هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەلی عەلی بەگ لە سنووری ئیدارەی سۆران کەسێک خنکا کە خەڵکی کفریە و بە مەبەستی گەشت هاتوونەتە ناوچەکە. ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی تەموزی 2024، رەوند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی سۆران بە هاوڵاتی راگەیاند، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هاوڵاتییەک کە خەڵکی قەزای کفریە بە مەبەستی گەشت لەگەڵ چوار هاوڕێی سەردانی ناوچەکەیان کردبوو لە گەلی عەلی بەگ خنکا". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کەسەی خنکاوە ناوی (زیاد عەبدولقادر)ە و تەمەنی 49 ساڵە بە ڕەگەز تورکمانە و دانیشتووی شاری هەولێرە لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە و تیمەکان سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمەکەین".
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی لە شوباتی ساڵی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، کە دەیان هەزار ئۆکرانی کوژران و ئاوارەبوون، هەروەها بەشێكی زۆریان بە زۆرەملێ گواسترانەوە بۆ خاکی رووسیا، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیاش لەلایەن رووسیاوە داگیر کراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی تەمووزی 2024، دیمیترۆ بوهاتیوک بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیایە، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئۆکرانیا 'یوکرینفۆرم'ی راگەیاندووە، لە دەستپێکی شەڕەوە کە لە نێوان ئۆکرانیا و رووسیادا روویداوە 42 هەزار هاوڵاتی مەدەنی و سەربازی ونبوونە، دەشڵێت، لەوانەیە ژمارەکە بگاتە 51 هەزار کەس. بوهاتیوک ئەوەشی خستۆتەڕوو، کۆی ژمارەی بێسەروشوێنەکان کەمی کردووە دوای ژماردنی هەزاران دیلی جەنگ لە لایەکی دیکەشەوە ناسینەوەی ئەو مردووانەی لە بەرەکانی شەڕدا دەدۆزرێنەوە. باسی لەوەشکردووە، وەزارەتی بەرگری نمونەی بۆماوەیی لەو سەربازانە وەرناگرێت کە دەیاننێرن بۆ گۆڕەپانی جەنگ.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرێتى خۆسەرى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا بڕیاری لێبوردنی گشتی دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارەکەش لێبوردن ئەوانە ناگرێتەوە کە بە تاوانی تیرۆر و کوشتن سزادراون. ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی تەمووزی 2024، بەڕێوەبەرێتى خۆسەرى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا بڕیارى لێبووردنى گشتى دەرکرد و بەگوێرەى بڕیارەکە "لێبووردنە گشتییەکەى بەڕێوەبەرێتى خۆسەر تۆمەتبارانى دۆسیەى تیرۆر و تاوانەکانى دیکەش دەگرێتەوە بەمەرجێک سووری بن". لە بڕیارەکەدا هاتووە، بڕیارەکە ئەو زیندانییانە دەگرێتەوە کە نیوەى سزاى زیندانییەکەیان بەسەربردووە". ئاماژە بەوەش کراوە "ئەو کەسانەى سزاى زیندانیی هەتاهەتاییان هەبووە سزاکەیان دەگۆڕێت بۆ 15 ساڵ بەندکردن". ئەوەشخراوەتەڕوو، هەموو ئەو زیندانییانەى نەخۆشیی درێژخایەن و چارەسەرنەکراویان هەیە ئازاد دەکرێن". بەگوێرەى بڕیارەکەى بەڕێوەبەرێتى خۆسەر"هەر زیندانییەک تەمەنى 75 ساڵ یان زیاتر بێت ئازاد دەکرێت". جەختیشکراوەتەوە "لێبووردنەکە بەرپرسانى رێکخراوە تیرۆریستییەکان و چەکدارانى تیرۆر ناگرێتەوە".
