هاوڵاتی بەهۆی ئەو کەموکورتی و کەمتەرخەمیانەی لە پڕۆژەیەکەدا هەبوون و بەهۆیەوە کرێکارێک گیانی لەدەستدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاریدا کارکردن لە پرۆژەکەدا رابگیرێت. ئەمڕۆ پێنج شەممە، 18ی تەمووزی 2024، عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی رایگەیاند، بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی تێیدا، کارکردن لەو پرۆژەیەدا راگیرا کە سەرەتای ئەم هەفتەیە کرێکارێک لێیکەوتەخوارەوە و گیانیلەدەستدا. عوسمان زیندانی دەشڵێت، دوای رووداوەکە سەرەتا سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە رێگەیان نەدا بچینە شوێنی رووداوەکە، بۆیە دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ پشکنەرێکی وەزارەتی کار سەردانی شوێنەکەمان کرد، بۆمان دەرکەوت سەرجەم ئاسەوارەکانی رووداوەکەیان نەهێشتووە. سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەهۆی ئەو کەموکورتیانەی لە شوێنی کارەکەدا هەیە لەگەڵ ئەو کەمتەرخەمیانەی کراوە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاریدا کارکردن لە پرۆژەکەدا رابگیرێت. دەشڵێت، لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکە قسەم کردووە، ئەوان بە نیازن لە دادگا داوای یاسایی تۆماربکەن و داوای مافی کوڕەکەیان بکەن کە بەهۆی کەمتەرخەمی خاوەن پرۆژەکەوە گیانیلەدەستداوە. جێگەی ئاماژەیە، شەممەی رابردوو گۆران ئەکرەم کە کرێکاری بیناسازی بوو، لە کاتی کارکردن لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی لە نهۆمی 40 کەوتەخوارەوە و گیانیلەدەستدا.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی سێ هاوڵاتی لە لایەن تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان رفێنران و هۆکاری رفاندنی دوویانیان بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز دەگەڕێتەوە. ئەمڕۆ پێنج شەممە، 18ی تەمووزی 2024، میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، لە 12ی ئەم مانگە دوو گەنج لە گوندی خەلالکا لەلایەن تورکیا رفێنراون و بەڵام دوای وەرگرتنی پارە لە بەرامبەریان ئازادیان کردن و ئێوارەی دوێنێ دووبارە رفێنرانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتییەکی تریش کە تەمەنی 40 ساڵە لە لایەن تورکیاوە رفێنراوەو تا ئێستا بێ سەروشوێنە. بە پێی ئەو زانیارییانەی میدیاکان باسی لێوەدەکەن، سەڵاح رەشید کۆربلوی تەمەن 20 ساڵە و محەمەد خەلیل حاج قەنبەری تەمەن 24 ساڵە لە گوندی خەلالکا لە ناوچەی بلبل و محەمەد حەسەن سیدۆی تەمەن 40 ساڵان لە شاری موباتای سەر بە کانتۆنی عەفرین لە لایەن تورکیاوە رفێنراون. دەشڵێن، هۆکاری رفاندنی ئەو دوو گەنجە بەهۆی کردنەوەی ئاگرى نەورۆزەوە بووە هەرچەندە کە زیاتر لە سێ مانگی بەسەردا رۆیشتووە، بەڵام هۆکاری رفاندنی هاوڵاتییە تەمەن 40 ساڵانەکە تاوەکو ئێستا نازانرێت.
هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەغدا لەگەڵ كوتلە سیاسییەكانی كەركوك كۆدەبێتەوە و ئامانجیش لە کۆبوونەوەکە یەکلایکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی تەمووزی 2024، محەمەد ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ كوتلە سیاسیەكانی كەركوك كۆدەبێتەوە بۆ یەكلایكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك. محەمەد ئیبراهیم لە لێدوانێكدا بۆ کەناڵی (الرابعە)ی ئەوەی خستۆتەڕوو، یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك و پۆستە سەرەكییەكانی تری پارێزگاكە، بەرەو چارەسەربوون دەڕوات. دەشڵێت، گفتوگۆی نێوان كوتلە سیاسیەكانیش بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك بەچڕی بەڕێوەدەچێت. ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگاکە، پێشبینیش دەکات پۆستی پارێزگاری كەركوك لەماوەی كەمتر لە یەك مانگدا یەكلاببێتەوە، وتیشی: دیدارەكەی ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو دۆسیەیە.
