پارێزگاری هەولێر بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە داگیرکردنی زەوی پاڵاوگەکە دەکەن و ڕایگەیاند، ئەو زەوییە بە پارە لە خاوەنەکانیان کڕدراوەتەوە و نە حکوومەت پێیداوە و نە داگیرکراوە. یەکشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی ڕووداوەکانی گوندی لاجان گوتی: ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی لە هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەو بابەتە زۆر قسەی ناڕاستیان کرد، ئەمڕۆ ئێمە ڕاستییەکان دەخەینە ڕوو. گوتیشی: یەکەم بابەت کە زۆر زەق کراوە و بە جۆرێک قسەی دەربارەوە کرا کە گوایە ئەو زەوییەی پاڵاوگەی "لاناز"ـی لەسەر دروستبووە، ئەو زەوییە داگیرکراوە. ئەو بابەتە هیچ بنەمایەکی نییە، دوورە لە ڕاستییەوە. ئەو پاڵاوگەیە کاتێک لەو شوێنە پاڵاوگەکەی دروستکردووە، زەوییەکەی کڕیوەتەوە، نە حکوومەت پێیداوە، نە زەوی خەڵکی داگیرکردووە. ئومید خۆشناو باسی لەوەشکرد، نزیکەی 70 کەسی گوندەکە لەو پالاگەیە دامەزراون، داواکاری دیکەش هەبووە خەڵکی دیکە دابمەزرێت، بەڵام کۆمپانیاکە بە ڕوونی و بە ڕاشکاوی بەو خەڵکەیان گوتووە ئەوەی بەشی ئێوە بووە بە زیادەوە بۆتان کراوە، لەوە زیاتر ناتوانین بیکەین. واتە وەکو هەندێک کەناڵی میدیایی و هەندێک کەس باسی لێوە دەکەن بەڵێن بە خەڵک دراوە، بە هیچ جۆرێک بەڵێن بە خەڵک نەدراوە. ڕاشیگەیاند، 67 بارهەڵگری ئەو گوندە دەرفەتی کاریان بۆ ڕەخساوە بەپێی ئەو میکانیزمەی کە دیاری کراوە و ئەنجوومەنیان هەبووە و ڕۆژانە لەوێ کاریان کردووە، هەروەها لە کارگەی شیشی سنوورەکە 300 کارمەندی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە کار دەکەن. 73 کەسیش خەڵکی "لاجان" لە "لاناز" دامەزراون و کار دەکەن. ئومێد خۆشناو، جەختیشی کردەوە، پێش ئەوەی پاڵاوگەی لاناز لەو سنوورە دروست بکرێت، ئەو گوندە ژمارەی خێزانەکانی نەدەگەیشتە 100 کەس، ئێستا 425 خێزانە. واتە بوونی پاڵاوگەکە لەوێ، زەمینەی کارکردنی ڕەخساندووە، بەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی خەڵکی دیکەش بگەڕێتەوە ئەو گوندە. سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی ڕووداوەکە، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بەداخەوە شۆفێرێکی خەڵکی کەرکووک و پاسەوانێکی شوێنەکە گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسی دیکە بریندار بوون. ئومێد خۆشناو پەنجەی تۆمەتی بۆ لایەنێکی سیاسی درێژ کرد و ڕایگەیاند، ئەو کەسەی لە دانپێدانانەکاندا دەرکەوتووە کە هاندەر بووە، "بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتییە"، داواشی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد هەڵوێستی خۆیان ڕوون بکەنەوە کە ئایا ئەمە سیاسەتی ئەوانە یاخود نا. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئومێد خۆشناو ئەو خزمەتگوزارییانەی خستەڕوو کە کۆمپانیای لاناز پێشکەشی گوندەکەی کردووە، لەوانە، دروستکردنی بنکەی تەندروستی و قوتابخانە و نۆژەنکردنەوەیان. هەروەها مانگانە بڕی 14 هەزار دۆلار وەک هاوکاری دراوە بە سندوقی گوندەکە، ئاو و کارەبایان بۆ دابینکراوە و سێ هۆڵی بۆنەکانیشی بۆ دروستکردوون، خەرجی چارەسەری نەخۆشیشی لە دەرەوەی وڵات وەکوو (هیندستان و تورکیا) بۆ دابینکردوون. ئاماژەی بەوەشدا، خۆپیشاندان بە "ئارپیچی" ناکرێت و ئەوەی ڕوویدا ئاژاوەگێڕی بوو، ڕاشیگەیاند، تا ئێستا 16 کڵاشینکۆف و ئارپیچییەک ڕادەستی پۆلیس کراون و لیژنەیەک بۆ تۆمارکردنی چەکەکانی ئەو گوندە پێکهێنراوە. لە کۆتاییدا ئومێد خۆشناو، دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە دۆخەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە و یاسا سەروەر دەبێت بەسەر ئەوانەی دەستیان لە ئاژاوەکەدا هەبووە، هەروەها ڕەخنەی توندی لەو میدیایانە گرت کە بە گوتەی ئەو "بە چەواشەکاری بوونە هۆی ترساندنی ئافرەت و منداڵ و چۆڵکردنی گوندەکە."
