نووسین: خەبات کوردە ناوچەکە نزیکبووەتەوە لە پلەی کوڵان و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتویەکی نزیکدا چەندین گۆڕانکاری گەورە ڕووبدەن. کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنین بۆ ئەوەی بەرچاو ڕونیمان هەبێ لەبارەی ئەوەی ڕوودەدات! لە دوای لێدانی سەرکردە باڵاکانی حەماس کە بە عەقڵی بڕیاردەری ڕێکخراوەکە دادەندرێن و لە دەرەوەی کەرتی غەزە ژیان دەکەن ، دەوڵەتی قەتەر ڕایگەیاند کە تەواوی ئەو سەرکردانە گواستراونەتەوە شوێنەکی پارێزراو . کەواتە حەماس لە داهاتوو دەتوانێ جارێکی تر بە ئازادانە بێتەوە ڕوو ؟ کۆنگرەی دەوڵەتانی عەڕەبی و ئیسلامی کە بڕیارە ١٥-٩-٢٠٢٥ لە قەتەر ببەسترێ هیچ کاریگەریەکی دەبێ ؟ جا نازاندرێ لە داهاتوو قەتەر دەتوانێ بە ئەمەریکیەکان بڵێ بنکەی سەربازی عودەید چۆڵ بکەن ، ئەوا زلهێزێکی تر هەیە پارێزگاریمان لێدەکات ؟ تورکیا هێزەکەی لە قەتەر دەکشێنێتەوە ؟ دەوڵەتانی کەنداو لە گەڵ ئەمیری قەتەر باوەش بە یەک دادەکەنەوە ؟ قەتەر هیچی تر پاڵپشتی دارایی و سیاسی ئیخوانەکان دەکات ؟ بڕیارە سەرۆکی ئێرانیش بگاتە قەتەر ، ئایا دەرەنجامەکانی کۆنگرەکە هیچیان پێدەکرێ لە گەڵ جولەکە و ئیسڕائیل ؟  یان هەر قاوە خواردنەوە و بەیاننامەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن ؟ تەواوی دەوڵەتانی عەڕەبی ناوچەکە ئامادەییان تێدایە کە دژایەتی سەربازی ئیسڕائیل بکەن بە عێڕاقیشەوە ؟ هاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی لە هەگبەکەی دایە ؟ ئیسڕائیل بە جارێ دەتوانێ دژایەتی هەموو دەوڵەتانەی ناوچەکە بکات ؟ چونکە وەکو دەبینین بێجگە لە کەرتی غەزە لە لوبنان و سوریا و یەمەن لە ئێستادا چالاکی سەربازی ڕۆژانە ئەنجام دەدات ، ڕۆژانەش هەڕەشە لە تورکیا و ئێرانیش دەکات و هەندێ جار سەرکردە و پەرپرسە باڵاکانی گروپە شیعەکانیش لە عێڕاق دەکاتە ئامانج . زوو زووش چاو لە میسڕ و سوپایەکەشی سوردەکاتەوە ! دوور نیە ئیسڕائیل یارمەتی دەوڵەتی قوبرسیش نەدات بۆ ئەوەی سوپای تورک لە وڵاتەکە دەرکەن. لە ئێستادا قوبرس نزیکترین شوێنە کە F16 کانی تورک بتوانن لە وێوە زەفەربە ئیسڕائیل بهێنن. هەر بە ڕاست تورکیا و سەرۆکەکەی ئەو توانایە ماددی و سەربازیەیان هەیە کە ڕووبەڕووی ئیسڕائیل ببنەوە؟ لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران ئیسڕائیلەوە ، هیچ گۆڕانکاریەک دەبینن ؟  یان ئەو گەلانە فێرن بە زەبری کوتەک نەبێ قەت گۆڕانکاری ناکەن ؟ ڕوسیا و ئۆکرانیا پێش کۆبونەوەکەی ئالاسکای پۆتین و تڕەمپ ، هەڕەشەکانی تڕەمپ بە جوڵەی چەند کەشتی گەلێکی سەربازی دەستی پێکرد و چاوەڕێ دەکرا هەڕەشەی تەقاندنەوەی چەندین پاپۆڕی بارهەڵگری نەوت و غازی ڕوسی لە لایەن ئەمەریکاوە بکەوێتە بواری جێبەجێ کردننەوە . کۆنفڕانسی شەنگهای بەسترا و پۆتین لە خۆی گۆڕا و دڕۆنەکانی گەیشتنە ناو هەر دوو دەوڵەتی پۆڵەندا و ڕۆمانیای سەر بە دەوڵەتانی ناتۆوە ! ئایا ڕوسیا ئەو هێزەی هەیە بەرەیەکی دیکەی شەڕ بکاتەوە ؟  بە تایبەتیش ئەگەر ئەو دەوڵەتانە سەر بە ناتۆ بن و دەرگای ئارامی دەوڵەتانی تەواوی ئەوروپاش بن ! ئایا چین دەتوانێ خۆی بخاتە ناو گێژاوی شەڕی سەرتاسەرییەوە و ببێتە سەنەدێک بۆ ڕوسیا ؟ لە کۆتاییدا ڕوسیا و پۆتینیش بە تایبەتی ئامادەن شەڕ ڕابگرن چونکە ڕێژەی خەرج کردنی داهاتی تەواوی ڕوسیا بۆ جەنگ لە ئۆکڕانیا خەریکە سەدا پەنجا تێدەپەڕێنێ ؟ عێڕاق و هەرێمەکەی خۆشمان بەندە بە هەڵچونی هەر دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا لە گەڵ ئیسڕائیل و ئەمەریکا پێکەوە !  کەواتە دەتوانین بڵێین ئەگەر گرژیەکانی ئێران و ئسڕائیل لە داهاتودا توند تر بۆوە ، ئەوا هیچ لارییەک نیە کە سەرکردە حیزبی و سەربازیەکانی شیعەش لایەکی سەریان دەخوا ! بە ڕاست بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی ئیسڕائیل دەبێتە موسای دووەم ؟ وەکو خۆی بانگەوازی بۆ دەکات !

نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ یەکێک لە دیکتاتۆرەکانی نێو مێژووی سیاسیی، کە تەنەنات لە دوای ڕاپەڕینی خەڵک و لە دەسەڵات خستنی و دەستگیرکردنی، لە غروری خۆیەوە، هەموو ئەوەی ڕوویدا بوو تێینەدەگەیشت و باوەڕی بە چاو و گوێیەکانی خۆیشی نەدەکرد و لە کاتی دادگاییکردنیدا، دەیگوت هێشتا ئەو سەرۆکە و پۆلیس بۆی نییە قۆڵبەستی بکات.  بفەرموون لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێک: نیکۆلای چاوسێسکو لە ساڵی ١٩٦٥ بوو بە سکرتێری گشتی حزبی کۆمۆنیستی ڕۆمانیا و لە ساڵی ١٩٧٤ بوو بە سەرۆکی ڕۆمانیا.  لە ڕێگەی کەڵتێکی لە کەسایەتی دەسەڵاتخواز بەشێوەیەکی دڕندانە کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بەسە وڵاتەکەدا چەسپاند.  ڕژێمەکەی چاوسیسکۆ لە ڕێگەی پۆلیسی نهێنی ڕۆمانیاوە چاودێری توندی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاند، کە سیخوڕی بەسەر هاوڵاتیاندا دەکرد و ناڕەزایەتیەکانیان سەرکوت دەکرد و ترس و تۆقاندنیان لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوکردەوە. سیاسەتەکانی چۆسێسکو بووە هۆی داڕمانی ئابووری و زیانێکی گەورە بە کۆمەڵگا.  نەیارانی سیاسی و خۆپیشاندەران زیندانی دەکران، ئەشکەنجە دەدران، یان دەکوژران. پڕوپاگەندە و سەرکوتکردن سیمای دیار و سەرەکیی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی چاوسیسکۆ بوون. سەرباری سەرکوت و ستەمکارییەکەی، هەروەها هەژاریی و نابوودیی ئابووریی بەسەر وڵاتەکەدا سەپاندبوو بەڵام خۆی و خێزانەکەی لە ژیانێکی شاهانەییدا دەژیان و دابڕابوون لە خەڵک. ئەم دۆخە تاوەکو کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٩ بەردەوام بوو.  با بزانین دوای ئەوە چی ڕوویدا؟ لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٩، ڕۆمانیا شایەتی کۆتایییەکی دراماتیکییانەی یەکێک لە سەرکوتکەرترین ڕژێمەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بوو. خەڵکی ڕۆمانیا لە دوای دەورانێکی درێژ لە ستەمکاریی و هەژاریی لە ساتە وەختێکی مێژوویدا ىڕیاریان دا چیتر قبوڵی نەکەن و نایەکی گەورەیان بەڕووی ڕژێمێکی توندوتیژ و تۆقێنەردا بەرز کردەوە و پاشەکشەیان لێنەکرد.  لە ساتەوەختێکدا بڕیاریاندا ئەو مۆتەکەیە لەسەر ژیانی خۆیان لابەرن و باوەش بە ئازادییدا بکەن. دروست لەو ساتەوەختەدا کە تەواوی کۆمەڵگایەک بڕیاری دا، ئیدی ڕۆژی ڕەشی نیکۆڵای چاوسیسکۆ و کۆتایی ڕژێمە تۆقێنەرەکەی دەستی پێکرد.  دیمەنێکی سوریالی، هەموو شتەکان پێچەوانە دەبنەوە ئێستا با کەمێک لەسەر ئەو دیمەنە مێژوویی و دراماتیکییە بوەستین. ساتێکی جوان کە تیایدا یارییەکە ناوەستێت، بەڵکو پێچەوانە دەبێتەوە. ساتێکی ئەفسوناویی، کە کۆنترۆڵ نامێنیت و ئازادیی وەکو پریشکێک دەردەکەوێت و هەمووان بەرەو ڕووی دەچن. ساتێک کە تیایدا، مێژوویەک بە هەموو دڵرەقیی و دڕنددەیی خۆیەوە لاواز دەبێت و هەرس دەهێنێت. ساتێک تیایدا پەیکەرەکانی غرور و بتەکانی شکۆمەندیی، دەشکین و دەکەون.  پریشکی نارەزایەتیی و خێرا بڵاوبوونەوەی یەکەم پریشکی خۆپیشاندان و ڕاپەڕین لە شاری تیمیشۆرا دەستی پێکرد و ناڕەزایەتییەکان دژی حکومەت بە خێرایی پەرەی دەسەند.  چاۆسێسکو هەروەکو ژیانی پێشووی کە پەیوەندیی لەگەڵ خەڵک و ژیانی گشتی کۆمەڵگاکەی لەمێژ بوو پچڕا بوو، لەو ساتەشدا و لە سەروبەندیی پەرەسەندنی توڕەیی خەڵک هەر بە تەواوی پچڕابوو.  چاوسیسکۆ، لە ٢١ ی کانوونی دووەمدا، لە وتارێکدا لە باڵکۆنی بارەگای حزبی شیوعی لە بوخارێستی پایتەخت، قسەی بۆ جەماوەرێک دەکرد کە پێیوابوو لایەنگر و دڵسۆزن. وتارەکە لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە پەخشدەکرا و دەیویست هێز و کۆنترۆڵی خۆی بسەلمێنێتەوە. بەڵام لە ساتی وتاردانەکەیدا  دروشمی ناڕەزایەتی لە ناو جەماوەرەکەوە بەرز بووە و تا دەهات زیاتر دەبوو.  ئیتر ئەمە سەرهەڵدانێکی نارەزایەتیی و توڕەیی جەماوەر بوو کە بەری پێنەدەگیرا و دامرکانەوەی بۆ نەبوو.  پەخشی ڕاستەوخۆ کاردانەوە سەرسوڕهێنەرەکەی تۆمار کرد، ساتێکی ئایکۆنیی، کە هێمای داڕمانی دەسەڵاتەکەی بوو. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا تەواوی خەڵکی پایتەخت هاتنە ناو خۆپیشاندانەوە. خۆپیشاندەران لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان تێکهەڵچوون و ڕژێم بە خێراییەکی سەیر لاواز دەبوو. سوپا و هێزە چەکدارەکان لە بڕیارێکی خێرادا بەرەی جەماوەریان هەڵبژارد و هێزی خەڵکی ڕاپەڕیویان زیاتر کرد.  کەس پشتی دیکتاتۆر ناگرێت چاوسیسکۆ، تەنها هاوسەرکەی و دەستوپێوەندەکانی لەگەڵ مایەوە. زۆر بە خێرایی دەوری چۆڵکرا و دیکتاتۆر بە تەنیا مایەوە. لە ٢٢ی کانوونی دووەم، چاوسێسکو و ئیلێنای بە هێلیکۆپتەر هەڵهاتن. هەر دوای ئەوە، فەرماندەی سوپا و هێزە چەکدارەکان بڕیاریدا بە نیشتنەوەی هەموو فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی ئاسمانی ڕۆمانیا و بە پێچەوانەوە دەخرێنە خوارەوە.  بە ناچاریی هێلیکۆپتەرەکەی چاوسیسکۆ لە نزیک شارۆچکەیەک نیشتەوە و پاشان لەسەر شەقامە گشتییەکە خۆی و ئێلینای هاوسەری دەستیان لە تاکسییەک ڕاگرت و دوای ئەوە کەشف بوون و لە نزیک تارگۆڤیست دەستگیرکران.  دوو هاوسەر، کە ساڵانێکی زۆر هێمای غرور و دەسەڵات بوون و ژیانێکی شاهانەیی و خەیاڵیان هەبوو، وا ئێستا لە دەستبەسەرییدا ڕاگیراون و چاوەڕوانی رەحم و بەزەیی دەکەن لە دادگایەکی سەربازیی خێرا کە بۆیان سازکراوە.  لە غرورێکی پووچ و بۆشەوە کە چاوسیسکۆ لەبەرئەنجامی دەسەڵاتدارێتییە گەندەڵ و خوێناوییەکەوە، وەکو هەموو دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و سەرکوتکەر، بۆی دروستبووبوو، هەموو ئەو ماجەرایەی ڕوویدابوو بە وەهمی دەزانی و لە کاتی دادگاییکردنیدا بە پۆلیسی دەگوت نابێت قۆڵبەستی بکەن، چونکە ئەو هێشتا سەرۆکی وڵاتە.  تۆمەتەکان توند بوون: جینۆساید، تێکدانی ئابووری نەتەوەیی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. دادگاییکردنەکە کە کەمتر لە کاتژمێرێکی خایاند، بە سزای گوللـەبارانکردنی چاوسیسکۆ و هاوسەرەکەی کۆتایی هات.  لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٨٩دا، چاوسیسکۆ و هاوسەرەکەی گوڵڵـەباران کران. لە گرتە ڤیدیۆییەکانی دوا ساتەکانیان - کە لە بەرامبەر دیوارێکدا وەستابوون، دەردەکەوێت کە بە شێوەیەکی بەرچاو لەرزۆک بوون - دواتر لە تەلەفزیۆنەوە پەخش کرا و ئەمەش بینەرانی لە سەرانسەری جیهان تووشی شۆک کرد. گوللـەبارانکردنەکە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی کۆمۆنیستی بوو لە ڕۆمانیا و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی چاکسازیی و دیموکراسیی. گوللـەبارانکردنەکە، دادانەوەی پەردە بوو بەسەر شانۆگەرییەکی تراژیدیی و کۆتاییهاتنی کابوسی خەونێک و سەردەمێکی ڕەش بوو.  ڕاپەڕینی خەڵک و ڕووخانی چاسێسکو بۆ هەمیشە وەکو بیرخستنەوەیەکی بەهێز و وانەیەکی گرنگ بۆ دەسەڵاتداران و بۆ خەڵک و کۆمەلگاکان دەمێنێتەوە کە چۆن ڕژێمە تاکڕەو و ستەمکار و گەندەڵەکان، ڕۆژێک دێت هەڵبوەشینەوە بڕوخێنرین. ئەمە ئەزموونێک بوو لە مێژوودا، بەڵام ئایا دەبێتە وانەیەک بۆ دەسەڵاتداران لە ئێستا و ئاینددەدا؟

نووسین: مستەفا ئەلسەعید وەرگێڕان: یادگار عەلی پەیوەندی کورد بە هێرشەکەی سەر قەتەر .. ململانێی دابەشکردنی سوریا لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل.! ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەسەر پشکی هەردووکیان لە دابەشکردنی سوریا ناتوانرێت نادیدە بگیرێت. لەنێو ئەم ناکۆکیانەدا، دیارترینیان هەڵوێستە لەسەر کورد، چونکە تورکیا پێیوایە پێویستە هێزەکانی هەسەدەی کوردی لەناوببرێن، لەکاتێکدا ئیسرائیل و ئەمریکا پێیان وایە مانەوەی [هەسەدە] گرنگە، وەک ڕێڕەوێک بەناو باکووری سوریا و باکووری عێراقەوە تا دەگاتە ئازەربایجان، کە هاوپەیمانی هەردوو ئیسرائیل و تورکیایە. ئەمەش پڕۆژەی تورکیای گەورە لەگەڵ پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورە پێکدادەدات. ئیسرائیل پێیوایە تورکیا بە تەواوی پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە، تورکیا دەیەوێت بە تەواوی سوریا داگیربکات، جگە لە قەراغێکی تەسک لە باشووری سوریا، هەروەها سستی نیشان دەدات لە گەمارۆدانی لوبنان و ناچارکردنی حزبوڵڵا بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانی لە ڕێگەی هێرشێکی هاوبەشەوە بۆ سەر لوبنان لە باکوور و باشوور. تورکیا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی [هەسەدە] دادەنێت، وەک یەکەم هەنگاو، ئەمەش ئەمریکا و ئیسرائیل دەخاتە دۆخێکی نالەبارەوە، چونکە دەستبەرداربوون لە [هەسەدە] پێچەوانەی پلانەکانی ئیسرائیل و ڕێڕەوی داودە، کە بە پێویستی دەزانێت بۆ لەقاڵبدانی ئێران، لەکاتێکدا تورکیا بە مەرجێکی پێویستی دەزانێت بۆ دڵنیابوون لە کۆتاییهاتنی دۆسیەی کورد، کە جێگەی نیگەرانیگیەتی و بە مەترسییەک بۆ خۆی دەزانێت، چونکە گەورەترین ژمارەی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی تورکیا نیشتەجێن. ئەم ناکۆکییە بووەتەهۆی پێکدادانی سەربازیی، ئیسرائیل چەندین بنکەی هێزەکانی تورکیای لە سوریا بۆردومان کردووە، نیگەرانی خۆی دەربارەی فراوانبوونی تورکیا لە دامەزراندنی بنکە سەربازییەکان لە سوریا، دووبارە ڕێکخستنەوەی سوپای سوریا بە چەکی تورکی و سەرکردایەتی تورکی و فراوانبوونی بەرهەمهێنانی سەربازیی تورکی دەردەبڕێت. ئیسرائیل متمانەی بە کەس نییە، هەرچەندە نزیک و هاوکار بێت، چونکە لە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسیی دەترسێت، کە لە داهاتوودا هەڕەشەی لێبکات، ڕووداوی مێژوویی هەیە، وەک ڕووخاندنی شا، هاوپەیمانی ئیسرائیل لە ئێران، کە ئەمریکا و ئەوروپا یارمەتیان دابوو لە پڕۆژەی ئەتۆمی ئاشتییانەی خۆیدا. هەروەها حەماسیش هەیە، کە ئیسرائیل هیوای دەخواست ببێتە شوێنکەوتەی لە غەزە و ڕێکخراوە چەکدارە نەیارەکان لەناوببات، هەر بۆیەش دژایەتی پڕۆژەی ئەتۆمی سعودیە و دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ ئیماراتی کرد، لەوانە فڕۆکەی [F-35]. لێدانی پایتەختی قەتەر ئاڕاستەی قەتەر بە تەنها نییە، بەڵکوو هۆشدارییەکی ئاگرینە بۆ تورکیا و باقی وڵاتانی کەنداو، ئیسرائیل تەنها بە ملکەچبوون و ئاساییکردنەوە ڕازی نییە، بەڵکو شوێنکەوتووانی دەوێت، کە بەشداریی نەکەن لە پشکەکان و تەنها ڕاشکاوانەش، دەیەوێت قەوارەیەک، کە کەس نەیەتە ڕکابەری یان بەشداریی لەگەڵیدا بکات، هەرچەندە نزیک بێت لە ئیسرائیل یان گوێڕایەڵ بێت. ئەمە بەشێکی گرنگە لە شیکردنەوەی ئەو لێدانەی، کە ئاڕاستەی قەتەر کرا، دەستکەوتی ستراتیژیی بەدەستناهێنێت ئەگەر بە جیا لە پلانەکانی ئیسرائیلی گەورە سەیر بکرێت. خۆی بە سەرکردایەتییەکی بێ وێنە و تاک لە ناوچەکە دەبینێت، بەڵکوو هاوبەشە لە فەرمانڕەوایی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، بانگەشە بۆ تیۆری ئەفسانەیی دەکات دەربارەی جەنگێکی ئایینی، کە لە ناوچەکەدا سەرکردایەتی دەکات بە پشتیوانی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، کە ڕێگا خۆشدەکات بۆ گەڕانەوەی مەسیح و نزیکبوونەوەی کۆتایی جیهان، هەر بۆیەش ناتانیاهو وتی من تەنها سەرۆکی ئیسرائیل نیم، بەڵکو پەیامبەرم. ئەمە گاڵتە یان هەڵەیەکی قسەیی نییە، بەڵکوو بانگەشەیەکە بە توندی لە ئەمریکا و ئەوروپا بڵاودەکرێتەوە، هەر بۆیەش هەندێک ئەوروپی هێزەکانی ڕوسیا بە سەربازانی مەسیحی دەجال ناودەبەن، بە تێکەڵکردنی سیاسیی و ئەفسانەیی ئایینی. ئەم گۆڕانکارییە فیکریانە لە گەشەکردنی ڕاستڕەوە ئایینییەکان لە ئیسرائیل یان کۆمەڵە مەسیحییە ئینجیلییەکان لە ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوادا ڕێکەوت نین. ئەم لایەنەم ویست ڕووناکی بخەمە سەر، پێموایە پاڵنەرێک پێکدەهێنێت، کە ناتوانرێت نادیدە بگیرێت لە لێدانی ئاڕاستەکراو بۆ قەتەر، کە پشتگیری پڕۆژەی تورکیا دەکات، سەرەڕای وابەستەبوونی قەتەر بە ئەمریکا و جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانەی، کە پێی دەدرێت، بەڵام پەیوەندییەکی نزیکتری لەگەڵ تورکیای هاوبەش لە ڕووخاندنی سوریا هەیە، بەڵام خولیا و ئارەزووی سەربەخۆی هەیە لەوەی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا پلانی بۆ دادەنێت.

سەرتیپ جەوهەر ماوەیەكە هەستدەكرێت دڕدۆنگیی و ساردییەك لەپەیوەندی نێوان پەیەدەو ئەنەكەسە هەیە، هەروەك ساردیش كەوتۆتە نێوان پارتی و پەیەدە یان رێڤەبەری خۆسەر. رەنگە ئەو ساردیی و دڕدۆنگییەی دروستبووە بەهۆی جێبەجێنەبوون یاخود دواكەوتنی جێبەجێبوونی رێككەوتنی قامیشلۆ بێت لەنێوان ئەنەكەسەو پەیەدە كە ماوەی پێنج مانگی بەسەردا تێپەڕیوە. ماوەیەكە لێرەو لەوێ‌ ئەندامانی ئەنەكەسە باسی ئەوەدەكەن لەلایەن دیمەشقەوە بانگهێشتكراون بۆ دیدەنی و دیداری ئەحمەد شەرع حاكمی ئێستای سوریا، وەك ئاماژەیەك كە رەنگە بەبێ‌ گەڕانەوە وەفدی هاوبەشی كورد سەردانی دیمەشق بكەن. هۆكاری ئەو ساردییەی لەپەیوەندی نێوانی پارتی و پەیەدە یان ئەنەكەسەو پەیەدی دروستبووە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، دەكرێت لەچەند لایەنێكەوە بەكورتی بخرێتەڕوو. یەكەم: رەنگە پرسی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی قامیشلۆ (یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كورد) كە لەكۆتایی مانگی نیسانی رابردوو كرا هۆكارێك بێت، بەڵام لەدۆخێكی وەك ئێستای سوریاو رۆژئاوای كوردستان جێبەجێكردنی رێككەوتنێك دوای دابڕانێكی دوورو درێژی ناوماڵی كورد بێگومان پێویستی بەوەختی زیاترە، بەتایبەت پەیەدە ئێستا رابەرایەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات، بەنزیكەی 14 ساڵە هێزێكی چەكدارن، بەركەوتەی شەڕ یان ئیستحقاقی شۆڕش كاریگەری لەسەر بیركردنەوەو جێبەجێبوونی هەر رێككەوتنێك دەبێت كە لەگەڵ ئەنەكەسەدا كراوە، بەڵام پەیەدە یان فەرماندە مەزلوم عەبدێ ئەو بەرپرسیارێتیەی دەكەوێتە ئەستۆ كە هەوڵبدات رێگری لەلەتبوونی نێوماڵی كورد بكات، چونكە ئەنجام زیانی بۆ هەموو كوردە نەك تەنها ئەنەكەسە. دووەم: ماوەیەكە توركیا هەست بەئالۆزییەكی زۆر دەكات لەگۆڕانكارییەكانی سوریا. ئیسرائیل رێنادات هەناسەیەك لەسوریا بدات، هاوكات ئەو ئاشتیەی باكوریش واتە ئەردۆغان لەگەڵ رێبەری پەكەكە (عەبدوڵلا ئۆجالان) زۆر ساردبۆتەوە، بۆیە ئێستا فشار لەدیمەشق و رەنگە لەپارتی دیموكراتی كوردستانیش بكات بۆ ئەوەی وەفدی ئەنەكەسە دوور لەرێڤەبەری خۆسەر و بەتەنها بچنە دیمەشق بۆ گفتوگۆ بۆ دوو مەبەست، یەكەمیان لەتكردنی یەكڕیزیی و ناوماڵی كورد، دووەمیشیان وەك بەدیلی رێڤەبەری بچن گفتوگۆ لەسەر مافی گەلی كورد لەدیمەشق بكەن. سێبەم: بەپێی رێككەوتنی پێشووی مەزلوم عەبدێ و ئەحمەد شەرع، پێویستە تا مانگی 12 هێزەكانی سوریای دیموكرات تێكەڵ بەسوپای سوریا ببنەوەو لەگەڵ جێبەجێكردنی خاڵەكانی دیكەی رێككەوتنەكە كە لە 10 ئاداردار كرا، بەڵام تائێستا هیچ نەكراوە، بۆیە دیمەشق دەیەوێت ئەو رێككەوتنەی نێوان كورد كە لەمانگی نیساندا كرا تێكبدات و پەیامێك بۆ مەزلوم عەبدێ بنێرێ كەئەوان بەدیلی رێڤەبەری خۆسەریان هەیە بۆ گفتوگۆكردن. من نازانم ئەنەكەسە دەچنە دیمەشق یان نا، بەڵام چوونیان زیانێكی زۆر گەورە بەخۆیان دواتر بەكوردیش دەگەیەنێت. ئەگەر بەتەنها بچنە دیمەشق ئەوا یەكەم: رووبەرووی میللەتی كورد لەرۆژئاوای كوردستان دەبنەوەو وەك لایەنگری ئەحمەد شەرع یان رژێمی نوێی سوریا تەماشا دەكرێن.  دووەم: رەنگە سەرەتا ئەحمەد شەرع هەرایەكی ئیعلامیی گەورە بۆ پێشوازیان دروستبكات، بەڵام ئامادەنابێت هیچیان بداتێ‌، چونكە بڕوای بەمافی گەلانی سوریا نییە. لەكاتێكدا كە رێڤەبەری خۆسەر (پەیەدە) كەخاوەنی هێزێكی گەورەو كاریگەری وەك (سوریای دیموكرات) ەو پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە تائێستا لەگەڵ شەرع نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك، كەوایە مومكین نییە ئەنەكەسە كە بەدڵنیاییەوە لەڕێی توركیاوە دەچنە دیمەشق شتێك بۆ كورد بەدەستبێنن، بیریشمان نەچێت بڕیاری چارەنوسی رۆژئاوای كوردستان هەر لای مەزلوم عەبدێ‌ و هێزەكانی سوریای دیموكرات دەمێنێتەوە. بەكورتی ئەگەر ئەنەكەسە بێ‌ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی قامیشلۆ بچنە دیمەشق، بێگومان هیچیان دەستناكەوێت، رەنگە ماوەیەك لەرووی ئیعلامییەوە باسبكرێن، بەڵام هەم رێككەوتنەكەی قامیشلۆ هەڵدەوەشێتەوەو هەم پروشكی ئەو بەرپرسیارێتیە بەر پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەكەوێت. نابێ ئەو راستیەش لەبیر بکەین کە ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا،هێزەکانی سوریای دیموکرات بەنوێنەری باکوری خۆرهەڵاتی سوریا دەزانن، هرکەس و لایەنی دیکە بچێت لای ئەوان نوێنەرایەتی کورد یان رۆژئاوای کوردستان ناکات و پشتیوانی ناکەن.

دڵشاد ئەنوەر کاتێک لە ڕۆژی ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەرپابوو، جیهان پێشبینی  درێژەکێشانی شەڕەکەی بەمجۆرەی ئێستا نەدەکرد، بەڵام هەر زوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەی بە گوێی جیهاندا دا، ئەم شەڕە گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێدەکەوێتەوە. هێرشەکەی قەتەر و زەنگە مەترسیدارەکە  هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر کە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج، لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە ئیسرائیل پلانی کۆتاییهێنانی بە بزووتنەوەی حەماس بەتەواوەتی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەسەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا، ئەمەریکا گڵۆپی سەوزی بۆ قەتەر هەڵکرد، تا دەرگا بەڕووی بزووتنەوەی حەماس دا واڵا بکات و ڕێگەی پێبدات باڵی سیاسی و دیپلۆماسی لەو وڵاتە چالاک بێت. پلانەکەی ئەمەریکا بۆ چالاکبوونی باڵی سیاسی و دیپلۆماسی حەماس لە قەتەر، تا لە کاتی پێویستدا لینکیان لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە هەبێت، وەکچۆن پێشتر هەمان دەرفەتی بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان لە قەتەر ڕەخساندبوو.  دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر و هەڕەشەی گرتنەبەری هەمان هەنگاو لە تورکیاش، ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە ئیسرائیل بڕیاری کۆتایی لەبارەی حەماسەوە داوە و چیتر هیچ وڵاتێک بۆ سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە ئەمان نییە.   هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش لەناو تورکیا دژی سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە، ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە ئیسرائیل بڕیاری کۆتایی داوە بۆ کۆتایی هێنان بە حەماس و چیتر هیچ وڵاتێک ئەمان نییە بۆ سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە. ئیسرائیل کە وڵات بە وڵات بە دوای سەرکردەکانی حەماسەوەیە و پێشتریش زۆربەی سەرکردە سەربازیی و سیاسییەکانی لە غەززە کردووەتە ئامانج، ناشیەوێت بە ئاسانی هێرشەکانی بۆسەر غەززوە ڕابگرێت کە کارەساتی گەورەی مرۆیی لێکەوتووەتەوە. پلانەکانی ئیسرائیل بۆ داهاتووی غەززوە ڕوون نییە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە هەمیشە غەززەی بەمەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی زانیووە، بۆیە دەیەوێت ئەم مەترسییە دووربخاتەوەو بزووتنەوەی حەماسیش کۆتایی پێبهێنێت. ئامانجەکانی ئیسرائیل هەرچەندە هێرشەکەی ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل شۆکهێنەربوو، توانا و سومعەی سەربازی ڕووشاند، بەڵام لە ئێستادا ئیسرائیل دەیەوێت ئاقاری شەڕەکە بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بقۆزێتەوە. لە هێرشی وڵاتانی عەرەبی بۆ سەر ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧، سەرەتا ئیسرائیلییەکان شپرزە بوون، بەڵام ئەنجامەکەی بە فراوانبوونی هەژموونی ئیسرائیل کۆتایی هات، بۆیە ئەو وڵاتە دەیەوێت مێژوو دووبارە بکاتەوە. دوای هێرشەکەی ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بونیامین ناتەنیاهۆ ڕایگەیاند: "ئەم جەنگە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا." سەرباری هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ قەتیسکردنی شەڕ لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا، بەڵام هەست بەوە دەکرێت ئیسرائیل خواستی گەورەکردن و فراوانبوونی جەنگی هەیە و نایەوێت لێرەدا ڕابوەستێت. لە شەڕی وەکالەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، شەڕ لە جوگرافیایەکی دیاریکراو و لەگەڵ هێزە نزیکەکان لە ئێران بوو، بەڵام وردە وردە شەڕەکە فراوانبوو تا ئێرانیشی گرتەوە. هەرچەندە ئێران هەوڵیدا نەچێتە شەڕی راستەوخۆوە و لە ڕێگەی هێزە نزیکەکانییەوە ئەم شەڕە بکات، بەڵام دوای لاوازبوونی حەماس، حیزبوڵڵا، حوسییەکان و ڕووخانی ئەسەد، دواجار پریشکی ئاگرەکە گەشتە ئێران. لە مانگی ١١ ی ساڵی ٢٠٢٣، جیهان چاوەڕوانی وتارەکەی حەسەن نەسروڵای سەرۆکی پێشووتری حیزبوڵای لوبنان بوون، بەوەی شەڕی فراوان دژی ئیسرائیل ڕابگەیەنێت، بەڵام وتارەکە هەمووانی شۆککرد، کاتێک پاکانەی بۆ ئێران کرد. ئێرانییەکان زوو درکیان بە مەترسی دۆخەکە کردبوو، وەفدەکانیان لە نێوان عێراق، سوریا، یەمەن و لوبناندا هاتووچۆیان دەکرد، رێنماییان دەدایە هێزە نزیکەکانیان، بەڵام ئەم هەوڵانە نەبوونە مایەی دوورخستنەوەی شەڕ لە خۆی. دوای لاوازبوونی هێزە نزیکەکانی و ڕوودانی قۆناغی یەکەمی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دا، سەردەمی شەڕی بەوەکالەت بەسەرچوو، لە ئێستادا چاوەڕوانی هەڵگیرسانی قۆناغی دووەمی شەڕ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەکرێت. لەنێو سەرجەم هێزە نزیکەکان لە ئێران، تەنها گروپە شیعەکانی عێراق بەسەلامەتی لەو دۆخە دەربازییان بووە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، بۆیە پرسیار ئەوەیە لە قۆناغی دووەمی شەڕدا، چارەنوسی ئەم هێزانە چی دەبێت؟ شەڕ و ئامانجە دژ بەیەکەکان ئەگەر سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەزیان بۆسەر کۆمەڵێک گروپ و وڵات شکابێتەوە، ئەوا دۆخەکە بۆ روسیا جیاوازترە، بەو پێیەی کردنەوەی دەرگایەکی تری شەڕ فشارەکانی سەری لاوازکرد. لەکاتێکدا روسیا لە ژێر فشارێکی قورسی نێودەوڵەتیدا بوو بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە، بەڵام هەڵگیرسانی شەڕ لە غەززە فشارەکانی سەر ئەو وڵاتەی بە جۆرێک لاوازکرد و رۆژئاواییەکانی بەجۆرێک سەرقاڵکرد، ئێستا داوای ڕاگرتنی شەڕی لێدەکرێت. لەکاتێکدا شەڕی غەززە بەلای بەرژەوەندی روسیادا شکایەوە، تورکیاش هەوڵیدا سود لەو شەڕە ببینێت بۆ فراوانبوونی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەداو بە ڕووخانی رژێمی ئەسەدیش ڕۆڵی لە سوریا پەیدا کرد، بەڵام خەریکە پێیدەخزێنرێتە نێو ئاڵۆزییەکانەوە. هەرچەندە بە هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع لە سوریا هەژموونی تورکیا بەسەر ئەو وڵاتەدا زاڵبوو، بەڵام هێشتا نەیتوانیووە خەونە گەورەکەی بەدی بهێنێت کە لاوازکردن و لە قاڵبدانی هێزەکانی سوریای دیموکراتە. تورکیا دەیویست بە جۆرێک سود لە جەنگی غەززە وەربگرێت، پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ هەسەدە لاوازبکات و حکومەتی نوێی سوریا دژی ئەو هێزە کوردییە بەکاربهێنێت، بەڵام ئێستا خەریکە دۆخەکەی بەسەردا قەڵپ دەکرێتەوە. پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا بۆ هەسەدە بەردەوامن، دەستبردنی حکومەتی سوریا بۆ هێزەکانی هەسەدە دەرفەتی دەستوەردانی زیاتر بە ئیسرائیل لە ناوخۆی سوریا دەدات، ئەمە جگە لەوەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل لە تورکیا زیاتر بووە، بۆیە هەموو ئەمانە مایەی نیگەرانین بۆ تورکیا. بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئیسرائیل ئامانجی ستراتیژی هەیە لە فراوانکردنی شەڕ و دەستبەرداری ئەم ئامانجەی نابێت، ئەمەش لە پێناو ئەوەی بەسەر تەواوی ڕکابەرەکانیدا باڵادەست بێت، بۆیە لەمڕووەوە گوێ بە زیانی مرۆیی و ئابووری نادات.

نووسین: خەبات کوردە دوای ئەوەی دوێنێ ٩ ی سێبتەمبەر ئیسڕائیل دەستی گەیشتە شوێنی کۆبونەوەی ئەندام و سەرکردەکانی حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر ، هەر چەندە بە پێی هەواڵی دەزگا سیخوڕیەکان ، تورکیا بە چەند ساتێک پێش بۆردومانەکە سەرکردەکانی حەماسی ئاگادار کردۆتەوە و شوێنەکەیان بە جێهێشتوە و کەسیان بەرنەکەوتون . ئەو کردە سەربازیەی سوپای ئیسڕائیل یەکەم جارە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی شەڕی ئێران و ئیسڕائیل بەو شێوازە دێت و یەکەم جارەیشە ئیسڕائیل لە ناو دەوڵەتانی کەنداو کاری سەربازی لەو شێوەیە ئەنجام بدات . هەر چەندە هیچ لە سەرکردەکانی حەماس نەکوژران ، بەڵام چالاکیەکە لە ڕووی سەربازیەوە بۆ سوپای ئیسڕائیل بە چالاکیەکی سەرکەوتوو ئەنجام دەدرێ ، چونکە دووری و پێکانی سەد دەر سەدی نیشانەکە و نەبوونی زیانی مەدەنی بۆ ئیسڕائیلیەکان بە سەرکەوتوو هەژمار دەکرێ . بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە ئیسڕائیل زەرەرێکی گەورە دەکات . ئێستا و دوای ئەو چالاکیەی سوپای ئیسڕائیلیەکان ، دەوڵەتانی کەنداو و عێڕاق ئێران و تورکیا بە گشتی ترسیان لە ڕەفتارەکانی ئیسڕائیل نیشتوە وەکو ئەوەی کە لەمەودوا هیچ بەربەست و عورف و عاداتێکی نێو دەوڵەتی نەمابێ کە ڕێگر بێ لە دووبارە بوونەوەی هەر کردەیەکی سەربازی چاوەڕوان کراو لە ناوچەکەدا . هەر چەندە هەندێ لە چاودێران پێیان وایە کە ئیسڕائیل ناتوانێ لە ناو هەر شارێکی تورکیا ئەو کردە سەربازیە ئەنجام بدات ، بەو پێیەی کە هەر دوو لا ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆن ، بەڵام لە ڕابردوو ئەو کردە سەربازیانەش لە نێو دەوڵەتانی ناتۆدا ڕویانداوە و شەڕی یۆنانی و تورکەکانیش نمونەیەکی زەقە و تا ئێستاش ترسی هەڵگیرسانەوەی هەر هەیە . ئیسڕائیل لەو شەڕەیدا کە لە گەڵ حەماس خەریکە دوو ساڵ تەواو دەکات و تا ئێستاش زەرەری چەندین ملیار دۆلاری بەرکەوتووە و ڕێژەی کوژراو و بریندارەکانی چەند هەزارێکی تێپەڕاندوە ، ئەگەر ئەو چەند دیلە ئیسڕائیلەی لای حەماس لە ناو تونێلەکانی شاری غەززە شاردراونەتەوە ، نەبوایا دەمێ بوو بە یەکجاری غەززەی تەخت کرد بوو . ئێستاش ئەو خاوەخاوە و خۆدزینەوەیەیی حەماس دەیکات بۆ ئازاد کردنیان هۆکارە بۆ درێژ بوونەوەی شەڕەکە و برسی بوونی زیاتری خەڵکەکەی کەرتی غەززە و سەبری ئیسڕائیلیەکانی سفر کردۆتەوە و دەیەوێ بەر هەر شێوازێک بێت ، ئەو عینادیەی حەماسیەکان بپچڕێنێ و هەراسانیان بکات تا هەرچی زووە کۆتایی بە ڕوخانی حەماس بهێندرێت و دیل و لاشەی سەربازە مردوەکانی دەستکەوێتەوە . هەر چەندە لە دوێنێوە چەندین سەرکردەی دەوڵەتانی کەنداو و تورکیا و ئێران و عێڕاق و ئوردن ئیدانەی ئەو هێرشەیان کردوە بە سەرکردەکانی هەرێمیشەوە ، بەڵام چاوەڕێ دەکرێ لە داهاتودا ئیسڕائیل و سوپاکەی و دەزگا جاسوسیەکەی بە هۆی پێشکەوتوویی و بونی ساڕوخە کاریگەریەکانیان قەت سڵ لەو هەڕەشانە نەکاتەوە و چی بووێ و لە چ شوێنێک بێت لە ناوچەکە ئەنجامی دەدات و لە هیچیشیان نەترسێ و قەتیش گوێ نەداتە ئیدانەی دەوڵەتانی دونیا .

نووسین: محەممەد ئەمیر وەرگێڕان: یادگار عەلی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٧-٩-٢٠٢٥ حكومه‌تى نيپال – نيپال وڵاتێكى هيمالايايیه‌ له‌نێوان هندستان و چين – بڕيارىدا، كه‌ هه‌موو پلاتفۆرمه‌كانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان ده‌بێت له‌ حكومه‌ت تۆمار بكرێن، ئه‌گينا قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێن، وه‌ك جۆرێك له‌ كۆنترۆڵكردن.  كاتێك ئه‌و پلاتفۆرمانه تۆمار نه‌كران، هه‌موويان داخران. ئه‌م قه‌ده‌غه‌كردنه‌ به‌هۆى ترێندێكى جيهانييه‌وه‌ بوو به‌ناوى منداڵانى نيپۆ (Nepo Babies) كه‌ واتای منداڵانى كه‌سايه‌تييه‌ ناسراو و گشتييه‌كان دەگەیەنێت، كه‌ وێنه‌ى ژيانى شاهانه‌ و سامان و ناز و سه‌فه‌ر و گه‌وره‌يى خۆيان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى منداڵى كه‌سێكى به‌ناوبانگ يان به‌خته‌وه‌رن له‌ ژيانياندا. ئه‌م ترێنده‌ كاريگه‌ریی له‌سه‌ر منداڵانى نیپۆی نيپال هه‌بوو، كه‌ ژيانێكى باش و ئۆتۆمبيل و پاره‌ و شتى تريان هه‌يه‌، له‌ كاتێكدا گه‌نجانى ئاسايى نيپال ڕۆژانه‌ [١٧] سه‌عات كار ده‌كه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر پاره‌يه‌كى كه‌مدا، ئه‌گه‌ر بگره‌ كاريشيان ده‌ستبكه‌وێت. لێره‌دا هاشتاگێك به‌ناوى منداڵانى نيپۆ له‌ نيپال سه‌رى هه‌ڵدا و ڤيديۆكان ده‌ستيان به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ كرد. حكوومه‌تى نيپال بڕيارىدا، كه‌ پلاتفۆرمه‌كانى تۆڕه ‌كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان يان تۆمار بكرێن و نووسينگه‌يان له‌ وڵات هه‌بێت يان دابخرێن. به‌دڵنياييه‌وه‌ گووگڵ و مێتا ڕه‌تيان كرده‌وه‌، بۆيه‌ [٢٦] پلاتفۆرم داخران. بەیانی بۆ ڕۆژی دواتر، نه‌وه‌ى زێد (هه‌ژار) له‌ خه‌و هه‌ڵسان و بينيان پلاتفۆرمه‌كانيان، كه‌ وزه‌ى خۆيان تێدا به‌تاڵ ده‌كرده‌وه‌ و پاره‌يان لێ په‌يدا ده‌كرد له‌ سايه‌ى بێكارىی، كه‌ گه‌يشتبووه‌٢٠%، به‌ ته‌واوى داخران.  ئه‌ى ئێستا چییان بکردایە؟ بێدەنگ بوونایە؟ نەخێر نه‌وه‌ى زێدى هه‌ژار (ڤی پی ئێن) يان كرده‌وه‌ و له‌سه‌ر پلاتفۆرمى ديسكۆرد كۆبوونه‌وه‌ و بڕيارياندا بچنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانى كاتماندوو بۆ ناره‌زايى ده‌ربڕين به‌رامبه‌ر به‌م قه‌ده‌غه‌كردنه‌. منداڵى بچووك به‌ جلى قوتابخانه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام بۆ خۆپيشاندانێكى ئاسايى، كه‌ داواى كردنه‌وه‌ى پلاتفۆرمه‌كانيان ده‌كرد، ئەمانە بەشێک لە دروشمەکانیان بوون (ئێمه‌ لە ژوورەوەین، ئينته‌رنێت، فه‌يسبووكى ئێمه‌ بكه‌نه‌وه‌، بێزار بووين)، به‌ڵام پۆليس به‌ زه‌برى هێز وه‌ڵامى دانه‌وه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ١٩قوتابى ڕاسته‌وخۆ بريندار بوون. لێره‌دا نه‌وه‌ى زێد زۆر تووڕه‌ بوون و ده‌ستيان كرد به‌ لێدان له‌ هه‌موو كه‌سێك.  هێرشيان كرده‌ سه‌ر په‌رله‌مان و وێرانيان كرد، هه‌روه‌ها باڵه‌خانه‌ى سه‌رۆك وه‌زيران و كۆشكى سه‌رۆكايه‌تى و زۆربه‌ى باڵه‌خانه‌ حكومیيه‌كان و باڵه‌خانه‌ى حيزبه‌كان، كه‌ سه‌رۆكى حيزبه‌كان و وه‌زيره‌كانى لێ دەهاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و لێيان درا. ئه‌مه‌ سه‌رۆكوه‌زيران (كی شارما ئۆلی) ی ناچارکرد ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌ و پلاتفۆرمه‌كانيش دووباره‌ کرانەوە. به‌ڵام ئه‌مه‌ هێورى نه‌كرده‌وه‌، چونكه‌ بابه‌ته‌كه‌ پەره‌ى سه‌ند بۆ لێپێچينه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵكاران. پۆليس پاشه‌كشێى كرد و سوپاى نيپال هاته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆى سه‌پاند تا بڕيارى نوێ ده‌رده‌كرێت. له‌ سايه‌ى ئه‌و بۆشاييه‌ سياسييه‌ى، كه‌ لە دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكوه‌زيران دروستبوو، ئێستا گفتوگۆ هه‌يه‌ له‌نێوان نه‌وه‌ى زێد و نوێنه‌رانى حكومه‌ت بۆ گه‌يشتن به‌ ڕێككه‌وتنێك، كه‌ كۆتايى به‌وه‌ى ڕووێداوه‌ بێنێت، به‌ داواكارنامه‌يه‌ك، كه‌ داواى لێپێچينه‌وه‌ له‌ منداڵانى نيپۆ و خێزانه‌كانيان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى ده‌كات. هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌هۆى داخستنى ئينستاگرام، واتساپ و فه‌يسبووكەوە بوون.

ئامادەکردن: هاوڵاتی ئەیلولی ٢٠٢٥ ساتە وەختە هەستیار و ناجێگیرەکەیە لە قۆناغی گواستنەوەی دوای ئەسەد لە سوریا، لەکاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق و تورکیا لە پەیوەندییەکی گرژ و بەردەوام پڕ لە هەڵکشاندان. سەرەڕای ڕێککەوتنێکی ١٠ی ئازار بە ئامانجی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای حکومەتی ئینتقالی سوریا و هەروەها هەوڵە جددیەکەی پاریس، جێبەجێکردنەکەی لەنێوانی دیدگا ناکۆکەکاندا بۆ داهاتووی وڵاتەکە بە تەواوی وەستاوە.  هەسەدە، کە هاوپەیمانییەتێکی پێکهاتە جیاوازەکانە بە سەرکردایەتی کوردەکان و لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، بەردەوامە لە داکۆکیکردن لە سوریای لامەرکەزی. فەرماندە مەزلوم عەبدی لە کۆتاییەکانی مانگی ئابدا ئەم هەڵوێستەی دووپاتکردەوە و هۆشداریدا لەوەی کە دۆخە هەستیار و ناسکەکە کە پەیوەندیی نە شەڕ نە ئاشتییە لەگەڵ دیمەشق، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەتوانێت داڕمێت ئەگەر دانوستانەکان نەتوانن ئۆتۆنۆمییەکی ڕاستەقینە و مانادار بۆ ناوچەکە بەدەستبهێنن. دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، پێداگری لەسەر سیستمێکی مەرکەزی دەکات و دوابەدوای کۆنفڕانسەکانی کەمینەکان بە سپۆنسەری کوردەکان کە داوای فیدراڵییان دەکرد، دانوستانەکانی وەستاند. گرژیەکان لە ٢ی ئەیلولدا پەرەی سەند کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سوریا ڕێگرییان لە بارێکی چەک کرد کە گوایە بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڕۆیشت، ئەمەش بێمتمانەیی و گرژیی لە نێوان هەردوولا زیاتر کرد. بەکارهێنانی زاراوەی "میلیشیا" لەلایەن دیمەشقەوە بۆ وەسفکردنی هەسەدە جەخت لەسەر ڕەتکردنەوەی دەکاتەوە لە شەرعیەتدان بەو گروپە وەک هێزێکی نیشتمانی. لە لایەکی دیکەوە تورکیا هەڵوێستی خۆی توندتر کردووە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست، هۆشداریی دا لە ئەگەری پابەندنەبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕێککەوتنی مانگی ئازار، ئەنقەرە و دیمەشق ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش دەستپێدەکەن. بەرپرسانی تورکیا هەر جۆرە مۆدێلێکی بنەمادار بە ئۆتۆنۆمیی ڕەتدەکەنەوە  و وەک "پلانی دابەشکردنێکی دەمامکدار" ناویدەبەن و بۆ ئەمەش هێزەکانی سوریای دیموکراتیان تۆمەتبار کردووە بە پاشەکشەکردن لە هەوڵەکانی یەکگرتن و دانوستانەکانی ڕێککەوتن.  لەگەڵ ئەوەی کە ئەو تۆمەتبارکردنانەی تورکیا بۆ هەسەدە بە تەواوی بێبنەما و ناڕاستن، بەڵکو ئەوە تورکیا خۆیەتی دەستێوەردان دەکات لە ڕەوتی دانوستانەکان و هاتنە ناوەیەکی خراپی هەبووە بۆ نێو پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق. تەنانەت گفتوگۆکانی پاریس کە بەرهەمدار و نزیک لە ڕێککەوتنی تەواوەتی بوون، بە هاتنە ناوەوە خراپەکەی تورکیا و ئاماژە و فەرمانە تێکدەرانەکانی، هەموو گفتوگۆ و دانوستانەکانی نزیک لە ڕێککەوتنی ڕاگرتن و بەجیی نزیکبوونەوە، دوورکەوتنەوە لە یەکتری ڕەنگڕێژ کرد لە نێوان کوردەکان و دیمەشقدا.  سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانی بەرپرسانی تورکیا بە تایبەتی ئەوەی دوایی دەوڵەت باجچەلی و ڕاپۆرتەکانی دوایی تورکیا هەموویان پێشنیار دەکەن بۆ تواندنەوەیەکی بێدەنگ هێزە چەکدارە ڕاهێنراوەکەی هەسەدە لە نێوا سوپای دیمەشقدا، بەڵام ئیرادە و ستراتیژە ڕوون و بەرجەستەکانی هەسەدە وەڵامێکی نەرێنییە بۆ ئەو داواکارییە لەلایەن هەر کەس و لایەن و دەوڵەتێکەوە بێت. ئەمەش بەرپرسانی تورکیای بە توندی نیگەران کردووە. ڕۆژانە ناوە ناو لە هێڵەکانی تەماسی نێوان هەسەدە و سوپای دیمەشقدا، پێکدادانی پچڕپچڕ هەیە لە نزیک حەلەب و ڕەققە، ترسی دووبارەبوونەوەی ململانێکانی بە شێوەیەکی گەرم و بەردەوام، زیندووکردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەی سوریا بەرەو نەزمێکی سیاسی نوێ دەڕوات، چارەنووسی هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک تاقیکردنەوەیەکی قورس دەمێنێتەوە بۆ توانای وڵاتەکە بۆ ئاشتکردنەوەی ناسنامەی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگاکەی خۆی. جا چ لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوە بێت یان سازان و ڕیککەوتن، دەخاتە بەر سەنگی مەحەک.  مانگەکانی داهاتوو دیاری دەکەن کە ئایا نەخشەڕێگای ڕێککەوتنی مانگی ئازار و دواتریش نەخشەڕێگای گفتوگۆکان ڕێککەوتنەکەی پاریس، دەتوانن بەردەوام ببن و جێبەجێ بکرێن و بە ئاکام بگەن و بە ئەمەش زمانی لۆژیک و ئاوەز دەبێتە زمانی فەرمی دەوڵەت یان بە پێچەوانەوە سەرکوت و سەپاندن و زمانی دژ بە عەقڵ و لۆژیک دەبنە سەنتەر و زاڵ دەبن؟ با بزانین و چاوەڕوان بین. بۆچوونی تۆ وەکو تاکێکی ئاگادار لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکان چییە؟

ئامادەکردن: هاوڵاتی لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت کێشەی ئیسرائیل ئێران وایکردووە ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگ نزیک بێت.  لێدوانی بەرپرسانی هەردوو وڵات ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە دوای جەنگی ١٢ ڕۆژە و وەستانی جەنگەکە، جەنگەکەی بە تەواو نەکراویی هێشتەوە و جەنگێکی تر ماوە و دەبت تەواو بکرێت. چاودێران و شیکەرەوەکانیش بە گشتی پێشبینی ئەوە دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا جەنگە دەستپێبکاتەوە لە نێوان هەروو وڵاتدا.  ڕاپۆرتێکی بەراوردکاریی لەبارەی توانا سەربازیی و جەنگییەکانی هەردوو وڵاتەوە دەخەینە ڕوو. ژمارەی سوپا و هێزی چەکدار ژمارەی سەربازانی سوپای هەردوو وڵات بەم جۆرەیە ئێران: ٦١٠ هەزار سەرباز لەگەڵ ٣٥٠ هەزار هێزەکانی پاراستن، هەروەها ٢٢٠ هەزار هێزەکانی فریاکەوتن و نیمچە سەربازیی.  ئیسرائیل: ١٧٠ هەزار سەرباز و ٤٦٥ هەزار هێزەکانی پاراستن، هەروەها ٣٥ هەزار هێزەکانی فریاکەوتن و نیمچە سەربازیی. لە کاتیکدا جەنگ لەم سەردەمەدا بە پلەی یەکەم و سەرەکیی پشت دەبەستێت بە توانای مووشەک، سیسستەمی بەرگریی، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. واتا تەکنۆلۆژیا و ئاستی پێشکەوتوویی چەکەکان خاڵی یەکلاکەرەوەیە نەوەکو ژمارەی سەرباز. هێزی زەمینی ئێران: ١٩٩٦ تانک، زیاتر لە ٦٥ هەزار زرێپۆش، ٥٨٠ بنکەی گەڕۆکی کاتیۆشا و نزیکەی ٧٧٥ سەکۆی جێگیری تۆپ و کاتیۆشا.  ئیسرائیل: ١٣٧٠ تانک، زیاتر لە ٤٣ هەزار زرێپۆش، ٦٥٠ بنکەی گەڕۆکی کاتیۆشا و نزیکەی ١٥٠ سەکۆی جێگیری تۆپ و کاتیۆشا. هێزی ئاممانی ئێران: بە گشتی ٥٥١ فڕۆکەی هەیە بەم شێوەیە: ١٨٦ فڕۆکەی جەنگیی، ١٠ فڕۆکەی ئەرک و کردەی جەنگیی زۆر تایبەت، ١٠٢ فڕۆکەی ڕاهێنان، ٧ فڕۆکەی گوێزەرەوەی سووتەمەنی و پێداویستی، ١٢٩ هێلیکۆپتەر لەگەڵ ١٣ هێلیکۆپتەری جەنگیی.  ئیسرائیل: بە گشتی ٦١٢ فڕۆکەی هەیە بەم شێوەیە: ٢٤١ فڕۆکەی جەنگیی، ٢٣ فڕۆکەی ئەرک و کردەی جەنگیی زۆر تایبەت، ١٥٥ فڕۆکەی ڕاهێنان، ١٤ فڕۆکەی گوێزەرەوەی سووتەمەنی و پێداویستی، ١٤٦ هێلیکۆپتەر لەگەڵ ٤٨ هێلیکۆپتەری جەنگیی، کە لە فڕۆکەی جەنگی F-35I ""، فڕۆکەی هێرشبەری F-15I "" و فڕۆکەی F-16 ی نوێکراوە، پێکدێت.  ئێران پشت بە جۆرەکانی وەک فانتۆم٤ یان ئێف ٤ F-4 Phantom و MiG-29 و فڕۆکە دەستکاریکراوەکانی ناوخۆی وەک "ساعیق" و "ئەزاڕەخش" دەبەستێت. لە کاتێکدا هێزی ئاسمانی ئێران هێزی ئاسمانی ئیسرائیلی نییە، بەڵام بە تاکتیکی خێار و لەپڕ گۆڕاو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ تا ڕاددەیەک ناهاوسەنگیی کەم دەکاتەوە. هێزی دەریایی ئێران: ٧ کەشتی جەنگیی، ١٩ ژێردەریایی، ٢١ کەشتییە جەنگییە پاسەوانەکانی سنوورە ئاوییەکان. ئیسرائیل: سفر کەشتی جەنگیی، ٥ ژێردەریایی، ٤٥ کەشتییە جەنگییە پاسەوانەکانی سنوورە ئاوییەکان. ئێستا ئەگەر باسی مەودا و توانای مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران بکەین بەم شێوەیەی خوارەوە ئیران: قادر٣٨٠: درێژییەکەی ١٠ مەترە و تا مەودای ١٠٠٠ کیلۆمەتر بڕ دەکات.  شەهاب٣: ١٥ مەترە و مەودای ١٣٠٠ کم دەبڕێت. خێیبەرشکان: ١١ مەتر درێژە و ١٤٥٠ کم دەبڕێت. عیماد: ١٨ مەتر درێژە و ١٧٠٠ کم دەبڕێت خوڕەمشەهر: ١٤ مەتر درێژە و ٢٠٠٠ کم دەبڕێت کە کێشی ٢ تەنە. غادر: ١٦ مەتر درێژە و ٢٠٠٠ کم دەبڕێت سەجیل: ١٩ مەتر درێژە و ٢٠٠٠ کم دەبڕێت ئیسرائیل: جێریکۆ٢:  ١٥ مەتر درێژە و ١٥٠٠ تا ٣٥٠٠ کم دەبڕێت جێریکۆ٣: ١٥ مەتر و نیو درێژە و ٤٨٠٠ تا ٦٥٠٠ کم دەبڕێت شایانی ئاماژە پێدانە، بەشێک لە مووشەکە بالسیتییەکانی ئێران و ئیسرائیلیش توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە.  سیستەمی بەرگری بەرگری ئاسمانی فرە چینی ئیسرائیل بریتییە لە قوبەی ئاسنین Iron Dome (مەودای کورت)، سەقفی داود David’s Sling (مەودای مامناوەند) و Arrow 2/3 (ڕێگری بالیستیکی مەودای دوور). ئەم سیستێمانە لە کاتی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا کاریگەرییان سەلماند، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ئێرانیان لە ئاسمانی تەلئەبیب و حەیفادا گرت هەرچەندە هەندێکیان هەر توانیان سیستمەکان ببڕن. بەرگری ئاسمانی ئێران بریتییە لە سیستەمی باڤار-373 (هاوشێوەی ئێس-300ی ڕوسیا)، خورداد-15 و سیستەمی ڕەعد، کە پێشتر و لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا سیستەمەکانی ئێران کارا نەبوون و فڕۆکە و درۆن و مووشەکە ئسرائیلییەکان توانیان ئامانجەکانی خۆیان بپێکن.  لە توانا و تەکنیک و تەکنۆلۆژیادا ئیسرائیل لە پێش ئێرانەوەیە و بەهێزترە بەڵام هێشتا ئەگەری چاوەڕواننەکراو دەشێت بەشیک بن لە گەمەکە و جەنگەکە هەروا ئاسان نەبێت. بەگوێرەی بۆچوونی چاودێران و هەروەکو لە جەنگی ١٢ ڕۆژەشدا بەدیکرا، زاڵبوون بەسەر جەنگەکەدا کارێکی ئاسان نییە و دیاریکردنی ئاڕاستەی ڕووداوەکان و جەنگەکەش بەشێک دەبن لەو ناڕوونییەی کە دەبیت هەڵیان بگرین بۆ داهاتوو و ئایندە وەڵامیان بداتەوە. 

سەرچاوە: میدیای پەنجەرە لە گۆشەیەکی ونبووی مێژوودا و لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان، چیرۆکی توانه‌وه‌ى میلله‌تێك هه‌ڵگیراوه‌ کە بە "چەرکەس" ناسراون. گەلێک کە ژمارەیەکی بەرچاویان نیشتەجێی ئەم ناوچانەن، بەڵام چووه‌تە قۆناغی توانەوە لەنێو کورد و عەرەبدا. د. ئەحمەد کەتاو، سەرۆکی ڕێکخراوی نیشتمانی هەمەجۆر و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی چەرکەس له‌ عێراق، ڕووناکی دەخاتە سەر چیرۆكى ئه‌و میلله‌ته‌ى كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌سه‌ر هۆز و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا دابه‌شبوون. چەترێکی فراوان: چیچانی، داغستانی و ئەدیغە چه‌ركه‌سه‌كان گه‌لێكى ڕه‌سه‌نی قه‌وقازیین، مێژوویه‌كى دوورودرێژیان له‌ناوچه‌ى قه‌وقازدا هه‌یه‌. قه‌وقاز ناوچه‌یه‌كە ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئاسیا و ئه‌وروپاوه‌، له‌نێوان هه‌ردوو ده‌ریای ڕه‌ش و قه‌زوین دا. به‌هۆكارى شه‌ڕ و كۆچپێكردن، به‌ زۆر وڵاتى ئاسیا و عه‌ره‌بییدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌: سوریا، ئه‌رده‌ن، میسر، لوبنان و به‌شێكیشیان له‌ عێراق و كوردستان گیرساونه‌ته‌وه‌. ناوی چەرکەس تەنها بۆ یەک نەتەوە نییە، بەڵکو وەک چەترێکی فراوان چیچانی، داغستانی و ئەدیغە لەخۆدەگرێت. ئەم گەلە، لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەمەوە، بەشێکیان کۆچی بەکۆمەڵیان بۆ سنورەکانی دەسەڵاتی عوسمانی ئەنجامداوە و لە عێراق، ئەردەن و سوریا نیشتەجێکراون. بەپێی وتەی دکتۆر کەتاو، ئەم کۆچە بە سێ قۆناغی سەرەکی ئەنجامدراوە. سەدەیەک لە شەڕ و جینۆساید: قۆناغی یەکەمی کۆچ قۆناغی یەکەمی کۆچ، لە ساڵی 1761 دەستیپێکردووە، کاتێک شەڕێکی خوێناوی لەنێوان قەوقاز و ڕوسیای قەیسەری هەڵگیرساوە. دکتۆر کەتاو بە ئازارەوە دەڵێت: "شەڕەکە 100 ساڵی خایاند، دواجار ڕوسیا هەموو ناوچەی قەوقازی کۆنترۆڵ کرد و 8 وڵاتی لەژێر چەتری یەکێتی سۆڤیەت کۆکردەوە."  بەڵام دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکە، ڕووداوێکی کارەساتبار ڕوویدا کە ئەویش "جینۆساید" بوو، ئەمەش ناچاری کردن کۆچی بەکۆمەڵ ئەنجام بدەن و نیشتمانی ڕەسەنی خۆیان جێبهێڵن. هاوئاینی: هۆکاری دابەشبوون و قۆناغی دووەمی کۆچ هاوئاینی، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ قۆناغی دووەمی کۆچی چەرکەسەکان. ئەوان لەژێر دەسەڵاتی ڕوسیاوە بەرەو دەسەڵاتی عوسمانییەکان کۆچیان کرد، کە ئاینی هاوبەشی ئیسلام کۆیکردبوونەوە. عوسمانییەکانیش چەرکەسییەکانیان بەسەر عێراق، سوریا و ئەردەن و لوبناندا دابەش کرد، وەک بڵاوبوونەوەی تۆوێک لە خاکێکی نوێدا. سێ برا و نەوەکانیان: چەرکەسەکانی هەرێمی کوردستان هەرچەندە سنورەکان وەک ئێستا دیار نەبوون، بەڵام 300 ساڵ لەمەوبەر سێ برای چەرکەس ڕوویان لە خاکی ئێستای هەرێمی کوردستان کردووە. د. کەتاو دەڵێت: "براكان ڕەنگە بەهۆی کێشەوە ڕوویان لە ئێرە کردبێت. ئێستا چەرکەسییەکانی هەرێم، نەوەی ئەوانن."  ئه‌و باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ دواى هاتنیان، تێكه‌ڵ به‌ كورد بوونه‌ و له‌نێویدا تواونه‌ته‌وه‌. ده‌ڵێت: "چوچانییەکانی سلێمانیش چیچانی و چەرکەسن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە چەرکەسییەکانی پارێزگای دیالە، نازناوی خۆیان بۆ 'عەزاوی' گۆڕیووە." "چهار کەس" یان "شەڕکەس"؟ چەند ڕایه‌ك بۆ ناوی چەرکەس هەیە کە وەک چەترێک بۆ چیچانی، داغستانی و ئەدیغە بەکاردێت. هەندێک پێیانوایە ناوەکە لە "چهار (چوار) کەس"ـەوە هاتووە، لەکاتێکدا هەندێکی تر پێیانوایە "شەڕکەس"ـە و لە وشەی "شەڕکەر"ەوە وەرگیراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوێری و قارەمانێتییان لە مێژوودا. د. کەتاو، خۆی پەیوەندی خێزانی لەگەڵ چیچان و قەوقازدا هەیە و سەردانی کەسوکاری کردووە، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی بە ڕەچەڵەک و مێژووی گەلەکەیەتی. نکوڵییکردن لە جینۆساید: ئازارێکی بێ کۆتایی سەبارەت بە دیدارەکانی لەگەڵ باڵیۆز و بەرپرسانی ڕوسیا، د. ئەحمەد کەتاو بە ئاشکرا دەڵێت: "لە دوای ساڵی 2003ـه‌وه‌، پەیوەندیم لەگەڵ بەرپرسانی ڕوسیا هەیە، بەڵام وەکچۆن تورکیا نکۆڵی لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەکەن، ڕوسیاش دان بە جینۆسایدی چەرکەسەکاندا نانێت." چیرۆکی چەرکەسەکان، له‌لایه‌ك چیرۆکی ئازار و جینۆسایده‌، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ به‌سه‌رهاتى میلله‌تێكه‌ كه‌ له‌نێو كو‌لتووره‌ جیاوازه‌كاندا تواوه‌ته‌وه‌ و شوێنه‌واری نه‌ماوه‌.

ئامادەکردن: هاوڵاتی ململانێی ناوخۆیی و کێشە بەردەوامەکان لە سوریا، دیمەنێکی ئەمنی ناجێگیریی دروستکردووە. دوو هێزی سەربازیی سەرەکیی و باڵادەست لە بەرامبەر یەکتریدا وەستاون، ئەوانیش بریتین لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبی سوریا بە سەرۆکایەتی دیمەشق.  لە کاتێکدا هەسەدە سەرقاڵی پاراستنی خاک و خەڵکی ناوچەکانی سنوری دەسەڵاتی خۆی و دیدگا و ئامانجە سیاسییەکانییەتی، بەشێک لە چاودێران و شیکەرەوەکان پێکدادانی نێوان ئەم دوو هێزە، هەسەدە و سوپای عەرەبی سوریا، بە ئەگەرێکی نزیک دادەنێن.  هەسەدە، بە مێژوویەکی درەوشاوەی ١٤ ساڵییەوە لە ڕێزگرتن لە مۆزایکی پێکهاتە کۆمەڵایەتیی و نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی کۆمەڵگای سوریاوە، لەلایەک، سوپای عەرەبی سوریاش بە تەمەنێکی کەمتر لە ساڵێک بە مێژوویەکی ڕەشی دوو کۆمەڵکوژییەوە دژ بە هەردوو پێکهاتەی عەلەویی و دروزییەکان، لەلایەکی تر.  هەسەدە، بە بیر و ئایدیایەکی مرۆڤانە و پێشکەوتنخوازانە کە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و هەروەها تەواوی پێکهاتە جیاوازەکان، هاوشانی یەکدی تانوپۆی هێزەکانیان چنیوە لە بەرامبەریشدا سوپای سوریا بە ئایدیۆلۆژیایەکی نەتەوەیی شۆڤێنی و ئاینیی توندڕەوانە لەگەڵ میلیشیا چەکدارە دینییە توندڕەوەکانی هاوپەیمانی کە پێکڕا دژ بە سەرەتاییترین مافەکانی گەلان و ئازادیی و دیموکراسیی و مافی مرۆڤن.   لەم ڕاپۆرتەدا بەرواردێکی خێرا دەخەینە ڕوو لەبارەی توانا سەربازییەکانی هەردوولاوە لەڕووی ژمارە و ڕێکخراویی هێزەکانیان و جۆری چەک و ئاستی توانا و پێشکەوتووییەکەیان.  هەسەدە کە هاوپەیمانییەکە بە پلەی یەکەم لە چەکدارانی کورد، عەرەب و ئاشووری پێکهاتووە، لە سەرەتای شۆڕشی خەڵکی سوریاوە دژ بە ڕژێمەکەی ئەسەد سەریهەڵدا دواتر وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعشدا دەرکەوت.  هێزی مەزەندەکراوی هەسەدە بەنزیکەیی ١٠٠ هەزار جەنگاوەر دەبێت، بەشێکی بەرچاویان لە شەڕی گەریلا و شەڕی شارەکاندا بە باشی ڕاهێنراون. توانا و هێزی سەربازیی هەسەدە لە چەکی قورسدا نییە بەڵکو لە جووڵە و تۆڕە هەواڵگرییەکان و چەکی سووک و ئۆتۆمبێل و تۆپخانەی سنوورداردایە کە لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت. هەروەها ئەم گرووپە پارێزگاری لە "یەکینەکانی پاراستنی ژنان" (یەپەژە) دەکات، کە بوونەتە هێمای بەرخۆدان و بەرپاکردنی یەکسانی جێندەری لە ململانێکانی سوریادا. سەرەڕای دیسیپلین و یەکگرتوویی، هێزی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو، زرێپۆشی قورس و تۆپخانەی بەرفراوانی نییە، هەرچەندە دەگترێت کە لەم دواییانەدا هەندێک مووشەکی دژە تانک و دژە فڕۆکەی لەلایەن ئەمریکاوە پێدراوە. لەبەرامبەردا دیمەشق، فەرماندەیی سوپای عەرەبی سوریا دەکات، کە لە پێش جەنگەوە سوپای فەرمی دەوڵەتی سوریا بووە. هەرچەندە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەشێکی گەورەی سوپا وازیهێناوە و زیانێکی زۆر بەر چەک و توانا سەربازییەکانی کەوتووە و سوپاکە زۆر لاواز بووە، بەڵام هێشتا بە پشتیوانیی بەرچاوی ڕووسیا و ئێران و حیزبوڵڵا خۆی پێکهێنایەوە. خەمڵاندنەکانی ئێستا دەڵێن ژمارەی سەرباز و ئەفسەرانی سوپا دەگاتە نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس، بە میلیشیا و هێزە چەکدارە ناوخۆییەکانیشەوە.  سوپای عەرەبی سوریا، خاوەنی کۆمەڵێک چەکی ئاساییە، لەوانە تانکی سەردەمی سۆڤیەت، موشەکی بالیستی، تۆپخانە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی دابینکراو لەلایەن ڕووسیاوە. هەسەدە، هاوبەشییەکەی لەگەڵ ئەمریکا و دانپێدانانی سیاسی ڕۆژئاوا هیزێکی گەورەیە بۆی و تا ڕاددەیەک گەرەنتی هاوکاریی و پاراستن و مانەوەیەتی. بەڵام لە بەرامبەر سوپای عەرەبی سوریا لە هاوکاریی چەکدارە میلیشیاییە دروستکراوەکانی تورکیا بەهرەمەندە و هاوکات یارمەتییە سنووردارەکانی ڕووسیا و هەروەها پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆکانی هەندێک لە دەوڵەتەکانی کەنداو. لە کۆتاییدا، هەسەدە نوێنەرایەتی هێزێکی ڕێکخراو و بە دیسپلین و بەتوانا دەکات هەروەها خاوەنی دۆزێکی ڕەوا و پرەنسیپەکانی دڵسۆزیی و گیانفیداییە و بەڵام لە هەمان کاتدا لە ڕووی چەک و توانای بەرگریی ئاسمانییەوە سنوردارە، کە پشت بە هاوپەیمانەکانی دەبەستێت. لە کاتێکدا دیمەشق سوپایەکی گەورەتر و چەکی قورستری هەیە، بەڵام هێشتا بە دەست نائارامیی ئەمنییەوە لە چەندین ناوچەی سنوری دەسەڵاتیدا دەناڵێنیت.  ناهاوسەنگی سەربازیی جەخت لەسەر هەستیاریی و ناسکیی داهاتووی سوریا دەکاتەوە، کە ڕەنگە گفتوگۆ و دانپێدانان بە مافەکانی یەکتریدا و ڕێگای یەکلاییکردنەوەی سیاسی نەک باڵادەستی سەنگەرەکان و ڕێگای چەک و سەربازیی، تاکە ڕێگا بێت بۆ سەقامگیری بەردەوام.

ئامادەکردن: هاوڵاتی لە ماوەی نزیکەی دوو دەیەی ڕابردووەوە، سعودیە وەک یەکێک لە کاریگەرترین دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێواش هێواش دەرکەوتووە و هەم وەک زلهێزێکی ناوچەیی و هەم وەک دەوڵەتێک کە چاوی لەسەر هەژموونێکی فراوانترە لە ناوچەکەدا و پێگەی خۆی بەرجەستە کردووە و سەلماندووە. ستراتیژە جیۆپۆلەتیکییەکان و گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و کرانەوەی سیاسیی و هاوسەنگیی هێز لە سەرانسەری ناوچەکەدا، نەخشە و دیزاینی ناوچەکە  دادەڕێژنەوە و لە قاڵب دەدەنەوە. تایبەتمەندییەکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ڕیاز، هەماهەنگیی وورد و بەرچاو بووە لەگەڵ ئیسرائیل. سەرەڕای نەبوونی پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمی تا ئەم دواییانە، سعودیە و ئیسرائیل هەڵوێستیان هاوتەریب بووە بەرامبەر بە ئێران، کە هەردووکیان بە هێزێکی دادەنێن کە هۆکاری ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا و لە چەندین وڵاتی ناوچەکە هێزی چەکداریی ئایدیۆلۆژییی روستکردووە. هەروەها ئێران هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە لەسەریان بەهۆی مووشەکە بەهێز و دوورهاوێژەکانییەوە و هەوڵەکانییەوە بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ناوکیی. لەلایەکی ترەوە، تورکیا هەیە کە هەوڵی باڵادەستبوون و سەپاندنی هەژموونی خۆی دەدات و ئەمەش ئاڵنگارییەکی دیکەی بەردەمی سعودیەیە کە لە ململانێیەکی هەندێک جار شاراوە و هەندێکجار ئاشکرا و ڕاستەوخۆدایە لەگەڵیدا. بە تایبەت لەو شوێنانەدا کە تورکیا و ئیسرائیل ناکۆکیی قووڵ دەکەوێتە نێوانیان، سعودیە ئامادەیە و هەماهەنگیی تەواوی لەگەڵ سیاسەت و هەڵوێستەکانی ئیسرائیل هەیە.  سعودیە تەنها وڵاتی بەهێزی ناوچەکەیە لە مێژوویەکی زیاتر لە چەند دەیەوە هیچ ناکۆکییەکی دیار و بەرچاوی نەبووە لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ئەمەش سروشت و تایبەتمەندییەکی پڕاگماتیکی بە سیاسەت و دیپلۆماسییەتی سعودیە بەخشیوە. هەروەها لەڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، بە نزیکەیی هاوسنووری زۆربەی ووڵاتانی ڕۆژهەڵتی ناوەڕاستە.  خاڵە بەهێزەکانی شانشینی عەرەبی سعودیی تەنها لە پێگەی جیۆپۆلەتیکیدا نامێنێتەوە بەڵکو لە پلان و دەسەڵاتە ئابوورییەکەشیدایە. پلانی چاکسازیی و دیدگای ٢٠٣٠ ی شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان، سعودیە دەستیکردووە بە هەمەچەشنکردنێکی بەرفراوان لە ئابوورییەکەیدا. وڵاتەکە بە دوورکەوتنەوە لە پشتبەستنی تەواوەتی و زۆری بە نەوت، وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریی، تەکنەلۆژیا، وزەی نوێبووەوە، و پڕۆژە گەورەکانی وەک NEOM، شارێکی زیرەکی ئایندەیی دەکات. ئەم کارنامە بەهێزە بە ئامانجی ڕاکێشانی کۆمپنیاکانی وەبەرهێنانی بیانییە بۆ سعودیە تا وەکو ببێتە ناوەندێک بۆ بازرگانی جیهانیی لە کەنداودا هاوشانی ئیمارات. کە بێگومان بە جێبەجێکردن و سەرکەوتنی پلانەکەی بگرە لەو ململانێیەشدا پێش ئیمارات دەکەوێت بە هۆکاری فراوانی ڕووبەری وڵاتەکە و ئابوورییە بەهێزەکەیەوە.  بە هەمان شێوە گرنگە وردە وردە کردنەوەی کۆمەڵگای سعودییە. کاتێک بە کۆتوبەند و سنووردارکردنێکی توندی کۆمەڵایەتی و ئایینی ناسرابوو، شانشینییەکە یاساکانی تایبەت بە جیاکاری ڕەگەزی سووک کردووە، ڕێگەی بە ژنان داوە لە کەرتە جیاوازەکاندا دەربکەون و کار بکەن و ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت، هەروەها فەزای دەربڕین و ئازادیی کولتووریی فراوانتر کردووە لە ڕێگەی کۆنسێرت و وەرزش و چالاکیی و بۆنەکانی کات بەسەربردنەوە. هەروەها لە ڕێگای کۆمەڵێک یاسا و بڕیارەوە وایکردووە گوتاری ئایینییش نەرمتر بێت، ئەمەش بە هەڵمەتێکی بەرفراوان بە سەرکردایەتیی دەوڵەت لە دژی توندڕەویی ئاینیی و جەختکردنەوە لەسەر لێکدانەوەیەکی میانڕەوتر بۆ ئیسلام. ئەم چاکسازییانە، هەرچەندە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی نزیکی دەوڵەتدان، بەڵام وێنەیەکی کراوەتر و پڕۆسەیەک لە مۆدێرنیزاسیۆن دەخەنە ڕوو کە هێزی نەرمی یان سۆفت پاوەری شانشینییەکە بەهێزتر دەکات. لە ڕووی ستراتیژییەوە سعودیە کاردەکات بۆ هاوسەنگکردنی ڕۆڵی دوولایەنەی خۆی. لەلایەکەوە پارێزەری بەها نەریتیی و ڕەسەنەکان و لەلایەکی ترەوە دەرکەوتنی وەکو هێزێکی پێشکەوتووخواز و مۆدێرن و سەردەمییانە کە دەیەوێت ئەمانە بکاتە دەستمایەی سەرمایەیەکی بەهێزی ڕەمزیی بۆ ململانێ ناوچەیی و جیهانییەکانی. یەدەگی دارایی بەهێز و خەرجییە سەربازییەکان و پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی و سەرکردایەتیکردنی جیهانی عەرەبی، کاریگەریی و ڕۆڵێکی بەهێز بە ڕیاز دەبەخشن لە داڕشتنی ئاڕاستەی گۆڕانکاریی و داینامیکییەتی ناوچەییدا.  بەڵام سەرباری ئەم خاڵە گەش و بەهێزانە لەسەر ڕێگای هەژموونگەرایی خۆی لە ناوچەکەدا، هێشتا لەبەردەم ئاڵنگارییە قورسەکان و کێبڕکێ بەهێزەکاندایە، چونکە ئێران و تورکیا لەمپەری ئاسان نین لەبەردەمیدا و هەروەها گۆڕانی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەبەردەوامیی کە ئەمانەش ئاماژەن بۆ ئەوەی گەیشتنی سعودیە بە خواست و ئامانجەکانی ئاسان و بێ سەرئێشە و بە ڕێگایەکی تەخت و کورت نابێت. وێنەکە تاڕاددەیەک بەم شێوەیەیە، لە نەزمی پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سعودیە لە گۆڕەپانێکدا وەستاوە، بەشێوەیەکی جەختکەرەوە، دەوڵەمەند و بە بیری چاکسازییەوە، هەوڵدەدات سەرکردایەتیی ناوچەکە بکات و لە هەمان کاتدا لە بەڕێوەبردنی ڕکابەریی و هاوپەیمانییەکاندا سەرکەوتوو بێت کە بتوانێت هەژموونی فراوان و کاریگەرییە بەهێزەکانی داهاتووی خۆی دیاری بکات.

ھیوا سەید سەلیم شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان لە دەستپێکیەوە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت لەژێر ھەڕەشەی دەوڵەتی تورکیا دابووە، تورکیا بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و ڕێگڕی لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونێکی دیکەی کوردستانی ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک ھێرش و ئۆپراسیۆنی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. تا ئێستاشی لەگەل دابێت ناوچەکانی (عەفرین و سەرێ کانیێ و گرێ سپی)، وە تەنانەت چەند ناوچەیەکی دیکەی سوریاش لەژێر داگیرکاری سوپای تورکیا ماونەتەوە. ھاوکات لەگەڵ ڕوخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی دیسێمبەری 2024، جارێکی دیکە سوپای تورکیا ئەو بارودۆخە دەقۆزێتەوە بۆ پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستان، ماوەی شەست ڕۆژ ھێرشی چڕوپڕی کردە سەر پردی (قەرەقۆزاغ و بەنداوی تشرین) ، لەو ھیرشەدا کە گرووپە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا بە ھاوکاری بۆردومانی فڕۆکە و درۆنی تورکی و تۆپە دوورھاوێژەکان بەکاردەھێندران ھێرشەکان بە بەرخۆدانی شەڕڤانان تێکشکێندران.  شایانی باسە، دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان دەبوو کۆتایی بە ھەڕەشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بھێنێت، بەڵام چونکە دۆخی ڕۆژئاوا گرێدراوە بە خودی پرۆسەکە بە دیوەی ئەرێنی و نەرێنیەکەی ئەویان تا ئێستا نەکراوە، بگرە ھەر کاتێک ئاستەنگ بۆ پڕۆسەکە درووست دەبێت بەرپرسانی تورکیا ھەڕەشەکانیان بۆ سەر ڕۆژئاوا چڕتر دەکەنەوە. پرسی چەکدانانی ھێزەکانی ھەسەدە یەکێک لەو دوایانەیە کە ھەمیشە تورکیا پێداگری لەسەر دەکات، دوایین جاریش دەوڵەت باخچەلی کە بە ئەندازیاری دواین پڕۆسەی ئاشتی (تورکیا- کورد) ناوی دێت لەم چەند ڕۆژە بە زمانی پڕ لەھەڕەشە دوای چەکدانانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە)ی کرد. جێگای ئاماژەیە لە دەستپێکی پڕۆسەکەدا لە ئاستی کوردستانیش نیگەرانیەک ھەبوو بەوەی ئەگەر پرسی خۆھەڵەوەشاندنەوەی پەکەکە باڵ بکێشێت بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەسەدەش، بەڵام ئۆجالان لە دیدارێکدا لەگەڵ عومەر ئۆجالان لە ئیمرالیەوە ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بەو پرسە گەیاندە ڕای گشتی، کە پێڤاژۆی ئاشتی لەسەر حسابی رۆژئاوای کوردستان و ھێزەکانی ھەسەدە نابێت، بگرە ئەم پرسە ھێز بە ھەسەدە دەبەخشێت، لەم چەند ڕۆژەش پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمرالی ڕوونتر ھەڵوێستی ئۆجالانی بۆ ڕای گشتی باسکرد بەوەی کاتێک ئۆجالان لای ئەوان گووتویەتی بە بەرپرسانی تورکیای گوتووە: " رۆژئاوای کوردستان بۆ من ھێڵی سوور" شایانی باسە، نیگەرانی بەرپرسانی تورکیا لەوەیە ڕۆژئاوای کوردستان بە گشتی و ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) لە لایەن ئەمەریکا و ھاوپەیمانان پشتیوانی ماددی و مەعنەوی و سەربازی دەکرێن، تا ئێستا فشارەکانی تورکیا و ھەماھەنگی تورکیا و ئیدارەی ئەحمەد شەرع نەیتوانیوە ھێڵە سوورەکەی ئۆجالان لە ڕۆژئاوی کوردستان ببەزێنن. تازە پڕۆسەی ئاشتی لە قۆناغی دەسپێک دابوو لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەکان باس لە ئایندەی ھێزەکانی (ھەسەدە و پەژەک) دەکرا، بەشدابووێکی کۆبوونەوەکە لە دڵسۆزی خۆیەوە دەیگووت: " من پەرۆشی ئەوەمە ئەو پڕۆسەیە لەسەر حسابی ئەو دوو ھێزە بێت" بەڵام ئەو بەرپرسەی کەنەکە کە کۆبوونەوەکەی بەڕیوە دەبرد ئەوسا  بە باوەڕیەکی زۆرەوە ئەو قسەیەی (ئۆجالان)ی درکاند کاتێک گووتی: " پڕۆسەی ئاشتی نەک لەسەر حسابی پەژەک و ھەسەدە نابێ بگرە ھێز بەو دوو ھێزە دەدات" بۆیە ھەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن کە کوردستانیان نیگەرانی ڕۆژئاوا نەبن، چونکە ئۆجالان ڕێگا بە بەزاندنی ئەو خەتە سوورە نادات.

نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ هەرێمی کوردستانی عێراق کە زۆرجار وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ دیموکراسی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە گێژاودا ناوی دەهینرێت، ڕووبەڕووی ڕەخنەی جدی دەبێتەوە لە پرسی مامەڵەکردندا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان.  لە پشتی پێشکەوتنی ڕواڵەتییانەی ڕێگاوبان و باڵاخانەکان و گەشەی ئابوورییەوە واقیعێکی تاریک هەیە کە بە تیرۆرکردن و تۆقاندن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران ڕەنگڕێژکراوە. لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ڕووداوەکانی تیرۆرکردن، هەڕەشە بەردەوامەکان و دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەوان و میدایاکاران، کاریگەریی هەمەلایەنی لەسەر ئەو پیشەیە و هەروەها تاریک کردنی وێنەی هەرێمی کوردستان لە پرسی ئازادیی ڕاگەیاندندا هەبووە. ئەم پێشێلکردنە توند و بەردەوامەی کاری ڕاگەیاندن و شکۆ و ڕێزی ڕاگەیاندنکاران، جگە لەوەی کە نەتوانراوە سنوورێکی بۆ دابنرێت و کۆتایی پێبهێنرێت هەروەها ئاماژەکانی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی ئەو بوارە لەلایەن دەزگا دەوڵەتیەکانی هەرێمەوە هەستی پێدەکرێت.  هاوکات لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون، زۆرجار بە بێ تۆمەتی ڕوون، بە بیانووی “مەترسی خستنە سەر ئاسایشی نەتەوەیی” یان “بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست” لە کاتێکدا هەروەکو هەندێک لە یاساناسان و مافپەروەران دەڵێن ئەم تۆمەتانە ئامرازێکی ناڕوونن کە تەنها بۆ بیدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران بەکاردەهێنرێن.  لە ناوەندی پرسەکەدا لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکانن کە بۆ کۆنترۆڵکردنی بە زەبر و هەندێجار توندوتیژانەی کایەی ڕۆژنامەنووسیی و بواری ڕاگەیاندن کار دەکەن. دەزگا میدیاییە سەربەخۆکان سەرەڕای هەڕەشەی توندوتیژیی و دەستگیرکردن، هەروەها ڕووبەڕووی فشاری دارایی و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی و هەراسانکردنی سیستماتیکی دەبنەوە.  سەرەڕای ئەوەی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسیی و میدیایی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە و لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەزگای قەزایی پێویستە پابەند بن پێوەی، بەڵام وەکو هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان لە چەندین بۆنەی جیاوازدا ڕایانگەیاندووە کە پڕۆژە یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی هێندەی لە یاسایەکی مردوو و تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز دەچێت هێندە لە پڕۆژەیەکی یاسایی بۆ دابینکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و ڕێز و شکۆ ڕاگرتنی کاری ڕۆژنامەنووسیی ناچێت.  ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لێکۆڵینەوە لە گەندەڵیی یان خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەکەن، زۆرجار خۆیان دەکرێنە ئامانج و لە چەندین لایەنی جیاوازەوە فشاریان لێدەکرێت. ڕەخنەگران دەڵێن ئەمە ژینگەیەکی پڕ لە سانسۆر و فشارە بۆ میدیاکاران و لە دەرئەنجامدا دەزگای میدیایی و میدیاکاری خۆسانسۆرکار بەرهەم دەهینێت. ئەمەش کاری ڕۆژنامەگەریی و بواری ڕاگەیاندن لە مانا و ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی بەتاڵدەکاتەوە. لەلایەکی ترەوە بەرپرسان و دەسەڵاتداران بەرگری لە سیاسەتەکانیان دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەندێک ڕۆژنامەنووس سنووری ئاکاریی و یاسایی تێدەپەڕێنن، هەندێکجار دەبنە سەرچاوەی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و دەبنە هاندەری نائارامیی، هەروەها هەندێک جار ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە هەندێک لە ڕۆژنامنووسان کار لەگەڵ ئەجێندای بیانی دەکەن. ئەوان دەڵێن ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەبێت لەگەڵ ئاسایش و سەقامگیری نیشتمانیدا کۆک و هاوتەریب بێت، بەتایبەتی لە ناوچەیەکدا کە هێشتا ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی تیرۆر و ململانێ ناوچەییەکان دەبێتەوە. لایەنگرانی حکومەت و دەسەڵاتداران، دەستگیرکردنەکان نەک وەک سەرکوتکردن، بەڵکو وەک ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی ئارامیی کۆمەڵگا و ڕێکوپێکیی و نەزم و دیسپلین دادەنێن. چاودێرانی نێودەوڵەتی وەک پەیامنێرانی بێ سنوور و هیومان ڕایتس وۆچ، چەندین جار هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە و ڕەخنەیان ئاڕاستەکردووە لە بواری پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی کاری ڕۆژنامنووسییدا لەبەرئەوە لە تاقیکردنەوەی پێوەرەکانی ئازادیی ڕۆژنامەوانیدا نمرەی نزمیان بۆ دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان داناوە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و فشارەکان و کۆتوبەندەکانی سەر ئازادیی ڕاگەیاندن بەردەوام بن و بەدواداچوونی یاسایی لەبارەیانەوە نەکرێت و ئەنجامی بەرجەستە و ڕاستەقینەیان نەبێت و بێ سزا بمێننەوە و دەستگیرکردنەکان بەبێ ڕێوشوێنی پێویست بەردەوام بن، ئەوا هەرێم مەترسی لەناوبردن و تێکدانی تەواوەتی ناوبانگی خۆی وەک مۆدێلێکی دیموکراسی لە عێراقدا هەیە. ئەو پرسە ململانێیەکی قووڵ لە نێوان بەڵێنە گەورە و ڕواڵەتییەکانی دیموکراسی و پێکهاتەی دەسەڵاتی حزبایەتیی و تەنانەت دەسەڵاتی بنەماڵەکانیش لە ناو حزبەکاندا ئاشکرا دەکات. بۆ بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی کورد، ڕاگەیاندن و ڕووماڵکردنی هەواڵە هەستیار و گرنگەکان و ڕاستییەکانی هەندێ بوار، بووەتە پیشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ژیانیان. دۆخی نالەباری ئەوان تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاڵنگارییە گەورەیەی لە بەردەم هەرێمی کوردستانە: ئایا بەڕاستی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە باوەش دەگرێت و قبوڵی دەکات، یان بەردەوام دەبێت لەو ڕێگایەی خۆی کە بێدەنگکردنی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران و ڕاستییەکانە لە گۆشەیەکی تاریکدا؟

نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای (SCO) لە دوو دەیەی ڕابردوودا وەک یەکێک لە کاریگەرترین بلۆکە ناوچەییەکان لە ئۆراسیا دەرکەوتووە، کە نوێنەرایەتی سەکۆیەک و بەشێکی گەورە و گرنگی جیهان دەکات بۆ هاوکاری سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە نێوان ئەندامەکانیدا.  ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگهای لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠١ لە شەنگەهای لەلایەن چین، ڕووسیا، کازاخستان، قرقیزستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان دامەزراوە، سەرەتا هەوڵیدا چارەسەری کێشە سنوورییەکان، تیرۆر و تەحەددیاتی ئەمنی ناوچەیی بکات. بەدرێژایی ساڵان، مەودای ئەو ڕێکخراوە فراوانتر بووە و ئەمڕۆش ڕێکخراوەکە هیندستان، پاکستان و ئێران لەخۆدەگرێت، لەگەڵ زۆرێک لە دەوڵەتانی دیکە- وەک تورکیا و هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- ئارەزووی خۆیان بۆ هاوبەشییەکی نزیکتر دەربڕیوە. لە ناوەڕۆکی خۆیدا، ڕێکخراوی هارکاریی شەنگهای SCO سێ ئامانجی ڕاگەیەندراوی هەیە: دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، پێشخستنی هاوکاری ئابووری، و بەهێزکردنی متمانەی سیاسی لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکەدا. ئەم گرووپە لە کاتێکدا سەریهەڵدا کە باڵادەستی یەک جەمسەری ئەمریکا خەریکی داڕشتنی سیاسەتی جیهانی بوو. ڕووسیا و چین، وەکو دوو زلهێزی سەرەکی ناو ڕێکخراوەکە، لە ڕێکخراوەکەدا دەرفەتێکیان بینی بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانییەک کە توانای هاوسەنگکردنی کاریگەرییەکانی ڕۆژئاوای هەبێت و لە هەمان کاتدا نەزمێکی نێودەوڵەتی فرە جەمسەری بەرەوپێش ببات. لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەندامانی ڕێکخراوەکە نوێنەرایەتی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان دەکەن و باڵادەستیی بەسەر سەرچاوە سروشتییە بێئەندازە زۆر و گرنگەکانەوە دەکەن، لەوانەش نەوت، گاز و کانزا دەگمەنەکان.  دەستپێشخەرییەکانی ڕێگاوبانی چین زەمینەیەکی بەپیتی لەناو ڕێکخراوەکە دەستەبەر کرد، وەبەرهێنانی لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووری، هێڵی ئاسن، بۆری وزەی نەوت و گازی سروشتی و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵیدا پەرەپێداوە.  لە بەرامبەردا ڕووسیا، ڕێکخراوەکە وەک میکانیزمێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی و دیپلۆماسیەتی وزە لەگەڵ ئاسیا دادەنێت. وڵاتانی ئەندام بە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بازاڕەکانی ڕۆژئاوا، هەوڵدەدەن خۆیان لە سزاکانی ئەمریکا و فشارە ئابوورییەکان بپارێزن. لە بواری سەربازی و ئەمنیدا، ڕێکخراوەکە SCO ساڵانە لە ژێر ئاڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، مانۆڕی هاوبەش ئەنجام دەدات. بەڵام زۆرێک لە شیکەرەوەکان ئەم مەشقانە وەک نیشاندانی هێزی سەربازی بەکۆمەڵ و کارکردنی هاوبەش لێکدەدەنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕۆژئاوا کە ئۆراسیا چیتر ئەکتەرێکی پاسیڤ نییە لە کاروباری ئەمنی جیهانیدا. میکانیزمە هەواڵگرییە هاوبەشەکان و هاوکاری تەکنەلۆژی لە پیشەسازییەکانی بەرگریدا زیاتر ئاستی یەکگرتوویی بلۆکەکە بەرز دەکەنەوە. لە ڕووی سیاسییەوە،ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگهای SCO وەک سەکۆیەک و ناوەندێک بۆ ئەندامان، کاردەکات بۆ هەماهەنگی هەڵوێستەکان لەسەر پرسە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان. لە کاتێکدا کە هاوپەیمانییەکی سەربازی فەرمی نییە وەک ناتۆ، بەڵام هەڵوێستی بەکۆمەڵی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوەکەدا هەندێکجار تەحەدای هەژموونی ئەمریکا دەکات، بەتایبەتی سەبارەت بە دەستێوەردانەکان، سزاکان و سیاسەتی تاکلایەنە. ڕێکخراوەکە لە سەرکۆیەکی ناوچەیی زیاترە و بگرە هاوپەیمانییەتێکی ستراتیژییە کە هەوڵدەدات هاوکێشەی پەیوەندییەکان و هاوسەنگی هێز لەئاستی جیهاندا سەر لەنوێ دابڕێژێتەوە. ڕێکخراوەکە بە ئاوێتەکردن و پێکەوەگرێدانی پەیوەندی ئابووری و هاوکاری سەربازیی و هاودەنگی سیاسیی خۆی وەک پڕۆژەیەک و بەرەیەکی دژ بە باڵادەستی ڕۆژئاوا پیشان دەدات و دەیەوێت بەدیلی فرە جەمسەری لە کاروباری جیهاندا بێنێتە ئاراوە.