ئەو هەنگاوە هەڵەی رێنووسیی و زمان بوو یان شتێکی دیکە بوو؟ تەڵەیەک بۆ بەرپرسێکی گەورە نراوەتەوە و گومان دەکرێت بکرێتە قوربانی ئامادەکردنی هاوڵاتی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەزارەتی دادی عێراق بە بڵاوکردەوەی راگەیەندراوێک لە رۆژنامەی وەقائعی عێراق کە مێژووی دەرکردنی بۆ مانگی رابردوو دەگەڕێتەوە، گڕی لە شەقامی سیاسی وڵاتەکە بەردا کە تێیدا حزبوڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن خرانە لیستی تیرۆرەوە و بڕیاردرا دەست بەسەر سەروەرت و سامانیاندا بگیرێت.  زۆری نەبرد حکومەتی عێراق هاتە دەنگ و رایگەیاند، ئەو راگەیاندراوە هەڵەیە و پێش بڵاوکردنەوە پاکنووسی تێدا نەکراوە.  بەڵام، زۆربەی سیاسییەکانی عێراق ئەم هەنگاوە بە هەڵەی زمانەوانی لێکنادەنەوە و دەڵێن نهێنییەکی دیکەی لە پشتە کە پەیوەندی بە دۆخی سیاسیی وڵاتەکەوە هەیە. محەممەد شیاع سودانی هەرزوو بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و لە راگەیاندراوێکدا گوتی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ بە بەرپرسیار دانانی ئەو کەسانەی "هەڵەکەیان" کردووە.  پێگەی زە ناشناڵی ئیماراتی لە زاری چەند سیاسییەکی عێراقەوە بڵاویکردەوە کە گروپەکانی سەر بە ئێران فشارێکی زۆریان لە بەغدا کردووە بۆ ئەوەی حزبوڵا و حوسییەکان لە لیستەکەدا لاببات. یەکێک لە سیاسییەکان دەڵێت، ئێستا حکومەت لەژێر تووڕەییەکی زۆری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندایە بەهۆی ئەو نووسراوەوە و چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە بە ناساندنی حزبوڵا و حوسییەکان لەلایەن بەغداوە هەنگاوێکە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل. هەرچەندە پێشتر سودانی بە پشتگیری چوارچێوەی هەماهەنگی بووە سەرۆکوەزیران، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی ئەمساڵ پەیوەنییەکانی هەردوولا گرژی تێکەوتووە، بۆیە سودانی بە لیستێكی جیا بەشداری هەڵبژاردنی کرد.  چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتەبێژی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی هەموو شتێکی ئاشکرا کرد و گوتی، سودانی لە گروپی وەتسئەپی چوارچێوەی هەماهەنگی دەرکراوە و خولی دووەم نابینێتەوە، بەو مانەیەی چوارجێوەی هەماهەنگی ناهێڵێت ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران. چەند بەرپرسێکی عێراق بە پێگەی زە ناشناڵیان راگەیاندووە، ئەوان بڕوایانوایە نووسراوی بە تیرۆریست ناساندنی حزبوڵا و حوسییەکان بە ئەنقەست نووسراوە بۆ ئەوەی پێگەی سودانی لاواز بکەن تا نەتوانێت ببێتەوە سەرۆکوەزیران و پەیوەندییەکانی لەگەڵ گروپەکانی سەر بە ئێران تێکبچێت.  یەکێک لە بەرپرسەکان دەڵێت، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوە بوو تا زامنی ئەوە بکرێت سودانی نەتوانێت بۆ خولی دووەم ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران. ئەو نووسراوەی باسی حزبوڵا و حوسییەکانی تێدایە بووەتە جێی باس لە ناوخۆی وڵاتەکە و هەرای ناوەتەوە. مستەفا سەنەد، پەرلەمانتارێکی عێراقی کە نزیکە لە ئێرانەوە، لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک نوسیوویەتی: عێراق هەڵوێستێکی شەرمەزارانەی گرتووەتەبەر کە هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی ئەوەی نەکردووە، شەرمەزار بن. هەرچەندە بەغدا گوتی، کارەکە هەڵە بووە و لیستێکی نوێ بڵاودەکرێتەوە کە ئەو دوو گروپەی تێدا نەبێت، بەڵام بەرپرسێکی عێراقی دەڵێت، نووسراوەکە چونکە لە وەزارەتی دادەوە دەرچووە هێشتا هێزی یاسایی خۆی هەیە چونکە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق قەوارەی یاسایی و زمانحاڵی فەرمی حکومەتە. هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق پێیوایە، پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکومەت لەژێر دەستی گروپەکانی سەر بە ئێرانە. هحشیار زێباری پشتگیری لە بڕیارەکە دەکات و دەڵێت: لیژنەکە کاری پیشەیی خۆیان کردووە بۆ ناساندن و دەستبەسەرداگرتنی سامانی گروپە تیرۆریستییەکان.  

گەڕی دووەمی شەڕەکە کەی دەستپێدەکات؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی  ئەمانە قسەی یۆرام ئیتینگەر، راوێژکاری پەرلەمانی ئیسرائیلە و دەڵێت، ئەمجارە ئێران بەهێزێکی گەورەتر خۆی ئامادە کردووەتەوە و سەکۆ موشەکییەکانی نۆژەنکردووتەوە، گرووپەکانی بەرەی مقاومە و حزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەنی پڕ چەک کردووە. هەر ئەوەش نا رۆژنامەی  یه‌دیعۆت ئه‌حره‌نۆت ئیسرائیل نووسیویەتی، ئێران دەستی کردووتەوە بە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی شل بۆ موشەکەکانی و هەرەوەها 10 بۆ 12 کەشتی لە چینەوە بۆ هاتووە کە جۆرێکی تایبەتی سۆدیۆمی تێدایە و لە بواری مووشەکی بالیستیکیدا بەکاردەهێنرێت، ئەو بڕەی لە چینەوە بۆی هاتووە بە نزیکەی دوو هەزار تۆنە و بەشی 500 مووشەکی بالیستکی دەکات.  رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تەنها لەسەر کات ماوە، ئێران کار دەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر هێرشێکدا دوو هەزار مووشەک لە یەککاتدا هەڵبدات. رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات، ئێران بەشی 11 چەکی ئەتۆمی یۆرانیۆمی پیتاندووە و بەردەوامیش مووشەک و درۆن بۆ گرووپەکانی سەر بەخۆی دەنێرێت. لەسەر چاککردنەوەی شوێنە زیان پێگەیشتووەکانی شەڕە 12 رۆژەکەی ئێران و ئیسرائیل، دەزگای پەخشی ئیسرائیل دەڵێت، ئێران هەر زوو سەکۆ مووشەکییەکانی چاککردووەتەوە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە چەک بۆ حزبوڵا، مووشەکی بالیستیکی و درۆن بۆ حوسییەکان بنێرێت. بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگیریی ئیسرائیل [مۆساد]، تێبینی چەند کەشتییەکیان کردووە کە چەکیان بۆ گرووپەکانی نزیک لە ئێران ناردووە. تایمز ئاشکرای کردووە، رەنگە ئیسرائیل بەر لە کۆتایی ساڵ هێرش بکاتەوە سەر دامەزراوە ئەتۆمیی و سەکۆ مووشەکییەکان و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئەوەی ئێران توانای نەبێت بەرگری لە خۆی بکات.  لە 13ـی حوزیران ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و ئۆپەراسیۆنەکەی بە "هەستاوەنەی شێر" ناوبرد و ئێرانیش لە زاری خامنییەوە کردی بە  "بەڵێنامەی راستگۆیی سێیەم". هەرچەند ژمارەی کوژراو بریندارەکان لە هەردوولا بە تەواوی ئاشکرا نەکرا، بەڵام ئێران دەڵێت، هەزار و 62 کوژراومان هەیە و ئیسرائیلیش دەڵێت 28 کەس لە وڵاتەکەی کوژراوە.

کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەولێر و بەغدا خەریکی چین؟ عێراق گەرەترین هەڵەی ئەمریکا بوو کە نابێت دووبارەی بکاتەوە ئامادەکردنی: هاوڵاتی ئەمانە هەمووی قسەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا بوون، کە لە چاوپێکەوتنێکدا ئەوەی لەژێر بەڕە بوو خستییە سەر بەڕە.  تۆم باراک بە چاوپێکەوتنێکی 13 خولەکی لەگەڵ میدیای زە ناشناڵی ئیماراتی نهێنی زۆری لەبارەی سیاسیەتی ئێران و ئەمریکا لە عێراق دەرکاند و باسی هەژموونی گەورەی تارانی بەسەر بەغداوە کرد، سەرەڕای ئەو هەموو بودجەیەی واشنتن بۆ حێراقی تەرخانکردووە.  تۆم باراک بەهۆی ئەوەی خۆی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەراستە، بۆیە چۆنیەتی رووداوەکان دەزانێت و بەوەش ناسراوە کە زۆر راشکاوە و لەبەر دڵی کەس قسە ناخواتەوە.  نێردەی تایبەتی ترەمپ دانی بەوەدا نا، سیاسیەتی ئەمریکا لە عێراق نمونەیەکی گەورەیە کە نابێت هەرگیز دووبارە بکرێتەوە و گوتی: دوای تەرخانکردنی سێ ترلیۆن دۆلار و کوژرانی هەزارەها کەس، ئەمریکا بەدەستبەتاڵی لێی دەرچوو، ئێرانیش هەموو هەژموونی خۆی لە عێراقدا جێگیرکردووە.  تۆم باراک زۆر راشکاوانە گوتی، کاتێک ئەمریکا هات، کورد و شیعە و سوونەی رێکخست و پیشتریش رێی بە دروستبوونی هەرێمی کوردستاندا، لێرەدا واشنتن بۆ ماوەیەک عێراقی فیدڕاڵی بۆ رێکخستن، بەڵام دواتر گوتی، خۆتان مامەڵە لەگەڵ خۆتان بکەن چونکە ئەمە بۆ ئەمریکا ئاسانتر بوو، ئیتر لەنێو خۆیاندا بوو بە شەڕ و ململانێ و بۆشاییەکی ئەمنی دروستبوو، ئێرانیش ئەمەی قۆستەوە و بۆشاییەکەی پڕکردەوە. ئەو دەڵێت، لە عێراق تەنها میلیشیاکانی ئێران دەسەڵاتییان هەیە و سەرۆکوەزیران هیچ دەسەڵاتێکی نییە، باسی لە کونسوڵخانە نوێیەکەی ئەمریکا لە هەولێریش کرد کە 800 ملیۆن دۆلاری تێچووە، بەڵام بە قسەی خۆی لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد "سوودێکی وایان بۆ ئەمریکا نییە" بەهۆی هەژمووی ئێرانەوە. ----  باراک پێیوایە ئێران بە ئاسانی دەستبەرداری عێراق نابێت، چونکە حەماس و حزبوڵا و تەنانەت بەشار ئەسەدی لەدەستدا، بەڵام عێراق تاکە شوێنە تاران ئێستا پێگەیەکی گەورەی خۆی تێدا جێگیرکردووە و وەک ناوچەکانی دیکە نایدات بەدەستەوە.

وادەکەی مەسعود پزیشکیان بەسەرچوو خەڵکی وڵاتەکە هاواریان لێهەستاوە و تاران ناچارە پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات ئامادەکردنی هاوڵاتی  ئەوەی بەسەر خەڵکی ئێراندا دێت لەماوەی 58 ساڵی رابردوو وێنەی نەبووە، بەجۆرێک هێندە بێئاوی رووی تێکردوون کە لە بۆشایی ئاسمانەوە رووبار و بەنداوەکانیان بە وشکی دەبینرێت. ئەمساڵ تائێستا 20 پارێزگای وڵاتەکە تەنانەت یەک دڵۆپە بارانیان بەخۆیانەوە نەبینیووە، لەکاتێکدا ئێستا وەرزی بارانە لە ئێران و دەبوو لە مانگی نۆی ئەمساڵەوە باران دەستیپێکردبا. ئەوەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە تارانی پایتەختە کە 15 ملیۆن دانیشتوانی هەیە و بووەتە شارێکی وشک و برینگ. پێشتر مەسعود پزشکیان، سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو مانگی 12 باران نەبارێت ئەوان بەناچاری پێویستە خەڵکی تاران شارەکە چۆڵ بکەن.  بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆیتەرز، نزیکەی 10%ـی بەنداوەکانی وڵاتەکە وشک بوون و هیچ ئاوێکیان تێدا نەماوە. میدیاکانی ئێران باس لە دۆخی خراپی خەڵکی وڵاتەکە دەکەن و دەڵێن، ئیتر وەک جاران نەماوە، بەرپرسانی وڵاتەکە بۆ پارێزگاریکردن لە ئاو، رۆژانە 6 بۆ 12 سەعات ئاو لە ماڵان دەگرنەوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دۆخەکە خراپترە. میدیای ئێران دەڵێت، ئیستا خەڵکی بانە تەنها دوو کاتژمێر ئاویان بۆ دەکرێتەوە. لە تاران دۆخەکە بەجۆرێکە هەندێک کات 15 کاتژمێر بۆ رۆژێک ئاو لە خەڵک دەگیرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی ئاسایی دانیشتووانی تاران 12 سەعات لە رۆژێکدا هیچ ئاوێک بە بەلوعەکانیاندا نایەت. دانیشتوانێکی تاران بۆ پێگەی ئێران وایەر دەڵێت، ئێمە لە قوتابخانە باسی بەرزەخ و دۆزەخمان بۆ کراوە، بەڵام ئێستا رێک وەک ئەوە وایە لەنێو هەردووکیاندا بژین.  بەهۆی بێبارانییەوە، هەوای پیسیش بەرۆکی دانیشتووانی شارەکەی گرتووە و ئێستا بووەتە یەکێک لە پیسترین شارەکانی جیهان.  ئاژانسی هەواڵی میهر دەڵێت، بەنداو وعەمبارە سەرەکییەکانی تاران ئێستا ئیتر تەنها 11% ئاویان تێدایە. بەرپرسانی وڵاتەکە کەوتوونەتە خۆو داوای یارمەتی لە وڵاتانی دیکە دەکەن. عەباس عەلیئابادی، وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، هەر وڵاتێک ئاومان پێ بفرۆشێت ئێمە ئامادەین لێی بکڕین.  پێشتر عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای ئێران، داوای لە دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد دەست بە ئاوەوە بگرن، بەڵام خەڵکی وڵاتەکە دەڵێن، ئەمە داوایەکی نامەعقوڵە چونکە خۆ بەرپرسان هەر ئاو ناکەنەوە بۆمان تا دەستی پێوە بگرین.

