عەتا محەممەد دەڵێت، لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی سبەینێ چوارشەممەوە دەستدەکرێت بە هاوکاریکردنی 694 ئۆتۆمبێل کە لە لافاوەکەی ساڵی رابردوو زیانیان بەرکەوتبوو. دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و خەمڵاندنی زیانەکان، کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ وادەی دابەشکردنی قەرەبووی دارایی بۆ خاوەن ئۆتۆمبێل و کاسبکارانی شارەکە ڕاگەیاند. بەگوێرەی بڕیارەکە، سبەی پرۆسەکە بە قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەستپێدەکات و هەفتەی داهاتووش نۆرەی شوێنە بازرگانییەکان دەبێت. عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد کە پرۆسەکە بە قۆناغ بەڕێوەدەچێت. بڕیارە سبەی هاوکاریی دارایی بەسەر خاوەنی 694 ئۆتۆمبێلدا دابەش بکرێت کە لە لافاوەکەی ئەم دواییەی شارەکەدا زیانیان بەرکەوتووە و دۆسیەکانیان تەواو کراوە. سەبارەت بە زیانی کاسبکاران، عەتا محەممەد ڕوونی کردەوە کە دۆسیەی 262 دوکان و شوێنی بازرگانی بەتەواوی یەکلایی کراونەتەوە و بڕی شایستەی داراییان بۆ دیاری کراوە. بڕیارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکانیان بکرێت. هاوکات هەر لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو سکاڵایانە دەدرێت کە لەلایەن خاوەن خانووە زیانلێکەوتووەکانەوە تۆمارکرابوون و گلەییان لە کەمیی بڕی هاوکارییەکان هەبوو. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری ئاماژەی بەوە دا کە لەو پارەیەی بۆ هاوکاریی لافاوەکە کۆکراوەتەوە، بڕێک پارەی تێدا دەمێنێتەوە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە وەک کۆمیسیۆن پێشنیازیان بۆ جێگری سەرۆکوەزیران کردووە کە ئەو بڕە پارە زیادەیە بکرێتە پرۆژەی خزمەتگوزاری و لە بەرژەوەندیی خەڵکی چەمچەماڵ خەرج بکرێت.
بڕیارە رۆژی پێنج شەممە وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر كۆببنەوە، سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند كۆبوونەوەكە تایبەتە بە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان، بێگومان گرێدەدرێتەوە بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق. رۆژی 16ی مانگی رابردوو دواین كۆبوونەوەی وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بوو كە لە مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، گفتوگۆكانی نێوانیان گەیشتە بنبەست لەبەر ئەوەی وەفدی پارتی بە وەفدی یەكێتیان وتبوو " ئەوەی پێش هەڵبژاردن گفتوگۆی لەسەركراوە شتێك بوو ئێستا دوای هەڵبژاردنەو شتێكی ترە" بۆیە وەفدی یەكێتی كۆتاییان بە گفتوگۆكان هێنابوو. كۆبوونەوەی وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی هاوكاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق كە پارتی دوو كاندیدی فەرمی و یەكێتی یەك كاندیدی فەرمی هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە یەكێتی داوا دەكات پارتی پشتیوانی لە كاندیدەكەی پارتی بكات و پارتیش داوا دەكات یەكێتی رازی بێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئەوكات رێككەوتن لە نێوانیان بكرێت و فایلی سەرۆككۆمار و كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەیەك فایل بكرێت و هەردوولا لەسەر هەموو پۆست و بابەتەكان رێكبكەون.
