وەزیری دەرەوەى ئێران جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە وڵاتەکەى، لە ئێستادا پیتاندنى پۆرانێۆمى ڕاگرتووە، بە دوو مەرجیش ئامادەن جارێکى دیکە گفتوگۆو دانوستانلەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکنەوە. لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەى ئێران سەبارەت بەمەرجەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستان وتى: دەبێت سزاکان هەڵبگرێت و بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکەمان بەردەوام بێت. ئەو وتیشى: ئەگەر ئامانج ئەوە بێت کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، ئەم ئامانجە بەدی دێت، بەڵام ئەگەر ئامانج لێمان بێبەشکردن بێت لە مافە زەوتنەکراوەکانمان، لەوانەش مافی پیتاندنى زیاترى یۆرانیۆم، پێموایە ئەوە ڕووبەڕووی کێشەیەکى گەورەمان دەکاتەوەو ڕازى نابین. وەزیرى دەرەوەى ئێران ئەوەش دەخاتەڕوو لە ئێستادا پیتاندن ڕاگیراوە چونکە هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەکانمان. بەڵام هەر ڕێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دەبێت بەردەوامی پیتاندن لە داهاتوودا لەخۆبگرێت، چونکە ئەمە مافی ئێمەیە و هەرگیز دەستبەرداری نابین. دۆناڵد ترەمپ لە چەندین وتارو لێدوانیدا بانگەشەى ئەوەدەکات کە بۆمب و مووشەکەکانی ئەمریکا "بە تەواوی" دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناوبردووە، ئەمەش چانسی دروستکردنی بۆمبى ئەتۆمى لەلایەن ئێرانەوە کۆتایی هاتووە. بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵگرییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنها چەند مانگێک دواکەوتبێتەوە، بەپێی چەند بەرپرسێک کە بەڵگەنامەکانیان بینیوە و قسەیان لەگەڵ سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمز کردووە. وەزیری دەرەوەى ئێران لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەڵێت: وەک وتم مووشەک متمانەپێکراوترین ئامرازی بەرگریمانە. چۆن خۆمان چەک داماڵین؟،  کێ دەتوانێت شتی وا قبوڵ بکات؟ هەرگیز خۆمان چەک داماڵین. ئەوەشى وت: بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە مووشەکەکانی ئێران لە سروشتدا ڕێگرین؛ ئەوان بۆ بەرگرین نەک هێرشکردن و منیش بە متمانەوە دەڵێم مووشەکەکانی ئێران هەرگیز سەری ئەتۆمی هەڵناگرن؛ ئەمە دڵنیایە.

بەرپرسانى باڵاى ئیسرائیل ڕایدەگەیەنن زۆر نزیکن لەوەى ئاگربەستى غەززە ڕابگەیەنن، لەئێستاشدا ستیڤ ویتکۆف بەڕێگاوەیە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ هەمان مەبەست. کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل، بڵاویکردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس سەبارەت بەئاگربەستى غەززە دڵخۆشکەربوون و بەرپرسانى ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە ئێمە مەزەندە دەکەین بەم زووانە وەڵاممان دەست دەکەوێت و پێدەچێت سبەینێ ئەوە ڕوبدات. هاوڵات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمشەو ڕایگەیاند ستیڤ ویتکۆف نێردراوى تایبەتى دۆناڵد ترەمپ لەئێستادا بەڕێگاوەیە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو هیوایەی ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەنرێت و ئەویش چاودێرى بارودۆخەکە دەکات. لە چوارچێوەی دانوستانەکان بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، سەرچاوە باڵاکان بە کەناڵی ١٤یان ڕاگەیاندووە کە ناوبژیوانەکان فشارێکی زۆریان خستوەتە سەر حەماس بۆ ئەوەى بەئاگربەست ڕازى ببێت. زیاتر لە هەفتەیەکە دانوستانەکان لە دۆحە بەڕێوەدەچن و شاندێکی ئیسرائیلیش ١٥ ڕۆژە لەوێ ماونەتەوەو  لەوانەیە لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا وەڵامێک بێت بۆ ئاگربەستەکە. ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕێکخراوى یونسئێف بەدخۆراکیە کارەساتبار لە غەززە بڵاوبۆتەوەو کەمیی یارمەتییەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 101 ها,لاتى فەلەستینی کە 80یان منداڵن. ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە ڕێگری لە هاوکارییەکان بکات، حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەى هاوکارییە مرۆییەکان و خۆراک دەدزێت، کارمەندانی UNRWA بەهۆی برسێتیەوە لەهۆش خۆیان دەچن و ناتوانن ئەرکەکانیان ئەنجامبدەن، نەخۆشخانەکان بەهۆی قوربانیی و بریندراو نەخۆشى زۆرەوە خەریکە دادەڕمێن.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، چاوەڕوانن سبەى چوارشەممە پارەى مووچەى مانگى پێنج لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندیی عێراقەوە بخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی و راستەوخۆ خشتەى مووچەش رابگەیەندرێت. سەرچاوەکە نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێت، وت "بەغداد رێکارەکانى ناردنى مووچەى مانگى پێنجى تەواوکردووەو لەسەدا سەد سبەى پارەى مووچەى دەخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى".  وتیشى "هەر رۆژى چوارشەممە، خشتەى مووچەى مانگى پێنج رادەگەیەندرێت و هەوڵى تەواو دەدرێت لەماوەى چەند رۆژێکدا مووچەى سەرجەم فەرمانبەر و خانەنشینان دابەشبکرێت". سەرچاوەکەى وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، سبەی شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی دەچێتە بەغداو سبەی تاوەکو نیوەڕۆ، پارەی مووچەی مانگی پێنج دەنێردرێت.   رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەوەى خستەڕوو بەهۆی هۆکاری تەکنیکییەوە ئەمڕۆ پارەی مووچەی مانگی ئایار نەنێردرا، بەڵام بڕیارە سبەی تاوەکو نیوەڕۆ بنێردرێت و رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی بکرێت'.   ئەو سەرچاوەیە وتی: هەر سبەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 6 دەستپێدەکات، دواتر لیستەکە رادەستی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی دەچنە بەغدا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهات و خەرجی مووچەی مانگی 6 و مانگەکانی دواتر و رێکارەکان تاوتوێ دەکەن''.   دوایین جار کە هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتیی بۆ بەغدا ناردووە، لە مانگی نیسان بوو و بڕەکەی 50 ملیار دینار بوو.   وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ رایگەیاند، ''داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار، کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵی''.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ سێشەممە دووپاتی کردەوە کە پرسی ڕادەستکردنی چەک لە ئێستادا مەحاڵە، و ئامادەنین دایبنێین یاخود ڕادەستى بکەن، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات دەکرێت بە رێککەوتنێکی دەستوری ببینە بەشێک لە سوپای سوریا. ئەبجەر داود وتەبێژى هەسەدە بە میدیا کوردییەکانی ڕاگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە بەردەوامەکانی سووریا و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و هەڕەشەکانی داعش، مەحاڵە هێزەکانمان چەکەکانیان ڕادەست بکەن". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "هەسەدە دەتوانێ لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دەستورییەوە پەیوەندی بە سوپای سوریاوە بکات کە دان بە تایبەتمەندی پێکهاتەی کوردیدا بنێت". داود لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەسەدە لەگەڵ شەڕدا نییە، بەڵکو لە هەر شوێنێک ئامادە بێت بەرگری لە گەلەکەی دەکات". لەلایەکى دیکەوە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لەم مانگەدا ڕایگەیاند، واشنتۆن داواکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ خۆبەڕێوەبەری ڕەتدەکاتەوە و پشتیوانی لە سوریایەکی یەکگرتوو دەکات کە یەک سوپا و یەک دەوڵەت و یەک گەل بێت. دوای پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی گشتی و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا، لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی سویدا، هێزەکانی پاراستنی گەل، زیاتر لە یەکە سەربازییەکانی خۆیان بۆ ناوچەی بەرکەوتن لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی لادێکانی پارێزگای حەلەب و لادێکانی باکور و ڕۆژئاوای پارێزگای دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.  لە 10ی ئازارى ئەمساڵدا ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چەکدارە کوردەکان دەخرێنە ناو هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ڕاگوزەرەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان بە فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگەکانی نەوت و گازیشەوە کە دەکەوێتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی نوێی دیمەشقەوە.

سەرۆک کۆماری تورکیا، جارێکى دیکە هێرشى توندى کردەوە سەر ئیسرائیل و خودى نەتەنیاهۆو دەڵێت: تەنانەت هیتلەریشی تێپەڕاندووە، لەسەردەمی هۆلۆکۆستشدا ئەوەندەى غەززە کارەساتى ترسناک ئاشکرانەکراوەو ناتوانین بێدەنگ بین لە کاتێکدا منداڵى کۆرپە لە غەززە دەمرن. ئەمڕۆ سێ شەمممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە حەڤدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی لە ئەستەنبوڵ وتارێکى پێشکەشکرد. لەبەشێکى وتارەکەیدا، ئەوەى خستەڕوو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان زیاد کردووە بە ئامانجى ئەوەى ئاگربەست لەغەززە ڕوبدات و یارمەتییە مرۆییەکان بەزویی بچنە غەززەو ئەوەش لە پێشینەی کارەکانمانە، شتێکی ترسناکە تەنانەت خاچی سووریش ڕێگری لێدەکرێت بچێتە ژوورەوە.  ئەو وتیشى: لەم ڕۆژە تاریکەدا کە مردنی بەکۆمەڵ بەهۆی برسێتی دەستی پێکردووە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم بەناوی مرۆڤایەتییەوە یەکبگرن. با بڵێین "بەسە بەم ستەم و دڕندەییە".  لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، ئەردۆغان باسى بارودۆخى سوریاى کرد، دەڵێت: هێرشەکانی سەر سوریا کێشەی ئێمەیە، ململانێکان جێگای نیگەرانییە بۆ ئێمە، لە هەر شوێنێک ناڕەحەتی یان ناسەقامگیری هەبێت، ئەمانە بابەتی هەستیارن بۆ وڵاتەکەمان کە دەبێت لە نزیکەوە چاودێری بکرێن.  ناوبراو جەختى کردەوە کە هیچ نیازێکیان نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هیچ وڵات و کەسێکدا بکەن، وتى: ئێمە بەدوای ئاشتی و ئارامی و هاودەنگیدا دەگەڕێین لە ناوچەکەماندا. لەکاتێکدا داوای ئەمە دەکەین، درێغی ناکەین لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی. لە هەر شوێنێک شاهیدی ستەمکاری بین، بە شێوەیەکی دیاریکراو دەنگمان بەرز دەکەینەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرا و ئەمەش دوای پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بە بڕیارەکەی سەرەوە. خەرجکردنی مووچە دوای پابەندی هەرێم دێت بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ، تاوەکو هەرێمی کوردستان پابەند بێت ئێمەش مووچە دەنێرین. وەزارەتی دارایی جەختدەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و دوایین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا.  ئەمەش لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی حکومەتى هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم   120 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.       بەپێى ڕاگەیەندراوەکە پارەکە بەشێوەی کاش خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، ئەو بڕە پارەیە داهاتی نانەوتییە بۆ مانگی ئایار.    دوایین جار کە هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ناردووە، لە مانگی نیسان بوو و بڕەکەی 50 ملیار دینار بوو.  ناردنى ئەم پارەیە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو، فوئاد حوسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند بە چڕی لەسەر هێڵ بووە و لانی کەم 15 پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ شەش سەرکردە و بەرپرسی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام داوە. وتیشى: رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بەغدا مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.                                                                                      ڕۆژی سێ شەممە  ( ٢٢ ی تەمووزی ٢٠٢٥ ) بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی ( ٢٠٢٥ ) کە بڕەکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.  ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.    ٢٢ ی تەمووزی ٢٠٢٥.

ڕێکخراوى یونیسێفى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت بارودۆخی غەززە لەوپەڕى خراپتریندایەو هاوڵاتیانى ئەو کەرتە بەدەست برسێتیەو بەدخۆراکیەوە دەناڵێین و ئەوە بەشە خۆراکەی دەچێتە ناو کەرتی غەززە بەس نییە. ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە خەڵکی کەرتی غەززە بارودۆخیان خراپترینە و ئەوانەی لە بۆمبەکان ڕزگاریان بووە، ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، 2.1 ملیۆن کەس لە 12%ی کەرتی غەززە بەبێ خواردن و ئاوی پاک ماونەتەوە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، نەخۆشخانەکان لەژێر فشارى زۆرى نەخۆش و منداڵانى بەدخۆراکەوە خەریکە دەڕووخێن و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان لەبەردەستدا نییە. هەروەها ئاژانسەکە داوای کردووە "گەمارۆکە هەڵبگیرێت و ڕێگە بە UNRWA بدرێت خۆراک و دەرمان بهێنێتە ناوەوە". هەر لە هەمان چوارچێوەدا سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاند کە بڵاوبوونەوەی بەدخۆراکی کوشندە لە نێو منداڵانی کەرتی غەززەدا خەریکە دەگاتە ئاستێکی کارەساتبار. ڕێکخراوەکە زیادی کردووە، لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی "X"، برسێتی لە غەززە بڵاودەبێتەوە، خەڵک دەمرن، خۆراک بە شێوەیەکی مەترسیدار کەم بووە، ئاوی پاکیش لە خوار ئاستی فریاگوزارییەوەیە. یونیسێف لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هاوکارییەکان بە توندی سنووردارکراون و دەستڕاگەیشتنیان مەترسیدارە. سەرچاوە پزیشکییەکان ڕۆژی سێشەممە هەواڵی گیانلەدەستدانی سێ منداڵیان لە کەرتی غەززە بە هۆی بەدخۆراکی و برسێتی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی وافا. دۆخی مرۆیی لە غەززە گەیشتووەتە "ئاستێکی بێوێنەی تێکچوون"، بەپێی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ چەند ڕۆژێک لە خۆراک بێبەشن. هەروەها بەرنامەی جیهانی خۆراک پشتڕاستی کردەوە کە نزیکەی ٩٠ هەزار منداڵ و ژن بەدەست بەدخۆراکییەکی توندەوە دەناڵێنن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە نزیکەی ٨٠٠ کەس لە کاتی چاوەڕوانی یارمەتیدان کوژراون.

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا رایگەیاند: هیچ پلانێكی جێگرەوەی نییە بۆ یەکخستنی سوریا، کە تائێستا بەدەست شەڕی ناوخۆو توندوتیژی تائیفیەوە دەناڵێنێت، جەختیشیکردەوە، لە پشتیوانی واشنتۆن بۆ حکومەتی نوێی سوریا. باراک، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، رەخنەی لە دەستێوەردانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە سوریا گرت و وتی لەكاتێكی خراپدا بووەو  هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکە ئاڵۆزتر كردووە.  ئاماژەی بەوەشکرد: ئیسرائیل دەیەوێت سوریایەكی دابەشبوو ببینێت، هاوكات کوشتن و تۆڵەسەندنەوەو کۆمەڵکوژییەکانی هەردوولای ئیدانە کرد (حكومەتی سوریاو دروزەكان). جەختی لەوەشکردەوە: حکومەتی ئێستای سوریا بەوپەڕی توانای خۆیەوە وەک حکومەتێکی تازەپێگەیشتوو بە سەرچاوەیەکی زۆر سنووردارەوە هەوڵیداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە هەمەلایەنانەی سەرهەڵدەدەن، لە هەوڵێکدا بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵگەیەکی هەمەچەشن. لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای هۆز و خێڵەکانی سوریا، شێخ مودار حەمەد ئەلئەسعەد ڕایگەیاند، دەرکردنی خێزان و عەشیرەت و خێڵە عەرەبەکانی دوێنێ لە سویدا "ئاوارەبوون نییە، بەڵکو کۆچکردنێکی کاتی بووە". ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی ماڵە وێرانبووەکانی ئەو خێزانانە نۆژەن دەکرێنەوە، بە کەرامەت و ڕێزەوە، بە ئامادەبوونی سوپا و ئاسایشی ناوخۆ، دەگەڕێندرێنەوە سەر ماڵەکانیان.

  عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران دەستبەرداری بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، هەرچەندە لە ماوەی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا زیانی زۆری بەرکەوتووە، کە واشنتۆن دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بۆردومان کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەرنامەکە وەستاوە، چونکە زیانەکانی زۆر قورس و توندن. بەڵام ڕوونە کە ئێمە دەستبەرداری پیتاندن نابین، چونکە دەستکەوتێکی زاناکانمانە. ئێستاش لەوەش گرنگتر، بابەتی شانازی نیشتمانییە". عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرفراوانن و بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. ڕوونیشی کردەوە، "دامەزراوەکانمان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمییش هەڵسەنگاندن بۆ ڕادەی زیانەکان دەکات. بەڵام ئەوەندەی من بزانم زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە". سەرەڕای ئەوەی پرسی زیانەکانی سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هێشتا لە هەڵسەنگاندنی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکادایە، ئەمەریکا دەڵێت وێستگە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی لەناوبردوو دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەنجامدانەوەی هێرش بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات. ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند: ئەگەر پێویست بکات هێرش دەکەینەوە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر لێدوانێکی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کە رایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت. سەبارەت بە پرسی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئێران کراوەیە بەرامبەر دانوستانەکانی بەرنامەی ئەتۆمی، بەڵام نایەوێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەو دانوستانانە ئەنجام بدرێت. ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە: رۆژی هەینی دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانیانی لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی لە ئیستانبوڵ ئەنجام دەدات.

وەزارەتی دارایی حکومەتى هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم   120 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.       بەپێى ڕاگەیەندراوەکە پارەکە بەشێوەی کاش خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، ئەو بڕە پارەیە داهاتی نانەوتییە بۆ مانگی ئایار.    دوایین جار کە هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ناردووە، لە مانگی نیسان بوو و بڕەکەی 50 ملیار دینار بوو.  ناردنى ئەم پارەیە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو، فوئاد حوسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند بە چڕی لەسەر هێڵ بووە و لانی کەم 15 پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ شەش سەرکردە و بەرپرسی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام داوە. وتیشى: رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بەغدا مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.                                                                                      ڕۆژی سێ شەممە  ( ٢٢ ی تەمووزی ٢٠٢٥ ) بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی ( ٢٠٢٥ ) کە بڕەکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.  ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.    ٢٢ ی تەمووزی ٢٠٢٥.

وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی تورکیا دەیەوێت ڕێککەوتنێکی نوێی گشتگیرتر لە بواری نەوت، وزە و کارەبادا لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژوو بکات.   بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق (واع)ـی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنەکەی نێوان عێراق و تورکیا سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی خام کە لە ساڵی 1973 واژوو کراوە و لە ساڵی 2010 هەموار کراوەتەوە، مانگی تەممووزی 2026 کۆتایی دێت و تێیدا هاتووە، ئەگەر هەر لایەنێک ئارەزووی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی هەبێت، دەبێت ساڵێک پێش وادەی بەسەرچوونی، داواکارییەک بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی لایەنی بەرانبەر بکات.  بەگوێرەی بڕیارێک کە 21ی تەممووزی 2025 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە، رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە رۆژی 27ی تەممووزی 2026ـەوە کۆتایی پێدێت.   بە گوتەى سەرچاوەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق، لەو رەشنووسەدا وەزارەتى وزەى تورکیا پێشنیازى هاوکاری لە بوارەکانی نەوت، گاز، پیشەسازیی پترۆکیمیایی و کارەبا کردووە بە ئامانجی "فراوانکردنی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات."   هەناردەى نەوت لەو بۆرییەوە لە ساڵى 2023ـەوە راگیراوە، کە نەوتى هەرێمى کوردستان و کەرکووکى لە رێگەوە هەناردە دەکرا.   سەرچاوەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق دەڵێت، "حکومەتی عێراق، بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی نەوت و لە پەرۆشییەوە بۆ بەردەوامیی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ تورکیا لە تەممووزی 2024ـەوە لەگەڵ لایەنی تورکی لە دانوستاندندایە بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە."   لە 19ی ئەیلوولی 2010، رێککەوتنێکی هەموارکراو لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کرا، بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاوی کەرکووک-یومورتاڵک و پرۆتۆکۆلە پەیوەندیدارەکانی و درێژکردنەوەی بۆ ماوەی 15 ساڵ.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبى ئەهلی هەق، لە بۆنەیەكی ئاینیدا كە حزبەكەی ‌ رێكیخست ڕایدەگەیەنێت لەم ماوانەی دواییدا زۆرێك لە كێڵگەو كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان كرانە ئامانج، ئەوەش هاوكاتی هەوڵەكانی  حكومەتی عێراق بوو بۆ ئەوەی كێشەكان لەگەڵ هەرێم چارەسەر بكات، بۆ رادەستكردنی نەوت بە دەوڵەت. هەروا ئەوەشدەخاتەڕوو، ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت نەوتمان نییەو پێویستە مووچەمان بدەنێ‌، چونكە كۆمپانیاكان كاركردنیان راگرتووە. ناوبراو زیادیشیکرد كێ‌ لە پشت ئەو كارانەوە وەستاوە؟ ئێمە ئەو هێرشانە سەركۆنە دەكەین و رەتدەكەینەوە، داوا لە حكومەت دەكەین هەموو هەوڵێكی خۆی بدات بۆ ئاشكراكردنی بكەری راستەفینە، تابوری پێنجەمتان هەر چەنێك بێت ناتوانن راستییەكان بشوێنن. قەیس خەزعەلی دەشڵێت: ئەگەر ویستت بزانیت بكەرو تاوانبار كێیە، پرسیاری ئەوە بكە لە قازانجی كێیە كردنە ئامانجی سامانی عێراق، لە بەرژەوەندی كێیە دەوڵەت و حكومەتی عێراق لاواز دەربكەوێت لەبەردەم ئەو ئاڵنگارییانە.

حکومەتی فیدراڵ تاوەکو ئێستا سورە لەسەر جێبەجێکردنى خاڵەکانى لێکتێگەیشتنى نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەنوێترین پەیامیدا جەختى کردوەتەوە تاوەکو 230 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە نەکرێت مووچە نانێردرێت.  سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕاگەیاند: ئێمە ناتوانین ئەو بڕە کەمە نەوتە وەربگرین، ژمارەکە زۆر لەو بڕە دوورە کە رێککەوتنی لەسەر کراوە. نزیکەى هەفتەیەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندى داوەو ناوەڕۆکى ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ بەغدا واژۆی کردووە جێبەجێبکات، 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بنێرێت، سەبارەت بەنەوتیش ئامادەیە ٨١ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات. بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت محەممەد شیاع سوودانی، لەتازەترین پەیامیدا ڕایگەیاندووە، مووچەی کوردستان نانێرم تاوەکو هەناردەی نەوت دەستپێنەکاتەوە و دەبێت 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕاستەوخۆ هەناردە بکرێت و ڕازی نیم بە کەمبوونەوەی بەرهەمى نەوت.  شاندێکى تەکنیکى رۆژی 17ی ئەم مانگە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، دەرکەوتووە لەم دۆخەدا و دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان، هەرێمی کوردستان رۆژانە تەنیا توانای بەرهەمهێنانی 80 هەزار بەرمیلی هەیە ئەو شاندە دواى گەڕانەوەى، ئەو زانیارییانە لەبارەی رێژەی بەرهەمی نەوت، دەداتەوە وەزارەتەکەی.   بەگوێرەی ئەو ئەنجامە بێت، هەرێمی کوردستان رۆژانە دەتوانێت تەنیا 30 هەزار بەرمیل رادەست بکات، چونکە لە رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیش هاتبوو، هەرێمی کوردستان مافی هەیە بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ مەبەستی بەکاربردنی ناوخۆیی بەکاربهێنێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیاند، "رێککەوتنەکە بەو چەشنە کراوە کە رۆژانە 230 هەزار بەرمیل رادەست بکرێت؛ بۆیە ئێمە ناتوانین ئەو بڕە کەمە نەوتە وەربگرین. ژمارەکە زۆر لەو بڕە دوورە کە رێککەوتنی لەسەر کراوە." بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێندراوی ئێستا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات کە بە 230 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە مەزەندە کراوە؛ 50 هەزار بەرمیلی دیکەشى بۆ پێویستیی ناوخۆیی و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنرێت.

لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی شوباتەوە ٥٠هەمین جارە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی کۆسۆڤۆ دەکرێت و هێشتا نەتوانراوە سەرۆکەکەى هەڵبژێرێت. ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانتارانی کۆسۆڤۆ بۆ پەنجاهەمین جار لەسەریەک نەیانتوانی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن و سەرۆکایەتى پەرلەمانی نوێ پێکبهێنن، لەکاتێکدا لەمانگى شوباتى ئەمساڵەوە هەڵبژاردنکراوە. ئەم دۆخە کە وڵاتەکەی خستۆتە ناو چەقبەستوویەکی گەورەی سیاسییەوە، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پارتەکەی ئەلبین کورتی سەرۆک وەزیران، ڤێتێڤێندۆس، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بە سەرکەوتوویی دەرکەوت، بەڵام نەیتوانی زۆرینەی کورسییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەستەبەر بکات.    دوای ئەوەی لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان نەگەیشتە ڕێژەى یاسابب،  ئەڤنی دێهاری کە سەرۆکایەتی پەرلەمان بوو وەک بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان، ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەکە دواخراوە، ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبین" و کۆتایی بە دانیشتنەکەی هێنا.  هەروەها دێهاری ڕێگری لە داگیرساندنی مایکرۆفۆنی ئەو پەرلەمانتارانەی کرد کە دژی داخستنی کۆبوونەوەکە بوو نەیهێشت ئەو پەرلەمانتارانە قسەبکەن کە دەیانویست ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن.   بەپێى یاسای وڵاتى کۆسۆڤۆ هیچ سنوورێکی کات دیارى نەرکاوە بۆ دانانی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام بەپێی یاسا پێویستە پەرلەمان هەر ٤٨ کاتژمێر جارێک کۆببێتەوە تا ئەو کاتەی سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت.   دادگای دەستووری کۆسۆڤۆ بڕیاریداوە پێویستە پەرلەمانتاران ئەرکە دەستوورییەکانیان بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێرەکەى ئەنجامبدەن، دڵنیابن لەوەی پەرلەمانی نوێ دەست بە کارەکانی دەکات، دوابەدوای پرۆسەی درێژخایەنی پرۆسەکە. دادگا نزیکەی مانگێک لەمەوبەر وادەی ٣٠ ڕۆژی دیاری کرد بۆ ئەوەی پەرلەمان دەست بە کارەکانی بکات. ئەم وادەیە کە دادگا سەپاندویەتی لە ڕۆژی شەممە ٢٦ی ئەم مانگە کۆتایی دێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان لایەنەکاندا نەکراوە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکەکەى. بەبێ سەرۆکی پەرلەمان ناتوانرێت پەرلەمان پێکبهێنرێت، هەروەها ناتوانرێت حکومەتێکی نوێ هەڵبژێردرێت و کورتی لە ڕۆڵی چاودێردا بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ بەجێبهێڵێت. چاودێران ترسیان لەوە هەیە کە ئەم دۆخە سیاسیە بەردەوامبێت و  ئەگەر نەتوانرێت هیچ حکومەتێک پێکبهێنرێت، هەڵبژاردنێکی خێرا بەدوای خۆیدا بهێنێت.

لێكۆڵەری دادی و رەخنەگر و چالاكوانی مافی مرۆڤ شوان سابیر گەردی، ڕایدەگەیەنێت ماوەى پێنج ڕۆژ بەسەر کەیسەکەیدا تێپەڕبووە، هه‌تا ئێستا هیچ شتێکى پێنەوتراوەو کەسیش دەستگیرنەکراوە. كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆی چوارشەممە 16ی تەمووز 2025، لە شەقامی 150 مەتری شاری هەولێر، بەرانبەر گوندی ئیسپانی2، سێ ئۆتۆمبێل رێگە بە شوان سابیر دەگرن، پاشان لە هەموو لایەكەوە پەلاماری دەدەن. ئەمڕۆ دووشەممە، لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک  شوان سابیر گەردی، پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو ده‌سته‌ڵات نایه‌وێ په‌رده‌ له‌سه‌ر ڕووی تاوانكاران هه‌ڵماڵێ، كه‌ ناشیه‌وێ واته‌ ده‌سەڵات خۆیه‌تی، دەشڵیت: بۆیه‌ من ناچارم بۆ پاراستنی مافه‌كان هانا بۆ سفارات و قنصالیات و منظماتی ده‌ولی و نێوه‌نده‌ نێوده‌وله‌تییه‌كان ببه‌م. دەقى نوسینەکە.. (( بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر قسه‌ به‌ حكومه‌ت نه‌ڵێی )) ... ئه‌وه‌ دوایین په‌یامی شه‌قوه‌شێنه‌كان بوو ... شوان سابیر سڵاوی خوای گه‌وره‌ له‌ هه‌موو خوشك و برا و هاوڕێیان ... به‌ڕێزان ... سه‌ره‌تا سوپاسێكی بێ پایان و پێزانینێكی گه‌وره‌م هه‌یه‌ بۆ هه‌موو ، هاوڕێیان ، خوشكان ، برایان ، هاوڕێیان فه‌یس بووك ، خزم و كه‌س و كارم ، بۆ ئه‌ندامانی خانه‌واده‌م و طبعا له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موویان ده‌ستبه‌خه‌نه‌ ، بۆ ته‌واو ڕاگه‌یاندكاره‌ ئازیزه‌كان و بۆ ته‌واوی ته‌له‌فزیۆن و منصه‌ ئه‌لكترونییه‌كان ، بۆ ته‌واوی سه‌ركردایه‌تی ئه‌حزابی كوردستان كه‌ سه‌ردانییان كردم له‌ ماڵه‌وه‌ و بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ ته‌له‌یفۆن په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كردین ، بۆ ڕێكخراوه‌كان و بۆ پارێزه‌ران و بۆ دادوه‌ران و بۆ كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌كادیمییه‌كان ... ئیتر بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ( ته‌لیفۆنیان كرد ..  نامه‌یان نارد .. هاتنه‌ ماڵه‌وه‌ ... بابه‌ته‌كه‌یان شه‌یر كردم .. شتیان نووسی له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌م و پیشتیوانیان كردم .. چ لێره‌ و چ له‌ ئه‌وروپا و ووڵاتانی تر ... هتد ) ...  بەڕاستی تەلیفۆنێکی زۆریشم بۆ ھاتووە ئەو کاتەی لە نەخۆشخانەم  بووم و نەمتوانیووە وەلام بدەمەوە ئەو کاتە و  نامەیەکی زۆریشم ھاتووە ھەمووی دەلالەت لە گەورەیی ئێوە دەکات و لە خەمخۆری ئێوە دەکات ....   ممنونی ھەمووتانم ... جگه‌ له‌ حزبی ده‌سته‌ڵات و ئه‌وانه‌ی كاسه‌لێسی ئه‌ون ..  ئازیزانم نامه‌وێ زۆر درێژه‌ی پێ بده‌م ... من له‌ هه‌مان ڕۆژی هێرش كردنه‌ سه‌رم .. له‌ لایه‌ن سێ سه‌یاره‌وه‌ .. و به‌ شه‌ش تا حه‌وت كه‌س ویستیان بمڕفێنن .. كه‌ نه‌یانتوانی به‌م شێوه‌یه‌ لێیان دام .. كه‌ وێنه‌كانتان بینی .. داخلی نه‌خۆشخانه‌ كرام و تقریری طبیم بۆ كرا .. چووم ده‌عوام نووسی .. بۆ ئه‌وه‌ی یاساییانه‌ مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كه‌ بكرێ .. له‌ 16 / 7 / 2025 سعات ( 5 عه‌سر ) ده‌عواكه‌ نووسرا ..  هه‌تا ئێستا ئه‌وه‌ پێنج رۆژ به‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌دا ڕه‌ت بووه‌ ... یه‌ك شتم پێ نه‌وتراوه‌ .. ئایا چیان كردووه‌ ؟ گه‌یشتوونه‌ته‌ چی ؟؟؟ چ زانیارییه‌كیان كه‌وتۆته‌ ده‌ست ؟؟ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌صلا ئه‌وراقه‌كه‌م نه‌چۆته‌ پێش دادوه‌ری تحقیقی عینكاوه‌ كه‌ به‌ پێی شوێنه‌كه‌ ده‌بێته‌ اختصاصی ئه‌و ( كه‌ ئه‌وه‌ پێشێلێكی یاسایی گه‌وره‌یه‌ ) و داواكاری گشتی نه‌یبینیووه‌ .. هیچ جارێك خۆم بانگ نه‌كراوم ... هه‌ر چه‌نده‌ له‌ رێگه‌ی پارێزه‌ره‌كانم متابه‌عه‌مان كردووه‌ و به‌دواداچوونمان كردووه‌ هیچ نه‌كراوه‌ و هیچمان پێ ناڵێن ...  هه‌ر بۆ زانین ئه‌و شوێنه‌ی هێرش كردنه‌كه‌ی لێ ئه‌نجامدار ... شه‌قامی 150 مه‌ترییه‌ به‌رامبه‌ر قه‌رییه‌ی ئیسپانی 2 كه‌ پڕه‌ له‌ كامیرای حكومه‌ت و كامیرای ( قریه‌ ئیسپانی 1 و قریه‌ی ئیسپانی 2 و قریه‌ی كۆری و سلاڤا ستی و هه‌تا رێگه‌ی زێڕین و گه‌نجان ستی ) ... كه‌واته‌ ده‌سته‌ڵات ده‌یه‌وێ كه‌یسه‌كه‌م وون بكات .. ده‌یه‌وێ ئه‌نجامده‌ران به‌ سزا نه‌گه‌ن ..  ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانن .. ئه‌و جۆره‌ ره‌فتار و كرداره‌تان .. ڕقمان ئه‌ستوورتر ده‌كات به‌رامبه‌رتان ... ووره‌مان به‌ هێزتر ده‌كا .. پێداگریمان ڕشتتر ده‌كا له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زولم و زۆرداریتان .. نادادپه‌روه‌ریتان ... یاری كردن به‌ ژیانمان .. به‌ مقدراتمان .. به‌ ئاینده‌ی نه‌وه‌كانمان ... له‌ لایه‌ن ئێوه‌وه‌ ... چونكه‌ له‌ كه‌یسی تر و له‌ چه‌ندین حاڵه‌تی هاوشێوه‌ ... پۆلیس و ئاسایش به‌كه‌متر له‌ 24 سعات ته‌واوی سیناریۆی تاوانه‌كانیان به‌ كامیرا تۆمار كردووه‌ و نیشان داوه‌ ... كه‌چی ئه‌وه‌ی من ئه‌وه‌ پێنج رۆژ تێپه‌ڕی هه‌تا ئێستا هیچیان پێ نه‌ووتووین ... بۆ زانین ... من كێشه‌ی كۆمه‌ڵاتیم نییه‌  ... ( ژن هه‌ڵگرتن و چوونه‌ پێش مه‌كتبی كچان و ته‌علیقدان له‌ كچی خه‌ڵك و خراپ به‌كار هێنانی مۆبایل ) چونكه‌ ته‌مه‌نه‌كه‌م هی ئه‌وه‌ نییه‌ ... من كێشه‌ی قه‌رزم نییه‌ ... قه‌رزاری كه‌س نیم .. چونكه‌ له‌ خوا به‌زیاد بێت وه‌زعی مادیم دیاره‌ چۆنه‌ ... بازرگان نیم ... تا بڵێن ئه‌وه‌ كێشه‌ی تیجاری هه‌یه‌ ...  چه‌كدار نیم .. هه‌تا بڵێن كێشه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی تر هه‌یه‌ ..  مخدرات ناخۆم ( مه‌شروبیش ناخۆمه‌وه‌ الحمد لله ) ...  ئه‌و جۆره‌ ساردییه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ڕێكاره‌كان ته‌نها یه‌ك تفسیری هه‌یه‌ ... ( ده‌سته‌ڵات نایه‌وێ په‌رده‌ له‌سه‌ر ڕووی تاوانكاران هه‌ڵماڵێ ، كه‌ ناشیه‌وێ واته‌ ده‌سته‌ڵات خۆیه‌تی ) ... بۆیه‌ من ناچارم بۆ پاراستنی مافه‌كان هانا بۆ سفارات و قنصالیات و منظماتی ده‌ولی و نێوه‌نده‌ نێو ده‌وله‌تییه‌كان ببه‌م ... هانا بۆ عێراق ببه‌م .. هانا بۆ هه‌موو رێكارێكی مه‌ده‌نی ببه‌م .. هه‌تا ئه‌و چركه‌ نه‌مویستووه‌ ئه‌وه‌ بكه‌م ... به‌س چه‌ند سه‌عاتی داهاتوو ئه‌وه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ست رێكاره‌كان ده‌كه‌م یان نا ... من ئه‌و كه‌سه‌ نیم قابیلی مساومه‌ بم ... ئه‌و كه‌سه‌ نیم بترسێندرێم ... ئه‌و كه‌سه‌ نیم ڕادیۆم پێ تۆمار بكه‌م .. به‌ مه‌ردی له‌ دایك بووم و ان شاء الله به‌ مه‌ردیش ده‌مرم ... شوان گه‌ردی  ( ببورن نه‌مویست به‌ ڤیدیۆ ئه‌و شته‌ بگه‌یه‌نم له‌به‌ر ده‌موچاوم و ده‌نگم ، نامه‌وێ به‌ ڕیشه‌وه‌ ده‌ركه‌وم له‌به‌ر ئازیزان كه‌ نه‌متوانیوه‌ بیتاشم له‌به‌ر برینی ده‌م و چاوم )