✍️ سەرتیپ جەوهەر ئەگەری پێكهاتنی حكومەتی هەرێم هەروا دێت ئالۆَزتر و زەحمەتتر دەبێت، ئەگەر تەدەخولی دەرەكیی بەتایبەت ئەمریكا نەبێت، ئەم 4 ساڵە حكومەت دروستناكرێت. پەیوەندی پارتی و یەكێتیی تائێستا گرژە، هێشتا لێكەوتەو كاریگەریی بانگەشەی توندی هەڵبژاردنی رابردوو بەسەر پەیوەندییەكانیانەوە ماوە. بەر لەچەند رۆژێك دیداری قاوەخواردنەوەیەك لەماڵی قوباد تاڵەبانیی لەهەولێر لەنێوان هەلادوولادا ببوو، پێدەچێت زیاتر بۆ گلەیی گازندە لەیەكتر بووبێت و بۆ رەواندنەوەی ئەو شەڕە ئیعلامییە توندەی نێوان هەلادوولا بووبێت عەرەب گوتەنی بۆ تەلتیفی ئەجوا بووە نەك گفتوگۆی جددی پێكهێنانی حكومەت. پارتی لێرەو لەوێ‌ باس لەلێدان لەگروپە چەكدارەكانی عیراق دەكات تا كۆتایی ئەم مانگە، واتە دیسان گرەو لەسەر لاوازبوونی ئێران لەعیراق دەكات. پێیانوایە ئەگەر ئەوە ببێت كاریگەری لەسەر رۆڵ و پێگەی یەكێتیی دەبێت لەعیراق، بەئیعتیبار یەكێتیی لەبەرەی ئێرانەو نزیكی لایەنە شیعەكانە. بەر لەچەند رۆژێكیش تۆم باراك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆكاروباری سوریا لەبەغدا بوو، نامەیەكی هەڕەشەداری توندی لەبارەی گروپە چەكدارەكان گەیاندە سودانیی. یەكێتیش لێرەو لەوێ‌ باس مسۆگەركردنی زۆرینەیەكی مسۆگەری دەنگ دەكات لەپەرلەمانی عیراق بۆ بەدەستهێنانی سەرۆك كۆمار، بۆیە ئەگەر سەرۆك كۆمار مسۆگەربكات، ئیدی سەقفی داواكارییەكانی سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم بەرزبكاتەوە و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم زەحمەتتر دەبێت، مەگەر ئەمریكا فشاری زیاتر بكات و هەردوولا ناچار بەپێكهێنانی حكومەت بكات. لەكوردستان، پارتی باس لەمسۆگەركردنی 51 دەنگ دەكات بۆ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام پێدەچێت زەحمەت بێت. ئەگەر حكومەت دروستبكات، یان دەبێ‌ لەگەڵ نەوەی نوێ‌ یانیش یەكگرتووی ئیسلامیی بێت.  یەكگرتووی ئیسلامیی پێشەكی بڕیاریداوە نەچێتە حكومەت، نەوەی نوێش سەرۆكەكەی لەزیندانە، سەرباری ئەوەی ئاماژەیەكیان كردووە بەئەگەری بەشداری لەحكومەت، بەڵام پێدەچێت زیاتر بۆ فشاركردن بێت لەیەكێتیی نەك نیەتی راستەقینە! 19 مانگ كەیسێكی دیكەی دادگاییكردنی شاسوار عەبدولواحید دێتەگۆڕێ، 24ی مانگیش وادەی حوكمەكەی ئێستای تەواو دەبێت، بۆنی ئەوە دەكرێت گفتوگۆیەكی جەنتڵمانی لەگەڵ كرابێت، بۆیە بەدوورنازانرێت ئازاد بكرێت. ئەگەر ئازاد بكرێت كەوایە نەوەی نوێ‌ گرەنتیكراوە بەشداری حكومەت نەكات. ئەگەر 24 مانگیش ئازاد نەبێت، ئەوا زەحمەتە تا دوای رێككەوتنی پارتی و یەكێتیی ئازاد بكرێت.

چی دەربارەی ئەو کونسوڵخانەی ئەمریکا دەزانیت لە هەولێر؟ وا بووەتە بابەتی رۆژ.  ئامادەکردنی، هاوڵاتی. کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بووەتە بابەتی رۆژی میدیا ناوخۆی و عەرەبییەکان. کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر چۆن دامەزرا؟ لە سەرەتای ساڵی 2007 ئەمریکا بڕیاریدا ئۆفسێکی خۆی لە هەولێر بکاتەوە بۆ کاروباری هاوڵاتیانی خۆی و چەند کارێکی دیپلۆماسی، دوای بەهێزبوونی پەیوەندییەکان هاتنی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ئەمریکی ئۆفیسەکە لە ساڵی 2011 کرایە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر. دواتر ئەمریکا لە ساڵی 2018 بڕیاریدا کونسوڵخانە گەورەتر بکات و بیکاتە هاوشێوەی باڵوێزخانەیەک. ئەوە بوو لە شەشی مانگی تەمموزی 2018 بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و باڵێۆزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵی ئەو کاتەی ئەمریکا لە هەولێر بەردی بناغەکەی دانرا. تایبەتمەندییەکانی چین؟ کونسوڵخانە نوێیەکە لەریزی باڵوێزخانەکانی وەک بەغداد و بەیروت ناوی دەهێنرێت و گەورەترین کونسوڵخانەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر رووبەڕی 206 هەزار مەتر دروستکراوە بودجەی تەرخانکراوی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلارە. ئەم کونسوڵخانەیە هۆتێل، مەلەوانگە و هۆڵی یاری لەشجوانیشی تێدایە و رێکاری ئەمنیی توندوتۆڵیش گیراوەتەبەر بۆ پاراستی کارمەندان و سەردانیکەران. کونسوڵخانەکە دەکەوێتە سەر رێگای پیرمام و نزیک شەقامی 150 مەتریی هەولێرە توانای لە خۆگرتنی هەزار کەسی هەیە. کێ بەشداریی کردنەوەی کونسوڵخانە نوێیەکە بوو؟ کردنەوەکەی میوانی تایبەتی لە ئەمریکاوە بۆ هاتبوو کە بریتیبوون لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندێکی یاوەری و  باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد، لە کوردستانیش بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران. رۆژنامەنووسان و نووسەران چی دەڵێن؟ مەحمود یاسین کوردی، رۆژنامەنووس دەڵێت، ئەمریکا لەوە زیاتر چی بکات 800 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە و لە کوردستان ناڕوات و دەیەوێت پەیوەندییەکان بەهێز بکات. کامەران کوردیش دەڵێت، پیرۆزە کردنەوەی ئەو کونسوڵخانە نوێیە دەبێت خۆمان بۆ پێشهاتە گرنگەکان ئامادەبکەین. جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران گوتی، کردنەوەکە گەورەترین وەبەرهێنانی ئێمەیە لە ناوچەکە و ویستی ئێمە بۆ بەردەوامی پەیوەندییەکان نیشان دەدات. تۆ چی دەڵێت؟ پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن دەگاتە کوێ؟

