دیپلۆماتکارێکی ئێرانی رایدەگەیەنێت، سازش لەسەر توانا مووشەکییەکانیان ناکەن؛ هۆشداری دەداتە ئەمەریکا کە وڵاتەکەی بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەیە و چاوەڕێی جددییەتی واشنتن دەکەن. سێشەممە 3ـی شوباتی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئێرانی بڵاو کردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک دانوستان لەسەر توانا مووشەکییەکانیان ناکەن. گوتیشی: تاران نە بە گەشبینی و نە بە رەشبینییەوە سەیری گفتوگۆکان ناکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە توانا بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامی جێگەی دانوستان نین و بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەن. سەرچاوەکە گوتیشی: دەبێت ببینین ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بەنیازە دانوستانی جددی و ئامانجدار ئەنجام بدات یان نا. هاوکات سەرچاوە ئێرانییەکان باسیان لەوە کردووە، ترەمپ هەوڵ دەدات بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران سنووردار بکات، کە بە گوتەی بەرپرسانی ئێران، پایەیەکی سەرەکییە بۆ بەرگریی وڵات. دوێنی دووشەممە 2ـی شوباتی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئێران بڵاوی کردبووە، ئێران هەوڵ دەدات لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە 12 رۆژ جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی لێکەوتەوە و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکان و شارەزایانی ئەتۆمی کوژران و بنکە ئەتۆمییەکانیش بە ئامانج گیران، نەرمی بنوێنێت. ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئامادەن 400 کیلۆگرام یۆرانیۆم رادەستی پشکێنەرانی نێودەوڵەتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بکەن. هاوکات ئاماژەشی دابوو، بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە تورکیا کۆببنەوە.
جان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جەختی لەسەر گرنگییە ستراتیژییەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردەوە. بارۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە گەرەنتییە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و بەردەوامیدان بە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی "حەدەس"ـی سعوودی، ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و "هەسەدە" زۆر گرنگە بۆ پاراستنی زیندانییانی داعش و ڕێگری لەهەر هەوڵێکی ڕاکردن کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا دەکات. جان نۆوێل بارۆ، دەشڵێت: "ئەم ڕێککەوتنە ڕاستەوخۆ خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی فەڕەنسا دەکات. لە ڕوانگەی پاریسەوە، هەر ناسەقامگیرییەک لەو ناوچانەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ئەوروپا و فەڕەنسا دەبێت، بەتایبەت لە دۆسیەی چەکدارە بیانییەکان و مەترسییەکانی تیرۆری نێودەوڵەتی." بەگوتەی بارۆ، پێویستە بڕگەکانی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و "هەسەدە" بە شێوەیەکی کارا جێبەجێ بکرێن، بەڵکو دەبێت هەماهەنگییە مەیدانییەکان بە وردی ئەنجام بدرێن بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەکی ئەمنی دروست نەبێت. بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی ناوچەکە بکات، ئامانجی سەردانەکەشی بریتییە لە دڵنیابوونەوە لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و چاودێریکردنی پابەندبوونی لایەنەکان بەو بەڵێنانەی کە داویانە، ئەمەش نیشاندەری بایەخی باڵای فەڕەنسایە بۆ ئەم دۆسیەیە.
