خەبات کوردە چۆن گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکانی کە لە ئێستادا بە ناو سوریادا بڵاوبونەتەوە پاکسازی دەکرێن .؟ گەر بڵێم لە داهاتوو چۆن تورکیا و سەرۆکەکەکەی و دەزگا جاسوسیەکەی کۆت و بەند دەکرێن دەربارەی دەست تێوەردانەکانیان لە سوریا لەوانەیە بڕوا نەکەن  بەڵێ لە  ۱٠  مانگی ڕابردوو هەموو لایەک بینیمان کە چۆن چۆنی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی و ئیسڕائیل هەموو پلانەکانی دەوڵەتی تورک و دەزگا جاسوسیەکەیان ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانە پوچەڵ دەکردەوە . ‎ناگەڕێمەوە بۆ دواوە و باسی کۆمەڵکوژیەکانی عەلەوی و دروزوکانیش ناکەم کە چۆن چۆنی تورک دەستی هەبووە لەو کۆمەڵکوژیانە و لە سەدا  ۹٠  ئەوانەی کە قەتل و عام کراون بە دەستی کۆمەڵێ چەتەی ڕاهێنراوی توندڕەوە ئیسلامیەکانی تورکیا کراوە . ‎باسی ئەوەش ناکەم کە چوار مانگ بە تازەترین چەکی تورکی پەلاماری شەڕڤانان لە پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرینش درا . ‎باسی ئەوەش ناکەم کە سوپا و دەزگا جاسوسیەکانی تورک لە هەر شوێنێ گەرایەکیان دادەنا ، ئیسڕائیل نەیدەهێشت ڕۆژ ببێتەوە و لە ڕێی فڕۆکەکانیەوە ورد و خاشی دەکردن . ‎تا کار گەیشتە ئەوەی لە بن دیواری هێزەکانی سوپای ئیسڕائیل گەورەترین هێلانەی دەزگای جاسوسیان بە سەر ئیسڕائیلەوە دامەزراند و لە تاریکە شەوێکدا سوپای ئیسڕائیل بۆیان دابەزین و تەواوی سەربازان و ڕادار و کەلوپەلە ئەلکترۆنیە جاسوسییەکانی تورکەکانیان لە گەڵ خۆیان فڕاند و ئەردۆگان و تەواوی بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیشیان ئابڕو برد . ‎بەڵێ ماوەی پێشوو تەنها وێنەیەک بەس بوو کە سەرانی ئەنقەرە شێت و هار بکات ، کاتێ تۆم بەڕاک بە یاوەری کۆلۆنیۆڵ کۆپەر لە گەڵ مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهڵات عەفرین دەرکەوتن لە حەسەکە ، هەر بۆ شەوەکەی پەلاماری هەر دوو گەڕەکە کوردیەکەی شاری حەلەب درا و بۆ بەیانی بە شەقی ئەمەریکیەکان و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی عەبدی چەتەکانی تورک کشانەوە و بەربەستە خۆڵیەکان لادران . ‎دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی گەڕانەوەی مەناف تڵاس بۆ ڕۆژئاوای سوریا و هەوڵەکانی ڕوسیا بۆ پێکهێنانی سوپایەک لە کۆنە پلەدارەکانی سەردەمی ئەسەد ، خێرا ئەردۆگان و حەقان فیدان هەواڵەکەیان قۆزتەوە و مەناف تڵاسیان بانگێشتی ئەنقەرە کرد و خەریک بوو سەر لەبەری پلانەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا هەڵبوەشێننەوە . ‎دوا بەدوای ئەوە شەڕع گەیشتە مۆسکۆ و بە هەر دە پەنجەی ڕازی بوو کە پۆتین چی بڵێ ئەویش ڕازی بێت و بۆی مۆر بکات ، تەنها بۆ ئەوەی حکومەتەکەی لە داڕمان نەجاتی ببێ . ‎ئێستا ئەلشەڕع چۆکی بۆ هێزەکانی هەسەدە داداوە بڕیارە تەواوی ئەو هێزانە لە ژێر ناوی سێ فیرقەی سەربازی بچنە ناو سوپاکەی دیمەشق و هەر لە شوێن و پێگەی خۆشیان بمێننەوە و هەر چوار هێزە ڕاهێنراوەکەی هەسەدەش کە لە ( تۆل ، هات و کۆماندۆ و سوات ) پێکهاتوون بتوانن بە تەواوی خاکی سوریادا بڵاو ببنەوە و ئەوەی گوتی لەل زمانی ببڕن . ‎کەواتە لە داهاتوو ڕوسەکان بە هێزەوە دەگەڕێنەوە ناو سوریا و سوپاکەی شەڕعیش بە چەکی ڕوسی پڕچەک دەکەنەوە . ‎لە ئێستادا ئەمەریکیەکانیش زیاتر پێگەکانیان بۆ ناو قوڵایی خاکی سوریا زیاتر و توند تر دەکەن و دوور نیە هێزی زیاتری هاوپەیمانانیش نەگەیەننە ناو خاکی سوریا . ‎چونکە هەر دوو ڕۆژ دەبێ تیمێکی سوپای ئەمەریکا لە تەنەفەوە سەردانی پێگەی سەربازی تەدموریان کردوە و لە ئێستادا خەریکی پاککردنەوە و گەسکدانی ناوچەکەن . ‎ئێستا ئەردۆگان و دار و دەستەکەی لە قاف دراون و خەریکە بە ئەمەریکا و ڕوسیا و ئیسڕائیل لە سوریا پەلو پۆی دەبەستن و تەنها ئەوەی ماوە ڕۆژانی دادێ تەواوی ئەو گروپە چەکدارە بێگانانە ببینین کە لە دیمەشق هەڵدەگەڕێنەوە  و بە هەموو لایەک چەکیان دەکەن و لە ناویان دەبەن ، ‎بەڵام ئایا ئەمەریکا دوای ئیمزاکردن و ئیجبار کردنی ئەردۆگان بۆ تەسلیم بوونی حەماس توانیویەتی لە سوریاش تورکیا لە پەل و پۆ بخات و جارێکی تر نەتوانی باسی خاکی سوریا  بکاتەوە.؟  ‎ئایا لە دوو مانگی داهاتوو دەبینین سوریایەکی بێ چەکداری توندڕەوی ئیسلامی دەبێتە جیرانی ئیسڕائیل ، هاوشێوەی میسڕ و ئەردەن و لوبنان یان نا .!؟ ‎هەموو ئەو پلان و ڕێککەوتنانەش لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە دووەم دیداری نێوان دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا و فلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا لە پایتەختی هەنگاریا شەن و کەو دەکرێ و ئەردۆگانیش مایە پۆچ دێتە دەرێ یان نا .؟

دڵشاد مەجید شیعەکان ئەمجارە یاریەکی دارێژراو بەپلان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە بەرێوە دەبەن، کەسەرجەم هێزەکانیان دابەشی دوو ئاراستە کردووە. چۆن؟ 🔺سونەکانیان کردۆتە سێ بەش، هەربەشەو بەئاوازێک دەخوێنی، دووبەشیان ( تەقەدم و عەزم)دابەش بوونە بەسەر هەردوو باڵی شیعەکان، ( لەنێوان مالیکی و سودانی).بەشکیشیان( سیادە) لەگەل پارتی لەچاوەڕانین ( لەنێوان مالیکی و سودانی) #🔺کوردیش بوونەتە دووبەش ، بەشێکیان کەیەکێتیە لەگەل ئیتاری تەنسیقیە، ئەوی تریان پارتیە،  کە هەواو سۆزی سودانیە، لەبەر ئەوەی دژە ئیتاری و مالیکیە. بەڵام پارتی بەردەوام لەگەل بەهێزە بۆیە هێشتا خۆی یەکلانەکردۆتەوە. 🔺سەدریەکانیشیان کردۆتە دووبەش، بەشێکیان لەرقی مالیکی ( پاڵیان داوەتە سودانی) بەشکیشیان لەئێستادا دروشمی بایکۆتیان هەڵگرتووە، بەڵام لەدواهەنگاو ئەوانیش دەچنە پاڵ سودانی.   ئەگەر دیقەت و سەرنجی وورد بدەین، دەبینین چۆن بەووردی کار لەسەر تێکشکاندنی هاوپەیمانیە سێ قۆڵیەکەی ساڵی ٢٠٢١ دەکەن.  ( گەمەی سودانی و مالیکی!!)   ئیتاری تەنسیقی بۆ ئەوەی هەمان ئەزموونی ٢٠٢١ی هاوپەیمانی سێینەی ( بارزانی و سەدرو حەلبوسی) سەرهەڵنەداتەوە. لەدەرەوەی ماڵی شیعە هاوپەیمانیەکی تر دروست نەبێ. ململانێی سودانی و مالیکیان خوڵقاند، بۆئەوەی سیناریۆیی ململانێکە تۆکمەترو باوەڕ پێکراو بێت.  مالیکی خۆی هاتۆتە ناو یاریەکە و خۆی کاندیدەکات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران. پرسیار ئەوەیە بۆ چی مالیکی ، کەسێکی تر نا؟ وە ئامانج چیە لەویاریە؟ 🔹زۆرترین کارەکتەر لەپێش هەڵبژاردنەوە، تا ئەمرۆ قسەی زۆری کردبی مالیکیە، مالیکی زۆر بەتوندی دژی بەعسیەکان و دەسەڵاتی جۆلانی لەسوریا لێدوانی دەدا.بەمەش بەشێکی زۆری سونەکانی توڕەکرد. لەوەلاوەش ئەم لێدوان و دەرکەوتنە زۆرانەی مالیکی سەدریەکانی بێزار کرد. لەبەرامبەریش ووتاری نەرم و ئاشتیانەی سودانی پەخش  دەکرا. 🔹 بەمەش زۆربەی هێزەکانی نەیاری شیعە لەکوردو سونە ترسیان لەمالیکی لادروست بوو. 🔹سەدریەکانیش  بەهەمان شێوە لە دژی مالکی و گرووپەکانی حەشدی شەعبی وەک ( قەیس خەزعلی و هادی عامری و هێزەکانی مقاوەمە). ناچارن پەنا ببەن بۆ سودانی .  لێرەوە، لەجیاتی بەرەیەک دژی مالیکی و  ئیتاری تەنسیقی دروست بێ، ئەو لایەنانە خۆیان دەدەنە پاڵ  ئەو بەرەیەی کە لەبەرامبەر مالیکیە( کەئەویش سودانیە). ئامانجی هەر گەورەی ئەو یاریە، بەدەستهێنانی دەنگی شیعە سەدریەکانە، بەمەش دەتوانن ئەمجارە  بە سودانی و  سەرجەم هێزەکانی ئیتاری تەنسیقی، تەواوی دەنگەکانی شیعە ببەن، جگە لەوە لەڕێگای سودانی  بەشێکی زۆری دەنگی خۆڵەمێشی   بەدەستبهێنن. 🔹هەمان یاری عەبادی و مالیکیە.مالیکی بەشە  بووجەی کوردستانی بڕی ، عەبادیش  یەکێتی و پارتی لە کەرکوک و موسڵ دەردکرد. ————- لە نووسینی داهاتوو باسی ڕۆڵ  و هەوڵ و ئامانجی ئەمریکاو ئێران دەکەین ، لەم هەڵبژاردنەو دوای هەڵبژاردن.  (  هەڵبژاردن لە نێوان ئەمریکاو ئێران )

