شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە شەڕەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و هیندستانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی شەڕێکی ناڕەوا. هاوکات پیرۆزبایی لە گەلی پاکستان کرد بۆ ئەو سەركەوتنەی بەدەستیانهێنا لە شەڕی چەند رۆژەیان لەگەڵ هیندستان، ئەوەش دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو وڵات، بە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. شەریف لە وتارێکدا وتی: ئەمە سەرکەوتنێکە نەک تەنها بۆ هێزە چەکدارەکان، بەڵکو بۆ سەركەوتنی تەواوی گەل و مێژوو باسی دەكات كە چۆن هێزە چەکدارەکانی پاکستان و فڕۆکە جەنگیەکانی، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، سوپای هیندستانیان بێدەنگ کرد. سەرۆک وەزیرانی پاکستان، جەختی لە گرنگی هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە، كە دیارترینیان، دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و، ناوچەی کشمیری کێشە لەسەرە، داوای دیالۆگی جدیشی لەگەڵ نیودەلهی کرد. گرژییەکانی نێوان پاكستان و هیندستان لە دوای هێرشێکی چەکداری پەرەیسەند كە لە (22)ی نیسانی رابردوو لە ناوچەی کشمیر بەشە هیندیەكە روويدا، بەهۆیەوە (26) کەس کوژران، كە زۆرينەیان گەشتیارانی هیندستان بوون. لە كاردانەوەی هێرشەکەدا، هیندستان مانگی رابردوو بە شێوەیەکی تاکلایەنە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی ئاوەکانی سندی راگەیاند، کە رێککەوتننامەی دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات رێکدەخات. شەریف لە وتارەکەیدا سوپاسی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ نێوەندگیرییەکەی، هاوكات سوپاسی بۆ ئەو وڵاتە دۆستانەى كرد بەشدارییان لە رێککەوتنەکەدا کردووە، رۆڵی چین و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ پاکستان بەرز نرخاند.
گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، هاوینى ئەمساڵ گەرمترین و ووشکترین و کەمئاوترین هاوین دەبێت بۆ عێراقییەکان، هۆکارەکەشى پەیوەندی بە ئاسایشى نیشتمانى ئاوەوە هەیە. خالد شماڵا بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى گوتووە، لە مێژووى عێراقدا کەمبوونەوەى ئاو بەم شێوەیە روینەداوە، لەسەدا 70ی ئاوى عێراق لە دەرەوەى سنوورەکانیەوە دێت و لە ئێستادا کەمتر لە سەدا 40ی ئەو ئاوە بە عێراق دەگات. دەشڵێت، تورکیا بەردەوام بەنداو دروستدەکات، ئێرانیش سەرقاڵی بەنداو دروستکردنە لەسەر رێڕەوى روبارەکانى. گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق راشیگەیاند، هەرچەندە لەگەڵ لایەنى تورکی گفتوگۆ و رێککەوتن لەوبارەیەوە کراوە، بەڵام دەرئەنجامێکى ئەوتۆی نەبووە. رۆژنامەکە نوسیویەتى، زستانى ساڵی 2022 بانکی نێودەوڵەتى لەبارەى کەشووهەواى عێراقەوە هۆشداریداوە و داواى کردووە بە خێرایی کیشەکانى بەردەم ئاوى عێراق چارەسەربکەن، بەڵام وەک رۆژنامەکە دەڵێت لایەنی بەرپرس گوێیان لێخەواند و راپۆرتەکەیان بەهەند وەرنەگرت. رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە 23 تاکو 26ـى ئەم مانگە لە بەغداد، یازدەهەمین کۆنگرەى ئاودێریی نێودەوڵەتى بەڕێوەدەچێت و بابەتى کەمبوونەوەى ئاوى عێراق دەخرێتە سەر مێزى کۆنگرەکە.
