دوابەدوای ئەو ڕێککەوتنەی کە ئەمریکا و حوسییەکان بەسەرپەرشتى عومان ئەنجامیاندا، بەرپرسێکی ئەمنی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لایەنێکی ئەو ڕێککەوتنە نییە، ئەوان بەردەوامدەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکان لە یەمەن. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە لێدانی حوسییەکان و دەڵێت، "ئەم ڕێککەوتنە ئێمە پابەند ناکات، ئەوانیش باجەکەی دەدەن". ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە پلانیان هەیە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی حوسییەکان پەرەپێبدەن، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشی فراوانتر و توندوتیژتر ئەنجام بدەن. هەروەها بەرپرسانی دیکەش ئاشکرایان کردووە کە سەرکردایەتی سەربازی ئیسرائیل بیر لە دەستپێکردنی هێرشی ئەگەری بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان دەکاتەوە و هۆشداریشیان داوە کە تاران بە ئاسانی لە سزا ڕزگاری نابێت. سێ رۆژ لەمەوبەر بەرپرسانی عومان رایانگەیاند، ئەمریکا و حووسییەکانی یەمەن لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون، چەکداران چیدی کەشتیی بازرگانی لە رێڕەوە ئاوییەکان ناکەنە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانی دەوەستێنێت. رێککەوتنەکە دوای ئەوە هات حووسییەکان رایانگەیاند، چیدی کەشتیی بازرگانی لە سنوورە ئاوییەکان هەراسان ناکەن. دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، لە بەرامبەردا ئەوانیش هێرشەکانیان لە دژی ئەو گرووپە چەکدارییە دەوەستێنن، کە ئێران پشتگیریان دەکات. دوای ئەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، حووسییەکانی یەمەن لە کۆتاییەکانی 2023 دەستیان کرد بە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. بەڵام هێرشی حووسییەکانیش بێ وەڵام نەمانەوە، هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی هاوپەیمان چەندین هێرشیان بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن کردووە و زەرەر و زیانی زۆریان ناوەتەوە. هەفتەی رابردوو پێنتاگۆن رایگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە هەزار پێگەی لە یەمەن کردووەتە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هیندستان و پاکستان داوای هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد و پێشنیازی نێوەندگیری خستەڕوو. تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: روبیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ هاوتاکانی، داوای لە هیندستان و پاکستان کردووە پەیوەندییە راستەوخۆکانیان دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە هەڵەتێگەیشتن لە ململانێیەکانی نێوانیان بەدوور بگرن. ئاماژەی بەوەشکردووە، روبیۆ بەردەوام بووە لە هاندانی هەردوولا بۆ دۆزینەوەی هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئامادەیی ئەمریکای دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنی دانوستانی بنیادنەرانەى نێوان هەردوو وڵات و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان. هەر لەوچوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ جەنەڕاڵ عاسم مونیر سوپاسالاری پاکستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیریکردن لەنێوان هیندستان و پاکستان دەربڕی. سوپای پاکستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر پێگەکانی سوپای هیندستان دەستپێکرد و دەڵێت، لە وەڵامی هێرشێکی چەند کاتژمێری رابردووی هیندستانە کە سێ بنکەی ئاسمانیی وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج. هاوکات، سوپای هیندستان رایگەیاند، ناوچە سنوورییەکانى وڵاتەکەى رووبەڕووی هێرشی نوێی پاکستان بوونەتەوە.
عەبدولەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ شەممە، پێشوازی لەو گۆڕانکارییانە کرد کە لە سوریا روویانداوە، وتیشی: مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری سوریا زۆر پێویستە. سەرۆک کۆماری کۆمار، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لوتکەی عەرەبی دەرکردنی بڕیاری باش سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان بەخۆوە دەبینێت، ئاستی بەشداری سوریاش لە لوتکەی عەرەبی لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەوە دیاری دەکرێت. سەرۆك كۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشكرد: پێشوازی لەو گۆڕانکارییە دەکەین کە لە سوریا روویانداوە، هیوای خۆشی دەربڕی بەوەی گەلی سوریا دوای چەندین ساڵ لە ئازار و مەینەتی لە ئاشتی و سەقامگیریدا بژین. جەختیشی لە گرنگی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری سوریا كردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش، نیگەرانی خۆشی دەربڕی سەبارەت بە بوونی هەندێک گروپ لەسەر سنوری هاوبەش لەگەڵ سوریا. سەبارەت بە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرۆك كۆمار رایگەیاند: دانوستانەكان چارەنوسی هێزەکانی هاوپەیمانی له وڵات دیاری دەکەن، ئەگەر پێویست بوو رێککەوتنەكان بگۆڕدرێت له گەڵ ئەمریکا، ئه وا دەیکەین. دووپاتیشكردەوە، هێزەکانی عێراق رێگە بە هیچ گروپ و رێکخراوێک نادەن خاکی ئێمەوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنن.
بەوتەى دوو سەرچاوەى ئاگادار کە قسەیان بۆ ئاژانسى ڕۆیتەرز کردووە، ماوەیەکە قەتەرییەکان بەدواى تەرمی ئەو ئەمریکییانەدا دەگەڕێن کە لەلایەن چەکدارانى داعشەوە لەسوریا لەچەند ساڵى ڕابردوو کوژراون. دوو سەرچاوە کە لەبارەی ئەرکەکەوە ئاگادارکراونەتەوە ڕایانگەیاند، نوێنەرایەتییەکی قەتەر دەستیکردووە بە گەڕان بەدوای پاشماوەی ئەو بارمتە ئەمریکییانەی کە دە ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا کوژراون، ئەمەش هەوڵێکی درێژخایەنی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان زیندووکردووەتەوە. دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)کە لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا لە ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧ بەشێکی زۆری سوریا و عێراقی کۆنترۆڵکردبوو، سەری ژمارەیەکی زۆر کەسی لە دیلدا بڕییەوە، لەنێویاندا بارمتە ڕۆژئاواییەکان و ڤیدیۆی کوشتنەکانی بڵاوکردەوە. ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە، گرووپی گەڕان و فریاگوزاری نێودەوڵەتی قەتەر لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە بە یاوەری چەند ئەمریکییەک، دەستیان بە گەڕان و پشکنین کردووە. ئەو گرووپە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە لایەن دەوحەوە بۆ ناوچە بوومەلەرزەییەکانی مەغریب و تورکیا ڕەوانەی ناوچە بوومەلەرزەییەکان کراوە، تا ئێستا پاشماوەی سێ تەرمیان دۆزیوەتەوە. یەکێک لە سەرچاوەکان - سەرچاوەیەکی ئەمنی سوریا - ڕایگەیاند کە هێشتا پاشماوەکان دەستنیشان نەکراون، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ لێدوانێکی نەداوە لەسەر ئەو بابەتە. نوێنەرایەتی قەتەر لە کاتێکدا دەست پێدەکات کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ سەردانی دۆحە و هاوپەیمانەکانی دیکەی عەرەبی کەنداو لە هەفتەی داهاتوودا و لە کاتێکدا ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکانی سوریا کە هاوپەیمانی نزیکی قەتەرن، داوای ڕزگاربوون لە سزاکانی ئەمریکا دەکەن.
عێراق کار بۆ گەڕاندنەوەی سەدان سەربازی وڵاتەکەى دەکات، کە لە پاکستانن و ئێستا ئەو وڵاتە تووشى ئاڵۆزى و شەڕ بووە لەگەڵ هیندستان. بە گوێرى رێککەوتنى نێوان بەغداد و ئیسلام ئاباد، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی گەڕاندنەوەی 500 کارمەندی هێزە تایبەتەکانی عێراقی دەرکردووە، کە ماوەیەکە بۆ مەشق و راهێنان لەو وڵاتەن. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە، ئەو هەنگاوە “لەبەر رۆشنایی بارودۆخی ئێستای نێوان پاکستان و هیندستان دەنرێت، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی کارمەندانی ئەمنیی عێراقى”. چەند رۆژێکە گرژیی و ئاڵۆزى لە نێوان هیندستان و پاکستان دروست بووە، ئەوەش بەهۆى ناکۆکى و هێرشى چەند گرووپێکى چەکدارى لە هەرێمى کشمیرى ناوچە ناکۆکى نێوان هەردوو وڵات. ئەمڕۆ گرژییەکانى نێوان هەردوو وڵات زیاتربوون، دواى ئەوەى پاکستان بە فڕۆکە و مووشەک هێرشى کردە سەر چەند ناوچەیەکى هیندستان. دواتریش هیندستان بنکە سەربازییەکانی پاکستانی کردە ئامانج و رایگەیاند، وەڵامى هێرشەکانى پاکستانمان داوەتەوە و بەردەوام دەبین لە بەرگرى لە خۆمان و سەروەرى وڵاتەکەمان.
ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ ژمارەیەک بارهەڵگرى ڕەوانەی هەرسێ شوێنەکەی کۆمەڵە کراوە لە زرگوێزەکان و چەند ماڵێکیان بارکردوە و بۆ کەمپی سورداش. سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت بەهاوڵاتى وتى: دوو هەفتەیە چەند جارێک پەیام دراوەتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا هاوڵاتیانەى لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی ماون بەزوویی چۆڵى بکەن. وتیشى: ئەو مۆڵەتەی بە حزبەکانی رۆژهەڵات (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)ـیان دابوو بۆ جێهێشتنی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانە گەورە کۆتاییهات و کاروانێکی دیکەی هەر سێ کۆمەڵەکە رەوانەی کەمپی سورداش کرا. سەرچاوەکە ئەوەشى خستەڕوو ئەمڕۆ ژمارەیەک ماڵ گواسترانەوە بۆ کەمپی سورداش، لەئێستا لیژنەیە لەهەردوولا لەکۆبوونەوەدان بۆ ئەوەى پرۆسەکە ڕابگیرێت تا چەند هەفتەیەک. کۆتایی مانگی رابردوو ئاسایشی سلێمانی مۆڵەتی 10 رۆژی بە کۆمەڵەکانی رۆژهەڵات لە زڕگوێز دابوو بۆ ئەوەی تەواوی خێزان و لایەنگرانیان بچنە کەمپی سورداش. سەرچاوەکە وتى: ئەوان داوایانکردوە بچینە سورداش، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندوون لەم کاتەدا ناچینە ئەو شوێنەـ چونکە هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، وەک چادرو ئامێرى فێنککەرەوەو ثێداویستى ترى سەرەتایی ژیان، ناکرێت لەم کاتەدا بچین چونکە کۆتایی ساڵى خوێندنە ناتوانین خوێندکارەکانمان بگوازینەوە لەوشوێنەش وەزع خراپە تەنانەت بنکەیەکى تەندروستى تێدانیە. کەمپی زڕگوێز دەکەوێتە ناحیەی تانجەڕۆـی سەر بە قەزای سلێمانی لە پارێزگای سلێمانی. رۆژی 19ــی ئابی 2024، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە نووسراوی فەرمی داوای لە ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد رەزامەند بن بۆ بەکارهێنانی کەمپی سوورداش بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و هەر لەو رۆژەدا وەزیر رەزامەند بوو. ناوەڕاستی ساڵی 2023، ئێران ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆکرد، کە ڕێكکەوتنەکە تایبەت بوو بە چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەدا بەشێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێکرا. حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پابەندی خۆیان بە چۆڵکردنی سنورەکانەوە ڕاگەیاند بەڵام بۆ چۆڵکردنی تەواوی بارەگاکانیان ملیان نەدا. ئێران زیاتر لە جارێک نیگەرانی لەسەر چۆڵنەکردنی بارەگاکان نیشاداوە و ڕاگەیاندووە،" پێویستە حزبە دژبەرەکانی ئێران بۆ قوڵایی خاکی عێراق بگوازرێنەوە کە مەبەست لێی سنوری موسڵە".
لە کاتێکدا کە پەرەسەندنی بێ وێنەی نێوان هیندستان و پاکستان لە چوارشەممەی ڕابردووەوە بەردەوامە، سەرچاوە ئاگادارەکان ئەمڕۆ شەممە بڵاویانکردەوە کە یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان هەردوولا ڕوویداوە. هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیسلام ئاباد بەدوای کۆبوونەوەیەکدایە لەگەڵ نیودەلهی، بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن نیوز. هەروەها ڕوونیکردەوە کە دۆخی ناوخۆی پاکستان "خراپ" بووە، ئەمەش وایکردووە ئیسلام ئاباد بەدوای پەیوەندیدا بگەڕێت لەگەڵ نیودەلهی. ئاماژەی بەوەشکرد، کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ هیندستان دامەزراون بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی هەردوو وڵات. بەڵام تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی هیندستان و پاکستانەوە نەبووە. شەوى سێ شەممەى ڕابردوو هیندستان هێرشێکی موشەکی بۆسەر چەند ناوچەیەکى پاکستان دەستپێکرد و سوپای پاکستانیش بەڵێنى وەڵامدانەوە دەدات، لەکاتێکدا کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی خاوەن چەکى ئەتۆمی ماوەیەکە پەرەی سەندووە. گرژییەکانى نێوان هەردوو وڵات لە ناوەڕاستى نیسانى ئەمساڵەوە زیادیانکردووە، ئەوەش دواى هێرشى چەکداران لەناوچەى باهالگامى هەرێمى کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ سەر ژمارەیەک گەشتیار کە بەهۆیەوە 26 کەس کوژران. هیندستان پەنجەى تۆمەتى ئاڕاستەى پاکستان کرد، ئەوەش گرژیی لە نێوان هەردوو وڵات لێکەوتەوە. لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی پاکستان محەمەد ئیسحاق دار تەنیا ئامادەیی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ کەمکردنەوەی دۆخەکە ئەگەر هیندستان پابەند بێت. ڕۆژی شەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە "تۆپەکە لە یاریگای هیندستاندایە سەبارەت بە کەمکردنەوەی دۆخی ئەمنی". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هیندستان هێرشی زیاتر ئەنجام نەدات، وڵاتەکەی بیر لە کەمکردنەوەی توندوتیژی دەکات. زیادبوونى گرژیی نێوان دەوڵەتانی دراوسێ بەهۆی کۆمەڵکوژی گەشتیاران لە مانگی ڕابردوودا لە کشمیر کە لە ژێر دەسەڵاتی هیندستاندایە، سەریهەڵدا. لە بەرامبەردا هیندستان ڕۆژی چوارشەممە "ئۆپەراسیۆنی سندوور"ی لە هەردوو شاری کشمیری پاکستان و پاکستان بەڕێوەبرد و ڕایگەیاند کە "ژێرخانی تیرۆریستی" دەکاتە ئامانج.
وتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی ڕایگەیاند: ئەو لووتکەیەی بڕیارە لە بەغدا ڕێک بخرێت، دەبێتە یەک لە هەرە گرنگترین لووتکەکانی وڵاتانی عەرەبی، ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەبردنی ئەو لووتکەیە کراوە. باسم عەوادی دەڵێت: عێراق بە ئاراستەیەکی دروست لە ناوچەکە هەنگاو دەنێت. ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو کێشە و ئالەنگارییەکانی ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی، لە ئەجێندای کارەکانی لووتکەی بەغدایە، ئالەنگارییە گەورەکانی ناوچەکە، زۆر بە وردی لە لووتکەکەدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. وتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ بەڕێوەبردنی لووتکەکە کردووە. سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، باری ناکاویی لە عێراق ڕاگەیەندراوە، ئەو بارە ناکاوی و ئامادەییەی بۆ سەرجەم هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق دەرکراوە، پەیوەندیی بە پاراستنی ئاسایشی لووتکەی کۆمکاری عەرەبییەوە ههیه کە بڕیارە سبەی یەکشەممە، 11ـی ئەم مانگە لە بەغدا بەڕێوە بچێت. عەمید مقداد میری بەڕێوبەری بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتى ناوخۆ، ئەمرۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: لیژنەیەکی باڵا هەیە کە تایبەتە بە دەستەبەرکردنی کۆمکارى عەرەبی لە بەغداد و سەرجەم پێداویستییەکانی تەواوکردووە، وتیشی: پلانی فریاگوزاری دانراوە بۆ هەر بارودۆخێکی نائاسایی. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد لیژنەی ئەمنی کە بەرپرسە لە دەستەبەرکردنی لوتکەی بەغدا سەردانی بەحرەینیان کردووە بۆ پێداچوونەوە بە ئەزموونەکانی پێشوو، وتیشی: 600 ئەفسەر و کارمەند هەڵبژێردراون بۆ دابینکردنی پاراستنی کەسی بۆ شاندە باڵاکان. ئەو بەرپرسەى وەزارەتى ناوخۆ ئەوەشى ڕونکردەوەوە ئەفسەرەكان بە پلەی عەمید هەڵبژێردراون بۆ ئەنجامدانی کاری هەواڵگری، لەگەڵ 100 ئەفسەر كە هەڵبژێردران بۆ بەشداریکردن لە کاروانە ئەمنییەکان بۆ شاندەکان.