هاوڵاتی  بڕیاردرابە كۆتایی هێنان بە وەرزی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیارانی هەرێم و، 20ی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان كۆتایی دێت. ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2024، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، "لیژنەی ناوەندی بەبازاڕکردنی سەر بە کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە بە سەرۆكایەتی حەیدەر نوری گڕاوی، بەڕێوەبەری گشتی دانیشتنی ژمارە 20ی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین و دوایین پێشهاتەکانی وەرزی بەبازاڕکردنی بەروبوومی گەنم". ئاماژە بەوەکراوە، "لیژنەکە گرنگترین پرسەکانی بەرنامەی کارەکەی تاوتوێ کردووە و بە کۆی دەنگ بڕیاری دا لە 20ی مانگی تەمموزی ئەمساڵ وەرزی بەبازاڕکردن لە هەرێمی کوردستان دابخرێت بۆ ساڵی 2024 لە (هەولێر، دهۆک، سلێمانی)". لە میانی دانیشتنەکەدا جەخت لەوەکرایەوە، کە ستافی تەکنیکی و کارگێڕی بەردەوام دەبن لە پرۆسەی وەرگرتن و دابەزاندنی ئۆتۆمبێل تا درەنگانی شەو بۆ وەرگرتنی زۆرترین بڕی گەنمی ماوەتەوە بۆ پشکی هەرێم، لەگەڵ ڕێنماییەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لە بەشی کۆنترۆڵ و ئەندازیاری و تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ بەدواداچوون و چالاککردنی سیستەمی پەنجەمۆری شەوانە بۆ کاری فەرمانبەران.

هاوڵاتی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان چارەسەركرا و هەفتەی داهاتوو مووچەکەیان دابەش دەكرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2024، میدیاكانی پارتی لە زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاویانكردەوە، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبای هەرێمی کوردستان وسەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان چارەسەركراوە. ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە، لە كۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵییەوە خەرج دەكرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەكرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2024 بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکانی رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد و رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دابەشدەکرێت.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی نارد و مووچەی هێزەکانی رۆژ و حسێن یەزدان پەنا و هێزە بیانییەکانی بڕیوە. ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2024، غالب محەمەد، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "وەزارەتی دارایی و ئابووری، خشتەی مووچەی هێزئەمنییەكانی بڵاوكردەوەو ئاماژە بەوەدەكات، بڕی 26 ملیار و 790 ملیۆن دینار کورتهێنان لە کۆی مووچەی ئەو دوو مانگەی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان دروست بووە، بەغدا نەیناردووە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوەش بودجەی هێزەكانی رۆژ كە پاراستنی هێزەكانی توركیای لە ئەستۆیە لە هەرێمی كوردستان و هێزەكانی حسێن یەزادان پەنا كە ماوەیك دژ بە خۆپیشاندان بەكاریان دەهێنا". ئەوەشی وتوە، "ئێستا دەبێت بۆ خەڵك و هێزە ئەمنییەكان دەركەوتبێت كە قسەكانی ئێمە هەمووی راستبوو كە دەمانوت ئەم هێزانە لە بودجەی هەرێم پارەیان پێ دەدرێت و خەریكی پاراستنی بنەماڵەی بارزانین و هێزی توركیان، هەروەها بەهۆی بندیوارەكان و ئەو هێزانە، هێزی راستەقینەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان بێ مووچە بوون".

