شەیبانی لە کاتی کۆبوونەوەکە چی گوتووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. لە دوای هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە شەشی ئەم مانگە، قسە و باسی زۆر کرا لە بارەی کۆبوونەوەکەی دوو رۆژ پێشتری هەسەدە و حکومەتی دیمەشق، بەڵام زانیارییەکان لەو بارەیەوە کەمبوون. پێگەی ئەلمۆنیتەر چەندین زانیاریی نێو کۆبوونەوەکەی بڵاویکردووەتەوە، کە لەلایەن هەسەدە و حکومەتی دیمەشقەوە پشتڕاشتکراوەتەوە. پێگەی ئەلمۆینتەر دەڵێت، سەرەتا گفتوگۆکان بە ئاسایی بەڕێوەچووە، وەزیری بەرگری سوریا، مورهەف ئەبوو قەسرە سەرۆکایەتی شاندەکەی کردووە. فەوزا یوسف، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە کۆبوونەوەکەدا بووە و دەڵێت: رەفتاری شاندی سوریا لە کۆبوونەوەکەدا نامۆ بوو کە تێیدا باسمان لە وردەکارییەکانی تێکەڵکردنی هەدەسە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سوریا دەکرد، دواتر رازی بوون کە سێ لیوا بۆ هێزەکانی هەسەد پێکبێت، کە بریتین لە لیواکانی ژنان،  بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سنوور. فەوزا یوسف دەڵێت، لامان سەیر بوو چونکە نەرمییەکی زۆری تێدا نوێنرا بوو، لەبەرئەوەی پێشتر ئەحمەد شەرع داوای هەڵوەشاندەوەی بێ مەرجی هەسەدەی دەکرد. هەر بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، وەزیری بەرگریی سوریا داوای لە شاندی هەسەدە کردووە رێگەیان پێبدەن بێنە ناو سنوورەکانیان بۆ پشکین و بەدواداچوون بە بیانوی ئەو ناوچانە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریان، بەڵام شاندی هەسەدە بە توندی رەتیانکردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون، هەر کاتێک لە پێنج ئۆتۆمبێل زیاتر بوون پێویستە مۆڵەت لە ئێمە وەربگرن. کەشی کۆبوونەوەکە چۆن تێکچوو؟ لە کۆبوونەوەکەدا کێڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سوریا وەک نێوەندگیر و پشتیگریکاری رێککەوتنی 10ـی ئازار بەشداری کۆبوونەوەکە بووە، بەڵام لەناکاو ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا خۆی دەکات بە ژووردا و داوا لە لامبێرت دەکات چەند خولەکێک بەجێیان بهێڵێت. بە گوتەی ئەلمۆنیتەر، دوای هاتنەوە ژوورەوەی شەیبانی کەشی کۆبوونەوەکە تێکچووە، دوای چەند خولەکێک گوتوویەتی، کۆبوونەوەکەمان بۆ هەشتی ئەم مانگە دواخستووە. شاندی هەسەدە دەڵێت: ئێمە ویستوومانە راگەیەندراوێکی هاوبەشی هەردوولامان هەبێت بۆ خەڵک بۆ ئەوەی رێژەی بەرەپێشچوونەکان بزانرێت، بەڵام لایەنی سوریا رەتی کردووەتەوە. پێگەی مۆنیتەر دەڵێت: تێکدان یان راگرتنی ئەم رێککەوتنە پلانێکی پێشوەختەی تورکیا بووە، چونکە ماوەیەکە گروپەکانی سەر بەخۆی و هێزەکانی سەر بە دیمەشق لە نزیک حەلەب کۆدەکاتەوە و چاوەڕێی کاتێکی گونجاوی دەکرد. دوای ئەوەی ئیسرائیل و سوریا رێککەوتینێکان واژۆکرد، تورکیا دەرفەتەکەی بەدەستهێنا. ئیتر دوای ئەمە خۆتان دەزانن چی روویدا، گروپەکانی سەر بە دیمەشق هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و زیاتر لە 155  هەزار دانیشتووی هەردوو گەڕەکەکە ئاوارەبوون و 28 کەسیش شەهیدبوون. هەرچەندە ماوەی پێنج رۆژ شەڕڤانان بەرخۆدانێکی مەزنیان کرد، بەڵام مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە رایگەیاند، بۆ رێگری لە هێرشی زیاتر لەگەڵ نێوەندیگیرانی نێودەوڵەتی رێککەوتوون بگەن بە ئاگربەست تاوەکو شەڕڤانان و خەڵکی سڤیل بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگوازنەوە.

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، "شەهیدبوونی زیاد حەلەب، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی لە شاری حەلەب" راگەیاند، کە لە کاتی بەرگریکردن لەو دوو گەڕەکەدا گیانی سپاردووە. بەپێی راگەیێندراوی ئاسایش، زیاد حەلەب لە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتی "بەرگرییە مێژووییەکەی" گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی،" گەیشتووەتە پلەی شەهادەت." ئاسایش سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و گەلی کورد دەکات و بەڵێنی درێژەپێدانی رێگەکەی دەدات. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە 6ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا بە پاڵپشتیی راستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا، هێرشێکی بەرفراوانیان بە هەموو جۆرە چەکێک کردووەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە." ئاسایش دەڵێت، هێزەکانیان و خەڵکی گەڕەکەکە بەرگرییەکی سەختیان کردووە و گورزی کەمەرشکێنیان لە هێرشکاران وەشاندووە، کە تێیدا چەندین تانک و ئۆتۆمبێلی زریپۆشیان تێکشکاندوون. زیاد حەلەب وەک فەرماندەی گشتی، "لە یەکەم ساتەوە لە ناو سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕدا بووە و سەرپەرشتیی بەرگریی کۆڵان بە کۆڵانی کردووە." ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو فەرماندەیە لەگەڵ هاوسەنگەرەکانی "رێگەی شەهادەتیان هەڵبژارد نەک خۆبەدەستەوەدان."   بەگوێرەی ئاسایشی خۆسەر، زیاد قەدوور، ناسراو بە (زیاد حەلەب)، لە ساڵی 1988 لە عەفرین لەدایکبووە و لە ناو خێزانێکی نیشتمانپەروەردا گەورە بووە. لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، پەیوەندی بە ریزی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG)ـەوە کردووە بۆ بەرگریکردن لە شاری حەلەب. ئاسایش هەروەها دەڵێت، لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2015، رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رژێمی بەعس و گرووپە چەکدارە جیاوازەکان بۆ سەر حەلەب. خاوەنی ئەزموونێکی زۆر بووە لە "شەڕی ناو شار و گەڕەکەکاندا،" ئەمەش وای لێکرد ببێتە فەرماندەیەکی جێگەی متمانە و خۆشەویستی خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. پێش گیان لەدەستدانی، زیاد حەلەب لە پەیامێکدا گوتبووی: "ئێمە کوڕی ئەم خاکەین؛ لێرە لەدایکبووین و لێرەش دەمێنینەوە. هیچ کات نەبووینەتە کێشە بۆ کەس، بەڵام ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، دەستەوەستان نابین. سوێند دەخۆین بەرگری لە گەلی خۆمان بکەین و تاوەکو دوایین هەناسە شەڕ دەکەین. بڕیاری شەهادەتمان داوە و هیچ بژارەیەکی دیکەمان نییە."

سەرچاوەکان باس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز و بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئەو دوو بەرپرسە لە پەیوەندییەکدا باسیان لە پرسگەلێکی جۆراوجۆر کردووە، لەوانە دۆخی ئێران. بە گوێرەی فۆکس نیوز ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە "ئامادەباشییەکی بەرزدا" بووە. ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران پێیان ناوە هەفتەی سێیەمی خۆیانەوە. ماڵپەڕی ئەکسیۆس پێشتر بڵاویکردبووەوە کە تەوەرەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە دۆخی غەززە، پێشهاتەکانی سوریا و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئێران. هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوە کە ناوەکانیان نەهاتووە، ناتانیاهۆ و ڕوبیۆ، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە باسیان لە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران، دۆخی سوریا و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لە غەززە کردووە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کردووە کە ناتانیاهۆ و ڕوبیو هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەگەری دەستوەردانی ئەمەریکایان لە ئێران تاوتوێ کردووە. سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی کە ئامادەی گفتوگۆکە بووە، ئەمەی پشتڕاستکردەوە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئەمەریکایی تەنها پەیوەندییەکەی پشتڕاستکردەوە و ئامادەنەبوو وردەکارییەکان بخاتەڕوو. هاوکات باراک ڕاڤید، سەرپەرشتیاری ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمەریکایی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەو پەیوەندییە گفتوگۆیەکی ڕۆتینی نێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە بووە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ڕێژیمی ئێران لەگەڵ پەرەسەندنی نائارامییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا ڕووبەڕووی گوشارەکانی زیاتر بووەتەوە. ترامپ هەروەها هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ڕژێم پەنا بۆ توندوتیژیی بەربڵاو ببات، ئەمەریکا وەڵامی یەکلاکەرەوەی دەداتەوە.

هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان ڕایانگەیاند، هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و تورکیا کرد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن. هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان سەبارەت بە هێرشەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا لە دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب لە ناوەندی خۆیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست. هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلیچگون ئوچار، کەسکین بایندەر، سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، سەزای تەمەلی، وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگول دۆغان و پەرلەمانتارانی دەم پارتی ئامادە بوون. 'تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارەکانیان لەسەر پێشهاتەکانی ئەم دواییە و هێرشەکان لەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب کۆبوونەوە و گوتی: "حکومەتی دیمەشق بە شێوەیەکی ئاشکرا، بەپێی ڕێککەوتن مامەڵە ناکات. بە ئاڵای داعشەوە هێرش دەکەنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان. ئەوانەی ئەم کارە دەکەن گرووپێک دڕندەن. لە هیچ باوەڕی و فکرێکدا قبوڵ ناکرێت". 'وتیشی: "بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و ئەم هێرشانە دەستبەجێ ڕابگرن. هێرشەکانی هەتەشە و چەتەکان لە دژی مرۆڤایەتیین. ئامانجیان بێ‌کورد کردنی حەلەبە. وەک دەم پارتی بۆ سووریا سیستەمێکی یەکسان و ئازادەمان دەوێت کە مافەکانی کورد دەستەبەر بکات. ئەگەر کورد لە سووریا لە سەلامەتییدا نەبێت، ئەوا ئارامی بەدی نایەت. تا هەموو گەلان و باوەڕییەکان ئازاد نەبن، ئاشتی لە سووریا بەدی نایەت". 'تونجەر باقرخان سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست و گوتی: "بە ئامانجگرتنی منداڵان و ژنان بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. ڕژێم هەموو ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکات. لێرەدا دەڵێین دەست لە بێڕێزیکردن لە بەرانبەر ژنانی کورد هەڵبگرن. بانگەواز لەو کەسانە دەکەین کە شەڕ بە گوڕ دەکەن، ڕێگە بۆ دیالۆگ خۆش بکەن. قسەکانی هاکان فیدان شەڕ و قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە. دەپرسین؛ دیپلۆماسیت یان سەرباز؟ ئەم قسانە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکە هەیە". 'ە کۆتایی قسەکانییدا تونجەر باقرخان گوتی: "ئەگەر لە حەلەب شەڕ و قەیرانەکان قووڵببنەوە لێرەدا چارەسەریی بەدی نایەت. چونکە کودەتایە لەدژی پرۆسەکە. چارەسەرەکە ڕوونە. دەبێت قەسەدە و تورکیا لەسەر مێزێک دابنیشن و پرسەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن. کەس ناتوانێت کورد لە حەلەب کۆچبەر بکات. کورد سەد ساڵە لە حەلەبدایە و هەمیشە لە حەلەب دەبێت".

دوێنێ شەممە مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆبوویەوە و بڕیاریدراوە پارتی بەردەوام بێت لەسەر کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق. تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆمار رێککنەکەوتوون، چونکە یەکێتی پاکێجێکی پێشکەش کردووە کە لای پارتی قبوڵکراو نییە. یەکێتی لە کۆی 22 وەزارەت و پلەی وەزیر، داوای نۆ پۆستی کردووە، بە وەزارەتی ناوخۆشەوە، پارتیش ئەمەی رەتکردووەتەوە. پارتی پێیوایە بەهۆی ئەمەوە دەبێتە کەمینە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا زۆرینەی کورسییەکانی هەیە. لەلایەکى دیکەوە،  شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەڕووداوى ڕاگەیاندووە:  یەکێتی دەبێت لایەک هەڵبژێرێت، یان پۆستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان  یان پۆستی سەرۆککۆمار.  هەروەها وتیشى: ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی یەکێتییە. ناکرێت یەکێتی پۆستی سەرۆککۆماریشی بوێت و داوای پۆستی باڵای زۆریش بکات لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەو ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە دانوستان بەمشێوەیە، دەبێت تۆ شتێک وەربگریت و سازش لەسەر شتێکی دیکە بکەیت. وتى: ئەوەی یەکێتی دەیەوێت لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لای پارتی قبوڵکراو نییە.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران وەڵامی راستەوخۆی دەبێت و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەو ئیسرائیل لە مەودای ئامانجەكانی ئێراندا دەبن. قالیباف لە میانی وتەیەكدا لە دانیشتنی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێران، دوژمنی بە قۆستنەوەی داخوازییەکانی گەلی ئێران و ئەنجامدانی شەڕێكی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش لە ناوەوە تۆمەتبار کرد، دوای ئەوەی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەم دواییەدا شكستی هێنا. باسی لەوەش کرد: وڵاتەکەی لە ئێستادا لە چوار بەرە لەگەڵ دوژمنی زایۆنی و ئەمریکا شەڕیكی سەرتاسەری بەڕێوە دەبات. قالیباف جەختی لەوە کردەوە: ئاسایشی بەردەوام مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری ئابوری، وتیشی: ئەوانەی ئەو شەڕە تیرۆریستیەیان خولقاندووە، بژێوی خەڵکی ئێرانیان کردۆتە ئامانج و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ زۆر بە توندی روبەڕوی ئەم شەڕە تیرۆریستییە دەبێتەوە.  ئاماژەی بەوەشدا: سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی فەرمی خۆی بۆ ئەو شەڕە راگەیاندووە، بەڵام ئێران روبەڕوی دەبێتەوەو پووچەڵی دەکاتەوە.

لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانە تووندەکانی نێوان هێزەکانی سووپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی خۆسەر لە هەردوو گەڕەکەی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودی حەلەب، لانیکەم ٣٠ سەربازی سوپا کوژران.   بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیجێکی فەیسبووک، بە ناوی (أبن ريف حلب الجنوبي) کە هەواڵ و چالاکی گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە حەلەب بڵاوەدەکاتەوە. لەو شەڕەدا ٣٠ سەربازی سوپا کوژراون.   پەیجەکە ناو و وێنەی ئەو٣٠ چەکدارەی بڵاوکردووەتەوە، هەندێکیان سەر بەو چوار فیرقەیەن کە هێرشیان کردە سەر ئەو دوو گەڕەکە.   لە نێو کوژراوەکاندا چیرۆکی جیاواز هەن؛ یەکێک لە چەکدارەکان بەناوی (محەممەد یاسر رەحال) یەکشەممەی رابردوو ئاهەنگی هاوسەرگیری گێڕاوە و زاوا بووە. هەروەها سەربازێکی دیکە بەناوی (بەکری ئەبو نەزار) تاکە کوڕی خێزانەکەی بووە.   بەشێکی زۆری ئەو چەکدارانە خەڵکی گوندەکانی باشووری حەلەبن و لە ریزەکانی هێزە زرێپۆشەکان و یەکە جیاوازەکانی وەزارەتی بەرگری بوون.   شەممە 10-01-2026 هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''لەلایەن چوار فیرقەی سوپای عەرەبیی سووریاوە بە تانک، تۆپخانە، چەکی قورس و راجیمە هێرش دەکرێتە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.''   بە گوتەی نوێنەری مەسەدە لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، 42 هەزار چەکدار بوو.    هۆشەنگ دەروێش سەبارەت بەو گرووپە چەکدارانەی بەشداری هێرشەکەیان کردبوو گوتی، فیرقەکانی 60 و 80 کە تووندڕەوترین گرووپەکانی سەر بە دەستەی تەحریری شام بوون، هێرش دەکەن کە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی ''ئەبو قوتەیبە منبجی'' سەرپەرشتی دەکرێن. هەروەها فیرقەی 76 کە بە ''حەمزات'' دەناسرێت و لەلایەن سەیفەدین ئەبوبەکرەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لەگەڵ فیرقەی 72 بە سەرۆکایەتیی خەتاب ئەلبانی، لە هێرشەکاندا بەشدارن.   ناوی بەشێک لەو چەکدارانەی سوپای عەرەبیی سووریا کە لە شەڕی حەلەب کوژراون:   عەبدولمەلیک سولەیمان زەکی مەحموود حوسێن تەها ئەلحابوون محەممەد سائیر حەمۆ محەممەد یاسر رەحال  ئیبراهیم عەمار محەممەد عەلی بەکری ئەبو نەزار عامر زەبەدییە یەحیا محەممەد عەلی یاسین محەممەد جەمال عەزووز محەممەد عەبدوڵڵا عومەر عەبدوڵڵا کوڕی حەمید حەمیدی محەممەد حاجی عەبدوڵڵا حەسەن پاشا ئیبراهیم سامر ئایە قوسەی ئەحمەد قادری (سەربازی هێزە زرێپۆشەکان) حەسەن محەممەد حوسێن عەبوود محەممەد خەڵەف عەلی رەیاش محەممەد رەحمۆ سەید ئەبو بەرائ حەمەوی (لە فیرقەی 60) محەممەد خەلیل دیاب بیلال مەحموود بیلال حوسێن  ئیسماعیل ئیبراهیم مەحموود خالید ئیبراهیم نیعمە

ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ـی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکیدا، بە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان و بەرپرسانی ئاگاداری ڕۆژئاوا، ئاشکرای کرد؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانی بە "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکان" کردووە پلانێکی گشتگیر بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی گرینلاند ئامادە بکەن.  بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، سەرکردە باڵا سەربازییەکانی ئەمەریکا لەوانە سەرۆک ئەرکانی هاوبەش دژی ئەم پلانە وەستاونەتەوە. ئەوان هۆشداری دەدەن؛ ئەم هەنگاوە نەک هەر ڕەزامەندی کۆنگرێس بەدەست ناهێنێت، بەڵکو ئەمەریکا تێوەگلانی ململانێیەکی ناپێویست دەکات لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکانی، بەتایبەتی دانیمارک کە خاوەنی سەروەری یاساییە بەسەر ئەو خاکەدا. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن بازنەی نزیکی ترەمپ، بە سەرۆکایەتی ستیڤن میلەر ڕاوێژکاری سیاسی، هاندەری سەرەکی ئەم پلانەن. ئەوان دوای ئەوەی گرتنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان وەک سەرکەوتنێکی گەورە وەسف کرد، ئێستا پێیان وایە کاتی ئەوە هاتووە ئەمەریکا بە خێرایی کۆنترۆڵی گرینلاند بکات، پێش ئەوەی ڕووسیا یان چین پێگەی ستراتیژی لەو ناوچە دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتییەکان بەدەستبهێنن. دیپلۆماتکارانی بەریتانیا پێیان وایە ترەمپ لە ڕێگەی ئەم جۆرە جووڵە دەرەکییانەوە دەیەوێت سەرنجی دەنگدەران لە کێشە ئابوورییەکانی ناوخۆ و هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لابدات، بەتایبەت لە کاتێکدا مەترسی لەدەستدانی زۆرینەی کۆنگرێس لە ئارادایە. ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات؛ هەر کردەوەیەکی سەربازی دژی گرینلاند، ترەمپ دەخاتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا. دیپلۆماتکاران دەڵێن؛ ئەمە دەبێتە هۆی "داڕمانی هاوپەیمانی ناتۆ لە ناوەوە"، چونکە ناتۆ لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەری وڵاتانی ئەندام دامەزراوە، نەک هێرشکردنە سەریان. بۆ ڕێگریکردن لەم بڕیارە کتوپڕە، فەرماندە سەربازییەکان هەوڵیان داوە سەرنجی ترەمپ بۆ ئامانجی دیکە ڕابکێشن کە کەمتر مەترسیدار بن، وەک؛ ڕووبەڕووبوونەوەی "کەشتییە تارماییەکانی ڕووسیا" (ئەو تۆڕە کەشتییەی سزاکان دەبڕن). لەگەڵ تاوتێکردنی بژاردەی هێرشکردنە سەر ئێران. ڕۆژنامەی دەیلی مەیل ئاماژە بەوە دەکات؛ دیپلۆماتکاران لە "کێبڵە نهێنییەکاندا" باسیان لەوە کردووە؛ بەکارهێنانی فشار یان هێز بۆ جیاکردنەوەی گرینلاند لە دانیمارک، دەبێتە هۆی دروستبوونی واقیعێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی کە تێیدا متمانەی نێودەوڵەتی بە ئەمەریکا بە تەواوی لەناودەچێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شەپۆلێکی نمەباران ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کەشی ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-1-2026، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت، خێراى باش لە نێوان 5 بۆ 10 کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرماش 1 تا 2 پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی   هەولێر : 12 پلەی سیلیزی  پیرمام : 9 پلەی سیلیزی سۆران : 10 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران : 2 پلەی سیلیزی  سلێمانی : 9 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 12 پلەی سیلیزی دهۆک 11 پلەی سیلیزی زاخۆ 13 پلەی سیلیزی  ئاکرێ 12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 10 پلەی سیلیزی  سبەى دوو شەممە ‌ 12-1-2026 سەبارەت بە کەشی سبەی دووشەممە، 12-1-2026، کەشناسیی پێشبینی دەکات، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور بێت، لە ئێوارەدا بۆ نیمچە هەور و لە درەنگانی شەودا شەپۆڵێکی باران بارین بۆ سەر ناوچەکەمان بە نمە بارانی پچڕ پچڕ لە ناوچەی جیا جیاکان دەست پێدەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما نزم 2 تا 3 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی بە پلەی سیلیزی هەولێر : 14 پلەی سیلیزی پیرمام :11 پلەی سیلیزی سۆران : 12 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران : 4 پلەی سیلیزی  سلێمانی : 11 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 14 پلەی سیلیزی  دهۆک :12 پلەی سیلیزی زاخۆ : 14 پلەی سیلیزی ئاکرێ 13 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی ڕاشیگەیاند، لە کاتەکانی بەیانی زوو نزمترین پلەی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکەمان لە ژێر سفر پلەی سیلیزی دەبێت لەگەڵ دروست بوونی شەختە لە هەندێ ناوچە .

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئەو کوشتوبڕ و کۆمەڵکوژییەی سوپای عەرەبیی سووریا لە هەردوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب بەرامبەر کورد کردوویەتی، زۆر لەوە زیاترن کە تا ئێستا بڵاو کراونەتەوە؛ بە جۆرێک هاوتای ئەو کۆمەڵکوژییانەش نییە کە لە ناوچەکانی دیکەی سووریادا کراون. ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئاڤای ڕاگەیاند: "سڵاو دەگەیەنم بە سوورەیا حوسێن و پێی دەڵێم خوا سەرکەوتووی بکات بەرامبەر ئەوەی ئەنجامی دا؛ بەڵام میوانەکەی موسا عومەر کەسێکی قین لە دڵە بەرامبەر کورد و کێشەکەی تەنیا پەیوەست نییە بە هەسەدەوە؛ قسەکانیشی ڕاست نین کە دەڵێت کوردم خۆش دەوێت و دەمەوێت لە قامیشلۆ چاوم پێیان بکەوێت." وتیشی: "ئەو تاوان و کوشتوبڕەی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەرامبەر کورد کراوە، تا ئێستا ئەوەی بینراوە لەچاو ئەوەی کراوە هیچ نییە؛ بەتایبەتی ئەوەی لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا کراوە، زۆر لەو کوشتوبڕە زیاترە کە لە ناوچەکانی دیکەدا کراوە.. موسا عومەر سەرڕمی هاندانە دژی کورد."

ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە رووداوەکانی گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە  بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی دەڵێت:  گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب کەوتە بەر هێرشێکی سەربازی لە چوارچێوەی پلانێکی تورکیاو بە پاڵپشتی بێدەنگی زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان.   جەختى کردەوە کە  ئەم هێرشە ئەڵقەیەکی نوێيە لە زنجیرە کۆمەڵکوژییەكان كە دژی دانیشتوانی کەنارەکانی سوریاو خەڵکی پارێزگای سوەیدا ئەنجامدراون. ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا پێشى وایە ئەم هێرشە بۆ ماوەی شەش رۆژی لەسەریەک بەردەوام بوو،  لە بنەڕەتدا هێرشێکی نێودەوڵەتی بوو بۆ سەر دوو گەڕەکی نیشتەجێبوون. وتیشى:  هەزاران ئەندامی گروپە چەکدارەکان لەناویاندا ئەندامانی داعش بەشدارییان لە هێرشەکەدا کرد، لەبەرامبەر چەند سەد کارمەندێكی  هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ. ـ شەڕێکی نایەکسان بوو لە هەموو ڕوویەکەوە، دوور بوو لە بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان و یاسا دانپێدانراوەکانی جەنگ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. ـ هەڤاڵانمان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە بەرخۆدانێکی مێژوویی و قارەمانانە روبەڕوی ئەم دەستدرێژییە بوونەتەوە و بەرگرییان لە خەڵکی سڤیل و گەلەکەمان لە هەردوو گەڕەکەکەدا کرد. 🔹قارەمانەكانمان بەرزترین واتاكانی فیداكاری و قوربانیدانیان نەخشاند. 🔹فەرماندە زیاد و ئازاد دڕەندەترین هێرشەکانیان شکاندو بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە سەرکردایەتی بەرخۆدانیان کرد، تا دەگاتە هەڤاڵانمان هاوار، دلبیرین، ڤیان، فرشین، رۆژبین، و دەنیز، کە بە کردەوەی فیداکارییەکانیان بەرزترین پلەی پابەندبوونیان بە بەهاو دۆزی گەلەکەیان بەرجەستە دەکرد. 🔹قوربانیدانەکانیان بۆ هەمیشە لە ویژدان و هزری گەلەکەماندا بە نەمری بمێنێتەوە. 🔹دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوو گەڕەکە لەلایەن گروپە چەکدارەکان سەركەوتن نییە بەڵکو خیانەت و تاوانێکی گەورەیە لەلایەن  دەسەڵاتێکەوە کە بانگەشەی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکات. 🔹ئەمە دەسەڵاتێکە بانگەشەی پابەندبوون بە ئیسلامەوە دەکات، لە هەمان کاتدا جەستەی مردوو دەشوێنێتو سو كایەتی بە پێكهاتەكانی کۆمەڵگا دەكات. 🔹هەر دەسەڵاتێک پشت بە دەوڵەتێکی تر ببەستێت بۆ چەوساندنەوەی گەلەکەی خۆی، شەرعیەتی خۆی لەدەست دەدات. 🔹ئەو کۆمەڵکوژی و پێشێلکاری و سوکایەتیانەی بەرامبەر گەلەکەمان و شەهیدەکانمان دەکرێت بێ سزا ناڕوات و برینەکانیان لە ویژدانماندا زیندوو دەمێننەوە تا لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان دەکرێت. 🔹داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و مرۆییەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و چاودێری بارودۆخی مرۆیی و ئەمنی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بکەن. 🔹داوای جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی لەو دوو گەڕەکە دەکەین بۆ ڕێگریکردن لە تاوانی زیاتر.  🔹بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی متمانە بە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت، کە لەلایەن کەسانی خاوەن ئایدۆلۆژیای توندڕەو و سەر بە داعشەوە سەرکردایەتی دەکرێن. 🔹بەو پێیەی ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشە کاریگەری گۆڕینی دیمۆگرافییە، ئێمە بانگەوازی خەڵکی خۆراگری خۆمان دەكەین لە دوو گەڕەکەکە کە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، داواش لەو کەسانە دەکەین کە ئاوارە بوون بگەڕێنەوە.

فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، لە ڕێی ئەو ڕێککەوتنانەوە کە لەلایەن نێوەندگیرانی نێونەتەوەییەوە کرا، شەهید، بریندار، خەڵکانی مەدەنی کە ڕێیان لێ گیراوە و شەڕڤانان بە شێوەیەکی سەلامەت بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەگوازرێنەوە. فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند کە بۆ گواستنەوەی خەڵکی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب بە شێوەیەکی سەلامەت، لە ڕێی نێوەندگیرانی نێونەتەوەییەوە ئاگربەست ڕاگەیاندرا. فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، "بۆئەوەی هێرشەکانی سەر گەلەکەمان لە حەلەب و پێشێلکارییەکان ڕابگیرێن، بە نێوەندگیریی لایەنە نێونەتەوەییەکان ئاگربەستێک ڕاگەیاندرا و بۆئەوەی شەهید، بریندار، خەڵکانی مەدەنی کە ڕێیان لێ گیراوە و شەڕڤانان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود بە شێوەیەکی سەلامەت بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بگوازرێنەوە، گەیشتینە ڕێککەوتن." مەزڵوم عەبدی بانگەوازی لە نێوەندگیران کرد کە پێشێلکارییەکان ڕابگرن و بۆ گەڕاندنەوەی سەلامەتی ئەو کەسانەی کە لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون، بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن. هەروەها ڕایگەیاند کە ڕێزێکی زۆری هەیە بۆ بەرخۆدێر، شەهید، هاوڕێ، بنەماڵەکانیان و خەڵکانی مەدەنی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود کە بەرەنگارییان کرد، سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان کرد و داوای شیفای بۆ برینداران کرد.

هەسەدە: لە بەردەوامی جینۆسایدی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق، دەیان هاوڵاتی مەدەنیان بەرەو شوێنێکی نادیار رفاندووە، دواتر بەزۆر ڤیدیۆیان پێ تۆمارکراون، کە گوایە شەڕڤانن. سەلامەتی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانە لە ئەستۆی حکومەتی دیمەشقە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو ئەم ڕەفتارە تاوانکارییە ئاشکرایە ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی سیستماتیکییە بۆ ساختەکردنی ڕاستییەکان و ڕفاندنی خەڵکی مەدەنی و ئیستغلالکردنیان وەک ئامرازی پڕوپاگەندە بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی ئاوارەبوون و بۆردومانکردن و تۆقاندن.  تەواوى ڕاگەیەندراوەکە... لە چوارچێوەی جینۆسایدی سیستماتیکیدا کە لەلایەن فراکسیۆن و میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشقەوە ئەنجامدرا، ئەم میلیشیایانە دەیان گەنجی مەدەنییان ڕفاند، دوای ئەوەی بە زۆر لە خێزانەکانیان جیایانکردەوە، لەکاتێکدا لە گەڕەکی شێخ مەقسود هەڵهاتن. پاشان لە میدیاکان نمایشیان کرد، بە درۆ وەک شەڕکەر لە ڕیزەکانی ئێمەدا پێشکەشیان کرد. ئەم ڕەفتارە تاوانکارییە ئاشکرایە ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی سیستماتیکییە بۆ ساختەکردنی ڕاستییەکان و ڕفاندنی خەڵکی مەدەنی و ئیستغلالکردنیان وەک ئامرازی پڕوپاگەندە بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی ئاوارەبوون و بۆردومانکردن و تۆقاندن. دووبارەکردنەوەی وشە بە وشەی هەمان ئەو تاوانانەیە کە ئەم کوتلانە لە ناوچەی کەنار دەریا و سوەیدە ئەنجامی دەدەن. ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە ڕفێنراوەکان بە تەواوی خەڵکی مەدەنین و حکومەتی دیمەشق و کوتلەکانی بە تەواوی بەرپرسیار دەکەین لە ژیان و سەلامەتی خۆیان. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی بپارێزێت و لێکۆڵینەوەیەکی خێرا لەم پێشێلکاریانە دەستپێبکات و بە ئاشکرا ئیدانەیان بکات و تاوانباران وەک تاوانباری جەنگ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حەلەب – ناوەندی ڕاگەیاندن

سلێمانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەپارێزێت ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەو بەرخۆدانە مەزنەی ئێستا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب دەکرێت بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ کار و چالاکی گەنجێکی سلێمانی کە چەندین ساڵ بەرخۆدانی کردووە و پێگەی گەڕەکەکانی پتەو کردووە بۆ بەرگریکردن لە هێرشی دوژمنان. ئەو گەنجە بروسک جەمال سابیرە کە بە فەرماندە باکوور جیلۆ ناسراوە و لەناو گەڕەکە کوردییەکان ناوێکی دیارە چونکە سێ ساڵ لەوێ فەرماندەی کەتیبەی ئەلئەکراد بووە و دژی گروپەکانی سەر بە تورکیا و داعش شەڕی کردووە. بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فورات نیوز، باکوور جیلۆ سەرەتا لە کۆبانێوە هاتووە بۆ گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب لەساڵی 2013 و دواتر لەوێ ماوەتەوە، هەرچەندە پێیان گوتووە بچێتەوە بۆ کۆبانێ، بەڵام ئەو گوتوویەتی: ئێرە پێویستى بە کارى زۆر هەیە، پێویستە رەنجێکى زۆر بۆ ئێرە بدرێت. هەڤاڵان لەوێن و دەتوانن کارەکانى منیش لەوێ ئەنجام بدەن. فەرماندە باکور جیلۆ شارەزایەکی زۆر وردی لە تاکتیکەکانی جەنگ هەبووە و دەوترێت: خەڵکی ئەو دوو ئەو دوو گەڕەکە لەسەر دەستی ئەو فێری خۆبەڕێوەبەرێتی و شەڕی تونێڵ و کۆڵان بە کۆڵان بوون، فێری بێواتاکردنی گەمارۆکان و تەکنەلۆژیای شەڕ بوون. مەزڵوم خەلیل کە یەکێک بووە لە شەڕڤانانەکانى بەرخۆدانى حەلەب ئا بەم جۆرە باسی سەرکردایەتی باکوور جیلۆ دەکات و دەڵێت: ئەو فێرى دەکردین، دەبێت چۆن شەڕ بکرێت و ورەى بە هەموو کەس دەبەخشی، دەیگوت، شێخ مەقسود ناموسمانە و نابێت لە دەستى بدەین، هەڤاڵ باکوور ورەى دەداینێ و دەیگوت، نابێت ورەتان بڕوخێت، ئەو شوێنانەى کە لە دەستمانداون دەبێت بە دەستیان بهێنینەوە، ئێمەش بە شەڕ گەڕاینەوە و ئەو کۆڵانانە و ئەو شوێنانەى لە دەستمان دابوون، کۆنترۆڵمان کردنەوە. تەنانەت باکور جیلۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکانی یەکخستبوو و لە ژێر فەرماندەیی ئەودا دژی گروپەکانی سەر بە تورکیا دەجەنگان و دانیشتوویەکی گەڕەکە کوردییەکان لەبارەی فەرماندە باکور جیلۆ دەڵێت: هێزی کەتیبەی ئەلئەکراد لە پێکهاتە جیاوازەکانی کورد، عەرەب و تورکمان پێکهاتبوو، هەموویان بە پێشەنگایەتی شەهید باکور دەجەنگان. پشگیرییەکی بەهێزی مادی و مەعنەوی پێدەدان و مۆراڵیان لێیەوە وەردەگرت. هەڤال باکور کەسێتیەکی دەگمەنی هەبوو، هەم پێشەنگی شەڕی دەکرد، هەمیش لەناو خەڵکدا بوو. بروسک جەمال سابیر لە ساڵی 1984 لە سلێمانی لەدایکبووە و لە ٤ی نیسانی ٢٠١٦دا لە ناو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەدا گروپەکانی سەر بە تورکیا هێرشیان دەستپێکرد، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا باکور جیلۆ لە ٧ی نیسانی هەمان ساڵ ‌شەهیدبوو. رۆژنامەنووس زمناکۆ ئیسماعیل لەبارەی فەرماندە باکور جیلۆ بەسەرهاتێکی خۆی و گەنجێکی رۆژئاوا دەگێڕێتەوە و دەڵێت لە قەندیل چاوی بە گەنجێکی کوردی حەلەب کەوتووە و پێی گوتووە: کوردەکانی حەڵەب قەرزداری سلێمانین، چونکە فەرماندە باکور خەڵکی سلێمانییە، ئەو توانی گەڕەکە کوردییەکانی حەڵەب بپارێزێ و فەرمانداری کورد بکات لەوێ، ئەگەر ئەو نەبووایە، دەمێک بوو کورد لەو شارە و لەو دوو گەڕەکە ببوو بەژێر پێی عەرەب و تیرۆریستانی داعشەوە.  

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماری داهات و خەرجییەکانی وڵاتی بۆ 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە، قەبارەی داهاتەکان لە بودجەی فیدراڵیدا 103 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە و داهاتی نەوت بە ڕێژەی 90% کۆنترۆڵی بودجەی کردووە. وردەکاریی ژمارەکان و داهات بەگوێرەی ئەو خشتە و داتایانەی وەزارەتی دارایی بۆ 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 بڵاویکردۆتەوە: 1-کۆی گشتیی داهات،  103 ترلیۆن و 514 ملیار و 200 ملیۆن و 991 هەزار و 817 دینار بووە. 2-داهاتی نەوت، 93 ترلیۆن و 197 ملیار و 452 ملیۆن و 551 هەزار دینار بووە دەکاتە 90%ی کۆی داهات. 3-داهاتی نانەوتی، تەنیا 10 ترلیۆن و 316 ملیار و 748 ملیۆن و 440 هەزار دینار بووە. خەرجییەکان و مووچە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، وەزارەتی دارایی تیشکی خستۆتە سەر خەرجییەکان، کە کۆی گشتیی خەرجییەکان گەیشتووەتە 96 ترلیۆن و 378 ملیار و 257 ملیۆن و 473 هەزار دینار. وردەکارییەکەی بەم شێوەیەیە: 1-مووچەی فەرمانبەران 55 ترلیۆن دینار. 2-مووچەی خانەنشینان 15 ترلیۆن و 995 ملیار دینار. 3-مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی 4 ترلیۆن و 734 ملیار دینار. هۆکار و مەترسییەکانی یەک سەرچاوەی دارایی چاودێران هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی عێراق لە پشت بەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی بودجە، وڵات دەخاتە بەردەم مەترسیی قەیرانە جیهانییەکان و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت. ئەم دۆخە زۆرجار حکوومەت ناچار دەکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان پەنا بۆ قەرز (چ ناوخۆیی یان دەرەکی) ببات، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ لاوازی لە بەڕێوەبردنی دارایی و نەدۆزینەوەی چارەسەری بەدیل بۆ داهات.