جۆدی ویلیامز، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکوانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، هەوڵەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی ئیلهامبەخشن و دەشێت کاندیدی جددى خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بێت. لەمیانەى چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، جۆدی ویلیامز، وتى: دانوستانەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بنەمای ئاشتی و ئاسایش و ڕێزگرتن لە یەکتر، وایکردووە ببێتە کاندیدێکی گرنگ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، هەروەها ئەوەشى وت: ئەم پرۆسەیە عەبدوڵڵا ئۆجالان دەکاتە کاندیدێکی جدی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. جۆدی ویلیامز، چالاکوانى مافی مرۆڤ، لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەیدا، جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانی ئاشتی سەرکردە ئاپۆ گەشەسەندنێکی زۆر گرنگ و ئەرێنین لە ژێر رۆشنایی بڵاوبوونەوەی شەڕ و جینۆساید لە سەرانسەری جیهاندا. هەروەها ناوبراو سەرنجی بۆ ئەو ڕاستییە ڕاکێشا کە دەبێت مەرجی گونجاو بۆ بەشداریکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە پرۆسەی ئاشتیدا دابین بکرێت و جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا دەبێت دڵسۆزانە وەڵامی ئەم پرۆسەیە بداتەوە. هەروەها جەختی لە زامنکردنی ئاسایش و ژیانی ڕێبەر ئاپۆ کردەوە، داوای لە دەوڵەتی تورکیا کرد واز لە یارییەکانی خۆی بێنێت و دەست بە دیالۆگێکی مانادار لەگەڵ سەرکردە کوردەکان بکات و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت. جۆدی ویلیامز لەدایکبووی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٠، چالاکوانی سیاسی و مافی مرۆڤی ئەمریکییە، لە سەرانسەری جیهاندا بە ڕۆڵی لە دامەزراندنی کەمپەینی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی مین و داکۆکیکردنی بەردەوامی بۆ مافەکانی مرۆڤ (بەتایبەت مافەکانی ژنان) و ڕۆڵی لە دانانی ستانداردی نوێ بۆ باشترکردنی ئاسایشی کەسی لە جیهانی مۆدێرنماندا ناسراوە. جودی لە ساڵی ١٩٩٧ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو هەڵمەتەی کە دامەزراندبووی، وەک ڕێزێک بۆ ئەو، بەهۆی کارەکانی لە لابردنی مین.

دۆناڵد ترامپ ئەمشەو سێشەممە وتارێک لە کۆنگرێسی ئەمەریکا پێشکەش دەکات و تیایدا تیشک دەخاتە سەر بەشێک لە کارەکانی چەند هەفتەی سەرەتایی سەرۆکایەتییەکەی. ئەم وتارەی کە وەک بارێکی باو بە وتارێک لەسەر ڕەوشی وڵات دوای دەستبەکاربوون بەناوبانگە، دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ سەرۆک ترامپ هەتا بۆچوونەکانی خۆی لەسەر ئابوری و ڕێبازی کۆچبەری ئەمەریکا بخاتە ڕوو و ڕێگە خۆش دەکات تا بەرگری لە بڕیارە مشتومڕ لەسەرەکانی ئەم دواییەی بکات بۆ کەمکردنەوەی هێزی کاری فیدراڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی. بەڵام یەکێک لە ئاستەنگە بەرچاوەکان بۆ ترامپ بریتی دەبێت لە یەکخستنی زۆرینەی کۆمارییەکان لە سینات و ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تێپەڕاندنی بودجەی حکومەت هەتا دوا وادەی 14ی مانگی 3. کۆمارییەکان دوودڵن لەسەر ئەوەی کە ئایا بەرنامە بەناوبانگەکانی تۆڕی سەلامەتی کۆمەڵایەتی وەک مێدیکەید کە بیمەی تەندروستی بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە داهاتیان کەمە ببڕن یان نا، بۆ دانەوەی قەرزی ئەمەریکا و پێدانی درێژکردنەوەی کەمکردنەوەی باجەکانی ساڵی 2017 کە لە خولی یەکەمی ترامپدا پەسەندکرا. ترامپ داوای "یەک پڕۆژە یاسای گەورە و جوان" دەکات بۆ دابینکردنی بودجەی کارنامەی سیاسەتە ناوخۆییەکانی. مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، "کاری زۆر قورسمان لە پێشە، بەڵام بڕیارە کارنامەی ئەمەریکای یەکەم بگەیەنین". گوتیشی "ئێمە هەمووی ئەنجام دەدەین، نەک تەنها بەشێکی." دیموکراتەکانی کۆنگرێس ڕەخنەیان لە بودجە گرتووە و دەڵێن سوودی بۆ دەوڵەمەندەکان هەیە. چاک شومەر سەرۆکی کەمینە لە سینات هەفتەی ڕابردوو وتی "هەڵە مەکەن، ئەمە کەسانی بەساڵاچوو و منداڵان و کەمئەندامان تاڵان دەکات بۆ ئەوەی پارە بدەن بۆ دەوڵەمەندەکان هەتا دەوڵەمەندتر بن". هەروەها پێدەچێت سەرۆک ترامپ باس لە هۆکاری سەپاندنی باج لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەر وڵاتانی دیکەدا بکات. دووپاتی کردەوە کە 25% باج لەسەر کەنەدا و مەکسیک لە ڕۆژی سێشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ترامپ ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "دەبێت باجێکیان لەسەر دابنرێت." و گوتیشی "کەواتە، ئەوەی دەبێت بیکەن دروستکردنی کارگەی ئۆتۆمبێلەکانیانە، ڕاشکاوانە، و شتی دیکە لە ئەمەریکا، لەو حاڵەتەدا هیچ باجێکیان لەسەر دانانرێت." هەفتەکانی سەرەتای سەرۆکایەتی ترامپ چەندین فەرمانی سەرۆکایەتیشی تێدا مۆر کران لەسەر ئەو