محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند، و دەڵێت: لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی گاڵتەجاڕترین سووکایەتی و بوختان و هەڕەشە لە خۆم و خێزانەکەم بوومەتەوە و تەنانەت لەناو حکومەتدا تاڵترین قۆناغی ٤٠ ساڵ خزمەتکردنم تێپەڕاندووە. دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی، رۆژی پێنجشەممە، 01-08-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، زەریفیی وەکو جێگری خۆی بۆ کاروباری ستراتیژی دەستنیشان کرد.  محەممەد جەواد زەریف، لە کاتی سەرۆکایەتیی حەسەن رووحانی، هەشت ساڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بوو و بە ئەندازیاری رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 دادەنرێت. زەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی "دوێنێ، بە بانگهێشتی بەڕێز سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری چوومە سەردانی. ئەو بە ئاماژەکردن بە بارودۆخی وڵات، رایسپارد کە بۆ پێشگرتن لە گوشاری زیاتر لەسەر حکومەت، بگەڕێمەوە زانکۆ، منیش بێ دواکەوتن، پەسندم کرد چونکە هەمیشە ویستوومە یار بم نەوەک بار."  زەریف لە ئێکس "لادانی" لەبری دەستلەکارکێشانەوە بەکارهێناوە و نووسیویەتی "هیوادارم بە لادانی من، بیانووەکان بۆ بەربەستدانان لەبەرامبەر ویستی خەڵک و سەرکەوتنی حکومەت لابرابن. هێشتا شانازی بە پشتگیری لە دکتۆر پزیشکیانی بەڕێز دەکەم و بۆ ئەو و خزمەتکارانی راستەقینەی خەڵک، ئاواتی باشترینەکان دەخوازم."   زەریف زیاتر نووسیویەتی "هەرچەندە لە 6 مانگی رابردوودا رووبەڕووی زۆرترین سووکایەتی، تۆمەت و هەڕەشەکان بەرامبەر بە خۆم و خێزانەکەم بوومەتەوە، تەنانەت لەنێو حکومەتیشدا تاڵترین سەردەمی خزمەتی 40 ساڵەم تێپەڕاندووە، بەڵام بە هیوای خزمەتکردن خۆم راگرت."

  ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، گۆڕینی جێگرەوەی "ئاسان" نابێت، لە کاتێکدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بڕوات بەهۆی ڕەتکردنەوەی ملکەچبوونی داواکارییەکانی مۆسکۆ. زێلێنسکی کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکە لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە جلوبەرگی سەربازی خۆی لە لەندەن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕوودەدات، بە لەبەرچاوگرتنی پشتگیرییەکان، گۆڕینی من بە سادەیی ئەوەندە ئاسان نابێت". هەفتەی ڕابردوو ترامپ هاوتا ئۆکراینییەکەی بە "دیکتاتۆر" تۆمەتبار کرد، چونکە ئەو هەڵبژاردنانەی کە بڕیاربوو لە ئۆکرانیا بەڕێوەبچن و بەهۆی شەڕەوە دواخرابوون ئەنجام نەدرا. زێلێنسکی زیادی کرد: ئەوە تەنها بابەتی ڕێکخستنی هەڵبژاردن نابێت، بەڵکو ڕێگریکردن لە خۆکاندیدکردنم دەبێت، کە ئەمەش کەمێک ئاڵۆزتر دەبێت. سەرۆکی ئۆکرانیا کە لە ئەگەری ئاگربەستدا داوای گەرەنتی ئەمنی بۆ وڵاتەکەی دەکات، وەبیری هێنایەوە کە پێشتر پێشنیاری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کردبوو لە بەرامبەر پەیوەندیکردنی ئۆکرانیا بۆ ناتۆ. ئێوارەی یەکشەممە وتی: ئەگەر ناتۆ هەبێت و کۆتایی هاتنی شەڕەکە هەبێت، ئەوا من ئەرکی خۆمم بە ئەنجام گەیاندووە. سەرکردەکانی هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە لە لەندەن لوتکەیەکیان ئەنجامدا بۆ نیشاندانی پشتیوانی لە کیێڤ و پابەندبوون بە ئەنجامدانی زیاتر بۆ ئاسایش لە ئەوروپا و بەرزکردنەوەی خەرجییەکانی بەرگری، هاوکات پێداگرییان لەسەر پشتیوانی بەهێزی ئەمریکا کرد دوای ئاڵوگۆڕێکی گەرمی نێوان ترەمپ و زێلێنسکی.

  ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت، ئێران 151 بنکە و بارەگای سەربازی نوێی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، کە بە قوڵایی 5 بۆ 10 کیلۆمەتر سنورەکانی فراوانکردووە و هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە. کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێ لەسەر سنورەکان و زیاتر لە 151 بنکەی دروستکردووە، لە کاتێکدا تورکیا 74 بنکە و بارەگای لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم بونیاتناوە." دەشڵێت،"ئێران بە قوڵایی 5 بۆ 10 کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بنکە سەربازییەکانی دروستکردووە، بەڵام تورکیا 35 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمەوە و بنکەی سەربازی داناوە." لە سنوری قەزای مەندەلی پارێزگای دیالەوە هەتا ناوچەی سیدەکان، بەشێک لە خاڵ و رەبییە سەربازییەکانی ئێران هێندە نزیکن لە گوندە کوردییەکانەوە، بە ئاسانی هەست بە جم و جۆڵی سەربازە ئێرانییەکان دەکرێت. کاتێک لە مانگی دووی ساڵی 2024، حکومەتی عێراق پرۆسەی تەلبەندکردنی ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی دەستپێکرد، دانیشتوانی بەشێک لە گوندە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامداو ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەوەی بە سەدان دۆنم زەوییان دەکەوێتە سنوری ئێرانەوە. کاروان رەحیم، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندەکانی سنوری ئێرانە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گوندی مەحمود قەجەری نزیک دەروازەی پەروێزخان کە پێشتر باوباپیرانمان لێی نیشتەجێ بوون، ئێستا خەڵکەکەی ناتوانن بۆی بگەڕێنەوە چونکە کەوتووەتە نێوان خاڵە سەربازییەکانی عێراق و ئێران." دەشڵێت،"ئێستا گوندەکە لە جێگەیەکی تر بونیاتنراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئێران لە زۆر ناوچەی تری وەکو سنوری مەجید سالار و پەروێزخان و بێشکان رەبیە سەربازیییەکانی هێناوەتە پێشەوە." بەپێی وتەی بەرپرسانی پاسەوانی سنوری عێراق، ئێران و تەنانەت عێراقیش رەبیەو خاڵی سەربازییان لەو ناوچانە دروستکردووە کە بە (سفری حدودی) ناسراون و سنوری دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی تر جیادەکەنەوە، هەرچەندە نابێت خاڵی سەربازی ببرێتە ئەو شوێنانە. لە مانگی حەوتی ساڵی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕی 10 ملیار دیناری بۆ دروستکردنی بنکەی نوێی پاسەوانی سنور لە ناوچە سنورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان تەرخانکرد، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئەو بنکانە سپێردرا بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق. سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بابەتەکەی بە هەستیار ناوبردو نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"مەسەلەی هاتنە پێشەوەی خاڵ و بنکە سەربازییەکانی ئێرانمان بۆ ناو خاکی هەرێم لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق باسکرد، بەڵام پاساوی ئەوەی هێنایەوە گوایە سنورەکان بە جی پی ئێس دیاریکراون." ناوچە سنورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقەوە دەپارێزرێن، هەرچەندە پێکهاتەی ئەو هێزانە کوردن بەڵام سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقن. بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەستەوەستانن لە ئاست دروستکردنی رەبیەو خاڵی سەربازی لەلایەن ئێران و تورکیا لە ناو خاکی هەرێم، ئاماژە بەوەدەکەن ئەرکی پاراستنی ناوچە سنورییەکان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە. سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئامادە نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران لەهەندێک ناوچە خاڵ و رەبیەی سەربازی لەناوچەی بەرزو ستراتیژی ناو سنوری هەرێمی کوردستان دروستکردووە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم لەمە ئاگادارە بەڵام تا ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیراندا باسنەکراوە، چونکە ئەمە ئیشی حکومەتی عێراقە." لە مانگی نۆی ساڵی 2023، حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە تەواوەتی هێزەکانیان لە چیای هەڵگوردو بەربزینی سنوری کشاندەوە، دوای ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە فشار خرایە سەر هەرێمی کوردستان گوایە بوونی ئەو هێزانە لە سنورەکان مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست دەکات.

یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز كە ماوەیەكی بووەتە جێگای سەرنجی وەرزشوانانی هەرێمی كوردستان و عێراق، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەڵێت شوێنی یاریگای نەورۆز گەشتیارییە نەك یاریگا، لاهور شێخ جەنگیش دەڵێت بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی ئەو زەویە تەرخانكراوە و بەڵگەنامەكان بڵاو دەكەینەوە. دوای ئەوەی جەماوەرێكی زۆری وەرزشی بۆ بینینی یارییەكان روویان دەكردە یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز لە سلێمانی، هاندەران داویان دەكرد شارەوانی و حكومەتی خۆجێی سلێمانی هاوكاربن بۆ تەواوكردنی یاریگای نەورۆز، بەڵام لەیلا عومەر سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەڵێت: بەگوێرەى ماستەرپلانى سلێمانى شوێنى یاریگاى نەورۆز سەوزاییە و یاریگا نییە. لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی یانەی نەورۆز ئەمڕۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كاتی خۆی بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، شارەوانی ئەو پارچە زەوییەی تەرخان كردوە بۆ یانەی وەرزشی نەورۆز. دیارە ئەو كاتە لەیلا خان لە شارەوانی سلێمانی نەبوە، ئەو دوای روداوەكانی 8ی تەمموز بوە بە سەرۆكی شارەوانی، پێدەچێت نوسراوەكانیان ون كردبێت، ئەمشەو هەمو نوسراوەكانیان بۆ بڵاودەكەینەوە بۆ ئەوەی خەڵك بزانێت ئێمە لەسەر زەوی زیادەڕۆ ئەو یاریگایەمان دروست نەكردوە بۆ شاری سلێمانی." ئیدارەی یانەی نەورۆز چەند بەڵگەیەكیان بڵاوكردەوە سەبارەت بە شوێنی یاریگای نەورۆز: هەنگاوی یەكەم بۆ بونیادنانی یاریگای نەورۆز بۆ  10/7/2017 دەگەرێتەوە كە ئەوكات ئەندازیار یوسف یاسین سەرۆكی ئەوكاتی شارەوانی سلێمانی نوسراوێكی ئاراستەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، داوای دیاریكردنی (15) دۆنم زەوی كردووە بۆ یاریگای سلێمانی، دواتر وەزارەتی شارەوانی نوسراوێكی ئاراستەی شارەوانی سلێمانی كردووەو بڕیارەكەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵیدا ناردووە، دوتر بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی سلێمانی لاری نەبوونی خۆی دەرووریوە بۆ ئەوەی (15) دۆنم زەوی تەرخانبكرێت بۆ یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز. دواتر لە ساڵی 2019 هەریەك لە شارەوانی سلێمانی و كشتوكاڵی سلێمانی و تۆماری خانوبەرەی سلێمانی و گەشتوگوزاری سلێمانی، نەخشەی یاریگای نێودەوڵەتی سلێمانیان پەسەنكردووەو هاوپێچیانكردووە بۆ ئەوەی یاریگای نەورۆز لەسەر رووبەری (15) دۆنم درووست بكرێت.  

  زوبەیر ئایدار ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە ڕایگەیاند؛ پێش بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بەرپرسانی دەوڵەت بە ئاگاداری و مۆڵەتی ئەردۆغان سەردانی ئیمرالییان کردووە و ڕایانگەیاند کە پێویستە لەسەر ئەو پرسانەی کە دەوڵەت لەسەری ڕێککەوتووە هەنگاو بنرێت. ئایدار لەچاوپێکەوتنێکیدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئێمە باس لە پرۆسەیەک دەکەین کە ئەو کردارانەی کە لەمەودوا ئەنجام بدرێن، تەنانەت ئەگەر بە نووسراو و بەڵگەش نەبێت، لە زۆر بواردا بە دەستپێشخەری و ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی یەکتر و چاوەڕوانی لە یەکتر دیاری دەکرێن.  ئەو وتیشى: بە ئەزموونی ٣٢ساڵەی خۆم دەتوانم بڵێم؛ ڕێبەر ئاپۆ قەد بە ئارەزووی خۆی یان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەم جۆرە پرۆسانەدا بانگەوازییەکی لەو جۆرە نادات. لە ڕاستیدا دیارە دەرفەت ڕەخساوە، بۆیە بانگەوازییەکی لەو جۆرە دەکات. ئایدار ڕایگەیاند کە ئاگادارن کە کۆمیسیۆنێکی یاسایی پێکهێنراوە، ئەم کۆمیسیۆنە کار لەسەر پرسە یاسایی-دەستوورییەکان دەکات، وتی: هەژماریان چوار کەسە، ئێمە بە تەواوی نازانین؛ بەڵام هەندێک بەرپرس بە نوێنەرایەتی حکومەتەوە ماوەیەکە سەردانی ئیمرالی دەکەن. ئەمە مەسەلەیەک نییە کە دەوڵەت باخچەلی شەوێک لەسەری خەوتبێت و یەکسەر هەستێت و سڵاو لە دەم پارتی بکات. ئەمە شتێکە کە پێشوەختە پلانی بۆ دانراوە و ئامادە کراوە.  ئەو جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە ئەو شاندەی کە چوو بۆ ئیمرالی لەگەڵ باغچەلی کۆبووەوە و ئەو پرسانەی باسیان لێکرا لەگەڵ ئەویشدا باسی لەسەر کرا. ئەو پرسانەی کە گەل ئاگاداری بوون دواتر ڕوویاندا. بەم قسە و لێدوانانە چووە قۆناغێکی نوێیەوە. "بانگەوازییەکەی ریبەر ئاپۆ نیشانەی قۆناغێکی نوێیە. زوبەیر ئایدار ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەردۆغان ئاگاداری هەموو شتێکە و وتی: "ئەو شاندەی کە سەردانی ئیمرالی کردووە بە مۆڵەتی ئەوەو ڕۆیشتوون. ئەو گفتوگۆیانەی لەوێدا ڕوویانداوە، ئەو کارانەی کە کراوە، هەمووی لە شێوەی ڕاپۆرتێکدا دراوە بە ئەردۆغان و لەهەموو شت ئاگادارە. ئێمە لە گەڵ سیاسەتەکانی حکومەت ئاشناین. بە بێ ئاگاداری ئەردۆغان، مەحاڵە بەرپرسانی حکومەت بۆ پرسێکی وا جددی بتوانن بچنە ئیمرالی. ئەردۆغان زانیاری هەبووە و مۆڵەتی داوە. زوبەیر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، بنەمای بانگەوازییەکە پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە و وتی: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتدایە. ڕێبەر ئاپۆ، لایەنی کوردی، بە تەواوی بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ کردووە.  ئەو بەڕوونی باسی لەوە کرد کە چۆن ئەو کێشانە چارەسەر دەکات کە حکومەت بە قووڵی لێیان ناڕازییە. ئێستا دەبێت حکومەت هەنگاو هەڵبگرێت. بەڵێ بانگەوازی لە ڕێکخستنیش کراوە.  ناوبراو باس لەوەدەکات ئاپۆ لەپەیامەکەیدا بە ڕێکخستن دەڵێت: 'ئەگەر زەمینەی سیاسی یاسایی و دیموکراتیک دروست بوو، ئێوەش ئەو هەنگاوە جێبەجێ بکەن، کۆنگرە ببەستن و بڕیار بدەن و چەک دانێن. 'یانێ باس لە سەر دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسەتی دیموکراتیک هەیە، موخاتەبی ئەمەش حکومەتە. ئێمەش لەوەی پێشتر چی ڕوویداوە هەموو ئاگادارین. ئێستا لێرەدا لە قۆناغی یەکەم، موخاتەب حکومەت و دەوڵەتە. پێویستە لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاو بنرێت. ئەگەر پرسەکە درێژە پێ بدەن، ئەوا پرسەکە هەر لەوێدا دەوستێت."

  نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران متمانەیان  لە وەزیرى ئابورى ئەو وڵاتە سەندەوەو لە پۆستەکەى دوورخرایەوە. لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممە  دادگای کراوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، پەرلەمانتاران ڕاسپێردراون کە پێداچوونەوە بە پێشنیاری لێپرسینەوە لە وەزیری ئابووری و دارایی بکەن لەم دانیشتنەدا، نوێنەرانی لایەنگری لێپێچینەوە لە پۆستەکەی سەرەتا بۆچوونی خۆیان دەربڕی، پاشان سەرۆک کۆمار بەرگری لە وەزیر کرد. لەودانیشتنەى پەرلەماندا، عەبدولناسر هێممەتی وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی ڕایگەیاند کە ئێران توانایەکی گەورەی هەیە و وتی: لە ساڵی ٢٠١٨دا بارودۆخی ئابووری وڵات زۆر سەختتر بوو لە ئێستا، بەڵام ئێمە بە توندی ڕاوەستاین و بەرگەی ئەوپەڕی گوشارەمان گرت، ئێستاش لە شەڕی ئابووریدا سەردەکەوین. دوای وتاری وەزیری ئابووری و دارایی لە دانیشتنی نیوەڕۆ، پرۆسەی دەنگدان دەستیپێکرد، بە 182 دەنگی بەڵێ، 89 دەنگی نەخێر، و 1 دەنگی بێ لایەن، کە دەنگێکی پووچە لە کۆی گشتی 273 دەنگی دراو، و ناوبراو لە وەزارەتی ئابووری دوورخرایەوە. هاوکات مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ یەکشەمە چوتە ناو پەرلەمانی وڵاتەکەی و بە توڕەییەوە لەناو هۆڵی پەرلەمان قسەی کرد و زۆربەی کات  هاواری دەکرد. وتی: کێشە ئابوورییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگا پەیوەندییان بە یەک کەسەوە نییە، و ناتوانین هەموو تاوانەکە بخەینە ئەستۆی یەک کەس. لەبەشێکی قسەکانیدا وتی: دوژمن دەیەوێت حکومەت و پەرلەمانمان نەمێنێت، پارەکانمان لە قەتەر، عێراق و تورکیا بلۆککراوە و ناماندەنەوە. پزیشکیان وتیشی: ئێمە لە شەڕێکی ئابووریداین، ئەم شەڕە زۆر خراپتر و توندوتیژترە لە شەڕی سەپێنراوی 8 ساڵە لەگەڵ سەدام، دوژمن دەیەوێت ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوانماندا دروست بکات، با ڕێگە نەدەین ئامانجی دوژمن بە ناکۆکی و شەڕ و دووبەرەکی بەدیبهێنرێت.  ئەو جەختیشی لەوە کردەوە کە تاوانبارکردنی یەکتر لەکاتێکدا لە حاڵەتی شەڕی ئابووریداین، کێشەکە چارەسەر ناکات. ئاماژەی بەوەشکرد:  داوای لێبوردن لە خەڵک دەکەم، ناچار بووین لە وەرزی زستاندا غازی خەڵک ببڕین. ناچار بووین کارێک بکەین کە نەماندەویست بیکەین. سەرۆک کۆماری ئێران درێژەی قسەکانیدا وتی: من باوەڕم وابوو کە دیالۆگمان هەبێت باشترە، ڕێبەری شۆڕش وتی کە ئێمە دیالۆگمان لەگەڵ ئەمریکادا نابێت، هەروەها ڕامگەیاند کە دیالۆگمان لەگەڵ ئەمریکادا نابێت. بەڵام دەبێت ڕێگای گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدۆزینەوە.

