درۆنێک لە گوندێکی لە چیای قەرەچوغ سەر بە قەزای مەخموور لە پارێزگای نەینەوا کەوتەخوارەوە. شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کاتێک جووتیارێک دەچێتە سەر زەوییەکەی لە گوندی ئازی کەند لە سنووری ناحیەی قەراج لە چیای قەرەچوغ، ئەو دۆرنە دەبینێت کە لە زەوییەکەدا کەوتووەتە خوارەوە. بەگوتەی شێروان دووبەردانی، درۆنەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە و نەپێکراوە. غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە لە قەزای مەخموور راگەیاند، درەنگی ئێوارەی دوێنێ درۆنێك لە نزیك هێزێكی پێشمەرگە لە چیای قەرەچوغ كە پێنج كیلۆمەتر لەنێو سەنتەری شارۆچكەكەوە دوورە كەوتووەتەخوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێك بەهێزەكەی پێشمەرگە گەیشتبێت. دەشڵێ، دوای كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە هێزەكانی سوپای عێراقیان لەناوچەكە ئاگادار كردوەتەوە و ئەمڕۆ تیمێكی شارەزای هەڵگرتنەوەی درۆنیان ناردووەتە شوێنی رووداوەكە و گواستویانەتەوە بۆ بارەگای فیرقەی سوپای عێراق لەناوچەكە. ئەو فەرماندەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشدا ئەوان نازانن درۆنەكە لەلایەن چ وڵاتێكەوە ئاڕاستەی ناوچەكە كراوە.
پێگەى گڵۆباڵ تایمزی چین، بڵاویکردەوە بەپێى ئامارەکان لە ساڵی 2001ەوە "جەنگی تیرۆر"ی ئەمریکا، زیاتر لە 800 هەزار کەسی کوشتووە و زیاتر لە 38 ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و زیاتر لە 8 تریلیۆن دۆلاری تێچووە. گڵۆباڵ تایمزی چین- سەربە پارتی کۆمۆنیستی چین ولە ڕوانگەیەکی دیاریکراوی چینییەوە شرۆڤە لەسەر کاروباری جیهانی دەکات. لەسەروتارى ئەمڕۆیدا ئەوەى خستوەتەڕوو، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت. "ئایا ئەمریکا خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات؟" - نیگەرانیی قووڵ سەرتاسەری ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتۆتەوە سەبارەت بە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا لە ململانێی ئێران و ئیسرائیل، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو بوونی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستاوە بەرچاوە و گرژییەکانی ناوچەکەش بە ڕادەیەکی پێویست بەرزە. تەنانەت ئەگەر واشنتۆن تەنیا بۆ "ترساندنی" ئێران بێت، ئەوا تاکتیکی "زۆرترین فشار" هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی ناوچەکە تێکدەدات و پێچەوانەی دادپەروەری نێودەوڵەتییە. دەقى تەواوى وتارە.. بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت. "ئایا ئەمریکا خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات؟" - نیگەرانیی قووڵ سەرتاسەری ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتۆتەوە سەبارەت بە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا لە ململانێی ئێران و ئیسرائیل، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت. لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ شەڕ، ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: ئێران "تەسلیم نابێت" و هۆشداریشی دا کە هەر دەستێوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا "زیانێکی قەرەبوو نەکراو"ی لێدەکەوێتەوە. ئایا ئەمریکا تاقیکردنەوەیەکی توند ئەنجام دەدات یان ڕای گشتی بۆ شەڕ کۆدەکاتەوە؟ هەر دوو ڕێگاکە، تەنیا ئەوەی کە ئەمریکا بیر لە بەشداریکردن دەکاتەوە، خۆی ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە،ئامرازە دیپلۆماسییەکان سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران تەواو نەبوون و هێشتا چارەسەری ئاشتیانە ئەگەری هەیە. کۆدەنگی هاوبەش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ئەوەیە کە هێزی سەربازی ناتوانێت ئاشتی بۆ ناوچەکە بهێنێت - تەنها بە بەرزڕاگرتنی دیدگای ئاسایشی هاوبەش دەتوانرێت نیگەرانییە ڕەواکانی هەموو لایەنەکان بە تەواوی چارەسەر بکرێت. پێش ململانێی ئێستای ئێران و ئیسرائیل، پێشتریش ئەمریکا و ئێران پێنج خولی دانوستانیان لەسەر پرسی ئەتۆمی ئەنجامدابوو. لە کاتێکدا