ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند؛ ئاگاداری هاوبەشانی کارەبا دەکەینەوە، کە بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە تۆڕی گشتیی کارەبا، ئەمشەو کاتژمێر 12:00 گرفتی پچڕانی کارەبا لە بەشێک لە پارێزگاکانی (هەولێر، دهۆک و سلێمانی) دروست بوو. لێرەوە هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و تیمەکانی وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی چاککردنەوەی گرفتەکەن. چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی کاتژمێرێکدا کێشە تەکنیکییەکە بە تەواوی چارەسەر بکرێت و دۆخی کارەبا ئاسایی ببێتەوە. پڕۆژەی ڕووناکی، پڕۆژەیەکی نیشتمانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە تیایدا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 دابین دەكات. یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی پڕۆژەی ڕووناکی بریتییە لە کوژاندنەوەی مۆلیدەی گەڕەکەکان کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 7000 مۆلیدە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان. ئەم مۆلیدانە پێشتر هۆکارێکی سەرەکیی پیسبوونی ژینگە بوون لە کوردستاندا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت: حکومەتی کاتیی ڤەنزوێلا نزیكەی 50 ملیۆن بەرمیل نەوت رادەستی ئەمەریکا دەکات و داهاتەکەشی لەژێر سەرپەرشتی ئیدارەكەیدا دەبێت بەو سیفەتەی سەرۆكە. ترەمپ لە سەكۆی تروس سۆشیال نوسیویەتی: دەسەڵاتدارانی کاتیی لە ڤەنزوێلا لە نێوان ٣٠ بۆ ٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی کوالیتی بەرز و سزادراو رادەستی ئەمریکا دەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو نەوتە بە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت، منیش وەک سەرۆکی ئەمریکا ئەو پارانە بەڕێوەدەبەم بۆ ئەوەی دڵنیاببمەوە کە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی ڤەنزوێلاو ئەمریکا بەکاردەهێنرێن. هاوکات رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، ترەمپ بەنیازە رۆژی هەینی لەگەڵ نوێنەرانی سێ گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەمریکاو بەرهەمهێنەرانی دیکەی ناوخۆ لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وەبەرهێنانی گەورە لە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا.
ئەنقەرە ئاراستەی گوشارەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکانی سووریا توندتر دەکاتەوە؛ لە کاتێکدا وەزیری بەرگریی تورکیا هۆشداری دەدات کە دەبێت هەسەدە و یەپەگە خۆیان هەڵبوەشێننەوە و بێ مەرج چەک دابنێن، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە پاریس کۆبوونەوە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی لە نێوانیاندا. یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە میانەی ڕێوڕەسمێکی سەربازیدا پەیامێکی ئاراستەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد و ڕایگەیاند، دەبێت ئەو هێزانە بەبێ مەرج چەکەکانیان ڕادەست بکەن. وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیای کرد و ڕایگەیاند: ئێمە بە دڵسۆزییەوە دەمانەوێت ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە ڕوو بدات، پێویستە پەکەکە و سەرجەم گرووپە پەیوەندیدارەکانی دیکە، لەنێویاندا ئەوانەی لەنێو خاکی سووریان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدەن. گولەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەرجی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەپەگە دانا و گوتی: دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن و بەبێ مەرج چەکەکانیان ڕادەست بکەن. هەروەها جەختی کردەوە جارێکی دیکە وەبیرتان دەهێنمەوە کە ڕێگە بە هیچ گرووپێک نادەین لە ناوچەکەدا ڕەگ دابکوتن، بەتایبەتی پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە و هەسەدە. هاوکات لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی لە پاریس کۆبووەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، دیدارێکی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجام داوە. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەر دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیهان، هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە کردووەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
سەرەڕای شەرمەزاركردنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێك لە وڵاتانی جیهانەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لە دەربڕینی دڵخۆشی خۆی بەرامبەر بەو ئۆپەراسیۆنە، کە بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو لە کاراکاس ئەنجامدرا. ترەمپ لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (MSNBC)، جارێكی تر شانازیی بەو بڕیارەوە كرد كە دەریكردووە. سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردووەتەوە، وڵاتەکەی دامەزراوە نەوتییە وێرانبووەکانی ڤەنزوێلا ئاوەدان دەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە دەست بەسەر نەوتی ڤەنزوێلا دەگرێت. راشیگەیاند: لە ساڵی ٢٠١٦دا وتوویەتی: دەبوو ئەمریکا دەستی بەسەر نەوتی عێراقدا بگرتایە، ئەوەش مشتومڕێکی زۆری لەو کاتەدا دروستکرد، بەڵام دەبوو نەوتی عێراقمان لە دەستی خۆماندا بهێشتایەتەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد: جیاوازی ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامیداو ئەوەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامیدەدات ئەوەیە، ئەمجارە ئەمریکا نەوتی ڤەنزوێلا لە دەستی خۆیدا دەهێلێتەوە.
تۆقیوون لەوەی دوای مادورۆ سەرەی ئەوان بێت ئامادەکردنی هاوڵاتی لەدوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و رفاندنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی وڵاتەکە، بۆ شاری نیویۆرک، کۆمەڵێک وڵات ترسی گەورەیان لێنیشتووە کە رەنگە ببنە نێچیری داهاتووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. دەستگیرکردنی مادورۆ سەرجەم هاوکێشەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، سەروەری خاک و جەنگی گۆڕیوە و ئێستا ئیتر هیچ سەرۆکێک ناتوانێت خۆی لەژێر سەروەری خاکی وڵاتەکەی بپارێزێت. ئاماژەیەکی گەورە هەیە ئەمجارە سەرەی ئێران بێت، بەتایبەتی ئێستا کە خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکە ماوەی 10 رۆژە بەردەوامییان هەیە. بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێستا بەرپرسانی ئێران فشارێکی گەورەیان لەسەرە هەم لەلایەن خۆپیشاندەران وهەم لەلایەن ئەمریکاوە، بۆیە بەتەواوی دەستیان گیراوە و بژاردەی باشیان لەبەردم نییە بۆ دەرچوون. بەرپرسێکی ئێران بە رۆیتەرزی گوتووە، بەشێک لە بەرپرسانی ئێران دوای رووداوەکانی ڤەنزوێلا ترسیان هەیە رەنگە ببنە قوربانی داهاتووی سیاسەتە تووندەکانی ترەمپ، ئێستا لە تاران ترسی ئەوە دروستبووە رەنگە ترەمپ یان ئیسرائیل کردەی سەربازیی دژی ئێران ئەنجام بدەن. هەرچەندە تا ئێستا خۆپیشاندانەکانی ئێران بۆ زیاتر لە 22 شار و پارێزگا فراوان بوون، بەڵام هێشتا لەرووی قەبارە و ژمارەوە بچووکە و نەگەیشتووەتە ئاستی نارەزایەتییەکانی ژینا ئەمینی لە 2022 بۆ 2023. تائێستا 19 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژراون و پێشتر ترەمپ گوتی، هەر بزانین ئێران خۆپیشاندەران دەکوژێت یەکسەر دەستوەردان دەکەین و خۆپیشادەران رزگار دەکەین. رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، چەند ئاماژەیەکمان بەدەستگەیشتووە دەریدەخات ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە بەجۆرێک دەستوەردان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران بکات و هەڕەشەی هێز بەکاربهێنێت یان هێرشێکی سنووردار ئەنجام بدات بەمەبەستی پشتگیرکردنی خۆپیشاندەران. رۆژنامە ئیسرائیلییەکە دەڵێت، تا کاتی پێش دەستگیرکردنی مادورۆ، زۆربەی بەرپرسانی ئیسرائیل بەو جۆرە لە خۆپیشاندانەکانی ئێرانیان نەڕوانیوە کە گۆڕینی رژێم پێویست بێت، بەڵام ئێستا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن لابردنی مادورۆ لەسەر دەسەڵات دەکرێت ببێتە پێشینەیەک بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازیی دژی رژێمی ئێران. ئۆرشەلیم پۆست دەشڵێت، هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە بڕیاری کۆتایی درابێت لەسەر بابەتەکە و تەنها بۆچوونێکە کە دروستبووە، بەڵام وادەردەکەوێت دەستوەردانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا بۆ ئیسرائیل بووبێتە جێی سەرسوڕمان و هێرشەکە هەموو حساباتەکانی ئیسرائیلی لەبارەی ئێرانەوە گۆڕیوە. تەنها ئەمە نییە، بەرپرسانی ئێران ئێستا لە دۆخێکدان کە پلانی هەڵهاتنیشیان داناوە. رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردووەتەوە، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران پلانی داناوە بۆ مۆسکۆ هەڵبێت لە حاڵەتی ئەوەی خۆپیشاندانەکان فراوان ببن و توانای کۆنتڕۆڵکردنیان نەمێنێت. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، خامنەیی تەمەن 86 ساڵ لەگەڵ 20 کەس لە کەسە نزیکەکانی خانەوادەکەی و راوێژکارەکانی، کە موجتەبای کوڕیشی تێدایە، فڕۆکەیەکیان بۆ ئامادەکراوە و رێی دەرچوونیانە ئەگەر بزانن سوپای پاسداران شکست دەهێنێت و خۆپیشاندەران سەردەکەون. سەرچاوەکە دەشڵێت، پلانی هەڵاتنەکە ئەمانە لەخۆدەگرێت، کۆکردنەوەی سەروەرت و سامان و بردنی پارەی کاش لەگەڵ خۆیان بۆ مۆسکۆ، ئەمەش هەمان تاکتیکی بەشار ئەسەد، سەرۆکی رووخاوی سوریایە کە لە کۆتایی 2024 بۆ مۆسکۆ هەڵات. تەنانەت پێش رووداوەکانی ڤەنزوێلاش، ترسی ئەوە هەبوو لە 2026 ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر ئێران چونکە بە گویرەی راپۆرتێکی ئاکسیۆسی ئەمریکی، نەتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیل هێرشەکەی پێشوویان بەدڵ نەبووە و نەتانیاهۆ لە سەردانەکەی هەفتەی رابردووی بۆ لای ترەمپ باسی ئەگەری هێرشکردنەسەر ئێرانی کردووە.
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب رایگەیاند، ئەو گەڕەکانە رووبەڕووی هێرشی تووند و گەمارۆیەکی سەخت بوونەتەوە، بەهۆی تۆپبارانەکانەوە چەندین سڤیل، لەنێویاندا ژن و منداڵ، بوونەتە قوربانی، ناوچەکە 5 مانگە لە سووتەمەنی بێبەشکراوە و دەروازەکان داخراون. جەختی لە بەرگریی خەڵک و پێویستیی پاراستنی سڤیلەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، ئەوان خوازیاری دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەن. هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 06-01-2026 بەشداریی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و لەبارەی دۆخی ئاسایشی دوو گەڕەکە کوردنشینەکە گوتی، "ئەمڕۆ کاژێر 11:30ی پێش نیوەڕۆ فڕۆکە بۆردوومانی خاڵێکی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی کرد. لەو هێرشەدا 4 کەس بەرکەوتن کە یەکێکیان شەهید بوو و سێیەکەی دیکەش بریندارن و برینەکانیان سەختە. هێرش بەردەوامن و شەڕی تووند هەیە. بە چەک و تانک هێرش دەکرێتە سەر ئەو گەڕەکانەی خەڵکی سڤیلیان لێیە. لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانە 17 کەس بریندار بوون کە لە نێویاندا منداڵی بچووکی دوو ساڵی و سێ ساڵی هەن. هەروەها ژنێکیش گیانی لەدەستداوە و تاوەکو دێ ژمارەی برینداران زیاتر دەبێت." هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە رایگەیاند، چەکدارانی گرووپەکانی عەمشات و حەمزات لە شامەوە چەکیان بۆ دەوروبەری شێخ مەقسود و ئەشرەفییە گواستووەتەوە و گوتی، "چوار مانگە دەیانەوێ ئەم ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن و کورد کۆمەڵکوژ بکەن. ئەوان دەیانەوێ جارێکی دی هاوشێوەی سەردەمی رژێمی بەعس وڵات بەڕێوەببەن. لە بەرامبەردا خەڵکی هەردوو گەڕەک پشتیوانییەکی باشی هێزەکان دەکەن. ئێمە جارێکی دی دەڵێین، ئەم شەڕە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە." هێڤین سلێمان گوتی، هێرش و تۆپبارانکردنی هەڕەمەکی هەردوو گەڕەک هەیە کە بە هەزاران سڤیل لێیان دەژین. هێڤین سلێمان رایگەیاند، هیچ کات نەیانویستووە ئەو شەڕە هەڵبگیرسێ، بەڵام کاتێک هێرش دەکرێ، ناچارن بەرگری لە خۆیان بکەن. هەر لەبارەی هێرشەکانەوە هێڤین سلێمان رایگەیاند، "ئەو هێرشانە دژی برایەتیی گەلان دەکرێنە سەر تەواوی ئەو پێکهاتانەی لە ناوچەکەدان دەژین. ژنیکی تەمەن 42 ساڵ بەناوی فاتیمە تۆپ بەر ماڵەکەی کەوتووە و شەهید بووە. نەوەک هەر کورد، عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەش کەوتوونەتە بەر هێرش و تۆپبارانەکە." لەبارەی دۆخی مرۆیی لە ناوچەکەدا هێڤین سلێمان گوتی، "دۆخەکە باش نییە، چونکە هەر 7 دەروازەی گەڕەکەکان داخراون. تەنیا یەک دەروازە کە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بە حەلەب دەبەستێتەوە کراوەیە، ئەویش خەڵک تەنیا دەتوانن بە پیادەڕۆیی پێیدا بڕۆن. ئەوەش تەنیا بۆ پێویستیی رۆژانەی هاووڵاتیانە." هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە هەروەها رایگەیاند، ئەو گەمارۆدان و گوشارەی لەسەر دوو ئەو دوو گەڕەکە هەیە، هاوشێوەی گەمارۆی سەردەمی بەعسە. لەبارەی وێنەی دوو منداڵ کە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاویکردنەوە، هێڤین سلێمان رایگەیاند، "ئەو دوو منداڵە لە گەڕەکی شێخ مەقسودن و لە ئەنجامی کەوتنی گوللەتۆپ بەسەر ماڵەکانیان بریندار بوون. تەمەنی یەکێکیان سێ ساڵ و ئەوەی دیکەش دوو ساڵە. لەو بۆردومانەدا دایکی یەکێک لەو منداڵانەش بریندار بوو کە برینەکەی قورسە." هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە رایگەیاند، ئەو منداڵانە هیچ گوناهێکیان نییە و گوتی:"بەڕاستی هەمووان بەرامبەر رای گشتی بەرپرسیارن. لەکوێی جیهاندا هێرشی لەمجۆرە دەکرێتە سەر گەڕەکی سڤیلنشین؟ ئایا یاسای نێودەوڵەتی رێگە دەدات بە تۆپی قورس هێرش بکرێتە سەر شوێنێکی وەها؟ شتێکی وەها لە یاسای نێودەوڵەتیدا نییە، هەربۆیە دەبێت هەمووان خۆیان بە بەرپرسیار ببینن. ئێمە دەڵێین سڤیل، منداڵ و ژن دەکوژرێن. خەڵکی سڤیل بەم زستانە سەختە بەهۆی گەمارۆوە ناتوانن پێویستیی خۆیان جێبەجێ بکەن". هاوکات رایگەیاند، "ماوەی 5 مانگە سووتەمەنی ناگاتە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، لەکاتێکدا 50 هەزار خێزان لەوێ دەژین." هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە گوتی، "بێگومان لە بەردەوامبوونی هێرشەکاندا ئێمەش دەست و مستمان نەبەستراوە و بەرگری لە خۆمان دەکەین. لەبارەی دانوستاندنیش، ئێمە هەوڵدەدەین رێککەوتنی 1ی نیسان بهێنینە پێشەوە. بەڵام بەداخەوە ئەو هێزە بێ سەروبەرەی گەمارۆی هەردوو گەڕەکەکەی داوە، دەست ناپارێزن. چەتەکانی عەمشات و حەمزات، ئەو هێزانەن کە لە عەفرین مافی خەڵک پێشێل دەکەن، ئێستا هەر ئەوان دەیانەوێ لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە هەمان شت دووبارە بکەنەوە." هاوکات رایگەیاند، هەوڵی جیدی بۆ ئەوە هەیە کە خەڵکی ئەو گەڕەکانە ماڵ و حاڵی خۆیان چۆڵ بکەن، بەڵام خەڵکەکە پشتیوانیی هێزەکانی ئاسایش دەکات و خاکی خۆی جێناهیڵێت. هاوکات هەمیشە چاویان لە رێگەچارەی ئاشتیانە و دیالۆگە.
بەرپرسێکی بانکی ناوەندی عێراق ڕاگەیاند، نرخی ئێستای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بۆ دۆخی دارایی وڵات و خەڵکیش نرخێکی باش و گونجاوە، هیچ نیەتێک بۆ گۆڕانکاریی لەم نرخەدا نییە. لەگەڵ سەرەتای ساڵی نوێدا، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازارەکانی کوردستان و عێراق بۆ زیاتر لە 148 هەزار دینار بەرزبووەوە، لەکاتێکدا 100 دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانک بە 132 هەزار دینارە ، لە بەشێک لە میدیاکانیش هەواڵی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە حکومەت دەیەوێت بەهای دینار دووبارە لە بەرامبەر دۆلار نزم بکاتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی بانکی ناوەندی عێراق، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، بانکی ناوەندی هیچ نیەتێکی بۆ گۆڕانکاریی لە بەهای دۆلاردا نییە، چونکە ئەم نرخەی ئێستا ئارامی دارایی لەڕووی نەختینەوە دابین کردووە، بۆ چینی هەژارانیش نرخێکی گونجاو و باشە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک بکرێت کاریگەریی لەسەر نرخەکان و هەڵاوسانیش دەبێت. ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندی ئەمەشی وت: "یەدەگی بانکی ناوەندی لە پارەی نەختینە و زێڕ، کاریگەرییان لەسەر بەهای دینار هەیە و چەند یەدەگی بانکی ناوەندی زیاد بکات، ئارامی دۆخی دارایی وڵاتیش باشتر دەبێت." نوار سەعدی، مامۆستای ئابووری نێودەوڵەتی، بە ئاڤای ڕاگەیاند، نرخی دۆلار لە بازاردا بەگوێرەی خواست و خستنەڕوو گۆڕانکاریی بەخۆیەوە دەبینێت، مامەڵەی بازرگانی، وەبەرهێنەران و کەسەکانیش لەگەڵ ئەو وڵاتانەی قەدەغەی دۆلاریان لەسەرە، وا دەکات ئەو کەسانە لە بازاردا دۆلار بکڕن و ئەوەش نرخەکەی لە بازاردا زیاد کردووە. نوار سعدی، دەشڵێت: "بەهیچ شێوەیەک پێشبینی ناکرێت لە بازارەکاندا، 100 دۆلار بگاتە 200 هەزار دینار، چونکە ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە تەنیا لەکاتی قەیران، داڕووخانی یەدەگ یان قەیرانێکی ئابووری و سیاسی ڕوودەدات" ٠ لەگەڵ ئەوەشدا بانکی ناوەندی عێراق خاوەن یەدەگێکی پارەی باشە و دەتوانێت کۆنتڕۆڵی نرخی دۆلار بکات. ئەمڕۆ ئێوارە، 1-06-2026، نرخی دۆلار دابەزی و ئێستا 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕدا بە 145هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری ڕایگەیاند، هیچ هەنگاوێک بۆ پێشوازیکردن لە چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکانی ئاشتی نەنراوە، ڕوو لە دەسەڵات گوتی: "پرۆسەکە بە ناڕوونی بەڕێوەدەچێت. ئاشتی پێویستی بە ڕاشکاوی و بوێری هەیە." هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغوللاری لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا لە پەرلەمان قسەی کرد و باسی پێشهاتەکانی کرد. تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان هیوادارن ساڵی ٢٠٢٦ بۆ گەلان ببێتە ساڵی ئاشتی، ئارامی، یەکسانی و ئازادی. تولای حاتەم ئۆغوللاری مامۆستای ڕاگەیاندنی ئازاد و نووسەر و ڕۆژنامەوان حوسێن ئایکۆلی بەبیرهێنایەوە و گوتی کە مامۆستا حوسێن تەنها لەنێوان تەڤگەری ئازادیی کورد و تەڤگەری شۆڕشگێڕانی تورکیادا پردێک نەبوو، لە هەمان کاتدا دارچناری ڕاگەیاندنی ئازاد بوو. تولای حاتەم ئۆغوللاری بە بۆنەی ساڵیادی ١٠ـهەمین ساڵەوە پاکیزە نایر، سێڤێ دەمیر و فاتمە ئویاری بەبیرهێنایەوە، کە لە ٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ـدا لە قەدەغەی هاتووچۆی سلۆپیدا شەهید کران. تولای حاتەم ئۆغوللاری ڕایگەیاند کە ساڵی ٢٠٢٥ بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵێکی پڕ لە ڕووداو بوو. بە بۆنەی ساڵی نوێوە تولای حاتەم ئۆغوللاری ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی سری سورەیا ئۆندەری بەبیرهێنایەوە کە ساڵی ٢٠٢٥ گیانی لەدەستدا. تولای حاتەم ئۆغوللاری تیشکی خستە سەر بوومەلەرزەکەی ٦ـی شوباتی ٢٠٢٣ و گوتی کە سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ساڵ، برینی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە ساڕێژ نەکراوە و بانگەوازی لە بەرپرسان کرد کە کێشەی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە چارەسەر بکەن. هەروەها داوا جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای کرد بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و زیندانییانی دۆسیەی کۆبانێ و زیندانیانی سیاسی. هەلومەرجی ڕەخساندنی کارکردنی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا، بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسە هەنگاوی سەرەکی مەرجی بەدیهێنایی هەلومەرجی کارکردنی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە و گوتی: "ئێستا هەموو پارتەکان ڕاپۆرتەکانی خۆیان پێشکەش بە پەرلەمان کردووە. لێرە بەداوە دەبێت ڕاپۆرتێکی هاوبەش ئامادە بکرێت. ڕاپۆرتێکی هاوبەش کە دەبێت خزمەت بە چارەسەریی بکات. هەروەها بەرپرسیارێتی کۆمیسیۆن ئەوەیە پرسی کورد لە زەمینەی شەڕوپێکدادن دووربخاتەوە و بۆ ئەوەش زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی ئامادە بکات. هەربۆیە دەبێت یاسای تایبەت بۆ ئەندامانی پەکەکە دابنرێت. دەبێت سیستەمی قەیومەکان کۆتایی بێت. یاساکانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەبێت جێبەجێ بکرێن." 'بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی ئیمرایالیزم تەڤگەرێکی ڕێکخستنی ئەنتەرناسیۆناڵ پێویستە' وتیشی: "کاتێک لە پێشهاتەکانی جیهان دەڕوانین، دەبینین ئاشتی ناوخۆیی چەندە گرنگە. ئەمریکا یاسایی نێونەتەوەیی پێشێل کرد و هەڵیکوتایە سەر ڤەنزوێلا. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات لە داهاتوودا ئیمپرایالیزم دەگاتە چ ئاستێک. دەستگیرکردنی مادورۆ ئەوەی نیشان دا، هیچ دەوڵەت و سیاسەتمەدارێک سەلامەت نین. هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی ئیمپرایالیزم تەڤگەرێکی ڕێکخستنی ئەنتەرناسیۆناڵ پێویستە". 'هێرشی سەر عەلەوییەکان قبوڵ ناکەین' سەبارەت بە هێرشەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا بۆ سەر عەلەوییەکان تولای حاتەم ئۆغوللاری گوتی: "کۆمەڵکوژییەکان لە دژی عەلەوییەکان قبوڵ ناکەین. سەرەڕای ئەم کارانەی حکومەتی دیمەشق هەڕەشە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن بۆ ئەوەی بچنە ناو حکومەتی ڕاگوزەریی دیمەشقەوە. بە ئیدارەی خۆبەڕێوەیی دەڵێن ڕادەست بن. ئەمە نە خوشک-برایەتییە و نە هۆشیارییەکی یەکسانییە. پەیامی سەری ساڵی بەڕێز ئۆجالان زۆر گرنگ بوو. دوای چەند کاتژمێرێک لە پەیامەکە وەزیری بەرگری هەڕەشەی لە ڕۆژئاوا کرد. ئەم پڕۆسەیە بە هەڕەشەکردن بەڕێوەناچێت." 'با باخچەلی بزانێت، زمانی هەڕەشە، ئاشتی هەرێمی لێ ناکەوێتەوە' تولای حاتەم ئۆغوللاری وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی دایەوە کە لە دژی قەسەدە کردبووی و گوتی: "بە مەهەپەش دەڵێین؛ زمانی هەڕەشە ئاشتی هەرێمی لەگەڵ خۆییدا ناهێنێت. کۆتایی هاتنی کێشەکانی سووریا بە دیموکراسییەوە پەیوەستە. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و حکومەتی ڕاگوزەر لە دیمەشق کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا. هیوای ئێمە ئەوەیە کە لەم کۆبوونەوانە چارەسەرێک سەرهەڵبدات. هەر وەک بەڕێز ئۆجالان وتی، دەبێت تورکیاش لەم پڕۆسەیەدا ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت."
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: لە ماوە سێ ساڵی ڕابردوودا، لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق، لە 21ـی حوزەیرانی ساڵی 2023، کە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025) بوو، تیایدا پشکی هەرێمی کوردستان، دوای چەندین گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، دیاری کرا. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. لە ماوە سێ ساڵی ڕابردوودا، لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق، لە 21ـی حوزەیرانی ساڵی 2023، کە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025) بوو، تیایدا پشکی هەرێمی کوردستان، دوای چەندین گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، دیاری کرا. جیاوازیی نێوان شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوەی بە کردەیی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا خەرج کراوە، بە قەبارەیەکی گەورە خەمڵێندراوە و هەرێم ڕووبەڕووی "گەمارۆی وەبەرهێنان" و "کەلێنی گەورەی دارایی" کراوەتەوە. بەپێی داتاکان، کۆی شایستەی دارایی هەرێم گەیشتووەتە 58.3 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی بە کردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە 24.3 ترلیۆن دینار تێپەڕی نەکردووە، کە دەکاتە %41ی مافە داراییەکان و ئەمەش تەنها %3.9ی کۆی بودجەی عێراقە. هەروەها سەرەڕای تەرخانکردنی بڕی 165 ترلیۆن دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنان، پشکی هەرێم 0 بووە، کە بووەتە هۆی فشار بۆ پەکخستنی پڕۆژەکانی ژێرخان لە هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە، لە دۆسیەی نەوتدا، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ئادارى 2023، 25 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە. کە لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە کۆتاییەکانی 2025، حکومەتی هەرێم 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ" ناردووە، بەڵام دروستکردنی گرفت بۆ ناردنی مووچە لە ساڵی 2025 هەر بەردەوام بووە. حکومەتی فیدراڵ بۆ هەریەك لە ساڵەکانی (2023 – 2024 - 2025)، مووچەی ساڵی بەتەواویی خەرج نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی شایستە داراییەکان بۆ چەندین مانگ. لە بەرامبەردا، حکومەتی هەرێم پابەندبوونی دارایی نیشان داوە، بەشێوەیەک لە ساڵی 2025 بڕی 919 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتیی، ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی کردووە. فەرمانگەى میدیا و زانیاری
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ سێ شەممە 6-1-2026 کەش / ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت خێراى با / لەسەرخۆ ( 5– 10) کم/ک ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / 9 – 10 کم دەبێت پلەکانی گەرما / بەرزترن پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بە (1-2) بە بەراورد بە پلەکانی گەرمای دوێنێ بە پلەی سیلیزی هەولێر 16پلەی سیلیزی پیرمام 14 پلەی سیلیزی سۆران 14 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران 5 پلەی سیلیزی سلێمانی 15 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 16 پلەی سیلیزی دهۆک 15 پلەی سیلیزی زاخۆ 15 پلەی سیلیزی ئاکرێ 14 پلەی سیلیزی سبەى چوار شەممە 7-1-2026 کەش/ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ناوچە شاخاویەکان نیمچە هەور دەبێت خێراى با / لەسەرخۆ ( 5 – 10 ) کم/ک ئاراستەی با / باکووری ڕۆژهەڵات پلەکانی گەرما/ نزمترین نزیک دەبێتەوە بەرزترین کەمێک بەرز دەبێتەوە مەوداى بینین / 8– 9 کم. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 16 پلەی سیلیزی سلێمانی : 15 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 15 پلەی سیلیزی دهۆک : 16 پلەی سیلیزی زاخۆ : 14 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 14 پلەی سیلیزی
عەتا محەممەد دەڵێت، لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی سبەینێ چوارشەممەوە دەستدەکرێت بە هاوکاریکردنی 694 ئۆتۆمبێل کە لە لافاوەکەی ساڵی رابردوو زیانیان بەرکەوتبوو. دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و خەمڵاندنی زیانەکان، کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ وادەی دابەشکردنی قەرەبووی دارایی بۆ خاوەن ئۆتۆمبێل و کاسبکارانی شارەکە ڕاگەیاند. بەگوێرەی بڕیارەکە، سبەی پرۆسەکە بە قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەستپێدەکات و هەفتەی داهاتووش نۆرەی شوێنە بازرگانییەکان دەبێت. عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد کە پرۆسەکە بە قۆناغ بەڕێوەدەچێت. بڕیارە سبەی هاوکاریی دارایی بەسەر خاوەنی 694 ئۆتۆمبێلدا دابەش بکرێت کە لە لافاوەکەی ئەم دواییەی شارەکەدا زیانیان بەرکەوتووە و دۆسیەکانیان تەواو کراوە. سەبارەت بە زیانی کاسبکاران، عەتا محەممەد ڕوونی کردەوە کە دۆسیەی 262 دوکان و شوێنی بازرگانی بەتەواوی یەکلایی کراونەتەوە و بڕی شایستەی داراییان بۆ دیاری کراوە. بڕیارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکانیان بکرێت. هاوکات هەر لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو سکاڵایانە دەدرێت کە لەلایەن خاوەن خانووە زیانلێکەوتووەکانەوە تۆمارکرابوون و گلەییان لە کەمیی بڕی هاوکارییەکان هەبوو. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری ئاماژەی بەوە دا کە لەو پارەیەی بۆ هاوکاریی لافاوەکە کۆکراوەتەوە، بڕێک پارەی تێدا دەمێنێتەوە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە وەک کۆمیسیۆن پێشنیازیان بۆ جێگری سەرۆکوەزیران کردووە کە ئەو بڕە پارە زیادەیە بکرێتە پرۆژەی خزمەتگوزاری و لە بەرژەوەندیی خەڵکی چەمچەماڵ خەرج بکرێت.
بڕیارە رۆژی پێنج شەممە وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر كۆببنەوە، سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند كۆبوونەوەكە تایبەتە بە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان، بێگومان گرێدەدرێتەوە بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق. رۆژی 16ی مانگی رابردوو دواین كۆبوونەوەی وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بوو كە لە مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، گفتوگۆكانی نێوانیان گەیشتە بنبەست لەبەر ئەوەی وەفدی پارتی بە وەفدی یەكێتیان وتبوو " ئەوەی پێش هەڵبژاردن گفتوگۆی لەسەركراوە شتێك بوو ئێستا دوای هەڵبژاردنەو شتێكی ترە" بۆیە وەفدی یەكێتی كۆتاییان بە گفتوگۆكان هێنابوو. كۆبوونەوەی وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی هاوكاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق كە پارتی دوو كاندیدی فەرمی و یەكێتی یەك كاندیدی فەرمی هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە یەكێتی داوا دەكات پارتی پشتیوانی لە كاندیدەكەی پارتی بكات و پارتیش داوا دەكات یەكێتی رازی بێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئەوكات رێككەوتن لە نێوانیان بكرێت و فایلی سەرۆككۆمار و كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەیەك فایل بكرێت و هەردوولا لەسەر هەموو پۆست و بابەتەكان رێكبكەون.
میدیای تورکیا دەڵێت، لە دادگای تاوانی مێرسین سەڵاحەدین دەمیرتاش سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ و 15 رۆژی بەسەردا سەپێنرا بە تۆمەتی ئەوەی لە چەند وتارێکیدا لە ئامەد و مێرسین "سووکایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا" کردووە. بە تۆمەتی ئەوەی سوكایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان كردووە، دادگای تاوانی مێرسین سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ و 15 رۆژ زیندانی بەسەر (سەلاحەدین دەمیرتاش)، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان دا سەپاند. دادگاكە لەسەر بنەمای چەند وتارێك سزاكەی سەپاندووە كە دەمیرتاش پێشترو لە ماوەی ساڵانی 2015 بۆ 2016 لە ئامەدو مێرسین لە باكوری كوردستان پێشكەشیكردوون. دەمیرتاش لەكاتێكدا ئەم سزایەی بەسەردا سەپێندراوە، كە خۆی بە چەندین تۆمەتی جیاواز لە ساڵی 2016ـەوە لە زینداندایەو بڕیاربوو لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورد لەگەڵ هەزاران دەستگیركراوی سیاسی تردا ئازاد بكرێت. پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان (دەم پارتی) كە نوێنەرایەتی كورد دەكات لە پەرلەمانی توركیا راگەیەندراوێكی لەبارەی حوكمی دادگای مێرسین بڵاوكردەوەو رایگەیاند" سزاكە دەستێوەردانێکی دادوەریی ڕوونە لە دژی ئازادی ڕادەربڕین و سیاسەتی دیموکراسی. سزادانی ئەو کەسانەی بانگەشە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئیرادەی پێکەوە ژیان و چارەسەری دیموکراسی و ئاشتیانە بۆ پرسی کورد دەکەن، بە ڕوونی پەسەندکردنی بێ یاسایی و نادادپەروەری نیشان دەدات". "ئێمە بە تەواوەتی ئەو سزایە رەتدەکەینەوەو بە نایاسایی دەزانین.. هەر ڕێبازێک هەوڵی بێدەنگکردنی ئەو کەسانە بدات کە بانگەشە بۆ ئاشتی دەکەن، بە ئاگادارییەوە ئاستەنگ لە ڕێگەی ئاشتی کۆمەڵایەتی دادەنێت... جارێکی تر بە توندترین شێوە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە دەستبەجێ سەرجەم زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێن" راگەیەندراوەكەی (دەم پارتی) وا دەڵێ.
هاوڵاتی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریاندا کاری "هاوبەش و بەرهەمدار" ئەنجامبدەن بۆ بەهێزکردنی خۆپیشاندانەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەشڵێن، پێداگری لەسەر یەکهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنەکان دەکەنەوە. ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حزبەکانی رۆژهەڵات لە راگەیاندراوێکدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی بڵاوکردەوە و تێیدا حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێداگریان لەسەر "پێویستیی یەکڕیزی و هاوخەباتیی هەموو ناوچەکانی کوردستانی ئێران" کردووەتەوە و سوورن لەسەر "هەنگاوی جیددی و بەکردەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی." لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی حزبی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداربوون. دەقی راگەیاندراوەکە: راگەیەندراوی میدیایی کۆبوونەوەی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوەی باڵای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥/١/٢٠٢٦) بەڕێوە چوو. لەم کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی ئێران و دوا گۆڕانکارییەکان لە کوردستان خرایە بەر باس، پشتیوانی لە خەبات و ڕاپەڕینی سەراسەریی گەلان و پێکهاتەکانی ئێران کرا، و بڕیار لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش و بەرهەمدار بۆ بەهێزکردن و گوڕوتین بەخشین بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی درا. ئەم کۆبوونەوەیە بە ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان و گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە ئێران و ناوچەکانی خوارووی کوردستان دەستی پێکرد. دواتر بەڕێز کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بەرپرسی دەورەیی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانە لە وتاری کردنەوەی کۆبوونەوەکەدا ئامانج لە دانیشتنەکەی شی کردەوە و تیشکی خستەسەر ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییانەی لەو دۆخەدا پتر لەسەر شانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوورسایی دەکا. پاشان کۆبوونەوەکە بە ڕا و سەرنج و بۆچوونی بەشداران دەوڵەمەندکرا. لە کۆبوونەوەکەدا شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپێشاندانەکان دژی کۆماری ئیسلامی کە بەرهەمی دەیان ساڵ گەندەڵی، ناکارامەیی و سیاسەتی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامییە بەرز نرخێندرا و؛ سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان لە کرماشان، ئیلام، مەلەکشایی و لوڕستان بە بڕياری ڕاستەوخۆی خامنەیی کە دیسان مافخوازیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانی بە ئاژاوە ناو برد، مەحکووم کرا. هەروەها وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم دواییانە لە سەرانسەری ئێران لە مەلەکشایی و ناوچەکانی خوارووی کوردستان، پێداگری لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هاوخەباتیی هەموو ناوچەکانی کوردستانی ئێران و هەنگاوی جیددی و بەکردەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی دوژمنکاری و سەرکوتی سیستماتیکی بزووتنەوەی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە کرایەوە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چرکردنەوەی هەوڵ و وتووێژەکان بۆ داڕشتنی گەڵاڵەی بنەمای هاوکاریی لایەنە سیاسیەکان، دیاریکردنی نەخشەڕێگا بۆ بە هێزکردنی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران درا. لەو کۆبوونەوەیەدا کاک سەید برایم عەلیزادە، دەبیرئەوەڵی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران؛ کاک عومەر ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران؛ کاک ڕەزا کەعبی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ کاک باباشێخ حوسێنی، سکرتێری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کاک حوسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان؛ کاک ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ سەرۆکایەتیی هەیئەتی حیزبەکەیان کردبوو. ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکانی ئێران ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥/١/٢٠٢٦)
ئەمڕۆ کارگەیەکی دروستکردنی چپس لە کۆمەڵگەی پیرزینی سەر بە پارێزگای هەولێر تووشی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە بوو. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان و گرتە ڤیدیۆییەکان، ئاگرەکە بەشێکی زۆری کارگەکەی گرتووەتەوە و تیمەکان سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین. بەرەبەیانى ئەمڕۆ ئاگر لە کارگەیەکی چپس لە کۆمەڵگەی پیرزین لە هەولێر کەوتەوە. شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت: زیاتر لە سێ کاتژمێرە ئاگرەکە بەردەوامەو 20 تیممان لێرەن بۆ کوژاندنەوەو کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو زیانی گیانی نەبووە، تەنیا مادییە. بەڵام کارگەکە مەرجی سەلامەتی تێدا نەبووە و پێشتر ئاگادار کراوەتەوە. بەپێى زانیاریەکان لەبەربوونی مەترسی سێ قوتابخانە و باخچەی ساوایان خوێندکار و منداڵەکانیان ناردەوە بۆ ماڵەوە و چەند ماڵێکیش لە نزیک ئاگرەکە چۆڵکران تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر هیچ زانیارییەکی فەرمیی لەبارەی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە بڵاونەکردووەتەوە. هەروەها هیچ ئامارێک سەبارەت بە بوونی زیانی گیانی یان قەبارەی زیانە ماددییەکان ڕانەگەیەندراوە و چاوەڕوانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکرێت.