سەرۆکی پارتێکی رەگەزپەرست بە شەرمەزاری بۆ تورکیا وەسفی دەکات بارەگای بارزانی وەڵامێکی تووندی دایەوە و ئەنقەرەش راستەوخۆ هاتە سەر خەت ئامادەکردنی هاوڵاتی دوو رۆژە هەرایەکی گەورە لەنێو تورکیا دروستبووە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی کە ئاڵای کوردستان بەسەر قۆڵیانەوەیە. ئەم ڤیدیۆیانە سیاسەتمەداران و بەرپرسانی تورکیای هەراسان کردووە. با پێتان بڵێم چۆن ئەمە روویدا و کاردانەوەکان چین؟ هەر لەدوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ شرناخ لە 29ـی مانگی رابردوو بۆ بەشداریکردن لە چوارەمین سیمپۆزیەمی مەلای جزیری لە زانکۆی شارەکە، کۆمەڵە ڤیدیۆیەکی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی بڵاوبووەیەوە، کە چەکیان پێیە و ئاڵای کوردستان بەسەر قۆڵیانەوەیەوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوخۆی تورکیا ڤیدیۆکان تەقینەوە و رای گشتی تووڕە بوون. یەکەم سیاسەتمەدار قسەی لەسەر کرد دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بوو. باخچەلی هەمان ئەو کەسەیە بە دەستپێشخەری پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ناوبانگی دەرکردووە.  باخچەلی لەسەر ڤیدیۆکان گوتی، شەرمەزارییە بۆ تورکیا رێگەیدا پاسەوانەکانی بارزانی بە چەکەوە هاتوچۆ بکەن. بارەگای بارزانی زوو وەڵامی باخچەلی دایەوە و رایگەیاند، کارەکە پرۆتۆکۆلی بووە و پێشتر لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا رێککەوتووین، کارێکی ئاساییە و پێشتریش کاتێک بەرپرسە باڵاکانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە یەکە سەربازییە تایبەتییەکانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە.  ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیای هێنایە سەر خەت، بەشی کۆتایی راگەیاندراوەکەی بارەگای بارزانی بوو کە دەڵێت: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی بانگەشەی ئەوە دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی خودا باخچەلی هیدایەت داوە و وازی لە  شۆڤێنییەت هێناوە، بەڵام دیارە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە لە پێستی مەڕدا. لەسەر ئەمە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی بەپەلەی دەرکرد و گوتی: بەیاننامەکەی بارەگای بارزانی لەرووی ناوەڕۆک و بەکارهێنانی زمانەوە جێی قبوڵ نییە، تۆمەتی بێ بنەمای تیدایە و بێریزی کراوە، داوامان لە سەرکردایەتی پارتی کردووە روونکردنەوە بدات. تەنانەت عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) قسەی کرد و گوتی: بارەگای بارزانی سووکایەتی بە باخچەلی کردووە و باخچەلی هەڵسەنگاندنی نەرێنی بۆ کەسایەتی بەرێز بارزانی نەكردووە. هەرچەندە بە راستەوخۆ سیاسەتمەداران و بەرپرسانی تورکیا قسەیان لەسەر ئاڵای کوردستان نەکردووە، بەڵام ژووری بازرگانی جزیرە لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان لەبارەی کاردانەوەکانی بەرپرسانی تورکیا دەڵێت: ئامانجی راستەقینەی کاردانەوەکان ئاڵای هەرێمی کوردستانە. ئەگەر پاسەوانەكانی بارزانی ئاڵای هەرێمی کوردستانیان لەسەر شان نەبوایە، کەس ناڕەزایی نەدەبوو. تەنانەت ئەگەر پاسەوانەکانی بارزانی مووشەکیشیان لەسەر شان بووایە کەس هیچی نەدەوت و نارەزایەتییان دەرنەدەبڕی.

لەو کاتەدا کە دوێنێ پارتی و یەکێتی لە کۆبونەوەدا بوون سەبارەت بە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، میدیاکانیان هێرشی ئاگرینیان دەکردە سەر یەکتری و دەستیان لە ئاراستەکردنی دەستەواژەی زبر و ناوناتۆرە نەدەپاراست. لە دیمەنێکی پڕ دووفاقییدا کە بۆ چاودێرانی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان نامۆ نییە، دوێنێ شاندە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ژوورە داخراوەکاندا خەریکی گفتوگۆ بوون بۆ "کاراکردنەوەی پەرلەمان" و "پێکهێنانی کابینەی دەیەم"، کەچی هاوکات لە دەرەوەی ژوورەکە، ماشێنی میدیایی هەردوولا بە توندترین شێواز و بە بەکارهێنانی زبرترین دەستەواژە، "تەخوین"ـی یەکتریان دەکرد لەسەر ڕووداوەکانی گوندی لاجان. ئەم دوو ئاراستە پێچەوانەیەی دیپلۆماسیەتی نەرم لە ژوورەوە و جەنگی سەخت لە میدیاکانەوە، پرسیارێکی جەوهەریی هێناوەتە ئاراوە: ئایا ئەمە نیشانەی گەیشتنە بە بنبەستی سیاسی، یاخود تەنها تاکتیکێکی دانوستاندنە بۆ بەرزکردنەوەی سەقفی داواکارییەکان؟ دیپلۆماسیەت لەژێر ڕەحمی بۆردومانی وشەدا بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی دوێنێدا کە لە ماڵی قوباد تاڵەبانی لە هەولێر بە ئامادەبونی هۆشیار زێباریی لە پارتی، باس لە کێشەی نێوان هەردوو حزب و ڕێککەوتن کراوە بۆ پێکهێنانەوەی پەرلەمان و حکومەت. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەدا، کەناڵ و پەیجە فەرمی و سێبەرەکانی هەردوو حزب، دۆسیەی نوێ و کۆنیان هەڵدەدایەوە. میدیاکانی سەر بە یەکێتی ڕووماڵێکی خەستی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجان و لێکەوتەکانیان دەکرد، پارتیان بە ڕاگواستن و تاکڕەویی تۆمەتبار دەکرد.   