سەردار عەزیز چەند ڕۆژێک لەمەوپێش سەفا حیجازی یان سەفا ئەلمەشهەدانی لە ڕێگای چاندنی بۆمبێکەوە لە تاهوەکەیدا کوژرا لە دەرەوەی شاری بەغدا کوژرا. سەفا کاندیدی هەڵبژاردنەکان بوو. ئەم کوشتنە ڕوداوێکی ئاسایی نەبوو چونکە لە هەناویدا کۆمەڵێک زۆر لە ئاڵۆزی دونیای ئەمڕۆی عێراق و ململانێکانی لە خۆی دەگرێت. سەفا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا بوو. لە عەشیرەتی مەشهدانی بوو کە بە زۆرینە لە قەزای تارمییە نیشتەجێن. تارمییە قەزایەکی سەر بە ناوچەیەکی ئاڵۆزە کە بە پشتێنەی بەغدا ناسراوە. ئەم قەزایە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی سونەن، شارەکانی باقوبە و تکریت و ڕومادی و بەغدا پێکەوە دەبەستێت. بە تایبەتی بە ناوچەی کازمییە لە بەغدا.  ئەمە وەها لە تارمییە دەکات کە وەک پردێک بێت لە نێوان پانتایی شیعە و پانتایی یان قوڵایی سوننە. ئەم دۆخە لە سەردەمی قاعیدەو و  پاشان داعشدا بە چڕی ڕەنگی دایەوە. بۆیە لە میانەی پرۆسەی چەسپاندنی دەسەڵاتی شیعە لە بەغدا، چواردەوەری بەغدا یان پشتێنەی بەغدا مایەی نیگەرانی و کێشەیە.  لەم بوارەدا زۆر هەناگوی ئیداری و سەربازی و ئابوری نراوە، بۆ نمونە بە قەزا کردنی شوعلە، بردنی حەشد، سودەبینین لە شەڕی تیرۆر. بەلای شیعەوە ئەم پشتێنەیە بە پلان وەهای لێکراوە هەتا بەغدا بپارێزێت و پشتیوانی حوکمی سوننە بکات. وەک چۆن لە کەرکوکیش کراوە. سەدام بە پلان و پرۆژەی جیاواز ئەم کارەی کرد. لە باشورەوە زیاتر کارگەکانی تەسنیع عەسکەریی دامەزراندا، کە لە گەڵ خۆیدا کادیرانی سوننەی هێنا. لە باکوری بەغدا، زیاتر پشتی بە ڕوباری دیجلە و کشتوکاڵ و کێڵگەی ماسی بەست. لای شیعە ئەم پرۆسەی مایەی ڕێگریی بوو بۆ ئەوان کە لەو ناوچانەدا جێگیربن، بۆیە ئێستا وەک مافێکی زەوتکراو، دەیانەوێ بچنە ئەو ناوچانە، یان وەک ستراتیژی پاراستنی بەغدا هەندێک لەو ناوچانە چوڵ بکەن، وەک لە جەرف السەخر کردویانە، کە جۆرێکە لە هەمان پرۆسەی سەدام لە ڕێگای تەسنیع عەسکەریی. سەفا، کەسێکی بوێر بوو، هەروەها ئەم هەنگاوانەی شیعەی بە گۆڕینی دیموگرافی ناو دەبرد، بۆیە مایەی سەرنج و فشار بوو.   لە ئاستێکی تردا، ئەم هەڵبژاردنە کە ئێستا کەمپەینی بۆ دەکرێت، بۆ شیعەی عێراق، بە تایبەتی لە بەغدا جیاوازە، چونکە دوو فاکتەر هەن، یەکەمیان، بەشداری نەکردنی سەدر، دووەم، دەنگنەدانی زۆرینە وەهای دەکات کە شیعە لەوە بترسن کە ئەگەری لە دەستدانی زۆرینەیان هەیە لە ٧١ کورسییەکەی بەغدا. ئەمەش پاڵنەری دروشمەکەی عەمار الحەکیمە کە داوا دەکات لە دەستی نەدەن یان لا تضيعوها . ئەم ئەگەری لە دەستدانە کاریگەری زۆری کرداریی و سیمبولی هەیە، بە تایبەتی کاتێک دیمەشق گەڕایەوە بۆ حوکمی سوننە. گۆڕینی دۆخی سوریا، کاریگەری هەیە لە سەر خیتابی سوننە، بە تایبەتی کەسێکی وەک خەمیس خەنجەر، کە سەفا سەر بە لیستەکەی ئەو بوو.  ئەم ململانێیانە دەرخەری قوڵیی ململانێکان و موستەحیل بونی سەقامگیریی سیاسییە بە تایبەتی لە سەر بنەمای حوکمی شوناسی یان تایفیی. لەم روانگەیەوە، هەر گروپێک کە دەگاتە دەسەڵات لە هەوڵی ئەوەدایە وەها بنەماکان بگۆڕێت کە بتوانێت بمێنێتەوە، بەڵام ئەم خواست و ترسە دەبێتە مایەی شکستی. وەک چۆن لە هەردوو مۆدێلی سوننە و شیعەدا دەیبینین. لە هەمانکاتدا ڕەوتی عەلمانی یان حوکمی دوور لە تایفی لە عێراقدا یان بونی نیە یان لاوازە، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت لە داهاتویەکی نزیکدا مۆدێلێکی عەقلانی حوکمرانی بێتە ئاراوە. ئەمەش وەها دەکات کە گرژییەکان بمێننەوە، بەڵام لە سەر توانای لایەنی خاوەن هێز بمێننەوە.

خەبات کوردە چی ڕودەدا لە دیمەشق .؟ ‎چۆن چۆنی دووەم هەرێمی کوردان ڕوەو ئازادی ڕێ دەکات .؟ ‎دەستەواژەی ( هەرێمی ڕۆژهەڵاتی فورات ) ( مقاطعة شرق الفورات ) بیرۆکەیەکی بەندەیە و  هیوادارم سەرکردەکانی ڕۆژئاڤا بە دڵێکی فراوانەوە ناوداری بکەن و کاری لە سەر بکەن .! ‎دوای ( دە ) مانگ لە بێنە و بەردە و ڕێگریەکانی ئەردۆگانێکی عوسمانلی دڵ ڕەش و بە شەقی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی و ئیسڕائیل ، حکومەتە لەرزۆکەکەی دیمەشق ڕازی بوو لە سفرەوە دانوستان لە گەڵ هێزەکانی هەسەدە و مەسەدەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام بدات . ‎ئەگەر هیچی تر ئەردۆگان و دارودەستەکەی جورئەتی ئەوە نەکەن کە ببنە ڕێگر لە بەردەم هێزەکانی هەسەدە و دیمەشق ، دوور نیە لە ماوەیەکی نزیکدا ( هەرێمی ڕۆژهەڵاتی فوڕات  ) لە سوریا ڕادەگەیەندرێ . چونکە  دانوستانەکان لە ئێستادا زۆر بە گەرمی و چڕ و پڕی کاریان لە سەر دەکرێ . ‎ : سەرەتا  تەواوی ناوی هەسەدە و یەپەژە و ئاسایشی خۆرئاوا نامێنن وەکو ناو . هێزەکانی ئاسایش باجی ( هێزەکانی ئاسایشی گشتی سوریا )  هەڵدەگرن و دەچنە سەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی سوریا و هەر لە شوێنەکانی خۆیان دەمێننەوە . ‎  تەواوی هێزە چەکدارەکانی یەپەژە و هەسەدەی ژێر دەسەڵاتی مەسەدە لە ژێر یەک ( فەیلەق ) یان سێ تیپ ( فیرقە ) ی سەربازی و چەند لیوایەک لە جیاتی ئاڵا زەردەکەی هەسەدە ئاڵای دەوڵەتی سوریا بە سەر سینگیانەوە دەکەن . تەواوی هێزەکان ( هات ) و  ( کۆماندۆ  ) و ( تۆل  ) و  ( سوات )   هەر یەکە و وەکو لیوایەکی تایبەت دەمێننەوە و ڕێگایان پێدەدرێ لە تەواوی خاکی سوریا جوڵە بکەن و کارەکانی خۆیان بە ئەنجام بگەیەنن دژی چەکدارانی داعش و شانە نوستوەکانی و ئەو گروپە توندڕەوانەشی کە لە یاسا دەردەچن .( بە هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان ). ‎تەواوی ئەو هێزانە و هەموو چەکە پێشکەوتو و کاریگەریەکانیان وەک خۆی لە ژێر دەستی ئەو فەیلەقانە و هەر سێ  پارێزگای دێر زور و حەسەکە و ڕەقە ( واتە ڕۆژهەڵاتی فوڕات ) وەکو ئێستا لە شوێنەکانی خۆیان دەمێننەوە بە ئەو ناوچانەشی کە کەوتونەتە نێوان گرێ سپی و سەرێ کانیشەوە  . ‎هەموو دەروازە سنوریەکانی ناوچەکە و فڕۆکەخانەکان بە هاوبەشی لە گەڵ دیمەشق بەڕێوە دەبردرێن و داهاتەکەشی بە ڕێژە لە سەری ڕێکدەکەون . ‎  هێزەکانی یەپەژەش تێکەڵی ئەو سێ فیرقە سەربازیە دەکرێن یان وەکو خۆیان دەمێننەوە و لە شێوەی لیوای تایبەت لە ناو ئەو سێ فیرقەیەدا . ‎ ‎حکومەتی کاتی دیمەشق ناچار دەکرێ گۆڕانکاری لە یاسا کاتیەکەی بەهاری ڕابردوی سوریادا بکات  ‎و دان بە هەموو مافەکانی گەلانی غەیرە عەڕەب و غەیرە ئیسلامیدا بنێ . ‎ڕێککەوتنێکی بزمار ڕێژ لە سەر ڕێژەی داهاتی نەوت و غاز و سەروەت و سامانی هەرێمی ڕۆژهەڵات و دیمەشقدا  ‎دەکرێت . ‎وەکو ئەوەی من بیزانم ، پێشنیاری جێگری سەرۆکی کۆمار و وەزارەتی بەرگری و سێ وەزارەتیش کراوە کە بدرێ بە مەسەدە و ئەوانیش خەڵکی لێهاتوو لەو شوێنانە دابمەزرێنن  . بەڵام لە ڕاستیدا ئەو پۆستانە تا ئێستا لە لایەن هەسەدە و مەسەدە پشتڕاست نەکراوە و  نازاندرێ کە ڕازی دەبن یان نا . ‎ئاوارە کوردەکانی شاری عەفرین و دەوروبەریشی بە هەماهەنگی وەکو هەر دوو گەڕەکە کوردیەکانی شاری حەلەب ، ڕەفتاریان لە گەڵ دەکرێ و دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و سەر موڵکی باوباپیرانیان لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی هەر دوو لاوە دەپارێزرێن . ئەگەر بێتوو سەیرێکی ئەو خاڵانەی سەرەوە بکەین و دوور لێی بڕوانین بۆمان دەردەکەوێ کە سەرانی مەسەدە و هەسەدە گرەوی خۆیان بردۆتەوە و هەرێمێکی نیمچە ئازاد و سەربەخۆیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردوە و لە داهاتوشدا وەکو هەرێمۆکەکەی ئێمە دوچاری نا یەکگرتوویی هێزە چەکدارەکانیان نابنەوە و ترسی نەهاتن و دوا کەوتنی موچەشیان نابێ و پارێزراو تریش دەبن  پیرۆزە لە کورد . پیرۆز لە کوردانی ڕۆژئاڤا . نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردان .

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X) بە ناونیشانی "سەرۆکی ئاشتی"، ڕایگەیاندووە کە تەنها لە ماوەی ٨ مانگدا کۆتایی بە ٨ جەنگ هێناوە. دوایین زیادکردنی لە لیستی کۆتایی هێنان بە جەنگەکاندا، ململانێی دوو ساڵەی ئیسرائیل و حەماسە، حەوتەکەی دیکەی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، پاکستان و هیندستان، ڕواندا و کۆنگۆ، تایلەند و کەمبۆدیا، ئەرمینیا و ئازەربایجان، میسڕ و ئەسیوپیا، هەروەها سڕبیا و کۆسۆسڤۆ بوون.  ژمارەیەک لەو ململانێیانە هەرچەندە لە ئەنجامی گرژییە درێژخایەنەکانەوە بوون، بەڵام تەنها چەند ڕۆژێک درێژەیان کێشاوە، هەروەها تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە ئایا بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی ئاشتی بەردەوام دەبن یاخود نا. لێرەدا بە وردی باس لە ململانێکان و کۆتاییهاتنیان دەکەین: - ململانێی ئیسرائیل و حەماس دۆناڵد ترەم سوپاس و ستایشێکی بەرفراوانی لێکرا بەهۆی بینینی ڕۆڵی سەرەکی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس،بە ئاڵوگۆڕ کردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندانییانی فەڵەستینی، بەڵام ئاشتییەکی بەردەوام پێویستی بە پابەندبوونی هەردوولا هەیە بە ئاگربەستەوە، کە یەکێک لەو پابەندییانە چەک دانانی حەماس و پابەندبوونی حکومەتێکی نوێ لە غەززە. - ململانێی ئیسرائیل و ئێران ململانێیەکی ١٢ ڕۆژە بوو، لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە ئیسرائیل لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئامانجەکانی لە ئێران پێکا، ترمپ دووپاتی کردەوە، پێش لێدانەکان لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ ئاگادار کراوەتەوە، پاشان ئەمریکا هێرشی بۆسەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامدا، کە ئەمەش هەنگاوێک بوو، بووە هۆی نزیک بوونەوە لە کۆتایی ململانێکان بەخێرایی. لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتی: "بەفەرمی ئێران ئاگربەست دەستپێدەکات، پاش ١٢ کاتژمێر ئیسرائیل ئاگربەست دەستپێدەکات، دوای ٢٤ کاتژمێر بە فەرمی کۆتایی بە جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دێت". - ململانێی پاکستان و هیندستان ساڵانێکە گرژی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەیە، بەڵام لە ٧ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٥، دوای ئەوەی هیندستان هێرش دەکاتە سەر کشمیر شەڕ و پێکدادان سەریهەڵدا، پاش چوار ڕۆژ لە گرژی و پێکدادان، ترەمپ لە پۆستێکیدا ڕایگەیاند کە هیندستان و پاکستان ڕێککەوتوون، ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمە لە ئەنجامی شەوێکی درێژخایەنی دانوستانەکانە بە نێوەندگیری ئەمریکا، حکومەتی پاکستان سوپاسی ترەمپی کرد و دواتر پێشنیاری کرد بۆ بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە دۆناڵد ترەمپ، بە ناونیشانی "دەستێوەردانی دیپلۆماسی یەکلاکەرەوە".  - ململانێی ڕواندا و کۆنگۆ دوژمنایەتییەکی درێژخایەن لە نێوان ئەم دوو وڵاتە هەڵگیرسا، پاش ئەوەی گرووپی  (M23)ی ڕواندا لە ٢٧ی ئازاری ساڵی ٢٠٢٢، دەستیان بەسەر خاکی دەوڵەمەند بە کانزاکانی ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆدا گرت. لە ٢٧ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥، هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی ئاشتییان لە واشنتۆن واژۆکرد کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە ململانێی دەیان ساڵە بوو، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە: ئەم ڕێککەوتنە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و ئەمریکا. - ململانێی تایلەند و کامبۆدیا لە ٢٦ی تەمموزی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بڵاوکراوەیەکیدا وتی: "من پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی تایلەند دەکەم، بۆ ئەوەی داوای ئاگربەست بکات و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت"، دوای چەند ڕۆژێک، هەردوو وڵات لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بێ مەرج ڕێكکەوتن. - ململانێی ئەرمینیا و ئازەربایجان ململانێی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان مێژوویەکی دێرینی هەیە، کە لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ـەوە دەستی پێ کردووە، هەروەها لە ڕۆژی ١٩ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٣، ئازەربایجان هێرشێکی سەربازی بەرفراوانی بۆ سەر کۆماری ئارتساخ دەستپێکردەوە لە ناوچەی قەرەباخ. لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥، سەرۆکی هەردوو وڵات ڕایانگەیاند کە ئامادەن کۆتایی بە ململانێی نزیکای ٤٠ ساڵەی خۆیان بهێنن لەسەر ناوچەی قەرەباخ، وە لە ٨ی ئابی ٢٠٢٥ لە کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی ڕێککەوتننامەیان واژۆ کرد. - ململانێی میسڕ و ئەسیوبیا بەنداوی گەورەی ڕێنیسانسی ئەسیوبیا لە هاوینی ئەمساڵدا تەواو بوو، وە حکومەتی میسڕ ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ئاوەی لە ڕووباری نیلەوە بەدەستی دەهێنێت ڕەنگە کاریگەری لەسەر دروست بێت بەهۆی بەنداوەکەوە، لەم بەینەدا ترەمپ بەڵێنی بە میسڕ دا کە ئەمریکا زۆر بە خێرایی کێشەکە چارەسەر بکات، میسڕ پێشوازی لە قسەکانی ترەمپ کرد.تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی فەڕمی لەنێوان میسڕ و ئەسیوپیا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان نەکراوە. - ململانێی سڕبیا و کۆسۆڤۆ ململانێی نێوان سڕبیا و کۆسۆڤۆ مێژوویەکی دێرینی هەیە، تازەترینیان کەلە ٣١ی تەمموزی ٢٠٢٢ دەستیپێکردووە، ئەمەش بەهۆی تەواو بوونی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بەکارهێنانی تابلۆی بێلایەن بۆ ئۆتۆمبێلەکانی سڕبیا لە کۆسۆڤۆ. لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕێگری لە سەرهەڵدانی دوژمنایەتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە، پاشان لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، سڕبیا تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی کۆسۆڤۆی ناساند و ڕێکەوتنیان واژۆکرد.

هیوا سەید سەلیم نەفەرتیتی، کچە کوردەکێکی ڕۆژئاوای کوردستان بووە، ئەو کچی پادشای میتانی بووە کە شووی بە فیرعەونی میسر "ئەخناتون" کردووە،  لە دەوروبەری ساڵی 1350 پ.ز . شایانی باسە، نەفەرتیتی، بە یەکێک لە بەناوبانگ ترین و جوانترین ژنەکانی مێژوو دادەنرێت و بە ئافرەتە مل بەرزەکە ناسراوە، ناوە میتانیەکەی "تیدوخیبیا"بووە،  بەڵام کاتێک چووە بۆ میسر بە هۆی جوانیەکەی میسریەکان ناویان نا" نەفرتیتی " بە میسری واتە ئافرەتی جوان دێت، کاتێک لەسەردەمی تاک ئایینیدا پاشای میتانییەکان دەکوژرێت، نەفەرتیتی لە دەسەڵات. جێگای هاوژینی دەگرێتەوە. ئۆجالان، وەک فەیلەسوفێکی کورد و  خوێنەرێکی دیاری مێژوو،  ئاشنایەتی زۆری بە مێژووی کۆن هەیە، کە دەزانێت ژنێکی کورد هاوشانی یەکێک لە فیرعەونەکانی میسر ڕۆڵی لە حوکـمڕانی گێڕاوە زۆر پێی سەرسام دەبێت، بۆیە لە دانیشتێکی لەگەڵ شاندی ئیمرالی کە پێکهاتبوو لە هەریەک لە (پەروین بۆلدان، سەلاحەدین دەمیرتاش) لە مانگی ئابی ٢٠١٣ بە (پەروین) دەڵێت:" تۆ دەبێ ببیە نەفەرتیتی ئەو سەردەمە". شایانی باسە لە زۆربەی دیدارەکانی ئاشتی (٢٠١٣-٢٠١٤) ئیمرالی ئۆجالان هانی (پەروین بوڵدان) دەدات کە بخوێنێتەوە و خۆی پێ بگەیەنێت و  خۆی فێری کوردی بکات، تا ئەویش جێگای (سەواش بوڵدان)ی هاوسەری بگرێتەوە کە لە کردەوەیەکی نادیار ساڵی ١٩٩٣ تیرۆرکراوە. پەروین بوڵدان، کە ئێستا ئەندامی شاندی ئیمرالی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایە،  لە دانیشتنی رۆژی ١٤ی  ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥،  کاتێک لە غیابی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی دانیشتنی پەرلەمانی دەکرد هەڵای نایەوە.  ئەو زۆر بە توندی وەڵامی سوکایەتیەکانی (تۆرهان چۆمەز)، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئی پارتی دایەوە کاتێک بە (پەروین)ی گوت: " ئێوە پەیامبەری کەسێکی تیرۆرستن" وەک ئاماژەیەک بۆ کارەکانی پەروین لە نێو شاندی ئیمرالی. بەڵام وەڵامە توندەکەی (پەروین بوڵدان) بۆ ئەو کەسە شۆڤینیەی کە پارتەکەی تاکە هێز بوو ڕازی نەبوو نوێنەراتی لە کۆمسیۆنی چارەسەری هەبێت ئەوەمان پێدەڵێت کە (ئۆجالان) هەوڵەکانی بۆ پێگەیاندنی سەرکردەیەکی ژنی ئازای وەک (پەروین بۆڵدان) بێ ئەنجام نەبووە. ئەوەشی کە لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە (پەروین) و ئەو سەرکردانەی دیکەی کورد لە باکوری کوردستان کار بەو ڕێنمایانە بکەن کە (ئۆجالان) بە بەردەوامی پێیان دەدات پەیوەست بە پاراستنی سەلامەتی و  ئاسایشی خۆیان،  چونکە درووستکردنی سەرکردەی لە نموونەی ئەوان ئاسان نییە. لە کۆتایدا تێدەگەین پەرلەمانتارەکەی ئیی پارتی بۆچی ناحەقی نەبووە تووشی هستریا بێت، ئەو ژنێکی تێکۆشەری لەسەر کورسی سەرۆکایەتیەکی پەرلەمانی تورکیا دەبینێ، کە زوو زوو سەردانی (ئۆجالان) دەکات،  کە بەڕای ئەو ئەو کورسیە پیرۆزی خۆی هەیە ئەو ڕۆژەش  بە کورسی ئەتاتورک ناوی برد،  کورسی ئەتاتورک بیت و نەفەرتیتی ئۆجالان لەسەری دابنیشێت چاکە قیامەت هەڵنەستاوە.

نرخی زێڕ لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی، زۆرێک لە وەبەرهێنەران بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لایان بووەتە جێی پرسیار، لەم دواییانەدا سندوقی هاوبەشی تاتا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی پشت بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، لێرەدا چاوێک دەخەینە سەر چوار لەو هۆکارانە و لە داهاتوودا چاوەڕوانی چی بکەین.   ١. دابەزینی بەهای ڕووپیەی هیندی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، نزیکەی ٨٦٪ی زێڕ هاوردە دەکرێت بۆ هیندستان، سەرەڕای باجی زۆری هاوردەکردن، کاتێک ڕووپیەی هیندی بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزێت، زێڕ لە ناوخۆدا تێچووی زیاتر دەبێت، ئەمەش خواستی ناوخۆیی زیاتر دەکات.   ٢. لاوازبوونی دۆلاری ئەمریکی زۆرجار نرخی زێڕ بە پێچەوانەوەی دۆلاری ئەمریکییەوە دەگۆڕێت، ئەگەر دۆلار لاواز بێت، ئەوا نرخی زێڕ زیاتر بەرز دەبێتەوە، چونکە هەرزانتر دەبێت بۆ ئەوانەی خاوەن دۆلار نین بۆ کڕینی زێڕ.   ٣. کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە بانکە ناوەندییەکانی هیندستان، چین، ڕووسیا، ژاپۆن و وڵاتانی دیکە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا خەریکی کڕینی زێڕ بوون، زیادکردنی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە نزیکەی دوو هێندەی چووەتە سەر، بۆ نموونە، بانکە ناوەندییەکانی ڕووسیا و هیندستان لە ماوەی ١٠ ساڵدا ١.٦ هێندە زیادکردنی زێڕیان زیاد کردووە، لە کاتێکدا چین ١.٣ هێندە زیادی کردووە.   ٤. ناسەقامگیری جیهان لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێی ڕووسیا و ئۆکرانیا، جیهان چەندین ناسەقامگیری جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە نائارامی لە ڕۆژئاوای ئاسیا و ململانێی بازرگانی و گومرگی، جەنگ و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ گۆڕانکاری بەرچەو لە نرخی زێڕ و دراوەکان بەگشتی، زۆر جار لەکاتی دروستبووی جەنگ و ناکۆکی لەنێوان وڵاتان، سەرمایەداران سەروەت و سامانەکانیان لە بانکەکان ڕادەکێشنەوە، وە زۆرینەی جار سامانەکەیان بە زێڕ دەگۆڕنەوە، لەمەوە خواستی کڕینی زێر زیاتر دەبێت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.   سندوقی هاوبەشی تاتا پێشبینی دەکات نرخی زێڕ لە ماوەیەکی کەمدا لە دەروبەری مەودای ٣٥٠٠ بۆ ٤٠٠٠ دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بچەسپێت، لە هەمان کاتدا ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە: پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵ نرخی زێڕ بۆ ٤٤٠٠ دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبێتەوە، تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەرزترین ئاستی پێشبینی کراو نزیکەی ٤٦٠٠ دۆلار دەبێت، پێش ئەوەی لە نیوەی دووەمدا ئەگەری دابەزینی هەبێت.

 د. سەڵاحی گەرمیان  دوای ئەوەی ئاگربەست وڕاوەستانی شەر چوونە بواری جێبەچێکردنەوە بەپێی بڕیاری لوتکەی شەرمولشێخ کە لە ڕۆژی 13ی ئوکتۆبەر واژوکرا. بەڵام، ئەوە مانای کۆتایی هاتنی قەیرانەکان نیە؛ بەڵکو دوورنیە سەرەتای قۆناغێکی نوێی بێت، لە داڕشتنی پڕۆژەی جۆراوجۆر بۆ داڕشتنەوەی جوگرافیا و ناسنامە لە ناوچەکەدا.  شەڕی غەززە کە دوو ساڵی خایاند و زۆر لە هاوکێشە سیاسییەکانی لە ناوچەکەدا گۆڕی. بینیمان، دوابەدوای هێرشی بزووتنەوەی حەماس بۆ ناو خاکی ئیسرائیل لە 7ی ئوکتۆبەری2023 ، چۆن ئیسرائیل بەتوندی هێرشی پێچەوانەی کردە سەر کەرتی غەززە و بێبەزەییانە کەوتە وێرانکردن و ئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی بەمەبەستی داگیرکردنی و لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس. ئەوەبوو، هەر لەو سەروبەندەدا ”دۆناڵد ترەمپ“ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی گواستنەوەی دانیشتوانەکەی کرد بۆ وڵاتانی دراوسێ وەک میسر و ئەردەن و وڵاتی ئەندۆنیسیا بە مەبەستی گۆڕینی بۆ ناوچەیەکی گەشتیای جیهانی بە ناوی ”ڕیڤێرای غەززە“.  ئیسرائیل ئەو دۆخەی بەهەل زانی، ئامادەکاری بکات بۆ پرۆژەیەیەکی چەندین ساڵە کە پلانی بۆ داڕێژرابوو، تا بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەوەش پرۆژەی هەڵکەندنی ڕێڕەوێکی ئاویە لەنێوان دەریای ناوەڕاست و دەریای سووردا، کە بەناوی دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە، ناوی ”کەناڵی بنگۆریۆن“ لێنراوە. وا پێئەچێت وەک ڕێڕەوێکی تری ئاوی بۆ ڕکابەری کەناڵی سوێسی میسری، ئەو پرۆژەیە پەیوەندییەکی ستراتیجی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئامانجی جیۆپۆلەتیک و ئابوورییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا هەبێت. ئەم پرۆژە ستراتیجییە، دەریای سوور لەڕێی ”بەندەری ئیلات“ کە ئەکەوێتە سەر ”کەنداوی عەقەبە“وە ئەبەستێتەوە بە دەریای ناوەڕاستەوە. پرۆژەی کەناڵی بنگۆریۆن کە مەزەندە ئەکرێت دەیان ملیار دۆلار خەرجی بێت، بە بەرچاوترین پێشکەوتن دائەنرێت لەدوای دامەزراندنی ئیسرائیلەوە، لەڕووی ژێرخانی ئابووری و شوێنکەوتەی جیهانی و کاریگەرییەوە بە پیی هەڵسەنگاندنی پسپۆرانی ئیسرائیلی.   پرۆژەی ئەم ڕێڕەوەی کەناڵی بنگۆریۆن بیرۆکەیەکی نوێ نییە. بەڵکو مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر، بەشێکە لە ئاواتێکی ستراتیجی بۆ شکاندنی گۆشەگیریی ئیسرائیل و فراوانکردنی کاریگەرییە بازرگانی و جیۆپۆلەتیکییەکەی. بەر لە 60  ساڵ لە شەڕی غەززەوە داڕێژراوە کە بە دۆڵی ”عەربە“ و بیابانی ”نەقب“دا تێپەڕبێت. لە ئێستادا و لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و ئابووری، بۆ ئیسرائیل واپێویست ئەکات بە باشووری کەرتی غەززەدا تێپەڕبێت بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست، بەڵام دەسەڵاتی حەماس غەززە بەربەست بوو لەبەردەم پڕۆژەکەدا.  لە دوای شەڕی غەززە و پێداگری ئیسرائیل بە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حەماس، ئاماژە بەوە ئەکەرا کە هێرشی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە و دەست بە کاولکردنی بورج و باڵەخانە و ژێرخانی شار شارۆچکەکانی و ئاوارەکردنی زۆرەملێی دانیشتوانی، لە چوارچێوەی پلانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، ڕەنگە ڕێگا بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەش خۆش بکات. لەوانەیە یەکێک لە ئامانجەکانی کۆنترۆڵکردنی غەززە بۆ ئیسرائیل، دەستەبەرکردنی کورترین ڕێڕەو بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە بێت لە نێوان دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستدایە کە بە کەرتی غەزەددا ئەڕوات و، بە تێچووی زۆر کەمتر جێبەجێی بکات لەبری لادانی ڕێڕەوەکە بۆ ناوچەی شاخاوی و بیابانیدا کە جیاوازیان لەگەڵ کەناڵی سوێس لە ڕووی دوورییەوە 100 کیلومەترە. کەناڵی بنگۆریۆن بە بەراورد بە کەناڵی سوێس، 10 مەتر قووڵتر و 200 مەتر پانتر ئەبێت. ئەمەش ڕێگە بە کەشتیەکان ئەدات بە هەردوو ئاراستەدا تێپەڕن، لەکاتێکدا کەناڵی سوێس ڕێگا بە تێپەڕین بە یەک ئاراستە ئەدات. پلانە سەرەتاییەکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکەی بە خێرایی، لە لایەن ئەمریکاوە پێشنیازی بەکارهێنانی 520 بۆمبی ئەتۆمی کرا بە تەقاندنەوەیان لەژێر زەویدا بۆ پرۆسەی هەڵکەندنی ڕێڕەوی کەناڵەکە لە گردەکانی دۆڵی نەقەبدا. سەرەڕای ئەوەش، بژاردەی غەززە بۆ جێبەجیکردنی پرۆژەکە، هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دائەڕێژێتەوە بەلاوازکردنی ڕۆڵی میسر لە ناوچەکە.  هەروەها پرۆژەکە هاوپەیمانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا بەهێز ئەکات و، لە چوارچێوەی پرۆژەکانی وەک "کۆریدۆری هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"دا و، وەک ڕکابەرێکیش بۆ ڕێگای ئاوریشمی چین ئەبینرێت. ڕێککەوتنی ئاشتی شەرمولشێخ و بەربەستەکانی بەردەم پرۆژەکە  جێبەجێکردنی پڕۆژەی کەناڵی بنگۆریۆن کۆمەڵێک کێشەی ئاڵۆز و تێکەڵاو بە ناوچەکە ئەگەیەنێت، وەک قەیرانی سیاسی، ئابووری، ژینگەیی و مرۆیی. ڕێککەوتنی ئاشتی شەرمولشێخ کەرتی غەززە وەک قەوارەیەکی سیاسی پارێزراو لەڕووی یاساییەوە پێناسە ئەکات، ئەمەش جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی سنووردار کرد. سەرەڕای نەبوونی بڕگەی یاسایی ڕوون کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە قەدەغە ئەکات، بەڵام ڕێکەوتنەکە هەندێک بنەمای تێدایە کە ئەتوانرێت وەک ئامرازی سیاسی و ئەخلاقی بەکاربهێنرێت بۆ بەربەست خستنە بەردەم پڕۆژەکە. ئەگەری ڕەتکردنەوەی نێودەوڵەتی بۆ تێپەڕاندنی کەناڵەکە لە غەززەوە هەیە، چونکە ڕێککەوتنی شەرمولشێخ پڕۆژە تاکلایەنەکان لە ناوچەکانی فەلەستین سنووردار ئەکات.  گرژیی سیاسی و ئابووری لە نێوان میسر و ئیسرائیل دروست بکات، چونکە ئەم پڕۆژەیە هەڕەشە لە ڕۆڵی ستراتیجی کەناڵی سوێس ئەکات وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی جیهانی و سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی نیشتمانی و ئەبێتە هۆی زیانێکی ئابووری گەورە بۆ میسر. ئەبێتە هۆکاری گرژی سیاسی لەگەڵ وڵاتی ئەردەندا بەهۆی کاریگەرییەکانی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی لەو وڵاتەدا. پرۆژەکە دیمۆگرافی ناوچەکە ئەگۆڕێت و ئەبێتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتوانەکەی. نیگەرانی ئێران و تورکیا ئەوروژێنێت لەبارەی کێشانی نەخشەی باڵادەستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئایا بۆ ئیسرائیل ئەگونجێت ئەو بەربەستانە پشتگوێ بخات ئەم خاڵانەی خوارەوە یارمەتیدەرن بۆ ئیسرائیل بۆ شکاندنی ئەو بەربەستانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە: :: لەوانەیە پڕۆژەکە وەک بەشێک لە "ئاوەدانکردنەوەی غەززە" بخرێتەڕوو، لە داگیرکارییەوە بۆ گەشەپێدان لە قاڵب بدرێتەوە.  :: سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامەوە ڕێگەی بۆ هاوپەیمانییەکی سێ قۆڵی (ئیسرائیل- کەنداو- ئەمریکا) خۆش کردووە کە ئەکرێت پاڵپشتی جێبەجێکردنی کەناڵەکە بکات. :: ڕێککەوتننامەی ئاشتی شەرمولشێخ بەمەبەستی کۆتایهێنان بە شەڕ لە غەززە، چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوە دامەزراند، ئایندەی پرۆژەی کەناڵی بنگۆریۆن و "ریڤێرای غەززە" تا ئێستاش بابەتی مشتومڕی توندی نێو گروپە سیاسی و یاساییەکان. دوور نیە وەک بەهێزی سەرمایە و سەربازی وەک پرۆژەیەکی گشتی لە بەرژەوەندی ناوچەکە بخرێنەگڕ. لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە، تا ئێستا ئیسرائیل بە فەرمی نەخشەی کۆتایی پرۆژەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام لێکۆڵینەوە و شیکارییەکان ئاماژە بەوە ئەکەن، هەر وەک پێشتر باسی لێوەکرا، دروستکردنی پرۆژەکە لە ڕێگای کەرتی غەززەوە  لە ڕووی سیاسی و ئابووریی و ستراتیجییەوە باشترین بژاردەیە، ئەمەش دوورنیە پاڵنەربێت بۆ بە بەرپاکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و لە ئەنجامیشدا گۆڕینی دیمۆگرافی و ئاوارەبوونی دانیشتووانی ناوچەکەی لێئەکەوێتەوە.  بۆیە بەدووری نازانم ئیسرائیل بەهەر نرخێک بێت، ئەگەر بەڕێگای دیبلۆماسی یان ڕێکەوتن لەگەڵ ئیدارەی نوێی غەززەدا نەکرێت،  ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازی بە بیانووی جۆراوجۆر لە ئارادایە بۆ ئەوەی پرۆژەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

‎جەنگی ئیسرائیل و حەماس، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی درێژخایەنە کە بە سەرۆکایەتی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزەی فەڵەستینەوە دەستیپێکرد، کە لە فەڵەستین بە "ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسا" ناسرا، وە لە ئیسرائیل بە "ئۆپەراسیۆنی شمشێرە ئاسنینەکان" ناسرا. لە کاتژمێر ٧:٣٠ی سەرەتای بەرەبەیانی ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، فەرماندەی گشتی کەتیبەکان بەناوی "محەمەد زەیف"، ئەم ئۆپەراسیۆنەی دەستپێکرد وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە حەوشەکانی مزگەوتی ئەقسا، وە هێرشی دانیشتووانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوڵاتییانی فەڵەستینی لە قودس. لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە وڵاتەکە لە دۆخێکی نالەباردایە، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ، هێزەکانی ئیسرائیل "ئۆپەراسیۆنی شمشێری ئاسن"ـیان ڕاکەیاند و دەستکرا بە هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەوە. ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسا بە هێرشێکی مووشەکی بەرفراوانی بزووتنەوەی حەماس دەستی پێ کرد، هەزاران مووشەک ئاراستەی شارە جیاوازەکانی ئیسرائیل کران، لە هەمان کاتدا هێرشی زەمینی بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و فڕۆکە دەستی پێکرد، لە میانەی ئەم هێرشانەدا چەند شوێنێکی سەربازی ئیسرائیلیان کۆنترۆڵ کرد. بەدرێژایی جەنگەکە، لە تەواوی جیهاندا ناڕەزاییەکی زۆر دەردەبڕا لە دژی جەنگەکە، ، وە داوای ئاگربەست لە هەردوولا کرا. لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ حکومەتی ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕێککەوتن، کە بووە هۆی ئاگربەست لە غەززە. ئیسرائیل سەربازەکانی کشاندەوە و ڕێگەی دا یارمەتی زیاتر بچێتە ناو کەرتی غەززەوە، حەماس ٢٠ بارمتە زیندووەکەی ئیسرائیلی گەڕاندەوە و ئیسرائیل نزیکەی دوو هەزار زیندانی و دەستبەسەرکراوی فەلەستینی ئازاد کرد, وە لە ئێستاشدا گەڕاندنەوەی تەرم و بارمتەکانی هەردوولا بەردەوامن. بەپێی ئامارێکی ماڵپەڕی "ئەلجەزیرە"، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٦٧ هەزار دانیشتووی فەڵەستین کوژراون، لەو ژمارەیە نزیکەی ٢٠ هەزاریان منداڵن، وە هەزارانی دیکەش لەژێر دار و پەردووی ڕووخاودا ماونەتەوە، نزیکەی ١٢٥ خەستەخانە ڕووخاون یاخود زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها ١٧٢٢ کارمەندی بەشی تەندروستی کوژراون، بە نزیکەیی ٤٥٩ هاوڵاتی بە برسییەتی کۆچی دواییان کردووە کە نزیکەی ١٥٤یان منداڵ بوون، هەروەها لەکاتی وەرگرتنی هاوکاری خواردن و دەرماندا ٢٦٠٠ هاوڵاتی کوژراون و ١٩ هەزار بریندار کراون، ٩٢٪ی خانوو و باڵەخانەی نیشتەجێبوون و ٨٨٪ی دامەزراوە بازرگانییەکان ڕووخاون.

