"گوێدرێژ بۆی هەیە بێت، بەڵام منداڵ نا" ئامادەکردنی هاوڵاتی میدیایەکی ئەڵمانیا بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک تۆڕە کۆمەڵایتییەکانی تەنیوە و رووبەرووی رەخنەیەکی گەورە بووەتەوە. لە چەند رۆژی رابردوو، رۆژنامەی ئەلگماینی ئەڵمانی هەواڵێکی لەبارەی چوار گوێدرێژ بڵاوکردەوە کە هێنراونەتە ئەڵمانیا. ئەمە تا ئێرە کێشەی نییە، بەڵام ئەوەی هەڵای دروستکردووە ئەوەیە ئەو گوێدرێژانە لە غەززەوە هێنراون. بەگوێرەی رۆژنامە ئەڵمانییەکە، ئەو گوێدرێژانە لەلایەن رێکخراوێکی ئیسرائیلەوە هێنراون و تا ئێستا ئەو رێکخراوە 50 گوێدرێژی لە کەرتەکە رزگار کردووە. ئەو گوێدرێژانە لە باخچەیەکی ئاژەڵانی شاری ئۆپنهایم دانراون و ناویشیان لێنراوە ئاننا، ئێلسا، گرێتا و رودی. رۆژنامەکە هەواڵەکەی بەمجۆرو دەستپێکردووە و دەڵێت: ئەو گوێدرێژانە بە برسییەتی ماونەتەوە و لە نەهامەتیدا بوون، لێیاندراوە و ئەشکەنجەدراون. ئەم نووسینە وایکردووە لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان هێرشیکی زۆر بکرێتەسەر رۆژنامەکە و بەناچاری دەزگا میدیاییەکە بەشی کۆمێنتی لە پۆستەکەی سڕکردووە. هەر ئەمە نییە، بەڵکو رۆژنامەی ئێن دی ئەکتوێلی ئەڵمانی رەخنەیەکی تووندی ئاراستەی رۆژنامە ئەڵمانییەکە و بەرپرسانی ئەڵمانیا کردووە بەهۆی ئەوەی حکومەتی ئەڵمانیا رێگەنادات منداڵانی غەزە بۆ وەرگرتنی چارەسەر بێنە وڵاتەکەوە. رۆژنامەکە نوسیوویەتی: گویدرێژ لە ئەڵمانیا باوەشی بۆ دەکرێتەوە، بەڵام ئەمە بۆ مرۆڤ نییە. رۆژنامەکە دەڵێت، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەوە ئەڵمانیا تەنها دوو منداڵی لە غەزەوە وەرگرتووە بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن، کەچی هەشت گوێدرێژ لە غەزەوە هێنراونەتە وڵاتەکە بۆ ئەوەی کەشێکی ئارامییان بۆ دابین بکرێت. لەماوەی دوو ساڵی جەنگی غەزە، زیاتر لە 42 هەزار منداڵ برینداربوون و بەشێکی زۆریان برینەکانیان مەترسیدارن، پێویستیان بەوەیە بنێردرێنە وڵاتی دیکە چونکە بەهۆی بۆردومانی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە سیستمی تەندروستی کەرتەکە وێران بووە. رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، زیاتر لە هەزار کەسی غەزە، کە زۆربەیان منداڵن، رەوانەی 17 وڵاتی ئەوروپی کراون بۆ چارەسەر، بەڵام ئەڵمانیا تەنها یەک برینداری فەڵەستینی و دوو منداڵی وەرگرتووە. وەزارەتی ناوخۆ و دەرەی ئەڵمانیا لەبارەی وەرنەگرتنی منداڵانی برینداری غەزە دەڵێن، دۆخی غەزە ئاڵۆز و چاوەڕواننەکراوە، کارەکەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و ئەو کەسوکارانەی لەگەڵ منداڵەکان دێن پێویستیان بە پشکنین جدی ئەمنییە هەیە.
ئایسلەندا جارێکی دیکە وەک ئارامترین وڵاتی جیهان دەستنیشانکرا و بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لەسەریەک پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. بەپێی پێوەرەکانی ئاشتی جیهانی 2025 کە لەلایەن پەیمانگای ئابووری و ئاشتی بەرهەم هێنراوە، ئایسلەندا نمرەی 1.095ی بەدەستهێناوە و لەنێو 163 وڵاتدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، کە نزیکەی تەواوی دانیشتوانی جیهانی دەگرێتەوە. ئەم ڕیزبەندییە سەرنجڕاکێشە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستیپێکردووە و بەبێ پچڕان بەردەوامە، بەمەش ئایسلەندا بووەتە درێژترین پێشەنگی ئاشتیخوازی جیهانی. چەند هۆکارێک ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە بۆچی ئایسلەندا بەردەوام لە پلەی یەکەمدایە. بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "گەلف نیوز"، وڵاتەکە هیچ سوپایەکی وەستاوی نییە و بۆ ئاسایش پشت بە پۆلیس و پاسەوانی کەناراوەکان دەبەستێت و ڕێژەی تاوانەکانیش لە ڕادەبەدەر نزم دەپارێزێت. تاوانی توندوتیژی دەگمەنە و متمانەی بەهێزی کۆمەڵگا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەردەوامبوونی هاوسەنگیدا. دامەزراوە سیاسییە سەقامگیرەکان و ئاستێکی بەرزی ژیان زیاتر گرژییە کۆمەڵایەتییەکان کەمدەکاتەوە، ئەمەش بەشدارە لە ناوبانگەکەی وەک کۆمەڵگەیەکی سەلامەت و هاوکاری. پێوەرەکانی ئاشتی جیهانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نموونەی ئایسلەندا نیشان دەدات کە ئاشتی تەنها نەبوونی شەڕ نییە بەڵکو بوونی بەها و پێکهاتەکانە کە هاوکاری پەروەردە دەکەن. بەگوێرەی پەیمانگای ئابووری و ئاشتی، فاکتەرە کولتوورییەکانی وەک متمانە، یەکسانی و گشتگیری، هێندەی هێزی سەربازی گرنگن کاتێک باس لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکرێت.
