هاوڵاتی دیبەیتی دووهەمی نێوان پاڵێوراوانی سەرۆککۆماری ئێران، سەعید جەلیلی و مەسعوود پزشکیان، شەوی سێ شەممە 2ی تەمووز ، کاتژمێر 9:30 بە کاتی ئێران بەڕێوەچوو و لە تەلەفیزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاوکرایەوە. دیبەیتی نێوان دوو پاڵێوراوی سەرۆککۆماری کە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین دەنگیان هێنابوو، بڕیار بوو باسکردن بێت دەربارەی ئابووری و ئابووری ئێران، بەڵام زۆر زوو باسەکە گۆڕا بۆ پرسە سیاسییەکان و بە تایبەت جیاوازی بۆچوونی دوو لایەن دەربارەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری ئێران. جیاوازی بۆچوونی ئەم دوو پاڵێوراوەی سەرۆککۆماری کە وا دەرئەکەوێت سەر بە دوو رەوتی جیاواز بن، لە دیبەیتی یەکەمیشدا کە شەوی دووشەممە 1ی تەمووز بەڕێوە چوو دەرکەوتبوو، بەڵام لە دیبەیتی دووهەمدا جیاوازییەکان زیاتر دەرکەوتن و دوو پاڵێوراو هێرشی توندیان کردە سەر یەکتر. مەسعوود پزشکیان کە لە لایەن ریفۆرمخوازەکانەوە پشتیوانی ەکرێت، لە بەشی یەکەمی قسەکانیدا جارێکیتر رەخنەی لە هەنگاوەکانی پەرلەمانی ئێران دەربارەی دۆسییەی ناوەکی ئێران گرت و وتی ئەبێ بە هاوکاری پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای ئاسایش چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە. بەڵام پزشکیان باسی لەوە نەکرد کە مەبەستی لە چارەسەر چییە و رێکارەکانی چین. پزشکیان جارێکیتر رەخنەی لە روانگەی سیاسی سەعید جەلیلی، گرت و لای وابوو ئەو جۆرە سیاسەتەئەبێ بە هۆی ئەوەی گەمارۆکان لە سەر ئێران بەردەوام بن و وتی، ئێمە ناتوانین لە ناو قەفەسدا گەشە بکەین. لە دیبەیتی رۆژی پێشتردا پزشکیان بە هەمانشێوە باسی لە قەفەس کردبوو ولای وابوو مانەوە لە ناو قەفەس لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە. پزشکیان کە لە لایەن ریفۆرمخوازەکانەوە پشتیوانی ئەکرێت و رەخنەی لە سیاسەتی ئێران لە سەردەمی رەئیسی دا هەیە، لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکە کە پرسیاری کرد ئایا ئەو ئەتوانێت سەرجەم گەمارۆکان لە سەر ئێران لا ببات وتی :" هیچکات بڕیار نییە سەرجەم گەمارۆکان هەڵوەشێنینەوە یان هەڵی نەوەشێنینەوە. گفتوگۆ و دان و ستانە و پەیوەندی بەوەوە هەیە لەو دان و ستانەدا چیمان دەست ئەکەوێت و ئەوان چی وەرئەگرن". سەعید جەلیلی کە سەر بە بناژۆخوازە توندڕەوەکانە، هێرشی کردە سەر پزشکیان کە ئەڵێت " ئێمە لە ناو قەفەسداین"، بە هەمانشێوەی دیبەیتی یەکەم پزشکیان و راوێژکارەکانی بەوە تاوانبارکرد کە دەیانهەوێت لە پێناو نەمانی گەمارۆکان، باجی زیاتر بدەنە وڵاتانی رۆژئاوایی. لەم بەشە لە دیبەیتەکەدا دوو پاڵێوراو هێرشیان کردە سەر کەیتر و قسەکانی یەکتریان ئەبڕی، بە شێوەیەک کە پێشکەشکارەکە چەندجار هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دیبەیتەکەی دا. جەلیلی روویکردە پزشکیان و وتی :" ئێوە لە پەیوەند لەگەڵ پرسی گەمارۆکاندا تەنها رێگایەک ئەزانن، باسی ئەکەن، ئەڕۆن و دەست بەتاڵ ئەگەڕێنەوە، جارێکیتر گەمارۆ ئەخرێتە سەرتان و هەمدیسان ئەو رێگایە ئەگرنەوە بەر. پزشکیان لە وەڵامی جەلیلیدا وتی :" یانی بە گەمارۆکان ئێوە ئەفڕن؟ جەلیلی کە سەر بە باڵی بناژۆخوازی توندڕەوە، بە ئاماژە بە سەردەمی سەرۆککۆماری ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، محەممەد خاتەمی و حەسەن رووحانی، باسی لەوە کرد وڵات بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ بە دەست هاوبیرەکانی پزشکیانەوە بووە، هێشتا ئەو قەرزدارمان ئەکات. بەڵام جەلیلی ئاماژەی بە سەردەمی سەرۆککۆماری مەحموود ئەحمەدینژاد نەکرد کە خۆی لە سەردەمی ئەحمەدینژاددا بەرپرسی دۆسییەی ناوەکی ئێران بوو. جەلیل هەروەها لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە لە سەردەمی ئیبراهیم رەئیسی، دەرفەتی سەرمایەگوزاری زۆر بۆ سەرمایە گوزارە بیانییەکان خولقاوە لە ئێران و هەروەها هەناردەکردن زیاتر بووە. دۆخی ئابووری ئێران باشتر بووە. پزشکیان لەگەڵ ئەوەی رەخنەی لە شێوەی قسەکردنی جەلیلی گرت پێی گوت، ئەگەر دۆخی ئابووری ئێران باشتر بووە، ئەی بۆ خەڵک هەستی پێناکەن؟ ئەم پاڵێوراوی سەرۆککۆمارییەی ئێران هەروەها روویکردە خەڵک وتی، دۆخی ئێوە لە سەردەمی محەممەد خاتەمی باشتر بوویان ئێستا. دواتر بە سەعید جەلیلی وت، ئەگەر تۆ بەرنامەت هەیە بۆچی بەرنامەکەت پێشکەش بە دەوڵەتی ئیبراهیم رەئیسی نەکرد؟ لە بەشێکیتر لە دیبەیتەکەدا، سەعید جەلیلی، بەرامبەرەکەی بەوە تاوانبار کرد کە لە وەڵام بە پرسیارەکان و پێشکەشکردنی رێگەچارەکان خۆی ئەدزێتەوەو وتی :" تەنها رێگاچارەکەی ئەوەیە کە ئێمە ئەڕۆین، جارێکیتر باج ئەدەین بە وڵاتانی رۆژئاوا و گوشار ئەخەینە سەر ناوخۆ کە پاشەکشە بکەن". هەروەها باسی لەوە کرد لە سەردەمێکدا ئەو سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بوو هیچ بڕیارنامەیەک دژی ئێران دەرنەکراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە لەو سەردەمەدا چەند بڕیارنامەیەک لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دژی بەرنامەی ناوەکی ئێران پەسەند کرا. جەلیلی بەهەمانشێوەی شەوی پێشتر باسی لەوە کرد بەرنامەکەی ئەوەیە ئەمریکا پەشیمان بکاتەوە لەوەی گەمارۆی خستۆتە سەر ئێران، لە هەمانکاتدا هێرشی کردە سەر جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردەمی "حەسەن رووحانی" و وتی زەریف زۆر خراپ مامەڵەی کردووە. لە بەرامبەردا پزشکیان باسی لەوە کرد بۆ ئەوەی وڵات پێش بکەوێت دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵ دونیا ببێت و گەمارۆکان لا ببرێن. هەروەها بە ئاماژە بە بەرنامەی ئابووری سەعید جەلیلی کە باسی لەوە کردووە ئابووری ئێران لە سەردەمی ئەودا 8% گەشە ئەسێنێت، وتی :" لایان وایە بە بێ پەیوەندی لەگەڵ دونیا ئەتوانن بە گەشەی ئابووری 8% بگەن؟" پزشکیان لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا جارێکیتر باسی لە ئاستی کەمی بەشداری خەڵک کرد لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا و وتی :" بە هەموو باس و مناقشەکانمانەوە تەنها 40% خەڵک دەنگیان دا، 60% ئامادە نەبونو بچنە سەر سندووقی دەنگدان و هیچ لایەنێکمانیان ناوێ. ئەگەر ئەم بیرکردنەوەیە بە دەسەڵات بگات بەشداری خەڵک ئەبێت بە 20% و ئەمەش کارەساتە. لە درێژەدا 2 پاڵێوراو چەند جار هێرشیان کردە سەر یەکتر و پزشکیان رەخنەی لەوە گرت کە هێرش کراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئینگلتەرا و سعوودییە و وتی، خەڵک ئەزانن کێ هێرشی کردە سەر ئەم دوو باڵێۆزخانەیە. رۆژی هەینی 5ی تەمووز گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوە ئەچێت. لە گەڕی یەکەمدا هیچکام لەپاڵێوراوەکان نەیانتوانی 50% دەنگەکان بەدەست بهێنن. بە پێی ئامارە حکوومەتییەکان 40%خەڵک بەشداریان کرد، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە ئەکەن بەشداری خەڵک زۆر لەوە کەمتر بووە.
هاوڵاتی حکومەتى هەرێم، هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینی لەگەڵ عێراق پەسەند کرد کە بەگوێرەى یاساى خانەنشینىی عێراق کەمترین مووچەى خانەنشینان 500 هەزار دینارە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2024، سەمیر هەورامى، گوتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ خانەنشینانى عێراق هاوتا دەکرێت. هەروەها وتیشی، لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ دەستپێکردنى رێکارە یاساییەکانى تایبەت بە بڕیارەکە. سەمیر هەورامی ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەى یاساى ژمارە نۆى ساڵى2014 کەمترین مووچەى خانەنشینى لەعێراق 500 هەزار دینار"، بەڵام بەغدا بێجگە لەو مووچەیە مانگانە بڕى 100 هەزار دینارى دیکە دەدات بە خانەنشینان وەک مینحە، بۆیە کۆى گشتیى دەکاتە 600 هەزار دینار مانگانە. سەرچاوە، کەناڵ 8
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی وردە وردە بە گوێرەی ئیسرائیل، حەماس بە تەواوەتی لەناودەچێت و لە توانا سەربازی و بەڕێوبەرییەکانی دادەماڵرێت. ئەمریکا، هاوپەیمانانی و وڵاتانی عەرەبی هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ حەماس لە غەززە دەدەن. بە گوێرەی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل، پلانی سەرەکی ئەوەیە، بەشێک لە خێزانە باڵادەست و بەناوبانگەکانی غەززە حکومەتێکی خۆجێیی لە غەززە پێکبهێنن و بەڕێوەی ببەن و لەگەڵ ئیسرائیل هاوئاهەنگی و پەیوەندیی بەردەوامیان هەبێت. رۆیتەرز لە راپۆرتێکی بنکۆڵکارییدا دەڵێت، سەرۆکی خێڵ و بنەماڵە بەناوبانگەکانی غەززە دەترسن لەوەی رۆڵی بەڕێوبەریی غەززە بگرنە دەست؛ ئەمە لەکاتێکدایە لە نیوەی جەنگەکەوە ئیسرائیل لە گفتووگۆدایە لەگەڵیاندا. تەحانی مستەفا، توێژەری دۆزی فەڵەستین دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی ئەو ترسە تۆڵەکردنەوەی حەماسە لەو بنەماڵانە، چونکە لەوە دەترسن ئەگەرچی حەماس بە شێوەیەکی فەرمی لە غەززەدا باڵادەستیی نەمێنێت، لەسەر شەقامی غەززە هەر جێ پێی دەمێنێت و دەتوانێت گورزیان لێ بووەشێنێت. رۆیتەرز گفتووگۆی لەگەڵ 5 لەو سەرۆک خێڵ و بنەماڵانەی غەززە کردووە و هەموو دەڵێن رەتیانکردووەتەوە غەززە بەڕێوەببەن. ئاژانسە بەریتانییەکە لەبارەی ئاستی هەڕەشە و تۆڵەسەندنەوەی حەماس لەو بنەماڵانە ئەگەر بڕیاری بەڕێوەبردنی غەززە بدەن، گفتووگۆی لەگەڵ ئیسماعیل سەوابتە، سەرۆکی میدیایی حکومەتی حەماس کردووە، ئەو بەرپرسە لە وەڵامدا دەڵێت، پێی وایە تۆڵەسەندنەوەکە زۆر سەخت دەبێت. بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لەو بارەیەوە قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێت، هەوڵی زۆریان داوە لەگەڵ بنەماڵەکانی غەززە لێک نزیکببنەوە، بەڵام حەماس هەوڵەکانیانی هەڵوەشاندووەتەوە. گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی دوای 17 ساڵ بۆ غەززە ئەمریکا خواستی وایە دەسەڵاتی فەڵەستینی کە ئێستا کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بەڕێوەدەبات بگەڕێنێتەوە غەززە، بەڵام ناتانیاهو لەگەڵ ئەم بیروڕایەدا کۆک نییە. هۆکاری بە دڵ نەبوونی ئەو رێگەچارەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، خەڵکی غەززە بە حوکمی دەسەڵاتی فەڵەستینی رازی نین؛ ئەمە بە گوێرەی راپرسییەکی ناوەندی فەڵەستینی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و راپرسی کە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە. ناتانیاهو دەیەوێت لە ناوخۆی غەززەدا حکومەتێکی خۆجێیی پێک بهێنێت کە قایل بن بەوەی بە ئاشتی و ئارامی لە پاڵ ئیسرائیلدا بژین بەبێ هێرشکردنە سەر یەکدی و کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل. هاوکات خواستی وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری ئاسایشی غەززە بکەن و پلانی بنیاتنانەوەی غەززە جێبەجێ بکرێت. لەو بارەیەوە دوو بەرپرسی ئەمریکی بە رۆیتەرزیان گوتووە، ناتانیاهو لەم کاتەدا هیچ بژاردەیەکی دیکەی بە دەستەوە نییە جگە لە گێڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ ناوچەکە. ئەمریکا هەوڵی جیددی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ باشترکردنی سیستمی بەڕێوبەرییەکەی و نەهێشتنی گەندەڵی لە ژێر دەسەڵاتەکەدا داوە و ئامادەی کردووە بۆ بەڕێوەبردنی غەززە. مانەوەی حەماس بە گوێرەی رۆیتەرز، لە کاتێکدا دانیشتووانی غەززە بەشێکیان دڵیان لە حەماس بەرامبەر ئەو جەنگە نا بەرامبەرەی هەڵیگیرساند تۆراوە، بەشێکیان لە داخی ئەو توندوتیژییەی ئیسرائیل بەرامبەری کردوون بیرێکی پەڕگیریان بۆ دروستبووە و زیاتر لە حەماس نزیکبوونەتەوە. هەربۆیە حەماس ئەگەر دەسەڵاتیش لە غەززە نەگرێتەوە دەست، هێشتا توانای بۆ چالاکی جۆراوجۆر دەمێنێت لە ناو غەززەدا. حەماس تاوەکو ئێستاش هێزی سەرەکییە لە غەززە و هەژموونی بەسەر بازرگانان و خەڵکەکەشدا هەیە. بە گوێرەی گوتەی چوار دانیشتووانی غەززە کە رۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵیاندا کردووە، حەماس دەستی بە هەڕەشەکردن لە بازرگان و سەرۆک خێڵەکان کردووە و ژمارەیەک ئەندامی ئەو خێڵانەشی کوشتووە. جگە لە ئەندامی سەرۆک خێڵەکان، بەرپرسانی حەماس ئەو کەسانەش دەستگیردەکەن کە سۆزیان بۆ دەسەڵاتی فەڵەستینی هەیە. لە مانگی نیسانی ئەمساڵ حەماس ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی خۆی بە تۆمەتی هاوئاوازی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی دەستگیرکردووە. دەسەڵاتی فەڵەستینی رایگەیاند، سێ ئەفسەریان دەستگیرکراوە کە هاریکاریی مرۆییان گەیاندووەتە باکووری غەززە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان دەڵێت، تاوەکو ئاگربەستی تەواوەتی لە غەززە رانەگەیێنرێت، پێکدادانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل ناوەستێت. نەعیم قاسم، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئاگربەست لە غەززە بکرێت، بێ قسە واز لە شەڕ دێنین. باس لەوەش دەکات، بەشداریکردنی ئەوان لە شەڕی دژی ئیسرائیل بۆ هاریکاریکردنی حەماس بووە، ئەگەر شەڕیش نەمێنێت، ئیدی پێویست بە هاریکاری ناکات. ئەو بەرپرسە باڵایەی حیزبوڵا دەڵێت، ئەگەر پێچەوانەی ئەوە رووبدات و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوەتی لە غەززە نەکشێنەوە، ئەوا چارەنووسی پێکدادانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل ناڕوون دەبێت. قاسم لە گفتووگۆیەکی 40 خولەکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، هەموو کاردانەوەیەکی ئەوان پەیوەستە بە بەردەوامی یان وەستانی جەنگ، دروستبوونی ئاگربەست یان پێچەوانەکەی؛ تاوەکو ئەو شتانەش دڵنیا نەبنەوە، ئەمان ناتوانن هەڵوێستی راستیی خۆیان دڵنیابکەنەوە. لە چەند هەفتەی رابردوودا کە گفتووگۆی ئاشتی و ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل تێکچوو و لەلایەن هەردوولاوە پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا رەتکرایەوە، پێکدادانی حیزبوڵا و ئیسرائیل لەسەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل زیادیکردووە. هەر لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حیزبوڵای لوبنان بە نزیکەیی رۆژانە ئاڵووگۆڕی هێرشی مووشەکیی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە. بەهۆی ئەو گرژیانەوە دەیان هەزار هاووڵاتی لە گوند و شارۆچکەکانی سەر سنووری هەردوو وڵات ئاوارەبوون.
هاوڵاتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە کوردستان ئەوانەی توندوتیژی دژی ژنان دەكەن لە سزادان رزگاریان دەبێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی تەمووزی 2024، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی لە راپۆرتێكدا سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق شکستیان هێناوە لەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی توندوتیژی خێزانی، لەوانە حاڵەتە ترسناکەکانی کوشتن، دەستدرێژی، لێدان و ئاگرتێبەردان، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. رێکخراوەکە نیگەرانی خۆى دەربڕیوە بەهۆى بوونى ژمارەیەکی کەمی ماڵى داڵدەدان کە بۆ ژنانی قوربانی توندوتیژی خێزانی لە ناوچەکەدا بەردەستە، راپۆرتەکە لەسەر بنەمای 57 چاوپێکەوتن لەگەڵ کرێکارانی مرۆیی و بەرپرسان و 15 کەسی رزگاربووە. رێکخراوەکە، لە راپۆرتەکەیدا داوای دابینکردنی بودجەی زیاتری بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی ژنان کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، بەربەستى سەرەکی بەردەم رزگاربووان ئەوەیە "دەبێت خۆیان سکاڵای تاوانکاری لەسەر هێرشبەرەکەیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها ئەم سکاڵایە پێویستە بۆ ئەوەى لەماڵى داڵدەدان بپارێزرێن. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەشڵێت، ساڵی 2023 لانی كەم 30 ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون، ساڵی 2022 ژمارەی ئەو ژنانەی كە كوژراون 44 ژن بووە، بەڵام رێكخراوە ناحكومییەكان دەڵێ رەنگە ژمارەكە زۆر لەوە زیاتریش بێت. ڕاپۆرتەکە لە زاری توێژەرێکی کۆمەڵایەتییەوە نووسراوە، ژنان نایانەوێت بچنە دادگا چونکە لێیان دەپرسن، ،چیتکردووە واى لە بەرامبەرەکەتکردوە بەمشێوەیە مامەڵەت لەگەڵبکات؟، و راپۆرتەکە دەڵێت، نابێت ئەو پرسیارەبکرێت. لەم بارەیەوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "لایەنگری"ی نێوان هەندێک لە دادوەرەکانی لە بەرژەوەندی پیاوان سەرکۆنە کردووە، کە سزاى هەندێک تاوانباریان وەکو پێویست و بەگوێرەى گەورەیی تاوانەکە نەداوە.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی حكومەتی توركیا بڕیاریدا تا كاتێكی نادیار دەروازە سنووریەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا دابخات، ئەوەش دوای هێرشكردنە سوپای توركیا لەوناچانەو سوتاندنی ئاڵای توركیا لە 1ی تەمووزی 2024 لەلایەن خۆپیشاندەرانی سوریاوە، لەكاردانەوەی پەلاماردانی پەنابەرانی سوری، لەچەندین شاری توركیاو سوتاندنی ئۆتۆمبیل و موڵك و ماڵ و شوێنكارەكانیان. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حكومەتی توركیا بڕیاریدا تا كاتێكی نادیار دەروازە سنوریەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا دابخات، ئەوەش دوای هێرشكردنە سوپای توركیا لەوناچانەو سوتاندنی ئاڵای توركیا لەلایەن خۆپیشاندەرانی سوریاوە، لەكاردانەوەی پەلاماردانی پەنابەرانی سوری، لەچەندین شاری توركیاو سوتاندنی ئۆتۆمبیل و موڵك و ماڵ و شوێنكارەكانیان. ئاژانسەکە دەشڵێت، هێزەكانی توركیا لە باكوری خۆرئاوای سوریا روبەڕوی پەلاماری چەكداری دەبنەوە، ئەوەش دوای ئەو كردەوە توندوتیژیانەی بەنابەرە سورییەكانی لە توركیا كردە ئامانج. سەرچاوەیەك لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوو، توركیا دەروازە سنوریە سەرەكییەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا داخستووە، دوای ئەوەی هێزەكانی روبەڕووی هێرشی چەكداری بوونەتەوە لەلایەن هاوڵاتیانی سوری توڕە، بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی پەنابەرانی سوریا لەتوركیا. لەم بارەیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆباڵی "پلانی ئاژاوە"ی نایە ئەستۆی گروپەكانی پەیوەست بە رێكخراوە تیرۆرستیەكان، بەڵێنیشدا ئەو "دەستە پیسانە" ئاشكرابكات كە لەپشتی روداوەكانی ئەم دواییەوەن. سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا، دەزانین كێیە ئەم جۆرە گەمانە دەكات لەگەڵ بەزیوەكانی رێكخراوی تیرۆرستی، ئێمەو برا سوریەكانمان ناكەوینە ئەو بۆسە پیسە, رادەستی كاری تێكدەرانەی رەگەپەرستی نابین. ئەردۆغان ئاماژەی باسی لەوەشکردووە، زیاتر لە 670 هەزار سوری گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی باكوری سوریا، دوای ئەوەی توركیا بە درێژایی دەیەی رابردوو كاری لەسەر بنیادنانی ناوچەی ئارام كردووە. چارەسەری كێشەی پەنابەران بەشێوەیەكی مرۆیی و ئەخلاقی دەكرێت بەجۆرێك تەریبی دۆخی ئابوری توركیا بێت, كە میوانداری زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری جەنگی سوریای كردووە. سەرۆک کۆماری تورکیا، هەینی رابردووش وتی، دەكرێت كۆبونەوە لەگەڵ ئەسەد هاوكاربێت لە گێڕانەوەی