سەرچاوەکەیەک لە وەزارەتى دارایی عێراق، ئاشکرایدەکات لیژنەی وردبینى دوای ناردنى راپۆرتەکەیان لەسەر لیستی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، گفتۆگۆیان لەگەڵ تەیف سامی کردووە و گوتویەتى تێبینییەکى ئەوتۆی لەسەری نەبووە. دوای ئەوەى لیژنەی وردبینی لە وەزارەتى دارایی عێراق، وردبینى بۆ لیستی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان تەواوکرد،  هەر دوێنێ ئێوارە راپۆرتى لیژنەى ووردبینى بە ئیمێڵ بۆ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق نێردراوە. بەگوێرەى سەرچاوەکە، ئەگەر تەیف سامی تێبینى دیکەی نەبێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەر ئەمڕۆ راستەوخۆ ناردنى پارەی مووچەی مانگی دوو دەستپێدەکات. رۆژی چوارشەمەی رابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمیان رەوانەی بەغداد کردووە. شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی چوارشەممەوە لە بەغدایە، چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە تەواوى پارەکەى هەرێم بنێردرێت. بۆ یەکەمجارە لیستی مووچەی مانگی دوو بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادەکراوە و سەرجەم کێشەکانی چارەسەرکراون، نزیکەی 680 هەزار کەس تۆماركراون، ناوی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیش کراوە بە یەک لیست و خانەنشینانی نوێش جیاکراونەتەوە، لیستی مووچەی خانەنشینانیش هاوپێچ کراوە کە ژمارەیان نزیکەی 290 هەزار مووچەخۆرە.

  سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت، لەم ساڵدا دەنگ لەسەر یاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەکەیان لە پەرلەمان دەدرێت. ئەندامی لیژنەی داراییش ئاماژە بەوە دەکات، لە نێوماڵی شیعەدا ناکۆکی لەسەر چەند بڕگەیەکی یاساکە دا هەیە.   ئەمڕۆ (شەممە، 1ـی ئایاری 2025) فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "یاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی، بەرهەمی هەوڵی چەندین ساڵەیە، لە ئاییندەدا دەنگ لەسەر یاسای دەستەی حەشد دەدرێت بۆئەوەی ببێتە پاڵپشتییەکی یاسایی و دواتر دەنگ لەسەر یاسای خزمەت و خانەنشینی دەدرێت. کە هیوادارین لەم ساڵدا یاساکە تێپەڕێندرێت." فالح فەیاز دەڵێت، "ئێمە لە دەستەی حەشدی شەعبی، بەرژەوەندیی دەستەکە و موجاهیدەکانی دیاریدەکەین، یاسای خزمەت و خانەنشینیش بەرهەمی هەوڵەکانمانە و چەندین ساڵ لێکدانەوە و ئامادەکاریمان بۆ کردووە."   سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی راشیگەیاندووە، "هەندێک هەن بە هۆکاری سیاسی دەیانەوێت بەوجۆرە وێنامان بکەن کە گوایە ئێمە دژبەری ئەو یاسایەین، ئەوەی بابەتەکەی بە تەمەنی خانەنشینی بەستووەتەوە، دیارە ئەو کەسە بەباشی یاساکەی نەخوێندووەتەوە، چونکە ئەوە پەیوەندی بە سەرۆکی دەستەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە سەرۆکی ئەرکانەوە هەیە." هاوکات مەحاسن حەمدوون، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، "دیارنییە کەی ئەو یاسایە تێدەپەڕێندرێت، چونکە لە نێوماڵی شیعەدا ناکۆکی لەسەر چەند بڕگەیەکی یاساکە هەیە، بەتایبەتی ئەو بڕگەیەی باسی خانەنشینبوونی فەرماندەکانی حەشد دەکات." مەحاسن حەمدوون دەشڵێت، "ئەگەر تەمەنی خانەنشینبوون لە یاسای حەشد دا هاوتای تەمەنی خانەنشینیی یەکگرتووی فیدراڵی بێت، ئێمە وەکو لایەنە سوننییەکان کێشەمان لەگەڵیدا نابێت، بەڵام دەبێت ئەوان لە پێشدا لەنێو ماڵی خۆیان لەسەری کۆک بن."   رۆژی 25ـی شوباتی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، پڕۆژەیاسایەکی نوێی دەستەی حەشدی شەعبی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد، بۆ پەسندکردنی. لە رابردوودا پەرلەمانی عێراق، چەندین جار دەنگدان لەسەر یاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی دواخستووە، بەهۆی ئەوەی لایەنە شیعەکان لەسەر پڕۆژەکە ناکۆکن.    ئەو ناکۆکییانەش لە دەوری دوو پرسی سەرەکی چڕبوونەتەوە، یەکەمیان پەیوەندیی بە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبییەوە هەیە کە هێشتا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە خراوەتەڕوو، ئەوەی دیکەش بریتییە لە پرسی تەمەنی خانەنشینیی تایبەت بە فەرماندەکانیان. حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 و بە فەتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دوای گرتنی موسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش لە حوزەیرانی 2014، دامەزرا.   لە ساڵی 2016، حەشدی شەعبی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەکو هێزێکی چەکدار ناسێندرا و لەپاڵ سوپای عێراق بووەتە هێزێکی فەرمی.

کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی سی پی تی، ڕایگەیاند سوپای تورکیا بە هەلیکۆپتەر هێرش دەکاتە سەر چیای لینکی لە ناحیەی دێرەلووک. ئەو بەرپرسەى ڕێکخراوى cpt وتیشى: لە کاتژمێر ١:٠٤ خولەکی ئەمشەودا، سوپای تورکیا بە هەلیکۆپتەر هێرشی کردە سەر چیای لینکی لە ناحیەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی و گەریلاکانی پارتی-کرێکارانی-کوردستانیش بە تەقەکردن وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە. بەپێى ئەو زانیاریانەى کامەران عوسمان خستویەتیە ڕوو هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبووەتە قوربانی، بەڵام بەهۆی نزیکی هێرشەکە لەناو ناحیەی دێرەلووک، ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو هاوونیشتیمانیانی ناحیەکە بڵاوبۆتەوە. لە ڕۆژی ٢٧ی شوباتەوە کە ڕێبەری زیندانیکراوی پە-کە-کە، بانگەوازی ئاشتی بڵاوکردەوە، ئەمە هەشتەمین هێرش و بۆردوومانی سوپای تورکیایە بۆسەر هەرێمی کوردستان. بەپێى ئامارێکى ڕێکخراوى سی پی تی ئەمریكی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی توركیا لەناو خاكی هەرێم بڵاوكردەوەو دەڵێت، لەماوەی یەك مانگی ئۆپەراسیۆنەكەدا 9 گوند بەتەواوەتی چۆڵكراون، 184 خێزان ئاوارەبون، 19 خانوی هاوڵاتیانی مەدەنی بۆردومان كراون و وێران بون و 1 هاوڵاتی مەدەنیش برینداربوەو هەروەها سوپای تورکیا 10 بارەگای سەربازی نوێی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان بنیاتناون.  سی پی تی لەساڵی 2006ـەوە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، جگە لە تۆماری بۆردوومانەکان، کار بۆ پاراستنی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان دەکەن. تیمەکەی رێکخراوی سی پی تی تەنها سێ کەسن لە هەرێمی کورستان، بەڵام کارەکانیان وایکردووە ببنە چالاکترین تیمی رێکخراوەکەیان لەسەر ئاستی جیهان.  

  نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل ڕازی بووە بە هێڵکاری پلانێک کە لەلایەن ستیڤن ویتکۆف نوێنەری ئەمریکاوە پێشنیار کراوە بۆ ئاگربەستی کاتی لە غەززە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی موسڵمانان و جەژنی پەسحی جولەکەکان (12-20ی نیسان)، پلانێک کە ویتکۆف پێشتر ڕای نەگەیاندبوو. نووسینگەی نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا کە دوای کۆبوونەوەی ئەمنی بە سەرۆکایەتی ناتانیاهۆ بە بەشداری وەزیری بەرگری و سەرکردە باڵاکانی سەربازی و تیمی دانوستانکار بڵاویکردەوە، کە - بە پێی پێشنیاری ویتکۆف - نیوەی ئەو زیندانییە ئیسرائیلییانەی کە لە غەززە دەستبەسەرن، بە زیندووی و مردوویی، لە یەکەم ڕۆژی ئاگربەستی پێشنیارکراویدا ئازاد بکرێن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی بکرێت، نیوەی دووەمی دەستگیرکراوانی غەززە ئازاد دەکرێن. تەلئەبیب مەزەندە دەکات - بە گوێرەی میدیا ئیسرائیلییەکان - کە ٦٢ زیندانی ئیسرائیلی لە غەززە هەن (هەندێکیان لە ژیاندان و هەندێکیشیان مردوون)، لە کاتێکدا گروپە چەکدارە فەلەستینییەکان ژمارەی ئەو زیندانیانەی کە هەیانە، ڕانەگەیاندووە. ڕۆژی هەینی، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، پابەندە بەهەموو بڕگەکانی ئاگربەستی غەززە و ئاڵوگۆڕی زیندانیان، هەروەها داواشی لە نێوەندگیرەکان کرد، فشار لە ئیسرائیل بکەن دەستبەجێ بچێتە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە. قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، چووە بواری جێبەجێ کردن، بەڵام دەستپێنەکردنی دانووستانەکان بۆ قۆناغی دووەم، دەرگا بەڕووی چەندین سیناریۆی ئەگەریدا دەکاتەوە. هەروەها ئیسرائیل دەیەوێت قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانی و بارمتەکان درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی بارمتەکان ئازاد بکرێت، بەبێ ئەوەی ئەو پابەندبوونانە تەواو بکات کە لە ڕێککەوتنەکەدا بەسەریدا سەپێنراوە.