هاوڵاتی نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، هەتا ئێستا 620 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانمان وەرگرتوو، کە دەکاتە 90% ئەو پشکەی بەغدا بۆ بۆ هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی تەمووزی 2024، نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا 620 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانمان وەرگرتووە، کە دەکاتە لە 90%ی ئەو پشکەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە. دەشڵێت، رۆژى 20ی ئەم مانگە کۆتا وادەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمە، ئەو بڕەی کە ماوەتەوە تا ئەو کاتە وەری دەگرین. جێگای ئاماژەیە، ماوەی 40 رۆژ دیاریکرابوو بۆ وەرگرتنی 700 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێم، بەپێی بڕیاری بەغداش دەبێت بۆ هەر تۆنێکی گەنم 850 هەزار دینار بدرێتە جوتیارانی هەرێم.
هاوڵاتی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تەمووزی مووچەخۆرانی هەرێم لە کۆتاییداو رەوانەی بەغدا دەکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی تەمووزی 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی حەوت لە کۆتاییدایەوە و رەوانەی بەغدا دەکرێت. دەشڵێت، لە کۆتایی ئامادەکارییەکانی لیستی موچەی مانگی حەوتدان، وردبینی بۆ لیستی موچەخۆران تەواو بووە و بەشیوەی ئەلیکترۆنی ئەمادەیە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەگەر هیچ گرفتێکی تەکنیکی دروستنەبێت، بەشیوەی چاپکراویش ئەمڕۆ تەواو دەبیت و رەوانەی بەغدای دەکەین. سەرچاوە، کەناڵ8
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی لە 15ی حوزەیران بۆ 15ی تەمووزی ئەمساڵ بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان، چەندین زیان بەر هاوڵاتییان و سروشتی هەرێمی کوردستان کەوتووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی تەمووزی 2024، دامەزراوەی میدیای درەو ، زیانە مەدەنییەکانی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیای بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە 15ی حوزەیران 2024 بۆ 15ی تەمووزی 2024، بڵاوکردەوە و تێدا چەندین ئاماری زیانگەیاندن بە هاوڵاتییان و سروشتی هەرێمی کوردستانی خستۆتەڕوو. بە پێی بەدواداچوونەکانی دەزگای میدیای درەو، لەماوەی یەک مانگدا 9 گوند بەتەواوەتی چۆڵکراون و 184 خێزانیش ئاوەرەبوون و 19 خانووی هاوڵاتییانی مەدەنی رووخێنراون. دەشڵێت، 68 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستان سووتاون. باسی لەوەشکردووە، هێرشەکانی سووپای تورکیا بۆسەر ناوچەکانی هەرێم بۆتە هۆکار لە کارکەوتنی کارەبای گوندی بەری گاری و میسکا و هەروەها کاریگەری خستنەسەر هێڵەکانی پەیوەندی زیاتر لە 110 گوند. درەو ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بەهۆی بوردوومانەکانی تورکیا 1 کەنیسە و 1 کارگەی راشیی و 1 ئۆتۆمبێل و 2 سەرچاوەی ئاو وێران بوون. باسی لەوەشکردووە، کە بەهۆی بۆردوومانەکان یەک هاوڵاتی مەدەنی برینداربووە. جێگەی ئاماژەیە، زیاتر لە مانگێکە هێزەکانی سوپای تورکیا هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش سنووری پارێزگای دهۆک و رۆژانەش بە بەردەوامی بۆردوومانی ناوچەکانی ئەم سنوورە دەکات و بۆتە هۆکاری تێکدانی ئارامی گۆمەڵگە و کاریگەی کردۆتە سەر ژیانی ئاسایی هاوڵاتییانی ناوچەکە. بە پێی زانیارییەکان هەر ئەمڕۆ بەهۆی بۆردوومانی سوپای تورکیا بۆسەر شارەدێی شیلادزێ لە سنووری قەزای ئامێدی هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە و کەسێکیش برینداربووە.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی پزیشكی سەرۆكی ئەمریكا: جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا نیشانەکانی پەتای کۆڕۆنای تێدا دەرکەوەتوە و دوایی ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوتووە توشی پەتاکەبووە و پشکنینەکەی پۆزەتیڤ بووە. كارین جان پییر، وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بەگوێرەی ئەنجامی ئەو پشكنیانەی بۆ جۆ بایدن ئەنجامدراوە، دەركەوتووە تووشی پەتای كۆرۆنا بووە. دەشڵێت، بەڵام نیشانەو لێكەوتەكانی پەتای کۆرۆناکە سوكن لە جەستەیدا. ئاماژەی بەوەشکرد، بایدن خۆی دادەبڕێت و بەردەوام دەبێت لە راپەڕاندنی تەواوی ئەركەكانی لەو ماوەیەدا. لە بەیاننامەكەی كۆشكی سپی، لەزاری كیڤن ئۆكۆنور، بڵاویكردووەتەوە، بایدن نیشانەكانی وەك هەڵامەت و كۆكەی هەبووە، لەگەڵ تەنگەنەفەسی، بەهۆی ئەوەی هەستی نەكردووە بەرەو باشبوون دەچێت، پشكنینی بۆ كراوەو ئەنجامەكەی پۆزێتڤ دەرچووە، بەوهۆیەوە خۆی دابڕیوە.
هاوڵاتی هێزەکانی 70 لەبارەی پێدانی لیستی مووچەکانیان بە بەغدا راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەگەر عێراق راستەوخۆ لیستی مووچەمان لێوەر بگرێت ئامادەکاری تەواومان کردووە و تەسلیمی دەکەین. ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تەموزی 2024، هێزەکانی 70 رایگەیاند، "خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، وەک شایستەیەکی دارایی مانگانە و بەرامبەر ئەرکەکانیان لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق مایەی خۆشحاڵییە و دەبێتە مایەی هاندانی زیاتریان بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە خزمەت کردنی ووڵاتدا هیوادارین لە مەودوا هیچ ئاستەنگێک نەیەتە رێی ئەم پرۆسەیە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق". ئاماژە بەوەکراوە، "بەم بۆنەیەوە ئێمە لە فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگەی کوردستان بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین لەناو هێزەکانی فەرماندەیمان هیچ ناوێک بوونی نییە کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی تر بێت جگە لە رەگەزنامەی عیراقی و یەک ناویش نییە کە وجودی ماددی و فیزیکی نەبێت، واتە ناوی وەهمی بێت بەتایبەت دوای ئەوەی تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجام دراوە". ئەوەش هاتووە، "بۆیە روون و رەوان رایدەگەیەنین کە بۆ مووچەی ئەم مانگی تەموزە ئێمە ئامادەیی تەواومان هەیە کە لیستی تەواوی ناوی پێشمەرگەکانمان بە زانیاری و بەڵگەنامەی داواکراوی پێویستیەوە پێشکەش بکەین و چیتر ئامادە نین مووچە و قوتی بنەماڵەکانیان بکرێتە بارمتەی ناروونی زانیاری و داتا گەلێک کە پەیوەندی بە هێزەکانمانەوە نییە". ئەوەشخراوەتەڕوو، "تەنانەت ئەگەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ راستەوخۆ لیستەکانمان لێوەربگرێت ئێمە ئامادەکاری تەواومان کردووە و گومانمان لە راستی و دروستی زانیاری و داتاکانمان نییە".
هاوڵاتی دەزگای ئاسایش هەرێمی کوردستان دەستگیرکردن و هەڵوەشاندنەوەی گروپێکی مەترسیداری تاوانی ئەلیکترۆنی راگەیاند، کە زیاتر لە 250 کەسیان کردووەتە ئامانج لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک. ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی تەموزی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبار لەلایەن تیمە تەکنیکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی توانیان ئەندامێکی سەرەکی باندەکە دەستگیربکەن، ئەم باندە داواکراون لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول)ەوە". ئاماژە بەوەکراوە، "لەسەر سکاڵای ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیانی ئەم باندە کەبەشێوەی گروپ کاریان کردووە لە دەرەوەی وڵات، بوونەتەهۆی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ژیانی 250 کەس". ئەوەش ئاشکراکراوە، "بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا ئەندامی سەرەکی باندەکە بەناوی (پ،ئ،ح) بە ئامانج بگرن و لە وڵاتی تورکیاوە بە پلانێکی تۆکمە بەناونیشانی رێکخستنی ژوانێک بیگەڕێننەوە شاری سلێمانی و دەستبەجێ دەستگیری بکەن".
هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە وردەکاری ژمارەیەک چالاکی هێزەکانی گەریلای کوردستانی بڵاوکردەوە کە دژی سوپای تورکیا ئەنجامیان داوە، ئەو زیانانەیان ئاشکراکرد کە بەر سوپای تورکیا کەوتون، هەروەها ئاماری ئەو هێرشانەشی خستەڕوو کە تورکیا بۆسەر هێزەکانیان ئەنجامیان داوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی تەموزی 2024، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئەنجامی ژمارەیەک چالاکی هێزەکانی گەریلای کوردستانی بڵاوکردەوە، رایگەیاند، "لە 15ی تەموز کاتژمێر 2:34 دوانیوەڕۆ هێزەکانمان لە ناوچەی شەهید دەلیل، رۆژئاوای زاپ سوپای تورکیایان کردە ئامانج لە کاتێکدا لە هەوڵی دانانی یەکێک لە سیستەمی کامێرای چاودێری لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار بوو، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی جوڵەی سوپای تورکیا". ئاماژە بەوەکراوە، "رۆژی 16ی تەموز، کاتژمێر 1:35 خولەکی شەو هێزەکانمان رێگرییان لە هەلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا کرد کە هەوڵیان دەدا لەسەر گردی نەورۆز لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار بنیشنەوە، هەروەها هەلیکۆپتەرێکی “سکۆرسکی” دوای ئەوەی بەر باڵەکەی کەوت و کەوتە خوارەوە، لە ئەو ناوچەیەی کە هەوڵی نیشتنەوەی دەدا تێیدا ئەفسەرێک بەناوی مستەفا بە پلەی نەقیب و دوو فڕۆکەوان بە پلەی نەقیب و دوو تەکنیکار و حەوت سەربازی تورکیا کە لەناو ئەم هێلیکۆپتەرەدا بوون بریندار بوون". هەپەگە وتی، "لە 17ی تەموز، کاتژمێر 12:45ی خولەکی شەو و 2:00 بەرەبەیان هێزەکانمان لە یەکەکانی ژنانی ئازاد - ستار (یەژا-ستار) رێگرییان لەو هەلیکۆپتەرانە کرد کە لە ئاسمانی گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهاردا دەسوڕانەوە، هەروەها رۆژی 16ی تەموز کاتژمێر 7:40 خولەکی ئێوارە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئێف ئێم خرایە خوارەوە". ئەوەش ئاشکرا کراوە، "رۆژی 17ی تەموز کاتژمێر 1:30ی خولەکی شەو هێزەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئێف ئێم ئۆپەراسیۆنێکی چۆنایەتییان ئەنجامدا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا یەک ئامێری بلاجکتۆر و یەکێک لە سیستەمی کامێرای چاودێری و چەند تەقەمەنییەک کە سەر بە تورکیا بوو دەستیان بەسەردا گیرا، هەروەها ڕۆژی 15ی تەموز کاتژمێر 4:35 خولەکی دوانیوەڕۆ هێزەکانمان بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی داگیرکەرانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامدە کردە ئامانج و پێگەیەکی سوپای تورکیایان کردە ئامانج". ئاماژە بەوەشکراوە، "لە 16ی تەموز کاتژمێر 1:15 خولەکی دوانیوەڕۆ و 5:45 خولەکی دوانیوەڕۆ هێزەکانمان لە یەکینەکانی ژنانی ئازاد - ستار بە چەکی قورس داگیرکەرانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامدیە کردە ئامانج و پێگەیەکی سوپای داگیرکەریان تێکشکاند، هەروەها لە 16ی تەموز کاتژمێر 6:40 خولەکی ئێوارە هێزەکانمان لە یەکەکانی ژنانی ئازاد - ستار بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی داگیرکەرانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی کردە ئامانج". هەپەگە وتیشی، "رۆژی 16ی تەموز، کاتژمێر 12:30 خولەکی شەو هێزەکانمان رێگرییان لە کۆپتەرەکانی سوپای تورکیا کرد کە لە ئاسمانی گۆڕەپانی بەرخۆدان لە بێشێلی دەسوڕانەوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە کۆپتەرەکەی تورکیا ناچاربن ناوچەکە بەجێبهێڵن". هەر بەپێی راگەیەندراوەکە بێت، "رۆژی 16ی تەموز تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئێف ئێم شەش جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کران، هەروەها لە ڕۆژانی 15 و 16ی تەموزدا 12 جار هێرش کرایە سەر گۆڕەپانەکانی شەهید شەریف، گردی شەهید هەیمان، لولان، کولیت، سێنین، و گردی