پێشتر هاوکاری لە کام لا وەرگرتووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی زۆرجار و بەتایبەتی لەدوای دروستبوونی شۆرشی سوریاوە و بە دیاریکراویش لە کاتی ئەم گرژییانەی ئێستای رۆژاڤا، لەلایەن نەیارانی کوردەوە، ناوی ئەم نەتەوەیە دەبەسترێتەوە بە ئیسرائیلەوە، بەتایبەتی پەکەکە و هەسەدە. بەڵام ئایا دەزانیت لە سەرەتای دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، گرووپە جوداخوازەکانی فەڵەستین و لوبنان، مەشق و ڕاهێنانیان بە پەکەکە دەکرد و جێگەیان بۆ کردبوونەوە؟ تەنانەت بۆ چەند ساڵێکیش پەکەکە هاوشانی گرووپەکانی لوبنان و فەڵەستین شەڕی سوپای ئیسرائیلی کردووە. ئەمە جگە لەوەی تاکە شانازی عەرەب کە ڕزگارکردنی قودسە لەسەر دەستی سەڵاحەدینی ئەیوبی کوردەوە بووە. من باسی ئەو مێژووەتان بۆ دەکەم. لە دوای کودەتای ساڵی 1980ـی تورکیا. پەکەکە، کە تا ئەو کاتە پارتێکی سیاسی بوو، بڕیاریدا خەباتی چەکداری دژی تورکیا دەستپێبکات، بۆ ئەو مەبەستەش عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری پارتەکە بڕیاریدا تورکیا بەرەو سوریا جێبهێڵن، لەوێشەوە چوونە نێو خاکی لوبنان و بە دیاریکراوی لە دۆڵی بیقاع جێگیربوون، کە ئەوکات لەژێر هەژموونی سەربازیی سوریادا بوو. پەکەکە لە کەمپی هەریەکە لە بەرەی دیموکراتی بۆ رزگاری فەڵەستین، بەرەی جەماوەری بۆ رزگاری فەڵەستین و بزوتنەوەی فەتح جێگیرکرا و لەلایەن ئەو گرووپانەوە مەشقی سەربازی پێدەکرا. حافز ئەسەدی سەرۆکی ئەوکاتی سوریا بە ئامانجی دژایەتی تورکیا ڕێگەی پێدەدان لە ژێر هەژموونی ئەواندا خۆیان بەهێز بکەن. تەنانەت مانەوەی پەکەکە تەنها بۆ مەشق نەبوو، بەڵکو لە ساڵی 1982 کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەمپەکانی گرووپە فەڵەستینییەکان لە نێو خاکی لوبنان، بە دیاریکراوی لە شەڕی قەڵای شەقسرین، پەکەکە بڕیاریدا هاوشانی گرووپە فەڵەستینییەکان شەڕ دژی ئیسرائیل بکات و لەو شەڕەشدا چەندین کوژراو و دیلی هەبوو. مانەوەی پەکەکە لە لوبنان بۆ چەند ئامانجێک بوو. سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو گروپە چەکدارانەی لەوێ بوون، هەروەها خۆناساندنیان بە جیهانی دەرەوە وەک گرووپێکی داکۆکیکار لە مافی نەتەوەکەیان، ئەوەش بوو لەساڵی 1984 توانیان لە خاکی سوریاوە بپەڕنەوە بۆ باکووری کوردستان و یەکەم چالاکی سەربازی کە ناسرابوو بە داستانی (دهێ و شەمزینان) دژی حکومەتی ئەوکاتی تورکیا ئەنجام بدەن. پەیوەندی پەکەکە و گرووپە فەڵەستینییەکان هەتا ساڵی 1993 بەردەوامبوو، دواتر کاتێک یاسر عەرەفات و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لەو کاتەدا ڕێککەوتننامەی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کرد، ئاڕاستەی سیاسی فەلەستینییەکان گۆڕا. هەروەها، لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا، هەژموونی گرووپە چەپ و مارکسییەکانی فەلەستین (وەک بەرەی دیموکراتی و بەرەی جەماوەری) کە هاوپەیمانی نزیکی پەکەکە بوون، پاشەکشەیان کرد. لە بەرامبەردا گرووپە ئیسلامییەکان (وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی) گەشەیان کرد. لە لایەکی دیکەوە تورکیا پەیوەندییەکی مێژوویی و دیپلۆماسی بەهێزی لەگەڵ فەلەستینییەکان هەبوو. تورکیا بە ڕاشکاوی بە سەرکردایەتی فەلەستینی ڕاگەیاندبوو کە ناکرێت هەم داوای پشتگیری لە ئەنقەرە بکەن و هەمیش مەشق و ڕاهێنان بە پەکەکە بکەن. ئەم فشارە وایکرد فەلەستینییەکان دوورکەوتنەوە لە پەکەکە هەڵبژێرن بۆ پاراستنی پشتگیرییە دارایی و سیاسییەکانی تورکیا. هەروەها هێرشەکانی پەکەکە لەنێو خاکی سوریاوە بۆسەر تورکیا تەواو ئەنقەرەی بێزارکردبوو، بۆیە تورکیا لە ساڵی 1998 زۆرینەی سوپای وڵاتەکەی لەسەر سنوری سوریا کۆکردەوە و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر دیمەشقی دەکرد ئەگەر سوریا عەبدوڵڵا ئۆجالان دەرنەکات. سوریا کە لەو کاتەدا لە ڕووی سەربازییەوە توانای بەرەنگاربوونەوەی تورکیای نەبوو، بۆیە ناچار بوو پاشەکشە بکات. لە 20ی ئۆکتۆبەری 1998، هەردوو وڵات ڕێککەوتننامەی ئەدەنەیان واژۆ کرد. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە: سوریا پەکەکەی وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساند، هەموو چالاکییەکانی پەکەکەی لە خاکی خۆیدا قەدەغە کرد و بڕیاریدا عەبدوڵا ئۆجەلان لە خاکی سوریا دەربکات. لەدوای رۆشتنی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە خاکی سوریا، دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) بڕیاریدا وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە پەکەکە هاوکاری تورکیا بکات بۆ دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان. پاش ئەوە ئۆجالان کۆچی کرد بۆ هەریەکە لە روسیا، یۆنان و ئیتاڵیا، بەڵام بەهۆی فشاری تورکیاوە هیچ کام لەو وڵاتانە ئامادەنەبوو وەریبگرن، بۆیە بەناچاری روویکردە، کینیا و لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە کینیا خۆی حەشاردا. لە ساڵی 1999 تیمێکی هەواڵگری کە پێکهاتبوو لە میتی تورکیا و سی ئای ئەی ئەمریکی و مۆسادی ئیسرائیلی؛ توانیان ئۆجەلان دەستگیر بکەن و رەوانەی تورکیای بکەنەوە. ئەمەش چیرۆکی نێوان کورد و ئیسرائیل بوو کە هەمیشە کورد بەوە تۆمەتبار دەکرێت لایەنگیری ئیسرائیلە و لەلایەن ئەو وڵاتەوە پشتیوانی لێدەکرێت، لەکاتێکدا زیاتر لە فەڵەستینییەکانەوە نزیک بوو نەک ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، ئەمریکا داوای دانوستاندنی کردووە و ئەوانیش لەسەر بنەمای ''رێزگرتنی بەرامبەر'' ئامادەن. ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکات، حکومەت پلانی ئەوەی نییە یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ هیچ وڵاتێک بگوازێتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 02-02-2026 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتی سەردانیکردنی مەزارگەی روحوڵڵا خومەینی، رێبەری پێشووی وڵاتەکە باسی لە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن و ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی ئەتۆمی کرد. عێراقچی رایگەیاند، ''لە کاتێکدا پیاوی جەنگین، هەموو کات پیاوی دیپلۆماسییش بووین، هیچ کات دیپلۆماسیمان وەلا نەناوە و دەرفەتێکمان بۆ پاراستنی مافی خەڵک لەو رێگەیەوە لەدەستنەداوە.'' وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە خواستی ئەمریکا بۆ دانوستاندنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتەکەی کرد و گوتی، ''دوای شکستیان لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە (خۆپێشاندانەکانی ئێران)، ئێستا ئەوانن باس لە دیپلۆماسی دەکەن. ئێمەش هەمووکات ئامادەی دیپلۆماسی بووین.'' بە گوتەی عەباس عێراقچی، بە مەرجێک دەست بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەکەن کە ''لە روانگەیەکی یەکسان، رێزگرتن و بەرژەوەندیی دوولایەنەوە بکرێت.'' وەزیری دەرەوەی ئیران گوتیشی، ''ئێمە ئامادەی دیپلۆماسین، بەڵام دەبێ بزانن کە دیپلۆماسی لەگەڵ هەڕەشە، تۆقاندن و گوشار یەکناگرێتەوە، بەڵکو رێسای تایبەت بە خۆی هەیە. پشتیوان بە خودا لەو رێگەیەشدا شێلگیر دەبین و هیوادارم ئەنجامەکەشی بە زووترین کات ببینین.'' دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی ئەتۆمیی تاران و واشنتن لە کاتێکدا دەبێت کە ئەمریکا هێزێکی زۆری سەربازی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێناوەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستاندن هەڕەشەی هێرشکردن دەکات. عەباس عێراقچی رایگەیاند، ''هەر کەسێک رێز لە خەڵکی ئێران بگرێ، بە رێزەوە وەڵامی دەدرێتەوە، بەڵام هەڕەشەش بە زمانی تووند وەڵام دەدەینەوە." هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گوتی، گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ هیچ وڵاتێک بەشێک نابێ لە دانوستاندنەکان. عەلی باقی کەنی، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنەکە بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە رایگەیاند، بەرپرسانی وڵات خواستی ئەوەیان نییە یۆرانیۆمی پیتنێراو بۆ هیچ وڵاتێک بگوازرێتەوە و بە هیچ شیوەیەکیش دانوستاندن لەاسەر ئەو بابەتە ناکرێت. لە نیسانی 2025 بۆ حوزەیرانی هەمان ساڵ ژمارەیەک کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆ لەنێوان شاندی ئێران و ئەمریکا لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام هیچ رێککەوتنێک نەکرا. بڕیار بوو دواتر کۆبوونەوەی دیکە بکرێ، بەڵام دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بە دەستپێشخەری تەلئەڤیڤ و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەو دانوستاندانەی راگرت.
وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئاشکرای کرد، مارك ساڤایا وەكو نێردەی ترەمپ بۆ كاروباری عێراق نهماوه. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 کە کاتژمێر 10ـی ئەمشەو پەخش دەکرێت گوتی: مارك ساڤایا وەكو نێردەی ترەمپ بۆ كاروباری عێراق نهماوه و تۆم بەڕاک لە شوێنی ئەو کاروباری عێراق بەڕێوە دەبات. لە بارەی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش، ئەو كاندیدەی پارتی بۆ پۆستی سهرۆك كۆمار دەڵێت: چوارچێوەی ھەماھەنگی جەخت لەسەر كاندیدیكردنی نووری مالیكی دەكاتەوە، بەڵام ھەڵوێستی ئەمریكا دۆخێكی نوێی ھێناوەتە ئاراوە، کە نازانرێت بۆچوونەکەی واشنتن لەسەر مالیکی کاتییە یان هەمیشەیی. لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکان فوئاد حوسێن باسی لە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کرد و رایگەیاند: پارتی مافی ئەوەی هەیە کاندیدی بۆ پۆستەکە هەبێت، بەڵام پارتی ئامادەیە سەرجەم پۆستەکانی لە بەغدا لە بری سەرۆککۆمار بداتە یەکێتی. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە باشتر بوو پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێک رێکبکەون. بە گوتەی ئەو، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، پەرلەمان پرسی سەرۆککۆمار یەکلایی دەکاتەوە.
