ئەو گروپانە کێن لەژیر ناوی حکومەتی سوریا شەڕ بۆ تورکیا دەکەن؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی ماوەی سێ رۆژە چوار گروپی سەر بە دیمەشق هێرشی ناڕەوایان بۆسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستپێکردووە، بەڵام لە راستیدا ئەمانە چەکداری بەکرێگیراوی تورکیان و لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریی سوریا چالاکی ئەنجامدەدەن.  لەم راپۆرتەدا بەوردی باسیان دەکەین کە چۆن دامەزراون و پەیوەندییان بە تورکیاوە چییە. ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ناسنامەی ئەو چوار گروپەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هەریەک لە فیرقەی سوڵتان سولەیمان شا، فیرقەی سوڵتان موراد، فیرقەی حەمزە و بزووتنەوەی نورەدین زەنکی هێرشی سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئەنجام دەدەن.  با لە فیرقەی سوڵتان مورادەوە دەستپێبکەین چونکە ئەمە گرنگترینیانیە. فیرقەی سوڵتان موراد  لە ئازاری ساڵی 2013ـەوە دروستبووە و سەرکردەکەی فەهیم عیسایە کە یاریدەدەری وەزیری بەرگری سوریاشە بۆ کاروباری باکووری سوریا. ئەم گروپە لە پێکهاتەی تورکمان دروستبووە و تورکیا چەندین ساڵە هاوکاری دارایی و سەربازیی دەکات و تەنانەت راهێنانیشی پێدەکات. فەهیم عیسا چەند جار سەردانی تورکیای کردووە و لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەوە پێشوازی لێکراوە، لەوانە سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری پێشووی ناوخۆی تورکیا لە ساڵی 2021 و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە ساڵی 2023. گروپی دووەم فیرقەی سوڵتان سولەیمان شایە کە بە فیرقەی عەمشات ناسراوە و لەلایەن ئەبو عەمشەەوە سەرکردایەتی دەکرێت. ئەبو عەمشە، کە ناوی تەواوی محەمەد جاسمە لەساڵی 2018 هێزەکەی دامەزراند وهەر زوو خۆی خزاندە نێو سویا نیشتمانی سوریا کە ئەوکات سوپای ئۆپۆزسیۆنی سوریا بوو و تورکیا پشتگیری تەواوی دەکرد. کەناڵی بی بی سی عەرەبی دەڵێت، ناوی گروپەکە لە سولەیمان شا، باپیرە گەورەی عوسمانی یەکەمەوە، وەرگیراوە کە دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە، ناوەکەش گوزارشتە لە سیاسەتی پاوانخوازی ئێستای تورکیا. دامەزراوەی جەیمستاونی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا باس لە ئەبو عەمشە دەکات ودەڵێت، هەر زوو وەک کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەرکەوت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی دەکرد. دامەزراوەکە باس لەوە دەکات، ئەبو عەمشە بووە سیمبولێکی ناسراوەی تورکیا و پاڵپشتیکارانی شوناسی سوننی لە سوریا. گروپی سێیەم فیرقەی حەمزەیە کە بە حەمزات ناسراوە و ئەمیش لە 2012 بۆ 2013 دامەزراوە. سەیفەدین بولاد کە بە سەیف ئەبوبەکر ناسراوە سەرکردایەتی ئەم گروپە دەکات و چەندین ساڵە هاوکاری لۆجیستی و دارایی لە ئەنقەرەوە پێدەگات. فیرقەکە بەشێک لە شارۆچکەکانی وەک ئەلباب، جەرابلوس و بەشێکی عەفرین بەڕێوە دەبات.  هەریەک لە فیرقەی حەمزە و عەمشات پێشتر چەندین جار بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی رۆژاڤا کردووە.  گروپی چوارەم بزووتنەوەی نورەدین زەنکییە، لە ساڵی 2014ـەوە دروستبووە و شێخ تەوفیق شەهابەدین سەرکردایەتی دەکات. ئەم فیرقەیە چەندین جار بەیعەتی خۆی بۆ گروپە جیاوازەکان گۆڕیوە و ساڵی 2017 چووە نێو دەستەی تەحریر شام، بەڵام زۆری پێنەچوو، لێی جیا بوویەوە و شەڕی دژی راگەیاند، تا لە ساڵی 2019 دەستەی تەحریر شام بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع بزووتنەوەی نورەدین زەنکی تێکشکاند، دواتر چوونە عەفرین و تێکەڵ بە سوپای نیشتمانی سوریا کران.  ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەڵێت، هەموو ئەم گروپانە لە لسیتی سزا نێودەوڵەتییەکاندان بەهۆی تاوان و سەرپێچیکردنیان لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەشداریکردنیان لە چەندین کشتوبڕ و تاوانی گەورەی دیکەدا.  گروپی حەمزە و عەمشات و سەرکردەکانیشیان لەساڵی 2023ـەوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان. چەندین پێشێلکاری ئەم دوو گروپە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمارکراوە، وەک بەئامانجگرتنی نەژادی، کوشتنی نارەوا و توندوتیژی سێکسی دژی کەمە نەتەوایەتییەکان، لەوانە عەلەوییەکان و کورد. هەروەها دەستیان هەیە لە کوشتوبڕی هەڕەمەکی، تاڵانی فراوان و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی خەڵک، بەتایبەتی لە عەفرین و مەنبەج.  بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، هەمان ئەم گروپانە بەشداربوون لە کوشتاری عەلەوی و دروزەکان لە ساڵی رابردوو. دامەزراوەی جەیمستاون دەڵێت، ئەمەی دەگوزەرێت لە سوریا ئەوەمان پێدەڵێت کە میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق کار دەکەن چونکە هاوکاری لۆجیستی و داراییان لە ئەنقەرەوە پێدەگات و زیاتر دەبێت وەک موڵکێکی تورکی لێیان بڕوانرێت نەک هیزی سوپای سوریا. دامەزراوەکە دەشڵێت، رەنگ ەئەمە بەدەستی ئەنقەستیش بێت چونکە حکومەتی سوریا دەیەوێت وا بمێننەوە و کۆنترۆڵی تەواوەتییان نەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، ئەگەر ئەمەش راست بێت ئەوا ئەم گروپانە ئازاد دەبن لەوەی دژی هەر "دوژمنێکی" دیمەشق بوەستنەوە بەبێ ئەوەی حکومەتی سوریا لە تاوانەکانیاندا تێوەبگلێت، هەروەک ئەوەی ئیستا بەرامبەر کوردانی حەلەب دەیکەن.  

لە کۆبوونەوەکانیان باسی هەسەدەیان کردووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لە کۆبوونەوەکانی پاریس لەنێوان تیمی دانوستانکارانی ئیسرائیل و سوریا کە بە سەرپەرشتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە زیاتر لە بەرژەوەندی تەلئەبیبە و داواکانی دیمەشق پشتگوێخراوە.  لەدوای دوو رۆژ لە کۆبوونەوەی چڕ، هەر سێ لایەنی ئەمریکی-ئیسرائیلی-سوری بەیاننامەیکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ئیسرائیل و سوریا رازیبوون بە دامەزراندنی شانەیەکی پەیوەندی بۆ ئاسانکردنی هەماهەنگی لەنێوانیاندا لەسەر بابەتی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، هێورکردنەوەی دۆخی سەربازیی، پەیوەندی دیپلۆماسی و زیادکردنی هەلی بازرگانی، سەرجەم ئەمانەش لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت. شاندەکەی سوریا بە سەرپەرشتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و شاندەکەی ئیسرائیلیش رۆمان گۆفمان، سکرتێری سەربازی نەتانیاهۆ و گیل رایک، راوێژکاری کاتی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلی تێدا بوو. ئەمە پێنجەم خولی دانیشتنەکانی هەردوولا بوو بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لەسەر سنووری وڵاتەکانیان و کەناڵی ئای24نیوزی ئیسرائیلی دەڵێت، دیمەشق لاری لەسەر ئەوە نییە ئیسرائیل نووسینگەیەکی پەیوەندی و هەماهەنگی لە دیمەشق بکاتەوە بەو مەرجەی نووسینگەکە پێگەی دیپلۆماسی هەڵنەگرێت، ئەمەش رێک پێچەوانەی سیاسەتی سوریا خۆیەتی کە نایەوێت هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت.  پیشتر داواکاری سوریا ئەوە بوو، ئیسرائیل بکشێتەوە لەو ناوچانەی باشووری سوریا کە لەکاتی رووخانی رژێمی ئەسەد داگیریکرد، بەڵام لە کۆبوونەوەکاندا نەک هەر ئەوەی بۆ جێبەجێنەکراوە، بەڵکو ئیسرائیل بەنیاز نییە بە هیچ شێوەیەک لەو شوێنانە بکشێتەوە.  لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئیسرائیل بە قووڵایی نزیکەی 40 کیلۆمەتر هاتە نێو خاکی سوریاوە و پێگە سەربازییەکانی تەنها 25 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورن.  بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی، واشنتن لە کۆبوونەوەکانی پاریس پێشنیازی دامەزراندنی زۆنێکی ئابووری کردووە لە ناوچەکانی سەر سنووری هەردوولا و بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی گوتووە، ئەم زۆنە ئابووریە کێڵگە بەخێوکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵکردن و باشترین خلیسکێنەی سەر شاخی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدا دادەمەزرێنرێت، درووزەکانیش تێیدا بەشدار دەبن کە باشترینن لە پێشوازیکردنی گەشتیاران. چۆن باسی هەسەدە کراوە؟ بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئای24نیوزی ئیسرائیلی، تەلئەبیب داوای لە واشنتن کردووە جارێ رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دوابخرێت لەبارەی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا تاوەکو ئیسرائیل خۆی دەگات بە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتا لەگەڵ دیمەشقدا سەبارەت بە ناوچەکانی سەر سنوور.  سوریا فشارێکی زۆر لە هەسەدە دەکات لەسەر تێکەڵبوون بە سوپای وڵاتەکە رازیببێت و لە کۆتایی ساڵی رابردوو چەندین جار هێرشکرایە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و ئێستاس دوو رۆژە هەمان هێرش لەلایەن گروپەکانی سەر بە دیمەشەقەوە بۆ سەر ئەو گەڕەکانە دەستیپێکردووە، هەسەدەش بە پیلانی تورکیای دەزانێت و دەڵێت، لەماوەی دوو رۆژدا حەوت کەسی سڤیل کوژراون و 52 کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

تۆقیوون لەوەی دوای مادورۆ سەرەی ئەوان بێت ئامادەکردنی هاوڵاتی لەدوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و رفاندنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی وڵاتەکە، بۆ شاری نیویۆرک، کۆمەڵێک وڵات ترسی گەورەیان لێنیشتووە کە رەنگە ببنە نێچیری داهاتووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.  دەستگیرکردنی مادورۆ سەرجەم هاوکێشەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، سەروەری خاک و جەنگی گۆڕیوە و ئێستا ئیتر هیچ سەرۆکێک ناتوانێت خۆی لەژێر سەروەری خاکی وڵاتەکەی بپارێزێت. ئاماژەیەکی گەورە هەیە ئەمجارە سەرەی ئێران بێت، بەتایبەتی ئێستا کە خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکە ماوەی 10 رۆژە بەردەوامییان هەیە.  بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێستا بەرپرسانی ئێران فشارێکی گەورەیان لەسەرە هەم لەلایەن خۆپیشاندەران وهەم لەلایەن ئەمریکاوە، بۆیە بەتەواوی دەستیان گیراوە و بژاردەی باشیان لەبەردم نییە بۆ دەرچوون.  بەرپرسێکی ئێران بە رۆیتەرزی گوتووە،  بەشێک لە بەرپرسانی ئێران دوای رووداوەکانی ڤەنزوێلا ترسیان هەیە رەنگە ببنە قوربانی داهاتووی سیاسەتە تووندەکانی ترەمپ، ئێستا لە تاران ترسی ئەوە دروستبووە رەنگە ترەمپ یان ئیسرائیل کردەی سەربازیی دژی ئێران ئەنجام بدەن.  هەرچەندە تا ئێستا خۆپیشاندانەکانی ئێران بۆ زیاتر لە 22 شار و پارێزگا فراوان بوون، بەڵام هێشتا لەرووی قەبارە و ژمارەوە بچووکە و نەگەیشتووەتە ئاستی نارەزایەتییەکانی ژینا ئەمینی لە 2022 بۆ 2023. تائێستا 19 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژراون و پێشتر ترەمپ گوتی، هەر بزانین ئێران خۆپیشاندەران دەکوژێت یەکسەر دەستوەردان دەکەین و خۆپیشادەران رزگار دەکەین.  رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، چەند ئاماژەیەکمان بەدەستگەیشتووە دەریدەخات ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە بەجۆرێک دەستوەردان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران بکات و هەڕەشەی هێز بەکاربهێنێت یان هێرشێکی سنووردار ئەنجام بدات بەمەبەستی پشتگیرکردنی خۆپیشاندەران. رۆژنامە ئیسرائیلییەکە دەڵێت،  تا کاتی پێش دەستگیرکردنی مادورۆ، زۆربەی بەرپرسانی ئیسرائیل بەو جۆرە لە خۆپیشاندانەکانی ئێرانیان نەڕوانیوە کە گۆڕینی رژێم پێویست بێت، بەڵام ئێستا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن لابردنی مادورۆ لەسەر دەسەڵات دەکرێت ببێتە پێشینەیەک بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازیی دژی رژێمی ئێران. ئۆرشەلیم پۆست دەشڵێت، هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە بڕیاری کۆتایی درابێت لەسەر بابەتەکە و تەنها بۆچوونێکە کە دروستبووە، بەڵام وادەردەکەوێت دەستوەردانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا بۆ ئیسرائیل بووبێتە جێی سەرسوڕمان و هێرشەکە هەموو حساباتەکانی ئیسرائیلی لەبارەی ئێرانەوە گۆڕیوە. تەنها ئەمە نییە، بەرپرسانی ئێران ئێستا لە دۆخێکدان کە پلانی هەڵهاتنیشیان داناوە. رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردووەتەوە، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران پلانی داناوە بۆ مۆسکۆ هەڵبێت لە حاڵەتی ئەوەی خۆپیشاندانەکان فراوان ببن و توانای کۆنتڕۆڵکردنیان نەمێنێت. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، خامنەیی تەمەن 86 ساڵ لەگەڵ 20 کەس لە کەسە نزیکەکانی خانەوادەکەی و راوێژکارەکانی، کە موجتەبای کوڕیشی تێدایە، فڕۆکەیەکیان بۆ ئامادەکراوە و رێی دەرچوونیانە ئەگەر بزانن سوپای پاسداران شکست دەهێنێت و خۆپیشاندەران سەردەکەون. سەرچاوەکە دەشڵێت، پلانی هەڵاتنەکە ئەمانە لەخۆدەگرێت، کۆکردنەوەی سەروەرت و سامان و بردنی پارەی کاش لەگەڵ خۆیان بۆ مۆسکۆ، ئەمەش هەمان تاکتیکی بەشار ئەسەد، سەرۆکی رووخاوی سوریایە کە لە کۆتایی 2024 بۆ مۆسکۆ هەڵات. تەنانەت پێش رووداوەکانی ڤەنزوێلاش، ترسی ئەوە هەبوو لە 2026 ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر ئێران چونکە بە گویرەی راپۆرتێکی ئاکسیۆسی ئەمریکی، نەتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیل هێرشەکەی پێشوویان بەدڵ نەبووە و نەتانیاهۆ لە سەردانەکەی هەفتەی رابردووی بۆ لای ترەمپ باسی ئەگەری هێرشکردنەسەر ئێرانی کردووە.

هاوەڵ و پشتگیریکاری سەرسەختی مەزڵوم عەبدییە ئامادەکردنی هاوڵاتی. عەمید کێڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزی هاوبەشی ئەرکە تایبەتەکانە لە عێراق و سوریا بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش. لەدوای ئەوەی هاوەڵی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ـی کرد بۆ دیمەشق، بووەتە ناوێکی بەربڵاوی میدیا کوردی و عەرەبییەکان. لامبێرت کێیە؟ عەمید کیڤین جەی لامبێرت لە ساڵی 1971 لە فۆرت پۆلکی ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا لە خێزانێکی سەربازی لە دایکبووە. لامبێرت لە ساڵی 1993 لە زانکۆی ساوس جۆرجیا بووەتە ئەفسەر و چەندین رۆڵی گرنگی پێدراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا. ئەزموونەکانی لامبێرت زۆرن، تەنانەت راهێنانی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش کردووە لە حوزەیرانی ساڵی 2024 کاتێک فەرماندەی گشتی فەرماندەیی هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بووە و هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80. لە حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە، پۆستی فەرماندەی هێزی هاوبەشی ئەرکە تایبەتەکانی لە عێراق و سوریا بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش پێدراوە. یەکەم کەسیش مەزڵوم عەبدی پیرۆزبابیی پۆستەکەی لێکرد و گوتی، بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ لامبێرت دەکەین بۆ وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتیە لەم کاتە هەستیاردا، کە پێویستی بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش هەیە. لامبێرێتیش لە وەڵامی پەیامەکەی عەبدی دا گوتبووی، هاوبەشی نێوان ئەمریکا و هەسەدە تەنیا سەربازی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سەقامگیری درێژخایەنەوە هەیە. لامبێرت، پشتگیریکارێکی رێککەوتنامەی 10ـی ئازاری نێوان دیمەشق و هەسەدە و تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە بە سوپای سوریا. ئەوەی زۆترین چاوی چووەتەسەر سەردانەکەیەتی بۆ دیمەشق لەگەڵ شاندی هەسەدە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا.  ئامادەبوونی لامبیرت و هاوەڵیکردنی مەزڵوم عەبدی دەریدەخات کە گفتوگۆکان جیدین و ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتن دەیەوێت وەک گەرەنتیکارێکی رێککەوتنەکە ئامادەبێت تا زامنی ئەوە بکات تێکەڵبوونی هەسەدە دەکەوێتە ئەو چوارچێوە فراوانە ئەمنییەی ئەمریکا دیاریکردووە. بەگوێرەی هەندێک هەواڵی نافەرمی، مەزڵوم عەبدی و کێڤن لامبێرت بە یەک فڕۆکە سەردانی دیمەشقیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا. تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام هەسەدە دەڵێت:  کۆبوونەوەکە لەبارەی گفتوگۆکردن لەسەر تێکەڵبوون بە سوپای سوریا بوو لەچوارچێوەی دیالۆگە فەرمییەکاندا، هەردوولا رێککەوتن بەردەوامی بە کۆبوونەوەکان بدەن لە چەند رۆژی داهاتوودا و بابەتی تێکەڵبوون بە سوپای سوریا بەشێوازێکی رێکخراو تاووتوێ دەکرێت هەتاوەکو دەگەین بە ئەنجام.

چیرۆکی ئەو وڵاتەی خاوەنی زۆرترین ئاڵتوونی رەشە، بەڵام خەڵکەکەی لە هەژاریدا نقووم بوون ئامادەکردنی هاوڵاتی. نزیکەی 48 کاتژمێر بەسەر هێرشی ئەمریکا بەسەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی مادورۆ تێدەپەڕێت، دۆناڵد ترەمپیش لە یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا  گوتی، مادورۆ تاوانبارە بە تیرۆر و بارزگانی مادەی هۆشبەر بە هاوردەکردنی بۆ ئەمریکا. بەڵام ئەوەی دەمێکە ترەمپ باسی دەکات و کەمتر چاوی خەڵکی کەوتووەتە سەر، پرسی نەوتی ڤەنزوێلا و قەرزەکانی وڵاتەکەیە بۆ کۆمپانیای شێفرۆن، کە بە نزیکەی دوو و بۆ سێ ملیار دۆلار  دەخەمڵێنرێت و راپۆرتێکی سکای نیوزیش بە هۆکارێکی هێرشەکەی دەزانێت. دۆناڵد ترەمپیش لە کۆنفرانسەکەی دوێنیدا یەکسەر گوتی، جارێ خۆمان ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین و کۆمپانیای گەورەی ئەمریکیشان بۆ دەنێرین بە بڕی ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە بواری نەوتدا بکات و پارەکەی دەدەین بە خەڵک. مێژووی بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا دووردرێژە، بەڵام ئێمە لە ساڵی 1990ـەکاوە باسی دەکەین کاتێک هۆگۆ جاڤێز، سەرۆکی ئەو کاتی ڤەنزوێلا دەرگای وڵاتەکەی بەرەو ڕووی کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێانی نەوت کردەوە و هەرسێ کۆمپانیای ئەمریکی کۆنکۆفلیپس و ئێکسیۆن مۆبیل  و شێفرۆن روویان لە ڤەنزوێلا کرد. ئامانجی دەرگا کردنەوەکەی چاڤێز بۆ وەبەرهێنان لە بواری نەوتی قورس بوو کە جۆرێکی تایبەتە و وەک قیر وایە، پێویستی بە کێڵگەی تایبەت و مادەی کیمایی تایبەت هەیە بۆ شل کردنەوە و فرۆشتنی، ئەمریکاش پێویستی زۆری بەو جۆرە نەوتە هەیە، چونکە پاڵاوگەکانی تەکساس و لویزیانا پێویستیان بەو جۆرە نەوتەیە، بۆ ئەوەی لەگەڵ نەوتی سوکی وڵاتەکە تێکەڵی بکەن و رێژەیەکی زۆر گازوایل بەرهەم بهێنن، کە کارگەکانی ئەمریکا خواستی زۆریان لەسەری هەیە. هاتنی ئەو سێ کۆمپانیایە، بەرهەمهێنانی نەوتی گەیاندە بەرزترین ئاستی وڵاتەکە کە سێ ملیۆن و  300 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا. مانەوەی ئەو سێ کۆمپانیایە چەند ساڵێکی خایاند و هۆگۆ چاڤێز لە بڕیارەکەی پەشیمان بوویەوە و لە ساڵی 2007 بڕیاری دا،  نەوتی وڵاتەکە بە نیشتمانی بکات کە لە ٪64ـی بەرهەمهێنان بکەوێتە سەر کۆمپانیا خۆماڵییەکە، کە ناوی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ڤەنزوێلایە. کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش جگە لە  شێفرۆن وڵاتەکەیان بەجێهێشت و رازی نەبوون لە ژێر سیاسەتی حکومەتەکەی چاڤێز ئیش بکەن، بەڵام شێفرۆن مایەوە. بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت تەواو کەمی کرد، کە لە کۆتایی ئەمساڵدا گەیشتە ملیۆنێک و 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. قەرزەکانی ڤەنزوێلا چەندە؟ هەرچەندە ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی جیهانە، کە بە نزیکەی 300 ملیار و سێ ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێنرێت، قەرزی کۆمپانیا شێفرۆنیش بە نزیکەی سێ ملیار دۆلار دەخەمڵیندرێت، قەرزەکان لەبەرە ئەوە بوون کۆمپانیاکە سیستمی سۆفتوێری بۆ کۆمپانیا نیشتمانییەکە دابین دەکرد. ئەمریکا لە ساڵی 2017ـەوە سزای بەسەر نەوتی ڤەنزوێلا سەپاند، بەڵام بۆ دانەوەی قەرزەکانی کۆمپانیای شێفرۆن، ئەمریکا رازی بوو، بەشێک لە نەوتی ڤەنزوێلا بۆ ئەمریکا بنێرێت بەو مەرجەی پارەی نەدرێت بە حکومەتەکەی مادورۆ، بۆ ئەوەی قەرزەکانی سەر کۆمپانیاکە نەمێنێت. بۆچی ئابووری ڤەنزوێلا وا داڕووخا و قەرزارە؟ هۆکارەکان زۆرن، بەڵام سێ هۆکاری سەرەکی هەبوون، یەکەمیان رۆشتنی ئەندازیار و کۆمپانیا بیانییەکان و شوێنگرتنەوەیان بە کەسانی سیاسی و ناشارەزا، کە توانای بەڕێوەبەردنی کێڵگەکەیان نەبوو و ئاستی بەرهەمهێانیان بە تەواوی دابەزاند. دووەم هۆکار، حکومەت پلانێکی نەبوو بۆ خەرجکردنی پارەی نەوت، کە گازوایل بە نرخێکی هەرزان و خۆراکی بێبەرامبەر بە هاوڵاتیان دەدا و تەنانەت نزخی گازوایل لە نرخی ئاویش هەرزانتر بوو، خەڵکیش گازوایلەکەیان بە قاچاخ بۆ دەرەوە دەبرد. سێیەم هۆکار، بیرە نەوتەکان بەردەوام نەوتی لێبەرهەم دەهێنرا، بەڵام حکومەت ئامادە نەبوو بەشێک لە پارەکەی لە نۆژەنکردنەوەی بیر و کێڵگەکان خەرج بکات.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو ئاشكرایكرد، له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێراندا، لانیكه‌م 17 هاوڵاتی كوژراون كه‌ 9 هاوڵاتیان لوڕ و 7 هاوڵاتیان كورد بون. ئاوێنه‌: رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌ راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، هاوکات لەگەڵ  تێپەڕبونی هەفتەیەک بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، تا ئێستا شوناسی 17 هاوڵاتی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەدا، کوژراون، لەلایەن تیمی هەنگاوەوە پشتڕاست کراونه‌ته‌وه‌. رێكخراوه‌كه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، هەروەها لانیکەم 6 حاڵەتی دیکە لەلایەن تیمی پشتڕاستکردنەوەی هەنگاو لە ژێر لێکۆڵینەوەدان کە لە ئەگەری دڵنیابونەوە له‌ كوژرانیان بڵاودەکرێنەوە. ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، لە کۆی ئەو 17 هاوڵاتییەی کە کوژراون لانیکەم 9 کەسیان لۆڕ و 7 کەسیشیان کورد بون و هاوڵاتییەکی فارسیش لە هەمەدان کوژراوە.   ناوی هاووڵاتییە کوژراوەکان بەم شێوەیەیە:   شەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢ی ژانوییەی ٢٠٢٦) ١. مەهدی ئیمامیپوور، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەلەکشاهی سەر بە ئیلام، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کرایە ئامانج و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی خومەینی لەو شارە، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا. ٢. فارز ئاقا محەممەدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەلەکشاهی ئیلام، لە ڕەوتی هەمان ناڕەزایەتییانەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. ٣. ڕەزا عەزیمزادە، هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشاهی، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان و کوژرا. ٤. محەممەد موقەدەسی (بزوونە)، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەلەکشاهی ئیلام، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا.   هەینی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢ی ژانوییەی ٢٠٢٦) ١. ئەمیرحوسێن بەیاتی، هاووڵاتیی خێزاندار و خەڵکی هەمەدان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژرا. تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بەعسەتی هەمەدان و دامودەزگا حکومەتییەکان ڕەتیان کردووەتەوە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە و گوشاریان بۆ هێناون بۆ ئەوەی وەک «هێزی بەسیج» بیناسێنن. ٢. عەلی عەزیزی جەعفەرئابادی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٤٢ ساڵ، خەڵکی گوندی جەعفەرئاباد هەزارخانی و دانیشتووی شارستانی هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. ئەم گیانبەختکردووە خێزاندار و باوک بووە.   پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١ی ژانوییەی ٢٠٢٦) ١. مەنسوور موختاری، هاووڵاتیی لۆڕی خەڵکی مەروودەشت سەر بە پارێزگای فارس، لە کاتی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان بۆ کوژرانی خوداداد شیروانی، لە بەردەم کلانتەری ١١ی ئەو شارە لە پێشەوە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و گیانی لەدەست دا. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، گوللەی کلاشینکۆف بەر سکی کەوتووە. ٢. ئەحمەدڕەزا ئەمانی، هاووڵاتیی لۆڕی تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵکی ئەزنا سەر بە پارێزگای لۆڕستان، دەرچووی بەشی یاسای زانکۆی یەزد و کارامووزی پارێزەری، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. گوللە بەر سنگی کەوتووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەست داوە. ٣. ئەحەد ئیبراهیم‌پوور عەبدولی، هاووڵاتیی سەڵتی تەمەن نزیکەی ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی «حەسەن گاویار میربەگ»ی سەر بە شارستانی دۆلفان (نووراوا) لە پارێزگای لوڕستان، لە مەیدانی بەعسەتی ئەو شارە بە تەقەی سێ گوللە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا. بە وتەی شایەتحاڵەکان، ناوبراو لە کاتی هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی ژنێک کە خەریک بووە دەستبەسەر بکرێت، کراوەتە ئامانجی تەقە و یەکێک لە گوللەکان بەر دڵی کەوتووە. ٤. خوداداد شیروانی، هاووڵاتیی لۆڕی تەمەن ٣٣ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی مەروودەشت سەر بە پارێزگای فارس، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە مەودایەکی نزیکەوە بە چەکی ساچمەیی کراوەتە ئامانج و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لەدەست داوە. ٥. مستەفا فەلاحی، منداڵی ١٥ ساڵەی لوڕ و خەڵکی ئەزنا سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی پێنجشەممەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی بەخت کرد. ٦. شایان ئەسەدوڵڵاهی، تەمەن ٣٠ ساڵ و هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی ئەزنا سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی هەمان ناڕەزایەتییانەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. ٧. وەهاب مووسەوی، هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی ئەزنا سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی پێنجشەممەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. ٨. ئەحمەد جەلیل، تەمەن ٢١ ساڵ، هاووڵاتیی لوڕ و خەڵکی لۆردەگان سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، لە نێوان ناڕەزایانی ئەو شارەدا کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و گیانی لەدەست دا. ٩. سەجاد واڵامەنش، هاووڵاتیی تەمەن ٢٠ ساڵەی لوڕی بەختیاری و خەڵکی لۆردگان سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی بەخت کرد. ئەم گەنجە ئەندامی بەسیج یان هیچ کام لە دامودەزگا حکومەتییەکان نەبووە و دوای گیانلەدەستدانی، بنەماڵەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراونەتە ژێر گوشار و هەڕەشە. ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ئەم گیانبەختکردووە ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥ بەڕێوە چوو.   چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) ١. داریووش ئەنساری بەختیاروەند، هاووڵاتیی لوڕی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی فوولادشەهر سەر بە پارێزگای ئەسفەهان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە گیانی بەخت کرد. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بە چەکی کلاشینکۆف کراوەتە ئامانج و پێش گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لەدەست داوە. ٢. ئەمیرحوسام خودایاری فەرد، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵەی خەڵکی کووهدەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی گیانی لەدەست دا. بە وتەی شایەتحاڵەکان، گوللە لە مەودایەکی نزیکەوە بەر سەری کەوتووە و دوای کوژرانی، دامودەزگا حکومەتییەکان بە چیرۆکتاشینی میدیایی هەوڵیان دا وەک «ئەندامی بەسیج» بیناسێنن. ئەم گیانبەختکردووە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بووە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئاشکرای کردووە، "سیخوڕێکی واشنتن لەناو حکوومەتی ڤەنزوێلا" هاوکاری وڵاتەکەی کردووە بۆ دەستگیرکردنی نیکۆڵاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا. شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرایکردووە، هێزەکانی ئۆپراسیۆنی تایبەتی ئەمەریکا "دەلتا فۆرس"، بە هاوکاری سەرچاوەیەکی نێو دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا "سی ئای ئەی" کە لە ناو حکوومەتی ڤەنزوێلادا کاریکردووە، توانیویانە لە ئەرکەکەیان سەرکەوتوو بن و مادۆرۆ دەستگیربکەن.  ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، کە ئەو سەرچاوەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاودێری شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆی کردووە تاوەکو ئەو کاتەی دەستگیرکراوە. شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری ئۆپەراسیۆنی گرتنی مادۆرۆی کردووە، هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا توانیویانە مادۆرۆ لە قەڵایەک دەربهێنن کە بەشێوەیەکی توند پاسەوانی دەکرا. لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ "فۆکس نیوز"، ترەمپ گوتی، "هیچ کاتێک شتێکی لەو جۆرەم نەبینیوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری ڕووداوکەم کردووە، وەک ئەوەی سەیری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بکەم". ئاماژەی بەوەشکردووە، هەلیکۆپتەرەکانی ئەمەریکا سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەیان بۆ ناو کەشتییەکی ئەمەریکی گواستوەتەوە، لەوێشەوە دواتر دەبرێنە نیویۆرک بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاریی پەیوەست بە تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە و دادگایی بکرێن. ترەمپ جەختی لەوەشکردووەتەوە، چوار ڕۆژ پێش ئێستا گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە هەڵکردووە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا دواخرا. ئاماژەی بەوەشکردووە، مادورۆ کاتێک دەستگیرکراوە لە قەڵایەکدا بووە، هاوکات لەو ئەرکەدا هیچ کام لە پیاوەکانمان نەکوژراون، ئەمەش شتێکی سەرسوڕهێنەرە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەندێک لە پیاوەکان برینداربوون، بەڵام گەڕاونەتەوە و تەندروستییان زۆر باشە". ئەمڕۆ شەممە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن. ترەمپ لە بارەی دەستگیریکردنەکەی گوتی: مادۆرۆ و خێزانەکەی دەگوازرێنەوە نیویۆرک و لەوێ دادگایی دەکرێن.

بەپێی زانیاری و ئەو داتایانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوەوە کۆکراونەتەوە، لە درێژەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنەکاندا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم ٧٧ هاووڵاتیی دیکە لەوانە ٤٥ هاووڵاتیی کورد و ٢٣ هاووڵاتیی لوڕ لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە لە نێوانیاندا لانی کەم ٤ ژن و ٦ منداڵ هەن. بەم شێوەیە و بە ئەژمارکردنی ئەم ٧٧ هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەمدواییە کە شوناسیان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە، گەیشتە ١٣٢ کەس. جیاکاریی کۆی دەستبەسەرکراوەکان بەم شێوەیەیە: ـ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ١٢ ژن ـ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٨ منداڵ ـ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٦٤ هاووڵاتیی کورد ـ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٣٩ هاووڵاتیی لوڕ ـ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٧ خوێندکار ـ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٥ مامۆستا بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم ٧٧ هاووڵاتیی دیکە لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زۆرترین دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام بە ٢٢ حاڵەت و لە پارێزگای کرماشان ١٨ حاڵەت و پارێزگای خوزستانیش ٧ حاڵەت تۆمار کراوە. پارێزگای ئیلام ئیلام ١_ محەممەد جەواد زارعی – ١١ی بەفرانبار ٢_ ئیمان عەلیمرادی – ١١ی بەفرانبار ٣_ علیرزا مۆئمنی (١٨ ساڵە) – ١١ی بەفرانبار ٤_ کورش نووری (١٥ ساڵە) – ١٢ی بەفرانبار ٥_ ئومید بێرانوەند – ١٢ی بەفرانبار ٦_ ئەمیرحوسێن عەلیزادە – ١١ی بەفرانبار ٧_ فەردین ئاغایی – ١١ی بەفرانبار ٨_ ئەبولفەزل جامخانە – ١١ی بەفرانبار ٩_ سەجاد ئازاد – ١١ی بەفرانبار ١٠_ عەبدوڵڵا ئازاد – ١١ی بەفرانبار ١١_ عیرفان فەرەهمەند – ١١ی بەفرانبار ١٢_ علیرزا ڕەحمانی – ١١ی بەفرانبار ١٣_ ئەمیرڕەزا ڕەحمانی – ١١ی بەفرانبار ١٤_ شایان مومنی – ١١ی بەفرانبار   دەڕەشار ١_ ئەبولفەزل قاسمی – ١٢ی بەفرانبار ٢_ ستار زەیدی – ١٢ی بەفرانبار (خاوەنی پێشینەی دەستبەسەرکردن لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی) ٣_ سامان غولامی – ١٢ی بەفرانبار ٤_ ڕەزا حەیدەری – ١٢ی بەفرانبار دێهلۆڕان ١_ جەواد حوسێنی – ١١ی بەفرانبار ٢_ ئەرشیا جوشەن – ١٢ی بەفرانبار ئاودانان ١_ محەممەد جەواد زارعی – ١١ی بەفرانبار ٢_ ئومید ناسری – ١٢ی بەفرانبر   پارێزگای کرماشان سەرپێڵی زەهاو ١_ قائیم بەدری ٢_ عەسکەر نەجەفی ٣_ ئەحەد مرادی ٤_ ئەسفەندیار سەروەری ٥_ جەبار جەمشیدی ٦_ مەسعوود ئاغایی ٧_ مەهدی کەریمی (لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» – بریندار) هەموو ئەم هاووڵاتییانە ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار دەستبەسەر کراون. هەرسین ١_ ڕەحمان ئازەرەنگ – ١٢ی بەفرانبار ٢_ محەممەد مەهدی کەرەمی (١٧ ساڵە) – ١١ی بەفرانبار ٣_ محەممەد سەیفی – ١٢ی بەفرانبار ٤_ یووسف کاکاوەند – ١٢ی بەفرانبار ٥_ نوورەدین مووسازادە – ١٢ی بەفرانبار ٦_ زاهید ئەفشاری – ١٢ی بەفرانبار کرماشان ١_ مەهسا زارعی – ١٢ی بەفرانبار ٢_ فەردین ئەحمەدی (١٩ ساڵە، خەڵکی حومەیل سەر بە ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا) – ١١ی بەفرانبار ٣_ یونس جەمشیدی – ١١ی بەفرانبار ٤_ نەوید ڕوستەمی – ١١ی بەفرانبار ٥_ میلاد شیرازی – ١١ی بەفرانبار پارێزگای خوزستان ئیزە ١_ عارف ئەسەدی – ١٠ی بەفرانبار ٢_ ڕەزا ئەسەدی – ١٠ی بەفرانبار ٣_ مووسا مووسەوی – ٩ی بەفرانبار ٤_ ئارمان شاهپووری – ٩ی بەفرانبار ٥_ ئیلیا مومنی – ٩ی بەفرانبار ٦_ ئەکبەر مەحموودوەند (١٦ ساڵە) – ١٠ی بەفرانبار ٧_ ئارمین ئەسەدی – ١٠ی بەفرانبار باغ مەلەک ١_ یووسف میڕئەحمەدی ٢_ هادی میڕئەحمەدی ٣_ ئەمیرحوسێن قەنبەری ٤_ ئەمیرڕەزا نەوروزی لالی ١_ باقەر قەنبەری – ١٠ی بەفرانبار   پارێزگای هەمەدان ئەسەداوا ١_ محەممەد حوسێن شەفیقیان ٢_ یووسف مورسەلی ٣_ سام فەرووخ ٤_ علیرزا نووری ٥_ ئەمیر فەرهادی هەموو ئەم هاووڵاتییانە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانبار، دەوروبەری کاتژمێر ٥ی بەیانی دەستبەسەر کراون.   پارێزگای خۆراسانی باکوور ئەسفەرایەن ١_ پەیمان ڕەزایی – ١١ی بەفرانبار ٢_ ئارین حەیدەری – ١١ی بەفرانبار ٣_ عەباس بیدی – ١١ی بەفرانبار ٤_ عیسا شەکوری – ١١ی بەفرانبار ٥_ نادر تەوەکولی – ١٢ی بەفرانبار   پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیەر ئەحمەد یاسووج ١_ ماهان خوبانی (١٦ ساڵە) – ١١ی بەفرانبار ٢_ شەهاب پەرەند – ١٢ی بەفرانبار ٣_ موسلیم پۆرزدار – ١٢ی بەفرانبار ٤_ ئیلیا ئەکوانیان – ١٢ی بەفرانبار گەچساران ١_ فەردین موسلیمی – ١١ی بەفرانبار   پارێزگای ئەیسفەهان ئەیسفەهان ١_ مەهشاد کەشانی – ١٠ی بەفرانبار ٢_ ڕەزا سەلەحشوور (١٦ ساڵە) – ١١ی بەفرانبار پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی سەبزەوار ١_ مەهدی فەسەنقەری – ١٠ی بەفرانبار ٢_ ئەمیر نۆدێهی (خەڵکی سەبزەوار، دانیشتووی تاران) – ١١ی بەفرانبار ٣_ عیرفان عابید – ١٨ ساڵە – ١١ی بەفرانبار ٤_ نازەنین زەهرا مووسەوی – ١٧ ساڵە – ١١ی بەفرانبار مەشهەد ١_ ئەسغەر شاکری (پزیشک) – ١١ی بەفرانبار (دەستبەسەرکردن لە ناو ئۆتۆمبێل لە بەرچاوی بنەماڵەکەی؛ خاوەنی پێشینەی دەستبەسەرکردن لە بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»)   پارێزگای گیلان ڕەشت ١_ مەهناز قاسمی – ١١ی بەفرانبار   پارێزگای سنە سنە ١_ ئارتین ئەحمەدی (١٤ ساڵە) – ١٢ی بەفرانبار   پارێزگای تاران ١_ میساق کۆچ‌پیدە – ڕۆژانی ڕابردوو لە نێوان دەستبەسەرکراوەکاندا، لانی کەم چوار ژنیش هەن: مەهسا زارعی، چالاکی ناسراوی فەرهەنگیی کورد و خەڵکی کرماشان، ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار، مەهناز قاسمی هاووڵاتیی گیلەک لە ڕەشت، نازەنین زەهرا مووسەوی منداڵی ١٧ ساڵە لە سەبزەوار و مەهشاد کەشانی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانبار لە ئەسفەهان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. جگە لەو دەستبەسەرکردنانەی کە بەپێی پارێزگاکان ڕاگەیەندراون، ڕاپۆرتی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی دیکە لە هاووڵاتییان گەیشتووە کە شوناسیان لە ئێستادا لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوەوە لە ژێر لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەدایە. ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥، دوای مانگرتن و ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی بەکۆمەڵی ژمارەیەک لە کاسبکاران و بازاڕییان لە تاران دەستی پێ کرد و پاشان بۆ شارەکانی دیکە گوازرایەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە ڕوبەرووی کاردانەوەی سەرکوتکەرانەی هێزە حکومەتییەکان بووەتەوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان لەوانە ژنان و منداڵان دەستبەسەر کراون

ئێران خۆی ئامادە دەکات و ئیسرائیلیش بەنیازی هێرشە ئامادەکردنی هاوڵاتی بەپێی راپۆرتی زۆربەی میدیا جیهانییەکان، ساڵی 2026 گەڕی دووەمی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستپێدەکاتەوە و دەڵێن، ئیسرائیل لە هێرشەکەی پێشوو رازی نییە و دەیەوێت ئەمجارە تووندتر لە ئێران بدات.  چی دەگوزەرێت؟ لە چەند هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی ئیسرائیل دوودڵی و ترسی خۆیان بۆ ئیدارەی ترەمپ دەربڕیوە کە تاران خەریکی خۆ بنیادنانەوەیە لەرووی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و بنیادنانەوەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی.  پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی دەڵێت، لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باسی هێرشکردنەوە بۆ سەر ئێران کراوە و لە کۆبوونەوەکەدا نەتانیاهۆ بابەتەکەی ورووژاندووە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی راگەیاندووە، بە ئەگەری زۆرەوە ترەمپ پشتگیری هێرشەکە دەکات ئەگەر یەکلابێتەوە ئێران هەنگاوی جیدی دەنێت بۆ بنیادنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.  تەنانەت لە دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ بە ئاشکرا گوتی، بیستوومە ئێران خەریکی بنیادنانەوەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەتی و ئەگەر وابێت ئەوا دیسان دەبێت لێیان بدەین و خاپووری بکەین.  بەڵام میدیای ئیسرائیل باسی شتێکی دیکە دەکات و دەڵێت، ترسی ئیسرائیل زیاتر لە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی ئێرانە نەوەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی. راپۆرتێکی رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل باس لەوە دەکات، ئێران خۆی ئامادەکردووەتەوە و بەشێوەیەکی فراوان مووشەکی بالیستیکی بەرهەمدەهێنێت. لە جەنگی 12 رۆژەی هەردوولادا، ئیسرائیل بەشێوەیەکی فراوان سەکۆ مووشەکییەکان و سیستمی بەرگری ئێرانی تێکشکاند. کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکیش لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە ئاشکرایکردووە، ئێران هەنگاو دەنێت بۆ بەرهەمهێنانی سێ هەزار مووشەکی بالیستیکی لە ساڵێکدا. بەگوێرەی راپۆرتێکی دیکەی ئەلمۆنیتەر، بەرپرسانی ئیسرائیل ئێستا پێیانوایە ئێران خاوەنی دوو هەزار مووشەکی بالیستیکییە، ئەمەش هەمان ژمارەیە کە پێش جەنگی 12 رۆژە هەیبوو. ئیسرائیل لە چی دەترسێت؟ لە جەنگی 12 رۆژە، ئێران زیاتر لە 500 مووشەک و هەزار درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەڵام سیستمی بەرگری وڵاتەکە و سیستمی بەرگری ئەریکا زۆربەی ئەوانەی خستەخوارەوە. شیکەرەوانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە تەنها 38 مووشەکی ئێرانلەو سیستمانە تێپەڕیووە و کارەساتێکی گەورەی دروستکردووە، چونکە 28 کەس کوژران، زیاتر لە دوو هەزار ماڵ و 240 باڵەخانەش وێران بوون، 13 هەزار ئیسرائیلیش ئاوارەبوون.  تایمز ئۆف ئیسرائیل دەڵێت، لە گەڕی دووەمی جەنگدا دەبێت ئیسرائیل ئاگاداری سیستمی بەرگریی بێت چونکە ئەو مووشەکانەی ئەمریکا بەرهەمی دەهێنێت و بۆ بەرگری لە ئیسرائیل لە جەنگی پێشوودا بەکاریهێنا %25ـی رۆشتووە و تێچوویەکی زۆر گەورەشی هەیە کە 12 ملیۆن دۆلارە بۆ هەر مووشەکێک، ئەمە جگەلەوەی بەرهەمهێنانیشی خاوە بەرامبەر مووشەکەکانی ئێران کە بە ماوەیەکی زووتر دروست دەکرێن، ئەمەش ناهاوسنەگی دروست دەکات و رەنگە ئەمجارە ئێران زیانی زیاتر بدات.  کەی جەنگەکە دەستپێدەکات؟ ئاکسیۆس دەڵێت، نەتانیاهۆ و ترەمپ باسی کاتی هێرشیان نەکردووە، بەڵام کەناڵی ئێن بی سی نیوز دەڵێت، لە هێرشی پێشوودا نەتانیاهۆ چوار بژاردەی خستووەتە بەردەم ترەمپ بۆ لێدان لە ئێران کە لەمانە پێکهاتبوون: هێرشی ئیسرائیل بە تەنیا، هێرشی ئیسرائیل و یارمەتییەکی کەمی ئەمریکا، هێرشی هاوبەش، یان هیرشێک بە سەرپەرشتی ئەمریکا. ئێن بی سی نیوز باس لەوە دەکات، رەنگە نەتانیاهۆ هەمان چوار بژاردەی خستبێتەوە بەردەم ترەمپ بۆ ئەوەی یەکێکیان هەڵبژێرێت. پێشتریش لەمۆنیتەر لە زاری دیپلۆماتکارانی ئەوروپییەوە ئاشکرایکرد، هێرشی ئیسرائیل لە 2026 ئەگەری زۆرەوە و لەماوەی ئەو ساڵەدا روودەدات. قسەی ئاشکرای ترەمپ و راپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان بەرپرسانی ئێرانی تووڕە کردووە، یەکێک لەوانە مەسعود پزشکیان، سەرۆکی ئێرانە کە رایگەیاند، هیچ دەستدرێژکارییەکی ستەمکارانە لە کەس قبوڵ ناکەین و ئەمجارە وەڵاممان سەخت و وێرانکەر دەبێت.

لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار خەڵکی ئێران دژی حکومەت هەستان ئامادەکردنی هاوڵاتی  قەیرانی وزە، بێئاوی، مەترسی جەنگ و ئێستاش بێبەهابوونی تمەن؛ هەموو ئەمانە بەرۆکی خەڵکی ئێرانیان گرتووە و چیدیکە توانای بەرگەگرتنیان نییە، هەربۆیە چەند رۆژێکە هاتوونە سەر شەقامەکان و تووڕەی خۆیان دژی حکومەتی وڵاتەکە دەردەبڕن. خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئێران بۆ داواکردنی نانە، چونکە بەهای تمەن هێندە دابەزیوە کە تەنانەت بازرگانان و دوکاندارانیش زیانی گەورەیان کردووە. سەرەتا رۆژی یەکشەممە کاسبکاران و دوکاندارانی بازاڕی گەورەی تاران و زێرێنگەرانی ناوەندی بازاریی عەلادین دوکانیان نەکردەوە و هەموویان روویان لە گۆڕەپانەکانی ئیمام خومەینی و جمهوری و جەوادی کرد، دژی دابەزینی بەهای تمەن و بێبازاڕی. نرخی تمەن لە دوای سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا لە ساڵی 2018 دەستی بە دابەزینی گەورە کردووە، بەڵام ئەم دابەزینەی مانگی 12 داڕمانێکی مێژووی نرخی تمەن بوو، بە خۆرێک لە ساڵی 2018 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر یەک ملیۆن 500 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی 13 هێندەی ئەو کاتەیە و گەیشتووەتە نزیکەی 14 ملیۆن تمەن بەرامبەر 100 دۆلار. تەنانەت لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی تمەن بەرامبەر 100 دۆلار نزیکەی هەشت ملیۆن بوو، بەڵام ئێستا شەش ملیۆنی دیکەش لەبەرامبەر بەهای دۆلار دابەزیوە. سەرەتا خۆپیشاندەران نیوەڕی یەکشەممە گەیشتنە گۆڕەپانەکان و پۆلیسی ئێرانیش لەوێ ئامادەبوون، خۆپیشاندەران دروشمی "دۆلار بەرزبووتەوە، حکومەت لە کوێ خەوتووە"ـیان دەگوتەوە، بەڵام بە گوێرەی هەواڵیکی پێگەی بی بی سی فارسی، ئەو دورشمانە زۆری نەخایاند، پۆلیس و یەکەی تایبەت بە زەبری هێز و گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕووی  خۆپیشاندەران بوونەوە. بەڵام ئاژانسەکانی ئیرنا و فارس کە سەر بە حکومەتی ئێرانن بە "ئاژەوەگێر" ناویان دەبەن و دەڵێن، ئەو کەسانە ویستویانە ئاسایشی بازاڕەکە تێکبدەن، هێزە ئەمنییەکانیش بۆ رێگرییکردن لە ئاژەوە دەستوەردانیان کردووە. بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، ئەم دەستوەردانەی پۆلیس  زۆری نەخایەند و هەمان شەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە کۆڵان و شەقامەکانی تارانەوە سەری هەڵدایەوە و ئەمجارە ژن و گەنجانیش بەشدارییان کرد. خۆپیشاندانەکان بۆ رۆژی دواتر فروانتر بوو، بە جۆرێک شارەکانی شیراز، ئەسفەهان، مەشهەد، هەمەدانیشی و کرماشانیشی گرتەوە، حکومەتی ئێرانیش  هەنگاوێکی بەپەلەی نا و سەرۆکی بانکی ناوەندی محەمەد فەرزینی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و عەبدولناسر هیمەتی خستە شوێنی. ئێوارەی هەمان رۆژ مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پۆستێکی ئێکس دا رایگەیاند، داوام لە وەزیری ناوخۆ کردووە گوێ لە داواکاری خۆپیشاندارەن بگرێت ، بۆ ئەوەی کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەین. سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەت و سەرۆککۆمار خۆپشاندانەکان بەردەوامن و خوێندکارانی زانکۆ هاتوونەتە نێو خۆپیشاندەران وهێزە ئەمنییەکانێش چوونە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە. بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی میدیای ئیلنا، خۆپیشاندان لە 10 زانکۆی وڵاتەکە دەستیپێکردووە. هەرچەندە بەهۆی پچرانی هێڵەکانی ئینتەرنێتەوە زانیارییەکان وەک خۆیان ناگەنە میدیا جیهانییەکان، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوی هەنگاو، هیچ حاڵەتێکی کوشتن تۆمارنەکراوە، بەڵام دەیان کەس بەهۆی دار و گازی فرمێسکڕێژەوە بریندار بوون و سەدان کەسیش دەستگیرکراون. ئەمە یەکەمجارە لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، خەڵکی وڵاتەکە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن دوای ئەوەی لەو کاتەدا کۆدەنگییەکی نیشتمانی دروستبوو بۆ رووبەرووبوونەوەی ئیسرائیل. خۆپیشاندانەکان لەکاتێکدایە کە مەترسی ئەنجامدانەوەی هێرش لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران هەیە، چونکە چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری بە تاران داوە و دەڵێت: ئەگەر بەنیازی بنیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بن ئەوا دووبارە لێیان دەدەین. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ئێران بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی بە خۆپیشاندەران داوە، بەڵام هێشتا خۆپیشاندانەکان بەردەوامن، داواکارییەکانیان لە رۆژی یەکەمدا تەنها داواکاری ئابووری بوو، بەڵام ئێستا لە هووتافەکانیاندا دەسەڵاتی ئێران و عەلی خامنەییان بەئامانج گرتووە، بەشێکیشیان داوای گۆڕینی رژێم و گەڕانەوەی دەسەڵاتی شا دەکەن.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماری رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ داعش لەساڵی 2025 راگەیاند و دەڵێت: 163 ئۆپەراسیۆن و 32 پێکدادانی راستەوخۆمان لەگەڵ گرووپەکە هەبووە کە تێیدا سێ سەرکردە و 13 چەکداریان کوژراون. ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماری روبەڕوبونەوەكانی دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعشی لە ساڵی (2025) دا بڵاوكردەوەو تیادا ئاماژە بەوەدەكات: لە ماوەی ئەو ساڵەدا هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەردەوام بوون لە ئۆپەراسیۆنە سیستماتیکیەکانیان دژی شانەکانی داعش، لە چوارچێوەیەکی بەرگری و ئەمنیدا بە ئامانجی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گروپەکە و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، سەرەڕای ئەو هێرشانەی دیکە کە ناوچەکە روبەڕوی بووەوە لە لایەنە جیاوازەکانەوە. یەکەم: ئاماری ژمارەیی •کۆی گشتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکان کە لەلایەن هێزەکانمانەوە ئەنجامدراون: ١٦٣ ئۆپەراسیۆن •ئۆپەراسیۆنی كێوماڵكردنی گەورە: 3 ئۆپەراسیۆن •هەڵکوتانە سەر حەشارگەکانی داعش و گەڕان بەدوای حەشارگەکانی داعش: ١٢٨ •پێکدادانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەندامانی داعش: ٣٢ •ژمارەی ئەو داعشانەی دەستگیرکراون: ١٤٠ کەس •ژمارەی کوژراونی داعش: 13 کەس 3 سەرکردەیان تێدا بووە •هەڵوەشانەوەی بۆمبی چێندراو: 79 •هێرشەکانی داعش: 220 دووەم: دابەشبوونی جوگرافیای نزیکەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش: • ناوچە گوندنشینەکان: 70% • شار و شارۆچکەکان: 20% • رێگا گرنگەکان: 10% سێیەم: سروشتی هەڕەشەکانی داعش لە ماوەی ئەو ساڵەدا: • پشت بەستن بە خانە بچووک و نوستووەکان • بەکارهێنانی بۆمبی چێنراو و بۆسەی سنوردار • هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی خزمەتگوزاری • چالاکیی پڕوپاگەندە و هاندان لە ڕێگەی دەزگاکانی راگەیاندنی جێگرەوە چوارەم: ئەنجامە سەرەکییەکان:  • کەمکردنەوەی تواناکانی ئۆپەراسیۆنی رێکخراوی تیرۆریستی • هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی پشتگیری لۆجستی و هاوکارەکانی • رێگریکردن لە جێبەجێکردنی دەیان هێرش کە ڕێکخراوەکە پلانی دانابوو خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج • بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا

لەیلا زانا، سیمبولی ژنی کوردی ئازا و ماندوونەناس ئامادەکردنی هاوڵاتی  مێژووی لەیلا زانا پڕیەتی لە شکۆ، ئازایەتی و خۆبەدەستەوەنەدان. ئەو ژنە کوردەی لە پەرلەمانی تورکیا بە دەنگێکی دلێرەوە بە کوردی قسەی کرد و کۆتایی سوێندخواردنەکەی وەک پەرلەمانتار بە کوردی بوو، لە سەردەمێکدا کە قسەکردن بە کوردی لە کوچە و کۆڵان و ماڵەکانیش قەدەغەبوو. مێژووە پرشنگدارەکەی لەیلا زانا دوورودرێژە و ناچینە نێو رووداوەکانی رابردوو، بەڵکو باسی دواین هێرش دەکەین کە کرایەسەری. رۆژی 16ـی ئەم مانگە لە یاریی نێوان بورسا سپۆر و سۆما سپۆر لە هەفتەی 16ـی خولی پلە دووی تۆپی پێی تورکیا لە شاری مانیسا، هاندەرانی بۆرسا سپۆر دەستیانکردند بە قسەی ناشرین، سوکایەتی و جنێودان بە لەیلا زانا، کە بەشێکی زۆری هووتافەکانیان هوتافی رەگەزپەرستانە بوو.  هەر ئەوەش نا، بەڵکو وێنەی ئۆتۆمبێلێکی سپییان بەرزکردەوە، کە ئەو ئۆتۆمبێلە لە سەرەتای ساڵانی 2000ـەکان نیشانەی فڕاندن و کوشتنی هاوڵاتیانی کورد بوو لە باکووری کوردستان. کاردانەوەکان چی بوون؟ هەر زوو بڵاوبوونەوەی ئەو دروشمانە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووە، یەکەم کاردانەوەش لەلایەن دەمپارتییەوە بوو کاتێک سەرهەت ئرێن، پەرلەمانتاری پارتەکە گوتی، ئەم جۆرە دروشم و قسانە وڵات زیاتر بەرەو دابەشبوون دەبات. دوای ئەویش پەروین بوڵدان، لە هەمان پارت و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی گوتی، لەیلا زانیا شەرەفی ئێمەیە و تەواو. پارتە تورکییەکانیش هەڵوێستیان هەبوو ئینان ئەڵپ، پەرلەمانتاری ناسراوی جەهەپە، دروشمەکانی بە رەگەزپەرستانە وەسفکرد و داوای لێپێچینەوەی کرد. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی جوڵانەوەی پارتی نەتەوەیی (مەهەپە)ش کاردانەوەی هەبوو، کە بۆ بەشێک لە شەقامی تورکیا جێی سەرسامی بوو کاتێک گوتی: ئەم جۆرە زمانی قسەکردنە خزمەتی یەکڕیزی تورکیا ناکات. پاش هەفتەیەک لە رووداوەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا رایگەیاند، دروشمەکانی یارییەکە خراپ و ناشرین بوون. فیدراسیۆنەکە بە بڕی 16 هەزار لیرەی تورکی، کە دەکاتە نزیکەی  372دۆلاری ئەمریکی سزای یانەی بۆرسا سپۆری دا، بەڵام هەر دوای بڕیارەکە دەمپارتی رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیە کەمە و دەبێت دروشمەکان بە رەگەزپەرستانە بناسێنرێن نەک بە "خراپ و ناشرین." ئەوەی لایەنگرانی لەیلا زانای نیگەران کرد، قسەیەکی محەممەد گوربان، پەرلەمانتاری ئیپارتی بوو، کە گوتی، ئێمە بۆرسا سپۆر لەو سزایە دەپارێزین، پێکەوە لەڕێی هەژمارێکی بانکییەوە کۆمەک بۆ یانەکە کۆدەکەینەوە. بەڵام ئامەد سپۆر، کە یانەیەکی  کوردی باکووری کوردستانە، لە کاردانەوەی رووداوەکان بڕیاریدا یەکەم یارییان، کە دوێنێ ئەنجامدرا، هاتنە ژوورەی ژنان بێبەرامبەر بێت و لەیلا زاناش لە یارییەکە ئامادە بوو. هەر لەوێ لەیلا زانا پێشوازییەکی شاهانەیی لێکرا و هەمووان بە یەک دەنگ هاواریان بۆ دەکرد، ئەمەش جارێکی دیکە ئازایەتی و کۆڵنەدانی ژنە دلێرەکەی باکووری کوردستانی سەلماند و هەر وەک خۆی دەڵێت: کورد وەک ئاگر وایە، ئەگەر بە میهرەبانییەوە لێی نزیک ببیتەوە گەرمت دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر بە خراپی و دڵرەقی نزیک ببیتەوە دەتسووتێنێت.

کێ باڵادەست دەبێت و کێ دەیباتەوە؟ ئامادەکردنى هاوڵاتى ئیسرائیل و تورکیا هەردووکیان سوپای بەهێزیان هەیە کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە نوێترین تەکنەلۆجیا دەبەستن، بەڵام ئەگەر دژی یەک شەڕ بکەن، چەند هۆکارێک دەبێتە هۆی دۆڕان یان بردنەوەی هەر لایەکیان.  من گریمانەی ئەوە دەخەمەڕوو کە کێ براوەی جەنگ دەبێت.  سەرەتا دەبێت لە هێزی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی هەر یەکێکیانەوە دەستپێبکەین، بەڵام لەگەڵم بمێننەوە چونکە بابەتەکەتان دواتر بۆ یەکلاییدەکەمەوە.  لەرووی ژماری سەربازییەوە، تورکیا باڵادەستە چونکە زیاتر لە 355 هەزار سەربازی ئامادەی هەیە، لەکاتێکدا ئیسرائیل تەنها خاوەنی 170 هەزارە، بەڵام لە ژمارەی سەربازی یەدەگ، ئیسرائیل زیاتری هەیە و 465 هەزار بەرامبەر 378 هەزار سەربازە. لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، ئیسرائیل باڵادەستییەکی گەورەی هەیە چونکە خاوەنی فڕۆکەی زۆر پێشکەوتووە. یەکێک لەوانە ئێف-35ـی تۆقێنەرە کە وەک تارمایی وایە و سیستمە بەرگرییەکان هەستی پێناکەن. ئیسرائیل تاکە وڵاتە بە ئارەزووی خۆی ئەو فرۆکەیەی دەستکاری کردووە و بەپێی خواستی خۆی شتی بۆ زیاد کردووە.  هەرچەندە لە 20 ساڵی رابردوودا، تورکیا پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، بەڵام هێشتا ناگاتەوە بە هێزی ئیسرائیل. بەگشتی، ئیسرائیل 611 فڕۆکە و هێلیکۆپتەری جەنگی هەیە، بەڵام تورکیا خاوەنی زیاتر لە هەزار فڕۆکە و هێلیکۆپتەرە.  بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت زۆری و بۆری گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئاستی پێشکەوتوویی فڕۆکەکانە. تورکیا لەبەرامبەر ئێف-35ـە تۆقێنەرەکەی ئیسرائیل ئێف-16ـی هەیە کە لەرووی تەکنەلۆجییەوە زۆر لێکەوە دوورن. لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا تاکتیکی جەنگ بەتەواوی گۆڕاوە و ئێستا درۆن بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێنرێت، هەر بۆیە تورکیا لەم دوو دەیەیەدا پشتی بەستووە بە توانستی ناوخۆ بۆ بەرهەمهێنانی بەلێشاوی درۆن، کە دیارترینیان بایرەکتار TB2ـە. ئەم درۆنە درۆنێکی پراکتیکییە چونکە تێچووەکەی هەرزانە و تورکیا دەتوانێت لەکاتی جەنگدا بەلێشاو دروستی بکات. ئەم درۆنە لە شەڕی ئۆکراین و روسیا و جەنگی قەرەباغ بە سەرکەوتووی بەرکارهێنراوە.  درۆنی ئاکنجییش درۆنێکی بەهێزتر و گەورەترە لە بایرەکتار و بۆ هێرشی چڕتر بەکاردەهێرێت، بەڵام ئەوەی داهاتووی هێزی ئاسمانی تورکیا یەکلادەکاتەوە فڕۆکەی جەنگی بێ فڕۆکەوانی کیزلێلمایە، کە مانگی رابردوو بەسەرکەوتوویی یەکەم تاقیکردنەوەی خۆی ئەنجامدا و لەداهاتوودا رەنگە پێگەی بەو فڕۆکانە لێژ بکات کە بە فڕۆکەوان هەڵدەفڕن. ئیسرائیلیش بەدەر نییە لە پێشکەوتنی درۆن و خاوەنی کۆمەڵێک لە درۆنە هەرە پێشکەوتووەکانە، وەک: هێرۆن، هێرمس 900 و هارۆپە. درۆنی هارۆپ خۆکوژییە و دووانەکەی دیکەش توانایان هەیە بۆ ئاستێکی بەرز بفڕن و لە ئاسمان بمێننەوە، ئەمە جگە لەوەی هەڵگری چەکی قورسیشن.  ئەوەی دەمێنیتەوە هێزی ئاسمانییە، کە لەمەیاندا تورکیا خاوەنی کەشتیگەلێکی گەورەیە لە رووبەرێکی ئاویی فراواندا بەپشت بەستن بەشوێنە جوگرافییەکەی، بەڵام ئیسرائیل خاوەنی گەشتیەگلێکی جەنگی بچووکترە و زیاتر بۆ مەبەستی بەرگری دروستکراون وەک بۆ ئامانجی هێرشبردن. بە گشتی ئیسرائیل خاوەنی 62 کەشتی جەنگی جۆراوجۆرە کە پێنج دانەیان ژێردەریایین، لەکاتێکدا تورکیا 182 کەشتی جەنگی هەیە و 13 دانەیان ژێردەریایین. ئێستا کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارە گرنگەکەیە کە کامیان براوە دەبێت لە جەنگدا. ئەم دوو وڵاتە سنوورییان بەیەکەوە نییە، بۆیە هەر جەنگێک لەنێوانیان رووبدات یان دەبێت لەسەر خاکی وڵاتێکی دیکە بێت، یان دەبێت ناراستەوخۆ بێت لە رێگەی هێزی ئاسمانی یان دەریاییەوە.  بەهێزترین چەکی ئیسرائیل لە جەنگدا هێزی ئاسمانییەتی کە باڵادەستییەکی گەورە و تۆکمەی هەیە لەگەڵ سیستمی بەرگرییەکەی کە بە چوار سیستمی جیاواز ئیسرائیل دەپارێزێت. تورکیاش بەهێزترین چەک بەدەستییەوە درۆنە پێشکەوتووەکانییەتی لەگەڵ هێزی دەریایی و تارادەیەکیش هێزی وشکانی. بۆیە وەڵامی ئەوەی کێ براوە دەبێت لەم جەنگەدا، ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان نەکات و یارمەتی ئیسرائیل نەدات، ئەمەیە: ئەگەر جەنگەکە کورتخایەن بێت، بەشێوەیەکی سەرەکی لە هێزی ئاسمانیدا چڕببێتەوە و لەو ماوە کورتەدا شەڕێکی سەخت رووبدات، ئەوا ئیسرائیل باڵادەست دەبێت و دەتوانێت زاڵ ببێت بەسەر تورکیا، چونکە ئەم جۆرە جەنگە پشت بە هێرشی ورد، خێرایی، زانیاریی هەواڵگری، جەنگی ئەلیکترۆنی دەبەستێت کە ئیسرائیل لە هەموویاندا کارامەیە.  بەڵام ئەگەر جەنگەکە درێژخایەن بێت و لەمەودایەکی فراواندا رووبدات، ئەوا تورکیا باڵادەستی خۆی دەسەلمێنێت، چونکە ئەم جۆرە جەنگە پشت دەبەستێت بە ئۆپەراسیۆنی لۆجیستی بۆ هێزی وشکانی، شەڕی درۆن و ئۆپەراسیۆنی دەریایی کە تورکیا لە سەرجەمیاندا لێزانە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگە بگرێت.

✍️ سەرتیپ جەوهەر گفتوگۆی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و دیمەشق بەردەوامە، بەدوور نازانرێت كۆبونەوەیەكیش لەسەر ئاستی باڵا لەدیمەشق بەنێوانگری ئەمریكا بەڕێوەبچبَت. هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوەدەكەن رەنگە لەم یەك دوو رۆژە رێككەوتنێكی نوێ‌ لەسەر بنەمای رێككەوتنی (10ی ئاداری 2025) لەنێوان هەلادوولا رابگەیەنرێت، بەڵام بەخوێندنەوەی واقع و كەڵەكەبوونی دۆسیەو پرسە جیاوازەكانی نێوانیان هەلادوولا، زەحمەتە بەمزوانە دیمەشق و رێڤەبەری خۆسەر یان هێزەكانی سوریای دیموكرات، بگەنە رێككەوتنێكی هەمەلایەنەو قابیل بەجێبەجێكردن. گرفتی نێوان هەلادوولا بەتەنها پرسی تێكەڵكردن یان سازاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات نییە لەگەڵ هێزەكانی دیمەشق یان ئەوەی پێی دەگوترێت سوپای سوریا، بەلكو گرفت و ناكۆكییەكان زۆر لەوە گەورەترە! ئەمە جگە كاریگەری لەفاكتەری دەرەكی (توركیا- ئیسراییل) كەرۆڵێكی ئێجگار گرنگ دەبینێت رێككەوتنی هەردوولا. ناكۆكیی و جیاوازییەكانی هەلادوولا زۆرن، دەكرێت بەمشێوەیە ریزبەند بكەین: یەكەم: شێوەی سیستمی حوكمڕانی سوریای دوای روخانی رژێمی ئەسەد. سیستمێكی علمانی دیموكراتی دەستوریی دەبێت یان ئەوەی كە شەرع خۆی رایگەیاندووە كە پێكهاتەكانی سوریاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رەخنەی لێدەگرن، بگرە هەندێك پێیانوایە خراپترە لەسەردەمی ئەسەد. دووەم: شێوەی ئەو خۆبەڕێوبەرێتی یان شێوە فیدراڵیەتەی باكوری رۆژهەڵاتی سوریاو دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی. دەسەڵاتدارێتی دیمەشق ئامادەنییە دەستبەرداری سیستمی مەركەزیی ببێت، كوردو دروز رەتیدەكەنەوە. سێیەم: ناكۆكیان لەسەر پرسی بەڕێوەبردن و دابەشكردنی سامانی سروشتیی وەك نەوت و گاز، هاوكات بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكان و باج و خەراج و دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەرێتی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا.  چوارەم: جیاوازیان لەسەر پرسی هێزەكانی سوریای دیموكرات. سەركردایەتی و فەرماندارێتیان و چارەنوسیان. چۆن دەبنە بەشێك لەسوپا یاخود وەزارەتی بەرگری سوریا؟ ئەم پرسانەی سەرەوە، یەك لەیەك ئاڵۆزترن. پێویستیان بەشیتەڵ و وردكردنەوەی زۆر هەیە،   راستە رەنگە رێككەوتنێكی كۆنكریتی و هەمەلایەنی نەبێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت راگەیەنراوێكی هاوبەش بۆ لێكتێگەیشتنی زیاتر بۆ چەند پرسێك ببێت. دیمەشق دەیەوێت تا كۆتایی ئەم مانگە كە یەك دوو رۆژێكی ماوە، رێككەوتنێكی دیكە بكرێت لایەنیكەم بۆ رازیكردنی گروپە چەكدارەكان و لایەنگرانی بەوپێیەی دەبوو تاكۆتایی ئەم مانگە رێككەوتنی 10 ئاداری رابردوو جێبەجێكرابا!  ئەوەی پێشبینی واقعیە ئەگەر لەم یەك دوو رۆژە كۆبونەوە باڵاكە سەربگرێت، ئەوا رەنگە راگەیەنراوێكی هاوبەش دەربچێت و هەردوولا پابەندبوونیان بەچارەسەری ئاشتیانە بۆ سوریایەكی نوێ‌ دووپاتبكەنەوەو هاوكات راگەیەنراوەكە پابەندێتی بەراگرتنی ئارامیی و ئاسایش دوپاتبكەنەوە. لایەنیكەم ئەم ماوەیە شەڕی میدیایی لەدژی یەكتر رابگرن، چونكە لێكەوتەی خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتیی و تۆخكردنەوەی شۆڤینیەتی نەتەوەیی و ئاینی و تایفی. ئێستا ئەمریكا هێزێكی گەورەو نێوانگرێكی كاریگەرە لەسوریا بەڵام هەم كوردو هەمیش دیمەشق گرفتیان لەگەڵیدا هەیە، ئەویش بۆچوونی روون نییە لەبارەی ئایندەی ئەو وڵاتەو شێوەی بەیەكەوەژیانی پێكهاتەكان، هاوكات وەك نێوانگر هیچ گرەنتیەكی نوسراو ناداتە لایەنە ناكۆكەكان بۆ جێبەحێكردنی رێككەوتنی نێوانیان. رەنگە بەهۆی هاوكێشەی ناوچەكەو لەبەرچاوگرتنی توركیای بێت كە هەستیارییەكی زیاد لەپێویستی بەرامبەر هەسەدە هەیە. ئەنقەرە لەوە دەترسێت ئەگەر فیدراڵی لەسوریا بچەسپێت ئەوا دواتر نۆرەی توركیا دێت. هەموو لایەنەكان لەوە دەگەن كە ناتوانرێت بەر لەكۆتایی ساڵ كە یەك دوو رۆژێكی ماوە بگەنە رێككەوتنێكی گشتگیرو هەمەلایەن. تێگەیشتنی دیمەشق بۆ بەیەكەوە ژیان سیستمی حوكمڕانیی و فشاری توركیا لەسەریان، هاوكات خواست و پێویستی كوردو بەرژەوەندی ئەمریكاو ئیسراییل رێنادەن رێككەوتنێك بكرێت هێزەكانی سوریای دیموكرات بەمشێوەیە ببنە بەشێك لەسوپای ئەحمەد شەرع. بۆیە ئەگەر كۆبونەوە باڵاكەی دیمەشقیش سەربگرێت و توركیا رێگری لێنەكات، تەنها چەند لێكتێگەیشتنێكی دیاریكراو لەنێوان هەردوولا رادەگەیەنرێت و شتێكی دیكەی عەمەلی لێ‌ شین نابێت.   خولاسە. دۆخی سوریا تا ماوەیەكی درێژ بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام دەبێت. ئاسۆی گەیشتنە رێككەوتن دیار نییە، دەوەستێتە سەر بەرژەوەندی ئەمریكاو ململانێی وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەت توركیاو ئیسراییل، ئەوەی لەو نێوانەدا بێچارەیە گەلانی سوریایە كە كەمترین رۆڵ و كاریگەریان لەسەر ئایندەی خۆیان هەیە.

هەنگاوەکانیان سەرەتای ئامادەکاری جەنگێکی درێژخایەنە ئامادەکردنی هاوڵاتی تەنها لەم هەفتەیەدا ئیسرائیل و تورکیا جموجوڵی سەربازیی جیاوازیان دەستپێکردووە و خۆیان بۆ رووبەرووبونەوەی سەربازیی ئامادە دەکەن، تەنانەت وای لێهاتووە، هەردوولا یەکتری بە مەترسیدارترین هەڕەشە دەبینن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیان. لەم هەفتەیە چی روویدا؟ رۆژی دووشەممەی رابردوو ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس رێککەوتنێکی هەماهەنگی سەربازیی واژۆکرد بۆ راهێنانی یەکەی سەربازیی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و ئاڵۆگۆڕی زانیاریی لەسەر هەڕەشە نوێیەکان لە دەریای سپی ناوەڕاست، بەتایبەتی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی دۆرنی پێشکەوتوو. هەر لەکاتی ئەم رێککەوتنەدا نەتانیاهۆ پەیامێکی بۆ ئەردۆغان نارد و لەتەنیشت هەردوو بەرپرسی یەکەمی یۆنان و قوبرس گوتی: بۆ ئەوانەی خەون بە بنیادنانەوەی ئیمپراتۆرییەت دەبینن و بیانەوێت خواستەکانیان بەسەرماندا زاڵ بکەن، پێیان دەڵێم: ئەوە روونادات و هەر بیریشی لێمەکەنەوە. ئەم هەماهەنگییە سێ قۆڵییەی یۆنان و قوبرس و ئیسرائیل، لە تورکیا هەرای ناوەتەوە و رۆژنامەی یەنی شەفەق کە زمانحاڵی حکومەتی تورکیایە، دەڵێت، ئیتر دەبێت لەدوای ئەم هەماهەنگییە، تورکیا، ئیسرائیل بخاتە لیستی مەترسیدارترین وڵاتەوە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.  یەنی شەفەق دەڵێت، ئێستا سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەکانی تورکیا، ئیسرائیل وەک سەرەکیترین هەڕەشە پێناسە دەکەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵات، لەوانە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی کە بە میت ناسراوە. ئالۆن لایڵ، بەرپرسێکی پێشووی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسیرائیلی گوتووە، ئەنقەرە لەدوای رێککەوتنەکەی ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس کەوتووەتە حاڵەتێکی شڵەژانەوە و خۆی بۆ جەنگ دژی ئیسرائیل ئامادە دەکات، هەموو سیناریۆکانی رووبەڕووبوونەوەکەشی لەبەرچاوگرتووە و بەهەند وەریان دەگرێت.  لایڵ باسی لەوەشکرد، ئەنقەرە هێزی ئاسمانی بەهێز کردووە و پێگە بەرگرییەکانی تۆکمەتر کردووە، بودجەیەکی زەبەلاحیشی تەرخانکردووە بۆ بەرەوپێشبردنی سوپاکەی، ئەمە جگە لەوەی بەرەوپێشچوونی بەرچاوی لە بەرهەمهێنانی درۆنی پێشکەوتوو بەخۆیەوە بینیوە. رۆژی یەکشەممەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە ئاماژەیەکی ناراستەوخۆ پێش رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان گوتی: هیچ ململانێیەکمان لەگەڵ وڵاتان ناوێت، تەنها ئاشتیمان دەوێت، بەڵام دەستدرێژیش لە کەس قبوڵ ناکەین. تەنها رۆژێک دوای رێککەوتنەکەی ئیسرائیل، خێرا محەممەد عەلی حەداد، سوپاسالاری لیبیا گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبوویەوە. کۆبوونەوەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی هەردوو وڵات بوو، بەڵام حەداد نەگەڕایەوە بۆ لیبیا و لە ئەنقەرە فرۆکە تایبەتەکەی تێکشکا و لەگەڵ حەوت سەرنشینی دیکە گیانی لەدەستدا.  هەر لە هەمان رۆژی رێککەوتنەکەی ئیسرائیل، پەرلەمانی تورکیا ماوەی مانەوەی سەربازانی تورکیای لە لیبیا درێژکردەوە کە لە ساڵی 2019ـەوە لە وڵاتەکە جێگیرکراون. ئیسرائیلیش بەهەمان شێوە، تورکیا بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر وڵاتەکەی دەبینێت. لە نوێترین راپرسی پەیمانگەی سیاسەتی گشتی گەلی جوو، تورکیا هاتووەتە ریزبەندی دووەم لەو وڵاتانەی خەڵکی ئیسرائیل پێیانوایە گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتەکەیان.  رێکخەرانی راپرسییەکە دەڵێن، پۆلێن بەندییەکە لەسەر سێ ئاستە: بەرهەمهێنانی درۆن، سیستمی مووشەکی و توانای هێزی دەریایی کە تورکیا لەم سێ ئاستەدا پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و لە وڵاتێکی هەرێمییەوە گەیشتووەتە ئاستی "رکابەرێکی سەربازیی بەهێز"ـی ئیسرائیل. رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت دەڵێت، بە ئەگەری زۆرەوە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە سەرەتا لەسەر خاکی سوریا دەبێت، چونکە هەردوو وڵات لە سوریا ناکۆکییەکی گەورەیان هەیە.  میدیای تورکیاش لە خۆشکردنی ئاگرەکە سڵی نەکردووەتەوە و دەیەوێت هەسەدە پەلکیشی ململانێکە بکات، چونکە دەڵێن گرژییەکانی ئەم هەفتەیەی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب رێککەوت نەبووە، بەڵکو ئاماژەی نەتانیاهۆ بووە و ئیسرائیل دەستی هەبووە لە جوڵاندنی هێزەکانی هەسەدە بۆ شەڕ و ململانێ، لەکاتێکدا هەسەدە و چەند رێکخراوێکی سەربەخۆ ئاشکرایان کرد، گروپەکانی سەر بە دیمەشق دەستپێشخەری شەڕەکە بوون. تەنانەت قسەی میدیاکانی تورکیا لە گوتەکانی هاکان فیدان رەنگیدایەوە کاتێک رۆژی سێشەممەی رابردوو سەردانی دیمەشقی کرد و گوتی: هیچ پەرۆشییەک لە هەسەدەدا نابینین بۆ تێکەڵبوونی بە سوپای سوریا و کاری هاوبەشیان لەگەڵ ئیسرائیل بووەتە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەکەدا.