هەسەدە چۆن تێکەڵ بە سوپای سوریا دەکرێت؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لەماوەی 48 کاتژمێردا کورد لە رۆژاڤا خاکێکی زۆری لەدەستدا و ناچارکرا بە کشانەوە، بەڵام چەندین هۆکار هەبوون کە گرینگترینیان ئەمریکای لەپشتە. هەروەک چۆن واشنتن لەساڵی 2019 گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنقەرە هەڵکرد تا گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژاڤا داگیربکات، ئەمجارەش وادەردەکەوێت ئەمریکا هەمان کاری بۆ دیمەشق کردبێت چونکە لە راستیدا ئەمریکا هەسەدە وەک هاوپەیمانێکی نابینێت، بەڵکو تەنها وەک هاوبەشێکی بازرگانی تەماشای دەکات و هەرکات بەرژەوەندی لەگەڵ نەما وازی لێدەهێنێت. ئەمە قسەی خودی چەند بەرپرسێکی ئەمریکییە کە خۆیان لەبارەی هەسەدەوە کردوویانە. ئێستا لەنێو کورد تووڕەیەکی زۆر دژی ئەمریکا دروستبووە، بەتایبەتی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوەی واشنتن بە "خیانەت" ناوزەند دەکەن، بەڵام من پێتان دەڵێم بەشێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان پێشتر چۆن باسی کورد و هەسەدەیان کردووە. ساڵی 2017 جۆناسان کۆوهن، کە بەرپرسێکی خانەنشینی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، لە پانێڵێکدا باسی سیاسەتی ئەمریکای بەرامبەر هەسەدە کرد و گوتی، سیاسەتێکی کاتی، مامەڵەکاری و تاکتیکییە. هەر ئەمە نییە، بەڵکو ئیدارە یەکلەدواییەکەکانی ئەمریکا هەڵوێستیان بەمجۆرە بوو بەرامبەر کورد و هەسەدە چونکە پێشتریش جەیمس جێفری، نێردەی پێشووی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، لە کۆتایی ساڵی 2018 لەبارەی هەسەدەوە گوتی، پەیوەندییەکی هەمیشەییەمان لەگەڵ قەوارەی خوار دەوڵەت نییە، پەیوەندی ئێمە بە هەسەدەوە تەکتیکییە و سروشتێکی مامەڵەکاری هەیە. تەنانەت تۆم باراک، کە ئێستا نێردەی ترەمپە بۆ کاروباری سوریا، لەناوەراستی ساڵی رابردوو قسەیەکی تووندتری کرد و گوتی: هەسەدەیە یەپەگەیە، یەپەگەش بەشێکە لە پەکەکە، ئەمریکا پشتگیری لە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ هەسەدە یان کوردستانێکی ئازاد ناکات. لەبەر ئەم هۆکارەیە ئەمریکا هەرکات کاری بە هەسەدە نامێنێت بەمجۆرە پشتی تیێدەکات، هەر بۆیە بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە پێگەی ئەلمۆنیتەری گوتووە، ئەمریکا وەک "کۆمپانیایەکی سیکیوریتی" تەماشای هەسەدە دەکات. هۆکارێکی دیکەی لەدەستدانی ئەو خاکەی بەدەست بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە بوو، هەڵگەڕانەوەی هۆزە عەرەبەکان بوو لە تەبقا، رەققە و دێرەزوور کە پێشتر هەسەدە لەدەستی داعش پاراستنی، بەڵام بە رۆژێک خیانەتیان کرد و پشتیان تیکرد. پێگەی ئەلمۆنیتەر دەڵێت، هەر ئەمە بوو وای لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە کرد، بە ناچاری رێککەوتنەکەی حکومەتی سوریا واژۆ بکات. بەشێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگی ئیسرائیل، چونکە ئەلمۆنیتەر دەڵێت، ئەو رێککەوتنەی ئیسرائیل لەگەڵ سوریا لە شەشی ئەم مانگە واژۆیکرد بەجۆرێک ئیسرائیلی قایلکردووە کە خیتابەکانی لەسەر سەربەخۆی کورد و دروزەکان کەمبکاتەوە. ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا سوودێکی زۆر دەکات تورکیایە چونکە جێبەجێکردنی بەشێکی زۆری خواستەکانی تورکیایە، بەتایبەتی لەبارەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا. پێنجشەممەی رابردوو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەسەدە هێشتا کیشەیە لە سوریا و لەساڵی 2026 ئەو کێشەیە ناهێڵین. پێش ئەم قسەیەی هاکان فیدان، سوریا بەوە رازیبوو بوو هەسەدە بە سێ فیرقەی جیاواز بچێتە نێو سوپاوە، بەڵام لەدوای ئەم قسەیەوە هەموو شتەکان گۆران و لە رێککەوتنەکەدا ئەوە چەسپێنراوە کە دەبێت سەرجەم هێزەکانی هەسەدە بە تاک بچنە نێو سوپای سوریا، واتە هەسەدە هەڵدەوەشێتەوە و شەڕڤانانیش تاک تاک دابەش دەبن بەنێو سوپا و کاریگەرییان نامێنێت، ئەمە جگە لەوەی رەنگە بەهۆی پاساو و تۆمەتی "تیرۆر" لە پرۆسەی هەڵسەنگاندندا بەشێکیان لە سوپای وەرنەگیرێن.
پەنجەرە لەو کاتەوەی چەرخی شەڕ لە سوریا بە ئاراستەیەکی نوێدا سووڕایەوە و هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی "شێخ مەقسود" و "ئەشرەفییە" لە حەلەب دەستیپێکرد و دواتر پەلهاوێشتنی هێزە چەکدارەکان بۆ ناوچەکانی وەک "دێر حافر" و دەوروبەری، میدیا زەبەلاحەکانی کەنداو، لە ئەرکی خۆیان کە ڕووماڵە، داماڵراون. کەناڵە زەبەلاحەکانی وەک ئەلجەزیرەی قەتەری، ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەسی سعودی، لە ڕووماڵکارێکی هەواڵییەوە بوونەتە "بووقێکی پڕۆفیشناڵ" بۆ شەرعییەت دان بەو گروپانەی کە ئێستا بە "ڕژێمی ئەحمەد شەرع" و جاران بە "ئەبو محەمەد جۆلانی" دەناسرێن. شەڕی شاشەکان؛ کاتێک جیهان لە سوریا کورت دەبێتەوە تێبینییەکی سەرنجڕاکێش کە چاودێرانی میدیایی ئاماژەی پێدەدەن، ئەوەیە کە ئەم کەناڵانە بەشێکی زۆری کارنامەی ڕۆژانەی خۆیان بەتەنها تەرخانکردووە بۆ گواستنەوەی ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن "سەرکەوتنە مەیدانییەکانی" گروپە چەکدارەکانی سوریا. ڕووداوە گرنگەکانی تری جیهان، لە شەڕی ئۆکرانیاوە بگرە تا دۆزی فەڵەستین "کە کەناڵێکی وەکو ئەلجەزیرە و وڵاتێکی وەکو قەتەر بە دۆزیی ویژدانیی و ئەخلاقی خۆیانی دەزانن"، خراونەتە پەراوێزەوە. ئەم میدیایانە وەک "ژووری ئۆپەراسیۆنی دەروونی" کار دەکەن؛ بە جۆرێک ڕووماڵەکان تەنها گواستنەوەی هەواڵ نین، بەڵکو "ئاراستەکردنی ڕای گشتیین". ئەوان بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ و لایەندارانە، تیشکدەخەنە سەر هەر پێشڕەوییەک بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و بە زمانێکی زبر و پڕ لە دنەدان، خەڵکی ناوچەکە دژی کورد و پێکهاتەکانی تری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هان دەدەن. هەسەدە لە نێوان بەرداشی ڕژێم و میدیای "شەرع"ـدا ئەوەی جێی تێڕامانە، نزیکبوونەوەی گوتاری ئەم کەناڵانەیە لەگەڵ گوتاری فەرمی گروپەکەی ئەحمەد شەڕع. لە کاتێکدا پێشتر جۆلانی وەک "تیرۆریست" ناودەبرا، ئێستا لە شاشەی ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبیەوە وەک "سەرکردەیەکی ڕزگاریخواز" یان "بەدیلێکی سیاسی" نمایش دەکرێت. لە بەرامبەردا، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین لە شەڕی داعشدا، لەم میدیایانەدا وەک "هێزێکی داگیرکەر" یان "گرێبەستکار" نیشان دەدرێن. ئەم لایەنگیرییە تەنها هەڵەیەکی میدیایی نییە، بەڵکو وەک شیکەرەوەکان ئاماژەی پێدەدەن، جەنگێکی میدیاییە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و سڕینەوەی شەرعییەتی سیاسی ئەو قەوارانەی کە لەگەڵ کارنامەی قەتەر و سعودیەدا یەکناگرنەوە. بەرژەوەندیی قەتەر و سعودیە؛ پارە و سیاسەت لە پشت پەردەوە ئەوەی مایەی پرسیار و تێبینییە، ئەوەیە بۆچی قەتەر و سعودیە، سەرەڕای ناکۆکییە مێژووییەکانیان، ئێستا لە پشتگیریی ئەم بزووتنەوە نوێیە لە سوریا یەکدەگرن؟ وەڵامەکە دەکرێت لە چەند خاڵێکدا کورت بکرێتەوە: ١. خەتی سوننی و عەرەبی: سوریا ئەگەرچی بەشی زۆری پێکهاتەکەی سوننە مەزهەبە، بەڵام دەیان ساڵ لەلایەن عەلەوییەکانەوە کە لە بنەماڵەی ئەسەددا خۆی بەرجەستە دەکات، حوکم دەکرا. ئێستا و دوای کەوتنی ڕژێمی ئەسەد، ئەو دوو وڵاتە کە خۆیان بە ڕابەری تەوژمی ئیسلامی سوننی دەزانن، دەیانەوێت ڕووبەرێکی تر بۆ ئەو پانتاییەیان زیاد بکەن. ٢. دژایەتی ئێران: هەردوو وڵات دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت هەژموونی ئێران جارێکی لە سوریا سەرهەڵنەدات، بۆ ئەم مەبەستەش گروپەکەی ئەحمەد شەرع بە ئامرزێکی کاریگەر دەبینن. ٣. دیزاینکردنەوەی ناوچەکە: قەتەر لە ڕێگەی ئیخوان موسلیمین و گروپە ئیسلامییەکانەوە دەیەوێت پێگەی خۆی قایم بکات، سعودیەش دەیەوێت لە ڕێگەی پاڵپشتی دارایی و سیاسییەوە، ڕێڕەوێکی نوێ لە سوریا دروست بکات کە لە بەرژەوەندی هاوسەنگییە هەرێمییە نوێیەکان بێت بە ئاراستەی خۆیان. ٤. لاوازکردنی کورد: هەژموونی هێزە کوردییەکان و مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی، مۆدێلێکی تەواو جیاوازە لەوەی پێشتر پیادە کراوە، چونکە مۆدێلێکی دیموکراسی و جیاواز پێشکەش دەکات کە لەگەڵ سیستەمی پاشایەتی و داپڵۆسێنەرانەی ئەواندا ناگونجێت. میدیا وەک چەکێکی کوشندە ئەوەی ئێستا لە شاشەکانی ئەلجەزیرە، ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەسـەوە دەبینرێت، تەنها ڕۆژنامەوانی نییە، بەڵکو بە "بەکارهێنانی میدیا بۆ پاکتاوی سیاسی" ناوزەد دەکرێت. پاڵپشتی دارایی، دیپلۆماسی و میدیایی ئەم دوو وڵاتە بۆ گروپە توندڕەوەکان و دنەدانیان دژی هەسەدە، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی کە سوریا بەرەو قۆناغێکی تاریکتر دەبرێت، کە تێیدا ڕاستییەکان لە ژێر پێی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا دەکرێنە قوربانی. بەمشێوەیە، ئەحمەد شەرع و گروپەکەی، نەک تەنها بە چەک، بەڵکو بەو باڵە میدیاییە بەهێزەی قەتەر و سعودیە بۆیان ڕەخساندوون، خەریکی سەپاندنی ڕژێمێکی نوێن. ڕژێمێک کە مەترسییەکەی کەمتر نییە لەوەی پێشوو، یەکەم ئامانجیشیان تێکدانی ئەو سەقامگیرییە ڕێژەییەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا هەبووە و هەیە.
چی گوزەرا و کێ هەوڵی بۆ ماف و پێگەی کورد دا؟ ئامادەکرنی هاوڵاتی ئەمڕۆ لە سلێمانی و هەولێر جموجوڵی سیاسی گەرم بوو؛ لە هەردوولا کۆبوونەوە کرا و دەرئەنجامی جیاواز هەبوون، بەڵام یەکێکیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئەوی دیکەش ناوخۆیی بوو. لەکاتێکدا یەکێتی دەیویست لە سلێمانی زۆرینە کۆبکاتەوە بۆ بەرژەوەندی حزبی و پێکهێنانی حکومەت بەبێ پارتی، بەرپرسانی باڵای پارتی لە هەولێر خەریکی کۆبوونەوە بوون بۆ زامنکردنی مافەکانی گەلی کورد لە رۆژاڤا. ئەمڕۆ لە هەولێر سەرۆک بارزانی، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەی کۆکردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی جەختی لە بایەخ و گرنگیی دیالۆگ و سەقامگیری و پێكەوەژیانی لە سوریای نوێ كردەوە. سەرۆک بارزانی بە جیاش لەگەڵ تۆم باراک کۆبوویەوە و گوتی، بۆ گەییشتن بە چارەسەریی كێشەكان پێویستە پشت بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و شێوازی ئاشتیانە ببەسترێت و پێویستە لە داهاتووی سوریادا مافەكانی گەلی كورد گەرەنتی بكرێت. لای خۆیەوە تۆم باراک سڵاوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بە سەرۆک بارزانی گەیاند و پێی گوت، سەرۆک ترەمپ پێزانینی هەیە بۆ ئەو رۆڵەی لە پڕۆسەی ئاشتی و هێوركردنەوەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی سوریادا گێڕاویەتی. لە لایەکی ترەوە لە سلێمانی، بافڵ تاڵەبانی و شاندێکی یەکێتی سەرقاڵی کۆبوونەوە بوون لەگەڵ چەند لایەنێک کە دیارترینیان نەوەی نوێ بوو. بافڵ تاڵەبانی سەردانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی کرد و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، هەردولا رێککەوتوون و فراکسیۆنەکانیان کردووە بە یەک. گوتیشیان، ئێستا 38 کورسیمان هەیە بەرامبەر 39 کورسی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت. جگە لە نەوەی نوێ، هەریەکە پارتی سۆسیال دیموکرات، رەوتی هەڵوێست و یەکگرتووی ئیسلامی داوای بافڵ تاڵەبانییان رەتکردەوە بۆ چوونە نێو بەرەیەکی دژ بە پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت کە بە هەرسێکیان 12 کورسی پەرلەمانیان هەیە. بەم ژمارە کورسییەی ئێستا نەوەی نوێ و یەکێتی هەیانە، ناتوانن بەبێ پارتی حکومەتی داهاتوو پێکبهێنن چونکە پێویستیان بە 50+1ـی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە و ئەوەی لەبەردەستی یەکێتی ماوە تەنها دەنگەکانی گۆڕان، کۆمەڵ، بەرەی گەل و پێکهاتەکانە کە ئەگەر بشتوانێت هەموو ئەمانە رازیبکات هێشتا ناتوانێت رێژەی یاسایی 50+1 کۆبکاتەوە و لەکۆتاییدا دەبێت لەگەڵ پارتی رێبکەوێت. هەرچەندە پارتی تائێستا هیچ شتێکی لەبارەی رێککەوتنەکەی نەوەی نوێ و یەکێتییەوە نەگوتووە، بەڵام رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەکەی بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید لە پەیجی تایبەتی ۆخی لە فەیسبووک نووسی: سەرۆک مەسعود بارزانی سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی گەلی کوردە، تامافەکانیان بەدەستور و یاسا بچەسپێنرێت و کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانی زیاتر دروست نەبێت .ئەوەی لای ئێوە خەیاڵە لای بارزانی بەتاڵە...
هاوڵاتی کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جار ئەمریکا دەستی بە فرۆشتنی نەوتی ڤەنزوێلا کرد دوای دەستگیرکردنی نیکولاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا. بەپێی هەواڵەکەی سی ئێن ئێن کە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە دایناوە، واشنتن بە بەهای ٥٠٠ ملیۆن دۆلار یەکەم کاروانی نەوتی ڤەبزوێلای فرۆشتووە. ئەم فرۆشتنە بەشێکە لە گرێبەستێکی فراوانتری نەوتی وڵاتەکە بە بەهای دوو ملیار دۆلار. ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت، داهاتی فرۆشتنەکە دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا، کە بە پلەی یەکەم لە قەتەر جێگیرکراون، بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پارانە و ڕێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی . بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا فرۆشی نەوتی ڤەنزوێلا زیاتر ببێت. فرۆشتنی نەوتی ڤەزوێلا هەنگاوێکی بەرچاوە لە بەشداریکردنی نوێی واشنتۆن لە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە. لەئێستادا چەندین کۆمپانیای بازرگانی نێودەوڵەتی و کۆمپانیای وزە کێبڕکێ دەکەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە نەوتی خاوی ڤەنزوێلا. لەو کاتەوەت واشنتن مادوۆری دەستگیرکردووە، دۆناڵد ترەمپ بەروونی رایگەیاندووە پلانی ئەوەیە نەوتی ڤەنزوێلا بفرۆشێت و دەڵێت، پیشەسازی نەوتی ئەمریکا بە بەهای ١٠٠ ملیار وەبەرهێنان لە نەوتی ڤەنزوێلا دەکات. لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ئەمریکا هیرشیکی بۆ سەر ڤەنزوێلا ئەنجامدا و تێیدا نیکۆلاس مادورۆی دەستگیرکرد، دواتر گواستییەوە بۆ نیویۆرک بە چوار تۆمەتی جیاواز دادگایی دەکرێت.
لە حاڵەتی هێرشی ئەمریکا، ئێران کوێ بەئامانج دەگرێت؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. خۆپیشاندانەکانی ئێران تادێت فراوانتر دەبێت و ئەگەری هێرشی ئەمریکاش، بەپێی قسەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکە، نزیکە، بەڵام من پێتان دەڵێم ئێران هێرش دەکاتە سەر کوێ ئەگەر واشنتن دەستوەردانی کرد. تاران کەوتووەتە خۆی و ترسێکی زۆری لە هێرشی ئەمریکا هەیە، هەربۆیە وڵاتانی دراوسێی ئاگادارکردووەتەوە هۆشداری بە واشنتن بدەن هێرش نەکات. بەگوێرەی ئاماری چەند رێکخراوێک، لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا نزیکەی سێ هەزار کەس کوژراون لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، ترەمپیش داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن و دەست بەسەر دامەزراوەکانی حکومەتدا بگرن و یارمەتی لە رێگەیە. ترەمپ گوتیشی، وەڵامێکی تووندمان دەبێت بۆ بەرپرسانی ئێران ئەگەر بەردەوامبن لە کوشتنی خۆپیشاندەران. بەگوێرەی راپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان، واشنتن چەند جۆرێکی جیاوازی هێرش و بۆردومان هەڵدەسەنگێنێت و پلانی هەمەجۆر خراوەتە بەردەم ترەمپ تا یەکێکیان هەڵبژێرێت. بەرپرسێکی ئێران کە ناوی نەهاتووە بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، تاران هەریەکە لە سعودیە، ئیمارات و تورکیای ئاگادارکردووەتەوە و پێی گوتوون مەهێڵن ئەمریکا هێرش بکات، ئەگەر نا هێرش دەکەینە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانتان. ئەو بەرپرسە دەڵێت، پەیوەندی راستەوخۆی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی ترەمپ، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانەوە هەڵپەسێردراوە. بەگوێرەی راپۆرتی میدیاکانی ئێران، عەلی لاریجانی، بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر کردووە، عەباس عێراقچیش لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و عەبدوڵا بن زاهید ئەلنەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، گفتوگۆی ئەنجامداوە. عێراقچی بە هاوتا ئیماراتییەکەی گوتووە، ئارامی گەڕاوەتە بۆ ئێران و خەڵکی ئێران سوورن لەسەر بەرگریکردن لە سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەیان لە دژی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی. بەرپرسانی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە دروستکردنی "ئاژەوەگێڕی" و دەڵێن، لە پشت تووندوتیژییەکانی خۆپیشاندانەکانن و "تیرۆریستان"ـی سەر بەو دوو وڵاتە هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان، مزگەوت و موڵکی گشتی. ئیسرائیلیش بەتەواوی چاودێری بارودۆخەکە دەکات و دەیەوێت بزانێت ترەمپ چی دەکات، چونکە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی لە حکومەتی وڵاتەکە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، لەبارەی ئەگەرەکانی کەوتنی رژێمی ئێران و دەستوەردانی واشنتن ئاگادارکراوەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە: گرووپە چەکدارە جوداخوازە کوردییەکان هەوڵیانداوە لە عێراقەوە سنور ببەزێنن بۆ ناو ئێران، لە ئاماژەیەكدا بۆ هەوڵی لایەنە بیانیەكان كە رەنگە بە دوای قۆستنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندابن، ئەوەش دواى چەند ڕۆژێک لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەكان دژی تاران. ئەو سێ سەرچاوەیه كە لەنێویاندا بەرپرسێکی باڵای ئێرانی هەیە، رایانگەیاندووه: دەزگای هەواڵگری تورکیا له چەند رۆژی رابردوودا سوپای پاسدارانی ئێرانی لەبارەی ئەو سنور بەزاندنه لەلایەن چەکداره کوردەكانەوە ئاگادار کردووەتەوه . بەرپرسەكەی ئێران وتویەتی: روبەڕوبونەوەی چەكداری لەنێوان سوپای پاسداران و چەکداره کوردەكان روویداوە، كە بەوتەی ئەو هەوڵ دەدەن نا ئارامی دروست بکەن و ناڕەزایەتییەکان بقۆزنەوه. سوپای پاسداران هێزێکی دەستەبژێرە کە شەپۆلەکانی پێشوی نائارامییەکانی ئێرانی سەرکوت کردووە. رێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەدا، هەروەها سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاش لە ئەنكەرە هیچ لێدوانێکی نەدا، تورکیا کە چەکدارە کوردەکان لە باکووری عێراق بە تیرۆریست دەزانێ، لە چەند رۆژی رابردوودا هۆشداری دا هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی لە ئێران قەیرانەکانی ناوچەکە بەرەو هەڵکشان دەبات. ئەو بەرپرسه ئێرانییه رایگەیاندووە: ئەو چەکدارانه له عێراق و تورکیاوه رەوانه کراون، تاران داوای لەو وڵاتانه کردووه رێگە لە هاتنی چەكداران و چەك بۆ ئێران بگرن. گروپێكی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، لە هەڵمەتەكانی سەركوتكردنی چەند رۆژی رابردووی ئێران دوو هەزارو 600 کەس کوژراون، کە لەلایەن ئەمریکاوە هاندەدرێن و هەڕەشەی دەستوەردانیش دەكات.