هەر دوو سەرۆکی فەرەنسا و سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دواین پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کرد یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا (کۆشکی ئەلیزێ) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی لەگەڵ هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و کردووە و دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەلیزێ، ماکرۆن پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە کردووە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی کردووە. هاوکات سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە کردووەتەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری. ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی کوردستان24 لە قامشلۆ، بڕیارە سبەی دووشەممە، لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی گشتگیر، هێزی ئەمنیی حکوومەتی سووریا لە چوارگۆشەی ئەمنی قامشلۆ جێگری بکرێن. لە قۆناغی یەکەمدا فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای 16 هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و پرۆسەی تێکەڵ کردنەوەی هێزەکانی هەسەدە و حکوومەتی سووریا مانگێک دەخایەنێت. دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا کران، لە قۆناغی دووەمدا کێڵگە نەوتییەکانیش رادەست دەکرێن. هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاو کردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیەندرا.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و خاتوو ویندی گرین کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەناوی سەرۆک و حکوومەتی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هەموو ئەو پشتیوانی و پاڵپشتیانەی کە بۆ دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات خستویەتەڕوو. دەقى ڕتاگەیەندراوەکە.. سەرۆک بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەکات رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و خاتوو ویندی گرین کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەناوی سەرۆک و حکومەتی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هەموو ئەو پشتیوانی و پاڵپشتیانەی کە بۆ دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات خستویەتەڕوو. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق جارێکی دیکە پاڵپشتی و پشتیوانی و هەڵوێستی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دووپاتکردەوە. سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، سوپاسی ڕۆل و هەڵوێستی ئەمەریکای کرد بۆ پشتیوانییەکانیان بۆ گەلی کوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر هەڵوێست و پشتیوانی ئەمەریکا نەبوایە لە ساڵی 1991 نەماندەتوانی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بپارێزین. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقەوە بیروڕای ورد ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پابەندبوون بە دەستور کردەوە و هاوڕا بوون کە عێراقییەکان خۆیان بڕیار لە ڕەوشی وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بدەن. لەم چوارچێوەیەدا، هەردوولا پێشوازییان لە گفتوگۆ و راوێژکارییەکانی ئەم دواییانەی بەغدا کرد بۆ هینانەئارای رێکار و سیناریۆ سیاسیەکان کە تێیدا بەرژەوەندیی عێراقییەکان رەچاو بکرێت و لە هەموو ڕوویەکیشەوە شەراکەتی ئەمریکا و عیراق بەهیزتر بکرێت.
مارک ساڤایا وەڵامی راپۆرتەکەی رۆیتەرزی دایەوە و دەڵێت، لە ئەرکەکەم وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق بەردەوامم. ساڤایا دەشڵێت، دوێنێ شەممە سەرۆک ترەمپ پێداچوونەوەی بە ئەگەری وەرگرتنی پۆستەکە و پێدانی بە تۆم باراک کردووە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە. مارک ساڤایا لە (X) دەنگۆکانى رەتکردەوە: • وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق بەردەوامم لە جێبەجێکردنی تەواوی ئەرکەکانم • بە توندی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەمەوە لەسەر پۆستەکەم بڵاوبوونەتەوە • وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، بەردەوامم لە جێبەجێکردنی تەواوی ئەرکەکانم • دوێنێ، دۆناڵد ترەمپ دەستی کرد بە تاوتوێکردنی ئەگەری راسپاردنی 'تۆم باراک' بە دۆسییەی عێراق • باراک خاوەنی ئەزموونێکی فراوانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شارەزاییەکی قووڵی لەسەر ناوچەکە هەیە • لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە • ئەرکەکە بە سەرپەرشتی من بەردەوام بێت یان باراک، ئامانجەکە نەگۆڕە، رووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەکات لە عێراق، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی سیستماتیك و پشتیوانیکردنی گەلی عێراق بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر، خاوەن سەروەری و گەشەسەندوو
عەلی خامنەیی، ڕیبەری باڵای شۆڕشی ئیلامی ئێران هۆشداری دایە ئەمریکا و ڕایگەیاند؛ دەبێت ئەمریکییەکان بزانن، ئەگەر ئەمجارە شەڕ لە دژمان هەڵگیرسێنن دەبێتە جەنگ لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی وڵاتەکەی، سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ رایگەیاند: "ئێمە دەستپێشخەری هیچ جەنگێک ناکەین، بەڵام بە توندی وەڵامی هەر هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتەکەمان دەدەینەوە." خامنەیی هۆشداریی دایە ئەمریکییەکان و گوتی: "پێویستە بزانن ئەگەر جەنگ دەستپێبکەن، ئەمجارە تەنیا لە سنوورێکدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی و سەرانسەری ناوچەکە دەگرێتەوە." هەروەها سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد؛ قسەکانیان جدی نییە و گوتی: "ئەوەی باس لە بژاردەی سەربازی و فڕۆکە و کەشتی دەکەن، تەنیا قسەیە. لە رابردوودا چەندینجار وتوویانە هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن، بەڵام ئەمانە قسەی جدی نین."
بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بەناچاری بارەگای سەرەکی خۆی لە نیویۆرک دادەخات و داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات، هەتا زووە قەرزە دارارییەکانیان بدەنەوە، پێش ئەوەی بە تەواوی تووشی داڕمانێکی سەختی ئابووری بن. نەتەوە یەکگرتووەکان، ناسراو بە 'UN' هاواری لێ هەڵساوە و بە وڵاتانی ئەندامی وتووە، "تووشی قەیرانی ئابووری بووین قەرزەکانتان بدەنەوە"، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش داوە، ئەگەر وڵاتانی ئەندام، بەتایبەت ئەمریکا، پابەندییە داراییەکانیان نەدەن، ڕەنگە تا مانگی حەوتی ئەمساڵ بودجەکەیان بە تەواوەتی ببڕێت و تووشی قەیرانی دارایی بن. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کێشە داراییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی: "بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویانە، ئەگەر بودجەیان بۆ دابین نەکرێت ناچار دەبن لە مانگی هەشتی ئەمساڵ بارەگای سەرەکیان لە نیویۆرک دابخەن." فەرهان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت: "ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان بارەگای سەرەکی دابخرێت، ئەوا کارە مرۆییەکانیان لە جیهاندا پەکیان دەکەوێت و بەردەوام نابن." هەبوونی بارەگەی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەتمەندی خۆی هەیە چونکە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێ ئەنجام دەدرێت، تیایدا سەرۆکی وڵاتانی جیهان کۆدەبنەوە و وتاری جیاواز لەبارەی کێشە نێودەوڵەتییەکان، پرسە مرۆییەکان، ئاسایشی نێودەوڵەتی و چەندین پرسی جیاواز پێشکەش دەکەن، بەڵام لە ئەگەری داخرانی بارەگاکە، ئەوا ئەمساڵ هەردوو کۆبوونەوەکە هەڵدەوەشێتەوە. ڕۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت: "ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ باڵیۆزانی هەر 196وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری داوە کە دۆخی داراییان لە هەموو قۆناغەکانی پێشوو جیاوازتر و مەترسیدارترە."
رۆژی شەممە کاتژمێر 12:01ـی شەو بەکاتی واشنتن (08:01ـی بەیانی بەکاتی هەولێر) دوایین ماوە بوو بۆ ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا بودجەی 2026 پەسند بکات، بەڵام دیموکراتەکان و کۆمارییەکان رێکنەکەوتن و هەربۆیە حکومەتی ئەمریکا داخرا. داخرانەکە هەموو حکومەت ناگرێتەوە و تەنیا کاریگەری لەسەر بەشێک لە دامەزراوەکانی دەبێت. چاوەڕوان دەکرێ، لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبێتەوە و رێککەوتنێک پەسند بکات کە ئەنجوومەنی پیران پشتیوانی لێدەکات، ئەمەش هیوای ئەوە دەدات کە ببێتەهۆی کردنەوەی حکومەت. ئەم پچڕانەی بودجە دوای شکستهێنانی گفتوگۆکان هات کە هۆکارەکەی تووڕەیی دیموکراتەکان بوو لەسەر کوژرانی دوو خۆپێشاندەر لە شاری مینیاپڵس لە ویلایەتی مینیسۆتا، لەلایەن پۆلیسی (ICE)ـی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کۆچبەران، ئەمەش گفتوگۆکانی لەبارەی تەرخانکردنی پارەی نوێ بۆ وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی پەکخست. دوایین جار رۆژی 01-10-2025 بەهۆی ناکۆکیی قووڵی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان و رێکنەکەوتنی کۆنگرێس و کۆشکی سپی لەسەر بودجە، حکومەتی ئەمریکا داخرا. داخرانی ئەمجارەی حکومەتی ئەمریکا دەبێتە 16ـیەمین داخران لە ساڵی 1981ـەوە و پەککەوتنی راگەیاندنی ئامارە گرنگە ئابوورییەکانی ئەمریکا، سستبوونی گەشتە ئاسمانییەکان و وەستانی توێژینەوە زانستییەکانی لێدەکەوێتەوە. دوایین داخران بووە هۆی ناردنەوەی 750 هەزار کارمەندی فیدراڵی بۆ ماڵەوە بەشێوەیەکی کاتی، کە کۆی مووچەی رۆژانەی ئەو کارمەندانە 400 ملیۆن دۆلار بوو.