سەرکردەیەکی باڵای پـ.،ـەکـ.،ـەکـ.،ـە لە ئەوروپا دەڵێت، عـ.،ـەبـ.،ـدوڵا ئـ.،ـۆجـ.،ـەلان ئاگاداری هێرشی گروپە چەکدارەکانی سوریایە بۆ سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و چاودێری دۆخەکە دەکات. رەمزی کارتاڵ، سەرکردەی پـ.،ـەکـ.،ـەکـ.،ـە لە ئەوروپا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئـ.،ـۆجـ.،ـەلان لەرێگەی میدیای تورکیاوە ئاگاداری دۆخی سوریا و هێرشی گروپەکانە بۆ سەر کوردانی حەلەب. وتیشی: رێبەر ئـ.،ـۆجـ.،ـەلان بەردەوام چاودێری رووداوە سیاسییەکان دەکات.
شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە؛ تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان وەڵامی یەکێتی بوو بۆ پەیامی هۆشیار زێباری بۆ بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵدایە بەرلەوەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق یەکلایی بکرێتەوە لەناوخۆ بابەتی پێکهێنانی کابینەی دەیەم یەکلایی بکرێتەوە، مەرجی سەرەکیی پارتیش بۆ پشتیوانیکردنی کاندیدی یەکێتی لە بەغدا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئەوەیە: دەبێت پێش 28ـی ئەم مانگە (کە دوا وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە)، پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت و مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕابسپێردرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەگای مەکتەب سیاسی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاڤا میدیا کەوتووە، هەردوولا لەسەر کارنامەی هاوبەشی حکومەت هاوڕان کە پێشتر لەسەری رێککەوتبوون، هاوکات لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی کوردستان و مەسەلەی سەرۆککۆمار بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە. ئاڤا زانیویەتی کۆبوونەوەی ئەمجارە بەراورد بە کۆبوونەوەی پێشتر باشتر بووە، لە هەندێک شت لێکتێگەیشتن هەبووە، بەڵام لە پرسی سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. زانیاریی زیاتر: هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی تر بکەن.
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب بە فەرمی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە داوای "رێڕۆی ئارام"ـیان کردبێت بۆ دەرچوون لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و رایدەگەیێنێت، ئەوان لایەنی هێرشکار نین تاوەکو بکشێنەوە، بەڵکو دەبێت گرووپەکانی دیمەشق تانک و تۆپەکانیان لەنێو ماڵی خەڵک ببەنە دەرەوە. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی حەلەب) لە روونکردنەوەیەکی فەرمیدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08-01-2026 بڵاویکردەوە، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە هەندێک میدیاوە بڵاوکراونەتەوە و دەڵێت: "هەندێک میدیا بەردەوامن لە چەواشەکاریی بە ئەنقەست لەرێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و دروستکردنی لێدوان بەناوی هێزەکانمانەوە، گوایە داوای رێڕۆی ئاراممان کردووە بۆ دەرچوون لە گەڕەکەکان؛ ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئەم بانگەشانە رەتدەکەینەوە و دوورن لە راستییەوە." لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هێزەکانمان داوای هیچ رێڕۆیەکی ئارامیان نەکردووە و ناشیکەن، چونکە ئێمە لایەنی دەستدرێژیکار نین." ئاسایشی حەلەب دەڵێت: "ئەو لایەنەی پێویستە تانک و تۆپ و چەکدارەکانی لە دەوروبەری گەڕەکە نیشتەجێبووەکان بکێشێتەوە، لایەنی هێرشکارە لە گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، کە دەستدرێژییەکی ئاشکرا دەکەنە سەر ناوچەی سڤیلەکان." ئاسایش دووپاتی دەکاتەوە: "هێزەکانمان لە پێگەکانی خۆیان جێگیرن و بە هەموو پاڵەوانێتییەکەوە بەرگری لە خەڵک و گەڕەکەکانیان دەکەن و بە ئیرادەوە رووبەڕووی تانک و تۆپەکان دەبنەوە." لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەدوای هەڵمەتەکانی چەواشەکاری ناکەوین کە ئامانجیان شکاندنی ورەیە؛ راستییەکە روونە: دەستدرێژیکار دەبێت بکشێتەوە، بەرگریکار لە خاکەکەی پاشەکشە ناکات." چوار رۆژە دۆخی حەلەب دوای راگەیاندنی "قەدەخەی هاتووچۆ" و دیاریکردنی "وادەی کۆتایی" بۆ چۆڵکردنی گەڕەکەکان لەلایەن سوپای سووریاوە، گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە. ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) هێرشێکی بەرفراوانی گرووپەکانی دیمەشقیان تێکشکاندووە کە بە 60 تانک و زرێپۆشەوە هاتبوون؛ لە ئەنجامدا تانکێک و 5 ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێنران و 7 درۆن خرانە خوارەوە. د. جگەر عەفرین، بەرپرسی ئاسایشی نێوخۆ بە رووداوی گوت: "لە چوار لاوە گەمارۆ دراوین، بەڵام تامردن بەرگری دەکەین و تێکناشکێین."