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 49 كەس لە غەززە كوژراون و 69ی دیكەش بریندار بوون. ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، وەزارەتی تەندرووستی غەززە رایگەیاند، لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا 38 هەزار و 713 هاوڵاتیی غەززە كوژراون و 89 هەزار و 166 كەسیش برینداربوون. ئاماژە بەوەش كراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 49 كەس لە غەزە كوژراون و 69ی دیكەش بریندار بوون. تەندروستی غەززە، دەشڵێت، 284 رۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها 10 هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش لای خۆیەوە ، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە هەزار و 404 كەس و نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی بەهۆی گەردەلوول و بارانی بەخوڕ لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان 35 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیش برینداربوون. ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، سدیقوڵڵا قوڕەشی، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن و رۆشنبیری ویلایەتی نەنگەرهار، رایگەیاند، بەهۆی گەردەلوول و بارانی بەخوڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لانیکەم 35 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەروەها ژمارەیەکی زۆر بەو هۆیەوە بریندار بوون. دەشڵێت، لەنێو مردووان و بریندارەکاندا ژن و منداڵ هەن، هەروەها زریانەکە چەندین موڵک و بەروبوومی ناوچە جیاجیاکانی ویلایەتەکەی لەناوبردووە. ئاماژەی بەوەشداوە، لەنێو مردووان پێنج ئەندامی یەک خێزان هەبوون، کە بەهۆی داڕمانی سەربانی ماڵەکەیان لە ناوچەی 'سورخ روود' گیانیان لەدەستداوە، هەروەها چوار ئەندامی دیکەی خێزانەکەش بریندار بوونە. لەم بارەیەوە، ئەمینوڵڵا شەریف، بەرپرسی نەخۆشخانەی ناوچەیی لە نەنگەرهار باسیلەوەکردووە، 207 کەسی بریندار لە جەلال ئابادی پایتەختی ویلایەتەکە و ناوچەکانی دراوسێیەوە بۆ تیمارکردن گواستراونەتەوە و دەیان کەسیش لە دانیشتووانی ناوچەکە لە نەخۆشخانەکانن بۆ بەخشینی خوێن بە بریندارەکان.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی تۆمەتبارێك دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا . ئەووشخراوەتەڕوو، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی دەنگی تەقە بیسترا ، دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەكە و دەركەوت كە مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان گیانی لەدەستداوە. ئاماژی بەوەشکردووە،" لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو سەرنجام دەركەوت كە تۆمەتبار كارمەندە لە فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ، هەر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتنی و فەرمانی راستەوخۆی بەڕێز فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ، تۆمەتبار دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كرا" . دەشڵێت، لە ئێستادا تۆمەتبار (ف ، ف ، م ) بە بڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراق راگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە .

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ کەیسی هەوڵی تیرۆرکردنی ئەکرەم ساڵح دەکەن، کە دوێنێ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەلار لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو.   سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا، هه‌واڵى ئه‌كره‌م ساڵح، به‌رپرسى لقى 22ی پارتى ديموكراتى كوردستانى پرسى، كه‌ دوێنێ له‌به‌رده‌م ماڵى خۆيدا له‌ كه‌لار له‌ هه‌وڵێكى تيرۆركردن به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى ئۆتۆمبيله‌كه‌ى، رزگار بوو. ئەوەشی خستۆتەڕوو، نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى هه‌واڵپرسى و هيواى سه‌لامه‌تى بۆ خۆى و ياوه‌رانى بريندارى، سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هه‌وڵه‌ تيرۆرستييه‌ و هه‌موو هه‌وڵێكى تيرۆرى سياسى كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان به‌دواداچوون بۆ كه‌يسه‌كه‌ ده‌كه‌ن تاوەكو ئه‌نجامده‌رانى بدۆزرێنه‌وه‌ و رووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئه‌كره‌م ساڵح وێڕاى ئاماژه‌كردن به‌ چۆنيه‌تيى هه‌وڵه‌ تيرۆرستييه‌كه و زيانه‌كانى‌، سوپاس و پێزانينى بۆ خه‌مخۆرى و هه‌واڵپرسى و به‌دواداچوونى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌. جێگەی ئاماژەیە، رووداوەکە کاتژمێر 09:22ی بەیانیی دووشەممە روویدا، کاتێک ئەکرەم ساڵح لەگەڵ پێشمەرگەیەک و شۆفێرەکەی لەنێو ماڵەکەی خۆیدا دەیویست بچێتە دەوام، بەڵام وەک لە کامێرای چاودێری دەردەکەوێت، ئۆتۆمبێلەکەی دەتەقێتەوە، لە رووداوەکەدا هیچ کەسێک بە قورسی بریندار نەبوو.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دام و دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە. بەگوێرەی خشتەكە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە دوو مووچە دابەشدەكرێت. دەشڵێت، بۆ دابەشکردنی دوو مووچەی هێزە ئەمنییەکان، 26 ملیار و 790 ملیۆن دینار کورتهێنانمان هەیە. جێگەی ئاماژەیە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوکردەوە، کە بەغدا بڕی زیاتر لە 676 ملیار دیناری مووچەی مانگەكانی ئایار و حوزیرانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەكانی خسۆتە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، بانکى ناوەندى عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ بڕى 268 ملیۆن و 96 هەزار  384 دۆلار خراوەتە بازاڕەکانەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو بڕە 12!ملیۆن و 550 هەزار دۆلار بە شێوەى نەقد فرۆشراوە و 255 ملیۆن و 546 هەزار و 384 دۆلاریش بە شێوەى حەواڵە فرۆشراوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەى نزیکەى ساڵێکە بەهاى دۆلارى ئەمریکى لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرامبەر دینارى عێراق بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە.