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەست پێ دەکاتەوە. سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمەریکی ڕایگەیاند "ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بە نیازە ئەمڕۆ بەشداری لە دانوستانەکاندا بکات." گەڕی چوارەمی دانوستانەکان، لە سەرەتادا بڕیار بوو لە 3ـی ئایار لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، بەڵام دواخرا و عومان "هۆکاری لۆجستی"ی بۆ ئەو کۆبووەیە هێنایەوە. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ئەگەر ئامانجی ئەمەریکا لە دانوستان لەگەڵ ئێران بێبەشکردنی "مافی ئەتۆمی" بێت، تاران هەرگیز دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت. عراقچی، وتەکانی ڕۆژێک پێش بەڕێوەچوونی گەڕی دانوستانە ئەتۆمییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە عومان هات. میدیای فەرمییەکان لە زاری عراقچیەوە نووسیویەتی: ئەگەر ئامانجی دانوستانەکان بێبەشکردنی ئێران بێت لە مافە ئەتۆمییەکانی، بەڕوونی باس لەوە دەکەم "ئێران دەستبەرداری هیچ مافێکی خۆی نابێت." ئێران چەندان جار جەختی لەوە کردووەتەوە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم دانوستان ناکات، هەروەها داواکارییەی "پیتاندنی سفر"ی ڕەتکردووەتەوە کە لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی ئەمەریکاوە پێشکەشی کراوە. بەڵام نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند "دامەزراوەکانی پیتاندن لە ئێران "دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە" بەپێی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا. ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا کشانەوەی واشنتنی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ـی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان ڕاگەیاند، ئامانج لێی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی دەستبەجێ و هەمەلایەنەی ئاگربەست لە نێوان هیندستان و پاکستان، بەڵام هێرشى هەردوولا بەردەوامەو ناوببەناو دەنگی تەقینەوە دە بیسترێت. وەزیری دەرەوەی هیندستان رایگەیاند، پاکستان چەند جارێک ئاگربەستی پێشێلکردووە و هێزە چەکدارەکانمان وەڵامی پێویست و گونجاوی ئەو پێشێلکارییانە دەدەنەوە. سوبرامانیام جەیشەنکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هێزە چەکدارەکانی هیندستان دەستیان کردووە بە وەڵامدانەوەی پێشێلکارییەکانی پاکستان بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە گەیشتن بەو ڕێککەوتن لە ڕۆژی شەممە. ئەو دووپاتیکردەوە کە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شارەکەیان کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە چەکدارەکان ڕێنمایییان پێگەیشتووە کە "بەخێراو بەهێرشى خێرا مامەڵە لەگەڵ پێشێلکارییەکان بکەن"، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس. هەروەها داوای لە پاکستان کرد پێشێلکارییەکە ڕابگرێت و ئاماژەی بەوەدا کە پاکستان ئەو ئاگربەستەی پێشێل کردووە کە ئەمڕۆ لەسەری ڕێککەوتوون. سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لە بیستنی تەقینەوە و بینینی موشەک لە جامو و کشمیر کردووە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز. ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە نێوەندگیری وڵاتەکەیان هیندستان و پاکستان گەیشتنە ئاگربەست. رۆژی 22ـی نیسانی ئەم ساڵ بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوانیان پاکستان ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکانی هیندستاندا داخست. هیندستان و پاکستان ڕۆژی شەممە لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن، ئەمەش دوای خراپترین پەرەسەندنی سەربازیی نێوان دوو زلهێزی ئەتۆمی لە ماوەی نزیکەی سێ دەیەی ڕابردوودا. بەڵام شەڕ و پێکدادانەکان لە کشمیر نیگەرانییەکانی لە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت ئیسرائیل خراپە و تاوانکاری ناوچەکەیەو، لە ماوەی هەشت دەیەی ڕابردوودا هەمیشە بۆ وڵاتانی دراوسێ مایەی نائارامی و هەڕەشە و شەڕ بووە. لە دەوحەی پایتەختی قەتەرو لە وتارەکەیدا لە لوتکەی وتووێژی جیهانی ئێران و عەرەبی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وتى: ئیسرائیل هاوکات لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکەی غەززە، سووریا و لوبنانی کردووەتە پەناگەیەک بۆ دەستدرێژی و هێرشە تیرۆریستییەکانی و چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر یەمەن، ئێستا ئیسرائیل گەورەترین سەرچاوەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە بە پشتیوانی ئیسرائیل ئەمریکا خۆی خستۆتە پێگەی هاوبەش و هاوبەشێک لە تاوانەکانی، وتیشى: بیرۆکەی دوو دەوڵەت کە بۆ دەیان ساڵ بەهۆی وەهمی دروستبوونیەوە دواکەوتبوو، بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی فەلەستین، باشترین هەنگاوە. سبەی یەکشەممە، ئەمریکا و ئێران دانوستانەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی تاران دەستپێدەکەنەوە و بەگوێرەی ئەوەی لایەنەکان ڕۆژی هەینی پشتڕاستیان کردەوە، خولی چوارەمیش بەڕێوەدەچێت، لەنێویاندا میوانداریکردنی مەسقەتی پایتەختی عومان. عەباس عەرەقجی، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە تاران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەنجامدانی خولی داهاتوو، سبەی یەکشەممە، لە شاری مەسقەت، کە چەند هەفتەیە بەردەوامە. پێچەوانەی سێ دانیشتنەکانی دیکە، ئەمجارە دیارە ئەمریکا خۆی لە ئاست یۆرانیۆمی ئێران، یەکلاکردووەتەوە، ترەمپ ئێرانێكی سفر یۆرانیۆم و سفر ژێرخان و سەرخانی ئەتۆمی دەوێت. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، "بەرنامەی پیتاندن نابێت هەرگیز لە دەوڵەتی ئێراندا هەبێت. ئەمە هێڵی سوورە، کەواتە دەبێت بەرنامەکە هەڵبووەشێندرێتەوە، واتە هەرسێ بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، فوردۆ و ئەسفەهان هەڵبووەشێندرێنەوە". ئەو هەڵوێستە تووندەی ترەمپ لە دوای تێپەڕبوون بە چەند فلتەرێكی هەڵۆ نزیکەکان لە لۆبی ئیسرائیلدا گەڵاڵە بووە.
تەنیا چوار رۆژ بۆ کۆتاییهاتنى وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکان لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان ماوە و سەرچاوەیەکیش لە کۆمیسیۆنەوە دەڵێت، "لایەنە کوردییەکان هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردنەکە تۆمار نەکردووە بەهۆی لوتکەی عەرەبییەوە وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکانیش درێژدەکرێتەوە". سەرچاوەیەک لە فەرمانگەى پارت و لایەنە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، راگەیاند، "بەهۆى ئەوەى هەفتەى داهاتوو، لوتکەى عەرەبى لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و لایەنەکان سەرقاڵى رێکخستنى ئەو پرۆسەیەن، کۆمیسیۆن وادەى تۆمارکردنەکە پێنج بۆ 10 رۆژ درێژدەکاتەوە". سەرچاوەکە باسى لەوەشکرد، پێنج هاوپەیمانێتیى نوێ تۆمارکراون و گوتیشی، "یەکێکیان هاوپەیمانێتیى لایەن و قەوارەى سیاسیی ئێزدییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەن و قەوارەیەکى سیاسى نێوان لایەنە کوردییەکان هاوپەیمانێتیان تۆمارنەکردووە بۆ هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق". ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژى 14ـى ئایارى وەک دوا وادە بۆ تۆمارکردنى هاوپەیمانێتى، لیست و قەوارە سیاسییەکان راگەیاندووە. بۆ هەڵبژاردنەکانى پیشووترى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، 64 هاوپەیمانێتى پارت و قەوارە سیاسییەکان ئەنجام درابوو. لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق لە کۆتایی ئەمساڵ، لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە مامەڵەی کڕین بە کارتی دەنگدەرانەوە دەستپێکردووە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش هۆشداریی دەداتە دەنگدەران و پارت و قەوارە سیاسییەکان. لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەک چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە کە پڕۆسەی کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە لەلایەن نوسینگەی ژمارەیەک پەرلەمانتار و کاندیدەوە دەستی پێکردووە، ئەویش لە رێگەی ژمارەیەک دەڵاڵ و نێوەندگیرەوە. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی (9ـی نیسانی 2025) لە کۆبونەوەیەکدا رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکرا، بڕیارەکەش پێشوازیی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەربڕی بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان بەبێ هیچ هەموارکردنەوە و دەستکاریی و گۆڕینی بڕگەکانی.
