شێخ مورشید خەزنەوی سڵاو لە تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کرد و گوتی: "دەبێت هەموو پارت و ڕێکخستنە کوردییەکان یەکگرتووبن؛ بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بەرەیەکی هاوبەش دابمەزرێنن، لە دەوری مێزێک کۆببنەوە و ببنە هێزێکی فراوان". مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان بەهۆی قەیرانی ئابووری لە ئێران کە هەفتەی ڕابردوو لە تارانی پایتەخت دەستی پێ کرد، لە فراوانبووندایە. هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر خەڵک توندتر دەبن. لە چالاکییەکاندا تا ئێستا لانی کەم هەشت خۆپیشاندەر کوژراون و سەدان کەسیش دەستبەسەرکراون. زانای ئایینی کورد شێخ مورشید خەزنەوی سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان قسەی کرد، سڵاو لە تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کرد و پەیامی پشتگیریی نارد. لە قۆناغێکداین گەڕانەوە نییە خەزنەوی بانگەوازی کرد بۆ یەکڕیزیی تەڤگەرە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و گوتی: "گەل کوردمان لە ڕۆژهەڵات! سڵاو لە کارەکانتان، ڕەنجەکانتان، تێکۆشان و بەرخۆدانتان دەکەم. بەم تایبەتمەندییانە نامۆ نین. پارێزەری ناسنامەی کوردن، شوێنکەوتووی شۆڕشگێڕانن، هەڵگری ئازار و هیوای ١٠٠ ساڵن، نەوەی قازی محەمەدن، شوێنکەوتووانی یەکەمین کۆماری گەلی کوردن. نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر بە خوێن دەکێشرێت. لە گەلەکەتان، لە خوشک و براکانتان، لە ڕۆژئاوا بڕوانن. برینەکانی ڕۆژئاوا قووڵ بوون، ناکۆکی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا هەبوو، بەڵام کاتێک بڕیاری چارەسەریی درا پارتەکان بێدەنگ بوون؛ تەنها هاوارێکی بەرز بوو: کورد، کوردستان، بژی خوشک-برایەتی گەلی کورد. ئەم هاواری یەکێتییە بوو بە ئەکتەری سەرەکی گەل. ئەمڕۆ نۆرەی ڕۆژهەڵاتە. ڕژێم بە زوڵم و فشار درێژە بە دەسەڵاتی خۆی دەدات، بە دەنگی پێی شۆڕشگێڕان عەرشی دەلەرزێت. مێژوو دەستی دەکاتەوە، بەڵام هەرگیز پێشوازی لە بێبڕیارەکان ناکات. ئەم هەلومەرجەی تێیداین جیاوازە لە سەردەمی پێشوو. لە سەردەمێکی واداین گەڕانەوە نییە". بانگەوازی یەکگرتوویی لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێخ مورشید خەزنەوی ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پڕۆسەیەکی مێژووییدا تێدەپەڕێت، گەلی کوردیش نابێت ئەو دەرفەتە لەدەست بدات و گوتی: "بە تایبەتی سڵاو لە پەدەکەی ئێران، پارتی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، پارتی کۆمۆنیستی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵات، کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان دەکەم لە پای کارەکانیان، ڕەنج، تێکۆشان و بەرخۆدانیان و ڕێزی خۆم پێشکەش دەکەم. بەناوی ئەو دایکانەی کە هیوایان ئێوەن و لە دەرگای زیندانەکان وەستاون، بەناوی ئەو گەنجانەی کە ڕووبەڕووی لەسێدارەدان دەبنەوە، بەناوی ئەو شەهیدانەی کە وەسێتەکانیان بۆ بەجێهێشتووین، بانگەواز دەکەم: با ئەم دابەشبوونە ئیدی کۆتایی بێت، ڕاگەیاندراوی جیاواز جیاواز کۆتایی بێت. خەڵکی ڕۆژهەڵات دەپرسن کەی لەژێر یەک ئاڵادا کۆدەبنەوە و هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان دەدەن. بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات، پلاتفۆرم و بەرەیەکی هاوبەش بنیات بنێنن، لە دەوری مێزێک کۆببنەوە و ببنە هێزێکی فراوان. تا کلیلی هەموو بەشەکان کۆنەکرێنەوە، دەرگاکانی ئازادیی ناکرێنەوە ئێوە دوژمنی یەکتر نین. دوژمنی ئێوە ئەو هێزانەن کە خاکی ئێوەیان داگیر کردووە. تۆ تاکە کلیلی هەموو بەشەکانیت. تا هەموو کلیلی چوار بەشی کوردستان کۆ نەکرێنەوە، دەرگاکانی ئازادیی ناکرێنەوە. گەلەکەمان لە سێ بەشی کوردستان چاوی لە هەڵوێستی ئێوەیە، کورد لە ڕۆژهەڵات یان وەک چیایەک دەوەستێت یان ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست دەدات. بڕیاری یەکگرتوویی لە ڕۆژهەڵات خەون نییە و لە دەستی ئێوەدایە ئەم بڕیارە بدەن. بژی بەرخۆدانی ڕۆژهەڵات، بژی کورد، بژی کوردستا
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ یەک شەممە 4-1-2026 کەش / ئاسمان ساماڵ و سارد دەبێت لە کاتەکانی بەیانی لە دوای نیوەڕۆ هەور دروست دەبێت لە ئاسمان . خێراى با / لەسەرخۆ ( 5– 10) کم/ک ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / 9 – 10 کم دەبێت پلەکانی گەرما / بەرزترن پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بە (1-2) بە بەراورد بە پلەی دوێنێ بە پلەی سیلیزی هەولێر 10پلەی سیلیزی پیرمام 7 پلەی سیلیزی سۆران 3 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران 1 پلەی سیلیزی سلێمانی 7 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 10 پلەی سیلیزی دهۆک 10 پلەی سیلیزی زاخۆ 11 پلەی سیلیزی ئاکرێ 2 پلەی سیلیزی سبەى دوو شەممە 5-1-2026 کەش/ کەش سارد و دیاردەی بەستن لە کاتەکانی بەیانی . لە هەندێ ناوچە دوای نیوەڕۆ ئاسمان بە گشتی پەڵە و نیمچە هەور دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ ( 5 – 10 ) کم/ک . ئاراستەی با / باکووری ڕۆژهەڵات پلەکانی گەرما/ نزمترین وەک خۆی دەبێت بەرزترین بەرز دەبێتەوە بە دوو پلەی سیلیزی مەوداى بینین / 8– 9 کم. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 11 پلەی سیلیزی سلێمانی : 8 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 11 پلەی سیلیزی دهۆک : 11 پلەی سیلیزی زاخۆ : 10 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی گەرمیان : 9 پلەی سیلیزی
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، جەختی کردەوە؛ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی سەروەریی وڵات و ڕایگەیاند پڕۆسەی چەکداماڵینی گروپەکان تەنیا لەلایەن عێراقییەکان خۆیانەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم وتانەی سوودانی لە میانی بەشداریکردنی بوو لە مەراسیمی فەرمیی شەشەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کە لە ساڵی 2020 لەلایەن ئەمەریکاوە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کرانە ئامانج. سوودانی لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند: "شەش ساڵ لەمەوبەر لە هێرشێکی ئاشکرادا، هاوەڵەکانیان کرانە ئامانج. ئەو تاوانەی لە نزیک فڕۆکەخانە ئەنجامدرا، پێشێلکارییەکی یاسا نێودەوڵەتییەکان و شوێنێکی ئەمنیی مەدەنی بوو." سەرۆک وەزیرانی عێراق تیشکی خستە سەر پرسی چەکداماڵینی گرووپەکان و گوتی: "دیدگای ئێمە بۆ سنووردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا، بۆ مەبەستی چەسپاندنی سەروەرییە. ئەم هەنگاوە دژی هیچ لایەنێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی عێراق و بڕینی بیانووی ئەو لایەنە دەرەکییانەیە کە دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەمان." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد؛ "مەرجەعیەتی باڵای ئایینی" هەمیشە جەختی لەسەر پێویستیی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کردووەتەوە، دووپاتیشی کردەوە "پڕۆسەی داماڵینی چەک پڕۆسەیەکی نیشتمانیی تەواو عێراقی دەبێت." لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سوودانی هۆشداریدا لە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچەکە و گوتی: "ئیسرائیل هەوڵی جێبەجێکردنی پلانە مەترسیدارەکانی دەدات، چونکە چاک دەزانێت عێراق بەردی بناغەی سەقامگیریی ناوچەکەیە."
ناوی 303 هەزار خانەنشین بۆ سیستمی نوێی مووچە زیاد دەکرێت، بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دوای خانەنشینان، ناوی زیاتر لە 150 هەزار مووچەخۆری دیکە زیاد دەکرێت. شەهلا عەبدوڵڵا، سەرۆکی تیمی دڵنیایی جۆری و گەیاندنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون لە گواستنەوەی زانیارییەکانی خانەنشینان بۆ سیستمی نوێ، ئەم مانگە خشتەی مووچەی مانگی 1ی خانەنشینان بە سیستمی نوێ ئامادە دەکرێت. باسی لەوەش کرد، راهێنان بە کارمەندەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی کراوە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچە بە سیستمی پەیڕۆڵ. بە گوتەی شەهلا عەبدوڵڵا، دوای چاکسازییەکان لە لیستی ناوی خانەنشینان، بڕیار دراوە ناوی 303 هەزار خانەنشینی سەربازی و مەدەنی بۆ سیستمی پەیڕۆڵی مووچە زیاد بکرێت. بڕیارە دوای زیادکردنی ناوی خانەنشینان، ناوی مووچەخۆرانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان زیاد بکرێت. بەپێی داتاکانی تیمی دڵنیایی جۆری و گەیاندنی خزمەگوزارییە دیجیتاڵییەکان، ژمارەی سوودمەندبووان لە کاروباری کۆمەڵایەتی، زیاتر لە 70 هەزار کەسە و ژمارەی کەسوکاری شەهیدان کە ناویان دەخرێتە لیستی پەیڕۆڵی مووچەوە، دەگاتە زیاتر لە 80 هەزار کەس. شەهلا عەبدوڵڵا روونیشیكردەوە، لیستی مووچە لە ساڵی رابردووەوە داخراوە و ناوی هیچ مووچەخۆرێکی نوێ بۆ بەغدا نانێردرێت. پێشتر، لە 01-11-2025 هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاری، بە رووداوی راگەیاندبوو، لەسەر فەرمانی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سیستمی خانەنشینییش دەخەنە سیستمی پەیڕۆڵەوە.
شاندێکی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی لە دیمەشقە. هەسەدە دەڵێت، ئەو شاندە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سووریا کۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانە لەسەر ئاستی سەربازی. بەگوێرەی راگەیێندراوی هەسەدە، ئێستا شاندەکە لە دیمەشقی پایتەختی سووریایە و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ئەو وڵاتە دەکات. گفتوگۆکان لە چوارچێوەی گەیشتن بە رێککەوتنە لەبارەی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکان لەسەر ئاستی سەربازی. شاندەکەی هەسەدە پێکدێت لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەگەڵ سوزدار دێرک و سیپان حەمۆ، ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، پێشتریش چەندین جار گفتوگۆ لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا کراوە، بەڵام پرسی تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان و شێوازی فەرماندەییکردنیان یەکێک بووە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەردوولا.
ئۆزگۆر ئۆزێل، سەرۆكی پارتی گەلی كۆمارى بە ئەردۆغان دەڵێت:كاتێك پێویست بوو بەرگری لە دیموكراسی بكەیت بەرگریت لە مادۆرۆ كرد، ئێستاش لە ترسی ترەمپ ناوێریت بەرگری لە مادۆرۆ بكەی كە پێشتر بە برای خۆت ناوت دەبرد. ئۆزگوز ئۆزێل، لە سەكۆی "ئێكس" دوو وێنەی داناوەو نوسویەتی: بە باشی سەیری ئەم وێنەیە بکە بەڕێز ئەردۆغان! تۆ وتت: مادورۆ یەکەم کەس بوو لە ١٥ی تەمموز(رۆژی كودەتاكەی توركیا) تەلەفۆنی بۆ کردم. پێتوت مادۆرۆی برام، سەلماندت، كە وتت ئێمە لەگەڵتداین، پشتگیری خۆتت نارد. کاتێک مادۆرۆ هەڵبژاردنێکی نادادپەروەرانەی ئەنجامدا و بە ناڕەوا مامەڵەی لەگەڵ گەلەکەیدا کرد، تۆ لە پشتیەوە وەستایت و بە "براکەم" ناوت دەبرد، تۆش ئەو کاتە هەڵە بوویت. بەڵام ترەمپی هاوڕێت هات، یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کرد، مادۆرۆی براتی و هاوسەرەکەی لە ژووری نووستنەکەیان رفاند و دەست و چاوی بەست و بردی. ئێستا بەداخەوە لە بەرامبەر ئەم وێنەیەدا بێدەنگیت هەڵبژاردووە. کاتێک پێویست بوو بەرگری لە دیموکراسی بكەیت، بەرگریت لە مادۆرۆ کرد؛ ئێستاش کە پێویستە بە بەرگری لە سیستمی جیهانی بكەیت، بێدەنگیت بەرگریكردنە لە کودەتاکەی ترەمپ بەرامبەر وڵاتێکی تر. چونکە تۆ لە ترەمپ دەترسیت، کە هەست دەکەیت پێویستیت پێیەتی. ئەوە دۆخی دیموکراسیەكەت و هاوڕێتەیەكت و برایەتیەكەتە!
ڕونکردنەوەیەک سەبارەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تا ئێستا هیچ گفتوگۆ و دانیشتنێکی فەرمی و نافەرمی لەنێوان جوڵانەوەی نوێ و هیچ لایەنێکی سیاسی ڕوینەداوە بەتایبەت یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار. جوڵانەوەی نەوەی نوێ تا ئێستا هیچ بڕیارێکی نەداوە کە ئایا بەشداری کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یان نا. سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و جوڵانەوەکە بڕیار دەدات کە فراکسیۆنەکەی لە بەغدا بۆ ئەو پرسە چۆن هەڵسوکەوت دەکات وە پابەند ئەبین بە بڕیاری هەر سەرۆکی جوڵانەوەکەمان . فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕایگەیاندووە، گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە. بەگوتەی سەرچاوەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا وەک سەرۆکی نوێی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دیاریکراوە و لە شوێنی فەرهاد ئەترووشی، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنەکە، دەستبەکار دەبێت. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی پارتی و ڕێکخستنەوەی کارەکانی فراکسیۆنەکە لە بەغدا دێت. ڕۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵای لە کاندیدکردن بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کشاندەوە و فەرهاد ئەترووشی، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکەی لە جێگەی ئەو کاندید کرد. بە گوێرەی زانیارییەکان بڕیاری پارتی، دوای زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە بووە، لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان لە نێو پەرلەمانی عێراق.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئاشکرای کردووە، "سیخوڕێکی واشنتن لەناو حکوومەتی ڤەنزوێلا" هاوکاری وڵاتەکەی کردووە بۆ دەستگیرکردنی نیکۆڵاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا. شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرایکردووە، هێزەکانی ئۆپراسیۆنی تایبەتی ئەمەریکا "دەلتا فۆرس"، بە هاوکاری سەرچاوەیەکی نێو دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا "سی ئای ئەی" کە لە ناو حکوومەتی ڤەنزوێلادا کاریکردووە، توانیویانە لە ئەرکەکەیان سەرکەوتوو بن و مادۆرۆ دەستگیربکەن. ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، کە ئەو سەرچاوەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاودێری شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆی کردووە تاوەکو ئەو کاتەی دەستگیرکراوە. شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری ئۆپەراسیۆنی گرتنی مادۆرۆی کردووە، هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا توانیویانە مادۆرۆ لە قەڵایەک دەربهێنن کە بەشێوەیەکی توند پاسەوانی دەکرا. لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ "فۆکس نیوز"، ترەمپ گوتی، "هیچ کاتێک شتێکی لەو جۆرەم نەبینیوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری ڕووداوکەم کردووە، وەک ئەوەی سەیری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بکەم". ئاماژەی بەوەشکردووە، هەلیکۆپتەرەکانی ئەمەریکا سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەیان بۆ ناو کەشتییەکی ئەمەریکی گواستوەتەوە، لەوێشەوە دواتر دەبرێنە نیویۆرک بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاریی پەیوەست بە تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە و دادگایی بکرێن. ترەمپ جەختی لەوەشکردووەتەوە، چوار ڕۆژ پێش ئێستا گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە هەڵکردووە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا دواخرا. ئاماژەی بەوەشکردووە، مادورۆ کاتێک دەستگیرکراوە لە قەڵایەکدا بووە، هاوکات لەو ئەرکەدا هیچ کام لە پیاوەکانمان نەکوژراون، ئەمەش شتێکی سەرسوڕهێنەرە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەندێک لە پیاوەکان برینداربوون، بەڵام گەڕاونەتەوە و تەندروستییان زۆر باشە". ئەمڕۆ شەممە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن. ترەمپ لە بارەی دەستگیریکردنەکەی گوتی: مادۆرۆ و خێزانەکەی دەگوازرێنەوە نیویۆرک و لەوێ دادگایی دەکرێن.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی دووشەممەی داهاتووی وەک دوا وادەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ کاندیدبون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دیاریکرد. لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کراوەتەوە. پێویستە لە 15 رۆژدا دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن رابسپێردرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت. سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: دوا وادە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان رۆژی دووشەممەی داهاتوو ٥ی ١ی ٢٠٢٦ە و تا کۆتایی دەوامی فەرمی بە کراوەیی دەمێنێتەوە. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 31ی کانونی یەکەمی رابردودا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، دەرگای کاندیدبونی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق كردەوە، بە پشتبەستن بە یاسای کاندیدکردن ژمارە (8)ی ساڵی 2012. لەلایەکى دیکەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، هەندێک لایەنی سیاسی و کەسایەتی ناوی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بۆ پاڵپشتیکردن لە بەربژێرانی سەرۆکوەزیران بەکاردەهێنن. هۆشداریی دەدات رێکاری یاسایی دژی هەر کەسێک دەگرنەبەر "زیان بە دەسەڵاتی دادوەری بگەیێنێت." ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، رایگەیاند، "لەگەڵ دەستپێکردنی وادە دەستوورییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران، تێبینی کراوە هەندێک لایەنی سیاسی و کەسایەتیی کێبڕکێکار لەسەر ئەم پۆستە، ناوی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە پاڵپشتیکردن یان بەربژێرکردنی کەسایەتیی دیاریکراودا بەکاردەهێنن." لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو کەسایەتییانە ماڵپەڕی میدیایی نەناسراو بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە بەکاردەهێنن، کە ئامانج لێی ناوزڕاندنی دەسەڵاتی دادوەری و لاوازکردنی هەلی رکابەرەکانیانە لە گەیشتن بە پۆستی سەرۆکوەزیران."
سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی هاتنی جەژنی (قەوڵتاس) پیرۆبایی لە کاکەییەکان دەکات و دەڵێت: کوردستان وڵاتی تەبایی و برایەتی و پێکەوەژیانە. هەروەها وتیشى: هیوادارم خوشک و برا کاکەییەکان و هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەی کوردستان هەردەم بۆنە و جەژن و خۆشیەکانیان لە سایەی ئاسوودەیی و ئارامیدا بکەنەوە. پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی قەوڵتاس بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی (قەوڵتاس)ـی كاكەییەكان پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خوشك و برایانی كاكەیی لە كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم. کوردستان وڵاتی تەبایی و برایەتی و پێکەوەژیانە و هیوادارم خوشک و برا کاکەییەکان و هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی تری کوردستان هەردەم بۆنە و جەژن و خۆشیەکانیان لە سایەی ئاسوودەیی و ئارامیدا بکەنەوە. بمێنن لە خێر و خۆشیدا. مسعود بارزانی 3ی کانوونی دووەمی 2026
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنێكی نا ئاساییەمان لە ڤەنزوێلا ئەنجامدا. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو، تا قۆناغێکی گواستنەوە تەواو دەبێت، کۆنتڕۆڵی ڤەنزوێلا دەکەین، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، جیهانی هێرشى وەك ئەوەی ڤەنزوێلاى بەخۆوە نەبینیوە. سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جەختى کردەوە کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكە بەشێوەیەكی نایاب ئەنجامدرا، هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی و بەغدادی و لێدانی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو. بەشێکى دیکەى قسەکانى دۆتاڵد ترەمپ.. ـ ئێستا مادۆرۆ و هاوسەرەکەی روبەڕوی دادپەروەری ئەمریکا دەبنەوە. ـ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڤەنزوێلا لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەوە ئەنجامدرا. ـ مادۆرۆ و هاوسەرەکەیمان گرت و سوپای ڤەنزوێلا سەلماندی بێ سوودە. ــ مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە نیویۆرک بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و تیرۆر روبەڕوی دادپەروەری دەبنەوە. ــ هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژرا، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی گرتنی مادۆرۆشدا هیچ کەرەستەیەکی سەربازیمان لەدەست نەدا. ــ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەمان لە ڤەنزوێلا یەکێکە نمایشە سەرنجڕاکێش و كاریگەرەكان بۆ ئاستی هێز و توانای سوپای ئەمریکا. ــ لە 97%ی مادەی هۆشبەرمان نەهێشت کە لە ڕێگەی دەریاوە دەگەیشتە ئەمریکا، زۆربەیان لە ڤەنزوێلاوە دەهاتن. ــ ئاشتی و ئازادی و دادپەروەریمان دەوێت بۆ گەلی گەورەی ڤەنزوێلا. ــ ڕێگە نادەین ڤەنزوێلا لەلایەن کەسێکەوە سەرکردایەتی بکرێت کە کار بۆ بەرژەوەندی گەلەکەی نەکات. ــ توانا سەربازییەکانی ڤەنزوێلا پەكخران لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی مادۆرۆ. ــ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەچنە ڤەنزوێلا و ژێرخانی نەوت چاک دەکەنەوە و داهات بەدەستدێنن. ــ ئامادەین بۆ شەپۆلی دووەمی هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا ئەگەر پێویست بوو، هەرچەندە وا گریمانە دەکەین کە پێویست نەكات. ــ ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبەین و کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانمان دەچنە ئەوێ. ــ دیکتاتۆر مادۆرۆ پادشای تۆڕێکی بازرگانی نا یاسایی ماددە هۆشبەرەکان بوو كە بە قاچاغ رەوانەی ئەمریكای دەكرد. ــ مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە کەشتییەکی ئەمریکیدان و دەگەنە نیویۆرک بۆ ئەوەی روبەڕوی دادپەروەری ببنەوە.
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە موستەفا قەرەسوو، لە بەشی دووەمی دیمانەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، دەڵێت: لە ئێستادا هیچ باشتربوونێک لە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا نییە. تەنها هەندێک زانیاری هەیە کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنێتەوە گونجاوتر بێت. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو لە گۆڕەپانی تورکیادا ئافراندنی گۆڕانکاری لە بواری سیاسەتەدا زۆر گرنگە. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد گۆڕەپانی سیاسی ئیفلیج کردووە. لەم ڕەهەندەوە تێکۆشانمان تێکۆشانە لە سیاسەتی تورکیا لەسەر بنەمایەکی درووست. وتیشى: کاتێک ڕێبەر ئاپۆ داوای چارەسەری پرسی کورد لەگەڵ تورکیا دەکات، هەوڵدەدات ئەمە ببەستێتەوە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورکەوە. دیالەکتیکی پەیوەندیی کورد، داینەمیکی سەرەکیی بوونی تورکە لە ناوچەکە. بەشی دووەمی هەڵسەنگاندنەکانی موستەفا قەرەسوو بەم شێوەیە: وەک تەڤگەر کە هەم بەشێکی ئۆپۆزسیۆنین و هەمیش ئاوێتە بە بەشەکانی کۆمەڵگەن دیوێکی ئەرێنییە، لەم پێگەیەوە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەت جەهەپە لە پرۆسەکەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ لە هەموو جێگەیەکی ئەم جیهانەدا پشتیوانی کۆمەڵایەتی لە چارەسەرکردنی شەڕدا بابەتێکی گرنگە. دەسەڵاتێک کە ئیرادەی چارەسەری هەبێت، بە دواداچوون بۆ سیاسەتێک دەکات کە دەبنە هۆکاری پشتیوانی کۆمەڵایەتی. بۆ ئەمەش ئەو هەوڵانە تایبەتن کە هەموو بەشەکانی ئۆپۆزسیۆن پشتگیری لە چارەسەرکردنی شەڕ دەکەن. بێگومان وەک تەڤگەرێک کە دەیان ساڵە بە دوای چارەسەرییەوە، بە ڕوانگەی زیادکردنی پشتگیری کۆمەڵایەتییەوە دەجوڵیینەوە و پشتگیری هێزە دیموکراتیکخوازەکان بە گرنگ دەبینین. بۆیە چارەسەکردنی پرسی کورد و دیموکراتیکبوون وەک دوانەیەکی تەواوکەر دەبینین و ئامانجمانە هەموو بەشە کۆمەڵایەتییەکان ببنە پشتیوانی ئەم پرۆسەیە. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد گۆڕەپانی سیاسی ئیفلیج کردووە ڕۆڵی جەهەپە لە چارەسەکردنی پرسی کورد و هەوڵی دیموکراتیزەبوون گرنگە و پارتی دامەزرێنەری تورکیایە و نزیکی ٣٠ ساڵ لە دەسەڵاتدا بووە. بۆیە سیاسەتەکانی جەهەپە بەشدارن لە پرسی کورددا. بۆیە جگە لە چەپ-سۆسیالیستەکانی تورکیا، ڕۆڵی لایەنەکانی دیکە هیچ جیاوازییەک لە سیاسەتیاندا بەرانبەر و ئافراندنی پرسی کورددا نەبووە. بۆیە لە گۆڕەپانی تورکیادا ئافراندنی گۆڕانکاری لە بواری سیاسەتەدا زۆر گرنگە. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد گۆڕەپانی سیاسی ئیفلیج کردووە. لەم ڕەهەندەوە تێکۆشانمان تێکۆشانە لە سیاسەتی تورکیا لەسەر بنەمایەکی درووست. بەو هۆیەی جەهەپە ساڵانێک پارتی زۆرینە بوو، مەیلگەلی سیاسی زۆری لە خۆدا کۆکردووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە پارتێکە کە لە ژێر کاریگەری مۆدێرنێتەی ڕۆژئاوادا ماوەتەوە. لە لایەکەوە ئەم هەڵوێستە سیاسییەی بووەتەهۆکاری دبڕانی لە کۆمەڵگە، لە لایەکی دیکەوە لە ژێر کاریگەری هەندێک تایبەتمەندی ئەرێنی ڕۆژئاوادا ماوەتەوە. پارتی داد کە درێژکراوەی پارتی دیموکراتیکە و لە ساڵی ١٩٥٠دا دەسەڵاتداری وەرگرت، وەک ڕاستڕە لێکدرانەوە و ئەمەش هەندێک ناکۆکی لە نێوان جەهەپە و ئەواندا درووست کرد. بە تایبەت هەڵوێستی نەرێنی پارتی داد لە بەرانبەر گەنجانی شۆڕشگێڕی نەوەی ٦٨ و ڕۆڵی بەرچاویان لە لەسێدارەدانی دەنیزەکان دا، لە دوای ١٢ـی ئادار دۆخێکی وەک پشتگیری چەپەکان بۆ جەهەپە هێنایە ئارا. لە ژینگەی شەڕی ساڵای ١٩٧٠دا ڕیتۆریکی چەپگەرایی جەهەپە دەمارێکی دیموکراسیانەی لە ناو جەهەپەدا هێنایە ئاراوە. نزیکبوونەوەی گەلی کورد لە جەهەپە بە ئامانجی ناچارکردنی جەهەپە بە خواستی دیموکراسیی بوو هێزە دیموکراسیخوازەکان و گەلی کورد بە مامەڵەی هاندانی جەهەپە بە دیموکراتیک بوون نزیکی دۆخەکە بوونەوە. جەهەپەش لەم دوایانەدا بۆ بە دەستهێنانی پشتگیری گەلی و کورد هێزە دیموکراسیخوازەکان، پرسی هەبوون و چارەسەکردنی پرسی کوردی هێنایە ناو گوتارییەوە، بەڵام کاتێک هەڵوێستی ڕوون لە چارەسەرکردنی پرسی کورد هاتە ئاراوە، مەیلێکی دژ کوردانە و دووچارکردنیان بە کۆمەڵکوژی لە ناو جەهەپەدا سەری هەڵدا. لە دژی ڕاستینەی گەلی کورد کە بە زمان، ناسنامە و چاندییەوە گەلێکی جیاوازە، کەوتە ناو هەڵوێستێکی پاشڤەڕۆوە. باڵی نكۆڵیکردنی تەقلیدیانەی سەرکوتکردنی کورد لە تورکیا خۆیان سەپاند و کۆتاییان بە مەیلە دیموکراسیخوازییەکەی ناو جەهەپە هێنا. هەرچەندە هەندێک کەس ئەم دۆخە بە دژایەتیکردنی ئاکەپە ڕاڤە دەکەن، لە بنەڕەتیترین پرسی تورکیادا ڕاڤەکردنێکی ئاوا جێگەی قبوڵ کردن نییە. ئەمە جگە لە ئارگۆمێنتێک بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم پاشڤەڕۆییەی ناو جەهەپە هیچی دیکە هەڵناگرێ. هەڵوێستی هەنووکەیی جەهەپە بە مانای لە دەستدانی هەلێکی مێژووییە بێگومان ئێمە دەڵێین دەسەڵاتداری ئاکەپە بۆ کۆمەڵایەتیبوونی پرۆسەکە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ ناکات، بەڵام بە پاساوکردنی ئاکەپە لە لایەن جەهەپەوە پاساو نییە بۆ ئەم هەڵوێستەیان. هەڵبەتە گەر لە پرسی کورددا هەڵوێستێکی درووست و چالاکی بگرتایە، بەم نزیکایەتییەوە لەسەر بابەتی بنەڕەتی دیموکراتیکبوون کاریگەرییەکانی لە ناو کۆمەڵگەدا زیاد دەبوو کە خواستی دیموکراسییە و دەبووە جێگرەوەیەکی ڕاستی دەسەڵاتداریی. دوای قۆناغی یەک-پارتیی، هەموو ئەو پارتانەی هاتنەسەر دەسەڵات سەرنجیان خستەسەر بابەتی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ئاکەپەش بەدەر نییە لەمە. بۆیە هەڵوێستی هەنووکەیی جەهەپە بە مانای لە دەستدانی هەلێکی مێژووییە. گەر لە داهاتوودا جەهەپە ڕۆڵی ئەرێنی نەگێڕێت ئەوا بەهەموو شێوەیەک گوتاری دیموکراسی و ئازادیخوازییەکانی بەتەواوەتی بێ مانا دەکەوێتەوە و هیچ بایەخێکی نامێنێت. لەم پرۆسەیەدا دەرکەوت هەندێک لایەن بە بەردەنگ وەرگرتنی ڕێبەر ئاپۆ نیگەرانن و بە دوای بەردەنگی دیکەدا دەگەرێن، هۆکاری ئەمە چییە و ئامانجی ئەو کەسانە چییە کە مشتومڕێکی لەم شێوەیەدان؟ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە بەردەنگ وەرنەگرێت دژی کورد و چارەسەرییە ئەوانەی بە بەردەنگگرتنی ڕێبەر ئاپۆییان بە دڵ نییە و مامەڵەیان بۆ بە بەردەنگگرتنی کوردێکی دیکەیە، هیچ نییە جگە لە خواستییان بۆ چارەسەرنەکردنی پرسی کورد و دووژمنی کوردانن و نایانەوێت کورد وەک ئیرادەیەکی سیاسی ببینین. بە دوای بەردەنگێکدا ناگەڕێن کە دان بە ئیرادەی سیاسیی کورددا بنێت. باسکردنی هەندێک ناو تەنها بۆ ئاژاوەگێڕییە لە ناو کورداندا. ئەم کەسانە لە دژی هەموو کوردێک و خواستە سیاسییەکانی کوردن. جا بۆیە نیگەرانی ئەو کەسانە بە بەردەنگ وەرگرتنی ڕێبەر ئاپۆ نییە، بەڵکو لە بەردەنگ وەرگرتنی کەسێکە کە پارێزگاری لە ژیانی ئازاد و دیموکراتیکانەی کوردان دەکات. کاتێک مرۆڤ تەماشانی مامەڵەی ئەو کەسانە لە ئاست پرسی کورددا دەکات، بۆی دەردەکەوێت ئەو کەسانە بە بەردەنگگرتنی کوردێکی بە ئیرادە و ئەوەی کە خواست و پارێزەری مافە دیموکراتیکییە بنەڕەتییەکانی کورد قبوڵ ناکەن. ئەگەر ئیرادەی سیاسی واز لە سیاسەتی سەدساڵە بهێنێت، لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەرییەکی مێژوویی کورد-تورک دێتە دی ڕێبەر ئاپۆ لە بانگەوازی ٢٧ـی شوباتدا تیشک دەخاتە سەر پەیوەندیی هەزارساڵەی کورد و تورک و دەڵێت: "ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لەمڕۆدا زۆر تەنک بووەتەوە، دووبارە لە ڕوحی خوشک-برایەتیدا ڕێکی بخەینەوە." لەم زەمینەیەدا بێگومان ئەرک دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و دەوڵەت. لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا دابینکردنی ئاشتییەکی ڕاستەقینە چۆن ڕێی تێدەچێت؟ ڕێسانامەی نوێی کۆمەڵایەتی لەسەر کام بنەمایە دەتوانرێت برەوی پێ بدرێت؟ بڕیاردانی پێشوەختە و ئاستەنگییەکان بە چ جۆرە تێکۆشانێک دەشێت تێپەڕێنرێن؟ خەڵکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەدان ساڵ وەکو دراوسێ ژیاون. هەرخۆی بەر لە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەکان، خەڵک لەژێر سەروەریی سیاسیی بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتەکاندا دەژیان. کوردیش ماوەیەک لەژێر سەروەریی ئیمپراتۆرییەتە ئێرانییەکان، ماوەیەک لەژێر سەروەریی ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییە عەرەبییەکاندا، و دواتریش لەژێر سەروەریی سیاسیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا ژیاوە. قبووڵکردنی سەروەریی سیاسی، بۆ ئیمپراتۆرییەتەکان بەس بوو. هەر گەلێک لەناو ئیمپراتۆرییەتدا، دەیتوانی بە زمان، کەلتوور و ناسمانەی خۆیەوە بژی. لە ئیمپراتۆرییەتەکاندا، دەسەڵاتە خۆجێیەکانیش قبووڵدەکران. کورد لە ساڵی ١٠٧١ـەوە لەگەڵ تورکدا دەژی. لەناو میرنشین یاخود ئیمپراتۆرییەتەکداندا، بە پاراستنی ناسنامەیانەوە، درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە. پەیوەندییەکانی کورد و تورک سەدان ساڵ بەبێ کێشەیەکی جددی درێژەیان هەبووە. بۆ نموونە تاوەکو سەرەتای سەدەی ١٩ ڕووبەڕووی کێشەیەکی جددی نەبوونەتەوە. لەناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا پێگەی کورد لە هەموو ڕووێکەوە بەهێز و ستراتیژی بووە. بەرفراوانبوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەرەو ناوچە عەرەبنشینەکان و ئەورووپاش دەرئەنجامی پەیوەندیی باش بوو لەگەڵ کورددا. بەو پشتیوانییەی کە کوردەکان لە کۆنگرەکانی ئەرزرۆم و سیواس دەریان بڕی، ئاناتۆڵیا ڕزگاری بوو و تورکەکان درێژەیان بە بوونی خۆیاندا لەگەڵ تورکیای نوێ. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ داوای چارەسەری پرسی کورد لەگەڵ تورکیا دەکات، هەوڵدەدات ئەمە ببەستێتەوە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورکەوە. دیالەکتیکی پەیوەندیی کورد، داینەمیکی سەرەکیی بوونی تورکە لە ناوچەکە. ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە. ئەگەر ئەم مێژووە بەجددی وەربگیرێت و پشتی پێ ببەسترێت، پەیوەندییەکی بەهێزی کورد و تورک سەرلەنوێ دێتە بوون. هەم کورد و هەم تورک سوود لەمە دەبینن. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێی ئەم زیهنییەتەوە هەوڵدەدات وا بکات چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیک قبووڵ بکرێت. کورد بۆ چارەسەرییەکی لەم شێوەیە ئامادەیە. ئەگەر دەوڵەتی تورک و هێزە سیاسییەکانیش چارەسەرییەکی لەم شێوەیە لەسەر بنەمای ڕاستیی مێژوویی قبووڵ بکەن، ئەوا ئەم چارەسەرییە دێتە دی. لە ڕاستیدا گەلی تورک هیچ دژبەری و دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ کورد نییە. بەڵام سیاسەتی سەدساڵە لەناو گەلی تورکدا برەوی بە دوژمنایەتی کورد دا و داخوازییەکانی ئازادیی کورد وەکو دژبەریی تورک نیشاندرا. ئەگەر ئیرادەی سیاسی واز لەم سیاسەتە بهێنێت، لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەریی مێژوویی کورد و تورک دێتە دی؛ تەنانەت لە هی ڕابردوو بەهێزتر. هەربۆیە لە ئێستادا کورد لە هەموو شوێنێکی تورکیا جێگیر بوون. بێگومان ئەگەر هەموو ئاستەنگییەکانی بەردەم ژیانی ئازادی کورد، زمان، ناسنامە و کەلتووری لاببرێن! ئەگەر وەڵامی یاسایی و سیاسیی هەنگاوەکانمان نەدرێتەوە، پرۆسەکە دەگاتە بنبەست لە دیداری ڕێبەر ئاپۆدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و لەو پەیامەدا کە بۆ ڕای گشتی نارد، تیشک دەخاتە سەر چوونە قۆناغی دووەم. قۆناغی دووەم لە بنەڕەتدا چی لەخۆدەگرێت؟ نوێنەرانی دەسەڵاتیش لەم چوارچێوەیەدا لێدوان دەدەن، بەڵام گۆڕانکارییەکی بەرچاو ڕووینەدا. دەوڵەت بۆچی تاوەکو ئێستا وەڵامی چاوەڕوانییەکانی نەداوەتەوە؟ وەکو تەڤگەر ئێوە هەنگاوی زۆر بەرچاوتان ناوە بەڵام بۆچی لایەنی بەرامبەرتان هەنگاو نانێت؟ وەکو ڕای گشتی دەزانێت، ئێمە هەنگاوی زۆر گرنگ و ڕادیکاڵمان ناوە. بڕیاری کۆتاییهێنان بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریمان دا، هێزەکانی گەریلامان لەو ناوچانە کە مەترسیی شەڕیان لێ هەبوو و لەسەر هێڵە سنوورییەکان کشاندەوە. چیتر پێویستە تورکیا ئەم پرۆسەیە بەرێتە سەر زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی. پێویستە وەڵامێکی یاسایی و سیاسی بۆ ئەم هەنگاوانەی ئێمە هەبن. هەمیشەییبوونی ئاشتی بەم شێوەیە دێتە دی. ئەگەر دۆخی یاسایی گەریلا و کادرانی پەکەکە ڕوون نەبێت کە کۆتاییان بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی پەکەکە هێناوە و ئەو یاسایانە دەرنەکرێن کە هەلومەرجی سیاسەتی دیموکراتیکی ئازاد دەڕەخسێنن، ئەم پرۆسەیە لە ئاستێکدا کۆتایی پێ دێت. لەبەرئەوە ڕێبەر ئاپۆ داوایکردووە کە بچێتە قۆناغی دووەم. ئەم قۆناغە پرۆسەیەکە کە هەم پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان، هەم ئەوانەی کە چەکەکانیان داناوە و هەم کوردیش دەخرێنە چوارچێوەیەکی یاساییەوە. بۆ بەڕێوەچوونی تەندروستی قۆناغی دووەم، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خاوەن هەلومەرجی کارکردنی ئازاد بێت. پرسی کورد بەشی تریشی هەن. پێویستە ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵیاندا دیدار بکات و بیانهێنێتە ناو پرۆسەی چارەسەرییەوە. دووبارە، گرنگە کە زۆر بەش لە تورکیاش ببنە بەشێک لەم پرۆسەیە. بۆ ئەم مەبەستەش دیداری ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ ئەم لایەن و کەسانەدا و وەرگرتنی ڕا و بۆچوونیان دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی چارەسەری. نەچوونی دەسەڵات بەرەو قۆناغی دووەم لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی کە ئێمە ناومانن، بەناچاری لە مژاری نیاز و ئامانجەکانی دەسەڵاتدا گومان دروستدەکات. کردنە بیانووی هێزە بەرهەڵستکارەکانی پرۆسەکەش لەلایەن دەسەڵاتەوە، دووبارە جێی باوەڕ نییە. لە ڕاستیدا ئەوانەی کە بەئاشکرا دژایەتیی پرۆسەکە دەکەن، لاوەکین. لەبری ئەوانە، پشتیوانیی کۆمەڵایەتی دەتوانێت زیاد بکرێت. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە لەم مژارەدا مامەڵەی پێویستی سیاسی نیشان نادات. لەبەرئەوە نیشاندانی ئەو کەموکوڕییانەی کە سیاسەتەکەی ئەو لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی وەکو بیانوو، ڕاست نییە. لە پەیامەکانی ساڵی نوێدا دەڵێن کە ئەوان پاڵپشتی لە پرۆسەکە دەکەن. لەم پرۆسەیەدا کاتێک زۆر شت هەن کە پێویستە دەسەڵات بیانکات بەڵام نایانکات، ئەمە لەگەڵ قسەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەکە یەکناگرێتەوە. دەوڵەت باخچەلی خۆشی گوتی کە ئەم پرۆسەیە بە لایەک بەڕێوەناچێت. گوتی، فڕین بە باڵێک ناکرێت. لەبەرئەوە پێویستە دەسەڵات بە دەرکردنی یاسای ڕیالیست و بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە لە پەرلەمان، متمانەی سەرکەوتنی پرۆسەکە لە تەواوی کۆمەڵگەدا زیاد بکات. ئەگەر بڕیارە ئەم پرسە بنەڕەتییە لەگەڵ بەردەنگ چارەسەر بکرێت، ئەوا دەبێت ڕێبەر ئاپۆ دەستبەجێ دەستی بگاتە هەلومەرجی کار و ژیانی ئازاد. لە پاڵ ئەمەشدا، بابەتی 'مافی هیوا' کە دەوڵەت باخچەلی بەڵێنی دابوو، پێویستە بخرێتە کارنامەی کارەوە. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپاش خوازیاری جێبەجێکردنی مافی هیوان. ئەم جۆرە بڕیارانە، بەگوێرەی دەستووری تورکیا، بڕیاری یاسایین کە پابەندبوون و جێبەجێکردنیان ناچارییە. پرسی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بەبێ دەرکردنی یاساش دەتوانرێت چارەسەر بکرێت گەلی کورد مەراقی ئەوە دەکات ئایا پرسی مافی هیوا و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە قۆناغی دووەمدا لە کارنامەی پەرلەماندا دەبێت، بەڵام لە ڕاگەیاندراوەکانی شاندی دەم پارتی تێدەگەین کە هیچ باشتربوونێک لە پرسی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا لەئارا نییە. هۆکاری ئەمە چییە؟ پرسی مافی هیوا و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕاستیدا پرسێکە بەبێ دەرکردنی یاساش لە پەرلەماندا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. هەربۆیە دوای ٢٥ ساڵ مافی هیوا لە کارنامەدایە. ڕێبەر ئاپۆ ٢٧ ساڵە لە هەلومەرجی دیلگرتندایە. بە پشتبەستن بە بڕیاری کۆمیتەی وەزیرانی ئەورووپا، دەتوانرێت ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت. لە لایەکی ترەوە پەکەکە کۆتایی بەوکارانە هێناوە کە بەناویەوە دەکرێن، بڕیاری بێچەکبوون دراوە. ئەم دۆخە بۆ هەموو ئەندامانی پەکەکە و گەریلا یاسایەکی تایبەتی پێویستە. ئەم یاسایە بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ڕێبەر ئاپۆوە هەیە. ئەو یاسایەی کە دەبێت دەربکرێت، دەبێت ڕێبەر ئاپۆش بگرێتەوە. دەبێت ئەو یاسایەی دەردەکرێت ڕێبەر ئاپۆش بگرێتەوە؛ یاسایەک دەربچێت و بەڕێوەبەریی پەکەکە و گەریلا بگرێتەوە، کەچی ڕێبەر ئاپۆ بخرێتە دەرەوەی ئەم یاسایە، جێی قبووڵکردن نییە. ئاخر دابەشکردنی بەڕێوەبەریی و کادرانی پەکەکە، شەڕڤانان بەپێی کاتیگۆرییەکان، پرۆسەکە خاو دەکاتەوە. هەربۆیە گرنگە ئەو یاسا تایبەتەی کە بڕیارە دەربکرێت یان یاسای ڕاگوزەر بەپێی ڕۆحی پڕۆسەکە بێت و تایبەتمەندییەکی هەبێت کە سەرکەوتنی پڕۆسەکە مسۆگەر بکات. کەواتە ئەگەر مرۆڤ سەیری هاوار و گلەیی ئەو کەسانە بکات کە دوژمنایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، دوژمنایەتی ئەو کەسانەی کە پارتەکەیان کۆتایی بەوکارانە هێناوە کە لە ژێر ناوییدا دەکرێت و کۆتاییان بە تێکۆشانی چەکداریی هێناوە و بڕیار دەدەن، ئەوا چۆن ئەم پڕۆسەیە بە سەرکەوتوویی بەرەوپێش دەچێت؟ پێمان وایە پەرلەمان کە گوێ لە هەموو ئەو لایەن و ئەکتەرانە دەگرێت کە خاوەندارێتی لە پڕۆسەکە دەکەن، دەبێت بە عەقڵانی نزیک ببنەوە و ئیرادەیەک بۆ بڕیاردانی درووست نیشان بدەن. لە ئێستادا هیچ باشتربوونێک لە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا نییە. تەنها هەندێک زانیاری هەیە کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنێتەوە گونجاوتر بێت. مەهەپە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی خۆی ئامادە کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەوەی پارتەکانی دیکە ڕاپۆرتەکانیان پێشکەش دەکەن، ئەو پرسانەی کۆمیسیۆن لەسەری ڕێککەوتوون دەخرێنە کارنامەی پەرلەمانەوە. وەک ئەوەی بە ڕای گشتی ڕاگەیەندراوە، هەندێک پێشنیاری یاسایی، دادوەری، ئیداری و سیاسی و ڕێسای یاسایی پێشنیار دەکرێن، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەلایەن پەرلەمانەوە دەدرێت. داواکاری تایبەتتان هەیە سەبارەت بە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و دەرکردنی یاسای سیاسەت و ئازادییە دیموکراتیکەکان. دەبێت پەرلەمان لەم قۆناغەدا چ ڕۆڵێک لەئەستۆ بگرێت؟ هەر پارتێک ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە کۆمیسیۆنی پەرلەمان کردووە. سەرۆکی پەرلەمان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەوانەی لە کۆمیسیۆندان، یاسایەک پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت. بێگومان گەیشتن بە قۆناغی خستنەڕووی یاسا بۆ پەرلەمان گرنگە. شتە سەرەکییەکە ناوەڕۆکی ئەم یاسایە کە چۆن دەبێت. ڕێبەر ئاپۆ دەیان ساڵە هەمیشە ویستویەتی پەرلەمان ڕۆڵبگێڕێت، کۆمیسیۆنێک لەناو پەرلەمان دابمەزرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە. جەهەپە و پارتەکانی تریش ویستوویانە ئەم پرسە ببەنە پەرلەمان. هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپەش ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی پەرلەمان ڕۆڵبگێڕێت و لە ئەنجامدا کۆمیسیۆنی پەرلەمان دامەزرا. دامەزراندنی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگ بوو. هەرچەندە کەموکوڕیی خۆی هەیە، بەڵام کاری گرنگی ئەنجامداوە. ئێستا چاوەڕوانییەکان ئەوەیە بەپێی ئەم کارکردنە یاسایەک دەربکرێت. بێگومان چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە ئەو هەنگاوانەی ناومان ناوە، پێگەیەکی یاسایی بەدەست بهێنین و ئازادی سیاسەتی دیموکراتیک بەبێ هیچ "ئەگەر" و "بەڵام"ـێک مسۆگەر بکرێت. سری سورەیا ئۆندەر دوای خوێندنەوەی بانگەوازی ٢٧ـی شوبات ڕایگەیاند، بۆ بەدیهێنانی ئەمانە پێویستە مەرجە یاسایی و سیاسییەکان جێبەجێ بکرێن. مادام بانگەوازی ٢٧ـی شوبات لەلایەن هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە و هەموو کەسێکەوە وەک شتێکی ئەرێنی سەیر کراوە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت، ئەو پێویستییە یاسایی و سیاسیانەی کە بانگەوازی ٢٧ـی شوبات مسۆگەر دەکەن، لەلایەن پەرلەمانەوە جێبەجێ بکرێن. پەرلەمان تا ئێستا تەنها ڕۆڵێکی نەرێنی لە پرسی کورددا گێڕاوە. یاساگەلێک کە نکۆڵیکردن لە کورد و تورککردنی کوردی کردووە، دەرکردووە. لەو قۆناغەی پێی گەیشتووین، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت. بەبێ ئەم ڕۆڵە نە پارتەکان دەبنە ئۆرگانێک کە بە مانا ڕاستەقینەکەی سیاسەت بکەن، نە پەرلەمان دەبێتە شوێنێک کە پرسەکان چارەسەر بکات. هەربۆیە ئەم قۆناغە وەک قۆناغێک دەبینین کە سیاسەت و پەرلەمان گەورەیی خۆیان دەسەلمێنن. ئەگەر ئەم ڕۆڵە نەگێڕن، سیاسەت و پەرلەمان دەبنە دامەزراوەگەلێک کە کۆمەڵگە فریو دەدەن. بەوپێیەی دەستیان نەخستۆتە سەر پرسە بنەڕەتییەکانی تورکیا، لە تورکیا متمانە بە پارتەکان و سیاسەتمەداران زۆر کەمبووەتەوە.
بەپێی زانیاری و ئەو داتایانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوەوە کۆکراونەتەوە، لە درێژەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنەکاندا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم ٧٧ هاووڵاتیی دیکە لەوانە ٤٥ هاووڵاتیی کورد و ٢٣ هاووڵاتیی لوڕ لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە لە نێوانیاندا لانی کەم ٤ ژن و ٦ منداڵ هەن. بەم شێوەیە و بە ئەژمارکردنی ئەم ٧٧ هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەمدواییە کە شوناسیان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە، گەیشتە ١٣٢ کەس. جیاکاریی کۆی دەستبەسەرکراوەکان بەم شێوەیەیە: ـ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ١٢ ژن ـ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٨ منداڵ ـ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٦٤ هاووڵاتیی کورد ـ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٣٩ هاووڵاتیی لوڕ ـ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٧ خوێندکار ـ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٥ مامۆستا بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم ٧٧ هاووڵاتیی دیکە لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زۆرترین دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام بە ٢٢ حاڵەت و لە پارێزگای کرماشان ١٨ حاڵەت و پارێزگای خوزستانیش ٧ حاڵەت تۆمار کراوە. پارێزگای ئیلام ئیلام ١_ محەممەد جەواد زارعی – ١١ی بەفرانبار ٢_ ئیمان عەلیمرادی – ١١ی بەفرانبار ٣_ علیرزا مۆئمنی (١٨ ساڵە) – ١١ی بەفرانبار ٤_ کورش نووری (١٥ ساڵە) – ١٢ی بەفرانبار ٥_ ئومید بێرانوەند – ١٢ی بەفرانبار ٦_ ئەمیرحوسێن عەلیزادە – ١١ی بەفرانبار ٧_ فەردین ئاغایی – ١١ی بەفرانبار ٨_ ئەبولفەزل جامخانە – ١١ی بەفرانبار ٩_ سەجاد ئازاد – ١١ی بەفرانبار ١٠_ عەبدوڵڵا ئازاد – ١١ی بەفرانبار ١١_ عیرفان فەرەهمەند – ١١ی بەفرانبار ١٢_ علیرزا ڕەحمانی – ١١ی بەفرانبار ١٣_ ئەمیرڕەزا ڕەحمانی – ١١ی بەفرانبار ١٤_ شایان مومنی – ١١ی بەفرانبار دەڕەشار ١_ ئەبولفەزل قاسمی – ١٢ی بەفرانبار ٢_ ستار زەیدی – ١٢ی بەفرانبار (خاوەنی پێشینەی دەستبەسەرکردن لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی) ٣_ سامان غولامی – ١٢ی بەفرانبار ٤_ ڕەزا حەیدەری – ١٢ی بەفرانبار دێهلۆڕان ١_ جەواد حوسێنی – ١١ی بەفرانبار ٢_ ئەرشیا جوشەن – ١٢ی بەفرانبار ئاودانان ١_ محەممەد جەواد زارعی – ١١ی بەفرانبار ٢_ ئومید ناسری – ١٢ی بەفرانبر پارێزگای کرماشان سەرپێڵی زەهاو ١_ قائیم بەدری ٢_ عەسکەر نەجەفی ٣_ ئەحەد مرادی ٤_ ئەسفەندیار سەروەری ٥_ جەبار جەمشیدی ٦_ مەسعوود ئاغایی ٧_ مەهدی کەریمی (لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» – بریندار) هەموو ئەم هاووڵاتییانە ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار دەستبەسەر کراون. هەرسین ١_ ڕەحمان ئازەرەنگ – ١٢ی بەفرانبار ٢_ محەممەد مەهدی کەرەمی (١٧ ساڵە) – ١١ی بەفرانبار ٣_ محەممەد سەیفی – ١٢ی بەفرانبار ٤_ یووسف کاکاوەند – ١٢ی بەفرانبار ٥_ نوورەدین مووسازادە – ١٢ی بەفرانبار ٦_ زاهید ئەفشاری – ١٢ی بەفرانبار کرماشان ١_ مەهسا زارعی – ١٢ی بەفرانبار ٢_ فەردین ئەحمەدی (١٩ ساڵە، خەڵکی حومەیل سەر بە ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا) – ١١ی بەفرانبار ٣_ یونس جەمشیدی – ١١ی بەفرانبار ٤_ نەوید ڕوستەمی – ١١ی بەفرانبار ٥_ میلاد شیرازی – ١١ی بەفرانبار پارێزگای خوزستان ئیزە ١_ عارف ئەسەدی – ١٠ی بەفرانبار ٢_ ڕەزا ئەسەدی – ١٠ی بەفرانبار ٣_ مووسا مووسەوی – ٩ی بەفرانبار ٤_ ئارمان شاهپووری – ٩ی بەفرانبار ٥_ ئیلیا مومنی – ٩ی بەفرانبار ٦_ ئەکبەر مەحموودوەند (١٦ ساڵە) – ١٠ی بەفرانبار ٧_ ئارمین ئەسەدی – ١٠ی بەفرانبار باغ مەلەک ١_ یووسف میڕئەحمەدی ٢_ هادی میڕئەحمەدی ٣_ ئەمیرحوسێن قەنبەری ٤_ ئەمیرڕەزا نەوروزی لالی ١_ باقەر قەنبەری – ١٠ی بەفرانبار پارێزگای هەمەدان ئەسەداوا ١_ محەممەد حوسێن شەفیقیان ٢_ یووسف مورسەلی ٣_ سام فەرووخ ٤_ علیرزا نووری ٥_ ئەمیر فەرهادی هەموو ئەم هاووڵاتییانە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانبار، دەوروبەری کاتژمێر ٥ی بەیانی دەستبەسەر کراون. پارێزگای خۆراسانی باکوور ئەسفەرایەن ١_ پەیمان ڕەزایی – ١١ی بەفرانبار ٢_ ئارین حەیدەری – ١١ی بەفرانبار ٣_ عەباس بیدی – ١١ی بەفرانبار ٤_ عیسا شەکوری – ١١ی بەفرانبار ٥_ نادر تەوەکولی – ١٢ی بەفرانبار پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیەر ئەحمەد یاسووج ١_ ماهان خوبانی (١٦ ساڵە) – ١١ی بەفرانبار ٢_ شەهاب پەرەند – ١٢ی بەفرانبار ٣_ موسلیم پۆرزدار – ١٢ی بەفرانبار ٤_ ئیلیا ئەکوانیان – ١٢ی بەفرانبار گەچساران ١_ فەردین موسلیمی – ١١ی بەفرانبار پارێزگای ئەیسفەهان ئەیسفەهان ١_ مەهشاد کەشانی – ١٠ی بەفرانبار ٢_ ڕەزا سەلەحشوور (١٦ ساڵە) – ١١ی بەفرانبار پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی سەبزەوار ١_ مەهدی فەسەنقەری – ١٠ی بەفرانبار ٢_ ئەمیر نۆدێهی (خەڵکی سەبزەوار، دانیشتووی تاران) – ١١ی بەفرانبار ٣_ عیرفان عابید – ١٨ ساڵە – ١١ی بەفرانبار ٤_ نازەنین زەهرا مووسەوی – ١٧ ساڵە – ١١ی بەفرانبار مەشهەد ١_ ئەسغەر شاکری (پزیشک) – ١١ی بەفرانبار (دەستبەسەرکردن لە ناو ئۆتۆمبێل لە بەرچاوی بنەماڵەکەی؛ خاوەنی پێشینەی دەستبەسەرکردن لە بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی») پارێزگای گیلان ڕەشت ١_ مەهناز قاسمی – ١١ی بەفرانبار پارێزگای سنە سنە ١_ ئارتین ئەحمەدی (١٤ ساڵە) – ١٢ی بەفرانبار پارێزگای تاران ١_ میساق کۆچپیدە – ڕۆژانی ڕابردوو لە نێوان دەستبەسەرکراوەکاندا، لانی کەم چوار ژنیش هەن: مەهسا زارعی، چالاکی ناسراوی فەرهەنگیی کورد و خەڵکی کرماشان، ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار، مەهناز قاسمی هاووڵاتیی گیلەک لە ڕەشت، نازەنین زەهرا مووسەوی منداڵی ١٧ ساڵە لە سەبزەوار و مەهشاد کەشانی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانبار لە ئەسفەهان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. جگە لەو دەستبەسەرکردنانەی کە بەپێی پارێزگاکان ڕاگەیەندراون، ڕاپۆرتی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی دیکە لە هاووڵاتییان گەیشتووە کە شوناسیان لە ئێستادا لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوەوە لە ژێر لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەدایە. ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥، دوای مانگرتن و ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی بەکۆمەڵی ژمارەیەک لە کاسبکاران و بازاڕییان لە تاران دەستی پێ کرد و پاشان بۆ شارەکانی دیکە گوازرایەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە ڕوبەرووی کاردانەوەی سەرکوتکەرانەی هێزە حکومەتییەکان بووەتەوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان لەوانە ژنان و منداڵان دەستبەسەر کراون
لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا، بڕیاردا، شاندێکی دانوستانکاری حزبەکە لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بکات. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 03ـی کانوونی دووەمی 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، کۆبووەوە. د. دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لــە پەرلەمانی عێراق، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێ کران، گرنگترینیان پرسی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بوو. لەبارەی ئەوەی کاندیدی پارتی کێ دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەو پەرلەمانتارە گوتی "تا ئێستا هیچ کاندیدێک لە لایەن پارتییەوە بۆ ئەو پۆستە دیاری نەکراوە. کاندیدی پارتی ئەو کەسە دەبێت، کە کۆدەنگی و ڕێککەوتنی گەلی کورد و خەڵکی کوردستانی لەسەرە." بە گوتەی د. دانەر، لە یەک دوو ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی دانوستانکاری پارتی، لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکات، تا کورد یەک کاندیدی هاوبەشی هەبێت بۆ ئەو پۆستە.
