دوو سەركردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بە پێویستی دەزانن ئەردۆغان هەڵوێستێکی روونی هەبێت لەسەر پرۆسەی ئاشتی، دەشڵێن، باخچەلی هەڵوێستی روونە، بەڵام ئەردۆغان تەمومژاوییە. عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا و ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە، لە کۆبونەوەی گروپی پەرلەمانيی پارتی ڕێبازی نوێ (یەنی یۆل) قسەیان لەبارەی پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان و راگەیاندنی ئاگربەستی پەكەكە كرد، جەختیان لەوە کردەوە  پڕۆسەی چارەسەری تەنیا بە ئیرادەی سیاسی و نەخشە رێگایەکی روون و دیاریکراو دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت، داواشیان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کرد، هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو پرسە روون بکاتەوە. داود ئۆغڵو، سەبارەت بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پێشهاتەکانی ئەم دواییە وتی: ئۆجەلان ئێستا باس لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکخراوە دەکات، لەبری ئەوەی تەنها گروپە چەکدارەکان لە تورکیا بکشێنێتەوە، وەك ئەوەی ساڵی (2013) روويدا، جگە لەوەش ئەم بەیاننامەیە پەیکەری دەوڵەت ناخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو باس لە دیموکراسی دەکات لە چوارچێوەی سیستەمێکی یەکگرتوودا، بەپێویستيشی زانی پێناسەی تورکبوون لە دەستوردا بگۆڕدرێت. لای خۆیەوە، عەلی باباجان، جەختی لە گرنگی چارەسەری ئاشتیانە کردەوە و وتی: ئاشتی باشترە لە شەڕ، ئێمە بە گەشبینیەکی وریاییەوە بەدواداچون بۆ پرۆسەکە دەکەین، بەڵام بەبێ ئیرادە و نەخشە رێگای روون، سەرکەوتن قورسە.  ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا هەڵوێستی باخچەلی جێگیر دەردەکەوێت، هەڵوێستی ئەردۆغان تا ئێستا تەمومژاویە، وتیشی: یان دەبێت بۆ  پێشەوەیە بڕوانین و پێکەوە هەنگاوبنێین، یان شكستدەهێنین و ئەم دەرفەتە لەدەست دەدەین. وتیشی: هاوڵاتیانی کورد لە وڵاتەکەمان کێشەیان هەیە، کێشەی کوردی بوونی هەیە، گۆڕەپانی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش لە ژێر سەقفی ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیادایە.  ئەم کێشەیە بە روونی دەركەوت، كاتێك شاندی ئیمرالی بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەیان راگەیاندو، بۆ یەكەمجار دەقی بانگهێشتنامەکەیان بە زمانی كوردی خوێندەوە، ئایا نەتانبینی لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان چی روویدا؟ هەندێکیان نەیاندەزانی چی بکەن، لەترسا پەخشەکەیان بڕی، هەندێکیان گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆیان و قەدەغەکردنیان لە باوەش گرتەوە، ئەم ڤایرۆسە پاوانخوازییە، ئەم ڤایرۆسە دژە دیموکراسییە، ئەم ڤایرۆسەی پۆپۆلیزمە، ئەم ڤایرۆسە جیاکارییە ڤایرۆسێکە لە ڕێگەی سیاسەتەوە بڵاودەبێتەوە.  باباجان جەختیكرد، چارەسەر دەبێت لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی درێژخایەنی نێوان تورکیا و کوردەكان بێت، وتیشی، ئێمە دەمانەوێت کورد لە سوریا بە ئازادی بژین و پەیوەندی سیاسی هەمەچەشن و دۆستانەیان لەگەڵ تورکیا هەبێت، بۆیە دەبێت هەموو ئەو چەکانەی ئاراستەی تورکیا دەکرێن وەلا بنرێن.

بەڕێوەبەرى ڕوانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، ئەو ئاڵۆزییانەى کە لە سووریا سەریانهەڵداوە فەرماندەیەکى سەر بە دەسەڵاتى پێشووى سووریا بەناوى غەیاس دەللا لێى بەرپرسیارە و بووەتە هۆى هەڵگیرسانى فیتنە لە سووریا. ڕامى عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە ئاڵۆزییەکاندا زیاتر لە 124 کەس کوژراون، 36 کەسى سەر بە هێزەکانى وەزارەتى ناوخۆ و بەرگریى سووریا، 32 چەکدارى سەر بە دەسەڵاتى پێشووى سووریا، 52 کەسیش لە ریفى لازقییە کوژراون کە لایەنگرى ئەو فەرماندە سەربازییە سوورییە بوون و چوار هاوڵاتى سڤیلیش لەناو کوژراوەکاندا هەیە. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو ڕووداوەکانی کەنارەکانى سوریا لەسەر بنەمای تائیفی ڕوونادەن و نەگەیشتوونەتە ئاستی شەڕی تائیفی، بەو پێیەی هێرشەکانی ئەو ناوچانە لە نێوان چەکدارانی ناو سوپای ڕژێمی لەکارکەوتوو و هێزەکانی حکومەتی نوێ لە دیمەشق ڕوودەدەن. بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریى وتیشى: داوا لە هەموو سوورییەکان و حکوومەتی نوێ دەکەین، خەڵکی سڤیل لە هەموو گەلی سووریا بپارێزن، چونکە ئەمە ئەرکی ئەوانە. ڕامى عەبدولڕەحمان دەڵێت ئەو کەسەى کە بەرپرسیارییەتى ئەم شەڕ و ئاڵۆزییەى دەکەوێتە ئەستۆ، ئەو کەسەیە کە ناوى غەیاس دەللایە، فەرماندەى سەربازیى بووە لە کاتى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، بووەهۆى هەڵگیرسانى فیتنە لەنێوان سونە و عەلەوییەکان، عەلەوییەکانى هاندا دژى دەسەڵاتى نوێى سووریا بجەنگن، ئەو بەرپرسی یەکەم و کۆتایی کێشەکانە.  