وەزیری دەرەوەی تورکیا دۆخی سوریای بە نائارام و مەترسیدار وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە یەکڕیزی ئەو وڵاتەو هانی ئیدارەی نوێی دیمەشق دەدات بۆ کرانەوە بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. وەزیری دەرەوەی تورکیا لەچاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا، باسی لەوەشکرد، نزیکبوونەوەی تورکیا لە سوریا لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپە دامەزراوە کە بڕیارە بنەڕەتییەکان سەبارەت بە سوریا دەبێت لەلایەن خودی سوریاییەکانەوە بدرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "زەمینەیەکی نالەبارو شێواو" و دۆخێکی "نائارام و مەترسیدار" لە هەردوو وڵاتی سوریا و عێراقدا هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا سیاسەتێکی دەرەکی زۆر بنیاتنەر پەیڕەو دەکات کە پشت بە گشتگیری دەبەستێت بۆ چارەسەرکردن و باشترکردنی ئەم دۆخە بە گشتی. فیدان وتیشى: ئێمە سەرقاڵی هەندێک ڕاوێژکارین لەگەڵ براکانمان لەوێ (ئیدارەی نوێی سوریا)، گرنگیش بە یەکێتی خاکی سوریا دەدەین"، جەختیشیکردەوە، لایەنی سوریا بەباشی ئاگادارە کە تورکیە نوێنەرایەتی چی دەکات بۆ ئەوان. ڕوونیشیکردەوە، کە تورکیا دانوستانەکانی حکومەتی سوریا لەگەڵ وڵاتانی سێیەم بە هەنگاوێکی سروشتی دەزانێت لە هەوڵەکانیدا بۆ ڕوونکردنەوەی سروشتی سوریای نوێ بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە ڕوونی هانی ئەمە دەدات چونکە گرنگە. وەزیری تورکیا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە کام وڵاتی سێیەم دەکاتە ئامانج، هەرچەندە ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسی لە پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئیسرائیل کردووە بۆ کەمکردنەوەی دۆخی وڵاتەکەی. ئیدارەی شەرع جگە لە پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبیشدا دەپارێزێت. فیدان جەختی لەسەر لابردنی ئەو سزایانەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بەسەر سوریادا سەپێنرابوو، ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵدان پێویستە بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکاوە سەپێنراون، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لە هەڵوێستی هەندێک وڵاتی ناوچەکە لە ڕێگەی گفتوگۆ و قایلکردنەوە.
سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ڕایدەگەیەنێت پێشوازیی لە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتیی تورکیا دەکەین، دەمانەوێت بەو هۆیەوە هەموو زیندانیانی سیاسی بە تایبەت سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد بکرێت. پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) شەممە 10ـی ئایاری 2025، گردبوونەوەیەکی بەرفراوانی لە شاری وان ئەنجامدا، ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە بەشداریی گردبوونەوەکەی کرد و ڕایگەیاند: کورد دەتوانێت ببێتە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری تورکیا، بەڵام ڕێگەیان پێنادرێت. کاتێک باسی کوردبوون دەکەن، ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە. سەرۆکی جەهەپە لەبەشێکى قسەکانیدا سڵاوی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش نارد و داوای ئازادکردنی کرد، ئەو وتى: ئەم حکومەتە جگە لە باندەکەی خۆی هیچ کەسێکی دیکە ناناسێتەوە و نایبینێت. دەبوو ڕێگە خۆشبکات بۆ ئەم گەنجانە، کەسانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، ئازاد بکرێن و هەموومان دڵخۆش بین هەمووان بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئۆزێل ئاماژەی بەوەشکرد، ئەحمەد عوزێر، سەرۆکی شارەوانی ئەسێنیورت لە ئیستانبوڵ کە خەڵکی شاری وانە، تەنیا لەبەر ئەوەی بە ناسنامەی کوردایەتییەوە بووەتە سەرۆکی شارەوانی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە هەر لەبەر ئەم هۆکارە حکوومەت نایەوێت کورد سەرکەوتوو بێت. سەرۆکی گشتیی جەهەپە، دەشڵێت: پێشوازیی لە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتیی تورکیا دەکەین و، دەمانەوێت بەو هۆیەوە هەموو زیندانیانی سیاسی بە تایبەت سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد بکرێت.
