بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلەکانی گەرما دادەبەزن و باران دەستپێدەکات، هەروەها لە ناوچە سنوورییەکان بەفر دەبارێت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 6ی شوباتی 2026 بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت درەنگانی ئەمشەو، هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی بەفر و باران، سەرەتا لەکاتەکانی دوای دوای نیوە شەو تا پێش نیوەڕۆی شەممە بارانی پچڕپچڕ دەبێت. کەشناسی ئاماژەی بەوە داوە، لە کاتەکانی پێش نیوە شەو تا پێش بەرەبەیانی یەکشەممە بۆ ماوەیەکی کورت خایەن شێوازی باران بارین دەگۆڕێت بۆ بارانی بەلێزمە لە ناوچەکانی سنوری دهۆک- بەردەڕەش- هەولێر و کۆیە و بەشێک لە سنوری ڕاپەڕین و ئیدارەی سۆران و ئاکرێ ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی دهۆک هاوکات تێکەڵەی بارینی بەفر و باران دەبێت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی باسی لەوە کردووە، پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن و بەفر لە ناوچە سنوورییەکان دەبارێت. بە گوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو بەمشێوەیە دەبێت: ئەمڕۆ هەینی 6ـی شوباتی 2026 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو . لە کاتەکانی درەنگانی شەو نمە باران و بارانی مامناوەند دەبارێت کاریگەری دابارین بۆ ئەمشەو زیاتر لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەلاتی هەرێم دەبێت پاشان بۆ ڕۆژی شەممە باران بارین لە زۆربەی ناوچەکان دەبێت , هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان بەفر بارین دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ – مامناوەند ( 10 – 20) کم/ک. ئاراستەی با / باشووری خۆرهەلات دەبێت مەوداى بینین / لەنێوان ( 8-10 ) کم دەبێت . پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە لە تۆمارەکانی دوێنێ , وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە : هەولێر 15پلەی سیلیزی پیرمام 10 پلەی سیلیزی سۆران 11 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران 4 پلەی سیلیزی سلێمانی 14 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 15 پلەی سیلیزی دهۆک 15 پلەی سیلیزی زاخۆ 16 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 14 پلەی سیلیزی گەرمیان : 17 پلەی سیلیزی کەشی پێشبینیکراوی سبەى شەممە 7ـی شوباتی 2026 بەمشێوەیە دەبێت: کەش/ ئاسمان بە گشتی هەوری باراناوی دەبێت , لە زۆربەی ناوچەکان نمە باران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت هەروەها لە ناوچە سنوورییەکان بەفر بارین دەبێت . لە شەودا کاریگەری باران زیاتر دەبێت کە هەندێک کات بە شێوەی لێزمە باران دەبێت . خێراى با / مامناوەند ( 15 – 25) کم/ک. ئاراستەی با / باشووری خۆرهەلات مەوداى بینین / لەنێوان ( 7 – 9 ) کم دەبێت. لەکات و شوێنی دابارین لەنێوان ( 4- 6 ) کم دەبێت پلەکانی گەرما / بە نزیکی 2 تـــــا 4 پلە نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر :13 پلەی سیلیزی پیرمام 8 پلەی سیلیزی سۆران 8 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران 1 پلەی سیلیزی سلێمانی 11 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 13 پلەی سیلیزی دهۆک 12پلەی سیلیزی زاخۆ 14 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 11 پلەی سیلیزی گەرمیان : 14 پلەی سیلیزی

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند ئەمەریکا بەهێزترین وڵاتی جیهانە و لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بە شێوەیەکی بێ وێنە هێزی سەربازیی وڵاتەکەی سەرلەنوێ دروستکردووەوە و بەهێزتر بووە.  ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە، 5ی مانگی دوو لە پەیامێکدا لە تۆڕی تروث وتی "ئەمەریکا بەهێزترین وڵاتی جیهانە. من لە خولی یەکەمدا بە تەواوی لەشکرەکەمانم سەرلەنوێ بنیادنایەوە، لە نێویاندا چەکی ئەتۆمی نوێ و زۆرێک لە چەکە ناوەکییەکان نۆژەن کراونەتەوە. وتیشی "هێزی واڵاییم بۆ زیاد کرد و پرۆسەی بەهێزکردنی سوپای ئەمەریکا بەردەوامە و گەیشتووەتە ئاستێکی بێ پێشینە." سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند، ئەمەریکا کەشتی جەنگی نوێ زیاد دەکات کە سەد هێندە بەهێزترە لە کەشتییە جەنگییەکانی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم وەک ئایاوا، میزۆری و ئەلەباما. ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا لە سەرانسەری جیهان ڕێگری لە شەڕی ئەتۆمی گرتووە، لەوانە لە نێوان پاکستان و هیندستان، ئێران و ئیسرائیل و ڕووسیا و ئۆکرانیا. هەروەها ڕەخنەی لە پەیماننامەی نیو ستارت (NEW START )گرت و بە سەودایەکی خراپ ناودێری کرد و وتی بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشێل کراوە. ترامپ لەبری درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەمەریکا شارەزایانی ئەتۆمی بەکاربهێنێت بۆ کارکردن لەسەر پەیماننامەیەکی نوێ و باشترکراو و مۆدێرن کە بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژتر کاری پێ بکرێت.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران دیمەنی گەیشتنی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە بڵاوکردەوە، کە گەیشتە شوێنی بەڕێوەچوونی گەڕی نوێی دانوستان لەگەڵ شاندی ئەمریکا. هەروا بڵاویکردووەتەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 6ی شوباتی 2026، لە مەسقەت بەر لە دەستپێکردنی گەڕی نوێی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەوە، بە گوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و چەند پرسێکی دیکە کردووە. هەر لە بارەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا، عەلی نیکزاد، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە ئاژاسنی ئیسنای وڵاتەکەی راگەیاندووە، شکۆمەندی نەتەوەیی مەزنی ئێران و حکوومەتەکانی لەوە دایە هەمیشە ئامادەیی دانوستان بوون و کۆماری ئیسلامی هەرگیز مێزی دانوستانی بەجێ نەهێشتووە. هەروا گوتی "ئەگەر بابەتی دانوستان لە چوارچێوەی پرسە ئەتۆمییەکاندا بێت، کۆماری ئیسلامی هەمیشە لەسەر مێزی دانوستان بووە و حکوومەت و پەرلەمانیش پشتیوانی لەم جۆرە دانوستانانە دەکەن، چونکە هەر لە سەرەتاوە کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای بیروباوەڕی رێبەری باڵای ئینقلابەوە، کە ئیمام خومەینی بوو، ئێران هیچ کاتێک بەدوای ئەتۆمیدا بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمەوە نەبووە". نیکزاد رەخنەی لە سیاسەتی دانوستانی ئەمریکا گرت و گوتی: ئەمریکا و بەتایبەت سەرۆکی وڵاتەکە پێی وایە بە سەپاندنی داخوازی نوێ، دەتوانێت بازنەی دانوستانەکان فراوانتر بکات، لە کاتێکدا ئەم سیاسەتە لە بنەڕەتدا شێوازی دانوستان نییە و وەک ئەوە وایە بڵێین چەکەکانتان دابنێن و خۆتان رادەست بکەن، بۆیە ئەم داخوازیانە ناتوانرێت جێبەجێ بکرێن. هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران رایگەیاند: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە لە مەسقەت، لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی ئێستا لە کۆبوونەودایە. بەپێی زانیارییەکانی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، لەو کۆبوونەوەیدا، پەیوەندی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دانووستانەکان لەگەڵ ئەمریکا  گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.

سەبارەت بە نەبوونی پارە بۆ مووچەی مانگی داهاتوو، وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە، کە لە سۆشیاڵ میدیا و بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو کراونەتەوە و دەڵێت: "هەموو ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و خەزینەی دەوڵەت پڕە لە پارە". وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، هەموو ئەو هەواڵانەی باس لە کەمیی پارەی نەختینە یاخود نەبوونی پارە بۆ مووچەی مانگی داهاتوو دەکەن، هیچ بنەمایەکی زانستی و ڕاستییان نییە. هەر لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دارایی عێراق هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە هەموو شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە تەواوی دابین کراوە و دابەشکردنی مووچە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و بەبێ هیچ دواکەوتنێک خەرج دەکرێت. لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، وەزارەتی دارایی هۆشداریی دا لەوەی کە هەر لایەن یان کەسێک بە مەبەستی شڵەژانی ڕای گشتی، هەواڵی ناڕاست بڵاو