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەیەوێت دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بکات و ڕۆژی پێنجشەممە نامەیەکی بۆ سەرکردایەتی ئێران نارد و ڕایگەیاند، هیوادارە ئەوان ڕێکبکەون لەسەر گفتوگۆکردن. دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس بزنس کە ئەمڕۆ هەینی پەخشکرا، وتی: وتم هیوادارم دانوستان بکەن، چونکە بۆ ئێران زۆر باشتر دەبێت. ئەو وتیشى: "پێموایە ئەوان دەیانەوێت ئەو نامەیە بەدەستبهێنن. بەدیلەکەی دیکە ئەوەیە کە دەبێت شتێک بکەین، چونکە ناتوانیت ڕێگە بە چەکی ئەتۆمی دیکە بدەیت". پێدەچێت نامەکە ئاڕاستەی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵاى ئێران بووبێت. کۆشکی سپی دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکی سەبارەت بەو بابەتە نەدایەوە. ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، سێرگی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ کازم جەلالی باڵیۆزی ئێران، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دەوروبەری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تاوتوێ کردووە. بلومبێرگ کە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەی دەستکەوتووە، لە زاری سەرۆکی ئەمەریکاوە نووسیویەتی "نامەیەکم بۆیان نووسی و هیوای خۆمم دەربڕی کە دانوستان بکەن، چونکە زۆر ترسناک دەبێت بۆ ئەوان ئەگەر ناچار بین لە ڕووی سەربازییەوە دەستوەردان بکەین." لە کاتێکدا دانۆڵد ترامپ ڕەتی نەکردەوە کە لە بژاردەی سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵک وەربگیرێت، بەڵام وتیشی کە پێم باشە دانوستان بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی "دڵنیام هەمووان لەگەڵمدا هاوڕان. بەڵام دەتوانین بگەینە ڕێککەوتنێک کە هێندەی سەرکەوتنێکی سەربازی باش بێت." بلومبێرگ ڕۆژی سێشەممە 4ی مانگی سێ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هاوکاریکردنی بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لە پرسگەلێکی جۆربەجۆر، لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاڵپشتی ئەو حکوومەتە لە گرووپە دژە ئەمەریکاییەکان لە ناوچەکە. دواتر برایان هیوز وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بەڕێوبەرایەتی ترامپ لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا "لە پێگەی هێزەوە بۆ دۆست و دوژمن" قسە دەکات. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو "ڕووسەکان پێشنیاریان کردووە نێوەندگیری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەن، بەڵام داوایان لێ نەکراوە ئەم ڕۆڵە بگێڕن".

نیوەڕۆى ئەمرۆ بۆمبێکی نەتەقینەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیهانی دووەم، دۆزرایەوە لە نزیک وێستگەی گەورەی شەمەندەفەری پاریس، بەوهۆیەشەوە هاتووچۆی وێستگەى گار دو نۆرد لە پاریس کە سێیەم قەرەباڵغترین وێستگەی شەمەندەفەرە لە جیهاندا پەکخستووە. کۆمپانیای نیشتیمانیی شەمەندەفەری فەرەنسا ئەمرۆ هەینی، 7ـی ئاداری 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسی، "بۆمبێکی نەتەقیو لە نێو سکەی شەمەندەفەر لە وێستگەی گار دوو نۆرد لە ناوچەی سەینت دێنیس لە باکووری پاریس دۆزراوەتەوە." بۆمبەکە لە دووری 2.5 کیلۆمەتر لە گار دو نۆردەوە دۆزراوەتەوە، لە ناوەڕاستی ڕێڕەوەکاندا، پۆلیسی پاریس ڕایگەیاند، بۆمبەکە کاتژمێر 3:30 خولەکی بەیانی دۆزراوەتەوە، لە شاری سانت دێنیس کە گەڕەکی باکووری پاریسە و لەکاتی کارەکانی بیناسازیدا دۆزراوەتەوە. فیلیپ تابارۆ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پێشبینی دەکات کە پەککەوتنى هاتووچۆ لانیکەم تا کۆتایی ڕۆژەکە بەردەوام بێت. بەرپرسانی پاریس هەموو گەشتەکانی وێستگەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر پۆلیس بۆ پووچەڵکردنەوەی بۆمبەکە رەوانەی وێستگەکە کراون.  بەگوێرەی نووسینگەی گەشتیاری پاریس، ساڵانە نزیکەی 220 ملیۆن سەرنشین بە ڕێگای گار دو نۆرد، قەرەباڵغترین وێستگەی شەمەندەفەر لە ئەوروپادا تێدەپەڕن و گەشت و گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی باکوری فەرەنسا و لەندەن و بەلجیکا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا دەکەن. ئەم وەستان و پچڕانە کاریگەری لەسەر هێڵی ئاسنی هاتووچۆ و شەمەندەفەرە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان هەیە، لەنێویاندا خزمەتگوزارییەکانی یۆرۆستار، وتەبێژی کۆمپانیاکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کۆمپانیای یۆرۆستار بەنیازە سەرجەم شەمەندەفەرەکانی گار دو نۆرد و گەڕانەوە بۆ گار دو نۆرد هەڵبوەشێنێتەوە. ماڵپەڕەکەی ئامۆژگاری گەشتیارانی کردووە کە کاتەکانی گەشتەکانیان دابنێن.

