ئێوارەى ئەمڕۆ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس کۆبوونەوەو جەختییان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان کردووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و ژان نوێل بارۆ باس لە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و پرۆسەی سیاسی ناوچەکە و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کراوە. هەروەها مەترسی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە پرسێکی دیکە بوو کە گفتوگۆیان لە بارەوە کراوە. مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە پەیوەندی مێژووی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردووە، هاوکات بەهۆی پشتگیری فەرەنسا لە پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان ستایشی ئەو وڵاتەی کردووە. لەلایەکى دیکەوە، لەڕاگەیەندراوێکیاندا وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا ئەوەیانخستوەتە ڕوو، لەمەودوا لە پاریس شەقامى پێشمەرگە دەبێت جارێکى دیکە دانپێدانان و پشتیوانى هەمیشەیی فەرەنسا بۆ برا کوردەکان دووپاتکراوەتەوە کە لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵى گەورەیان هەیووە. هەروەها دەشڵێت: لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرکردەى مێژوویی کورد، باسمان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و عێراق و کوردستان کرد، لەپێناو بەرژەوەندی سەقامگیری ناوچەکە کردوە. ئەمڕۆ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی پەردەی لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادا، هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: فەرەنسا بە درێژایی مێژوو، هەموو کات هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتیی بەرانبەر بە گەلی کوردستان بووە و لە سەردەمی ژەنەراڵ دیگۆل تا ئەمڕۆ هەموو کات فەرەنسا پشتیوانی دۆزی گەلی کوردستان بووە و یەکەم وڵات بووە ڕێگەی داوە ئەنستیتۆی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە.
بارزانی دووپاتی کردەوە، پێشمەرگە هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ، ئازادی و دیموکراسی دەبێت. جەختی لەوە کردەوە، فەرەنسا و گەلی وڵاتەکە، هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندان. هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، وتارێکی پێشکەش کرد، وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ پاریس و ناونانی شەقامێک بە ناوی پێشمەرگە دەربڕی. مەسعود بارزانی گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کوردستان، فەرەنسا بە درێژایی مێژوو هەمیشە هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتی بەرانبەر بە گەلی کوردستان هەبوو. هاوکات ئاماژەی بەوە دا، فەرەنسا هەمیشە پشتیوانیی دۆزی گەلی کورد بووە، یەکەم وڵات بووە لە ئەورووپا کە رێگەی داوە ئینستیوتی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە. لە بارەی پێشمەرگەوە، بارزانی، ڕایگەیاند: "پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی ئەنجامداوە، بەڵام ئەم ڕێزگرتنەی کە ئێوە ئەمڕۆ بۆ پێشمەرگەتان کردووە، گوزارشت لە ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگە و دۆستایەتی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان دەکات". جەختی لەوە کردەوە، کوردستان هەمیشە جێگەی پێکەوەژیانە، پێشمەرگەش هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ، ئازادی و دیموکراسی دەبێت. مەسعود بارزانی باسی لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆرسیتی داعش کرد و گوتی: لە شەڕی دژی داعش 12 هەزار پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، پێشمەرگە لەو شەڕەدا سەروەرییەکی گەورەی بۆ خۆی و بۆ گەلی کوردستان تۆمار کرد. بارزانی سەرنجی خستە سەر پەیوەندی گەلی کوردستان و فەرەنسا و ئاماژەی بەوە کرد، بە دڵنیاییەوە هەتا کوردێک مابێت هەمیشە سوپاسگوزاری گەلی فەرەنسا دەبێت، پەیوەندی نێوان ئەو دوو گەلەش بەهێزتر و بەردەوام دەبێت. لە بارەی هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە دۆزی کورد، مەسعود بارزانی دەڵێت: جێگەی خۆشحاڵییە کە هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە دۆزی کورد نەگۆڕاوە، هەر چەندە لەو وڵاتە چەندین سەرۆک گۆڕدراون، بەڵام هەڵوێستیان بەرانبەر بە کورد نەگۆڕاوە. لە درێژەی قسەکانیدا، بارزانی باسی لە فرانسوا میتێران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا کرد و گوتی: فرانسوا میتێران یەکەم سەرۆکی ئەورووپی بوو لە ساڵی 1992 پێشوازیی لێ کردم ئەمەش مایەی شانازی و سەربەزییە بۆ من، هەروەها یەکەم خانمی ئەورووپیش کە فرمێسکی بۆ قوربانییانی گەلی کوردستان ڕشت، دانیال میتێران هاوژینی فرانسوا میتێران بوو، هەرگیز ئەو هەڵوێستەیان لەبیر ناکەین. مەسعود بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، فەرەنسا و گەلی وڵاتەکە هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندان. گوتیشی: "بژی پاریس، بژی هەولێر، بژی دۆستایەتی گەلی فەرەنسا و کوردستان". هەر لە بارەی ڕۆڵی پێشمەرگەوە سەرۆک بارزانی، ڕوونی کردەوە، پێشمەرگە بەرگریی لە هەموو عێراق دەکات دژی تیرۆرستان، ئەمەش شەڕەفێکی مەزنە کە ئەو ئەرکە پیرۆزە بەجێ دەهێنن و مایەی شانازییە. ئەمڕۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە پارکی 'ئۆندرێ سیترۆێن'، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادرا و شەقامێکیش بە ناوی پێشمەرگە ناونرا. بەم بۆنەیەوە، ئەمڕۆ لە شارەکە، ڕێورەسم و چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە چوون کە گوزارشت بوو لە ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی پیشمەرگە و گەلی کوردستان، هەروەها شاندێکی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرین، کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لەسەر ئاستی فەرەنسا و وڵاتانی ئەورووپی بەشدارییان لە چالاکییەکان کرد. لادانی پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لە پایتەختی وڵاتێکی وەک فەرەنسا، مانا و مەبەستی گەورەی لە پشتە، کە ناوی پێشمەرگە دێت لە بیرکردنەوەی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، ڕۆڵەیەکی ئازا و گیانفیدا وێنا دەکرێت. وەکو پێناسەیەکی سەرەکی بە بەردەوامی باس لەوە کراوە کە پێشمەرگە بۆ نەتەوەکەی خەبات دەکات و ئامادەیە لەو پێناوەدا گیانی خۆی بەخت بکات. فەرەنسا ئەو وڵاتەی بە درێژایی مێژوو، بە دۆستی کورد ناسراوە و سەرکردەکانیان بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەتەنگانەدا دەستی هاوکارییان بۆ گەلی کورد درێژ کردووە. بە تایبەتی لە کۆڕەوە ملیۆنییەکەی کورد لە 1991 خاتوو دانیێل میتێران، هاوسەری فرانسوا میتێران سەرۆکی پێشتووتری فەرەنسا سەردانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەچاوی خۆی ئەو نەهامەتییەی بینی کە بەسەر کورددا هاتبوو. جارێكی دیكە زۆر سوپاس بۆ هەمووتان، ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە و تا ماوم ئەم ڕۆژە لەبیری من ناچێتەوە.