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) لە پەیوەندیەكی تەلەفونیدا لەگەڵ پەرین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراتی و ئەندامی شاندی ئیمرالی، سوپاسی کردووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو بەیاننامەكەی لەبارەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی پارتی كرێكاران بۆ بڕیاردان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پارتەكە. بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، باخچەلی بە بوڵدانی راگەیاندووە، بە شێوەیەکی شەخسی سوپاستان دەکەم، بەشداریتان لەم پرۆسەیەدا زۆر گەورەیە، پرۆسەکە بەهۆی ئێوەوە گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، تەواوی هەوڵی خۆم دەدەم بۆ تەواوكردنی. لای خۆیەوە، پەروین بوڵدان بە باخچەلی راگەیاندووە، منیش سوپاس ئێوە دەكەم، ئەم پرۆسەیە پێکەوە تەواو دەکەین. پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوێنێ هەینی رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە بەڕێوەبردووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا زانیاری لەبارەی کۆنگرەکە بڵاودەکەنەوە. شاندی ئیمرالیی دەم پارتی چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، ئومێدیان بە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری هەیە؛ لەبارەی کۆنگرەکەی پەکەکەش دەڵێت، چاوەڕێن ئەو پارتە بڕیاری چەکدانان بدات. سەزایی تەمەلـلی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، ئومێدیان بە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری هەیە، داواشی لە هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا کرد، دەستپێشخەری بۆ بەرەپێشچوونی پرۆسەکە بکەن.
بڕیارە، واشنتۆن و تاران ڕۆژی یەکشەممە خولی نوێی دانوستانەکان ئەنجام دەدەن، بەسەر پەرشتى ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکانیان دەکەن. پێشنیاری وەزیری دەرەوەی عومان بۆ سازدانی گەڕی چوارەم دانوستان لە رۆژی یەكشەممەی ئایندە، لەلایەن تارانەوە پەسەندكراوە. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەچاوپێکەوتنێکدا بەمیدیاکانى ئەمریکاى ڕاگەیاندووە، ئەگەر دانوستانەکانی یەکشەممەی داهاتوو لەگەڵ ئێران بەرهەمى نەبێت بەردەوام نابین و ڕێگایەکی دیکە دەگرینە بەر، ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، ئێرانییەکان لە دۆخێکی ئارامتردان وەک لە دە ساڵ لەمەوبەر. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ویتکۆف، وتیشى: ڕێگریکردن لە ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم، واتە ڕێگریکردن لە خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی. ئەو هەروەها باسی لەوە کرد کە لە کاتی دانوستانەکاندا ئێران دووپاتی کردۆتەوە کە نایەوێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، ئەمەش شتێک کە ساڵانێکە بەرپرسانی ئێران دەڵێن. بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئاکسیۆس، ڕۆژی پێنجشەممە، 8-5-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەی نهێنی لە کۆشکی سپی لەگەڵ 'ڕۆن دێرمەر'، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل و چەند ڕاوێژکارێکی نزیکی نەتانیاهۆ کۆبووەتەوە و سەبارەت بە ئێران گفتوگۆیان کردووە و لایەنی ئیسرائیلی نیگەرانیی خۆیان لە ئاراستەی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران نیشان داوە.
ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ترەمپ فشارێکی توند دەخاتە سەر ئیسرائیل، بۆ ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس ڕێکبکەوێت. هەینی 9ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردەوە، ئەمەریکا فشارێکی توند دەخاتە سەر ئیسرائیل، بۆ ئەوەی پێش سەردانەکەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بگاتە ڕێککەوتنی ئاگربەست. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەمەریکا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە ئەگەر بە قسەی نەکات و ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس نەکات، ئەوا ئیدی لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگوێ دەخرێت و هاوکاری ناکرێت. ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک لەگەڵ کەسوکاری بارمتە ئیسرایلییەکان کۆبووەتەوە، ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی ئیسرائیل گرتووە لەبارەی ڕێککەوتنی ئاگربەست. ڕۆژنامەکە لە زاری ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە ڕایگەیاندووە، ئەگەر بارمتەکان تا ئەمڕۆ باجی کۆتایینەهێنانیان بە جەنگ دابێت، ئەوا ئەمڕۆ ئیسرائیل زۆر بە قورسی باجەکەی دەدات. ویتکۆف جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر ئیسرائیل بە هۆش خۆی نەیەتەوە، ئەوا باجی لە دەستدانی ئەو دەرفەتانە دەدات کە ئەمەریکا پێی داوە.
لەیلا زانا، سیاسەتمەداری کورد دوای ڕاگەیاندنی کۆنگرەی پەکەکە، پەیامێکی بڵاوی کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەم سەردەمە نوێیە بەرپرسیارێتی نوێ دەخاتەسەر هەموو کەسێک دوای ڕاگەیاندنی ١٢ـەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەیلا زانا سیاسەتمەداری کورد، لەسەر پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردەوە. لەیلا زانا ئاماژەی بەوەدا، سەردەمی نوێ. هیوا نوێیەکان، ڕێبازی نوێی تێکۆشان، بەرپرسیارێتی نوێ دەخاتەسەر شانی هەموومان. دەبێت بە هۆشیاری و هەستیارییەوە نزیکی پرۆسەیەکی دیموکراتیک، یەکسانیپارێز، دادپەروەر و ئازاد بین. بەم هەست و بیرانەوە، هیوادارم خێری بۆ جوگرافیاکەمان هەبێت.” ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ پرۆسەی چارەسەریی کێشەی کورد و گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنجامدانی کۆنگرەی ١٢ـیەمی خۆی ڕاگەیاند.
ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئۆجالان بەشیوەی تەکنیکی بەشداری کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەی کردووە. پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) پەیوەست بە کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەوە بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامییا قسەیکرد. ناوبراو بەستنی کۆنگرەی وەک هەنگاوێکی مێژوویی پێناسەکرد و هەروەها ئاشکرای کرد سەرۆککۆماری تورکیا دەربارەی بابەتەکە لێدوانی دەبێت. پەروین بوڵدان ئاشکرای کرد، بە قۆناغێکی مێژوویدا تێپەڕدەبن و وتی: “دەزانین هەمووان لە چاوەڕوانی بەستنی کۆنگرەی پەکەکەدا بوون. ئەم کۆنگرەیە پێویستییەک بوو بۆ هێنانەئارای دیموکراسی و بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا. کاتێک لەگەڵ بەڕیز ئۆجالان کۆبووینەوە باسی لە گرنگی قۆناغەکە و پێکهێنانی ئاشتی لە تورکیادا کرد. دەیوت، تورکیا پێویستی بە ئاشتییە. پەکەکە ڕایگەیاند کۆنگرەی خۆی ئەنجامداوە، ئەم کۆنگرەییە دەبێتە ڕەخسێنەری ئاشتی لە تورکیادا. لە ئێستا بەدواوە دەبێتە بناغەیی ئاشتی لە تورکیادا، هەنگاوی مێژوویی دەنرێت. بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە ڕەخسێنەری چاوەڕوانییەکان. بۆیە پێویستە بە گرنگییەکی مێژووییەوە لەم هەنگاوە بڕاوانین.” بەشداری کۆنگرە بەشێوەیی تەکنیکی دەربارەی ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بەشداری بەستنی کۆنگرەی کردووە یان نا، پەروین بوڵدان وتی: “بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەشێوەی تەکنیکی (ڕاگەیاندنێکی تەکنیکی) ئەنجامدراوە. نامەوێ وردەکاری زیاتر بدەم. لەبەرئەوەی ڕێگەکەمان درێژەی هەیە و پێویستە بە ئاگادارییەوە لەسەر پرۆسەکە قسەکەین و زیانی لێنەدەین. بۆیە تا گەیشتن بە سەرکەووتنی پرۆسەکە دەبێت بە ئاگادارییەوە قسەکەین. کاتێک سەرنج بدەینە ڕاگەیاندراوە دراوەکان، ئەگەری ئەوە هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕاڤەی بەرفراوانتر بکرێت. بێگومان ڕاڤەکردنی گرنگ دەبێت. پێویستە باسی ڕۆڵی سری سوورەیا ئۆندەر بکەم. خۆزگە ئەویش بە چاوی خۆی ئەم ڕووداوەی ببینایە. کاری زۆی کرد، بە ئێستاشەوە لە پرسەی ئەوداین. جارێکی دیکە بە ڕێزەوە یادی دەکەینەوە و ئەم هەنگاوە پێشکەش بەڕۆحی ئەو دەکەین.” ئەردۆغان لێدوانی دەبێت لە بارەی بابەتەکەوە پەروین بوڵدان ئاشکرایکرد، سەرۆکی ئاکەپە دەربارەی بابەتە لێدوان دەدات و وتی: “لە ماوەیەکی نزیکدا قسەی لەبارەی بابەتەکەوە دەبێت. نامەوێ لەسەر ئەم بابەتە هەڵسەنگاندن بکەم. بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا سەرۆککۆماریش قسەی لەسەر بابەتەکە دەبێت.”