  دەسەڵاتدارانی ئەمنی سوریا ڕۆژی هەینی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانیان لە دژی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو لە لازقیە و تارتووس ڕاگەیاند و لەچەند ناوچەیەکیش هێشتا شەڕو پێکدادان بەردەوامە. ئاژانسەکانى هەواڵ بڵاویانکردەوە هێزەکانی سوریا ناوەندی پارێزگاکانی تەرتوس و لازقییەیان کۆنترۆڵکردووە و ئامادەکاری دەکەن بۆ چوونە ناو لادێکان، ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی سوریا کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ناوەندی پارێزگای لازقیە کردوەو ئێستا لەژێر دەستیاندایە. هاوکات بەرپرسانى حکومى کاتى سوریا ڕایانگەیاند قەدەغەی هاتووچۆ لە پارێزگای تارتووس تا کاتژمێر ١٠ی بەیانی ڕۆژی شەممە درێژکراوەتەوە. لەلایەکى دیکەوە هێزە ئەمنییەکانی سووریا هێزی زیاتریان بۆ جەبلە ناردووە، لە کاتێکدا هێشتا پێکدادان لە چەند ناوچەیەکی جەبلە لە کەناراوەکانی سووریا بەردەوامە.  هێرش و بۆسەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشووی سوریا بە هەماهەنگی و پلان بۆ داڕێژراو بووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەڵمەتی ئەمنی ئێستای سوریا لە دژی پاشماوەکانی ئەسەد گەورەترین هەڵمەتە. شاری سەلحەب لە لادێکانی حەما شاهیدی هەڵمەتێکی گەڕان و هەڵکوتانە سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی بەدواداچوونی گروپ و ئەندامەکانى سوپای ڕژێمی پێشوو و دەستبەسەرداگرتنی چەکی نایاسایی کە لەم دواییانەدا لەنێو لایەنە بێ مۆڵەتەکاندا بڵاوبوونەتەوە. ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هێزەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەرەسەندنی پەرەسەندنی ئەمنی لە ناوچە کەنارییەکانی سوریا دێت. هاوکات گەڕەکە جیاوازەکانی تارتوس و لازقییە شاهیدی گەڕانی بەرفراوانن، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەسەر ڕووداوەکان لەبەردەستدا بێت. چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایانگەیاندووە، ئەو ئەنجوومەنە سەربازییەی کە لەلایەن فەریق غیاس دالا پێکهێنراوە، دەستیکردووە بە فراوانکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر زەوی و هاوپەیمانی لەگەڵ سەرکردەکانی پێشووی سوپای بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراوی وڵاتەکەیدا دروستکردووە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتانەدا ئاژانسی هەواڵی سوریا "سانا" لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە بڵاویکردەوە، قەدەغەی هاتوچۆ لە شارەکانی لازقییە و پارێزگاکانی تەرتوس ڕاگەیەندراوە. جگە لەوەش لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لە شەوی پێنجشەممەوە تا بەرەبەیانی هەینی شایەتی پێکدادانی توندوتیژی نێوان هێزەکانی سوپای سوریا و ئەندامەکانى سەر بە پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو بوو، ئەمەش دوای هێرشێک کە پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد بۆ سەر کاروانێکی سەربازیی سەر بە سوپا لەسەر ڕێگای حەلەب- لازقییە دەستیپێکرد. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، دالا هاوپەیمانی لەگەڵ محەمەد مەحرەز جابر، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی فالکۆنی بیابان، کە ئێستا لە نێوان ڕووسیا و عێراق نیشتەجێیە، هاوپەیمانییان پێکهێناوە. ئاماژەی بەوەشکرد، فەریق غیاث دالا هاوپەیمانی لەگەڵ یاسر ڕەمەدان ئەلحەجەل پێکهێنا کە فەرماندەیەکی مەیدانی بوو لەناو گروپەکانی سوهەیل حەسەنی سەر بە ڕژێمی لابراو. محەممەد حوسێن، فەرماندەی مەیدانی سوپای سوریا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد ئەوان  لە جموجۆڵە سەربازییەکان و بەهێزکردنى هێزەکانیان هیچ مەزهەبێک ناکەنە ئامانج، و هەوڵدەدەین ئاسایش لە سەرتاسەری وڵاتدا جێگیر بکەین و ڕێگری لە دابەشبوون بکەین.

  فازڵ میرانی بە پێویستی دەزانێت، كورد و شیعە بەهەمان ڕووحییەتی سەردەمی ئۆپۆزسیۆنی و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و زۆرداری، پێكەوە كار بكەن و داوای زیندووكردنەوەی پەیوەندیی  مێژوویی شیعە و كوردی كرد. ڕێوڕەسمی یادی 16 ساڵەی تیرۆركردنی محەممەد باقر حەكیم، ناسراو بە شەهیدی میحراب بەڕێوەچوو، شاندێكی باڵای حكومی و حیزبی هەرێمی كوردستانیش بەشداریی مەراسیمەكەیان كرد. فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: جێی نیگەرانییە لایەنە عێراقییەكان هاوشێوەی سەردەمی ئۆپۆزسیۆنی تەبا نین، ئەو سەردەمەی پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق تەبا بوون و پێكەوە كارییان دەكرد، زۆر دەسكەوتی گەورەیان بۆ عێراق بەدەستهێنا، بەڵام ناكۆكییەكان و قووڵكردنەوەی كێشەكان، جگە لە نەهامەتی، هیچی دیكەی بۆ گەلانی عێراق نەهێنا." ئەو وتیشى: مەبەستمانە بەهەمان جۆش و پەرۆشی سەردەمی پێشوو بەیەكەوە كاربكەین و برینەكانی ئێستا بە هەناسە و هزری پەیوەندییەكانی پێشوومان ساڕێژ بكەین. هاوکات ئاماژە بۆ ئەوەکرد ئێمەی كورد قەناعەتمان وایە بۆ دەسكەوتنی شایستە و مافەكانمان، لەپێشدا ئەركەكانمان جێبەجێ بكەین لەسەر ئەو بنەمایەش حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم پابەندییەكانی بەرامبەر حكومەتی فیدڕاڵی جێبەجێ كردووە.

ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند: ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە بەشێک لە ناوچەکانی سوریا روودەدەن، باش نەخوێندنەوەی دۆخەکەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە و دۆخی هەستیاری سوریایان لەبەرچاو نەگرتووە. ئیدارەی خۆسەر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەمڕۆ هەینی (7ـی ئازاری 2025)راگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئاڵۆزیی و روبەڕوبونەوەکانی بەشێک لە ناوچەکانی سوریا بەتایبەتی لە کەنارەکان لەنێوان چەکدارانی دیمەشق و گروپە چەکدارەکانی دیکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: نیگەران و خەمبارین بەو دۆخە، لە هەمانکاتدا رایدەگەیەنین ئەو ئاڵۆزییە بەهۆی باش نەخوێندنەوەی دۆخی سوریایە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە، ئەوەش رەچاونەکردنی دۆخی هەستیارەی وڵاتەکەیە، بەتایبەتی لە روی جۆراوجۆری پێکهاتە و مەزهەبەکانییەوە. ئاماژەی بەوەکردووە؛ ئاڵۆزبونی زیاتر وڵاتەکە بەرەو لێواری کۆتایی دەبات و هۆکارێکە بۆ کۆمەڵکوژیی زیاتر بەرامبەر گەلی سوریا. ئیدارەی خۆسەر داوا لەسەرجەم لایەنەکان دەکات، بە حیکمەت و دان بەخۆداگرتن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، چونکە ئاڵۆزبوونی زیاتر دەبێتە هۆی تەقینەوەی زیاتر نێوان هێزە نەتەوەییەکانی سوریا و گەلی سوریا باجی ئەو ناکۆکیانە دەدات. جارێکی تر ئیدارەی خۆسەر جەخت لەسەر گفتوگۆی نیشتیمانی راستەقینە دەکاتەوە لەپێناو گەیشتن بە کەناری ئارام و چارەسەرکردنی سەرجەم ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هێزەکانی سوریا، چونکە بەوتەی ئەوان دیالۆگ تاکە رێگەی بونیاتنانی سوریایەکە کە ئاواتەکان بەدیبهێنێت و لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی گەلی سوریا بێت بەسەرجەم لایەن و پێکهاتەکانەوە. ئیدارەی خۆسەر داوا دەکات کۆتایی بە ئاڵۆزییەکانی بهێنرێت و پەنا بۆ دیالۆگ ببرێت، داواش لە گەلی سوریا دەکات لە پشت هیچ کەسێکەوە نەوەستن کە هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی دەدات، لەبەرئەوەی هەمووان زیانمەند دەبن و دوژمنەکان هەلەکە دەقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە سوریا.  

  سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا رایانگەیاند، بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانی نێوان سەربازانی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە، کە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بە لایەنگر و پاشماوەی نزیک لە بەشار ئەسەد، ناویان دەبەن، زیاتر لە 70 کەس کوژراون.  ئێوارەى ڕۆژی پێنجشەممە، شەڕ لە شارەکانی لازقییە، جەبلە، تەرتووس لە ڕۆژئاوای سووریا کە پێگەی بەهێزی عەلەوییەکانی سووریایە ڕوویداوە، شارەکانی لازقییە و تارتووس شایەتی جموجۆڵی سەربازی چڕوپڕ بوون، دەیان هاوڵاتى و چەکدار ڕژابوونە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندان و ناڕەزاییان دەردەبڕى دژى ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتى سوریاى نوێ، گرژى و ئاڵۆزیەکان و شەڕو پێکدادانەکان تادرەنگانێکى شەو بەردەوام بوون. ڕوانگەى سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ ئەمرۆ هەینی 07ـی ئاداری 2025، ڕایگەیاند لە ئەنجامی ئەو هێرش و ڕوبەڕوبونەوانەدا  زیاتر لە ٧٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەوانە: ٣٥ کەس لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، ٣٢ چەکدار لە سوپای ڕژێمی لەناوچوو،  ٤ هاوڵاتى مەدەنی، جگە لە دەیان بریندار، لەگەڵ ونبوون، و زیندانییەکان لە هەردوولا. لەلایەکی دیکەوە، جگە لە شارەکانی بانیاس، جەبلە و لازقییە، تا ئێستاش چەکدارانی سوپای ڕژێمی پێشوو لە چەند شارۆچکە و گوندێکی بناری کەناری سوریا ئامادەن. هەروەها هێزە سەربازییەکان لەسەر ڕێگای تارتووس-هۆمس و ڕێگای بانیاس-جەبلە کەوتنە بۆسەیەکەوەو نزیکەى ١٦ کەسیان لێ کوژرا. لەگەڵ دروستبوون و پەرەسەندنى گرژییەکانی نێوان هێزەکانی ئەحمەد شەرع و چەکدارە عەلەوییەکان سوپاى تورکیا لەچەند ناوچەیەکەوە دەیان ئۆتۆمبێل و چەک و هێزی سەربازى ڕەوانەی باکووری سووریا کرد. بەرپرسانی سەربازی سووریا رایانگەیاندووە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەک لە چەکدارانی نزیک لە ئەسەد، هەڵیانکوتاوەتە سەر ژمارەیەک لە خاڵی پشکنینی سوپا لە دەوروبەری شاری لازقییە، دواتر شەڕەکە فراوانتر بووە بۆ شاری جەبلە.    بەرپرسێکی ئەمنیی سووریا رایگەیاندووە "ژمارەیەک زۆر لە هێزەکانمان شەهیدبوون و برینداربوون، بەڵام هەوڵدەدەین ئەو گرووپانە لەو ناوچانە بنبڕ بکەین و ئاسایش و ئارامی بگەڕێنینەوە بۆ خەڵکەکەمان."    هەروەها سەرچاوە خۆجێیەکان رایانگەیاندووە، زۆربەی ئەو چەکدارانەی، لە ئەنجامی 24 کاژێری رابردوودا کوژراون، ئەو چەکدارانە بوون کە پێش رووخانی رژێمی ئەسەد، لە پارێزگەی ئیدلبی باکووری رۆژئاوای سووریا بوون.    دوای گەیشتنی هێزی پشتیوانی زیاتر بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای سووریا، سوپای سووریا رایگەیاند توانیوویانە بەرپرسی بەشی هەواڵگریی هێزی ئاسمانی سەردەمی ئەسەد دەستگیر بکەن، کە یەکێک بووە لە کەسە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەسەد.    میدیای فەرمیی حکومەتی سووریا لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند "هێزەکانمان لە شاری جەبلە توانیویانە تاوانبار ژەنەرال ئیبراهیم حویەجا، دەستگیر بکەن، ئەو تۆمەتبارە بەوەی دەستی هەبووە لە کوشتنی سەتان کەس لە سەردەمی تاوانباران حافز و بەشار."     سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، سوپای سووریا لەڕێگەی فرۆکەی جەنگییەوە، بۆردوومانی چەندین گوندی لە دەووروبەری شاری لازقییە کردووە، دواتر سەرۆکهۆزی عەلەوییەکان لە ناوچەکە داوای خۆپێشاندانی فراوانی لە دژی ئەو هێرشانە کردووە؛ بەڵام هێزەکانی سوپای سووریا باری لەناکاویان راگەیاندووە و هاتووچۆکردنیان لە ناوچەکە قەدەخە کردووە.