بکاتەوە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە؛ داواشی لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد بۆ دەستکەوتنی زانیاریی دروست سەبارەت بەم بابەتە، تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانمان، کۆبونەوەیەکی فەرمی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جان نویل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەنجامداوە، بە بەشداری رۆهڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر. لە كۆبونەوەكەدا باسیان لە رێگاو میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی كانوونی دووەم کردووەو جەختیان لە پێویستی جێبەجێکردنی كردووە بەشێوەیەكی تەواوەتی.  لەگەڵ گفتوگردن لەبارەی بەردەوامی هەوڵە هاوبەشەکان لە روبەڕوبوونەوەی داعش و زامنكردنی پاراستن و ئاسایشی دامەزراوەکانی دەستبەسەركردنی چەکدارانی داعش و کەسوکارەکانیان. هەر لەكۆبونەوەكەدا، باس لە گرنگی پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەكان و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سوریا کرا، وێڕای لە یەکخستنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بە هەموو وردەکارییەکانییەوە، بە یەکینەکانی پاراستنی ژنانیشەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایشی سەرتاسەری ناوچەکە بکات. لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دووپات کردەووتەوە، جەختی لەسەر گرنگی ئەم قۆناغە کردەوە لە پتەوکردنی سەقامگیری و بەردەوامیی شەڕی دژی تیرۆر. هاوكات سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی كانوونی دووەم بەردەوامبوونی هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەو دامەزراوانەی کە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان راگیراون دووپاتکردەوە. پێداگریشی لەسەر پێویستی گەڕانەوەی ئاوارەكان كردووە بۆ ناوچەكانی خۆیان بە تایبەت لە عەفرین و سەرێ‌ كانی، لەگەڵ بەشداری چالاك لەسەر ئاستی نیشتمانی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی گشتگیر كە زامنی مافەكانی تەواوی پێكهاتەكانی گەلی سوریا بكات. فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ستایشی رۆڵی ئەرێنی فەرەنسای کردووە لەم قۆناغەدا، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی لەسەر پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری.

لەدوای بڵاوبوونەوەی ناوی لە فایلەکانی ئیپیستین دەڵێت: "دڵخۆشی بە پارە ناکڕدرێت" ئامادەکردنی: هاوڵاتی ئەو پیاوەی خاوەنی 852 ملیار دۆلارە و پێشبینی دەکرێت چەند ساڵێکی دیکە ببێتە یەکەم ترلیۆنێری جیهان، بە پۆستێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاند.  ئیلۆن مەسک بە پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گلەیی ئەوەی کرد؛ سامانەکەی خۆشیی بۆ ژیانی نەهێناوە.  ئیلۆن مەسک لە پۆستەکەیدا نوسیوویەتی: ئەوەی وتی: "پارە ناتوانێت بەختەوەری بكڕێت" ڕاستی کرد. لەگەڵ پۆستەکەشدا ئیمۆجییەکی غەمباریی داناوە، بە واتای ئەوەی کە دڵتەنگە. ئەم پۆستە نزیکەی 50 ملیۆن کەس بینویەتی و ٧٥ هەزار کۆمێنتیشی بۆ چووە.  ئەوەی وایکردووە ئەم پۆستەی ئیلۆن مەسک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بتەقێتەوە دوو هۆکارە؛ یەکەم، ئەم قسەیە لە دەوڵەمەندترین کەسی جیهانەوەیە کە بۆ زۆرێک لە خەڵکی جیهان بووەتە شۆک. دووەم، ئەم قسەیە لەدوای بڵاوکردنەوەی فایلەکانی ئیپیستینەوەیە دەربارەی تێوەگلانی کەسانی بەناوبانگ لە کاری بەدڕەوشتی، منداڵبازی و دەستدرێژیی سێکسی لە دوورگە بەدناوەکەی جێفری ئیپیستین. لە فایلەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا لەبارەی فایلەکانی ئیپیستینەوە، ناوی ئیلۆن مەسکیشی تێدا هاتووە و چەند ئیمەیڵێک بوونیان هەیە کە قسەی نێوان مەسک و ئیپیستینە.  یەکێک لە ئیمەیڵەکان لە کۆتایی 2012 نووسراوە و تێیدا ئیپیستین پرسیار لە مەسک دەکات، چەند کەس لەگەڵ خۆی دەهێنێت بۆ گەشتێکی هێلیکۆپتەر بەرەو دورگەکەی. لە وەڵامدا مەسک دەڵێت: "ڕەنگە هەر من و تالولا"، کە ئەوکات ڕایلی تالولا هاوسەری بووە.  