بابەتە سەرەکییانەی کە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا ئاماژەی پێکردبوون لە ناویاندا چاکسازی لە کۆچبەریدا. چاوەڕوان دەکرێت لە وتارەکەیدا سێشەممە شەو تیشک بخاتە سەر گۆڕانکارییەکانی ئاسایشی سنووری باشووری ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیک. هەروەها دەشێت قسە لەسەر دامەزراندنی وەزارەتی کارایی حکومەت بکات کە بە DOGE ناسراوە و بە سەرۆکایەتی ملیاردێر ئیلۆن ماسک. لە کاتێکدا کە پرسە ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی نەریتی جێگەی بایەخی وتاری سەرۆکایەتن بۆ کۆنگرێس، بەڵام پێدەچێت باس لە چەندین ئاستەنگی سیاسەتی دەرەوەییش بکات. ترامپ دوای مشتومڕێکی لەگەڵ ڤۆلدمیر زێڵێنسی ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هەست ناکات ئۆکرانیا بە شێوەیەکی پێویست دان بە بەشداریکردنی نزیکەی 200 ملیار دۆلاری ئەمەریکادا ناوە لەو ململانێیەدا کە کاتێک ڕووسیا لە 24ی دووی 2022دا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ترامپ باس لە ئاگربەست لە غەززە بکات و پلانەکانی بۆ پەرەپێدانی خانووبەرە لەو ناوچە پڕ لە کێشەیە بخاتە ڕوو. ئەلیسا سلۆتکین، سیناتۆر و شرۆڤەکاری پێشووی سی ئای ئەی وەڵامی دیموکراتەکان بۆ وتارەکەی ترامپ دەداتەوە. سلۆتکین لە ویلایەتی میشیگان سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە گرنگیدان بە ئابووری لە گەیاندنی خۆی بۆ دەنگدەران.

بەرخۆدانی سێ مانگی رابردووی شەڕڤانانی هەسەدە لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و خستنەخوارەوەی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقداری تورکیا، زیانی گەورەی بە بازاڕی چەک و تەقەمەنی تورکیا گەیاندووە و خواستی لەسەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا کەمکردووە. لە دوا روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، تورکیا و گروپە چەکدارە سورییەکانی سەر بەو وڵاتە هێرشەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و دەوروبەری کۆبانێ چڕکردوەتەوە، تورکیا بە هێرشی ئاسمانی و موشەکی پاڵپشتیی ئەو گروپانە دەکات و بە چڕی بۆردومانی ناوچەکە دەکات، لەبەرامبەردا شەڕڤانانی هەسەدە بەرەنگاری هێرشەکان بونەتەوە و نەیانهێشتووە پێشڕەویی بۆ ناوچەکە بکەن.  بەپێی راگەیەندراوی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی ئەو هێزانە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا پشتڕاستی کردەوە، تائێستا چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری بەیرەقداری تورکیایان خستوەتە خوارەوە، سەرەڕای تێکشکاندنی ژمارەیەک سیستمی رادار و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەی چاودێری و هێرشکار. نرخی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی تورکیا نزیکەی 25 ملیۆن دۆلارە، بەوەش تەنها لە خستنەخوارەوەیان زیاتی 100 ملیۆن دۆلار لە تورکیا کەوتوە و لەسەر ئاستی جیهانیش کە زۆرترین خواستی لەسەر بووە، بازاڕی بە تەواوەتی شکاوە. کۆمپانیای بایکار، کە فڕۆکەی (بەیرەقدار تی بی 3) دروست دەکات، شەشەم کۆمپانیای تەکنەلۆجی بەرهەمهێنەری ئەو فڕۆکانەیە لەسەر ئاستی جیهان. فڕۆکەکە، درێژییەکەی هەشت مەترە، بەرزی دو مەتر و درێژی هەر باڵێکی 14 مەترە. ئیسلام سەعدی، ئەفسەری خانەنشینی هێزی ئاسمانی سەربازی عێراقی و شارەزای بواری فڕۆکەوانی سەربازی رایگەیاند: کێشی بەیرەقدار 1600 کیلۆگرامە، توانای فڕۆینی یەک رۆژی تەواوی هەیە، زۆرترین ماوەی خۆڕاگرتنی هەیە لە ئاسماندا. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ، بەهۆی شەڕی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەوە، ئەو وڵاتانەی کە کڕیاری سەرەکیی بەیرەقدار بوون، پێداچونەوە بە گرێبەستەکانی پێشوویان دەکەن، لەکاتێکدا پێشتر لە شەڕی ئۆکراینا و روسیا، ئازەربایجان، عێراق، لیبیا و سوریا، ئەو فڕۆکانە رۆڵی گەورەیان هەبووە و خواستی زۆریان لەسەر بووە، بەڵام شەڕڤانانی کورد بە تەکنیکی سەرەتایی و ناوخۆیی توانیان شکۆی ئەو ئەفسانەیە بشکێنن و لە چەند رۆژێکی کەمدا چوار دانەیان لێ بخەنە خوارەوە ئەو پڕۆسەیە، تەنها کاریگەریی لەسەر بازاڕی بەیرەقدار دروست نەکردووە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر هەناردەی چەک و کەرەستەی سەربازیی تورکیاش دروستکردوە، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی تورکی، خواست لەسەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەک و تەقەمەنی تورکیا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بۆ نزیکەی نیوە دابەزیووە. ئامارە فەرمییەکان دەری دەخەن، ساڵی 2020 تورکیا بە بەهای 11 ملیار دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازیی فڕۆشتووە، بەڵام ساڵی 2023 بۆ کەمتر لە 6 ملیار دۆلار دابەزیووە، ساڵی رابردووش رێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام هێشتا ژمارەی کۆتایی رانەگەیەندراوە.

  حکومەتی بەريتانيا رێکارێکی نوێ دژی کۆچبەرانی کورد گرتەبەر و دەڵێت هەڵمەتێکی ريکلامی ديجيتاڵی لە هەرێمی کوردستان بۆ هۆشيارکردنەوەی خەڵک راگەيەندراوە. ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی بەريتانيا هۆشدارییەکی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "ئەگەر بە نایاسایی بێیتە بەریتانیا، دەکرێ دەستگیر بکرێیت و دەربکرێیت". هاوکات چيرۆکی چوار کۆچبەری کوردی بڵاوکردووەتەوە کە پەشيمانن لەوەی چوونەتە ئەو وڵاتە. ڕاشيگەياندووە، لە ئەمڕۆوە هەڵمەتێکی ريکلامی ديجيتاڵی لە هەرێمی کوردستان راگەيەندراوە وەک بەشێک لە کەمپەينی نێودەوڵەتی بۆ هۆشيارکردنەوەی کۆچبەران لەبارەی درۆی قاچاخچييەکانەوە کەمپەينەکە لە ئەلبانيا و ڤێتناميش بەڕێوەدەچێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، قاچاخچییەکان پێت دەڵێن کە کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا کارێکە مەترسیی نییە و ئاسانە و دەتوانیت ژیانێکی خۆش بۆخۆت دابین بکەیت، بەڵام ئەم قسەیە زۆر دوورە لە راستييەوە. دەشڵێت "کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا گەلێک تێچوونی هەیە، تەنانەت لەوانەیە گیانیشت تێدا بچێت، گەلێک ژن و پیاو و منداڵ لەناو لۆرییەکاندا مردوون کاتێک هەوڵیان داوە لەرێگەی بەلەمی بچووک یان خۆشاردنەوە بێنە بەریتانیا". دام ئەنجڵ ئیگل، وەزیری ئاسایش و پەنابەری و سنوورەکانی بەريتانيا رايگەياندووە، باندە تاوانکارییەکان بێبەزەییانە درۆی مەترسیدار لە سۆشیال میدیا بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی خەڵک بەلای خۆياندا رابکێشن، ئێمەش بە بەکارهێنانی چیرۆکی راستەقینەی قوربانییەکانیان ئاشکرایان دەکەین. دەشڵێت "نابێت ژیانت بخەیتە دەستی قاچاخچییەکەوە شایانی ئەو مەترسییە نييە، زۆر کەس لە کەناڵی ئینگلیزیدا بە دەستی ئەم تاوانبارانە گیانیانلەدەستداوە و ئێمەش ناوەستین بۆ ئەوەی بياندەين بە دادگا".

هەپەگە ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانمان لە ئاگر بەستدایە، سوپای تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی، لە ڕۆژانی ١ تا ٣ـی ئادار تونیلەکانی گەریلا چوار جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو و سێجاریش بە درۆن بۆردوومان کراون، هەروەها گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان شەش جار بە فڕۆکەی جەنگی و ١٠٧٢ جار بە چەکی قورس و تۆپهاوێژ بۆردوومان کراون. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی سوپای داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی پارتی پەکەکەمان و فەرمانی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیی گەلمان، هێزەکانمان لە ١ـی ئاداری ٢٠٢٥ـەوە کەوتوونەتە پێگەی ئاگربەستەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێرشەکانی سوپای دەوڵەتی تورک لە ئاسمان و زەمینەوە بەردەوامە. هەروەها ڕاشیگەیاند، ئەو زانیارییانەی دەربارەی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و دەستوەردانەکانی هێزەکانی گەریلامان کە بۆ ڕاوەستاندنی هێرشەکان لە چوارچێوەیی پاراستنی ڕەوادا ئەنجام دەدرێت. هەپەگە ئاماژەی بەوەکرد، لە ٢٦ و ٢٧ـی شووبات و ١ـی ئادار لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی و گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، سێ جار گورز لە جوڵەی داگیرکەران وەشێندراوە و لە ئەنجامدا داگیرکەرێکیش سزادراوە. هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەیدا باسی لەوەشکردوە، لە ٢٦ـی شووبات لە هەرێمی دینارتە لە هەرێمی گارە، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی جەنگی دا هەڤاڵ دەلیل شەهید بووە، زانیاری بەرفراوان لەسەر ناسنمانەی هەڤاڵی شەهید، دواتر بۆ گەلی وڵاتپارێزمان و ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ١ تا ٣ـی ئادار، تونێلەکانی گەریلا لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی چوارجار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی سێ جار بە درۆنی بۆمبهاوێژ بۆردوومان کراون، هەروەها لەهەرێمی گارە گۆڕەپانەکانی سپیندارە، گردی مەسەکەنە، دێڕەشە و دەشتی کافیا شەش جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراون. ڕاشیگەیاند، لە ڕۆژانی ١،٢،٣ـی ئاداردا لە هەرێمی خواکوڕک گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەربزنە، لۆلان، کەندەکۆلا، لە هەرێمی گارە گۆڕەپانەکانی دەشتی کافیا، دێڕەشە، سپیندارە، مژێ، گرگاشە، شاخی زەنگل، کانی سارکە، زێڤکە، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانەکانی سەری مەتینا، شێلازە، بێشەلی، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شاخی جودی و شاخی ئامێدی؛ بە گشتی ١٠٧٢ جار بە چەکی قورس و تۆپهاوێژ بۆردوومان کراون.

  ــ عێراق هەر جۆرە ئامادەبوونێك یان پەیوەندیكردنێك لەگەڵ ئەو كەسانە ڕەتدەكاتەوە، كە دەستیان لە تاوانەكانی دژی عێراقییەكان هەبووە ــ ئەحمەد شەرع بەشێك بووە لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعـ.ـش، دەستەكانی بە خوێنی عێراقییەكان سوورە. دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بانگهێشتی ئەحمەد شەرع (محەمەد جولانی) سەرۆكی دەستەی تەحریر شامی بۆ بەغدا كرد، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت، عێراقییەكان بە توندی وتەی تائیفی ڕەتدەكەنەوە، هەروەها جولانی دەستی لە كوشتنی عێراقییەكاندا هەیە، بۆیە هەر مامەڵەكردنێكیش لەگەڵ تیرۆریستان ڕەتدەكەینەوە. قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەبارەت بە سەردانی محەمەد جولانی سەرۆكی دەستەی تەحریر شامی بۆ بەغدا و بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی، بۆ میدیا ناوخۆییەكان ڕایگەیاند، عێراق هەمیشە ڕێز لە ئیرادەی گەلی سووریا دەگرێت، سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ بەغدا لەسەر بنەمای داواكاری تایبەتی خۆی دواخرابوو. ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق هەر جۆرە ئامادەبوونێك یان پەیوەندیكردنێك لەگەڵ ئەو كەسانە ڕەتدەكاتەوە، كە دەستیان لە تاوانەكانی دژی عێراقییەكان هەبووە، محەمەد جولانی بەشێك بووە لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، دەستەكانی بە خوێنی عێراقییەكان سوورە. ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندبوو، بانگهێشتی سەرجەم سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی بۆ بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی لە مانگی ئایار لە بەغدا دەكەین، لەنێویشیاندا بانگی جۆلانی دەكەن.

  وردبینیکردن بۆ لیستی مووچەی مانگی شووبات تەواو کراوە و ڕادەستی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت، ئێستا تەنیا واژۆی  تەیف سامی، وەزیری دارایی ماوە تاوەکو دەست بە خەرجکردنی مووچە بکرێت. سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخەرانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە، راپۆرتی کۆتایی گەیشتووەتە دەست تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و تەنیا واژۆی ئەوی ماوە تاوەکو دەست بە خەرجکردنی مووچە بکرێت. لیستی مووچەی مانگی شووبات بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادەکراوە و تەواوی داواکارییەکانی بەغدا جێبەجێکراون، هاوکات شەشسەد و 57 هەزار و 780 کەس لە لیستی مووچەی مانگی دوو تۆمار کراون. ئەندامێکی شاندی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕاگەیاند: "لیستی مووچەی مانگی شووبات هیچ کێشەیەکی نەبووە، ئەمڕۆ وردبینی لیستەکە دەبێت و ڕادەستی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت بۆ بڕیاردان لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مانگی دوو. 26ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لەلایەن شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتەکە لیستی مووچەی مانگی شوبات بۆ بەغدا نێردراوە". ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی ئەوکات گوتی، "هیچ کیشەیەک لە لیستی مووچەدا نییە، تەنیا رێکارە کارگێڕییەکان دەکرێت و وەزارەت بە وەزارەت وردبینی لە لیستەکە دەکرێت". بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "کۆتایی ئەم هەفتەیە تەمویلی مووچەی مانگی دوو دەنێردرێت و راستەوخۆ دوای ئەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت". دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی ئەم ساڵ، 5ی شوبات دەستیپێکرد. لیستی خانەنشینان کە ژمارەیان زیاتر لە 291 هەزار خانەنشینە، بە سیستمی دیجتاڵی ئامادەکراوە و لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی شووبات هاوپێچ کراوە. سیستمی پەیرۆڵ لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کاری لەسەر دەکرێت و سیستمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنییە، زیاتر لە شەش هەزار کەس لەسەر سیستمەکە کار دەکات و نزیکەی هەزار و 188 بنکەی کار کردنی هەیە.

بڕیارە ئەمڕۆ لوتکەى نائاسایى قاهیرە بە بەشدارى ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانى عەرەبى بەڕێوەبچێت و تێیدا پەرەسەندنەکانى کەرتى غەززە و خاکى فەڵەستین گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت. لە لوتکەی قاهیرەدا باس لە پێشهاتە نوێیەکانی پرسی فەڵەستین دەکرێت، لەگەڵ ئەگەری هەڵوێستی یەکگرتووی عەرەبی سەبارەت بە کەرتى غەززە و رەتکردنەوەى گواستنەوەیان بۆ شوێنێکى دیکە. رۆژى دووشەممە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردەى وڵاتانى عەرەبى بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکە گەیشتوونەتە میسر. بڕیارە مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین لە لوتکەکەدا وتارێک پێشکەش بکات سەبارەت بە پێشهاتەکانی دۆخی فەڵەستین، هەروەها لە پەراوێزی لوتکەکەدا چەند کۆبوونەوەیەک دەکات. هاوکات، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە یاوەری شاندێک، گەیشتووەتە قاهیرە و بەگوێرەى میدیاکانى سووریا بڕیارە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناغى راگوزەر بەشداری لە لوتکەکەدا بکات. لە کۆبوونەوەى شەوى رابردوویاندا وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبى گفتوگۆیان لە بارەى هەڵوێستێکى یەکگرتووی عەرەبى کردووە لەگەڵ پەیڕەوکردنى پلانێکى گشتگیر بۆ دووبارە بنیادنانەوەى کەرتى غەززە. بەگوێرەى ئاژانسى رۆیتەرز، پلانە میسریيەکە خۆدەبینێتەوە لە فەرامۆشکردنى بزووتنەوەى حەماس لە کەرتەکە و بەڕێوەبردنى لەلایەن دەستەى کاتییەوە بەسەرپەرشتى وڵاتانى عەرەبى، ئیسلامى و رۆژئاوایى. ئەوە لەکاتێکدایە کە وادەى جێبەجێکردنى پلانەکە ئاشکرا نەکراوە جگە لەوەى چۆنیەتیی پارەدارکردنى پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى کەرتى غەززە نەخراوەتەڕوو. رۆژى 25ـى کانوونى دووەم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانی بۆ راگواستنى غەززە دانا بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک میسر و ئوردن، بەڵام ئەو دوو وڵاتە رەتیانکردەوە.

  سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەم پرۆسەیەی چارەسەریی پرسی کورد کردو ئاشکرایدەکات ڕەنگە لەگەڵ پەروین بوڵدان، سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەن.   لەبارەی سەردانەکانی ئیمراڵییان، لەکاتێکدا ئۆندەر سەرۆکی شاندەکەیە، ئاماژە بەوەدەکات  ساڵی 2012 پرۆسەیەکی هاوشێوەیان دەستپێکرد کە نزیکەی سێ ساڵی خایاندوە. لەبارەی پێشوازیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دەڵێت: کەسێکە دەیناسین و تواناکەی دەزانین. پێشوازیی کرد، شوێنی دانیشتنی نیشانداین، بێگومان نزیکەی 10 ساڵ بوو یەکدیمان نەبینیبوو، بۆیە باوەشمان بەیەکداکرد و دواتریش دانیشتین. لە تەندروستیی پرسیم، پرسیاری لە کاتی گرتووخانەی کرد و لە هاوڕێکانی پرسی. لە کاتی ئاساییدا پەروین خان دەستپێدەکات و دواتریش من قسە دەکەم، ئینجا ئەو (ئۆجەلان) بیرۆکەکانی دەخاتەڕوو. بەرپرسانی دەوڵەتیش لەوێ دادەنیشن و ژمارە و شوێنەکانیان دەگۆڕێت.  ئەو وتیشى: ئەمجارەیان ئێمەی وەستاند و گوتی، ئەمجارە با کاتەکەمان باشتر بەکاربهێنین، پرسیارم هەن و من قسە دەکەم، جاری داهاتوو ئێوە چیتان هەبوو بیڵێن.   لەبارەی ناوەرۆکی قسەکانی ئۆجەلان، سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە بۆچی ئەو هەنگاوەی ئێستای لەڕووی مێژووییەوە گرنگە. هەروەها باسی لە رەهەندی فەلسەفیی ئەو هەنگاوەی کرد. ئۆندەر سەبارەت بە قۆناخی چەکدانان و هەڵوێستی ئۆجەلان، گوتی: "ئەو لە پرۆسەی چارەسەریی رابردووشدا گەیشتبووە ئەو بۆچوونە. کەسانێک زۆر بێویژدانانە لەمبارەیەوە قسەیان دەکرد. ئەمە لەکاتێکدایە دایکانیش گوێ بۆ ئەمە دەگرن. با ئەو خەڵکە دایکێک و خەمەکانی ئەو دایکە بهێننە بەر چاوی خۆیان، ئینجا قسە لەسەر بابەتەکە بکەن".   بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی هەر لەبارەی هەنگاوەکەی دەوڵەت باخچەلی باسی لەوە کرد کە زۆر کەس سەرسام بوون بە بیستنی شتێکی وەها و گوتی: "بەڕێز مەسعود بارزانیش گوتی، سەیرە! سێ رۆژ بیرم لێکردووەتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە ئاکپارتیش بیری لێکردووەتەوە". سری سورەیا ئۆندەر گوتی: "سیاسەت بۆ مرۆڤەکان دەکرێت. لێرەدا مرۆڤ جێی باسە. خراپترین سزا کە سیاسەتڤانێک رووبەڕووی ببێتەوە ئەوەیە کە بە درۆزن بناسرێت. چونکە ئەوکاتە رووی سەیرکردنی رووخساری خەڵکت نابێت، با ئەمە بخەینە لاوە. چەک لە دەرەوەی بازنەیە، ئەمە هەمووان دەگرێتەوە؛ بەڵام من بە پێداگرییەوە دەڵێم، لەوانەیە لەگەڵ خاتوو پەروین بڕۆینە رۆژئاڤاش."   دەشڵێت: "لەوانەیە کێشە هەبن و مەقەسی نێوان پەکەکە و کەجەکە یەک نەگرێتەوە. ئێمە باس لە کێشە دەکەین و دەبێت چارەسەری بکەین، لەسەرمانە چارەسەری بکەین. ئیدی ئەمە پرسی هاوبەشی ئێمەیە. چی باش بێت، سەرنجمان دەخەیەنە سەر ئەو شتە".

واشنتن لە چوارچێوەی پێداچوونەوە بە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ململانێ، سەرجەم هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا بەشێوەیەکی کاتی، ڕاگرێت. بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا ڕاگرت و جێگری سەرۆکی ئەمەریکاش دەڵێت: ڕێککەوتنی کانزا باشترین گەرەنتی ئەمنی دەبێت بۆ کیێڤ. هاوکات وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەموو سەرنجەکانی لەسەر ئاشتییە و بۆ ئەوەش پێویستی بەوەیە سەرجەم هاوبەشەکانی پابەندی ئەو ئامانجە بن، بۆیە سەرجەم هاوکاریی و پاڵپشتییەکانی رادەگرێت، بۆ ئەوەی بەشداربێت و رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا. بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییەکە، کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی داوە کۆتایی بە شەڕ و ململانێیکانی ئۆکرانیا بهێنێت، بەڵام پێویستە وڵاتە هاوپەیمانەکانی پابەندی پرۆسەی ئاشتی بن. هەروا ئاشکرای کردووە، لە دوای ئەو دەمەقاڵێیەی بە بەرچاوی میدیاکانەوە لە کۆشکی سپی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕووی دا، ترەمپ بڕیاری بلۆک کردن و ڕاگرتنی هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکای بۆ کیێڤ دەرکردووە، هەربۆیە هەموو هاوکارییەکان ڕاگیراون و پێداچوونەوە بە هەنگاوەکانی ڕێککەوتنی ئاشتی دەکرێت. هەر لەم بارەوە، کەناڵی تەلەفزیۆنی فۆکس نیوز و ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویان کردووەتەوە، ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی بە بڕیاری ترەمپە بۆ ئەوەی سەرکردە و بەرپرسانی ئۆکرانیا ناچار و پابەندی ئاشتی بکات. لە لایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا قسەی بۆ فۆکس نیووز کردووە و ئاماژەی داوە، ئەو سوود و بەرژەوەندییە ئابوورییەی واشنتن بۆ ئۆکرانیا پێشنیازی کردووە، گەرەنتی ئەمنیی بەو وڵاتە دەدات بەرانبەر بە جەنگەی ڕووسیا لە شوباتی 2022ـەوە دژی دەستی پێ کردووە. هەروەها ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنی کانزا لەگەڵ ئۆکرانیا، پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی درێژ مەودای ئەمەریکا دەبێت لەو وڵاتە و ئەمەش زەمانەتێکی ئەمنی تەواو دەبێت بۆ کیێڤ تاوەکوو ڕووسیا جارێکی دیکە هێرشی سەر ئەو وڵاتە نەکاتەوە. جەی دی ڤانس دەشڵێت: ئێمە دەرگامان بۆ ئاشتی کراوەیە، گەر زێلێنسکی ئاشتی دەوێت با گەڕێتەوە، چونکە جارێکی دیکە ناتوانێت بێتە کۆشکی سپی و ئاشتی ڕەت بکاتەوە.  

  دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە نووسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، لیوا عومەر عەدنان وائیلی کردوە. لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی واقیعی دەروازە سنوورییەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەیان و چالاککردنی حوکمڕانی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم ڕێکارەکانیاندا کرا، هەروەها پێداچوونەوە بەو هەنگاوانەی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی بە هەموو شێوەکانییەوە گیراونەتەبەر پێداچوونەوەی بۆ کرا. سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە زۆرتركردنی داهات جگە نەوت زۆر گرنگە لە پاڵپشتیکردنی گەنجینەی دەوڵەت، و ئەمەش پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چاودێریکردنی گواستنەوەی دارایی، پەرەپێدانی پلانی زانستی. هەروەها دەڵێت سودانی جەختی لە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەم و سیستەمی ئەلیکترۆنی  و حوکمڕانی بۆ ئاسانکاری هاتنە ناوەوەی کاڵاکان بۆ ناو وڵات لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە کردووەتەوە.  سەرۆکی دەستەكە بەڵێنیدا کە دۆسێی دەروازە سنوورییەکان یەکێک دەبێت لە گرنگترین دۆسێیە سەرکەوتووەکان لە بەرنامەی حکومەتدا، چونکە دەسەڵات بەپێی پلانی لێکۆڵینەوەی باش و بە چەند ئاراستەیەک کاردەکات، گرنگترینیان بریتین لە زۆرترین داهات، پەرەپێدان و بنیاتنانەوەی دەروازەکان.

  ئەرجەنتینییەکان لە مێژە چاوەڕێی ئەوە بوون کە پاپا فرانسیس سەردانی ئەو نیشتمانە بکات کە لە ساڵی ٢٠١٣ بەجێی هێشتووە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی کەنیسەی ڕۆمانی کاسۆلیکی. بەهۆی ئەوەی تەندروستی خراپە،  لەکاتێکدا شەڕی دووانە هەوکردنی سییەکان دەکات، پێدەچێت گەڕانەوەی ئێستا تادێت بەدوور دەزانرێت. پاپا فرانسیس تەمەن ٨٨ ساڵ بەهۆی هەوکردنی سییەکانییەوە باری تەندروستی ناجێگیرە. دوو هەفتەی لە نەخۆشخانەی گێمێلی ڕۆما درێژترین مانەوەی پاپایەتی و جەخت لەسەر لاوازییەکەی دەکاتەوە. فرانسیس لە سەردەمی پاپاییدا زیاتر لە 45 گەشتی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە، لەوانە یەکەم گەشتی هەر پاپایەک بۆ عێراق، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، میانمار، باکووری مەقدۆنیا، بەحرەین و مەنگۆلیا. بەڵام ئەو قەشە سەرەکییەی کە جارێک بووە لە بوینس ئایرێس هەرگیز نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەرجەنتین. جیمی بێرنز، نووسەری ژیاننامەی "فرانسیس، پاپای بەڵێنی باش" لە ساڵی ٢٠١٥دا دەڵێت: "یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشە گەورەکانی پاپاایەتییەکەی ئەوە بوو کە بە پێچەوانەی سەرۆکەکانی پێش خۆی، فرانسیس هەرگیز سەردانی وڵاتی زێدی خۆی نەکردووە". بێرنز وتی پێی وایە فرانسیس نایەوێت ببینرێت کە لایەنگری پێرۆنیستە چەپەکان بێت و نە لەگەڵ کۆنەپەرستان لە ژینگەی سیاسی جەمسەرگیری وڵاتەکەدا. وتیشی: "هەر سەردانێک هەوڵی دەدا و لەلایەن لایەنێک یان لایەنێکی دیکەوە دەقۆزرێتەوە و ئەویش بەبێ ئەوەی بزانێت سووتەمەنی ئەو دابەشبوونانە دەدات". زۆرێک لە ئەرجەنتین پێشبینی سەردانێکیان بۆ ئەو وڵاتە دەکرد دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی فرانسیس و سەردانی بەڕازیل. ساڵی ڕابردوو دیسانەوە قسە لەسەر گەشتێک هاتە ئاراوە. بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا سەردانەکە هەرگیز بەدی نەهات. گیلەرمۆ مارکۆ، وتەبێژی پێشووی پاپا کاتێک کاردیناڵ خۆرخی بێرگۆلیۆ بوو لە بوینس ئایرێس، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، "دەرفەتێکی بەفیڕۆچوو" بووە بۆ ئەرجەنتین. فرانسیس، وتی، "ڕۆحێکی تانگۆ"ی هەبووە - ئاماژەیە بۆ ئەو مۆسیقا و سەمایەی کە سەرچاوەی لە شەقامەکانی پشتەوەی بوینس ئایرێسەوە هەیە.

  ئیسڕائیل لەم هەفتەیەدا پلانێکی خستەڕوو کە بە پلانی ئەمەریکا ناویبرد، پلانەکە جیاوازە لەوەی کە لە مانگی یەکدا ڕێککەوتنی لەسەر کرا، هەروەها هەوڵ دەدات حەماس ناچار بکات پەسەندی بکات، ئەوەش لە ڕێی ڕاگرتنی گەیاندنی یارمەتییەکانەوە بۆ کەرتی غەززە. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو پلانەکەی بە " پلانی ویتکۆف " ناوبردووە، دەڵێت پلانەکە لە نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆفەوە خراوەتەڕوو. بەڵام کۆشکی سپی تاوەکو ئێستا ئەو پلانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، تەنها ئەوەندە دەڵێت کە پشتگیری لە هەر کارێکی ئیسڕائیل دەکات. لێدوانەکانی نەتانیاهو ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست کۆتایی هات، تاوەکو ئێستاش هیچ ڕوونکردنەوەیەک نیە سەبارەت بەوەی دواتر چی ڕوودەدات، لەبەرئەوەی کە هێشتا گفتوگۆ لەسەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە نەکراوە. پلانە نوێیەکە داوا لە حەماس دەکات نیوەی ئەو بارمتانەی کە ماونەتەوە ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئەوەدا ئاگربەست درێژ دەکرێتەوە و بەڵێن دەدرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی. ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە نەداوە کە ئایا بەپێی ئەم پلانە نوێیە زیندانی فەلەستینی زیاتر ئازاد دەکات یان نا، کە ئەوە بەشێکی سەرەکی قۆناغی یەکەم بوو. حەماس ئیسڕائیلی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکەی ئێستا، بەپێی ڕێککەوتنەکە، حەماس و ئیسڕائیل دەبێت گفتوگۆ بکەن لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و لە بەرامبەردا ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە، هەروەها کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسڕائیل لە غەززە و ئاگربەستێکی هەمیشەیی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لەوبارەیەوە نەکراوە. ڕۆژی یەکشەممە ئیسڕائیل گەیاندنی خۆراک و سوتەمەنی و دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی بۆ کەرتی غەززە ڕاگرت و هۆشداریدا و وتی ئەگەر حەماس ڕازی نەبێت بە پێشنیارە نوێیەکە ئەوا " دەرەنجامی زیاتر " دەبێت.

  مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكوور کرد و بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كراوە.   ئەمڕۆ دووشەممە،  بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت ئەمڕۆ لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكووری كوردستان كرد كە پێكهاتبوو لە مستەفا ئوزچەلیك، سەرۆكی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان و بایرام بۆزیەل، سەرۆكی پارتی سوسیالیستی كوردستان و دۆزگین كاپلان، سەرۆكی پارتی ماف و ئازادییەكان و مەسعود تەك، جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان و محەمەد شیرین تەیمور لە پارتی ماف و ئازادییەكان.   بارەگای بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، "لە دیدارەكەدا بەوردیی بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی و گەیشتن بە چارەسەری لە توركیا كرایەوە".   هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و بە تایبەت سووریا کراوە، بارەگای بارزانی دەڵێت: بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ شاندی میوان لەبارەی بارودۆخ و دواڕۆژی كورد و دەرفەت و هەڕەشەكان خستەڕوو".

  لە رۆژئاوای ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو خەڵکدا کرد. دوو کەس گیانیان لەدەستداوە؛ لانیکەم ٢٥ کەسیش بریندارن، پۆلیسیش گومانلێکراوێکیش دەستگیرکردووە. ڕۆژی دووشەممە، 03-03-2025، لە شاری مانهایمی رۆژئاوای ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو قەرەباڵخییەکدا کرد. ستێفان ویلهێلم، وتەبێژی پۆلیسی شارەکە رایگەیاند:  شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ڕاگیراوە و ڕوون نییە تۆمەتباری دیکە هەبن یان نا. پۆلیس بانگەوازی کردوە کە لە ناوەندی شار دوور بکەونەوە. بەگوێرەی میدیای خۆجێیی مانهایم، ئۆتۆمبێلێکی رەنگ رەشی بەرز بە خێراییەکی زۆرەوە بەرەو رووی بازاڕێکی شارەکە لێی خوڕیوە و خۆی بەنێو خەڵکدا کردووە. رووداوەکەش لە گۆڕەپانی پارادێپلاتز روویداوە. نەخۆشخانەی زانکۆی مانهایم رایگەیاند، پلانیان بۆ فریاگوزاری لەناکاو داناوە، ئەمەش لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی بریندارەکان یان ئەوانی گیان لەدەستدەدەن.     ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 13-02-2025 پۆلیسی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە شەقامی زایدێ لە میونشن، ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد. دوای رووداوەکە ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد و شۆفێرەکەیان دەستگیرکرد، کە پەناخوازێکی ئەفغانستانی بوو. لە رووداوەکە منداڵێکی دوو ساڵ و دایکی گیانیان لەدەستدا.   لە مانگی 12ـی پار ئۆتۆمبێلێک لە شاری ماگدێبۆرگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا خۆی بە نێو بازاڕێکی کریسمسدا کرد و شەش کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش برینداربوون.