لەبەرامبەریشدا میدیای پارتی باسی لە ئاژاوەگێڕیی یەکێتی و دەستێکەڵکردن لەگەڵ حەشدی شەعبیدا دەکرد. ئەم دۆخە، دوو گریمانەی زەقی هێناوەتە بەرباس، کە لەخوارەوە ئاماژەی پێدەکەین: گریمانەی یەکەم: بنبەستی سیاسی و نەمانی متمانە بۆچوونێک کە بەشێک لە شرۆڤەکاران جەختی لێدەکەنەوە، پێیوایە ئەوەی ڕوودەدات تاکتیک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بێ متمانەیی قوڵـە. ئەویش بەم هۆکارانە: * شکستی ڕێککەوتنەکانی پێشوو: هەردوو لا هەست دەکەن ڕێککەوتنەکانی ڕابردوو جێبەجێ نەکراون. یەکێتی پێیوایە پەراوێز خراوە، پارتیش پێی وایە یەکێتی لەمپەر بۆ حکومەت دروست دەکات. * شەڕی مانەوە: هێرشە میدیاییەکان دەریدەخەن کە کێشەکە تەنها لەسەر پۆست نییە، بەڵکو لەسەر شێوازی حوکمڕانی و کۆنترۆڵی جومگە هەستیارەکانی ئابوری و ئەمنییە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە دانوستانەکان لە چەقی خۆیاندا چەقیبن و کۆبوونەوەکان تەنها بۆ ڕازیکردنی شەقام و دۆستە دەرەکییەکان بێت. گریمانەی دووەم: تاکتیکی کاتیی لە بەرامبەردا، خوێندنەوەیەکی دیکە هەیە کە پێیوایە ئەم هەڵمەتە میدیاییە بەشێکە لە تاکتیکی سیاسی، ئەویش بۆ بەدییهێنانی ئەم ئامانجانە: * بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریی: کاتێک میدیاکانت ئاگرین دەکەیت، پەیامێک بە بەرامبەر دەدەیت کە "ڕازیکردنی بنکەی جەماوەریمان ئاسان نییە، بۆیە دەبێت سازشی گەورەتر بکەن." * شەرعیەتدان بە سازشەکان: هەردوو حزب پێویستیان بەوەیە لەبەردەم جەماوەری خۆیاندا وا دەربکەون کە "بە زەحمەت" و دوای "ململانێیەکی سەخت" دەستکەوتیان بەدەستهێناوە، نەک بە ئاسانی سازشیان کردبێت. دەرئەنجام؛ حکومەتێک لەسەر زەمینەیەکی لەرزۆک ئەم دۆخە تاکتیک بێت یان بە بنبەست گەیشتن، دەرئەنجامەکەی بۆ داهاتووی کابینەی دەیەم کە ژانی پێکهێنانی درێژترینە لە مێژوی هەرێمی کوردستاندا، مەترسیدارە. چونکە پێکهێنانی حکومەتێک کە هێشتا پێکنەهێنراوە و پێکهێنەرەکانی خەریکی هاڕینی ئێسکی یەکتری بن لە میدیاکانەوە، ئاماژەی ئەوە دەدات کە سەقامگیریی سیاسی لە چوار ساڵی داهاتوودا لەژێر پرسیاردا دەبێت. خۆ ئەگەر کۆبوونەوەکان بۆ بنیاتنانی متمانە بن، ئەوا "ناوناتۆرە" میدیاییەکان، ئەو متمانەیە دەڕوخێنن بەرلەوەی دروست ببێت. یان پێدەچێت ئەم دۆخە گوزارشت لەو دیمەنە بکات کە جارێکیان ڕۆژنامەنووسێکی بیانی لە وەسفی دۆخی کوردیدا وتی: "کوردەکان لە بەیانیاندا دەستی یەک دەگرن و لە ئێواراندا خەنجەر لە سێبەری یەک دەدەن!"

جار جار بە تەنزەوە بە ترەمپ دەڵێت: لە تایلەر سوفیت زیاتر بە ناوبانگت کردووم لە ئەمریکا ئامادەکردنی هاوڵاتی نیکۆلاس مادۆرۆ، ماوەی سێ خول و زیاتر لە 12 ساڵە سەرۆکی ڤەنزوێلایە لە دوای مردنی هۆگۆ چافیز و دەیەوێت تاساڵی 2031 ـیش بەردەوام بێت. مادۆرۆ  هاوشێوەی جاڤیز کێشەی لەگەڵ ئەمریکا هەیە و بەداگیرکار ناوی دەبات، بەڵام کێشەکانی مادۆرۆ لە دوای خولی سێیەمی سەرۆکایەتییەکەی زیاترسەریهەڵدا، بەجۆرێک بە تەنز و سەما پەیام بۆ ئەمرکییەکان دەنێرێت. پێتان دەڵێم ئەم شەڕ و بەزمەی ترەمپ و مادورۆ لەسەر چییە. لە تەمموزی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ڤەنزوێلا بەڕێوەچوو، هەڵبژرادنی سەرۆکیش لەو وڵاتە بەگوێرەی دەستوور شەش ساڵە، بەڵام لە 10ـی کانوونی دووەم ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکرێت. هەر زوو ئەمریکا، خولی سێیەمی مادۆرۆی رەتکردەوە و سزاکانی سەری بەردەوامی پێدا و بە سەرۆکێکی گەندەڵ ناساندی. هەر ئەوەش نا، ترەمپ لە 28ـی هەمان مانگ بڕیاری راگرتنی دیپۆرتکردنەوەی 600 هەزار هاوڵاتی ڤەنزوێلی هەڵوەشاندەوە کە بایدن ئیمزای لەسەر کردبوو، بەڵام ئەم دەستیکرد بەناردنەوەیان. ئیدارەی ترەمپ لە 8ـی ئابدا بڕی 50 ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ هەرکەسێک بتوانێت مادورۆ بگرێت و رادەستی ئەمریکای بکات.  مادۆرۆ لە کاردانەوەی سزاکان و داواکارییەکان لە کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، دیارییەکی نوێی لەلایەن چینەوە بۆ هاتووە، ئەویش مۆبایلێکە لە جۆری هواوی. ئیدی گرژییەکان زیاتر بوو بەجۆرێک سی ئای ئەی لە ڤەنزوێلا چالاکی دەستپێکرد و سوپای ئەمریکاش تائێستا چەند هێرشێکی کردووەتەسەر ئەو بەلەم و کەشتییانەی هەڵگری ماددەی هۆشبەرن لە دەریای کاریبی. میدیای ئەمریکا دەڵێت، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دوو جار هێرشکراوەتە سەر بەلەمێک و 11 کەس کوژراون. دوای ئەم هێرشانە مادۆرۆ قسەکانی هێواش کردەوە و لە دیدارێکدا گوتی، شەڕ رەتدەکەینەوە و ئاشتی باشە. ماوەی زیاتر لە مانگێکە هەمان قسە دووبارە دەکاتەوە. مادۆرۆ بێجگە لە لێدوانە توندەکانی بە قسە خۆشەکانیشی ناوبانگی هەیە. لە سەرەتای مانگی رابردوو گوتی، ئەمریکا هێندە دژایەتی کردووم ئێستا لە تایلەر سویفت بە ناوبانگترم، ئەگەر ئەلبومێک دەربکەم بە قازانجەکەی یارمەتی گەلەکەم دەدەم. ئەمریکا چی لە ڤەنزوێلا دەوێت؟ ئەمریکا گۆڕینی حکومەتەکەی مادۆروی کردووە بە مەرجی سەرەکی و هەموو سنوورە ئاسمانییەکانی ڤەنزوێلای داخستووە. واشنتن پێیوایە سەرۆکی ئێستا بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەکات و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشیی ناوخۆی ئەمریکا. ئەوەی نیگەرانییەکانی ئەمریکای زیاتر کردووە نزیکبوونەوەیەتی لە چین کە رکابەرێکی سەرسەختی واشنتنە. پێشتر رۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ رایگەیاندبوو، ترەمپ بە مادۆروی گوتووە، ئەگەر بەرەزامەندی خۆی دەستلەکار نەکێشێتەوە، ئەوا ئەمریکا چەند بژاردەیەکی لەبەردەمە، یەکێک لەوانە بەکارهێنانی هێزە. ترەمپ و مادۆرۆ لەم چەند رۆژەدا بە تەلەفون قسەیان کرد و سەرۆکی ئەمریکا بەبێ ئەوەی وردەکاری بخاتەڕوو پەیوەندییە تەلەفونییەکەی پشتراستکردەوە. کەناڵ سی ئێن ئێن ئاشکرای کردووە، مادۆرۆ ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە ئامادەیە واز لە پۆستەکەی بهێنێت بەڵام لەدوای 18 مانگ ئەو کارە دەکات.

ئەو شوێنەی هێرشیکراوەتەسەر بەمەبەست بووە و بێجگە بڕینی کارەبا ئامانجێکی دیکەی لەپشت بووە ئامادەکردنى: هاوڵاتى عێراق دەزانێت بکەری هێرشەکە کێیە و دەریناخات لەدوای هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر زۆر پرسیار دروست بوون لەبارەی هێرشەکەوە، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە چۆن پارێزگاری لە کیڵگەکە بکرێت تا هێرشی دیکەی نەکرێتە سەر.  بەگوێرەی روانگەی "ئیکۆ عێراق"، دوو بژاردە هەیە بۆ پاراستنی کێڵگەکە. یەکەمیان بڵاوەپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگەیە بەنێو کیڵگە هەستیارەکانی غاز و نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە تەکنەلۆجیا و چەکی پێشکەوتوو پڕچەک بکرێن تاوەکو توانای پاراستنی کیڵگەکەیان هەبێت.  دووەمیان ئەوەیە ئەرکی پاراستنی کیڵگە نەوتی و غازییەکان بدرێت بە کۆمپانیا ئەمنییەکان بەشێوەی گرێبەست و پێشتر حکومەتی عێراق ئەزموونی لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانەدا هەبووە. روانگەی ئیکۆ دەڵێت، ئەمە بەرمەرجێکە کە حکومەتی عێراق تێچووی دارایی ئەو کۆمپانیا تایبەتانە لەئەستۆ بگرێت.  کیڵگەی غازی کۆرمۆر یەکێکە لە کێڵگە گەورەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەمدەهێنێت و بەشێوەیەکی سەرەکی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێم بەرهەمدەهێنێت. پێشتر کێڵگەکە 375 ملیۆن پێ سێجا غازی رۆژانەی بەرهەمدەهێنا، بەڵام ئەو کۆگایەی هێرشی کراوەتەسەر ئامانجی سەرەکی بووە و مەبەستی سەرەکی هێرشەکە بە وردی ئەو کۆگایە بووە. ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، ئەو کۆگایە بەشێکە لە پرۆژەی کەی ئێم 250 کە ئەمساڵ لە کیڵگەکە بەگەڕخراوە. سەرچاوەیەک بە رۆیتەرزی گوتووە، دامەزراوە نوێیەکانی پڕۆژەی کەی ئێم 250 بەشێکی لەلایەن ئەمریکاوە پارەی بۆ دابین کراوە و لەلایەن بەڵێندەرێکی ئەمریکییەوە دروستکراوە.  ئامانجی هێرشەکە زۆر دیاریکراوە و بەرژەوەندی ئەمریکا بەئامانجگیراوە. بەناراستەوخۆ میلیشیاکانی عێراق کە سەر بە ئێرانن تۆمتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی هێرشەکە، بەڵام رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە چووە کێڵگەکە تائێستا نەگەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کێ لە پشت هێرشەکەوەیە و تەنها دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەکە ئەوەیە کە بە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و لە دووزخورماتووەوە هێرشەکە ئەنجامدراوە. کیفاح مەحمود، کە یەکێکە لە راوێژکارەکانی سەرۆک بارزانی دەڵێت، حکومەتی عێراق و هەواڵگریی وڵاتەکە بكەران و ئەو گرووپانە دەناسن هێرش دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگن، ئەنجامی هێرشەکە راناگەیەنن و یەک تاوانبار دەستگیر ناكەن.

"گوێدرێژ بۆی هەیە بێت، بەڵام منداڵ نا" ئامادەکردنی هاوڵاتی میدیایەکی ئەڵمانیا بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک تۆڕە کۆمەڵایتییەکانی تەنیوە و رووبەرووی رەخنەیەکی گەورە بووەتەوە. لە چەند رۆژی رابردوو، رۆژنامەی ئەلگماینی ئەڵمانی هەواڵێکی لەبارەی چوار گوێدرێژ بڵاوکردەوە کە هێنراونەتە ئەڵمانیا.  ئەمە تا ئێرە کێشەی نییە، بەڵام ئەوەی هەڵای دروستکردووە ئەوەیە ئەو گوێدرێژانە لە غەززەوە هێنراون. بەگوێرەی رۆژنامە ئەڵمانییەکە، ئەو گوێدرێژانە لەلایەن رێکخراوێکی ئیسرائیلەوە هێنراون و تا ئێستا ئەو رێکخراوە 50 گوێدرێژی لە کەرتەکە رزگار کردووە.  ئەو گوێدرێژانە لە باخچەیەکی ئاژەڵانی شاری ئۆپنهایم دانراون و ناویشیان لێنراوە ئاننا، ئێلسا، گرێتا و رودی. رۆژنامەکە هەواڵەکەی بەمجۆرو دەستپێکردووە و دەڵێت: ئەو گوێدرێژانە بە برسییەتی ماونەتەوە و لە نەهامەتیدا بوون، لێیاندراوە و ئەشکەنجەدراون. ئەم نووسینە وایکردووە لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان هێرشیکی زۆر بکرێتەسەر رۆژنامەکە و بەناچاری دەزگا میدیاییەکە بەشی کۆمێنتی لە پۆستەکەی سڕکردووە.  هەر ئەمە نییە، بەڵکو رۆژنامەی ئێن دی ئەکتوێلی ئەڵمانی رەخنەیەکی تووندی ئاراستەی رۆژنامە ئەڵمانییەکە و بەرپرسانی ئەڵمانیا کردووە بەهۆی ئەوەی حکومەتی ئەڵمانیا رێگەنادات منداڵانی غەزە بۆ وەرگرتنی چارەسەر بێنە وڵاتەکەوە. رۆژنامەکە نوسیوویەتی: گویدرێژ لە ئەڵمانیا باوەشی بۆ دەکرێتەوە، بەڵام ئەمە بۆ مرۆڤ نییە. رۆژنامەکە دەڵێت، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەوە ئەڵمانیا تەنها دوو منداڵی لە غەزەوە وەرگرتووە بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن، کەچی هەشت گوێدرێژ لە غەزەوە هێنراونەتە وڵاتەکە بۆ ئەوەی کەشێکی ئارامییان بۆ دابین بکرێت. لەماوەی دوو ساڵی جەنگی غەزە، زیاتر لە 42 هەزار منداڵ برینداربوون و بەشێکی زۆریان برینەکانیان مەترسیدارن، پێویستیان بەوەیە بنێردرێنە وڵاتی دیکە چونکە بەهۆی بۆردومانی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە سیستمی تەندروستی کەرتەکە وێران بووە.  رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، زیاتر لە هەزار کەسی غەزە، کە زۆربەیان منداڵن، رەوانەی 17 وڵاتی ئەوروپی کراون بۆ چارەسەر، بەڵام ئەڵمانیا تەنها یەک برینداری فەڵەستینی و دوو منداڵی وەرگرتووە.  وەزارەتی ناوخۆ و دەرەی ئەڵمانیا لەبارەی وەرنەگرتنی منداڵانی برینداری غەزە دەڵێن، دۆخی غەزە ئاڵۆز و چاوەڕواننەکراوە، کارەکەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و ئەو کەسوکارانەی لەگەڵ منداڵەکان دێن پێویستیان بە پشکنین جدی ئەمنییە هەیە.

ئایسلەندا جارێکی دیکە وەک ئارامترین وڵاتی جیهان دەستنیشانکرا و بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لەسەریەک پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.  بەپێی پێوەرەکانی ئاشتی جیهانی 2025 کە لەلایەن پەیمانگای ئابووری و ئاشتی بەرهەم هێنراوە، ئایسلەندا نمرەی 1.095ی بەدەستهێناوە و لەنێو 163 وڵاتدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، کە نزیکەی تەواوی دانیشتوانی جیهانی دەگرێتەوە.  ئەم ڕیزبەندییە سەرنجڕاکێشە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستیپێکردووە و بەبێ پچڕان بەردەوامە، بەمەش ئایسلەندا بووەتە درێژترین پێشەنگی ئاشتیخوازی جیهانی.  چەند هۆکارێک ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە بۆچی ئایسلەندا بەردەوام لە پلەی یەکەمدایە.  بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "گەلف نیوز"، وڵاتەکە هیچ سوپایەکی وەستاوی نییە و بۆ ئاسایش پشت بە پۆلیس و پاسەوانی کەناراوەکان دەبەستێت و ڕێژەی تاوانەکانیش لە ڕادەبەدەر نزم دەپارێزێت.  تاوانی توندوتیژی دەگمەنە و متمانەی بەهێزی کۆمەڵگا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەردەوامبوونی هاوسەنگیدا.  دامەزراوە سیاسییە سەقامگیرەکان و ئاستێکی بەرزی ژیان زیاتر گرژییە کۆمەڵایەتییەکان کەمدەکاتەوە، ئەمەش بەشدارە لە ناوبانگەکەی وەک کۆمەڵگەیەکی سەلامەت و هاوکاری.  پێوەرەکانی ئاشتی جیهانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نموونەی ئایسلەندا نیشان دەدات کە ئاشتی تەنها نەبوونی شەڕ نییە بەڵکو بوونی بەها و پێکهاتەکانە کە هاوکاری پەروەردە دەکەن.  بەگوێرەی پەیمانگای ئابووری و ئاشتی، فاکتەرە کولتوورییەکانی وەک متمانە، یەکسانی و گشتگیری، هێندەی هێزی سەربازی گرنگن کاتێک باس لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکرێت.

 لە کۆبوونەوەی شاندە باڵا ئەمنییەکەی کوردستان و عێراق کە سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کرد باسی ئەم بابەتانە کراوە:  بەدواداچوونی ورد بۆ سەرچاوەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر.  بڕیاردراوە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان چوار پارێزگا پێکبهێنرێت  پارێزگاکان ئەمانەن: سلێمانی، کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالە.  ئەم ژووڕە بڕیارە هێزێکی هاوبەش پێکبهێنێت بەمەبەستی پاراستنی کێڵگەی کۆرمۆر و ئەو سەرچاوە سرووشتییانەی دیکە کە دەکەونە سنووری ئەو پارێزگایانەوە.  کۆمپانیای داناغاز مەرجی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن: ئەوان دەڵێن بەرهەمهێنان دەستپێناکەینەوە تاوەکو گرەنتی ئاسایشی کارمەندانی کێڵگەکە نەدرێت و نابێت چیتر هێرشی مووشەکی و درۆنی بکرێتە سەر کێڵگەکە.  ئەو شاندە باڵایە کێی تێدایە؟  رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، هەروەها حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق. شەوی چوارشەممە 26ى تشرینی دووەمی 2025 هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، لە ئەنجامدا 80% کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بووەوە. سەرچاوە: ئاڤا میدیا، کوردسات نیوز

ئەوەی حکومەتی هەرێم دەیەوێت تەنها یەک وڵات دەتوانێت بۆ بکات چۆن هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەوەی هەرێمی کوردستان ئێستا پێویستییەتی دوو سیستمی بەرگریی پێشکەوتووە کە ئەمریکا خاوەنییەتی و لەتوانایدا بۆی دابین بکات، حکومەتی هەرێمیش چەند جارێک هەوڵی بۆی داوە، بەڵام ئەمجارە بەشێوەیەکی ئاشکرا داوای کرد. هێرشە مووشەکییەکەی سەر کیڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ ئەمجارە جیاوازتر بوو، چونکە بووە هۆی پچرانی 80%  بەرهەمهێنانی کارەبا و تێکدانی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان. پێشتر چەندین جار هێرشی لەو جۆرە کراوە، بەڵام ئەمجارە هێندە کاریگەری دروستکرد کە هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا داوای سیستمی بەرگری لە ئەمریکا کرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەر زوو دوای هێرشەکە داوای لە واشنتن کرد سیستمی بەرگری بۆهەرێمی کوردستان دابین بکات تاوەکو بەرگری لەخۆی بکات. ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوو سیستمی بەرگری بەکاردەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆن، ئەو دوو سیستمەش سیستمی سی رامی نزیک مەودا و پەیتریۆتی دوور مەودان. سوپای وڵاتەکە سیستمی سی رامی لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغداد و کونسوڵخانەکەی لە هەولێر جێگر کردووە. سیستمی پەیتریۆتیش لە بنکەی سەربازیی هەریر و بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار جێگرکراوە. سی رام سیستمێکی بەرگریی نزیک مەودایە و بەشێوازێک دروستکراوە کە ببێتە دوا هێڵی بەرگریی دژە هەر هێرشێک. زیاتر بۆ ئەو هێرشانەیە کە بە مووشەک و رۆکێتی نزیک مەودا ئەنجامدەدرێن. سیستمەکە توانای هەیە پێشوەختە ئاگادارکردنەوە لە هەڕەشە بدات و چاودێری جووڵەی نائاسایی بکات، لە دوو کیلۆمەتریشەوە دەتوانێت مووشەک و درۆن بپێکێت.  چەندین جۆر چەکی جیاواز لەخۆدەگرێت و دەتوانێت لەماوەی خولەکێکدا چوار هەزار و ٥٠٠ راوند لە تەقەمەنی بتەقێنیت. نرخی هەر سیستمێک لەنیوان 10 بۆ 15 ملیۆن دۆلاردایە و ئاستی سەرکەوتنیشی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرش نزیکەی 70% یە. ئەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر پێویستییەتی ئەم سیستمەیە، چونکە ئەگەر کیڵگەی غازی کۆرمۆر سیستمێکی لەوجۆرەی تێدا جێگیربوایە، ئەوا روودانی هێرشەکە ئەگەرێکی زۆر کەمی دەبوو، یاخود کیڵگەکە بە زیانێکی کەم لێی دەردەچوو. سیستمەکەی دیکە، سیستمی پەیتریۆتە کە ئەمەیان بۆ مووشەکی دوور مەودای وەک مووشەکی بالیستیکی و پێشکەوتووتر بەکاردێت. ئەم سیستمە چەند جۆرێکی هەیە و بەپێی جۆرەکان خاسیەتەکەیانیان دەگۆرێت، بەڵام بە تێکڕا مەودای سیستمەکە لەنیوان 50 بۆ 160 کیلۆمەترە و چەند مووشەکێکی ئاڵۆز و پێشکەوتووی لەسەرە کە دەتوانێت بەخێرایی زیاتر لە 5 بۆ 6 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمیرێدا ئاراستەی هەر مووشەک و درۆنێک بکات. سیستمەکە چەندین بەشی هەیە وەک رادار، وێستگەی چاودێری، وێستگەی مووشەک و هەڵدەری مووشەک هەر بۆیە کرین و جێگیرکردنی تەواوی سیستمەکە بەهاکەی یەک ملیار دۆلارە. ئاستی سەرکەوتنی سیستمەکە لە بەرپەرچدانەوەی هێرش زۆر بەرزە و میدیای ئەمریکا رێژەکەی لەنیوان 60% بۆ 95% خەمڵاندووە. ئەمریکا و زۆربەی ئەو وڵاتانەی سیستمی بەرگریی ئەمریکی بەکاردەهێنن چەند چینێکی بەرگری دروست دەکەن بە سیستمی جیاواز و ئەگەر هەرێمی کوردستانیش بتوانێت ئەم دوو سیستمە لە ئەمریکا وەربگرێت و پێکەوە لە دامەزراوە هەستیارەکان جێگریان بکات، ئەوا بەرێژەکی زۆر بەرز دەتوانێت هێرشەکان بەبێ هیچ زیانێک کۆتایی پێ بهێنێت.

خەبات کوردە چەند ڕۆژێکە پێ پەتیەکانی بادیەی نزیک شاری حومس ، بە ڕۆژی ڕوناک و بە بەرچاوی هێزەکانی پاراستنی ئاسایشی گشتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی دیمەشق و بە هاوکاری هێزەکانی وەزارەتی بەرگری و بە فیتی هێزەکانی حەمزات و عەمشاتی سەر بە دەزگا جاسوسیە بەدناوەکەی میتی تورکی ، بە چەکەکانیانەوە هێرش دەکەنە سەر ماڵە دروز و عەلەوی نشینەکانی ناو شاری حومس لە سوریا و شەلم کوێرم نا پارێزم دەست لە منداڵیش ناپارێزن چ جای دایک و باوک و باپرەکانیان  ‎لە دوێنێوەش لە تەواوی شارە عەلەوی نشینەکانی کەنار دەریاش خەڵکی سادە و ساکاری عەلەویە بێدەسەڵاتەکانیش بۆ بەرگری لە ژیانی خۆیان و خێزان و ماڵ و منداڵەکانیان بە چڕی ڕژاونەتە ناوەڕاستی شارەکان و وا هەست دەکرێ تازە گەلانی سوریا گەڕاونەتەوە ۱٥ ساڵ لەمەوبەر و دژی شەبیحەکانی ئەحمەد ئەلشەڕع و دار و دەستەکەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن . ‎دوای ئەوەی دوێنێ هێزێکی زۆری ئاسایشی گشتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و سوپا لەرزۆکەکەی شەڕع گەیشتنە شاری حومس و تەواوی شارە عەلەوی نشینەکانی کەنار دەریا . تەنها چەند کاتژمێرێک توانیان خۆیان ڕاگرن و پەشێوی دروست نەکەن .  ‎دوای ئەوە کەوتنە تەقە کردن و ڕانان و گرتن و ئازاردانی خەڵکە ڕاپەڕیوەکە و تا ئێستا دەیان کوژراو و بریندار هەیە و بە گوێرەی هەواڵە میدیاییەکانیش بێت سەدان کەسیان ڕاپێچی زیندانەکان کردوە  ‎ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە داوا لە هێزەکانی هەسەدە دەکەن کە بێن بیان پارێزن لە جیاتی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ  ‎بۆ ئەو سەرهەڵدانە ڕویدا .؟ ‎تورکیا دەوری کاریگەری هەیە و تورک وا هەست دەکات ، ئەگەر ئارامی بگەڕێتەوە بۆ تەواوی سوریا ، ئەوان مایە پوچ و سەرگەردان دەبن . چەند ڕۆژێ بەر لە ئێستا ئەردۆگان دەڵێ : چەندین ساڵە سێ ملیۆن ئاوارەی سوری لە تورکیا ژیانیان کردوە و فێری زمانی تورکی بونە و ئێستا دەگەڕێنەوە ناو خاکی خۆیان ، دەبێ ئێمە پشتیوانیان لێبکەین و بیانپارێزین و زمانی تورکی بۆتە زمانی دووەم لە سوریا  ‎لە گەڵ سەردانەکەی شەڕع بۆ کۆشکی سپی ، تەنها شەڕع بۆ ماوەیەکی کاتی لە یاسای سزاکانی قەیسەر کە تایبەتە بە سوریا دەرهێندرا و هیچ سەرکردە و وەزیر و بەرپرسێکی حکومەتە کاتیەی شەڕعی نەگرتەوە ‎یەکێک لەو خاڵانەی کە دۆناڵد تڕەمپ بە سەر شەڕعدا فەڕزی کردبوو کە دەبێ بەرەنگاریان ببێتەوە ئەندامانی حیزبوڵای لوبنانی و باڵی هەرە درێژی ئێرانە لە سوریا و لوبنان و زۆربەشیان بە ئەسڵ لە عەلەویەکانی ناوچەکەن بە تایبەتی سوریا . ‎دوور نیە ئەوە بیانویەک نەبێ بۆ گرتن و ونکردنی زۆرێک لە خەڵکی ئەو شارانە . ‎قوڵبونەوەی کێشەی ناتانیاهۆ و ئەردۆگان  ، بە تایبەتیش کە لەو ڕۆژانە فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسڕائیل بە سەد فڕۆکەی جەنگی تەواوی ئاسمانی سوریایان کۆنتڕۆڵ کرد و بوونە ڕێگر لە دامەزراندن و ئاوەدانکردنەوە و هێنانی کەلوپەلی سەربازی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا  ‎بە تیرۆریست ناساندنی ئەخوانەکانی سوریا و لوبنان و میسڕ بە تایبەتی لە لایەن ئەمەریکاوە و بە بڕیارێکی تایبەتی تڕەمپ . چونکە تورکەکانیش بۆ خۆیان چەندین گروپی ئیخوانی توندڕەویان هەیە و لە ناو تورکیا و سوریا زۆر زۆریش چالاکن . ‎ڕاگەیاندنی باری نائاسایی وادەکا کە سبەینێ ئەلشەڕع بیانو بهێنێتەوە و بە ئەمەریکا بڵێ ئەها ئەوە عەلەویی و دروز و کوردەکانن ناهێڵن ئێمە بە ئارامی گروپە چەکدارەکانی خۆمان چەک بکەین  ‎لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا ڕوودەدا هیچ قسەی لە سەر نیە و بێ سێ و دوو جێبەجێ کردنی پیت بە پیتی جوڵەکانی ئەردۆگان و دەزگا جاسوسیەکەیەتی چونکە ئەردۆگان دەترسێ سبەینێ ناوی ئەویش بکەوێتە ناو ناوی داواکراوەکانەوە ، چونکە ئەمەریکا و ئیسڕائیل باش دەزانن ئەردۆگان کوێی دێشێ ، لە بەر ئەوەی خودی ئەردۆگان ئێستا سەرۆکی فیعلئ هەر هەموو ئیخوانەکانی جیهانە  ‎ڕۆژانی دادێش دوور نیە بە یەکجاری تەواوی شارەکانی سویاش باری نا ئارامی ڕانەگەیەندرێ و هێزەکانی ڕوسیا و ئەمەریکا و ئیسڕائیلیش نەبنە بەشێک لەو نائارامیە و حکومەتە کاتیەکەی دیمەشق نەخەنە سەر هەززە