خەبات کوردە ‎ڕووت ڕەش بێت سیاسەت ، ئەو سوریایەی کە بە چەکی ڕوسی زیاتر لە یەک ملیۆن ژن و منداڵی سوننەی عەڕەبی سوری کوشت . نیوەی شارەکانی سوریای کاول کرد ، نیوەی خەڵکەکەی ئاوارە و دەربەدەر کرد ، بە ملیار و تڕلیۆنان دۆلاری ئەو سوریایەی برد ، کەچی ئەوەندە سوک و چروک بی ، بەخەندەوە دەست بخەیە ناو دەستی بکوژی کەس و کارەکەت . ‎چەند ساڵێ بەر لە ئێستا دانیشتنێکی دزە پێکراوی بەشار ئەسەد و فلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیام دیت ، لە جێی خۆم ڕەق ببوم نەمدەزانی چۆن خۆم ڕازی بکەم کە بۆ ئەو ئەسەدە ببوە چەقەڵێکی بودەڵە لە بەردەم کۆنە جاسوسێکی ڕوسی . ‎دیمەنەکە بەو شێوەیە بوو :  چوار کەس ، دوانیان پۆتین و بەشار ئەسەد هەر یەکە و لە سەر کورسیەک و ڕوو لە یەکتری دانیشتبوون ، دوو وەرگێڕیش یەکێکیان ڕوسی و ئەوی تر عەڕەبی سوری لە سەر چۆک دانیشتبوون . لە پانتاییەکی کەمتر لە چوار مەتری چوارگۆشەدا . ‎ئەسەد خەریکی سوپاس و ماستاو کردن و پیا هەڵدان بوو ، لە پڕ پۆتین قسەکانی پێ بڕی و بە شێوەیەکی هەڕەشە ئامێز گوتی : لێرەو بەدواوە بە هیچ جۆرێ هەقی قسە کردن و دانوستانت نیە ،  بەڵکو ئێمە چیت پێ بڵێین دەبێ وا بکەی ، ئەگینا خۆمان لات دەدەین .!  ‎لە پڕ کورتە ڤیدیۆیەکە تەواو بوو و منیش بۆ چەندین جار دوبارە سەیرم دەکردەوە و بە بێ ئەوەی گوێ بدەمە ئەوەی بۆ دوبارە سەیری دەکەمەوە . ‎دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە . ‎پاشی چەندین ساڵ و لە هەمان کۆشک و تەلار ، سەر و شکڵی سوریەکان گۆڕا و کۆمەڵێ ڕیشدار ڕووەو پۆتین دانیشتن و سەر لە نوێ کەوتنە پیاهەڵدان و گەورەیی ڕوسەکان و تکا و سەنایان بۆ دەکردن ، هەر کە قسەکانی سەرۆکە ڕیشدارە تازەکە تەواو بوو ، هەرچی کامیڕامان و میدیاکار هەیە دەریان کردن و نەمانزانی پۆتینی سەرۆکی ڕوسەکان چی پێگوتن و چۆن چۆنی دەیان هێنێ و دەیان با و بە چ شێوازێک چی بووێ بە سەریاندا فەرز دەکات . ‎لێرەدا بۆ ڕوسەکان هیچ گۆڕانکاریەک ڕوینەدا و لە کۆشکەکەی خۆیان نەجوڵان و جەلادە ڕووسە عەڕەب کوژەکانیان لە ناو سوریا دەرنەکرد و هەر تەنها دوای ( دە  ) مانگ لە گۆڕینی حوکمی عەڕەبێکەوە بۆ عەڕەبێکی تر دەکەونەوە تاڵان کردنی سەرخان و ژێر خان و گیرفانی سوریەکان بەتاڵ دەکەنەوە و عەڕەبەکانیش بە شێوازێکی کە دەکەونەوە کوشت و کوشتاری یەکتری و بێ ئەوەی بیر بکەنەوە بۆ دەبێ هەر لە یەکتری بکوژین و نەتوانین بە ئاسودەیی پێکەوە بژین  .

لە گۆشەیەکی قەرەباڵەغی بازاڕی شۆرجەی بەغداوە، چیرۆکی سەرکەوتنی "عەلی محەمەد غوڵام حسێن ئەلئەنساڕی" دەستپێدەکات، پیاوێک کە لە ساڵی 1982 لە بەغدا لەدایکبووە و ژیانی خۆی وەک کرێکار دەستپێکردووە، کە کاڵا و شمەک و لەنێویشیدا فەردە ئاردی لەناو بازاڕدا دەگواستەوە. ئەمڕۆ "غوڵام" نازناوی "پاشای دۆلار"ـی پێدراوە و وەک یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسایەتییەکانی عێراق دادەنرێت، بەڵام ئەم سامانە زۆرە بە گومان و تۆمەتی قورسەوە تێکەڵاوە کە پەیوەندییان بە گواستنەوەی پارە بۆ ئێران و میلیشیاکانی عێراقەوە هەیە. سەرەتای گەشەسەندن و قۆناغی بانکداریی عەلی غوڵام بە خێرایی توانی لە بازاڕی عێراقدا جێگای خۆی بکاتەوە و لە کرێکارێکی سادەوە گۆڕا بۆ خاوەنکارێکی گەورە. ئێستا خاوەنی کۆمپانیای "بوابة عشتار"ـی تایبەت بە پارەدانی ئەلیکترۆنییە و هاوکات بەڕێوەبەری سێ بانکی گەورەیە لە عێراق: بانکی ئەنساڕی، بانکی قابض، و بانکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیسلامی. بەڵام ئەم بانکداننانە قەیرانێکی گەورەی بۆ دروست بوو کاتێک بانکی ناوەندی عێراق مامەڵەکردنی دۆلاری لەگەڵیان ڕاگرت، ئەمەش بەهۆی گومانەکان لەسەر چالاکییە نایاساییەکانیان. سەرچاوەی سامان و گومانەکانی دەوروبەری سەرەڕای سەرکەوتنی خێرای، گومانەکان لەسەر عەلی غوڵام هەرگیز کۆتاییان نەهاتووە. میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە گۆڕانکاری لە ژیانی غوڵامدا زۆر خێرا بووە، لە کرێکارێکی ئارد بارکردنەوە بۆ خاوەنی ملیارەها دۆلار بەو زووییە، مایەی تێبینییە. هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە عەلی غوڵام و هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی، پێکەوە لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کار دەکەن.  تۆمەتەکان و بڕیارەکانی دادگا عەلی غوڵام چەندین جار ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردن بووەتەوە، لەوانە: ساڵی 2017: دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافەی دووەم، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ غوڵام، وەک سەرۆکی بانکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تۆمەتی هەڕەشەکردن دەرکرد، بەپێی ماددەی 431ی یاسای سزادانی عێراقی. ساڵی 2022: غوڵام بەپێی ماددەی 456ـی یاسای سزادان دەستگیر کرا، بەڵام لە هەمان ڕۆژدا ئازاد کرا. لەو کاتەدا، غوڵام ڕایگەیاند کە بێتاوانە لە تۆمەتەکانی ساختەکاری و فێڵکردن. وتیشت کە ئەم کەیسە هەوڵێکە بۆ "هەراساندن" لەلایەن کەسایەتییەکی باڵادەستەوە لە پارێزگای سلێمانی. سزاکانی ئەمریکا و پەیوەندی بە ئێرانەوە لە چەند ڕۆژی رابردوودا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزاکانی لەسەر عەلی غوڵام و چەندین کەسایەتی و کۆمپانیای دیکەی عێراقی توند کردەوە. بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتەکە، "غوڵام" تۆمەتبارە بەوەی پۆستەکەی خۆی لە بانکە بازرگانییەکانی عێراقدا قۆستووەتەوە بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆی و خێزانەکەی، هەروەها بۆ خزمەتکردنی "فەیلەقی قودس"ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران. وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوەشکردووە:  عەلی غوڵام "ملیۆنان دۆلاری بۆ خۆی و نوێنەرانی میلیشیاکان" بەدەستهێناوە و "کاروباری دارایی کەتائیبی حزبوڵڵای بەڕێوەبردووە"، لەوانەش وەبەرهێنانی سامانەکانی سەرکردەکانی کەتائیب حزبوڵڵا لە دەرەوەی عێراق.  هەروەها تۆمەتباری کردووە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی بە "عەسائیب ئەهلولحەق"، لەوانەش بەدەستهێنانی دۆلاری ئەمریکی و شوشتنی پارە بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە بۆ دوورکەوتنەوە لە وردبینی حکومەت. وەزارەتی گەنجینە ڕاشیگەیاندووە کە غوڵام "لە دادپەروەری لە عێراق ڕزگاری بووە لە ڕێگەی گەندەڵی دەسەڵاتی دادوەرییەوە". بەم هۆیەشەوە، غوڵام خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە بەپێی فەرمانی جێبەجێکاری ژمارە 13224، کە تایبەتە بەو کەسانەی یارمەتی ماددی یان سپۆنسەری یان پشتیوانی دارایی یان ماددی یان تەکنەلۆژی یان کاڵا و خزمەتگوزاری پێشکەش بە "فەیلەقی قودس"ـی سوپای پاسداران دەکەن. دۆلارە دزرەوەکان و کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق راپۆرتەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە سێ بانکی سەر بە عەلی غوڵام ملیۆنان دۆلاریان بە شێوەیەکی نایاسایی گواستووەتەوە بۆ ئێران و هەندێک لە میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە، ئەمەش لە ڕێگەی بەڵگەنامەی ساختەوە کە تایبەت بوون بە هاوردەکردنی پارچەی یەدەگ. پرۆسەکانی وردبینی ئەمریکا ئەوەشیان دەرخستووە کە 20 بانکی عێراقی نزیکەی 80%ـی ئەو پارانەیان گواستووەتەوە کە دەگەنە تاران، سەرەڕای سزاکانی نێودەوڵەتی. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا هەندێک گۆشگیری لەسەر گواستنەوەی دۆلار بۆ هەندێک بانکی عێراقی بسەپێنێت کە گوایە تێوەگلاون لە قاچاخچێتی پارە بۆ ئێران. لەم نێوەندەدا، سامانی عەلی غوڵام و ئەو تۆمەتانەی لەسەرین، وەک نموونەیەکی تێکچڕژاویی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان لە عێراقدا دەردەکەون، کە تێیدا سنوورەکانی ئەو دوو بوارە، زۆر کاڵ بوونەتەوە، ئەمە ئەگەر هەر مابن!

تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT) نوێترین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و بەردەوامی جموجۆڵی سەربازی و ئاشتی سارد، ئاگربەستێک بەبێ وەستاندنی لەشکرکێشی و جموجۆڵی سەربازی بڵاوکردەوە. بەپێى ناوەڕۆکى ڕاپۆرتەکە،  هەرچەندە، مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بە یەکەمین مانگ دادەنرێت کە لەساڵی ٢٠١٥ (کۆتایی پڕۆسەی ئاشتی پێشوو)ەوە سوپای تورکیا هیچ بۆردوومانێکی تێدا ئەنجام نەدابێت، بەڵام لەشکرکێشی سوپای تورکیا و جموجۆڵی چەکداری گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە زیادبووندان. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو سوپای تورکیا نەک هەر سوپاکەی لە هەرێمی کوردستان نەکشاندۆتەوە، بەڵکو ئامادەیی سەربازی لە ناوچەکاندا بەرفراوانتر کردووە. بۆ نموونە، سوپای تورکیا بارەگا سەربازییەکانی لە سەر زنجیرە چیای مەتینا، بەهێزتر و پتەوتر کردووە و سوپاکە دەستیکردووە بە دروستکردنی تۆڕی ڕێگاوبانی سەربازی. دەقى ڕاپۆرتەکە.. ئاشتی سارد: ئاگربەستێک بەبێ وەستاندنی لەشکرکێشی و جموجوڵی سەربازی هەرچەندە، مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بە یەکەمین مانگ دادەنرێت کە لەساڵی ٢٠١٥ (کۆتایی پڕۆسەی ئاشتی پێشوو)ەوە سوپای تورکیا هیچ بۆردوومانێکی تێدا ئەنجام نەدابێت، بەڵام لەشکرکێشی سوپای تورکیا و جموجۆڵی چەکداری گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە زیادبووندان. حەوت مانگ بەسەر ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکە و سێ مانگیش بەسەر مەراسیمی سیمبوڵی چەکدانانی چەند گەریلایەکی ئەو حزبە تێدەپەڕێت. هاوتا لەگەڵ ئەوەی کە دانوستانەکانی ئاشتی و جێبەجێکردنی بەرپرسیاریەتی لایەنەکان پێدەنێتە قۆناغێکی قوڵتری گفتوگۆکان، مانگی ئەیلوول، بەبێ بۆردوومان و هێرشی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان تێپەڕی کە ئەمەش یەکەم جارە لە دوای ساڵی ٢٠١٥ و کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئاشتی پێشوو، مانگێک بە بێ هێرش و بۆردوومان تێپەڕێت. کەمبوونەوەی هێرش و بۆردوومانەکان لە مانگی تەمووز و ئابەوە دەستیپێکرد کە بە ڕێژەی ٩٧٪ ژمارەی هێرشەکان کەمبوونەوە. سەرباری کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی هێرشەکان، لەشکرکێشی سەربازی و جموجۆڵی چەکداری هەردوو لا بەردەوامە لە زیادبوون. لە نێوان ١ی تەمووز "مەراسیمی سیمولی چەکدانان لە ١١ی تەمووزدا بەڕێوەچوو" بۆ ٣٠ی ئەیلوول، سوپای تورکیا، بەلایەنی کەمەوە (٣٤) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. کەمبوونەوەی هێرشەکانیش لە مانگی تەمووزدا دەستیپێکرد و تاوەکو لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتە ڕاوەستانی تەواوەتی بۆردوومانەکان. لەم هێرشانە، (٣٢)یان تۆپباران بوون، یەک هێرش لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشێکی تریش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە ئەنجامدراوە. لە مانگی تەمووزدا (١٨) هێرش و لە مانگی ئابدا (١٦) هێرش ئەنجامدراوە، بەڵام لە مانگی ئەیلوولدا هیچ هێرشێک ئەنجامنەدراوە. لە ٩٧٪ی ئەو هێرشانە بۆسەر سنوری قەزای ئامێدی بووە و تەنیا یەک هێرش بۆسەر سنوری پارێزگای سلێمانی بووە کە ئەویش لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە لە سنوری قەزای پێنجوێن ئەنجامدراوە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە ١ی ئازار تاوەکو ٣٠ی حوزەیران، سوپای تورکیا (١٣٩٠) هێرش و بۆردوومانی ئەنجامدابو و لە هەر مانگێکیشدا، ژمارەی هێرشەکان تاوەکو مانگی تەمووز لە زیادبووندابوون. لەو هێرشانە (١١٥٧) هێرشیان لە ڕیگەی تۆپباران، ٤٠ هێرش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، دوو هێرش لە ڕێگەی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ بوون و یەک ڕووداوی تەقینەوەی بۆمبی نەتەقیویش تۆمارکراوە. سەرباری ڕاگرتنی بۆردوومانەکان بەتەواوەتی و بێدەنگکردنی چەکەکان لەمانگی ئەیلوولدا، هەردوو لا بەردەوامبوون لە جموجۆڵی سەربازی و بەرفراوانکردنی ئامادەیی سەربازی و چەکدارییان لەناو هەرێمی کوردستاندا. بەردەوامی ئەو بە سەربازگەکردن و جموجۆڵییە چەکدارییانە، بوونەتە هۆی بەردەوامی ڕێگریکردن لە جموجۆڵ و هاتوچۆی هاووڵاتییانی مەدەنی. تەنانەت لە هەندێک ناوچە، ڕێگریکردنی تەواوەتی لە هاتوچۆی هاووڵاتییان و گوندنشینان بەدیدەکرێت و ئاوارەبوون و چۆڵکردنی گوندەکانیش لە بەردەوامیدایە. بۆ نمونە، لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ئابدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری حەوت گوندی (دەڤەری نهێلێ)ی لە قەزای ئامێدی کرد کە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ڕەز و باخ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانییان. بەڵام لە ڕۆژی ٢٣ی ئابدا، کاتێک هاووڵاتییانی گوندی (گوهەرزێ) هەوڵیاندا بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باخەکانییان، لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیاوە دەستگیرکران. دوای نزیکەی کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنیان هەموویان ئازادکران بەڵام ئاگادارکرانەوە کە ڕەز و باخەکانییان جێبهێڵن. لە هەمان ڕۆژدا، دانیشتووانی گوندەکانی (بەلاڤە و بەرچێ) و چوار گوندی تر بەهەمان شێوە ڕێگریان لێکرا کە بگەڕێنەوە سەر کێڵگە کشتوکاڵییەکانییان. هەروەها لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئابدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری گوندنشینانی ئاوارەبووی ١٥ گوندی دەڤەری (بەری گارێ)ی کرد کە لە کاتژمێر (٨:٠٠)ی بەیانی بۆ کاتژمێر (٥:٠٠)ی ئێوارە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باخی گوندەکانییان " کە ماوەی ١٤ مانگە بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیاوە ئاوارەبوون" و لەو کاتژمێرانەدا، کاری جوتیاری خۆیان بکەن و دواتر گوندەکانییان جێبهێڵن. ئەو جوتیارانەی کە توانیبویان بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانییان، بە تیمی کوردستانی عێراقی  سی پی تییان ڕاگەیاند، کە زیاتر لە (٥٠) خانووی هاووڵاتییانی مەدەنی لە گوندەکانی (مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ، گرگاشێ و دێرەشێ) بەهۆی بۆردوومانی ئاسمانی سوپای تورکیاوە بەتەواوی وێران بوون. سەرباری وێران کردنی شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی، قوتابخانە، بنکەیەکی تەندروستی، چەند مزگەوتێک بەهۆی بۆردوومانەکانەوە یان وێران بوون یاخود زیانیان بەرکەوتووە. سوپای تورکیا نەک هەر سوپاکەی لە هەرێمی کوردستان نەکشاندۆتەوە، بەڵکو ئامادەیی سەربازی لە ناوچەکاندا بەرفراوانتر کردووە. بۆ نموونە، سوپای تورکیا بارەگا سەربازییەکانی لە سەر زنجیرە چیای مەتینا، بەهێزتر و پتەوتر کردووە و سوپاکە دەستیکردووە بە دروستکردنی تۆڕی ڕێگاوبانی سەربازی بۆ بەیەکەوەبەستنی تەواوی بارەگا سەربازییەکانی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین لە دەڤەری ئامێدی. هەروەها، لە ڕۆژی ١٤ی ئەیلوولدا، سوپای تورکیا ڕێگایەکی نوێی لە بارەگا سەربازییەکەی گوندی (کەشان) لە قەزای باتیفا بۆ ناو گوندەکە تەواوکرد، ئەمەش پێشهاتێکی نوێیە کە سوپای تورکیا دەستیکردووە بە دروستکردنی ڕێگا لە بارەگا سەربازییەکانییەوە بۆ ناو گوند و ناوچە ئاوەدانەکان. هەمان گۆڕانکاری و دروستکردنی ڕێگای سەربازی بۆ ناو گوندەکان، لە سەرەتای مانگی ئەیلوول لەناو گوندی (سەرگەلێ) لە قەزای ئامێدی تێبینیکرا. لەوە زیاتر، لە نێوان ١٥ی ئەیلوول بۆ ١ی تشرینی یەکەم، سوپای تورکیا دەستیکرد بە هەڵمەتێکی دار بڕینەوە لە ناوچەی کۆنتڕۆڵکراوی زاپ. پاش بڕینەوەی دارەکان، سەربازەکان بە تراکتۆر دارە بڕدراوەکانیان دەگواستەوە بۆ تورکیا. بەهەمان شێوە، گەریلاکانی پەکەکە و گروپە هاوپەیوەستەکانی ئەو حزبە، دەستیانکردووە بە بەهێزکردنی توانای سەربازی خۆیان و دورستکردنی تونێل و ڕێڕەوی زەمینی لە ناوچەکانی قەندیل، ئاسۆس و گارا. هەروەها تاوەکو ئێستا گەریلاکانی پەکەکە، چەکیان لەدەستدایە و چەکەکانیان دانەناوە. ڤیدیۆی گواستنەوەی دارەکان بەگشتی، پڕۆسەی ئاشتی بووەتە مایەی ئاگربەست و ڕاگرتنی تەواوەتی بۆردوومان و هێرشەکان، بەڵام زیادبوونی ئامادەیی سەربازی و جموجۆڵی چەکداری هەردوو لای شەڕەکە، بوونەتە هۆی لاوازکردنی پڕۆسەی ئاشتی و هەستیاربوونی دۆخەکە. لە ئەنجامی بەردەوامبوونی لەشکرکێشییەکانیش، کاریگەری جەنگ و ئاوارەبوون بەسەر هاووڵاتییانی مەدەنیدا ماوەتەوە. تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، بانگەواز لە دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات کە بەتەواوی بەشداری پڕۆسەی ئاشتی بکەن و هەموو جۆرە جموجۆڵێکی سەربازی و چەکداری و فراوانکردنی ئامادەیی سەربازی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا ڕابگرن. هەروەها CPT داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە ڕۆڵیان هەبێت لەم پڕۆسەی ئاشتییەدا و دڵنیاببنەوە لەوەی کە هاووڵاتییانی مەدەنی بە بێ ئەوەی ترسیان هەبێت کە بەئامانجبگیرێن بتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ڕەز و باخ و گوندەکانی خۆیان. CPTتیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی 

خەبات کوردە ‎بۆ جاری دووەم لە مانگێکدا دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە لێدانێکی جەرگ بڕ ئەردۆگانی دا بە زەویدا .!  ‎جاری پێشوو لە سەروبەندی کۆبونەوەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان کاتێ کە ئەردۆگان دەیویست ، بە بەهای دەیان ملیار دۆلار و بە قەرزێکی درێژ خایەن سەدان فڕۆکەی نەفەر هەڵگر و دەیان فڕۆکەی جەنگی و کەرستەی یەدەگی فڕۆکەی جەنگی تڕەمپ ڕازی بکات و ڕووی خۆی سپی بکاتەوە ، لە پڕ دۆناڵد لە بەر چاوی هەموو جیهان ڕایگەیاند کە ئەردۆگان دەستێکی باڵای هەیە لە تەزویر و فڕوفێڵ کردن لە هەڵبژاردنەکاندا . ‎لێرە خێرا ئەردۆگان دۆش داما و بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە ئەنقەرە و هەر لە ناو فڕۆکەکەیەوە کەوتە هێرش کردن بۆ سەر ئیسڕائیل و ناتانیاهۆ و هەوڵێکی زۆریدا شەڕێکی گەورە لە سوریا ڕوبدا و کۆمەڵ کوژیەک لە هەر دوو گەڕەکی کورد نشینی شاری حەڵەب بقەومێنێ . ‎گەڕی دووەمی شکاندنی ئەردۆگان لە ڕۆژی ئیمزاکردنی ڕاوەستانی شەڕی غەززە بوو ( واتا دوێنێ ) کە لە  هاوینەهەواری بەناوبانگی شەڕمولشێخی میسڕ بە ئامادە بوونی چەندین سەرۆکی وڵاتان ئیمزا کرا . ‎بەڵێ تڕەمپ هەر لە سەرەتای گەشتەکەیەوە و هەتا وتارەکەی کە لە ناو کەنیسەتی ئیسڕائیل و هەتا کاتی ئیمزا کردنی پڕۆتۆکۆلەکەش هەر بە شان و باڵی ئەردۆگانی هەڵدەدا و خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕی بە ئامادە بوونی ئەردۆگان ، هەتا ئەو چرکە ساتەی کە ئەردۆگان ئیمزایەکەی کرد . ‎تڕەمپ لە سەر و بەندی گەڕانەوەی بەرەو ئەمەریکا ڕایگەیاند کە زۆر دڵخۆشە ئەمڕۆ هەموو لایەک ئیمزایان کرد و  کۆتایی بەشەڕی دوو ساڵەی غەززە هات و ئەردۆگانیش یەکێک بوو لە ئامادەبوان و ئیمزای لە سەر ڕاگرتنی شەڕەکە کرد ، چونکە ئەردۆگان یەکێک لەو سەرکردانە بووە بۆ هۆکاری بە کوشت دانی زیاتر لە  ٦٠ هەزار خەڵکی سڤیلی غەززە و کاولکردنی لە سەدا ۸٠ ی کەرتەکە . دوای ئەو لێدوانە توندەی تڕەمپ دوور نیە جارێکی کە ئەردۆگان جورئەتی ئەوە بکات کە ڕووبەڕ لە گەڵ دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا هیچی تر چاوپێکەوتن ئەنجام بدا ئەگەر کەرامەتی هەبێ . ‎ئەو شێوازی مەدح و پیاهەڵدان و داڕوخانەی کە تڕەمپ ئاماژەی پێدا دەربارەی ئەردۆگان وەکو ناتانیاهۆ دەڵێ : حەقە بە هەر شێوازێک بێت لێپرسینەوە لە گەڵ تورکیا و بە تایبەتیش لە گەڵ ئەردۆگان بکرێ ، کە چۆن و بە چ شێوازێک توانیان زیاتر لە ٦٥ هەزار ئیسلامی ئیخوانی توندڕەو ، لە سەرانسەری جیهان کۆبکەنەوە و ڕێگری نەکەن بە ئازادی لە ڕێی فڕۆکەخانەکانی تورکیا بگەنە سەر سنورەکانی سوریا ، یان هەر لە ناو تورکیا دەیان سەربازگەیان بۆ بکەنەوە و باشترین ڕاهێنانیان پێبکەن لە سەر جۆرەها چەک و تەقەمەنی و لە کۆتاییدا ئاودیوی خاکی سوریایان بکەن بۆ کوشتنی خەڵکی بێدەسەڵات و کاولکردنی وڵاتەکە . ‎ئەردۆگان هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی بەهاری عەڕەبی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەی داعش و لە باوەش گرتنی تەواوی گروپە ئیخوانیە توندڕەوەکانی جیهان ، دەستێکی باڵای هەبووە و هەموو کات وا خۆی پێشانداوە کە سەرۆکی هەموو ئومەتی ئیسلام و ئیخوانەکانی جیهانە . ‎شایانی باسە دۆناڵد تڕەمپ چەند ڕۆژێک پش ئیمزا کردنی ڕاگرتنی شەڕی غەززە ، بانگەوازی بۆ  سەرۆکی ئێران دەکرد و بانگێشت نامەی بۆ نارد و هیوای دەخواست کە ئەویش ئامادەی دانیشتنەکە بێ و لە کاتی گەیشتنی بە ناوچەکەش و لە ناو کەنیسەتی ئیسڕائیلیش هەر دەیگوت خۆزگە سەرۆکی ئێرانیش ئامادە دەبوو ، یان دەیگووت ئەوە ئێرانیش ڕازی بووە کە لە سەر یەک مێز دانیشتن لە گەڵمان ئەنجامبدا و لە گەڵ ئەمەریکا ڕێکبکەوێ . ‎بەڵام دیارە ئێرانیەکان دەیازانی کە چ گورزێکی جەرگبڕیان بەر کەوتوە و تا ئێستاش بە برین و ئازارەکانیەوە دەناڵێنن و نەیاندەویست سەر لەنوێ تڕەمپ برینەکانیان بکولێنێتەوە و دورە پەرێز خۆیان ڕاگرت و هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە . ‎خەڵکی تا ئێستا تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە نازانن ، بە تایبەتیش خاڵە نهێنیەکانی ناو ئیمزاکردنی پڕۆتۆکۆلی ڕاوەستانی شەڕەکە بە تەواوی ، چونکە تا ئێستا بە تەواوی ئاشکرا نەبوون ، بە تایبەتیش ئەو بەندانەی کە قابیلی ئاشکرا کردن نین . ‎بەڵام لە ناو ئەو هەموو سەرۆک و نوێنەری ئەو وڵاتانە ، حەقە خەڵکی بپرسن بۆ هەر قەتەر و تورکیا  ‎  و میسڕ لە دەوڵەتانی ناوچەکە ئیمزای ڕاوەستانی شەڕەکەیان کرد . ! ‎ئایا هەر لە بەر ئەوە بووە کە دەستێکی باڵایان هەبووە لە کاتی گفتوگۆیەکاندا یان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەبووە لە گەڵ حەماس و یارمەتیدەری سەرەکی هەڵگیرسانی شەڕەکە بوون  .؟ ‎بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەش بەهاری ڕابردوتان لە بیر نەچێت کاتێک ابو محەمەد جۆلانی تیرۆرستیان  بردە ڕیازی پایتەختی سعودیە و بە ئامادە بونی محەمەد بن سەلمان ، کامیڕای ڕاستەوخۆیان بۆ ئەردۆگان کردەوە و  یەک کۆڵ وەڕەقەیان بە جۆلانی ئیمزا کرد .! 

✍️ سەرتیپ جەوهەر تائێستا هیچ رێككەوتنێكی بنگەهی و چارەسەری كردارەكی لەنێوان رۆژئاوای كوردستان و دیمەشق نەبووە. ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی رابردوو كراوە، تەنها راگرتنی شەڕو هەندێك رێككەوتنی زارەكیی بووە بۆ جۆرێك لەسەقامگیریی ئەمنی، ئەوەی دەگوترێت لەبارەی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هەندێك پرسی دیكە تەنها لێكدانەوەی میدیاییە یاخود جۆرێك لەبانگەشەو لێدوانی رۆژنامەوانیەو هیچیتر.  پرسی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی هەسەدە زۆر ئاڵۆزەو گرێدراوی دەستورو گواستنەوەیەكی دیموكراتیانەی دەسەڵات و دابینكردنی ماف و بەركەوتەی كوردو رۆژهەڵاتی فوراتە. بەپێی ئەنجامی ئەو كۆبونەوەو دیدارانەی تائێستا كراون تائێستا دیمەشق بۆ هیچ چارەسەرییەكی ریشەیی و دیموكراتیانەی بەشداری سیاسی لەسوریا رازی نین، بگرە بڕوایان پێ‌ نییە. هەرچی هەنگاویشیان ناوە لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد لەباتی ببێتەهۆكاری سەقامگیریی، بۆتەهۆی زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخی سیاسی و حوكمڕانیی. لەماوەی چەند رۆژی رابردوو چەند دیدارو كۆبونەوەیەك لەنێوان سەركردایەتی رێڤەبەری خۆسەر یان باكوری رۆژهەڵاتی فورات و دیمەشق بەڕێوەچووە، بەڵام ئەنجامەكانی تەنها چارەسەری هەندێك پرسی رۆژ بووە نەك رێككەوتن لەسەر نەخشەڕێیەك بۆ پرسی گواستنەوەی دیموكراتیانەی دەسەڵات لەسوریا. كۆبونەوەكان بەنێوانگیری ئەمریكابووە، ئەوەی بەزارەكی لەسەری رێككەوتوون چەند پرسێك بووە. یەكەم؛ هەماهەنگیكردن لەبارەی رووبەرووبونەوەی تیرۆر واتە لەناوبردنی رێكخستن و جموجۆڵی داعش و گروپە تیرۆرستەكانە، لەسەرتاسەری سوریا. لێرەدا زیاتر مەبەست هەماهەنگی گۆڕینەوەی زانیاریی و هاوكات جێبەجێكردنی چالاكییە لەدژی گروپە تیرۆرستەكان، بەڵام ئەم پرسە كەمێك ئاڵۆزو زەحمەتە چونكە دەسەڵاتدارێتی دیمەشق بریتیە لەژمارەیەكی زۆر گروپی توندڕەو كەپێشتر زۆربەیان یان داعش بوون و ئێستاش گروپی ئیسلامیی توندڕەون! بەڵام پێدەچێت ئەم خواستە ئەمریكا بەسەر دیمەشقی سەپاندبێت بۆ ئەوەی بكەوێتە ژێر تاقیكردنەوەو دژایەتی داعش و گروپە تیرۆرستەكان بكاتە مەرجی سوككردنی سزاكانی سەر سوریا لەچوارچێوەی یاسای قەیسەر. ئەوەی زانراوە هیچ رێككەوتنێك نییە، بەرپرسانی رۆژئاوا باسی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی هەسەدە دەكەن، بەڵام زیاتر لێدوانی میدیاییەو بۆ دڵنیاكردنەوەی ناوخۆو وڵاتانی دەوروبەرە، بەتایبەت توركیا، چونكە فشاری زۆر دەكات.  دووەم؛ دەسەڵاتدارێتی باكوری رۆژهەڵاتی فورات رازیبوون بەشێك لەنەوتی بەرهەمهێنراوی رۆژهەڵاتی فورات بەتایبەت ئەوەی لەدێرەزۆر بەرهەمدەهێنرێت بدرێت بەدیمەشق بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ بەنرخێكی دیاریكراو. ئەم پرۆسەیە بەئاگاداری ئەمریكاییەكان دەبێت. واتە ئەمریكا لەنزیكەوە چاودێری ئەم پرۆسەیە دەكات، دیاریش نییە بڕەكەی چەند دەبێت، چونكە رێژەی نەوت لەسوریا زۆر نییە، ئەوەی هەیە زۆربەی دەكەوێـتە رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام رێژەی بەرهەمهێنان زۆر كەمبۆتەوە بەتایبەت لەدوای بۆردومانەكانی توركیا لە 2024.  كێلگەی عومەر گەورەترین كێلگەی نەوتییە لەسوریا دەكەوێتە رۆژهەڵاتی فورات لەپارێزگای دێرەزۆر. لەو ناوچەیە 41 بیرە نەوت لەژێر ركێفی هێزەكانی سوریای دیموكراتە لەرۆژهەڵاتی فورات، بەڵام رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەوبیرانە زۆر كەمترە لەجاران. بەپێی زانیارییەكان لەنێوان 20 بۆ 25 هەزار بەرمیلە لەرۆژێكدا ئەمە لەكاتێكدا جاران دەگەیشتە نزیكەی 75 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا. ئەوەی جێی سەرنج بوو لەماوەی هەفتەی رابردوو لەهەمان رۆژی كۆبونەوەی مەزلوم عەبدێ‌ و ئەحمەد شەرع بەنێوانگری گەورە بەرپرسانی ئەمریكا لەدیمەشق لە 7ی ئۆكتۆبەر، بارە چەكێكی ئەمریكا گەیشتە هێزەكانی سوریای دیموكرات لەبنكەی قەسرەك لەحەسەكە كە چەكی دژە درۆن و تانك و چەكی دیكەی زۆر پێشكەوتووی لەخۆ گرتبوو، ئەمەش نامەیەكی روونی ئەمریكا بوو بۆ دیمەشق و ئەنقەرە كە ئەمریكا تەنها رۆڵی نێوانگر نابینێت، بەڵكو پشتیوانێكی گەورەی هێزەكانی سوریای دیموكراتن و دەیانپارێزن. هاتنی ئەمجارەی بەرپرسانی واشنتۆن تۆم باراك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا و براد كوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا بۆ رۆژئاوای كوردستان دوو پەیامی لەخۆگرتبوو. یەكەمیان؛ سەرەتا وەفدەكە هاتە رۆژئاوای كوردستان و لەگەڵ مەزلوم عەبدێ كۆبونەوەو دواتر وەك نێوانگر چوونە دیمەشق. ئەمە لەكاتێكدا جارەكانی دیكە وەفدی ئەمریكا دەهاتنە دیمەشق ئینجا وەفدی رۆژئاوا دەچوونە دیمەشق، بەڵام ئەمجارە بەپێچەوانەوە بوو. دوومیشیان؛ نامەیەكی دیكەی ئەمریكا بوو بۆ دیمەشق و ئەنقەرە، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات رۆڵێكی میحوەریی لەسوریا دەبینن و واشنتۆن وەك هێزێكی هاوكوف و یەكسانی دیمەشق مامەڵەی لەگەڵ دەكات. ئێستا ئەمریكا تەنها وەك هێزێكی سەربازیی مامەڵە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات ناكات، بەڵكو دەیەوێت رۆڵی سیاسی گەورەتری پێبدات، كاتێكیش بارە چەكی پێشكەوتوو لەهەمان رۆژی گفتوگۆ دەگەینێتە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەیەكی روونە كە دەیەوێت رۆڵی هەسەدە لەگفتوگۆكان بەهێز بێت، بۆیە لەم دانیشتنەی چەند رۆژی رابردوو هەڵوێست و داخوازییەكانی هەسەدە روونتر خرانەڕوو. بۆ ئەم قۆناغە، رەنگە ئەمریكا مەبەستی نەبێت هەسەدە لەگەڵ دیمەشق بگاتە رێككەوتن، هەروەك چۆن لەسەردەمی رژێمی ئەسەدیش نەیدەویست كورد لەگەڵ دیمەشق رێككەویت، چونكە ئەمریكا متمانەی بەئەحمەد شەرع نییەو هێشتا ئەوەی ئەمریكا دەیەوێت لەدیمەشق و ناوچەكە جێبەجێنەبووە. بۆ ئەم قۆناغە ئەمریكا مەبەستیەتی جۆرێك لەسەقامگیریی ئەمنی لەسوریا هەبێت و پەیوەندی نێوان هەسەدەو دیمەشق لەسەربنەمای (نەشەڕ نەئاشتی) درێژە بكێشێت و لەپالیشدا لەژێر ناوی لەناوبردنی تیرۆر (داعش) بمێنێتەوە. هەرچەندە ئەمریكا جێگەی متمانە نییە لەسوریا بەتایبەت لەلای كورد، بەهۆی ئەو كشانەوەو ناسەقامگیرییەی لەسیاسەتی ئەو وڵاتە لەماوە 2019 -2020 رویداو كە ئەمریكا لەچەند ناوچەیەك كشایەوەو رێگەی بەداگیركردنی چەند ناوچەیەكی خاكی رۆژئاوای كوردستاندا، بەڵام پێدەچێت ئەمریكا لەماوەی داهاتوو رۆڵی زیاتر بداتە هێزەكانی سوریای دیمەكرات و پاڵپشتی زیاتری بكات.

✍️ سەرتیپ جەوهەر هەفتەیەكی دیكە ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی كوردستاندا تێدەپەڕێت، تائێستا حكومەتی نوێ‌ دروستنەكراوە، پەرلەمانیش وەك دامەزراوەیەكی مردوو بەهاو رۆڵی خۆی بەتەواوی لەدەستداوە. لەهەر وڵاتێك ئەگەر كەمێك دیموكراسی هەبێت، لەدوای هەر هەڵبژردنێك ململانێیەكی زۆرو چاوەڕوانیەكی زۆر هەیە بۆ گۆڕانكاریی لەحكومەت و پێكهێنەرانی. واتە چاوەڕوانی هەیە هەم بەڕێوبەرانی كابینە بگۆڕێن و هەمیش سیاسەتی نوێی حكومڕانی بێتە كایەوە، بەڵام لەكوردستان لەماوەی نزیكەی 35 ساڵی رابردوو، تائێستا هیچ هەڵبژاردنێك لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا نەكراوە، هەروەك هیچ هەڵبژاردنێكیش بەڕێوەنەچووە گومان لەئەنجامەكەی نەكرابێت.  بەكردار ماوەی 10 ساڵە پەرلەمانی كوردستان بەتەواوی بێ بەهابووەو هیچ رۆڵێكی لەدۆخی سیاسی و یاسایی كوردستاندا نەماوە، لە 2015 دەرگای داخرا ئیدی پەكخرا. لەوە خراپتر تەواوی دامودەزگا چاودێرەكان كەپێویستە چاودێری گەندەڵیی بكەن لەحكومەت و دامودەزگاكانی حوكمڕانیی، ماوەیان بەسەرچووەو بەشێكیان بەدەر لەیاسا كاردەكەن. واتە ئەو دامودەزگایانەش بوونەتە بەشێك لەم سیستمە بەسەرچووەی كوردستان خۆیان بوونەتە بەشێك لەخراپیی ئەم حوكمڕانیە. هاوكات زۆربەی هەرەزۆری رێكخراو و سەندیكا پیشەییەكانیش ماوەیان بەسەرچووەو بەپێی یاسا هیچ شەرعیەتێكیان نەماوە وەك سەندیكای رۆژنامەنوسان، پارێزەران، مافپەروەران، پەرلەمانتاران..تد. بەداخەوە سەرباری ئەم بارودۆخە خراپەی حوكمڕانیی و ژیانی سیاسی لەكوردستان، ئۆیۆزسیۆنیش هیچ پرۆژەو رۆڵێكی ئەوتۆی نییە، بگرە هەندێجار وەك تەواوكەری ئەو مەنزومە فاسیدەی كوردستان دەردەكەوێت. نەپرۆژەیان هەیەو نە دەستپێشخەرییەكی جددی. ناڕەزایەتیەكەیان تەنها بۆڵەبۆڵ و گلەییە، ئەویش لەشەقام نا! بەڵكو تەنها لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی. ئەگینا ئەوە ساڵێك بەسەر هەڵبژاردن تێدەپەڕێت، ئەگەر نەشیانتوانیبێت خەڵك بێننە شەقام لەدژی ئەم دواكەوتنە، لانیكەم دەبوو بچنە دادگای دەستوریی لەبەغدا پرسیارێك بكەن و سنورێك بۆ ئەم چەقبەستنە دابنرێت، تا چیتر پرسی پێكهێنانی حكومەت نەبێتە قوربانی بەرژەوەندی حزبێك یان كەسێك و سەرئەنجام كۆی حوكمڕانیی بەپەرلەمانیشەوە پەكبخرێت. ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت حكومەت دروستنەكرێت و پەرلەمان هەبێت بەڵام دەرگای داخراو بێت و ئۆپۆزسیۆن هەبێت و دەنگی نەبێت! كەوایە هەڵبژاردن بۆ بكرێت و ئەو دیموكراسیەی كوردستان پێناسەی چییە؟ بەپێی ئەو سۆراغەی ئێستا بەردەستە، پێدەچێت دوای هەڵبژاردنی عیراقیش پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئاسان نەبێت. هەورازێكی سەخت لەبەردەمیدایە كە رەنگە دیسان كاتی زۆری پێویست بێت. پێموایە هەر حزبێك یان لایەنێك بیەوێت بەشداری لەم حوكمڕانیەی ئێستای هەرێم بكات، ئاستەنگ و ئاڵنگاریی زۆری لەبەردەم دا دەبێت، چونكە لەلایەك زۆرینەی رەهای جومگەكانی حوكمڕانیی یەكڕەنگكراوە لەلایەك دیكە سیستمێك یاخود مەنزومەیەك وەك تۆڕێكی رێكخستن لەدەرەوەی دەسەڵاتی یاسایی دامەزراوەكان دروستكراوە دەسەڵاتێكی زۆریان پێدراوە، رێنادات هیچ كەس و لایەنێك جوجۆڵ بكات یاخود كاربكات ئەویش زۆرجار بەحكومەتی سێبەر ناودەبرێت! ئەگەر ئەو مەنزومەیە هەڵنەوەشێنرێتەوە و وەزیرو كاربەدەست و دامودەزگاكانی حكومەت بەروونی دەسەڵاتەكانی خۆیان جێبەجێنەكەن، ئاسان نییە بۆ هەر حزب و لایەنێك لەحكومەت یان لەم حوكمڕانییە بتوانێت كاربكات، ئەوەی تائێستاش كاریكردووە، هیچ قازانجی نەكردووە، بگرە دەست و پێ بەستراو بووە. ئەگەر حزبێك وەزیرێكی هەبووبێت، یان چەند وەزیرێك ئەوا دەسەڵاتیان لەنوسینگەكانی خۆیان تێپەڕی نەكردووە، خەڵكی دیكە لەئەنجومەنی وەزیران ئیشوكاری وەزارەتەكەی كردوون و دەسەڵات لای ئەوان بووە.