دواتر لە هەمان ئیمەیڵ مەسک دەپرسێت: "چ ڕۆژێک یان شەوێک شێتانەترین ئاهەنگ لە دوورگەکە ساز دەکرێت؟" ئیپستینیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: ڕەنگە "ئاستی" ئاهەنگەکە تالولا بێزار بکات و مەسکیش لە وەڵامدا دەڵێت: "تالولا کێشەی نییە." ئیمەیڵێکی دیکە کە لە 2013 نووسراوە، ئیلۆن مەسک پرسیار لە ئیپیستین دەکات: "چ کاتێک باشە بۆ سەردانی دوورگەکە؟ ئیپیستین چەند وادەیەک دادەنێت، بەڵام وا دەردەکەوێت کە یەکتر بینینیان ڕێناکەوێت بەهۆی سەرقاڵیی ئیپیستینەوە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەموو ئەم ئیمەیڵانەشدا، ئیلۆن مەسک چەندین جار حاشای کردووە و بە ڕای گشتی ڕاگەیاندووە کە ئیپیستین چەند جارێک داوای لێکردووە بچێت بۆ دوورگەکەی، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە.  ئیلۆن مەسک چەند جارێک بە ئیپیستینی وتووە: "قێزەون" و دەشڵێت: "من یەکێک بووم لەوانەی فشارم دەکرد تا ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوببنەوە". مەسک دەشڵێت؛ پەیوەندی لەگەڵ ئیپیستین زۆر کەم بووە. بۆ ئەوەی پاساو بۆ ئیمەیڵە بڵاوکراوەکان بهێنێتەوە مەسک دەڵێت: "ئەگەر بمەوێت ئەو کارە قێزەوننانە بکەم پێویستم بە یارمەتی ئیپیستین نییە." ئەم قسەیەشی لە پاساو هێنانەوە خراپترە و بەشێک لە شیکەرەوان دەڵێن؛ ئەمە واتای ئەوەیە کە مەسک دەیەوێت بڵێت: من توانام هەیە لە ئیپیستین خراپتر بکەم.  بەهۆی فایلەکانی ئیپیستینەوە فشارێکی گەورەی میدیایی لەسەر ئیلۆن مەسکە، هەر بۆیە بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی ئەمریکا دەڵێن، پۆستەکەی مەسک کە وتی: "دڵخۆشی بە پارە ناکڕدرێت"، شێوازێکە بۆ وتنی ئەوەی کە سەروەت و سامان ناتوانێت لە لێپرسینەوەی ڕای گشتی بتپارێزێت و ناتوانیت لێی ڕابکەیت. بەشێک لە کۆمێنتەکان کە بۆ پۆستەکەی مەسک هاتوون تەنزئامێزن. بەکارهێنەرێک بە گاڵتەوە پێی دەڵێت: "ملیۆنێک دۆلارم بۆ بنێرە تا لێت تێبگەم." یەکێکی دیکەش نووسیویەتی: جا تۆ خەفەتبار بیت، دەبێ ئێمە چی بکەین؟

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆی ڕادەستی بەغدا کرد و بڕیارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە مووچەی مانگی یەک ڕەوانەی هەولێر بکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی بە کاش ڕادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کرد، بەمەش سەرجەم پابەندییە داراییەکانی جێبەجێ کردووە و هیچ بیانوویەک بۆ بەغدا نەماوەتەوە.  بەپێی زانیارییەکان، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو (لە نێوان دووشەممە تاوەکو چوارشەممە) پارەی مووچە لە بەغداوە دەگات و وەزارەتی دارایی هەرێم یەکسەر دەست بە دابەشکردنی دەکات، کە بڕیارە لە ماوەی سێ بۆ چوار ڕۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش بکرێت. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردن و پڕۆژەی هەژماری من ڕایگەیاند: ئەم مانگەش مووچە بە دوو لیستی کاش و 'هەژماری من' دابەش دەکرێت. لەسەر بڕیارەکەمان سوورین؛ هەر مووچەخۆرێک فۆرمی 'هەژماری من'ـی پڕنەکردبێتەوە، مووچەکەی ڕادەگیرێت تاوەکو خۆی تۆمار دەکات، چونکە ئەم مانگە دوایین دەرفەتە. لەبارەی وادەی ناردنی مووچە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی باڵای کورد لە بەغدا بە ئاڤای ڕاگەیاند، بەدڵنیاییەوە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پارە دەنێردرێت بەڵام ڕۆژەکەی دیار نییە دووشەممە، سێشەممە یان چوارشەممە دەبێت. ئەم مانگەش هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو دوو لیستی مووچە بڵاودەکرێنەوە، بە کاش و لەڕێگەی هەژماری من. هەر مووچەخۆرێک فۆرمی هەژماری منی پڕنەکردبێتەوە ئەم مانگە مووچەی ڕادەگیرێت تا خۆی تۆمار دەکات، کەی فۆرمی پڕکردەوە ئەوکات مووچەی پێدەدرێت. بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا تاوەکو ئێستا دەیان هەزار مووچەخۆر ماون فۆرمی هەژماری من پڕبکەنەوە. ئەم بڕیاری ڕاگرتنی مووچەیە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و فەرمانبەرانی گرێبەست ناگرێتەوە، چونکە ئەوان بە میکانیزمێکی دیکە هەژماریان بۆ پڕ دەکرێتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەبارەی دۆخی سووریاوە "تێڕوانینی هاوبەشمان لەگەڵ فەرەنسا هەیە" و جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشق دەکاتەوە. ئەمشەوی پێنجشەممە، نێچیرڤانی بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد. نێچیرڤانی بارزانی