وا بڕیارە ئەمڕۆ شەقامێک لەنێو پارکی 'ئۆندرێ سیترۆی' شارى پاریسى فەرەنسا شەقامێک بەناوی پێشمەرگە ناوبنرێت. پێش مەراسیمەکە مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و شاندى هەرێم سەردانى شارەوانى پاریسیان کرد، بارزانى بەڕۆژنامەنوسانى ڕایگەیاند: پەیوەندی گەلی کوردستان و فەرەنسا مێژووییە و بەردەوامی بەو پەیوەندییانە دەدەین. هەروەها وتیشی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگ و مێژووییە. هاوکات ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "جێگەی شانازییەکی گەورەیە کە پێشوازی لە جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەم. یەکەم چاوپێکەوتنمان لە ساڵی 2015 بوو، لە کاتی شەڕی داعشدا. ئەو کات سەرۆک بارزانی ئاگاداری کردمەوە پێش ئەوەی سەردانی سنوور بکەم و پاشان گەیشتمە هەولێر. ئەمەش چەند مانگێک پێش کردەوە تیرۆریستییەکەی پاریس بوو. هیدالگۆ گوتی: "بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، لەبەر هەموو ئەو هۆکارانەی باسم کردن، ناوی ئەم ڕێڕەوەمان نا 'ڕێڕەوی پێشمەرگە' لە پاریس. چیرۆکی پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی زۆر فاکتەری گرنگی لە مێژووی گەلی کورددا هەیە." لەمەراسیمەکەى ئەمڕۆدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای فەڕەنسا، بەتایبەت پاریسی پایتەخت لە ڕێوڕەسمەکە ئامادە دەبن، فەرەنسا مەبەستیەتی بە کردنەوەی شەقامی پێشمەرگە لە پایتەختی وڵاتەکە ڕێز لە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە کوردستان بنێت. پێش مەراسیمەکە ئان هیدالگۆ سەرۆکى شارەوانی پاریس دیارییەکى پێشەکەشی مەسعود بارزانی کرد، هاوکات بارزانیش ھەنگوینی کوردستان پێشکەشی سەرۆکى شارەوانی پاریس دەکات و دەڵێت: ھەنگوینی کوردستان باشترین ھەنگوینە. پڕۆژەکە لەلایەن شارەوانیی پاریسەوە ناونراوە "رێڕۆی پێشمەرگە" وەکو وەفایەک بۆ رۆڵی ئەو هێزە کوردییە لە تێکشکاندنی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و شاندێکی یاوەری، لەوانە عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە پاریس ئامادەن و بەشداری لە کردنەوەی رێڕۆکەدا دەکەن.
کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، رۆژی هەینی، فەرمانێكی جێبەجێکاری واژۆ دەکات بە گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی جەنگ، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بەڵێنێک كە بەم دواییە داویەتی. کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەكردووە: ترەمپ فەرمانێكی جێبەجێکردن واژۆ دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ناوی مێژوویی وەزارەتی جەنگ، وەک ناوی دووەم بۆ وەزارەتی بەرگری. راشیگەیاندووە: ئەم ناوە زیادەیە جێگەی ناوە بنەڕەتیەكە دەگرێتەوە کاتێک رێکارە پێویستەکان بەتایبەتی لە کۆنگرێس تەواو دەبن. ترەمپ لەكاتی ئاشكراكردنی خواستی خۆی بۆ گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بە رۆژنامەنوسانی وت: ناوی بەرگری زیاد لە پێویست بەرگرییە، ئێمە دەمانەوێت هێرش بەریش بین. کۆشکی سپی لەبارەی خواستی ترەمپ بۆ گۆڕینی ناوەکە پاساوی ئەوە هێناوەتەوە، سەرۆک پێی وایە ئەم وەزارەتە دەبێت ناوێکی هەبێت کە رەنگدانەوەی هێزو توانای بێهاوتای خۆی بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، جەختیشكردووە، ئەمریکا خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازییە لە جیهاندا. بەگوێرەی کۆشکی سپی، ئامانجەكە چەسپاندنی ئاشتیە لەڕێگەی هێزەوەو، زامنكردنی ئەوەیە، جیهان جارێکی دیکە رێز لە ئەمریکا دەگرێت.