کەشی پێشبینیکراوی 48 کاتژمێری داهاتوو ئەمڕۆ یەک شەممە 7-12-2025 کەش / کەشی ناوچەکەمان بەگشتی هەور و باران بارین و زیادبوونی خێرای با و نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێت, لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا شەپۆلێکی باران بارین ڕووی لە ناوچەکەمان کردووە و باران لە سەرجەم ناوچەکەمان دەبارێت , سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت , لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆ درێژ دەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێم , ئاستی دابارین بەشێوەی بارانی پچڕ پچڕ و مامناوەند دەبێت . خێرای با / مام ناوەند – بۆ خێرا ( 15 – 25 ) کم/ک. ئاراستەی با / لە گۆڕاندایە . پلەکانی گەرما / کەمێک نزم دەبێتەوە بە (1 – 2) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، وەک لەسەر نەخشەی خوارەوە ئاماژەی پێدراوە. مەودای بینین / لەنێوان ( 7 – 8 ) کم دەبێت سبەی دووشەممە 8-12-2025 کەش/ لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری شەپۆلی باران بارین و نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور و قووڵ بوونەوەی نا جێگیری لە کەشی ناوچەکەمان, شێوازی باران بارین لە پچڕ پچڕەوە دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەندی بەردەوام و لە هەندێ کات و ناوچە بۆ لێزمە باران لەگەڵ زیادبوونی خێرای با لە هەندی کات . خێرای با / مام ناوەند – بۆ خێرا ( 15 – 30 ) کم/ک ئاراستەی با / لە گۆڕاندا دەبێت . پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە ( 4-6 ) پلە و لە ناوچە شاخاوییەکان بە (6-8) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەودای بینین / ( 6 – 8 ) کم دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 17 پلەی سیلیزی سلێمانی : 16 پلەی سیلیزی دهۆک : 15 پلەی سیلیزی زاخۆ : 16 پلەی سیلیزی کەرکوک : 18 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 17 پلەی سیلیزی سۆران: 13 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 15 پلەی سیلیزی ئامێدی: 10 پلەی سیلیزی گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی
پێگەی فەرمیی بازاڕی دراوی ئێران، بڵاوی کردەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەهای تومەن نزمترین ئاستی تۆمار کرد. یەکشەممە، 7ـی کانوونی یەکەم 2025، بەهای تومەن بەرانبەر بە زێڕ و دراوە جیهانییەکان نزمترین ئاستی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کردووە. ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی تاراندا، 100 دۆلاری ئەمەریکی بە 12 ملیۆن و 231 هەزار و 80 تومەن مامەڵەی پێوە کراوە. بەهای 100 یۆرۆ، 14 ملیۆن و 420 هەزار تومەنی تێپەڕاند. هەزار دیناری عێراقی بەرانبەر 94 هەزار تومەن فرۆشراوە. هەروا یەک ئەفغانی ئەفغانستان بە هەزار و 886 تومەن فرۆشراوە. پێگەکە، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی 18 عەیاری بە 54 ملیۆن تومەن، ڕاگەیاندووە. دابەزینی بەهای تومەن و بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخەکان، لە کاتێکدایە کۆمیسیۆنی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، هێلی هەژاریی لە تاران بە 30 ملیۆن تومەن دیاری کردووە و ڕایگەیاندووە، نزیکەی 30 ملیۆن کەس لە ئێراندا لەژێر هێڵی هەژاریدان. پەرلەمانی ئێران 5ـی مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، دەنگی لەسەر پرۆژە یاسایەک دا بۆ لابردنی چوار سفر لە دراوی وڵاتەکە، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانتاران تاوتوێی تێبینییەکانی ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستووریان لەسەر پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای دراو و بانکی ناوەندیی کرد. لە تێپەراندن و پەسەندکردنی یاسای لادانی سفرەکانی سەر تومەن، لە کۆی 262 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 144 ئەندام بە بەڵێ دەنگیان دا و 108 پەرلەمانتاریش بە نەخێر، تەنیا سێ ئەندام بێلایەن بوون. جگە لەوەش بەپێی هەموارکردنی نوێ دراوی فەرمی وڵات لە بری ڕیال دەبێتە تومەن، کە هەر تومەنێک یەکسان دەبێت بە 10 هەزار ڕیاڵی ئێستا.
وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی لێدوانەکانی پەرلەمانتارێک دەداتەوە و رەتیدەکاتەوە خەرجیی مانگانەی مووچە 8.5 ترلیۆن دینار بێت. جەختیش دەکاتەوە کە ئەو "دوو ترلیۆن"ـەی باس دەکرێت کورتهێنان نییە، بەڵکو پارەی تەرخانکراوە بۆ مانگی داهاتوو. ئەمڕۆ شەممە 6-12-2025، وەزارەتی دارایی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "بەدواداچوونیان بۆ قسەکانی پەرلەمانتارێک کردووە کە لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنییەوە ژمارەی نادروستی لەبارەی داهات و خەرجیی مووچە خستووەتەڕوو." وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە دەڵێن خەرجیی مانگانەی مووچە 8.5 ترلیۆن دینارە بەرامبەر داهاتی 6 ترلیۆن دینار." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "بەپێی داتا فەرمییەکان، کۆی گشتیی خەرجیی مووچە (فەرمانبەران، خانەنشینان و تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی) مانگانە دەگاتە 6 ترلیۆن دینار، ئەمەش یەکسانە بە تێکڕای داهاتی بەدەستهاتوو." لەبارەی ئەو دوو ترلیۆن دینارەی پەرلەمانتارەکە بە "کورتهێنان" ناوی بردووە وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، "ئەو لێکدانەوەیە لەڕووی ژمێریارییەوە هەڵەیە، ئەو پارەیە لە راستیدا داهاتی نەوتی بەدەستهاتووە و تەرخانکراوە بۆ مووچەی مانگی داهاتوو، کە بەشێکە لە سووڕی سرووشتیی سیولەی نەختینە بۆ بەهێزکردنی باڵانسی وەزارەت، نەک کورتهێنانی دارایی." سەبارەت بە گۆڕینی وادەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە رۆژی 17ـی مانگەوە بۆ رۆژی 2ـی مانگ، وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، "هۆکارەکەی پەیوەستە بە رێکارەکانی گۆڕینەوەی داهاتی نەوت لە دۆلارەوە بۆ دینار و تەواوکردنی رێکارە بانکییەکان، بەتایبەت کاتێک سەرەتای مانگ دەکەوێتە رۆژانی هەینی و شەممە." وەزارەتی دارایی دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران، "تەواوی شایستە داراییەکان بە تەواوی مسۆگەر کراون." بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، جیاوازی 9 مانگی 2024 و 2025 بۆ داهات و خەرجییەکانی عێراق دەری دەخات، ئەم ساڵ کۆی داهاتی عێراق 9 تریلیۆن دینار و کۆی خەرجییەکانی 5 تریلیۆن دینار زیاتر بووە، بە جۆرێک بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی، لە 9 مانگی 2025دا کۆی خەرجییەکان 99.976 تریلیۆن دینار بوون، بەڵام لەهەمان ماوەی 2024دا 94 تریلیۆن دینار بوون. لەماوەی ئەو 9 مانگەدا لەنێو خەرجییەکانی بەکارخستندا تەنیا ئەوەی وەک مووچە دابەشکراوە گەیشتووەتە 75.3 تریلیۆن دینار، بەشێوەیەک کۆی خەرجییەکان بۆ فەرمانبەران 45.563 تریلیۆن دینار، کۆی هاوکاری و پاداشت و خەرجی دیکە 8.9 تریلیۆن دینار و کۆی مووچەخورانی چاودێری کۆمەڵایەتی 20.9 تریلیۆن دینار بووە. لەرووی داهاتەوە لە 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا کۆی داهات 168. 91 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 9 مانگی ساڵی رابردوودا کۆی داهات 114 تریلیۆن دینار بووە. لەکۆی خەرجکراوی عێراق لەو 9 مانگەدا هەرێمی کوردستان بە رێژەی 8.3٪ بووە، لەکاتێکدا دوایین سەرژمێری رێژەی دانیشتوانەکەی 14.2٪ کۆی عێراق پێکدەهینێت. لەماوەی 9 مانگەکەدا هیچ دینارێکی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان لەرووی وەبەرهێنانەوە خەرجنەکراوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە دانێل کرێبەر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و پێکەوە تاوتوێی رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراقیان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، باس لە رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بابەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و هەموو ناوچەکانی کوردستان بکات. سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی عیراقیش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا عیراق پێویستی بە حکومەتێکی بەهێز و کارا هەیە کە بتوانێت لەلایەکەوە سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاوی بنەڕەتی بنێت بۆ گەشەپێدانی ئابوریی عیراق. جێگری سەرۆک وەزیران روونیشی کردەوە، دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوانیان بێت.
کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەولێر و بەغدا خەریکی چین؟ عێراق گەرەترین هەڵەی ئەمریکا بوو کە نابێت دووبارەی بکاتەوە ئامادەکردنی: هاوڵاتی ئەمانە هەمووی قسەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا بوون، کە لە چاوپێکەوتنێکدا ئەوەی لەژێر بەڕە بوو خستییە سەر بەڕە. تۆم باراک بە چاوپێکەوتنێکی 13 خولەکی لەگەڵ میدیای زە ناشناڵی ئیماراتی نهێنی زۆری لەبارەی سیاسیەتی ئێران و ئەمریکا لە عێراق دەرکاند و باسی هەژموونی گەورەی تارانی بەسەر بەغداوە کرد، سەرەڕای ئەو هەموو بودجەیەی واشنتن بۆ حێراقی تەرخانکردووە. تۆم باراک بەهۆی ئەوەی خۆی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەراستە، بۆیە چۆنیەتی رووداوەکان دەزانێت و بەوەش ناسراوە کە زۆر راشکاوە و لەبەر دڵی کەس قسە ناخواتەوە. نێردەی تایبەتی ترەمپ دانی بەوەدا نا، سیاسیەتی ئەمریکا لە عێراق نمونەیەکی گەورەیە کە نابێت هەرگیز دووبارە بکرێتەوە و گوتی: دوای تەرخانکردنی سێ ترلیۆن دۆلار و کوژرانی هەزارەها کەس، ئەمریکا بەدەستبەتاڵی لێی دەرچوو، ئێرانیش هەموو هەژموونی خۆی لە عێراقدا جێگیرکردووە. تۆم باراک زۆر راشکاوانە گوتی، کاتێک ئەمریکا هات، کورد و شیعە و سوونەی رێکخست و پیشتریش رێی بە دروستبوونی هەرێمی کوردستاندا، لێرەدا واشنتن بۆ ماوەیەک عێراقی فیدڕاڵی بۆ رێکخستن، بەڵام دواتر گوتی، خۆتان مامەڵە لەگەڵ خۆتان بکەن چونکە ئەمە بۆ ئەمریکا ئاسانتر بوو، ئیتر لەنێو خۆیاندا بوو بە شەڕ و ململانێ و بۆشاییەکی ئەمنی دروستبوو، ئێرانیش ئەمەی قۆستەوە و بۆشاییەکەی پڕکردەوە. ئەو دەڵێت، لە عێراق تەنها میلیشیاکانی ئێران دەسەڵاتییان هەیە و سەرۆکوەزیران هیچ دەسەڵاتێکی نییە، باسی لە کونسوڵخانە نوێیەکەی ئەمریکا لە هەولێریش کرد کە 800 ملیۆن دۆلاری تێچووە، بەڵام بە قسەی خۆی لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد "سوودێکی وایان بۆ ئەمریکا نییە" بەهۆی هەژمووی ئێرانەوە. ---- باراک پێیوایە ئێران بە ئاسانی دەستبەرداری عێراق نابێت، چونکە حەماس و حزبوڵا و تەنانەت بەشار ئەسەدی لەدەستدا، بەڵام عێراق تاکە شوێنە تاران ئێستا پێگەیەکی گەورەی خۆی تێدا جێگیرکردووە و وەک ناوچەکانی دیکە نایدات بەدەستەوە.
ئەنجوومەنی راگەیاندنی کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە باس لە تێوەگلانیان دەکەن لە رووداوەکانی ئەم دواییەی قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر و رایدەگەیێنێت: "ئەو تۆمەتانە بێ بنەمان و بەشێکن لە هەڵمەتێکی رێکخراو دژی ئێمە." ئەمڕۆ شەممە 6-12-2025، کەتائیبی سەیدولشوهەدا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بەشێک لە پلاتفۆرمەکان گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا کەتائیبی سەیدولشوهەدا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لە پشت ئەو رووداوە ناخۆشانەوە بووە کە لە قەزای خەباتی سەر بە هەولێر روویانداوە و ژمارەیەک قوربانی لێکەوتووەتەوە." کەتایبی سەیدولشوهەدا لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و هاوسۆزیمان بۆ کەسوکاری قوربانییانی هەردوولا، چونکە خوێنی عێراقی لای ئێمە هەمووی پیرۆزە، بەڵام ئێمە ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە رەتدەکەینەوە." کەتائیبی سەیدولشوهەدا هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکات و دەڵێت: "ئەمانە بەشێکن لە زنجیرەیەک تۆمەتی هەڵبەستراو و بە نیازی جووڵاندنی سکاڵای سزایین دژی ئەوانەی ئەو تۆمەتانە بڵاودەکەنەوە." داوا لە لایەنەکان دەکات، "هەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنی خەڵک چڕبکەنەوە و لەبری گەڕان بەدوای پاساوی بێهێز بۆ داپۆشینی کەمتەرخەمییەکانیان، گرنگی بە دابینکردنی مافە سەرەتاییەکان بدەن." نیوەڕۆی رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەشێک لە دانیشتووانی گوندی لاجان گوندەکەیان چۆڵکرد. کێشەکانی گوندی لاجان دوای ئەوە سەریان هەڵدا کە بەشێکی دانیشتووانی گوندەکە "بۆ هەلی کار" خۆپیشاندانیان کرد و دواتر سێ رۆژ ئاڵۆزیی کەوتەوە. شەوی دووشەممە، 1-12-2025، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو: "کۆمەڵێک کەسی هاندراو هەوڵی کردەوەی ئاژاوەگێڕی، تەقە و سووتاندنی شوێنە گشتی و فەرمییەکانیان لە قەزای خەبات دا، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هێمنانە کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کرد."