هەروەها گوتی، "رۆڵی گرنگی سەرۆک ماکرۆن بۆ ئاگربەست لە سووریا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان دیمەشق و هەسەدە و پشتگیرییان لە مافەکانی کورد و پێکهاتەکان بەرز دەنرخێنین". لەبارەی رێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشقەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختمان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە چاودێریی نێودەوڵەتی کردوە". لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سوپاسی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ گەیشتنی کورد و دیمەشق بە رێککەوتن و گوتی، "ئێمە دەمانەوە وەکو چۆن لە عێراق مافی کورد پارێزراوە، لە سووریاش پارێزراو بێت". وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "هێزەکانی فەرەنسا و پێشمەرگە پێکەوە دژی تیرۆر جنگان و بەردەوام دەبین".   كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر: نێچیرڤان بارزانی: *باسمان لە پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێم و فەرەنساو قوڵكردنەوەو بەهێزكردنی هاوبەشییەكانمان كرد. *سوپاسی فەرەنسامان كرد بۆ پشتیوانی لە گەلی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی. *سوپاسی سەرۆك ماكرۆنمان كرد بۆ پشتیوانكردنی بەردەوامی لەگەلی كورد لە هەرێمی كوردستان و پشتیوانیكردنی لە رۆژئاوای كوردستان. *تێڕاوانینی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ فەرەنسا لەبارەی رۆژئاواو جەختمان لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان هەسەدەو دیمشەق كردەوە. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: *پەیوەندییەكی درێژخایەنمان هەیە لەگەڵ كوردستان . *هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی فەرەنسا شانبەشانی یەك دژی تیرۆر شەڕیان كردووە. *لەكاتە سەختەكاندا هەمیشە لەگەڵ هەرێم هاوبەشبوین. *سوپاسی هەرێم دەكەین بۆ ئەو رۆڵەی هەیانبوو لە ئاگربەست و رێككەوتن لە سوریا. *فەرەنسا ماندونەناسانە هەوڵیدا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و رێككەوتن لە سوریا. *لەهەوڵی بەردەوام دەبین بۆ پاراستنی مافی گەلی كوردو پێكهاتەكانی تری سوریا، پشتیوانی لە  جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنەكە دەكەین. *كورد لە سوریا بەشدارییەكی كارای پرۆسەی سیاسی بكەن هاوشێوەی كوردانی عێراق. *فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی كوردو ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان. *ئەم هاوپەیمانییەمان بەردەوام دەبێت و بە گوێرەی پەرەسەندنی هەڕەشەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت. *لە بەرژەوەندی هەموو لایەكە هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیەكی هەمەلایەن ئەنجامبدەن بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە ناوخۆییەكان.  

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەبارەی رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سوریا، ڕایدەگەیەنێت گەورەترین خواستی ئێمە ئەوەیە، سوریا لە ژێر سایەی یەک دەوڵەت و یەک سوپادا یەکگرتوو بێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، لەناو فرۆكەكەی لەكاتی گەڕانەوەی لە سەردانەكەی بۆ سعودیەو توركیا: * چەسپاندنی سەقامگیری و ئاشتی لە باکوری سوریا جێگای بایەخی راستەوخۆیە بۆ ئێمە. *  گەورەترین خواستی ئێمە ئەوەیە سوریا لە ژێر سایەی یەک دەوڵەت و یەک سوپادا یەکگرتوو بێت . * پابەندبوونی بەناو "هێزەکانی سوریای دیموکرات" بەو رێککەوتنانەی کە واژۆیان کردووە، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی کەشوهەوای ئاشتی لە سوریا و ئاسانکاری بۆ سەقامگیری هەمیشەیی دەکات. * تەنانەت نابێت کەس بیر لە وروژاندنی ململانێ، یان هەڵكشانی  گرژییەکان، یان دەستی دەستی بكاتەوە. * ئێمە پشتیوانی لە سوریایەکی یەکگرتوو و بەهێز و ئارام دەکەین بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، ئێمە لەگەڵ سوریادا وەستاوین. * کێشەی ئێمه لەگەڵ تیرۆردایه، لەگەڵ ئەو کەسانەیه که "تیرۆر" وەک ئامرازو میتۆد بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن به ئامانجه جوداخوازەکانیان. * بە چارەسەرکردنی کێشەى باکوری سوریا، بارگرانی لەسەر پرۆسەی "تورکیاى دوور لە تیرۆر" سوكتر بووە. * لە ئێستادا لیژنەكەی پەرلەمان سەرقاڵی کۆتایی هێنانە بە راپۆرتە هاوبەشەكەی.  * هیوادارین راپۆرتەکە بە کۆدەنگی بێت و دیدگایەک پێشکەش بکات کە گڕوتین بدات بە پرۆسەكە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامی ئاڕاستەی هێزەکانی هەسەدەو کارەکتەرە سیاسییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان و هەروەها دەم پارتى کردووە.   عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دوای دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانى حەلەب، هۆشداریدا لەوەی ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت و هێرشەکان بەردەوام بن، ڕەنگە شەڕێکى گەورەو خوێناوی سەرهەڵبدات. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پرۆسەیە بەردەوامبێت مەترسی ئەوەى هەیە بگۆڕێت بۆ شەڕی کورد-تورک-عەرەب.   عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی ئاراستەی بەرپرسانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات کردوە  کە ئەم دۆخە تەنیا بە دانوستان و وتووێژ دەتوانرێت ڕابگیرێت. هەروەها باس لەوەش کرا کە ئەو پەیامێکی ناردووە کە ئەگەر ئیدارەی دیمەشق ڕوو لە دیموکراسی بکات و بە ئاشکرا بوونی کورد قبوڵ بکات و دان بە مافی نوێنەرایەتی سیاسی کورددا بنێت، ئەوا هەسەدە دەتوانێت بچێتە ناو "پرۆسەی دانوستانی دیموکراسی".   جگە لەو پەیامە عەبدوڵڵا ئۆجالان پەیامی بۆ سەکردەى هێزە سیاسییە کوردییەکان  بەتایبەتى (پارتى دیموکراتى کوردستان و کەجەکە)) ناردووە. لە پەیامەکاندا هۆشداریی داوە لەوەی کە مەترسییەکە زۆرە، هەر بۆیە داوای لێکردن لەسەر بنەمای یەکڕیزیی دیموکراتیک کۆنترۆڵی ڕۆژاڤا بکەن.   ئاژانسى میزۆپۆتامیا

سەرەتای هەفتەی داهاتوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەچێتە بەغدا و بەشداریی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەکات. پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، ئەندامێکی شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بەڕێوە دەچێت. ئەو ئەندامەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوە دا، هەمان رۆژ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و سەرۆککۆمار هەڵدەبژیردرێت، چوارچێوەی هەماهەنگیی بە فەرمی ئەندام پەرلەمانەکانی خۆی ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، سەرپشکن لەوەی دەنگ بە کام کاندید دەدەن. لە بارەی کاندیدکردنی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکی وەزیران، ئەو ئەندامەی شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی گوتی: چوارچێوەکە رژدە لەسەر کاندیدکردنی نووری مالیکی، لە دوا کۆبوونەوەدا ئەو بڕیاری کۆتایی لە بارەی ئەو پرسە دراوە.

كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ (جان نوێل بارۆ) وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەغداد:  فوئاد حسێن: ناوچەكە لەژێر چەكوشی شەڕو ئاشتیدایە. * چارەسەری كێشەكان دەبێت لەرێگەی دانوستانەوە بێت نەك توندوتیژیی.  * پشتیوانی دانوستانی نێوان ئەمریكاو ئێران دەكەین لە عومان.  * دورخستنەوەی ناوچەكە لە ئاگری شەڕ ئەركی هەموو وڵاتانە.  * چاوەڕوانی كۆبوونەوە دەورییەكانی لیژنەی ئابوری عێراق و فەرەنسا دەكەین.  * ناسەقامگیری لە سوریا كاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ناوچەكەو بەتایبەتیش عێراق دەبێت.  * وەزارەتی بەرگری گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای تالیس-ی فەرەنسی بۆ كڕینی راداری سەربازی ئیمزا كرد. 🔸جان نوێل بارۆ: ناوچەكە ئاڵۆزی بەخۆوە دەبینێت و مەترسی پەرەسەندنی سەربازیی هەیە.  * بەردەوامی بە پاڵپشتییەكانمان دەدەین بۆ عێراق.  * جان نوێل بارۆ: عێراق چوەتە ناو سەردەمێكی نوێ لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی لەگەڵ فەرەنسا.  * سەقامگیری لە عێراق پێویستەو بوژانەوەیەكی ئومێدبەخش بەخۆوە دەبینێت.  *  بۆ جەختكردنەوە لەسەر بەردەوامیدان بە روبەڕووبونەوەی داعش سەردانی ناوچەكەم كردووە. * پشتیوانی پرۆسەیەكی راگوزەری سیاسی لە سوریا دەكەین كە هەموو پێكهاتەكان گەلی ئەو وڵاتە لەخۆبگرێت. *جان نوێل بارۆ: پێویستە ئێران دەرفەتی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا بقۆزێتەوە.

بورهان رەشەی گوڵە سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی، زانیارى نوێ لەبارەی دۆسیەکەی لاهور شێخ جەنگی دەخاتەڕوو.  سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی وتى: دوێنێ دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی بە فەرمی گەیشتە دادگای تەمیز لە هەولێر.    دۆسیەکە بۆیە رەوانەی دادگای تەمیزی هەولێر کراوە چونکە تانەمان لە وەرگرتنی گوتەی لاهور شێخ جەنگی داوە. کلیک بکە بۆ بینینى ڤیدیۆکەى  

لەگەڵم بمێنەرەوە تا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بەڵام دەبێت سەرەتا باسی چەند بابەتێک بکەین. تا ئێستا دانپێدانانی فەرمی بوونی نییە، بەڵام ئەگەر چەند تیۆرییەک و بەڵگە نوێکان لێک بدەین وێنەکەمان باشتر لا ڕوون دەبێتەوە.  ئامادەکردنی: هاوڵاتی یەکەم: تۆمەتی پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگرییەوە؛ ڕوونترین بەڵگە لە قسەیەکی ئەلیکساندەر ئەکۆستاوە دێت، کە وەزیری پێشووی کاری ئەمریکا بووە. ئەکۆستا لە 2008 وەک پارێزەرێک چاودێریی دانپێدانانی ئیپیستینی کردووە. پێگەی دەیڵی بیستی ئەمریکی لە ساڵی 2019 باسی لەوە کرد لەکاتی لێپرسینەوەی بۆ ئەوەی پۆستی وەزیر لە ئیدارەی ترەمپ وەربگرێت، ئەکۆستا بە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپی گوتووە، لە دۆسیەکەی 2008 پێی گوتراوە "بکشێتەوە" چونکە ئیپیستین "سەر بە هەواڵگرییە" و لەسەروو دەسەڵاتی ئەوەوەیە، بەڵام ئەکۆستا دواتر ئەم قسەیەی ڕەتکردەوە و گوتی: هەرگیز زانیاریی ئەوەم نەبووە کە ئیپیستین سەر بە دەزگایەکی هەواڵگریی بێت. ئەو تیۆریانەی باس لەوە دەکەن ئیپیستین سیخوڕی ئیسرائیل بووبێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرپرسی باڵا، کەسە بەناوبانگەکان و دەوڵەمەندەکانی جیهانی هەڵخەڵەتاندووە بچنە دوورگەکەی تاوەکو مەلەفی ئەخلاقییان لەسەر کۆبکاتەوە و دواتر وەک کارتی فشار بەکاریان بهێنێت.  هەر بۆیە دەچینە سەر خاڵی دووەم، کە پەیوەندییە گوماناوییەکانی ئیپیستینە بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)ـەوە. گیلەین ماکسوێل هاوکار و کەسی نزیکی ئیپیستین بووە. باوکی ئەم ژنە بەناوی رۆبیرت ماکسوێل گومانی ئەوەی لێدەکرێت پەیوەندی بە مۆسادەوە هەبووبێت. هەندێک لە تیۆرییەکان دەڵێن، گیلەین پەیوەندییەکانی باوکی بۆ ماوەتەوە و ئیپیستینی تێکەڵ بەم پەیوەندییانە کردووە.  دێینە سەر تیۆری "تەڵەی هەنگوینی". بەرپرسانی پێشووی مۆساد و نووسەرانی هەواڵگری وەک ئاری بێن مێناش، بە گومانەوە باسیان لەوە کردووە کە ئیپیستین ئۆپەراسیۆنێکی "تەڵەی هەنگوینی" بەڕێوەبردووە بۆ هەڵخەڵەتاندنی کەسانی بەناوبانگ و دەسترۆیشتوو تاوەکو کردەوەی سێکسی ئەنجام بدەن و دواتر بە ڤیدیۆ تۆماریان بکات و دژیان بەکاری بهێنێت. سێیەم: سیخوڕی دەستپێگەشتن بەرامبەر سیخوڕی پڕۆفیشناڵ. بەشێک لە شارەزایانی هەواڵگریی، وەک جۆن کیراکاو، ئەفسەری پێشووی سی ئای ئەی، ئیپیستین بەم جۆرە وەسف دەکات: زۆر دڵنیام لەوەی ئیپیستین مۆساد بووە، بەڵام سیخوڕێکی ڕاهێنراو نەبووە بەڵکو سیخوڕێکی دەستپێگەشتن بووە.  