وێنەکانی ئەم دواییەی مانگی دەستکردەکان ئاشکرای دەکەن کە ئێران لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زۆربەی کەرەستەی ساردکەرەوەی لە دوو بینای هەواگۆڕکێ و تەندروستی لە دامەزراوەی پیتاندنی سووتەمەنی ئەتۆمی نەتەنز لابردووەو گواستویەتیەوە بۆ شوێنێکى دیکە. دەیڤید ئۆلبرایت، سەرۆکی پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئامانجی ئەم هەنگاوە کەمکردنەوەی مەترسی لەناوبردنی ئەو ئامێرە گرنگانە لە ئەگەری هێرشی ئاسمانی زیاتردا، بەتایبەتی کە لە ئێستادا بەهۆی پچڕانی کارەبا و خراپی کارکردنی دامەزراوەی سەنتەرفیوجەوە، کە بەهۆی هێرشەکانی سەردەمی بەناو "جەنگی 12 ڕۆژە" دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا دروستبووە. ئۆلبرایت کە وەک یەکێک لە شارەزایانی پێشەنگ لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دادەنرێت، وتی پێدەچێت تاران داخستنی کاتی ئەو دامەزراوەیە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی کەرەستەی گرنگ لە هێرشە ئاسمانییەکانی داهاتوو بپارێزێت، ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئامادەکارییەکان بۆ هێرشێکی نوێی ئیسرائیل، بەپێی وتەی دەیڤید ئۆلبرایت، شارەزای ئەتۆمی ئەمریکی، سەرۆکی ئینستیتیوتی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی. دامەزراوەی نەتەنز - یەکێک لە شوێنە سەرەکییەکانی پیتاندنی ئێران - پێشتر لە مانگی حوزەیران لە هێرشێکی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکادا کرایە ئامانج کە زیانێکی بەرچاوی لێکەوتەوە. شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە دوایین پێشهاتەکان ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی تارانە بۆ پاراستنی ژێرخانی ئەتۆمی وڵاتەکەی لە بەرامبەر هێرشە نوێبووەکان. لەم چوارچێوەیەدا، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دووپاتی کردەوە کە ئێران هێشتا خاوەنی توانای بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوجی سەرەکییە کە لە پرۆسەی پیتاندنی ماددە تیشکدەرەکاندا بەکاردەهێنرێت. گرۆسی دەڵێت: هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوجی زیاتر تاڕادەیەکی زۆر لەوێیە، گرۆسی جەختی لەسەر پێویستی پشتڕاستکردنەوەی بوونی مادەی پیتێنراو لە ئێران کردەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، پێموایە ڕێککەوتنی گشتی هەیە لەسەر ئەوەی کە کەرەستەکان هێشتا لە ئێرانن، بەڵام بێگومان بوونی ئەوان پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە، ڕەنگە هەندێکیان ون بووبن، ڕێگەی تەکنیکیش هەیە بۆ دیاریکردنی ئەوە، بۆیە ئەوە ئەوەیە کە چاوەڕێی دەکەین. دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران وەستان، ئەوەش دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە ئەمریکا بەشداریی کرد لە ئەنجامدانی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
نیکۆلاس مادورۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا هەڕەشەى توند لە ئەمریکاو دۆناڵد ترەمپ دەکات و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە توندی پابەندە بە ئاشتیەوە، بەڵام لە ئەگەری هەر هێرشێکدا بۆ سەرخاکى وڵاتەکەى بەرگریەکى بەهێز لە خاکەکەی دەکات. مادورۆ وتیشی: ئێمە مرۆڤی ئاشتیخوازین، بەڵام ئەوە بزانن کە کاتێک خاکەکانمان و مێژوومان و مافەکانمان پێشێل دەکرێن، دەبینە جەنگاوەری زۆر بێبەزەیی. بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنج شەممە لە میانی کردنەوەی مۆنۆمێنتێکدا لە کاراکاسی پایتەخت بۆ یادی ٨٠ ساڵەی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم لە زەریای هێمن، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا وتارێکى پێشکەشکردو هۆشداریدا لەوەی کە ئەمریکا کەشتی جەنگی بنێرێتە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا وەڵامیان دەبێت. ناوبراو لەوتارەکەیدا جەختی لە پابەندبوونی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ ئاشتی کردەوەو وتی: ئێمە مرۆڤی باشین ئاشتیخوازین، بەڵام ئەوە بزانن کاتێک دەست لە زەوییەکانمان و مێژوومان و مافەکانمان دەدرێت، دەبینە جەنگاوەری بێبەزەیی، ئەم خاکە خاکی ڤەنزوێلاییەکانە، خاکی ژن و پیاوی ڤەنزوێلایە و هیچ خائینێک و ئیمپراتۆریەتێک ناتوانێت دەست لەو خاکە پیرۆزانە بدات یان پیس بکات کە ئازادیخوازان بە وەسیەتیان بۆیان داناوین. مادورۆ بە ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستی ئەمریکا لە دژی وڵاتەکەی وتی، "ئەمڕۆ ئیمپریالیزم هێرشێکی نوێ دەستپێدەکات، ئەمە یەکەم هێرش نییە یان دوا هێرش نییە، تەنها هێرشێکی دیکەیە، وە ڤەنزوێلا وەستاوە. پێتان دەڵێم، ڤەنزوێلا بەردەوام دەبێت لە وەستان، بە خوێنی سارد، بە ئیرادە، بە باوەڕێکی نەگۆڕ بە سەرکەوتن و ئاشتی...". مادۆرۆ لە هەڵبژاردنەکانی تەممووزی 2024ـدا براوە بوو، بۆ سێیەم جار بووەوە سەرۆک. واشنتن مادورۆ تۆمەتبار دەکات بە سەرۆکایەتیکردنی کارتێلێکی بازرگانیکردنی کۆکاین، بە ناوی کارتیلی "دێ لۆس سۆلێس"، کە ئیدارەی ترەمپ وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانی کردووە. ئەمریکا مانگی رابردوو، بڕی ئەو پارەیەی بۆ دەستگیرکردنی مادۆرۆ تەرخانی کردبوو لە 25 ملیۆنەوە بۆ 50 ملیۆن دۆلار زیاد کرد. لە ساڵی 2020 و لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، مادۆرۆ و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی ڤەنزوێلا لە دادگایەکی فیدراڵی لە نیویۆرک بە چەندین تۆمەت تۆمەتبار کران. هەفتەى ڕابردوو سەرۆکی ڤەنزوێلا رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا هەرگیز ناتوانن ڤەنزوێلا داگیر بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن پێنج کەشتیی جەنگی و چوار هەزار سەربازی رەوانەی دەریای کاریبی کرد بۆ گوشار خستنە سەر ئەو سەرکردە چەپە. ئەمریکا رایگەیاندووە، ناردنی هێزەکان بۆ باشووری دەریای کاریبی، نزیک لە ئاوە هەرێمییەکانی ڤەنزوێلا بۆ ئۆپەراسیۆنێکە لە دژی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر. ڤەنزوێلاش بە ناردنی کەشتی جەنگی و درۆن بۆ ناوچە کەناراوەکانی وەڵامی دایەوە و هەڵمەتێکی بۆ جێگیرکردنی هەزاران ئەندامی هێزە ئەمنییەکان دەستپێکردووە. مادۆرۆ دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ پاراستنی "ئاشتی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی" و ئەمریکا هەرگیز "ناتوانێت بچێتە ڤەنزوێلا".
شی جینپینگ سەرۆک کۆماری چین، ڕایدەگەیەنێت چین پابەندە بە ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە،مرۆڤایەتی دیسانەوە ڕووبەڕووی هەڵبژاردنی ئاشتی یان شەڕ، گفتوگۆ یان ڕووبەڕووبوونەوە و دەرئەنجامی بردنەوە-بردنەوە یان یارییەکانی کۆی سفر دەبێتەوە. دەقی وتاری شی جینپینگ بە بۆنەی ٨٠ ساڵەی سەرکەوتن بەسەر دەستدرێژی ژاپۆن شی جینپینگ سەرۆک کۆماری چین ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی گەورەی مەیدانی تیانئانمەنی پەکین بە بۆنەی یادی ٨٠ ساڵەی سەرکەوتن لە شەڕی بەرخۆدانی گەلی چین لە دژی دەستدرێژیی ژاپۆن و شەڕی جیهانی دژە فاشیستی پەکین وتارێکدا رایگەیاند: شەڕی خۆڕاگری گەلی چین لە دژی دەستدرێژیی ژاپۆن، کە شەڕێکی سەخت و گەورەبوو، یەکەم سەرکەوتنی تەواوەتی چینە لە دژی دەستدرێژیی دەرەکی لە سەردەمی هاوچەرخدا، سەرکەوتن لە شەڕەکەدا لە ژێر بەرەیەکی یەکگرتووی نیشتمانیی دژی دەستدرێژی ژاپۆن بەدەست هاتووە کە پارتی كۆمۆنیستی چین سەركردایەتی كرد،گەلی چین بەشدارییەکی گەورەی کرد لە ڕزگارکردنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی و بەرگریکردن لە ئاشتی جیهانی بە قوربانیدانی بێئەندازە لە شەڕی خۆڕاگری دژی دەستدرێژی ژاپۆن، ئاسایشی هاوبەش تەنها کاتێک دەتوانرێت پارێزراو بێت کە گەلان لە سەرانسەری جیهان وەک یەکسان مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن و بە هاوئاهەنگی بژین و پشتگیری یەکتر بکەن. چین پابەندە بە ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە،مرۆڤایەتی دیسانەوە ڕووبەڕووی هەڵبژاردنی ئاشتی یان شەڕ، گفتوگۆ یان ڕووبەڕووبوونەوە و دەرئەنجامی بردنەوە-بردنەوە یان یارییەکانی کۆی سفر دەبێتەوە، گەلی چین بە توندی لە دیوی ڕاستی مێژوو و لە دیوی پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا دەوەستێت و پابەند دەبێت بە ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە و دەست لەگەڵ باقی جیهاندا یەکدەگرێت بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە ئایندەیەکی هاوبەشی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی، گەنجبوونەوەی نەتەوەی چین ڕێگری لێناکرێت و دۆزی ئاشتی و گەشەسەندنی مرۆڤایەتی زاڵ دەبێت، داوا لە خەڵکی چینی لە هەموو نەتەوەکان دەكەم کە بە یەکگرتوویی بمێننەوە و لە ژێر سەرکردایەتی بەهێزی پارتی كۆمۆنیستی چین لە کاری بێوچان بەردەوامبن بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی بەهێز و پێشخستنی گەنجکردنەوەی نیشتمانی لە هەموو بەرەکاندا لە ڕێگەی مۆدێرنیزاسیۆنی چینییەوە. و/ هەڵۆ حەسەن سەرچاوە: https://www.chinadaily.com.cn/a/202509/03/WS68b7956aa3108622abc9e91d.html
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند؛ کە گفتوگۆکانی ئاژانسەکەی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان لەو شوێنانەی کە ئیسرائیل و ئەمریکا بۆردومانیان کردوون، نابێت لەوە زیاتر درێژە بکێشێت. گرۆسی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: "ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ زانیارییەکی لە ئێرانەوە دەستنەکەوتووە لەبارەی دۆخ و شوێنی یۆرانیۆمی پیتێندراو، لەو کاتەوەی ئیسرائیل یەکەم هێرشەکانی لە 13ی حوزەیراندا بۆ سەر شوێنەکانی پیتاندن دەستپێکردووە." ئێران کراوەیە بۆ دانوستان، بەڵام بە مەرجەوە: لەلایەکی دیکەوە، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوێنێ سێشەممە دووپاتی کردەوە کە ئێران کراوەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام لە هەمان کاتدا هەر سنوردارکردنێکی بۆ پڕۆگرامە مووشەکییەکەی رەتکردەوە. لاریجانی لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیبووی: "رێگەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کراوەیە، بەڵام ئەمریکییەکان تەنها باسی گفتوگۆ دەکەن و نایەنە سەر مێزی دانوستان، بە هەڵە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێران دانوستان ناکات." وتیشی: "ئەوان شتگەلێک دەوروژێنن کە دەزانن ناتوانرێت بەدەست بهێندرێن، وەک سنوردارکردنی موشەکەکان، نموونەیەک پێشکەش دەکەن کە بە کردەیی دەبێتە هۆی داخستنی ڕێگەی دانوستان." ئەم لێدوانانە دوای چەند رۆژێک دێت لە چالاککردنی ئەو میکانیزمەی کە بە "میکانیزمی لێدان" (Trigger Mechanism) ناسراوە لەلایەن سێ وڵاتی ئەوروپی (بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا)، کە رێگە بە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر تاراندا دەدات، بەپێی رێککەوتنی 2015ی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران (پلانی گشتگیری کاری هاوبەش). شایەنی باسە، دەرفەتی دوبارە چالاککردنەوەی سزاکان لە تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر کۆتایی دێت. ئەمریکاش پێشوازی لەم هەنگاوە کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە کراوەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران. هۆکاری وەستانی دانوستانەکان دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ناوەڕاستی حوزەیران/یۆنیۆدا وەستان، ئەمەش دوای هێرشە ئیسرائیلییەکەی سەر ئێران کە تیایدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئەنجامدانی لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەشدار بوو. واشنتۆن لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندەوە، ئەمەش لە سەردەمی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا بوو. لەو کاتەوە، تاران پاشگەز بووەتەوە لە هەندێک لە پابەندبوونەکانی، بەتایبەتی لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە. وڵاتانی ڕۆژاوا گومان دەکەن کە ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدایە، بەڵام تاران ئەمە ڕەت دەکاتەوە و بەرگری لە مافی خۆی دەکات بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامێکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی شارستانی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە داوای لە گرووپی فەلەستینی حەماس کرد دەستبەجێ ئەو بارمتە ئازاد بکات کە لە غەززە دەستبەسەر کراون و هۆشداریشی دا کە "شتەکان بە خێرایی دەگۆڕدرێن". لەپەرەى تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى تروس دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا نووسیویەتی: "بە حەماس بڵێن یەکسەر هەر ٢٠ بارمتکراوەکە ئازادبکات و بیدانداتەوە بە ئیسرائیل (نەک ٢ یان ٥ یان ٧!)، شتەکان بە خێرایی دەگۆڕدرێن، ئەگەر بارمتەکان ئازادبکرێن بەیەکجار شەڕ کۆتایی دێت!. ساڵێک و 11 مانگ بەسەر دەستپێکی جەنگی غەززە تێپەڕیوە، دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئێستا بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیەی فەلەستین بووەتە داروپەردوو و زۆربەی دانیشتووانەکەشی چەند جارێک ئاوارەبوون. سەرۆکى ئەمریکا وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو کە ئەگەر بارمتەکان ئازاد بکرێن چ ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر، ئەمەش لەکاتێکدایە سوپای ئیسرائیل داوای لە سەربازە یەدەگەکانی کرد، وەڵامی فەرمانەکان بۆ چوونە ریزی سوپا بدەنەوە و خۆیان بۆ چوونە بەرەکانی جەنگ ئامادە بکەن، ئەوەش پێش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە دێت. سەرەڕای گوشاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر ئیسرائیل بۆئەوەی کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت، سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە دەکات. دوای هێرشی سنووربەزاندنی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، نزیکەی ٢٥٠ بارمتە بردرانە غەززە. تەلئەبیب مەزەندە دەکات کە ٤٨ بارمتەی ئیسرائیلی هێشتا لە غەززە هەن کە ٢٠ کەسیان لە ژیاندا ماون. لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن زیاتر لە ١٠ هەزار و ٨٠٠ فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل لە ژێر ئەشکەنجە و برسێتی و پشتگوێخستنی پزیشکی ڕاگیراون. ئیسرائیل لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ەوە نزیکەی ٦٤ هەزار فەلەستینی لە غەززە کوشتووە، ئەو هەڵمەتە سەربازییە ئەو ناوچەیەی وێران کردووە کە ڕووبەڕووی برسێتی بووەتەوە. مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل، بە تاوانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە دەرکرد. هەروەها ئیسرائیل لە دادگای نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی دۆسیەی جینۆساید دەبێتەوە بەهۆی شەڕی دژی ئەو ناوچەیە. هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست لە دوای ئەوەی ئیسرائیل ئاگربەستی لە مانگی ئازاردا شکاند، تا ئێستا شکستی هێناوە.
