لیرەی ئاڵتوونی لێ کردووە. بە گوتەی دایکی نەخۆشەکە، جەلیل حوسێنی ئەم داوایەی لە نەخۆشخانەی ئێرانمێهر لە تاران کردووە و گوتویەتی: ئەگەر پارەت نەبێت، دەبێت سێ بۆ چوار ساڵ چاوەڕێی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی حکومی تەجریش بکەیت.
فەرماندەی هەپەگە رایگەیاند: بەشێوەیەکی سیمبوڵی چەکەکانمان سووتاند، بۆ ئەوەی پێکدادان روونەدات هێزەکانمان لە باکوری کوردستان کشاندەوە، ئەو ئەرکەمان بەجێهێنا کە لە ئەستۆی پەکەکە بوو، بەڵام تاکوو ئێستا دەوڵەت هەنگاوێکی روونی نەناوە، لەبەرئەوەی لەمەودوا ئێمە هیچ هەنگاوێک نانێین. ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ڕاستی باسی خوشک-برایەتیی کورد و تورک دەکات، پێویستە ئەویش هەنگاو بنێت. بە بۆنەی 47ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، لە قەندیل مەراسیمێک رێکخرا، تیایدا ئامەد مەلازگرد فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باسی لە هەنگاوەکانی پەکەکە کرد لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی دەستیپێکردووە و لە سەر داواکاریی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەیان بەستووە و دواتر چەکەکانیان بە سیمبوڵی سوتاندووە، بەڵام تورکیا هەنگاوی پێویستی نەناوە. مەلازگرد، ئاماژەی بەوەکرد، پەکەکە کۆبووەوە و کۆنگرەی خۆی بەست، کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی خۆی هێنا. ماوەی پێنج ساڵ بەدژواری شەڕ لە هەرێمی زاپ بەڕێوەچوو، دەوڵەت هەموو دەرفەتەکانی خۆی بەکارهێنا تاکوو هێزی گەریلا لەو شوێنە کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام نەیتوانی. ئۆجەلان ووتی بۆ رێگرییکردن لە ئاژاوەگێڕی، پاشەکشە بکەن لەو هێڵانەی کە ئەگەری پێکدادان تێیاندا هەیە، هێزەکانیشمان لەو ناوچەیە کشاندەوە. ووتیان چەکەکانتان رادەست بکەن، ووتمان چەکەکان رادەست ناکەین، بەڵام بۆئەوەی مانادار ببێت بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانمان سووتاند. لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی پێکدادان روونەدات هێزەکانمان لە باکووریش کشاندەوە. فەرماندەی هەپەگە ئەوەی خستەڕوو، ئەو ئەرکەمان بەجێهێنا لە ئەستۆی پەکەکە بوو. بەڵام تاکوو ئێستا دەوڵەت هەنگاوێکی روونی نەناوە. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دەوڵەت دەکەین، چاوەڕێین ئەوانیش هەندێک هەنگاو بنێن. لەبەرئەوەی لەمەودوا ئێمە هیچ هەنگاوێک نانێین. ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ڕاستی باسی خوشک-برایەتیی کورد و تورک دەکات، پێویستە هەنگاو بنێت. بەووتەی مەلازگرد چاوەڕاوانی دوو هەنگاوی کردەیین لە دەوڵەتی تورکیا ئەوانیش: "هەنگاوی یەکەم بریتییە لە ئازادیی ئاپۆ، پێویستە ئەمە لە یاسادا چارەسەر بکرێت. هەنگاوی دووەم، پێویستە کورد لەناو دەستووری بنەڕەتیی تورکیادا جێی بکرێتەوە." فەرماندەی هەپەگە ووتیشی: “تاکوو ئێستا ئاپۆ هەنگاوی ناوە، ئێمە چاومان لەسەر دەوڵەتی تورکیایە، ئەو هەنگاوانەی دەینێت گرنگە.”
دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتی گەندەڵی رووبەڕووی دادگاییکردنی درێژخایەن بوەتەوە نوسینگەی ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران بە رەسمی داوایەکی پێشکش کردوە بۆ ئەوەی لێی خۆشبن. ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسینگەی سەرۆک کۆماری ئیسرائیل بڵاوکردوەەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، بە رەسمی داوای کردوە لێی خۆش بن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵاتەکەیدا. نووسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە ئەمە داواکارییەکی ناوازەیە و کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت و دوای وەرگرتنی هەموو بۆچوونە پەیوەندیدارەکان، سەرۆک بە بەرپرسیارانە و دڵسۆزانە داواکارییەکە لەبەرچاو دەگرێت. ئەو داواکارییەی ئاراستەی سەرۆک کۆماری ئیسرائیل کراوە بۆ لێخۆشبون دوو بەڵگەنامەی لەخۆگرتوە، کە بریتین لە نامەیەک کە واژۆی پارێزەری سەرۆک وەزیران و نامەیەکی دیکەی کەسی، کە واژۆی خودی ناتانیاهۆی لەسەرە. لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، رایگەیاند؛ "کۆتاییهێنان بە دادگاییکردنی دەستبەجێ پاڵپشتی لە ئاشتەوایی نیشتمانی دەکات". لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا، ناتانیاهۆ رایگەیاندوە؛ لە بەرژەوەندی کەسی خۆیدایە، کە رێوشوێنە یاساییەکان تا کۆتایی تەواو بکات بۆ بەدەستهێنانی بێتاوانی، بەڵام "واقیعە سەربازی و نیشتمانییەکان و بەرژەوەندی نیشتمانی بە پێچەوانەوە بڕیار دەدەن"، ئاماژەی بەوەشکردووە؛ دادگاییکردنی بەتۆمەتی گەندەڵیی "دەبێتە هۆی دووبەرەکی لە وڵاتەکەدا". ئەمە لە کاتێکدایە، نەتانیاهۆ لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بە تۆمەتی بەرتیلدان، ساختەکاری و شکاندنی متمانە لە پەیوەندی لەگەڵ سێ دۆسیەی جیاوازدا دادگایی دەکرێت و ناوبراو بەردەوام رەتیدەکاتەوە هیچ کارێکی نادروستی کردبێت و تا ئێستاش دادگایکردنەکەی بەردەوامە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی توندوتیژییەکانی گوندی لاجانی کرد و داوایکرد بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ڕووداوەکە بدۆزرێنەوە و ڕادەستی دادگا بکرێن. دەستەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە 29ـی تشرینی دووەم، دوای گردبوونەوەی ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی لاجان لەبەردەم کۆمپانیای لاناز بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان، "بەداخەوە توندوتیژی و تەقەی لێکەوتەوە و بووە هۆی کوژرانی گەنجێک و برینداربوونی چەند کەسێکی تر." راگەیەندراوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ/ كوردستان؛ لەبارەی رووداوەکەی گوندی (لاجان) لە پارێزگای هەولێر: ڕۆژی شەممە ١٢/٢٩ دوای ئەنجامدانی گردبونەوەی ژمارەیەک خەڵکی گوندی لاجان لەسنوری شاری هەولێر لەبەردەم کۆمپانیای (لاناز) ڕێگەیان گرتبوون بۆ پێشکەشکردنی چەند داواکاریەک بەداخەوە توندوتیژی و تەقەی لێکەوتەوە بوە هۆی کوژرانی گەنجێک و بریندار بونی چەند کەسێکی تر لەخەڵکەکەو پاسەوانانی کۆمپانیاکە، هەروەها توندوتیژی بەرامبەر چەند کەناڵێک و ڕۆژنامەنوسێک بەکارهاتووە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی هەر جۆرە توندوتیژیەک دەکات کە ببێتە هۆی بەکارهێنانی چەک و کوشتنی لێ بکەوێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە بەفەرمانی بەڕێز سەرۆکی دەستە لەنزیکەوە تیمێکی تایبەتی دەستەی مافی مرۆڤ بەسەرۆکایەتی خاتو تاڤگە عمر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ و شاندێکی ناردە شوێنی ڕووداوەکەو لەوێ لەگەڵ چەند کەسێکی مەدەنی گفتوگۆیان کرد لەسەر ڕووداوەکە. دوای گفتوگۆی تیمی دەستە وهەریەک لەپارێزگاری هەولێرو بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بۆمان دەرکەوت کە لێکۆڵینەوە بەردەوامەو بەڵگەکان کۆکراونەتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە وە ئاماژەیان بەوەداوە هەرکەسێک تەقەی کردبێ ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجام دەدرێ. دەستەی مافی مرۆڤ وێڕای پشتگیری کردن لەداواکاری هاوڵاتیان بۆ دابین کردنی ژیان و مافەکانیان لەهەمان کات پشتیوانی لەگردبونەوەکان دەکات بەڕێکاری یاسایی و مەدەنی دوور لەتوندوتیژی و هەمیشە دژی بەکارهێنانی چەک و توندوتیژین وە دڵنیاتان دەکەین کەبەردەوام دەبین لە چاودێری کردنی ئەم کەیسە و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان و پێویستە تەقەکەران و تۆمەتباران بەزوویی بدۆزرێنەوە بدرێنە دادگا. داواکارین خوای گەورە قوربانیەکە بەبەهەشتی خۆی شاد بکاو شیفای بریندارەکان بدات. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم، دانیشتنی دادگاییکردنی ئارام قادر بۆ مانگی 1ـی ساڵی داهاتوو دواخرا، کە بڕیاربوو بۆ یەکەمجار لەدوای نزیکەی شەش مانگ لە دەستگیرکردنی ببرێتە بەردەم دادوەر. بەکر حەمەسدیق پارێزەری ئارام قادر سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانی بە زوومی گوت، هەرچەندە بڕیاربوو، ئەمڕۆ ئارام قادر لە سلێمانی بهێرێتە بەردەم دادوەر و دادگایی بکرێت، بەڵام بە بیانووی نەخۆشی دانیشتنەکە بۆ رۆژی 13ـی یەکی ساڵی داهاتوو دواخرا. گوتیشی، ئاسایشی سلێمانی راپۆرتێکی هێنابوو لەبارەی ئەوەی کە ئارام قادر لە زیندان نەخۆشە و ناتوانێت لە بەردەم دادوەر ئامادەبێت، بۆیە دادوەر بڕیاریدا دانیشتنی دادگاییکردنەکە دوابخات، تا ئەوکاتەی تەندروستی باش دەبێت، چونکە بە نەخۆشی دادگایی ناکرێت. ئەحمەد ئارام قادریش بە زوومی گوت، باوکی دەبوو لە رۆژی 4ـی ئەم مانگە ببرێتە بەردەم دادوەر بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە نەهێنرایە بەردەم دادوەر و دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا کە بڕیاربوو بۆ یەکەمجار لەدوای دەستگیرکردنی، کاتژمێر 1ـی دوانیوەڕۆ بهێنرێتە بەردەم دادوەر و دادگایی بکرێت. لە رۆژی 12ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئارام قادر سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانی دەستگیرکرا و تائێستا لە زیندانە. لەو ماوەیەی دەستگیرکراوە، پارێزەرەکەی و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ چەندینجار داوایانکردووە سەردانی بکەن، بەڵام هێشتا رێگە نەدراوە چاویان پێی بکەوێت. ئارام قادر پێشتر جگە لە هاوپەیمانی نیشتمانی کە سەرۆکی ئەو حزبە بوو تا مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024، لە هەریەکە لە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی باڵای هەبوو. جگە لە دەستگیرکردنی ئارام قادر، هەریەکە لە لاهور شێخ جەنگی و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زیندانن، واتە لەئێستادا سێ سەرۆک حزب لە سلێمانی دەستگیرکراون کە هێشتا لاهور شێخ جەنگی لەدوای زیاتر لە سێ مانگ لە دەستگیرکردنی نەبراوەتە بەردەم دادوەر.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا نمەباران دەستپێدەکات و ئەگەری دروستبوونی هەورە بروسکە هەیە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان ئەمڕۆ لە ئەنجامی هاتنی نزمە پاڵە پەستۆی لاواز بۆ سەر ناوچەکە، کەشوهەوا دەگۆڕێت و ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، هەروەها پێشبینی نمەباران لە سەر هەندێ ناوچەی شاخاویی هەیە بەشێوەی نمە بارانی پچر پچری کەم لە کاتەکانی ئێوارە و شەو . ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ لە ئەنجامی بەردەوامی ئەو نزمە پاڵە پەستۆ لاوازەی کە تا کاتەکانی نیوەڕۆ بەردەوامی دەبێت، پێشبینی دەکرێت سبەینێ ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور بێت، هەروەها پێشبینی باران دەکات لە سەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری پارێزگای سڵێمانی،هاوکات ئەگەری دروست بوونی هەورە بروسکە هەیە، لە دوای نیوەڕۆ کەشەکە ئاسای دەبێتەوە و ئاسمان دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور.