رۆژنامەی "دەیلی تەلەگراف"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا دەڵێت: هێزەکانی سوریا خەڵك لە باڵخانەكانەوە فڕێدەدەنە خوارەوەو مەترسی پاكتاوی رەگەزی هەیە. ر ۆژنامەكە بەریتانیەكە ئاماژە بەوەدەكات: دوای شەڕێکی خوێناوی کە چەند رۆژێکی خایاند، سوپای سوریا دوو گەڕەکی کوردی لە شاری حەلەب گرت و بەهۆیەوە دەیان كەس کوژراون و وێرانکردنێكی فراوانی ناوچە نیشتەجێبونەکان و ئاوارەبوونی هەزاران كەس و دەستگیركردنی 300 کەسیشى بەدواداهات ، كە هەڕەشەی کوشتنیان لەگەڵدا بووە، بەپێی راپۆرت و بەڵگەی بینراو. ئەمریکا و بەریتانیا لەگەڵ بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دانیان بەو رۆڵە یەكلاكەرەوەیەدا ناوە کە هێزە کوردییەکان لە شکستپێهێنانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بینیویانە، ئەمەش مەترسی دروستکردووە کە ئاوارەكردنیان یان چەكداماڵینیان، رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپانە. راشیدەگەیەنێت: کوردانی ناوچەی رۆژهەڵات، چ لە چوارچێوەی سوریا و چ لە ئێران، روبەڕوی مەترسیی زیاتر دەبنەوە: یەکێکیان لە حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، فەرماندەی پێشوی رێکخراوی قاعیدە و ئەوی دیکەشیان لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، کە سەرکوتکارییەکانی لە ناوچە کوردییەکان پەرەپێداوە لە گەرمەی نائارامییە مەدەنییە بەرفراوانەکانی ئەو وڵاتەدا. گرتە ڤیدیۆییە نیگەررانكەرەكان لە حەلەب مەترسی تایبەتی لێکەوتووەتەوە، رۆژنامەی زە ئیکسپرێس کاردەکات لەسەر لێكۆڵینەوە لە دروستيی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبونەتەوە، لە گرتەكاندا دەردەكەوێت جەنگاوەرێكی ژنی كورد لە باڵەخانەیەکەوە فڕێ دەدرێت، گەڕەکەکان وێران دەکرێت، هێزەکانی سوریا و چەکدارە کوردەکان تەقە لەیەك دەكەن، خێزانەکان پەنا بۆ ژێرزەمینەکان دەبەن و هەزاران کەسیش ناچار دەکرێن ماڵەکانیان جێبهێڵن یان چۆڵی بکەن.
ئامادەکردنی هاوڵاتی دۆخی ئێران بەتەواوی تێکچووە، ئێستا ئیتر خۆپیشاندانەکان هەر 31 پاڕێزگاکەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، ترسی ئەوەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرش بکات، بەرپرسانی ئێرانی تەواو خستووەتە دۆخێکی ناهەموارەوە کە رەنگە دەرچوون لێی سەخت بێت. ماوەی دوو هەفتەیە خۆپیشاندانەکانی ئێران بەردەوامە، بەڵام لە پێنجشەممەی رابردووەوە بەرپرسانی ئێران دەستیانکردووە بە هەڵمەتێکی چڕ بۆ سەرکەوتکردنی خۆپیشاندەران، بەجۆرێک لەو رۆژەوە قوربانییەکی زۆر هەیە. بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، تائێستا 490 خۆپیشاندەر و 48 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، زیاتر لە 10 هەزار 600 کەسیش دەستگیرکراون. بەرپرسانی ئێران لە رۆژی پێنجشەممەوە بەهەموو شێوەیەک دەیانەوێت کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن، بەجۆرێک هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەنانەت هێڵی پەیوەندی تەلەفونیشیان بڕیوە. ئێستا ئیتر بەرپرسانی وڵاتەکە خۆپیشاندەران بە "گێرەشێوێن" و "تیرۆریست" ناودەبەن و دەڵێن، هێرشان کردووەتە سەر دامەزراوەی حکومی، زیادبوونی خۆپیشاندانەکانیش بەدەستی ئەمریکا و ئیسرائیل دەزانن. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەڵگەی بەهێزمان هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستوەردانیان لە "کردە تیرۆریستییەکانی ئەم چەند رۆژەی ئێران هەبووە" و لەو کاتەوەی ترەمپ هەڕەشەی دەستوەردانی کردوە، ناڕەزایەتییەکانی ئێران گۆڕاون بۆ تووندوتیژی. باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەش، هەڕەشەی جیدی کرد و گوتی، لە ئەگەری هەر هیرشێک بۆ سەر ئێران، ئیسرائیل و بنکە و کەشتیگەلەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەبنە ئامانجی شەرعیمان، بەپێی قەبارەی هەڕەشە و هێرشەکانیش وەڵام دەدەینەوە. لەدوای ئەم قسانەی قالیباف، ترەمپ تووندترین هەڕەشەی کرد و گوتی، ئێران ئەو هێڵە سوورەی بەزاندووە کە بۆم دیارکردبوو، مەبەست لەو هێڵە سوورەش کوشتنی خۆپیشاندەرانە و پێشتر سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری لەو بارەیەوە دابوو. پێشتر رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ترەمپ لەگەڵ تیمەکەی لە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا هەڵسەنگاندن بۆ کۆمەڵێک هێرش دەکەن کە بۆ سەر ئێران ئەنجامی بدەن، لەوانە هێرشی راستەوخۆی ئاسمانی یان هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ژێرخانی وڵاتەکە. ترەمپ خۆی دانی بەمەدا نا و گوتی، سوپا هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەکان دەکات و ئێمەش هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەی زۆر بەهێز دەکەین. لەبارەی ئەوەی بۆچوونی چییە لەسەر قسەی بەرپرسانی ئێران کە دەڵێن وەڵامی تووندیان بۆ هەر هێرشێک دەبێت، ترەمپ گوتی، ئەگەر وابکەن بەجۆرێک لێیان دەدەین هەرگیز پێشتر شتی وایان نەدیبێت. لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیلیش خۆی مەڵاس داوە و چاودێریی وردی دۆخەکە دەکات، چونکە بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئیسرائیل خۆی خستووەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە بۆ ئەگەری دەستوەردانی ئەمریکا لە ئێران.
شەیبانی لە کاتی کۆبوونەوەکە چی گوتووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. لە دوای هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە شەشی ئەم مانگە، قسە و باسی زۆر کرا لە بارەی کۆبوونەوەکەی دوو رۆژ پێشتری هەسەدە و حکومەتی دیمەشق، بەڵام زانیارییەکان لەو بارەیەوە کەمبوون. پێگەی ئەلمۆنیتەر چەندین زانیاریی نێو کۆبوونەوەکەی بڵاویکردووەتەوە، کە لەلایەن هەسەدە و حکومەتی دیمەشقەوە پشتڕاشتکراوەتەوە. پێگەی ئەلمۆینتەر دەڵێت، سەرەتا گفتوگۆکان بە ئاسایی بەڕێوەچووە، وەزیری بەرگری سوریا، مورهەف ئەبوو قەسرە سەرۆکایەتی شاندەکەی کردووە. فەوزا یوسف، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە کۆبوونەوەکەدا بووە و دەڵێت: رەفتاری شاندی سوریا لە کۆبوونەوەکەدا نامۆ بوو کە تێیدا باسمان لە وردەکارییەکانی تێکەڵکردنی هەدەسە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سوریا دەکرد، دواتر رازی بوون کە سێ لیوا بۆ هێزەکانی هەسەد پێکبێت، کە بریتین لە لیواکانی ژنان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سنوور. فەوزا یوسف دەڵێت، لامان سەیر بوو چونکە نەرمییەکی زۆری تێدا نوێنرا بوو، لەبەرئەوەی پێشتر ئەحمەد شەرع داوای هەڵوەشاندەوەی بێ مەرجی هەسەدەی دەکرد. هەر بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، وەزیری بەرگریی سوریا داوای لە شاندی هەسەدە کردووە رێگەیان پێبدەن بێنە ناو سنوورەکانیان بۆ پشکین و بەدواداچوون بە بیانوی ئەو ناوچانە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریان، بەڵام شاندی هەسەدە بە توندی رەتیانکردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون، هەر کاتێک لە پێنج ئۆتۆمبێل زیاتر بوون پێویستە مۆڵەت لە ئێمە وەربگرن. کەشی کۆبوونەوەکە چۆن تێکچوو؟ لە کۆبوونەوەکەدا کێڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سوریا وەک نێوەندگیر و پشتیگریکاری رێککەوتنی 10ـی ئازار بەشداری کۆبوونەوەکە بووە، بەڵام لەناکاو ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا خۆی دەکات بە ژووردا و داوا لە لامبێرت دەکات چەند خولەکێک بەجێیان بهێڵێت. بە گوتەی ئەلمۆنیتەر، دوای هاتنەوە ژوورەوەی شەیبانی کەشی کۆبوونەوەکە تێکچووە، دوای چەند خولەکێک گوتوویەتی، کۆبوونەوەکەمان بۆ هەشتی ئەم مانگە دواخستووە. شاندی هەسەدە دەڵێت: ئێمە ویستوومانە راگەیەندراوێکی هاوبەشی هەردوولامان هەبێت بۆ خەڵک بۆ ئەوەی رێژەی بەرەپێشچوونەکان بزانرێت، بەڵام لایەنی سوریا رەتی کردووەتەوە. پێگەی مۆنیتەر دەڵێت: تێکدان یان راگرتنی ئەم رێککەوتنە پلانێکی پێشوەختەی تورکیا بووە، چونکە ماوەیەکە گروپەکانی سەر بەخۆی و هێزەکانی سەر بە دیمەشق لە نزیک حەلەب کۆدەکاتەوە و چاوەڕێی کاتێکی گونجاوی دەکرد. دوای ئەوەی ئیسرائیل و سوریا رێککەوتینێکان واژۆکرد، تورکیا دەرفەتەکەی بەدەستهێنا. ئیتر دوای ئەمە خۆتان دەزانن چی روویدا، گروپەکانی سەر بە دیمەشق هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و زیاتر لە 155 هەزار دانیشتووی هەردوو گەڕەکەکە ئاوارەبوون و 28 کەسیش شەهیدبوون. هەرچەندە ماوەی پێنج رۆژ شەڕڤانان بەرخۆدانێکی مەزنیان کرد، بەڵام مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە رایگەیاند، بۆ رێگری لە هێرشی زیاتر لەگەڵ نێوەندیگیرانی نێودەوڵەتی رێککەوتوون بگەن بە ئاگربەست تاوەکو شەڕڤانان و خەڵکی سڤیل بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگوازنەوە.
سلێمانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەپارێزێت ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەو بەرخۆدانە مەزنەی ئێستا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب دەکرێت بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ کار و چالاکی گەنجێکی سلێمانی کە چەندین ساڵ بەرخۆدانی کردووە و پێگەی گەڕەکەکانی پتەو کردووە بۆ بەرگریکردن لە هێرشی دوژمنان. ئەو گەنجە بروسک جەمال سابیرە کە بە فەرماندە باکوور جیلۆ ناسراوە و لەناو گەڕەکە کوردییەکان ناوێکی دیارە چونکە سێ ساڵ لەوێ فەرماندەی کەتیبەی ئەلئەکراد بووە و دژی گروپەکانی سەر بە تورکیا و داعش شەڕی کردووە. بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فورات نیوز، باکوور جیلۆ سەرەتا لە کۆبانێوە هاتووە بۆ گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب لەساڵی 2013 و دواتر لەوێ ماوەتەوە، هەرچەندە پێیان گوتووە بچێتەوە بۆ کۆبانێ، بەڵام ئەو گوتوویەتی: ئێرە پێویستى بە کارى زۆر هەیە، پێویستە رەنجێکى زۆر بۆ ئێرە بدرێت. هەڤاڵان لەوێن و دەتوانن کارەکانى منیش لەوێ ئەنجام بدەن. فەرماندە باکور جیلۆ شارەزایەکی زۆر وردی لە تاکتیکەکانی جەنگ هەبووە و دەوترێت: خەڵکی ئەو دوو ئەو دوو گەڕەکە لەسەر دەستی ئەو فێری خۆبەڕێوەبەرێتی و شەڕی تونێڵ و کۆڵان بە کۆڵان بوون، فێری بێواتاکردنی گەمارۆکان و تەکنەلۆژیای شەڕ بوون. مەزڵوم خەلیل کە یەکێک بووە لە شەڕڤانانەکانى بەرخۆدانى حەلەب ئا بەم جۆرە باسی سەرکردایەتی باکوور جیلۆ دەکات و دەڵێت: ئەو فێرى دەکردین، دەبێت چۆن شەڕ بکرێت و ورەى بە هەموو کەس دەبەخشی، دەیگوت، شێخ مەقسود ناموسمانە و نابێت لە دەستى بدەین، هەڤاڵ باکوور ورەى دەداینێ و دەیگوت، نابێت ورەتان بڕوخێت، ئەو شوێنانەى کە لە دەستمانداون دەبێت بە دەستیان بهێنینەوە، ئێمەش بە شەڕ گەڕاینەوە و ئەو کۆڵانانە و ئەو شوێنانەى لە دەستمان دابوون، کۆنترۆڵمان کردنەوە. تەنانەت باکور جیلۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکانی یەکخستبوو و لە ژێر فەرماندەیی ئەودا دژی گروپەکانی سەر بە تورکیا دەجەنگان و دانیشتوویەکی گەڕەکە کوردییەکان لەبارەی فەرماندە باکور جیلۆ دەڵێت: هێزی کەتیبەی ئەلئەکراد لە پێکهاتە جیاوازەکانی کورد، عەرەب و تورکمان پێکهاتبوو، هەموویان بە پێشەنگایەتی شەهید باکور دەجەنگان. پشگیرییەکی بەهێزی مادی و مەعنەوی پێدەدان و مۆراڵیان لێیەوە وەردەگرت. هەڤال باکور کەسێتیەکی دەگمەنی هەبوو، هەم پێشەنگی شەڕی دەکرد، هەمیش لەناو خەڵکدا بوو. بروسک جەمال سابیر لە ساڵی 1984 لە سلێمانی لەدایکبووە و لە ٤ی نیسانی ٢٠١٦دا لە ناو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەدا گروپەکانی سەر بە تورکیا هێرشیان دەستپێکرد، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا باکور جیلۆ لە ٧ی نیسانی هەمان ساڵ شەهیدبوو. رۆژنامەنووس زمناکۆ ئیسماعیل لەبارەی فەرماندە باکور جیلۆ بەسەرهاتێکی خۆی و گەنجێکی رۆژئاوا دەگێڕێتەوە و دەڵێت لە قەندیل چاوی بە گەنجێکی کوردی حەلەب کەوتووە و پێی گوتووە: کوردەکانی حەڵەب قەرزداری سلێمانین، چونکە فەرماندە باکور خەڵکی سلێمانییە، ئەو توانی گەڕەکە کوردییەکانی حەڵەب بپارێزێ و فەرمانداری کورد بکات لەوێ، ئەگەر ئەو نەبووایە، دەمێک بوو کورد لەو شارە و لەو دوو گەڕەکە ببوو بەژێر پێی عەرەب و تیرۆریستانی داعشەوە.
ئەو گروپانە کێن لەژیر ناوی حکومەتی سوریا شەڕ بۆ تورکیا دەکەن؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی ماوەی سێ رۆژە چوار گروپی سەر بە دیمەشق هێرشی ناڕەوایان بۆسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستپێکردووە، بەڵام لە راستیدا ئەمانە چەکداری بەکرێگیراوی تورکیان و لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریی سوریا چالاکی ئەنجامدەدەن. لەم راپۆرتەدا بەوردی باسیان دەکەین کە چۆن دامەزراون و پەیوەندییان بە تورکیاوە چییە. ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ناسنامەی ئەو چوار گروپەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هەریەک لە فیرقەی سوڵتان سولەیمان شا، فیرقەی سوڵتان موراد، فیرقەی حەمزە و بزووتنەوەی نورەدین زەنکی هێرشی سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئەنجام دەدەن. با لە فیرقەی سوڵتان مورادەوە دەستپێبکەین چونکە ئەمە گرنگترینیانیە. فیرقەی سوڵتان موراد لە ئازاری ساڵی 2013ـەوە دروستبووە و سەرکردەکەی فەهیم عیسایە کە یاریدەدەری وەزیری بەرگری سوریاشە بۆ کاروباری باکووری سوریا. ئەم گروپە لە پێکهاتەی تورکمان دروستبووە و تورکیا چەندین ساڵە هاوکاری دارایی و سەربازیی دەکات و تەنانەت راهێنانیشی پێدەکات. فەهیم عیسا چەند جار سەردانی تورکیای کردووە و لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەوە پێشوازی لێکراوە، لەوانە سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری پێشووی ناوخۆی تورکیا لە ساڵی 2021 و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە ساڵی 2023. گروپی دووەم فیرقەی سوڵتان سولەیمان شایە کە بە فیرقەی عەمشات ناسراوە و لەلایەن ئەبو عەمشەەوە سەرکردایەتی دەکرێت. ئەبو عەمشە، کە ناوی تەواوی محەمەد جاسمە لەساڵی 2018 هێزەکەی دامەزراند وهەر زوو خۆی خزاندە نێو سویا نیشتمانی سوریا کە ئەوکات سوپای ئۆپۆزسیۆنی سوریا بوو و تورکیا پشتگیری تەواوی دەکرد. کەناڵی بی بی سی عەرەبی دەڵێت، ناوی گروپەکە لە سولەیمان شا، باپیرە گەورەی عوسمانی یەکەمەوە، وەرگیراوە کە دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە، ناوەکەش گوزارشتە لە سیاسەتی پاوانخوازی ئێستای تورکیا. دامەزراوەی جەیمستاونی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا باس لە ئەبو عەمشە دەکات ودەڵێت، هەر زوو وەک کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەرکەوت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی دەکرد. دامەزراوەکە باس لەوە دەکات، ئەبو عەمشە بووە سیمبولێکی ناسراوەی تورکیا و پاڵپشتیکارانی شوناسی سوننی لە سوریا. گروپی سێیەم فیرقەی حەمزەیە کە بە حەمزات ناسراوە و ئەمیش لە 2012 بۆ 2013 دامەزراوە. سەیفەدین بولاد کە بە سەیف ئەبوبەکر ناسراوە سەرکردایەتی ئەم گروپە دەکات و چەندین ساڵە هاوکاری لۆجیستی و دارایی لە ئەنقەرەوە پێدەگات. فیرقەکە بەشێک لە شارۆچکەکانی وەک ئەلباب، جەرابلوس و بەشێکی عەفرین بەڕێوە دەبات. هەریەک لە فیرقەی حەمزە و عەمشات پێشتر چەندین جار بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی رۆژاڤا کردووە. گروپی چوارەم بزووتنەوەی نورەدین زەنکییە، لە ساڵی 2014ـەوە دروستبووە و شێخ تەوفیق شەهابەدین سەرکردایەتی دەکات. ئەم فیرقەیە چەندین جار بەیعەتی خۆی بۆ گروپە جیاوازەکان گۆڕیوە و ساڵی 2017 چووە نێو دەستەی تەحریر شام، بەڵام زۆری پێنەچوو، لێی جیا بوویەوە و شەڕی دژی راگەیاند، تا لە ساڵی 2019 دەستەی تەحریر شام بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع بزووتنەوەی نورەدین زەنکی تێکشکاند، دواتر چوونە عەفرین و تێکەڵ بە سوپای نیشتمانی سوریا کران. ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەڵێت، هەموو ئەم گروپانە لە لسیتی سزا نێودەوڵەتییەکاندان بەهۆی تاوان و سەرپێچیکردنیان لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەشداریکردنیان لە چەندین کشتوبڕ و تاوانی گەورەی دیکەدا. گروپی حەمزە و عەمشات و سەرکردەکانیشیان لەساڵی 2023ـەوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان. چەندین پێشێلکاری ئەم دوو گروپە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمارکراوە، وەک بەئامانجگرتنی نەژادی، کوشتنی نارەوا و توندوتیژی سێکسی دژی کەمە نەتەوایەتییەکان، لەوانە عەلەوییەکان و کورد. هەروەها دەستیان هەیە لە کوشتوبڕی هەڕەمەکی، تاڵانی فراوان و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی خەڵک، بەتایبەتی لە عەفرین و مەنبەج. بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، هەمان ئەم گروپانە بەشداربوون لە کوشتاری عەلەوی و دروزەکان لە ساڵی رابردوو. دامەزراوەی جەیمستاون دەڵێت، ئەمەی دەگوزەرێت لە سوریا ئەوەمان پێدەڵێت کە میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق کار دەکەن چونکە هاوکاری لۆجیستی و داراییان لە ئەنقەرەوە پێدەگات و زیاتر دەبێت وەک موڵکێکی تورکی لێیان بڕوانرێت نەک هیزی سوپای سوریا. دامەزراوەکە دەشڵێت، رەنگ ەئەمە بەدەستی ئەنقەستیش بێت چونکە حکومەتی سوریا دەیەوێت وا بمێننەوە و کۆنترۆڵی تەواوەتییان نەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، ئەگەر ئەمەش راست بێت ئەوا ئەم گروپانە ئازاد دەبن لەوەی دژی هەر "دوژمنێکی" دیمەشق بوەستنەوە بەبێ ئەوەی حکومەتی سوریا لە تاوانەکانیاندا تێوەبگلێت، هەروەک ئەوەی ئیستا بەرامبەر کوردانی حەلەب دەیکەن.
لە کۆبوونەوەکانیان باسی هەسەدەیان کردووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لە کۆبوونەوەکانی پاریس لەنێوان تیمی دانوستانکارانی ئیسرائیل و سوریا کە بە سەرپەرشتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە زیاتر لە بەرژەوەندی تەلئەبیبە و داواکانی دیمەشق پشتگوێخراوە. لەدوای دوو رۆژ لە کۆبوونەوەی چڕ، هەر سێ لایەنی ئەمریکی-ئیسرائیلی-سوری بەیاننامەیکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ئیسرائیل و سوریا رازیبوون بە دامەزراندنی شانەیەکی پەیوەندی بۆ ئاسانکردنی هەماهەنگی لەنێوانیاندا لەسەر بابەتی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، هێورکردنەوەی دۆخی سەربازیی، پەیوەندی دیپلۆماسی و زیادکردنی هەلی بازرگانی، سەرجەم ئەمانەش لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت. شاندەکەی سوریا بە سەرپەرشتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و شاندەکەی ئیسرائیلیش رۆمان گۆفمان، سکرتێری سەربازی نەتانیاهۆ و گیل رایک، راوێژکاری کاتی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلی تێدا بوو. ئەمە پێنجەم خولی دانیشتنەکانی هەردوولا بوو بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لەسەر سنووری وڵاتەکانیان و کەناڵی ئای24نیوزی ئیسرائیلی دەڵێت، دیمەشق لاری لەسەر ئەوە نییە ئیسرائیل نووسینگەیەکی پەیوەندی و هەماهەنگی لە دیمەشق بکاتەوە بەو مەرجەی نووسینگەکە پێگەی دیپلۆماسی هەڵنەگرێت، ئەمەش رێک پێچەوانەی سیاسەتی سوریا خۆیەتی کە نایەوێت هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت. پیشتر داواکاری سوریا ئەوە بوو، ئیسرائیل بکشێتەوە لەو ناوچانەی باشووری سوریا کە لەکاتی رووخانی رژێمی ئەسەد داگیریکرد، بەڵام لە کۆبوونەوەکاندا نەک هەر ئەوەی بۆ جێبەجێنەکراوە، بەڵکو ئیسرائیل بەنیاز نییە بە هیچ شێوەیەک لەو شوێنانە بکشێتەوە. لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئیسرائیل بە قووڵایی نزیکەی 40 کیلۆمەتر هاتە نێو خاکی سوریاوە و پێگە سەربازییەکانی تەنها 25 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورن. بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی، واشنتن لە کۆبوونەوەکانی پاریس پێشنیازی دامەزراندنی زۆنێکی ئابووری کردووە لە ناوچەکانی سەر سنووری هەردوولا و بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی گوتووە، ئەم زۆنە ئابووریە کێڵگە بەخێوکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵکردن و باشترین خلیسکێنەی سەر شاخی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدا دادەمەزرێنرێت، درووزەکانیش تێیدا بەشدار دەبن کە باشترینن لە پێشوازیکردنی گەشتیاران. چۆن باسی هەسەدە کراوە؟ بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئای24نیوزی ئیسرائیلی، تەلئەبیب داوای لە واشنتن کردووە جارێ رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دوابخرێت لەبارەی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا تاوەکو ئیسرائیل خۆی دەگات بە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتا لەگەڵ دیمەشقدا سەبارەت بە ناوچەکانی سەر سنوور. سوریا فشارێکی زۆر لە هەسەدە دەکات لەسەر تێکەڵبوون بە سوپای وڵاتەکە رازیببێت و لە کۆتایی ساڵی رابردوو چەندین جار هێرشکرایە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و ئێستاس دوو رۆژە هەمان هێرش لەلایەن گروپەکانی سەر بە دیمەشەقەوە بۆ سەر ئەو گەڕەکانە دەستیپێکردووە، هەسەدەش بە پیلانی تورکیای دەزانێت و دەڵێت، لەماوەی دوو رۆژدا حەوت کەسی سڤیل کوژراون و 52 کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
تۆقیوون لەوەی دوای مادورۆ سەرەی ئەوان بێت ئامادەکردنی هاوڵاتی لەدوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و رفاندنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی وڵاتەکە، بۆ شاری نیویۆرک، کۆمەڵێک وڵات ترسی گەورەیان لێنیشتووە کە رەنگە ببنە نێچیری داهاتووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. دەستگیرکردنی مادورۆ سەرجەم هاوکێشەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، سەروەری خاک و جەنگی گۆڕیوە و ئێستا ئیتر هیچ سەرۆکێک ناتوانێت خۆی لەژێر سەروەری خاکی وڵاتەکەی بپارێزێت. ئاماژەیەکی گەورە هەیە ئەمجارە سەرەی ئێران بێت، بەتایبەتی ئێستا کە خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکە ماوەی 10 رۆژە بەردەوامییان هەیە. بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێستا بەرپرسانی ئێران فشارێکی گەورەیان لەسەرە هەم لەلایەن خۆپیشاندەران وهەم لەلایەن ئەمریکاوە، بۆیە بەتەواوی دەستیان گیراوە و بژاردەی باشیان لەبەردم نییە بۆ دەرچوون. بەرپرسێکی ئێران بە رۆیتەرزی گوتووە، بەشێک لە بەرپرسانی ئێران دوای رووداوەکانی ڤەنزوێلا ترسیان هەیە رەنگە ببنە قوربانی داهاتووی سیاسەتە تووندەکانی ترەمپ، ئێستا لە تاران ترسی ئەوە دروستبووە رەنگە ترەمپ یان ئیسرائیل کردەی سەربازیی دژی ئێران ئەنجام بدەن. هەرچەندە تا ئێستا خۆپیشاندانەکانی ئێران بۆ زیاتر لە 22 شار و پارێزگا فراوان بوون، بەڵام هێشتا لەرووی قەبارە و ژمارەوە بچووکە و نەگەیشتووەتە ئاستی نارەزایەتییەکانی ژینا ئەمینی لە 2022 بۆ 2023. تائێستا 19 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژراون و پێشتر ترەمپ گوتی، هەر بزانین ئێران خۆپیشاندەران دەکوژێت یەکسەر دەستوەردان دەکەین و خۆپیشادەران رزگار دەکەین. رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، چەند ئاماژەیەکمان بەدەستگەیشتووە دەریدەخات ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە بەجۆرێک دەستوەردان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران بکات و هەڕەشەی هێز بەکاربهێنێت یان هێرشێکی سنووردار ئەنجام بدات بەمەبەستی پشتگیرکردنی خۆپیشاندەران. رۆژنامە ئیسرائیلییەکە دەڵێت، تا کاتی پێش دەستگیرکردنی مادورۆ، زۆربەی بەرپرسانی ئیسرائیل بەو جۆرە لە خۆپیشاندانەکانی ئێرانیان نەڕوانیوە کە گۆڕینی رژێم پێویست بێت، بەڵام ئێستا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن لابردنی مادورۆ لەسەر دەسەڵات دەکرێت ببێتە پێشینەیەک بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازیی دژی رژێمی ئێران. ئۆرشەلیم پۆست دەشڵێت، هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە بڕیاری کۆتایی درابێت لەسەر بابەتەکە و تەنها بۆچوونێکە کە دروستبووە، بەڵام وادەردەکەوێت دەستوەردانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا بۆ ئیسرائیل بووبێتە جێی سەرسوڕمان و هێرشەکە هەموو حساباتەکانی ئیسرائیلی لەبارەی ئێرانەوە گۆڕیوە. تەنها ئەمە نییە، بەرپرسانی ئێران ئێستا لە دۆخێکدان کە پلانی هەڵهاتنیشیان داناوە. رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردووەتەوە، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران پلانی داناوە بۆ مۆسکۆ هەڵبێت لە حاڵەتی ئەوەی خۆپیشاندانەکان فراوان ببن و توانای کۆنتڕۆڵکردنیان نەمێنێت. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، خامنەیی تەمەن 86 ساڵ لەگەڵ 20 کەس لە کەسە نزیکەکانی خانەوادەکەی و راوێژکارەکانی، کە موجتەبای کوڕیشی تێدایە، فڕۆکەیەکیان بۆ ئامادەکراوە و رێی دەرچوونیانە ئەگەر بزانن سوپای پاسداران شکست دەهێنێت و خۆپیشاندەران سەردەکەون. سەرچاوەکە دەشڵێت، پلانی هەڵاتنەکە ئەمانە لەخۆدەگرێت، کۆکردنەوەی سەروەرت و سامان و بردنی پارەی کاش لەگەڵ خۆیان بۆ مۆسکۆ، ئەمەش هەمان تاکتیکی بەشار ئەسەد، سەرۆکی رووخاوی سوریایە کە لە کۆتایی 2024 بۆ مۆسکۆ هەڵات. تەنانەت پێش رووداوەکانی ڤەنزوێلاش، ترسی ئەوە هەبوو لە 2026 ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر ئێران چونکە بە گویرەی راپۆرتێکی ئاکسیۆسی ئەمریکی، نەتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیل هێرشەکەی پێشوویان بەدڵ نەبووە و نەتانیاهۆ لە سەردانەکەی هەفتەی رابردووی بۆ لای ترەمپ باسی ئەگەری هێرشکردنەسەر ئێرانی کردووە.
هاوەڵ و پشتگیریکاری سەرسەختی مەزڵوم عەبدییە ئامادەکردنی هاوڵاتی. عەمید کێڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزی هاوبەشی ئەرکە تایبەتەکانە لە عێراق و سوریا بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش. لەدوای ئەوەی هاوەڵی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ـی کرد بۆ دیمەشق، بووەتە ناوێکی بەربڵاوی میدیا کوردی و عەرەبییەکان. لامبێرت کێیە؟ عەمید کیڤین جەی لامبێرت لە ساڵی 1971 لە فۆرت پۆلکی ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا لە خێزانێکی سەربازی لە دایکبووە. لامبێرت لە ساڵی 1993 لە زانکۆی ساوس جۆرجیا بووەتە ئەفسەر و چەندین رۆڵی گرنگی پێدراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا. ئەزموونەکانی لامبێرت زۆرن، تەنانەت راهێنانی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش کردووە لە حوزەیرانی ساڵی 2024 کاتێک فەرماندەی گشتی فەرماندەیی هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بووە و هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80. لە حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە، پۆستی فەرماندەی هێزی هاوبەشی ئەرکە تایبەتەکانی لە عێراق و سوریا بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش پێدراوە. یەکەم کەسیش مەزڵوم عەبدی پیرۆزبابیی پۆستەکەی لێکرد و گوتی، بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ لامبێرت دەکەین بۆ وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتیە لەم کاتە هەستیاردا، کە پێویستی بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش هەیە. لامبێرێتیش لە وەڵامی پەیامەکەی عەبدی دا گوتبووی، هاوبەشی نێوان ئەمریکا و هەسەدە تەنیا سەربازی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سەقامگیری درێژخایەنەوە هەیە. لامبێرت، پشتگیریکارێکی رێککەوتنامەی 10ـی ئازاری نێوان دیمەشق و هەسەدە و تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە بە سوپای سوریا. ئەوەی زۆترین چاوی چووەتەسەر سەردانەکەیەتی بۆ دیمەشق لەگەڵ شاندی هەسەدە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا. ئامادەبوونی لامبیرت و هاوەڵیکردنی مەزڵوم عەبدی دەریدەخات کە گفتوگۆکان جیدین و ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتن دەیەوێت وەک گەرەنتیکارێکی رێککەوتنەکە ئامادەبێت تا زامنی ئەوە بکات تێکەڵبوونی هەسەدە دەکەوێتە ئەو چوارچێوە فراوانە ئەمنییەی ئەمریکا دیاریکردووە. بەگوێرەی هەندێک هەواڵی نافەرمی، مەزڵوم عەبدی و کێڤن لامبێرت بە یەک فڕۆکە سەردانی دیمەشقیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا. تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام هەسەدە دەڵێت: کۆبوونەوەکە لەبارەی گفتوگۆکردن لەسەر تێکەڵبوون بە سوپای سوریا بوو لەچوارچێوەی دیالۆگە فەرمییەکاندا، هەردوولا رێککەوتن بەردەوامی بە کۆبوونەوەکان بدەن لە چەند رۆژی داهاتوودا و بابەتی تێکەڵبوون بە سوپای سوریا بەشێوازێکی رێکخراو تاووتوێ دەکرێت هەتاوەکو دەگەین بە ئەنجام.
چیرۆکی ئەو وڵاتەی خاوەنی زۆرترین ئاڵتوونی رەشە، بەڵام خەڵکەکەی لە هەژاریدا نقووم بوون ئامادەکردنی هاوڵاتی. نزیکەی 48 کاتژمێر بەسەر هێرشی ئەمریکا بەسەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی مادورۆ تێدەپەڕێت، دۆناڵد ترەمپیش لە یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا گوتی، مادورۆ تاوانبارە بە تیرۆر و بارزگانی مادەی هۆشبەر بە هاوردەکردنی بۆ ئەمریکا. بەڵام ئەوەی دەمێکە ترەمپ باسی دەکات و کەمتر چاوی خەڵکی کەوتووەتە سەر، پرسی نەوتی ڤەنزوێلا و قەرزەکانی وڵاتەکەیە بۆ کۆمپانیای شێفرۆن، کە بە نزیکەی دوو و بۆ سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و راپۆرتێکی سکای نیوزیش بە هۆکارێکی هێرشەکەی دەزانێت. دۆناڵد ترەمپیش لە کۆنفرانسەکەی دوێنیدا یەکسەر گوتی، جارێ خۆمان ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین و کۆمپانیای گەورەی ئەمریکیشان بۆ دەنێرین بە بڕی ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە بواری نەوتدا بکات و پارەکەی دەدەین بە خەڵک. مێژووی بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا دووردرێژە، بەڵام ئێمە لە ساڵی 1990ـەکاوە باسی دەکەین کاتێک هۆگۆ جاڤێز، سەرۆکی ئەو کاتی ڤەنزوێلا دەرگای وڵاتەکەی بەرەو ڕووی کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێانی نەوت کردەوە و هەرسێ کۆمپانیای ئەمریکی کۆنکۆفلیپس و ئێکسیۆن مۆبیل و شێفرۆن روویان لە ڤەنزوێلا کرد. ئامانجی دەرگا کردنەوەکەی چاڤێز بۆ وەبەرهێنان لە بواری نەوتی قورس بوو کە جۆرێکی تایبەتە و وەک قیر وایە، پێویستی بە کێڵگەی تایبەت و مادەی کیمایی تایبەت هەیە بۆ شل کردنەوە و فرۆشتنی، ئەمریکاش پێویستی زۆری بەو جۆرە نەوتە هەیە، چونکە پاڵاوگەکانی تەکساس و لویزیانا پێویستیان بەو جۆرە نەوتەیە، بۆ ئەوەی لەگەڵ نەوتی سوکی وڵاتەکە تێکەڵی بکەن و رێژەیەکی زۆر گازوایل بەرهەم بهێنن، کە کارگەکانی ئەمریکا خواستی زۆریان لەسەری هەیە. هاتنی ئەو سێ کۆمپانیایە، بەرهەمهێنانی نەوتی گەیاندە بەرزترین ئاستی وڵاتەکە کە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا. مانەوەی ئەو سێ کۆمپانیایە چەند ساڵێکی خایاند و هۆگۆ چاڤێز لە بڕیارەکەی پەشیمان بوویەوە و لە ساڵی 2007 بڕیاری دا، نەوتی وڵاتەکە بە نیشتمانی بکات کە لە ٪64ـی بەرهەمهێنان بکەوێتە سەر کۆمپانیا خۆماڵییەکە، کە ناوی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ڤەنزوێلایە. کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش جگە لە شێفرۆن وڵاتەکەیان بەجێهێشت و رازی نەبوون لە ژێر سیاسەتی حکومەتەکەی چاڤێز ئیش بکەن، بەڵام شێفرۆن مایەوە. بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت تەواو کەمی کرد، کە لە کۆتایی ئەمساڵدا گەیشتە ملیۆنێک و 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. قەرزەکانی ڤەنزوێلا چەندە؟ هەرچەندە ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی جیهانە، کە بە نزیکەی 300 ملیار و سێ ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێنرێت، قەرزی کۆمپانیا شێفرۆنیش بە نزیکەی سێ ملیار دۆلار دەخەمڵیندرێت، قەرزەکان لەبەرە ئەوە بوون کۆمپانیاکە سیستمی سۆفتوێری بۆ کۆمپانیا نیشتمانییەکە دابین دەکرد. ئەمریکا لە ساڵی 2017ـەوە سزای بەسەر نەوتی ڤەنزوێلا سەپاند، بەڵام بۆ دانەوەی قەرزەکانی کۆمپانیای شێفرۆن، ئەمریکا رازی بوو، بەشێک لە نەوتی ڤەنزوێلا بۆ ئەمریکا بنێرێت بەو مەرجەی پارەی نەدرێت بە حکومەتەکەی مادورۆ، بۆ ئەوەی قەرزەکانی سەر کۆمپانیاکە نەمێنێت. بۆچی ئابووری ڤەنزوێلا وا داڕووخا و قەرزارە؟ هۆکارەکان زۆرن، بەڵام سێ هۆکاری سەرەکی هەبوون، یەکەمیان رۆشتنی ئەندازیار و کۆمپانیا بیانییەکان و شوێنگرتنەوەیان بە کەسانی سیاسی و ناشارەزا، کە توانای بەڕێوەبەردنی کێڵگەکەیان نەبوو و ئاستی بەرهەمهێانیان بە تەواوی دابەزاند. دووەم هۆکار، حکومەت پلانێکی نەبوو بۆ خەرجکردنی پارەی نەوت، کە گازوایل بە نرخێکی هەرزان و خۆراکی بێبەرامبەر بە هاوڵاتیان دەدا و تەنانەت نزخی گازوایل لە نرخی ئاویش هەرزانتر بوو، خەڵکیش گازوایلەکەیان بە قاچاخ بۆ دەرەوە دەبرد. سێیەم هۆکار، بیرە نەوتەکان بەردەوام نەوتی لێبەرهەم دەهێنرا، بەڵام حکومەت ئامادە نەبوو بەشێک لە پارەکەی لە نۆژەنکردنەوەی بیر و کێڵگەکان خەرج بکات.
