هاوڵاتی ژمارەیەک قوتابی دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکەمن، دوو کەس لەوان لە شاری سلێمانین و یەکێکیان لە قوتابخانەیەکی سەر بە پەروەردەی رۆژهەڵات و ئەوی دیکەش لە قوتابخانەیەکی سەر بە پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانییە، بەگوێرەی زانیارییەکان، قوتابییەکی دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەییش لە هەولێر هەر یەکەمە. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە رووداو بڵاویکردووەتەوە، دوو قوتابی لە هەڵەبجە دووەمن، یەکێکیان ناوی لانە عەزیز شەوکەتە لە ئامادەیی هەڵەبجەی کچان، هەروەها دەرچوویەکی دیکە لە شاری سلێمانی دووەمە؛ قوتابییەکی قوتابخانەی ئامادەیی فامی ناحکومی لە رانیە دووەمە و قوتابییەکی دیکەش لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دووەمە. ئەو دەرچووەی گەرمیان ئەم ساڵ لە قوتابخانەی شەهید ئارام خوێندوویەتی. ئاماژە بەوەکراوە، دوو قوتابی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین سێیەمن؛ یەکێکیان لە ئامادەیی کێوەڕەشە لە رانیە و ئەوی دیکەش لە ئامادەیی سەنگەسەرە. هەروەها لە سنووری ئیدارەی گەرمیانیش دەرچوویەکی 12ی ئامادەیی سێیەمە کە لە قوتابخانەیەکی ناحیەی رزگاری خوێندوویەتی.
هاوڵاتی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی بەغدا دەستگیرکردنی هەشت بازرگانی مادەی هۆشبەری راگەیاند و دەستیش بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەردا گیرا. ئەمڕۆ هەینی 19ی تەموزی 2024، هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی بەغدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، " لە چەند ئۆپەراسیۆنێكدا جیاوازدا لە سنووری بەغدا هەشت بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیركران، هەروەها دەست بەسەر بڕێكی زۆر مادەی هۆشبەر و چەكی سووكدا گیرا". ئاماژە بەوەشكراوە، "بازرگانەكانی ماددەی هۆشبەر بەپێی بڕگەكانی ماددی (٢٨)ی مادەی هۆشبەر فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە". باس لەوەشکراوە، "رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو هەشت داواكراوە گیراوەتەبەر و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری كران، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت و بە سزای خۆیان بگەیەندرێن".
هاوڵاتی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی رایگەیاند، هێزی ئاسمانی عێراقی ژمارەیەک چەکدارانی داعشیان لە سنووری نێوان ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و سەلاحەدین لە زنجیرە چیای حەمرین کردە ئامانج. بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 19ی تەمووزی 2024، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، پاش بەدواداچوونی وردی هەواڵگری بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆر و شانەی بەئامانجکردنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کاتژمێر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هێزی ئاسمانی عێراقی ژمارەیەک چەکدارانی داعشیان لە سنووری نێوان ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و سەلاحەدین لە زنجیرە چیای حەمرین کردە ئامانج. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە راگەیێنداوەکەیدا ئەوەشی خستۆتەڕوو، دواتر زانیاری ورد لە بارەی هێرشە ئاسمانییەکەی چیای حەمرین بڵاودەکەنەوە.
هاوڵاتی ئارام عەلی دەڵێت، ئاگر له دوو كۆگای ناوچهی پیشهسازیی یهك له سلێمانی كهوتووهتهوه. ئەمڕۆ هەینی 19ی تەمووزی 2024، ئارام عەلی وتەبێژی بهرگریی شارستانیی سلێمانی رایگهیاند، بەیانی ئەمڕۆ رووداوی ئاگر کەوتنەوە كه له ناوچهی پیشهسازی سلێمانی روویداوە بەهۆیەوە دوو كۆگا سوتاون و تیمهكان ئاگرهكهیان كۆنترۆڵكردووه. دەشڵێت، تیمهكانمان گهیشتوونهته شوێنی ئاگرهكه و دوای ههوڵێكی زۆر ئاگرهكهیان كۆنترۆڵ كرد. ئەوەشی خسۆتەڕوو، كه ئاگرهكه زیانی گیانی نهبووه، بهڵام زیانی ماددی زۆری ههبووه. ئارام عهلی ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا هۆكاری ئاگركهوتنهوهكه دیار نییه و لێكۆڵینهوهیان دهستپێكردووه.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی،سلێمانی سوپای ئیسرائیل، بە درۆن هێرش کرایە سەر شاری تەلئەڤیڤ و بەهۆیەوە کوژراو بریندار هەیە. ئەمڕۆ هەینی 19ی تەمووزی 2024، پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، بە درۆن هێرشکراوەتە سەر شاری تەلئەڤیڤ و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و سێکەسی دیکەش برینداربوون و بۆ نەخۆشخانە گوزراونەتەوە. هەروەها مێدیاکانی ئیسرائیل لە زاری خەڵکی بڵاویانکردەوە، دەنگێکی بەهێزی تەقینەوەیەک لە شەقامی بن یەهودا تەلئەڤیڤی هەژاندووە. پۆلیس ئیسرائیل لای خۆیانەوە دەڵێن، کە شوێنی تەقینەوەکەی داخستووە و تیمەکانی تەقەمەنی وێڕای لێکۆڵینەوە بەدوای پارچەی پاشماوەی تەقینەوەکەدا دەگەڕێن، هەرچەندە پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، تەقینەوەکە بەهۆی هێرشی درۆنەوە بووە. لەلایەن خۆیەوە یەحیا سەریع گوتەبێژی چەکداری گرووپی ئەنساروڵڵای حووسییەکانی یەمەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووتەوە، لە هێرشێکی جۆریی و تایبەتدا ئەلئەڤیڤی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و دواتر چۆنێتی ئۆپراسیۆنە جۆرییەکە ئاشکرا دەکەن. هاوکات، سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە، بەر لە تەقینەوەکە لە سیستمی چاودێری ئاسمانییەوە هیچ تەنێکی نامۆیان بەدی نەکردووە کە ئاسمانی ئیسرائیلی بەزاندبێت تاوەکوو زەنگی هۆشیارکەرەوە لێبدات.
هاوڵاتی لیژنەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دوای سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و وردبینی لە لیستی ناو و مووچەدا، چەند تێبینییەکی داوەتە هەرێمی کوردستان. بەپێی زانیارییەکان لیژنەکە رایگەیاندووە "کێشەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر دەکرێت". لە 8ی تەممووز، لیژنەیەکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ وردبینی لە ناو و لیستی مووچەی مووچەخۆران (سەربازی و مەدەنی) سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لیژنەکە بە هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە، "کێشەیەکی ئەوتۆ نەماوە و بەمزووانە کێشەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر دەبێت". لەبارەی کێشەی مووچەی سەربازیشەوە، لیژنەکە بە هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، پێشمەرگەی لیواکانی بەرگری و فریاکەوتن و نەوت و گاز بخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و یەکەکانی 70 و 80ش بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. سەرەتای ئەم هەفتەیە، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینییان لە لیستی مووچەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان تەواوکرد و "هیچ کێشەیەک لە لیستی میلاکات و مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیەدا نەبووە".
هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە رایدەگەیەنێت، هێزەکانیان داگیرکەری زاب و خاکورکیان کردە ئامانج، هەروەها چوار ئۆتۆمبێلی سەربازییان تێکشکاند. ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی تەموزی 2024، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە رایگەیاند، "گەریلاکانی ئازادیی کوردستان زنجیرەیەک چالاکییان لە ناوچەکانی خاکورک و هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاب دژ بە سوپای تورکیا ئەنجامدا". ئاماژە بەوەکراوە، "رۆژی 15ی تەموزی 2024، لە دوو قۆڵەوە لە ناوچەی سەرکەلی دوو کاروانی سوپای تورکیایان کردە ئامانج، لەو چالاکییەدا دوو زرێپۆشی جۆری کیربی کرانە ئامانج و دوو بارهەڵگری سەربازی تورکیاش تێکشکێندران، بەڵام ژمارەی ئەو سەربازانەی تورکیا دیارنین کە کوژراون". هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی هەپەگە بێت، "دوێنێ 17ی تەموز هێزەکانی گەریلا دوو چالاکیان لە هەرێمی شەهید دەلیل لە رۆژئاوای زاب دژ بە سوپای تورکیا ئەنجامدا، گورزی تووندیان لێوەشاندون، هەروەها لە رۆژانی 14 و 17ی تەموز هێزەکانی گەریلا دوو چالاکییان لە ناوچەی خواکورک ئەنجامداوە بەرپەرچی ئەو هێلیکۆپەتەریان داوەتەوە کە هەوڵیانداوە بنکەی سەربازی لە ناوچەکە دابمەزرێنن". لە راگەیەندراوەکەدا هەپەگە ئاماژەی بەو هێرشانە کردووە کە لە رۆژەکانی 17 و 18ی تەموز ئەنجامیان داوە، لە رۆژی 17ی ئەم مانگە تورکیا مەیدانەکانی شەهید شەریف و کۆلێت لە ناوچەی خاکورک سێ جار، گۆڕەپانی دێرش لە ناوچەی کاری جارێک، گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار و گردی ئامدە لە ناوچەی شەهید دەلیل لە رۆژئاوای زاب بوون دوو جار بۆردوومان کراوە، بە گشتی شەش جار تورکیا بۆردوومانی ئەو ناوچانەی کردووە". ئەوەش هاتووە، "لە رۆژی 18ی مانگ تورکیا گۆڕەپانی بەرخۆدانی لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل لە رۆژئاوای زاب بە فڕۆکە بۆردوومان کردووە، بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە ناوچەکە کەوتەوە".
هاوڵاتی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، دەستگیرکردنی هەشت کەسی راگەیاند کە هەوڵی دەربازبوونیان لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک دەدا. ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی تەموزی 2024، فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی هەشت کەسی راگەیاند لەلایەن هێزەکانیان لە سنووری پارێزگای دهۆک، کە هەوڵیانداوە بەشێوەیەکی نایاسایی دەربازی سنوور بن. ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەو هەشت کەسەی دەستگیر کراون شەش کەسیان هاووڵاتی بیانین و دوو کەسی دیکەیان رەگەزنامەی عێراقییان هەیە". فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور روونیکردووەتەوە، "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکراوەکان کراوەتەوە و ڕێککاری یاسایی پێویست بەرامبەریان گیراوەتەبەر".
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی کورتهێنان لەو پارەی کە بەغدا ناردوویەتی تەنها مووچەی یەک مانگی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی دابەشکرد، هەروەها بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانیش مووچەکانیان لێی بڕاوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی هاوڵاتی وەریگرتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی تەموزی 2024 بەپێی ئەو خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردبووەوە مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80 و لیوا هاوبەشەکان مووچەی هەردوو مانگی چوار و پێنجیان وەرگرت، بەڵام لە دابەشکردنی مووچەدا کێشە هەبوو بەشێک لە هێزەکانی 70 و خانەنشینانی پێشمەرگە تەنها مووچەی مانگی پێنجیان پێدراوە. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی کە لە چەند سەرچاوەیەکی تایبەت وەریگرتووە، کارمەندانی بەرگریی فریاکەوتن بڕی 100 هەزار و یەکەی پاسەوانی بڕی 60 هەزار دینار لە مووچەکانیان بڕاوە. سەرچاوەیەکی تایبەتیش کە نەیویست ناوێ ئاشکرابکرێت لە هێزەکانی 80 بە هاولاتی راگەیاند، "ئەمڕۆ مووچەمان وەرنەگرتووە و لەکاتێکدا بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی بوایە دەبوو ئەمڕۆ مووچەی یەکەی 80 دابەشبکرێت". وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەوەی بڕی 26 ملیار و 790 ملیۆن دینار کورتهێنان لە مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە هەیە کێشەی لە دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان دروستکردووە، چونکە بەغدا دوای وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەغدا مووچەی هێزەکانی رۆژ و حسێن یەزدان پەنا و هێزە بیانییەکانی بڕی.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، رەتیدەكاتەوە پەیوەندی بەو پەیجانەوە هەبێت كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان "زیادەڕۆیی دەكەن لە ستایشكردنی حكومەت و سەرۆك وەزیران". ئەمڕۆ پێنج شەممە، 18ی تەمووزی 2024، نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەتەوەو راگەیاند، رەتیدەكاتەوە پەیوەندی بەو پەیجانەوە هەبێت كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان "زیادەڕۆیی دەكەن لە ستایشكردنی حكومەت و كەسی سەرۆك وەزیران. دەشڵێت، ئەم شێوازە لە ستایشكردن ئامانج لێی لێدان لە متمانەی هاوڵاتیان و چەواشەكردنی جەماوەرەو ئەوانەی لە پشت ئەو پەیجانەوە، لەو لایەن و بازنانەن كە بەهۆی هەنگاوەكانی روبەڕووبونەوەی گەندەڵییەوە زیانیان بەركەوتووە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، حكومەت هێشتا كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی دەكات و بەردەوامە لە تەواوكردنی پرۆژەكامە لە بواری گەشەپێدان و چاكسازیدا، لە هیچ قۆناغێكدا شێوازی ستایشكردن بەشێك نەبووە لە سیاسەتەكانی، ئەم شێوازە زیان بە خۆی و تیمەكەی دەگەیەنێت، بەتایبەتیش ئەو كارانەی كە حكومەت ئەنجامی دەدات ئەركی خۆیەتی. جێگەی ئاماژەیە، ئەم راگەیەندراوە دوای ئەوە دێت بەمدواییە لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە سودانی تۆمەتبار دەكرێت بەوەی هاوشێوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق پارەیەكی زۆری حكومەت بە خەرج دەدات بۆ كڕین و بەڕێوەبردنی پەیجەكان لەناو تۆڕی كۆمەڵایەتی، بەمەبەستی جوانكردنی وێنەی خۆی و كارەكانی حكومەتەكەی.
هاوڵاتی بەهۆی ئەو کەموکورتی و کەمتەرخەمیانەی لە پڕۆژەیەکەدا هەبوون و بەهۆیەوە کرێکارێک گیانی لەدەستدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاریدا کارکردن لە پرۆژەکەدا رابگیرێت. ئەمڕۆ پێنج شەممە، 18ی تەمووزی 2024، عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی رایگەیاند، بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی تێیدا، کارکردن لەو پرۆژەیەدا راگیرا کە سەرەتای ئەم هەفتەیە کرێکارێک لێیکەوتەخوارەوە و گیانیلەدەستدا. عوسمان زیندانی دەشڵێت، دوای رووداوەکە سەرەتا سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە رێگەیان نەدا بچینە شوێنی رووداوەکە، بۆیە دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ پشکنەرێکی وەزارەتی کار سەردانی شوێنەکەمان کرد، بۆمان دەرکەوت سەرجەم ئاسەوارەکانی رووداوەکەیان نەهێشتووە. سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەهۆی ئەو کەموکورتیانەی لە شوێنی کارەکەدا هەیە لەگەڵ ئەو کەمتەرخەمیانەی کراوە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاریدا کارکردن لە پرۆژەکەدا رابگیرێت. دەشڵێت، لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکە قسەم کردووە، ئەوان بە نیازن لە دادگا داوای یاسایی تۆماربکەن و داوای مافی کوڕەکەیان بکەن کە بەهۆی کەمتەرخەمی خاوەن پرۆژەکەوە گیانیلەدەستداوە. جێگەی ئاماژەیە، شەممەی رابردوو گۆران ئەکرەم کە کرێکاری بیناسازی بوو، لە کاتی کارکردن لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی لە نهۆمی 40 کەوتەخوارەوە و گیانیلەدەستدا.