حکومەتی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ مووچەی مانگی 10 جێبەجێ کردووە، لیست و میزان موراجەعە و داهاتی ناوخۆ ئامادەیە، کۆتایی ئەم مانگە پارە دەنێردرێت و دابەش دەکرێت. دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی نۆ، حکومەتی کوردستان لە جێبەجێ کردنی پابەندییەکان بەردەوامە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 10، بۆ دوو مانگەکەی دیکەش لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەن بۆ خەرجکردنیان لە ساڵی داهاتوو. بۆ مووچەی مانگەکانی 11 و 12، حکومەتی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە، بەڵام دەکەونە ساڵی داهاتوو، بۆ نەفەوتانیان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکەن. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان بە ئاڤای وت، دەستمان بە ئامادەکردنی لیستی مووچە و میزان موراجەعەی مانگی 11 کردووە و چەند ڕۆژێکی تر تەواو دەبن و بۆ بەغدای دەنێرین، بەهەمانشێوە دەستیش بە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ کراوە. بۆ مانگی دوانزەش بە هەمانشێوە هەموو شتێک ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی بەغدا هیچ بیانوویەکی نەمێنێت، ئیتر کات و شێوازی ناردنی پارە دەکەوێتە سەر ئەنجامی گفتوگۆکان.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، هەرچەندە دیمەشق و هەسەدە دەتوانن ڕێککەوتن لەنێوان خۆیاندا بکەن، بەڵام مەرجی تورکیا ئەوەیە دەبێت ئەو یەکە و هێزانەی ناو هەسەدە کە دژی تورکیا جەنگاون و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، هەڵبوەشێنرێنەوە. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانەی بەشدارییکردنی لە "کۆڕبەندی دەوحە"، تیشکی خستە سەر پرسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا و ئاماژەی بەوە کرد، لەم پرسەدا دوو بابەتی سەرەکی هەن؛ یەکەمیان پەیوەستە بە گەرەنتییە ئەمنییەکانی سووریا خۆی، دووەمیشیان پەیوەستە بەوەی تورکیا چی دەوێت بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر وڵاتەکەی. فیدان ڕوونی کردەوە، ئەنقەرە زۆر بە ڕوونی بە هەسەدەی ڕاگەیاندووە چییان دەوێت، هەروەها دیمەشقیش لە ساڵی ڕابردووەوە هەمان کاری کردووە. وەزیری دەرەوەی تورکیا دەشڵێت: ئێمە دەزانین هەسەدە بەشێک بووە لە پەکەکە و چەند پێکهاتە و لایەنێکیش لەناو هەسەدە دژی تورکیا جەنگاون. هاکان فیدان جەختی کردەوە کە بۆ ئەوان چەند خاڵێک گرنگە و گوتی: هەموو ئەو هێز و یەکانەی دژی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی تورکیان، دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە. هەر ئەمڕۆ ،ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە کۆنفرانسێکی ئاشتی لە ئیستەنبوڵ کرد و ڕایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر کوردانی سووریا هەیە و ئەوانیش خوازیاری دەستپێکردنی گفتوگۆن لەگەڵ ئەنقەرە. چوارشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە میانی بەشدارییکردن لە شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس25)، گوتارێکی پێشکەش کرد و لە بەشێکی گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا و بە پێویستی زانی کە ئەو وڵاتە هەسەدە "وەکوو مەترسی نەبینێت" و جەختی لەوە کردەوە، ئەوان "نابنە مەترسی بۆ سەر تورکیا."
ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا لە دیبەیتێكدا لە چوارچێوەی كارەكانی گۆڕبەندی دەوحە 2025: ـ سوریا لەماوەی 60 ساڵی رابردوودا بە قۆناغی مەترسیداردا تێپەڕیوە، لە دابڕانێكی گەورەو ئابڵوقەیەكی خنكێنەری ئابوریدا دەژیا. سیاستەكانی رژێمی لەناوچوو وایكرد زۆرێك لە لایەنە نێودەوڵەتییەكان لە سوریا بكشێنەوە، لەدوای ئازادییەوە سوریا زۆرێك لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی گەڕاندەوە. ـ دنیا بەڕووی سوریادا كراوەتەوە بۆ ئەوەی سود لە هەڵكەوتە گرنگەكەی و كاریگەرییە ناوچەییەكەی ببینێت، لەپێناو سەقامگیریی ناوچەییدا. ـ ئیسرائیل كار بۆ هەناردەكردنی قەیران بۆ وڵاتانی ترو هەڵاتن لەو رەشەكوژییانە دەكات كە لە غەززە دەیكات، بە مەترسی ئەمنیی بەهانە بۆ هەموو شتێك دەهێنێتەوە، لەكاتێكدا سوریا لەدوای ئازادییەوە پەیامی ئەرێنیی ناردووە لەپێناو سەقامگیریی ناوچەییدا. ـ ئیسرائیل بە توندوتیژیی زۆر وەڵامی سوریای دایەوەو زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانی و 400 هێرشی زەمینی كردووە، دواین دەستدرێژیش ئەو رەشەكوژییە بوو كە لە شارۆچكەی (بێت جن) لە ریفی دیمەشق ئەنجامیداو دەیان قوربانی لێكەوتەوە. ـ لەگەڵ وڵاتانی كاریگەر لەسەر ئاستی جیهان كاردەكەین بۆ فشاركردن لە ئیسرائیل بەمەبەستی كشانەوەی لەو ناوچانەی كە لەدوای 8ی كانونی یەكەمی 2024وە داگیریكردوون، هەموو وڵاتانیش پشتیوانی ئەم داواكارییەی ئێمە دەكەن. ـ سوریا سورە لەسەر پابەندبوونی ئیسرائیل بە رێككەوتنی راگرتنی شەڕ لە 1974، داواكاری دروستكردنی ناوچەی لەچەكداماڵراو پرسیاری زۆری لەسەرە، كێ ئەم ناوچەیە دەپارێزێت ئەگەر سوپای سوریا بوونی نەبێت (مەبەستی لە داواكاری ئیسرائیلە بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی لەمجۆرە لەناو سوریادا). ـ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل هەیەو ویلایەتە یەكگرتووەكانیش بەشدارە لەگەڵمان، هەموو وڵاتان پشتیوانی داواكاری ئێمە دەكەن بۆ كشانەوەی ئیسرائیل بۆ بەر بلە 8ی كانونی یەكەم. ـ هەر رێككەوتنێك دەبێت زامنی بەرژەوەندییەكانی سوریا بكات، چونكە سوریا روبەڕووی هێرشی ئیسرائیل دەبێتەوە، كێ دەبێت داوای ناوچەی دابڕاو و كشانەوە بكات؟ ـ خەڵك لە سوریا هەست بە ترس ناكەن، ئەم رۆژانە ملیۆنان كەس دەرژێنە سەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی خۆشی خۆیان بە كەوتنی رژێمی لەناوچوو، سوریا ئەمڕۆ لە باشترین دۆخی خۆیدا دەژی. ـ رژێمی لەناوچوو ململانێی زۆری بۆ بەجێهێشتووین، تائیفەی دژی تائیفەیەكی تر بەكاردەهێنا، بەڵام ئێمە لەدوای شەڕی (رێگری لە دەستدرێژیی) لێبوردنمان كرد بە كاری لەپێشینە لەپێناو ئایندەیەكی ئارام بۆ گەلی سوریا. ـ لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی میللییەوە سوریا لە سیستەمێكی حوكمڕانییەوە گواستراوەتەوە بۆ سیستەمێكی تر كە لە ئەو ناچێت، سەرباری ئەو كێشانەی روویانداوە سوریا لەسەر ئاڕاستەیەكی ئەرێنی بەرەو سەقامگیریی و گەشەی ئابوری دەڕوات. ـ بوژانەوەی ئابوری بەشێوەیەكی گەورە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدیهاتنی سەقامگیریی، بۆیە بەردەوامین لە كاركردن بۆ قایلكردنی ئەمریكا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای (قەیسەر) كە لە بنەڕەتەوە بەمەبەستی لێپێچینەوە لەرژێمی لەناوچوو دانراوە بەهۆی ئەو تاوانانەی كە بەرامبەر بە گەلی سوریا كردویەتی. ـ ئیدارەی سەرۆك ترەمپ پشتیوانی ئاڕاستەی هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا دەكات، زۆرینەی وڵاتانی جیهانیش لەسەر ئەم ئاڕاستەیە دەڕۆن، نابێت چارەنوسی گەلی سوریا بە ئیرادەی ئەو كەسانەوە ببەسرێتەوە كە نایانەوێت سزاكان هەڵگیرێت. ـ سوریا بووە كە بەدرێژایی مێژووی خۆی مانای پێكەوەژیانی ناساندووەو وانەی ئاشتی كۆمەڵایەتی وتوەتەوە، هەموو پێكهاتەكانی گەلی سوریاش بەشدارییان لە شۆڕشدا كردووە. ـ كاردەكەین بۆ دادگایكردنی ئەوانەی تاوانەكانی ساحل و سوەیدایان ئەنجامداوە، لیژنەمان دروستكردووەو پێشوازیمان لە لیژنە نێودەوڵەتییەكانیش كردووە. ـ ئەوەی ئەم ململانێیانەی دەستپێكرد، پاشماوەكانی رژێمی پێشوو بوون و دواتر پەرەی سەند بۆ ئەوەی كە روویدا، بەڵام سوریا دەوڵەتی یاسایەو مافی هەمووان دەپارێزێت. ـ هەمووان ئەمڕۆ لەسەر بنەمای لێهاتوویی نەك پشك پشكێنە نوێنەرایەتی دەكرێن لەناو حكومەتدا، لەمەشدا سوریا رێگایەكی نوێ دەگرێتەبەر كە خەڵكی تر لێوەی فێردەبن كە چۆن دوای قەیران و جەنگەكان كاروبارەكان بەڕێوەدەبرێن. ـ سوریا وڵاتێكی پێشكەوتووەو لەسەر بنەمای هەڵبژاردن راوەستاوە، سەرباری ئەوەی ئامادە نەبووین بۆی، بەڵام هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلمان بەجۆرێك ئەنجامدا كە لەگەڵ قۆناغی راگوزەردا بگونجێت، بنەمای هەڵبژاردنی گەل بۆ ئەو كەسانەی كە حوكمی دەكەن كرا بە بنەمای سەرەكی. ـ بنیادنانی سوریا نابەستینەوە بە كەسەكانەوە، بەڵكو بە دامەزراوەكانەوە بەستراوەو ئەمە گەورەترین ئاڵنگاریی قۆناغی راگوزەرە كە پێیدا تێدەپەڕین.
دەوڵەت باخچەلى،سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، ئەگەر بە دانایى قسە نەکەین دەکەوینەوە هەڵەوە. سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) گوتی " ئێمە بەکارهێنانى عەقڵمان کردووەتە بنەما و نابێت وەڵامى قسەى بە تاڵ بدەینەوە". لە بەشێکی دیکەی وتەکانی باخچەلى ڕایگەیاند، ڕێژەى تاوان لە تورکیا زیادیکردووە، ئەوان لە ئایندەى منداڵان دەڕوانن و بەرەو ئایندەیەکى گەش هەنگاو دەنێن. سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) گوتیشی " بە عەقڵ و دادپەروەرى دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین، بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر دەبێت نەک بە توندوتیژیى. دەربارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا باخچەلی جەختیکردەوە، پرۆسەى "تورکیاى بێتیرۆر" برایەتیمان بەهێز دەکات و قۆناغ بە قۆناغ بەرەو ئامانجەکە دەڕۆن. دەوڵەت باخچەلی لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی " گوێ بە قسە توندوتیژەکان نادەین ،وەڵامى کەس نادەینەوە و پرۆسەى ئاشتى تێکنادەین، پشت دەکەینە ئەو قسانەى بەتاڵن و هەموو برا کوردەکانمان لە ئامێز دەگرین".
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، مەسعود بارزانی- سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستپێشخەرییەک بخاتەڕوو بۆ کۆبوونەوەی حزب و لایەنە کوردییەکان. بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ئامانجی بارزانی لە دەستپێشخەرییەکە، هەم بۆ کۆکردنەوەی حزب و لایەنەکانە، هەمیش بۆ یەکخستنی بۆچوونی لایەنە کوردییەکان و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە شیعەکانی عێراق بە یەک تیم. سەرچاوەیەکی باڵای پارتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەگەر دەستپێشخەرییەکەی بارزانی سەربگرێت، پێدەچێت دواتر هەوڵی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لوتکەی حزبەکان بدرێت. سەرچاوەکە دەڵێت: دەستپێشخەرییەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و ئەگەر بزانرێت سەردەگرێت، ڕەنگە ڕۆژانی سێشەممە یان چوارشەممە بخرێتەڕوو، ئەگەر بشزانرێت بەدەنگەوەهاتن بۆ دەستپێشخەرییەکە نابێت، ئەوا ڕەنگە دوابخرێت. بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، بارزانی داوای لەلایەنە شیعەکان کردووە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێکی کوردیدا ئەنجام نەدەن کە بیەوێت بەتەنها دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئەنجام بدات.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە میانی بەشداریكردنی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد کە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت: گرنگترین وتەکانى ئیلهام ئەحمەد.. ـ دەخوازین گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بكەین لەسەر پرسەکانی ئاشتی و دیموکراسی و سەقامگیری. ـ ئاشتی لە سوریا بە واتای ئاشتی دێت لە تورکیا. ـ بەستنی ئەم کۆنفرانسە ئەرکێکی جوامێرانەیە. ـ دەمانەوێت سوریایەکی ئازاد بونیاد بنێین. ـ پێویستمان بە دیالۆگ هەیە و لەگەڵ شەڕدا نین ـ ئیدارەی خۆسەر ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە بەدیهێنانی ئاشتی لە سوریا ـ سوریایەکی ئازاد بەبێ کورد مەحاڵە. ـ حکومەتی تورکیا توانای پشتیوانیكردنی ئاشتی هەیە. ـ ئەگەر رێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت، ئەم پرۆسەیە بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت ـ ڕێبەر ئۆجالان ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پرۆسەی ئاشتیدا و سڵاوی بۆ دەنێرم ـ ئاستتەنگی گەورە هەیە لە بنیاتنانەوەی سوریای نوێ ـ دەرفەت هەیە لە سوریادا هەموو پێکهاتەکان پێمەوە بە ئاشتی بژین ـ ئارامی سوریا گرێدراوە بە ئارامی تورکیاشەوە ـ پێویستە کێشەکانمان لەگەڵ تورکیا بە گفتوگۆ چارەسەر بگەین ـ حکومەتی تورکیا و ڕاگەیاندنی تورکیا ئەتوانن ڕۆڵی باش بگێڕن لە پرۆسەی ئاشتیدا ـ لە دانانی چەک گرنگتر ئەویە گفتوگۆی پرۆسەی ئاشتی پێکەوە بکەین ـ داوا لە سەرۆکی ئەمریکا دەکەم ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە ئاشتی لە سوریا و تورکیا ـ ڕێبەر ئۆجالان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت، سەرکردایەتی ئەم پرۆسەیە دەکات لەکاتێکدا لە گۆشەگیری تەواودایە.