جیاوازییەکی بەرچاو مابووەوە و هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست نەهات، دانوستانەکان بەردەوام بوون. ئەگەر هێرشە سەربازییە کتوپڕەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەبوایە، خولی شەشەمی دانوستانەکان ئەنجام دەدرا. دیارە ئەوەی کە ململانێی دەستپێکرد، داڕمانی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکو سەرگەرمییەکی سەربازی بوو،پرسی ئەتۆمی ئێران زیاتر لە 20 ساڵە درێژەی هەیە. گرنگترین وانەی فێربوو ئەوەیە کە هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسی تاکە ڕێگای دروستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی دروست. قووڵترین وانەی مێژوویی ئەوەیە کە ڕووبەڕووبوونەوەی بێوچان و فشار و تێکدانی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان تەنیا خزمەت بە ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە دەکات. ئەمریکا بەرپرسیارێتی پرسی ئەتۆمی ئێران لە ئەستۆ دەگرێت. ئەگەر واشنتۆن بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە پلانی کاری گشتگیری هاوبەش ، نەکشابایەوە و ئەگەر ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و کاریگەر جێبەجێ بکرایە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پرسەکە بەرەو دۆخی ئێستای خراپ نەدەبوو، هەر جۆرە بەکارهێنانێکی بێباکانە لە هێز دژی ئێران جێگەی قبوڵکردن نییە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە،لە ئەفغانستانەوە تا عێراق، مێژوو لە مێژە سەلماندوویەتی کە دەستێوەردانەکانی سەربازی ئەمریکا هەرگیز ئاشتیی نەهێناوەتە ئاراوە. بەڵکو وێرانکارییان بەجێهێشتووە و تۆوی ڕق و کینەیان چاندووە، تەنانەت زیانێکی قووڵیان بە کۆمەڵگەی ئەمریکی گەیاندووە. بەپێی پڕۆژەی تێچووی جەنگ لەلایەن زانکۆی براونەوە، لە ساڵی 2001ەوە بەناو "جەنگی تیرۆر"ی ئەمریکا، زیاتر لە 800 هەزار کەسی کوشتووە و زیاتر لە 38 ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و زیاتر لە 8 تریلیۆن دۆلاری تێچووە. سی ئێن ئێن هۆشداری داوە لەوەی "ڕەنگە ئەمریکا بەرەو شەڕێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوات"، واشنتۆنی بە "لە لێواری قومارێکی گەورە" وەسف کردووە، هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئێران لیبیا و عێراق و ئەفغانستان نییە" و "مەرج نییە مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە". ڕاپرسییەکی ئەم دواییەی ئیکۆنۆمیست دەریخستووە کە لەسەدا 60ی ئەمریکییەکان دژی تێوەگلانی سەربازی ئەمریکان لە ململانێکاندا و تەنها لەسەدا 16ی ئەمریکی پشتگیری لە کردەوەی سەربازی دەکەن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تێوەگلانی قووڵتر لە ململانێی ئێران و ئیسرائیلدا ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی ئەمریکا نییە بوونی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستاوە بەرچاوە و گرژییەکانی ناوچەکەش بە ڕادەیەکی پێویست بەرزە. تەنانەت ئەگەر واشنتۆن تەنیا بۆ "ترساندنی" ئێران بێت، ئەوا تاکتیکی "زۆرترین فشار" هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی ناوچەکە تێکدەدات و پێچەوانەی دادپەروەری نێودەوڵەتییە. ئەولەویەتی بەپەلەی ئێستا بەردەوامبوون نییە لە دووبارە تەرخانکردنی هێزەکان یان جێگیرکردنی فڕۆکە هەڵگر و فڕۆکە جەنگییەکانی زیاتر، بەڵکو پەرەپێدانی ئاشتی و وەستاندنی شەڕە. پێویستە ڕێوشوێنی کاریگەر بگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان و دوورکەوتنەوە لە گێژاوی زیاتر لە ناوچەکەدا. گەڕانەوە بۆ چارەسەری سیاسی دیالۆگ و دانوستان، چاوەڕوانییەکی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. پەرەسەندنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خزمەت بە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک ناکات ئەمریکا وەک وڵاتێک کە کاریگەری تایبەتی لەسەر ئیسرائیل هەیە، پێویستە بە تایبەتی هەڵوێستێکی بابەتیانە و بێلایەنانە بگرێتە ئەستۆ و بەرپرسیارێتی پێویست لە ئەستۆ بگرێت و ڕۆڵێکی ئەرێنی و بنیاتنەر بگێڕێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی زیاتری ململانێکان. هێشتا خوێن لە غەززە دەڕژێت و پەنابەرانی سوریاش بەردەوامن لە سەرگەردانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەرگەی "جەنگی سەپێنراو"ی تر ناگرێت. ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی هەوڵی "چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە" بدات، پێویستە ئاماژەیەکی ڕوونتر و چالاکتر بنێرێت سەبارەت بە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واز لە سووتەمەنیکردنی ئامێری جەنگ بهێنن، و بەرپرسیارێتی بەرەوپێشبردنی ئاشتی و وەستاندنی شەڕ لە ئەستۆ بگرن، نەک کێشەکان زیاتر ئاڵۆز بکەن یان ببنە بەشێک لە کێشەکە و/ هەڵۆ حەسەن سەرچاوە: https://www.globaltimes.cn/page/202506/1336473.shtml
جەمال كۆچەر، ئەندامى لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دڵنیایی دەدات سەرەڕای گرژییەكانی ناوچەكە حكومەتی عێراق دەتوانێت لەكاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران دابەشبكات و هیچ گرفتێكی نییە. جەمال كۆچەر بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، حكومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواكەوتن لە وادەی خۆیدا دابەشدەكات و دۆخی دارایی عێراق لەژێر كۆنترۆڵدایە و حكومەت نەختینەی پێویستیە لەبەردەستەوە و رووداوەكانی ئێستا هیچ كاریگەرییان لەسەری نابێت. ئەو دەڵێت، حكومەتەكانی پێشتر سەرەڕای شەڕی چەند ساڵ شەڕی داعش و دواتری قەیرانی كۆرۆنا دابەشكردنی مووچەیان داونەخۆستوە و لەكاتی خۆیدا دابەشكراوە و فەرمانبەرانی هەموو ناوچەكانی عێراق پێیان گەیشتوە بۆیە ئێستا بەراورد بەوكاتە رووداوێكی ئەوتۆ لە عێراقدا نیە مەترسی لەسەر بێت. لەلایەکى دیکەوە بڕیارە ئەمرۆ دادگای فیدراڵیی عێراق کۆدەبێتەوە، رەنگە بڕیار لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستانەوە بدات. بەگوێرەی زانیارییەکان، دادوەرانی دادگای فیدراڵی کاتژمێر 12 کۆدەبنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بانگهێشتی میدیاکارانی کردووە رووماڵی دانیشتنەکە بکەن. دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، نامەیەکی لەبارەی مووچە بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە، هیوادارە دادگاکە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بڕیاربدات.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەى ناوەندەکانى مەدەنى دەکاتە ئامانج و دەڵێت ئەوان هەموو سنورە ئەخلاقییەکانی بەزاندووە، موشەک دژی منداڵان و بەساڵاچووان هەڵدەدات. ئەم بەیانییە ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل. میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە بارەگای فەرماندەیی، هەواڵگری سوپای ئیسرائیل و سەربازگەی هەوڵگریی بووە لە ناوەندی توێژینەوەی گاڤ یام لە شاری بیەرشیبا. یسرائیل كاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لەدواى هێرشەکانى ئەمڕۆ لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: من و سەرۆک وەزیران فەرمانمان كرد بە چڕكردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر بە ئامانجە ستراتیژی و ئامانجە سیادییەكان لە تاران، بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانیان و لەناوبردنی رژێمەكەیان. ناوبراو زیادیکرد کە دیکتاتۆرە ترسنۆکەکەی ئێران، لە قوڵایی حەشارگە قایمەكەی دانیشتووەو بە ئەنقەست نەخۆشخانەو باڵەخانەكانی نیشتەجێبوون لە ئیسرائیل دەکاتە ئامانج. یسرائیل كاتز وتیشى: ئێران تاوانی جەنگ لە مەترسیدارترین جۆری ئەنجام دەدات، خامنەیی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت لەسەر تاوانەکانی، رژێمی خراپەكاری ئێران هەموو سنورە ئەخلاقییەکانی بەزاندووە، موشەک دژی منداڵان و بەساڵاچووان هەڵدەدات. جەختى لەسەر ئەوەکردەوە رژێمی ئێرانی، تیرۆریست و دڕندەیە، پێویستە لە ڕەگەوە هەڵبکەندرێت، لەپێناو ئاسایشی ئیسرائیل و جیهان. وەزارەتى تەندروستى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە ئیسرائیل، بەتایەتى نەخۆشخانەى سۆرۆکا ژمارەی بریندارەکان بۆ ٦٥ کەس بەرزبووەتەوە.
کوتلە چەکدارە عێراقیەکانى سەر بە ئێران وریاتر بوون لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاو لەترسى بۆردومان کردن ئێستا مۆبایلی کاتی بەکاردەهێنن. لەگەڵ بەردەوامی پێکدادانی توندوتیژی نێوان ئیسرائیل و ئێران ، گروپە چەکدارە عێراقیەکان و حزبوڵڵا لە لوبنان، تائێستا بێدەنگن و هیچ ڕۆڵ و جموجوڵێکیان نییەو لە شوێنی ڕووداوەکان ئامادە نین. بەپێی ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى، بەشێک لەو گروپانە لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانیانە، بەتایبەتی کە لە شەڕێکی فراوانتر لەگەڵ ئیسرائیل زۆر شتیان لەدەستداوە، وەک هەندێک لە میلیشیا عێراقییەکان کە لە ئێستادا سەرقاڵی کۆکردنەوەی سامانن لە ڕێگەی کەرتی نەوتەوە. بە تایبەت کە شەڕی توندوتیژیەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە دژی حزبوڵاى هاوپەیمانانی ئێرانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل وریا کردەوە کە لەتوانای سەربازی و هەواڵگریدا باڵادەستییەکی بەرچاوی نیشانداوە. لەم چوارچێوەیەدا دیپلۆماتکارە عەرەبییەکان کە بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ ئەو گروپانەو حزبوڵادا هەیە، ڕوونیان کردەوە کە ئەم دووەمیان خواستێکی کەم نیشان دەدات بۆ ئەوەی بکێشرێتە ناو شەڕێکی نوێ و لە ئێستادا سەرنجی لەسەر بنیاتنانەوەی توانا دارایی و سەربازییەکانییە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بیرکردنەوەی حزبوڵا ڕایگەیاند کە ئێران توانای ئەوەی هەیە بەبێ هاوکاری هاوپەیمانەکانی مامەڵە لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەکەدا بکات و ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا ئەو حیزبە ڕێبازی "چاوەڕوان و ببینە" دەگرێتەبەر. لە عێراقیش، کوتلە چەکدارەکانی سەر بە ئێران وریاتر بوون لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا. ئێستا مۆبایلی کاتی بەکاردەهێنن و بە بەردەوامی ژمارەی فەرماندەکانیان دەگۆڕن و بە دەگمەن پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە دەکەن. بەتایبەت دوای ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل ڕادەی دزەکردنی هەواڵگری ئیسرائیلی بۆ ناو ئێران و توانای دەستپێکردنی هێرشەکانی لە ناو خاکی ئێرانەوە نیشان دا کە ئەمەش بە تایبەتی هاوپەیمانەکانی تارانی هەژاند. شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێران پێ ناوەتە حەوتەمین ڕۆژەوە، سوپای ئێران قۆناغی شەشەمی هێرشی خۆکوژی خۆی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دژی ئیسرائیل دەستپێکرد، هاوکات سوپای ئیسرائیل هەڵکوتانە سەر "شوێنەکانی بەرهەمهێنانی چەک و شوێنەکانی بەرهەمهێنانی سەنتەرفۆج"ی کردە ئامانج. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، یاریدەدەرە باڵاکانی لە پەسەندکردنی پلانەکانی هێرشکردنە سەر ئێران ئاگادارکردەوە، بەڵام دەرکردنی فەرمانی کۆتایی دواخست بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا تاران ڕازی دەبێت بە وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی یان نا.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، ئێران باجێکی زۆر گەورە دەدات، دوای ئەو هێرشەی ئەم بەیانییە کردییە سەر وڵاتەکەی. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی بێ وەڵام نامێنێتەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشەی ئەم بەیانییە ئێران کردییە سەر ئیسرائیل و تاران "باجێکی گەورە" دەدات. بەرەبەیانی سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی لە تاران ئەنجامدا و ناوەندێکی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومانکرد، لەبەرامبەردا ئێران هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەیەک لە تەلئەبیب. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی لە ئێران و بەتایبەت لە تاران ئەنجامدا، بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی ئێران، بەرگرییە ئاسمانییەکان وەڵامی هێرشەکانیان لە کەرەج و ئیسفەهان و چەند ناوچەیەکی تاران داوەتەوە. سوپای ئیسرائیل ناوەندێکی تایبەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لە ئەراک بۆردومانکرد. هاوکات، سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی شارەکانی ئەراک و خەندەبی ئێران کرد ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. لەبەرامبەردا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران هێرشیکردە سەر نەخۆشخانەی سوروکا لە تەلئەبیب کە برینداری سوپای تێدا چارەسەر دەکرا. ئاژانسی هەواڵی فارس-ـی ئێران، هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە بە وتەی خۆی 18 سیخوڕی ئیسرائیلن، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی و خۆکوژیان دروستکردوە. بە پێی ئامارێکی تۆڕی -هرانا، لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا نزیکەی 639 کەس لە ئێران کوژراون و نزیکەی 1000 کەسیش بریندارن. لە بەرامبەردا تا ئێستا لە ئیسرائیل 24 کەس کوژراون کە سەرجەمیان مەدەنین.
عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە پەیامێکدا سەرکۆنەی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات. عەلی سیستانی لە پەیامێکدا لە نووسینگەکەی بڵاویکردووەتەوە دەڵێ، هێرشەکانی ئیسرائیل پێشێلکردنێکی روونی بەها ئاینی و ئەخلاقییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، لە ئەگەری پەرەسەندنی هێرشەکانیش، رەنگە دۆخەکە لەدەستدەربچێت و پشێوی و نەهامەتی زیاتر بۆ ناوچەکە بهێنێت، زیانیش بە بەرژەوەندیی هەمووان دەگەیەنێت. نووسینگەى سیستانى رایگەیاندووە، بە ئامانجگرتنی سەرکردە ئایینی و سیاسییەکانی ئێران، هەرچەندە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێوەرە ئایینی و ئەخلاقییەکانە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای نەریت و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە، ئەو هەنگاوە ئاماژەیە بۆ لێکەوتەی زۆر خراپ بۆ دۆخێکی ناوچەکە بە گشتی، رەنگە ببێتە هۆکارى دەرچوونی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ و روودانی پشێویی گەورە، کە نەهامەتییەکانی گەلانی ناوچەکە زیاتر بکات و زیانی گەروە بە بەرژەوەندییەکانی هەمووان بگەیەنێت. نووسینگەی عەلی سیستانی، داوا لە سەرجەم لایەنە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان و وڵاتانی جیهان دەکات، هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ راگرتنی جەنگی ئێران و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانەی دادپەروەر بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەگوێرەى یاسای نێودەوڵەتی.
بۆیەکەمجارە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێت کە ئیسرائیل تووشی زیانى زۆبوون و دەڵێت: بەدەست زیانی زۆر و ئازاربەخشەوە دەناڵێنین، هاوکات سوپاسی ترەمپ دەکات کە "لە تەنیشت ئێمەوە وەستاوە". لە بەیاننامەیەکى ڤیدیۆیی تۆمارکراوى ڕۆژانەیدا ئەمشەو، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل وتى: سوپاسى ترەمپ دەکەم لە تەنیشت ئێمەوە وەستاوە، ئێمە لە پەیوەندییەکی بەردەوامداین، لەنێویاندا شەوی ڕابردوو- گفتوگۆیەکی زۆر گەرممان کرد. ناتانیاهۆ دان بەوەدا دەنێت کە ئیسرائیل تووشی "زۆر زیان، زیانێکی پڕ لە ئازار" بووە، وتیشى: بەڵام دەبینین بەرەی ناوخۆ بەهێزە، گەل چەسپاوە و ئیسرائیل لە جاران بەهێزترە، ئاماژە بەوە دەکات کە “شەڕێکی چڕ لە کەرتی غەززە بەردەوامە.” لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە ئامانجی ئۆپراسیۆنەکەیان لەنێوبردنی هەڕەشەی مووشەکی و ئەتۆمیی ئێرانە، وتى: کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێرانمان کردووە. رۆژی شەشەمی ململانێکانە، ئێران و ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر یەکدی و دۆناڵد ترەمپیش لە لێواری بڕیاردانە بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکە. ئەمە دوایین پێشهاتەکانن ئیسرائیل و ئێران رۆژی چوارشەممە، لە شەشەمین رۆژی هێرشەکاندا لە چڕترین رووبەڕووبوونەوەی مێژوویاندا، دیسان هێرشیان کردەوە سەر یەکدی، ئەمەش ترسەکانی درێژبوونەوەی جەنگەکە کە رەنگە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگرێتەوە، زیاد دەکات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، پێموایە ئێران گفتوگۆی دەوێت ئێرانییەکان پەیوەندییان پێوە کردم و پێمگوتن کاتەکەی بەسەرچوو، زۆر درەنگ بووە بۆ ئەوەی قسە بکەم، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئێستا و هەفتەیەک لەمەوبەر. ئێوارەى ئەمڕۆ سەرۆکى ئەمریکا وەڵامى چەند پرسیارێکى ڕۆژنامەوانى دایەوە، لەبارەى پرسیاری لێدان لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ناداتەوە، بەڵام وتی: ڕەنگە لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بدەین، ڕەنگە هێرشەکەش نەکەم. لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: کەس نازانێت لەبارەی ئێران چی دەکەم. ئێران داوای دانوستاندنی کردووە، بەڵام قسەی من لەبارەی ئێران خۆ بەدەستەوەدانی بێ مەرجە. ترەمپ باسی هەڕەشەکانی ئێران دەکات و دەڵێت: ساڵانێکی زۆر هەڕەشەی لێدەکردین، هەفتەی داهاتوو یەکلاکەرەوەیە، رەنگە نەگاتە کۆتایی هەفتەش. دۆناڵد ترەمپ، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە دەتوانم ئەمەتان پێ بڵێم، کە ئێران کێشەی زۆری هەبووە و دەیانەوێت دانوستان بکەن. منیش گوتم، بۆچی پێش ئەم هەموو مردن و وێرانکارییە دانوستانت لەگەڵ نەکردین. ترەمپ پەیامێکی پێشکەش بە ڕێبەری باڵای ئێران کرد کاتێک پرسیاری لەبارەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی کرد کە وڵاتەکەی "هەرگیز تەسلیم نابێت" لە ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل. ترەمپ ئەمڕۆ لە کۆشکی سپی بە کەناڵی سی ئێن ئێن-ی وت: دەڵێم، بەختێکی باش. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە سەبرەکەی لەگەڵ ئێران کەی تەواو دەبێت، ترەمپ وتی، “لە ئێستاوە تەواو بووە — هەر بۆیە ئێمە ئەو کارە دەکەین کە دەیکەین.”
ڕابەرى باڵای ئێران، وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و هەڕەشەی توند لە ئەمەریکا دەکات دەڵێت: پێویستە ئەمریکییەکان بزانن کە نەتەوەی ئێران تەسلیم نابێت و هەر دەستێوەردانێکی سەربازی لە لایەن ئەوانەوە زیانێکی گەورەی دەبێت و بە ئاسانی بۆیان قەرەبوو ناکرێتەوە. عەلی خامنەیی ڕابەرى باڵای ئێران لەوتارێکى ڤیدیۆییدا کە میدیا فەرمیەکان پەخشیانکرد لەسەر چەند بابەتێکى جیاواز قسەیکرد. جەختی لەوە کردەوە: نەتەوەی ئێران بە توندی لە دژی شەڕێکی سەپێنراو دەوەستێتەوە، هەروەک چۆن لە بەرامبەر ئاشتییەکی سەپێنراودا بە توندی دەوەستێت و ئەم نەتەوەیە لە بەرامبەر سەپاندندا تەسلیمی کەس نابێت. ناوبراو زیادیکرد، وتى: ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە بەرپرسانی ئێمە خەریکی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بوون لەگەڵ ئەمریکا و هیچ نیشانەیەکی کتوپڕ و سەربازی و توند لە لایەن ئێرانەوە نەبووە. خامنەیی هەروەها ئاماژەی بە لێدوانە هەڕەشە ئامێزەکانی سەرۆکی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی بە حیکمەتەوە ئێران و نەتەوەی ئێران و مێژووەکەی دەناسن هەرگیز بە زمانی هەڕەشەئامێز لەگەڵ ئەم نەتەوەیە قسە ناکەن، چونکە نەتەوەی ئێران تەسلیم نابێت و پێویستە ئەمریکییەکان بزانن کە هەر دەستێوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا بێ گومان زیانێکی قەرەبوو نەکراویان لێدەکەوێتەوە. سەبارەت بەئیسرائیلیش ڕابەرى باڵاى ئێران بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەوان هەڵە و تاوانێکی گەورەیان ئەنجامداوە، وتى: دوژمنی زایۆنی دەبێت سزا بدرێت و سزاش دەدرێت، هێزە چەکدارەکانمان پلانیان هەیە بۆ داهاتوو سزایەکی توندە.
گیدیۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ زیاتر لە ٣٠ باڵیۆزو نوێنەرى وڵاتیانی بیانی کۆبویەوە لە شوێنی هێرشی مووشەکی بالیستیکی ئێران لە ناوەندی شاری بات یام، لەوێ ئاگاداریان دەکاتەوە کە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل دژی ئێران "تا دەگەینە ئامانجەکانمان" بەردەوام دەبێت. باڵیۆزەکانی ئیتاڵیا، پۆڵەندا، هیندستان، کەنەدا، کۆماری چیک، ئیسپانیا، نەمسا، نەرویج، سوید و وڵاتانی دیکە بەشداری ئەو کۆنفڕانسەبوون لە شوێنی هێرشەکە، کە بەرەبەیانی یەکشەممە 9 هاوڵاتی تێدا کوژراون. ساعر بە باڵیۆزەکانى وتووە، ئێران "هەڵە دەکات" بە هەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بە "بە ئەنقەست ناوەندەکانی دانیشتووان و کوشتنی خەڵکی مەدەنی". “ئەوان تێناگەن کە گەلی ئیسرائیل بەهێزە و بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنەکەمان دەکەن. وەزیری دەرەوە دەڵێت: “دەمەوێت بزانن: هیچ دانوستانێک ئەنجام نادرێت، ئۆپەراسیۆنەکەش بەردەوام دەبێت تا ئامانجەکانمان دەگەین”. یسرائیل کاتز، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هەڕەشەی توند دەکات و نووسیویەتی؛ "زریانێک بۆ تاران بەڕێوەیە و شوێن و دامەزراوە باڵاکانی دەسەڵات بۆمباران دەکرێن." هەروەها "هەڕەشەی فراوان کردنی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای وڵاتەکەی دەکات و باسی لە گۆڕینی دەسەڵات دەکات." هاوکات بە پێی ڕاپۆرتی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"، هێرشەکان بەردەوامن بۆ کردنە ئامانجی دامەزراوە سەرەکییەکانی حکوومەتی ئێران، سەربازی و ئەتۆمی. شەڕی ئاسمانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بۆ شەشەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە و هەردوو وڵات هێرشی مووشەکی نوێ دەکەنە سەر یەکتر، سەرەڕای داوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت باسی لەوە کردووە، حکومەتی عێراق لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکاندایە تا لە شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا کاردانەوەیان نەبێت. رۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاویکردەوە، هێزە شیعییە گەورەکانی عێراق نایانەوێت دۆخەکە ئاڵۆز ببێت و لەگەڵ ئەوەدان سنووری شەڕەکە سنووردا بێت، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە گەورەترین هێزی چوارچێوەی هەماهەنگییە دەیەوێت قەیرانەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سودانی هەوڵەکانی لەناوخۆی عێراقدا چڕکردوەتەوە تا کۆنترۆڵی دۆخەکە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ نێردەی وڵاتان کۆبوەتەوە و لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکاندان. سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی عێراقی بە رۆژنامەکەی گوتووە، تەواوی هێزە سەربازییە عێراقییەکان کە نزیکن لە ئێرانەوە لەم دۆخەدا لەگەڵ حکومەتی عێراق هاوکارن تا عێراق لە ململانێ و ئاڵۆزییەکە بەدووربێت.
وەزارەتی بەرگریی و سوپاى ئیسرائیل پشتڕاستی ئەوەدەکەنەوە کە لەکاتی چالاکییە ئۆپەراسیۆنییەکان بۆردومانى ئامانجەکانیان لە ئێران، مووشەکێکی سەرزەوی بۆ ئاسمان ئاراستەی فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی کەوتوەو کەوتوەتە خوارەوە. سوپاى ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، فرۆکەکە لە ئاسمانی ئێران کەوتووەتە خوارەوە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هیچ ترسێکیش لەوەنیە کە دزەپێکردنی زانیاری ڕویدابێت. ڕۆژنامەنووسێکى ئیسرائیلیش بەناوى یائیر ئاڵتمان ئاشکرای کرد کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە لەم دواییانەدا لە لایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانەوە لە ناوچەی ئیسفەهان خرایە خوارەوە، جۆرێکى زۆر پێشکەوتوو بووە. فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن کۆمپانیای سەربازی ئیسرائیلی ئێلبیتەوە دروستکراوە، کە بۆ ئەرکی هەواڵگری و سیخوڕی و چاودێری دوورمەودا دیزاین کراوە. بەگوێرەی ئەم پەیامنێرە، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە جگە لە بەرنامە هەواڵگرییەکانی، توانای هێرشکردنە سەر ئامانجە زەمینییەکانیشی هەیە و بەهاکەی بە زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت. لە شەشەمین ڕۆژی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی، بڕیارێک سەبارەت بە دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئێران نەبووە. هاوکات عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتی: وڵاتەکەی بە زۆر وەڵامی "کیانێکی زایۆنیستی" دەداتەوە و هەرگیز سازش لەگەڵیدا ناکات. هاوکات وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، بەمزووانە هێرش دەکەنە سەر ئامانجی دیکە لە ئێران و "بارەگاکانی حکومەت لە ئێران وێران دەکەین." یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "بارەگاکانی حکومەت لە ئێران رووبەڕووی بۆردومان و وێرانکاری دەبنەوە، لە دەزگای پەخشی فەرمییەوە دەستمان پێکردووە و بەمزووانە هێرش دەکەینە سەر ئامانجی دیکەش."
سەرۆکی حکوومەت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بارەی مووچەوە ڕایدەگەیەنێت، ئەم بابەتە گرنگترین بابەتە بەلای ئێمەوە . ئمڕۆ ڕۆژی چوارشەممە 18ی حوزەریرانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، كۆبویەوە و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات. لەسەرەتاى کۆبونەوەکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی وتى: لەم یەک دوو ڕۆژەدا نامەم بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە و چاوەڕوانین و هیوادارین دادگا لە قازانجی خەڵکی کوردستان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیار بدات . فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاوی کردووەتەوە، لە بڕگەی یەكەمی کۆبوونەوەکەدا دوایین دۆخی ناوچەكە و شەڕ و ئاڵۆزی و پێشهاتە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان، تاوتوێ دەکرێت. هەروەها بڕگەی دووەمدا تایبەتە بە گفتوگۆ لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە درێژكردنەوەی كاركردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ بە ڕێژەی 20% بۆ شەش مانگی دیكە، کە 1ی تەممووزەوە تا 31ی کانوونی یەکەمی 2025 بەردەوام بێت. لە بڕگەی سێیەمدا، بەدواداچوون دەكرێت بۆ بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ژمارە 159 لە ڕێكەوتی 19ی ئاداری 2025 تایبەت بە دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژی پزیشكیی گشتی و خستنەڕووی وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر ئەم بابەتە بە نووسراویان ژمارە 1162 لە 9ی نیسانی 2025.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، ئیسرائیل بەرەو ئەوەدەچێت مووشەکى بەرگرییەکانیا کەم ببێتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستیکی دوور مەودا لە ئێرانەوە دروستکردووە ئەگەر بەم زووانە گرفتەکەى چارەسەر نەکرێن. ئەو بەرپرسە بەڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکاى وت: ئەمریکا چەند مانگێکە ئاگاداری کێشەکانە، واشنتۆن توانا بەرگرییەکانى ئیسرائیل بە سیستەمەکانی سەر زەوی و دەریا و ئاسمان زیاد دەکات. لەوەتەی ململانێکان لە مانگی حوزەیرانى ڕابردوەوە پەرەی سەندووە، پنتاگۆن چەک و هێزى جۆراوجۆرى بەرگری مووشەکی زیاتری ناردووە بۆ ناوچەکە و ئێستا نیگەرانی هەیە سەبارەت بە تەواوبوونى ئەو موشەکانەى ئەمریکا. تۆم کاراکۆ، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرگری مووشەک لە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: نە ئەمریکا و نە ئیسرائیلییەکان ناتوانن بەدرێژایی ڕۆژ بەردەوام بن لە دانیشتن و ڕێگریکردن لە مووشەکەکان". ئەو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیلییەکان و هاوپەیمانەکانى پێویستە بە هەموو پەلەبکەن و بجوڵێن بۆ ئەوەی هەرچی پێویست لەوبارەیەوە بێت بیکەن. بەرپرسانى رۆژنامەکە دەڵێن کۆمپانیای ئیسرائیل ئایرۆسپەیس ئیندستریز، ئەو کۆمپانیایە کە ئامێری ڕێگریکردنی مووشەکەکان دروست دەکات، وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان نەداوەتەوە. هەروەها هێزەکانی بەرگری سوپاى ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "سوپاس ئامادەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر سیناریۆیەک، بەداخەوە ناتوانین لێدوان لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە تەقەمەنی بدەین".