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی سێ هاوڵاتی لە لایەن تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان رفێنران و هۆکاری رفاندنی دوویانیان بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز دەگەڕێتەوە. ئەمڕۆ پێنج شەممە، 18ی تەمووزی 2024، میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، لە 12ی ئەم مانگە دوو گەنج لە گوندی خەلالکا لەلایەن تورکیا رفێنراون و بەڵام دوای وەرگرتنی پارە لە بەرامبەریان ئازادیان کردن و ئێوارەی دوێنێ دووبارە رفێنرانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتییەکی تریش کە تەمەنی 40 ساڵە لە لایەن تورکیاوە رفێنراوەو تا ئێستا بێ سەروشوێنە. بە پێی ئەو زانیارییانەی میدیاکان باسی لێوەدەکەن، سەڵاح رەشید کۆربلوی تەمەن 20 ساڵە و محەمەد خەلیل حاج قەنبەری تەمەن 24 ساڵە لە گوندی خەلالکا لە ناوچەی بلبل و محەمەد حەسەن سیدۆی تەمەن 40 ساڵان لە شاری موباتای سەر بە کانتۆنی عەفرین لە لایەن تورکیاوە رفێنراون. دەشڵێن، هۆکاری رفاندنی ئەو دوو گەنجە بەهۆی کردنەوەی ئاگرى نەورۆزەوە بووە هەرچەندە کە زیاتر لە سێ مانگی بەسەردا رۆیشتووە، بەڵام هۆکاری رفاندنی هاوڵاتییە تەمەن 40 ساڵانەکە تاوەکو ئێستا نازانرێت.
هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەغدا لەگەڵ كوتلە سیاسییەكانی كەركوك كۆدەبێتەوە و ئامانجیش لە کۆبوونەوەکە یەکلایکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی تەمووزی 2024، محەمەد ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ كوتلە سیاسیەكانی كەركوك كۆدەبێتەوە بۆ یەكلایكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك. محەمەد ئیبراهیم لە لێدوانێكدا بۆ کەناڵی (الرابعە)ی ئەوەی خستۆتەڕوو، یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك و پۆستە سەرەكییەكانی تری پارێزگاكە، بەرەو چارەسەربوون دەڕوات. دەشڵێت، گفتوگۆی نێوان كوتلە سیاسیەكانیش بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك بەچڕی بەڕێوەدەچێت. ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگاکە، پێشبینیش دەکات پۆستی پارێزگاری كەركوك لەماوەی كەمتر لە یەك مانگدا یەكلاببێتەوە، وتیشی: دیدارەكەی ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو دۆسیەیە.
هاوڵاتی نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، هەتا ئێستا 620 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانمان وەرگرتوو، کە دەکاتە 90% ئەو پشکەی بەغدا بۆ بۆ هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی تەمووزی 2024، نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا 620 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانمان وەرگرتووە، کە دەکاتە لە 90%ی ئەو پشکەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە. دەشڵێت، رۆژى 20ی ئەم مانگە کۆتا وادەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمە، ئەو بڕەی کە ماوەتەوە تا ئەو کاتە وەری دەگرین. جێگای ئاماژەیە، ماوەی 40 رۆژ دیاریکرابوو بۆ وەرگرتنی 700 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێم، بەپێی بڕیاری بەغداش دەبێت بۆ هەر تۆنێکی گەنم 850 هەزار دینار بدرێتە جوتیارانی هەرێم.
هاوڵاتی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تەمووزی مووچەخۆرانی هەرێم لە کۆتاییداو رەوانەی بەغدا دەکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی تەمووزی 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی حەوت لە کۆتاییدایەوە و رەوانەی بەغدا دەکرێت. دەشڵێت، لە کۆتایی ئامادەکارییەکانی لیستی موچەی مانگی حەوتدان، وردبینی بۆ لیستی موچەخۆران تەواو بووە و بەشیوەی ئەلیکترۆنی ئەمادەیە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەگەر هیچ گرفتێکی تەکنیکی دروستنەبێت، بەشیوەی چاپکراویش ئەمڕۆ تەواو دەبیت و رەوانەی بەغدای دەکەین. سەرچاوە، کەناڵ8