لە پەیامێکی نوێدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند: " لە ڕێگەی بونیادنانی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکەوە، سۆسیالیزم سەرلەنوێ بەدەست دەهێنینەوە." دەشڵێت، "وەک کورد، ئێمە تێکۆشانی پەکەکەم بۆ هەبوون و شکۆمەندی کە 52 ساڵە تەواو کرد و ئێستا چووینەتە قۆناغێکەوە کە کۆماری دیموکراتیک و کۆمەڵگای دیموکراتیک سەرلەنوێ بونیاد دەنرێتەوە". کۆنفرانسی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئیستەنبوڵ سازی دەکات، دەستی پێکرد. کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، خوێندرایەوە. پەیامەکە لەلایەن وەیسی ئاکتاشەوە خوێندرایەوە کە 10 ساڵ لە زیندانی ئیمراڵیدا ڕاگیرابوو و لە مانگی تەمموزدا ئازاد کرا. دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان: ڕوناکبیرانی بەڕێز، هەڤاڵانی هێژا، نوێنەرانی بەڕێز و هەموو ئەو کەسانەی کە باوەڕیان هێشتا بە سۆسیالیزم هەیە؛ "من لە کاتێکدا قسە لەگەڵ ئێوە دەکەم کە لە دوورگەی ئیمراڵی، لەژێر مەرجەکانی گۆشەگیری 26 ساڵەدا، بۆ پرسی کورد لە تورکیا بە گەڕان بەدوای ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەت سەرلەنوێ دەستی پێکردووەتەوە. بۆ من زۆر بەنرخ و واتادارە کە ئەمڕۆ لێرە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکدا سەبارەت بە 'بونیادنانەوەی سۆسیالیزم' لەگەڵ ئێوە دەدوێم. وەک کورد، تێکۆشانی پەکەکەم بۆ هەبوون و شکۆمەندی کە 52 ساڵە تەواو کرد و ئێستا چووینەتە قۆناغێکەوە کە کۆماری دیموکراتیک و کۆمەڵگای دیموکراتیک سەرلەنوێ بونیاد دەنرێتەوە. پەکەکە بە مسۆگەرکردنی هەبوونی نەتەوەیی گەلی کورد ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێ گەیاند، لە هەمان کاتدا بنبەستبوونی سۆسیالیزمی نەتەوە-دەوڵەتی دەرخست. سۆسیالیزمی سەدەی 20ەم وەک هەنگاوێکی شۆڕشگێڕیی نەرێنی دەرکەوت، بەڵام نەیتوانی شوێنەکەی پڕ بکاتەوە. لە ساڵانی 1990ەکاندا کە زۆرینەی خەڵک لە سۆسیالیزم ڕایاندەکرد، من وتم 'پێداگری لەسەر سۆسیالیزم پێداگرییە لەسەر مرۆڤبوون' و من تەواوی ژیانی خۆم بۆ بونیادنانەوەی ئەم هیوایە تەرخان کرد. ئەم تێکۆشانە کە بە باجی گەورە بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ بووەتە میراتێک کە بە ڕەخنەی تیۆری و پراکتیکی دروست کراوە. بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاست خاوەندارێتی لەم میراتە بکەین، دەبێت ئێمە سۆسیالیزم لە یادەوەرییەکەوە بگۆڕین بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتیی زیندوو کە لەگەڵ گەلدا دەنگ بداتەوە. دەبێت نەریتی سۆسیالیستی لە مێژوودا هەم بۆ بونیادنانی ئاشتی و هەمیش بۆ بونیادنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک وەک میراتێک سەیر بکرێت و ڕێگای بەدەستهێنانی ئەمەش بە جێبەجێکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکان لە تیۆری و پراکتیکدا مومکینە. هەرچەندە سۆسیالیستە یۆتۆپی و مارکسییەکان لە سەدەی 19هەم و بەدواوە بە فراوانی ڕەخنەیان لە سیستەمی هەژموونی کاپیتالیست گرتووە، بەڵام نەیانتوانی هەڵوێستێکی ئەنجامگیر پێش بخەن. کاپیتالیزمی ئەمڕۆیی ئیتر قەیران نییە، گەیشتووەتە ئاستی نەخۆشییەک کە هەڕەشە لە ڕەگەزی مرۆڤ دەکات. قۆرخکاریی توندوتیژی (مۆنۆپۆلی توندوتیژی) بە شێوەی نەتەوە-دەوڵەت لەم هەڵوەشاندنەوەیەدا دیارکەرە. هەروەک چۆن کاپیتالیزم تەنیا بە بنەما ئابوورییەکان شیکار ناکرێت، ئێمە ناتوانین تێکچوونی بزوتنەوە سۆسیالیستەکان تەنیا بە زۆرداری کاپیتالیست شیکار بکەین. هەڵە مێژووییەکان و هەڵەکانی ئێستاش لەم پاشەکشەیەدا دیارکەرن. دەبێت ڕەخنەکانی من لەسەر مارکسیزم بە ڕاستی تێبگەیەنرێن. من مارکس تاوانبار ناکەم؛ لە کاتی ئەودا، مێژوو وەک ئەمڕۆ ڕووناک نەکرابووەوە، قەیرانی ئیکۆلۆژی نەبوو و کاپیتالیزم لە سەردەمی هەڵکشانی خۆیدا بوو. وێڕای هەموو ئەوانە، مارکس ئایدۆلۆگێکی زۆر بەخۆباوەڕ بوو کە هەمیشە ڕەخنەی لە خۆی دەگرت. ئەو ڕزگاریی ژنانی دەبینی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو بە شێوەیەکی سەرەتایی شیکاری دەکرد و قوڵاییەکەی تێنەگەیشتبوو، ئەو باوەڕی وابوو کە ئەگەر چەوساندنەوەی ئابووری تێپەڕێنرێت، ئەویش تێدەپەڕێنرێت. ئەو هەوڵی دەدا مێژووی کۆمەڵایەتی تەنیا لە ڕێگەی چینەوە شیکار بکات و نەیتوانی دەوڵەت و نەتەوە-دەوڵەت بە شێوەیەکی تێرکەر شی بکاتەوە. بۆیە ئەنجامی گران دەرکەوتن. لەگەڵ هەموو ئەم ڕەخنانەدا، من دەمەوێت ئەوەش زیاد بکەم کە من ڕێز لە خەباتی مارکس دەگرم، گومانم لە نییەتی ئەو نییە و من مارکسیزم لە مارکس جیا دەنرخێنم. هەرچەند ئێمە لەسەر هەندێک بابەتی بنەڕەتی ڕەخنە لە مارکسیزم و سۆسیالیزمی ڕیال دەگرین، ئەو شتەی کە ئێمە وەک سۆسیالیست هەستی پێ دەکەین ڕەخنە لەخۆگرتنە. پێویستە هێزەکانی دژە-سیستەم، ماتریالیزمی مێژوویی سەرلەنوێ بنرخێننەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕاستیی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بگونجێت. گرنگە