بە گوێرەی بڕیاری نوێى یاساى خانەنشینى، سبەینێ هەینى، 31ی مانگی 1 هەریەک لە ئازاد تۆفیق پارێزگار و شاهین حەمەڕەزا جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بەهۆی تەمەنەکانیانەوە خانەنشین دەبن و دەسەڵاتەکانیان کۆتایی دێت. نوخشە ناسیح کە ئێستا وەک قائیمقامى ناوەندى قەزاى هەڵەبجە دەوامدەکات، دەڵێت: تا ئەمڕۆ بەنوسراوى فەرمى هیچ داوایەکم بۆ نەهاتووە کە وەک پارێزگارى بەوەکالەت یا هەمیشەیی هەڵەبجە دەستبەکاربم، خۆشم هیچ داوایەکى لەوجۆرەم نەکردووە. ئەو وتیشى: بەڵام ئەگەر وەزارەتى ناوخۆو نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەت لەپێناو ڕاییکردنى ئیش و کارى خەڵکى ئەو پۆستە وەربگرم ئامادەم. قائیمقامەکەى هەڵەبجە ئەوەشى خستەڕوو ئەوەى هەیەو باسدەکرێت تەنها لەناو خەڵک و سۆشیال میدیایە، هیچ شتێکى فەرمى لەسەر پۆستى پارێزگارى هەڵەبجە یەکلایی نەبوەتەوە، نوخشە ناسیح وتیشى: بەڵام پێمخۆشە خانمێک ئەو پۆستە وەربگرێت و ببێتە یەکەم ژنە پارێزگار لە کوردستان و عێراقیش. حکومەتی خۆجێی پارێزگای هەڵەبجە پێکدێت لە هەریەک لە ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە پشکی یەکیتی و شاهین حەمەڕەزا جێگری پارێزگار بۆ کاروباری کارگێڕی لە پشکی گۆڕان و کاوە عەلی جێگری پارێزگاربۆ کاروباری هونەری لە پشکی یەگرتوو، لە ئێستادا کاوە عەلی بەهۆی دەرچوونی وەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەستبەرداری پۆستی جێگری پارێزگاربووە. پارێزگار و جێگرەکەش خانەنشین بوون. تیمی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم لە ڕۆژی 17 مانگی دەی 2023 تایبەت بە ئەنجامدانی چاودێری وردبینی، ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینی و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی هەرێم بڕیاردرا تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵییەوە کەمبکرێتەوە بۆ 60 ساڵ، ئەمەش پاڵپشت بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی هەموارکراو پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵ. ڕۆژی 15ی مانگی یەکی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی لەبارەی تەمەنی خانەنشیبوونی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و پابەندن بوونی بە بڕیارەکەی داگای فیدڕاڵی لەسەر کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی ڕاگەیاند. ئەو فەرمانبەرانەی کە خانەنشین دەکرێن، بە پێی ڕێنماییەکان لە بەرواری خانەنشین بوونی ناتوانێت هیچ مامەڵەیەکی یاسایی ئەنجام بدات و مانەوەی پێچەوانەی یاسایە. ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارێزگار و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە گوێرەی یاساکە خانەنشین دەبن و تا 31ی مانگی 1 ی 2024 پێویستە لە ئەرکەکانمان بەردەوامبین، بەڵام من وەک پارێزگار پێم وتراوە کە بەردەوامبم لە ئەرکەکەم تا پارێزگارێکی دیکە دەستبەکار دەبێت."
هەسەدە ڕایگەیاند لە چالاکییە بەرچەکدانەوەکانی هێزەکانییاندا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتاکنییدا، لە قەرەقۆزاق بارەگایەکی چەتەکان کراوە بە ئامانج و بەتەواوەتی وێران کراوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک ئاماری چالاکییە وەڵامدانەوەکانی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ی لە دژی سووپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە کراونتەسەر گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج و هاتووە: "لە تۆپبارانی هێرشە داگیرکارییەکاندا چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە تۆپهاوێژ بۆردوومانی دەروبەری بەنداوی تشرینیان کردووە. لەم تۆپبارانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە." هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە هێزەکانی قەسەدە لە گردی قەرەقۆزاق چەندین چالاکییان ئەنجامداوە، بەڵام ئەنجامی زیانەکانی ئەم چالاکییانەی دژ بە چەتەکان نەزانراوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لە چالاکییەکانی یەکنەکانی شەهید هاروون کراوە و هاتووە: "یەکنەکانی شەهید هاروون لە گردی قەرەقۆزاق گورزییان لە بارەگایەکی چەتەکان داوە، لە ئەنجامدا بارەگاکە بە تەواوەتی وێران بووە." لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆردوومانی ماڵی هاوڵاتییەکەی کردووە لە شاری کۆبانێ. لە ئەنجامدا ٢ مەدەنی شەهید بوون و ژنێکیش بە سەختی بریندار بووە." ئاماژەش بەوەکراوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بەرەی دێر حافیر خاڵێکی هێزەکانی قەسەدەی کردووە، بەڵام بۆردوومانەکە تەنها زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە.