بەرپرسێکی بەرگری ئەمریکا دەڵێت: سوپای وڵاتەكەی لە عێراق ناکشێتەوە، هێزەکانی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەندامانی هاوپەیمانی دژە داعش جێگیر دەبن. لێدوانی ئەو بەرپرسە، كە قسەی بۆ كەناڵی "الحدث" كردووە، دوای ئەو هەواڵانە دێت کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەندێک لە سەربازگەو بارەگا سەربازییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەکەن. ئەو بەرپرسە ئەمریكییە ئاماژەی بەوەشکردووە: وڵاتەکەی پابەندە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان، لە چوارچێوەی هاوکاری بەردەوام لەسەر ئاستی ئەمنی و سەربازی. جەختیشكردووە: لەسەر داوای حکومەتی عێراق هێزەکانمان لە عێراق دەهێڵینەوەو، هێزەکانی ئەمریکا بە هەماهەنگی و راوێژ لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانی دژە داعش بڵاوەپێدەکەن. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەدا کە دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکان لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سەر زەوی و پێویستیەکانی جێگیرکردن و هەڵسەنگاندنی مەترسی دەبێت. هەروەها ڕوون بوو کە ئەمریکییەکان نەیانویستووە هیچ ئاماژەیەک بدەن کە واز لە بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئەمریکا دەهێنن، هەروەها شەڕی داعش وەک ئامانجێکی گرنگ بۆ ئەمریکییەکان دەمێنێتەوە. هەروەها دروستکردنی هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق و هێزەکانی سەر بە حکومەتی عێراق گرنگییەکی سەرەکیی هەیە بۆ ئەمریکییەکان، کە دەیانەوێت لە مانگ و ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بن لە کارکردن لەسەر ئەم هاوبەشییە. ئەمریکا بە گرنگترین هاوبەشی سەربازیی هێزە عێراقییەکان دادەنرێت و پەیوەندیی مەشق و ڕاهێنان و چەکداریی نێوان بەغدا و واشنتۆن گەورەترین پەیوەندی دوو قۆڵییە بە بەراورد بە پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و هەر حکومەتێکی دیکە. ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە لە سەرانسەری عێراق بەرەو هەرێمى کوردستان (باکوور) دەچن، وەک یەک نابێت. ئەمریکییەکان هەمیشە ڕایانگەیاندووە کە دوو هەزار سەربازی ئەمریکییان لە عێراق هەیە، بەڵام ژمارەی ئەو سەربازانەی بەرەو هەولێر دەچن دوو هەزار سەرباز نابێت، و پێدەچێت لەوەش کەمتر بێت. چەندین پێشنیار لەسەر مێزی نێوان حکومەتی عێراق و ئیدارەی ئەمریکا بۆ مانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی نزیک لە سوریا، کە دەتوانرێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعشدا بەکاربهێنرێن. بەڵام پێناچێت ئەم پێشنیازانە لەلای هیچ لایەک کێشیان پەیدا کردبێت، یەکەمیان لەبەرئەوەی پێویستیەکی دەستبەجێیان بۆ ناکات، دووەمیش لەبەرئەوەی ئەمریکییەکان پلانیان هەیە لەکوردستانی عێراق و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەلتەنفەوە لەدژی داعش ئۆپەراسیۆن بکەن. بۆیە پێویست ناکات لە ئێستادا پێشنیازەکە بە جددی وەربگیرێت، بەتایبەتی کە پلانەکە پێشتر بوونی هەیە، جێبەجێ دەکرێت، و لەلایەن هەردوو لایەنەوە لەبەرچاو دەگیرێت کاتێک کۆبوونەوەی تەکنیکی لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام دەدەن.
بەپێی وێنە ئاسمانییەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوی کردۆتەوە، گوندەکانی ئەفغانستان لە داروپەردوودا بچووک بوونەتەوە و خانووی قوڕ و دار بەسەر دانیشتووانەکانیان داڕماون، وێنەکان کارەساتێکی وەسفنەکراویان ئاشکرا کرد، کە تەواوی گوندەکان ڕووخاون و خێزانە ئاوارەکان لەناو چادرە کاتیەکاندا کۆبوونەتەوە و بەدوای ڕزگاربوواندا دەگەڕێن لەژێر داروپەردووەکاندا. گوڕی بوومەلەرزەکە 6 پلە بوو و زۆرترین زیانی بە پارێزگەی کونەر لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان گەیاند بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٤٠٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە سێ هەزار کەس، بەرپرسان ترسیان لەوە هەیە کە ژمارەکە زۆر زیاتر بێت. سەرەڕای ئەم ژمارەیە، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دا لەوەی کە پێدەچێت ژمارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزببنەوە، چونکە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن لە ناوچە شاخاوییەکانی دوور و دەستنەکەوتوو بەردەوامن. گوندە دوورەدەستەکانی پارێزگای کونەر، لەسەر شێوازی کۆن خانووەکانی بە خشت و دار دروستکراون، تەنانەت هەندێکیان لەژێ خێوەت دا دەژین و ئەمەش وایکردووە زۆرترین زیانیان پێبگات. پزیشکەکان چوونە گوندەکان و لەوێ چارەسەری سەرەتاییان بۆ چارەخوازان کرد. هەروەها هێزەکانی وڵاتەکە بە هێلیکۆپتەر بەدەم ئەو کەسانەوە چوون کە لە شوێنە دوورەدەستەکان گیریان خواردبوو بوومەلەرزەکە لە دەوروبەری نیوەی شەوی یەکشەممە پارێزگاکانی نەنگەرهار، کونار و لاغمانی هەژاند و زیانی گیانی لە کونار چڕبووەوە. محەممەد حەمەد، وتەبێژی دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان ڕوونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری بە درێژایی شەو بەردەوام بوون، سەرەڕای ئەو ئاستەنگییە لە ڕادەبەدەر ڕووبەڕووی فریاگوزاران بووەوە لە گەیشتن بە هەندێک شارۆچکە دابڕاو بەهۆی زەوی لەرزین کە ڕێگاکانیان گرتبوو. ئەفغانستان یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان و دوای چوار دەیە لە ململانێکان قەیرانێکی مرۆیی سەختی بەخۆیەوە بینیوە. بانکی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانەکەی لە هەژاریدا دەژین. لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١، هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئەمەش توانای وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان زیاتر لاواز بووە.
