پۆلیسى سلێمانى، ڕایدەگەیەنێت، بە تۆمەتی كوشتنی گەنجێك و لە لایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتنەوە تۆمەتبارێك دەستگیركراوە. لەڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، پۆلیسى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی كانی با لەشاری سلێمانی لە ڕوداوێكدا گەنجێك بە چەقۆ كوژرا و تۆمەتبار هەڵاتوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى پۆلیس دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو لێكۆڵینەوە بۆ دۆینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد، سەرەنجام توانرا لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن – بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە لەماوەی كەمتر لە شەش سەعات تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت. شەوى ڕابردوو لە گەڕەکی کازێوەی سلێمانی، شەڕە چەقۆ لە نێوان دوو هەرزەکار دروست بووە کە دراوسێی یەکتر بوون، یەکێکیان ئەو دیکەیانی بریندار کردووە و پاشان گیانی لەدەستداوە. بەپێى زانیاریەکان، شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە، ئەو گەنجە لەدایکبووی ساڵی 2008 بووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە دەقى ڕاگەیەندراوەکەى پۆلیسى سلێمانى بە تۆمەتی كوشتنی گەنجێك تۆمەتبارێك دەستگیركرا  بە تۆمەتی كوشتنی گەنجێك و لە لایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتنەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا. شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی كانی با لەشاری سلێمانی لە ڕوداوێكدا گەنجێك بە چەقۆ كوژرا و تۆمەتبار هەڵات، دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو لێكۆڵینەوە بۆ دۆینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد، سەرەنجام توانرا لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن – بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە لەماوەی كەمتر لە شەش سەعات تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت. لە ئێستادا تۆمەتبار ( ل، ت، ح ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دانی ناوە بە تاوانەكەیدا.

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان دەڵێن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 60 هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی سنە، پیرانشار، سنە، مەهاباد و سەردەشت دەستبەسەر کراون. بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ناوەندە ئەمنییەکانی ئیڕان لە دوایین هەوڵەکانیان بۆ سەرکوتکردنی چالاکوانان، پێنج هاووڵاتی و چالاکوانی کوردیان بە ناوەکانی مەحیدین خالیدیان، وەهاب خەدیریپوور، ڕەحمان ڕەحیمپوور، جەلال پەرهیزکار و سەروەر حەمەنازدار لە شارەکانی سنە، مەهاباد و سەقز دەستبەسەر کردووە. هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە دوو ڕاپۆرتی جیادا کە ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی ئەم مانگە بڵاوکراونەتەوە، ڕایگەیاندووە پێنج هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ئاتیلا عەبدی، ڕەزا کامەرانی، سەتار بابایی، زەکەریا فیروزبەخت و ئیدریس عەبدوڵڵاهی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو شارە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی لە شاری کرماشان و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان دیار نییە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەی رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوە کراوە دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەرسەلان فەتاحی و سامان سەفەری کە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و خەڵکی ناحیەی گەهوارەی کرماشانن، لە شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت ژمارەی دەستبەسەرکراوان "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای مانگرتنی شارەکانی کوردستان دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی گەیشتوەتە نزیکەی 60 کەس کە زۆربەیان لەپەیوەند بەو مانگرتنەوە و بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە حزبە کوردییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئاماژەی بەوەشکرد دەستبەسەرکردنەکان لە شارە کوردنشینە جیاجیاکان ئەنجامدراوە و دەستبەسەرکراوانیش تاکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و لە مافی وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش کراون. شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانانی کورد لە 22ی مانگی یەک دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی خەڵکی شارە کوردنشینەکان لە وەڵامی بانگەوازی شەش حزبی کوردی بۆ مانگرتن دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، بازار و دوکان و شوێنی پیشەکانیان داخست. حزبە کوردییەکان لە بانگەوازەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە مانگرتنی گشتی چارەسەرێکی مەدەنییە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی.

 سەبارەت بە پرسی مووچە و هەمواری یاسای بودجە، کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لە بەغدا دەستیپێکرد.   بەیانیی ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی لە بەغدا دەستیپێکرد. دوێنێ دوای سێ کاتژمێر کۆبوونەوە شاندی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم سەرپەرشتی فواد حسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دارایی ئابووری هەرێم رایگەیاند کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بووە. بابەتەكانی گفتوگۆی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق بریتین لەم خاڵانە: - تەرازووی پێداچوونەوەی مووچەی مانگەكانی ساڵی ڕابردوو. -شێوازی ئامادەكردنی لیستی مووچە. -تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. - پڕۆژەی هەژماری من. بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆى بەغدا باسى مووچەی مانگی یەك و پاداشتی خانەنشینان کراووە، مووچەی مانگی یەكیش دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ. پاشنیوەڕۆى هەینى، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە، بودجە لە هۆتێل بەغدا کۆبوونەوە.  ڕێباز حەملان بریکارى وەزیرى دارایی حکومەتى عێرق، دەربارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە دەڵێت: باسمان لە دوو بابەت كردوە، مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم، مووچە و پاداشتی خانەنشینان، جگە لەو دوو بابەتە باسی هیچ بابەتێكی دیكە نەكرا، مووچەی مانگی یەك دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ.

فڕۆکەیەکی بچووکی گواستنەوەی پزیشکی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی فیلادلفیا کەوتەخوارەوەو خۆی کێشا بە چەند باڵەخانەیەکدا و بەهۆیەوە چەند ماڵ و ئۆتۆمبێلێک ئاگریان گرت. تۆڕی هەواڵی بى، بى سى بڵاوی کردەوە؛ فڕۆکە فریاگوزارییەکە منداڵێک نەخۆش و پێنج کەسی دیکەی تێدابووە، دوای ماوەیەکی کەم لەدەستپێکردنی گەشتەکەی لە ناوچەیەکی نیشتەجێ بوونی فیلادلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیا کەوتوەتە خوارەوە. تیمەکانی فریاکەوتن بەپەلە گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەکە، لە کاتێکدا دانیشتووان شەقامەکانیان قەرەباڵغ کرد کە پڕ بوون لە پاشماوەی ئاگرین و پارچەی فڕۆکەکە. شێرڵ پارکەر، سەرۆکی شارەوانیی فیلادێلفیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "چەندین خانوو و ئۆتۆمبێل بەهۆی رووداوەکە زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان لەبەردەست نییە."   بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، چەند کەسێک لە دەوروبەری رووداوەکە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بریندار بوون. روداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، دوای دوو رۆژ دێت لە رووداوی پێکدادانی فڕۆکەیەکی بازرگانی و هەلیکۆپتەرێکی سەربازیی لە نزیک واشنتۆنی پایتەخت، کە بەهۆیەوە 60 سەرنشین و 4 کەس لە تیمی فڕۆکەکە و سێ سەربازی ناو هەلیکۆپتەرەکە گیانیان لەدەستدا.