کیراکاو دەڵێت، ئیپیستین نمونەی سیخوڕێکی ئاسایی مۆسادە و مۆساد ئەم جۆرانە بەکاردەهێنێت کە پێی دەڵێن سیخوڕی دەستپێگەیشتن، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بۆ نمونە، تۆ دەستت ناگات بە بیڵ کلینتۆن، بەڵام باشترین شت دوای ئەوە بیکەیت ئەوەیە کەسێک دابنێیت کە لێی نزیک ببێتەوە و کەشێکی ئارامی بۆ دروست بکات بۆ ئەوەی دواتر لە کاتی خۆی مەلەفی لەسەر کۆبکاتەوە و نهێنی لێوەربگرێت. گەورەترین بەڵگە کە لەسەر ئیپیستین دۆزراوەتەوە یاداشتە نوێکانی ئیف بی ئایە، کە وەزارەتی دادی ئەمریکا لە فایلەکانی ئیپیستین بڵاویکردووەتەوە. لە یاداشتەکەی ئیف بی ئای دا هاتووە کە "ئیسرائیل ترەمپی قۆستووەتەوە" و جێفری ئیپیستینیش کاری لەگەڵ هەواڵگریی ئیسرائیل کردووە.  یاداشتەکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە وەرگیراوە کە ناوی نەهاتووە و دەڵێت، ئیپیستین کاری لەگەڵ هەواڵگریی ئەمریکا و دەرەوە کردووە و "سەرچاوەکە بڕوای بەوە هەیە ئیپیستین بریکارێکی زۆرلێکراوی مۆساد بووە." لە بەشیکی دیکەی یاداشتەکەدا هاتووە، ئیپیستین کاروباری دارایی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کردووە کە لەلایەن ئەفسەرانی خانەنشینانی یەکەی 8200ـی مۆساد دامەزراون. ئەو یەکەیە لقێکی نوخبەی هەواڵگریی ئیسرائیلە کە گەورەترین دامەزراوەی نهێنی کۆکردنەوەی زانیارییە بۆ مۆساد. سەرەڕای ئەمانە ئیسرائیل خۆی بەتەواوی نکوڵی لێ دەکات و وەزارتی دادی ئەمریکاش دەڵێت، ئەو فایلانەی پەیوەندی بە سیخوڕیی ئیپیستینەوە هەیە بەڵگەی سەلمێنراو نادەن بەدەستەوە تاوەکو دەزگای هەواڵگریی هیچ وڵاتێک تۆمەتبار بکرێت بەوەی سپۆنسەری کارەکانی ئیپیستینی کردبێت. بەڵام گوێ لە رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەمریکی تەکەر کارلسۆن بگرە لەوباریەوە چی دەڵێت. 

 پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدومی دایەوە.  لە چاوپێکەوتنێکدا حەلبوسی دەڵێت: ئەگەر ژیانیشمی لەسەر دانێم ناچمە هەولێر و دەبێت ئەو تێڕوانییە خۆبەزلزانییەم بگاتە ئاستی واقیع.  پێشەوا هەورامانی لە وەڵامدا ئەمەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیووە: هەولێر پێشوازیت لێناکات. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمى كوردستان، لە وەڵامی محمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم-دا دەڵێت، هەولێر پێشوازی لە سەردانەکەتان ناکات، چونکە لێرە شوێنێک نییە بۆ كەسانێك چاكەیان لەبەرچاو نەبێت. هەورامانی لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: تۆ نوێنەرایەتی ئەو ئایدۆلۆژیای شۆڤێنیستیە دەکەیت کە پێویستە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ بكرێت لەسەر بۆ ئەو ملیۆنەها دۆلارەی لە ڕێگەی گەندەڵیەوە بەدەستت هێناوە، بە قۆستنەوەی خوێن و ئارەقەی گەلی عێراق، بەردەوامی بوونی کەسانی وەک ئێوە بەداخەوە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە شۆڤێنیزم هێشتا لە عێراقدا هەڵنەوەریووە. پێویستە پەند و وانە لە مێژوووە وەربگریت؛ هەرێمی کوردستان بەرهەمی قوربانیدانێكی بێئەندازەیەو تۆ زۆر لەوە بێبایەخ تری سنورێک بۆ ئیرادەی دابنێیت. پێشتر حەلبوسی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند: هەرگیز سەردانی هەولێر ناكەم و پێویستە ئەو تێڕوانە خۆبەلزانیەش بگاتە ئاستێكی واقیعی.