حکومەتی بەریتانیا بەرنامەی یەکگرتنەوەی خێزانی پەنابەرانی نایاسایی بە کەسوکاریان هەڵپەسارد و چی دیکە کەسوکاریان ناتوانن بەمەبەستی بینین و یەکگرتنەوەیان سەردانی ئەو وڵاتە بکەن. ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، رۆژی دووشەممە، رایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتی بەرنامەى یەکگرتنەوەی خێزانی پەنابەرانی نایاساییان بە کەسوکاریان هەڵپەساردووە و داواکاریی نوێ بۆ هاتنی کەسوکاری پەنابەرانی نایاسایی وەرناگرن. وەزیری ناوخۆی بەریتانیا راشیگەیاند، تەواوی سیستمەکە نوێدەکەنەوە و ئامانجیان کەمکردنەوەی فشاری زۆری هاتنی بەلێشاوی پەنابەرانە، کە هەندێک جار تاوانباری مەترسیداریشیان تیادایە. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 111 هەزار کەس داوای وەرگرتنی ڤیزایان پێشکەشکردووە و لەو ژمارەیەش، نزیکەی 21 هەزار ڤیزا دراوەتە کەسوکاری پەنابەرانی نایاسایی و لە بەریتانیا ماونەتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. ئاشکراشیکرد، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، گۆڕانکاری لە سیستمی هاتنی کەسوکاری پەنابەراندا دەکەن و ماوەی مانەوەی پەنابەرەکانیش درێژدەکەنەوە و مەرجەکانیش قورستر دەکەن. ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەوبارەیەوە گوتی، "لەچوارچێوەی سیستمی مافی داواکردنی مانەوە لە بەریتانیا، کۆتایی ئەمساڵ سیستمێکی نوێ بۆ یەکگرتنەوەی خێزان دادەنێین، مەرجی زیاتر و ماوەی زیاتر بۆ داواکاریی یەکگرتنەوەی خێزانیی دادەنێین، بەتایبەتی بۆ ئەو پەنابەرانەی منداڵیان بەجێهێشتووە یان داوایەکی یاساییان لەسەرە و خێزان و کەسوکاریان لە بەریتانیایە، دەمانەوێت تاوەکو بەهاری داهاتوو ئەو گۆڕانکارییانە بکەین." لە ئێستادا، پارتی کاری فەرمانڕەوای بەریتانیا لە ژێر فشاری ناڕەزایەتی دەنگەکانی دژە پەنابەردایە و پێش وەرگرتنی دەسەڵاتیش بەڵێنیدابوو لە دەرەوەی سنوورەکانی بەریتانیا و پێش گەیشتنیان بۆ وڵاتەکەیان، رێگری لە هاتنی نایاسایی بۆ وڵاتەکەیان دەکەن.
محەممەد باقڕ قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، مافی کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانیان نییە. سێشەممە، 2ـی ئەیلوول 2025، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وتاری دەستپێکی کۆبوونەوەی پەرلەماندا گوتی: بڕیاری سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، هەندێک نیگەرانیی بۆ هاووڵاتیان و بازاڕی وڵات دروست کردووە، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە ئەو سێ وڵاتە، بەهۆی پابەند نەبوونیان بە بەڵێنەکانیان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، مافی چالاککردنی میکانیزمی بڕگەی 37ـی ڕێککەوتنی ئەتۆمییان نییە و لەبەر ئەم هۆیەش، بە شێوەیەکی نایاسایی پرۆسەی گەڕاندنەوەی بڕیارنامەکانیان دەست پێ کردووە، لەسەر ئەم بنەمایەش پێویستە ئێران هەنگاوێکی گونجاو بۆ ڕێگریی لەم کارە نایاساییەی لایەنە ئەوروپییەکان بنێت، تاوەکو ناچاریان بکات لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە. ڕاگەیاندنی بڕیاری یەکگرتوو بەرانبەر سەپاندنەوەی سزاکان قالیباف، ڕایگەیاند "هەڵوێستی ڕوون و دیاریکراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی کاراکردنەوەی میکانیزمی سزاکان، بەم زووانە ڕادەگەیەنرێت و جێبەجێ دەکرێت." سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: ئەوەی ئەمڕۆ زۆر گرنگە، ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵەیە کە بە پێچەوانەی ئەو هەوڵە زۆرانەی دوژمن دەیاندات، بڕیارنامەی کاراکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئابووریی ئێران نابێت. قالیباف، هەروا گوتی: سزا ئابوورییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا پەیوەندییان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە هەیە. پێشتر ئەمەریکا زۆر سزای ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەڵام کاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر ئابووریی ئێمە نەبووە. بە واتایەکی تر، ئەو بڕیارەی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، هیچ سزایەکی ئابووریی نوێ بۆ سەر ئێران زیاد ناکات. سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕاشیگەیاند "سەرباریی سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ڕێگریی لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بکات و بازرگانی دەرەوەی ئێمە سەرەڕای ئاستەنگ و کێشەکان، بە شێوەیەکی گونجاو بەردەوامە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەراورد بە سزا تاکلایەنەکانی ئەمەریکا، گەورە نین و چاودێریی و کۆنترۆڵی ورد ناکرێت." قالیباف گوتیشی: ڕەنگە هەندێک کەس و لایەن، سەپاندنەوەی سزاکان بە بەشێک لە ژێرخانی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیی سزاکانی ئەمەریکا بزانن و بانگەشەی ئەوە بکەن ئەم ژێرخانە یاساییە دەبێتە هۆی ئەوەی سزاکانی ئەمەریکا کاریگەرتر لە جاران جێبەجێ بکرێن؛ بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە لە ڕووی یاساییەوە، سزا ئابوورییەکانی ئەورووپا هێندە کاریگەر نین و هەناردەکردنی نەوتی ئێران ناگرنەوە. پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و زیادکردنی توانای سەربازیی ئێران سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتیشی: ئەوەی بۆ ڕێگریی لە هێرشی دوژمن گرنگە، پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و زیادکردنی توانای سەربازیی ئێرانە. توانای بەرگریی ئێمە لە دۆخێکی باشدایە، لەبەر ئەوەش پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی لە بەرانبەر دوژمن و دروستکردنی کەشێکی دەروونیی ئارام بۆ خەڵک، لەلایەن هەموو بەرپرسان و چالاکوانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە بایەخێکی زۆری هەیە و لەم بوارەشدا ڕوونکردنەوەی ڕادەی کاریگەریی ڕاستەقینەی سەپاندنەوەی سزاکان، یەکجار گرنگە. قالیباف لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە هەموو بەرپرسانی وڵات، بە تایبەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتە جیاوازەکانی حکوومەت، شیکەرەوە و شارەزایانی بواری نێودەوڵەتی و ئابووری، بە وردی و شارەزایانە، ئەوە بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە کە سەپاندنەوەی سزاکان، کاریگەریی ئەوتۆی نابێت؛ بەم جۆرە دەتوانین ڕێگریی لە هەوڵەکانی دوژمن بۆ شڵەژانی باری دەروونی دروستکردنی نائارامیی لە کۆمەڵگەدا بکەین و بارودۆخەکە بە سوودی خۆمان کۆنترۆڵ بکەین.
سەرۆککۆماری تورکیا لە چین لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە، ئەردۆغان جەختی لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا کردەوە و پوتنیش باسی لە هەماهەنگیی لە بواری وزەدا کرد. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی رێکخراوی هاريکاریی شەنگهای لە چین، لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە. بەگوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا بانگێشتی سەرۆکی رووسیای کردووە بۆ وڵاتەکەی و گوتوویەتی، لە دڵەوە چاوەڕوانە لە داهاتوودا، پوتن سەردانی وڵاتەکەی بکات. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ سەرخستنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ئۆکرانیا و کۆتاییهێنان بە جەنگ و پێکدادان. لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی و هاوبەشیی تورکیا و رووسیا لە بواری وزەدا کردووە. وەک میدیای تورکیا ئاماژەی بۆکردووە، ئەردۆغان و پوتن باسیان لە رەوشی غەززە و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووە و هەردوولاش کۆکبوون لەسەر ئەوەی، سەقامگیریی لە وڵاتانی قەفقاس، لە بەرژەوەندیی ئەنقەرە و مۆسکۆدایە.
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، وڵاتانی ئەورووپا پلانیان هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی لە ئۆکرانیا. ڤۆن دێر لاین لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ "فاینانشیاڵ تایمز"ی ئاشكرا کرد، ئەورووپا پلانێکی تۆکمەی هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازیی لە ناوچە جیا جیاکانی ئۆکرانیا، گوتیشی: ئەم هەنگاوەی ئەورووپا لە چوارچێوەی پلانی ئاشتی بۆ قۆناغی دوای جەنگ دەبێت، کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت. بە گوێرەی لێکتێگەیشتنی نێوان ترەمپ و زێلێنسکی و چەند سەرکردەیەکی ئەورووپی، وڵاتانی ئەورووپا لە ژێر سەرپەرشتی ئەورووپا و پشتیوانی ئەمەریکا، پلانی ناردنی دەیان هەزار سەربازیان هەیە، ئەرکی هێزەکە جیا لە ڕۆڵی ئاشتیگێڕان، کۆنترۆڵکردنی ئاسایش، چاودێری سنوورەکان و سیخووری لەخۆ دەگرێت. هەروەها ڕۆژنامەکە لە زاری سێ دیپلۆماتکاری ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە چەند سەرکردەیەکی ئەورووپی لە پاریس کۆببنەوە، لە نێوانیاندا، فرێدریک مێرز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و مارک ڕووتە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ و ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر هەوڵەکانی ئاگربەستی جەنگ و قۆناغەکانی دواتری بکەن. سوپای ڕووسیا لە 24ـی شوباتی 2022، هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و دوای زیاتر لە سێ ساڵ و کۆنترۆڵکردنی هەرێمەکانی لۆگانسک، دۆنێستک، زاپۆریژیا و خێرسۆن جەنگ هەر بەردەوامە، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیری تورکیا، سێگەڕ دانوستانیان کردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ئاگربەستێک، تەنیا ژمارەیەک دیلیان ئاڵوگۆڕ کردووە و ژمارەیەک منداڵێکی ئۆکڕانیش لە ڕووسیاوە گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکەیان.