دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە نووسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، لیوا عومەر عەدنان وائیلی کردوە. لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی واقیعی دەروازە سنوورییەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەیان و چالاککردنی حوکمڕانی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم ڕێکارەکانیاندا کرا، هەروەها پێداچوونەوە بەو هەنگاوانەی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی بە هەموو شێوەکانییەوە گیراونەتەبەر پێداچوونەوەی بۆ کرا. سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە زۆرتركردنی داهات جگە نەوت زۆر گرنگە لە پاڵپشتیکردنی گەنجینەی دەوڵەت، و ئەمەش پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چاودێریکردنی گواستنەوەی دارایی، پەرەپێدانی پلانی زانستی. هەروەها دەڵێت سودانی جەختی لە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەم و سیستەمی ئەلیکترۆنی و حوکمڕانی بۆ ئاسانکاری هاتنە ناوەوەی کاڵاکان بۆ ناو وڵات لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە کردووەتەوە. سەرۆکی دەستەكە بەڵێنیدا کە دۆسێی دەروازە سنوورییەکان یەکێک دەبێت لە گرنگترین دۆسێیە سەرکەوتووەکان لە بەرنامەی حکومەتدا، چونکە دەسەڵات بەپێی پلانی لێکۆڵینەوەی باش و بە چەند ئاراستەیەک کاردەکات، گرنگترینیان بریتین لە زۆرترین داهات، پەرەپێدان و بنیاتنانەوەی دەروازەکان.
ئەرجەنتینییەکان لە مێژە چاوەڕێی ئەوە بوون کە پاپا فرانسیس سەردانی ئەو نیشتمانە بکات کە لە ساڵی ٢٠١٣ بەجێی هێشتووە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی کەنیسەی ڕۆمانی کاسۆلیکی. بەهۆی ئەوەی تەندروستی خراپە، لەکاتێکدا شەڕی دووانە هەوکردنی سییەکان دەکات، پێدەچێت گەڕانەوەی ئێستا تادێت بەدوور دەزانرێت. پاپا فرانسیس تەمەن ٨٨ ساڵ بەهۆی هەوکردنی سییەکانییەوە باری تەندروستی ناجێگیرە. دوو هەفتەی لە نەخۆشخانەی گێمێلی ڕۆما درێژترین مانەوەی پاپایەتی و جەخت لەسەر لاوازییەکەی دەکاتەوە. فرانسیس لە سەردەمی پاپاییدا زیاتر لە 45 گەشتی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە، لەوانە یەکەم گەشتی هەر پاپایەک بۆ عێراق، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، میانمار، باکووری مەقدۆنیا، بەحرەین و مەنگۆلیا. بەڵام ئەو قەشە سەرەکییەی کە جارێک بووە لە بوینس ئایرێس هەرگیز نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەرجەنتین. جیمی بێرنز، نووسەری ژیاننامەی "فرانسیس، پاپای بەڵێنی باش" لە ساڵی ٢٠١٥دا دەڵێت: "یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشە گەورەکانی پاپاایەتییەکەی ئەوە بوو کە بە پێچەوانەی سەرۆکەکانی پێش خۆی، فرانسیس هەرگیز سەردانی وڵاتی زێدی خۆی نەکردووە". بێرنز وتی پێی وایە فرانسیس نایەوێت ببینرێت کە لایەنگری پێرۆنیستە چەپەکان بێت و نە لەگەڵ کۆنەپەرستان لە ژینگەی سیاسی جەمسەرگیری وڵاتەکەدا. وتیشی: "هەر سەردانێک هەوڵی دەدا و لەلایەن لایەنێک یان لایەنێکی دیکەوە دەقۆزرێتەوە و ئەویش بەبێ ئەوەی بزانێت سووتەمەنی ئەو دابەشبوونانە دەدات". زۆرێک لە ئەرجەنتین پێشبینی سەردانێکیان بۆ ئەو وڵاتە دەکرد دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی فرانسیس و سەردانی بەڕازیل. ساڵی ڕابردوو دیسانەوە قسە لەسەر گەشتێک هاتە ئاراوە. بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا سەردانەکە هەرگیز بەدی نەهات. گیلەرمۆ مارکۆ، وتەبێژی پێشووی پاپا کاتێک کاردیناڵ خۆرخی بێرگۆلیۆ بوو لە بوینس ئایرێس، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، "دەرفەتێکی بەفیڕۆچوو" بووە بۆ ئەرجەنتین. فرانسیس، وتی، "ڕۆحێکی تانگۆ"ی هەبووە - ئاماژەیە بۆ ئەو مۆسیقا و سەمایەی کە سەرچاوەی لە شەقامەکانی پشتەوەی بوینس ئایرێسەوە هەیە.