میدیای تورکیا دەڵێت، لە دادگای تاوانی مێرسین سەڵاحەدین دەمیرتاش سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ و 15 رۆژی بەسەردا سەپێنرا بە تۆمەتی ئەوەی لە چەند وتارێکیدا لە ئامەد و مێرسین "سووکایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا" کردووە. بە تۆمەتی ئەوەی سوكایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان كردووە، دادگای تاوانی مێرسین سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ و 15 رۆژ زیندانی بەسەر (سەلاحەدین دەمیرتاش)، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان دا سەپاند. دادگاكە لەسەر بنەمای چەند وتارێك سزاكەی سەپاندووە كە دەمیرتاش پێشترو لە ماوەی ساڵانی 2015 بۆ 2016 لە ئامەدو مێرسین لە باكوری كوردستان پێشكەشیكردوون. دەمیرتاش لەكاتێكدا ئەم سزایەی بەسەردا سەپێندراوە، كە خۆی بە چەندین تۆمەتی جیاواز لە ساڵی 2016ـەوە لە زینداندایەو بڕیاربوو لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورد لەگەڵ هەزاران دەستگیركراوی سیاسی تردا ئازاد بكرێت. پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان (دەم پارتی) كە نوێنەرایەتی كورد دەكات لە پەرلەمانی توركیا راگەیەندراوێكی لەبارەی حوكمی دادگای مێرسین بڵاوكردەوەو رایگەیاند" سزاكە دەستێوەردانێکی دادوەریی ڕوونە لە دژی ئازادی ڕادەربڕین و سیاسەتی دیموکراسی. سزادانی ئەو کەسانەی بانگەشە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئیرادەی پێکەوە ژیان و چارەسەری دیموکراسی و ئاشتیانە بۆ پرسی کورد دەکەن، بە ڕوونی پەسەندکردنی بێ یاسایی و نادادپەروەری نیشان دەدات". "ئێمە بە تەواوەتی ئەو سزایە رەتدەکەینەوەو بە نایاسایی دەزانین.. هەر ڕێبازێک هەوڵی بێدەنگکردنی ئەو کەسانە بدات کە بانگەشە بۆ ئاشتی دەکەن، بە ئاگادارییەوە ئاستەنگ لە ڕێگەی ئاشتی کۆمەڵایەتی دادەنێت... جارێکی تر بە توندترین شێوە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە دەستبەجێ سەرجەم زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێن" راگەیەندراوەكەی (دەم پارتی) وا دەڵێ.
هاوڵاتی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریاندا کاری "هاوبەش و بەرهەمدار" ئەنجامبدەن بۆ بەهێزکردنی خۆپیشاندانەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەشڵێن، پێداگری لەسەر یەکهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنەکان دەکەنەوە. ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حزبەکانی رۆژهەڵات لە راگەیاندراوێکدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی بڵاوکردەوە و تێیدا حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێداگریان لەسەر "پێویستیی یەکڕیزی و هاوخەباتیی هەموو ناوچەکانی کوردستانی ئێران" کردووەتەوە و سوورن لەسەر "هەنگاوی جیددی و بەکردەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی." لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی حزبی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداربوون. دەقی راگەیاندراوەکە: راگەیەندراوی میدیایی کۆبوونەوەی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوەی باڵای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥/١/٢٠٢٦) بەڕێوە چوو. لەم کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی ئێران و دوا گۆڕانکارییەکان لە کوردستان خرایە بەر باس، پشتیوانی لە خەبات و ڕاپەڕینی سەراسەریی گەلان و پێکهاتەکانی ئێران کرا، و بڕیار لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش و بەرهەمدار بۆ بەهێزکردن و گوڕوتین بەخشین بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی درا. ئەم کۆبوونەوەیە بە ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان و گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە ئێران و ناوچەکانی خوارووی کوردستان دەستی پێکرد. دواتر بەڕێز کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بەرپرسی دەورەیی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانە لە وتاری کردنەوەی کۆبوونەوەکەدا ئامانج لە دانیشتنەکەی شی کردەوە و تیشکی خستەسەر ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییانەی لەو دۆخەدا پتر لەسەر شانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوورسایی دەکا. پاشان کۆبوونەوەکە بە ڕا و سەرنج و بۆچوونی بەشداران دەوڵەمەندکرا. لە کۆبوونەوەکەدا شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپێشاندانەکان دژی کۆماری ئیسلامی کە بەرهەمی دەیان ساڵ گەندەڵی، ناکارامەیی و سیاسەتی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامییە بەرز نرخێندرا و؛ سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان لە