لە ئامەدى باکورى کوردسنان بە بەشداریی زۆرێک لە پارت و کەسایەتی و ڕێکخراوەکان بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ‘دەستپێشخەریی یەکێتیی’ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا. ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە بە بەشداری کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە، نوێنەر و بەڕێوەبەرانی پارتە کوردستانییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، چەندین کەسایەتی دەستیپێکرد و تاکوو سبەی بەردەوام دەبێت. هەروەها لە هۆڵەکەدا بە زاراوەکانی کرمانجی و زازاکی کوردی، تورکی، عەرەبی، سووریانی و ئەرمەنی پانکارتی “بە هەڵوێستی یەکێتی سەردەکەوین” هەڵواسرا. کۆبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد و ساڵیحە ئایدەنیز، دیبا کەسکین، ناهیت ئەرەن، کازم فورات و ئایەتوڵا ئاشتی بۆ دیوانەکە هەڵبژێردران. دواتر، یەکێک لە ئەندامانی دەستپێشخەرییەکە ئۆرهان ئایاز پەیوەست بەو پڕۆسەی دوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ وتی: داوا دەکەم پشتگیری ئەم پڕۆسەیە بکرێت، چونکە چاوی تەواوی کوردستان و جیهان لەسەر کۆبوونەوەکەمانە، ئێمەش لەسەر ئەم بنەمایە کۆبوونەوەکەمان ئەنجام دەدەین. هاوکات، لە بەردەوامی قسەکانی کۆبوونەوەکەدا ساڵیحە ئایدەنیز، ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی مێردین باسی تێکۆشانی سری سوورەیا ئۆندەری کرد ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ئەم بانگەوازە بە ئامانج بگات تێکۆشان بەڕێودەبەین. دەبێت لە باکووری کوردستان و تورکیا یەکێتی خۆمان بە دی بێنین، یەکێتی لە هەر چوار بەشی کوردستان و سووریا، ئێران، عێراق و تورکیا دیمووکراسیی پێش دەخات. گەلی کورد بۆ ئازادیی تێکۆشان دەکات و بۆ دیمووکراسیی هەمیشەیی دەبێت تێبکۆشێت. لە کۆتایی قسەکانییدا ئاماژەی بە کۆنگرەی پەكەكە دا و وتی: دەبێت ژنان، گەنجان و کۆمەڵگە زیاتر بە ڕۆڵی خۆیان ڕاپەڕن. لەبەر ئەم هەنگاوە مێژووییانە دەبێت بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ بکەین. هەروەها سوپاسی هەموو ئەوکەسانە دەکەین لە دامەزراندنی ئەم دەستپێشخەرییە ڕەنج دەدەن. دواتر سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی وان سەبارەت بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین وتی: دەوڵەت لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کۆبوونەوەی ئەنجام دا. ئەم کۆبوونەوەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هیوایەکی هێنایە ئاراوە. دەشڵێت: بەڕێز ئۆجالان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی کۆمەڵگە بانگەوازی کرد. وەک دەستپێشخەری ئەم بانگەوازە گرنگ دەبینین و بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد، زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی و پەروەردە و بۆ ئاشتیی هەمیشەیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پشتگیری دەستپێشخەری یەکێتیی بکەن. لە کۆتایی قسەکانییدا وتی: کۆنفرانسێکی گرنگ لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام درا. ئەمە بۆ هەر چوار بەشی کوردستان و سەرانسەری سووریا گرنگ بوو، بڕیاری گرنگ درا. و وتیان، کوردان یەک دەنگن. هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییە لێرە بڕیارێکی باش بگرێت و ڕێگەمان بۆ بکاتەوە. لە دوای قسەکان کۆبوونەوەکە بەبێ ڕاگەیاندن بەردەوامبوو.