پەیوەندیە دووقۆڵییەكان، توركیا لەدوای جەنگی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 پەیوەندیەكانی لەگەڵ سوریا بچڕاندو پشتیوانی یاخیبووەكانی كرد، كە هەوڵی رووخاندنی رژێمی ئەسەد دەدەن. لەم بارەیەوە دوێنێ سێشەممە، 2ی تەمووزی 2024، عەلی یرلیكایا، وەزیری ناوخۆی توركیا لە تویتێکدا رایگەیاند، پۆلیسی وڵاتەكەی 474 كەسی تێوەگلاویان لەو هێرشانە دەستگیركردووە، كە رەوەندی سوری لەسەرانسەری توركیا كردووەتە ئامانج، كە شەوی یەك شەممەی رابردوو ئەنجامدرا. وتیشی، موڵك و ماڵ ئۆتۆمبیلی سوریەكان رووبەڕوی كاری تێكدەرانەو سوتاندن بووەوە لە ویلایەتی قەیسەری ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، بەهۆی بڵاوبونەوەی دەنگۆی دەستدرێژیكردنی پیاوێكی سوری بۆ سەر منداڵێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان. هەر لەم بارەیەوە، ئاژانسی هەواڵگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی خستەڕوو، كارە توندوتیژیەكان گەیشتووەتە هەرێمەكانی، هاتای و غازی عەنتاب و قۆنیاو بۆرسەو ناوچەیەك لە ئەستەنبوڵ، كە تیایدا ژماریەك هاوڵاتی سوری برینداربوون. ئەوەش وایكرد، سەدان هاوڵاتی سوری توڕە بڕژێنە سەر شەقامەكانی چەندین ناوچە لە باكوری خۆرئاوای سوریا, كە چەكدارە یاخیبووەكان كۆنتڕۆڵیان كردووەو توركیا هەزاران سەربازی لەو ناوچانە بڵاوكردووەتەوەو, كردوویەتی بەناوچەی هەژموونی خۆی، بەجۆرێك رێگە بە رژێمی سوریا نادات بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە. هاوکات لەسەر ئەم پرسە بەرپرسێكی ناوچەكە سنوریەكان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، توركیا لەوەڵامی ئەو كردەوانەدا دەروازەی"باب ئەلهەوا"ی سنوریی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە، كە دەروازەیەكی سەرەكی بازرگانی و گواستنەوەیە بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن هاوڵاتی, هاوشانی "باب ئەلسەلام"و دەروازە بچوكەكانی تر. جێگای ئاماژەیە، شاری عەفرینی سنوریی، بووە شانۆی توندترین پێكدادان، كە تیادا لایەنی كەم چوار كەس لە تەقەی نێوان خۆپیشاندەرە چەكدارەكان و هێزەكانی توركیادا كوژران. ئەمەش لە کاتێکدایە، لەناوچەكانی تریش بەریەككەوتن و پێكدادانی چەكداری روویداوەو هاوڵاتیانیش لەچەند شارۆچكەیەك بە بەرد پەلاماری هێزەكانی توركیایان داوەو، ئاڵای توركیا لەسەر هەندێك لە نوسینەگەكان پارچە پارچە كردووە. رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشداوە، چەندین بەرپرسی توركیا ئەو ئاڵۆزیانەیان لە سوریا بە وروژاندن و كاری ئیستفزازی ناوبردووە. وەزارەتی دەرەوەیی تورکیا ئەوەی خستۆتەڕوو، هەڵەیە رووداوە خەمناكەكان كە لە ولایەتی قەیسەری روویداوە، بكرێتە بنەمایەك بۆ كاری وروژاندن و دەستدرێژی لە دەرەوەی سنورەكانمان. سەرچاوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، درەو
هاوڵاتی بەهۆی مەشقێکی فریاگوزارییەوە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رادەگیرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی تەمووزی 2024، بهڕێوبهرایهتیی گشتیی فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتیی ههولێر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئاگاداری گهشتیارانی فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتیی ههولێر دهكهینهوه، ئهمڕۆ چوارشهممه 3ی تەمووزى 2024، بۆ ماوهی 3 كاتژمێر گهشتهكانی فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتیی ههولێر رادهگیرێن. لەبارەى بوونى ژمارەیەکى زۆر ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن لەناو فڕۆکەخانەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، هاونیشتمانییان دڵنیادهكهنهوه کە ههبوونی رێژهیهكی زۆر له ئهمبوڵانس و ئۆتۆمبێلی بهرگریی شارستانی و تیمهكانی پۆلیس و ئاسایش له دهوری فڕۆكهخانه پهیوهسته به مهشقهكهوه
هاوڵاتی ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیران کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێک و پرسى مووچەى مووچەخۆران و هێزە ئەمنییەکانیش گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەمووزى 2024، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لە حکومەتى فیدراڵى بەگوێرەى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو گفتوگۆى لە بارەوە دەکرێت. کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى وەزیران، تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنى مووچەى مانگى حوزەیرانى مووچەخۆران و مووچەى مانگى ئایار و حوزەیرانى هێزە ئەمنییەکان. یەکێکی تر لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەسەر کۆبوونەوەى هاوبەشى هەردوو حکومەتى هەرێم و فیدراڵ لەبارەى دەروازە سنوورییەکان.