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵلا (شمس) ڕایدەگەیەنێت: پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن و پاریس و ئەنكەرە هەیە سەبارەت بە پەرەسەندنەكانی حەلەب. هەروەها ئەوەش دەخاەڕوو هەوڵدەدەین ئەو وڵاتانە رۆڵی نێوەندگیریان هەبێت لەنێوان ئێمەو دیمەشقدا. لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا باس لەوەدەکات لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە هەوڵدەدەین بگەینە بەكارهێنانی زمانی عەقڵ و لۆژیك بۆ چارەسەری پرسەكان بەبێ پەنابردن بۆ ئەنجامدانی رەشەكوژی. ئیلهام ئەحمەد وتیشى: هێرش بۆسەر گەڕەكەكانی (شێخ مەقسود)و (ئەشرەفیە) نوێ نییەو لە سەردەمی رژێمی پێشووش هێرش و ئەبڵوقە هەبوو، سەرباری ئەوەی رژێم كەوتووە، هێشتا ئابڵوقەو هێرشەكان بۆسەر ئەو دوو گەڕەكە بەردەوامن. چەند پەیامێکى ترى ئیلهام ئەحمەد... ـ ئێمە لە پەوەندیداین لەگەڵ دیمەشق بۆ ئەوەی ئارامكردنەوەو رێگریكردن لە ئاڵۆزی گەورەتر، ئێمە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگ و چارەسەری پرسەكانداین. ـ ژمارەیەك لە گروپەكان لە لازقیەو سوەیدا رەشەكوژییان ئەنجامدا، ئەوانە ئێستا لە دەوروبەری شێخ مەقسودو ئەشرەفیەن، نازانم حكومەتی سوریا چ سودێك دەبینێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلكارییانە. ـ ئێمە وا لە بابەتەكە دەڕوانین كە بابەتێكی سوری- سورییە، چارەسەری پرسەكانیش دەبێت سوری بێت، بەڵام كاتێك دەستوەردان هەیە لەلایەن هێزی هەرێمایەتییەوە كە بەرژەوەندی لە سوریا هەیە، ئەمە دەبێتە بەربەست، توركیا مێژووی هەیە لە شێوەی مامەڵەكردنی لەگەڵ دۆزی كورد، باس لە مەترسی ئەمنی دەكات، لەكاتێكدا دۆزی كورد دۆزی مافە ڕەواكانەو دەبێت لەڕوانگەی مافی رەواوە تەماشای بكات نەك وەكو دۆسیەیەكی ئەمنی. ـ هیوادارین توركیا رۆڵی هەبێت لە هێوركردنەوەی پەرەسەندنەكە.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشدارییەکی توند دەداتە حکومەتی دیمەشق و ڕایدەگەیەنێت: بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە جێگەی قەبوڵکردن نییە و دەبێتە هۆی تێکدانی هەموو دەرفەتەکانی لێکتێگەیشتن. مەزڵووم عەبدی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پەنابردن بۆ زمانی شەڕ و بەکارهێنانی تانک و تۆپهاوێژ بۆ سەپاندنی چارەسەری یەکلایەنە، دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت. ئەو جەختی کردەوە، بۆردومانکردنی هاووڵاتیانی بێبەرگری و هەوڵدان بۆ کۆچبەرکردنیان، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی ترسناک لە ناوچەکەدا. بە گوتەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەنجامدانی ئەم هێرشانە لە کاتێکدا کە پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوستان لە ئارادایە، نیشانەی بێباکی دیمەشقە بەرامبەر بە چارەسەری ئاشتییانە. لە ڕووی مێژوویی و سیاسییەوە، مەزڵووم عەبدی ئەم جووڵە سەربازییانەی حکوومەتی بەو تاوانانە چواند کە پێشتر لە کەناراوەکانی سووریا و ناوچەی سوەیدا ڕوویاندا و وەک تاوانی جەنگ پۆلێن کران. ئەو ڕایگەیاند: چەند ڕۆژێکە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدان بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و پاراستنی مەدەنییە گەمارۆدراوەکان لە مەترسیی کۆمەڵکوژی. لە پەیامەکەیدا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی ئەم پێکدادانانە کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە 8ی کانوونی دووەمی 2026دا ئاڵۆزییەکان لە حەلەب گەیشتوونەتە ئاستێکی بێوێنە.
تییۆ فرانکلین، وەزیری بەرگریی بەلجیکا، دەربارەی دۆخی ڤەنزوێلا و گرینلاند، ڕایگەیاند: بەڵێ، یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل کراون، ئەمەش وانەیەکی سەختە بۆ ئێمە. پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەم 2026، ڕۆژنامەی 'ستاندارد'ی بەلجیکی بڵاوی کردەوە "دوێنێ چوارشەممە، تییۆ فرانکلین، وەزیری بەرگری، لە بەردەم لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی بەلجیکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی دۆخی ڤەنزەوێلا و گرینلاند گوتی: من کەسێکی دووڕوو نیم، بەڵێ یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشیل کراون. ئێمە لە دۆخێکی زۆر سەخت و بە ئازارداین کە دەبێ هاوار بکەین: بابە گیان، فریامان بکەوە!" فرانکلین، گوتیشی: کردەی ئەمەریکا لە ڤەنزوێلا و ڕفاندنی سەرۆکەکەی و هەڕەشەکانی بۆ سەر گرینلاند، بێگومان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە؛ ئەمەش وانەیەکی سەختە بۆ ئێمەی ئەورووپایی؛ ئاشکرایە لەمەو دوا 'هێزی ڕەق' واتە توانای سەربازی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دادەڕێژێت. وەزیری بەرگریی بەلجیکا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بە بڕوای من، دەبێت لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەربارەی گرینلاند، بە جددی وەربگیرێن، چونکە کاریگەرییان لەسەر بنەماکانی پێکهاتەی ئەمنیمان و پەیوەندییەکانیمان لەگەڵ ئەوبەری ئۆقیانووسی ئەتڵەسییەوە هەیە." فرانکێن، لایوایە، تەنها لەبەر ئەوەی لە 30 ساڵی ڕابردوودا وەبەرهێنانی کەم لەو "هێزی ڕەق"ـە و توانای سەربازیماندا کراوە، ئێستا ئەورووپا پەراوێز کەوتووە و تەنیا ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت. ئەو گوتی: ئێمە لە جیهانێکدا بەئاگا دێینەوە کە جارێکی دیکە بە ئاشکرا لەلایەن هێز و توانای سەربازییەوە دیاری دەکرێت. جیهانێک، کە تێیدا تێڕوانین و باوەڕی ئێمە بە سیستەمی یاسایی نێودەوڵەتی، بەهەند وەرناگیرێت. وەزیری بەرگریی بەلجیکا، ڕەخنەی توندی لەو پەرلەمانتارانە گرت کە بەردەوام ڕەخنە لە ئەمەریکا و ڕەفتارەکانی دۆناڵد ترەمپ دەگرن، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی سەربازی دەستەودامانی دەبن. فرانکلین، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: سەرکردایەتییە لاوازەکەی ئەورووپا و بەلجیکا لە دەیەکانی ڕابردوودا ئێمەی خستووەتە چ پێگەیەکەوە؟ لە پێگەیەکدا کە بەڕاستی دەبێت بە ئاغاکەی واشنتن بڵێن: بابە، بابە گیان، تکایە بەزەیت پێماندا بێتەوە و یارمەتیمان بدە! ئەمە بەئازارە، ئەمە خۆش نییە، بەڵام چیمان لە دەست دێت؟ بە بۆچوونی وەزیری بەرگریی بەلجیکا، ئەورووپا دەبێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی کە یەکپارچەیی خاک و دڵسۆزی لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا جێگەی گفتوگۆ نین. بەڵام ئێستا ئەورووپا لە ڕووی سەربازییەوە زۆر لە دواوەیە و ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی ئەمەریکا ببێتەوە. فرانکلین، هەروا گوتی: ئەم دۆخە تەنیا بۆ بەلجیکا نییە، بەڵکوو زۆر وڵاتی ئەورووپایی دیکە هەن کە بە تەواوەتی ڕادەستی سیاسەتەکانی ئەمەریکا بوونە.. وەزیری بەرگریی بەلجیکا، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: وەبەرهێنان و بەرزکردنەوەی توانای بەرگریمان بەردەوامە، بەڵام ئەمە کارێکی درێژخایەنە و کاری ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە؛ دەبێت خۆشمان لەو لێدوانانە بپارێزێن کە خاڵە لاوازەکانمان دەردەخەن و زیان بە ئاسایشیی وڵات و ئەورووپا دەگەیەنن.
دوای تێشكشاندنی زنجیرەیەك هێرشی گروپە چەكدارەكانی سەربە حكومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەكە كوردییەكانى شاری حەلەب، سوپای توركیا دەستیكرد بە پاڵپشتی راستەوخۆی ئاسمانی بۆ گروپە چەكدارەكانی سوریاو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئاکینجی رەوانەی ئامانی شاری حەلەب كرد. هەندێك لە میدیا توركییەكان وێنەی فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی جۆری ئاكنجییان بڵاوكردووەتەوەو ئاماژەیان بەوەكردووە بۆ پاڵپشتی سوپای سوریا چووەتە ئاسمانی حەلەب. ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئامادەی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی سوریا لە هەوڵەكانی بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سوریاو شەڕی دژی "تیرۆر" ئەگەر دیمەشق داوای لێبكات، ئەوە لەكاتێكدا لە كۆی ئەو چوار فیرقە سەربازییەی كە حكومەتی دیمەشق رەوانەی شەڕی گەڕەكە كوردییەكانی شاری حەلەبی كردووە، 3 فیرقەیان لە گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیان.
مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەڵێت: شەڕ و توندوتیژی چارەسەری بنەڕەتی هیچ کێشەیەک ناکات. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەدەکات هیچ بیانوو و پاساوێک نابێت رێگە بە پاکتاوی ڕەگەزی بدات، وتیشى: پەلاماردانی گەڕەگە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، ئێمەی بە قووڵی نیگەران کردووە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی ڕووداوەکانی حەلەب بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی حەلەب و بە ئامانجگرتنی کورد لە پێناو گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەکە و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕ و توندوتیژی، چارەسەری بنەڕەتی هیچ کێشەیەک ناکات. هیچ بیانوو و پاساوێک نابێت ڕێگە بە پاکتاوی ڕەگەزی بدات. پەلاماردانی گەڕەگە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، ئێمەی بە قووڵی نیگەران کردووە. لەکۆتایی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی گوتی: هیوادارین هەموو لایەک، دان بە خویاندا بگرن و ژیانی هاووڵاتییان بپارێزن و بۆ چارەسەریی کێشەکان، پەنا بو دیالۆگ و گفتوگۆ ببەن. هەروەها هیوادارین سیستەمی حوکمرانی ئێستای سووریا لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی دەسەڵاتێکی دیموکرات و گشتگیر بۆ هەموو خەڵکی سووریا بێت.
یەکەم بەرپرسی باڵای ئیسرائیل لەبارەی هێرشی سەر کوردەکانی حەلەب هاتە دەنگ، بەڵام بەبێ ئەوەی ئیدانەی هێرشەکان بکات و دەڵێت: هێرشی هێزەکانی رژێمی سوریا دژی کەمینەی کورد لە شاری حەلەب مەترسیدار و جیدییە. گیدۆن سائر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، دەڵێت: هێرشەکانی رژێمی سوریا بۆسەر کەمینەی کورد لە حەلەب مەترسیدارو جێگەی نیگەرانییە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و رۆژئاوا بەتایبەتی، قەرزێكی ئەخلاقییان لەسەرە بەرامبەر بە کورد، کە ئازایانەو سەرکەوتووانە لە دژی داعش شەڕیان کردووە. دەشڵێت: سەرکوتکردنی سیستماتیکی و کوشندەی کەمینە جۆراوجۆرەکان لە سوریا پێچەوانەی بەڵێنەکانی "سوریای نوێ"یە، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی لەلایەن رژێمی سوریاوە.
مەلا بەختیار لەبارەی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارـ دەڵێت: یەکێتی و پارتی رێکنەکەون من هەلێکی گەورەم هەیە بچمە خولی دووەمی هەڵبژاردن. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو کە پیشتیوانییەکی جەماوەی فراوانم هەیە، بۆ ئەوە خۆم کاندیدکرد تاوەکو مافە خوراوەکەی خۆم وەربگرمەوە. بەشێکى دیکەى قسەکانى مەلا بەختیار لە چاوپێکەوتنەکەى لەگەڵ ڕووداوو.. ♦️ کێشەکانی ناو یەکێتی مافی من زەوتکرد. ♦️ ئەو ئامرازانەی کاندیدی سەرۆک کۆماری پێدیاریدەکرا لە یەکێتی هەڵە بووە. ♦️ لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆک کۆمار خۆم دەخواردەوە. ♦️ نەمتوانی چیدیکە بێهەڵوێست بم و شوێنەکەی مام جەلال فەرامۆش بکەم. ♦️ کەس لە خۆم بە یەکێتیتر نازانم. ♦️ دەمتوانی بە دروستکردنی باڵ باڵێن ببم بە سکرتێری یەکێتی. ♦️ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بۆ خۆکاندیدکردنم قسەم نەکردووە. ♦️ ئامادەم لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار دانیشم.
لە کۆبوونەوەکانیان باسی هەسەدەیان کردووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لە کۆبوونەوەکانی پاریس لەنێوان تیمی دانوستانکارانی ئیسرائیل و سوریا کە بە سەرپەرشتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە زیاتر لە بەرژەوەندی تەلئەبیبە و داواکانی دیمەشق پشتگوێخراوە. لەدوای دوو رۆژ لە کۆبوونەوەی چڕ، هەر سێ لایەنی ئەمریکی-ئیسرائیلی-سوری بەیاننامەیکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ئیسرائیل و سوریا رازیبوون بە دامەزراندنی شانەیەکی پەیوەندی بۆ ئاسانکردنی هەماهەنگی لەنێوانیاندا لەسەر بابەتی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، هێورکردنەوەی دۆخی سەربازیی، پەیوەندی دیپلۆماسی و زیادکردنی هەلی بازرگانی، سەرجەم ئەمانەش لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت. شاندەکەی سوریا بە سەرپەرشتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و شاندەکەی ئیسرائیلیش رۆمان گۆفمان، سکرتێری سەربازی نەتانیاهۆ و گیل رایک، راوێژکاری کاتی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلی تێدا بوو. ئەمە پێنجەم خولی دانیشتنەکانی هەردوولا بوو بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لەسەر سنووری وڵاتەکانیان و کەناڵی ئای24نیوزی ئیسرائیلی دەڵێت، دیمەشق لاری لەسەر ئەوە نییە ئیسرائیل نووسینگەیەکی پەیوەندی و هەماهەنگی لە دیمەشق بکاتەوە بەو مەرجەی نووسینگەکە پێگەی دیپلۆماسی هەڵنەگرێت، ئەمەش رێک پێچەوانەی سیاسەتی سوریا خۆیەتی کە نایەوێت هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت. پیشتر داواکاری سوریا ئەوە بوو، ئیسرائیل بکشێتەوە لەو ناوچانەی باشووری سوریا کە لەکاتی رووخانی رژێمی ئەسەد داگیریکرد، بەڵام لە کۆبوونەوەکاندا نەک هەر ئەوەی بۆ جێبەجێنەکراوە، بەڵکو ئیسرائیل بەنیاز نییە بە هیچ شێوەیەک لەو شوێنانە بکشێتەوە. لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئیسرائیل بە قووڵایی نزیکەی 40 کیلۆمەتر هاتە نێو خاکی سوریاوە و پێگە سەربازییەکانی تەنها 25 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورن. بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی، واشنتن لە کۆبوونەوەکانی پاریس پێشنیازی دامەزراندنی زۆنێکی ئابووری کردووە لە ناوچەکانی سەر سنووری هەردوولا و بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی گوتووە، ئەم زۆنە ئابووریە کێڵگە بەخێوکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵکردن و باشترین خلیسکێنەی سەر شاخی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدا دادەمەزرێنرێت، درووزەکانیش تێیدا بەشدار دەبن کە باشترینن لە پێشوازیکردنی گەشتیاران. چۆن باسی هەسەدە کراوە؟ بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئای24نیوزی ئیسرائیلی، تەلئەبیب داوای لە واشنتن کردووە جارێ رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دوابخرێت لەبارەی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا تاوەکو ئیسرائیل خۆی دەگات بە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتا لەگەڵ دیمەشقدا سەبارەت بە ناوچەکانی سەر سنوور. سوریا فشارێکی زۆر لە هەسەدە دەکات لەسەر تێکەڵبوون بە سوپای وڵاتەکە رازیببێت و لە کۆتایی ساڵی رابردوو چەندین جار هێرشکرایە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و ئێستاس دوو رۆژە هەمان هێرش لەلایەن گروپەکانی سەر بە دیمەشەقەوە بۆ سەر ئەو گەڕەکانە دەستیپێکردووە، هەسەدەش بە پیلانی تورکیای دەزانێت و دەڵێت، لەماوەی دوو رۆژدا حەوت کەسی سڤیل کوژراون و 52 کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
سەرۆک مەسعود بارزانی، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی شاری حەلەب و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی هاونیشتمانییانی کورد دەربڕی و رایگەیاند: "هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزی لە دژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە". ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ی 1ی 2026، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا هۆشداری دا کە ئەو شەڕ و توندوتیژییەی لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەگوزەرێت، هەڕەشەی جیددیی "پاکتاوی رەگەزی" لە دژی گەلی کورد لەو ناوچەیە دروست کردووە. سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە گۆڕانکارییەکانی سووریا دەرفەتێکی باش بوون بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار رۆیشتووە. سەرۆک بارزانی داوای لە دەسەڵاتدارانی سووریا کرد کە رێگە نەدەن ناکۆکییە سیاسییەکان بگۆڕێن بۆ ناکۆکیی نەتەوەیی و رێگری بکەن لەوەی کوردانی ناوچەکە تووشی زەبروزەنگ و دەرکردنی زۆرەملێ لەسەر خاکی باب و باپیرانیان ببنەوە. هاوکات، داوای لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ راگرتنی خوێنڕشتن و گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ بدەن، جەختیشی کردەوە کە هەر جۆرە پاکتاوێکی رەگەزی لە دژی کورد، وەک "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" هەژمار دەکرێت و دەرئەنجامی مەترسیداری دەبێت. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی: بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان گۆڕانكارییە سیاسیەكانی سووریا دەرفەتێكی باش بوو بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوەی رەچاوی مافە رەواكانی گەلی كورد لە سووریا بكرێت و سەرجەم كێشەكانیش چارەسەر بكرێن. لەو پێناوەشدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵی زۆرمان دا كە پێویستە هەرچی گرفت و ناكۆكی هەیە لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن. بەڵام ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژیەی كە ئێستا لە شاری حەلەب هەیە جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتیانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزی لەدژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە. داوا لە دەستەڵاتدارانی سووریا دەكەم ناكۆكیی سیاسی نەكرێتە ناكۆكیی نەتەوەیی و لەو كێشە و گرفتانەی لە ناوچەی حەلەبدا هەن رێگە نەدرێ هاووڵاتیانی كورد تووشی گوشار و زەبروزەنگ و دەركردنیان لە شوێنی باب و باپیرانیان و پاكتاوی رەگەزی ببنەوە، هەروەها داواش لە لایەنە كوردییەكان و بە تایبەت (هەسەدە) دەكەم ئەوەی لە توانایاندا بێت بیكەن لەپێناو راگرتنی شەڕ و پێكدادان و رێگەگرتن لە خوێنڕشتنی زیاتر و هەردوولا كار بۆ گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. ناكرێ بوونی ناكۆكیی سیاسی ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵكی سڤیل بخرێتە ژێر مەترسی و پاكتاوی رەگەزی لە دژی گەلی كورد رووبدات و ئەوە تاوانی دژی مرۆڤایەتیە و دەرئەنجامی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە. مەسعود بارزانی 7ی کانوونی دووەمی 2026
ئەنجومەنی جێبەجێکاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) راگەیەندراوێکی توندی لەبارەی هێرشەکانی سەر حەلەب بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، ئەوەی روودەدات "ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنە" و پێشێلکردنی رێککەوتنەکانە. لە راگەیەندراوەکەدا دەم پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، لە شەوی رابردووەوە حکومەتی دیمەشق بە تانک، تۆپ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکاتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود، ئەشرەفییە و گەڕەکی بەنی زەید کە سریانی تێدا نیشتەجێن. بەپێی ئامارەکان 7 هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و 46ـی دیکەش بریندارن. لەم هێرشانەدا گروپەکانی "هەمزات، ئەمجات، سوڵتان موراد و نورەدین زەنگی" کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، بەشدارن. دەم پارتی دەڵێت: "ئەم هێرشانەی حکومەتی دیمەشق هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر یەکپارچەیی سوریا، لە کاتێکدا بەپێی رێککەوتنی 10ی ئازار و 1ـی نیسانی 2025، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) چەکی قورسیان کشاندەوە و ئەمنییەتی گەڕەکەکانیان رادەستی ئاسایشی ناوخۆ کرد، بەڵام دیمەشق رێککەوتنەکە پێشێل دەکات و ژیانی 200 هەزار هاووڵاتی خستووەتە مەترسییەوە". لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەوەی لە حەلەب دژی کورد دەکرێت، قورسترە لەو کۆمەڵکوژییەی دژی دروزەکان لە سوەیدا پیلانی بۆ دانرابوو". دەم پارتی داوا لەو وڵاتانە دەکات کە نێوەندگیری دەکەن لە نێوان خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵات و حکومەتی دیمەشق، بەرپرسیارێتی "گەرەنتیکار" جێبەجێ بکەن و دەستبەجێ رێگری لەم هێرشانە بکەن کە مەترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە تەواوی سوریا دروست دەکات. لە کۆتاییدا جەختیکردووەتەوە، تاکە رێگە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان، دیالۆگ و دروستکردنی ئیدارەیەکی هاوبەشە لەسەر بنەمای مافی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریا.
سیپان حەمۆ ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێكدا: بۆ گەلەکەمان و دانیشتووانی گەڕەکەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ئەمە رۆژی شکۆمەندییە. شێخ مەقسودو ئەشرەفیە هێمای بەرەنگاری و خۆڕاگرین. زیاتر لە پانزە ساڵە دانیشتووانیان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هێرش و گەمارۆ و دەستدرێژییەک بوونەتەوە. ئێمە باوەڕمان بە ئاستی بەرزی هۆشیاری نیشتمانی و پابەندبوونیان بە گەڕەک و ماڵەکانیان و یەكڕیزییان بۆ پشتیوانی لە کوڕ و کچەکانیان هەیە، کە بۆ بەرگریکردن لە کەرامەت و ئاسایشدا دەجەنگن. ئێمە پێمان وایە خۆڕاگری و یەکگرتوویی ئەوان دەبێتە هۆی ئەوەی دەستدرێژکاران درک بە باجی دەستدرێژییەکەیان بکەن. دڵنیاین کە خۆڕاگری و بەرەنگاری دانیشتووان بناغەی پووچەڵکردنەوەی هەموو پیلان و هەڕەشەکان بووە و هەرواش دەمێنێتەوە. شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بە قەڵای بەرخۆدان دەمێننەوەو، ناشكێن. خۆڕاگری و ڕاپەڕینی گەلەکەیان بە ئیرادەیەکی بێوچان بەردەوام دەبێت تا خاک و گەل و کەرامەت پارێزراو دەبێت.
ئیلهام ئەحمەد رایدەگەیەنێت، وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی سوریا جەنگی دژی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە راگەیاندووە و دەیەوێت "جینۆساید" بەرامبەر کورد ئەنجام بدات. لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو دوو گەڕەکە پڕن لە دانیشتووان و زۆرینەیان خەڵکی عەفرینن کە بەزۆر کۆچیان پێکراوە و ماوەیەکیش لەلایەن هێزەکانی سەر بەو وەزارەتەوە گەمارۆی توندیان خرابووە سەر. باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی کورد پابەندبووە بە رێککەوتنی 1ی نیسانەوە و هەوڵی زۆریان داوە بۆ گفتوگۆ، بەڵام لایەنەکەی دیکە پابەند نەبووە و وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی سوریا هەموو دەرگایەکی گفتوگۆی داخستووە. ئیلهام ئەحمەد داوا لە بەرپرسانی حکومەتی کاتی دەکات بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و رێگەی ژیری و گفتوگۆ هەڵبژێرن نەک شەڕ، چونکە "سورییەکان بەدەست جەنگەوە زۆر ناڵاندوویانە". هاوکات داوا لە گەنجانی سوریا دەکات جەنگ رەتبکەنەوە و دەنگی هەق بەرز بکەنەوە.