ئیسڕائیل لەم هەفتەیەدا پلانێکی خستەڕوو کە بە پلانی ئەمەریکا ناویبرد، پلانەکە جیاوازە لەوەی کە لە مانگی یەکدا ڕێککەوتنی لەسەر کرا، هەروەها هەوڵ دەدات حەماس ناچار بکات پەسەندی بکات، ئەوەش لە ڕێی ڕاگرتنی گەیاندنی یارمەتییەکانەوە بۆ کەرتی غەززە. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو پلانەکەی بە " پلانی ویتکۆف " ناوبردووە، دەڵێت پلانەکە لە نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆفەوە خراوەتەڕوو. بەڵام کۆشکی سپی تاوەکو ئێستا ئەو پلانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، تەنها ئەوەندە دەڵێت کە پشتگیری لە هەر کارێکی ئیسڕائیل دەکات. لێدوانەکانی نەتانیاهو ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست کۆتایی هات، تاوەکو ئێستاش هیچ ڕوونکردنەوەیەک نیە سەبارەت بەوەی دواتر چی ڕوودەدات، لەبەرئەوەی کە هێشتا گفتوگۆ لەسەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە نەکراوە. پلانە نوێیەکە داوا لە حەماس دەکات نیوەی ئەو بارمتانەی کە ماونەتەوە ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئەوەدا ئاگربەست درێژ دەکرێتەوە و بەڵێن دەدرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی. ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە نەداوە کە ئایا بەپێی ئەم پلانە نوێیە زیندانی فەلەستینی زیاتر ئازاد دەکات یان نا، کە ئەوە بەشێکی سەرەکی قۆناغی یەکەم بوو. حەماس ئیسڕائیلی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکەی ئێستا، بەپێی ڕێککەوتنەکە، حەماس و ئیسڕائیل دەبێت گفتوگۆ بکەن لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و لە بەرامبەردا ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە، هەروەها کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسڕائیل لە غەززە و ئاگربەستێکی هەمیشەیی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لەوبارەیەوە نەکراوە. ڕۆژی یەکشەممە ئیسڕائیل گەیاندنی خۆراک و سوتەمەنی و دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی بۆ کەرتی غەززە ڕاگرت و هۆشداریدا و وتی ئەگەر حەماس ڕازی نەبێت بە پێشنیارە نوێیەکە ئەوا " دەرەنجامی زیاتر " دەبێت.
مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكوور کرد و بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كراوە. ئەمڕۆ دووشەممە، بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت ئەمڕۆ لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكووری كوردستان كرد كە پێكهاتبوو لە مستەفا ئوزچەلیك، سەرۆكی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان و بایرام بۆزیەل، سەرۆكی پارتی سوسیالیستی كوردستان و دۆزگین كاپلان، سەرۆكی پارتی ماف و ئازادییەكان و مەسعود تەك، جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان و محەمەد شیرین تەیمور لە پارتی ماف و ئازادییەكان. بارەگای بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، "لە دیدارەكەدا بەوردیی بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی و گەیشتن بە چارەسەری لە توركیا كرایەوە". هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و بە تایبەت سووریا کراوە، بارەگای بارزانی دەڵێت: بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ شاندی میوان لەبارەی بارودۆخ و دواڕۆژی كورد و دەرفەت و هەڕەشەكان خستەڕوو".
لە رۆژئاوای ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو خەڵکدا کرد. دوو کەس گیانیان لەدەستداوە؛ لانیکەم ٢٥ کەسیش بریندارن، پۆلیسیش گومانلێکراوێکیش دەستگیرکردووە. ڕۆژی دووشەممە، 03-03-2025، لە شاری مانهایمی رۆژئاوای ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو قەرەباڵخییەکدا کرد. ستێفان ویلهێلم، وتەبێژی پۆلیسی شارەکە رایگەیاند: شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ڕاگیراوە و ڕوون نییە تۆمەتباری دیکە هەبن یان نا. پۆلیس بانگەوازی کردوە کە لە ناوەندی شار دوور بکەونەوە. بەگوێرەی میدیای خۆجێیی مانهایم، ئۆتۆمبێلێکی رەنگ رەشی بەرز بە خێراییەکی زۆرەوە بەرەو رووی بازاڕێکی شارەکە لێی خوڕیوە و خۆی بەنێو خەڵکدا کردووە. رووداوەکەش لە گۆڕەپانی پارادێپلاتز روویداوە. نەخۆشخانەی زانکۆی مانهایم رایگەیاند، پلانیان بۆ فریاگوزاری لەناکاو داناوە، ئەمەش لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی بریندارەکان یان ئەوانی گیان لەدەستدەدەن. ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 13-02-2025 پۆلیسی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە شەقامی زایدێ لە میونشن، ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد. دوای رووداوەکە ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد و شۆفێرەکەیان دەستگیرکرد، کە پەناخوازێکی ئەفغانستانی بوو. لە رووداوەکە منداڵێکی دوو ساڵ و دایکی گیانیان لەدەستدا. لە مانگی 12ـی پار ئۆتۆمبێلێک لە شاری ماگدێبۆرگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا خۆی بە نێو بازاڕێکی کریسمسدا کرد و شەش کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش برینداربوون.
ژان نۆئێل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا هۆشداری دا کە "هێڵی پێشەوە بەردەوام لە ئێمە نزیک دەبێتەوە" بەهۆی "تەماحى ئیمپریالیستییەکانی ڕووسیاوە". بارۆت لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی فرانس ئینتەر ئەمڕۆ دووشەممە چەند کاتژمێرێک پێش مشتومڕێک لە پەرلەمان لەسەر شەڕی ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا، وتی: مەترسی شەڕ لە کیشوەری ئەوروپا، لەناو یەکێتی ئەوروپادا، هەرگیز ئەوەندەی ئەمڕۆ نزیک نەبووە، چونکە نزیکەی ١٥ ساڵە مەترسییەکە بەردەوام لێمان نزیک دەبێتەوە، هێڵی پێشەوەش بەردەوام لێمان نزیک دەبێتەوە. ناوبراو وتی: ئەوەی ئێمە شاهیدی بووین بەئاگاهاتنەوەی تەواوی بەشێک لە ئەوروپییەکانە کە ڕەتیان دەکردەوە واقیعی شتەکان وەک خۆیان ببینن، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم وڵاتە ئەوروپییانە بوونەتە قەناعەت بە پێویستی "ئەوروپا بتوانێت بەرپرسیارێتی بەرگری و ئاسایشی خۆی بگرێتە ئەستۆ، هەروەها هەموو ئامرازە پێویستەکان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی هەرگیز ناچار نەبین لە ئەمریکا بپرسین چی دەتوانێت بۆ ئاسایشی ئەوروپا بکات". وەزیرەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دەستدرێژیی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، دەمانەوێت ئەمریکا بتوانێت، لە ڕێگەی فشارەوە، وابکات (ڤلادیمیر) پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لەسەر مێزی دانوستان دابنیشێت و ڕازی بێت کە دواجار واز لە تەماحە ئیمپراتۆرییەکانی بهێنێت کە هێڵی پێشەوەی زیاتر لە ئێمە نزیکتر و نزیکتر کردووەتەوە. بارۆ خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامی ئەو لوتکەیە دەربڕی کە یەکشەممە لە لەندەن بەڕێوەچوو، لەو میانەیدا پانزە سەرکردەی ئەورووپا لە نێویاندا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەڵێنیان دا پشتیوانی لە کیێڤ بکەن و چەکداریی خۆیان لە دژی ڕووسیا بەهێزتر بکەن.
بەڕێوەبەرایەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەڵەبجە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، هیچ ساڵێک بودجەى یادى هەڵەبجە لەکاتى خۆیدا نەگەیشتوە بەدەستیان و بەناچارى پەنایان بردوەتە بەر قەررزو هاوکارى و کۆمەکى چەند شوێنێک. کەمتر لە دوو هەفتەى ماوە بۆ یادى 37ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە،هێشتا بودجەى یادکردنەوەکەى ڕەزامەندى لەسەر نەدراوە کە بڕەکەى نزیکەى ٤٠ ملیۆن دینارە. کامەران مستەفا، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەڵەبجە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: چەند ڕۆژێکى کەممان ماوەو هێشتا ئەو بودجەیەیەى داوامان کردووە، بۆمان نەهاتووە ئەگەر بگات بەدەستیشمان فریاى ئیش و کارەکانمان ناکەوێت. لە 16-3-1988 هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی ئەو كاتەی عێراق كیمیاباران كرا و جگەلە شەهیدبوونی پێنج هەزار كەس و برینداربوونی زیاتر لە 10 هەزار كەس بە هەزاران كەسیش ئاوارە بوون، بڕیارە لە رۆژی شەممە 16-3ـی ئەمساڵیش لە پارێزگای هەڵەبجە یادی 31ساڵەی ئەو كارەساتە بكرێتەوە. ئەو جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئێستا لەگرفتى ئەوەدان چۆن ئیشەکانیان ڕێکبخەن، هەموو ساڵێم برێک پارە دەهێنین بەقەرز لەشوێنێک بەشێک لەئیشەکانى پێدەکەن، تا ئەو کاتەى بوجەکەیان بۆ خەرج دەکرێتەوە، ئەو وتیشى: کارەستاى هەڵەبجە ڕەمزى مەزڵومیەتى ئەم میلەتەیە چەکى دەسەڵاتە، بەڵام بەوشێوەیە بودجەى بۆخەرج دەکرێت. کامەران مستەفا وتیشى: هەموو ساڵێک ئەمە دەڵێینەوەو داواکارى سەرجەم خەڵک و کەسوکارى شەهیدانیشە، هەقە بەدەر لەڕێنماییەکان و بەشێوەى مینحە بودجەى یادەکە خەرج بکرێت، بۆ ئەوەى ئێمە دەستکراوەبین، ساڵانە ئێمە ئەو گرفتەمان ڕوبەڕودەبێتەوە چونکە کۆمەڵێک میوانت دێت لەڵاتانى دەوربەرەوە وەک ئێران لەناوەڕاست و باشورى عێراقەوە دەبێت پێشوەختە ئامادەسازى بۆ بکرێت. سەبارەت بە بڕى ئەو پارەیەى کە بۆ یادى هەڵەبجە تەرخاندەکرێت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى کاروبارى شەهیدانى هەڵەبجە دەڵێت: هەموو ساڵێک بڕێکى کەممان بۆ دابین دەکرێت، لەدەوروبەى ٣٥ بۆ ٥٠ ملیۆن، ئەبێت بڕێکى زیاتر داوادەکەین، چونکە دەزانین لەوەزارەتى داراییەوە کەمدەکرێتەوە، ئێستاش ئەوەندە کاتمان بەدەستەوە نەماوە. هەڵەبجەییەکان بەگشتی نيگەرانن و پێیانوایە شارەکەیان لەچاو ئەو قوربانییە مەزنە، کەم خزمەتی کراوە. ماوەی 11 ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵەبجەی وەکو پارێزگا ناساندووە، بەڵام هێشتا لە بەغدا و پەرلەمانی عێراق ئاستەنگ لەبەردەم بوونی هەڵەبجە بە 19ـەیەمین پارێزگای عێراق دروستدەکرێت.
پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت بە تۆمەتی كوشتنی هاوڵاتییەك ، لە لایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا. بەپێی زانیارییەکان ئەوکەسەى شەوى ڕابردوو کوژرا، شۆفێری ئەمبوڵانس بووە لە فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، ئەو کەسەیشی تۆمەتبارە بە کوشتنی پوورزا و ژنبرای کوژراوەکەیە. بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی سەرچنار لەشاری سلێمانی لە ڕوداوێكدا هاووڵاتییەك بە فیشەك كوژرا و تۆمەتبار هەڵات، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو لێكۆڵینەوە بۆ دۆینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد. بەپێى راگەیەندراوەکەى پۆلیس، سەرەنجام توانرا لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە لەماوەی كەمتر لەهەشت سەعات تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو لە ئێستادا تۆمەتبار ( خ، ئ، م ) لەدایكبووی 1972 بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دانی ناوە بە تاوانەكەیدا. شەوی شەممە 1ی ئازار کێشە کۆمەڵایەتییەکە لەنێوان هەردوولادا چارەسەر کراوە، بەڵام رۆژی یەکشەممە 02-03-2025 دەمەو ئێوارە شۆفێرى ئامبوڵانسەکە بە دەمانچە لەلایەن پوورزاکەیەوە کوژراوە، گولـلەیەک بەر قاچی و گولـلەیەکیش بەر دڵی کەوتووە، بە برینداری براوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
لە مانگی شوباتی 2025، لە چوار پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان،(54) چالاكی نارەزایەتی مەدەنی ئاشتیخواز، بەرێوەچوون كە زۆرینەی داخوازییەكان بۆ موچە و دامەزراندن بوون، 2 چالاكیان بە زەبری هێز مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە. بەبەراورد لەگەڵ چالاكی نارەزایەتیەكانی مانگی رابردوو كانونی دووهەم، كە (48) چالاكی بوون، بە رێژەی 13% زیادی كردوە. بە پێی چاودێری تۆڕی هاوپەیمانی 19، زۆرترین چالاكی و نارەزایەتی بۆ موچە بوون كە 41%ی كۆی داخوازییەكان بوون و 17% بۆ دامەزراندن و 9%ی داخوازییەكان بۆ خزمەتگوزرای بوون. بە پێی بەدواچوونی تۆڕی هاوپەیمانی نۆزدە، 61%ی چالاكییەكان لە پارێزگای سلێمانی، 31% لە پارێزگای هەولێر، 6% ی لە پارێزگای دهۆك، 2%ی لە پارێزگای هەڵەبجە بوون. مانگی شوباتی رابردوو گەورەترین مانگرتنی مامۆستاو فەرامانبەران لەشاری سلێمانی رێكخرا، كە لە (28ی كانونی دووهەم تا11ی شوباتی 2025) بەردەوام بوو، پاشان لەسەر داخوازی چین و توێژەكان، لە رێپێوانێكی جەماوەری گەورەدا كۆتاییان بە مانگرتن لە خواردن هێنا. بە درێژایی دوو هەفتەی ئەو چالاكییە هێزە ئەمنییەكان و ئیدارەی مەدەنی شاری سلێمانی، ئەركی پاراستن و چاودێری رەوشی تەندروستی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری گشتیان لە ئەستۆ گرتبوو. ڕۆژی یەكشەممە (9 شوباتی 2025)، بەشێك لە مانگرتووانی ژێر خیوەتەكەو ژمارەیەكی تر لە چین توێژەكانی سلێمانی، و شارەكانی تر، بە ئامانجی گردبونەوە لە بەردەم ئۆقیسی یونامی لە پایتەخت بە ئۆتۆمبێل بەرەو هەولێر بەرێكەوتن، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە هێزێكی ئەمنی رێگری لێكردن بچنە ناو شاری هەولێر، بە زەبری هێز بڵاوەیان بە بەشداربوان كرد و وەزارەتی ناوخۆش چالاكییەكەی بە "دەستی دەرەكی و لایەنی پاشكۆ" تۆمەتبار كرد. هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنیان گازی فرمێسك رێژ و فیشەكی پلاستیكیان بەكارهێنا، لە ئەنجامدا كۆمەڵێك بەشداربووی چالاكییە تووشی تەنگە نەفەسی، بەشێكیان بە هۆی پاڵنان و راوەدونانیان بریندار بوون هەر وەك توندوتیژی بەرامبەر رۆژنامەنووسانیش بەكار هات و كەرەستەی رۆژنامەنوسی بەشێكیان زەوتكرا. هەەروەها رۆژی یەكشەممە، 23ی شوبات، كۆمەڵێك مامۆستاو فەرمانبەر خۆپیشاندانێكیان لەسەر شەقامی سەرەكی عەربەت – هەڵەبجە، عەربەت - پێنجوێن رێكخست و لەسەر شەقامەكە پەناگیریان راگەیاند و خێوەتیان هەڵدا. ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانە بە تایبەت شەقامەكەیان بە رووی هاتوچۆی ئەو تەنكەرانە داخست كە سوتەمەنی دەگوازنەوە. ئێوارەی دووشەممە 24ی شوباتی 2025، هێزێكی زۆری ئاسایش روویانكردە عەربەت، پاش بردنی هێزەكە هێرش كرایە سەر خێوەتەكەیان، بەشداربووانی پەناگیرییەكە بەشێكیان مانگرتووانی خێوەتەكەی سلێمانی بوون، ئەوان "هێزەكانی ئاسایش"یان تۆمەتباركرد، بە دەزگاكانی راگەیاندنیان ووت" هێزێك بە جلی مەدەنییەوە هاتوونەتە ناو خێمەكەوە و دواتر هێزێكی زۆری ئاسایش گەمارۆی خێمەكەی داوە و پاشان هێرشیان كردووەتە سەر خێمەی مامۆستایان". ئەمە بووە هۆی بڵاوەپێكردنی مانگرتووان بەزەبری هێز، كە بە هۆیەوە مامۆستایەك برینداربوو، چەنەند بەشداربوویەكی مانگرتنەكە و چەند رۆژنامەنووسێك بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دەستبەسەركران، پاشان ئازاد كران، هاوكات بە بێ هیچ هۆكارێك دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەشێك لە مامۆستایانی بەشداربووی پەناگیرییەكە، دواتر رادەستی خاوەنەكانیان كراوەتەوە. بە پێی ستاندارتی نێودەوڵەتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندادا، كاتێك هێزە ئەمنییەكان دەستوەردان لە خۆپیشاندانەكان دەكەن، كە مەترسییەكی ڕەوا لەسەر سەلامەتی و مافی كەسانی دیكە هەبێت. ئەگەر هێزی ئەمنی هەوڵی ڕاگرتنی یان سنوورداركردنی خۆپیشاندانێك بدات، دەبێت ئەم دەستێوەردانە ڕێژەیی و پێویست بێت، یان بە واتایەكی تر، دەبێت سوودەكەی لە زیانەكانی زیاتر بێت، كەمترین سنوورداركردنی مافەكانی تێدابێت. هاوپەیمانی 19 بۆ بەرەوپێشبردن و پاراستن و چاودێریكردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەردەوام دەبێت، جەخت دەكاتەوە لە دەستەبەركردنی ڕێزگرتن لەو مافە وەك لە مادەی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە. لەبارەی تۆڕی 19 بۆ چاودێری ئازادی: تۆڕێكە ئەركی چادێریكردنی مافی مرۆڤە، لە كۆمەڵێك داكۆكیكاری مافی مرۆڤ و رێكخراوی مەدەنی پێكدێت، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات. ناوەكەی لە بەندی 19 لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرڤەوە وەرگرتوە، وەك بەندێكی سەربەخۆ گوزراشت لە لە مافی ئازادی رادەربڕین دەكات كە تیایدا هاتووە: "هەموو كەسێك مافی ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕینی هەیە، مافەكەش بریتییە لە هەڵگرتنی بیروڕای خۆی بەبێ دەستوەردان، و گەڕان یان وەرگرتنی زانیاری و بیرۆكە و گواستنەوەیان، لە ڕێگەی میدیاوە، بەبێ گوێدانە هەر ئاستەنگێك.”
ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هیچ بەربەستێك نییە و هەموو شتێك بەرەوپێش چووە و مووچەی مانگی شوبات بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت. سیپان شێروانی، ئهندامی لێژنەی دارایی و ئابووریی پهرلهمانی عێراق، رایگەیاند: "مووچەی مانگی شوبات هیچ بەربەستێكی لەپێشدا نییە و لە زووترین كاتدا بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، هەموو شتێك وەكوو پێویست بەرەوپێش چووە و وردبینیی لیستی مووچە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، چاوەڕوان دەكرێت تەمویل بنێردرێت و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت. سیپان شێروانی جەختی كردەوە، لیستی مووچە بە سیستەمی (پەیرۆڵ) بۆ بەغدا نێردراوە و هیچ گرفتێكی نەبووە. ئەندامەکەی لێژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، کاری زۆر باشی بۆ پرسی لیستی مووچه کردووە، وتیشی: "لیستەكە بەو شێوەیە ئامادە كراوە، كە دارایی فیدراڵ خوازیاری بووە." ڕۆژی 26/2/2025، لیستی مووچە کە لە ڕێگەی سیستەمی (پەیرۆڵ) ئامادە کراوە، ڕەوانەی بەغدا کرا و ڕۆژی 27ی شوبات لیستەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرا. هاوکات شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژە لە بەغدایە و هێشتا نەگەڕاونەتەوە. کاریان تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی دوو و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی وەزارەتی دارایی عێراقە لەبارەی لیستی مووچە. یەكێک لە ئەندامانی ئەو شاندەی لە بەغدایە ڕایگەیاند "چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی ئایندەدا لەم هەفتەیە دەست بە ناردنی پارەی مووچەی مانگی دوو بکرێت، کەوتووەتە سەر ئەوەی وردبینی و ڕێکارە ئیدارییەکان کەی تەواو دەبن". سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتیشی، ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە ئەم هەفتەیە پارە دەگات. لەگەڵ ئەوەی پارە خرایە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی، لە هەرێمی کوردستان دەستبەجێ لیستی مووچەی مانگی دوو ڕادەگەیێنرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند، و دەڵێت: لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی گاڵتەجاڕترین سووکایەتی و بوختان و هەڕەشە لە خۆم و خێزانەکەم بوومەتەوە و تەنانەت لەناو حکومەتدا تاڵترین قۆناغی ٤٠ ساڵ خزمەتکردنم تێپەڕاندووە. دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی، رۆژی پێنجشەممە، 01-08-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، زەریفیی وەکو جێگری خۆی بۆ کاروباری ستراتیژی دەستنیشان کرد. محەممەد جەواد زەریف، لە کاتی سەرۆکایەتیی حەسەن رووحانی، هەشت ساڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بوو و بە ئەندازیاری رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 دادەنرێت. زەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی "دوێنێ، بە بانگهێشتی بەڕێز سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری چوومە سەردانی. ئەو بە ئاماژەکردن بە بارودۆخی وڵات، رایسپارد کە بۆ پێشگرتن لە گوشاری زیاتر لەسەر حکومەت، بگەڕێمەوە زانکۆ، منیش بێ دواکەوتن، پەسندم کرد چونکە هەمیشە ویستوومە یار بم نەوەک بار." زەریف لە ئێکس "لادانی" لەبری دەستلەکارکێشانەوە بەکارهێناوە و نووسیویەتی "هیوادارم بە لادانی من، بیانووەکان بۆ بەربەستدانان لەبەرامبەر ویستی خەڵک و سەرکەوتنی حکومەت لابرابن. هێشتا شانازی بە پشتگیری لە دکتۆر پزیشکیانی بەڕێز دەکەم و بۆ ئەو و خزمەتکارانی راستەقینەی خەڵک، ئاواتی باشترینەکان دەخوازم." زەریف زیاتر نووسیویەتی "هەرچەندە لە 6 مانگی رابردوودا رووبەڕووی زۆرترین سووکایەتی، تۆمەت و هەڕەشەکان بەرامبەر بە خۆم و خێزانەکەم بوومەتەوە، تەنانەت لەنێو حکومەتیشدا تاڵترین سەردەمی خزمەتی 40 ساڵەم تێپەڕاندووە، بەڵام بە هیوای خزمەتکردن خۆم راگرت."
ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، گۆڕینی جێگرەوەی "ئاسان" نابێت، لە کاتێکدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بڕوات بەهۆی ڕەتکردنەوەی ملکەچبوونی داواکارییەکانی مۆسکۆ. زێلێنسکی کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکە لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە جلوبەرگی سەربازی خۆی لە لەندەن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕوودەدات، بە لەبەرچاوگرتنی پشتگیرییەکان، گۆڕینی من بە سادەیی ئەوەندە ئاسان نابێت". هەفتەی ڕابردوو ترامپ هاوتا ئۆکراینییەکەی بە "دیکتاتۆر" تۆمەتبار کرد، چونکە ئەو هەڵبژاردنانەی کە بڕیاربوو لە ئۆکرانیا بەڕێوەبچن و بەهۆی شەڕەوە دواخرابوون ئەنجام نەدرا. زێلێنسکی زیادی کرد: ئەوە تەنها بابەتی ڕێکخستنی هەڵبژاردن نابێت، بەڵکو ڕێگریکردن لە خۆکاندیدکردنم دەبێت، کە ئەمەش کەمێک ئاڵۆزتر دەبێت. سەرۆکی ئۆکرانیا کە لە ئەگەری ئاگربەستدا داوای گەرەنتی ئەمنی بۆ وڵاتەکەی دەکات، وەبیری هێنایەوە کە پێشتر پێشنیاری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کردبوو لە بەرامبەر پەیوەندیکردنی ئۆکرانیا بۆ ناتۆ. ئێوارەی یەکشەممە وتی: ئەگەر ناتۆ هەبێت و کۆتایی هاتنی شەڕەکە هەبێت، ئەوا من ئەرکی خۆمم بە ئەنجام گەیاندووە. سەرکردەکانی هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە لە لەندەن لوتکەیەکیان ئەنجامدا بۆ نیشاندانی پشتیوانی لە کیێڤ و پابەندبوون بە ئەنجامدانی زیاتر بۆ ئاسایش لە ئەوروپا و بەرزکردنەوەی خەرجییەکانی بەرگری، هاوکات پێداگرییان لەسەر پشتیوانی بەهێزی ئەمریکا کرد دوای ئاڵوگۆڕێکی گەرمی نێوان ترەمپ و زێلێنسکی.
ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت، ئێران 151 بنکە و بارەگای سەربازی نوێی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، کە بە قوڵایی 5 بۆ 10 کیلۆمەتر سنورەکانی فراوانکردووە و هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە. کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێ لەسەر سنورەکان و زیاتر لە 151 بنکەی دروستکردووە، لە کاتێکدا تورکیا 74 بنکە و بارەگای لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم بونیاتناوە." دەشڵێت،"ئێران بە قوڵایی 5 بۆ 10 کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بنکە سەربازییەکانی دروستکردووە، بەڵام تورکیا 35 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمەوە و بنکەی سەربازی داناوە." لە سنوری قەزای مەندەلی پارێزگای دیالەوە هەتا ناوچەی سیدەکان، بەشێک لە خاڵ و رەبییە سەربازییەکانی ئێران هێندە نزیکن لە گوندە کوردییەکانەوە، بە ئاسانی هەست بە جم و جۆڵی سەربازە ئێرانییەکان دەکرێت. کاتێک لە مانگی دووی ساڵی 2024، حکومەتی عێراق پرۆسەی تەلبەندکردنی ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی دەستپێکرد، دانیشتوانی بەشێک لە گوندە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامداو ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەوەی بە سەدان دۆنم زەوییان دەکەوێتە سنوری ئێرانەوە. کاروان رەحیم، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندەکانی سنوری ئێرانە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گوندی مەحمود قەجەری نزیک دەروازەی پەروێزخان کە پێشتر باوباپیرانمان لێی نیشتەجێ بوون، ئێستا خەڵکەکەی ناتوانن بۆی بگەڕێنەوە چونکە کەوتووەتە نێوان خاڵە سەربازییەکانی عێراق و ئێران." دەشڵێت،"ئێستا گوندەکە لە جێگەیەکی تر بونیاتنراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئێران لە زۆر ناوچەی تری وەکو سنوری مەجید سالار و پەروێزخان و بێشکان رەبیە سەربازیییەکانی هێناوەتە پێشەوە." بەپێی وتەی بەرپرسانی پاسەوانی سنوری عێراق، ئێران و تەنانەت عێراقیش رەبیەو خاڵی سەربازییان لەو ناوچانە دروستکردووە کە بە (سفری حدودی) ناسراون و سنوری دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی تر جیادەکەنەوە، هەرچەندە نابێت خاڵی سەربازی ببرێتە ئەو شوێنانە. لە مانگی حەوتی ساڵی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕی 10 ملیار دیناری بۆ دروستکردنی بنکەی نوێی پاسەوانی سنور لە ناوچە سنورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان تەرخانکرد، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئەو بنکانە سپێردرا بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق. سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بابەتەکەی بە هەستیار ناوبردو نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"مەسەلەی هاتنە پێشەوەی خاڵ و بنکە سەربازییەکانی ئێرانمان بۆ ناو خاکی هەرێم لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق باسکرد، بەڵام پاساوی ئەوەی هێنایەوە گوایە سنورەکان بە جی پی ئێس دیاریکراون." ناوچە سنورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقەوە دەپارێزرێن، هەرچەندە پێکهاتەی ئەو هێزانە کوردن بەڵام سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقن. بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەستەوەستانن لە ئاست دروستکردنی رەبیەو خاڵی سەربازی لەلایەن ئێران و تورکیا لە ناو خاکی هەرێم، ئاماژە بەوەدەکەن ئەرکی پاراستنی ناوچە سنورییەکان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە. سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئامادە نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران لەهەندێک ناوچە خاڵ و رەبیەی سەربازی لەناوچەی بەرزو ستراتیژی ناو سنوری هەرێمی کوردستان دروستکردووە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم لەمە ئاگادارە بەڵام تا ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیراندا باسنەکراوە، چونکە ئەمە ئیشی حکومەتی عێراقە." لە مانگی نۆی ساڵی 2023، حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە تەواوەتی هێزەکانیان لە چیای هەڵگوردو بەربزینی سنوری کشاندەوە، دوای ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە فشار خرایە سەر هەرێمی کوردستان گوایە بوونی ئەو هێزانە لە سنورەکان مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست دەکات.
یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز كە ماوەیەكی بووەتە جێگای سەرنجی وەرزشوانانی هەرێمی كوردستان و عێراق، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەڵێت شوێنی یاریگای نەورۆز گەشتیارییە نەك یاریگا، لاهور شێخ جەنگیش دەڵێت بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی ئەو زەویە تەرخانكراوە و بەڵگەنامەكان بڵاو دەكەینەوە. دوای ئەوەی جەماوەرێكی زۆری وەرزشی بۆ بینینی یارییەكان روویان دەكردە یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز لە سلێمانی، هاندەران داویان دەكرد شارەوانی و حكومەتی خۆجێی سلێمانی هاوكاربن بۆ تەواوكردنی یاریگای نەورۆز، بەڵام لەیلا عومەر سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەڵێت: بەگوێرەى ماستەرپلانى سلێمانى شوێنى یاریگاى نەورۆز سەوزاییە و یاریگا نییە. لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی یانەی نەورۆز ئەمڕۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كاتی خۆی بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، شارەوانی ئەو پارچە زەوییەی تەرخان كردوە بۆ یانەی وەرزشی نەورۆز. دیارە ئەو كاتە لەیلا خان لە شارەوانی سلێمانی نەبوە، ئەو دوای روداوەكانی 8ی تەمموز بوە بە سەرۆكی شارەوانی، پێدەچێت نوسراوەكانیان ون كردبێت، ئەمشەو هەمو نوسراوەكانیان بۆ بڵاودەكەینەوە بۆ ئەوەی خەڵك بزانێت ئێمە لەسەر زەوی زیادەڕۆ ئەو یاریگایەمان دروست نەكردوە بۆ شاری سلێمانی." ئیدارەی یانەی نەورۆز چەند بەڵگەیەكیان بڵاوكردەوە سەبارەت بە شوێنی یاریگای نەورۆز: هەنگاوی یەكەم بۆ بونیادنانی یاریگای نەورۆز بۆ 10/7/2017 دەگەرێتەوە كە ئەوكات ئەندازیار یوسف یاسین سەرۆكی ئەوكاتی شارەوانی سلێمانی نوسراوێكی ئاراستەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، داوای دیاریكردنی (15) دۆنم زەوی كردووە بۆ یاریگای سلێمانی، دواتر وەزارەتی شارەوانی نوسراوێكی ئاراستەی شارەوانی سلێمانی كردووەو بڕیارەكەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵیدا ناردووە، دوتر بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی سلێمانی لاری نەبوونی خۆی دەرووریوە بۆ ئەوەی (15) دۆنم زەوی تەرخانبكرێت بۆ یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز. دواتر لە ساڵی 2019 هەریەك لە شارەوانی سلێمانی و كشتوكاڵی سلێمانی و تۆماری خانوبەرەی سلێمانی و گەشتوگوزاری سلێمانی، نەخشەی یاریگای نێودەوڵەتی سلێمانیان پەسەنكردووەو هاوپێچیانكردووە بۆ ئەوەی یاریگای نەورۆز لەسەر رووبەری (15) دۆنم درووست بكرێت.
زوبەیر ئایدار ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە ڕایگەیاند؛ پێش بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بەرپرسانی دەوڵەت بە ئاگاداری و مۆڵەتی ئەردۆغان سەردانی ئیمرالییان کردووە و ڕایانگەیاند کە پێویستە لەسەر ئەو پرسانەی کە دەوڵەت لەسەری ڕێککەوتووە هەنگاو بنرێت. ئایدار لەچاوپێکەوتنێکیدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئێمە باس لە پرۆسەیەک دەکەین کە ئەو کردارانەی کە لەمەودوا ئەنجام بدرێن، تەنانەت ئەگەر بە نووسراو و بەڵگەش نەبێت، لە زۆر بواردا بە دەستپێشخەری و ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی یەکتر و چاوەڕوانی لە یەکتر دیاری دەکرێن. ئەو وتیشى: بە ئەزموونی ٣٢ساڵەی خۆم دەتوانم بڵێم؛ ڕێبەر ئاپۆ قەد بە ئارەزووی خۆی یان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەم جۆرە پرۆسانەدا بانگەوازییەکی لەو جۆرە نادات. لە ڕاستیدا دیارە دەرفەت ڕەخساوە، بۆیە بانگەوازییەکی لەو جۆرە دەکات. ئایدار ڕایگەیاند کە ئاگادارن کە کۆمیسیۆنێکی یاسایی پێکهێنراوە، ئەم کۆمیسیۆنە کار لەسەر پرسە یاسایی-دەستوورییەکان دەکات، وتی: هەژماریان چوار کەسە، ئێمە بە تەواوی نازانین؛ بەڵام هەندێک بەرپرس بە نوێنەرایەتی حکومەتەوە ماوەیەکە سەردانی ئیمرالی دەکەن. ئەمە مەسەلەیەک نییە کە دەوڵەت باخچەلی شەوێک لەسەری خەوتبێت و یەکسەر هەستێت و سڵاو لە دەم پارتی بکات. ئەمە شتێکە کە پێشوەختە پلانی بۆ دانراوە و ئامادە کراوە. ئەو جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە ئەو شاندەی کە چوو بۆ ئیمرالی لەگەڵ باغچەلی کۆبووەوە و ئەو پرسانەی باسیان لێکرا لەگەڵ ئەویشدا باسی لەسەر کرا. ئەو پرسانەی کە گەل ئاگاداری بوون دواتر ڕوویاندا. بەم قسە و لێدوانانە چووە قۆناغێکی نوێیەوە. "بانگەوازییەکەی ریبەر ئاپۆ نیشانەی قۆناغێکی نوێیە. زوبەیر ئایدار ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەردۆغان ئاگاداری هەموو شتێکە و وتی: "ئەو شاندەی کە سەردانی ئیمرالی کردووە بە مۆڵەتی ئەوەو ڕۆیشتوون. ئەو گفتوگۆیانەی لەوێدا ڕوویانداوە، ئەو کارانەی کە کراوە، هەمووی لە شێوەی ڕاپۆرتێکدا دراوە بە ئەردۆغان و لەهەموو شت ئاگادارە. ئێمە لە گەڵ سیاسەتەکانی حکومەت ئاشناین. بە بێ ئاگاداری ئەردۆغان، مەحاڵە بەرپرسانی حکومەت بۆ پرسێکی وا جددی بتوانن بچنە ئیمرالی. ئەردۆغان زانیاری هەبووە و مۆڵەتی داوە. زوبەیر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، بنەمای بانگەوازییەکە پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە و وتی: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتدایە. ڕێبەر ئاپۆ، لایەنی کوردی، بە تەواوی بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ کردووە. ئەو بەڕوونی باسی لەوە کرد کە چۆن ئەو کێشانە چارەسەر دەکات کە حکومەت بە قووڵی لێیان ناڕازییە. ئێستا دەبێت حکومەت هەنگاو هەڵبگرێت. بەڵێ بانگەوازی لە ڕێکخستنیش کراوە. ناوبراو باس لەوەدەکات ئاپۆ لەپەیامەکەیدا بە ڕێکخستن دەڵێت: 'ئەگەر زەمینەی سیاسی یاسایی و دیموکراتیک دروست بوو، ئێوەش ئەو هەنگاوە جێبەجێ بکەن، کۆنگرە ببەستن و بڕیار بدەن و چەک دانێن. 'یانێ باس لە سەر دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسەتی دیموکراتیک هەیە، موخاتەبی ئەمەش حکومەتە. ئێمەش لەوەی پێشتر چی ڕوویداوە هەموو ئاگادارین. ئێستا لێرەدا لە قۆناغی یەکەم، موخاتەب حکومەت و دەوڵەتە. پێویستە لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاو بنرێت. ئەگەر پرسەکە درێژە پێ بدەن، ئەوا پرسەکە هەر لەوێدا دەوستێت."