هاوڵاتی مەسعود بارزانی لە بەغدا چەند دیدارێک ئەنجامدەدات و لە دیدارەکانیدا پرسی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی تەممووزی 2024، رۆژنامەی (الصباح) راگەیاند، شێروان دووبەرانی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، کە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە دەگاتە بەغدا و چاویدەكەوێت بە سەركردە سیاسیەكان، وێڕای سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری. ئەم پەرلەمانتارە بۆ رۆژنامەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە دیدارەكانی مەسعود بارزانیدا, پرسی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، كاروبارەكان ئەرێنین و زۆرینەی كێشەكان لەڕێی لیژنەكانەوە چارەسەردەكرێن. شێروان دووبەرانی، ئاماژەی بەوەشداوە، ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، چەندین پرسی تایبەت لەخۆدەگرێت لەوانە شایستە داراییەكانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران و یاسای نەوت و گاز و دۆسیەی هەڵبژاردن و پرسی پارێزگای كەركوك. دەشڵیت، دانوستانەكانی بارزانی لە بەغدا و هاتنەناوەوەی سوپای توركیا بۆ پارێزگای دهۆك و شارە كوردیەكانی تر لەخۆ دەگرێت.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، بەپێی ئامارێک کە ماڵپەڕی ترەید ماپ بڵاویبکردۆتەوە ، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و بەڕازیل لە ماوەی ساڵی 2023دا زیاتر بووە لە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار. بەپێی ئاماری ماڵپەرەکە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە ملیارێک و 257 ملیۆن و 56 هەزار دۆلار. دەشڵێت، ، بەڕازیل %98.3ی قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە پێکدەهێنێت، لەناو ئەو رێژەیەشدا بە بەهای زیاتر لە 477 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار شەکر و شیرینی و بە بەهای 351 ملیۆن دۆلار بەرهەمی ڕۆن و میوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە بەهای 313 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار گۆشتی هەناردەی عێراق کردووە. لە بەرامبەر ئەوەشدا، عێراق بە بەهای دوو ملیۆن و 394 هەزار دۆلار سووتەمەنی و ڕۆنی ئۆتۆمبێلی هەناردەی بەڕازیل کردووە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، بەم زووانە رێنمایی نوێ لەبەرژەوەندی هاونیشتمانییان بۆ کارئاسانی گەڕانەوەی پێشینەکان دەردەچێت. ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشێک لە بانکە پسپۆڕیەکانی وەزارەت کۆبۆوە و پرسی گەڕاندنەوەی پێشینەکان لە بواری قەرزی نیشتەجێکردن، خانوبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری بەوردی گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بەرپرسانی بانکەکان داتاو پێشنیاری خۆیان خستەڕوو. ئاماژە بەوەشکراوە، ئاوات شێخ جەناب بانکە پسپۆڕیەکانی راسپارد بەزوترین کات راپۆرت و پێشنیاری خۆیان لەسەر شێوازی گەڕانەوەی پێشینەکان پێشکەش بکەن تاوەکو لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت و دواتر رێنمایی پێویستی بۆ دەردەکرێت بەجۆرێک لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان و ئەو چین و توێژانە بێت کە پێشینەکانیان وەرگرتووە
هاوڵاتی لە گوندی لانەسیتی قەزای کەلار ئۆتۆمبێلێک سێ منداڵ دەشێلێت و رەوانەی نەخۆشخانەکران، لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستی پێکردووە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پاترۆڵ لە گوندی لانەسیتی لە قەزای کەلار، دوای ئەوەی کۆنترۆڵ لە دەست دەدات سێ منداڵ دەشێلێت پاشان خۆی دەکێشێت بە بۆردێکدا و زیان بە بۆردەکە دەگەیەنێت. دەشڵێت، بریندارەکان لەدایک بووی ساڵی ( 2016 - 2016 - 2017 )ەو، لە گوندی لانە سیتی دادەنیشن، بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار کران. ئەووشی خستۆتەڕوو، لەلایەن تیمی هاتووچۆوە لێکۆڵینەوە لە ووداوەکە دەستی پێکردووە و لێخوڕی ئۆتۆمبێلەکە مۆڵەتی شۆفێری نیە.
هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق ھۆکاری نەناردنی مووچەی ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ھەرێم ئاشکرادەکات و لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران وتی: بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنیەکانی هەرێم چاوەڕێی چارەسەر کردنی کێشەکانین یاخود چاوڕێی بڕیارێکی سوودانی دەکەین. لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پرسیار لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کراوە لەبارەی مووچەی موچەخۆران و هێزە ئەمنیەکانی ھەرێمی کوردستانەوە. تەیف سامی رایگەیاندووە، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێم دراوە، لیستی مووچەی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانیش ھەندێک کێشەی تێدایە و بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان چاوەڕوانی چارەسەرکردنی کێشەکان، یاخود بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانە بۆ ئەوەی مووچەکانیان بۆ خەرج بکات. تائێستا بەغداد بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی ئایاری ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی نەداوە، ئەمە لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ناردووە بۆ بەغدا.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ فراكسیۆنی پارتی و نینوا لاهلها كۆبوویەوە و قائیمقامی شنگال و مەخموور و 12 بەرپرسی ئیداری دیكەی ناوچەكەیان هەڵبژارد. ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەیاندا سەیدۆ خەیری ئەحمەد بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن وەک قائیمقامی شارۆچکەی شنگال هەڵبژارد. ئاماژە بەوەشکراوە، سەردار حەمەد وەک قائیمقامی شارۆچکەی مەخموور و سامر یوسف، وەک قایمقامی شارۆچکەی حەمدانیە و خەلیل هابش بە قائیمقامی شارۆچکەی تەلەعفەر هەڵبژێردرا. لە راگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی نەینەوادا هاتووە، ڕەعد ناسر وەک قائیمقامی تلکێف و عەلی ساڵح مازی وەک قائیمقامی حەزەر هەڵبژێردران. ئەوەشخراوەتەڕوو، غالب عەلی وەک بەڕێوەبەری شارەدێی قەراج و فەلاح قەنبەر، وەک بەڕێوەبەری شارەدێی بەرتڵە و عوبەید خەلیل ئەحمەد وەک بەڕێوەبەری شارەدێس زوممار هەڵبژێردران. لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، عەلی محەممەد جدەیەع وەک بەڕێوەبەری شارەدێی شۆرە و ئوسامە شاهر وەک بەڕێوەبەری شاردێی گەیارە هەڵبژێردران.
هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی تێچووی رێکارەکانی جیابوونەوەی خێزانی لە رووسیا لە پێشووتردا تەنیا بە 650 رۆبڵ واتە 7 دۆلار و 39 سەنت بوو، ئێستا وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتە تێچووەکەی بۆ 5000 رۆبڵ، 56 دۆلار و 84 سەنت بەرزکردووەتەوە. بە گوێرەی بلۆمبێرگ، بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی رووسیا لەکاتێکدایە، کەمترین مووچە لە رووسیا تەنیا چوار هێندەی ئەو بڕەیە کە بۆ رێکارەکانی جیابوونەوە خەرجدەکرێت. ئامانج لە بڕیارەکە دووانە، یەکەمیان کۆمەککردنی ئەو پارەیەی زیادکراوە بۆ سوپای رووسیا کە ئێستا وەک میدیاکانی رۆژئاوا باسی دەکەن دووچاری کورتهێنانی دارایی بووەتەوە. ئامانجی دووەمیش کەمکردنەوەی ژمارەی جیابوونەوەی خێزانە لە رووسیا کە لە 2023دا 683 هەزار و 700 جیابوونەوە تۆمارکراوە. هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی نرخی جیابوونەوەی خێزانی، تێچووی گۆڕینی ناویش لەو وڵاتە سێ هێندە کراوە. هاندەری بڕیاری زیادکردنی تێچووی جیابوونەوەی خێزانی دەکرێت خواستی حکومەتی رووسیا بێت بۆ گەورەبوونی خێزان و خستنەوەی منداڵی زیاتر. رووسیا لە 2023دا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کەمترین لەدایکبوونی منداڵی تێدا تۆمارکراوە. بلۆمبێرگ دەڵێت، هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی لەدایکبوونی منداڵ لە رووسیا، کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی سەربازە لە جەنگی ئۆکراینادا.