هاوڵاتى وەزارەتی نەوتى عێراق، وردەکاری ئەو پڕۆژانەی خستەڕوو کە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی واژۆیان کردووە، هاوکات بوونی دانوستانەکانی پشتڕاستکردەوە بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای بەریتانی پترۆلیۆم بۆ پەرەپێدانی 4 کێڵگەی نەوتی لە کەرکوک. باسم محەمەد خزه‌یر، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت، ئەمڕۆ هەینى ڕایگەیاند: وەزارەتی نەوت پلانێکی تایبەتی داڕشتووە 4 ئامانجی لەخۆگرتووە کە ئامانج لێی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتە، دووەم، داخستنی دۆسێی غازی سووتاو، سێیەمیش گەڕان بەدوای کێڵگە نوێیەکانی غازدا کە بڕێکی زیاتری غاز زیاد دەکات، بۆ بەرهەمهێنانی وزە، گەیشتن بە ئامانجی چوارەم کە عێراق لە هاوردەکارێکەوە دەگۆڕێت بۆ هەناردەکاری غاز". ئەو بەرپرسەى وەزارەتى نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، لە 10ی 1، وەزیری نەوت بەردی بناغەی پڕۆژەی خێراکردنی غازی لە کێڵگەی ئارتاوی دانا لە چوارچێوەی گرێبەستەکانمان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال، کە بریتین لە پڕۆژەیەک بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەی ئارتاوی بۆ 210 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەروەها پڕۆژەیەک بۆ وەبەرهێنانی غاز لە ٦ کێڵگەی گرنگدا بە توانای ٦٠٠ ملیۆن پێی سێجا ستاندارد بە دوو قۆناغ: قۆناغی یەکەم ٣٠٠ ملیۆن و قۆناغی دووەم ٣٠٠ ملیۆن پێی سێجا ستاندارد. باسم محەمەد خزه‌یر، هه‌روه‌ها هێماى بۆ ئەوەکرد پڕۆژەکان بریتین لە پڕۆژەیەکی ئاوی دەریا بە توانای دیزاینکردنی 7 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و توانای کارپێکردنی 5 ملیۆن بەرمیل.  چوارەم پڕۆژەی گرنگ، بۆ یەکەمجار لە عێراق، پڕۆژەی وزەی خۆرە ، وێستگەیەک دەبێت بە توانای هەزار مێگاوات لە چوار قۆناغدا، هەر قۆناغێک 250 مێگاوات، و تا کۆتایی ساڵی 2025 دەست بە کاردەکات قۆناغی یەکەمی خزمەتگوزارییەکە.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە ئیسرائیل لای لیژنەی سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستی لوبنان کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکات، سکاڵای کردووە کە دیپلۆماتکارانی ئێران و لایەنی دیکەش دەیان ملیۆن دۆلار پارە بە جانتا بۆ حزبوڵا دەگوازنەوە بۆ دابینکردنی دارایی ئەو گرووپە بۆ ئەوە بتوانێت خۆی بەهێز بکاتەوە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی هەینی 31ی مانگی یەک بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکاوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئیسرائیل لە سکاڵاکەیدا ڕایگەیاندووە نێردراوانی ئێران بە جانتای پڕ لە دۆلاری ئەمەریکاییەوە لە تارانەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیروت گەشت دەکەن. ئیسرائیل هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هاووڵاتیانی تورکیاش لە ڕێگەی ئیستەنبوڵەوە پارەیان بۆ بەیروت گواستووەتەوە. لیژنەی ئاگربەست کە بەرپرسیار نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتننامەکە، ئەم سکاڵایانەیان ئاراستەی حکومەتی لوبنان کردووە. لیژنەکە نوێنەرانی ئیسرائیل، لوبنان، ئەمەریکا، فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆدەگرێت. بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتانی ئەندامی ئەو لیژنەیە ڕایانگەیاندووە کە ئاگادارن لە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی بەیروت لەلایەن ئێرانەوە بۆ بە قاچاخ بردنی پارە و ئەو بانگەشانە بە باوەڕپێکراو دەزانن. بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست، لوبنان پێویستە کۆنترۆڵی چوونە ژوورەوە بۆ وڵاتەکەی بکات و ڕێگری لە گواستنەوەی چەک و کەرەستەی پەیوەندیدار بۆ گروپەکانی وەک حزبوڵا بکات، بەڵام لە ڕێککەوتنەکەدا بە تایبەتی باس لە گواستنەوەی پارەی نەختینەیی نەکراوە. حیزبوڵا گرووپێکی نیمچە سەربازییە و لە هەمان کاتدا پارتێکی سیاسییە کە بەشێکی زۆری باشووری لوبنانی کۆنترۆڵ کردووە. ئەمەریکا حزبوڵا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت، بەڵام یەکێتی ئەوروپا باڵی سەربازی حزبوڵای خستوەتە لیستی رەش و پارتە سیاسیەکەی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نازانێت. باڵی سیاسی حزبوڵای لوبنان نوێنەریشی لە پەرلەمانی لوبنان هەیە. حکومەتی لوبنان و هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی شاندی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حیزبوڵای لوبنان تا ئێستا وەڵامی ئەو هەواڵانەیان نەداوەتەوە. بەڵام بێهنام خوسرەوی دیپلۆماتکار لە باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان لەم دواییانەدا بە میدیای دەوڵەتی ئێرانی ڕاگەیاند کە تاران فڕۆکەی نەفەرهەڵگر بۆ گواستنەوەی پارە بۆ لوبنان بەکارناهێنێت. ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ نووسیوێتی دەسەڵاتدارانی تورکیا هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەر جۆرە گواستنەوەیەکی پارەی بەرچاو لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ بە ئامێری تیشکی ئێکس و ڕێوشوێنی ئەمنی دیکە دەستنیشان دەکرێت و تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی لەو شێوەیە بەدی نەکراوە.

  ♦️نزیکەى ١٥ مامۆستاو فەرمانبەر، ماوەى چوار ڕۆژە، مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو لەژێر خێمەیەکدا لەبەردەم بیناى نەتەوەیەکگرتووەکان لەسلێمانى ماونەتەوە. ♦️زۆرینەى مامۆستایانى مانگرتوو بارى تەندروستیان خراپە، شەکرە و فشاری خوێنیان دابەزیووە و چارەسەرى سەرەتاییان بۆ کراوە هۆشداریشى لە تێکچوونى زیاترى دۆخى تەندروستیى مانگرتووەکان دەدرێت.

ماڵپەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕایدەگەیەنن شەوی ڕابردوو لە شاخەکڵنی سنورەکانی نێوان مەریوان و پێنجوێن، کۆڵبەرێک لەسەرما رەق بووەتەوە. ئەو کۆڵبەرە گەنجێکی خەڵکی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ناوی مەهیار سەفەری لە ناوچە سنورییەکانی هەنجیران و لەکاتی کۆڵبەریدا بێسەروشوێن بووە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو کۆڵبەرە لەشاخ کەوتووەتە خوارەوە و برینداربووە، کەس نەبووە بەهانایەوە بچێ و لەسەرمادا رەق بووەتەوە، دوای سێ رۆژ، شەوی رابردوو خەڵکی ناوچەکە توانیویانە تەرمەکەی بدۆزنەوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە. سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستوەتەڕوو  درەنگانی شەوی رابردوو تەرمی ئەو گەنجە هێنراوەتە پزیشکی دادی سلێمانی و دوای توێکاری رادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە. مەهیار سەفەری تەمەنی 21 ساڵە و خەڵکی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. بەپێی ئاماری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان  KHRN، ساڵی رابردوو، 51 کۆڵبەری کورد کوژراون یان، گیانیان لەدەستداوە و 246 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت کۆبونەوەکان لە کەشێکی ئەرێنیدا بووە رۆشنایی خراوەتە سەر بەرەو پێشچوونەکانی پڕۆژەی هەژماری من و بەداتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکە خرایەڕوو. هەروەها جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری (هەژماری من)ەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستەڕوو کە پێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی ٢٧٤بە هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشیوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.      دەقی بەیاننامەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری :                                             کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد بەڕێوەچوو.                                                 ڕۆژی هەینی ٣١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە شاری بەغداد بەسەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز (ئاوات شێخ جەناب )وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر (ئومێد سەباح)سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بەسەرۆکایەتی بەڕێز خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.                                      لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لەڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی هەردوو وەزارەت ئامادە بوون، لەکەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کراو تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردوولاوە لە سەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون. شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا.                                          لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرەو پێشچوونەکانی پڕۆژەی هەژماری من کراو بەداتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکە خرایەڕوو ، هاوکات لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستەڕوو کە پێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی ٢٧٤بە هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشیوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.                                                        بڕیارە سبەی شەممە کۆبوونەوەکان لە نێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماوە تا هەردوولا بگەنە ڕێكکەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥.                        ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری.   

بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆى بەغدا باسى مووچەی مانگی یەك و پاداشتی خانەنشینان کراووە، مووچەی مانگی یەكیش دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ. پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە، بودجە لە هۆتێل بەغدا کۆبوونەوە.  ڕێباز حەملان بریکارى وەزیرى دارایی حکومەتى عێرق، دەربارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە دەڵێت: باسمان لە دوو بابەت كردوە، مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم، مووچە و پاداشتی خانەنشینان، جگە لەو دوو بابەتە باسی هیچ بابەتێكی دیكە نەكرا، مووچەی مانگی یەك دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ. ناوبراو وتیشى: حكومەتی عێراق خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە 1-1ی ئەمساڵەوە جێبەجێ دەكات، بەڵام ئەوەی 1-7ی ساڵی ڕابردوو هەرێمی كوردستان كردوویەتی لەسەر داهاتی خۆی داویەتی، بەمشێوەیەش بەردەوام دەبێت، بە هۆی ئەو وردەكارییەوە بەشی دووەمی كۆبوونەوەكەی سبەی تەواو دەكرێت. بڕیارە سبەینێ شەممە، لەنێو وەزارەتی دارایی عێراق كۆبوونەوەیەكی دیكە لەنێوان شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و تەواوكاری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دەبێت. هاوکات ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق لە هۆتێل بەغدا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی: باسی کێشەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانمان کرد و لە کەشێکی ئەرێنییدا بوو. هیوادارین سبەی تەواوبێت و رۆژی یەکشەممە پارە بنێردرێت." شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و بەرپرس و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 20 کەسە.

وەزیرى دارایی حکومەتى کاتى سوریا، ئاشکراى دەکات ناوى 400 هەزار فەرمانبەری خەیاڵی و بن دیوار لەتۆمارەکانى دەوڵەتدا هەیەو وەکخۆى دەڵیت چاوەڕوانی ئەم هەموو گەندەڵییەمان نەدەکرد. لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتە کاتیەکەى ئەحمەد شەرع، کەمتر لە دوو مانگ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا، ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە لە کارەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوە وێرانەکانی دەوڵەت بەردەوامە. باسیل عەبدولحەننان، وەزیری ئابوری حکومەتى ڕاگوزەرى سووریا، بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى وتوە: لەتۆمارەکانى دەوڵەتى پێشووى ئەسەددا ناوى 400 هەزار فەرمابەرو کارمەندى نادیارو خەیاڵ، هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لابردنی ئەوان سەرچاوەیەکى گەورەیە بۆ گەڕانەوەى داهات بۆ دەوڵەت. وەزیرى ئابوورى حکومەتى سووریا، وتیشى: ئیدارەی نوێ چاوەڕوانی گەندەڵی لەو وڵاتەدا بوون، بەڵام بە خەیاڵیاندا نەدەهات کە بگاتە ئەم ئاستە، پێدەچێت هەندێک کۆمپانیا و فەرمانگەی دەوڵەتی تەنها بۆ دزینی سەرچاوەکانى داهات بوونیان هەبێت بۆیە دادەخرێن. دوای 13 ساڵ شەڕی ناوخۆی خوێناوی، سوریا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبێتەوە، دیارترینیان ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی و دامەزراوە فەرمییەکان، جگە لە پێکهێنانی سوپا و هێزە چەکدارەکان و بوژاندنەوەی ئابووریی وێرانە. لەلایەکى دیکەوە، محەممەد زەید وەزیری گەشەپێدانی کارگێڕی سوریا ئاشکرایکرد، دەوڵەت پێویستی بە 550 بۆ 600 هەزار کرێکار هەیە، کە ئەمەش کەمترە لە نیوەی ژمارەیەى ئێستا هەیە. وەزیرەکانی دیکەی ئەو حکومەتەی کە پاش ماوەیەکی کەم لە ڕووخانی ئەسەد پێکهێنراون، بۆ ماوەیەکی ڕاگوزەر، پێشتر باسیان لە ڕادەی گەندەڵی و لایەنگری لە وڵاتدا لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا کردبوو.

لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی نەدانی نزیکەی ١.٣ ملیار دۆلاری باج، ڕەزامەنی دراوە لەسەر ڕاگرتنی تۆڕی ئینتەرنێتی کۆمپانیای کۆڕەک لە عێراق. لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە ڕاگرتنی تۆڕی ئینتەرنێتی کۆمپانیای کۆڕەک لە عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، سەركەوتنی هەوڵەكان بۆ ڕاگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی كۆمپانیای (كۆڕەك) ڕادەگەیەنین، كە لە ماوەی پێشوودا بە ڕاگرتنی خزمەتگوزاریی پەیوەندی لەگەڵ كۆمپانیاكانی دیكە سزادراوە. ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی ڕادەستنەكردنی ئەو بڕە پارەیەی کە لە ئەستۆیدایە و شایستەی حكومەتی عێراقە بڕەکەی بە نزیكەی ١.٣ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی کۆمپانیاکە ڕادەگیرێت. هاوکات، زیاد جەنابی سەرۆكی لیژنەكە، بەردەوامبوونی شوێنكەوتنی گەندەڵكاران و ئەوانەی سامانی گشتی دەبەن، هەروەها سووربوون لەسەر ڕاگرتنی بەهەدەردانی سامانی دەوڵەتی دووپاتكردووەتەوە. ئەمە لەکاتێدایە، پێشتر دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان سێ بڕیاری بەرانبەر كۆمپانیای كۆڕەك بۆ پەیوەندییەكان دەركرد لەوانە: ڕاگرتنی كڕین و فرۆشتنی سیمكارتی كۆمپانیاكە، ڕاگرتنی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەنێوان بەشداربووانی كۆمپانیاكە و كۆمپانیاكانی دیكەی پەیوەندی، دڵنیایی درایەبریکار و بنکەکانی فرۆشتن، کە هیچ سیمکارتێکی نوێی کۆمپانیاکە نەفرۆشن یان بازرگانی پێوە نەکەن، بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەی یاسایییان لەگەڵ دەکرێت.

 ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا ڕایگەیاند، گرنگيى بە پاراستنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان له‌ عێراق و سووريا و داكۆكييان له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد له‌ سووريا دەکەینەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى سەرۆکایەتى هەرێم، شه‌وى ڕابردوو، پێنجشه‌ممه‌ 2025/1/30 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی له‌ ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه‌ پێگه‌یشتووە. تیایدا ده‌ر‌باره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى سووريا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. هەر لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ گرنگ بۆ سه‌قامگيريى عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا. هاوکات ڕاگەیەندراوەکە باس لەوەدەکات لاى خۆيه‌وه‌ ماكرۆن جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و تيشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ فه‌ره‌نسا به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت. هه‌ر له‌ په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا ماكرۆن پيرۆزباييى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى له‌نێچيرڤان بارزانى كرد، تيشكيان خسته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان له‌ عێراق و سووريا و داكۆكييان له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد له‌ سووريا كرده‌وه‌ و چه‌ندين بابه‌تى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان، تاوتوێ كرد.