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی شەش تۆمەتبار كە كوردیشی تێدایە، بەشێک بوون لە تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە كە بنکەکەیان لە شاری تیسایدی بەریتانیا بوون و بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئوتۆمبێل و بارهەڵگرەكاندا، چەندین كۆچبەریان بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە لە لایەن دادگایەکی بەریتانیا سزا دران. دادگایەكی شاری نیوکاسڵ لە بەریتانیا شەش كەسی بە تۆمەتی قاچاخچێتی و گواستنەوەی نایاسایی سەدان کۆچبەری کوردی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا سزا دا، بەڵام ئاماژە بە جۆری سزاكە نەدراوە. لەم بارەیەوە، ئاژانسی نیشتمانی تاوان لە بەریتانیا رایگەیاند، شەش تۆمەتبارەکە كە كوردیشی تێدایە بە ناوەكانی محەممەد زادە، پارێز عەبدوڵڵا، خالید مەحموود، بێستون ساڵح و گۆربرێت سینگ و ماریك سوشانیچ، بەشێک بوون لە تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە كە بنکەکەیان لە شاری تیسایدی بەریتانیا بوو، پێشتر لەساڵی 2017 لەبەرامبەر وەرگرتنی 5 هەزار تا 10 هەزار پاوەند چەندین كەسیان بە قاچاخ بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تاوانباران بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئوتۆمبێل و بارهەڵگرەكاندا، چەندین كۆچبەریان بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە. پێشتریش ئاژانسی نیشتیمانی تاوان، لەساڵی 2018 بڵاوی كردبووەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دژی تۆڕێکی گومانلێکراوی تاوان، 21 گومانلێکراو کە بە رەگەز کوردن و تۆمەتبارن بە گواستنەوەی نایاسایی سەدان کوردی باشووری كوردستان لە بەریتانیا دەستگیر كراون.
هاوڵاتی بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر لە ئەمڕۆوە دەرۆزەکار و فاڵگرەوە و ئەوانەى لە بەردەم پیشانگاکانی فرۆشتنى ئۆتۆمبێل کاردەکەن و لە ترافیكەکان کەلوپەل دەفرۆشن دەستگیردەکرێن. ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی تەمووزی 2024، نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، بە فەرمانى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە سەر داواکارى و گلەیی و گازاندەى هاووڵاتییان و لە پێناو نەهێڵانى دیارەدەى ناشارستانى و لە چوارچێوەی هەڵمەتی رێگەگرتن لە روونەدانى رووداوى نەخوازرا و دوور لە ئادابى گشتیى و بەهۆی سەرپێچیی و پابەند نەبوون بە بڕیار و رێنمایەکان، لە ئەمڕۆوە چوارشەممە 17ی تەمووزی 2024، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە هەڵمەتی دەستگیركردنى سواڵکەر و فاڵگرەوە و هەموو ئەوانەى لە بەردەم پیشانگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن و ئەو منداڵ و مێردمنداڵانەى لە ترافیكەکان کەلوپەل دەفرۆشن دەستی پێ کرد. بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو ژنانەی بە بیانووی سواڵكردن و فاڵگرتنەوە لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور و باکوورى شارى هەولێر هەن و هەموو ئەو منداڵ و مێرد منداڵانەى کە لە ترافیكەکان کەل و پەل دەفرۆشن و ئەوانەشى کە لە بەردەم پیشەنگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن، دەستگیردەكرێن و رێكاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.
هاوڵاتی تیدرۆس ئهدهانۆم دەڵێت، لە ههر ساتێك بێت، پهتایهكی نوێ له جیهاندا بڵاودهبێتهوه. تیدرۆس ئهدهانۆم سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، لەهەر ساتێکدا بێت پەتایەکی نوێ لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە و بڵاوبونهوهی ئهم پهتایەش ئهنفلوهنزای باڵندهمان بهبیر دههێنێتهوه. سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، هۆشداریی دا و وتی بڵاوبونهوهی ئهم پهتایه ئهنفلوهنزای باڵندهمان بهبیر دههێنێتهوهو پهتا نوێیهكه، كه ئهدهانۆم ناوی نههێناوه، نزیكه و وهك خۆی دهڵێت: چاوهڕیمان ناكات و ههر كاتێك بێت بڵاودهوبێتهوه". جێگەی ئاماژەیە، قسەکانی تیدرۆس ئهدهانۆم سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لهكاتی بهشداریكردنی له كۆبونهوهی دهستهی راوێژی حكومیی نێودهوڵهتی بوو کە له شاری جنێف گرێ درابوو بۆ دانانی رهشنوسێك لهسهر چۆننێتیی خۆپاراستن له پهتا.
هاوڵاتی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی، دەوڵەتی تورکیا داوای بەرامبەرمان لێدەکات بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر رێبەری پەکەکە و ئێمەش بە هەموو شێوازێک ئەم شێوازی مامەڵە کردنە رەتدەکەینەوە و دەشڵێت، "رێبەرایەتیمان هەرگیز نابێتە بابەتی سەودای مامەڵە". دوێنێ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی، بە مەدیا خەبەری راگەیاند: چەند زانیارییەکمان پێگەیشووە لە کەسە نزیکەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە هەندێک مەرجیان بۆمان دیاریکردووە و دەڵێن ئەگەر بۆمان جێبەجێ بکەن، رێگەدەدەین براکەی عەبدوڵا ئۆجەلان و دواتریش لە پارێزەرەکانی چاویان پێی بکەوێت لە زیندانی ئیمڕاڵیدا. بەسێ هۆزات ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە رێبەری پەکەکە هەر لە سەردەمانێکی زوو باسی لەوەکردووە و پێمانی وتووە، "من بارمتەم بەدەستی دەوڵەتی تورکەوە" و بەم شێوازە پێناسەی خۆی بۆمان کردووە، بەردەوام ئەم شێوازی مامەڵەکردنەش لە دەوڵەتی تورکیا دەبینن کە داوایی بەرامبەرمان لێدەکەن لە پێناو هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر رێبەری پەکەکە و ئێمەش لای خۆمانەوە بە هەموو شێوازێک ئەم جۆرە مامەڵکردنانە رەتدەکەینەوە. باسی لەوەشکردووە، ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلا، رێبەری پەکەکە لە زیندانی ئیمراڵیدا مافێکی یاسایی هەر تاکێکە کە لە زینداندا بێت، نەک دەوڵەتی تورکیا بیکات بەسەودای مامەڵکردن پێوەی. هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی وتیشی، ئێستا لە تورکیادا چەندین رۆشنبیر و سیاسەتمەدار و نووسەر هەن کە بانگەشەی پاراستنی سەروەری یاسا دەکەن، خەبات بۆ یاسا دەکەن، خۆیان بە کەمالیست، چەپ یان سۆسیالیست پێناسە دەکەن، بەرگری لە بەهاکانی کۆمار دەکەن و خۆیان وەک رۆشنبیر پێناسە دەکەن، لە هەمانکاتدا یاسا و دادپەروەری و دیموکراسی لەلایەن تورکیاوە وەک مافێکی سەرەتایی مرۆڤ پێناسە دەکرێت، بەڵام ئەوەی دەیبینین لە زیندانی ئیمڕاڵیدا سەرجەم یاساکانی دەوڵەتی تورکیا و یاسا نێودەوڵەتییەکانیش پێشلێکراون.
هاوڵاتی سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاندوە، کە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی سەرەتایی ئەم ساڵەوە نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر زیادیکردووە. ئەم سەرچاوەیە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی مووچەخۆرانی ئاشکراکردووە و ئەوەی خستۆتەروو، لەماوەى شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ چەندین دامەزراوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێویستیان بە دامەرزاندن بووە و بەشێک لەوانە بە گرێبەست دامەزراون. دەشڵێت، ژمارەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان نزیکەى یەک ملیۆن و 205 هەزار کەسە و سەرجەم داتاى مووچەخۆران دراوەتە دیوانى چاودێریى دارایى و وەزارەتى دارایى عێراق. باسی لەوەشکردووە، تا کۆتایى ساڵى رابردوو ژمارەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان یەک ملیۆن و 180 هەزار کەس بووە. جێگەی ئاماژەیە، بەگوێرەى یاساى بودجەى 2024، بڕى 11 تریلیۆن و 557 ملیار دینار بۆ مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان تەرخانکراوە کە مانگانە 963 ملیار دینار دەکات. سەرچاوە، کەناڵ 8
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان میلیشیا چەکدارەکانی عێراق هێرشیانکردە سەر سوپای ئەمەریکا لە بنکەی عەین ئەسەد. ئەمڕۆ چورشەممە، 17ی تەمووزی 2024، دوو سەرچاوەی سەربازی عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کە میلیشیا چەکدارەکانی عێراق بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژكراو بنكەی سەربازی "عەین ئەسەد"ی ئاسمانیان كردووەتە ئامانج، كە میوانداری هێزەكانی ئەمریكا و نێودەوڵەتیەكانی كردووە لە خۆرئاوای وڵات. سەرچاوەکان ئەوەشیان بۆ ئاژانسەکە خستۆتەڕوو، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هاوكات بەرپرسێكی سەربازی عێراقیش لەم بارەیەوە ئەوەی ئاشکرا کردووە، سیستمی بەرگری ئاسمانی فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی لە نزیكی بنكەكە خستووەتە خوارەوە. ئەم هێرشەی میلیشیا چەکدارەکانی عێراق لە کاتێکدایە بۆ سەر بنکە عەین ئەسەد، کە چاوەڕەوان دەكرێت لەم رۆژانەدا وەفدێكی سەربازی باڵای عێراق سەردانی واشنتۆن بكات، بۆ درێژەدان بە گفتوگاكان لەبارەی كۆتایهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات. جێگەی ئاماژەیە، کە ئەوە بەیەكەم هێرش دادەنرێت بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، لە سەرەتای مانگی شوباتی رابردووەوە، كە لەو كاتەوە گروپە چەكدارە شیعەكانی هاوپەیمانی ئێران هێرشەكانیان بۆ سەر سوپای ئەمریكا راگرتووە.
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرقاڵی چارەسەکرنی کێشەیەکە لە گەڵ ئیتاڵیا، کە پەیوەستە بە سەپاندنی سزا بەسەر بانکی ناوەندیی عێراقدا و ماوەی 40 ساڵە چارەسەر نەکراوە. لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا خالید یەعقوبی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، داهات و سەرمایەی عێراق پارێزراوە، کە بەگوێرەی فەرمانێکی جێبەجێکردن، هەموو ساڵێک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نوێیدەکاتەوە، بەڵام هێشتا لەگەڵ چەندین دەوڵەت کێشەیان هەیە، ئەویش بەهۆی ئەو سزایانەی کە بەسەر بانکی ناوەندیی عێراقدا سەپاندوویانە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، ماوەیەک بە هێمنی محەمەد شیاغ سودانی سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لێپرسراوانی ئیتاڵیا، بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکە کە تەمەنی نزیکەی 40 ساڵە. خالید یەعقوبی دەشڵێت، بەهۆی ئەو سزایانەوە عێراق ناتوانێت مووچە بۆ کارمەندانی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئیتاڵیا رەوانە بکات، چونکە راستەوخۆ دەستیبەسەردا دەگیرێت. بەهۆی ئەو کێشەیەشەوە، تیمی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئیتاڵیا، ناچارن بچنە وڵاتی پۆڵۆنیا مووچەکانیان بهێنن.
هاوڵاتی بڕیاردرابە كۆتایی هێنان بە وەرزی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیارانی هەرێم و، 20ی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان كۆتایی دێت. ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2024، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، "لیژنەی ناوەندی بەبازاڕکردنی سەر بە کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە بە سەرۆكایەتی حەیدەر نوری گڕاوی، بەڕێوەبەری گشتی دانیشتنی ژمارە 20ی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین و دوایین پێشهاتەکانی وەرزی بەبازاڕکردنی بەروبوومی گەنم". ئاماژە بەوەکراوە، "لیژنەکە گرنگترین پرسەکانی بەرنامەی کارەکەی تاوتوێ کردووە و بە کۆی دەنگ بڕیاری دا لە 20ی مانگی تەمموزی ئەمساڵ وەرزی بەبازاڕکردن لە هەرێمی کوردستان دابخرێت بۆ ساڵی 2024 لە (هەولێر، دهۆک، سلێمانی)". لە میانی دانیشتنەکەدا جەخت لەوەکرایەوە، کە ستافی تەکنیکی و کارگێڕی بەردەوام دەبن لە پرۆسەی وەرگرتن و دابەزاندنی ئۆتۆمبێل تا درەنگانی شەو بۆ وەرگرتنی زۆرترین بڕی گەنمی ماوەتەوە بۆ پشکی هەرێم، لەگەڵ ڕێنماییەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لە بەشی کۆنترۆڵ و ئەندازیاری و تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ بەدواداچوون و چالاککردنی سیستەمی پەنجەمۆری شەوانە بۆ کاری فەرمانبەران.
هاوڵاتی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان چارەسەركرا و هەفتەی داهاتوو مووچەکەیان دابەش دەكرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2024، میدیاكانی پارتی لە زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاویانكردەوە، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبای هەرێمی کوردستان وسەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان چارەسەركراوە. ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە، لە كۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵییەوە خەرج دەكرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەكرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2024 بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکانی رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد و رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دابەشدەکرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی نارد و مووچەی هێزەکانی رۆژ و حسێن یەزدان پەنا و هێزە بیانییەکانی بڕیوە. ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2024، غالب محەمەد، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "وەزارەتی دارایی و ئابووری، خشتەی مووچەی هێزئەمنییەكانی بڵاوكردەوەو ئاماژە بەوەدەكات، بڕی 26 ملیار و 790 ملیۆن دینار کورتهێنان لە کۆی مووچەی ئەو دوو مانگەی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان دروست بووە، بەغدا نەیناردووە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوەش بودجەی هێزەكانی رۆژ كە پاراستنی هێزەكانی توركیای لە ئەستۆیە لە هەرێمی كوردستان و هێزەكانی حسێن یەزادان پەنا كە ماوەیك دژ بە خۆپیشاندان بەكاریان دەهێنا". ئەوەشی وتوە، "ئێستا دەبێت بۆ خەڵك و هێزە ئەمنییەكان دەركەوتبێت كە قسەكانی ئێمە هەمووی راستبوو كە دەمانوت ئەم هێزانە لە بودجەی هەرێم پارەیان پێ دەدرێت و خەریكی پاراستنی بنەماڵەی بارزانین و هێزی توركیان، هەروەها بەهۆی بندیوارەكان و ئەو هێزانە، هێزی راستەقینەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان بێ مووچە بوون".
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 49 كەس لە غەززە كوژراون و 69ی دیكەش بریندار بوون. ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، وەزارەتی تەندرووستی غەززە رایگەیاند، لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا 38 هەزار و 713 هاوڵاتیی غەززە كوژراون و 89 هەزار و 166 كەسیش برینداربوون. ئاماژە بەوەش كراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 49 كەس لە غەزە كوژراون و 69ی دیكەش بریندار بوون. تەندروستی غەززە، دەشڵێت، 284 رۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها 10 هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش لای خۆیەوە ، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە هەزار و 404 كەس و نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی بەهۆی گەردەلوول و بارانی بەخوڕ لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان 35 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیش برینداربوون. ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، سدیقوڵڵا قوڕەشی، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن و رۆشنبیری ویلایەتی نەنگەرهار، رایگەیاند، بەهۆی گەردەلوول و بارانی بەخوڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لانیکەم 35 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەروەها ژمارەیەکی زۆر بەو هۆیەوە بریندار بوون. دەشڵێت، لەنێو مردووان و بریندارەکاندا ژن و منداڵ هەن، هەروەها زریانەکە چەندین موڵک و بەروبوومی ناوچە جیاجیاکانی ویلایەتەکەی لەناوبردووە. ئاماژەی بەوەشداوە، لەنێو مردووان پێنج ئەندامی یەک خێزان هەبوون، کە بەهۆی داڕمانی سەربانی ماڵەکەیان لە ناوچەی 'سورخ روود' گیانیان لەدەستداوە، هەروەها چوار ئەندامی دیکەی خێزانەکەش بریندار بوونە. لەم بارەیەوە، ئەمینوڵڵا شەریف، بەرپرسی نەخۆشخانەی ناوچەیی لە نەنگەرهار باسیلەوەکردووە، 207 کەسی بریندار لە جەلال ئابادی پایتەختی ویلایەتەکە و ناوچەکانی دراوسێیەوە بۆ تیمارکردن گواستراونەتەوە و دەیان کەسیش لە دانیشتووانی ناوچەکە لە نەخۆشخانەکانن بۆ بەخشینی خوێن بە بریندارەکان.