دۆناڵد ترەمپ، داوای لە ئەندامە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران کرد، کە رێگە بە تێپەڕاندنی یاسای بودجە بدەن و کۆتایی بە لەکارخستنی حکومەت بهێنن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘تروس سۆشیاڵ’ نووسیویەتی، “ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمارییەکان کار بە کارتی ترەمپ بکەن، کە بژاردەی ئەتۆمییە، بۆیە هەرئێستا کۆتایی بە رێگریکردن لە یاسای بودجە بهێنن”. ترەمپ بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دەڵێت، بژاردەكانی بەردەمتان رونن، دەتوانن لە ئەتۆمەوە دەستپێبكەن، دەستبەرداری لەكارخستنی حكومەت ببن، وتیشی، دوای گەشتەكەی بۆ ئاسیا، زۆر بیری كردووەتەوە تا بژاردەی ئەتۆمی دیاریكردووە. تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2026، پێویستی بە 60 دەنگی ئەنجومەنی پیران هەیە، ئێستا کە کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجومەنی پیران پێکدەهێنن، لە 1ی تشرینی یەکەمەوە بەربەستیان بۆ تێپەڕاندنی یاساکە دروستکردووە و بەوهۆیەشەوە زیانێکی زۆر بە ئابوریی ئەمریکا کەوتووە، لەگەڵیدا زۆر کەرت و فەرمانگەی حکومی وەستاون لە کارکردن.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە کۆریای باشوور، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتییەوە (Air Force One) وردەکاریی گفتوگۆکانی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرا کرد. ترەمپ کۆبوونەوەکەی بە "زۆر سەرکەوتوو" وەسف کرد و ئاماژەی بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانیی گرنگ و هاوئاهەنگی لەسەر دۆسییە هەستیارەکانی وەک ئۆکرانیا کرد. یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی کۆبوونەوەکە، واژۆکردنی ڕێککەوتنێک بوو لەبارەی کانزا دەگمەنەکان. ترەمپ ڕایگەیاند: "ڕێککەوتنمان لەبارەی کانزا دەگمەنەکان لەگەڵ چین واژۆ کرد." ناوبراو ئاشکرای کرد کە "ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی ساڵێکە و دەکرێت درێژبکرێتەوە." هاوکات، ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کەمکردنەوەی باجی پەیوەست بە ماددەی فێنتانیل بۆ 10% و جەختی کردەوە کە ناکۆکیی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات "چارەسەر کراوە." سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە پرسی ئۆکرانیا بە فراوانی لە گفتوگۆکاندا باس کراوە. ترەمپ وتی: "لەگەڵ چین لەسەر دۆسییەی ئۆکرانیا کاردەکەین،" و ئاماژەی بەوەدا کە شی جینپینگ بەڵێنی هاوکاری داوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک. سەبارەت بە دیداری لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور، ترەمپ ڕایگەیاند کە بەهۆی "سەرقاڵییەوە" نەیتوانیوە چاوی پێی بکەوێت، بەڵام حەز و ئارەزووی خۆی نیشان دا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر. ترەمپ وتی: "دەمەوێت جارێکی دیکە بگەڕێمەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور." لە وەڵامی پرسیارێکدا، ترەمپ جەختی کردەوە کە بابەتی تایوان بە هیچ شێوەیەک لە کۆبوونەوەکەدا باس نەکراوە. وتی: "بابەتی تایوان هەرگیز نەهاتە پێشەوە. لە ڕاستیدا گفتوگۆی لەسەر نەکرا." لە کۆتاییدا، ترەمپ جارێکی تر کۆبوونەوەکەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوودا سەردانی چین بکات. هەروەها ستایشی شی جینپینگی کرد و بە "سەرکردەیەکی مەزنی وڵاتێکی زۆر بەهێز" ناویبرد، کە ئاماژەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین.