لە کۆبوونەوەی شاندە باڵا ئەمنییەکەی کوردستان و عێراق کە سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کرد باسی ئەم بابەتانە کراوە: بەدواداچوونی ورد بۆ سەرچاوەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر. بڕیاردراوە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان چوار پارێزگا پێکبهێنرێت پارێزگاکان ئەمانەن: سلێمانی، کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالە. ئەم ژووڕە بڕیارە هێزێکی هاوبەش پێکبهێنێت بەمەبەستی پاراستنی کێڵگەی کۆرمۆر و ئەو سەرچاوە سرووشتییانەی دیکە کە دەکەونە سنووری ئەو پارێزگایانەوە. کۆمپانیای داناغاز مەرجی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن: ئەوان دەڵێن بەرهەمهێنان دەستپێناکەینەوە تاوەکو گرەنتی ئاسایشی کارمەندانی کێڵگەکە نەدرێت و نابێت چیتر هێرشی مووشەکی و درۆنی بکرێتە سەر کێڵگەکە. ئەو شاندە باڵایە کێی تێدایە؟ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، هەروەها حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق. شەوی چوارشەممە 26ى تشرینی دووەمی 2025 هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، لە ئەنجامدا 80% کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بووەوە. سەرچاوە: ئاڤا میدیا، کوردسات نیوز
ئەوەی حکومەتی هەرێم دەیەوێت تەنها یەک وڵات دەتوانێت بۆ بکات چۆن هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەوەی هەرێمی کوردستان ئێستا پێویستییەتی دوو سیستمی بەرگریی پێشکەوتووە کە ئەمریکا خاوەنییەتی و لەتوانایدا بۆی دابین بکات، حکومەتی هەرێمیش چەند جارێک هەوڵی بۆی داوە، بەڵام ئەمجارە بەشێوەیەکی ئاشکرا داوای کرد. هێرشە مووشەکییەکەی سەر کیڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ ئەمجارە جیاوازتر بوو، چونکە بووە هۆی پچرانی 80% بەرهەمهێنانی کارەبا و تێکدانی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان. پێشتر چەندین جار هێرشی لەو جۆرە کراوە، بەڵام ئەمجارە هێندە کاریگەری دروستکرد کە هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا داوای سیستمی بەرگری لە ئەمریکا کرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەر زوو دوای هێرشەکە داوای لە واشنتن کرد سیستمی بەرگری بۆهەرێمی کوردستان دابین بکات تاوەکو بەرگری لەخۆی بکات. ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوو سیستمی بەرگری بەکاردەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆن، ئەو دوو سیستمەش سیستمی سی رامی نزیک مەودا و پەیتریۆتی دوور مەودان. سوپای وڵاتەکە سیستمی سی رامی لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغداد و کونسوڵخانەکەی لە هەولێر جێگر کردووە. سیستمی پەیتریۆتیش لە بنکەی سەربازیی هەریر و بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار جێگرکراوە. سی رام سیستمێکی بەرگریی نزیک مەودایە و بەشێوازێک دروستکراوە کە ببێتە دوا هێڵی بەرگریی دژە هەر هێرشێک. زیاتر بۆ ئەو هێرشانەیە کە بە مووشەک و رۆکێتی نزیک مەودا ئەنجامدەدرێن. سیستمەکە توانای هەیە پێشوەختە ئاگادارکردنەوە لە هەڕەشە بدات و چاودێری جووڵەی نائاسایی بکات، لە دوو کیلۆمەتریشەوە دەتوانێت مووشەک و درۆن بپێکێت. چەندین جۆر چەکی جیاواز لەخۆدەگرێت و دەتوانێت لەماوەی خولەکێکدا چوار هەزار و ٥٠٠ راوند لە تەقەمەنی بتەقێنیت. نرخی هەر سیستمێک لەنیوان 10 بۆ 15 ملیۆن دۆلاردایە و ئاستی سەرکەوتنیشی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرش نزیکەی 70% یە. ئەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر پێویستییەتی ئەم سیستمەیە، چونکە ئەگەر کیڵگەی غازی کۆرمۆر سیستمێکی لەوجۆرەی تێدا جێگیربوایە، ئەوا روودانی هێرشەکە ئەگەرێکی زۆر کەمی دەبوو، یاخود کیڵگەکە بە زیانێکی کەم لێی دەردەچوو. سیستمەکەی دیکە، سیستمی پەیتریۆتە کە ئەمەیان بۆ مووشەکی دوور مەودای وەک مووشەکی بالیستیکی و پێشکەوتووتر بەکاردێت. ئەم سیستمە چەند جۆرێکی هەیە و بەپێی جۆرەکان خاسیەتەکەیانیان دەگۆرێت، بەڵام بە تێکڕا مەودای سیستمەکە لەنیوان 50 بۆ 160 کیلۆمەترە و چەند مووشەکێکی ئاڵۆز و پێشکەوتووی لەسەرە کە دەتوانێت بەخێرایی زیاتر لە 5 بۆ 6 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمیرێدا ئاراستەی هەر مووشەک و درۆنێک بکات. سیستمەکە چەندین بەشی هەیە وەک رادار، وێستگەی چاودێری، وێستگەی مووشەک و هەڵدەری مووشەک هەر بۆیە کرین و جێگیرکردنی تەواوی سیستمەکە بەهاکەی یەک ملیار دۆلارە. ئاستی سەرکەوتنی سیستمەکە لە بەرپەرچدانەوەی هێرش زۆر بەرزە و میدیای ئەمریکا رێژەکەی لەنیوان 60% بۆ 95% خەمڵاندووە. ئەمریکا و زۆربەی ئەو وڵاتانەی سیستمی بەرگریی ئەمریکی بەکاردەهێنن چەند چینێکی بەرگری دروست دەکەن بە سیستمی جیاواز و ئەگەر هەرێمی کوردستانیش بتوانێت ئەم دوو سیستمە لە ئەمریکا وەربگرێت و پێکەوە لە دامەزراوە هەستیارەکان جێگریان بکات، ئەوا بەرێژەکی زۆر بەرز دەتوانێت هێرشەکان بەبێ هیچ زیانێک کۆتایی پێ بهێنێت.
خەبات کوردە چەند ڕۆژێکە پێ پەتیەکانی بادیەی نزیک شاری حومس ، بە ڕۆژی ڕوناک و بە بەرچاوی هێزەکانی پاراستنی ئاسایشی گشتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی دیمەشق و بە هاوکاری هێزەکانی وەزارەتی بەرگری و بە فیتی هێزەکانی حەمزات و عەمشاتی سەر بە دەزگا جاسوسیە بەدناوەکەی میتی تورکی ، بە چەکەکانیانەوە هێرش دەکەنە سەر ماڵە دروز و عەلەوی نشینەکانی ناو شاری حومس لە سوریا و شەلم کوێرم نا پارێزم دەست لە منداڵیش ناپارێزن چ جای دایک و باوک و باپرەکانیان لە دوێنێوەش لە تەواوی شارە عەلەوی نشینەکانی کەنار دەریاش خەڵکی سادە و ساکاری عەلەویە بێدەسەڵاتەکانیش بۆ بەرگری لە ژیانی خۆیان و خێزان و ماڵ و منداڵەکانیان بە چڕی ڕژاونەتە ناوەڕاستی شارەکان و وا هەست دەکرێ تازە گەلانی سوریا گەڕاونەتەوە ۱٥ ساڵ لەمەوبەر و دژی شەبیحەکانی ئەحمەد ئەلشەڕع و دار و دەستەکەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن . دوای ئەوەی دوێنێ هێزێکی زۆری ئاسایشی گشتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و سوپا لەرزۆکەکەی شەڕع گەیشتنە شاری حومس و تەواوی شارە عەلەوی نشینەکانی کەنار دەریا . تەنها چەند کاتژمێرێک توانیان خۆیان ڕاگرن و پەشێوی دروست نەکەن . دوای ئەوە کەوتنە تەقە کردن و ڕانان و گرتن و ئازاردانی خەڵکە ڕاپەڕیوەکە و تا ئێستا دەیان کوژراو و بریندار هەیە و بە گوێرەی هەواڵە میدیاییەکانیش بێت سەدان کەسیان ڕاپێچی زیندانەکان کردوە ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە داوا لە هێزەکانی هەسەدە دەکەن کە بێن بیان پارێزن لە جیاتی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو سەرهەڵدانە ڕویدا .؟ تورکیا دەوری کاریگەری هەیە و تورک وا هەست دەکات ، ئەگەر ئارامی بگەڕێتەوە بۆ تەواوی سوریا ، ئەوان مایە پوچ و سەرگەردان دەبن . چەند ڕۆژێ بەر لە ئێستا ئەردۆگان دەڵێ : چەندین ساڵە سێ ملیۆن ئاوارەی سوری لە تورکیا ژیانیان کردوە و فێری زمانی تورکی بونە و ئێستا دەگەڕێنەوە ناو خاکی خۆیان ، دەبێ ئێمە پشتیوانیان لێبکەین و بیانپارێزین و زمانی تورکی بۆتە زمانی دووەم لە سوریا لە گەڵ سەردانەکەی شەڕع بۆ کۆشکی سپی ، تەنها شەڕع بۆ ماوەیەکی کاتی لە یاسای سزاکانی قەیسەر کە تایبەتە بە سوریا دەرهێندرا و هیچ سەرکردە و وەزیر و بەرپرسێکی حکومەتە کاتیەی شەڕعی نەگرتەوە یەکێک لەو خاڵانەی کە دۆناڵد تڕەمپ بە سەر شەڕعدا فەڕزی کردبوو کە دەبێ بەرەنگاریان ببێتەوە ئەندامانی حیزبوڵای لوبنانی و باڵی هەرە درێژی ئێرانە لە سوریا و لوبنان و زۆربەشیان بە ئەسڵ لە عەلەویەکانی ناوچەکەن بە تایبەتی سوریا . دوور نیە ئەوە بیانویەک نەبێ بۆ گرتن و ونکردنی زۆرێک لە خەڵکی ئەو شارانە . قوڵبونەوەی کێشەی ناتانیاهۆ و ئەردۆگان ، بە تایبەتیش کە لەو ڕۆژانە فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسڕائیل بە سەد فڕۆکەی جەنگی تەواوی ئاسمانی سوریایان کۆنتڕۆڵ کرد و بوونە ڕێگر لە دامەزراندن و ئاوەدانکردنەوە و هێنانی کەلوپەلی سەربازی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا بە تیرۆریست ناساندنی ئەخوانەکانی سوریا و لوبنان و میسڕ بە تایبەتی لە لایەن ئەمەریکاوە و بە بڕیارێکی تایبەتی تڕەمپ . چونکە تورکەکانیش بۆ خۆیان چەندین گروپی ئیخوانی توندڕەویان هەیە و لە ناو تورکیا و سوریا زۆر زۆریش چالاکن . ڕاگەیاندنی باری نائاسایی وادەکا کە سبەینێ ئەلشەڕع بیانو بهێنێتەوە و بە ئەمەریکا بڵێ ئەها ئەوە عەلەویی و دروز و کوردەکانن ناهێڵن ئێمە بە ئارامی گروپە چەکدارەکانی خۆمان چەک بکەین لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا ڕوودەدا هیچ قسەی لە سەر نیە و بێ سێ و دوو جێبەجێ کردنی پیت بە پیتی جوڵەکانی ئەردۆگان و دەزگا جاسوسیەکەیەتی چونکە ئەردۆگان دەترسێ سبەینێ ناوی ئەویش بکەوێتە ناو ناوی داواکراوەکانەوە ، چونکە ئەمەریکا و ئیسڕائیل باش دەزانن ئەردۆگان کوێی دێشێ ، لە بەر ئەوەی خودی ئەردۆگان ئێستا سەرۆکی فیعلئ هەر هەموو ئیخوانەکانی جیهانە ڕۆژانی دادێش دوور نیە بە یەکجاری تەواوی شارەکانی سویاش باری نا ئارامی ڕانەگەیەندرێ و هێزەکانی ڕوسیا و ئەمەریکا و ئیسڕائیلیش نەبنە بەشێک لەو نائارامیە و حکومەتە کاتیەکەی دیمەشق نەخەنە سەر هەززە
ئەنقەرە لەسەر بابەتێک فشاری زۆر دەکات و ئۆجەلانیش رەتیدەکاتەوە ئەو شتە چییە تورکیا هێندە سوورە لەسەری؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا قۆناغێکی زۆری بڕیووە و عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، چەندین سازشی لەپێناو ئاشتیدا کردووە، بەڵام بابەتێک هەیە هەرگیز نایەوێت بیداتە دەست تورکیا. زۆر شت لەسەر سەردانی لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا بۆ لای ئۆجەلان ناڕوونە و هێشتا ئەو سێ پەرلەمانتارەی پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) و پارتی گەلی کۆماری (مەهەپە) کە سەردانی ئۆجەلانیان کرد هیچ قسەکەی فەرمییان نەکردووە، بەڵام پێگەی ئەلمۆنیتەر لەبارەی دانیشتنەکەیان چەند نهێنییەکی ئاشکرا کردووە. پێگەی ئەلمۆنیتەر لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت، گفتوگۆکانیان پێنج کاتژمێری خایاندووە و تەوەری سەرەکی دانیشتنەکە لەبارەی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بووە. ئەلمۆنیەر دەڵێت، ئەنقەرە فشاری زۆر دەکات بۆ ئەوەی ئۆجەلان رازی بکات هەسەدە چەک دابنێت و بەڕێوبەریی خۆسەریش دەست لە سەربەخۆیی هەڵبگرێت، بەڵام لە دانیشتنەکەی رۆژی دووشەممە لەگەڵ لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا، ئۆجەلان سوور بووە و رەتیکردووەتەوە سازش لەمە بکات. چەک دانان و تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا بووەتە بەربەستێکی گەورە بۆ تورکیا و هەواڵگری وڵاتەکە،کە بە میت ناسراوە، ماوەی ساڵێکە لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەر، لە گفتوگۆدایە و میت داوای کردووە هەسەدە بچێتە نیو سوپای سوریا و دەستبەرداری کیڵگە نەوتییەکانی ببێت، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور. یەکێک لە سەرچاوەکان بە ئەلمۆنیتەری گوتووە: ئۆجەلان دەزانێت سوریا بەهێزترین کارتییەتی و ئەو کارتەش وەک چەکێکی بەهێز بەکاردەهێنێت، بەهیوای ئەوەی حکومەتی تورکیا بەو رێگەیەدا ئاراستە بکات کە خۆی دەیەوێت. بەرپرسانی تورکیا و پارتی ئاکەپە زۆر جەخت لەوە دەکەنەوە، هەسەدە درێژکراوەی پەکەکەیە و دەبێت ئەویش چەک دابنێت، نوێترین لێدوانیش لەسەر ئەمە لێدوانەکەی عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتەکە بوو کاتێک گوتی، پارتەکەمان و پارتی مەهەپەی هاوپەیمانمان لەسەر ئەوە کۆکین دەبێت هەسەدە چەک دابنێت. هەر لەبەر ئەم فشارە زۆرانەیە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لەم هەفتەیەدا رایگەیاند، پەیوەندی لەگەڵ ئیمڕاڵی هەیە، بەڵام پێویستە راستەوخۆ چاوی بە ئۆجەلان بکەوێت و لەگەڵی کۆببێتەوە. ئەلمۆنیتەر دەڵێت، ئۆجەلان نایەوێت دەستوەردان لە بابەتی کوردانی سوریا بکات و دەیەوێت تورکیا وەک نێوندگیر قبوڵی بکات، نەک ببێتە رێکخەر بۆ رێککەوتنی نهێنی هەر وەک چۆن پێشتر لە ساڵی 2013 رەتیکردەوە هێزە کوردییەکان دژی حکومەتی ئەسەد بجوڵێنێت، کە ئەمەش داواکاری ئەنقەرە بوو. ئەلمۆنیتەر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم سووربوونەی ئۆجەلان وەک شمشێرێکی دووسەرە وایە، چونکە تا زیاتر حکومەتی تورکیا بە مەرجەکانی رازی ببێت، هەژموونی ئۆجەلان بەسەر شوێنکەوتووانییەوە زیاتر دەبێت، بەڵام لەم نێوەندەدا رەنگە زیاتر پرۆسەی ئاشتی دوابخات تا داوای زیاتری بۆ جێبەجێ بکەن. بڕیارە رۆژی هەینی پرۆژەیاسایەک پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا بکرێت بۆ ئازادکردنی هەزارەها زیندانی کە بەتۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکەوە دەستگیرکراون، ئەمەش وەک بەشێکە لە رێککەوتنی ئاشتی. پێگەی ئەلمۆنیەر باس لەوە دەکات، شاراوە نییە کورد هیوای وایە ئەم پاکێجە ئازادکردنی ئۆجەلان لەخۆبگرێت و ئەنقەرەش دەیەوێت بەم هەنگاوە پەکەکە و هەسەدە پێکەوە رازی بکات چەک دابنێن.
