شارەزایەکی کەشناسیی ڕایگەیاند، دوای پێنج ڕۆژی دیکە، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی وتى، پێشبینی دەکرێت، بەهۆی بەرزی پاڵەپەستۆ، کەشوهەوای ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو 10ـی مانگ جێگیر بێت و ئەگەری باران نییە. ئەو شارەزایەیە کەشناسیی گوتیشی: پێشبینی دەکرێت لە 10ـی کانوونی دووەمی 2026ەوە، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و ڕەنگە بۆ چەند ڕۆژێکیش بەردەوام بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە بەفر چ شوێنێکی کوردستان دەگرێتەوە. لەلایەکى دیکەوە بەرێوەبەرایەتى کەشناسى پێشبینى کەشو هەواى بۆ ٢٤ کاتژمێرى داهاتوو بڵاوکردەوە کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دووشەممە 05-01- 2026 کەش /ئاسمان بەگشتی لەنێوان تەنکە هەوری بەرز و نیمچە هەور دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ ( 5 – 20 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا. مەوداى بینین / لە نێوان ( 7 – 9 ) کم دەبێت. پلەکانی گەرما / بەگشتی بەرزترین پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بە (2- 4 ) پلەی سیلیزی بە بەراورد بە پلەی دوێنێ ، وەک لە خوارەوە ئاماژەى پێدراوە. هەولێر 13پلەی سیلیزی پیرمام 12پلەی سیلیزی سۆران 9 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران 2 پلەی سیلیزی سلێمانی 12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 13 پلەی سیلیزی دهۆک 11 پلەی سیلیزی زاخۆ 11 پلەی سیلیزی کەرکوک 14 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 12 پلەی سیلیزی گەرمیان : 14 پلەی سیلیزی سبەى سێ شەممە 06-01- 2026 کەش/ ساردی و سەقامگیری ئاسمان بەردەوامی دەبێ وە بەگشتی لەنێوان تەنکە هەوری بەرز و ساماڵ دەبێت. خێراى با / لەسەرخۆ ( 5– 15) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا. مەوداى بینین / لەنێوان ( 8– 10 ) کم دەبێت. پلەکانی گەرما / بەرزترین پلەکانی گەرمای نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر :14 پلەی سیلیزی پیرمام 12 پلەی سیلیزی سۆران 10 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران 5 پلەی سیلیزی سلێمانی 12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 14 پلەی سیلیزی دهۆک 12 پلەی سیلیزی زاخۆ 11 پلەی سیلیزی کەرکوک 15 پلەی سیلیزی ئاکرێ 13 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 12 پلەی سیلیزی گەرمیان : 16 پلەی سیلیزی
ڕۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرەنۆت) لەزاری سەرچاوەیەكی ئیسرائیلییەوە ئاشكرایكرد، وەفدێكی باڵای ئیسرائیل لە پاریس لەگەڵ حكومەتی سوریا دانوستان دەكات. ئەم رۆژنامە ئیسرائیلییە ئاشكرایكردووە، وەفدی ئیسرائیل سەرۆكی نییەو، ئەندامەكانی بریتین لە: رۆمان گۆڤمان- سكرتێری سەربازی سەرۆك وەزیران و كاندیدی پۆستی سەرۆكی (مۆساد)؛ وەكو لایەنی ئەمنی لەناو وەفدەكەدا دانراوە یحیئیل لیتر- باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن؛ وەكو پەیوەندیكاری ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریكا لەناو وەفدەكە دانراوە گیل رایخ – كاربەڕێكەری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی؛ بۆ هەماهەنگیی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەناو وەفدەكەدا دانراوە هاوكات سایتی (ئەكسیۆس)ی ئەمریكی لەزاری بەرپرسێكی ئیسرائیلی و سەرچاوە ئاگادارەكانی ترەوە پشتڕاستیكردەوە، وەفدی ئیسرائیل و سوریا لەسەر ئاستی باڵا رۆژی دوو شەممە لە پاریس كۆدەبنەوە. وا باسدەكرێت وەفدی سوریا لەلایەن (ئەسعەد شیبانی) وەزیری دەرەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت و، (تۆماس باراك) نێردەی ئەمریكاش بۆ سوریا ئەركی نێوەندگیری دەبێت لە دانوستانەكەدا. ئەم هەواڵە لەكاتێكدایە چەند رۆژێكە هیچ یەكێك لە ئەحمەد شەرعی سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریاو ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە لە هیچ میدیایەكەوە دەركەنەوتوون و ئەمەش مشتومڕی سەبارەت بە سەلامەتییان دروستكردووە.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی سەبارەت بە دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا ڕاگەیاند و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ناوبراوی کرد. تاران جەخت دەکاتەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت لە ئاست ئەم ڕەفتارانەی ئەمریکادا بێدەنگ بێت. بەقائی ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی ڤەنزوێلا پەیوەستە بە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە و بە "پێشێلکردنی گەورەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی" وەسفی کرد. بە وتەی ناوبراو، ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆیان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ گەڕانەوەی سەروەریی یاسا و پاراستنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هۆشداریدا کە بێدەنگبوونی وڵاتان ڕێگە بە ئەمریکا دەدات لە ڕەفتارە نایاساییەکانیدا بوێرتر بێت و ئەوەی بەرامبەر سەرۆکی وڵاتێکی ئەمریکای لاتین کرا، بە "بانگەوازی بەئاگابوونەوە بۆ ئاسایشی جیهانی" ناوبرد. جەختیشی کردەوە کە پشتیوانیی ئێران بۆ تاکەکەس نییە، بەڵکو بۆ ڕێگریکردنە لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان. سەبارەت بە دۆخی باڵیۆزخانە و هاووڵاتییانی ئێران لەو وڵاتە، ئیسماعیل بەقائی دڵنیایی دا کە باڵیۆز و سەرجەم کارمەندانی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەلامەتیی تەواودان. سەبارەت بە هاووڵاتییانیش، ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی ئێرانی لەو وڵاتە نین، بەڵام ئەوانەی لەوێن هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەبووە. ناوبراو ڕوونیکردەوە کە لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئێران هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەو وڵاتە دەیگرێتەبەر.
کەمبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە عێراق بەهۆی رێکاری نوێی گومرگی پێشوەختە و کەمبوونەوەی داهاتی نەوتەوەیە، کە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار کورتهێنانی بۆ خەرجی دروستکردووە. بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر لە هەفتەیەکە بەرەو دابەزین دەچێت، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 5ى کانوونى دووەمى 2026 بەهاى 100 دۆلار بەرامبەر بە 145 هەزار دینار بوو. رووداو لە هەرێمی کوردستان و بەغداوە بەدواداچوونی بۆ هۆکارى ئەو گۆڕانکارییەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کردووە. دوو هۆکاری سەرەکی هەن. یەکێکیان کاتییە و ئەوی دیکەیان ئەگەر هەیە درێژخایەن بێت. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دینار ئەوەیە رێکارەکانی گومرگی پێشوەختە بۆ هاوردەکردن لە 1ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە بۆ هاوردەکردنی سەرجەم کاڵاکان کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی ئەو رێکارە، دەبێت بازرگانان بۆ سوودوەرگرتن لە دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی بۆ هاوردنی کاڵاکانیان، لە رێگەی سیستمی ئەسیکوداوە پێشتر گومرگی ئەو کاڵایانە بدەن کە هاوردەی دەکەن. ئەو دۆخە وای کردووە بەشێک لە بازرگانان، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، نەتوانن ئەو رێکارە بگرنەبەر، ناچاربن دۆلار لە بازاڕدا بکڕن و پەنا نەبەنە بەر کڕینی دۆلار بە نرخی فەرمی کە 1320 دینارە بەرامبەر دۆلارێک؛ ئەوەش خواستی لەسەر دۆلاری بازاڕ زیاتر کردووە. موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو گۆڕانکارییەی بەهای دینار کاردانەوەیەکی کاتییە و پەیوەندیدارە بەو رێکارە نوێیانەی لە گومرگی پێشوەختە گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی داهات و رێکخستنەوەی باج و گومرگ. رێکاری گومرگی پێشوەختە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە کەوتە واری جێبەجێکردن، سەرەتا بڕیاردرا تاوەکو ساڵی نوێ تەنیا چوار جۆر کاڵا بگرێتەوە، دواتر بۆ هاوردەکردنی سەرجەم کاڵاکان هەمان رێکار بگیرێتەبەر. موزهەر محەممەد ساڵح رایگەیاند، ئەو ناجێگیرییەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کێشەیەکی بونیادی نییە و پەیوەندیدارە بە قۆناخێکی کاتی، کە تاوەکو خۆگونجاندن لەگەڵ رێکارە نوێیەکان بەردەوام دەبێت. گومرگی پێشوەختە وادەکات بازرگانان لەبری رادەستکردنی گومرگ لە دەروازە سنوورییەکان بە کاش، پێشتر رادەست دەکرێت و لەنێو سیستمى ئەسیکۆدا دەیسەلمێنێت پارەى گومرگى داوە تاوەکو کۆدێکى پێبدرێت و لە رێگەیەوە بتوانێت کاڵاکەى لە دەروازە سنوورییەکان دەرباز بکات. سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێکاری گومرگی پێشوەختە لە 1ی کانوونی دووەمەوە دەستی بە جێبەجێکردن کردووە بۆ هەموو کاڵاکان، ئەوە هۆکارێکی دابەزینی بەهای دینارە، چونکە بازرگانان بە تەواوی لەگەڵ ئەو رێکارە رانەهاتوون و جێبەجێیان نەکردووە. سەروەت جاف گوتی، "پێشتر رۆژ هەبووە هەزار حەواڵەمان کردووە، بەڵام ئێستا دەگاتە 35 حەواڵە، ئەوەش جگە لەوەی پێناسی باجیش دانراوە لەسەر نرخی کاڵاکان، کە هەندێک بازرگانی ناچار کردووە لەبری رێگەی دۆلاری بانکی ناوەندی، پەنا بۆ دۆلاری بازاڕ ببەن." پەنابردنی حکومەتى فیدراڵى بۆ گومرگی پێشوەختە بۆ ئەوەیە، داهاتی نانەوتی زیاد بکرێت و بەشێک لەو کورتهێنانەی پێ پڕبکرێتەوە کە لە کەمبوونەوەی داهاتی نەوت دروستبووە. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، کە بە دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دینارە. جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە لە خولی پێشوو ئەندامی لیژنەی دارایی بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو قەیرانەى کەمیى داهاتى نەوت کە ئێستا هەیە، کاریگەریی چەند مانگێک لەمەوبەرە کە ئەو نەوتەی پێشتر فرۆشراوە ئێستا پارەکەی دەگاتە عێراق. بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە تشرینی دووەمی 2025 بایی 6.5 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە کە بە نرخی فەرمی نزیکەی 8.4 ترلیۆن دینارە، لەکاتێکدا داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ خەرجی دەریخستووە خەرجی مانگانە 9.4 تریلیۆن دینارە، بەوپێیە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار کورتهێنان دروست بووە کە داهاتی نانەوتی بەشێکی کەمی لێ پڕ دەکاتەوە. بەراورد بە تشرینی دووەمی 2023، داهاتی نەوت لە هەمان مانگی 2025 زیاتر لە دوو ملیار دۆلار کەمی کردووە. مانگی تشرینی دووەمی 2023 نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 83 دۆلار بووە و داهاتی نەوت 8.5 ملیار دۆلار بووە، بەڵام نرخی نەوت لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 نزیکەی 62 دۆلار بووە و داهاتی نەوتی عێراقیش 6.5 ملیار دۆلار بووە. جەمال کۆچەر گوتى، "یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەى دابەزینى بەهاى دینار نەمانی متمانەی هاووڵاتییانە بە دینار بەهۆی ترس لە رووداوی چاوەڕواننەکراو کە پەنا بۆ کڕینى دۆلار دەبەن".
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی دامەزراوەی ئاشورییەکان لە پێناو دادوەری لە ئەمەریکا دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2026، لەڕاگەیاندراێکدا بارەگای بارزانی ڕایگەیاند؛ ە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە سام دەرمۆ سەرۆکی دامەزراوەی ئاشورییەکان لە پێناو دادوەری لە ئەمەریکا کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە؛ لە دیدارەکەدا سام دەرمۆ، ستایشی ڕۆل سەرۆک بارزانی کرد لە پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و هەروەها سوپاسی پشتگیری سەرۆک بارزانی کرد لە کردنەوەی مۆنیۆمێنتی یادەوەری شەهیدی ئاشوری کە دوێنێ بەردی بناغەی دانرا و ئەم پڕۆژەیەی بە مێژوویی وەسفکرد. لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئاشورییەکان و هەموو پێکهاتەکانی تر دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی گرنگی بە پاراستنی یەکسانی و دادپەروەری مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان دراوە. هەروەها بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتیی خرانە بەرباس و گفتوگۆ.
پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت، ئاڤا لە سەرچاوەیەكی باڵا زانیویەتی، كاندیدەكەی پارتی فوئاد حوسێن دەبێت. كاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوایین وادەی یاساییە بۆ پێشکەشکردنی مامەڵەکان بەمەبەستی وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 44 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە، کە زۆربەیان یەکێتین یان کەسانی نزیک لەو حیزبەن. بەنگین ڕێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان بەر لە داخرانی دەرگای خۆپاڵاوتن، كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەش دەكات. بەنگین ڕێكانی ئەمانەشی وت: ٠ ئێمە و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار دانووستانمان هەیە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووینەتە هیچ ڕێککەوتنێک. ٠ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی كراوە، ئەویش زیاتر لە كاندیدێك پێشكەش دەكات. ٠ ئەوەی ئێمە دەیزانین، یەکێتی زیاتر لە کاندیدێکی دەبێت. ٠ دانووستانەکانی ئێمە و یەکێتی دەکەوێتە دوای پێشکەشکردنی کاندیدەکان و لە هەوڵداین کۆدەنگیێک دروست بکرێت. ئاڤا لە سەرچاوەیەكی باڵاوە زانیویەتی، فوئاد حوسێن، وەزیری ئێستای دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆكوەزیران كاندیدی پارتی دەبێت بۆ ئەو پۆستە.