ماڵپەرى بەغدا ئەلیەومى عێراقى، ئەمڕۆ لەهەواڵێکدا بڵاویکردەوە، مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، دوو رۆژ لەمەوبەر بە نهێنی سەردانی بەغدادى کردوەو چاوی بە ژمارەیەکی بەرپرسی عێراقی کەوتوە. ئەم سەردانە نهێنیەشى دوای ئەوەیە 10 رۆژ لەمەوبەر وەک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە عێراق دیاریکراوە، بەپێى هەواڵى میدیا عێراقیەکە، لە میانەى کۆبونەوەکانیشیدا، بابەتى پرسی هەڵبژاردن و مانەوەی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و ستراتیژی واشنتن تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکانی بووە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، کە تائێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پشتڕاستینەکردووەتەوە، سەردانەکەی ساڤایا دوور لە چاوی کەناڵەکانی راگەیاندن ئەنجامدراوە، بە هۆی ئەوەی سەردانەکەی بۆ پرسی سیاسی هەستیار بووە و گفتوگۆ لەسەر ستراتیژی داهاتووی ئەمەریکا بۆ عێراق، مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، هەڵبژاردن و هاوپەیمانێتییەکانی دوای هەڵبژاردن کراوە. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرپرسانی عێراق، دوو رۆژ لەمەوبەر مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، بە نهێنی سەردانی بەغدادی کردووە و زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پارتە سیاسییەکان و بەرپرسانی عێراق ئەنجامداوە. یەکشەممەى ڕابردوتر، ٢٠ى ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 'مارک ساڤایا'ـی وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دەستنیشانکرد، کە بازرگانێکی ویلایەتی میشیگنە و لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا سەرپەرشتیی تیمی بانگەشەی ترەمپی لەو ویلایەتە دەکرد. مارک ساڤایا، بازرگانێکی خەڵکی ویلایەتی میشیگنە و بە کارەکانی لە پیشەسازیی "کێنەبس"دا بەناوبانگە، کە جۆرە گیایەکە لە بواری پیشەسازیی دەرمانیشدا سوودی لێ دەبینرێت. مارک ساڤایا یەکێکە لەو کەسانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤدا هەبووە. ئەو بارمتەیەکی ئیسرائیلی بوو کە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک لە بارمتەبوونی لەلای گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئازاد کرا. دانانی مارک وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق، لە بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکادا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، ئەوەش بەهۆی ڕابردووی بازرگانیی پێشووی و نەبوونی ئەزموونی پێشووتری لە بواری دیپلۆماسیدا.
دوای ئەوەی مشتومڕ لەسەر ئەگەری کاندیدکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا دروستبوو، ترەمپ کۆتایی بە هەموو گومانێک هێنا و دەرگای لەسەر خەونی خولی سێیەمی داخست، دوای ئەوەی خولی ئێستای لە مانگی یەکی ساڵی 2029 کۆتایی دێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: جێگەی داخە رێگەی پێنادرێت خۆی بۆ خولی سێیەم کاندید بکات. ترەمپ لەناو فرۆكەكەی لە رێگای رۆیشتنی بەرەو کۆریای باشور بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: بەپێی راپرسییەکان ئاستی جەماوەریم لە بەرزترین ئاستیدایە، بەڵام وەک دەزانن لەسەر بنەمای ئەوەی خوێندومەتەوە، پێموانییە رێگەم پێبدرێت خۆم كاندید بكەم، بۆیە بزانین چی روودەدات... چونكە ئەوە جێگەی داخە. بەگوێرەی بیست و دووهەمین هەمواری دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە ساڵی ١٩٤٧ پەسەند کراوە، "نابێت هیچ کەسێک لە دوو جار زیاتر بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت". ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠٢١ خولی یەکەمی خۆی بەڕێوەبردووە، لە ٢٠ی كانونی یەكەمی ئەمساڵیشەوە دەستی بە خولی دووەمی کردووە. ترەمپ لەم دواییانەدا بە ئاشکرا باسی لە داواكاری لایەنگرانی دەكرد بۆ ئەوەی خۆی بۆ خولی سێیەم کاندید بکات، بەبێ ئەوەی ئەگەری ئەوە رەتبکاتەوە، هاوكات چەندین جار کڵاوی سوری نمایش کردووە کە دروشمی "ترەمپ ٢٠٢٨"ی لەسەرە، کە ساڵی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتییە. پێدەچێت ترەمپ بەم لێدوانە، کۆتایی بە هەر ئەگەرێکی هەوڵدانی بۆ خۆكاندیدكردنەوە هێنابێت.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی 20 فڕۆکەی جەنگیی یورۆفایتەر بە بەهای نزیکەی 11 ملیار دۆلارە ڕێککەوتوون. دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد. دوای کۆبوونەوەکە ستارمەر ڕایگەیاند: لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی یورۆفایتەر بە بەهای 10 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی 10 ساڵ واژۆ کردووە، دەشڵێت: ئەمە ڕێککەوتنێکی زۆر گرنگە، چونکە بۆ ماوەی ئەو هەموو ساڵە ئەو فڕۆکە جەنگیانە دروست دەکەین، بەمەش دەستی کار لە بەریتانیا زیاد دەکات. وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لەو بارەوە ئاماژەی داوە، ڕێککەوتنەکە لە 20 فڕۆکەی یورۆفایتەر پێکدێت، کە دەبێتە گەورەترین ڕێککەوتنی فڕۆکەی جەنگی، ڕاشیگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تواناکانی تورکیا و هێزی ناتۆ لە ناوچەکەدا پتەوتر دەکات. ئەردۆغان پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نوێی هاوکاریی بەرگری لەگەڵ بەریتانیا کرد و دوای واژۆکردنەکە گوتی: "ئێمە ئەم ڕێککەوتنە وەک هێمایەکی نوێی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان دوو هاوپەیمانە نزیکەکە دەبینین. ئاژانسی فرانس پرێسی لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، تورکیا دەیەوێت هێزی ئاسمانیی خۆی نوێ بکاتەوە و هەوڵی کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگیی ئەورووپا بە هاوبەشی لەلایەن بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیاوە دەدات. ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسێکی تورک ڕایگەیاندووە، بەریتانیا ئەمڕۆ ژمارەیەک فڕۆکە ڕادەستی تورکیا دەکات، بەبێ ئەوەی ژمارەکەیان ئاشکرا بکات و بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە فەرەنسییە پێ دەچێت دوو فڕۆکە بێت. واشنتن لە ساڵی 2019دا، بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ڕووسیی S-400، ئەنقەرەی لە پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35 دوور خستەوە. هەروەها چەند مانگێک لەمەوبەر سەرۆکی تورکیا سەردانی واشنتنی کرد و به مەبەستی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی F-35 لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک.
ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئامارێکی نوێی لەبارەی هێرشەکانی ڕووسیاوە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا مۆسکۆ بە هەزاران پارچە چەک هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەی. هاوکات، داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دەکات هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانە چڕبکەنەوە. لە گوتاری ڕۆژانەیدا، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کرد کە تەنها لە دوایین هێرشی ڕووسیادا بۆ سەر کیێڤی پایتەخت، سێ کەس کوژراون و 31 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە حەوتیان منداڵن. زێلێنسکی پەیامێکی ئاراستەی هاوپەیمانەکانی کرد و وتی: "پاراستن لە مەترسییەکی لەو شێوەیە تەنیا بە چڕکردنەوەی هەوڵە هاوبەشەکان دەبێت، نابێت هیچ نەتەوەیەکی جیهان لەبەردەم ئەم مەترسییانەدا بەتەنیا جێبهێڵرێت." "تەنیا لەماوەی هەفتەیەکدا ڕووسیا بە نزیکەی هەزار و 200 درۆنی هێرشبەر و 50 موشەکی جۆراوجۆر، کە زۆربەیان بالیستیکن، هێرشیکردووەتەسەر ئۆکرانیا." ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ بە چڕی کیێڤی پایتەختیشی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 2 کەس کوژراون و 12 کەسی دیکەش برینداربوون. تیمەکانی فریاگوزاری وێنەی ئاگرکوژێنەوەکانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا دەرکەوتن خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرە گەورانە بوون لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆن و مووشەکەکان لە ناوچەکانی دێسنیانسکی و دارنیتسکیی پایتەخت کەوتبوونەوە. هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رووسیا لە هێرشەکەدا 9 مووشەکی بالیستیی پێشکەوتووی جۆری ئیسکەندەر-M و 62 درۆنی هێرشبەریی جۆری شاهیدی بەکارهێناوە. هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا توانیویانە 4 مووشەکی بالیستی و 50 لەو درۆنانە بخەنە خوارەوە. هەفتەی رابردوو، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا پاکێجی نوێی سزایان بەسەر کەرتی وزەی رووسیادا راگەیاند کە ئامانج لێی پەکخستنی ئابووریی جەنگی مۆسکۆ و کەمکردنەوەی توانای داراییەتی بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکانی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، جەختی لە گرنگی پابەندبوونی ئیسرائیل و حەماس بە ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی کردەوە. ترەمپ ڕایگەیاند "پێویستە حەماس بە زووترین کات تەرمی بارمتەکان، بەتایبەتی تەرمی دوو سەربازی ئەمەریکی کە لای حەماس ماوەتەوە، ڕادەست بکاتەوە." ناوبراو مۆڵەتی 48 کاتژمێری دایە حەماس و ڕوونیکردەوە، ئەگەر پابەند نەبن، ئەمەریکا و وڵاتانی نێوەندگیر لە پرۆسەی ئاشتی غەززە بژاردەی دیکەیان دەبێت. ئاماژەی بەوەش دا "هەرچەندە گەیشتن بە هەندێک لە تەرمەکان ئاسان نییە، بەڵام حەماس دەتوانێت ئەو تەرمانەی ئێستا لەژێر دەستیدایە بیانگەڕێنێتەوە، ئەگەر نا، ئەوا واتای ئەوەیە کە حەماس بابەتەکەی بە دانانی چەکەوە بەستووەتەوە." سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، پێشتر هەڵوێستی دادپەروەرانەی خۆیان لەسەر ئەم پرسە ڕاگەیاندووە و بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکات لە 48 کاتژمێری داهاتوودا. بەگوێرەی خاڵی چوارەمی پلانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ڕازیبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست، دەبێت حەماس لە ماوەی 72 کاتژمێردا هەموو بارمتەکان بگەڕێنێتەوە؛ بەڵام تا ئێستا حەماس تەرمی 16 بارمتەی کوژراو و 20 بارمتەی زیندووی ڕادەست کردووە، و تەرمی 13 بارمتەی دیکە ماوە. دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، لە ئاگربەستی غەززەدا 59 وڵات بەشدارن، کە پێشتر هەرگیز ڕووداوێکی لەو شێوەیە نەبووە. ئێستا هەموویان دەیانەوێت ببنە بەشێک لە ڕێککەوتنی ئەبراهام، لەنێویاندا ئێرانیش هەیە. حەماس ڕایگەیاندووە، پابەندن بە ئاگربەستی غەززە و هەموو بارمتە زیندووەکانیان ڕادەستی ئیسرائیل کردووە، هەروەها ژمارەیەک لە تەرمی بارمتەکانیشیان داوەتە دەستی ڕێکخراوی خاچی سوور. حەماس جەختی لەوەش کردووەتەوە، بەردەوامن لە دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکانی دیکە.
کۆشکی سپی فشارێکی زۆر دەخاتە سەر کۆنگرێس بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی لەسەر سووریا ماوەتەوە، کە یاسای قەیسەر توندترین سزایە بەسەر سووریادا سەپێنراوە. پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، بەفەرمانێک زۆرینەی سزاکانی سەر سووریای هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام توندترین سزاکان کە سووریایان لە ئابووری جیهان دابڕاندووە، ئەو سزایانەن کە بە پێی یاسای قەیسەر دەرکراون و پێویستیان بە کۆنگرێس هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان. 'یاسای قەیسەر' یاسایەکی ئەمەریکایە کە سزای بەسەر حکوومەتی سووریا و بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری ڕژێمی پێشووی سووریادا سەپاندبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها ئامانجی یاساکە سزادانی هەر کەسێک و لایەنێکە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکات، سزاکەش زیاتر کەرتەکانی وزە و بیناسازی دەگرێتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2019 واژۆ کراوە و لە مانگی حوزەیرانی 2020 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەرپرسێکی باڵای کۆنگرێس بە ئەلمۆنیۆری گوت: بەرپرسانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بەتەواوی بۆ کۆنگرێس ڕوونکردووەتەوە، کە هەڵوێستی فەرمی ئیدارەکە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سزاکان و یاسای قەیسەرە. سەرچاوەیەکی دیکە لە کۆنگرێس ڕایگەیاند، تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا پەیوەندی بە یاسادانەرانی باڵای کۆمارییەکان کردووە و داوای لێکردوون پاڵپشتیی لە هەڵوەشاندنەوەی یاساکە بکەن. بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزاکان یاسادانەرانی هەردوو حزبی کۆماریی و دیموکراتەکانی یەکخستووە، کە سیناتۆر جین شاهین، لەبەری دیموکراتەکان و جۆ ویڵسنی کۆمارییەکان سەرکردایەتی هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر دەکەن. لە واشنتن هەندێک ڕێکخراوی لایەنگری ئیسرائیل هەن، داوای مانەوەی سزاکانی سەر سووریا دەکەن کە بە مەترسییەکی ئەگەری بۆ سەر ئیسرائیل و پێکهاتەکانی عەلەویی و دروزەکان دەزانن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، دیپلۆماتکار ستیڤن فاگین پەیوەندیی بە ژەنەڕاڵ پاتریک فرانکەوە دەکات، ئەو بەرپرسە سەربازییە، کە ئەرکی سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسی پێسپێردراوە. ستیڤ فەیگن، کۆنسووڵی پێشووتری ئەمریکا لە هەولێر و هەڵسوڕێنەری پێشووی کاروباری باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە بەغدا، لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە راسپێردرا بۆئەوەی چاودێریی ئاگربەستی غەززە بکات. دوایین ئەرکی دیپلۆماتەکە، هەڵسوڕاندنی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوو لە بەغدا، کە لە کۆتایی ئایار تاوەکو کۆتایی ئابی ئەم ساڵ بوو. ئەمریکا نزیکەی 200 سەربازی خۆی ناردووەتە سەنتەرەکە، شانبەشانی هێزەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپا، نوێنەرانی ئیمارات و ئوردن، و کارمەندانی نەتەوەیەکگرتووەکان و کارمەندانی مرۆیی کاردەکەن. ستیڤن فاگین کێیە و کارەکانی چی بووە؟ ستیڤن فاگین، ساڵى 2018 تاوەکو 2020 کونسوڵى ئەمریکا بوو لە هەولێر لە 2020 تاوەکو 2021 جێگرى سەرۆکى نێردەى ئەمریکا بووە لە بەغداد لە ساڵى 2022 وەک باڵیۆزى ئەمریکا لە یەمەن کارى کردووە لە 29ـى ئایار 2025 وەک کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق تاوەکو ئەمدواییانە کارى کردووە
دوو فڕۆكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمەریكا، چەكی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دەباتە بنكەیەكی لە رۆژئاوای كوردستان. بەپێی هەواڵێكی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، دوو فڕۆكەی بارهەڵگری ئەمەریكا كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كاردەكەن، بە باری چەكی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و پشتیوانی لۆجیستییەوە لە بنكەی "خەراب جەیر" لە دەوروبەری رمێلان نیشتوونەتەوە كە دەكەوێتە باكوری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان. ئەو جموجوڵە نوێیەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمەریكا، لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانە لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان. لە 21 ی ئەم مانگەش، فڕۆكەیەكی بارهەڵگری ئەمەریكا كە دوو هێلیكۆپتەری سەربازیی دەیانپاراست، لە بنكەی "خەراب جەیر" لە رمێلان نیشتوونەتەوە. بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێییەكان، ئەو دوو فڕۆكە بارهەڵگرەی دواین جار لە بنكەكە نیشتوونەتەوە چەكی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانییان هەڵگرتووە، لەگەڵ هاوكاری لۆجیستی بۆ هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان، ئەو هاوكارییە سەربازییانەش ماوەیەكە زیادیانكردووە. پەیوەندی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بۆ 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هاوپەیمانییەكە پشتیوانی لە دامەزراندنی هەسەدە كرد وەك هاوبەشێكی ناوخۆیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا. ساڵانێكە هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا جێگیرن، جگە لەوەی لە سێگۆشەی سنوریی نێوان عێراق- سوریا-ئوردن و لە بنكەی تەنەف جێگیربوون. سەرەڕای پشتیوانی دارایی، بەشێك لەو پاڵپشتییە داراییەی كە هاوپەیمانان و هێزەكانی ئەمەریكا پێشكەشی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكەن، لە شێوەی پاڵپشتی سەربازی و لۆجستیدایە، كە لە چوارچێوەی كاروانە سەربازی و پاڵپشتییە لۆجستیدا و لە بنكەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە دەگەیەنرێنە بنكەكانیان لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، "توانای زانستی ئەتۆمی ئێران لەناو نەچووە و دەشڵێت، تاران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە". ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە میدیاى سویسراى ڕاگەیاندووە، گەرچی زیانی زۆر بەر وێستگە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان کەوتووە، بەڵام توانای زانستی و تەکنیکی و پیشەسازیی ئەتۆمی ئێران لەناو نەچووە و دەکرێت سەنتەرفیوجەکان جارێکی دیکە کەڵکیان لێوەربگیرێتەوە و دروستبکرێنەوە. 23ـی حوزەیرانی 2025، لە یازدەیەمین ڕۆژی جەنگدا، ئیسرائیل شارەکانی تاران، کەرەج و قومی بۆردوومانکرد، دواتر هەریەکە لە وێستگە ئەتۆمییەکان و زانکۆى شەهید بەهەشتى و دەروازەکانى زیندانى ئێوین بە ئامانجگیران، دۆناڵد ترەمپیش ڕایگەیاند، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیان لەناوبردووە. سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەشڵێت، "تاران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە کە دەکاتە سەروو 60% و ئەگەر بەردەوامبێت لە پیتاندن، توانای دروستکردنی نزیکەی 10 بۆمبی ئەتۆمیی دەبێت". گرۆسی باسى لەوەشکردووە، "هیچ بەڵگەیەکیان نییە ئێران پلانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی هەبێت و دوای جەنگی 12 ڕۆژەش، تاران دەیتوانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بپچڕێنێت، بەڵام نەیکرد، گوتیشی، لە کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە لەگەڵ تاران بەردەوام دەبن. 23ـی ئەیلولی ئەمساڵ، زیاتر لە 70 پەرلەمانتاری ئێران داوایانکردووە وڵاتەکەیان چەکی ئەتۆمی دروستبکات و گۆڕانکاری لە فەتواکەی خامنەیدا بۆ حەرامکردنی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بکرێت کە لە ساڵی 2010 بە فەتوای عەلی خامنەیی، دروستکردن و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لەلایەن وڵاتەکەیەوە قەدەغەکراوە. دوێنێ چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمیش، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، داواکارییە زیادەڕۆکانی ئەمریکا دانوستانەکانی پەکخست. گوتیشی، "تاوەکو کۆتایی بەو داواکارییانەی ئەمریکا نەیات، تاران ناگەڕێتەوە بۆسەر مێزی دانوستانەکان". ئەمریکا و فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بڕیارنامەیەکیان دژی تاران ئاڕاستەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد، دواتر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بە نۆ دەنگی نەخێر و چوار دەنگی بەڵێ و دوو بێلایەن، بڕیاردرا سزاکانى سناپباک بگەڕێتەوە سەر تاران، 28ـی ئەیلولیش بە فەرمی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کە بە "سناپباک" ناسراوە گەڕایەوە سەر تاران.
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە تاران ناگەڕێتەوە دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن و ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی ئەمەریکا داواکاریی نادادپەروەرانەی هەبێت، لەگەڵ ئەمەریکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی دەستە بە گفتوگۆکان ناکەن. ڕۆژی چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) لە زاری عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی داواکارییە زێدەڕۆیییەکانی ئەمەریکا، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو وڵاتە بە تەواوی ڕاوستاون و هیچ پێشڤەچوونیان بە خۆوە نەبینیوە. چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، عراقچی ڕایگەیاندبوو، لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیر پەیوەندییان لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، و دووپاتی کردەوە، ئێران هەمیشە پابەند بووە بە دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانە. هەروەها مانگی ڕابردوو سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، پێشتر چەندین پەیامێکیان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە گەیەنراوەتە واشنتن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام ئەمەریکییەکان وەڵامیان نەداوەتەوە. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، فاتیمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، باسی لەوە کردبوو، بەرپرسانی ئەمەریکی ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە نەبوون کە ئێران لە کاتی کۆڕبەندی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک پێشنیازیان کردبوو. ئەمەریکا، وڵاتانی ئەورووپا و ئیسرائیل، ئێران بە پێشێلکاری ڕێککەوتنی 2015 تۆمەتبار دەکەن، بەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، دەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات، لای خۆشیەوە ئێران ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە. تاران و واشنتن دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران دوای پێنج گەڕ دانوستانەکانیان ڕاگیراون و تاوەکوو ئێستا دەستیان پێ نە کردووەتەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە نامەیەکی پێگەیشتووە و تێیدا "سوپاسی کردووە بۆ پشتگيريى له ههوڵهكانى لهپێناو ئاشتي دا، ههروهها جهخت له گرنگيى نههێشتنى ناكۆكى و ئاڵۆزييهكان له ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست دهكاتهوه." رۆژی چوارشەممە، 22-10-2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا گەیشتنی نامەیەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیاند. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سوپاسى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى دهكات بۆ پشتگيريى له ههوڵهكانى لهپێناو ئاشتيدا، ههروهها جهخت له گرنگيى نههێشتنى ناكۆكى و ئاڵۆزييهكان له رۆژههڵاتى نێوهڕاست دهكاتهوه." له نامهكهيدا بۆ نێچيرڤان بارزانى، ترهمپ "دووپاتی دهكاتهوه كه وڵاتانى جيهان دهتوانن بهسهر ناكۆکييه كۆنهكاندا سهربكهون و بهرهو داهاتوويهكى هاوبهش له ئاشتى و سهركهوتن و گهشهسهندن ههنگاو بنێن." بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: " [ترەمپ] موكوڕيى خۆى و ئيدارهكهى بۆ جێگيركردنى ئاشتييهكى بهردهوام و نههێشتنى ئاڵۆزييهكان له رۆژههڵاتى نێوهڕاست و كۆتاييهێنان به شهڕ و كوشتار له ناوچهكه و ههموو جيهان، نيشان دهدات." "سهرۆك ترهمپ له كۆتاييى نامهكهيدا وێڕاى سڵاو و ڕێز، هيواى سهركهوتن بۆ سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و خانهوادهكهى دهخوازێت." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وادەڵێت. دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: شهوى ڕابردوو، سێشهممه 2025/10/21 بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، نامهيهكى له بهڕێز دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكى وڵاته يهكگرتووهكانى ئهمهريكاوه پێگهيشت. تيايدا سوپاسى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى دهكات بۆ پشتگيريى له ههوڵهكانى لهپێناو ئاشتيدا، ههروهها جهخت له گرنگيى نههێشتنى ناكۆكى و ئاڵۆزييهكان له ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست دهكاتهوه. له نامهكهيدا بۆ سهرۆك نێچيرڤان بارزانى، سهرۆك ترهمپ دووپاتی دهكاتهوه كه وڵاتانى جيهان دهتوانن بهسهر ناكۆکييه كۆنهكاندا سهربكهون و بهرهو داهاتوويهكى هاوبهش له ئاشتى و سهركهوتن و گهشهسهندن ههنگاو بنێن. ههر لهو ميانهدا موكوڕيى خۆى و ئيدارهكهى بۆ جێگيركردنى ئاشتييهكى بهردهوام و نههێشتنى ئاڵۆزييهكان له ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و كۆتاييهێنان به شهڕ و كوشتار له ناوچهكه و ههموو جيهان، نيشان دهدات. سهرۆك ترهمپ له كۆتاييى نامهكهيدا وێڕاى سڵاو و ڕێز، هيواى سهركهوتن بۆ سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و خانهوادهكهى دهخوازێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، مارکۆ روبیۆ بە تەلەفۆن لەگەڵ سوودانی قسەی کردووە و داوای لێکردووە پەلە بکرێت لە "چەکداماڵینی میلیشیاکان کە ئێران پشتیوانییان دەکات". بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆبیۆ هەروەها پیرۆزبایی هەناردەکردنەوەی نەوتی لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە لە سوودانی کردووە. بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، روبیۆ و سوودانی تاوتوێی هەوڵەکانی تەواوکردنی گرێبەستە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقیان کردووە. مارکۆ روبیۆ، پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا و رایگەیاندووە، "ئەم هەنگاوە سوودی بۆ عێراق، تورکیا و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەبێت". لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ جەختی لە "پەلەکردن لە چەکداماڵینی ئەو میلیشیایانە کردەوە، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو گرووپانە "سەروەریی عێراق دەخەنە ژێر پرسیار، هەڕەشە لە ژیان و کاری ئەمریکی و عێراقییەکان دەکەن و سامانی عێراق بۆ ئێران بەفیڕۆ دەدەن." وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، روبیۆ پابەندبوونی ئەمریکای بۆ کارکردنی لەنزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان دووپاتکردەوە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، لەوانە پاراستنی سەروەریی عێراق، بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەیی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان.
سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، مارک ساڤایای وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دیاریکردووە. دەشڵێت، ئەو تێگەیشتنێکی باشی لە پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدادا هەیە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتى: "خۆشحاڵم مارک ساڤایا وەکو نێردەی تایبەتمان بۆ خزمەتکردن لە کۆماری عێراق ڕادەگەیەنم". مارک ساڤایا وەبەرهێنەرێکی ئەمریکییە و ئەو هاودامەزرێنەر و بەرێوەبەری کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی حەشیشە لە ئەمریکا. ئەو هەروەها هاودامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای " Future Grow Solutions"ـە کە دەرمانی پزیشکی لە حەشیش دروست دەکات. سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "تێگەیشتنی قووڵی مارک لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و ناوچەکە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا"، هاوکات پیرۆزبایی ئەو پۆستە نوێیەی لە مارک کرد و جەختی لە ڕۆڵی سەرەکیی دەکاتەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا لە میشیگن و دەڵێت: "مارک یارمەتیدەر بووە بۆ دەستەبەرکردنی دەنگێکی پێوانەیی موسڵمانە ئەمریکییەکان لەو ویلایەتە"، کە ڕێژەیەکی زۆر موسڵمانی ئەمریکی تێدا دەژی. مارک ساڤایا یەکێکە لەو کەسانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤدا هەبووە. ئەو بارمتەیەکی ئیسرائیلی بوو کە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک لە بارمتەبوونی لەلای گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئازاد کرا. رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، تسورکۆڤ لە ئێکسەکەیدا نووسی، "زۆر سوپاسگوزاری ئادەم بۆیلە، نێردەی تایبەت بۆ کاروباری بارمتەکان، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارک ساڤایا و میک بیرگمان دەکەم بۆ ئەو هەوڵانەی دایان بۆ ئازادکردنم". سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "مارک کارەکتەرێکی سەرەکیی کەمپەینەکەم بوو لە میشیگن، کە تێیدا ئەو و کەسانی دیکەش هاوکاربوون لە بەدەستهێنانی دەنگی موسڵمانان (لەو ویلایەتەدا). پیرۆزە مارک!"