کرماشان، ئیلام، مەلەکشایی و لوڕستان بە بڕياری ڕاستەوخۆی خامنەیی کە دیسان مافخوازیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانی بە ئاژاوە ناو برد، مەحکووم کرا. هەروەها وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم دواییانە لە سەرانسەری ئێران لە مەلەکشایی و ناوچەکانی خوارووی کوردستان، پێداگری لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هاوخەباتیی هەموو ناوچەکانی کوردستانی ئێران و هەنگاوی جیددی و بەکردەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی دوژمنکاری و سەرکوتی سیستماتیکی بزووتنەوەی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە کرایەوە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چرکردنەوەی هەوڵ و وتووێژەکان بۆ داڕشتنی گەڵاڵەی بنەمای هاوکاریی لایەنە سیاسیەکان، دیاریکردنی نەخشەڕێگا بۆ بە هێزکردنی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران درا. لەو کۆبوونەوەیەدا کاک سەید برایم عەلیزادە، دەبیرئەوەڵی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران؛ کاک عومەر ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران؛ کاک ڕەزا کەعبی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ کاک باباشێخ حوسێنی، سکرتێری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کاک حوسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان؛ کاک ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ سەرۆکایەتیی هەیئەتی حیزبەکەیان کردبوو. ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکانی ئێران ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥/١/٢٠٢٦)
ئەمڕۆ کارگەیەکی دروستکردنی چپس لە کۆمەڵگەی پیرزینی سەر بە پارێزگای هەولێر تووشی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە بوو. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان و گرتە ڤیدیۆییەکان، ئاگرەکە بەشێکی زۆری کارگەکەی گرتووەتەوە و تیمەکان سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین. بەرەبەیانى ئەمڕۆ ئاگر لە کارگەیەکی چپس لە کۆمەڵگەی پیرزین لە هەولێر کەوتەوە. شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت: زیاتر لە سێ کاتژمێرە ئاگرەکە بەردەوامەو 20 تیممان لێرەن بۆ کوژاندنەوەو کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو زیانی گیانی نەبووە، تەنیا مادییە. بەڵام کارگەکە مەرجی سەلامەتی تێدا نەبووە و پێشتر ئاگادار کراوەتەوە. بەپێى زانیاریەکان لەبەربوونی مەترسی سێ قوتابخانە و باخچەی ساوایان خوێندکار و منداڵەکانیان ناردەوە بۆ ماڵەوە و چەند ماڵێکیش لە نزیک ئاگرەکە چۆڵکران تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر هیچ زانیارییەکی فەرمیی لەبارەی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە بڵاونەکردووەتەوە. هەروەها هیچ ئامارێک سەبارەت بە بوونی زیانی گیانی یان قەبارەی زیانە ماددییەکان ڕانەگەیەندراوە و چاوەڕوانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکرێت.
هەسەدە لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، لەئێستادا دوو گروپی سەر بە دیمەشق هێرشدەکەنە سەر شارۆچکەی دێر حافر لە حەلەب و بەدەستی ئەنقەست ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل بەئامانج دەگرن. هەسەدە دەشڵێت، بە مافی خۆمانی دەزانین بەرگریی لە شەرڤانان و خەڵکی سڤیل بکەین دژی ئەم هێرشە ناڕەوایە، تا ئێستاش هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لەنێو هێزەکانماندا نەبووە. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەەسەدە) رایدەگەیێنێت، شاری دێر حافر رووبەڕووی بۆردوومانی هەڕەمەکی بووەتەوە و ماڵی هاووڵاتییان دەکرێنە ئامانج. دەشڵێت: "مافی رەوای خۆمانە بەرگری لە شەڕڤانان و گەلەکەمان بکەین." ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نوێترین راگەیێندراویدا ئاشکرای کرد، ئێستا بۆردوومانێکی هەڕەمەکی بۆ سەر شاری (دێر حافر) هەیە لەلایەن گرووپەکانی "عەمشات" و "حەمزات"ـەوە. هەسەدە لە راگەیێندراوەکەدا ئەو دوو گرووپەی بە "سەر بە حکومەتی دیمەشق" ناوبردووە کە لە "لیستی سزاکانی نێودەوڵەتیدان" و دەڵێت: "بۆردوومانەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ ماڵی هاووڵاتییان دەکاتە ئامانج و ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە." هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لە "مافی تەواو و رەوای خۆی" دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە شەڕڤانان و گەلەکەی لە سایەی ئەو بۆردوومانانەدا. سەبارەت بە زیانەکانیش رایگەیاندووە: "بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لە ریزەکانی هێزەکانمان لێنەکەوتووەتەوە." هەسەدە لایەنە هێرشبەرەکان بە بەرپرسیار دەزانێت لەو "تاوان و پێشێلکارییانە" و هەر لێکەوتەیەک کە بەهۆیەوە دروست دەبێت. هەر ئەمڕۆ دووشەممە هەسەدە هەواڵێکی وەزارەتی بەرگریی سووریای رەتکردەوە، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر خاڵێکی پۆلیسی سەربازی لە دەوروبەری حەلەب تۆمەتبار کردبوو. ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، فەرمانگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی "پەرەسەندنە بەردەوامەکان" بۆ سەر خاڵەکانی سوپا، هێزەکانی هەسەدە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خاڵێکی پشکنینی پۆلیسی سەربازییان لە نزیک شارۆچکەی (دێر حافر) لە رۆژهەڵاتی حەلەب کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دیمەشق، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا سێ سەرباز بریندار بوون و دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی سەربازیش تێکشکاون. بەڵام ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانە بە تەواوی هەڵبەستراو و گوماناوین." هەسەدە دەڵێت، ئەمڕۆ هیچ جۆرە چالاکی، جووڵە، یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لەو ناوچەیە نەبووە و ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە "دروستکردنی پاساوە بۆ هێرشکردن". هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەوان پابەندن بە پرەنسیپی دانبەخۆداگرتن و بەرپرسیارێتیی هەر دەرەنجامێک دەخەنە ئەستۆی ئەو لایەنەی بەیاننامەکەی دژیان بڵاوکردووەتەوە. ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان رۆژی یەکشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی سووریا کۆبووەوە. فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە یەکگرتنی سەربازی بوو. رۆژی 10ی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق کۆبوونەوە و رێککەوتنێکیان واژۆکرد. دواتر لێژنەیەکی هاوبەشیان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی کۆبوونەوەکە پێکهێنا.
رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی دەڵێت چەند ئاماژەیەکمان بەدەستگەیشتووە دەریدەخات ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە بەجۆرێک دەستوەردان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران بکات. لە هەمانکاتدا ئیسرائیلیش لەوە دەکۆڵێتەوە لابردنی مادورۆ لەسەر دەسەڵات دەکرێت ببێتە پێشینەیەک بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازیی دژی رژێمی ئێران. لەلایەکى دیکەوە، رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی زانیاری لەبارەی رێککەوتنی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكراكردووە، لەبارەی وەشاندنی گورزی نوێ لە ئێران، لە ئەگەری پابەندنەبونی بە داواکارییەکانی ئەمەریکا، لە نێویاندا، راگرتنی پشتیوانیەكانی بۆ گروپە چەكدارەكان لە لوبنان، عێراق و یەمەن. رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای لوبنانەوە بڵاویكردووەتەوە: هەڵوێستی سەرۆک "جۆزێف عەون " زیاتر مەیلی بەلای دڵنیابونە بە وریاییەوە، بەهۆی دوركەوتنەوەی دێوەزمەی شەڕ، بەڵام ئەمە بە مانای دووركەوتنەوەی تەواوەتی نییە. ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەم هەڵوێستە پاڵپشتە بە زانیاری و پێدراوەكان كە گەیشتووەتە دەسەڵاتى فەرمی لوبنان، لە دەزگا نێودەوڵەتییە باڵاکان و باڵیۆزخانەکانی رۆژئاواوە، كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ترەمپ و ناتانیاهۆ، لە میانی کۆبونەوەیاندا لە فلۆریدا لە 29ی مانگی رابردوو، رێککەوتون لەسەر وەشاندنی گوزری سەربازی لە ئێران ئەگەر نەیەتە پێشەوە بۆ دانوستان بە پێی مەرجەکانی ئەمەریکا، هەروەها بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززەو، بەدوورگرتنی لوبنان لەم قۆناغەدا لە هەر هێرشێک کە ئاڕاستەی ئێران بکرێت. بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم بەدوورگرتنە مەرجدارە بەوەی حزبوڵا نەچێتە نێو شەڕەکەوە، بەو پێیەی هەر بەشدارییەکی ئەو حزبە روبەرشوی لێدانێکی فراوان و قوڵی ئیسرائیل دەبێتەوە کە زاحیەی باشوری بەیروت و ناوچەی بیقاع بەتایبەتی دەکاتە ئامانج. رۆژنامەكە باسی لە هەوڵەكانی ریازيش كردووە لەگەڵ تاران بۆ چارەسەری پرسەكە، بەوپێەی سعودیە ترسێکی زۆر هەیە لەوەی هەر جەنگێک کە دژی ئێران بەڕێوەبچێت، دەبێت مایەی پشێوی و رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر دەوڵەتانی کەنداو دەبێت. ئەمریکییەکانيش قەناعەتیان وایە ئەگەر ئێران بە پێی مەرجەکانیان بچێتە ناو دانوستانەوە، بە راگرتنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و راگرتنی پشتیوانی گروپە چەكدارەكان لە لوبنان و عێراق و یەمەن،عێراق و یەمەن، رەنگدانەوەی لەسەر دۆسییەی لوبنانيش دەبێت.
هاوەڵ و پشتگیریکاری سەرسەختی مەزڵوم عەبدییە ئامادەکردنی هاوڵاتی. عەمید کێڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزی هاوبەشی ئەرکە تایبەتەکانە لە عێراق و سوریا بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش. لەدوای ئەوەی هاوەڵی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ـی کرد بۆ دیمەشق، بووەتە ناوێکی بەربڵاوی میدیا کوردی و عەرەبییەکان. لامبێرت کێیە؟ عەمید کیڤین جەی لامبێرت لە ساڵی 1971 لە فۆرت پۆلکی ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا لە خێزانێکی سەربازی لە دایکبووە. لامبێرت لە ساڵی 1993 لە زانکۆی ساوس جۆرجیا بووەتە ئەفسەر و چەندین رۆڵی گرنگی پێدراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا. ئەزموونەکانی لامبێرت زۆرن، تەنانەت راهێنانی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش کردووە لە حوزەیرانی ساڵی 2024 کاتێک فەرماندەی گشتی فەرماندەیی هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بووە و هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80. لە حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە، پۆستی فەرماندەی هێزی هاوبەشی ئەرکە تایبەتەکانی لە عێراق و سوریا بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش پێدراوە. یەکەم کەسیش مەزڵوم عەبدی پیرۆزبابیی پۆستەکەی لێکرد و گوتی، بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ لامبێرت دەکەین بۆ وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتیە لەم کاتە هەستیاردا، کە پێویستی بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش هەیە. لامبێرێتیش لە وەڵامی پەیامەکەی عەبدی دا گوتبووی، هاوبەشی نێوان ئەمریکا و هەسەدە تەنیا سەربازی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سەقامگیری درێژخایەنەوە هەیە. لامبێرت، پشتگیریکارێکی رێککەوتنامەی 10ـی ئازاری نێوان دیمەشق و هەسەدە و تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە بە سوپای سوریا. ئەوەی زۆترین چاوی چووەتەسەر سەردانەکەیەتی بۆ دیمەشق لەگەڵ شاندی هەسەدە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا. ئامادەبوونی لامبیرت و هاوەڵیکردنی مەزڵوم عەبدی دەریدەخات کە گفتوگۆکان جیدین و ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتن دەیەوێت وەک گەرەنتیکارێکی رێککەوتنەکە ئامادەبێت تا زامنی ئەوە بکات تێکەڵبوونی هەسەدە دەکەوێتە ئەو چوارچێوە فراوانە ئەمنییەی ئەمریکا دیاریکردووە. بەگوێرەی هەندێک هەواڵی نافەرمی، مەزڵوم عەبدی و کێڤن لامبێرت بە یەک فڕۆکە سەردانی دیمەشقیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا. تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام هەسەدە دەڵێت: کۆبوونەوەکە لەبارەی گفتوگۆکردن لەسەر تێکەڵبوون بە سوپای سوریا بوو لەچوارچێوەی دیالۆگە فەرمییەکاندا، هەردوولا رێککەوتن بەردەوامی بە کۆبوونەوەکان بدەن لە چەند رۆژی داهاتوودا و بابەتی تێکەڵبوون بە سوپای سوریا بەشێوازێکی رێکخراو تاووتوێ دەکرێت هەتاوەکو دەگەین بە ئەنجام.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند کە چیتر دەسەڵاتی خەرجکردنی مووچە فەوتاوەکانی ساڵی ڕابردووی نییە و چارەنووسی ئەو پارەیە پەیوەستە بە مەرجی لایەنە کوردییەکان لە حکومەتی نوێدا. حیساباتی بودجەی ساڵی 2025 بە تەواوی داخراوە. سوودانی بە ڕاشکاوی بە شاندی یەکگرتووی ڕاگەیاندووە کە خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی ساڵی ڕابردوو لە دەسەڵاتی حکومەتی ئێستادا نییە، چونکە تەخسیساتی دارایی نەماوە. تاکە دەرچە بۆ گەڕانەوەی ئەو پارەیە، جێگیرکردنیەتی لە یاسای بودجەی 2026 و مەرجکردنیەتی لەسەر سەرۆکوەزیرانی داهاتوو. د. موسەننا ئەمین، ئەندامی شاندی یەکگرتوو لە بەغدا بە ئاڤای ڕاگەیاند: "سوودانی پێی وتین چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەم حکومەتە ناکرێت و دەبێت لە بودجەی 2026 حەل بکرێت. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا موسەننا ئەمین گوتی: سوودانی پێشنیاری کرد پارتی و یەکێتی لە بەغدا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ناردنی ئەو دوو مووچەیە بیکەنە مەرج لەسەر سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق؛ ئەگەر نەیانکردە مەرج، ئەوا خۆیان بەرپرسیارن." سوودانی کە خۆی یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکان بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی یەکگرتوو یاداشتی فەرمییان لەسەر کێشەی کۆچبەرانی لیبیا و گەنمی جووتیاران پێشکەش کردووە و بەڵێنی داوە فڕۆکەی تایبەت بۆ کۆچبەرەکان تەرخان بکات و ڕێکارە داراییەکانی گەنمیش خێرا بکات. بەڵام لە دۆسیەی مووچەدا، هەموو شتێکی بەستەوە بە "بودجەی 2026" و "ئیرادەی پارتی و یەکێتی".
دادگاییكردنی سەرۆكی دورخراوەی ڤەنزوێلا لە ئەمریكا بەڕێوەدەچێت و مادۆرۆ لە بەردەم دادگادا رایگەیاند، تائێستا من سەرۆکی ڤەنزوێلام و لە ماڵەکەی خۆمدا رفێندراوم. وتیشی، تاوانبار نیم و پێشتر هیچ تۆمەتێکی لەو شێوەیە نەدراوەتە پاڵم، کە ئەمریکا ئەو تۆمەتانەی بۆ هەڵبەستووم. هاوکات هاوسەرەکەی مادۆرۆ لە دادگای ئەمریکا رایگەیاند، تا ئێستا من خانمی یەکەمی ڤەنزوێلام. دوای دانیشتنێکی 30 خولەکی لە دادگای نیویۆرک، نیکۆلاس مادۆرۆ و سیلیا فلۆرێسی هاوسەری سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردەوە و بێتاوانیی خۆیان دووپاتکردەوە. پاشان لەژێر پاسەوانیی تونددا هۆڵەکەیان جێهێشت و دادوەر بڕیاریدا دانیشتنی داهاتوو لە 17.03.2025 بەڕێوەبچێت. پاش دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا گوتیان لە ئەمریکا دادگایی دەکرێت، ئەمەش ئەو پرسیارەی ورووژاند تاوەکو چەند ڕفاندنی سەرۆکی وڵاتێک لە لایەن ئەمریکاوە و دادگاییکردنی لەو وڵاتە یاساییە؟ مادورۆ ئێستا لە نیویۆرک دەستبەسەرە و دەبرێتە بەردەم دادوەر و بە فەرمى تۆمەتەکانى ڕووبەڕوو دەکرێتەوە. ئەو دەستگیرکردنە ڕووبەڕووی سەرکۆنەکردنێکی بەرفراوانی جیهانی بووەتەوە، بەتايبەت لەلايەن ڕووسيا و چين و لايەنگرانی ڤەنزوێلاوە، بەڵام ئەمریکا پاساوی هەیە بۆ هێرشکردنە سەر کاراکاس و دەستگیرکردنی مادورۆ. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، وەزارەتی داد داوای هاوکاریی سەربازی کردووە بۆ دەستگیرکردنی مادورۆ و هاوسەرەکەی و کوڕەکەی و دوو سەرکردەی سیاسی دیکە، بە بەهانەی ئەوەی سەرۆکایەتیی باندێکی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن، ئەم تۆمەتانەش لە لایەن دادگای باڵای نیویۆرکەوە ئاڕاستەیان کراوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەڵامی راگەیاندراوێکی وەزارەتی بەرگریی سوریا دەداتەوە و دەڵێت: بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە هێزەکانمان هێرشیان کردبێتە سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیس لە شارۆچکەی دێر حافری حەلەب و ئێمە لەو ناوچەیە هیچ چالاکی و ئۆپەراسیۆنێکمان نییە. هەسەدە دەشڵێت، ئەم بانگەشانە بەتەواوی گوماناوی و هەڵبەستراون بەئامانجی دروستکردنی بەهانە و بیانوو بۆ زیادکردنی گرژییەکان و ئەو لایەنەی ئەو راگەیاندراوەی بڵاوکردووەتەوە بەرپرسیارییەتی تەواوەی دەکەوێتە سەر شان. پێشتر نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سوریا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: لەلایەن هێزێکی هەسەدەوە هێرشکراوەتە سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیس لە دێر حافر.
موحسین موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ڕایگەیاند، ئەمجارە هیچ بەزەییەکیان بەرامبەر بە ئاژاوەگێڕان نابێت و دەسەڵاتی دادیی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان هاوکار دەبێت بۆ دەسنیشانکردن و بە سزا گەیاندنی ئاژاوەگیڕان. موحسینی ئێژەیی، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی دادگای پارێزگاکانی وڵاتەکە ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی ئەم جارە ئەمریکا و ئیسرائیل پاڵپشتی خۆیان بۆ ئاژاوەگێڕان ڕاگەیاندووە، کەواتە دیارە کێ لە پشت پەردە و هۆکاری دروستبوونی دۆخەکەیە و بۆیە ئەوانەی ئاسایش و ئارامی ئێران تێکدەدەن، ڕەحمیان پێناکرێت. سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران گوتیشی، کەسانێک هەن ڕەنگە لەسەر شەقامەکان نەبن، بەڵام لە پشت پەردەوە پاڵپشتی ئاژاوەگێڕان دەکەن ئەوانەش دەدۆزینەوە. موحسینی ئێژەیی داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد، ئەگەر گومانیان لە هەر کەسێک هەبوو کە بە نیازی ئاژاوەگێڕیی بوو، دەزگا ئەمنییەکان ئاگادار بکاتەوە. قسەکانی سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە کاتێکدایە، زیاتر لە هەفتەیەکە خۆپیشاندان زۆربەی پارێزگاکانی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، بەگوێرەی میدیا خۆجێیەکان، هێزە ئەمنییەکان لە زۆربەی شارەکان بڵاوەیان پێکراوە سەدان کەس دەستگیرکراون.
ئەمیندارێتیی گشتیی پەرلەمانی عێراق: مەلا بەختیار فۆرمی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پڕکردووەتەوە ئەمە لەکاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان بە دوو کاندید بەشداری لە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکات، ئەوانیش (فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی)یە. زانیارییە کەسییەکان ناو: حیکمەت محەممەد کەریم نازناو: مەلا بەختیار لە 20ـی ئابی 1954 لە خانەقین لەدایک بووە. ساڵانی چالاکی: 1970 - تا ئێستا، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. پوختەی ژیان حیکمەت محەممەد کەریم، ناسراو بە مەلا بەختیار، لە 20ـی ئابی 1954 لە شاری خانەقین لەدایکبووە. سیاسەتمەدارێکی دیاری باشووری کوردستانە و یەکێک بووە لە سەرکردە دیارەکانی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لە ژیانی سیاسیدا چەندین پۆستی باڵای وەرگرتووە، لەوانە لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان. ژیان و خەباتی سیاسی لە 10ـی حوزەیرانی 1970 و چەند مانگێک دوای دامەزراندنی، پەیوەندی بە (کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کوردستان)ەوە کردووە. لە ساڵی 1974 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە.
هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، لە رۆژی پێنجشەممەوە کامێراکانی رێگاکانی پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێن دەکەونە کار و رۆشتن لەو رێگایانە بە شێوەی خاڵ بۆ خاڵە. هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندوە، بەمەبەستی کەمکردنەوە و رێکخستنی خێرایی ئۆتۆمبێلەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە روداوەکانی هاتوچۆ، ژمارەیەک کامێرای چاودێری نوێی خاڵ بۆ خاڵ دەکەونە کار. ئاماژە بەوەکراوە، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە سەررێگاکانی (عەربەت – سیدصادق – پارێزگای هەڵەبجە) هەروەها رێگای پێنجوێن لە رۆژی پێنج شەممە 8-1-2026 لە سەعات 12ـی نیوەڕۆوە دەکەونە کار هاتوچۆی سلێمانی دەشڵێت؛ هەردوو سایدی هاتن و رۆشتن کامێراکان بەشێوەی خاڵ بۆ خاڵ تیژەڕەوی شۆفیران تۆماردەکەن و سەرجەم ئەو سنوری خێراییەانەی دیارکراون بۆ رێگاکان بە هێما دیاریکراوە و داواکارن لە شۆفێران پابەندی رێنماییەکان بن، تا بەدوربن لە هەر روداوێکی نەخوازراو و سزای هاتوچۆ.
شارەزایەکی کەشناسیی ڕایگەیاند، دوای پێنج ڕۆژی دیکە، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی وتى، پێشبینی دەکرێت، بەهۆی بەرزی پاڵەپەستۆ، کەشوهەوای ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو 10ـی مانگ جێگیر بێت و ئەگەری باران نییە. ئەو شارەزایەیە کەشناسیی گوتیشی: پێشبینی دەکرێت لە 10ـی کانوونی دووەمی 2026ەوە، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و ڕەنگە بۆ چەند ڕۆژێکیش بەردەوام بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە بەفر چ شوێنێکی کوردستان دەگرێتەوە. لەلایەکى دیکەوە بەرێوەبەرایەتى کەشناسى پێشبینى کەشو هەواى بۆ ٢٤ کاتژمێرى داهاتوو بڵاوکردەوە کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دووشەممە 05-01- 2026 کەش /ئاسمان بەگشتی لەنێوان تەنکە هەوری بەرز و نیمچە هەور دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ ( 5 – 20 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا. مەوداى بینین / لە نێوان ( 7 – 9 ) کم دەبێت. پلەکانی گەرما / بەگشتی بەرزترین پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بە (2- 4 ) پلەی سیلیزی بە بەراورد بە پلەی دوێنێ ، وەک لە خوارەوە ئاماژەى پێدراوە. هەولێر 13پلەی سیلیزی پیرمام 12پلەی سیلیزی سۆران 9 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران 2 پلەی سیلیزی سلێمانی 12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 13 پلەی سیلیزی دهۆک 11 پلەی سیلیزی زاخۆ 11 پلەی سیلیزی کەرکوک 14 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 12 پلەی سیلیزی گەرمیان : 14 پلەی سیلیزی سبەى سێ شەممە 06-01- 2026 کەش/ ساردی و سەقامگیری ئاسمان بەردەوامی دەبێ وە بەگشتی لەنێوان تەنکە هەوری بەرز و ساماڵ دەبێت. خێراى با / لەسەرخۆ ( 5– 15) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا. مەوداى بینین / لەنێوان ( 8– 10 ) کم دەبێت. پلەکانی گەرما / بەرزترین پلەکانی گەرمای نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر :14 پلەی سیلیزی پیرمام 12 پلەی سیلیزی سۆران 10 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران 5 پلەی سیلیزی سلێمانی 12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 14 پلەی سیلیزی دهۆک 12 پلەی سیلیزی زاخۆ 11 پلەی سیلیزی کەرکوک 15 پلەی سیلیزی ئاکرێ 13 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 12 پلەی سیلیزی گەرمیان : 16 پلەی سیلیزی