ماوەى دوو ڕۆژە شەڕو پێکدادان لە نێوان گروثیک کە خۆیان بەدڵسۆزانى ئەسەد ناساندوە لەگەڵ ئیدارەى نوێى سورسا لەچەند ناوچەیەکى ئەو وڵاتە ڕویداوەو تائێستاش گرژى و ئاڵۆزیەکان بەردەوامن. بەپێى ئامارێکیش  16 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانى حکومەتى ئەو وڵاتە کوژراون. بەپێى زانیاریە بڵاوکراوەکان هاوکاتى ئەو گرژیانە، عەلەوییەکان لەچەند ناوچەیەکى سووریا دەستیان بە راپەڕین و خۆپیشاندان کردوە دژی ئەحمەد شەرع داوا ئەکەن ناوبراو دەسەڵات بەجێ بهێڵێت. وەزارەتی ڕاگەیاندنی سوریا ڕاگەیاندووە، پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی کەناراوەکان لە ناوچەى جەبل، بەڵام توانیویان تاڕادەیەک کۆنترۆڵی بکەن. بەپێی ئامارێکی نوێ کە لەلایەن ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤەوە ئاشکراکراوە، ڕۆژی پێنجشەممە 16 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە هێرشەکانی چەکدارانی دڵسۆز بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراوی سوریا لە ڕۆژئاوای سوریا کوژران. ڕوانگەکە ڕایگەیاندووە: ژمارەی کوژراوانی هێرش و بۆسەی چەکدارانی لایەنگری ئەسەد لە شارۆچکەی جەبلە و لادێکانی بۆ 16 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سوریا بەرزبووەتەوە، ئەمەش توندوتیژترین هێرشەکانی دژ بە دەسەڵاتی نوێیە لەدوای ڕووخانی ئەسەد" لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا. پێشتر هێزە ئەمنییەکانی سووریا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاندبوو کە لە ڕۆژاوای ئەو وڵاتە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەفسەری پێشووی سوهەیل حەسەن کە یەکێک بوو لە دیارترین سەرکردەکانی سوپا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد، سەرقاڵی شەڕو پێکدادانن. ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانا لە زاری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای لازقییە بڵاویکردەوە، "ئەو گروپە چەکدارانەی کە هێزە ئەمنییەکانمان لە لادێکانی لازقیە لەگەڵیاندا پێکدادان دەکەن، سەر بە تاوانباری جەنگ سوهەیل ئەلحەسەنن". لای خۆیەوە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە هەلیکۆپتەرە سەربازییەکان هێرشیان بۆ سەر چەکدارانی لازقیە دەستپێکردووە، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرانی یەکێک لە ئەندامەکانیان لەو ناوچەیە ڕاگەیاند. https://t.me/hawlatinews/23144  

ـ ئەم حوكمڕانانە لەهەموو لایەكەوە دەست بۆ گیرفانی خەڵك دەبەن، بوونەتە شەریكی گیرفانی ئەم میللەتە ـ خەڵك بۆتە كرێچیی ئەم حوكمڕانیە، مانگانە چی دەستدەكەوێت دەبێت بێداتە كۆمپانیاكان ـ حوكمڕانان 9 قات نرخی كارەبایان زیادكردووە، كەچی یەك حزبی ئۆپۆزسیۆن دەنگی لێوەنەهاتووە ـ ئەو ئۆپۆزسیۆنەی هەیە زۆربەی موچەخۆری مانگانەی دەسەڵاتە بۆیە دەسەڵات خراپتر دەكات نوسینى: سەرتیپ جەوهەر ئەوەی حوكمڕانان بەم حوكمڕانیە و خەڵكی كوردستانی دەكەن، لە مێژووی هیچ حوكمڕانیەك لەمێژوودا نەبووە! حكومەت و حوكمڕانیی بووە بە (دیل)ی دەستی كەمینەیەك كە لە تاریكیدا لە دەرەوەی قانون و لە ژوری بچوك و تاریكدا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكاندا دەكەن گوایە بۆ چاككردنی خزمەتگوزارییە، وەك ئاو و كارەبا و نەخۆشخانە و پۆستە و تاپۆ و فەرمانگە دادییەكان و ..تد وایلێهاتووە هەموومان وەك كرێچی، مانگانە هەرچی دەستماندەكەوێت لە دەستی ئەو كۆمپانیا ملۆزمانەی بكەین كە حوكمڕانان لەژێر ناوی جیاوازەوە بەسەریاندا سەپاندوین.  ئاخر لە كوێی دونیا هەبووە حكومەت لە ڕێی كۆمپانیاوە بە كونفەیەكونێك نرخی كارەبا 9 قات لەسەر هاوڵاتیانی زیادبكات، لە كوێی دونیا هەبووە حكومەت لە فەرمانگەی دادنوسیدا كۆمپانیایەك بەسەر هاوڵاتیاندا بسەپێنێت لەبری عەریزەیەكی تەنها 1 هەزار دیناریی 20 هەزار لە هاوڵاتیان وەرگرێت؟! رۆژانە بەناوی ژینگەوە لە چەندین شوێنی جیاواز لە حكومەت، پارە لە هاوڵاتیان وەربگیرێت و یەك دیناریش بۆ سندوقی چاككردنی ژینگە تەرخان نەكرێت؟! ئەی لە كوێ هەبووە حكومەت لە ئەنجومەنی وەزیران لە باتی وەزارەتی داد لەدەرەوەی یاسا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا بكات بۆ تۆماری فەرمانگەكانی تاپۆ و ملیارەها دینار بدات بە كۆمپانیا؟ ئەی لێوەرگرتنی پارەی تابلۆ؟ ئەی زیادكردنی نادەستوریی رەسم و باج لەسەر هاوڵاتیان؟ ئەی كۆمپانیایەكیان هێناوە بەزۆر بڕی 55 هەزار دینار لە خەڵك وەردەگرێت گوایە مامەڵەكانیان بۆ دەگەیەننە ماڵەوە! ...تد ئەم حوكمڕانیە بەئاراستەیەك هەنگاو دەنێت، هەناسەی بۆ خەڵك نەهێشتۆتەوە. لەلایەك هەرچی نەوت و سامانی ژێر زەوی هەیە رۆژانە بەبەرچاوی هەموومانەوە بە تانكەر بەڕێی قاچاخ دەیفرۆشن و كەس نازانێت داهاتەكەی چی بەسەردێت، لەلایەكی دیكە خەریكن هەموو سێكتەرەكانی خزمەتگوزاریی و پێداویستیە بنەڕەتیەكانی ژیان لەم هەرێمە رادەستی كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان دەكەن و لە هەموو لایەكەوە دەست بۆ گیرفانی خەڵك دەبەن و بوونەتە شەریكی داهات و گیرفانی ئەم میللەتە هەشبەسەرە. ئەم تەجاوزەی حوكمڕانان بەسەر قانون مافی خەڵك لەخراپیی و مردۆخیی ئۆپۆزسیۆنەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو پێشێلكارییەی دەسەڵاتداران بەسەر ماف و ژیانی خەڵكدا لە ئەنجامی نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و راستەقینەیە بەجۆرێك بتوانێت بەر لە كارە ناقانونیی و زیادەڕۆییەكانی حكومڕانان بگرێت.  خراپی ئۆپۆزسیۆنە؛ دەسەڵات خراپتر دەكات. ئەو ئۆپۆزسیۆنەی هەیە (زۆربەی) یان ئەجێندایەكی روونی ئۆپۆزسیۆنبوونی راستەقینەی نییە تا ببێتە چاودێر بەسەر حوكمڕانییەوە، یاخود موچەخۆری مانگانەی دەسەڵاتە یاخود چاوەڕێی تەشكیلەی حكومەتە و ئەویش دەیەوێت دەستی لە لچكێكی حوكمڕانیی گیرببێت و بەشێك لەو شیرینیەی دەسەڵاتیی بەربكەوێت كە هەرچوار ساڵ وەك غەنیمە بەسەر لایەنە سیاسیەكاندا دابەشدەكرێت. كاتێكیش دێتە حكومەت، لەبری نمونەیەكی باش پێشكەش بكات، لە پارتی و یەكێتیی خراپتر دەكات! ئەو ئۆپۆزسیۆنەی هەیشە، رەنگدانەوەی دۆخی خراپیی حوكمڕانییە، بۆیە دەبینین حكومەت نرخی كارەبا 9 قات زیاد دەكات، كەچی یەك لایەنی ئۆپۆزسیۆن یان حزبێكی سیاسی نەك نایەتە شەقام و خۆپێشاندان ناكات، بەڵكو جورئەتی بەیاننامەیەكیشی نییە! بۆیە ئەم خەڵكە نازانێ روو لە كێ بكات؟

لەماوەى حەوت ڕۆژی ڕابردوودا، لە دوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازی ئاشتی ئۆجەلانەوە، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامەو ١٤ هێرش ئەنجامدراوە. رێکخراوی CPTـی ئەمریکی، ئامارى هێرشەکانی سوپاى تورکیای بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە، بەگوێرەى ئامارەکە سوپای تورکیا (١٤) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. هێرشەکان بەجۆرەبوون نۆ هێرش لە سنوری پارێزگای دهۆک، سێ هێرش لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دوو هێرشی تر لە سنوری پارێزگای هەولێر. هەروەها شەش لە هێرشەکان تۆپباران، پێنج هێرش فڕۆکەی جەنگی و سێ هێرشی تریش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بوون. هەر بەپێى ئامارەکانى ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی، شەڕڤانانى پەکەکە، تەنها دوو جار وەڵامی چەکداری هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە، هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا، دامەزرێنەر و سەرۆکی دەستگیرکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی ڕاگەیاند و داوای لە چەکدارانی حزبەکەی کرد کە چەکەکانیان دابنێن و پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵبوەشێننەوە.  ئەم بانگەوازە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە هەرێمییەکانی ناوچەکە و چەند سەرکردەیەکی دیاری ناو هەردوو حزبی حکومڕانی تورکیا، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە) پێشوازی لێکرا. تیمی کوردستانی عێراقی CPT بە خۆشحاڵییەوە لەو بەرەوپێشچوونانە دەڕوانێت و پێشوازی لە کۆتاییهاتنی ئەو شەڕە دەکات کە بووەتە هۆی چۆڵبوونی تەواوەتی یاخود ئاوارەبوونی بەشێکی زۆر لە خێزانەکانی ١،١٩٠ گوند لە هەرێمی کوردستاندا و هەروەها ٧٢١ هاووڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستانیش بوونەتە قوربانی ئەو جەنگە. ئێمە پێمانوایە ئەو بەرەوەپێشچوونانە تەنیا دروستبوونی دەرفەتی ئاشتی نین بۆ گەلانی تورکیا بەڵکو دەرفەتێکیشە بۆ گوندنشینان و خەڵکی مەدەنی هەرێمی کوردستان کە لە ئاشتیدا بژین. لە ١ی ئازاری ٢٠٢٥دا و تەنیا سێ ڕۆژ لە دوای پەیامەکەی ئۆجەلان، پارتی کرێکارانی کوردستان بانگەوازی سەرۆکەکەیان قبوڵکرد و ڕاگرتنی هەموو چالاکییە سەربازییەکانییان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا کە بەتەنیا لە ئەگەری هێرش بۆسەر چەکدارەکانییان مافی بەرگریکردن لە خۆیان بەکاردەهێنن و وەڵام دەدەنەوە. هەروەها ڕایانگەیاند کە بە بەشداری و سەرۆکایەتی ئۆجەلان لە کۆنگرەی حزبەکەیاندا ئامادەن کە بڕیاری بدەن و پەکەکە هەڵبوەشێننەوە. لەکاتێکدا کە حکومڕانانی تورکیا پشتیوانییان بۆ دەسپێشخەری ئاشتی ڕاگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێکارەکانی پشتیوانی تورکیا لە پڕۆسەکە و کۆتاییهاتنی جەنگ و چەکدانانی پەکەکە ڕوون نیە.  تیمی CPT بەردەوام دەبێت لە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی سەر سنور و چاودێریکردنی ئۆپەراسیۆنەکان. تیمەکەمان ١٤ هێرشی سوپای تورکیایان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا تۆمارکردووە. هەروەها چەکدارانی پەکەکەش دوو جار وەڵامی چەکدارییان بۆهێرشەکانی تورکیا هەبووە. لە ڕۆژی ٢٧ی شوباتدا، تەنیا دوو کاتژمێر بەر لە بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی کوێستانەکانی خواکوڕک و خنێرەیان لە قەزای سیدەکان لە سنوری پارێزگای هەولێر کرد. کاتژمێرێکیش لەدوای ڕاگەیاندنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، سوپای تورکیا بۆردوومانی چیای گارای لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد. لە هەمان ڕۆژدا، سوپای تورکیا تۆپبارانی چیای مەتینای لە گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی کرد. لە درەنگانێکی شەویشدا فڕۆکە جەنگییەکان، دەووروبەری گوندی گەڵاڵەیان لە قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد. لە ڕۆژی ٢٨ی شوباتدا، تۆپخانەکانی تورکیا جارێکی تر چیای مەتینایان لە نێوان گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی بە ئامانجگرتەوە. لە ٢ی ئازاردا، سوپای تورکیا لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشێکی چڕی بۆسەر چیای لینکی و گەلی ڕەشاڤە لە ناحیەی دێرەلووک ئەنجامدا. هێرشەکە بۆماوەی ٤٥ خولەک بەردەوام بوو کە ئەمە گەورەترین و درێژترین ماوەی هێرشی سوپای تورکیایە لە هەرێمی کوردستان لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ەوە. چەکدارانی پەکەکە، بە تەقەکردن لە هەلیکۆپتەرەکان وەڵامی ئەم هێرشەیان دایەوە. هەر لەهەمان ڕۆژدا سوپای تورکیا تۆپبارانی گوندی سگیرێی لە قەزای ئامێدی کرد. لە ڕۆژی ٤ی ئازاردا، هێلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا، هێرشیان کردە سەر گەلی مێوین لە گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی. پاشماوەی تەقەمنییەکان لەناو ئاوایی و گوندی بەلاڤەدا کەوتنە خوارەوە. لە ڕۆژی ٥ی ئازاردا، تۆپخانەکانی تورکیا لە بارەگا سەربازییەکانیانەوە تۆپبارانی چیای مەتینایان لە گوندی گوهەرزێ کرد. لەوەڵامی ئەو تۆپبارانەدا، چەکدارانی پەکەکە تەقەیان لە بارەگا سەربازییەکی تورکیا کرد. لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە سەختی بۆردوومانی دۆڵی ژاژۆڵان و خەندەکیان لە پشتی گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت کرد.  بەگشتی، لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە، سوپای تورکیا ١٤ هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. ٦ لە هێرشەکان لە ڕێگەی تۆپبارانەوە بوون. ٥ هێرشی تر لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و ٣ هێرشیش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بووە. ٩ لە هێرشەکان لە سنوری پارێزگای دهۆک و ٣ هێرش لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دوو هێرشی تریش لە سنوری پارێزگای هەولێر بوون. هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەڵگەی ئەوەن کە پێویستە دەوڵەتی تورکیا بەتەواوەتی پشتیوانی دەستپێشخەری ئاشتی بکات و پڕۆسەی ئاشتیش پێویستی بەوەیە کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە چاودێری بکرێت. پێویستە پڕۆسەیەکی ئاشتی درێژخایەن و پڕ لە گفتوگۆی ڕوون و ڕاشکاو بۆ دەوڵەتی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە پێشنیازبکرێت. تیمی کوردستانی عێراقی CPT، بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن بۆ ئاشتیەکی ڕاستەقینە و دادپەروەر کە تیایدا قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەش لە خۆ بگرێت کە بوونەتە قوربانی ئەو جەنگەی کە بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەردەوامە. دەبێت پڕۆسەی ئاشتی، کشانەوە و هەڵگرتنەوەی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا لە خۆ بگرێت، ئەوکاتە هاووڵاتییان و گوندنشینانی ئاوارەبووی سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە بێ ترس بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانییان. تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT

لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل پێکەوە مانۆڕێکی ئاسمانی هاوبەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبەن. فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە فڕۆکە بۆمبهاوێژکان لە ئەرکێکدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانیان لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەمەریکا و نیشاندانی تواناکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامدا. سێنتکام بە بڵاوکردنەوەی وێنەی مانۆڕەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەشکردووە ئەمە سێیەم ئەرکی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی بووە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا و لەو ماوەیەشدا فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری بۆینگ بی 52 ستراتۆفۆرتریس A B-52H Stratofortress) ) کە بنکەکەی لە ڕاف فێرفۆردی بەریتانیا بووە، بە فڕینی بەسەر کیشوەری ئەوروپادا بەشداریی لە مانۆڕەکەدا کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکامدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بەشداری ئیسرائیل بکات لە مانۆڕەکەدا، ئاماژەی بەوەشکردووە لە کاتی مانۆڕەکەدا گەیاندنی سووتەمەنی لە ئاسماندا و ڕاهێنانی "گەلانی هاوبەش" ئەنجامدراوە. هاوکات سوپای ئیسرائیل وێنەی ئەم مانۆڕە ئاسمانییە هاوبەشەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە مانۆڕەکە "بۆ بەهێزکردن و پاراستنی هاوکارییە درێژخایەنەکانی نێوان هەردوو هێزەکە داڕێژراوە، ئەمەش بۆ بە فراوانکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی توانا هاوبەشەکان بۆ سیناریۆی جۆراوجۆر". بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سوپای ئیسرائیل، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلی F-35I و F-15I گەشتێکی هاوبەشیان لەگەڵ فڕۆکەیەکی بۆینگ بی 52 بۆمبهاوێژ ئەنجامداوە و لەو ماوەیەدا ڕاهێنان بۆ پەیوەندی ئۆپەراسیۆنی نێوان هەردوو سوپا "بەمەبەستی باشترکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە" بەڕێوەچووە. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە هاوکاری نێوان هێزەکانی سوپای ئیسرائیل و سێنتکام "دەرخەری هاوپەیمانی ستراتیژی و پەیوەندی نزیکی نێوان هەردوو سەربازییە کە بەردەوام لە گەشەکردن و بەهێزبووندایە." هاوکات لەگەڵ مەشقی ئاسمانی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل، سەرۆکی ئەرکانی نوێی سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە 5ی مانگی سێ لە کۆبوونەوەی فەرماندە باڵا سەربازییەکانی وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند کە ساڵی 2025 بە تایبەتی لەسەر شەڕی غەززە و ئێران چڕ دەبێتەوە و هاوکات بەرەکانی دیکەش وەک خۆیان دەبن لە بەرچاو دەگیرێن بۆ تاوتوێکردن.

  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە هۆشداریەکەى ترەمپ سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتەکان، ڕایدەگەیەنێت ترەمپ ئەو بێزارە لە سەیرکردنی ڤیدیۆی ئازادکردنی بارمتەکان  بەلاوازى، هۆشداریەکەى ترەمپ بە کەم مەزانن و هەرشتێک بڵێت دەیکات. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دواین هۆشداری دەداتە سەرکردایەتیی حەماس تاوەکو غەزە بەجێبهێڵن و سەرجەم بارمتەکانیش بەزوویی ئازادبکەن. ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی بە ناوی تروس سۆشیاڵ پەیامێکی بۆ حەماس بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، “سڵاو یاخود ماڵئاوا حەماس، خۆتان هەڵیبژێرن، هەر ئێستا تەواوی بارمتەکان ئازادبکەن نەوەک دواتر، بەخێرایی تەرمی هەموو ئەو کەسانە بگەڕێننەوە کە کوشتوتانن، ئەگینا کۆتاییتان پێدێت.” مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتگیرییەکی توندی بۆ ئەو داواکاریەى دۆناڵد ترەمپ دەربڕی، وتی: چاوەڕوانیەکانى سەرۆک کۆتایی هات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە ئەو شتێک ناڵێت کە نەیکات،  ئەگەر بڵێت شتێک دەکەم، ئەوا دەیکات. باشترە ئەو هۆشداریە بە جددی وەربگرن. لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، حازم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "هەڕەشەکانی ترەمپ هانی ئیسرائیل دەدات، پابەندی هەموو بەندەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە نەبێت." گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داواشی لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا کرد، فشار لە ئیسرائیل بکات تاوەکوو دەست بە گفتوگۆکانی تایبەت بە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە بکات.  ئەم هەڕەشانەی ترەمپ لە کاتێکدان، کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە "ئادەم بولر، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پرسی بارمتەکان، بە ڕاوێژیی ئیسرائیل، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، لە قەتەر کردووە و دەسەڵاتی ئەوەیشی هەیە، بۆ ئازادکردنی بارمتەکان گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەکدا بکات."  نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، ناتانیاهۆ ئاگاداری گفتوگۆکانی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و حەماسە و هەڵوێستی خۆیشی لەوبارەوە بە بەرپرسانی واشنتن ڕاگەیاندووە. 

ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی بەشداری لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵییەکەى بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. پێنج سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە واشنتۆن بەردەوامە لە فشارەکانى بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتى هەرێم. وەزارەتی نەوتی عێراق میوانداری دانوستانەکانی خێراکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات. بەهۆی ناکۆکی لەسەر مەرجەکانی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی نەوت تا ڕۆژی پێنجشەممە دواکەوتوون. یەکێک لە سەرچاوەکان کە بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراقە و زانیاری ڕاستەوخۆی لەسەر کۆبوونەوەکە هەیە، وتی ئامادەبوونی پلان بۆ داڕێژراوی ئەو دیپلۆماتکارە کە بنکەکەی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدایە، لە وەڵامی داواکارییەکی واشنتۆن بووە. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتی عێراق وتی: ئامادەبوونی ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە ئامانجی یارمەتیدانی هاندانی دانوستانەکانە بۆ پێشەوە و گەیشتن بە چارەسەر بۆ ئەو پرسانەی کە ڕێگری لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەکەن بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان ڕازی بکات. ڕۆیتەرز مانگی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە عێراق کەوتۆتە ژێر فشاری زیاتری ئەمریکاوە بۆ ئەوەی ڕێگە بدات بە هەناردەکردنی نەوتی کورد لە ڕێگەی تورکیاوە، بەمەش دابینکردنی نەوت بۆ بازاڕی جیهانی بەرز دەبێتەوە لە کاتێکدا واشنتۆن دەیەوێت هەناردەی نەوتی ئێران کەم بکاتەوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران. ئێران عێراقی دراوسێ و هاوپەیمانی خۆی بە گرنگ دەزانێت بۆ هێشتنەوەی ئابوورییەکەی لەناو گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان. بەڵام سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، بەڵام بەغدا کە هاوبەشی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێرانە، ئاگادارە لە گیرخواردن لە سزاى سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ فشاری تاران. بەرپرسێکی حکومی نزیک لە دانوستانەکان وتی: پێداگرییەکی بەهێز لەلایەن لایەنی ئەمریکاوە هەیە لەسەر دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی دانوستانەکان (لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کورد) بەهەر شێوەیەک بێت. "هیوادارین ڕۆڵی ئەمریکا یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مەعقول و قبوڵکراو بۆ حکومەتی عێراق." بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06-03-2025) حەیان عەبدولغەنی لە بەغدا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراقی-تورکی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە لە وەزارەتەکانی عێراق. وەزیری نەوت جەختی لە گرنگیی ئەو دۆسیانە کردەوە، کە پەیوەندییان بە کارەکانی لیژنەکەوە هەیە، بەتایبەتی دۆسیەی ئاو و نەوت. وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، بەم زیکانە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا، کارا دەکەن.    

  ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە دەربارەی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و دەستوەردانی گەریلا بۆ وەستاندنی هێرشەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە: "هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک: ٤ و ٥ و ٦ ی ئادار لە هەرێمی خواکوڕک لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شەهید شەریف و لۆلان ٢ جار، لە هەرێمی گارە لە گۆڕەپانەکانی دێ ڕەشە و شەهید ئاسڵان و هەفەتباغ و خێرێ ٥ جار، لە هەرێمی مەتینا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بێشیلی ١ جار، بەگشتی ٨ جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانکران. ٤ ی ئادار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهار ٩ جار بە هەلیکۆپتەر بۆردوومان کرا. ٤ و ٥ و ٦ ی ئادار لە هەرێمی خواکوڕک، لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەرێ زینێ، لۆلان، گۆشین و سینین ٤٣ جار؛ لە هەرێمی گارە، گۆڕەپانەکانی سێدارێ و گردی زەنگل و گردی ڕەشید و گرگەشێ و سپیندارێ و مژێ و هەفتەباغ و سیسەر ١٩١ جار؛ لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی دەرگەڵێ و سەری مەتینا ١٢٦ جار؛ لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی چیای ئامێدی و چیای بەهار ٤٥١ جار: بەگشتی ٨١١ جار بە تۆپ و چەکی قورس تۆپباران کران. لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ: ٥ ی ئادار، کاتژمێر ١١:٠٦ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای ئامێدی، کامێرایەکی مۆبیسی داگیرکەران تێکشکێنرا. لە هەرێمی مەتینا: ٤ ی ئادار، کاتژمێر ١٢:٣٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەری مەتینا لە بەرامبەر بانگەوازی تەسلیمبوونی داگیرکەران کە ڕوویانکردبووە تونێلەکانی شەڕی ئێمە، هێزەکانی یەژاستارمان وەڵامیان دایەوە. لەکاتێکدا هێزەکانمان ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە، لە هەرێمی گارە لە قەڵای سەدام و باکرمانەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی پەدەکەن، فڕۆکەی سیخووڕی بچوک هەڵدەدرێن و بە شەو و ڕۆژ سیخووڕی لەسەر گۆڕەپانەکانی گەریلا دەکەن. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەم کارە بەدەستی دەهێنن، گۆڕەپانەکانی گەریلا بۆردوومان دەکەن. دەبێت ئەم کارە بوەستێنرێت کە سەلامەتی هێزەکانمان دەخاتە مەترسییەوە. ئەگەر نەوەستێنرێت، بۆ سەلامەتی خۆمان، مافی خۆمانە لەو شوێنانە وەڵام بدەینەوە کە فڕۆکەکان لێیەوە ڕەوانە دەکرێن. ئێمە ڕایدەگەیەنین، لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان، دەبێت کۆتایی بەم کارە بهێنرێت".