پارێزەری لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی پێشنیاری دانوستان و بەشداریکردنی لە حکومەت بۆ کردوون، ئەگەر ئاراستەی دانوستەکانیان لەگەڵ پارتی باش بێت. بورهان ڕەشید، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەفتەی پێشوو سەردانی کاک لاهورم کرد، دۆخی تەندروستی باش بوو، لەسەر زۆر بابەت قسەمانکرد، یەکێکیان بەشداریکردن بوو لە حکومەت. وتیشی: کاک لاهور پێشنیاری بەشداریکردنی لە حکومەت بۆ کردین، ئەگەر ئاقاری گفتووگۆکانمان لەگەڵ پارتی بەدڵ بوو، ئەگەر گفتووگۆکانیشمان بەدڵ نەبوو ناچینە حکومەتەوە. بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، خاوەنی دوو کورسییە لەکۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان.
وەزیری کارەبا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دۆخی کارەبا ئاسایی ببێتەوە. ئاماژەی بەوەش دا "ئەمجارە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بە ئاسانی تێپەڕ نابێت." ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2025، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای کارەبا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 2000 مێگاوات و پێشبینی دەکەن، تا کاتژمێر 04:00 بۆ 05:00ـی ئێوارە، ئاستەکە بۆ نزیکەی 4000-4500 مێگاوات بەرزببێتەوە و کارەبا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. کەمال محەممەد ساڵح گوتی: "پێش هێرشەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی کۆرمۆر، 530 ملیۆن مەتر سێجا بوو، تا ئێستا گەیشتووەتە 404 ملیۆن پێ سێجا، واتە 76%، چاوەڕێ دەکەین تا چەند کاتژمێرێکی دیکە دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە." کەمال محەممەد ساڵح سوپاسی هەردوو وەزارەتی کارەبا و نەوتی عێراقی کرد و گوتی: "دوێنێ شەممە، 29ـی تشرینی دووەم، یەکەم کاروانی گازی ماڵان لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا و بەسەر شارەکاندا دابەش کرا؛ تیرۆریستان دەیانویست لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کێشە بۆ گازی ماڵانیش دروست بکەن، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا توانیمان شکست بەو پلانە بهێنین." وەزیری کارەبا دووپاتی کردەوە: "لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق و ئەندامێتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکەن و ئەمجارە، هێرشەکە بە ئاسانی تێناپەڕێت و پێویستە، هێرشکاران ئاشکرا بکرێن و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە." ناوبراو، جەختی لە پێویستیی دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دژەدرۆن بۆ كێڵگەی کۆرمۆر کردەوە و ڕایگەیاند: "کۆمپانیای دانە غازیش کە لەو کێڵگەیە کار دەکات، هەمان داواکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی هەیە. ئێمە ئەو بابەتەمان لەگەڵ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان باس کردووە و ئەمجارە حکوومەتی عێراقیش بە جددی هاتوونەتە سەر هێڵ." نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم، هێرش کرایە سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و کارەبا، هێرشەکە بە "درۆن" بووە. هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 80%ـی بەرهەمهێنانی کارەبای گشتیی کوردستان.
