بۆچی 22 دەوڵەتی عەرەبی نەیانتوانیوە ئابڵوقەی سەر غەززە لاببەن؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی هەرچەندە کورد خاوەنی دەوڵەت نییە و عەرەب 22 دەوڵەتیان هەیە، بەلام ئەوەی کورد بۆ کۆبانێی کرد لەماوەی هەفتەیەک، عەرەب نەیتوانیوە بە زیاتر لە 800 رۆژ بۆ غەززەی بکات.  لە شەڕ و پەلاماری حکومەتی سوریا بۆ سەر هەسەدە، یەکگرتوویی و دەنگهەڵبرینی کورد وایکرد ئابڵوقەی کۆبانێ لە کەمتر لە هەفتەیەکدا هەڵبگیرێت و کاروانی هاوکارییەکان بگاتە شارەکە، بەڵام لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە غەزە ئابڵوقەی لەسەرە، کە ناوە ناوە کەمێک هەڵدەگیرت، کەچی عەرەب بە 22 دەوڵەتەوە نەیتوانیوە بەتەواوەی ئەو گەمارۆیە بشکێنێت.  با کەمێک بە مێژوودا بچینەوە بۆ ئەوەی لە دۆخەکە تێبگەین. ساڵی 1973 کاتێک سوپای سوریا و میسر پەلاماری ئیسرائیلیاندا، توانیان گورزێکی کوشندە لە ئیسرائیل بدەن، بە ئامانجی ئەوەی بەشێک لە خاکە داگیرکراوەکەیان لە ئیسرائیل وەربگرنەوە، وەک بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا و نیمچە دورگەی سینای میسر، بەڵام بەهۆی هاوکارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە، نەک نەیانتوانی وەریبگرنەوە بەڵکو جارێکی دیکە تێکشکان. بەهۆی ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا و ئەوروپاوە، وڵاتانی عەرەبی بە کۆی گشتی ڕێککەوتن نەوت بەو وڵاتانە نەفرۆشن کە هاوکاری ئیسرائیلیان کردووە لە جەنگەکەدا. ئەم بڕیارە وایکرد قەیرانێکی گەورەی وزە لە جیهاندا دروست ببێت، لەدوای ئەم بڕیارەشەوە بە ناچاری ئیسرائیل بارودۆخی فەڵەستینی ئاسایی کردەوە و وازی لە فراوانخوازییەکانی هێنا. میسر ساڵی 1979 بڕیاریدا دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێت لەپێناو وەرگرتنەوەی خاکەکەی و دواتر لە ساڵی 1994 ئوردنیش بە ناچاری لەگەڵ ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاشتیی واژۆکرد بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت رێڕەوی ئاویی خۆی لە دەریای سوردا بەکاربهێنێت. هەرچی سوریایە هەتا ئێستاش نەیتوانیوە بەرزاییەکانی جۆلان لە ئیسڕائیل وەربگرێتەوە و لە ڕێککەوتنی مانگی رابردووش لەگەڵ ئیسرائیل دەستبەرداری نزیکەی 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکەکەی بووە بۆ ئیسرائیل. لە ساڵی 2020 هەریەکە لە ئیماڕات، بەحرەین، مەغریب و سودان پەیوەندییەکانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئیبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، عومانیش بەتەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە.  ئەم جیاخوازی و پەرتەوازەییە وایکردووە عەرەب نەتوانێت گەمارۆی سەر غەززە بشکێنێت و تا ئێستا نەیتوانیوە بڕیارێکی گشتگیر لە پێناو پاراستنی خەڵکی غەززە بدەن، کە تا ئێستا ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکرنە سەری. بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبییەوە؛ کورد توانیویەتی چەند جارێک بە یەکگرتن هاوکێشەکان بگۆڕێت و دوژمنەکانیان بشکێنن یان ناچاری گفتوگۆی بکەن. ساڵی 2014 کاتێک تیرۆرستانی داعش هێرشیانکردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هێزی پێشمەرگە توانی لەنێو خاکی تورکیاوە، کە گەورەترین نەیاری ڕۆژئاوای کوردستان بوو، خۆی بگەیەنێتە شاری کۆبانی و هاوکاریی شەڕڤانان بکەن لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش، ئەوەش یەکەم شکانی داعش بوو لەدوای دروستبوونییەوە. هەروەها ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا و هێرشی حکومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، جارێکی دیکە کوردی لە تەواوی جیهان یەکخست و بەم یەکگرتنەش توانییان سوپای سوریا ناچار بە گفتوگۆ بکەن و لە هێرشکردن بیانوەستێنن. هەروەها بەم یەکگرتنە کورد توانی نەک تەنها هێرشەکان بوەستێنێت، بەڵکو سۆزی زۆرینەی وڵاتانی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بە تایبەتی لە دوای بڕینی کەزیەی شەڕڤانە کوردەکەوە کە بووە سیمبولی بەرخۆدانی ڕۆژاڤا.

ئیسرائیل چەند ناوچەی سوریای بەدەستەوەیە و سوریا چۆن ڕازیبووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی تەنها لە ماوەی 25 ڕۆژدا نەخشەی سوریا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، لە لایەک بەشێکی زۆری خاکەکەی بۆ ئیسرائیل لەدەستداوە و لە لایەکی دیکەش خاکێکی زۆری ژێر دەسەڵاتی هەسەدەی کۆنترۆڵ کردووە. لە دوای رێککەوتنەکەی 6ـی مانگ لەنێوان سوریا و ئیسرائیل لە پاریس، هەمووشتێک گۆڕا. هەر دوای ئەو رێککەوتنە بڕیاری هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر درا، بەڵام لە هەمان ڕێککەوتندا بەشێکی زۆری خاکی سوریا درا بە ئیسرائیل بەبێ ئەوەی بەرپرسانی دیمەشق ناڕازیی بن لەسەری.  لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئیسرائیل 400 بۆ 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سوریای لە پارێزگای قونەیتەرە و دەرعای داگیرکرد و چیای جەبەل شێخیش کە تەنها 40 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە، بە دەستی ئیسرائیلەوەیە، ئەمە جگە لە پارێزگای سوەیدا کە بەدەست دروزەکانەوەیە و هاوپەیمانێکی نزیکی ئیسرائیلن. ئیسرائیل 59 ساڵیشە 1200 کیلۆمەتر چوارگۆشەی بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکردووە. بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، سوریا تەنها لەبارەی جەبەل شێخ ناکۆکی هەیە و دەیەوێت سوپای ئیسرائیل لەو ناوچەیە بکشێتەوە و بۆ ناوچەکانی دیکە سازشی کردووە، بەڵام ئیسرائیل ئەو چیایەی بە هیڵی سوور داناوە و بە بەرپرسانی ئەمریکای گوتووە، لەوێ ناکشێنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەنها ماوەی مانگێکی داناوە بۆ ئەوەی هەردوولا ڕێکبکەون و رێککەوتنەکەش بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنن. لە بەرامبەردا حکومەتی سوریا، لە شەشی مانگەوە هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر دەستپێکرد و لەو ماوەیەدا دەستی گرت بەسەر دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب؛ پارێزگای دێرەزوور، رەققە و شارۆچکەی تەبقا. لە ئێستادا 80%ـی ئەو خاکەی 25 رۆژ لەمەوبەر بەدەست هەسەدەوە بوو، ئێستا حکومەتی سوریای تێدا جێگیرە، ئەمەش بە یارمەتی هۆزە عەرەبەکانی ئەو ناوچانە بوو کە لە هەسەدە هەڵگەڕانەوە و چوونە پاڵ چەکدارانی دیمەشق.  سەرەڕای ئەو هەموو پیشێلکارییەی بەرامبەر کورد و شەڕڤانانیان کرد، کە زۆربەی رێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکان بە تاوانی جەنگی ناودەبەن، چەکدارانی دیمەشق نەیانتوانی تەنها یەک بستی خاکی رۆژاڤا داگیربکەن و تەنانەت گوندێکی کوردیش نەکەوتووەتە دەستیان.  لە بەرامبەردا، میدیای ئیسرائیل دەڵێت، کە جگە لە بێدەنگی دیمەشق لەسەر ئەو ناوچانەی ئیسرائیل لە رۆژئاوای وڵاتەکەی داگیریکردوون، ڕازیشبووە بەوەی تا کۆتایی ساڵ باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دیمەشق بکرێتەوە و بچێتە نێو رێککەوتنامەی ئیبراهیمییەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.  میدیای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، هەموو ئەمانە بە فشاری ترەمپ لەسەر ئەحمەد شەرعە و دەیەوێت بەزووترین کات رێککەوتنەکە رابگەینرێت. بە چوونی سوریا بۆ نێو رێیکەوتننامەی ئیبراهیمی، وڵاتەکە دەبێتە پێنجەم وڵاتی عەرەبی دوای ئیمارات، مەغریب، بەحرەین و سودان کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە لەکاتێکدا بەرپرسانی دیمەشق و ئەنقەرە چەندین جار هەسەدەیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و ئیسرائیل ناهێڵێت هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سوریا ببێت.