مرۆڤ تێبگات کە کاپیتالیزم لە سەدەی 16دا "لە ئاسمانەوە نەکەوتە خوارەوە"، ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنی شارستانیەتی 10,000-12,000 ساڵە لە باشووری میزۆپۆتامیا. ناوەندەکانی وەک گرێ میرزان (گوبەکلی تەپە) و گرێ کەچەل ئەم دەستپێکە مێژووییە ڕووناک دەکەنەوە. بۆیە، من بە ڕاستتری دەبینم کە سیستەمی شارستانیەتی ئێستا وەک "سیستەمی کوژەری کۆمەڵایەتیی کاست" ناو بنێم. بەڵگە شوێنەوارناسی و ئەنسرۆپۆلۆژییەکان نیشانی دەدەن کە کاستەکانی نێچیرڤانی نێر، بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی کوشتن کە ئەوان پەرەیان پێ داوە، کۆمەڵگاکانی کلان کە ناوەندەکەیان ژن بوو، سەرکوت کرد و ژنانیان کردە کۆیلە. ئەمە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا شکانێکی هەرە قووڵە. لە هەمان کاتدا دژە-شۆڕشێکی گەورەیە کە هەموو پێشکەوتنەکانی شارستانیەتیی پێش خۆی دیاری کردووە. شیکردنەوەی کاپیتالیزم لە پەرسێپکتیڤێکی مێژووییەوە ئاسۆی ئێمە زۆر بەرفراوان دەکات. ئەم سیستەمە نە تەنیا ناکۆکییەکانی ناوخۆیی لەناو کۆمەڵگادا گور (توند) دەکات، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە پێشخستنی سیستەمی چەکی کیمیایی و ئەتۆمی کە دەتوانن هەسارەکە هەڵوەشێننەوە، بە پیسکردنی کەشوهەوا و بە تاڵانکردنی سەرچاوەکانی ژێرزەوی و سەرڕووی زەوی سروشت وێران دەکات و بەم شێوەیە کۆتایی بە مرۆڤایەتی دەهێنێت. لەناو ئەرکە بنەڕەتییە نێودەوڵەتییەکاندا دایە کە گرێدراو بەم ڕاستییە، شیکارییەکی کاپیتالیستی نوێ پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکرێت. دەبێت مێژووی بندەستان بە پەرسێپکتیڤی کۆمونەکان کە پێکهاتەیەکی خۆپاراستنە و لە چین لە پێشترە، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش پەرسێپکتیڤێکی مێژوویی پێویستە کە ئێڵەکانی سەرەتا وەک دەستپێکی کۆمونەکان دەبینێت و دەگاتە ئەو چینەی کە ئێمە ئەمڕۆ پێی دەڵێین پرۆلیتاریا یان دەگاتە هەموو گەلانی بندەست. لە سەر ئەم بنەمایە ئێمە دەڵێین کە مێژوو بە تێکۆشانی چینایەتی سنووردار نییە. ئەمەش لەخۆ دەگرێت و ڕاستترە کە مێژوو وەک پرۆسەی پەیوەندی و ململانێ لە نێوان پێشکەوتنی کۆمونال و پێشکەوتنی دژە-کۆمونالدا بخوێندرێتەوە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 30 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. من باوەڕم وایە کە کۆنفرانسەکەتان لەسەر بنەمای شیکارییە تیۆرییەکان کە من پێشکەشم کردوون، گفتوگۆی گرنگ پێش دەخات کە هاوکاری دەکات بۆ تێگەیشتنێکی نوێ بۆ بەرنامە و ڕێکخستنی سیاسی. ڕێبازی بنەڕەتی لەم پرۆسەیەدا ماتریالیزمی دیالێکتیکە. بەڵام، دەبێت ڕۆڵەکانی دیالێکتیکی کلاسیک تێپەڕێنرێن. دەبێت ئێمە ناکۆکییەکان نە وەک بەشێک کە یەکتر هەڵدەوەشێننەوە، بەڵکو وەک دیاردەی کۆمەڵایەتی کە یەکتر بەهێز دەکەن ببینین. چونکە بێ کۆمون دەوڵەت نییە، بێ بۆرژوازی پرۆلیتاریا نییە. بۆیە، دەبێت ئێمە ناکۆکییەکان نە بە زهنیەتێکی هەڵوەشێنەر، بەڵکو بە پەرسێپکتیڤێکی مێژوویی وەرچەرخێنەر دەستنیشان بکەین. پێشکەوتنە زانستییەکانیش نیشانی دەدەن کە ڕێبازی دیالێکتیک هەتا ئەو کاتەی نەکرێتە ڕەها (موڵەق)، لە شیکاریی کۆمەڵایەتیدا ئامرازێکی کاریگەرە. لەم چوارچێوەیەدا، نوێکردنەوەی دیالێکتیکی کۆمون-دەوڵەت و چین-دەوڵەت پێویستە. تێکچوونی سۆسیالیزمی ڕاستەقینەی سەدەی ٢٠ەم لە شیکردنەوەی هەڵەی ئەم دیالێکتیکە مێژووییە دەرکەوت: هەرچەند سۆسیالیزمی دەوڵەتپارێز دەوڵەتی بەدەست هێنا، بەڵام لە کۆتاییدا لەبەرامبەر ئەو تێکچوو. بە بەستنەوەی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان بە دەوڵەتی نەتەوەییەوە، ئەو لەناو سنوورەکانی سیاسەتەکانی بۆرژوادا قەتیس ما. چەمکی "نەتەوە-دەوڵەتی پرۆلیتێر" جگە لە بەرهەمهێنانی زهنیەتی دەوڵەتپەرستی ئەنجامێکی دیکەی دروست نەکردووە. من ئەم حەقیقەتەم بە شێوەیەکی ڕاست شیکار کرد و وتم: سۆسیالیزمی نەتەوە-دەوڵەتی مرۆڤ بەرەو تێکچوون دەبات، سۆسیالیزمی کۆمەڵگای دیموکراتیک مرۆڤ بەرەو سەرکەوتن دەبات. ئەمڕۆ کات کاتی ڕێپێوانە بەرەو ڕزگاریی دیموکراتیک لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی دیموکراتیک. من لەم ڕێگایەدا باوەڕم وایە کە ئێمە لە شوێنی دەوڵەت بە پەرسێپکتیڤی کۆماری دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک و بە پارادیگمای کۆمەڵگای دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژنان سەردەکەوین. ئەم زهنیەتە بزوتنەوەکەمانی گەیاندووەتە نوێبوونەوەی ئایدۆلۆژی و سیاسی، دینامیزمی ڕێکخستنی و گەلپارێزی و ئەوی بەرەو بەرنامەیەکی سۆسیالیستی بردووە کە بتوانێت بۆ پێداویستییەکانی ئەم سەدەیە ببێتە وەڵام. پەیوەندیی سۆسیالیزمی دیموکراتیک لەگەڵ دەوڵەت لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریدا سەرلەنوێ فۆرم وەردەگرێت. من پەیوەندیی خۆم لەگەڵ دەوڵەت وەک پەیوەندییەکی دیموکراتیزەکردن پێناسە دەکەم. لە تێگەیشتنی کۆماری دیموکراتیکدا پێویست دەکات کە دەوڵەت نە وەک هێزێکی