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ كۆشكی سپی بە ڕۆژنامه‌نوسان ڕایگه‌یاند: هه‌ردو وڵاتی ئوردن و میسر پێشوازی له‌ دانیشتوانی غه‌ززه‌ ده‌كه‌ن و له‌ئێستاشدا بارودۆخی سوریا ناجێگیرە. تره‌مپ وتیشی ئه‌مریكا زۆر كاری بۆ میسر و ئوردن كردوه‌، ئه‌وانیش ئه‌وه‌ی ئێمه‌ داوامان كردوه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. سه‌باره‌ت به‌ بونی ئه‌مریكاش  له‌ سوریا، تره‌مپ ڕه‌تیكرده‌وه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا بكشێنێته‌وه‌ و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ واشنتن ده‌ستی به‌و روداوانه‌دا نیه‌ كه‌ له‌ سوریا ڕوده‌ده‌ن، به‌و پێیه‌ی پشێوی له‌و وڵاته‌دا زاڵه‌، ئێمه‌ش نه‌مانوتوه‌ هێزه‌كانمان له‌ سوریا ده‌كشێنینه‌وه‌، به‌ڵام بڕیاری پێویستیان له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ین. پێشتر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوای له‌ هه‌ردو وڵاتی ئوردن و میسر كرد كه‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌ وه‌ربگرن، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ ده‌كرێت چاره‌سه‌رێكی كاتی یان هه‌میشه‌یی بێت. ئه‌م بانگه‌وازه‌ش له‌لایه‌ن ئەو دوو وڵاته‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و تێكدانی مافی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان ده‌زانن. پەیوەست بەو بابەتە لەوەڵامى ئەو پێشنیارەى ترەمپ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوثیکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی ئەمرۆ سێشەممە دەڵێت: پێم وایە ئەمە پڕۆژەیە کە زۆرێک لە ڕابردوودا هەوڵیان داوە بەڵام هەموویان شکستیان هێناوە، فەلەستین لە نەخشەی ناوچەکەدا ناسڕدرێتەوەو دەرناکرێن. وەزیرى دەرەوەى ئێران وتیشى: کەواتە پێشنیارەکەم شتێکی ترە لەبری فەلەستینییەکان هەوڵبدەن ئیسرائیلییەکان دەربکەن، بیانبەن بۆ گرینلاند تا بتوانن بە یەک بەرد دوو باڵندە بکوژن. هەم کێشەی گرینلاند و هەم ئیسرائیلییەکان چارەسەر بکەن.

ستیڤ ویتکۆف نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  ڕایگەیاند، "نزیکە هیچ شتێک لە کەرتی غەززە نەماوەو دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە ڕەنگە 10 بۆ 15 ساڵ بخایەنێت. دوێنێ چوارشەممە، ستیڤ ویتکۆف نوێنەرى تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ نەتەنیاهوو کۆبووەوە. بەرپرسە ئەمریکییەکە بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستی غەززە سەردانی ناوچەکەی کردووە. ستیڤ ویتکۆف ئەمرۆ پێنج شەممە لە لێدوانێکدا بە ئاکسیۆسی وتووە، خەڵک دەچنە باکوور بۆ ئەوەی بچنە ماڵەوە و بزانن چی ڕوویداوە و دواتر دەگەڕێنەوە، هیچ شتێک لە غەززە نەماوە جگە لە تەقەمەنی نەتەقیو. ئاگربەستی غەززە لە 19-01-2025 دەستیپێکرد و بڕیارە قۆناخی یەکەمی 42 رۆژ بخایەنێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنها هەڵمەتەکانى ڕووخاندن و لابردنی داروپەردوو لە غەززە بۆ ماوەی 5 ساڵ بەردەوام دەبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە دیدگایەکمان هەبوو بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە ماوەی 5 ساڵدا، بەڵام ئەمە مەحاڵە". نوێنەرى تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، زیادی کرد: یارمەتییەکان دەچنە ناو غەززە، وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە. ناوبراو جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، بۆیە چوومە غەززە - بۆ ئەوەی بزانم ڕێککەوتنەکە چۆن جێبەجێ دەکرێت، چونکە ئەمە زۆر گرنگە. ویتکۆف ئاشکرای کرد کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ باسی بیرۆکەی ئاوارەکردنی فەلەستینییەکانی لە غەززە نەکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەو شتانەی کە لە سەردانەکەیدا بینیویەتی، غەززە "ناتوانرێت کەسى تێدا نیشتەجێ بێت".