شەهید هاوار لە دەڤەری خاکورک، هەروەها گۆڕەپانەکانی کاریی زەنکێل و دەشتی کافیا لە ناوچەی کاری سێ جار، و گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید سێ جار، و گۆڕەپانی بەرخۆدان لە چیلاز لە ناوچەی متینا دوو جار، بە گشتی 20 جار بۆردومان کراوە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە". ئەوەش هاتووە، "لە ڕۆژانی 15 و 16 و 17ی تەموزدا مەیدانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل لە رۆژئاوای زاب و گۆڕەپانی بەرخۆدان لە سری متینا لە ناوچەی متینا لە لایەن تورکیاوە بۆردوومانکران".
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەلی عەلی بەگ لە سنووری ئیدارەی سۆران کەسێک خنکا کە خەڵکی کفریە و بە مەبەستی گەشت هاتوونەتە ناوچەکە. ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی تەموزی 2024، رەوند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی سۆران بە هاوڵاتی راگەیاند، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هاوڵاتییەک کە خەڵکی قەزای کفریە بە مەبەستی گەشت لەگەڵ چوار هاوڕێی سەردانی ناوچەکەیان کردبوو لە گەلی عەلی بەگ خنکا". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کەسەی خنکاوە ناوی (زیاد عەبدولقادر)ە و تەمەنی 49 ساڵە بە ڕەگەز تورکمانە و دانیشتووی شاری هەولێرە لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە و تیمەکان سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمەکەین".
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی لە شوباتی ساڵی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، کە دەیان هەزار ئۆکرانی کوژران و ئاوارەبوون، هەروەها بەشێكی زۆریان بە زۆرەملێ گواسترانەوە بۆ خاکی رووسیا، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیاش لەلایەن رووسیاوە داگیر کراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی تەمووزی 2024، دیمیترۆ بوهاتیوک بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیایە، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئۆکرانیا 'یوکرینفۆرم'ی راگەیاندووە، لە دەستپێکی شەڕەوە کە لە نێوان ئۆکرانیا و رووسیادا روویداوە 42 هەزار هاوڵاتی مەدەنی و سەربازی ونبوونە، دەشڵێت، لەوانەیە ژمارەکە بگاتە 51 هەزار کەس. بوهاتیوک ئەوەشی خستۆتەڕوو، کۆی ژمارەی بێسەروشوێنەکان کەمی کردووە دوای ژماردنی هەزاران دیلی جەنگ لە لایەکی دیکەشەوە ناسینەوەی ئەو مردووانەی لە بەرەکانی شەڕدا دەدۆزرێنەوە. باسی لەوەشکردووە، وەزارەتی بەرگری نمونەی بۆماوەیی لەو سەربازانە وەرناگرێت کە دەیاننێرن بۆ گۆڕەپانی جەنگ.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرێتى خۆسەرى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا بڕیاری لێبوردنی گشتی دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارەکەش لێبوردن ئەوانە ناگرێتەوە کە بە تاوانی تیرۆر و کوشتن سزادراون. ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی تەمووزی 2024، بەڕێوەبەرێتى خۆسەرى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا بڕیارى لێبووردنى گشتى دەرکرد و بەگوێرەى بڕیارەکە "لێبووردنە گشتییەکەى بەڕێوەبەرێتى خۆسەر تۆمەتبارانى دۆسیەى تیرۆر و تاوانەکانى دیکەش دەگرێتەوە بەمەرجێک سووری بن". لە بڕیارەکەدا هاتووە، بڕیارەکە ئەو زیندانییانە دەگرێتەوە کە نیوەى سزاى زیندانییەکەیان بەسەربردووە". ئاماژە بەوەش کراوە "ئەو کەسانەى سزاى زیندانیی هەتاهەتاییان هەبووە سزاکەیان دەگۆڕێت بۆ 15 ساڵ بەندکردن". ئەوەشخراوەتەڕوو، هەموو ئەو زیندانییانەى نەخۆشیی درێژخایەن و چارەسەرنەکراویان هەیە ئازاد دەکرێن". بەگوێرەى بڕیارەکەى بەڕێوەبەرێتى خۆسەر"هەر زیندانییەک تەمەنى 75 ساڵ یان زیاتر بێت ئازاد دەکرێت". جەختیشکراوەتەوە "لێبووردنەکە بەرپرسانى رێکخراوە تیرۆریستییەکان و چەکدارانى تیرۆر ناگرێتەوە".