حکومەتى بەریتانیا و ئۆکراینا رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی لەندەن (2.26 ملیار پاوەند) 2.84 ملیار دۆلار بە قەرز بە کیێڤ بدات تاوەکو توانا بەرگرییەکانی ئۆکراینا بەهێز بکات.   لەندەن دەڵێت، رێککەوتنەکە دەرخەری "پشتیوانیی نەگۆڕ و بەردەواممانە بۆ خەڵکی ئۆکراینا." رەیچڵ ریڤز، وەزیری دارایی بەریتانیا بە ئامادەبوونی کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها، سێرگی مارچێنکۆ، وەزیری دارایی ئۆکراینا کە بەشێوەی ڤێرچوەڵ ئامادەبوو، واژۆی لەسەر رێککەوتنەکە کرد.   دەگوتر‌ێت، ئۆکراینا بە سامانی سڕکراوی رووسیا، ئەو قەرزە بە بەریتانیا دەداتەوە.  پێش واژۆکردنی رێککەوتنامەکە، ستامەر بەگەرمی پێشوازی لە زیلینسکی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی هەینی دەمەقاڵێ لەنێوان سەرۆکی ئۆکراینا و هاوتا ئەمریکییەکەی دروستبوو.    کۆمەڵێک خەڵکی ئاسایی لەبەردەم خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت بە چەپڵە پێشوازییان لە زیلینسکی کرد و لەگەڵ ستامەر باوەشیان بەیەکدا کرد، وێنەیان پێکەوە گرت و دواتر چوونەژوورەوە.  ستامەر بە زیلینسکی گوت "زۆر، زۆر بەخێربێی بۆ داونینگ ستریت. تۆ ئاگات لە هوتافی سەر شەقامەکە بوو. پشتیوانی تەواوەتیی بەریتانیات هەیە و، پشتگیریی تۆ و ئۆکراینا دەکەین." ستامەر ئاماژەی بەوە کرد، هەردووکیان "ئاشتییەکی درێژخایەن"ـیان بۆ ئۆکراینا دەوێت، "لەسەر بنەمای سەروەری و ئاسایش بۆ ئۆکراینا."  زیلینسکی لە وەڵامدا باسی ئەوەی کرد، سەدان پشتیوانکاری لە داونینگ ستریت بینیوە.    گوتیشی: "دەمەوێت سوپاستان بکەم، سوپاسی خەڵکی بەریتانیا دەکەم، بۆ ئەم پشتیوانییە گەورەیەی لە سەرەتای جەنگەوە هەبووە. زۆر دڵخۆشم کە خاوەنشکۆ پاشا قبووڵیکرد سبەی من ببینێت و ئێمە لە ئۆکراینا زۆر دڵخۆشین کە هاوبەشێکی ستراتیجیی لەم جۆرەمان هەیە." زیلینسکی هەروەها گوتی "دڵمان بە پشتیوانیی ئێوە گەرمە."  ستامەر و زیلینسکی بۆ ماوەی 75 خولەک لە پشت دەرگا داخراوەکان کۆبوونەوە، لە کاتی رۆیشتنیشی دا، ستامەر تاوەکو لای ئۆتۆمبێلەکە یاوەریی زیلینسکی کرد و پێش ئەوەی سەرکەوێت، لە ئامێزی گرت.

  فەرماندەی ئەو هێزە ئێزیدیەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە مەیدانی تەحریری بەغداد جیابوونەوەی خۆیان لە هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ڕاگەیاند بە دەنگی ئەمەریکای وت، بە هۆکاری "پشتگوێخستن و ئیهانە پێکردنیان" لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و بێ هیوابوونیان لە هەرێم بە "ناچاری" جیابوونەوەی خۆیان لە هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ڕاگەیاندووە و پەنایان بردۆتە بەر بەغداد. دەشڵێت لە ئێستادا ئەو هێزانە بە خێزانی هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە و ڕوویان کردۆتە بەغداد. عەقید لوقمان گلی، فەرماندە و سەرپەرشتی هێزە جیابووەوەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرباری ئەوەی ئێمە وەک هێزێک بەشداری شەڕی داعشمان کردووە، لە ساڵی 2015 فەرماندەییەکمان دروست کرد کە لە 14 بەتایۆن پێکهاتبوو، دواتر وتیان دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەویش نەکرا، دواتر هەر ڕۆژە و فەرمانێکی جیاواز لەبارەی هێزەکەمانەوە دەدرا، بەڵام هەر نەکراین بە فەرمی، چەندین جار لە دەرگای لق و ناوچە و هێزەکانی پێشمەرگەماندا، بەڵام سودی نەبوو، بۆیە بە ناچاری بڕیارماندا جیابوونەوەی خۆمان ڕابگەیەنین و ڕوو بکەینە بەغداد." وتیشی،"هێزەکەمان پێکهاتووە لە 10 ئامر بە تالیۆنین کە لە ساڵی 2014 پلەیان عقید بووە، لەگەڵ 26ئامر سریە کە پلەیان مقدمن جگە لە وە ئەوانەی تر ئەفسەر و پێشمەرگەی ئاسایی، ئێمە پارتی بووین، من خۆم کارگێر ناوچەبووم، 17 ساڵە پارتیم، بەڵام وەک ئێزیدی هیچیان بۆ گەلی ئێمە نەکرد، واتە ئیهانە دەکراین بۆیە ئەم بڕیارەماندا." ئەو پێشمەرگانەی جیابوونەتەوە سەر بە لیوای شەنگالن و ناسراون بە هێزەکەی قاسم شەشۆ، کە لە ساڵی 2014 ەوە وەک لیوایەکی تایبەتی ئێزیدی دروست کراون. بە قسەی خۆیان هێزە جیابووەوەکە پێکهاتووە لە 10 بە تالیۆن کە پلەیان عقید و 26 ئامر سریە بە پلەی موقەدەمن، جگە لە وە ئەوانەی تر ئەفسەر و پێشمەرگەن و ژمارەیان 1200 کەسە و سەر بە هێزەکانی 80ی پارتین. بەڵام سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە بەغدادەوە جیابوونەوەی خۆیان لە پێشمەرگە ڕاگەیاند و دەڵێن دەیانەوێت بخرێنە سەر هێزەکانی حکومەتی عێراق. هەرچەندە دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە چەندین بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە و وتەبێژی وەزارەتەکە، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکان نەدرانەوە، تا ئێستاش وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی 80 هیچ لێدوانێکی فەرمیان نەبووە لەو بارەیەوە. هاوکات دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە قاسم شەشۆ فەرماندەی لیوا ئێزیدیەکە، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو. لیوا محەمەد سابر هەمەوەندی شارەزای سەربازی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" جیابوونەوەی ئەو هێزانە پیلانە و هۆکارەکەی دەستێوەردانە لە هەرێمی کوردستان و دەستە لە پشت ئەم پرسەوە، هاوکات لێدانە لە کورد و لە زۆنی زەردیش، بۆیە بابەتەکە بە سیاسی دەبینم نەک سەربازی، ئەمانە کۆمەڵێک خەڵکیی بەرژەوەندیخوازن و دەلالەت لە کۆمەڵگەی ئێزیدی ناکەن کە کیانێکی کوردن." وتیشی ،" لە ڕووی سەربازیەوە ئەوە هەڵگەڕانەوەیە (تەمەڕۆدە)، واتە هەڵگەڕانەوە لە سیستەم و یاسای سەربازی و یاسای هەرێم، بۆیە دەبێت بە یاسای سەربازی سزا بدرێن ڕاپێچی بەردەم دادگا بکرێن. حکومەتی عێراقیش لەبەر ئیعتیباری هەرێم نە دەبوو قبوڵیان بکات." سەرباری "هەڵگەڕانەوەی" خۆیان ئەو پێشمەرگانە خێزانەکانیشیان لە هەرێم بردتە دەرەوە و ڕوویان کردۆتە بەغداد، وا بڕیاریشە لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراقەوە پێوازیان لێبکرێت. لوقمان گلی دەلێت،" وەزرەتی بەرگری عێراق پێشوازی لێکردی،ن دوو سبەی کۆبوونەوەمان لەگەڵ سودانی هەیە، وە لەگەڵ فایق زێدان و مەرجەعی سیستانیش پێشوازیمان لێدەکات و کۆدەبینەوە." وتیشی،" کوردستانمان بەجێهێشتووە بە خۆمان و خێزانەکانمانەوە، 700 خێزان ڕۆشتوون و 500خێزانی ترمان ماوە، کە بەم زووانە هەرێم بەجێدەهێڵێن بە تەواوی."

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) ڕایگەیاندووە، توانیویانە سەرکردەیەکی باڵای ڕێکخراوی "پارێزەرانی ئایین"ی سەر بە ئەلقاعیدە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بکوژن. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسەى کوژراوە، محمد یوسف زیا تەلای، فەرماندەیەکی سەربازی دیار لە ڕێکخراوی پارێزەرانی ئایین کوشتووە. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، جەنەڕاڵ مایکل ئێریک کوریلا وتی: "وەک لە ڕابردوودا گوتمان، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونی بێوچان ئەم تیرۆریستانە بە مەبەستی بەرگریکردن لە زێدی خۆمان و هاوڵاتیانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا." لە 17ی شوباتدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جێبەجێکردنی هێرشێکی ئاسمانی دیکەی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ڕاگەیاند و ئەو هێرشەی کردە ئامانج کە بە سەرکردەیەکی دیاری ڕێکخراوی پارێزەرانی ئایین وەسفی کرد. لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە 15ی شوباتدا هێرشە ئاسمانییەکەی ئەنجامداوە و بەرپرسێکی باڵای لە بواری دارایی و هەماهەنگیی کارە لۆجستییەکانی ڕێکخراوەکە کردۆتە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم مانگرتنە "لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەردەوامی ئەمریکا، بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا، بۆ پەکخستنی هەوڵەکانی تیرۆریستان بۆ پلاندانان و ڕێکخستن و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی سەربازی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانیان". لە 24ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، سوپای ئەمریکا کوژرانی دوو ئەندامی داعش و برینداربوونی سێیەمیان لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە پارێزگای دێرەزۆر لە سوریا ڕاگەیاند.  

ئەڵمانیاو پۆڵەندا و فەرەنسا کاردەکەن بۆ کۆکردنەوەى پاڵپشتى ئۆکرانیا ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، جەختی لە زیادکردنی دەستبەجێی پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ ئۆکرانیا کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی لەگەڵ پۆڵەندا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکە کاردەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی بەرگرییەکانی کیێڤ. هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوروپا پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە بۆ پشتگیریکردنی بەرگرییەکانی، وتیشى "بەداخەوە ئەوەى ڕویدا خەونێکی خراپ نەبوو، بەڵکو واقیعێکی قورس بوو". هەروەها وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا، داوای ئەوەشیکرد هەردوو ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا یاساکانی بودجەی خۆیان شل بکەنەوە بۆ ئاسانکاری پشتگیریکردن لە ئۆکرانیا دوای ئەو کێشەیە کە بە فڕێدانی زێلێنسکی لە کۆشکی سپی کۆتایی هات. لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، فرانک واڵتەر شتاینمایەر سەرۆکی ئەڵمانیا بە توندی ڕەخنەی توندی لە هاوتا ئەمریکییەکەی دۆناڵد ترەمپ گرت و چاوپێکەوتنە تووڕەییەکەی لە کۆشکی سپی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە دەرەوەی خەیاڵ وەسف کرد. شتاینمایەر ڕۆژی شەممە لە کاتی گەشتى فڕۆکەکەیدا بۆ ئۆرۆگوای بە ئاژانسی ڕۆژنامەوانی ئەڵمانی (dpa)ی ڕاگەیاند: دیپلۆماسی کاتێک شکست دەهێنێت کاتێک هاوبەشەکان لەبەردەم جیهاندا زەلیل بکرێن. وەک شتاینمایەر دەڵێت، دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە ئاساییەکان: “ئەو دیمەنەی لە کۆشکی سپیدا ڕوویدا، هەرگیز باوەڕم نەدەکرد کە ڕەنگە ناچاربین بەرگری لە ئۆکرانیا بکەین لە بەرامبەر ئەمریکا.” سەرۆکی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوروپییەکان پابەندن بە ئازادی و دیموکراسی و سەروەری یاساوە، "دەبێت ڕێگری لە ئۆکرانیا بکەین کە ناچار بێت ملکەچبوون قبوڵ بکات". ترەمپ ڕۆژی هەینی زێلێنسکی بە مەترسی خستنە سەر ئاسایشی جیهانی تۆمەتبار کرد بە ڕەتکردنەوەی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا و هۆشداریدا لەوەی کە "قومار لەگەڵ جەنگی جیهانی سێیەم" و ژیانی ملیۆنان کەس دەکات.

"راگەیاندنی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"، رێگای هەموو هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی رووناک دەکاتەوە و وەک مانیفێستۆی سەردەمە. لەبەر ئەوەی مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتی بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتی زیاد کردووە، بە رێزەوە سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەین. جێبەجێکردنی نێوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو زۆر گرنگە لەگەڵ بانگەوازی باسکراودا دیارە کە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرۆسەیەکی مێژوویی دەستی پێکردووە. ئەمە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر پێشکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی و ژیانی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت. پەیوەست بەمەوە بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە سەر شانی هەموومان؛ پێویستە هەر کەس ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بێگومان کردنی بانگەوازێک بەم شێوەیە زۆر گرنگ بوو؛ ئێستا جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە. ئێمە وەک پەکەکە راستەوخۆ بەشداری نێوەڕۆکی بانگەوازی باسکراو دەبین و رایدەگەیەنین کە ئێمە بەپێی پێداویستیەکانی بانگەوازەکە هەڵسوکەوت دەکەین و جێبەجێیان دەکەین. بەڵام بۆ سەرکەوتن پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی سیاسەتی دیموکراتی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێن. هێزی بەڕێوەبردنی خەبات و هاوئاهەنگی پەکەکە کە داڕێژراوە دەدرێتە گەل زۆر ئاشکرایە کە پەکەکە، بووەتە بزووتنەوەی راستی و پاڵەوانە گەورەکانی نیو سەدەی دوایی کوردستان. هەموو شتێک بە خەباتێکی گەورەی پاڵەوانەتی، فیداکاری، قوربانیدان و رەنجی زۆر بەدەست هاتووە. ئێمە هەموو شەهیدە پاڵەوانەکانی ئەم خەباتی ئازادییە بە رێز، خۆشەویستی و سوپاسگوزاریەکی گەورە بەبیر دێنینەوە. ئێستا ئێمە بە هەمان گیان و باوەڕ دەستکەوتە مێژووییەکانی باسکراو دەگوازینەوە بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات. ئەو ژیرییەی کە رێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە و ئەزموونی گەورەی پەکەکە دروستی کردووە، باشی، راستی، جوانی و هێزی بەڕێوەبردنی خەباتی ئازادی لە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیەوە دەداتە گەلەکەمان. بە رادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات لەم چوارچێوەیەدا، بۆ ئەوەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی جێبەجێ بکرێت، ئێمە لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. بە ڕادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. هەروەها جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت. بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی بەڕێوەی ببات هەروەها ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتی بەڕێوە ببەین. بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەمە پێویستە مەرج و پێداویستیە گونجاوەکان دابین بکرێن و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەش پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. تا ئێستا لەگەڵ هەموو هەڵە و کەموکوڕیەکان ئێمە بەڕێوەبەرایەتی شەڕمان کرد؛ بەڵام تەنها رێبەر ئاپۆ دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بکات. پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی ئازادی جەستەیی، ژیان و کارکردنی ئازاد دابین بکرێن ڕاستیە بەرچاوەکان زۆر ئاشکرا نیشان دەدەن کە بۆ ئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ ببێت، بۆ دیموکراتیکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتی کێشەی کورد، بۆ پێشخستنی بزووتنەوەی دیموکراسی گڵۆباڵ، پێویستە مەرجەکانی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بژیت و کار بکات دابین بکرێن، هاوڕێکانیشی لەناویاندا بتوانن بەبێ بەربەست لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیانەوێت پەیوەندی دروست بکەن. ئێمە هیوادارین کە پێداویستیەکانی ئەمە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێن. بانگەواز کۆتایی نییە دەستپێکێکی نوێیە گەل و دۆستە بەڕێزەکانمان! بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بێگومان کۆتایی نییە، بە پێچەوانەوە دەستپێکێکی نوێیە. وەک کە لە ڕاگەیاندنەکەدا زۆر سەرنجڕاکێش دەوترێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەخاتە بەرچاو کە ئەو شتانەی کە پێویست بوو لە 35 ساڵی رابردوودا بەتایبەتی لەم 20 ساڵەی دواییدا بکرابان، بەڵام بەو رادەیەی دەخوازرێت لە کاتی خۆیاندا نەکراون، ئێستا پێویستە بێگومان بکرێن. لەم بوارەدا پێویستە بانگەوازی ڕێبەرایەتی، هۆکارەکانی، تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پرۆسە نوێیەکە کە دەستی پێکردووە بە دروستی و تەواوی تێبگەین و پێویستە پێداویستیەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. پێویستە بە بەرپرسیاریەتی و جیددیەتێکی گەورەوە نزیک لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە ببینەوە و زۆر گرنگە کە لە هەموو بوارێکدا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ بکرێت. پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین با لەبیرمان نەچێت کە بارگرانیەکەی هەرە زۆر ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە خستوویەتیە سەر شانی خۆی، ڕێگامان ڕووناک دەکاتەوە و پێشەنگایەتیمان دەکات. ئێستا بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی' هەنگاوێکی نوێ دەنێت و بۆ هەموو ژێردەستەکان بەتایبەتی ژنان و لاوان پرۆسەیەکی نوێی خەبات دەست پێدەکات. لەبەر ئەمە با تایبەتمەندیەکانی ئەم پرۆسە نوێیە بە دروستی تێبگەین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەردەم لە بەرامبەر هەر جۆرە ساختەکاری و هێرشێک ئامادە بین، ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. با ڕێکخستنبوونی دیموکراتی و خەباتی ئازادیمان لە هەموو بوارێکدا بە ئازایەتی و فیداکاریەکی گەورەوە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چوار لای جیهان گەش بکەین. پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین. بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە 8ی مارس و نەورۆز بکەن ئەوەتا، چووینە مانگی مارسێکی نوێوە و هەیەجانی 8ی مارس و نەورۆز دەژین. ئێمە شۆڕشی ئازادی ژنان لەسەر بنەمای ژنناسی پێش دەخەین و لەسەر هێڵی شارستانیەتی دیموکراتی ژیانی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی رێکدەخەین. هەوڵ دەدەین ڕاستی ئاپۆیی بە شێوەیەکی دروست و تەواو تێبگەین و شۆڕشی ڕاستی کە شۆڕشی بیرکردنەوە و شێوازی ژیانە پێشبخەین. بانگەوازی دوایی ڕێبەر ئاپۆ لە راستیدا بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە 8ی مارس و نەورۆز بکەن و بە هەیەجانێکی گەورەوە پیرۆزی بکەن. لە هەر کەسێک زیاتر پێویستە ژنان و لاوان ئەم بانگەوازە بە دروستی تێبگەن، بە بەهێزی پشتگیری لێبکەن و پێداویستیەکانی جێبەجێ بکەن. لەسەر ئەم بنەمایانە ئێمە 8ی مارس ڕۆژی ژنانی کرێکار و نەورۆز لە هەموو ژنان و لاوان، گەلەکەمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەین و بانگەواز لە هەر کەسێک دەکەین کە بە گیانی 8ی مارس و نەورۆز پشتگیری لە بانگەوازی رێبەرایەتی بکەن و لە هەموو بوارێکدا خەباتی ئازادی گەش بکەن! بژی پێشەنگی پاڵەوانی گەلەکەمان پەکەکە! "بژی رێبەر ئاپۆ!"