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، بە ناوی خۆی و سەرۆکی ئەمریکا، سوپاس و پێزانینی گەیاندە سەرۆک بارزانی، ئەوەش بەرانبەر بەو هەوڵە چڕانەی سەرۆک بارزانی خستوویەتییە گەڕ بۆ سەرخستنی دیالۆگ و گەیشتن بە ئاشتی لە سووریا. ڕۆژی هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری سووریا ئەنجام درا. بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، تۆم بەڕاک بە ناوی خۆی و دۆناڵد ترەمپەوە، سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو رۆڵ و هەڵوێستە بەرچاوانەی لە هێنانەدی ئاگربەست و پشتیوانی دیالۆگ لە نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا خستوویتییە ڕوو. هەروەها رۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێنانەدی رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکوومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەرز نرخاند. لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ سەرۆکی ئەمریکا و سەرجەم ئەو لایەنانەی بەشدارییان لە پرۆسەی ئاشتییەکەدا کردووە، پشتیوانیی تەواوەتی خۆی بۆ رێککەوتنەکەی ئەمڕۆ (30ـی کانوونی دووەمی 2026) دووپات کردەوە و بە هەنگاوێکی گرنگی دانا لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکان. هەروەها سەرۆک بارزانی ڕۆڵی تۆم بەڕاکی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و گەیشتن بەم ئەنجامە بەرز نرخاند. تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی عێراق، تۆم بەڕاک بە فەرمی داوای لە سەرۆک بارزانی کرد، وەک چۆن لە دۆسیەی سووریادا رۆڵی ئەرێنی هەبووە، ئاواش ڕۆڵی کاریگەر و پێشەنگانەی خۆی لە دۆخی سیاسیی ئێستای عێراقدا بگێڕێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان. لە وەڵامدا، سەرۆک بارزانی تێڕوانینی خۆی بۆ چارەی ڕیشەیی کێشەکانی عێراق خستەڕوو و جەختی کردەوە کە: "مەرجی سەرەکی بۆ سەقامگیری و چارەی کێشەکان، بریتییە لە جێبەجێکردنی تەواوەتی دەستوور، پاراستنی سەروەریی وڵات و ڕێزگرتن لە پرەنسیپی ئەوەی کە پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن."
تۆم باراک لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی “X” نووسیویەتی، یەکخستنی سوپا و کارگێڕییەکان و بەشداریپێکردنی کورد لە ئاستە باڵاکانی دەوڵەت، نیشانەی ئیرادەیەکی بەهێزە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بونیادنانی سووریایەکی یەکگرتوو. ئاماژە بەوە شدەکات، ناساندنی کوردی وەک زمانی نیشتمانی و گەڕاندنەوەی رەگەزنامە بۆ کوردەکان، راستکردنەوەی هەڵە مێژووییەکانە، ئەم هەنگاوە شکۆ بۆ هەموو پێکهاتەکان دەگەڕێنێتەوە و بناغەی دەوڵەتێکی مۆدێرن و دادپەروەر دادەمەزرێنێت. دەشڵێت، ئەم ئاشتییە دەرگا بۆ وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە دەکاتەوە، زامنکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێ کانی بۆ ناوچەکانیان، کلیلی سەقامگیرییەکی هەمیشەییە کە سووریا دەگەڕێنێتەوە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