ئەمیر شێخ تەمیم بن حەمەد بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشقی پایتەختى سووریا و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق لە لایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی کۆمارى ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا. ئەمڕۆ پێنج شەممەن شێخ تەمیم بن حەمەد ئەل سانی، ئەمیری قەتەرو وەفدێکى هاوڕێى گەیشتە سووریا، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریاوە ئەمە یەکەم سەردانیەتى کە بۆ وڵاتەکەى ئەنجام بدات و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانى ئیدارەی نوێی وڵاتەکە کۆببێتەوە. ئەمیری قەتەر دەبێتە یەکەم سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی لەدوای نەمانی ئەسەد، سەردانی سووریا بکات. ڕۆژی 16ی ئەم مانگە شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە. لە 2024-12-17، دەوحە باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق کردەوە و ئاڵای قەتەری لەسەر هەڵکرد، دوای ئەوەی لە مانگی تەمموزی 2011 داخرا،سەرەتای ئەم مانگەش، دەحە میوانداری ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریای کرد. بۆ پشتیوانی لە گەلی سوریا، دەوحە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکار لادراوی سوریا، بەردەوامە لە ناردنی هاوکاری بەپەلەی فریاگوزاری بۆ دیمەشق. لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، گروپە چەکدارە سورییەکان دوای شارەکانی دیکە دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختدا گرت و کۆتایی بە ٦١ ساڵ لە ڕژێمی خوێناوی پارتی بەعس و ٥٣ ساڵ لە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
دوای ئامادهكردنی لیستی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێم بۆ مانگی یهك، جارێکی دیکە وەزارەتی دارایی عێراق داوای گۆڕینی لیستهكهی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەریمی کوردستان کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکان وەزارەتی دارایی عێراق، داوای کردووە لیستی ناوی ئهو فەرمانبەرانهی مۆڵەتی بێمووچەیان وهرگرتووه لهگهڵ کاتی دەستبەکاربوونەوەیان تۆمار بکرێت و بۆیان بنێردرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان، شەوی رابردوو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتەکان سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە بوون بۆ نێو لیستی مووچەی مانگی یەک، کە مۆڵەتی بێ مووچەن. ئهم داواكارییه نوێیهی وهزارهتی دارایی عێراق رێکارێکی ئاسایی و کارگێڕییە، مانگانە گۆڕانکاریی هاوشێوە روودەدەن و کاریگەرییان لەسەر دواکەوتنی مووچە نابێت. ئەوەش لەکاتێکدایە، تاكو ئێستا مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەوان پارەیان ناردووە و بەرپرس نین لەو مووچەیە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش رەتیدەکاتەوە و رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچە نەنێردراوە. بڕیارە سبەینێ، هەینى دواى تەواوبوونى کارەکانى شاندى وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لە ماڵى فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن. لە دوو ڕۆژى رابردوودا وەزارەتی دارایی عێراق لەڕاگەیەندراوێکیاندا جەختیان لەسەر ئەوەکردەوەوە کە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە بەجێکردن (تەوتین)ی مووچەی فەرمانبەرانی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە، دەبێت ئەو کەسانەمان بۆ ئاشکرا بکات کە زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن. وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی قسەیەکى رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچە دایەوەو دەڵێت "بە شێوەیەکی تەواو پیشەییانە و بە هەمان شێوازی وەزارەت و پارێزگاکانی دیکە، مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین."
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی راگەیاند، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران هەموارکردنى بودجە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات، و پلانەکانی گەشەپێدان تەواو بکات. ئێوارەی چوارشەممە 29-01-2025 محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خرایەڕوو.. هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا، دوایین هەموارکردنەوەى بودجە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کرا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات. لەڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: سودانى ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران ئەم هەموارکردنە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات، و پلانەکانی گەشەپێدان تەواو بکات، بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئابووری عێراق و ئەو تێڕوانینەی کە لەبەرنامەی حکومەت پەسەندکراوە و ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەندی کردووە. لە لای خۆیانەوە، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی و سەرۆکەکانی فراکسیۆنەکان، پشتیوانی خۆیان بۆ پەسندکردنی دەقی حکومیی نێردراو لە هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دەربڕی. هەروەها جەختیان لەسەر پشتیوانیی پلان و بەرنامەکانی حکومەت کردەوە، کە بەرژەوەندیی باڵای عێراقییەکان لە هەموو شوێنێکدا بەدیبهێنێت.
فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر کە ٦٤ سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانی هەڵگرتبوو، لە واشنتۆن دی سی، لە ناوەڕاستی ئاسماندا لەگەڵ کۆپتەرێکی سوپای ئەمریکا پێکیاندا و کەوتنە ناو ڕووبارێکەوە، تائێستاش تەرمى ١٨ سەرنشین دۆزراوەتەوە. بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمەریکا ڕایگەیاند بەرەبەیانى ئەمرۆ پێج شەممە، لەو کاتەی فڕۆکەیەکی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی PSA هەوڵی نیشتنەوەی دابوو لە فڕۆکەخانەی ڕێگن لە نزیک واشنتنی پایتەخت، لەگەڵ هەلیکۆپتەرێکی جۆری بلاک هۆک Sikorsky H-60 لەیەکیانداوە و کەوتوونەتە ناو ئاوی ڕووباری پۆتۆمکەوە Potomac. فڕۆکەکە لە گەشتی ژمارە 5342 بوو و لە شاری ویچیتای ویلایەتی کەنساس هەستابوو بەرەوە واشنتنی پایتەخت و 60 سەرنشینی هەڵگرتبوو لەگەڵ 4 کەسی تیمی فڕۆکەکە. بەپێی زانیاریەکانى کەنألى بی بی سی تا ئێستا هەژدە تەرم لە ڕووباری پۆتۆماکەوە دۆزراونەتەوە کە تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە پلەی گەرمی بەستوودا ئاوەکان دەگەڕین. تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەیان ئەنبوڵانس لە چاوەڕوانی گواستنەوەی قوربانییەکانن. پێشبنی دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان زۆربن، بەو پێیەی ئاوی ڕووبارەکەش زۆر ساردە و لایەکی بەستوویەتی هێشتا بەتەواوى ژمارەی قوربانییەکان نازانرێت. نزیکەی ٣٠٠ کارمەندی فریاگوزاری سەرقاڵى ڕزگارکردنى سەرنشینەکانن لەگەڵ غەواسەکانی پۆلیس و بەلەمەکان لە ئاوەکەدا دەگەڕێن بۆ ڕزگاربووان لە بارودۆخێکی با و تاریکدا. دۆناڵد ترامپ ڕاگەیاندنێکی لە بارەی ڕووداوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی، "بە تەواوی لەو ڕووداوە ترسناکە ئاگادارکراوەتەوە کە لە فڕۆکەخانەی نیشتمانی ڕێگن ڕوویداوە. خوای گەورە ڕۆحیان شادبکات." هەروەها وتیشی چاودێری دۆخەکە دەکات و پاشان وردەکاری زیاتر لە بارەیەوە دەدات. سیناتۆر تێد کروز لەسەر پێگەکەی لە ئێکس دەڵێت لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات لە فڕۆکەخانەی ڕێگن DCA ، هەرچەندە بە تەواوی نازانرێت ژمارەی قوربانییەکان چەندە، بەڵام دەزانین گیان لەدەستدان هەیە. لە پاش ڕووداوەکە فڕۆکەخانەکە ڕایگەیاند، هەموو گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەکە ڕاگرت و تیمەکانی فریاکەوتن سەرقاڵی ڕووداوێکی فڕۆکەن. دواتر لە وردەکارییەکان ئاگاداردەکرێنەوە.
ــ 32 کەسیان سزای زیندانی هەتاهەتایییان هەیە، 48 کەسیشیان سزای جیاواز ــ بڕیارە ئەربیل یەهود کچە سەربازە ئیسرائیلیەکە لەنێو بارمتە ئازادکراوەکاندا بێت ــ تا ئێستا حەوت ژنی ئیسرائیلی و 290 زیندانی فەلەستینی ئازاد کراون بەپێى ناوەڕۆکى ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، بڕیارە ئەمڕۆ ئیسرائیل ١١٠ زیندانى فەلەستینى و حەماسیش سێ بارمتەى ئیسرائیلى ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی بکات. حکومەتى ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١٠ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی سێ بارمتە لە غەززە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕکردنەکان کە لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان دیاری کراوە. 32 کەس لەوانەى ئازاد دەکرێن لەلایەن ئیسرائیلەوە سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، 48 کەسیان سزای زیندانیکردنی جیاوازیان بەسەردا سەپێنراوە، جگە لە 30 کەسی دیکەى مناڵ و لاو کەم تەمەنن. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە زیندانییەکان لە نزیک نیوەڕۆ (10:00 بە کاتی ئیسرائیل) بگەنە شاری ڕامەڵا، ئەم ئازادکردنانە لە بەرامبەر ئازادکردنی دوو ژنى گەنجی ئیسرائیلی و پیاوێکی تەمەن ٨٠ ساڵانی ئەڵمانی - ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن. هەروەها بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەدا حەماس پێنج کەسی تایلەندی لە هەمان ڕۆژدا ئازاد بکرێن، بەڵام تا ئێستا ناویان ڕانەگەیەندراوە. بەڵام سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، حەماس لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە، میسر و قەتەر، لیستی ناوی ئەو هەشت بارمتەیەی بڕیارە ئازادیان بکات ڕادەستی ئیسرائیل کردووە. تا ئێستا حەوت ژنی ئیسرائیلی لە سەرەتای قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 19ی ئەم مانگە، لە بەرامبەر ئازادکردنی 290 زیندانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد کراون. بڕیارە ئەربیل یەهودیش لەنێو بارمتە ئازادکراوەکاندا بێت، ئەو ژنەى ئیسرائیل حەماسی تۆمەتبار دەکرد بە پێشێلکردنی ئاگربەست، چونکە حەماس ئەو ژنەى ئازاد نەکردبوو و دەیوت: ڕێگە نادەن هاوڵاتیانى غەززە، بگەڕێنەوە باکووری کەرتەکەیان تا ئەو کاتەی ئەربیل یەهود لەلایەن حەماسەوە ئازاد نەکرێت.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند پێویستە ئەمەریکا و میسر پێکەوە کاربکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە حەماس جارێکی دیکە نەتوانێت حوکمڕانی غەززە یان هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییە جیاجیاکاندا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی قەتەر و میسر دوایین پێشهاتەکانی غەززە و پرسەکانی ئاسایشی ناوچەکەی تاوتوێ کرد. مارکۆ ڕوبیۆ لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، هەوڵەکانی نێوەندگیری وڵاتەکەی بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی حەماس لە غەززە و هەروەها هاوکاری ئەمنییەکانی نێوان دۆحە و واشنتنی بە بەرز نرخاند. ڕوبیۆ جەختی لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لە بزووتنەوەی حەماس و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان کردەوە، هەروەها ڕۆڵی قەتەری بەرز نرخاند لە ئاسانکاری بۆ ئازادکردنی دوو هاووڵاتی ئەمەریکایی کە لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە دەستبەسەرکرابوون. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها بە گرنگی زانی کە هاوکاری لەگەڵ قەتەر بکات بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و پلاندانان بۆ داهاتووی غەززە لە دوای جەنگ. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر، سوپاسی ئەو وڵاتەی کرد بۆ ڕۆڵی نێوەندگیری لە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان و ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە. مارکۆ ڕوبیۆ جارێکی دیکە جەختی لەسەر پێویستی هاوکاری نزیک بۆ پلاندانانی دوای جەنگ کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد "دەبێت دڵنیابین لەوەی حەماس جارێکی دیکە ناتوانێت حوکمڕانی غەززە بکات یان هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات". ئەم بانگەوازانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانانی ناوچەکە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی غەززە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.
لەدەروازەى سنورى باشماخ، لەدیوى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە، بەرپرسانى فەرمانگەى دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر ٥٠ هەزار لیتر بەنزینیاندا گرتووە، کە لە چەند کۆگایەکدا لە مەرزى باشماخى مەریوان هەڵگیرابوو. جەلال حەمەحەسەنی بەرپرسى فەرمانگەى دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى ئیرناى ئێرانى ئەوەى خستوەتەڕوو: ئەو بڕە بەنزینە لە سێ هەزار دەبەدا (گاڵۆن)دا هەڵگیرابوو لە سەردانێکی هاوبەشی فەرمانگەى نەوت، پاسەوانی سنوور، هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا و گومرگ دۆزرایەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، هاوکات دەست بەسەر 15 ئۆتۆمبێلیشدا گیراوە کە چەندین دەبە بەنزینی قاچاخی تێدابووە و ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون و بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەى زیاتریان لێبکرێت. بەرپرسی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان، جەختی لە بەردەوامیی سەردانە هاوبەشەکانیان کردەوە لەدژی قاچاخچییەکانی سوتەمەنی. هەروەها وتیشى: بە بە بەراورد بە ساڵى ڕابردوو قاچاخی سووتەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. لەلایەکى دیکەوە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسی پۆلیسی ئاسایشی ئابووری پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: ئەفسەرەکانمان لە کاتی دەوریەی ناوچەی گومرگی پەروێزخان توانیویانە ٢٨ ئۆتۆمبێل کە سووتەمەنی قاچاخیان پێ بووە دەستبەسەردا بگرن. ڕائید ئیقباڵ کەرەمی ئەوەشى زیادکرد: لەکاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلە دەستبەسەرداگیراوەکاندا، ئەفسەرەکان توانیان ١٨ هەزار و ٥٠٠ لیتر بەنزین و گازۆیلی قاچاخ بە بەهای پێنج ملیار ڕیاڵ بدۆزنەوە، دۆسیەى تایبەتیان بۆ کراوەتەوەو ڕەوانەی دەسەڵاتی قەزایی کراون. چالاکییەکانی قاچاخچێتی سووتەمەنی لەم ساڵانەی دواییدا لە سنوورەکانی پارێزگای قەسری شیرین باو بووە و کەسانی قازانجخواز سەرمایەی نیشتمانی بە نرخێکی کەم لە وڵات دەبەنە دەرەوە بۆ ئەوەی قازانجێکی کەم بەدەستبهێنن.
سەرچاوەیەکی سوریی ئاگادار لەو دانوستانانەی کە لە دیمەشق لە نێوان بەرپرسانی سوریا و شاندێکی ڕوسیادا ئەنجام درا، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزى وتووە، فەرماندەی گشتی ئیدارەی نوێ لە سوریا، ئەحمەد شەرع، داوای کردووە ڕوسیا ئەو کەسانەیان ڕادەستبکات کەچونەتە ئەو وڵاتە بەشار ئەسەد و یاریدەدەرە نزیکەکانی. ئاژانسى ڕۆیتەرز، ئەوەشى خستوەتەڕوو دیمیتری پێسکۆف وته بێژی کریملین ئامادەنەبووە هیچ لێدوانێک بدات لەسەر ئەوەى ئایا، ئه م داوایه له میانی کۆبوونەوەکەى ڕۆژی سێشه ممه له نێوان شەرع و میخائیل بۆگدانۆف، جێگری وەزیری دەرەوەى ڕوسیا باسکراوە یاخود نا. وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، شاندەکە پشتیوانی خۆیان بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دووپاتکردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە سەردانەکە لە "ساتێکی گرنگدایە" بۆ پەیوەندییەکانی ڕووسیا و سووریا. جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا گفتوگۆکانی - لەگەڵ ئەحمەد شەرع و وەزیری دەرەوە ئەسعەد شەیبانی بە باش و کردەیی و بنیاتنەرانە وەسف کرد. بۆگدانۆف ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەیی خۆی بۆ لایەنی سوریا دەربڕی بۆ یارمەتیدانی سەقامگیرکردنی دۆخی سوریا و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرو ڕاستەوخۆی نێوان هێزە سیاسییە جیاوازەکان. سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوان کۆمپانیای ڕووسی و لایەنی سوری بۆ بەکارهێنانی بەندەری تارتووس، بۆگدانۆف وتی کە ئەمە پرسێکی تەکنیکی و بازرگانییە کە پەیوەندی بە کارەکانی کۆمپانیا ڕووسییەکە لە بەندەرەکەدا هەیە. سەردانەکەی شاندی ڕووسیا کە لە بۆگدانۆف و ئەلێکساندەر لاڤرێنتیف، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆمار پێکهاتبوو، یەکەم سەردان بوو لە جۆری خۆیدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ٨ی کانوونی دووەم. لەو ڕۆژەدا ئەسەد ڕووی کردە ڕووسیا، کە پێشتر یەکێک بوو لە لایەنگرانی دیار و بە تایبەتی لە ساڵی 2015 هێزەکانی بۆ پشتیوانی لە سوپای بەشار ئەسەد دەستوەردانیان لە سووریا کرد.
هێزەکانى قەسەدە دەڵێن لە چەند بەرەیەکی شەڕی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی دایەوە، لە ئەنجامدا ٢٧ چەتە کوژران و برینداربوون، هەروەها سەربازێکی تورک کوژرا. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وەڵامدانەوەی شەڕڤانانی ئاشکرا کرد. بەپێى ڕاگەیاندراوەکە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر گوندەواری باکووری بەنداوی تشرین بەردەوامە. دوێنێ سێشەممە بۆ ماوەیەکی زۆر دەوروبەری بەنداوی تشرینیان بە چەکی قورس تۆپباران کرد، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی لی نەکەوتەوە. هێزەکانى قەسەدە ئەوەش دەخەنەڕوو لە بەرەی قەرەقۆزاق، بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، شەڕڤانان دژی شوێنی کۆبوونەوەی چەتەکان لە گردی نەورۆز و گردی قەرەقۆزاق و بنکەیەکەی چەتەکان لە گوندەکانی قەبر ئیمو و هۆشەریە، چەندین چالاکیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەی دژی گوندی قەبر ئیمۆ ٥ چەتە کوژراون و ١٠ چەتە برینداربوون. لە چالاکییەکەی دژی بنکەی هۆشەریە ١٢ چەتە کوژراون و کوژراون و برینداربوون. هەروەها لە گردی قەرەقۆزاق یەکینەکانی شەهید هارون خاڵێکی کۆبوونەوەی چەتەکانیان کردە ئامانج و بە تەواوەتی وێرانکرا. هەروەها دەوڵەتی تورک چەند گوندێکی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاقی بە سەختی بۆردوومان کرد، گوندەکانی غەسەق و تینا و بیر حەسۆ و مالحە و دیکان و قەرەقۆزاق و فڕۆکەخانەی سیرین و گردی سێڤی لە باشووری کۆبانێ بۆردوومانکران، هەروەها چەتەکان ١٨٠ تۆپیان بۆ ئەم دەڤەرانە هاویشت، هێرشەکان هیچ زیانێکی مادی نەبوو. داگیرکەری تورک بە ئەنقەست خەڵکی سڤیل لە شار و گوند و شارۆچکەکان دەکاتە ئامانج. دوێنی سێشەممە، کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەی ئەنجامدا و دەیان سڤیل شەهیدبوون. فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بازاڕێکی شاری سیرینی لە باشووری کۆبانێ بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا ١٢ هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوون و ١٣ هاوڵاتی سڤیل برینداربوون، لەنێو شەهید و بریندارەکاندا منداڵی بچوک هەبوون. لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوا بەرامبەر هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر شارۆچکەکانی عەین عیسا و زرگان، هێزەکانمان ڕۆژی دووشەممە چالاکییەکەی سەرکەوتوویان دژی بنکەیەکی سوپای داگیرکەری تورک لە گوندی تەل محەمەد لە گوندەواری شارۆچکەی زرگان ئەنجامدا، لە ئەنجامدا سەربازێکی داگیرکەری تورک کوژراو و سەربازێکی دیکەش بریندار بوو".
مەراسیمى پیرشالیار، ئەو ئاهەنگە مێژووییەیە، کە هەورامییەکان زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵە لە ناوچەی هەورامانی تەختدا بە بەشداری هەزاران کەس، لە دوو وەرزی جیاوازدا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ یادی دەکەنەوە. مەراسیمی جەژنی پیرشالیار، لە هەورامانی تەختی سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەلاتی کوردستان، ساڵانە جارێک لە ناوەراستی وەرزی زستان و جارێکی تریش لە نیوەی کۆتایی وەرزی بەهاردا ئەنجامدەدرێت. ئەو مەراسیمەی، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی زستان، هەورامییەکان پێی دەڵێن: ئاهەنگی پیرشالیار، کە لە ١٢ی ڕیبەندانی هەموو ساڵێکدا ئەنجام دەدرێت و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەم ڕێوڕەسمەدا، نەریتەکانی كڵاو