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی شەش تۆمەتبار كە كوردیشی تێدایە، بەشێک بوون لە تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە كە بنکەکەیان لە شاری تیسایدی بەریتانیا بوون و بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئوتۆمبێل و بارهەڵگرەكاندا، چەندین كۆچبەریان بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە لە لایەن دادگایەکی بەریتانیا سزا دران. دادگایەكی شاری نیوکاسڵ لە بەریتانیا شەش كەسی بە تۆمەتی قاچاخچێتی و گواستنەوەی نایاسایی سەدان کۆچبەری کوردی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا سزا دا، بەڵام ئاماژە بە جۆری سزاكە نەدراوە. لەم بارەیەوە، ئاژانسی نیشتمانی تاوان لە بەریتانیا رایگەیاند، شەش تۆمەتبارەکە كە كوردیشی تێدایە بە ناوەكانی محەممەد زادە، پارێز عەبدوڵڵا، خالید مەحموود، بێستون ساڵح و گۆربرێت سینگ و ماریك سوشانیچ، بەشێک بوون لە تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە كە بنکەکەیان لە شاری تیسایدی بەریتانیا بوو، پێشتر لەساڵی 2017 لەبەرامبەر وەرگرتنی 5 هەزار تا 10 هەزار پاوەند چەندین كەسیان بە قاچاخ بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تاوانباران بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئوتۆمبێل و بارهەڵگرەكاندا، چەندین كۆچبەریان بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە. پێشتریش ئاژانسی نیشتیمانی تاوان، لەساڵی 2018 بڵاوی كردبووەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دژی تۆڕێکی گومانلێکراوی تاوان، 21 گومانلێکراو کە بە رەگەز کوردن و تۆمەتبارن بە گواستنەوەی نایاسایی سەدان کوردی باشووری كوردستان لە بەریتانیا دەستگیر كراون.
هاوڵاتی بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر لە ئەمڕۆوە دەرۆزەکار و فاڵگرەوە و ئەوانەى لە بەردەم پیشانگاکانی فرۆشتنى ئۆتۆمبێل کاردەکەن و لە ترافیكەکان کەلوپەل دەفرۆشن دەستگیردەکرێن. ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی تەمووزی 2024، نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، بە فەرمانى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە سەر داواکارى و گلەیی و گازاندەى هاووڵاتییان و لە پێناو نەهێڵانى دیارەدەى ناشارستانى و لە چوارچێوەی هەڵمەتی رێگەگرتن لە روونەدانى رووداوى نەخوازرا و دوور لە ئادابى گشتیى و بەهۆی سەرپێچیی و پابەند نەبوون بە بڕیار و رێنمایەکان، لە ئەمڕۆوە چوارشەممە 17ی تەمووزی 2024، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە هەڵمەتی دەستگیركردنى سواڵکەر و فاڵگرەوە و هەموو ئەوانەى لە بەردەم پیشانگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن و ئەو منداڵ و مێردمنداڵانەى لە ترافیكەکان کەلوپەل دەفرۆشن دەستی پێ کرد. بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو ژنانەی بە بیانووی سواڵكردن و فاڵگرتنەوە لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور و باکوورى شارى هەولێر هەن و هەموو ئەو منداڵ و مێرد منداڵانەى کە لە ترافیكەکان کەل و پەل دەفرۆشن و ئەوانەشى کە لە بەردەم پیشەنگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن، دەستگیردەكرێن و رێكاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.