ئیلاهی لەسەر کۆمەڵگا بێت، بەڵکو لە چوارچێوەی پەیمانێکی دیموکراتیکدا لەگەڵ کۆمەڵگا کار بکات. بە ستراتیژیی سیاسیی دیموکراتیک، مومکینە کە لەناو دەوڵەتدا گۆڕان و وەرچەرخان دروست ببێت و کۆمەڵگا لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک سەرلەنوێ بونیاد بنرێتەوە. جێگیرکردنی ئەم ستراتیژییە لەسەر یاسا (حقوق)، بنەمایەکی ماییندە بۆ ئاشتی دروست دەکات. یاسا، وەک میکانیزمی پاراستن و هاوسەنگیی پەیوەندیی دیموکراتیک لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا ئامرازێکی چارەسەرییە کە پێشی لە توندوتیژی دەگرێت. لە هەمان کاتدا ئەو ڕۆڵێکیش دەبینێت لە دامەزراندنی بونیاد و مەشروعییەتی کۆماری دیموکراتیک و بونیادنانەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی. یەکێک لە ئارگومێنتانەی کە من وەک ستراتیژییەکی بنەڕەتیی تێکۆشان پێشکەشم کرد، ئینتێگراسیۆنی (تێکەڵبوونی) دیموکراتیک و چەمکی یاسایی ئەو بوو. یاسای ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک، کە تێیدا یاسا لە ڕێگەی نۆرمی تاکەکەسی و گەردوونی و مافە بەکۆمەڵەکان (کۆلێکتیک) بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵگا سەرلەنوێ بونیاد دەنرێتەوە، دەبێت لەسەر سێ پرەنسیبی سەرەکی دابڕێژرێت: یاسای هاوڵاتیبوونی ئازاد، یاسای ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، یاساکانی ئازادی. یاسای ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک هەم دەوڵەت وەردەچەرخێنێت بۆ دەوڵەتی نۆرمەکان (یاسا) و هەمیش هەبوونی بەدەستهاتووی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی دامەزراوەیی مسۆگەر دەکات و بەم شێوەیە ئازادیی خۆی بەدەست دەهێنێت. پرۆسەی 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک' کە من دەستم پێکرد، پرۆسەیەکی گفتوگۆیە. لە هەرێمێکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەتنیسیتە، ئایین و مەزهەبی تێکەڵاوی لێیە، زۆر شت هەن کە بە گفتوگۆ و دانوستانی دیموکراتیک بەدەست دەهێنرێن. بە ڕاستی، من باوەڕم وایە کە سۆسیالیزمێکی واتادار جگە لە نزیکبوونەوەیەکی شۆڕشگێڕیی توندوتیژ، گونجاوترە کە خۆی وەک سیستەمێکی ئەرێنی (پۆزەتیڤ)ی بونیادنان و هەبوون ڕێک بخات و ئەمەش بە شێوازی گفتوگۆی دیموکراتیک پێک بهێنێت. زەحمەتە کە مرۆڤ باوەڕ بکات کە سۆسیالیزم بەبێ ئەوەی لەسەر گفتوگۆیەکی دیموکراتیکی بەرفراوان و قووڵ بونیاد بنرێت، ئەگەر بونیادیش بنرێت ماییندە بێت. لینینیش وتوویەتی، 'سۆسیالیزم بەبێ دیموکراسییەکی بەرفراوان و پێشکەوتوو بونیاد نانرێت.' بەم بیر و باوەڕەوە، من هیوادارم کە کۆبوونەوەکەمان بە سەرکەوتوویی تێپەڕێت و سڵاو و خۆشەویستیی هەڤاڵێتیی بێ کۆتاییم پێشکەش بە ئێوە دەکەم." دەم پارتی لە ئەستەنبوڵ کۆنفرانسی” ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی نێودەوڵەتی” ساز دەکات. پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، کۆنفرانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی نێودەوڵەتی لە ناوەندی جەم کاراجای باکرکۆی ئەستەنبووڵ ساز دەکات. کۆنفرانسەکە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی سیاسی و یاسایی و چالاکوان بەشدار دەبن و لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، کە دوای بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان، کە لە ٢٧ـی شووبات دەستی پێکرد، ئەزموونەکانی جیهان هەڵدەسەنگێندرێت.
لە سنووری پارێزگای هەولێر ئامادەکاری بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و هاتنی شەپۆلێکی باران دەکرێت. د. کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئەمڕۆ شەممە، 06ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕاگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ لەگەڵ هەموو بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان، سەرپەرشت و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکانی سنوری سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگاکە کۆبووەتەوە. سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتی "لەو کۆبوونەوەدا، پلان و ئامادەکاریەکان بۆ پێشگرتن لە کۆبوونەوەی ئاو و کەمکردنەوەی مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو خرانەڕوو و ئەوەی پێویست بووبێت بۆ ڕێگری لە لافاو کراوە." کارزان هادی ئاماژەی بەوەش دا "لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لە هەماهەنگیی شارەوانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرایەوە هەروەها لەگەڵ لیژنە و تیمەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەمێننەوە لەگەڵ پێداچوونەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو کەند و ڕێڕەوەکانی ئاوەڕۆ و خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و چەپەرەکانی ئاو وەگرن" . ئەمە لە کاتێکدایە، کەشناسی پێشبینی کردووە، ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت.