دوابەدوای ئەو ڕێککەوتنەی کە ئەمریکا و حوسییەکان بەسەرپەرشتى عومان ئەنجامیاندا، بەرپرسێکی ئەمنی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لایەنێکی ئەو ڕێککەوتنە نییە، ئەوان بەردەوامدەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکان لە یەمەن. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە لێدانی حوسییەکان و دەڵێت، "ئەم ڕێککەوتنە ئێمە پابەند ناکات، ئەوانیش باجەکەی دەدەن". ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە پلانیان هەیە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی حوسییەکان پەرەپێبدەن، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشی فراوانتر و توندوتیژتر ئەنجام بدەن. هەروەها بەرپرسانی دیکەش ئاشکرایان کردووە کە سەرکردایەتی سەربازی ئیسرائیل بیر لە دەستپێکردنی هێرشی ئەگەری بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان دەکاتەوە و هۆشداریشیان داوە کە تاران بە ئاسانی لە سزا ڕزگاری نابێت. سێ رۆژ لەمەوبەر بەرپرسانی عومان رایانگەیاند، ئەمریکا و حووسییەکانی یەمەن لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون، چەکداران چیدی کەشتیی بازرگانی لە رێڕەوە ئاوییەکان ناکەنە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانی دەوەستێنێت. رێککەوتنەکە دوای ئەوە هات حووسییەکان رایانگەیاند، چیدی کەشتیی بازرگانی لە سنوورە ئاوییەکان هەراسان ناکەن. دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، لە بەرامبەردا ئەوانیش هێرشەکانیان لە دژی ئەو گرووپە چەکدارییە دەوەستێنن، کە ئێران پشتگیریان دەکات. دوای ئەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، حووسییەکانی یەمەن لە کۆتاییەکانی 2023 دەستیان کرد بە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. بەڵام هێرشی حووسییەکانیش بێ وەڵام نەمانەوە، هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی هاوپەیمان چەندین هێرشیان بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن کردووە و زەرەر و زیانی زۆریان ناوەتەوە. هەفتەی رابردوو پێنتاگۆن رایگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە هەزار پێگەی لە یەمەن کردووەتە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هیندستان و پاکستان داوای هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد و پێشنیازی نێوەندگیری خستەڕوو. تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: روبیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ هاوتاکانی، داوای لە هیندستان و پاکستان کردووە پەیوەندییە راستەوخۆکانیان دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە هەڵەتێگەیشتن لە ململانێیەکانی نێوانیان بەدوور بگرن. ئاماژەی بەوەشکردووە، روبیۆ بەردەوام بووە لە هاندانی هەردوولا بۆ دۆزینەوەی هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئامادەیی ئەمریکای دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنی دانوستانی بنیادنەرانەى نێوان هەردوو وڵات و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان. هەر لەوچوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ جەنەڕاڵ عاسم مونیر سوپاسالاری پاکستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیریکردن لەنێوان هیندستان و پاکستان دەربڕی. سوپای پاکستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر پێگەکانی سوپای هیندستان دەستپێکرد و دەڵێت، لە وەڵامی هێرشێکی چەند کاتژمێری رابردووی هیندستانە کە سێ بنکەی ئاسمانیی وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج. هاوکات، سوپای هیندستان رایگەیاند، ناوچە سنوورییەکانى وڵاتەکەى رووبەڕووی هێرشی نوێی پاکستان بوونەتەوە.
عەبدولەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ شەممە، پێشوازی لەو گۆڕانکارییانە کرد کە لە سوریا روویانداوە، وتیشی: مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری سوریا زۆر پێویستە. سەرۆک کۆماری کۆمار، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لوتکەی عەرەبی دەرکردنی بڕیاری باش سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان بەخۆوە دەبینێت، ئاستی بەشداری سوریاش لە لوتکەی عەرەبی لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەوە دیاری دەکرێت. سەرۆك كۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشكرد: پێشوازی لەو گۆڕانکارییە دەکەین کە لە سوریا روویانداوە، هیوای خۆشی دەربڕی بەوەی گەلی سوریا دوای چەندین ساڵ لە ئازار و مەینەتی لە ئاشتی و سەقامگیریدا بژین. جەختیشی لە گرنگی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری سوریا كردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش، نیگەرانی خۆشی دەربڕی سەبارەت بە بوونی هەندێک گروپ لەسەر سنوری هاوبەش لەگەڵ سوریا. سەبارەت بە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرۆك كۆمار رایگەیاند: دانوستانەكان چارەنوسی هێزەکانی هاوپەیمانی له وڵات دیاری دەکەن، ئەگەر پێویست بوو رێککەوتنەكان بگۆڕدرێت له گەڵ ئەمریکا، ئه وا دەیکەین. دووپاتیشكردەوە، هێزەکانی عێراق رێگە بە هیچ گروپ و رێکخراوێک نادەن خاکی ئێمەوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنن.
بەوتەى دوو سەرچاوەى ئاگادار کە قسەیان بۆ ئاژانسى ڕۆیتەرز کردووە، ماوەیەکە قەتەرییەکان بەدواى تەرمی ئەو ئەمریکییانەدا دەگەڕێن کە لەلایەن چەکدارانى داعشەوە لەسوریا لەچەند ساڵى ڕابردوو کوژراون. دوو سەرچاوە کە لەبارەی ئەرکەکەوە ئاگادارکراونەتەوە ڕایانگەیاند، نوێنەرایەتییەکی قەتەر دەستیکردووە بە گەڕان بەدوای پاشماوەی ئەو بارمتە ئەمریکییانەی کە دە ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا کوژراون، ئەمەش هەوڵێکی درێژخایەنی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان زیندووکردووەتەوە. دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)کە لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا لە ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧ بەشێکی زۆری سوریا و عێراقی کۆنترۆڵکردبوو، سەری ژمارەیەکی زۆر کەسی لە دیلدا بڕییەوە، لەنێویاندا بارمتە ڕۆژئاواییەکان و ڤیدیۆی کوشتنەکانی بڵاوکردەوە. ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە، گرووپی گەڕان و فریاگوزاری نێودەوڵەتی قەتەر لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە بە یاوەری چەند ئەمریکییەک، دەستیان بە گەڕان و پشکنین کردووە. ئەو گرووپە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە لایەن دەوحەوە بۆ ناوچە بوومەلەرزەییەکانی مەغریب و تورکیا ڕەوانەی ناوچە بوومەلەرزەییەکان کراوە، تا ئێستا پاشماوەی سێ تەرمیان دۆزیوەتەوە. یەکێک لە سەرچاوەکان - سەرچاوەیەکی ئەمنی سوریا - ڕایگەیاند کە هێشتا پاشماوەکان دەستنیشان نەکراون، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ لێدوانێکی نەداوە لەسەر ئەو بابەتە. نوێنەرایەتی قەتەر لە کاتێکدا دەست پێدەکات کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ سەردانی دۆحە و هاوپەیمانەکانی دیکەی عەرەبی کەنداو لە هەفتەی داهاتوودا و لە کاتێکدا ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکانی سوریا کە هاوپەیمانی نزیکی قەتەرن، داوای ڕزگاربوون لە سزاکانی ئەمریکا دەکەن.