بۆچی لەم کاتەدا ترەمپ ئیخوان موسلمینی خستە لیستی تیرۆرەوە؟ کێ لە پشت بڕیارەکەیەوە بوو؟ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، واژۆی لەسەر فەرمانێکی جێبەجێکاری کرد کە تێیدا بەشێکی ئیخوان موسلمینس خستە نێو لیستی تیرۆرەوە. فەرمانەکە جارێ تەنها بۆ لقەکانی بزووتنەوەکە لە وڵاتەکانی لوبنان، میسر و ئوردن دەرچووە و ترەمپیش دەلێت، پێداچوونەوە بۆ لقەکانی دیکەش دەکەین. هۆکارەکەشی ئاشکرا کردووە و دەڵێت: ئەم جوڵانەوەیە پەیوەندییان لەگەڵ حەماس هەیە و هاوکارییان کردوون. فەرمانەکە چۆن کار دەکات؟ دوای واژۆکردنەکەی ترەمپ، بڕیارەکە دەچێت بۆ وەزیری دەرەوە و وەزیری گەنجینەی ئەمریکا. وەزارەتی دەرەوە، سەرەتا تۆمارێکی کارگێری دروستدەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان و دواتر لەگەڵ داواکاریی گشتیی راپۆرتێکی هاوبەش ئامادە دەکەن، بۆ بە یاسایی کردنی پرۆسەکەش لەماوەی 45 رۆژدا دەینرێن بۆ کۆنگریس. فەرمانەکە هێندە گرنگە، تەنانەت کۆنگرێسیش ناتوانێت رەتی بکاتەوە و تەنها بەرگێکی یاسایی دەکاتە بەری. ئەگەر ئەمانە هەمووی ئامادە بوو، هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە دەوەستێنن. ئەی وەزارەتی گەنجینە چی دەکات؟ خاڵی یەکەم: هەموو موڵک و سامانەکانی ئیخوان موسلمین لە ئەمریکا بلۆک دەکرێن. خاڵی دووەم: هەرکەسێک هاوکاری ماددی یان هاکاری لۆجیستیان بکات دەدرێتە دادگای تاوانی فیدڕاڵی. خاڵی سێیەم: هەموو بانکەکان ئاگادار دەکرێنەوە نابێت هیچ پارەیەک بگوازرێتەوە بۆیان. ترەمپ، بەوەشەوە نەوەستاوە و دەلێت پێداچوونەوە بۆ هەموو لقەکانی دیکەی ئیخوان موسلیمین دەکەین و ئەوانیش لە بەرنامەدان. ئیخوان موسلیمین لە عێراق و سوریا و تورکیا و قەتەر و چەند ولاتێکی دیکە هەن. لقەکەی عێراق بەناوی حزبی ئیسلامیی عێراقە و ئەیاد سەماڕایی سەرۆکایەتی دەکات. ئیخوان موسلیمین، ماوەی ١٠٠ ساڵە وەک جوڵانەوەیەکی ئیسلامی لەسەر دەستی حەسەن بەنا لە میسر دامەزراوە، چەندین لقی هەیە، ئامانجی سەرەکی دامەزراندنی دەوڵەتێکە بە شەریعەتی ئیسلام کار بکات.
وەرە و بۆ خۆشی خۆت خەڵکی سڤیل بکوژە نرخی منداڵ کوشتن گرانترە و پیرەکانیش بە بێبەرامبەر ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەمەی باسی دەکەم فیلمی ئاکشن نییە، بەڵکو هەر بەراستی روویداوە و رووداوەکە بەمجۆرەیە: لەنێوان ساڵانی 1992 بۆ 1995 کۆمەڵێک کەسی دەوڵەمەند لە رۆژانی پشووی هەفتە بۆ کات بەسەربردن و خۆشی خۆیان چوونەتە شاری ساراییڤۆی بۆسنە بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیل بە پارە، بەڵام بە نرخی جیاواز. ئەو کەسانە خەڵکی ئەمریکا، رووسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژئاوای تێدا بووە و زیاتر لە 100 هەزار دۆلاریان لەبەرامبەردا داوە. نرخی کوشتنی منداڵ گرانترین بووە، دوای ئەویش پیاوان، ژنان، ئینجا کەسانی بە تەمەن، کە ئەمان بە بێبەرامبەر کوژراون. گەشتیارە بکوژەکان چەکی نیشانەشکێنیان بەکارهێناوە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی خەڵکی سڤیلیان کوشتووە. بۆ ئەوەی باشتر لە رووداوەکان تێبگەیت، دەبێت باسی ئەو جەنگە بکەم لە بۆسنە روویداوە. ساڵی 1992 کاتێک بۆسنە لە یۆگسلاڤیای ئەوکات جیادەبێتەوە و سەربەخۆیی رادەگەیەنێت، راستەوخۆ جەنگ بەرپا دەبێت و سربییەکانی نێو بۆسنە دژی دەوەستنەوە بە هاوکاری سربیا و کرواتیا. هەر دوای هەڵگیرسانی جەنگ، ئابڵوقەی ساراییڤۆی پایتەختی بۆسنە دەدەن. ئەم شارە بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی مسوڵمانن و دواتر مەسیحی سربی و کرواتیین. هەموو ئەوانەی باسمکرد لەلایەن رۆژنامەنوس و نووسەرێکی ئیتاڵی بەناوی ئیزیۆ و گاڤازینی بڵاوکراوەتەوە و بە دەستکەوتنی بەڵگەنامەی نوێ، دەستیکردووە بە تۆمارکردنی سکاڵایەکی یاسایی لەسەر ئەو هاووڵاتییە ئیتاڵییانەی لەو تاوانەدا بەشداربوون. ئەو دەڵێت، کوشتنەکان هیچ هاندەرێکی سیاسی و ئایینیان لەپشت نەبووە، بەڵکو بکوژەکان کەسانی دەوڵەمەند بوون کە چوون بۆ ساراییڤۆ بۆ خۆشی خۆیان و پڕکردنەوەی حەز و ئارەزووەکانیان، ئەوکەسانە خولیا و ئاواتیان چەک بووە و لەوانە بوون بۆ گەشتکردن بۆ راو دەچن بۆ ئەفریقا و وڵاتانی دیکە. بەپێی رۆژنامەی لا ریپەپلیکای ئیتاڵی، ئەم کەسە دەوڵەمەندانە لە رۆژانی پشووی هەفتە لە شاری تریستی ئیتاڵیاوە بە فرۆکە بەڕێکەوتوون بۆ یۆگۆسلاڤیای جاران و لەوێوە بە یارمەتی سربییەکان چوونەتە سەر قەدپاڵەکانی دەوروبەری شاری ساراییڤۆ بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیل. ئاژانسی ئانسای ئیتاڵی باس لەوە دەکات هەموو پرۆسەکە بە ئاگاداری هەواڵگری سربیا کراوە و ئەوان لە پشتی بوون، هەرچەندە سربیا ئەمە رەتدەکاتەوە. رۆژنامەی لا ریپەپلیکا دەڵێت، تەنانەت هەواڵگری ئیتاڵیاش ئاگاداری بابەتەکە بووە. لە جەنگی بۆسنە کە زیاتر لە چوار ساڵی خایاند، ١١ هەزار کەس بە تۆپباران و نیشانەشکێن کوژران. کەسێکی رزگاربوو کە بۆ کەناڵی جەزیرە قسەی کردووە و ئەوکات تەمەنی تەنها نۆ ساڵ بووە، دەڵێت: ئەو راستیانەی تازە هەڵدراونەتەوە لای من جێی سەرسوڕمان نین چونکە رۆژانی پشووی هەفتە لە سارایڤۆ "زۆر مەترسیدار" بوون، ئەمە قسەیەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی لەو رۆژانەدا خەڵکی زیاتر بە نیشانەشکێن کوژراون.
ئامادەکردنى: هاوڵاتى پلانەکەی ترەمپ زێلینیسکی بێهیوا کردووە و ئەوروپییەکانیش تووڕەن ئەوەی لە پلانەکەی ترەمپ هەیە بۆ ئاشتی بە دڵی رووسیایە دوای نزیکەی چوار ساڵ لە جەنگ، ئەوی ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا ویستی و خۆی بۆی نەکرا، خەریکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەدی دەهێنێت و لەسەر سینییەکی ئامادە پێشکەشی دەکات. ئەمە قسەی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپییە و تەنانەت میدیای ئەمریکاش پلانەکە بە پلانێکی رووسی ناودەبەن نەک پلانێکی ئەمریکی. ئەو پلانە 28 خاڵییەی ئیدارەی ترەمپ پێشکەش کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین و رووسیا، زۆربەی لە بەرژەوەندی مۆسکۆیە چونکە هەرێمی لوهانسک، دۆنێتسک و کریمیا وەک ناوچەیەکی رووسی دەناسرێن و تەنانەت ئەمریکاش دانی پێدا دەنێت. دەبێت ئۆکراین لەو بەشانەی دۆنیتسک بکشێتەوە کە کۆنتڕۆڵی کردووە. ئەوەی ئۆکراینی بێزارکردووە ئەوەیە نابێت سوپای وڵاتەکەی لە 600 هەزار سەرباز تیپەڕێت و کیێڤ بۆی نییە چیتر داوای چوونە نێو رێکخراوی ناتۆ بکات، رێکخراوەکەش بەهیچ شێوەیەک نابێت سەربازەکانی لە ئۆکراین جێگیر بکات. هەر ئەمەش نا، بەڵکو ناوچەی زاپارۆژیا و خێرسۆن بەدەست ئۆکراینەوە نامێنن. بەپێی پلانەکە، سزا ئابوورییەکان لەسەر روسیا هەڵدەگیرێن، بانگهێشتدەکرێتەوە بۆ بەشداریکردن لە گروپی هەشت وڵاتەکە و بەشداری کارای لە ئابووری جیهانیش پێدەکرێت. واشنتن فشارێکی گەورە لە ڤۆلۆدمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، دەکات بە پلانەکە رازی ببێت و تا رۆژی پێنجشەممەی بۆ داناوە، وادیارە زێلینسکیش خۆی بەدەستەوە داوە چونکە گوتی: رووبەرووی بژاردەیەکی سەخت بووینەوەتەوە، یان دەبێت شەرەف و کەرامەتمان لەدەست بدەین یان هاوبەشێکی گەورە و گرنگ لەدەست دەدەین، کە مەبەستی ئەمریکایە. فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە پلانەکەیان هیچ بەدڵ نییە و داوای گۆڕانکاری دەکەن. ئەوان دەڵێن، پلانەکە ئۆکراین دەخاتە بەر رەحمەتی هێرشی رووسیا و لەبەرامبەریدا لاوازی دەکات. رۆژی شەممە چەند سیناتۆرێکی ئەمریکی لەگەڵ مارۆکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە و یەکێکیان بەناوی مایک راوندز گوتی: روبیۆ پێی گوتووین پلانەکە پلانی ئێمە نییە. ئەو سیناتۆرە دەشڵێت، پلانەکە لەلایەن کەسێکەوە دراوە بە ئیدارەی ترەمپ کە نوێنەری رووسیا بووە. هەر زوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم قسەیە تووڕە بوو، بۆیە بەتەواوی رەتیکردەوە و رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ شتی وانی نەگوتووە. لەم بەزم و ململانێیەی پلانە 28 خاڵییەکی ترەمپ دروستیکردووە، ئەوەی مێشکی ئارامە ڤلادمیر پوتینە چونکە لەبارەی پلانەکەوە گوتی، دەکرێت ببێتە بناغەیەک بۆ کۆتایهێیان بە ململانێ سەربازییەکەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئۆکراین. پوتین هەڕەشەی ئەوەشیکرد، ئەگەر ئۆکراین پلانەکە رەتبکاتەوە ئەوا سەربازەکانمان بەرەو ئۆکراین زیاتر پێشڕەوی دەکەن و ناوەستن.
ئێف-35، فڕۆکە تۆقێنەرەکەی ئەمریکا، ئەو فڕۆکەیەی هەموو وڵاتێک ئاواتی بۆ دەخوازێت و ئەمریکا تەنها بە مەرجێک دەیفرۆشێت سعودیە زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکات تەنها لەبەرئەوەی ترەمپ رازیبکات ئێف-35ـی پێبفرۆشێت کە سوودێکی ئەوتۆی بۆ سعودیە نییە. ترەمپ چەند جارێک گوتوویەتی وەک "مانگایەکی شیردار" لە سعودیە دەڕوانێت و پێدەچێت ئەمجارەش چاک دۆشیبێتی، چونکە بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ترەمپ جۆرە فڕۆکەیەکی جەنگی بە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، دەفرۆشێت کە لەبەرامبەر ئەوانەی ئەمریکا و ئیسرائیل وەشانێکی خراپە و زۆر سوودی پێناگەیەنێت. فڕۆکەی ئێف-35 پێشکەووتووترین فڕۆکەی جەنگییە لە جیهاندا و دەتوانێت بەخێرایی ئامانجەکەی بپێکیت بەبێ ئەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی هەستی پێبکات. لە رۆژهەڵاتی ناوەراست تەنها ئیسرائیل هەیەتی و نرخی هەر دانەیەک 80 ملیۆن دۆلارە. میدیا ئەمریکییەکان دەڵێن، بن سەلمان رازیبووە بە بەهای یەک ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکات و 48 فرۆکەی ئیف 35یش لە واشنتن دەکڕێت. بەهای سەرجەم فڕۆکەکان لەنێوان 5.3 بۆ 5.7 ملیار دۆلارە. بەڵام کێشەکە لێرەدایە، سعودیە ئەو فڕۆکەیەی نادرێتێ لە لای ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە. بەم نمونە ئاسانە بۆتان رووندەکەمەوە: ئەمریکا خۆی جۆرە فڕۆکەیەکی ئێف-35ی لایە و پێشکەوتووترینە، دەتوانین بە ئایفۆن 17ـی پرۆ ماکسی بچوێنین، ئیسرائیلیش فرۆکەیەکی لایە وەک ئایفۆن 17ـی پڕۆ وایە، بەڵام ئەوەی دەدرێت بە سعودیە وەک ئەوە وایە ئایفۆنێکی ئاسایی 17ـی پێ بدرێت. ئیسرائیل 45 بۆ 50 فڕۆکەی ئێف 35ـی هەیە و هەشت ساڵە بەشێکیان لە خزمەتی سەربازیدان، رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا کردووە ژمارەی فڕۆکەکانی بگەینێتە 75 فڕۆکە. ئیسرائیل لە جەنگی غەزە و تەنانەت لە جەنگی 12 رۆژی لەگەڵ ئێران بەکاریهێنا. ئیسرائیل بۆی هەیە دەستکاری فڕۆکەکە بکات و ئەپدەیتی بکات، هەروەها سیستمی چەکی خۆی تێدا دابمەزرێنێت. یەکێک لەو گۆرانکارییانەی کردی ئەوە بوو توانی فڕۆکەکە والێبکات بەبێ ئەوەی پێویستی بە سووتەمەنی پڕکردنەوە بێت، لە ئیسرائیلەوە بڕواتە ئێران و بۆردوومانی چەند ناوچەیەک بکات و دواتر بگەڕێتەوە. بەپێی یاسایەکی ئەمریکا، هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەراست ناتوانێت باڵادەستی سەربازیی لەبەرامبەر ئیسرائیل هەبێت، بۆیە سعودیە ئەو فڕۆکەیەی وەریدەگرێت ناتوانێت گۆڕانکاری یاخود ئەپدەیتی بکات و لەژێر چاودێری ئەمریکاش دەبێت. بە واتایەکی دیکە، سعودیە لەم ئاڵوگۆڕەدا تەنها زیان دەکات و ئەوەی بەدەستییەوتی ئەوەیە تەنها بڵێت فڕۆکەی ئێف-35م هەیە، بەڵام فڕۆکەیەک کە سویچەکەی بەدەست واشنتنەوەیە.
یەکێتی وەڵامی چی دەبێت؟ هاوڵاتى بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ سینارۆ تێناپەڕێت. ئەم سێ سیناریۆیە هەرسێکیان ئەگەری روودانیان هەیە، بەڵام یەکێکیان ئەگەرێکی لاوازی هەیە. لەدوای زیاتر لە ساڵێک لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، هێشتا کابینەی 10ـی حکومەت پێکنەهاتووە و یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستەکان رێککنەکەوتوون. مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و سەرکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی مێپس گوتی، "ئێمە زۆر نەرمیمان بەرامبەر یەکێتی نواندووە و ئیتر لەمەودواش دۆخەکە گۆڕاوە و بەپێی دۆخی نوێ مامەڵە دەکەین." با پێتان بڵێم سێ سیناریۆکە چین: یەکەم: هەردوولا رێکدەکەون پۆستەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دابەش بکەن، هەروەک جاری پێشوو کە پۆستەکانی بەغدا و هەرێمیان بەپێی رێککەوتنی نێوانیان دابەشکرد. ئەم سیناریۆیە ئەگەری روودانی زۆرە، بەڵام بەپێی قسەکانی مەسرور بارزانی بێت چیتر پارتی ئەوەی قبوڵ نییە و بەپێی کورسی مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات. سیاریۆی دووەم: رەنگە پارتی پەنا بۆ لایەنکانی دیکە ببات. بە کورسییەکانی خۆی کە ٣٩ کورسین لەگەڵ سێ کورسی کۆتا، تەنها ٩ کورسی دەمێنیت بگاتە ٥١ کورسی و زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بۆ ئەمەش رەنگە لەگەڵ لایەنەکانی تر رێککبکەوێت تا بگاتە زۆرینە و یەکێتی ناچار بکات بەشداری لە کابینەی 10 بکات. ئەم سیناریۆیە ئەگەری روودانی بەهێزترە، هەروەک چۆن پارتی لە 2019 ئەنجامیدا و یەکێتی ناچارکرد ئەو پۆستانە وەربگرێت کە بە بەتاڵی بۆی بەجێهێشتبوو. سیناریۆی سێیەم ئەگەرێکی لاوازە، بەڵام بووەتە جێی باس و خواس لەنێو لایەنە سیاسییەکان، ئەویش هەڵبژاردنی پێشوەختە و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنە. ئەم سیناریۆیە کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام رەنگە لە بەرژوەندی یەکێتی نەبێت، بەوپێیەی لەم هەڵبژاردنەی دواییدا دەنگەکانی کەمیکرد و دەنگی پارتی ملیۆنێک زیاتری تێپەڕاند.
خەبات کوردە سەرەتا حەقە بگەڕێینەوە بۆ یەکەم دیداری تڕمپ و ئەحمەد ئەلشەڕع لە ڕیازی پایتەختی سعودیە و بە ئامادە بوونی وەلی عەهدی سعودیە و ئەردۆگان لە ڕێگای ڤیدیۆ ئۆن لاینەوە کە بە چ بڕیار و پەیمانێک شەڕع نۆ مانگ خۆی خافڵاند و هیچی بە هیچیش نەکرد ئێستاش لە سەر داوای ئەردۆگان بۆ جاری دووەم وەکو دۆناڵد تڕەمپ دەڵێ بڕیارماندا چەنسێکی تر بدەینەوە بە سەرۆکە کاتیەکەی سوریا . لە ڕاستیشدا دەکرێ بڵێین ئەو تکا و ڕجایەی ئەردۆگان ، ئەمیری قەتەریشی لە پشتە شەڕع پێش ئەوەی بگاتە کۆشکی سپی بۆ چاو تروکانێک لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشانی میدیاکان درا و هیچ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیشی بۆ نەڕەخسێندرا ، لە هەمانکاتیشدا ڕاگەیەندرا کە وەزیری دەرەوی تورکیا ، هاکان فیدانیش لە گەڵ وەزیر لە کۆبونەوە دابووە ، پێدەچێ سەردانەکەی شەڕعیش بە هەماهەنگی فیدان بوو بێ و ئەمەریکیەکان نەیان ویستبێ بابەتەکان لە بەردەمی میدیاکان لێکگرێ بدرێن و ببێتە یەک پاکێچ ، بۆیە لە وێنەکانیشدا هاکان دەرناکەوێ ، بەڵام لە ڕاستیدا بەشدار بووە لە وانە وتنەوەیەدا . بە پێی ئەوەی کە سوریا تا ئێستا لە ژێر دوو بڕیاری گرنگی نەتەوە یەکگرتوەکاندایە ، ئەوە بێجگە لە یاسای سزاکانی قەیسەری ئەمەریکا کە تایبەتە بە سوریا و تا ئێستا دان بە حکومەتەکەی ئەلشەڕع دانەندراوە و بانگکردنەکەی بۆ کۆشکی سپی پڕۆتۆکۆلی نیە . لە سەر داوای دۆناڵد تڕەمپ و بە پێی سزاکانی قەیسەر بۆ شەش مانگی داهاتوو تەنها ئەحمەد ئەلشەڕعی سەرۆکی کاتی سوریا ڕێگای بۆ خۆش کراوە تەواوی ئەو چاکسازیانەی کە ئەمەریکا داوای لێدەکات شەڕع و دارودەستەکەی جێبەجێی بکەن . بۆ ئەوەی لە مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو ڕێخۆشکەر بێ بۆ ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی ڕازی بکات کە دەوڵەتە کاتیەکەی سوریا لە ژێر بەندی حەوتەم و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و سزاکانی قەیسەر لە سەر سەرکردەکانی ئێستای دیمەشق هەڵبگیرێن یان بە یەکجاری لاببردرێن . هەر چەندە چاوەڕێ دەکرێ ئەو داوایەی ئەردۆگان تەنها کات کوشتن بێت و هەتا ئەو کاتە تورکیا و ئیسڕائیل باوەش بەیەکتریدا دەکەنەوە ، ئەو کاتە تورکیا ڕێگە چارەیەکی تر و سەودایەکی تر بە دیمەش دەکاتەوە و هەوڵدەدا ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕازی بکات کە دەست لە سەر سزاکان هەڵگرن و دان بە حکومەتە کاتیەکەی ئەلشەڕع بنێن ئەو داواکاریانەی کە ئەمەریکا لە ئەلشەڕعی دەکات زۆرن و زەحمەتە ئەگەر دەوڵەتێکی گەورەی سەربازی تۆکمەی لەپشت نەبێت ، شەڕع بتوانێ جێبەجێیان بکات یان بەسەریاندا زاڵ بێت هەندێ لەو داوایانە دەخەمە ڕوو ، بەڵام زۆریش زەحمەتە کە ئەحمەد ئەلشەڕع ئەو پیاوە بێ بتوانێ لەو ماوە کورتەدا ئەو هەموو داواکایانە بە ئەنجام بگەیەنێ ، مەگەر ئەمەریکا هەموو ڕۆژێ یان هەفتەیەک بڕیارێکی پێ جێبەجێ بکات بە زۆر : ـ ـ ڕێککەوتن و دان نان بە هەر سێ هەرێمەکەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە کوردەکان بەڕێوەی دەبەن و هەرێمی عەلەویەکان لە شارەکانی کەنار دەریا ، هەرێمی باشوری سوریا کە دروزەکانن ـ. چەک کردنی تەواوی گروپە توندڕەوە چەکدارەکانی ناو بەرەی نوسرە و ئەوانەی کە دەستیان هەبووە لە هەر دوو کوشتارەکەی عەلەوی و دروزەکان و ڕاپێچ کردنیان بۆ دادگا ـ چونە ناو هاوپەیمانی دژی داعش و پاککردنەوەی تەواوی سوریا لەو چەتانە . ـ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەو دەوڵەتانەی کە لە ژێر چەتری دیانەتی ئیبراهیمی کۆبونەتەوە ـ نەهێشتنی بیری توندڕەوی ئاینی و ڕەنگدانەوەی بەسەر کۆمەڵگای خەڵکی سوریا ــ ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی چوار دەورەی سوریا بە تایبەتیش ئیسڕائیل دەستگیر کردنی تەواوی ئەو سەرکردە سەربازی و سیاسیانەی کەئێستا لە ژێر باڵی شەڕعدا خۆیان حەشارداوە و چەندین کاری قێزەوەنی کوشتن و کاولکاریان ئەنجامداوە لە ۱٤ ساڵی ڕابردودا . زۆر داواکاری تریش کە لەماوەی ئەو شەش مانگەدا بە چاودێری هێزە سەربازی و دیبلۆماسیەکانی ئەمەریکا ، حکومەتەکەی ئەلشەڕع دەبێ جێبەجێیان بکات بەڵام بە بڕوای ئێوە شەڕع ئەو شێرەیە کە هیوای لە سەر هەڵبچنن بۆ شەش مانگی داهاتوو .؟
%13ـی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان خۆیان لە پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمار نەکردووە، بەهۆیەوە بەشەخۆراک و بەشەئاردی مانگانەیان بڕاوە، بڕیارە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ ئەپڵیکەیشنەکە کارا بکرێتەوە. لە کۆی پێنج ملیۆن و 385 هەزار و 820 كەس، 87%ـیان ناوی خۆیان تۆمار کردووە، زیاتر لە 700 هەزار کەس ماون ناوی خۆیان تۆمار بکەن، ماوەی 10 ڕۆژ کاتیان بۆ دەستبەر دەکرێت ئەوەی ڕێککارەکان جێبەجێ بکەن. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ئاڤای گوت، "بڕیارە لە ئەمڕۆ دووشەممەوە تاوەکو 20-11-2025 ئەپڵیکەیشنەکە کارا بکرێتەوە تەنیا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ڕابردوو نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن، ئەمە درێژکراوەی قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە دەبێت." بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، دوای تەواوبوونی ئەو قۆناغە دەستدەکرێت بە قۆناغی دووەم و هاووڵاتییان دەتوانن بەشێکی دیکەی زانیارییەکان لە پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمار بکەن. لە قۆناغی دووەمدا چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە بەردەست دەبن لەوانە؛ خزمەتگوزاریی مامەڵەی هاونیشتمانیان لە تۆماركردنی ناوی منداڵ، گواستنەوەی پسوولە لە بریكارێک بۆ بریكارێکی دیکە، یان لە شارێك بۆ شارێکی دیکە، هەروەها تۆماركردنی ئەو كەسانەی كە هاوسەرگیریان كردووە و پسوولەی خۆراكیان نییە.
✍️ سەرتیپ جەوهەر بەربەهەڵبژاردنین و كورد دەڵێت هەركەس بانگ لەتورگەی خۆی دەكات، عەرەبیش دەڵێن وكل یغنی علی لیلاه. هێشتا بەرچاوروونی تەواوەتی نییە. حزبەكان خەریكی راپرسین، هەندێك دەنگیان دلێرەو هەندێكیش ترسی لەدەستدانی دەنگ و كورسیان هەیە. بەپێی مەنتقی هەڵبژاردن و دۆخی سیاسی كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە هەڵبژاردن كراوەو حكومەتی نوێی هەرێم دروستنەكراوە، رێژەی چوونە سەر سندوق بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەراورد بەرێژەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زۆر كەمتر دەبێت. بێگومان ئەم كەمبوونەوەیەی رێژەی دەنگدەر لەخزمەت زیادبوونی كورسیەكانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارە، چونكە ئەوان دەنگدەرو هەوادارانی خۆیان بەشێوەیەكی رێكخراو دەبەنە سەر سندوقی دەنگدان. پارتی لەهەڵبژاردنی رابردووی عیراق نزیكەی 800 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، لەهەڵبژاردنی رابردووی كوردستانیش بەنزیكەی 800 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، ئێستا بانگەشە یان دروشمیی یەك ملیۆن دەنگی بەرزكردۆتەوە، بەپێی هەموو لێكدانەوەكان زەحمەتە بتوانێت یەك ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنێت! بەڵام ئەگەر وەك پێشبینی دەكرێت رێژەی چوونە سەر سندوق كەم بێت، هاوكات بەهۆی ئەو سیستمە نوێیەی هەڵبژاردن كە (سانت لیگۆ)یە، ئەوا پێشبینی دەكرێت پارتی لەنێوان 30 بۆ 32 كورسی بەدەستبهێنێت. دەنگی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رۆشن نییە، بەڵام بەهۆی سیستمی سانت لیگۆ كە لەخزمەت حزبە گەورەكانەو هاوكات بەهۆی دەنگی ناوچە دابڕێنراوەكان بەتایبەتیش پارێزگای كەركوك، بۆیە پێشبینی دەكرێت یەكێتیی لەنێوان 19 بۆ 21 كورسی بەدەستبهێنێت. واتە هەردوو حزبی حوكمڕان، یەكێتیی و پارتی كورسیەكانیان گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، بەڵام پێدەچێت ژمارەی دەنگدەرانیان گۆڕانی بەسەردابێت چونكە رێژەی چوونە سەر سندوق كەمتر دەبێتەوە. لێرەو لەوێش ناڕاستەوخۆ پارتی باسی دیزاین دەكات. ئەوەی جێی مشتومڕە رێژەی دەنگ و ژمارەی كورسی هەردوو حزبی ئۆپۆزسیۆن (نەوەی نوێ) بەسەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید و (رەوتی هەڵوێست) بەسەرۆكایەتی عەلی حەمە ساڵح-ە. حزبەكانی دیكەش بەتایبەت ئیسلامییەكان پێشبینی ناكرێت نەكورسی و نە دەنگەكانیان زیادبكات. سەبارەت بەحزبەكانی دیكەش، لەنێوانیاندا بەرەی گەل، رەنگە دەنگ بەدەستبێنن، بەڵام زەحمەتە بگاتە كورسیەك چونكە هەم كورسی بۆ پەرلەمانی عیراق دەنگێكی زۆری پێویستە، هەمیش سیستمی سانت لیگۆ لەقازانجی حزبە كەم دەنگەكاندا نییەو هەورازیان بۆ دروستدەكات. بەپێی هەندێك راپرسی كەلەلایەن حزبەكانەوە كراوە، نەوەی نوێ لەم هەڵبژاردنە لەدۆخێكی ناسەقامگیردایەو پێدەچێت بەشێك لەدەنگەكانی لەدەستبدات. واتە بەئەگەرێكی زۆرەوە پێدەچێت تەنها 4 كورسی لەسەر ئاستی عیراق بەدەستبهێنێت! لەبەرامبەردا رەوتی هەڵوێست كە حزبێكی نوێیەو ئاڵای ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵگرتووە، پێدەچێت هەندێك دەنگ زیاد بكات. دیار نییە رێژەی زیادبوونەكەی چەندە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لەنێوان 3 بۆ 4 كورسی بەدەستبهێنێت. ئەو ژمارانە تەنها پێشبینین و پشتبەستراوە بەهەندێك راپرسی. هەڵبژاردنی ئەمجارەی عیراق دوای لێدانەكانی ئێران دێت لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریكاوە، بۆیە هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن واشنتۆن مشتوماڵێكی خۆی بكاتەوە لەعیراق. دانانی مارك ساڤایا وەك نوێنەری تایبەت ئاماژەیە بۆ هەوڵی كەمكردنەوەی نفوزو هەژموونی ئێران لەعیراق، رەنگە ئەمریكا هەوڵی هەندێك گۆڕانكاری لەعیراق بدات لەوانە؛ چەكدانان یان كەمكردنەوەی رۆڵی گروپە چەكدارەكانی شیعە (حەشدی شەعبی) هاوكات پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ دوور لەهەژموونی ئێران. هێنانەدی ئەم ئامانجانە بۆ ئەمریكا ئاسان نییە، چونكە لەلایەك گروپە شیعە كاریگەرەكانی عیراق لەژێر هەژموون و كاریگەری ئێراندان رۆڵ و پێگەیان لەشەقامی شیعەدا هەیە، لەلایەكی دیكە هەموو جومگە سەرەكیی و كاریگەرەكانی حوكمڕانی لەعیراق لەژێر كاریگەری هەژموونی ئێراندان، بەڵام لەبیرمان نەچێت ئەمریكا هۆكاری زۆر كاریگەری بەردەستە بۆ فشاركردن لەعیراق بەتایبەتیش لەرووی ئابوریی و داراییەوە، بۆیە پێدەچێت ئەمجارە هەموو هەوڵێك بدات لەنفوزو هەژموونی ئێران كەمبكاتەوە. لەبەرامبەردا ئێران هەوڵی رێگریی لەم فشارانەی ئەمریكا دەدات. لەدوای هەڵبژاردن بەهەموو شێوەیەك لەناوخۆی عیراق فشارەكانی دەستپێدەكات. بۆ ئێران پێكهێنانی كابینەی نوێی عیراق پرسێكی گرنگ و چارەنوسسازەو نایەوێت لەوە زیاتر هەژموونی لەناوچەكە پاشەكشە بكات، بەڵام لەوەدا سەركەوتوو دەبێت یان نا؟ ئەوە دەوەستێتە سەر فشارەكانی ئەمریكاو چۆنیەتی دروستبوونی كابینەی نوێی عیراق. یەكێك لەئەگەرەكان ئەوەیە پارتی و یەكێتیی نەتوانن بگەنە رێككەوتن سەبارەت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی عیراق و هەرێم و دوور نەكەونەوە تەرەفگیریی و لەململانێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، ئەوا ئێران فشارەكانی لەڕێی بەغدا بۆسەر هەرێم دەستپێدەكاتەوە، بەتایبەت ساڵی نوێ دووبارەو سەرلەنوێ پرسی بودجە و بەردەوامبوونی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم دێتەوە گۆڕێ. راستیەك هەیە پێویستە بەرپرسانی پارتی و یەكێتیی بیزانن، ئەویش ئەمریكا هەم نایەوێت هەم ناتوانێت نفوزی ئێران لەعیراق بەتەواوی بنبڕبكات، رەنگە تەنها لاوازی بكات، بۆیە پێویستە لەسەر هەردوو حزب ئەزموونی پێكهێنانی كابینەی رابردووی عیراق دووبارە نەكەنەوەو نەبنە تەرفگیری ئیقلیمیی یان نێودەوڵەتیی و تەنها چاویان لەسەر بەرژەوەندی كوردستان بێت. .
د. سەڵاحی گەرمیان لە هەنگاوێکی دراماتیکی تردا و لەدوای پرۆسەی سوتاندنی چەک لە نزیک ئەشکەوتی جاسەنە، پارتی کرێکارانی کوردستان، کشانەوەی گروپێک لە گەریلاکانی خۆی لەناو خاکی تورکیاوە بەرەو چیای قەندیل ڕاگەیاند. وەک نیازپاکییەک لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی گەریلاکان کە سەرکردەی زیندانیکراو عەبدوڵڵا ئۆ جەلان بانگەوازی بۆ کرد لە دورگەی ئیمرالییەوە. ئەم هەنگاوە، هەر وەک هەنگاوی سووتاندنی ئەو چەکانەی کە سەردەمانێک هاوڕێی خەباتی گەریلاکان بوو، بۆ زۆر کەس و لایەن پرسیارگەلێکی قووڵی ورووژاند. لە هەلومەرجێک کە تیایدا دەسەڵاتداران لە تورکیا پێداگری ئەکەن و ڕاشکاوانە دەریئەبڕن کە ئامانجیان تەنیا "نەهێشتنی تیرۆر"ە. سەرەڕای ئەو هەموو دەستپێشخەریانەش، بەرپرسانی حکومەتی تورکیا لە گشت لێدوانەکانیاندا، کە تازەترینیان لێدوانی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایە، پارتی کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئەناسێنرێت. هەروەها تەنانەت لە کەناڵە میدیا فەرمییەکانەوە، بەهیچ شێوەیەک ناوی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری کێشەی کورد و داننان بە مافی گەلی کوردی ناهێنرێن. تا ئەمڕۆ، دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی کرداری بەرچاوی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەناوە وەک نیشاندانی نیازپاکی، ئازادکردنی زیندانیان وەک نموونە، کە لە ئێستادا بە دەیان هەزار کورد لە زیندانەکانی تورکیادان و، سیاسەتی دانانی “قەیوم” لە جێی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان هەر بەردەوامە. بە هۆی گومان لە نیازپاکی بەرپرسانی حکومەتی تورکیاوە، هەستێکی ئاڵۆز دروست بووە لەناخی هەزاران گەریلا کە تەمەنی لاوێتیان لە چیاکانی کوردستان و سەنگەرەکانی خەبات و بەرگری بەسەر بردووە. چونکە لای ئەوان، خەباتی چەکداری تەنیا تاکتیکێکی سەربازی نەبووە، بەڵکو بۆ ئەوان پرسێکی وجودی و ئامرازێک بۆ دەستەبەرکردنی مافی ڕەوا و دژایەتیکردنی ستەمێکی مێژوویی بووە. هەر بۆیە، ئەو خەمبارییە زۆرەی بەڕوونی بەدی ئەکرا لە ڕووخساری گەریلاکاندا لە ڕێوڕەسمی کشانەوەیاندا بۆ چیای قەندیل، لای زۆرێک لە چاودێران جێگای سەرنج و تێڕامان بوو. ئەکرێت خوێندنەوەی سایکۆڵۆجیانەی زمانی جەستەی بۆ بکرێت و، وەک ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی نائومێدی و بێهیوایی لە پرۆسەیەک کە لەپێناو ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بانگەوازی بۆکراوە، تێڕوانینی بۆ بکەین. زمانی جەستە، هەڵسوکەوت و دەربڕینی نازارەکییە و، زۆرجار ڕوونتر مەبەست ئەگەیەنێت وەک لە دەربڕین بەڕێی وشەوە. لەم ڕووەوە، دڵتەنگی یان خەمباری یەکێکە لەو هەستەی کە بە ڕوونی لە ئەنجامی نائومێدی یان لە لەدەستدانی شتێکی بەهادار یان گرنگ دروستئەبێت و، زیاتر بە ڕووخسار و جەستەدا دەرئەکەوێت و شاردنەوەی ئەستەمە. لەوانەشە خەمباری دەربڕینی پەیامێک، ڕەنگدانەوەی هەڵوێستێک، یان ناڕەزایەتییەکی بێدەنگ بگەیەنێت. لەگەڵ ئەوەی لەم پرسەدا، خەمباری وەک زمانی جەستە، دەربڕینی بێهیوای و نیگەرانی بێت لە ناڕوونی ئاسۆی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری كێشەی کورد لە تورکیادا، ئەکرێت هۆی ئەوە بۆ چەندین هۆکاری تری دەروونی و سیاسی بیگێڕینەوە: :: بۆ گەریلاکان، کشانەوە بە واتای دابڕانە لەو خاکەی کە هۆگری بوبوون کە ئەشێت ببێتە هۆکاری دەربەدەری و هەڵکەندن لە ڕیشەوە. چونکە چەندین ساڵە چیاکانی باکور بۆ زۆرێک لە گەریلاکان شوێنی حەوانەوە و ئەنجامدانی چالاکی بووە و تەمەنی لاوێتیان تیادا بەسەر بردووە. :: ناڕوونی چارەنووسی گەریلاکان پاش کشانەوە بۆ قەندیل و دڵنیانەبوون لە ژیانی داهاتوویان لە ئەگەری ڕێکەوتن، ئەوەش دڵەڕاوکێ و دڵتەنگی لایان دروستئەکات. :: هەستی لەدەستدانی ئەو ئامانجە سەرەکییەی کە بۆی ژیاوون و لە پێناویدا خەباتیان کردووە و، نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون لە پرۆسەی گواستنەوە لە ململانێی چەکدارییەوە بۆ چارەسەری سیاسی بەهۆی خۆدزینەوەی حکوومەتی تورکیا لە داننانی ڕاشکاوانە بە داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد. :: دەرنەکردنی یاسای تایبەت بە ئازادی و دیموکراسی و لێبوردنی گشتی و داڕشتنەوەی یاسای سزادانی دژە تیرۆر لەلایەن حكومەتی تورکیاوە، تەسلیمبوونی تاکلایەنە ئەگەیەنێت. :: ترس لەوەی پرۆسەکە تەنیا مانۆڕێکی سیاسی بێت، حکومەتی تورکیا لەڕووی سیاسییەوە ئیستغلالی بکات وەک بەڕێوەبردنی قەیرانەکان نەک چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکان. :: بەردەوامی گۆشەگیریی ئۆیجەلان و نەبوونی چاودێریی سەربەخۆ بۆ پرۆسەی ئاشتی، هەڕەشەی بەردەوام لە ڕۆژئاوا، گومان لەسەر جددیەتی دەوڵەتی تورکیا لە ڕێبازی ئاشتەواییدا دروستئەکات. بۆیە ئەکرێت بڵێین، سیمای خەمباریی و نیگەرانی گەریلاکان بنەمایەکی دەروونی قووڵی هەیە و لە ئەنجامی ئەو پارادۆکسەی کە سەریهەڵداوە بەهۆی گوێڕایەڵی بۆ بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆیجەلان، وەک ڕێبەر و سەرکردە و ڕەمزێک و، ئەو بێمتمانەییەی بە ڕژێمی تورکیاو گوتاری فەرمیی کە پێداگری لەسەر یەک ئامانج ئەکات کە بریتییە لە "تورکیایەکی بێ تیرۆر". بێ لەبەرچاوگرتنی ئامانجی سیاسی و مافی ڕەوای گەلی کورد. بەڵام سەرەڕای نیگەرانی لە هەڵویستی نەرێنی حکومەتی تورکیا کە گومان ئەکرێت پرۆسەکە وەک چەواشەکاری میدیایی بەکاربهێنرێت تا خزمەت بە ئەجێندای سیاسی ئەردۆگان بکات. ڕاگرتنی شەڕ خۆی لەخۆیدا هەنگاوێکی ئەرێنی هیوابەخشە. ڕاگەیاندنی چەکداماڵین و کشانەوەی گەریلاکان پەیامێکی ئاشتیخوازانەی گرنگ ئەدات بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی تورکیا ناچارئەبێت بە هەڵوێست و سیاسەتی شەرەنگێزی خۆیدا بچێتەوە لە پێناو گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام و کۆتایهینانی بە خوێنڕشتن و کاولکاری.