ئێران لە قۆناغێکی هەستیاردایە لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا. چاودێران دەڵێن قەیرانی ئابووری، ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی خەڵک و سەرکوتکردنیان بە شێوەیەکی دەڕەندانە لەلایەن حکومەتەوە و سزاکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بۆ سەر تاران، وردە وردە سیستەمی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی بەرەو داڕمان دەبات. دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی خێرای نرخی دۆلار، بەشێوەیەکی گشتی ئابووری وڵاتەکەی پەکخستووە. بەرزبوونەوەی نرخەکان، لە خۆراک و دەرمانەوە بۆ خانووبەرە و وزە، ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان خەڵکی ئێرانی ڕووبەڕووی کێشەی جددی کردووەتەوە و هەژاری کردووەتە دیاردەیەکی بەربڵاوی وڵاتەکە و وایکردووە قەیرانە ئابوورییەکە ببێتە قەیرانێکی سیاسی و وجودی بۆ تاران. بە گوێرەی هەواڵەکان، نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ی مانگی یەک، 160هەزار تمەنی لەو وڵاتە تێپەڕاندووە. لەئەنجامی دوایین خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە کە سەرەتا لەکاردانەوە بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەستیان پێکرد، تاکو ئێستا هەزاران کەس بە تەقەی هێزەکانی حکومەت کۆژران و هەزارانی دیکەش بریندار و بێسەروشوێن کراون. هاوکات بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و ئەگەری کردەوەی سەربازیی ئەمەریکا وایکردووە دۆخی ئێرانی بەرەو خراپتربوون بڕوا. هەڕەشەی جموجۆڵی سەربازی له ناوچەکه و هۆشدارییە دیپلۆماسییەکان تا دێت بازاڕی دراو و ژیانی خەڵکی ناجێگیر کردووه . لەم جۆرە هەلومەرجەدا متمانەی گشتی ڕووخاوە و دەوترێت خەڵکەکە هەوڵی دەرکردنی پارە و داراییەکانیان لەبانکەکانی ئێران دەدەن. هاووڵاتییەک لە ناوخۆی ئێرانەوە سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ئەو وڵاتە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "خەڵک لە ترسی ئەوەی بەهای پارەکەیان هێندەی دیکە بشکێت و وەک خەڵکی جارانی سوریا و عێراقیان بەسەر بێت، هەوڵدەدەن پارەکانیان لە بانکەکان بهێنە دەرەوە و بیگۆڕن بۆ دۆلار، بەڵام ئەمە بۆ خەڵکەکە جێبەجێ نابێت." بە وتەی ئەو هاووڵاتییە هۆکاری ئەمەش ئەوەیە نەوەک نەختینەیی نییە، بەڵکو پارەی ئێران هێندە بێ بەها بووە کە بانکەکان دراوی پێویستیان نییە و ئەگەر هەشبێت قەبارەی پارەکە ئەوەندە زۆر دەبێت کە ناتوانرێت بجوڵێنرێت و کاری پێبکرێت. ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت، بازاڕی ئێران لەڕادەبەدەر ناجێگیرە "بە هەواڵێک، نرخەکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرز و نزم دەبنەوە، هیچ شتێک پێشبینی ناکرێت." دەشڵێت "ئەوانەی کەمێک دۆخی ئابووریان باشترە، لە ترسی شەڕ خواردن و خۆراکێکی زۆریان کڕیوە، بەڵام زۆربەی خەڵکی دیکە لەم ڕۆژانەدا لە ژیانێکی مان و نەماندا بەسەر دەبەن." ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا دەشڵێت " زۆرینەی خەڵک هیوای بەستوە بە ترامپ و داوا دەکەن ئەم دۆخە بە لابردنی ئەم حکومەتە بگۆڕێت، چونکە هیچ ئومێدێک نەماوە بۆ چاکسازی لە ناوەوە". زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە لە نەبوونی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لەو وڵاتە، تاران کەوتووەتە ڕێڕەوێکەوە کە بەرەو داڕمان دەڕوات. شارەزایەکی بواری ئابوری لە ناخۆی ئێران کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای وت "قەیرانی ئابووری کاتێک دەبێتە هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر حکومەت کە لەیەک کاتدا سێ ئەرکە سەرەکییەکەی حکومەت تێکدەدات کە بریتین لە دابینکردنی بژێوی ژیان و پاراستنی متمانەی گشتی و بەڕێوەبردنی نەزمی کۆمەڵایەتی کە هەر سێیان ئێستا پەکیان کەوتووە." دەشڵێت "ئێستا داڕمانی دراوی نیشتمانی ئێران وایکردووە حکومەت نەتوانێت نرخەکان کۆنترۆڵ بکات و بێمتمانەیی بە سیستەمی بانکی دروستبووە و حکومەت بێتوانایە لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک بۆ بژێوی ژیانیان و ئەمەش وایکڕدووە ناڕەزایەتییەکان ببنە بەشێک لە دیاردەیەکی هەمیشەیی ئەم وڵاتە."

هێزەکانی سوریای دیموکرات [هەسەدە] رێکەوتنی لەگەڵ حکومەتی سوریا لەبارەی ئاگربەست و تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا راگەیاند. بەگوێرەی راگەیەندراوە، هێزەکانی سوپا دەکشێنەوە و لەبری ئەوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەکانی حەسەکە و قامیشلۆ جێگیر دەکرین و سێ لیواش بۆ هێزەکانی هەسەدە دروستدەکرێت. دەقی راگەیەندراوەکە.  دەقی ڕێککەوتننامەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی گشتگیردا، بڕیار لەسەر ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات درا، لەگەڵ لێکتێگەیشتن بۆ پڕۆسەیەکی یەکخستنی قۆناغ بە قۆناغی هێزە سەربازی و کارگێڕییەکانی هەردوولا. خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە: • کشانەوەی سەربازی: کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانی بەریەککەوتن، چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناوەندی شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا. • پێکهاتەی سەربازی: پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازی کە سێ لیوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەخۆ بگرێت، جگە لە پێکهێنانی لیوایەکی هێزەکانی کۆبانێ لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب. • کارگێڕی و دامەزراوەکان: یەکخستنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا، لەگەڵ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی مەدەنی. • مافەکان: ڕێککەوتن لەسەر یەکلاکردنەوەی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد، و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان. ئامانجی ئەم ڕێککەوتنە یەکخستنەوەی خاک و تەواوکردنی پڕۆسەی تێکەڵبوونی گشتگیرە لە ناوچەکەدا، لە ڕێگەی بەهێزکردنی هاوکاری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات 30ـی کانوونی دووەمی 2026

ئەحمەد شەرع ملی بۆ زۆربەی داواکارییەکانی ترەمپ و نەتانیاهۆ داوە ئامادەکردنی هاوڵاتی  لە کاتێکدا هێرشی چڕ دەکاتە سەر رۆژاڤا و چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەری خۆسەری کۆنترۆڵکردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا، خەریکە بە تەواوی مل بۆ داواکارییەکانی ئیسرائیل دەدات. ئەحمەد شەرع، بە پشتیوانی ئەمریکا و بەتایبەتی تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا، لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی خەریکی جەنگە دژی کورد، بەڵام لە رۆژئاوای وڵاتەکەی چیرۆکێکی دیکە هەیە و بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ئیسرائیلی جێبەجێکردووە.  بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی "میدڵ ئیست ئای"ـی بەریتانی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەنها مانگێکی داناوە بۆ دیمەشق و تەلئەبیب تاوەکو بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی و لێکتێگەیشتنی 6ـی مانگ، کە لە پاریس واژۆکرا، جێبەجێ بکەن، بەمزووانەش رێککەوتنەکە ڕادەگەیەنرێت. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ترەمپ فشاری لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع کردووە تاوەکو سەرەتای مانگی سێ کۆتایی بە هەموو شتێک بهێنن.  ڕێککەوتنەکە چۆنە؟  سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ میدڵ ئیست ئای کردووە، دەڵێت، هەردوولا لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتوون و تەنها لەسەر چیای جەبەل شێخ ناکۆکن کە تەنها 40 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە و ئیسرائیل لەدوای ڕووخانی ئەسەد داگیری کردووە.  بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان هەیە، بە میدڵ ئیس ئای گوتووە، ئیسرائیلییەکان ئەمریکییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە هەرگیز سازش لەسەر جەبەل شێخ ناکەن و بە "هێڵی سووری" دەزانن. ئەو بەرپرسە پێیوایە، ئیسرائیل هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو بابەتە هەرگیز لە ماوەی مانگێکدا ناگۆڕێت کە ترەمپ دیاریکردووە.  ئەو بەرپرسە باس لەوەش دەکات، ئیسرائیل دەزانێت ئیستا بەرپرسانی ئەمریکا بوونەتە دوو بەش لەسەر بابەتی کوردانی سوریا و وا لە جەبەل شێخ دەڕوانێت کە کێشەیەکی ئاسایشی نیشتمانییە، بەپێچەوانەی رۆژاڤاوە.  ئەو بەپرسە دەشڵێت، "ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا و سیناتۆری کۆمارییەکان دژی هێرشی سوریان بۆ سەر کوردەکان، بەڵام تۆم باراک و دۆستەکانی پشتگیری" لە هێرشەکەی ئەحمەد شەرع دەکەن، بۆیە ڕۆژاڤا لای ئیسرائیل هێڵی سوور نییە وەک جەبەل شێخ. لەبارەی دروزەکانەوە، ئەو بەرپرسە دەڵێت، بەپێی ڕێککەوتنەکەی دیمەشق و تەلئەبیب، حکومەتی سوریا ڕازیبووە بەوەی لە ڕووی سەربازییەوە نەچێتە نێو سوەیدا، بەڵام بە پشتگیری ئیسرائیل دانوستان دەستپێدەکات بۆ ئەوەی سوەیداش تێکەڵی حکومەتی سوریا بکرێت، هەروەک ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە کراون بۆ تێکەڵبوون بە سوپا. ئیسرائیل ئێستا کوێی سوریای بەدەستەوەیە؟  لەدوای ڕووخانی ئەسەد لە کۆتایی 2024، ئیسرائیل 400 بۆ 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سوریای داگیرکرد، ئەمە جگە لەو هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەیەی بەرزاییەکانی جۆلان کە لە ساڵی 1967ـەوە دەستی بەسەرداگرتووە. ئێستا ئیسرائیل بنکەی سەربازیی لە پارێزگای دەرعە و قونەیتەرەی سوریا هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە سوەیدا بەدەست دروزەکانەوەیە کە ئەمیش وەک پێگەی ئیسرائیل هەژمار دەکرێت. بەپێی رێککەوتنەکەی 6ـی مانگ لە پاریس، هەردوولا ڕێککەوتن میکانیزمێکی هاوبەش دابمەزرێنن بۆ دروستکردنی شانەیەکی پەیوەندی تا بتوانن زانیاریی سەربازیی و هەواڵگری ئاڵوگۆڕ بکەن.  لە ڕێککەوتنەکەدا حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع ڕازی بوو بەوەی نووسینگەیەکی ئیسرائیل لە دیمەشق بکرێتەوە بەبێ ئەوەی سیفەتی دیبلۆماسی پێ بدرێت، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئای 24 نیوزی ئیسرائیلی، "گفتوگۆی گەشبینانە هەیە لەسەر ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ ئیسرائیل باڵیۆزخانەیەک لە دیمەشق بکاتەوە."  ڕاپۆرتی کەناڵە ئیسرائیلییەکە باس لەوە دەکات، سوریا جگە لەوەی ملی بۆ ئەو داواکارییانە داوە، بەوەش ڕازی بووە بچێتە ڕێککەوتنی ئیبراهیمییەوە و ماوەی 25 ساڵیش بەرزاییەکانی جۆلان بداتە ئیسرائیل، ئەمانەش هەمووی لەژێر فشاری ئەمریکایە و داوای لێکردوون جارێکی دیکە بەزوویی لە پاریس کۆببنەوە بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە.

ئامادەکردنی هاوڵاتی لینزی گراهام، ئەو سیناتۆرە ئەمریکییەی بە دۆستی نزیکی کورد ناسراوە، جارێکی تر لە میدیای کوردیدا بە پاڵەوان لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام هەر بەڕاستی ئەگەر سەیری کارەکانی پێشووی بکەین دەزانین کە نەیتوانیوە یارمەتی کورد بدات و بەڵینەکانی بەرامبەر کورد جێبەجێ نەکردووە، تەنانەت لە پشت پەردەوە قسەی تووند و ناشرینی بەرامبەر کورد کردووە. لینزی گراهام پرۆژەیاسایەکی لە هەژماری ئێکسی خۆی ڕاگەیاند بە ناوی "کوردەکان بپارێزن" و گوتی؛ ئەم هەفتەیە پێشکەشی ئەنجوومەنی پیرانی دەکەم کە ئامانج لێی ئەوەیە سزای کەمەرشکێنی ئابووری بخرێتە سەر هەر وڵاتێک کە هێرش دەکاتە سەر کوردەکان کە هاوپەیمانمانن و ئەمریکا پشتیان تێناکات.  بەڵام ئەم سیناتۆرە لە ساڵی 2019 هەمان بەڵێنی بە کورد دا و بەڵێنەکەی لەبەر بەرژەوەندی تورکیا و وڵاتەکەی شکاند، هەر وەک چۆن ئیستا بەرپرسانی ئەمریکا لەبەر بەرژەوەندی خۆیان هەسەدەیان فەرامۆشکردووە.  بۆ ئەوەی بە تەواوی لە چیرۆکەکە تێبگەین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2019، ئەو کاتەی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەی دژی رۆژاڤا دەستپێکرد.  لەپێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، لینزی گراهام دەنگێکی دلێر بوو لە کۆنگرێس بۆ پاراستنی کورد و دەیگوت، ناهێڵین بەهیچ شێوەیەک تورکیا هێرش بکاتە سەر کوردەکان و ئەگەر هێرش بکات باجێکی قورس دەدات، بەڵام بە بڕیاری ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژاڤا کشانەوە و گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا هەڵکرد تا ئۆپەراسیۆنەکە دەستپێبکات.  لەدوای هێرشەکەی ئەنقەرە، کە بە قوڵایی 40 کیلۆمەتر هاتە نێو خاکی رۆژاڤا، لینزی گراهام پرۆژەیاسای "رووبەرووبونەوەی دەستدرێژییکاریی تورکیا"ـی پێشکەشی کۆنگرێس کرد و لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران پەسەندیکرد و تەنها ئەوە مابوو دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام دواتر گراهام پەشیمان بوویەوە.  لەدوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کە ئەوکات لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەدا بوو، لینزی گراهام ڕایگەیاند، کات دەدات بە ئیدارەی ترەمپ تاوەکو دانوستانی ئاگربەست لەگەڵ تورکیا دەکات، ئەمەش بووە هۆی کوشتنی پرۆژەیاساکە. هۆکارێکی دیکە ئەوە بوو کە ئەو کاتە سەرکردەی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران میچ مەکۆنێڵی سەر بە دیموکراتەکان بوو، کە رێگەی نەدا پرۆژەیاساکە دەنگی لەسەر بدرێت و گوتی: سزا سەپاندن بەسەر تورکیا کە هاوپەیمانێکی ناتۆمانە وادەکات زیاتر لە روسیا نزیک ببێتەوە. بۆیە رەنگە پرۆژەیاساکەی ئێستاش هەمان چارەنووس چاوەڕێی بکات و بکەوێتە ژێرپێی بەرژەوەندییەکانەوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا واشنتن بەرژەوەندییەکی گەورەی لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا هەیە.  پرۆژەیاساکەی گراهام بۆ کورد پشتگیرییەکی گەورەیە، بەڵام پرۆسەیەکی تاقەتپڕوکێن و زۆری دەوێت تا دەگاتە ئەنجام. سەرەتا دەبێت پرۆژەیاساکە لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسەند بکرێت، دواتر دەخرێتە دەنگدانەوە و دەبێت ڕێژەی 50+1 دەنگەکان بەدەستبهێنێت. پاشان پرۆژەیاساکە دەخرێتە بەردەم ترەمپ بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات و ببێتە یاسا، بەڵام رەنگە ترەمپ واژۆکە نەکات بەهۆی پەیوەندی زۆر نزیکی لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا.  ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا پرۆژەیاساکەی ڕەتکردەوە، ئەوکات ئەنجومەنی پیران دەتوانێت جارێکی دیکە بیخاتە دەنگدانەوە، بەڵام دەبێت ئەمجارە دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا پرۆژەیاساکە بکرێتە یاسا. واتە لەکۆی 100 سیناتۆر سەروو 66 سیناتۆریان، بە بەڵێ دەنگی لەسەر بدەن. سەرەڕای هەموو ئەمانەش لینزی گراهام دیوێکی دیکەی هەیە کە زۆربەی خەڵکی کوردستان لیی ئاگادار نین. لە ئابی 2019، پەیوەندییەکی تەلەفونی بۆ هات تێیدا کەسی بەرامبەر خۆی بە خلوسی ئاکار ناساند، کە ئەوکات وەزیری بەرگریی تورکیا بوو و لە گفتوگۆکەیاندا باسی کوردیان کرد.  بەڵام ئەو پەیوەندییە خلوسی ئاکار نەبوو، بەڵکو دوو کەسایەتی رووسی بوون کە گۆڤاری پۆڵەتیکۆی ئەمریکی دەڵێت، پەیوەندی گوماناویان بە دەزگای هەواڵگریی روسیاوە هەیە.  لەو پەیوەندییەدا لینزی گراهام نهێنی گەورەی لەسەر چەند بابەتێکی هەستیار ئاشکرا کرد و باسی کوردیشی کرد، بە خلوسی ئاکاری ساختەی گوت: کێشەی کورد کێشەیەکی گەورەیە، هەڵەیەکی گەورەمان کرد پشتمان بە کورد بەست.

شەوی رابردوو، وەفدێکی باڵای هەسەدە بەسەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوریا کۆبوویەوە. سەرچاوەیەکی باڵای ئیدارەی خۆسەر کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: وەفدی دیمەشق و هەسەدە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەو هێزانەی ئیدارەی خۆسەر کە شارە کوردییەکان دەپارێزن، بخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆی سوریا. سەرچاوەکە دەڵێت: بەپێی رێککەوتنەکە هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا تێکەڵ دەکرێن. هەرچەندە سەرچاوەکەی ئیدارەی خۆسەر زانیاری زیاتری نەدرکاند، بەڵام کورد پێیوایە دروستکردنی هێزی سوریا و یەکخستنی ئەو هەموو گروپە لەچوارچێوەی سوپایەکی یەکگرتوودا ئەستەم و قورسە. بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان وا لە دۆخەکە دەڕوانن، هێزە چەکدارەکانی سوریا تێکەڵەن لە هێزی توندڕەو، هێزی سەر بە تورکیا و هێزی سەر بە دیمەشق، هەروەها خێڵە عەرەبییەکانیش پڕ چەککراون و نزیکن لە سعودیەوە. بوونی ئەو هەموو هێزە ئەجێندا جیاوازە وایکردووە، هەسەدە پێکهێنانی سوپای سوریا و تێکەڵکردنی ئەو هەموو هێزە بەئەستەم دابنێت، بۆیە دوورتر لەمەسەلەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپا دەڕوانێت.

کوردانی باشووری کوردستان لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگن؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی هەرچەندە ئاگربەست درێژکراوەتەوە، بەڵام چەکدارانی دیمەشق ڕێککەوتن پێشێل دەکەن و ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژاڤا. شەڕڤانان لەئێستادا بەرگرییەکی سەخت دەکەن و ناهێڵن بەهیچ جۆرێک چەکدارانی دیمەشق پێشڕەوی بکەن.  سۆران ئەردەڵانی، ناسراو بە سۆرانی مەڵکەندی کە خۆبەخشانە چووەتە ڕۆژاڤا، باسی دۆخی ڕۆژاڤای بۆ هاوڵاتی کرد و گوتی، ئێمە ئاگادارکراوینەتەوە پیشڕەوی نەکەین و تەنها بەرگری بکەین، بەڵام ناشهێڵین چەکدارانی دیمەشق بێنە پێشەوە و پێشڕەوی بکەن. ----  قسەکانی سۆران مەڵکەندی هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشانەی چەکدارانی دیمەشق کە دوێنێ دووشەممە کردیانەسەر چەند ناوچەیەکی کۆبانێ و چلاغا لە حەسەکە. لە هێرشەکانیان بۆ سەر گوندێکی کۆبانێ ماڵی خێزانێکی کوردیان بە ئامانج گرت و بەپێی ڕاگەیاندراوی هەسەدە، پێنج ئەندامی خێزانەکە شەهید بوون و پێنجی دیکەش برینداربوون. هەر لە دەستپێکی شەڕەوە، گەنجانی باشووری کوردستان بە جۆشوخرۆشەوە ڕوویان لە ڕۆژاڤا کرد بۆ بەرگریی کردن و دەستیان بە هەڵگرتنی چەک کرد.  سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە شەڕڤانان ناهێڵن ئەو گەنجانەی باشوور بچنە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بەهۆی ئەوەی شارەزای شوێنەکان نین، بەڵام سۆران ئەردەڵانی ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوە کە ئێستا بەو جۆرە نییە و بە خواستی خۆتە بچیتە بەرەکانی پێشەوە هاوشانی شەڕڤانان بیت یان لە دواوە وەک هێزی پشتیوانی بمێنێتەوە. سۆران ئەردەڵانی باسی لەوەشکرد، زۆربەی ئەوانەی چوونتە ڕۆژاڤا شارەزای شەڕن و پێشتر شەڕیان بینیوە.

میدیای سووریا دەڵێ، حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی نوێ. بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە "کۆتایی بە هەموو پێکدادانە سەربازییەکان دەهێنرێ و بەرپرسیارێتی بواری ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانیش دابەش دەکرێ.    ئەمشەو تەلەڤزیۆنی سووریا بڵاویکردەوە، بەپێی لێکتێگەیشتنەکە "بڕیاردراوە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا (پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) لەنێو شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە و ناوچە گرنگ و ستراتیژییەکانی دیکەدا جێگیربن بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ." لە بەرامبەردا، شەڕڤانانی هەسەدە لەنێو گوند و شوێنەکانی ئێستای خۆیان لە دەرەوەی شارەکان دەمێننەوە.   وەک تەلەڤزیۆنی سووریا دەڵێ، خاڵێکی دیکەی لێکتێگەیشتنەکە بریتییە لە "راگرتنی یەکجاریی کردە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکانی شەڕ؛" هەروەها بڕیاردراوە دەست بە رێکارەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا بکرێ، کە بڕیارە وردەکارییەکانی ئەم پڕۆسەیە لە داهاتوودا رابگەیێندرێ.   تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی سووریا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدەش قسەیان لەبارەی ئەم "لێکتێگەیشتنە" نەکردووە، واتە نە رەتیان کردوەتەوە و نە پشتڕاستیشیان کردوەتەوە.

منداڵانی داعش چۆن پەروەردە کراون؟  ئامادەکردنی هاوڵاتی  دوای ئەوەی حکومەتی سوریا دەستی گرت بەسەر بەشێک لە بەندیخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، مەترسییەکی گەورە دروستبووە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش، بەهۆی ئەوەی حکومەتی سوریا سەدەها زیندانی جیاوازی داعشی بەناوی جیاوازەوە ئازاد کردووە و بە بێتاوان لە قەڵەمیان دەدات.  بەڵام ئەوەی زیاتر جێی مەترسییە منداڵانی تیرۆریستانی داعشن لە کەمپی هۆل کە بوونەتە جێی مەترسییەکی گەورە. کەمپی هۆل گەورەترین کەمپە لە سوریا و نزیکەی 30 هەزار خێزان و منداڵانی تیرۆریستانی داعشی لەخۆ گرتووە. لەنێو کەمپەکەدا چەندین ساڵە کەشێکی ترسناک رەخساوە بۆ بڵاوکردنەوەی بیری داعش، بەو پێیەی ژنانی ناو کەمپەکە منداڵەکانیان لەسەر بیری تیرۆریستی گەورە دەکەن.  ئەم منداڵانە جگە لە بیر و ئایدۆلۆجیای داعش هیچی دیکە نازانن، هەموو کەسێکیش بە کافر دەزانن و دەڵێن کوشتنیان حەڵاڵە.  ----  منداڵەکان هێندە بیرکردنەوەیان مەترسیدارە کە بیر لەوە دەکەنەوە گەورە ببن لەسەر دەستی خۆیان داعش بگەڕێننەوە و خەلافەت دروستبکەن، دەشڵێن، هەر ژنێک حیجاب نەکات و هەر کەسێک نوێژ نەکات دەیکوژین. ----  تەنانەت بەشێک لە میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 15 رۆژ بۆ ئاسانکردنی گواستنەوەی حەوت هەزار زیندانی داعشە بۆ عێراق، کە ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا خۆی دەڵێت عێراق رازیبووە بە وەرگرتنیان.  پێشتریش هاکان فیدان باسی لەوە کرد درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ گواستنەوەی زیندانییە داعشەکان کارێکی گرنگ و پێویستە.   

جیهان قەرزارییەتی و دەبێت ئێستا بەهانایەوە بچن ئامادەکردنی هاوڵاتی لە پایزی 2014 جیهان خەریکبوو هیوای لەدەست دەدا. داعش لە لوتکەی خۆیدا بوو؛ بەهیچ نەدەوەستێنران، بێبەزەیی بوون و وەک هەورە بروسکە شارەکانی سوریایان داگیردەکرد.  موسڵ کەوتبوو، ڕەققە بووە پایتەختی خەلافەتەکەی و شار بە شاری سوریا و عێراق دەکەوتە دەست گروپە چەکدارەکانی داعش.  زۆرێک پێیان وابوو گرتنی تەواوی سوریا لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە تەنها لەسەر کات وەستاوە. شرۆڤەکاران باسی بەحەتمیبوونی گرتنی سوریایان دەکرد لەلایەن داعشەوە و ترس هەموو سەردێڕی میدیاکانی تەنیبوو.  ئا لەو کاتەدا بەرخۆدانی کۆبانێ دروستبوو. شارێکی کوردی کە لە هەموو لایەکەوە دەورەدرابوو. هەمووان کۆبانێیان بە لەدەستدراو لەقەڵەم دەدا. تانکەکانی داعش بەلیشاو دەهاتن، ئاڵا رەشەکەیان لەسەر شوێنە بەرزەکان هەڵدەکرا و  تەواوی کامێراکان چاویان لەسەر کەوتنی کۆبانێ بوو.  تەنانەت بەشێک لە شەڕڤانان دەیانوت بەرگریی سوودی نییە، بەڵام کۆبانێ خۆی بەدەستەوە نەدا. ئا لەو کاتەدا 80%ـی شارەکە بەدەست چەکدارانی داعشەوە بوو. بەڵام بە بڕیارێکی سەرۆک بارزانی هەموو شتێک گۆڕا. لە 22ـی 10ـی 2014 لەسەر داوای سەرۆک بارزانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ناردنی پێشمەرگەی بۆ کۆبانێ دا و دوای شەش رۆژ یەکەم کاروانی پێشمەرگە بەرەو شارەکە بەڕێکەوت.  تەنها بە چەکی سووک و ئیرادەیەکی پۆڵاین، شەڕڤانان و پێشمەرگە شارەکەیان کردە قەڵای بەرخۆدان، شەقام بە شەقام و خانوو بە خانوو بەرگەیان گرت. ئەوەی داعش چاوەڕیی دەکرد بە چەند رۆژێک داگیری بکات، بووە شەرمەزاری چەندین مانگی گروپەکە.  کۆبانێ بووە مەیدانی یەکەم گەورەترین شەڕ کە داعش نەتوانێت تێیدا براوە بێت. ئا لێرەوە ئەفسانەی نەکەوتن و پتەویی داعش تێکشکینرا. لە کۆبانێوە شکانی داعش وەک پوولی دۆمینە دەستیپێکرد. تەنها بە نزیکەی دوو مانگ شارەکە لە چەکدارانی داعش پاککرایەوە. ئێستا هەمان شار ئابڵوقەیەکی تووندی لەسەرە، ئەمجارە داعش نییە کە گەمارۆی شارەکەی داوە، بەڵکو پاشماوەکانی گروپەکە و بەکرێگیراوانی تورکیان بەناوی سوپای عەرەبیی سوریا، کە ئابڵووقەیەکی تووندیان خستووەتە سەر شارەکە و لە هەموو لایەکەوە دەورە دراوە.  شارەکە لە دۆخێکی سەختدایە. ئاو، سووتەمەنی و خۆراک بۆ خەڵکی سڤیل بڕاوە. کارەبا نییە و نەخۆشخانەکانی پێداویستی پزیشکییان تێدا نەماوە، چەکدارەکانی دیمەشقیش ناهێڵن هیچ شتێک بڕوات بۆ شارەکە.  ئەو شارەی هەموو جیهان قەرزاربارییەتی ئێستا لەژێر بەزەیی چەکدارە دڕندەکانی سوپای سوریایە. هەموو ئەوانەی خۆیان بە هاوپەیمانی کورد دەزانی پشتیان تێکرد و بێدەنگن، هەروەک ساڵح موسلیم دەڵێت، ئەمە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییە و ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا و وڵاتە عەرەبییەکان تێیدا بەشدارن. بۆیە تەنها کورد دەتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات، لەبەرئەمەشە سەرۆک بارزانی رۆژی هەیینی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەگەر لە توانامدا بوایە وەک ساڵی 2014 پێشمەرگەم دەناردە کۆبانێ.  سەرۆک بارزانی لە ئیتاڵیاوە بە بیر هەموو جیهانی هێنایەوە کە ئەوە کۆبانێ بوو ئێوەی لە دەستی تیرۆر رزگارکرد و گوتی: کۆبانێ شارێکی کوردییە و نابێت دەستی لێ بدرێت، من هەرچەند بتوانم بۆ ئەو شارەی دەکەم و ئەوەی لە دەسەڵاتمدا بێت ئەنجامی دەدەم. ئەو شارەی کە تەنها زمانی بەرخۆدان دەزانێت و ئاشنا نییە بە دۆڕان، ئێستا بە بەرچاوی وڵاتانەوە دەخنکێنرێت. ئەمە چیرۆکی کۆبانێ بوو کە تەواوی جیهان لە ئاستیدا لاڵ بووە.

هەڵوێست وەرگرتن بڕیار دەدات جەنگەکە بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات ئامادەکردنی هاوڵاتی مێژوو پێمان دەڵیت کاتێک نەتەوەیەک لەژێر هەڕەشەدایە، زۆرجار بەهێزترین چەک تانک و مووشەک نییە، بەڵکو یەکگرتوویی، خۆیەکلاکردنەوە و هێڵی ئەخلاقییە.  کاتێک هەر کەسێک بزانێت هەڵویستی چۆن بێت، بەرخۆدان دێتە کایەوە، بەڵام کاتێک نەزانن، تەنانەت بەهێزترین سوپا و هێزی چەکداریش دەکەوێت. لە کاتی مەترسی بۆ سەر بوونی نەتەوەیەک، بێدەنگی هەرگیز مانای بێلایەنی نییە.  مەلا هەڵۆ بە وتارێکی باسی لە دۆخی رۆژاڤا کرد، بەڵام ئەوەی گوتی خۆبەدوورگرتن بوو لە نواندنی هەڵویستێکی جیدی و تەنانەت لەوانە تووڕە بوو کە داوای هەڵویستی لێدەکەن.  با وەک نمونە کۆبانێ وەربگرین کە قسەکەی مەڵا هەڵۆ پێچەوانە دەکاتەوە. لە ساڵی 2014 بەرخۆدانی کۆبانێ تەنها بە چەک نەکرا، بەڵکو دەنگهەڵبڕینی لایەنە جیاوازەکان وایکرد کۆبانێ ببێتە یەکەم مەیدانی شکستی داعش.  مامۆستا ئاینییەکان جەنگەکەیان بە پاراستنی شەرف و خاک وەسفکرد، سیاسییەکان ناکۆکی و دووبەرەکییان وەلاوەنا، هونەرمەندانیش لە ڕێگای کارە هونەرەییەکانییانەوە ئازاری میللەتێکیان کردە سیمبولی بەرخۆدان، تەنانەت رۆژنامەنووسانیش نەیانهێشت کۆبانێ لە ویژدانی جیهانی ون ببێت.  هەموو ئەمانە پێکەوە کاریگەرییان هەبوو، هەڵوێستی بەکۆمەڵ وایکرد شارۆچکە ئابڵوقدراوەکە ببێتە ئامانجێکی جیهانی. ئەو یەکگرتووییە پاڵپشتی نێودەوڵەتی دروست کرد و دواتریش بووە هۆی رووخانی داعش.  تەنانەت ئەگەر باس لە ئێستا بکەین، ئەو چەکدارەی کە کەزی ژنە شەڕڤانێکی بڕی ئێستا لە ترسدا دەژی، چونکە دەزانێت رووبەرووی میللەتێک وەستاوە، هەڵوێستی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان وایکرد لە ترسدا ڤیدیۆیەک بڵاوبکاتەوە و پۆزشی ناراست بهێنیتەوە کە ئەو قژە قژی دەستکردە و هی شەڕڤان نییە. ئەگەر خەڵکی هەر چوار پارچەکەی کوردستان هەڵوێستی نەبوایە رەنگە زیاتر لەسەر ئەو کارەی بەردەوام بوایە. با نمونەیەکی جیهانی و گەورەتریش بهێنینەوە تاوەکو قسەکەی مەلا هەڵۆ بەتەواوی ڕەتبکەینەوە. لە کاتی جەنگی غەزە، هەڵوێستی دەرەوەی جەنگ ژینگەی سیاسی شەڕەکەی گۆڕی. هونەرمەندان، کەسانی ئەکادیمی، بانگخواز و رۆژنامەنووسان لە تەواوی جیهان هەڵوێستی جیدیان وەرگرت.  بایکۆت کردن، خۆپیشاندانی زەبەلاح و هەڵوێستی ڕوون لەلایەن خەڵک و کەسایەتییە بەناوبانگەکانەوە حکومەتی وڵاتانی ناچارکرد بێنە دەنگ و فشاری دیبلۆماسی لەسەر ئیسرائیل دروست بکەن.  هەرچەندە لە کاتی خۆیدا جەنگ نەوەستا، بەڵام هەڵوێست نواندن، بیروڕای گشتیی جیهانی گۆڕی، بۆشایی سیاسیی بەرتەسککردەوە بۆ سنووردارکردنی شەڕەکە و قەیرانە مرۆییەکەی کردە بابەتی رۆژ. هەڵوێست سەلماندی کە خۆیەکلاییکردنەوەی ئەخلاقی توانای ئەوەی هەیە دەسەڵاتی سەربازیی سنوردار بکات. تەنانەت وایکرد لۆبی ئیسرائیلیش لە ئەمریکا تووشی کێشە ببێت، هەروەک چۆن پێش مانگێک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دانی پێدا نا و گوتی: لۆبی ئیسرائیل لە کۆنگرێس هێندەی ئێستا لاواز نەبووە. لە هەموو شۆڕش و بەرخۆدانێکدا سیمبولێک دێتە کایەوە، کە دەبێتە رەمزی ئەو بەگژداچوونەوەیە و خەڵکی هەموو جیهان بەوە شۆڕشەکە دەناسنەوە. لای خەڵکی کوردستان کەزی بووە سیمبولی بەرخۆدان و ئەمە وایکرد شۆڕشەکە تەنها لە ناوخۆدا قەتیس نەبێت و بگاتە هەموو جیهان، هەر لە ڕێی ئەمەوە خەڵکی هەموو جیهان ئێستا دەیناسنەوە و دەزانن کە ئەمە بۆ پشتگیری رۆژاڤایە، لەکاتێکدا مەلا هەڵۆ گاڵتەی پێدەکات و بە خۆپیشاندەران دەڵێت، بە رەقس و کەزی کردن ناتوانن هیچ بکەن. ئەگەر مەلا هەڵۆ تەنها کەمێک ئاگاداری دەوروبەری خۆی بووایە، دەیزانی کە فەڵەستینییەکانیش ئازاری خۆیان لەڕێی بەستنی کەفییەوە گەیاند بە هەموو جیهان و کردیانە ترێندێکی جیهانی.

ئەمریکا و ئیسرائیل چۆن لەسەر مێزی گفتوگۆ رۆژاڤایان پێشکەشی سوریا کرد؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لە رێککەوتنی پاریس لە شەشی ئەم مانگە کە تێیدا سوریا باشوری وڵاتەکەی دایە دەست ئیسرائیل و ئێستا ئیسرائیل هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سوریای بەدەستەوەیە، هەر لەو کۆبوونەوەیە بڕیار لە چارەنووسی رۆژڤا درا، بە رەزامەندی ئەمریکا و ئاگاداری ئیسرائیل.  چی روویدا؟  بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز کە لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی، ئیسرائیلی، سوری و کوردەوە باسی دەکات، لەو کۆبوونەوەیەی شەشی مانگ کە نوێنەری ئیسرائیل و ئەمریکا تێیدا ئامادەبوون، شاندی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، ئیسرائیلیان بەوە تۆمەتبارکردووە پشتگیری لە هەسەدە دەکات و داوایان لە بەرپرسانی ئیسرائیل کردووە واز لە کوردەکان بهێنن و هانیان نەدەن بۆ دواخستنی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپا. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرپرسانی سوریا پێشنیازی ئۆپەراسیۆنێکی سنورداریان کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەند ناوچەیەک کە بەدەست هەسەدەوەیە و لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی ئەمریکا هیچ بەرهەڵستییەکیان نەنوواندووە. لایەنی ئیسرائیلیش هەرچەندە پێشنیازەکەیان گوێ لێبووە، بەڵام دژایەتییان نەکردووە، تەنها ئەوە نەبێت کە پشتگیری هێرشەکەیان نەکردووە، چونکە یەخیل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا دەڵێت: لە تەواوی کۆبوونەوەکە بەشداربووم، ئیسرائیل هەرگیز هێرشی سوریای بۆ سەر کورد پەسەند نەکردووە و گڵۆپی سەوزی بۆ دیمەشق هەڵنەکردووە، هەر قسەیەک جگە لەمە بکرێت ڕاست نییە. رۆیتەرز دەڵێت، پێش لەشکرکێشییەکە، تورکیا پەیامێکی بۆ سوریا ناردووە و گوتوویەتی:، واشنتن ئۆپەراسیۆنەکە دژی هەسەدە پەسەند دەکات ئەگەر خەڵکی سڤیلی کورد پارێزراوبن. هەر ئێوارەی هەمان رۆژی و دوای کۆبوونەوەکە، سوریا هێرشی دەستپێکرد و سەرەتا لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبەوە دەستیپێکرد دواتریش دەستی بەسەر پارێزگای دێرەزوور، شاری رەققە و تەبقادا گرت و ئێستا تەنها کۆبانێ، حەسەکە و قامیشلۆ بەدەست کوردەوە ماوە. ئاژانسی رۆیتەرز بەشێک لە ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیەشی ئاشکرا کرد کە 17ـی ئەم مانگە لە پیرمام بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، لە نێوان تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەدا تۆم باراک بە مەزڵوم عەبدی گوتووە، بەرژەوەندی ئەمریکا لەگەڵ شەرعە، نەک هەسەدە و دڵنیایی پاراستنی بە هەسەدە داوە لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەی ئەحمەد شەرع زیان بە هاووڵاتییانی سڤیلی کورد بگەیەنێت یان ناسەقامگیری لە بەندیخانەکاندا دروستبکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی زیندانیی داعشی تێدایە. ئەمە لەکاتێکدایە چەکدارانی شەرع چەندین پشێویان دروستکردووە لە نێو زیندانەکان و چەندەها زیندانیی داعش ئازادکراون، بەڵام ئەمریکا هیچ هەڵویستێکی نەبووە.  لە 18ـی مانگ کە رێککەوتنە 14 خاڵییەکە واژۆکرا لەسەر چارەنووسی کورد کە هەمووی دژی کورد بوو، بەتایبەتی تێکەڵبوونی هەسەدە بە تاک نەک بە فیرقە، کە مانای ئەوەیە دەبێت هەسەدە هەڵبوەشێتەوە؛ ئەحمەد شەرع بەتەواوی ویستی شارە کوردییەکانیش داگیر بکات، بەڵام رۆیتەرز دەڵێت، ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزاکانی سەر سوریای کردووەتەوە بۆیە ئەحمەد شەرع ڕازیبوو بە ئاگربەستێکی چوار رۆژی، کە رۆژی شەممە کۆتایی دێت.  ئەوە بوو لە 20ـی ئەم مانگە تۆم باراک بەتەواوی دەستبەردانی ئەمریکای لە هەسەدە ڕاگەیاند و گوتی، رۆڵی هەسەدە بەسەرچووە و ئەمریکا پشتگیری لە قەوارەی سەربەخۆ ناکات، بەرژەوەندی کوردیش لەوەدایە بچێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوێی سوریا.  بەم شێوەیەش، ئەمریکا و تا رادەیەکیش ئیسرائیل رۆژاڤایان پێشکەشی سوریا و تورکیا کرد و پاداشتی زیاتر لە 11 هەزار شەهیدی ڕۆژاڤایان بەمجۆرە دایەوە کە گیانی خۆیان لەپێناو تێکشکانی داعش و نەهێشتنی مەترسی تیرۆر لەسەر هەموو جیهان بەختکرد.

هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپ و خیانەتکارێکی سەرەکی لە کورد ئامادەکردنی هاوڵاتی پێشتر لەسەر چەند تۆمەتێکی گەندەڵی دەستگیرکراوە، بەڵام ئێستا بووەتە سیاسییەکی گەورە، بۆ بەرژەوەندی تورکیا کار دەکات و چارەنووسی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی کورد، لە دەستی ئەودان.  ئەمە چیرۆکی تۆم باراکە، ئەو پیاوەی نغرۆ بووە لەنێو خۆبەزلزانین، ڕەگەزپەرستی و عەقڵییەتی داگیرکاری. ڕەنگە پێشتر ناویت زۆر نەبیستبێت، بەڵام لەم ڕۆژانەدا ناوی تۆم باراکت زۆر گوێ لێدەبێت چونکە بووەتە نێوەندگیر لەنێوان کورد و حکومەتی سوریا. چیرۆکی تۆم باراک پێمان دەڵێت دەسەڵات و سیاسەت چۆن لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت.  تۆم باراک لە 6ـی نیسانی 1947 لە کالیفۆڕنیا لە خێزانێکی کۆچبەری لوبنانی لەدایکبووە. باراک بەهۆی کاری وەبەرهێنان لە کاری خانووبەرەدا هەر زوو دەوڵەمەند بووە، دواتریش کۆمپانیای کۆڵۆنی کاپیتاڵی بۆ وەبەرهێنان لە خانووبەرە دامەزراند و بووە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەمریکا. بەڵام دەسەڵاتی ڕاستەقینەی باراک؛ ئەو کاتە دەستیپێکرد کە چووە نێو جیهانی سیاسەت، بەتایبەتی لەڕێی هاوڕێیەتی لەمێژینەیەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا. باراک، ڕاوێژکارێکی سەرەکی ترەمپ بوو، وەک بەرپرسی لیژنەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی 2017ـی ترەمپ، کاری دەکرد و لەو ئاهەنگەدا 107 ملیۆن دۆلاری خەرجکرد! بەمەش پێی نایە ناوەندی هەژموونی دەسەڵاتی ئەمریکاوە، بەبێ ئەوەی پۆستێکی فەرمی هەبێت.  لە پشت پەردەوە، پەیوەندی قووڵی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرد، بەتایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و سعودیە.  لە ساڵی 2021، باراک لە لایەن "ئێف بی ئای"ـیەوە بە تۆمەتی کارکردن وەک بریکارێکی تۆمارنەکراو بۆ حکومەتی وڵاتانی دەرەوە دەستگیرکرا، ئەمە جگە لەوەی تۆمەتی دیکەشی درایە پاڵ، وەک پێشێلکردنی یاسا و درۆکردن لەگەڵ ئێف بی ئای.  لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکادا هاتووە، تۆم باراک تۆمەتبارکراوە بەوەی بە نهێنی بەرژەوەندییەکانی ئیماراتی لەنێو سیاسەتی ئەمریکا و کۆشکی سپی پەرەپێداوە و لەهەمانکاتیشدا هەوڵی بۆ وەبەرهێنانی زەبەلاح داوە لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە تا پارەیەکی زۆر کۆبکاتەوە بۆ وەبەرهێنان. تۆم باراک پێگەی خۆی بەکارهێناوە لە سیاسەتی ئەمریکادا تا پەرە بە سیاسەتەکانی ئیمارات بدات، لۆبی بۆ وڵاتەکە بکات و وێنایەکی جوانی بەرپرسانی وڵاتەکە پیشانی ڕای گشتی ئەمریکا بدات، ئەمانەش بەپێی تۆمەتەکانی پاڵی، نایاسایین و بە گەندەڵی لە قەڵەمدران. باراک دوو رۆژ دەستگیرکرا و دواتر بە کەفالەتی 250 ملیۆن دینار، ئازاد کرا. لە ساڵی 2022 دوای ئەوەی دادگایی کرا، تۆم باراک بە بێتاوان لە قەڵەم درا.  هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە بێتاوان دەرچوو، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ئەو مێژووەی بووە خاڵێکی ڕەش. ئێستا ئەم پیاوە لە مانگی ئایاری 2025ـەوە، لەسەر دەستی ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ نێو جیهانی سیاسەت و دوو پۆستی پێدراوە. هەم وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و هەم وەک نێردەی تایبەتیی ترەمپ بۆ سوریا کاردەکات. زۆربەی ڕەخنەگرانی ئیدارەی ترەمپ، تۆم باراک بە کەسێکی ڕەگەزپەرست، خۆبەزلزان و قسە لەڕوو وەسف دەکەن، تەنانەت هەندێک پێی دەڵێن ئێستا بووەتە داردەستی تورکیا. بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، تۆم باراک هێندەی وەک بالیۆزێکی تورکی مامەڵە دەکات، هێندە وەک باڵیۆزێکی ئەمریکی کار ناکات و هەمیشە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوپێش دەبات.  بیروبۆچوونی لەسەر کورد چاوێکی ڕەخنەگرانەی لەسەرە چونکە لەم شەڕەی حکومەتی سوریا دژی هەسەدە، ڕێک ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەکات تورکیا دەیەوێت، ئەویش لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و داماڵینی چەکە لە هەسەدە، هەربۆیەش بە ئاشکرا ڕایگەیاند، ئێستا ئیتر ڕۆڵی هەسەدە دژی شەڕی داعش بەسەرچووە و حکومەتی سوریا دەتوانێت ئەو ڕۆڵە وەربگرێت، باشترین کارێکیش کورد بیکات ئەوەیە بچێتە ژێر سایەی حکومەتی سوریا. هەرچەندە خۆی بە ڕەچەڵەک ڕۆژهەڵاتییە، بەڵام عەقڵیەتێکی ڕۆژئاوایی هەڵگرتووە و بە چاوێکی سووک و عەقڵێکی داگیرکرانەوە لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانێت. یەکێک لەو نمونانەی ئەم قسەیە دەسەلمێنێت ئەوەیە کە ساڵی ڕابردوو بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی لوبنانی گوت، دەبێت وەک کەسانی "شارستانی" مامەڵە بکەن و وەک "گیانەوەر" مەبن، ئەمەش ڕێک هەمان عەقڵیەتی ڕۆژئاواییە کە سەدەها ساڵە بەم بیرکردنەوەیە برەویان بە داگیرکاریی وڵاتانی ڕۆژهەڵات داوە. هەر بۆیەش ئێستا ئەمریکا بە چاوساغی تۆم باراک پشتی لە کورد کردووە و دەڵێت، واشنتن دەیەوێت هەموو نەتەوەکانی سوریا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا بژین و برەو بە جیاکاری و سەربەخۆیی نادات، ئەمەش ڕێک مەبەستی لە ڕۆژاڤایە و دەیەوێت کورد لە ناوچەی خۆی سەربەخۆیی نەمێنێت.  چیرۆکی باراک تەنها چیرۆکی کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو چیرۆکێکە بەشە سەرەکییەکەی لەسەر پارە و هەژموونە کە تێیدا باراک، کاتێک لە چاوی کامێراکان دوورە، سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە و وەک بازرگانێک هەمیشە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئەوانەوەیە کە پاڵپشتیی لێدەکەن

ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، ئەو کۆبوونەوانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە دیمەشق و پاریس و عێراق ئەنجام دراون، ڕێگەخۆشکەربوون، بۆ هێرشی چەتەکانى هەتەشە و داعش بۆ ناوچەکانى باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەبێ ناڕەزایی ڕاستەوخۆی ئەمریکا. حکومەتی سووریا لە پاریس پێشنیازی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە کردووە، نە ئەمریکا و ئیسرائیل، رێگر نەبوون و رەتیان نەکردەوە هێرش بکرێتە سەر هەسەدە، لەوێوە رێگە خۆشکرا بۆ هێرشی سوپای عەرەبی سووریا و گرووپەکان بۆ ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمریکاش ' زێدەڕۆییەکانی ئەحمەد شەرع' لە هێرشەکانی وایکرد کۆنگرێسمانانی ئەمریکا بیر لە سەپاندنەوەی سزا بکەنەوە، بەڵام بە راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ هەسەدە، شەرع نەکەوتە ژێر ئەو هەنگاوە. رۆیتەرز بە پشت بەستن بە زانیاری 9 سەرچاوە وردەکاریی بڕیار و گفتوگۆی پشت دەرگە داخراوەکانی باس کردووە، بەپێی راپۆرتەکە: "ئەمریکا هیچ رێگر نەبووە لە ئۆپەراسیۆنەکان کە هاوسەنگی هێزی  بەشێوەیەکی ریشەیی لە سووریا دژی هاوپەیمانێکی 10 ساڵەی ئەمریکا گۆڕی.'' راپۆرتەکە ئەو هەنگاوانە باس دەکات لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نراون دژی هەسەدە لە کۆبوونەوەکاندا، بەپێی سەرچاوەیەکی سووری: "ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا لەو کۆبوونەوانە دوو سەرکەوتنی سەرەکی بەدەستهێناوە، بەهێزکردنی بەڵێنەکەی بە یەکخستنی هەموو خاکی سووریا لەژێر یەک سەرکردایەتیدا و بوون بە هاوپەیمانی دڵخوازی ئیدارەی ئەمریکا بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ." هێرشی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق ناوچەیەکی زۆری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەدەستی هەسەدە دەرهێنا، بەپێی راپۆرتەکە: "تاقیکردنەوەیەکیش بوو بۆ سنووری پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ شەرع، کە پێشتر سەرکردایەتی لقی قاعیدەی لەو وڵاتە دەکرد.''   ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە نۆ سەرچاوەی دیپلۆماسیی و سیاسیی سەبارەت بە چۆنییەتى ڕێککەوتن لە سەر هێرشکردنە سەر ڕۆژئاواى کوردستان لەلایەن دەوڵەتى داگیرکەرى تورک و چەتەکانى هەتەشەوە، زانیارى نوێی نەبیستراوی ئاشکرا کرد. ئاژانسەکە بڵاوى کردەوە، کۆبوونەوەی دیمەشق لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ٤ـی کانوونى دووەم بە کتوپڕی کۆتایی پێهات، بەمەش گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا کۆتایی پێهات، دوو بەرپرسی سووریا ئاماژەیان بەوە کرد، کۆبوونەوەیەکی دواتر لە پاریس تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەخۆگرتبوو. پەیامی تورکیا لە کۆبوونەوەکانی پاریس لە بەرچاوگیراوە سەرچاوەیەکی سووری ڕایگەیاند، گفتوگۆکانى پاریس دەستی خستووەتە سەر هێرشی سنووردار دژی هێزەکانی  قەسەدە، بەبێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەکی ڕوون و ئاشکرا بێتە ئاراوە و پەیامێکی تورکیاش گەیاندووە، کە ئاماژە بەوە دەکات واشنتۆن دژایەتی کردەوەی سەربازی ناکات بە مەرجێک هاووڵاتیانی مەدەنی کورد پارێزراو بن. ئاڕاستەی بەرژەوەندی ئەمریکا؛ پشتیوانی لە دیمەشق بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، واشنتۆن ئاماژەی ناردووە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە پشتگیرییەکانی دەکشێنێتەوە، سێ سەرچاوە پشتڕاستیان کردووەتەوە، تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانى سووریای دیموکراتی ئاگادار کردووەتەوە کە “بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لەلای حکومەتی جۆلانییە نەک لای ئەوان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە ئەولەوییەتەکانی ئەمریکا، سەبارەت بە نەخشەی سووریا. گواستنەوەی ٧ هەزار زیندانی داعش بۆ عێراق؛ دیار نییە براونەتە کوێ ئەم پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ کۆمەڵێک هەنگاوی ئەمنیی و سیاسیی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویانداوە، لەوانە ڕاگەیاندنی پلانی گواستنەوەی حەوت هەزار دەستگیرکراوی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق لە چالاکییەکى ڕێکخراو و ئەمنى بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا. هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و وتەی سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گواستنەوەی وەجبەی دەستگیرکراوانی داعش لەو زیندانانەی کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) کۆنترۆڵکرابوون.