عێراق کار بۆ گەڕاندنەوەی سەدان سەربازی وڵاتەکەى دەکات، کە لە پاکستانن و ئێستا ئەو وڵاتە تووشى ئاڵۆزى و شەڕ بووە لەگەڵ هیندستان. بە گوێرى رێککەوتنى نێوان بەغداد و ئیسلام ئاباد، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی گەڕاندنەوەی 500 کارمەندی هێزە تایبەتەکانی عێراقی دەرکردووە، کە ماوەیەکە بۆ مەشق و راهێنان لەو وڵاتەن. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە، ئەو هەنگاوە “لەبەر رۆشنایی بارودۆخی ئێستای نێوان پاکستان و هیندستان دەنرێت، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی کارمەندانی ئەمنیی عێراقى”. چەند رۆژێکە گرژیی و ئاڵۆزى لە نێوان هیندستان و پاکستان دروست بووە، ئەوەش بەهۆى ناکۆکى و هێرشى چەند گرووپێکى چەکدارى لە هەرێمى کشمیرى ناوچە ناکۆکى نێوان هەردوو وڵات. ئەمڕۆ گرژییەکانى نێوان هەردوو وڵات زیاتربوون، دواى ئەوەى پاکستان بە فڕۆکە و مووشەک هێرشى کردە سەر چەند ناوچەیەکى هیندستان. دواتریش هیندستان بنکە سەربازییەکانی پاکستانی کردە ئامانج و رایگەیاند، وەڵامى هێرشەکانى پاکستانمان داوەتەوە و بەردەوام دەبین لە بەرگرى لە خۆمان و سەروەرى وڵاتەکەمان.
ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ ژمارەیەک بارهەڵگرى ڕەوانەی هەرسێ شوێنەکەی کۆمەڵە کراوە لە زرگوێزەکان و چەند ماڵێکیان بارکردوە و بۆ کەمپی سورداش. سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت بەهاوڵاتى وتى: دوو هەفتەیە چەند جارێک پەیام دراوەتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا هاوڵاتیانەى لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی ماون بەزوویی چۆڵى بکەن. وتیشى: ئەو مۆڵەتەی بە حزبەکانی رۆژهەڵات (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)ـیان دابوو بۆ جێهێشتنی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانە گەورە کۆتاییهات و کاروانێکی دیکەی هەر سێ کۆمەڵەکە رەوانەی کەمپی سورداش کرا. سەرچاوەکە ئەوەشى خستەڕوو ئەمڕۆ ژمارەیەک ماڵ گواسترانەوە بۆ کەمپی سورداش، لەئێستا لیژنەیە لەهەردوولا لەکۆبوونەوەدان بۆ ئەوەى پرۆسەکە ڕابگیرێت تا چەند هەفتەیەک. کۆتایی مانگی رابردوو ئاسایشی سلێمانی مۆڵەتی 10 رۆژی بە کۆمەڵەکانی رۆژهەڵات لە زڕگوێز دابوو بۆ ئەوەی تەواوی خێزان و لایەنگرانیان بچنە کەمپی سورداش. سەرچاوەکە وتى: ئەوان داوایانکردوە بچینە سورداش، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندوون لەم کاتەدا ناچینە ئەو شوێنەـ چونکە هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، وەک چادرو ئامێرى فێنککەرەوەو ثێداویستى ترى سەرەتایی ژیان، ناکرێت لەم کاتەدا بچین چونکە کۆتایی ساڵى خوێندنە ناتوانین خوێندکارەکانمان بگوازینەوە لەوشوێنەش وەزع خراپە تەنانەت بنکەیەکى تەندروستى تێدانیە. کەمپی زڕگوێز دەکەوێتە ناحیەی تانجەڕۆـی سەر بە قەزای سلێمانی لە پارێزگای سلێمانی. رۆژی 19ــی ئابی 2024، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە نووسراوی فەرمی داوای لە ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد رەزامەند بن بۆ بەکارهێنانی کەمپی سوورداش بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و هەر لەو رۆژەدا وەزیر رەزامەند بوو. ناوەڕاستی ساڵی 2023، ئێران ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆکرد، کە ڕێكکەوتنەکە تایبەت بوو بە چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەدا بەشێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێکرا. حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پابەندی خۆیان بە چۆڵکردنی سنورەکانەوە ڕاگەیاند بەڵام بۆ چۆڵکردنی تەواوی بارەگاکانیان ملیان نەدا. ئێران زیاتر لە جارێک نیگەرانی لەسەر چۆڵنەکردنی بارەگاکان نیشاداوە و ڕاگەیاندووە،" پێویستە حزبە دژبەرەکانی ئێران بۆ قوڵایی خاکی عێراق بگوازرێنەوە کە مەبەست لێی سنوری موسڵە".