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (نەپەگە) بڵاوی كردەوە، "لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزەكانمان گوزری كوشندەی لە سوپای توركیا داوە، هەروەها لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا 27 جار بۆردوومانیان كردووە". ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل لە بارەی ئاماری شەڕ و پێكدادانی هێزەكانیان لە گەڵ سوپای توركیادا لە خاكی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، "لە رۆژی 12ی تەمووزی 2024، كاتژمێر 19:20 هێزەكانمان لە ناوچەی هێفتانین بە قەناس سوپای داگیركەریان لە گۆڕەپانی كانی بەی كردە ئامانج و لە ئەنجامدا سەربازێكی توركیا كوژرا، هەروەها رۆژی 13ی تەمووزدا لە ناوچەی ماتینا هێزەكانمان بە چەكی ئۆتۆماتیكی، بولدۆزەرێكی سوپای داگیركەری توركیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە كولكە كردە ئامانج، كە لە ئەنجامدا گورزێكی توند لە بولدۆزەرەكە كەوت و لە كاركردن وەستا". ئاماژە بەوەشكراوە، "هەر رۆژی 13ی تەمووز لە رۆژئاوای ناوچەی زاب هێزەكانمان بە تاكتیكی قەناس سیستەمێكی كامێرای چاودێری سوپای داگیركەری توركیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی كردە ئامانج، هەر لە هەمان رۆژدا یەكینەكانی ژنانی ئازاد بە تاكتیكی قەناس سوپای داگیركەریان كردە ئامانج، كە لە ناو گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودیدا بوون، لە ئەنجامدا سەربازێكی توركیا كوژرا". ئەوەش خراوەتەڕوو، "لە 13ی تەمموزدا هێزەكانمان بە چەكی قورس سوپای داگیركەری توركیایان كردە ئامانج، كە لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە جموجۆڵدا بوون، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی جموجۆڵەكانی سوپای دوژمن، هەروەها هێزەكانمان بە چەكی نیمچە ئۆتۆماتیكی سەربازانی دوژمنیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار كردە ئامانج و گورزێكی توندیان لە شوێنێكی سوپای داگیركەر دا". باس لەوەشكراوە، "لە 14ی تەمووزی 2024، سوپای داگیركەر كە لە هەوڵی جێگیركردنی كەرەستەی جەنگی بوو لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدی، دواتر لێدانێك ئاراستەی پێگەیەكی داگیركەر كرا و كرانە ئامانج، لە ئەنجامدا جموجۆڵەكانی سوپای دوژمن راگیرا، هەمان رۆژ هێزەكانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدی بە قەناس چەند سەربازێكی سوپای داگیركەری توركیایان كردە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو سەربازی توركیا كوژران".   دەشڵێت، هێرشەكانی سوپای داگیركەری توركیا لە 12 و 13 و 14ی تەمموزدا بەم شێوەیە بوو، توركیا فڕۆكە جەنگییەكانی نۆ جار گردی شەهید هاوار و شەهید شەریف و بەربازین و سێنین و خانیریان لە دەڤەری خاكورك بۆردومان كرد، 13 جاریش گۆڕەپانەكانی سپیندەر و مەج و زیڤیك و خەیر و كۆزێیان لە ناوچەی كاری بۆردومان كرد، هەروەها پێنج جاریش ناوچەی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە  رۆژئاوای زاب بۆردومان كرا، واتە بە گشتی 27 بۆردومان بووە. لە كۆتایدا ئەوە خراوەتەڕوو، لە 14ی تەمووزدا گۆڕەپانەكانی بەرخۆدان لە متینا، كولكە، شیلاز، دەركاڵ لە ناوچەی متینا، گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاب و گۆڕەپانی گردی شەكیف لە ناوچەی خاكورك بەر هێرشی هێلیكۆپتەرەكانی توركیا كەوتوون.  

هاوڵاتی رۆژی شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوە و تاوتوێی چەند پڕۆژە یاسایەك دەكات. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی خۆی دوای پشووی وەرزی یاسادانان لە رۆژی 20ی ئەم مانگە ئەنجامدەدات و تاوتوێی چەند پڕۆژە یاساییەک دەکات. بەپێی ئەو بەرنامەیەی بڵاوكراوەتەوە، كۆبوونەوەكە کاتژمێر 11ی بەیانی رۆژی 20ی ئەم مانگە دەستپێدەكات و چوار بڕگە لەخۆدەگرێت و بەڵام دیاریكردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنەكە لە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەدا نییە. لە بڕگەی یەكەمدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای دامەزراوەی شەهیدان دەكرێت و هەروەها لە بڕگەی دووهەمدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسەندكردنی كۆماری عێراق لەسەر رێككەوتنی خزمەتگوزارییە ئاسمانییەكان لەگەڵ حكومەتی ئازربایجان دەکرێت. لە بڕگەی سێهەم و چوارەمیشدا، تاوتوێی پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و پێشنیازە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای پاسپۆرت دەكرێت.  

هاوڵاتی پەروەردەی هەولێر، ئاگاداری ئەو مامۆستایانە دەکاتەوە تاوەکو ئێستا هەژماری منیان نەکردووە، دەڵێت، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە گەر نەیکەن مووچەکانیان رادەگیرێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، نوسراوێکی ئاراستەی قوتابخانەکان کردووە و دەڵێت، ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی تا ئێستا "هەژماری من"یان نەکردووە ئەگەر تا رۆژی پێنج شەممە 18ی تەمووزی 2024، نەیکەن ئەوا مووچەکانیان رادەگیرێت. جێگەی ئاماژەیە، (هەژماری من) هەژمارێکی بانکییە و سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

هاوڵاتی نرخی زێڕ بەرزبۆوە و یەک ئۆنسەی بە 2428 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، نرخی زێڕ درێژەی دا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی و یەک ئۆنسەی بە 2428 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.   ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرزترین ئاستەکانی نرخی زێڕە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا.   جێگەی ئاماژەیە، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ بازرگانان چاوەڕوانن بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ کەمبکاتەوە.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی  روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، 54 ژن لە ناوچە جیاوازەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا کوژراون. روانگەی سووری ئاماژەی بەوەشکردووە، کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە سووریا بەردەوامە و بەشێوەیەکی بەردەوام ژنان دەکوژرێن. بەپێی ئامارەکان و زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتایی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 54 ژن لە ناوچە جیاوازەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا کوژراون. ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرباری کوشتن و ئەو بارودۆخە خراپەی تێیدا دەژین ژنان لە سووریا ناتوانن مافەکانی خۆیان بەدەست بێنن. روانگەی سووری باس لەوەش دەکات کوشتنی ئەم ژنانە لە کاتێکدایە، سەدان ژن لەنێو بەندیخانەکانی حکوومەتی سووریادان و چارەنووسیان نادیارە.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، چوارەمین خولی هەڵبژاردن لە سنووری دەسەڵاتی رژێمی سووریا بەڕێوە دەچێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەش روون و ئاشكرایە کە لەبەرژوەندیی پارتی بەعس و هاوپەیمانییەکانیدایە. ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی تەمووزی 2024، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا راگەیەندراوێکی لە بارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پرۆسەیەکی نایاسایی و هیچ ڕەوایەتییەکی نییە، چونکە ئەنجامەکانی ئاشکران لەبەرژەوەندی چ لایەنێکە". لە راگەیاندراوەکەشدا هاتووە، رژێمی سووریا بەم هەڵبژاردنە هەوڵەکانی خۆ سەپێنی بەسەر دەسەڵات درێژە پێدەدات و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ چارەکردنی شەڕی ناوخۆیی و پرسی سیاسیی سووریا پشتگوێ دەخات. لە راگەیاندراوەکەشدا سەبارەت بە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەخراوەتەڕوو، بە گوێرەی بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت هەڵبژاردن پرۆسەیەکی بێخەوش بێت و سەرتاسەری سووریا بگرێتەوە، بەڵام هەڵبژاردنی ئەم جارە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە زۆرینەی خەڵکی سووریا یان پەنابەری وڵاتان بوون، یان لە ئاوارەیی و کۆچبەریدان، هەربۆیە پرۆسەیەکی نایاساییە و پێچەوانەی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ئاماژەیان بەوەداوە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە ڕوون و ئاشكرایە کە لەبەرژوەندیی پارتی بەعس و هاوپەیمانییەکانیدایە. دەشڵێت، ئەمڕۆ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیی حکوومەتی سووریا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمان)ی سووریا بەڕێوە دەچێت کە لە دوای 2011 و ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆیی سووریا. لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا باس لەوەدەکەن، ئەمە چوارمین خولی هەڵبژاردنە لە سنووری دەسەڵاتی رژێمی سووریا بەڕێوە دەچێت.