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە ئەگەری هەیە ئەو باجانەى کەلەسەر چین داینابوو کەمى بکاتەوە بۆ 80%، دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو بەرزیکردەوە بۆ 145%، ئەمەش جۆرێک لەپەشیمان بوونەوە دەردەخات لەهەڵوێست و بریارەکانى پێشووترى ترەمپ. "بە ڕواڵەت باجی 80% لەسەر چین بڕیارێکی دروستە!" ڕۆژی هەینی لە پۆستێکی کورتدا لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەمەى نووسیویە و ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە لە ئەستۆی سکۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکایە. لە سەرنجێکی دیکەدا ترەمپ داوای لە چین کردووە "بازاڕەکانی بەڕووی ئەمریکادا بکاتەوە"، پێی وایە بڕیارێکی لەو شێوەیە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتەدا دەبێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە "بازاڕە داخراوەکان چیتر ناتوانن بەردەوام بن"، وەک خۆی دەڵێت. سەرچاوە ئاگادارە ئەمریکییەکان دوێنێ بڵاویان کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ بیر لە پلانێک دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی باجی 145% لەسەر هاوردەکردنی چین بۆ زیاتر لە نیوە، ئەمەش لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات، بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست. لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاند، ڕەنگە باجەکان کەمبکاتەوە. رۆژی 01-04-2025 حکومەتی ئەمریکا پێناسی گومرگی بۆ وڵاتانی جیهان راگەیاند چەند ڕۆژێک دواتر ترەمپ لە بەرامبەردا چینی بە تێکدانی بازاڕی جیهان تاوانبار کرد و پێناسی گومرگی سەر وڵاتەکەی بۆ 125٪ بەرزکردەوە. رۆژێک دواتریش پێناسی گومرگی سەر وڵاتەکەی بۆ 145٪ بەرزکردەوە. لە وەڵامی پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکادا، چین پێناسی گومرکی بەسەر کاڵای هاوردەکراوی ئەمریکیدا بۆ 84٪ بەرزکردەوە.
ڕاپۆرتێکی ئێن بی سی نیوز ئەو بڕە پارەیەی ئاشکرا کردووە کە ئیدارەی ترەمپ بۆ هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکان لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە تەرخان کردبوو. ماڵپەڕەکە لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکانی ئیدارەی ترەمپ لە دژی حووسییەکان لە یەمەن، لە مانگی ئادارەوە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری ئەمەریکی تێچووە. بە وتەی ئەو دوو بەرپرسە، کورتەیەکیان لەبارەی تێچووی هێرشەکانی ئەمەریکا پێدراوە، تێچووی ئەو دوو بەرپرسە بریتی بووە لە هەزاران بۆمب و مووشەکی بەکارهێنراو لە هێرشەکاندا، ئەمە جگە لەوەی زیانی تۆمارکراو. بە وتەی بەرپرسان، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە مانگی ئادارەوە نزیکەی دوو هەزار بۆمب و مووشەکی دژی حووسییەکان بەکارهێناوە، کە تێچووی زیاتر لە 775 ملیۆن دۆلار بووە. لەنێو ئەو زانیارییانەی ئەو دوو بەرپرسە ئاشکرایان کردووە، سوپای ئەمەریکا لانیکەم 75 مووشەکی تۆماهۆکی بەکارهێناوە، هەریەکەیان نزیکەی یەک ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری تێچووە. هەروەها ئەو چەکانەی لە دژی حووسییەکان بەکارهێنران، 20 مووشەکی کروز لەخۆگرتبوو هەریەکەیان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری تێچووە.