یاسای رزگارکردنی کورد، كە لەلایەن سیناتۆر لیندسی گراهام و ریچار بلومینتاڵەوە ئەمڕۆر پێشكەش بە كۆنگرێسی ئەمریكا كراوە له ماڵپهڕی فهرمیی ئهنجومهنی پیرانهوه. بهنده سهرهكییهكان ئهمانهن: - سزا بەسەر بەرپرسانی حکومەتی سوریا و دامەزراوە داراییەکان دەسەپێنێت، هەروەها لەسەر هەر تاکێکی بیانی تێوه بگلێت لهگهڵ مامهڵه و پشتیوانی سەربازی یان دارایی لەگەڵ حکومەتی سوریا. - داننان بە ههسهدهدا بە سەرۆکایەتی کورد بۆ بەشداریکردنیان لە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا بۆ نەهێشتنی داعش - دووباره ناساندنهوهی ههیئەت تەحریر شام (HTS) وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی (FTO). - پێویستی بە پێداچوونەوەی کۆنگرێس هەیە بۆ لابردنی دەستنیشانکردنی سوریا وەک سپۆنسەری دەوڵەتی تیرۆر. - دهسهڵات دهدات بە سەرۆكی ئهمریكا کە سزاکانی سهر سوریا ڕبگرێت بهمهرجێك دووپاتی بكاتهوه بۆ کۆنگرێس کە حکومەتی سوریا هەموو هێرشەکانی بۆ سەر ههسهده بە سەرۆکایەتی کورد و هاوبەشەکانیان ڕاگرتووە. - ڕێوشوێنی پێویست لەخۆدەگرێت، کە پێویستە سەرۆکی ئهمریكا دەستبەجێ سەرجەم سزاکان بسەپێنێتەوە ئەگەر حکومەتی سوریا هەموو هێرشەکانی ههسهده بە سەرۆکایەتی کورد یان هاوبەشەکانیان دەستپێدهكاتهوه. یاساکە میکانیزمێکی سناپباک لەخۆدەگرێت کە پێویستە سەرۆک کۆمار دەستبەجێ سەرجەم سزاکان بسەپێنێتەوە ئەگەر حکومەتی سوریا هەموو هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات یان هاوپەیمانەکانی دەستپێبکاتەوە.
بەگوێرەی پرۆژە یاساکە، لە ئەگەری پەسەنکردن سزای دارایی و سەربازی دەخرێتەوە سەر حکومەتی سوریا. یاسای رزگارکردنی کورد: سزا بەسەر بەرپرسانی حكومەتی سوریاو هەر تاكێكی بیانیدا دەسەپێنێت مامەڵەی دارایی و سەربازی لەگەڵ حكومەتی سوریا بكات " دەستەی تەحریری شام دەخاتەوە ریزبەندی گروپە تیرۆرستیەكان" كۆنگرێس پابەند دەكات پێداچونەوە بە لابردنی سوریا لە ریزبەندی وڵاتە تیرۆرستیەكان بكات دەسەڵاتی هەڵپەساردنی سزاكان دەدرێتە سەرۆك كۆمار دوای پەسەندكردنی لە كۆنگرێس بەوەی دیمەشق هێرشی بۆ سەر هەسەدە راگرتووە درەو: یاسای رزگارکردنی کورد، كە لەلایەن سیناتۆر لیندسی گراهام و ریچار بلومینتاڵەوە ئەمڕۆر پێشكەش بە كۆنگرێسی ئەمریكا كراوە: سزا بەسەر بەرپرسانی حکومەتی سوریا و دامەزراوە داراییەکان و هەر تاکێکی بیانی دەسەپێنرێت کە هەر مامەڵەیەک ئەنجام بدات بە پشتیوانی سەربازی و دارایشەوە لەگەڵ حکومەتی سوریا. یاساکە ستایشی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرکردایەتی کورد دەکات بۆ بەشداریکردنیان لە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا بۆ شکستپێهێنانی داعش. ئەم یاسایە دەستەی تەحریری شام (HTS) وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ناوزەد دەکاتەوە. یاساکە لە کۆنگرێس پابەنددەکات بە پێداچوونەوە بە بڕیاری لابردنی سوریا لە لیستی وڵاتانی پاڵشتیكەری تیرۆر. ئەم یاسایە دەسەڵاتی هەڵپەساردنی سزاکان دەداتە سەرۆک کۆمار دوای ئەوەی لە کۆنگرێس پەسەند دەكرێت بەوەی حکومەتی سوریا هەموو هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هاوپەیمانەکانی ڕادەگرێت. یاساکە میکانیزمێکی سناپباک لەخۆدەگرێت کە پێویستە سەرۆک کۆمار دەستبەجێ سەرجەم سزاکان بسەپێنێتەوە ئەگەر حکومەتی سوریا هەموو هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات یان هاوپەیمانەکانی دەستپێبکاتەوە.