کاروان گەزنەیی گوتەبێژى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، بەربژێرى فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نزار ئامێدییە. نزار محەممەد سەعید محەممەد ئامێدی ساڵی 1968 لە شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لە دایکبووە و خێزاندارە و چوار منداڵی هەیە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی میکانیکیدا هەیە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە ساڵی 2024وە بەرپرسی نووسینگەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە لە بەغداد لە ساڵانی 1993 - 2003 لە نووسینگەی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاریکردووە لە ساڵانی 2005 - 2022 ڕاوێژکاری هەر سێ سەرۆکۆماری عێراق (جەلال تاڵەبانی ، فوئاد مەعسوم ، بەرهەم ساڵح) بووە لە ساڵانی 2022 -2024 وەزیری ژینگەی عێراق بووە پەیوەندییەکی فراوانی نێودەوڵەتیی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهان هەیە بەشداری نوێنەرایەتیکردن لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی: ئەندامی شاندی عێراق بووە لە لوتکەی وڵاتانی عەرەبی کە لە وڵاتانی میسڕ ، جەزائیر ، تونس ، سعودیە کوێت ئەنجامدراون. لە ساڵی 2015 بەشداری لە لوتکەی ژینگەی COP 21 لە پاریس کردووە. لە ساڵی 2023 سەرۆکی شاندی عێراق بووە لە لوتکەی ژینگەی 28 COP کە لە ئیمارات ئەنجامدراوە. لە ساڵی 2023 سەرۆکی شاندی عێراق بووە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە کینیا ئەنجامدراوە. وەک وەزیری ژینگەی عێراق بەشداری لە چەندین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی کردووە لە وڵاتانی (سویسرا ، ئەمریکا ، ئێران ، سعودیە، عومان ، ڕووسیا ) ئەندامی زۆرینەی شاندی سەرۆکایەتییەکانی عێراق بووە لە سەردەمی سەرۆکایەتی هەر سێ سەرۆککۆمار (جەلال تاڵەبانی ، فوئاد مەعسوم ، بەرهەم ساڵح)
شاندێکى باڵاى هێزەکانى سووریاى دیموکرات و حکومەتى سووریا کۆبوونەوە، لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبنەوەکەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە. لەبەشێکى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە رێککەوتین بەردەوامی بە کۆبوونەوەکان بدەین بۆ گەیشتن بە ئەنجام لەبارەی تێکەڵبوون بە سوپای سوریا. شاندەکەی هەسەدە پێکهاتبوون لە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، سۆزدار دێرک و سیپان حەمۆ لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی هەسەدە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەمە ئەو کۆبونەوەیە ئەنجامدراوە، لەنێوان سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و بەرپرسانی حکومەتی دیمەشق ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی یەکخستنی هێزە سەربازییەکان لە چوارچێوەی وتووێژی فەرمیدا. شاندى حکومەتى سووریاش لە مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیرى بەرگری، ئەنەس خەتاب، وەزیرى ناوخۆ، حسێن سەلام سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى پێکهاتبوون. هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان لە ماوەی داهاتوودا بۆ کۆتایی هێنان بە گفتوگۆکان و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بە شێوەیەکی ستراکتۆری تا گەیشتن بە ئەنجامەکان. جەنەراڵ کیڤن لامبێرت فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداریی کردووە. ئاژانسی هاوار بڵاویکردووەتەوە، عەمید كیڤن ج لامبرت، فەرماندەی هێزەكانی (ئیرادەی پتەو)ی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا، وەک نێوەندگیر بەشداریی گفتوگۆکانی هەسەدە و دیمەشقە، کە ئەمڕۆ بەڕێوە چووە، پێشتر، لامبرت بەشداریی چەندین کۆبوونەوەی دیکەی لەگەڵ عەبدی و شەرع کردووە
چیرۆکی ئەو وڵاتەی خاوەنی زۆرترین ئاڵتوونی رەشە، بەڵام خەڵکەکەی لە هەژاریدا نقووم بوون ئامادەکردنی هاوڵاتی. نزیکەی 48 کاتژمێر بەسەر هێرشی ئەمریکا بەسەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی مادورۆ تێدەپەڕێت، دۆناڵد ترەمپیش لە یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا گوتی، مادورۆ تاوانبارە بە تیرۆر و بارزگانی مادەی هۆشبەر بە هاوردەکردنی بۆ ئەمریکا. بەڵام ئەوەی دەمێکە ترەمپ باسی دەکات و کەمتر چاوی خەڵکی کەوتووەتە سەر، پرسی نەوتی ڤەنزوێلا و قەرزەکانی وڵاتەکەیە بۆ کۆمپانیای شێفرۆن، کە بە نزیکەی دوو و بۆ سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و راپۆرتێکی سکای نیوزیش بە هۆکارێکی هێرشەکەی دەزانێت. دۆناڵد ترەمپیش لە کۆنفرانسەکەی دوێنیدا یەکسەر گوتی، جارێ خۆمان ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین و کۆمپانیای گەورەی ئەمریکیشان بۆ دەنێرین بە بڕی ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە بواری نەوتدا بکات و پارەکەی دەدەین بە خەڵک. مێژووی بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا دووردرێژە، بەڵام ئێمە لە ساڵی 1990ـەکاوە باسی دەکەین کاتێک هۆگۆ جاڤێز، سەرۆکی ئەو کاتی ڤەنزوێلا دەرگای وڵاتەکەی بەرەو ڕووی کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێانی نەوت کردەوە و هەرسێ کۆمپانیای ئەمریکی کۆنکۆفلیپس و ئێکسیۆن مۆبیل و شێفرۆن روویان لە ڤەنزوێلا کرد. ئامانجی دەرگا کردنەوەکەی چاڤێز بۆ وەبەرهێنان لە بواری نەوتی قورس بوو کە جۆرێکی تایبەتە و وەک قیر وایە، پێویستی بە کێڵگەی تایبەت و مادەی کیمایی تایبەت هەیە بۆ شل کردنەوە و فرۆشتنی، ئەمریکاش پێویستی زۆری بەو جۆرە نەوتە هەیە، چونکە پاڵاوگەکانی تەکساس و لویزیانا پێویستیان بەو جۆرە نەوتەیە، بۆ ئەوەی لەگەڵ نەوتی سوکی وڵاتەکە تێکەڵی بکەن و رێژەیەکی زۆر گازوایل بەرهەم بهێنن، کە کارگەکانی ئەمریکا خواستی زۆریان لەسەری هەیە. هاتنی ئەو سێ کۆمپانیایە، بەرهەمهێنانی نەوتی گەیاندە بەرزترین ئاستی وڵاتەکە کە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا. مانەوەی ئەو سێ کۆمپانیایە چەند ساڵێکی خایاند و هۆگۆ چاڤێز لە بڕیارەکەی پەشیمان بوویەوە و لە ساڵی 2007 بڕیاری دا، نەوتی وڵاتەکە بە نیشتمانی بکات کە لە ٪64ـی بەرهەمهێنان بکەوێتە سەر کۆمپانیا خۆماڵییەکە، کە ناوی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ڤەنزوێلایە. کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش جگە لە شێفرۆن وڵاتەکەیان بەجێهێشت و رازی نەبوون لە ژێر سیاسەتی حکومەتەکەی چاڤێز ئیش بکەن، بەڵام شێفرۆن مایەوە. بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت تەواو کەمی کرد، کە لە کۆتایی ئەمساڵدا گەیشتە ملیۆنێک و 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. قەرزەکانی ڤەنزوێلا چەندە؟ هەرچەندە ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی جیهانە، کە بە نزیکەی 300 ملیار و سێ ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێنرێت، قەرزی کۆمپانیا شێفرۆنیش بە نزیکەی سێ ملیار دۆلار دەخەمڵیندرێت، قەرزەکان لەبەرە ئەوە بوون کۆمپانیاکە سیستمی سۆفتوێری بۆ کۆمپانیا نیشتمانییەکە دابین دەکرد. ئەمریکا لە ساڵی 2017ـەوە سزای بەسەر نەوتی ڤەنزوێلا سەپاند، بەڵام بۆ دانەوەی قەرزەکانی کۆمپانیای شێفرۆن، ئەمریکا رازی بوو، بەشێک لە نەوتی ڤەنزوێلا بۆ ئەمریکا بنێرێت بەو مەرجەی پارەی نەدرێت بە حکومەتەکەی مادورۆ، بۆ ئەوەی قەرزەکانی سەر کۆمپانیاکە نەمێنێت. بۆچی ئابووری ڤەنزوێلا وا داڕووخا و قەرزارە؟ هۆکارەکان زۆرن، بەڵام سێ هۆکاری سەرەکی هەبوون، یەکەمیان رۆشتنی ئەندازیار و کۆمپانیا بیانییەکان و شوێنگرتنەوەیان بە کەسانی سیاسی و ناشارەزا، کە توانای بەڕێوەبەردنی کێڵگەکەیان نەبوو و ئاستی بەرهەمهێانیان بە تەواوی دابەزاند. دووەم هۆکار، حکومەت پلانێکی نەبوو بۆ خەرجکردنی پارەی نەوت، کە گازوایل بە نرخێکی هەرزان و خۆراکی بێبەرامبەر بە هاوڵاتیان دەدا و تەنانەت نزخی گازوایل لە نرخی ئاویش هەرزانتر بوو، خەڵکیش گازوایلەکەیان بە قاچاخ بۆ دەرەوە دەبرد. سێیەم هۆکار، بیرە نەوتەکان بەردەوام نەوتی لێبەرهەم دەهێنرا، بەڵام حکومەت ئامادە نەبوو بەشێک لە پارەکەی لە نۆژەنکردنەوەی بیر و کێڵگەکان خەرج بکات.
بەهای دینار ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوام لە دابەزیندایە و 100 دۆلار بە نزیکەی 145 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا بەهای 100 دۆلار بە 144 هەزار و 850 دینار لە سلێمانی مامەڵەی پێوەکرا. جەبار گۆران گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین و لە شاری سلێمانی 100 دۆلار گەیشتووەتە 144 هەزار و 850 دینار و لە بازاڕەكانی هەولێر بەهای 100 دۆلار بە 145 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. " گوتەبێژەکەی بازاڕی دۆلاری سلێمانی دەشڵێت، هاوکات لە بۆرسەی بەغداد بەهای 100 دۆلار گەیشتووەتە 146 هەزار دینار. " لە هەفتەی كۆتایی ساڵی 2025ـەوە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ڕووی لە دابەزین کردووە و بەرپرسانی عێراقیش جەخت لەوە دەكەنەوە، كە لە دوای سەری ساڵەوە بەهای دینار بەرزدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش بەهای دینار ڕووی لە نزمبوونەوەیە.
مارکۆ روبیۆ: ئێمە نەوتی ڤەنزوێلامان ناوێت و خۆمان نەوتمان زۆرە، بەڵام رێگە نادەین پیشەسازی نەوتی ڤەنزوێلا لەلایەن رووسیا و ئێران و چین دەستی بەسەردا بگیرێت، ئێمە لە بەشی رۆژئاوای زەوی دەژین و ناهێڵین بکەوێتە دەست نەیارەکانمان. لەلایەکى دیکەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەبارەی هێرشی ئەمریکا بۆ ڤەنزوێلا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ دەلێت: بەشێک لە ئیدارەی ترەمپ قایل بوون لەسەر ئەوەی سەما و جووڵە ئاشکراکانی دیکەی مادورۆ لە چەند هەفتەی رابردوودا وەک گاڵتەکردن بووە پێیان. ئەوەشى خستوەتەڕوو مادورۆ هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپی بەهەند وەرنەگرتووە و وەک تاکتیکێکی چاوبەستکردن لێی روانیون. ڕۆژنامەکە ئەوەشى باسکردووە بۆیە کۆشکی سپی پلانەکەی جێبەجێکرد بەناردنی تیمی دەلتا فۆرس بۆ شوێنی مانەوەی مادورۆ. لە 23ـی مانگی رابردوو مادورۆ داوایەکی ترەمپی رەتکردووەتەوە کە واز لە پۆستەکەی بهێنێت و بچێتە تورکیا و تا کۆتایی ژیانی لەوێ بمێنێتەوە. هاوکات ڤلادمیر پادرینۆ لۆپێز، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا: بە تووندی ئیدانەی رفاندنی سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ و هاوسەرەکەی دەکەین لەلایەن ئەمریکاوە. دەشڵێت: لە هێرشەکەی ئەمریکا بەشێکی زۆر لە پاسەوانەکانی سەرۆک، سەرباز و ژن و پیاوی سڤیل کوژراون. دەبێت ئەمریکا دەستبەجێ و بەزوویی سەرۆک مادورۆ و هاوسەرەکەی ئازاد بکات.
محهمهد حاجی مهحمود، سهرۆكی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان، ئهمڕۆ یهكشهممه، له پهیامێكدا رایگهیاند، ئهوهی له ڤهنزوێلا رویداو دەستگیرکردنی سەرۆکی ئهو وڵاته، دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتێک و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. دهشڵێت، ئەمریکا بەچ مافێک تەداخول لە وڵاتێکی خاوەن سەروەری دەکات؟ دهقی پهیامهكه: ئەوەی لە فەنزوێلا ڕویداو دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە، دەستتێوەردانە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتێک کە سەروەری خۆی هەیە، ئەم دەستێوەردانە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، جگە لەوەی هەمو یاساو دادگا نێودەوڵەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمەریکا بەچ مافێک تەداخول لە وڵاتێکی خاوەن سەروەری دەکات؟ هاوشێوەی ئەمەش لەساڵی 1989 لەپەنەماش ڕویدا. لەو سۆنگەیەشەوە یاساکان تەنیا بۆ بێدەسەڵات و هەژارەکانە، بەپێچەوانەی هەمو دەقەکانی مافی مرۆڤ و قانونی نێودەوڵەتی. محهمهد حاجی مەحمود
نیوەی ماوەی یاسایی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کۆتاییهات و تائێستا 44 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە، یەکێتیش بە چوار کاندیدی فەرمی و نافەرمی زۆرترین کاندیدی هەیە. ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی ئەوەی دەوامی پەرلەمان هەبوو لەگەڵ تا کۆتایی دەوامی ئەمڕۆ یەکشەممە 44 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید کردووە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ و سبەی دووشەممەش تا کاتژمێر 3:00ـی دوانیوەڕۆ ماوەی یاسایی خۆکاندیدکردن ماوە، دوێنێ سەرۆکایەتیی پەرلەمان ڕایگەیاند ماوەی خۆتۆمارکردن سبەی دووشەممە کۆتایی دێت و بەهیچ شێوەیەک درێژناکرێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڤا تا کاتژمێر 3:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 44 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید کردووە، هەریەک لە لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری ئێستا، نزار ئامێدی لە ڕێگای ئەمینداریەتیی پەرلەمانی عێراق فۆرمیان وەرگرتووە و بەڵگەکانیان پێشکەش کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا فۆرمەکانیان نەگەڕاندووەتەوە، بۆیە ناویان لەنێو ئەو 42 کەسەدا نییە کە لەلایەن هۆبەی یاساییەوە بڵاو کراوەتەوە. لای خۆشییەوە د. موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، فراکسیۆنی یەکگرتوو لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن 13 کورسیی پەرلەمانی هەیە و بە مافی دەستووری خۆیانی دەزانن وەک ئۆپۆزسیۆن کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەبێت، بۆیەش لە ڕۆژانی داهاتوو "وەک کاندید بۆ ئەو پۆستە خۆم کاندید دەکەم". ئەو کەسانەی لە ڕێگەی هۆبەی یاساییەوە تاوەکو ڕۆژی 4-1-2026 فۆرمیان پڕکردووەتەوە وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بریتین لە: شوان حەوێز فەریق نامیق داودی شیلان فوئاد عەبدوللـەتیف عەبدولڕەحمان شێرزاد بابان مەجید سلێمان ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق ئەحمەد محەممەد مەهدی جامل وائیلی نەبەز محەممەد عەلی ئەحمەد حوسێن تەها حەسەن سنجاری جوان محەممەد فوئاد مەعسووم نەجمەددین عەبدولکەریم حەمە کەریم ئەمیرە جەعفەر جابر عەبوودی عەممار عادل عەونی شەممەری ئاسۆ فەرەیدوون عەلی حەمزە برێسم سەجیل مەسحەب ڕەشید مەهدی عەبوود سەعدی دڵشاد محەممەد عەبدولڕەحمان خالید سدیق عەزیز محەممەد ئەحمەد خەمیس خەلیل جەنابی سامان عەلی ئیسماعیل مەحموود شاڵی خالید مستەفا حوسێن شەریف فەیسەڵ موحسین عەبوود کلابی ئەنوەر حەمەد ئەمین ئەحمەد کافی دنو بتی قەس یونان محەممەد سابیر سلێمان عەزیز سلێمان هەمەوەندی ئومێد عەبدولسەلام قادر سیروان ئەحمەد ڕەشید کوێخا عەزیز ئومێد عەبدولسەلام قادر ئەحمەد ساجت هاشم حەسەن ئەحمەد خەلیل خوزەیر خەلیل سالم حەواس عەلی ساعدی عەلی جاسم ئەحمەد بەیاتی یوسف محەممەد ڕەوشەن سەڵاحەدین ئال کۆجەک مەلا نەبیل سولەیمان عەبدولمەجید عوبەید کوبەییسی لەیس داخل سەلوومی نەشمی عەبوودی عەلی عەباس جاسم عەلی سوڵتانی عەبدولجەلیل حەمەد مەجید فەهداوی سوهەیل مەحموود جاسم ڕەبیع سالار ڕەحیم کەریم جاف سادق عەبدولڵا خوزەیر غەبن محیاوی ڕەعد خوزەیر دەفاک سایل جەنابی سەباح ساڵح سەعید عەبدولمەلکا ڕافع عەبدولڵا حەمید دووری عەبدوڵڵا محەممەد عەلی عەلیاوەیی
هەردوو ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئەمریکی "نیویۆرک تایمز" و "واشنتن پۆست" پێشوەختە زانیارییان هەبووە لەسەر ئەوەی ئەمریکا بە نیازی ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی نهێنییە بۆ سەر ڤەنزوێلا، بەڵام بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەیان دواخستووە. بەپێی گوتەی دوو سەرچاوە کە ئاگاداری پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی ئەمریکا و ئەم دەزگا میدیاییانەن، بە میدیای وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە: بڵاونەکردنەوەی هەواڵەکە لەبەر پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمریکا بووە و هەروەها بۆ ئەوە بووە تاوەکوو هێرشەکە دووچاری مەترسی نەبێتەوە. بڕیاری "نیویۆرک تایمز" و "واشنتن پۆست" بۆ پاراستنی نهێنییەکانی دەوڵەت، وەک پابەندییەک بە نەریتە مێژووییەکانی ڕۆژنامەگەریی ئەمریکی دادەنرێت. ئەم هەماهەنگییەش لە کاتێکدایە کە ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپی، سەرۆکی ئەمریکا و میدیا گەورەکان لەوپەڕی گرژیدایە، بەڵام میدیاکان لەبەر بەرژەوەندیی وڵات زانیارییەکەیان لای خۆیان پاراستووە و نەیاندرکاندووە، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە پرسە هەستیارەکانی ئاسایشی نیشتمانییەوە هەبووە. دوای 12 ساڵ ناکۆکی و چەند مانگێک لە هەڕەشە و گرژیی تووندی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا، ڕۆژی شەممە 3-1-2026، ئەمریکا هێرشی کردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی وڵاتەکە و هاوسەرەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت دەستگیر کرد، ئێستا براونەتە نیویۆرک و بڕیارە "بەتۆمەتی هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەر و چەک" بۆ ئەو وڵاتە دادگایی بکرێن.
رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو ئاشكرایكرد، له ههفتهی یهكهمی ناڕهزایهتییهكانی ئێراندا، لانیكهم 17 هاوڵاتی كوژراون كه 9 هاوڵاتیان لوڕ و 7 هاوڵاتیان كورد بون. ئاوێنه: رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو، ئهمڕۆ یهكشهممه، له راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، هاوکات لەگەڵ تێپەڕبونی هەفتەیەک بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، تا ئێستا شوناسی 17 هاوڵاتی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەدا، کوژراون، لەلایەن تیمی هەنگاوەوە پشتڕاست کراونهتهوه. رێكخراوهكه هێمای بۆ ئهوهش كردوه، هەروەها لانیکەم 6 حاڵەتی دیکە لەلایەن تیمی پشتڕاستکردنەوەی هەنگاو لە ژێر لێکۆڵینەوەدان کە لە ئەگەری دڵنیابونەوە له كوژرانیان بڵاودەکرێنەوە. ئهوهشی خستۆتهڕو، لە کۆی ئەو 17 هاوڵاتییەی کە کوژراون لانیکەم 9 کەسیان لۆڕ و 7 کەسیشیان کورد بون و هاوڵاتییەکی فارسیش لە هەمەدان کوژراوە. ناوی هاووڵاتییە کوژراوەکان بەم شێوەیەیە: شەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢ی ژانوییەی ٢٠٢٦) ١. مەهدی ئیمامیپوور، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەلەکشاهی سەر بە ئیلام، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کرایە ئامانج و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی خومەینی لەو شارە، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا. ٢. فارز ئاقا محەممەدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەلەکشاهی ئیلام، لە ڕەوتی هەمان ناڕەزایەتییانەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. ٣. ڕەزا عەزیمزادە، هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشاهی، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان و کوژرا. ٤. محەممەد موقەدەسی (بزوونە)، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەلەکشاهی ئیلام، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا. هەینی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢ی ژانوییەی ٢٠٢٦) ١. ئەمیرحوسێن بەیاتی، هاووڵاتیی خێزاندار و خەڵکی هەمەدان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژرا. تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بەعسەتی هەمەدان و دامودەزگا حکومەتییەکان ڕەتیان کردووەتەوە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە و گوشاریان بۆ هێناون بۆ ئەوەی وەک «هێزی بەسیج» بیناسێنن. ٢. عەلی عەزیزی جەعفەرئابادی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٤٢ ساڵ، خەڵکی گوندی جەعفەرئاباد هەزارخانی و دانیشتووی شارستانی هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. ئەم گیانبەختکردووە خێزاندار و باوک بووە. پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١ی ژانوییەی ٢٠٢٦) ١. مەنسوور موختاری، هاووڵاتیی لۆڕی خەڵکی مەروودەشت سەر بە پارێزگای فارس، لە کاتی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان بۆ کوژرانی خوداداد شیروانی، لە بەردەم کلانتەری ١١ی ئەو شارە لە پێشەوە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و گیانی لەدەست دا. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، گوللەی کلاشینکۆف بەر سکی کەوتووە. ٢. ئەحمەدڕەزا ئەمانی، هاووڵاتیی لۆڕی تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵکی ئەزنا سەر بە پارێزگای لۆڕستان، دەرچووی بەشی یاسای زانکۆی یەزد و کارامووزی پارێزەری، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. گوللە بەر سنگی کەوتووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەست داوە. ٣. ئەحەد ئیبراهیمپوور عەبدولی، هاووڵاتیی سەڵتی تەمەن نزیکەی ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی «حەسەن گاویار میربەگ»ی سەر بە شارستانی دۆلفان (نووراوا) لە پارێزگای لوڕستان، لە مەیدانی بەعسەتی ئەو شارە بە تەقەی سێ گوللە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا. بە وتەی شایەتحاڵەکان، ناوبراو لە کاتی هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی ژنێک کە خەریک بووە دەستبەسەر بکرێت، کراوەتە ئامانجی تەقە و یەکێک لە گوللەکان بەر دڵی کەوتووە. ٤. خوداداد شیروانی، هاووڵاتیی لۆڕی تەمەن ٣٣ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی مەروودەشت سەر بە پارێزگای فارس، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە مەودایەکی نزیکەوە بە چەکی ساچمەیی کراوەتە ئامانج و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لەدەست داوە. ٥. مستەفا فەلاحی، منداڵی ١٥ ساڵەی لوڕ و خەڵکی ئەزنا سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی پێنجشەممەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی بەخت کرد. ٦. شایان ئەسەدوڵڵاهی، تەمەن ٣٠ ساڵ و هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی ئەزنا سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی هەمان ناڕەزایەتییانەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. ٧. وەهاب مووسەوی، هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی ئەزنا سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی پێنجشەممەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. ٨. ئەحمەد جەلیل، تەمەن ٢١ ساڵ، هاووڵاتیی لوڕ و خەڵکی لۆردەگان سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، لە نێوان ناڕەزایانی ئەو شارەدا کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و گیانی لەدەست دا. ٩. سەجاد واڵامەنش، هاووڵاتیی تەمەن ٢٠ ساڵەی لوڕی بەختیاری و خەڵکی لۆردگان سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی بەخت کرد. ئەم گەنجە ئەندامی بەسیج یان هیچ کام لە دامودەزگا حکومەتییەکان نەبووە و دوای گیانلەدەستدانی، بنەماڵەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراونەتە ژێر گوشار و هەڕەشە. ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ئەم گیانبەختکردووە ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥ بەڕێوە چوو. چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) ١. داریووش ئەنساری بەختیاروەند، هاووڵاتیی لوڕی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی فوولادشەهر سەر بە پارێزگای ئەسفەهان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە گیانی بەخت کرد. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بە چەکی کلاشینکۆف کراوەتە ئامانج و پێش گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لەدەست داوە. ٢. ئەمیرحوسام خودایاری فەرد، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵەی خەڵکی کووهدەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی گیانی لەدەست دا. بە وتەی شایەتحاڵەکان، گوللە لە مەودایەکی نزیکەوە بەر سەری کەوتووە و دوای کوژرانی، دامودەزگا حکومەتییەکان بە چیرۆکتاشینی میدیایی هەوڵیان دا وەک «ئەندامی بەسیج» بیناسێنن. ئەم گیانبەختکردووە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بووە.