ڕۆچنە، قوربانیكردنی مەڕ و بزن، لێنانی چێشتی تشین، دەفژەنی و سەمای عیرفانی، زیکر و تەوافكردنی كەوشی چەرمیی پیرشالیار، لەناو بەشداربواندا بەڕێوە دەچێت. وەک چۆن لە ئاینی ئیسلام بۆ پیاوانی ئاینی "مەلا" و لە ئاینی مەسیحیشدا "قەشە" بەکاردێت، ئاواش لە ئاینی زەردەشتیدا بۆ پیاوانی ئاینی "پیر یان مۆغ" بەکار دەهێندرێت. پیر لە ئاینی زەردەشتیدا بەو کەسانە وتراوە، کە هەر حەوت قۆناغەکەی پاکبوونەوەی ڕۆحییان برییەوە و پلەی پیاوخاسییان بەدەستهێناوە. بۆچوونی زاڵیش لەسەر ئەو ناوە دەڵێن: پیرشالیار بە واتای پیری پیرەکان دێت، کە لە ئاینی یارساندا هەر ٩٩ پیرێک ڕێبەرێکیان هەیە، بەمەش پیری شالیار واتە: پیری پیرەکان، کە پلەیەکی بەرزترە لە پیر. پیاوێکی ئاینی زەردەشتی بووە و لە سەردەمی میتانییەکان، نزیکەی ٢٠٠ ساڵ پێش هاتنی ئاینی ئیسلام ژیاوە، هەموو ئەوانەی لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە، کۆکن لەسەر ئەوەی، کە پیرشالیار خەڵکی هەورامانە، لە سەردەمی خۆیدا پیاوێکی بەناوبانگ و سەرڕاست بووە، هەورامییەکانیش دەڵێن: پەرتوکێکی هەیە بە ناوی "ماریفەتو پیری"، لەم پەرتوکەدا ئامۆژگاری خەڵکی ناوچەکەی کردووە، فێری کردوون کە چۆن لە بەرامبەر دوژمناندا یەکگرتووبن. لەبارەی ئەم ئاهەنگەشەوە، بەشی زۆری لێکۆڵەران دەڵێن: ئەم ئاهەنگە، بۆنەیەکی ئاینییە و سرووتە ئاینییەکانی ئاینی زەردەشتی تیدا دەوترایەوە، بەڵام لەگەل هاتنی ئاینی ئیسلام، گەوهەری ئەفسانەکە گۆراوە و سرووتە ئاینییەکانیان دەستکاری کردووە. بەشیک لەو دەستکارییەش، زانای ئیسلامی کورد، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، لە پەرتوکی بنەماڵی زانیاراندا کردوییەتی، کە تێدا ئەم ئەفسانەیە بۆ زەماوەندی هاوسەرگیری پیرشالیار و بەهار خاتوونی کچی شای بوخارا دەگەڕێنێتەوە، بەمەش ئاهەنگەکەی بەستووەتەوە بە ئاهەنگی هاوسەرگیری پیرشالیاری دووەم، کە بانگخوزێکی ئاینی ئیسلامە.
پەرلەمانتارێکى عێراق ڕایدەگەیەنێت، بانکی رەشیدو رافیدەینى عێراقى ئامادەن تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بکەن. سۆران عومەر پەرلەمانتارى عێراق لەسەر لیستى کۆمەڵى دادگەرى دەڵێت، داوام لە وەزارەتی دارایی عێراق کرد کاتێک لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەساڵی ٢٠٢٥ کێشەی تێدا نامێنێت لیستەکان رەوانەی بانکی رەشیدو ڕافیدەین بکات بۆ تەوتین. سۆران عومەر دەشڵێت، وەزارەتی دارایی لە ٢٠/١/٢٠٢٥ بەنووسراوی ژمارە ٢٦٨ وەڵامی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین داوەتەوەو بانکی رەشید بەنووسراوی ژمارە (٣٧٣ لە١٩/١/٢٠٢٥) دەڵێت، ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ تەوتینى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چاوەڕێین گرێبەستی نێوان بانکەکەمان و فەرمانگەکانی پەیوەندیدار بکرێت، کاتێک ٦ زانیاری فەرمانبەرمان پێبگات لەڕێی ئەپێکی تایبەت بە بانکەوە لەموبایلەوە کارتی بانکی تەوتین کارادەکرێت. بە قسەى سۆران عومەر لەبارەى میکانیزمى دابەشکردنى مووچە لەلایەن ئەو بانکەوە، بانکەکە روونیکردووەتەوە، بۆ دابەشکردنیش دەتوانرێت لەڕێی لقی بانکە ئەهلییەکان و دەروازەکانەوە موچەکە وەربگرن. ئەو پەرلەمانتارەى عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات بانکی رافیدەین بەنووسراوی ژمارە (٣/١/١٢٨ لە ١٩/١/٢٠٢٥) ئاماژە بەوە دەکات ئامادەن بۆ تەوتینى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەرکردنی ماستەرکارتی جیهانی و کارتی ناوخۆیی و وەرگرتنی موچە لەڕێی بانکە ئەهلییە رێپێدراوەکان.
سەرۆک شارەوانیەکانی هیرۆشیما و ناگازاکی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاند، بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایان کردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ سەردانیان بکات و بە بۆنەی یادى 80 ساڵەی تەقینەوە ئەتۆمییەکانی ئەو دوو شارەی ژاپۆن. لە 6ی ئابی 1945، فڕۆکەیەکی ئەمریکی بۆمبێکی ئەتۆمی بۆ سەر شاری هیرۆشیما خستە خوارەوە و لەماوەی چەند چرکەیەکدا سەتان هەزار کەسی کردە قوربانی، بەوهۆیەوە نزیکەی ٢١٤ هەزار کەسی کوشت. دوای سێ رۆژ ئەمریکا بۆمبێکی دیکەی لە ناگازاکی فڕێدایە خوارەوە، لەوێش 70 هەزار کەسی کوشت و ژاپۆن ناچاربوو خۆی بەدەستەوەبدات. لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆک شارەوانییەکان ترەمپیان بانگهێشتیان کردووە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شەخسیی گوێ لە شایەتحاڵی هیباکوشا (رزگاربووانی بۆمب بە زمانی ژاپۆنی) ببیستێت، بۆ گوێگرتن لە ئارەزووی پڕ لە سۆزیان بۆ ئاشتی، بۆ گەیشتن بە ئاشتی و بۆ قووڵکردنەوەی تێگەیشتنتان لە نامرۆڤایەتی چەکی ئەتۆمی. لە نامەکەدا هاتووە: هیوادارین بیرۆکەی وابەستەیی ئەتۆمی دەستبەردار بن و دەستپێشخەریی بەهێز بەرەو هەڵوەشاندنەوەی چەکی ئەتۆمی و دامەزراندنی ئاشتی جیهانی بەردەوام بن. لە ساڵی ٢٠١٠ جۆن ڕۆس باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ژاپۆن بووە یەکەم نوێنەری ئەمریکا کە بەشداری لە ئاهەنگی ساڵانەی یادکردنەوەی بۆردومانی ئەتۆمی هیرۆشیما کرد پێش ئەوەی دوو ساڵ دواتر بەشداری لە یادى ناکازاکی بکات. لێدانی شاری هیرۆشیما و دواتر شاری ناکازاکی بە بۆمبی ئەتۆمی لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووەمدا لەلایەن ئەمریکاوە، بە یەکێک لە رووداوە گرنگە مێژووییەکان دادەنرێت کە ساڵانە لە ژاپۆن یاد دەکرێتەوە. باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو کە لەماوەی پۆستەکەیدا ساڵى ٢٠١٦ سەردانی شاری هیرۆشیما بکات.
پەروین بوڵدان ڕایدەگەیەنێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ هیچ دامەزراوەیەکی دەوڵەتی تورکیا کۆنهبووهتهوه. لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتار و ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، نوسینێکى بڵاوكردهوه ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی تورکیادا لەبارەی ئۆجەلان بڵاودەکرێنەوە راست نین. بوڵدان پۆستی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی سۆزجوی تاگ کردووە و دەڵێت، ئەو قسانەی وەلی تۆپراک، بەرپرسی نووسینگەی پەرلەمانی تورکیا لە کەناڵەکە لەبارەی ئۆجەلان کردوونی، دوورن لە راستییەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئۆجەلان لە ئیمراڵی لەگەڵ دامەزراوەیەکی دەوڵەتی تورکیا کۆبووەتەوە. وەلی تۆپراک دوو رۆژ پێشتر لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی تەلەڤیزیۆنی سۆزجو، بەبێ ئەوەی ناوی سەرچاوەی هەواڵەکەی بهێنێت، رایگەیاند، ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ دامەزراوەیەکی دەوڵەت وتوویەتی: دەیەوێت دوا خزمەت بە دەوڵەت بکەم." ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەوانەی پابەند نابن بە بانگەوازی دانانی چەک، خیانەتکارن. بە گوتەی ئەو رۆژنامەنوسه تورکە، ئۆجەلان لەبارەی دەستکەوتەکانی کورد لە باکووری کوردستان گوتوویەتی، پێموایە ئەو دەستکەوتانەی لە تورکیا بەدەستهاتوون، ئیدی بەسن. پەروین بوڵدان لە پۆستەکەیدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردووەتەوە و نووسیویەتی، "هەموو ئەو تۆمەت و هەواڵانە راست نین. ئێوە تەنانەت بنەماکانی رۆژنامەنوسیتان خستووەتە ژێر پێ. تەنانەت لە بابەتێکی وەها گرنگدا، پێدانی زانیاریی ناڕاست لەگەڵ جیدیەتی بابەتەکەدا ناگونجێت. بە کورتی بە تەواوی هەواڵێکی ساختەیە."